شاعیر: بێکەس کتێب: سروود سەرناو: گۆرانی وەتەن سەبارەت: مورتکەی بازیان ١٩٣٥ - نووسین: ناشناس خوایە وەتەن ئاوا کەی چەند دڵگیر و شیرینە دەشتی خۆش و ڕەنگینە ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە پڕ لە گوڵ و نەسرینە سەیرانگای بەهارانی سەوزەگیای نەرم و جوانی سەد دڵ ئەبێ حەیرانی ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە پڕ لە گوڵ و نەسرینە شاخی بەفرین و بەرزە بۆ ڕابردوومان ڕەمزە چیمەنی جوان و سەوزە ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە پڕ لە گوڵ و نەسرینە ئەم شوێنە شوێنی کوردە جێی قارەمان و مەردە لانەی شێری نەبەردە ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە پڕ لە گوڵ و نەسرینە وەتەن چاوی لێمانە دەری کەین لە تەنگانە حەیفە بێتە وێرانە ئاوی کەوسەرە، خاکی گەوهەرە پڕ لە گوڵ و نەسرینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دلێران ئەی دلێران، بێچوە شێران بەسیە، هەستن لە خەو، وا بەیانە بۆ بەرزی قەومی کورد تیکۆشن دەست و برد چاوی لێتانە، دایکی وەتەن *** عالەم ئەمڕۆ هەر خەریکە هەوڵ ئەدا بۆ بەرزیی ژیانی یەک گرن، پێش کەون ڕاپەڕن، سەرکەون چاوی لێتانە، دایکی وەتەن *** مەکتەبە دەرمانی ئێمە خوێندنە ڕەهبەری ڕزگاری هەستن ئەی لاوی کورد تێکۆشن دەست و برد چاوی لێتانە، دایکی وەتەن *** چارەسازان، کاربەدەستان بۆچی وا مات و بێ دەنگ و دوورن ئۆباڵی قەومی کورد لە ئەستۆی ئێوەیە چاوی لێتانە، دایکی وەتەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ وەتەن دڵ لە دەردی وەتەن پەست و گیراوە وەک کەوی ناو قەفەس شەوقی نەماوە ئەگەر ئەیزانی من چەند پەرێشانم شەو و ڕۆژ ئەی وەتەن هەر لە گریانم دڵ فیدای خاکت بێ گشتی گەوهەرە بەفیدای ئاوت بێ چەشنی کەوسەرە مەنزەرەی کوردستان بەری بەیانی پاریس و لوبنان بێ بەقوربانی لە جریوەی چۆلەکە ئاوازی قومری لە سروەی بای نەسیم لە خەو هەڵدەسی ئەی کورد بەسیەتی ئیتر چیت لە نیفاقە واسیتەی پێشکەوتنت هەر ئیتیفاقە قەومە هەستە وەک شێر ئێمڕۆ فرسەتە بۆ تەرەققیی قەومی کورد ڕۆژی هیممەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆرانی گۆیژە سەبارەت: سلێمانی شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژە باعیسی کەیف و سروور هەردەمە بەرگێ ئەپۆشێ، گا سپی، گا سەوز و سوور وەسفی قەومی کورد ئەکەی تۆ بەم هەموو ڕەنگانەوە ڕەنگی سوورت شاهیدە بۆ کورد کە قەومێکن جەسوور بەرگی بێ گەرد و سپیشت دیارە وا هاوار ئەکا قەومی کورد دڵ ساف و پاکن میللەتێکن بێ قوسوور بەرگی سەوزیشت ئەڵێ ئەم خاکە هەر شینایییە پڕ لە دەغڵ و دان و کانی، سەر بەڕزق و پڕ لە نوور ئەی وەتەن شایانی فەخری واجبە مەدحت بکەم دار و بەردت عەینی گەوهەر، خاک و خۆڵت وەک بلوور ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لاوانی وەتەن... لاوانی وەتەن غیرەتێ بکەن دەی هەستن لە خەو وا بەسەرچوو شەو نەما زەمانی جەهل و نەزانی ئەمڕۆ فرسەتە ڕۆژی هیممەتە بەعیلم و سەنعەت بەرز ئەبێ میللەت عالەم هەمیشە خەریکی ئیشە ئیش کەن بەمەردی بەدەست و بردی یەک دڵ و دەم بن تا ڕۆژی مردن لاوانی وەتەن غیرەتێ بکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گۆرانی بۆ مەکتەب سەبارەت: ئەم سروودە بەپێی ئاوازەکەی کێشی دێرەکانی دەگۆڕێت. - مۆرتکە ١٩٣٤ وەتەن هاوار ئەکا ئەڵێ هەستن ئەمڕۆ ڕۆژی هەوڵ و هیممەتە! حەیفە نووستن زۆر دواکەوتون قەومی دواکەوتوو دیل ونەگبەتە ئیش کە بەمەردی بەدەست و بردی بۆ پێشەوە ئەی لاوی کورد *** بەخوڵق و کردەوەی شیرین لەگەڵ یەک وەک برا بژین بەسیە لە دڵ لابەرن قین ئێمە دوودڵ بووین بۆیە دواکەوتین ئیش کە بەمەردی بەدەست و بردی بۆ پێشەوە ئەی لاوی کورد *** عیلمە میللەت ڕزگار ئەکا جەهلە بەجارێ وەتەن وێران ئەکا کوڕگەل هەستن بۆ وا سستن؟ وەتەن وا چاوەڕێتان ئەکا ئیش کە بەمەردی بەدەست و بردی بۆ پێشەوە ئەی لاوی کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گاڵتە و گەپ سەبارەت: ئەم شیعرانە لە شێوەی قسەکردنی (سەید نووری بەرزنجی کونەکۆتری) دانراوە. ئەمن لە تەفتیش چوو لە کوردستان ئەمن دیت مەنزەر وەک باغ و بیستان لە خۆم زۆر مسرور لە ئەو مەنزەرە ئاوی جبالی شوبهی کەوسەرە! گولان ئەو حمرا (مختلف الوان)، شیان تەنەزوهـ دیکەن لە خۆیان لەو سەنەی (ماضی) چومان لە پێنجوێن دیتمان زۆر ئەشجار (خضراء) و ڕەنگین زۆر پیاوان گەورە چوون لە ئەو جێگا استغراب کردیان لەم جەدید ڕێگا! دائیرە اشغال زۆر جەهد کردی طریق سەییارە لە پێنجوێن بردی ڕەشۆڵ موغەننی حارب دەیکردی قلوب عالەم جلب دەیکردی! ئەو موتەسەریف حازم ئیداری لایق لەسەر ئەو کورسی وەزاری ئەو سلێمانی دەیکا لە جەننە، شەخسی موقتەدیر (صاحب الهمه)! یا رەب مستقبل ئەم وەتەن خۆمان ارتیقاء بکات کسائر بلدان! ++++++++++++++++++++++