شاعیر: حاجی قادر کتێب: چوار میسراعی سەرناو: لە سەردەشتی میحنەت پەڕەی کردەوە لە سەردەشتی میحنەت پەڕەی کردەوە کەوانی بەڵا، لۆکەیی پەیکەرم بەڵاڵووکە دەرمانی دەردم دەڵێن بە پارە وەگیر ناکەوێ بیکڕم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی عوتارید لە دەرت خادیمی سەججادە بە شان ئەی عوتارید لە دەرت خادیمی سەججادە بە شان وەی لە کۆیی فوسەحادا قەڵەمت سنجقەشان حاجی قادر نییە بەیتێکی وەکوو ئێوە بڵێ ئەسپی کۆن زەحمەتە دەرچێ لەگەڵ ئاهووڕەوشان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیتی نالی و بەیتی من گەر تێکەڵی یەکتر دەکەن بەیتی نالی و بەیتی من گەر تێکەڵی یەکتر دەکەن ئەحمەقی سوورەتپەرست و جاهیلی مەعنانەزان حاجی لەکلەک لەک بە لەک فەرقی لەگەڵ تووتی هەیە وەک هەزاری نەوبەهار و بولبولی فەسڵی خەزان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەقدی عومرم بە غەزەل دا و دوکانم دانا نەقدی عومرم بە غەزەل دا و دووکانم دانا هیچ کەسێ نەیکڕی، ترسام لە ڕزین و لە خوران بێ بەها دامە ئەم و ئەو وەکوو کوردێک کە ڕژا ڕۆنی؛ ئەو وەقتە دەڵێ: کردمە خێری کوڕەکان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەب بە قەدەر حەرفی سیووتی یەک یەک یا ڕەب بە قەدەر حەرفی سیووتی یەک یەک ڕەحمەت لە موسەننیف و لە قاری بێ گەلەک ئەمما عەجەم و ئەو کەسی چاپی دانا بیباتە جەهەننەم بە عەزاب و بە کوتەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەببی تو خەللاقی عظیم الشأنی یا ڕەببی تو خەللاقی عظیم الشأنی هەرچی کە بووە و دەبێ و دەیێ دەیزانی من بێ خەبەرم لە ئەووەڵ و ئاخری خۆم حاڵیم بکە لەم بەیتە چییە ئینسانی؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ڕەفیقانی وەتەن زۆر غەزەلم ماوە لەوێ ئەی ڕەفیقانی وەتەن زۆر غەزەلم ماوە لەوێ لە کەنارێکەوە تەقدیرە وەکوو هەڵبکەوێ وەک سەفینە بگەڕێ بیخەنە بەر بەحری قسەم حەیفە وەک من لە غەریبی بمرێت و نەتەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سمتی دەلەرێتەوە دەڵێی دووگی مەڕە سمتی دەلەرێتەوە دەڵێی دووگی مەڕە گرد و سپی و لووسە وەکوو تووری تەڕە ماڵێکە ئەگەر بدا بە نەقدی دڵ و جان خۆشتی لە سەری بنێی، جەهەننەم بکڕە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەقەرێکە سەفەری ڕەهڕەوی بێ تووشە سەقەرێکە سەفەری ڕەهڕەوی بێ تووشە خاسەتەن ئەم سەفەری بەد ئەسەری بێ تووشە بەدرەقەی ڕێگە ئەگەر خدری نەبی بێ تووشە کافییە کافییە کوا مەنزڵی من بێ تووشە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوکەوتی جووتەی سمێڵت تاکە، مانەندی کەمە شەوکەتی جووتەی سمێڵت تاکە، مانەندی کەمە تەرکەشی تیری تەژا و شیری دەستی ڕۆستەمە ڕووی لە تەختی ڕوومەتت هێناوە بۆ شانت دەڵێی ماری سەر شانی زوحاک و دوژمنی تەختی جەمە ++++++++++++++++++++++