شاعیر: قانع کتێب: پاشمەرگەی قانع سەرناو: تۆڵە سەندن بە سەرما ڕامەبوورە کاکی زاڵم! لە دەستی زوڵمی تۆ، وێرانە ماڵم بە شەو ئێشکچی ماڵ خان و ئاغام بە ڕۆژ کۆڵ کێشی پووش و دڕک و داڵم ئەگەر ڕا کەم لە بۆ مڵکی یەکێ تر لەوێشدا قوڕ بە سەر هەر عەینی حاڵم لە دەس قانوونی پیسی میر و ئاغا لە هەر لا بم، بە دەس زوڵمۆ ئەناڵم دە زاڵم نۆرەمە، خۆت ڕاگرە بۆم بچێژە شەربەتی گورز و گۆپاڵم بە تەنیا چاو لە قونجانێک بزانە ئەسێنم حەقی زوڵمی چەند ساڵم حەقی جووتیار و پاڵە و ڕەنجبەرانم حەقی چەوسانەوەی خۆم و مناڵم بە زەبری چەکوشی کاوە مێشکی ئەپژێ قەوارەی پوچەڵی، زوحاکی زاڵم چ خۆشە بێتە دی، ئامانجی بەرزم ئیتر کۆشک و تەلاری میر نەماڵم چ خۆشە هێزی ڕەنجبەر ڕابماڵێ قەڵا و زیندانی ئاغای بەد فەساڵم چ خۆشە من بڵێم ئاغا چ کارەی؟ بڵێ: ئەمڕۆ لە گومرکدا حەماڵم! چ خۆشە میر بە عینوانی کرێکار بڵێ: ئیشت نییە؟ ئەمڕۆ بەتاڵم! چ خۆشە قانعا بێ خۆف و ئەندێش بڵێیت: زاڵم لە کوێیە، من زەواڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوشت‌وبڕ سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی - دیوانی قانع، هۆنراوەی: شێخ محەممەد کابولی، کۆکردنەوەی: بورهان قانع. - کەڕەتی چاپ: هەشتەم ١٣٩٣ انتشارات پانیذ، لاپەڕە ٤٧٤ تا ٤٧٥. - دیوانی قانع، پاشمەرگەی قانع، خەلیفە شوکڕوڵڵا دووهاڕووت، لاپەڕە ٤٩٤. سەرلەنوێ وا مەکینەیی ئەفساد کەوتە ئیش یەعنی دەستی ئیستیبداد سەرلەنوێ نۆکەرانی ئیستیعمار قاپیەوانانی مەرکەزی (دۆلار) سەرلەنوێ چنگی رەجعیەی غەددار سوور کراوە بە خوێن کچانی هەژار سەرلەنوێ تەختی گەندەڵی تاران هاتەوە کایە بۆ ئەجەل باران ١ چەندە زیندانی سەختی پڕئەندێش بوونە مەڵبەندی چینی زەحمەتکێش بیری ڕۆشن خەڵاتی لێدانە نیشتەجێی کونجی تاری زیندانە لاوی ئازادیخوا ئەناڵێنێ کەی بێ تۆڵەی وڵاتی بستێنێ؟ موعتەقەل لیپ و بەندیخانە پڕە پیاوی زانا تەوژمی فیکری سڕە سەربەسەر ئەم وڵاتە خوێناوە شەربەتی شادی مەرگ و زوخاوە شەق وەشاندن شیعاری قانوونە فیکری میللی زەبوون و مەفتوونە جوان و پیر لە ژیان هەراسانە دەک بەلەحنەت بێ حوکمی شاهانە هەر لەسەر ئەمری حەزرەتی دۆلار لاوەکانمان کران بە عیبرەتی شار چیت نەکرد ئەی دۆلار و ئستەرلین؟ ! خوێن ڕژانن کرا، بە پەیڕەوی ژین چیت نەکرد ئەی گرۆی خیانەتکار بە سەراسەر وڵات و خەلکی هەژار؟ گوێگرە! پێت ئەڵێم کە ئەم خاکە گۆڕی تەیموور و قەبری زوحاکە کۆمەڵان هێزی تۆڵە پێک دێنن حوکمی دۆڵار و شا ئەڕووخێنن ١. گەڕانەوەی ڕژێمی کۆنەپەرستانەیە بەسەر دەسەڵاتی نیشتمانی (موسەدق)دا. ++++++++++++++++++++++