شاعیر: پیرەمێرد کتێب: بەشی ئایینی سەرناو: بەردتاش سەبارەت: دیوانی پیرەمێرد، پێداچوونەوەی: ئومێد ئاشنا، بەرگی دووەم، لاپەڕە ٥١و٥٢. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی بەردتاشێک عەشقی خوای کەوتە سەر خوای خۆش ئەویست و لەڕا بێ خەبەر بۆ خواپەرستی چوە کێوی (توور ) شاخەکەی تاشی بۆ خۆی کرد بە ژوور وای ئەزانی خوا وەک ئێمە وایە دەربەستی نان و نوێن و کەوایە ئەیوت: خوای خۆم بینایی چاوان ڕۆژێ وەرە لام ببە بە میوان دەست و پێت ئەشۆم بە سابوون و ئاو ناڵچەی پێڵاوت ئەخەمە سەر چاو ئەچم لە لای شوان شیرت بۆ دێنم عوود و بخوردت بۆ ئەسووتێنم ماندووی سەرخەوێک بشکێنە لە لام ئێشکت ئەگرم، مەترسە ئازام ئەپاڕایەوە و ھەروا ئەیناڵان بە سۆز و گریان جەرگی ئەسووتان تا ڕۆژێ مووسا چووە کێوی (توور ) گوێی لە دەنگێ بوو ئەیناڵان لە دوور چوو پێی وت: کابرا بۆچ تۆ نازانی؟ خوا بەشەر نییە بێت بە میوانی جارێک من وتم: خۆتم نیشان دە فەرمووی: نامبینی، خۆت ئەزیەت مەدە سەنگتەراش گریا: بە دڵ‌شکاوی خوا فەرمووی: مووسا تۆ ناتەواوی خۆشەویستی من بۆچ ئەڕەنجێنی؟ ئەو دڵەی منی تیام ئەیشکێنی؟ ئەوی بە زبان زکری من ئەکا ھیچە، ئەم بۆ من، وا کێو کون ئەکا ++++++++++++++++++++++