شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دوانزە وانە بۆ مناڵان و چەند شیعرێکی قەدەغە سەرناو: وانەی دووەم سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew مناڵەکان ئێمە تووشی سەد کوێڕەڕێین... چرای بیرمان گەلێک کزە هەنگاوی کوێرانە دەنێین! مناڵەکان! ئەفسانەکان دەگێڕنەوە: هەبوو.. نەبوو هۆزێک هەبوو لە خاکێکا پاڵەوانیان چاوی کوێر بوو هەوای دەورەی خۆی دەپێکا. فەیلەسووفیان فاڵچییەک بوو شەوان فاڵی دەگرتەوە تا بزانێ کەی دوژمن بۆی پەت دەخاتە گەردنی خۆی. پیاوماقووڵیان کەڕ و ڵاڵ بوو ماوەی کورتی ئارامیشی هەزار ساڵ بوو! هۆزی نەگبەت شەوی دەژمارد ڕۆژی دەژمارد سێ ژەم نان و چەپڵەی دەخوارد چاوەڕێ بوو کە دوژمن بۆی پەت بخاتە گەردنی خۆی! * یەکەم جارە چاپ دەکرێ، پایزی ١٩٨٠، لە ڤیەننا، هاوڕێم د. کوردۆ عەلی وەبیری هێنامەوە. ++++++++++++++++++++++