شاعیر: هەژار کتێب: بۆ کوردستان سەرناو: کورد بێکەس نییە سەبارەت: ١٩٥٣/٠٦/١٥ - بەغدا ئەم شێعرانە لە ژمارەیەکی گۆڤاری «ڕزگاری» ی پارتیدا چاپ کراوە: ڕۆژی خۆشیت هاتە ئاسۆ ئەی گەلی خەمباری کورد ڕۆژهەڵات ڕۆشن دەکا شەوگاری تاڵ و تاری کورد کۆتری پیکاسۆ کە موژدەی هێمنی هێنا گوتی: مرد بەسەرچوو ڕۆژی ئیستیعباد و ئیستیسماری کورد کەوتە لەرزە تەنبەڵی خایین بەگەل، مێشک و دڵی توندە ڕیشەی داکوتا هێزی پڕۆلیتاری کورد هێزی ئیستیعمار کە هێندێک مفتەخۆری زگزلن چەرمی ملیان خۆش دەکا زۆر زوو تەناف و داری کورد زوو دەبێ ئاسنگەر و جووتێر بە کوتک و داسەوە هەڵبڕن بوکتن بەجووت ئەستۆ و سەری بەدکاری کورد نایەڵین فاشیستی وەحشی ئامریکای داخوازی جەنگ بیدەنە بەر بۆم مناڵ و ماڵ و لادێ و شاری کورد کێ دەڵێ کورد بێکەسە؟ گشت ئاشتیخوازانی جیهان خێرخواهی موڵکی کوردستانن و خەمخواری کورد هیند و چین و کۆریا بۆ کوردەواری جەنگ ئەکەن کرملینە و هێزی چین، پشت و پەنا و داژداری کورد لاوەکان هەرکاتێ جێژنی ڕۆژی ئازادی دەکەن بێننەوە بیرتان هەژارێک، شاعیرێکی زاری کورد داوەتێکی ڕەشبەڵەک بگرن لە دەوری گۆڕەکەم یەکتری ماچ کەن بە یادم دڵبەر و دڵداری کورد ++++++++++++++++++++++