شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دوانزە وانە بۆ مناڵان و چەند شیعرێکی قەدەغە سەرناو: بۆردومان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوا ئەستێرە نوقورچێکی لە کەلەکەی گوندەکەم دا خۆر، وەک جووچکە، هێلکەی ئاسۆی ترووکاند و گەسکی تووکی خۆی لە تەم دا لەو کاتەدا پۆستە گەیشت... پۆستەی ڕەشی بەغدا گەیشت نامەی گڕ و ساچمەی هێنا بۆ ئەو گوندەی خونچەکانی هەڵنەسابوون لەناو نوێنا... لەودیو هەوران تۆزێک خڵتەی ویژدان مابوو، تا ئەوەشی لەبن پێ نا! ئێستاش دەگێڕنەوە و دەڵێن: بێشکەیەکی لاسووتاوی... تەنیا جێماو، بە کوڵ دایە پڕمەی گریان بۆ کانییەک گڕوگاڵی تا هەتایێ خەفەکراو ئێستاش دەگێڕنەوە و دەڵێن: لەو کاتەدا زەوی گریا، ئاسمان گریا، ئینجیل گریا، قورئان گریا، گریا... گریا... هەموو شتێک، بێدەنگ گریا تەنیا لەناو مناڵدانی ئافرەتێکا گیانێکی نوێ چاوی پشکووت، نیگای گێڕا و لەپڕێکا لەناو مشکیی دوای دۆزەخا ترووسکایی ڕابوونێکی تازەی پێکا (١٩٧٣ - ١٩٧٢، کوردستان) ++++++++++++++++++++++