شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: شەونامەی شاعیرێکی تینوو سەرناو: بۆ کچێکی کاڵ سەبارەت: (١٩٦٨/١٠/٢٨ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە دوورەوە ناوت بیستووم ناشارەزا خۆشت ویستووم گوایە لەگەڵ شیعرەکانما زۆر ژیاوی شەوەهای شەو؛ تەزووی شیرینیان پێ داوی... . نەتناسیوم؛ بڕوا بکە نەتناسیوم... ئەو جیهانەی تۆ دەتەوێ هەرگیز لای من دەست ناکەوێ. جیهانی من هەمووی خەمە زەردەخەنەی یەکجار کەمە تەلاری من کەلاوەیە جێی پەڕتووک و هۆنراوەیه. ئەوەی ڕووگەی دڵ و چاوە تەنیا بتێکی شکاوە... . دوور بە لە من لە ژینی من لە چاوانی بەدبینی من دوور بە لە من، لە هەڵبەستم، لەو چەپکانەی ١ بۆ شاچەپکێک دەیانبەستم... ١. چەپک: دەستێک لە گوڵ و گیا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵما بە سەبارەت: (١٩٦٩/٥/٤ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گیانەکەم، گەر ژینت دەوێ لەگەڵ منا گەر دەتەوێ دەست لانەچێ لە گەردنا: لەگەڵما بە، با هەر پشتم پێت ئەستوور بێ لە بەهاری ژینی شادی و لە مردنا لەگەڵما بە گەر هاتو ڕۆژێک لە ڕۆژان بوو بە تانە تفم لە چاوی دوژمنا ****** لەگەڵما بە گەر پەتی سێدارە گوتی: کڕنووش بەرە، ناتخنکێنم، قیژاندم نا! ****** لەگەڵما بە لە پیادەییم ڕووەو ئاسۆ لە بێداری و لە ئارەقەی ڕەش ڕشتنا لەگەڵما بە پێکڕا بچین خۆر دەربێنین با نەخنکێ لە گۆمی هەوری چڵکنا! ئەو ڕۆژە چوو کە بتچێنم، بۆ ئەوەی شەو بتدوورمەوە لەناو پێخەفی نووستنا لەگەڵما بە، خۆ تا ئەمڕۆ لەگەڵما بووی لە پێمەلەی دەریای ئازاری بێ بنا لەگەڵما بە، سوێندیش دەخۆم گەر ماندوو بیت یا کۆڵ بدەی لە ڕووی هەوراز سەرکەوتنا جێت دەهێڵم، دەست هەڵدەگرم لە گەردنت من چۆن کاروان جێ دەهێڵم لە ڕێی ژنا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵەبجه سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) پێم سەیر نییە، گەر لێرە و لەوێ چاوم بە هەندێک بنیادەم کەوێ، لەباتی ددان کەڵبەیان هەبێ لەباتی نینۆک ڕنۆکیان هەبێ. ئەوەی پێم سەیرە، وەک موعجیزەی خوا هەڵەبجەخنکێن دوو چاوی هەبێ و بە دوو پێ بڕوا! (١٩٨٩/٤/١٤ - تەرابلوس) (٢) لە سوێی هەزاران زیڕە و چریکەی لە هەوکا قەتیس، لە سوێی هەزاران پرسی باڵگرتوو بەرەو عەرشی خوا، کە دادوەرین و خنکان لە ڕێدا شەو و ڕۆژ ئۆقرەم لێ هەڵگیراوە، سوکناییم نایێ، چ بە بێداری، چ لەناو جێدا، دەپرسم، دەڵێم، لەعنەت لە کێ کەم: شەیتان یا ئەوەی فیکەکەی لێدا؟ (١٩٩٣/٩/١٨ - مۆسکۆ) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێناکەنم سەبارەت: (١٩٦٩ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێناکەنم تا ئەو ڕۆژەی هەژارەکان مامزی خەندە ڕاو دەکەن بۆ لێوی لادێ و شارەکان. کە ئەوەم دی ئەوسا منیش وەکوو ئەوان وەکوو شنەی گوڵەگەنم؛ وەکوو ئارەقەی ناوچەوان لە ناخەوە پێدەکەنم... . پێناکەنم پێکەنینم هەرگیز نایێ تا بە چاوی خۆم نەبینم لە هەر لایێ لافاوی ئاگرپژێنی چەوساوەکان، ڕاستبوونەوە و یاخیبوونی دیل و ئەژنۆچەماوەکان؛ دەپچڕێنێ کۆت و زنجیر ڕادەماڵێ گەنجینەی خواپێداوەکان! کە ئەوەم دی ئەوسا منیش، گەرم؛ بەتاو بەستە دەڵێم. پێدەکەنم لەدیار کۆت و بەندی شکاو... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاک سەبارەت: (١٩٦٩/٦/٥ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێش ئەوەی بێمە بەردەمت کام بیری جوان خورپەدارە، کام دێڕ هەڵبەست زۆر بەکارە، شانەی دەکەم وەک پەرچەمت. لە ماوەی چاوقوچانێکدا هەزار و یەک خەونی شیرین دەمکەن بە مەم، دەتکەن بە زین! لە خەیاڵما پایز بەهاری لێ دەتکێ. درەختی ڕووت گەڵای سەوزی پێوە دەلکێ. بەڵام سەد ئاخ، ئەی دەروونپاک، کاتێ بانگم دەکەی بە 'کاک' کاک وەکوو مار بەرەو گوێچکەم گینگڵ١ دەدا... کە دێمە گۆ خۆی لە زمانم لوول دەدا هێدی هێدی قووتم دەدا... کفنی زەردی نائومێدی. من لە دڵتام... لە دەروونتام... لە گلێنەی چاوی ڕوونتام. شەرم مەکە! بە ناوی ڕووت ناوم بێنە پڕ بە گەرووت. با لە یەکتر ئاشکرا بین تا کەی لەناو ئاگرا بین؟ نە تۆ خوشکەی، نە من کاکم خۆشەویستی دەروونپاکم... ! ١. گینگڵ: بێ ئارامی لەبەر ئازار یا خەفەتێک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بەر دەرگە سەبارەت: (١٩٦٩ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شەو ڕاشکا ئەژنۆم شل بوو مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا. دەرگەکەتم لێ بکەوە ئەم شەو هاتووم بۆ چنینی چەپکە نێرگزێکی چاوت بۆ وچانێ بۆ خەونێ، تۆزە گریانێ، لەسەر هەوری قژی خاوت... ئەم شەو هاتووم، ترووسکایی شاری یادگار بانگی کردووم لەگەڵ سیمای مناڵیما لەگەڵ خەمی شۆڕەبیما هاتووم و ناگەڕێمەوە. یا پێت دەگەم یا وەک مۆمێک دەسووتێم و دەتوێمەوە... دەرگەکەتم لێ بکەوە هەر دڵدارەکەی جارانم هەر کێڵگەکەی بەردەرگەتم هەر تینووەکەی بەر کڕێوه و با و بارانم... دەرگەکەتم لێ بکەوە من ئەو کەسەم تا دوێنێ بوو لەناو گەرووی ڕووناکیدا دەتشاردمەوە لەناو جامی مەترسیدا دەتخواردمەوە... کات لەژێر باڵی ئاسماندا خەریکە باوێشک دەدات شوێن، قولەڕەشێکی کپە دەرگەکەتم لێ بکەوە. شتێک نییە شیرینتر بی لە خشپەی پێ و چرپەی چپە... دەرگەکەتم لێ بکەوە. کفت و مانووی ڕێگەی دوورم وەکوو جاران کەمێک لە لات دەمێنمەوە و ڕادەبوورم... شەو ڕاشکا ئەژنۆم شل بوو مانگ بە تاقی ئاسمانەوە هەڵپڕووکا دەرگەکەتم لێ بکەوە دار و بەردی بەردەرگەتان هاتنە تکا... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو هۆنراوە؛ بۆ شێرکۆ بێکەس سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew 'کەژاوەی گریان' ١ برام، شێرکۆ کەژاوەکەی گریانی تۆ وەک ئادەمزادی ڕاپەڕیو گیانی گەرمی لەبەردا بوو، خەنجەرێکی جەوهەرداری کۆرپاشای لە کەمەردا بوو. لە پێشەنگی کەژاوەتا ئاڵای خوێنینی مەهاباد هەڵکرابوو. لە تەک ئەودا سێدارەکەی چوارچرا بوو. کە هاتە لام، پەیامێکی وای بۆ هێنام وشەکانی وەک پڕیشکی ئاگر وا بوون، هی ڕۆژانی ئاڤیستا بوون... خوێندمەوە و گەلێک گریام. گریام بۆ خۆم گریام بۆ تۆ بۆ هەزاران زیندووی نێژراوی ناو گڵکۆ. برام؛ شێرکۆ ڕاست دەکەی تو دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە دەنووین، دەخۆین، لەسەر درۆ! ڕاست دەکەی تۆ دوو هەزار و پێنجسەد ساڵە گوێمان کەڕە، زمانمان گیرۆدە و لاڵە. بەڵام هەیهۆ، کەی لای ئێمە پەسند بووە پیاوی ڕاستگۆ! برام؛ شێرکۆ بەم چاوە دیم، زەردەخەنەی لە دواوە بوو کەژاوەکەی گریانی تۆ لە تنۆکی فرمێسکتدا دەماری بازووی کاوەم دی لاشەی کەوتووی زوحاکم دی ئاڵای بەرزی شەکاوەم دی ئاسۆیەکی ڕووناکم دی. لە تنۆکی فرمێسکتدا زەردەشتم دی باوەشی خۆی دەگرتەوە بۆ هەژار و چەوساوەکان بەهەشتم دی ڕاست دەبۆوە لەسەر لاشەی چوار دیوارە ڕماوەکان! (١٩٦٩/٨/١٥ - کوردستان) هەگبەی دەنگوباس ٢ هاوڕێم، هاتی و بە هاتنت تۆ بارانی گۆیژەت هێنا بۆ هەڵگەڕانی بەرەوخۆر پەیژەت هێنا مژدەنامەی زستانی زگپڕت هێنا دەنگی مەزدە و یاخیبوون و گڕت هێنا. هاوڕێم، ناوی خانزادت بردبوو ٣ با پێت بڵێم: پرچی خانزاد خۆڵەمێشە، چاوی ڕەشی پڵیشاوەی ژێر پۆستاڵە، چەپکەنێرگزی سەر گۆڕی سپیلکەی چاوی منداڵە! هاوڕێم، کە چوویتەوە سلێمانی ٤ لە ڕێگاتا لە بیر نەکەی لە قەڵات و منارەوە لە موغەکانی شارەوە چەپکەهەواڵێک بەرەوە بۆ خوا، بۆ بیرەکانی نەوت، بۆ مەزاری بابەگوڕگوڕ بۆ ئەو شارەی دانیشتوانی لەناو گڕدا دەگرین بۆ گڕ. لە بیر ئەکەی: دەنگوباسی شارەکەی من شاری مزگەوت و دەرۆزە شاری تینوو بۆ ماچی جەژنەپیرۆزە لە بیر نەکەی: دەنگوباسی ئەو مناڵەی بۆ لەتێک نان تا ئێوارە، بەر دەبێتە گیانی مردووی شەقامەکان. لە بیر نەکەی: دەنگوباسی حەمە، چورچه، جومعە، کسۆ ٥ یەک بە یەک شێتەکانی شار... دەنگوباسی مەیدانی کار چایخانەی پڕ هەمووی بەرە بۆ خوا، بیرەکانی نەوت بۆ مەزاری بابەگوڕکوڕ! (١٩٧١/٣/١٥ - کوردستان) ١. کەژاوەی گریان دیوانێکی شێرکۆ بێکەسە. ٢. هەگبەی دەنگوباس وەڵامی هۆنراوەی دیدەنی شێرکۆ بێکەسه کە لە گۆڤاری هەولێر (شوباتی ١٩٧١) پێشکەشی شاعیری کردبوو. ٣. خانزاد مەبەست خانزادی شۆرانە. ٤. لەو سەردەمەدا هاتوچۆی نێوان هەولیر و سلێمانی بە شاری کەرکووکدا بوو. ٥. حەمە، چورچه، جومعە، کەسۆ؛ چوار شێتی هەولێر بوون. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ نامەی کورت سەبارەت: (١٩٦٩/٩/١٣ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) خۆشەویستم! نامەکانم بسووتێنە ئەو هۆنراوەی بۆت نووسیوم سێدارەی بۆ دامەزرێنە دڵگیر مەبە... لە لای ئێمه، نەک تۆ، پیاویش لەسەر وشەیەکی باڵدار قۆڵبەست دەکرێ، دەدرێ لە دار دوور مەبینە گەر تۆی ئافرەت بۆ چریکە دەنگ هەڵبڕیت شێتەکانی سەر کورسیی شار گەرووی سەوزت بقڵیشێنن، چاوی گەشت پڕ چقڵ کەن، پرچی ڕەشت بسووتێنن. (٢) خۆشەویستم! لە پیاوێکی گەڕۆکم بیست، لە لای ئەوان کچانی کۆک، لەباتی گوڵ، هۆنراوە دەدەن لە بەرۆک گەورەکانیان بۆ پەیکەری هونەرمەندێک دێنە سەر چۆک کەچی لە گشت کوردستانا، لە مەڵبەندی بێکەس و حاجی و گۆرانا گەر بگەڕێی سەر تا خواری وەک غەریبێ بەدی ناکەی تاپۆی پەیکەری ئەدیبێ! (٣) خۆشەویستم! خاوەن وشە لەم وڵاتە هەمیشە هاتی نەهاتە! دەیانەوێ خاوەن وشە وەک هەنگ وابێ هەرکە بە ڕووی کاغەز وەدات، بمرێ وەکات! دەیانەوێ وشەکانمان کۆت و زنجیر بۆ پێیان بێ سایەی سێدارە جێیان بێ! دەیانەوێ وشەکانمان بێدەنگ بکەون بە ڕوودا وەک حەزرەتی سمایل کەوت لەژێر ڕەحمەتی چەقوودا! دەیانەوێ بنووین، بخۆین، وەکوو ئەوان بنووسین، بڕێسین، بڕۆین، وەکوو ئەوان دەیانەوێ کتومت 'ئێمە' 'ئەوان' بین... وەک مەلێکی مۆمیاکراو بێ ئارەزوو، بێ ڕەوان بین! فەرهەنگۆک: تاپۆ: تارمایی، ڕەشانگ، سامۆتک ڕەوان: گیان، ڕۆح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیازێک هەڵوەری سەبارەت: (١٩٦٩/١٠/١٣ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیازم وابوو بتکەم بە چەپکەنێرگزێک بۆ سەر مێزم لە سەرمای شەوی زستانا گەرمت کاتەوە ئامێزم نیازم وابوو ئەو سنگەی سەرینی نازە، شەو لەسەری بهۆنمەوە کەزیی زەردی شیعری تازە. * * * نیازم وابوو پرچت بکەم بە هێلانە، تا ڕووم ئاشنای سرەوتن کا گەردنت بکەم بە مۆمێک، لە شەوانی هۆنراوەدا قوژبنێکم بۆ ڕۆشن کا. * * * نیازم وابوو تا ئەو ڕۆژەی لە یەکترمان دەکا مردن شادی بکەم بە گەردانە بێئاڵێنمە شووشەی گەردن. * * * نیازم وابوو بۆت دەسگیر کەم ئەستێرەی ئاسمانی زەبەند پەلکەزێڕینەت بۆ بگرم بۆتی بکەم بە کەمەربەند. نیازم وابوو گەر بەهاری ئەم جارە بێت پەساپۆرتی دەربازبوونی بسووتێنم، نەهێڵم دەرچێ لەژێر پێت! * * * نیازم وابوو ببمە گەرداو، ببمە لافاو، گەڵای زەردی ساڵانی پڕ بەسەرهاتت ڕابماڵم بتکەم بەو دایکە بەسۆزەی گۆی مەمکت بمژێ مناڵم. * * * هەرچی جوانە، هەمووم دەویست تەنیا بۆ تۆ، تۆی خۆشەویست وام دەزانی ژەنگ ناتگرێ وشەم لە فەرهەنگی دڵتا قەت نامرێ ڕۆژێک نەهات بە خەیاڵما کە حەزت بڵقی سەر ئاو بێ هەر بۆ ناو بێ... بەڵام، ئەمڕۆ ڕاستی شەقی دا لە درۆ زانیم کەوا چاوی برسی، لەشی برسی... ویستی دنیای جوانپەرستیم ببات بەرەو سەد مەترسی. * * * من دەربەست نیم! ڕێگات چۆڵە بۆ باوەشی گەرمی لاوان فەرموو، بڕۆ، ئاگر بەردە لە هەناوان... کێ خوێنگەرمە، هەرزەکارە، بیخەرە زەلکاوی تاوان. تۆ دەربەستی، من دەربەست نیم! شیعر، ئاسمان، ئەستێرە، مانگ... هەموو جوانن، بۆیان دەژیم. من دەربەست نیم! ئەمڕۆ، سبەی لە شیعرێک خەمڕەوێنا لە دەفتەری بچکۆلەی بیرەوەریما لە هەزاران شادەمار و مێشک و خوێنا... تۆمار دەکەم سەرگوزەشتەی ئەو مێخەکەی چەنەم شل بوو ئەوەندەی شیعری بۆ بڵێم لە دواییشدا، کە بایی بوو هەڵموەراند، نامە ژێر پێم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەنگێک لە کوردستانەوە سەبارەت: (١٩٦٩/١٢/٥ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چەند حەز دەکەم منی کوردیش ئادەمزادێکی سەربەست بم بە چەلین و کەوشی کوردی لە چیاکانی فەلەستیندا چەکبەدەست بم، هێرش بەرم بۆ سەر ئەو بووکەشووشانەی، بۆ سەر ئەو داڵە تووشانەی گۆشتی کۆرپەی ساوا دەخۆن مزگەوتەکان کڵێسەکان بە خوێن دەشۆن. * * * چەند حەز دەکەم بژیێنمەوە داستانەکەی سەلاحەددین دیسان وەکو بوومەلەرزە ڕاچڵەکێنم دڵی زەمین تاو بسێنم وەک فەرتەنە، لەسەر لێوی خاچپەرستان ڕیشەکێش کەم زەردەخەنە. بەڵام، چبکەم! خۆشم ئەمڕۆ وا دەستبەستەم داگیرکەران لە چوار لاوە ناهێڵن بجووڵێ جەستەم. من کوردێکم... هەرچەند ئەمڕۆ دەنگ هەڵبڕم، دەنگم نییە من کوردێکم... هەرچەند ئەمڕۆ خۆم نیشان دەم، ڕەنگم نییە کوردستانی گەورە و مەزن وەک خەرمانی جوتیاری کورد، بەش کراوە... باستیلێکە، توند کوردی تێ ئاخێنراوە. بەڵام پەیمان... هەزار پەیمان... لە دواڕۆژا، کە خۆم بینی کەسێکم نایێ بە گژا، کە خۆم بینی، لە سێبەری کوردستانی ڕزگاربووما، لەکەی دیلی سڕاوەتەوە لە ڕووما ئەوسا منیش، وەک کوردێکی خاوەن کیان چەک هەڵگرم بۆ هەر کەسێک بڵێ ژیان! پەیمان... پەیمان... هەزار پەیمان کە ڕزگار بووم لەو گەردەلوولەی تێی کەوتووم، ئەوسا بڕۆم، تا لە خاکی فەلەستینی ئاسمان گەشا، نەک هەر لەوێ، لە جەنگەڵە چڕەکانی ناو ڤێتناما، لە ئەفریقای قولەڕەشا لە ئێرتیریای بێ بەهارا لە هەر خاکێک دۆلار بژی بژیێنمەوە سەد گیڤارا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دەستم دێ سەبارەت: (١٩٧٠/١/٢١ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (لە ساتێکدا کە مرۆڤ دەبێتە چەپکێک دەماری تووڕە، هۆنراوەیەکی وا لە دایک دەبێ. ) لە دەستم دێ کاتژمێری کامەرانیت بوەستێنم لە دەستم دێ ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم، نامەی بەختت بسووتێنم لە دەستم دێ هەموو شتێک ئاشکرا کەم کام شەوت گەش و ڕووناکە، ئەو شەوی پف لە چرا کەم لە دەستم دێ، بە دوو وشە دڵی زاوای نووستووت ڕەش کەم، لە خۆشاوی شەوی پەردەتان بێبەش کەم نامەکانت یەک یەک ماون دیارییە سادەکانت یەک یەک ماون چاویان شۆڕە، دەست لەسەر سنگ بۆم وەستاون لە تاوی ئەو کارەساتەم ئارەقەی شەرم دەتکێنن مۆری حەزێکی ئاگرین بە ناو چاوتەوە دەلکێنن * * * تاڵێکی پرچت نەماوە تێرتێر بۆنم نەکردبێ جێی دەرزییەک لە سنگی برسیت نەماوە پەنجەم پەی پێ نەبردبێ گەواهی دەدەن لەسەرت دارتێلەکانی سەر شەقام گەواهی دەدەن ئەوانەی نامەی تۆیان بۆ دەهێنام بەڵێ، گیانە! گەر بمەوێ کاتژمێری کامەرانیت بوستێنم گەر بمەوێ ئەڵقەی پەنجەت پێ فڕێ دەم، نامەی بەختت بسووتێنم بەڵگەم پێیە، هەزار بەڵگەی ئاشکرا و ڕوون بەڵگەی چوار ساڵ پێکەوەبوون بەڵام... چبکەم! خۆشەویستیت، نەهەنگێکە خوێنی هەڵچووم دەخواتەوە خۆشەویستیت، ڕووبارێکە قینی ڕەشم دەشواتەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هۆنراوەیەکی ساکار سەبارەت: (١٩٧٠/١/٢٢ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆشەویستم! ڕۆژێ دادێ، گڕ بەربێتە شار و لادێ ڕۆژێ دادێ، کورد بپرسێ: کەی ڕەوایە لێک بپچڕێ گەردانەکەی کەژ و کێوم، بە پێدزە لەمیانەوە بۆ ئەوی تر پێ ببزێوم؟ ڕۆژێ دادێ، کورد بپرسێ: کەی ڕەوایە، خۆم برسی بم، کەچی لەولاش بێگانەیەک گەنمم بکاتە قوڕگی ئاش؟ کەی ڕەوایە، مناڵی من سەرما پەنجەی بتەزێنێ، دزی ڕۆژیش زێڕی ڕەشی بسووتێنێ؟ * * * خۆشەویستم! کە ڕۆژێ هات وەڵامی خۆمان دایەوە، خوێنی تووڕەی ئاگرینمان لە دەمارا جووڵایەوە ئەو ڕۆژی خۆت مەشارەوە تاکو پێکڕا، یەک دەنگ، یەک ڕا لەناو شریخەی تفەنگا لەژێر چەتری شەوەزەنگا کوردستانی ملیۆنەها لە ناحەزان بکەین بە کێڵگەی کارەبا بە گۆڕستانێکی هەرزان لە پاڵ تاوێرە بەردێکا سەنگەر بگرین یا دێینەوە دەست لە گەردن یا دەست لەسەر تفەنگ دەمرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەونامەی شاعیرێکی تینوو سەبارەت: (١٩٧٠/٧/١٩ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) خۆشەویستم! کە شەو دادێ، شەوی پاییز کاتێ خشپەی گەڵای وەریو پەلی هەستم دەگرێ و دەیبا بۆ کۆتایی و دنیای ئەودیو من بەخیلی بە کۆتاییی گەڵا دەبەم چونکە، کە مرد هاوڕێی هەیه دەمی زەردی بنێتە دەم! (٢) خۆشەویستم! کە شەو دادێ، شەوی زستان کاتێ دەنووک لە گوێم دەدا ترپەی باران کە خۆڵەمێش دادەپۆشێ پۆلووەکانی ناو ئاگردان لەسەر دیواری بەردەمم سیمای تەڵخی دڵدارەکانم ڕیز دەکەم چییان لێ هات؟ بۆ ڕۆیشتن؟ دەربەستی هیچیان نیم، بەڵام بەڵام.. ئاخ.. بۆ ئەوەی یەکەم کە ناتوانم لە بیری کەم! (٣) خۆشەویستم! کە شەو دادێ، شەوی بەهار کە تاریکی وەک تاڤگەی کل دەڕژێتە ناو گلێنەی شار کە ئەستێرە گەڕانەوە لە ناشتنی تەرمی ماتی زێڕکفتی خۆر کە پەنجەیەک.. هات.. بزواندی تەلی گیانی پڕ لە ناسۆر بڕوا بکە خۆشەویستم! لەو کاتەدا بۆ خەوێکی سەر مەچەکت دەگریم.. دەگریم.. بە گیان، بە لەش، بە چاو، بە گوێ هاوار دەکەم: برسیم.. برسیم! (٤) خۆشەویستم! کە شەو دادێ، شەوی هاوین کاتێ ئاسمان پەپوولەی خەو دەبارێنێ، خەوی شیرین کە سروەیەک دێ و بە کپی بە گوێی ناخما دەچرپێنێ ڕازی شەو و چواردەورم و کوللـەی سپی بڕوا بکە، خۆشەویستم لێرەدا.. دڵی هەتیوم دڵی شەوی گەش نەدیوم وەکوو مانگی تەنیای ئاسمان تێر دەداتە پڕمەی گریان گریان.. بۆ چەرپای دووکەسی بۆ سەرینێکی دووکەسی گریان.. گریان.. بۆ چەناگە و بەرگەردنێ بۆ ئافرەتێک، تا بەیانی سەر بەسەر سنگمەوە بنێ گریان.. بۆ یەک چرپەی شیرین گریان.. بۆ یەک خورپەی شیرین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسیارێک سەبارەت: (١٩٧٠/١١/٦ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە یادمە، ساڵ: کۆتاییی شەست و شەش بوو، شار: مەچەک بوو، زستان: بازنێکی ڕەش بوو. ئێوارە بوو... بۆ یەکەم جار من هەستم کرد بە تەنگیی شار... تۆش هەستت کرد بە تەنگیی شار دوور ڕۆیشتین لە سووچێکا پێک گەیشتین، ڕەنگ بزڕکاو، هەناسەسوار. لە سێبەری خۆمان ترساین، چاویان هەبوو دار و دیوار دەمیان هەبوو دار و دیوار! بەڵام ئێمە یاخی بووین و نەفرەتمان کرد لە خەڵکی شار نەفرەتمان کرد لە چاوی شار... *** لە یادمە، هێشتا لێوم وەک بەفر بوو، چی نەدیبوو! هێشتا پەنجەم یەکەم تەزووی گۆپکەی مەمکی نەچنیبوو. لە یادمە، شارەکەمان هێشتا وەکوو کڵێسە بوو، کە پێم گوتی: 'دڵدارێکم پاک... وەک نیگات، ڕووت... وەک نیگات دڵدارێکم نیمە جوانتر لە پەیکەری کۆکی باڵات. نیمه جوانتر لە هۆنراوەم، لە ژووری مۆم تیا کوژاوەم. ' توخواکەی... تۆش کە دەتزانی باوکت، برات دەتڕسکێنن بۆ ساڵێکی تووش و نەهات، بۆچی چوار ساڵ دوو باڵی خۆت بۆ گەردنی من کرد بە کۆت؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ پارچەکەی ترم سەبارەت: (١٩٧٠/١٢/٢٧ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆشەویستم، بوو بە ساڵێ چاوت دەستی چاوەکانی نەگوشیوم بوو بە ساڵێ ئاوریشمی قژ شان و ملی نەپۆشیوم. *** بوو بە ساڵێ گوێم تامەزرۆی ڕۆژباشێکە، گوێم تامەزرۆی گیان باشێکە بوو بە ساڵێ تینووترم لە گەڵای زەردی هەڵوەریو. تینووترم لە بیابانی هەزاران ساڵ باران نەدیو! *** کتێبەکان گەرماییی تۆم پێ نابەخشن باڵندەکان چریکەیان تامی چپەی شیرین نادا ئەو بتانەی لە دوای تۆ هاتنە پەرستگەم بە یەک سروەی بیرەوەریت دێن بە لادا. *** وەرە گیانە، لە تۆڵەی خۆم، لە تۆڵەی تۆ لە تۆڵەی ئێسکی ناو گڵکۆ، لە تۆڵەی مەم لە تۆڵەی زین هەزاران مەم... هەزاران زین... کارتۆنەکان بسووتێنین دیوارەکان بڕووخێنین جامبازەکان ئەوانەی وەک پارچەیێ گۆشت، تۆیان برد بۆ هەڕاجخانە تۆیان فرۆشت وەرە گیانە، برۆ و سەریان با بتاشین، هەشی پیا کەین گەر مەم و زین وایان نەکرد، ئەدی ئێمە بۆ وا ناکەین؟ دە پێم بڵێ بۆ وا ناکەین؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆشم دەوێی سەبارەت: (١٩٧١/١/٧ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خاتوونەکەم! بیستووتە ئاسمان چەند دوورە؟ من بارتەقای دووریی ئاسمان خۆشم دەوێی! بیستووتە دەریا چەند قووڵە؟ بەقەد قووڵیی گشت دەریاکان خۆشم دەوێی! گیانەکەم تۆ نووسراوێکی دێڕت بەقەد تاڵی پەرچەم من چوار ساڵە دەتخوێنمەوە چەند باڵی بیرم لێک دەدەم نە تێر دەبم، نە تێت دەگەم! زۆر دەترسێم لەناو دێڕی شیعرەکانما شار بتناسێ، کامیرەی چاوی مەرگەوەڕ وێنەت بگرێ و هەڵیواسێ زۆر دەترسم گەر بتناسن پەنجەکانم هەڵوەرێنن شابسکی تۆش بسووتێنن! بەڵام هێشتا من دەربەست نیم هەرچیم دیوە هەرچیم بۆ چاوت نووسیوە نایشارمەوە، تا چۆک بدا لە دەروونتا دێوی گومان تا گەورە و بچووک بزانن خۆشم دەوێی خۆشم دەوێی سەد بارتەقای دووریی ئاسمان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: درەنگ نییە سەبارەت: (١٩٧١/٤/١١ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) خۆشەویستم! کە ژوورەکەم جێدەهێڵیت تیشکی خۆر لە ژوورەکەما بوخچەی خۆی دەپێچێتەوە، میلی سەعات خولی لە یاد دەچێتەوە. کە ژوورەکەم جێدەهێڵی و لەلام دەڕۆی، هەر چواردەورم، وەک دارەمەیت، هەستی سڕم دەگرێتە خۆی. لە پەنجەرە و دەرگاکەوە بۆ قوڕگم دێ دەستی زریان. کتێبخانەی بچکۆلانەم، دیوارەکان، هەموو یەک یەک دێنە گریان، لەگەڵ مندا دێنە گریان. (٢) خۆشەویستم! دنیا ساردە... ئاو شەختەیە.. دڵی تەنیام هەڵپەیەتی بۆ لێوێکی گەرم، گەرم، گەرم وەکوو پشکۆی پەتی. (٣) چ ڕوو دەدا با ڕوو بدا! دڵنیا بە، جێم مەهێڵە، باوەشی من بەهەشتێکە، دەتپارێزێ لە ڕەهێڵە. جێم مەهێڵە... درەنگ نییە... با نیگای چاو دڵنیابێ، ئێستا خۆرت بۆ ڕادەگرم، ناهێڵم وا زوو ئاوابێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زامی زیندووی شێللی سەبارەت: (١٩٧١/٥/١٧ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دەشێ تاریکی و تیشکی خۆر بەیەک بگەن. دەشێ زەوی و میچی ئاسمان بەیەک بگەن دەشێ قوتبی سەروو و خوارووش بەیەک بگەن بەڵام هەرگیز ناشێ من و خۆشەویستم بەیەک بگەین *** دەشێ ئەهریمەن بەهەشتی خوای بەرکەوێ دەشێ ڕووبار ڕوو لە هەوراز بێ و سەرکەوێ. دەشێ مەم زیندوو بێتەوە، لەسەر سینگی زین بسرەوێ بەڵام ناشێ، جارێکی تر، منی دڵدار بگەم بەوەی خۆشم دەوێ *** ڕەنگە کچە دراوسێکەم، یا ئەو کچەی ئەمڕۆ، سبەی، ئەڵقەی من دەکاتە پەنجەی وا تێبگا پەلکەزێڕینەی هۆنراوە بۆ کەمەری ئەو ڕێک دەخەم. بۆ ئەو تۆقەی زێڕینی خۆر لە پرچی ڕەشی شەو دەدەم. نەیزانیوە هۆنراوەی من بۆ کەسێکە. کاسە خۆشاوێک بوو... ڕژا چەپکێک بۆن بوو بە نوێنی... کەسێکی تردا هەڵپژا. * پێرسی شێللی (١٨٢٢ - ١٧٩٢) شاعیری ڕۆمانتیکی ئینگلیز. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژانی شەوانی کەنداڵ سەبارەت: (١٩٧١/١٠/١٢ - کەنداڵ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وشەکانی شیعری ئەمشەو ڕەوە کۆترێکی سپین. لە بەندیخانەی سنگمدا سەرسام دەژین. دەنووک لە زامم وەردەدەن ئاگر لە هەستم بەردەدەن. دەیانەوێ دەروازەکەی سنگم لەق کەن، لە دەلاقەی زامێکەوە ڕزگار بن و تارای شینی ئاسمان شەق کەن. بەڵام دوودڵم، نازانم لەبەر پەنجەرەی کام کچا بەرەڵڵا کەم کۆترەکانم؟ لە دوای ئەوەی خۆشەویستم پەنجەرەی خۆی لێ داخستم. *** دەزانم... ئەمشەو... ژانەکەم هەورێکە، بارانی پێیە هەر دڵۆپێک لەو بارانەش هەگبەیەکی پڕ ئاوازی بێ گرێیە! بەڵام دوودڵم، نازانم، بەسەر کام کێڵگەی تینوودا... تێر ببارم؟ بۆ شەوی تاریکی کام قژ... چرای هەستم بسووتێنم و چەپکێک ڕووناکی ببەستم؟ لە دوای ئەوەی خەرمانی خەونی مناڵی گەردەلوولی شین ڕایماڵی. دەتوانم... ئەمشەو... ژانەکەم بکەم بە ڕستەبازنێک بازنی وا خەونی زەندی خانزاد بووبێ، شاعیرێک داینەڕشتبێ... بۆ شاژنێک بەڵام دوودڵم، نازانم، بۆ کام مەچەک لە دایک بن بازنەکانم؟ لە دوای ئەوەی کۆتری مەچەکی سپیی خۆشەویستم، بێ ماڵاوایی، بە کڕی، لە شەقەی باڵی دا، فڕی! * کەنداڵ: گوندێکی نزیک مەخموورە، لە ساڵانی (١٩٧٠ - ١٩٧١) تێیدا مامۆستا بووم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوپەڕی تاسه سەبارەت: (١٩٧١/١٠/٢٢ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چۆن دڵت هات لەگەڵ سەرینی تەنیاییی دەرزی چنا جێم بهێڵیت؟ چۆن دڵت هات، لەگەڵ شەوی سارد و سڕی بێ نووستنا جێم بهێڵیت؟ بگەڕێوە! ژووری تەنیام چاوەڕێتە بگەڕێوە! عومری زاوام شەیدای بووکی ترپەی پێته... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوا لاپەڕەی یاداشتی دڵدارێک سەبارەت: (١٩٧١ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بەڵێن بدە: کە تاریکیم بۆ ڕاناخەی. بەڵێن بده: کە شەختەبەند ناکەی بەرپێم. منیش بەڵێنت پێ دەدەم، دان بە ڕابردووما بنێم: پێش چاوی تۆ لە پەرداخی وەنەوشەییی چاوی ترم پێک هەڵداوە. پێش نامەی تۆ قژی گەلێک نامەی ترم داهێناوە پێش سنگی تۆ زۆر سنگی تر چەپکەگوڵی تەزووی سووریان بۆ چنیوم پێش ژوانی تۆ، زۆر ژوانی تر ڕێگەی دووریان پێ بڕیوم... *** شاعیرێک بووم... گەرووی وشکم بە دوای قومێک ئاودا وێڵ بوو، بۆ بارانی هەر ئاسمانێک نووشتامەوە ئاوی لێڵ بوو! *** گەر دەتەوێ خوێنی دەماری شیعرم بیت داستانێک بیت بێ کۆتایی، گەر دەتەوێ خۆشەویستیت بەدویدا نێت ماچی ساردی ماڵئاوایی: بەڵێن بدە، ئاسمانم بیت، بەڵێن بدە، هەناسەم بیت، سێبەرم بیت، بارانم بیت تاکوو منیش شانۆی کۆنم جێ بهێڵم دەمامکی ڕووم فڕێ بدەم دوو باڵی پڕ خۆشەویستیم لە گەردنت گرێ بدەم... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵنیام کە سەبارەت: (١٩٧١ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گەر دەزانیت تۆش، خۆری ئێوارە ئاسا ئاوا دەبیت، گەر دەزانیت باڵدارێکی بێ لانەیە خۆشەویستیت: لە ئێستاوە باڵی پەپوولەی نەوحەزم ببەستەوە بە تاڵەموویەکی کەزیت، بیدە بەدەم لافاوەوە تاکوو زووە من بێپەروام! زۆر حەزی وام بەم دەستانەی خۆم ناشتووە... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەفر و پشکۆ سەبارەت: (١٩٧٢ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بمزانیایە جارێکی تر سێبەرم سێبەرت شانە ناکاتەوە، بمزانیایە جارێکی تر خەیامی دەروونی هەڵچووت پێکی وشەی شیعرەکانم ناخواتەوە: پشکۆی هەزار ئاگردانم دەهێنایە سەر لێوی خۆم، تا کتێبی ماچی دوایی بکەینەوە. بەفری هەموو نسارانم دەهێنایە سەر لێوی خۆم، تا پێت بڵێم: چیتر بەیەک ناگەینەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هۆنراوەم ئاوزینگ دەدا سەبارەت: (١٩٧٢ - کوردستان) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گەر حەز دەکەن سەرینی مناڵەکانتان گوڵمێخەکی لەسەر شین بێ، دەوروپشتی بێشکەکانیان پڕ لە خەونی بەفرڕەنگی ئارمووشین بێ، دەسرازەیان- پەلکەزێڕینەی ئاسمان بێ، دڵی مەسیح- بووکەشووشەی یارییان بێ، گەر حەز دەکەن ڕەزەکانتان پڕ مێوە بن، خۆر لە لافاوی خەندەتان بخواتەوە، هەوری گران نامە لە کێڵگەکانتان نەبڕێ و پێڵووی خاوی کانییەکانتان هەڵداتەوە بەرەڵڵا کەن، بەرەڵڵا کەن ئەو باڵندەیەی... هێلانەی لەسەر زمانم کردووە بەرەڵڵا کەن! ++++++++++++++++++++++