شاعیر: بەیت کتێب: عەبدوڕەحمان پاشای بەبە سەرناو: وێژەر: عەلی بەردەشانی سەبارەت: توحفەی موزەفەرییە، کۆکردنەوەی ئۆسکارمان، پێشەکی و ساخکردنەوە و هێنانەسەر ڕێنووسی کوردی: هێمن موکریانی، چاپ: هەولێر ٢٠١٤، لاپەڕەی ٥٠١-٥٠٦ خالەق! هەر ئەتووی قادر ڕەبی! هەر ئەتووی قادر چەند باقی و چەند نادر تۆی عەرز و ئاسمان ڕاگر هەشتێ هەزار عالەمە، بێشکە وەڵلاه زیاتر ئەمنیش یەکم لەوان عالەمان، خۆ دەگرم لە هەمووان کەمتر سەجدەی شوکرێم لەسەر بوو، نەتخووڵقاندم بەکافر (لا اله الا الله) سەد هەزار جار شوکر تۆی ئەووەڵ و تۆی ئاخر تۆی باتین و تۆی زاهیر چەند باران و چەند بەفر چەند ڕووبار و چەند بەحر چەند ئاسمان و چەند هەور چەند بەهەشت و چەند ئاور چەند قۆشەن و چەند لەشکر چی توو پێت ببێ ئەمر نەشبێتین دەیکەی حازر حازر دەکەی بەڕەوانی ڕەبی هەر تۆی تەن سوبحانی خالقی کوللی شەیئانی مالکی بەحر و بەڕیانی عالم و خەبیری هەمووانی تەوفیقدەری، موستەعانی ئەزم (عەلی بەردەشانی) دە بەندێم نەکەی زبانی بەیتێ دەڵێم بە دیوانی مەدحی پاشای کوردستانی مەدحی پاشای کامیان باشە شایەد ڕۆم و قزڵباشە هەرجارێ شیری دەکێشا هەمووی دەهاتنە تەماشا عالەم ئاڵایە چاوەشە مەردە عەبدوڕەحمان پاشا پاشای بەبان جیهانگیری وەک ڕۆستەمی زاڵی پیری تەحا بە ڕا و تەگبیری ڕاناوێرێ بەڕەزیلی: «ناکەم خزمەتی وەزیری نانی دەستێنم بەشیری بەشیری نەبێ پێک نایە» دەوڵەوت نایەتە ڕەدایە ناچمە سەفەری لەحسایە یاغی دەبم لە بەغدایە یاغی دەبم ئینشائەڵڵاه خزمەتی ناکەم وەڵلاه ئافەریم بارەکەڵلاه تەوەکەل تەعالەڵلاه هەر کوڕە بەبەینە هەللاه بەبە هاتن بەلێمشت ١ لە غیرەتێیان بەست پشت دەستی لە بەغدایە شوشت حەمەد پاشای کوێی کوشت کوشتنی بە چ قەرار بوو؟ پاشای بەبان سەردا بوو سەد وەک وی خزمەتکار بوو دە حاڵی خۆیدا شۆفار بوو خزمەتی پاشای پێ عار بوو بێ تالعی لە ملان بار بوو تالعی پاشی دیار بوو پاشا کردیە گوفتوگۆیی، لەگەڵ تۆ محەمەد کۆیی: «حەزم کرد هاتی و نەڕۆیی زۆرم حەز کرد میری سۆران دووزمانی وەکو گۆران بە ئەقڵ هاتوویە نۆران بێکەسی دوژمنی زۆران ئەوجار لێی دەن بە ساتۆران» ساتۆر دەبان ڕەنگ شمشێری دەست و باهوو حەملەی شێری وای گوتوە شیعری شایێری یاڵلاه پاشا گوێم بدێرێ کە فرسەت هات، قەت نەیبوێرێ مەرد هەر بە ئەڵلاه دەسپێرێ هەر ئەڵلایە و ساحیب سوڕە وەدەست کەوت بەبێ قڕە پشتیان شکان، زگی دڕا لەسایەی توو ڕیشی بڕا لێک سوار بوون کوڕە کوڕە لەردوو٢ ئوردووان بوو بە چڕە بوو بە چڕە و سەڵاوات قووەقووە، هاتەهات هەر خێوەتن بێ قەڵات هەی دەستی بێ دەستەڵات کوێی گیران کێ هەڵات؟ لەوان کۆیی دە بەدبەخت خەلاس ناکەن ڕووحی سەخت کەلەپوور و ماڵی نەغد ئەسپ و ئێستر ڕێشمە و ڕەخت وەرگیرا نەغد بەنەغد وەرگیرا بە قەتارەوە بە ئاڵتوون و دینارەوە بە ئاغاو و خزمەتکارەوە پاشای بەخشین بە بارەوە چی پێ بەخشین پێی بوون غەنی پاشا سوار بوو بۆ مەوتەنی مەتاڵ لەگوێی کەرگەدەنی هات، گەیییە قەرەحەسەنی ئەسەح یاغییە پێدەکەنی لە پێکەنینی سەرداری چڕەچڕی کۆچ و باری هەڵگیرا ڕێیە ڕێبواری لە جحێڵ تا هەرزەکاری هەر لە پیر تا ئیختیاری هەرچی دەستی بگرێ داری دونیا دەبوو شەوی تاری خوێن لە سامی سۆران باری خوێن باری سامی سۆر هەر لە نیزیک هەر تا دوور پاشای بەبان قڕان قڕان بوو بەسەری سەر ئەسکەران سوێندی خوارد بە پێغەمبەران: «لەبۆ شای دەنێرم سەران سەری ئەوغان و قەجەران». سرکە سرک بوو لە مووندەران ٣ قاسید هاتەوە بە موتلەق قسەی کردن دەقاودەق: وەزیرە وەک بەردی ڕەق ئەو خەیانی موستەحەق ڕەجایە ناگرم بەحەق لەسەر زینم نەکەن شەق بەغدایەم پێ نەکەن لەق». شای کە ئەو قسەی پێ دەزانی هەڵدەستا بۆ سەر چۆکانی هەردووک دەستی دان لە ڕانی: «پاشای دەگەڵ سەلیم خانی دەنێرمەوە کوردستانی لە کوردستانی باخێوی لەبەغدایە سەر ببزێوێ ئێران و تووران بشێوێ هەرچی لێو دابنێ لەسەر لێوێ نەرمی دەکەم وەکوو مێوێ دەری داوێم لەوێ نێوێ دەری داوێم بەعەجەمان بەو هەوشار و موغەدەمان». پەیدابوو سەدای زەمزەمان لەبەر دەنگی زیل و بەمان شێر هەڵاتن لە گوێ چەمان نەهەنگ دە بەحراندا نەمان شا خۆش بێ نەکێشێ غەمان ڕاهی بێ، چ قسە نەمان ڕاهی بێ دەگەڵ ئاڵایە لێرە بڕوا تا بەغدایە. ١. لێشاو، لافاو ٢. لە هەردوو ٣. لە هەموو هەندەران، لە هەموو جێیان ++++++++++++++++++++++