شاعیر: حەریق کتێب: دوو بەیتی سەرناو: سەودایەکی سەقمونییا عیلمی جەلب و کەسبی دونیا بۆتە ئەجزای کیمییا بۆ منی سەودازەدە سەودایەکی سەقمونییا هاودەرس بووم من لەگەڵ زاهید لە دیباچەی کتێب من نەگەیمە فەسڵی تەزویر ئەو چوو بۆ بابی ڕییا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناپیاوی خەڵک عەزیزم تۆ دەزانی من لەبەر چاوت کەر و گێژم لەبەر ناپیاوی خەڵکی تێدەگەی موحتاجی گوێدرێژم سوار نیم و پییادەم چۆن دەبێ وەسڵ و مولاقاتم وڵاغ دەس ناکەوێ هەر بۆ تەبەرڕوک خۆی سەرئاوێژم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەربابی مەعنەوی بابێ کوڕێکی بوو، چ کوڕ، ئەربابی مەعنەوی دەیکوت لەڕووی نەسیحەتەوە داییمەن بەوی وەک جەردە بی، دە ڕۆڵە لە عەمری منت کەوێ نەیدەیتەوە بە مفتی ئەفەندی گەلەنبەوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاکی سەردەشتی هەروەکوو بیستوومە بەینێکە لە ئەمبەر ئەمبەری بۆ مەلای مزگەوتی سوور وا چاکە تۆبی لەوبەری پێ لە حاشا بوو لەگەڵ من مەحکەمەی قازی دەچوو کاکی سەردەشتی بە تەڕدەستی وەسەر جێگا پەڕی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مانگی موبارەک لەگەڵ مانگی موبارەک - بێ قەزا بێ - سازیشم نابێ لە تەکلیفی ئەدای بێ مۆڵەتی گونجایشم نابێ حەکیمانە قەراری چا نەفەرمووی گەر بە شیرینی ئەوەند دەم تاڵە، قەت ڕۆژێ ئەمن ئاسایشم نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووپشک بە پشکێ ڕازییە قازی لەهەر ماڵێ کەدوو، پشکە لە ماڵی خۆی لەبۆ خەڵکی هەمیشە حیسسە دووپشکە بەڵێ «مونعیم» دەبێ وابێ خودا کا ماڵی ئاوا بێ نەوەک خەڵکی کە ماڵیان زەهری مار و نێشی دووپشکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەردی زەلام چۆن بەسەرکەم زەرفی ئەو قەومە دڵم بەسوێ نەیە جامی عەیشی ئەکل و شوربی پاکییان بەسوێنەیە خۆی لە قوڕ نێ هەرکەسێ ئەمڕۆ لەنێو قوڕدا نەبێ دەس لە خۆی بەردا کەسێ بەردی زەلامی پێ نەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بادانەوە کاغەزی وا زۆر دەهاتن زوو لە هەورامانەوە وەک گەڵاتاڵوو هەموومان خستە ئاگردانەوە دوێنێ دەتکوت یۆسفی سەدیقی میسری دین ئەوە ئەمڕۆ باتداوە، چ عەیبێکی هەیە بادانەوە؟ ++++++++++++++++++++++