شاعیر: سەردار جاف کتێب: شیعرەکانی تر سەرناو: غوبار سەبارەت: نووسین: کۆچه ر غوبارەکانی مەريوان لە دڵی سەوزی سروشتا هەڵدەکەن و ئافاتی جەستەی گڕگرتوون بۆسەی کڵپەن گڕی دەدەن هەناسەی گوڵ دەگوزەرێ مزگێنی جەنگ جاڕ دەدات و نمەی گەزۆ بە حەوشەی خەم شەکراوی دابڕانێکە گڕی دەدەن گريان لە غوبارەوە هاوێر دەبێ و بە گەروو و تەنگەی نەسيمی ژين گڕ دەگرێ ئەستێرە و تريفەی شەوێ بە خەياڵی زرێبارا شەپۆل دەدا کە ئەندێشە لە کەناری سپێدەوە، بە ئاگا دێ ژوانی سەرە ڕێی نەورۆز شيوەنێکە و دەگێڕدرێ بە دەم قاوەيەکی کاپۆ ژوانی تاڵ ژوانێ کە ڕووی نەدابێ بە کەمەری کراسی شينی غوربەتی دەشواتەوە پياسەی دەم دڵؤپە ڕۆخی ترپە سێو بە سەر ژێی زرێبارا بوخچە واڵاکانی ئاو گرێ دەدا نەبا بۆ ڕۆحی کڵۆمدان بيباتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاسمانی پاییزی سەبارەت: نووسین: کۆچه ر پاییز كه‌شكۆڵی ئافاتیم لێ ده‌به‌ستێ خه‌م له‌ ئاقاره‌وه‌ دێت و رووه‌و ترۆپك و قوڵایی سه‌خته‌نی ئه‌وینم ده‌با تنۆك تنۆك ڕێم پێ ده‌گرێ و بۆ جه‌سته‌ما ڕۆنیشتووه‌ پاییز له‌ ئاسمانی خۆیا له‌ ئاستما كڕنوش ده‌با و له‌ نێو شینا دڵم هه‌ر شین ده‌كاته‌وه‌ نوقمی زه‌رده‌گه‌ڵای خه‌م و شه‌ونمێكی ده‌م سپێده‌م كه‌ نه‌یتوانی خه‌نده‌كانی جه‌سته‌ی برینم ماچ بكا منی له‌ سه‌یوانی ئه‌رخه‌وانیدا له‌ زه‌مه‌نی غوربه‌تییا جێهێشتووه‌ ئه‌ی خودایه‌ …. ئاوی هه‌ناری ده‌م حه‌وا بڕژێنه‌ به‌ سه‌ر ژیلوانی ته‌مه‌نمدا په‌رته‌وازه‌ی چاوه‌ نافوره‌كانمی كه‌ ده‌با شه‌وچره‌ی ئه‌و چراتۆڕه‌ی ماهم به‌ ئه‌وینم ئولفه‌ت بگرێ له‌ میتۆدی كولبه‌یه‌كی قاوه‌ تاڵه‌كانی ته‌مه‌ن، نه‌ی ده‌ژه‌نم خۆ تۆ چه‌شه‌ی ژه‌هرم ده‌كه‌ی، ئولفه‌تگری چركه‌كانی كاتژمێرمی سه‌رخه‌وێكی كه‌ساسی خۆم ده‌شكێنم و ده‌تۆیش ڕێ به‌و دڵه‌ت بده‌ له‌ نێو هه‌ناسه‌ی هه‌ستما هێور هێور تێمدا بمرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێنەیی سەبارەت: نووسین: کۆچه ر خەمی تاڵ گوێ بۆ ئاوازی تەڕی باران ڕابگرە لە تەک نمەی باران ئیدی سەمای گوڵ مەژاکێنە ئەی فرمێسکی نيشتيمانم ئاوابوون لە درزی بەرد کە بە نيگای گوڵان ئاشنا بە بۆنی رۆژگار بڕەنگێنە شەپۆلە سەرشێتی دەريا تريفەی شەوێکی کپە کە ژوانی ئارامی لە ئامێز دەنێ تەپوتۆزی گێژەڵوکە نوقمی شنەبای بەيانە و سەراپا غوباری رۆژ لە کارێز دەنێ هەر باران بۆ خۆی چەترێکە تەڕتەر جەستەی وشکەساڵيمان سپی پۆش کرێوەيش چلەی بە هەورە تارمایی غوربەت بە ئاهەنگ ڕادەژەنێ شەو سەرقاپی تەمی رۆژە و مۆزيکزانی تارماییە بە تاڵی ژێی کەمانجەکەی سەمفۆنيای پاکی دەژەنێ گوڵ پێی وايە دياری دەستی ئەوينکارە بە تەنها ئەو ئامێزی گەڵای وەريو و شکۆفەی ناسۆرييەکانە ئۆخەی کپی بن سابات و سێبەری شەو ژاوەژاوی رۆشنایی شەو مەحوو ناکا ناڵەی ڕۆژ و فڕين بە سەر باڵی ونبوون ڕەنگاڵەیی ژين ئاوايە جوانی لە گەڵ ژانەکانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەفەر سەبارەت: نووسین: کۆچه ر هه‌واری تریفه‌ی ئولفه‌ت ڕسته‌ی مرواری گۆرانی گواره‌ت بچڕه‌ له‌ دامێنی هه‌وره‌وه‌ تۆ دابارێ به‌ سه‌ر جه‌سته‌ما ئه‌ی په‌روینه‌ كه‌مانجه‌ژه‌نه‌كه‌ی ئه‌وین به‌ سه‌ر شه‌پۆلی ژێیه‌كان غلۆربه‌وه‌ رۆح به‌ قوڵپی قاقای پێكه‌نین بسپێره‌ باتێر ماچبارانی بكا و كلوه‌ به‌فر ئاسای به‌هار تك تك بڕژێ به‌ نێو چه‌می پڕ له‌ لرفه‌م حه‌زی سه‌ر شێتم ته‌ڕكه‌وه‌ كه‌نگێ دڵت سپێتی خۆی لوولدایه‌وه‌ شه‌وێكی پڕ نووری هه‌ڵكرد ئه‌و ده‌مانه‌ ………. سه‌وزاییه‌كانی نێو ناخم قرچه‌ی سووتان دایده‌گرێت و له‌ به‌ر ڕچینی زستانێ به‌ ته‌لانی هه‌لاجه‌وه‌ كپ ده‌بێت و ده‌بڕێته‌وه‌ ده‌سا ئه‌ی وێنای رووخساری نێو ئاوێنه‌ به‌ گه‌ڵای زه‌ردی خه‌زانت شه‌رابی ته‌نیاییم قانگده‌ گڤه‌ی هه‌ڵچوونی مه‌ی نۆشیت رووه‌ و ئاسمان بڵندكه‌وه‌ ئه‌ی هه‌ناسه‌ ونبووه‌كه‌ی نێو وشه‌ی غه‌ریبستانم ده‌می یاقووت چاوی ماسی بۆنی چرا ره‌نگی خودا ئاوێته‌ی سه‌ر تاڵه‌ ژێی كه‌مانجه‌كه‌ت كه‌ میلۆدی نوێ بڵێره‌وه‌ ڕسته‌ ناته‌واوه‌كانت نابن به‌ سۆراغی ده‌نگێ مه‌قامێك نامۆ له‌ شارا له‌ سه‌نتڕاڵی ئۆسلۆوه‌ ……. مامۆستای مه‌قاماتی من عه‌لی مه‌ردان له‌ كنه‌ و سۆراغی قه‌لای ئه‌كیرشۆسه‌ تا قه‌تاری ئه‌ڵڵاوه‌یسی به‌خانه‌ی ئۆپرا گه‌یه‌نێ له‌و لایشه‌وه‌ مانگ رووناهی له‌ بناری شینی گۆیژه‌وه‌ ڕنیووه‌ ئاوێزانی خه‌رمه‌نی ئای ئایه‌كه‌یه‌ و به‌سته‌ی ڕه‌شۆڵی بۆ ده‌ڵێ حوسێن عه‌لی وا رووخساری به‌ ئه‌كیرسیلڤا ته‌ڕ ده‌كا له‌ رۆخی رووباره‌كه‌وه‌ گۆرانییه‌كه‌ی «باڵا گه‌ردانی چاوت بم …..» به‌ ده‌م ڕێوه‌ بۆ ئاو ده‌چڕێ ئاده‌ی تۆیش له‌و سه‌فه‌ره‌ شه‌رابیه‌تا چۆڕێ ئاوی ئه‌كیر سیلڤا بنۆشێنه‌ بۆنی خونچه‌ی دوا ته‌مه‌نمی هه‌ڵگرتووه‌ تۆیش وه‌كو من گوێچكه‌كانت پڕپڕ بكه‌ له‌ ئاوی شینی ئه‌و چه‌مه‌ و لێوانلێو ڕه‌نگم هه‌ڵگره‌ ئه‌ی خه‌رامان ئه‌وه‌ چی بوو ……. رووبارێك ئاوم بۆ ڕشتی تا قووله‌پێی رۆیشتنت ته‌ڕ بكات و زوو بێیته‌وه‌ كه‌چی ماڵت لێ ونبووه‌ و نایه‌یه‌وه‌ ئه‌و ده‌مانه‌ی كه‌من سه‌فه‌ری ڕێم ده‌كرد دایكم ئاوی به‌ دووم ده‌ڕشت زوو زوو بۆ لای ده‌هاتمه‌وه‌ له‌ ئامێزی میهره‌بانی ده‌نامه‌وه‌ ئه‌م سه‌فه‌ره‌ت بۆ ئه‌وه‌نه‌ بێ كۆتایه‌ مه‌گه‌ر نازانی ئه‌زیزم … ژانی جه‌سته‌م نابڕێته‌وه‌ چاو له‌ ڕێگات له‌ جێی شه‌ونم بارانی فرمێسكی سوێرم نابڕێته‌وه‌ و له‌ سه‌فه‌ر و ئۆغرتایه‌ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەزانێکی سەوز سەبارەت: نووسین: کۆچه ر له‌ تریفه‌ی چاوه‌كانتا سێبه‌ری مانگ هه‌ڵده‌وه‌رێ و خه‌زان بیناییم داده‌گرێ له‌ تاڵ تاڵی پرچه‌كانتا خۆر له‌ ئاوابوون یاخییه‌ و به‌رۆكی په‌نجه‌ ته‌زیو و لاساره‌كانم ده‌مرێنێ….. له‌ قوبادی مه‌ركانه‌ی رووت شه‌رابی ترێی گه‌نیووه‌ به‌ ڕه‌نگی خۆی ده‌مشواته‌وه‌ له‌ قامه‌تی باڵای پڕتا هه‌نگوین له‌ كووره‌ی هه‌سته‌كان په‌نگ ده‌خۆن و بۆ ژانی ئیشق ده‌مباته‌وه‌ له‌ سپێتی تیشكی نیگات ئه‌وا هه‌نار له‌ گوڵه‌وه‌چنێی تریفه‌ی مانگه‌ شه‌وه‌ سۆماكانم ته‌ڕته‌ڕ ده‌كا ئاسۆی سوور بۆته‌ كراسی ته‌مه‌نم و زێڕینی پرچت رۆژی رووناه و به‌ تاریكیش قامكه‌كانم گه‌رم نابنه‌وه‌ ئه‌وه‌ حه‌زره‌تی جوانییه‌، لێو و ئه‌وك و هه‌ست و رۆح و چاو پڕ ده‌كا هه‌ناسه‌ شه‌رمگرتووه‌ نه‌با خه‌رمه‌نی رووی مه‌هت زوو بێته‌ گۆ ژاری گه‌ردی خۆی بڕێژێ و ئه‌ستێره‌ی جوانی رووخسارتی پێ بروشێ ئاسمان لۆكه‌ ده‌بارێنێ به‌ سه‌ر ده‌فه‌ی میوه‌كانی گۆزه‌ی پڕ شه‌رابی كه‌نوو غلۆر غلۆر ده‌بنه‌وه‌ و دڵ یه‌ك لێدانێكی هه‌یه‌ و تامی ڕه‌زێكی شیرینی پێ ده‌به‌خشێ تنۆك تنۆك هه‌نار به‌رچنه‌ی باڵا بزه‌یه‌كی پڕ ژانه‌ سوێ به‌ ته‌وێڵی هه‌نسك ئاڵاو له‌ گاشه‌ به‌ردی به‌ر ده‌رگای شارا كڕنووشی بۆ ده‌با دڵۆپ دڵۆپ گێلاسه‌ سوور رۆحه‌ ره‌نگ جگه‌رییه‌كه‌ ئاوپرژێن ده‌كا و له‌ قه‌تاره‌ی كاروانسه‌را چمكی له‌چكی جوانیت ده‌با تۆ چۆڕاوگه‌ی شه‌رابی ڕه‌شی زه‌نوێری یا ئاو هه‌ناری گوڵاویی ده‌ڕژێیه‌ سه‌ر لێوانمه‌وه‌ به‌ سه‌ر ته‌مه‌نی ئیشقما، گه‌ڵاگه‌ڵای گوڵوه‌ریوی ده‌بییه‌ مشكی یا هه‌وری ڕه‌نگاو ڕه‌نگی به‌ سه‌ر شانمه‌وه‌ ++++++++++++++++++++++