شاعیر: شێرکۆ بێکەس
کتێب: مێرگی زام مێرگی ھەتاو
سەرناو: جوانە دڕندەکە

تانسۆچیللەر! تابلۆیەکە لە قژی زەرد
دووچاوی مەست
لە گەردنێکی کافووریی و
سنگێکی بەرز. 
تانسۆچیللەر! تابلۆیەکە
لە ئاسمانی لەشێک سپی
ورد بەرەوە! 
لەو قژەدا تەلبەندی دڕکاویی شەوو
لەو چاوەدا نووکە سوونگی و
لەو ملەدا ئەڵقەی پەت و
لەو سنگەدا نارنجۆک و
گوللە تۆپ و
سەری بڕاوم ئەبینی! . 
باش گوێ بگرە
لە ئاسمانی ئەو لەشەیشدا
قیژەی ئاوم و
قیژەی دایکم و
زریکەی مێژووم ئەبیسی! .

++++++++++++++++++++++