شاعیر: گۆران کتێب: سروشت و دەروون / دەنگی دەروون سەرناو: دیاریی خوای شەڕ دیاریی خوای شەڕ: خەشمە و قینە، دوشمنییە و ڕقە و کینە، بەدخواهییە و نیهادی پیس: باری لێکدانەوەی ئیبلیس! دیاریی خوای شەڕ: پڕ بە دڵ ترس یەک زمان و سەد هەزار پرس؛ گومان لە ڕاست، بەڵام باوەڕ بە درۆ: «ئاخ، دیاریی خوای شەڕ!» دیاریی خوای شەڕ: ڕەنجە و ئازار، مەرگی لەشکر، وێرانیی شار؛ بۆ دایک: تاقانە کوشتن، بۆ کۆرپەی ناز: هەتیو خستن! خوای شەڕ ئینسان لە هاوجینسی ئەکا بە گورگێکی برسی؛ ئاگر، قورقوشم، غازی خنکێن ئەداتە دەستی و پڕ لە جوێن ئەکا دەمی و پێی ئەڵێ: عەرش! بۆ بن دەریای تاریک و ڕەش بۆ ناو هەور و برووسکەی بەرز، بۆ جێی دووردوور لەسەر ڕووی ئەرز... عەرش! وەک دڕندە، وەک هار عەرش! دنیا ڕەنگ کە بە خوێنی گەش! پەلامار دە، دەستوبرد کە، بگرە، ببڕە، بدڕە، ورد کە: قەڵا، تەلبەن، شوورا، سەنگەر؛ حەیوان، ئینسان، شاری، عەسکەر، ژن، پیاو، پیر، جوان، دەست، قاچ، سنگ، سەر... پێشێل کە هەرچیت دێتە بەر! بێ سووچ بکوژە، سەربەست دیل کە، دەرگای مێشک و دەم کلیل کە، کۆمەڵ برسی، وڵات لات کە، نەخۆشیی زۆر، دەرمان قات کە، قوتابخانە، بیمارستان، کۆگای فەن کردی کۆن و جوان شوێنی بەکەڵک گشت خاپوور کە، بنچینە و بان خوار و ژوور کە! دەزگای شارستانی تێک دە: ئەمڕۆ ڕۆژی مەحشەر لێک دە! ++++++++++++++++++++++