شاعیر: سەردار جاف کتێب: ئێوارانە سەرناو: ئێوارانە سەبارەت: نووسین: کۆچه ر ئەم ئێوارە چاو نێرگزێ خومارييە پرچی لوولی بسکانەيە ستارييە شەرابی من وا لە لێوت لوتفت هەبێ کوشتەی ناز و لەنجەکەتم، عەيارييە کە شەو داهات سێبەرت بێ تا کازێوە ياخی بوونی رۆح شەهلایی غەددارييە نهانخانەی دڵت بۆتە جێ خەڵوەتم رووبەندی رووت خێزاو ناکشێ ئازارييە خان و مان تۆی چيت لە خانی سەردار داوە قامەتی تۆ نەخشەيەکی ميعمارييە ڕنوی بەفرە سپی رۆحە لار و لەنجەت قژی ژاکاو کۆتی قامکە جوانکارييە رەوشی ئاڵت ئەستێرەيە بۆ ژووری من برۆ و برژانگ تیربازێکی دڵدارييە گەردن ناسک شيرين دەکەی لێوەکانم ئاشقەوماشقەی تێکئاڵانمان وەک مارييە لە سەر سينەت کە رای دەخا روومەت رەشيم پەنجەکانم شێت شێت دەبن، لاسارييە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانه سەبارەت: نووسین: کۆچه ر جاويدانی وێنای جوانيت، ها لە پياڵەی پياڵەگڕدان چۆن نەنۆشم و مەست نەبم، کە دنەم دا بەرەو سەردان لەرەی زوڵفت چەشنی پەرچەم، نيگای چاوت وەکو شوعلە دوور لە ديققە ئيشق دەمرێ، روو لە سەراب و ناو بەردان هەر کەس کوڵمی تۆی نەديوە، چ لە جوانی ژن تێدەگا مۆناليزا لە رووخسارتەو، نيگا سستە لە بەرادان شکۆفەی دا جەنانی من، مەستوور و مەست ئاڕەفتەی* دڵ کە سوخمەی سەر سينەيش دەخزێ، نغرۆم لە نێو ئارەقدەردان شەبەيخونە تاسەی شێتيم، لە خۆڕا نييە لەتانم * غافڵگير و کز و مەدهۆش، کەڕەکيڤەم لە جۆزەردان شەبکی دايلانم* مەستييە، لەنجەی شەهلا خۆی حەيرانە کارمامزی قەت پێناگا، شاژن و شاجوان سەرگەردان تەنيايیت چ غەددارێکە رۆح قڕ دەکا دەتوێمەوە کەچی بۆ من مەشخەڵێکی نەک دوورکەوتن، دەست لێک بەردان تيلەی چاوت، سووری پرچت، سەردەستەی سيحری ژنانە هەتوانمە لە نێو مەجمەر کە زوڵف و قژ دێنە بەردان کاتێ نوقمی هەنگوينی چاو، جوانی خەندەی لێوت دەبم بە حەسرەت و هەناسەکەت دۆزەخ واڵايە و ڕێ بەردان تۆ کابەمی من لە ميحراب نوێژی ئيشق دادەبەستم چما رێيە ترم هەيە، بێ ئەوينی تۆی ئاگردان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانه سەبارەت: ١٤-٠٥-٢٠٢٣ - نووسین: کۆچه ر - سەرچاوە: https://dengekan.info/archives/41794 تێشووی ديققە, تيشکی نيگا, دەشێوێنێ ئەندێشەی چاو لە ديدەتا دەسکنێم و دڵ زەليلە لە بێشەی چاو شنەی سۆمات بە خەمزەوە وا غەمڵيوە لە ئاستۆنما زبان هەودا و هەوتاشييە، هەدادانمە* بۆ گۆشەی چاو بەس بە تيڕۆژی نيگاکەت تيغ تيغ بکە نەزەربازيم رۆچووی باڵاتە هەستی من خليسکامە نێو کێشەی چاو شەپۆلی گۆمی لوونسەيە* يا لەرەی پێڵوی خۆشی هێن نيگام وەبەر کافرمان* دە، هەر پڕ ئازارە رێشەی چاو پشتم کۆم و روانين کز، چەمی بازت گڕنايەکە ژانداری ئاوێزانت و راموسانم بە چەشەی چاو کەنگێ نيگات دێتە دەنگ و ئاهێ بە سۆماما دەکا خۆ من وێرانەی تيلەتم حاڵ شێواوم لە پرشەی چاو ژوانی ژان، کۆڵێ خەم و ئەشک وناسۆريم بۆت ڕێژا سارا جێمە شەهلا رێمە، ئەوەيش رۆحمە پراشەی چاو شەوبينينی چاوەکانت ئەوينمی گڕ دايەوە پۆشينی روو لە رۆژگاران هەر دەخزێنێ تڵيشەی چاو حونجە دێڕی چاو و برۆت، خامە و بيرم يەخسير دەکا شەڕانگێزيم مەيلی ئيشقە، کە لا دەبا رووپۆشەی چاو لە بن ساباتی هەورێکا بارانی نيگات دەبارێ ئاقيبەت هەر نوقمم دەکەی لە ناو تەليسمی شووشەی چاو ديققە: لێرە بە مانای ئيشق دێت ئاستۆن: بەردەرگا هەودا: تاڵ، داو، چەند وشەيەک بە يەک هەناسە دەگوترێ هەوتاش: سەرۆکی ئێشکگران هەدادان: داسەکنين، ئارامگرتن لوونسە: گۆمێکە لە شارۆچکەی فايخن لە نێدرلاند کافرمان: گوێزان، موس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانە ١ سەبارەت: نووسین: كؤچه ر فرمێسکەکانی ئەم ئێوارەم بە ئاوابوونی خۆر سپارد خەياڵە پەرتەوازەکانم بوون بە دەعبايەک و بە شەودا بۆ گزنگم نارد شەو لە دەست من هەڵهات، نەبا بە ئەشکم باڵا تەڕ بێت و هۆگر و دەستەوئەژنۆی خەمم بێ شەو هێندە تاريک و نووتەک بوو، نايەوێ ديقەتی دەفتەری ياداشتەکانم بدا، نەبا بێدەنگی لە خەو بکرێ و ژاوەژاوی نەرم بێ جريوەی ئەستێرەکانی دەم کزە بايەکی سەرما، بە بەردەمما حۆل و دەبەنگ دێن و دەچن شەو بە پەلە خۆی نوقمی ونبوون دەکا، نەبا چەپکێ لە پرياسەکەی ژانەکانم باوەشی پێدا بکا لە ناو گرێکوێرەی شەوەزەنگدا بێن و بچن ئەم ئێوارە بە تريفەی مانگەشەو، باوەشێنی رووخساری ئەوم دەکرد شۆڕەبييەکی سەوز سەوز لە کەبابخانەکەی عەلەتورکە، دوو نارنجی پێوە لکابوو غەرقی شەپۆلەهاروهاجەکانی دەريا ببوو، کەشتييە زەبەلاحەکەی تايتانيکی تێدا شکا بوو من هەموو رۆژێ دەمەو ئێواران ون دەبم و هيچ کەسێکيش نە سۆراخ و عەوداڵم دەبێ نە دەمدۆزنەوە هەموو رۆژێ دەمەو ئێواران بە سەر بەلەمە شکاوەکەی زرێبارا رێ دەکەم و گورج گورج لووشدراوم و دەمدزنەوە غەرقی گوناهی لێوەکانيم، مەگەر خودا بەر شەپۆلی دەريای بەزەیی خۆييم بخا تا راپێچی کن حۆريان بم ئيدی دەبمە وڕکگرتوويەکی نێومێرگوزاری خودایی و دەبێ ببمە عزرائيل و نوقمی تاوان بم ماچەکانی ئەو ديو ئاڵدی، دەستەودامێنی دوعاکانی دايکم بوون، تا ئەبەد بە حەسانەوە نەگەم قوتووبەندە کريستاڵييەکە، وێنايەکی خێوی بوو بۆ رێبواران، تا هەناسەی ئۆخەيەکانم نەدەم ئەم ژووانە …. ديداری نيازمەندانەيە سەفەرێکی پێ دەکەين بۆ بەهەشت ئەی نامان وت ماچەکانمان ئورلاوب ئاسايەکە بۆ گەشت با پێکەوە بەرەو غوربەتی ماچ تەی بکەين خۆشەويسترين کەسم هەی کەسەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانە ٢ سەبارەت: نووسین: كؤچه ر ئەم ئێوارە نمە بارانی ئيشقت تەڕی کردم بە دەم پياسەی ئێوارە پاييزێ، ورتە ورتی ميلۆدييەک مەستم دەکا بە نەشئەی نەسيمی غوربەتەوە لە شەققەی باڵی ئەوين دەدم گرێ کوێرەی تەمەنی نەهامەتی دەکەمەوە کەچی لە دوورەوە کە گومانەکانت دەبينم هێزم لێ دەبڕن شۆک و وڕ دەبم ئەو گومانانە لە هەگبەی ترسەوە هاتوون لە خەرەندی ئاڵاندووی لە گومانەکانت دەبمە کۆڤيد ١٩ دەبم بە تارماييەک برسێتی دێنم دەبم بە جەنگی سێيەمی جيهانی لە گومانەکانت خۆ بە شەپۆلە بێبەزەييەکانی دەريا سەر شێت و هاروهاجەکان دەبينم لە گومانەکانت دەبمە مۆتەکە بۆ جەستەی مرۆڤ، دەبمە خەونێ لە روئيام هەڵبێن لە گومانەکانت ئيدی لە حەرفەجوانەکانم رادەکەم و خۆ لە تونێلێکی بێدەرەتان دەبينم و ون دەبم لە گومانەکانت ئيدی قەڵەم لێم ياخی دەبێ و چيدی هاو رێی و هاوسەفەريم ناکا نا کچێ …. ژنێ تۆ دەزانی..سەفەری بێ تۆیی پوکانەوەی رۆحە، بۆ بەو گومانانەت ئەو هەستە ناسکە لە تەلبەندی زيندان دەنێی بە گومانەکانت ئيدی پێکەنينەکان بە مڕومۆچی لە دايک دەبن و نەشونما دەکەن، ئەو دەمە منيش دەبم بە پارچەيەک لە گومانەکانت لە گومانەکانت خۆم لا قێزەون دەبێ و دەخليسکێم بە سەر يانەو باڕی شەوانەدا، هەر جارەی دەست لەملی سۆزانييەک دەکەم لە گومانەکانت لە بەر تيشکەڵانی خۆرا تاريکستان دەبينم و لە شەوەزەنگيش دێوەزمە ئەنجن ئانجنم دەکا و هەر پەلێکم بە دەم نەهەنگێکەوەيە دەبمە هەناسە و هەنسکی رەوينەوەی گومانەکانت دواجار دەفڕم دەبمە کەنارييەک بۆ بەردەم پەنجەرەکەت و ئاوازی خۆشترين گۆرانێت بۆ دەچڕم دەبمە شيعرێ کە دڵت پێی خۆشە، دەبمە شنەيەک و بە شێنەیی باوەشێنت دەکەم دەبمە ئۆخەيەک بۆ هەتاهەتايە بە سەر باڵی ئارامييەوە پشووی تەمەن بدەی پێکەوە ژيان بکەين ژيان، خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانه ٦ سەبارەت: نووسین: گۆچه ر ئێوارەيە و تەی دەکەم بە نێو يادگارييە جوانەکانت کە نازانن بڕانەوە چ مانايەکی هەيە ئێوارەيە و شەپۆلە گەرمەکانی ناخت ئاوێزان بوونی باڵای بۆ نييە دەرکەوتنت لە سەمای ئەو گەڵا زەردە وەريوە و پڕ سەما و لەنجانە دەچن کە رۆحم جوان دەکا رەنگاڵەیی دەخزێنێتە نێو ناخە مەستبووەکەما کە رێی قورتار بوون دەرنەبا نازانم لە کام رچەوە خزايتە نێو نيگاکانم و لە ميحرابی عيبادەتدا کڕنووشم بۆ بردی نازانم لە کام بنەوانی ويستەوە تێم ئاڵايت و تيلەی چاوەکانم لە حەژمەتتدا وەک دۆڵ و سارا و قيبلەيەک رووی تێکردی نازانم لە کام چەپەرەوە سێباز و رمبازێنت دابەست و ئيدی مەستبوونمت پەی پێبرد و نوقمی داگيرکاريت کردم نازانم لە سەر کام چەپەچاغ گەردنی حەزەکانمت لەت لەت کرد و بۆ هەوار و يادەوەری خۆتت بردم نازانم لە کام تراويلکەييەوە ئاشنای کۆچەربوونت بووم و لە مێرگی کام بەهاردا بۆ لەوەڕگای تەڕتەڕی مەستيت بردم نازانم لە کام بەهارەوە بۆ بوێری شەهلاییت ئاوازەکانی ديتەوە و لە دامێنەوە چەپاوکردنی حەرفەکانت تەڕوەک زرێبار لێم ئاڵاو سورێن ئاسا جوان و مەريوان مينا رەنگين بوو نازانم لە سەر کام ريتم تۆ فێری ئەم تاڵانکارييە بوويت و لە تەنهاييدا خۆم و دڵم ترۆپکنشين چوو نازانم لە سەر کام جووڵەی برۆ و لاچاوەوە غەمزەدەی هەوارێکی تەليسماوين دەکەی و نايەيتەوە نازانم بۆ من لە سەر قافڵەی رێبوارانا سەرێکم بێ دار و رێ دەبڕم و ناگەڕێمەوە نازانم لە سەر چ هارمۆنييەتێ ميلۆدييەک وڕێنەمە و هەوەسە دەسبازييەکانم رێم پێ نادەن بيلێمەوە نازانم لە سەر کام ميتۆدی شەڕگەوە شاڵاو و پەلاماری چەپخونيت دەست پێکرد و نابڕێنەوە نازانم لە سەر کام رێبازی ئيشقا چەپک چەپک گوڵەکانت نە سيس دەبن و نە دەڕوێنەوە نازانم تۆ لە سەر کام هەوارا دەست لەملانێم دەبی و ئاگرێ دەکەيت و ناکوژێمەوە چەپۆڵەشێرەت خەراباتێکە و لێم نابێتەوە هێندە دەستەمۆتم …. وەک مۆمێ هەر کات بتەوێ بە فوويەکت کوێر دەبمەوە بە چەرخدانێ گڕم دەدەی و هەڵدەبمەوە لە بەلەمێکی چارۆکەدار دەچم …. لە ناوەندی دەريا جێتهێشت بم نە خۆ دەدۆزم نە قورتار دەبمەوە ئاخر بۆ وام لێ دەکەی تۆ نازانی خۆشەويسترين کەسمی کەسەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانه ٧ سەبارەت: نووسین: گۆچه ر عەيامێکە ئێوارانە بەر بۆتە وێزەم و دەمخوا دەستی پێکەنينەکانت دەگرم و پياسەيەک بە نێو کاوڵاشی لەش و ناخما دەکەين بە نێو گوژمی تاريکی شەوا گەڕانێکی سەرەتاتکێیانە ديوەخانە ساراييەکەمان دەکەين تۆ بە خۆت سيخناخم دەکەی قريوەکانت بەرائەتێکن تک تک سيحری چاوچاوێنی لێ دەتکێ پەنجەم ئاڵاندووە بە تاڵ تاڵی قژی سێبەرەکەتا کەمێک لەو ديو مانگەوە يەکتر دەدۆزينەوە خەون بە ماجی جريوەی چۆلەکەکانی گوێسەبانەی ماڵەکەتانەوە دەبينم شەو نييە بە پاچێکەوە بەر نەبووبيتە رۆشناييە پەروانەييە ئاوييەکانم و بە بسکی تۆوە هەڕەشە ئامێز نەبووبم دەمێک نييە لە چەوەرێ و زيخەڵانی گوێ چەمی رۆخانە لێک دابڕاوين تۆ شيرينی گريانەکانت دەبەخشييەوە منيش نانی پرسە هەردوو لە نێو شەمەندەفەرێکين تاپۆی دوا وێستگەمان لە تەنگەی باخەڵناوە ئەوانيش زۆرن و ئيرەیی دەبەن، ئاخۆ کەنگێ دووکەڵی رەش لە فارگۆنەکەمانەوە هەڵسێ کەچی ئێمە بە بەرگێکی سپييەوە غلۆر بووينەوە چاوەکانم مەلۆتکەيەکن و بە قامەتی سپی رەنگت هەڵدەزنێ بە تاڵێکی پرچتەوە دەبێتە شەونم و سينگت پڕپڕ دەکا لە دەفرە لێوم کەچی دەرياچەکەی ئەوديوی باشماغ گۆمێکی بێ مروەتی دەنوێنێ من ” ئووس ” دەکەمە ژوانێک و دەمکێڵێ و هەنسکەباوی فرمێسکيم بەرەژانێکە و هاوێربوونێکی نوێی لێ دەزێ خاوبوونەوە دەبێتە رۆحێک و ئەسپاردەی کاتژمێرەکانی دوای نيوەشەو دەبێ بە تەک نيگاکانتەوە چۆڕی خوماری ئەم دەمانە دەبنە بزەو خەندەيەک و لە خەرەندی لێوەکانمەوە دادەکەوێ بۆنی جووتبوونی لێ دێ نازانم حەرفەکانی لە ميلی کيلۆمەترەکەدا دەبينم يا لە ترپەی هەنگاوەکانما شێلانی شەبەنگی شەبەيخونی شەختەيەکی شەوارەييە و شەويقمە کە شەهلەوەنديم بۆ دێنێتەوە بيرت نەچی تۆ هەر خۆشەويسترين کەسمی کەسەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانه سەبارەت: نووسین: کۆچه ر ئێوارانە لاسارێ دەبێتە گێژەڵوک بە حەوشەی هەستەکانما ئۆغر دەکا و لە گويسەبانەی خانووە قوڕەکەی شيعرەکانما وەک چلوورە شۆڕ بۆتەوە و نازانێ کەنگێ دەسکنێ نە بە شنە و نە بە غوباری گەردەلوول ون نابێ تەلار و ئەپارتمانی دوو ديوی ژينم نوقمی تۆفانی خۆی دەکا بە تەوژمی شەپۆلەوە کپ نابێت و لە ساباتی گڕکان دەکنێ ئەو لە نيشتيمانی ئەوبەرەوە سنوورە ياساغەکانی ترپەی دڵم دەبڕێ لە سەيوانی ئاراميم دەبێتە شۆڕەبييەکی ئۆقرە گرتوو کەچی هەر ملی رێی لێم ناوە قووڕە ليتەکانی نێوان دەشێلێ نازانم..نا ئەمە ژيانە ژياوە يان دەيەوێ کەمێ سۆراغی سەمای ماسييەکان بکا بە نێو تەمتومانێ رێی کردووە وەک چاو و قژ دێتە رۆحمەوە و لێم نابێتەوە شەقاوە گەرمەکانی ئێوارانەی شەهلا بۆنی دارستان بۆ نيشتيمانی ئەمبەر دێنێ ئەو لە کۆت و بەندی ئازادی هەڵدێ، خۆ رادەپسکێنێ ژانی دوێنێ دەخواتەوە لە سەر مێزی قوماری ژيان گەمە دەکا دۆراندۆری شيرە بەفرينەن و دێن و دەپوکێنەوە لە سۆراغمن و هەر ونم دەتوێمەوە و سەرلە نوێ دەبارێمەوە بە دەنکە تەسبيحی هێنيي هەڵواسراوم کافرۆشێ کوليتەی حەشاردانمە خۆ لە منا دەچنمەوە دەبمە سەبەتەيەک سێو و لە باغی ئيرەم دەردەکرێم شەهلا دەنکە تەسبيحەکان دەژمێرێت و بە نێو خۆيا لوولم دەکا ئيدی ئەوێ بانێژەیەکە بۆ ئەبەد نايەمەوە هێدی هێدی بە نێو بەهرەیی خۆمادێم، دەخولێمەوە نازانم کێم و چيم و لە کوێم هێنی دوور ڕێ يان بەهرەمە م ووا کوليتەی يەخسيربوون بە سەرئەودا دەڕووخێ لەم کونجەوە ئيشق دەبێتە زنەيەک دەبمە کارێز، رۆدەچمە ناو رۆح و هەستی وا لە زيندانا بێکەسم خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێواران ٩ سەبارەت: نووسین: کۆچه ر فرمێسکەکانی ئەم ئێوارەم بە ئاوابوونی خۆر سپارد خەياڵە پەرتەوازەکانم بوون بە دەعبايەک و بە شەودا بۆ گزنگم نارد شەو لە دەست من هەڵهات، نەبا بە ئەشکم باڵا تەڕ بێت و هۆگر و دەستەوئەژنۆی خەمم بێ شەو هێندە تاريک و نووتەک بوو، نايەوێ ديقەتی دەفتەری ياداشتەکانم بدا، نەبا بێدەنگی لە خەو بکرێ و ژاوەژاوی نەرم بێ جريوەی ئەستێرەکانی دەم کزە بايەکی سەرما، بە بەردەمما حۆل و دەبەنگ دێن و دەچن شەو بە پەلە خۆی نوقمی ونبوون دەکا، نەبا چەپکێ لە پرياسەکەی ژانەکانم باوەشی پێدا بکا لە ناو گرێکوێرەی شەوەزەنگدا بێن و بچن ئەم ئێوارە بە تريفەی مانگەشەو، باوەشێنی رووخساری ئەوم دەکرد شۆڕەبييەکی سەوز سەوز لە کەبابخانەکەی عەلەتورکە، دوو نارنجی پێوە لکابوو غەرقی شەپۆلەهاروهاجەکانی دەريا ببوو، کەشتييە زەبەلاحەکەی تايتانيکی تێدا شکا بوو من هەموو رۆژێ دەمەو ئێواران ون دەبم و هيچ کەسێکيش نە سۆراخ و عەوداڵم دەبێ نە دەمدۆزنەوە هەموو رۆژێ دەمەو ئێواران بە سەر بەلەمە شکاوەکەی زرێبارا رێ دەکەم و گورج گورج لووشدراوم و دەمدزنەوە غەرقی گوناهی لێوەکانيم، مەگەر خودا بەر شەپۆلی دەريای بەزەیی خۆييم بخا تا راپێچی کن حۆريان بم ئيدی دەبمە وڕکگرتوويەکی نێومێرگوزاری خودایی و دەبێ ببمە عزرائيل و نوقمی تاوان بم ماچەکانی ئەو ديو ئاڵدی، دەستەودامێنی دوعاکانی دايکم بوون، تا ئەبەد بە حەسانەوە نەگەم قوتووبەندە کريستاڵييەکە، وێنايەکی خێوی بوو بۆ رێبواران، تا هەناسەی ئۆخەيەکانم نەدەم ئەم ژووانە …. ديداری نيازمەندانەيە سەفەرێکی پێ دەکەين بۆ بەهەشت ئەی نامان وت ماچەکانمان ئورلاوب ئاسايەکە بۆ گەشت با پێکەوە بەرەو غوربەتی ماچ تەی بکەين خۆشەويسترين کەسم هەی کەسەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانه ١١ سەبارەت: نووسین: کۆچه ر ئەم ئێوارە خەم دەبێتە ژنێکی جوان و لە گەردنم دەئاڵێ مەراقەکانم دەبنە بەژن زرافێکی ژان و دەبنە کل و ماسکەرا بە سەر چاو کاڵێ ژن حەرفەکانی شيعرە و لە بنميچی کتێبێکدا دەخولێتەوە لە باوەشی شەوبا خەون بە پەڕەسێلکە دەبينێ و لە بەرائەت دەگەڕێتەوە ژنێ هاودەمی دێڕە شلوێکانی شيعرمە و پێکەنينەکانی بە فرمێسکە ئاوييەکانم سپارد دەفڕێ و باڵەکانی دەبنە پەلکەزێڕينەو ئێدی عەوداڵی رەنگاڵەیی دەبێ و رۆژەکانی ئاوابوونی دەژمارد چاوەکان بوونە ميلی کاتژمێرە تێژڕەوەکە بۆ گەردنم دەناڵێ نەچاو تێر دەبن نە رۆح لە حزووری ئاوێتەبوونا شەو دەبێتە پەڕۆ و پاتاڵێ لە گێژاوی کۆڕەوێکا لێ تەريک و دوور مەودا و دابڕاو تينوێتيش حەوسەڵەيەکی کەڵەکەبووی خەم لە سارايەکا شەيدای ئاو ساوايەکی مەلۆتکەیی جاويدانی، نيگاکانم لە گومەزی خێوێکا دەپوکێتەوە ئەمە شەرابێکی هەنگوينييە و لە مەرقەدی ئەبەدييەتی بێدابڕان هەروا زوو ناگەڕێتەوە دڵ لە نێو جامی شەرابی رۆحی ئەو چاوەکانم دەنەخشێنێ سێبەری پێکی مەی منە ئەو شەهلاي رازم دەکێشێ با ئۆغر نەکا ئەو دڵەی، لە جۆلانەی ئومێد دەنوێ دڵ نەبووی دڵ لە دڵما، مەحاڵە دابێ رۆژێ نوێ ئێوارە روو زەرد و خەجاڵەت کاتێ يارم دەرکەوێ شەو لە حەژمەت ئەم ژووانە لە تاريکی خۆی ناکەوێ خەسڵەت و فۆرم و هەناسە وان لە ريزی يەکتری ئەو دڵە چۆن غيلمان نابێ کە تۆ لە خۆما زەقتری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانه ١٠ سەبارەت: نووسین: کۆچه ر دەرگيلی رووت کڵۆمدراو، لە خەياڵما زۆرە نيگا ساتێ چارشێوت هەڵماڵە، ئەشکبارم شۆڕە نيگا پەڕەی گوڵی کوڵمەکانت، ئاونگبارانە زنەيە هەنار لە دامەنی شەرمن، خەڵکيش هەمەجۆرە نيگا نوێژی ئيشقم دابەستووە، سەرگۆنەتە قيبلە و رووگەم ياساغە کڕنوشی نمام، نەبا لێڵ بێ خۆرە نيگا لەرەی کوڵمت مينا دەفی دەروێشييە و فەنابوونمە بە شەونمی گومڕا رێ بم، ژوانم نەگۆڕە نيگا پەرێشان و خەرباتە رۆح و هەستی هەتيوو کەوتووم زەمەنێ بێ تۆ بخوڵقێ، ژێوانم لە گۆڕە نيگا باسەرفترەی رۆژووگرتووی چاوەکانم ماچی لێو بێ کە من دووری باڵای تۆ بم ئەوکات گڕی زۆرە نيگا بارانم وێڵی خەڵوەتی کێڵگەی گێلاسی زنناريت خەراباتە فەنابوونم ساتێ لێم بنۆرە نيگا سۆفييەکم بە قامەتتا زيکر و تەهليلەی ئيشقمە شەوارەم لەم بێشەيەدا، ئەندێشەی بير، پۆڕە نيگا بە سەر بەرماڵی سيحردا، زەردەی خۆرەتاوان دەفڕم خوايە بۆم بکە بە نوێژێ، دەيپەرستم تۆڕە نيگا دييەم کوێر و نابينا بێ، لە ڕێی ديقەت قەت لانادەم دوا نوزەی چاو گەر بمێنێ، بۆ شەهلايە چۆڕە نيگا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانە ١١ سەبارەت: نووسین: کۆچه ر ئەم ئێوارە دەمودووی سەفەرێکە، ترپەی گەڕانەوەی دێ و کاروانە رێيەکە، خۆشخوانی بولبولی دەم سپێدەی گرتووە چەرخەی قوتوبوندی کريستاڵی چاوانی ئێشکگر و خەواڵووی شەوی هەژاندووە ئەم ئێوارە لەپەکان بۆ دەخسکێ و لە بری ئاو، ئەشکی بە دووی رشت بە تامەزرۆی قامەتێ هەناسەوە بووە پەڵە هەور و بە حەسرەتەوە هەڵیرشت خودا تەزين و چلورەی رەوانەوە و خووڕەی بارانی خۆی راگرت خودا بەزەیی باران و هەناوەکانی تاو داوە هێوری بووە سێبەر و کەفوکوڵی جارانیشی راگرت بان کارێز ژوانێکی برسی و ئۆس کولەيەکی بانخانی و کراوە قاوە تاڵەکە بە قامکە سارد و سڕەکانييەوە سەمبايەکە و لە کافييەکا بە بەر ديدی رێبوارانا وا خوڵقاوە سۆراغ و کنە و گەڕانێ لە حەژمەت جانتا رەشی رەشەکە بە زەییەکە و دەيڕێژێ پارکە بەستەڵەکی ئاوتۆ، بووە ڤيلا و ئەسرینی دابرانی کۆن دەنێژێ مناڵەکان لە تەک بزەی لێوا پێکڕا لە قريوەن چۆلەکەکان لە تەک ئاوێزان تەماسن وەلێ پڕ لە جريوەن مناڵەکان لە قاوەقاو ناکەون ژاوەژاوێکی بێوێنە مناڵەکان تەقەی خۆشیان دێ بۆ دوو تەليسمی ئاوێنە چاوێ پەيگيری سەر رێگاو ئەوی دی لە سەر پشتەوە نوقم بوون لە نێو هەور و قوتووبەندی کريستاڵی تەڵختەڵخ دەنيشتەوە لە بەر چاوی رێبوارانا دوو خەسڵەت رووت رووتبوونەوە وشترمل رۆحێ ئەبەدی بە جانتايەکی شەرمەوە ميوانێکی ئێسک سووک و خەج و سيامەندێ دێنێ بە ئامێزێکی گەرمەوە لەو ديو تەلبەند شەمەندەفەرتاوناتاوێ دەوێستێت و بە ماچەکان پێدەکەنێ جەژنی عيشقێکی نوێ بوو لە پێ دەشت و سارا و دؤڵ و لە بن کەنێ بيرت نەچێ ئەزيزەکەم تۆ هەر تۆ کەسمی گشت کەسەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانە ١٢ سەبارەت: نووسین: کۆچه ر ئەم ئێوارە چرپە چرپی دوای رێزان و لەنجە و سەما حەوشەيەک دەبێتە جێ حۆری و بە دەم بزەيەکەوە لێوەقرچەی لێدێ و لە کاروانما بە جێما ئيدی هەستەکان وەک دەمە و ئێوارە زەردزەرد دەچنەوە لەوديويشەوە قريوەکان هەڵپەڕکێ دادەبەستن بۆ کەناری ئارامی ورد ورد دەبنەوە ئێوارەيە و شەوبا لە سۆراغی نيوەڕوانێکی تەمتومانە عەوداڵ و خەراباتی رۆحێکی سەر ليشێوانە ئێوارەيە و کنە و منەی بۆنی دەفتەرەکانی نێو پەڕەی گوڵ دەکا پەرژينە شۆڕەبييەکانی دارستانيش مەيلی ديدار و کردنەوەی پەڕەی دڵ دەکا هەر دوێنێ دەمەدەمی ئێوارانە چايەکی ليبتۆن، دوو رۆحيانەتی بە دەم نۆشی قاوە تاڵەکانەوە دزی پەشمەکانە لە ناو زەدرباوی ئێوارانا تووانەوە خولياکانيش لێوڕێژی عاجزی کەچی نها لێوی لێوانەکە لێوڕێژە لە لێوڕەنگیی و سووراوی لێوی گرتووە شەرابێکی سپی سپی وەک رۆحی خۆی، مەستبوونی بۆ شەوارەی جواناوی لێوی بردووە ئەمە چ ئاتەشگايەکی پڕ گوناهە، کە خوا بۆ خۆی فەرشی پەرژينی بۆ رادەخا لە سەربانی ماڵی باجی گولچينەوە چاوەکان هەر کزۆڵەن و مەرگ دەچێژن پێ دەشتێ بۆ خۆی بەهەشتە و وا مەملەکەتی ئەو گوڵە بە دووی شنەيەکدا رادەکا ئێوارەيە و تۆفان رێگر و قاچاخە، يانيش کەنار بۆ قووڵایی قووتيان دەدا ئەم پەژمودە نايەتەگۆ هەستەکان تەواو دەبنە ئاو نغرۆ دەبن بۆ مەستبوونی ديدارێ دەريا لووش و بەرەو شێتييەکيان دەبا بونە تابلۆی بريقەدار و رەنگاو رەنگ رێ دەبڕن دەڕۆ دەرۆن بەرەو ئافات ئەمجارەيان قريوەکان لە ڤۆڵتێرس مەحاڵە زنەی ئاوێ نەتەقێنێ و بۆ قينی ژن و پياوێکی شەڕانگيز نەيان بات ديسانەوە بيرت نەچێ خۆشمدەوێی خۆشەويسترين کەسم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانە ١٣ سەبارەت: نووسین: کۆچه ر ئێوارانێ بۆنی بەخوردەکەی بەر ماڵان دێ شەو دەنگی چرکەی کاتژمێری تاريکی و قرچە قرچی خەياڵەکان دێ ئێوارانێ دەبنە بۆن و خۆ لە نێو شين باوەکەدا نغرۆن سەمفۆنيای بسکی لە تامە ژەهرە مارەکەی ” نالی ” دەچی ئەمە کەی چەکەرەی گوڵ و خونچە و چرۆن ئافاتێکن وڵاتێکيان کردۆتە گوڵ قريوەکان دەڵێی لەنجەی شەنگەبێرييە تێکەڵ بە دەنگی بەرخەلن و لەولايشەوە زايەڵەی رانە مەڕی دێنە خوار زەنگوڵ زەنگوڵ زۆر دەمێکە شەکەت و ماندووی ئێوارانێکم دەستم بگرێ و لە سۆراغم بخا نوقمی زەردەی خۆرەتاو بم، تا لە دامێنی خەرەندێکەوە قورتارم بکا نازانێ ئەو خۆيەتی يا بووە بە من دەڵێي دۆلفينن لە يەک بەستە ئاڵاون ئەو سۆراخ و کنەی هزر دەکا لێچوونێکە لە مينا رستەيە خنکاون ئەشکەکانی دەمەو ئێواران لە شەوە ئەنگوستەيەکدا دەبنە ئازار هەست و هەناسەيەکن گريانی دەم رووناهی خونچەن و کەچی نێرگزەجاڕێکە لە گوڵعوزار خەونەکان دەچنە خەياڵدانی يەکەوە و شکۆفەکان دەبنە دڕک و داڵەکەی جەوەڵبۆر و رێگر ئەم شەوە بۆ دانايەت تاريکی لوولمان دەکا و خۆر لە زەردبوونی ژێوانە ئيدی رۆژە و بۆ شەو دەبێتە جێگر هەموو جارێ لە سەفەرەکانی ئەو رێيە بۆن و بوخورد و گوڵ دەبەخشمەوە کە ديققەيەکی ئەو عيشقە دەدەم لەو بەريشەوە دڕک و داڵ و تەلە دڕکاوييەکان هەڵدەوەرن و لێدەبنەوە ئەو بووە تەليسمێکی سيحراوی و پەشمەک ئاسا دەتوێتەوە غوباری ئەم ئێوارە بووە تەمتومانێک و لە ئاونگی سپێدان دەچێ چراتۆڕمان هەر پێکەوە خەفە دەبێ و دەسڕێتەوە داڵانێکی تاريکتر لە تاريکی هەموو دەمێ لە ئاوێنە بوونی يەکداين من هەر شين و تۆ شينتری لە بيرت بێ خۆشمدەوێی تۆ کەسم و شيرينتری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانە ١٤ سەبارەت: نووسین: کۆچه ر ئەم ئێوارە سمۆرەيەک بە جوڵە لاسارەکانی زەردەی خۆرەتاوی دەشاردەوە شەرمی لە گەڵا دەکرد و دەخزايە کونە دارێکی کۆن و هەر وەک جاران گوێزی دەبردەوە لە پێپليکانەکانی واتسابەوە لەنجە نهێنييەکانی جاڕدەدا و کلکی تەپوتۆزێکی غوباری و تەمتوومانی بە ژوورە کريستاڵييەکە تەخشاند بوو پەنجە لەنجە و سەماکەرەی دوێنێ تابلۆيەکی لە رەنگی خۆی و ناوی من نەخشاندبوو کەچی سمۆرە تابلۆيەکی دی کێشا من و ئەو و مەلەکشا وەک ئەوەی تخوبەکان بسڕينەوە جوانتر لە خەياڵەکانی نيشتيمان و مەستتر لە پێکێکی مەی و هێمنتر لە ژاوەژاوە ساقی و ناسکتر لە پياڵەيک شەرابی ئيشق ئەو تخوبە دەڕزێنين بە مەيلی رەقيب بێ هەر دێينەوە بۆ نيشتيمان و لە سابڵاغەوە سەدای هەولێر هەولێر لە دەڵالەکانی تەرميناڵەوە دەبيسين دێينەوە و سمۆرەکەيش دێنينەوە با وەرينی گەڵا رۆمانسييەکان بژمێرێ چۆن گيڵ بووين و لە مانای ئيشق غافڵ بووين نەمانزانی چەمەکان بە ئاوێتەبوونەوە جوانتر دەبن سمۆرە کلکە لەقێييەکی زەردباويمان نيشان دەدا بەدەم هەڵبەز و دابەز و چەتوونييەوە تابلۆ مەحفوزەکە وێنا دەکا وێنايەک تۆفان و کڕێوە و زريانەکان توانای مەحوو کردنيان نييە بە بارتەقای لەقينێ هێزيان نابێ و ناگەنە دامەنی دوعايەکی خۆرئاوابوونی من و دايکم نوێژەکانی ئەو دەبنە کێوێک و تابلۆکە لە زێر دەکێشێ دەبێتە کتێبێکی پيرۆز و بۆ هەتاهەتاييە دەمێنێ هێز لە چاوی رێبوارانە هەموو ئێوارەيەک ئەم تابلۆ بۆ مناڵەکانی گەڕەک دەگێڕنەوە و رۆحی ئێمە دەنوێنێ دەزانی خۆشم دەوێی خۆشەويسترين کەسم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارانە ١٥ سەبارەت: نووسین: کۆچه ر ئەم ئێوارە گێژەڵوکەی بەر دەربەندی ياخی بوونی لوولم دەدا چين چين تونێلی تاريکی قوتم دەدا رێ دەرنابەم نازانم لەو ديوی تونێل رێ دەدۆزم قورتار دەبم يا هەر لە هەناوی نەبوون دەخولێمەوە جێ ژوانی ئێوارانم سەرەولێژە مەگەر خودا فريادڕەس بێ دەنا لە نێو پەتووی مەرگ ئاوازی خاڵخاڵۆکەی شين دەڵێمەوە باڵقرتاوی فەنابوونم بە هەشت سەکۆی شەهلايەکە بێگەردی مەی، ئيشقم نۆشی خەڵوەت دوا مەنزڵێ سڕە سەردەستەی شاژن و حۆری مەی و نيگا چاوانم کوليتە و کونجی ئەو ژنە ميهرەبانەيە لە ناو هەر دەقە شيعرێکا بۆ خۆی گڕە کە ياخی دەبێ و لێم دەڕوا بۆم دەنووسێ ئيرەييم دێ» بە کزە بای سارد و ڕچيوی ئێواران کە بە چوار دەورت دەسووڕێ بەو شەقام و توولە ڕێيەی دەمتاسێنێ ئيرەييم دێ بە شاڵەکەی دەوری ملت لە ئامێزی خۆيت دەنێ بەو هەموو گوڵ و گەڵايە لە سەر ڕێگات کڕنوش بردوون بۆنی گوڵاوی تۆ دەمژن بەهار هات و ئاسمان ساماڵ شکۆفەی سەردارێ کە هات چەم فێنک و سەوز سەوزە زێباترين نامەی ئيشق ئەوينێ سوور «هەروەک پاکیی ئاوی حەوزە کوا ئيتر دەڵێم بێکەسم ئەوە نييە هەر تۆی ئەوينترين کەسم ++++++++++++++++++++++