شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بتی شکاو سەرناو: ڕێڕەوم سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (سروودی منداڵە شەهیدێکە) لە بەندیخانەی تاریک و نووتەک، گوێ پڕ لە دەنگی کەلەپچەی مەچەک، پڕ بە ناخی دڵ، زۆر گەرم و بەکوڵ، گەر بتڵێمەوەش بەستەی ڕزگاری هەر دەڵێمەوە دژی زۆرداری * * * هەروا لە بیرمە، دایکی نیشتمان کاتێ نایە دەم گۆپگەی مەمکی ژیان، چرپاندییە گوێم، بە سۆز، بە گریان: 'چەند ساڵە، ڕۆڵە، لەم خاک و خۆڵە دێ دەنگی زیلی پڕ ترسی دیلی بۆ تۆڵە گۆش بە، نەک بۆ زەلیلی' * * * ناچێ لە بیرم، کە باوکی ژیرم چەکی مەردانەی خستە سەر شانی ئێمەی بەجێهێشت بۆ تێکۆشانی، نەیگێڕایەوە ئەشکەنجە و سزا، تا ڕۆژێک ئاگر بە دڵیا چزا بەڵام هەمیشە دوا قسەی پەندە، ساتێ پێی گوتم دەم پڕ لە خەندە: 'ڕۆڵە! مەرد بژی، نەک وەکوو بەندە' ++++++++++++++++++++++