شاعیر: سەردار جاف کتێب: ئێوارانە سەرناو: ئێوارانه ٦ سەبارەت: نووسین: گۆچه ر ئێوارەيە و تەی دەکەم بە نێو يادگارييە جوانەکانت کە نازانن بڕانەوە چ مانايەکی هەيە ئێوارەيە و شەپۆلە گەرمەکانی ناخت ئاوێزان بوونی باڵای بۆ نييە دەرکەوتنت لە سەمای ئەو گەڵا زەردە وەريوە و پڕ سەما و لەنجانە دەچن کە رۆحم جوان دەکا رەنگاڵەیی دەخزێنێتە نێو ناخە مەستبووەکەما کە رێی قورتار بوون دەرنەبا نازانم لە کام رچەوە خزايتە نێو نيگاکانم و لە ميحرابی عيبادەتدا کڕنووشم بۆ بردی نازانم لە کام بنەوانی ويستەوە تێم ئاڵايت و تيلەی چاوەکانم لە حەژمەتتدا وەک دۆڵ و سارا و قيبلەيەک رووی تێکردی نازانم لە کام چەپەرەوە سێباز و رمبازێنت دابەست و ئيدی مەستبوونمت پەی پێبرد و نوقمی داگيرکاريت کردم نازانم لە سەر کام چەپەچاغ گەردنی حەزەکانمت لەت لەت کرد و بۆ هەوار و يادەوەری خۆتت بردم نازانم لە کام تراويلکەييەوە ئاشنای کۆچەربوونت بووم و لە مێرگی کام بەهاردا بۆ لەوەڕگای تەڕتەڕی مەستيت بردم نازانم لە کام بەهارەوە بۆ بوێری شەهلاییت ئاوازەکانی ديتەوە و لە دامێنەوە چەپاوکردنی حەرفەکانت تەڕوەک زرێبار لێم ئاڵاو سورێن ئاسا جوان و مەريوان مينا رەنگين بوو نازانم لە سەر کام ريتم تۆ فێری ئەم تاڵانکارييە بوويت و لە تەنهاييدا خۆم و دڵم ترۆپکنشين چوو نازانم لە سەر کام جووڵەی برۆ و لاچاوەوە غەمزەدەی هەوارێکی تەليسماوين دەکەی و نايەيتەوە نازانم بۆ من لە سەر قافڵەی رێبوارانا سەرێکم بێ دار و رێ دەبڕم و ناگەڕێمەوە نازانم لە سەر چ هارمۆنييەتێ ميلۆدييەک وڕێنەمە و هەوەسە دەسبازييەکانم رێم پێ نادەن بيلێمەوە نازانم لە سەر کام ميتۆدی شەڕگەوە شاڵاو و پەلاماری چەپخونيت دەست پێکرد و نابڕێنەوە نازانم لە سەر کام رێبازی ئيشقا چەپک چەپک گوڵەکانت نە سيس دەبن و نە دەڕوێنەوە نازانم تۆ لە سەر کام هەوارا دەست لەملانێم دەبی و ئاگرێ دەکەيت و ناکوژێمەوە چەپۆڵەشێرەت خەراباتێکە و لێم نابێتەوە هێندە دەستەمۆتم …. وەک مۆمێ هەر کات بتەوێ بە فوويەکت کوێر دەبمەوە بە چەرخدانێ گڕم دەدەی و هەڵدەبمەوە لە بەلەمێکی چارۆکەدار دەچم …. لە ناوەندی دەريا جێتهێشت بم نە خۆ دەدۆزم نە قورتار دەبمەوە ئاخر بۆ وام لێ دەکەی تۆ نازانی خۆشەويسترين کەسمی کەسەکەم ++++++++++++++++++++++