شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بتی شکاو سەرناو: نامەی ژاکاو سەبارەت: (١٩٦٧ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی ئاوازی ساتی هۆنینەوەی هەڵبەست، بەستە و سازی ئەو شەوانەی دەژیم سەرمەست: چیت زانیوە، وا بە جارێ لەخۆباییت؟ بۆ، وەک جاران، خەمڵیو نەبوو نامەی دواییت؟ تێیدا نەبوو ئەندێشەیەک، بیرێکی ورد، بۆنێکی خۆش، یا نەخشێکی جوانی دەستکرد؟ وشەکانت گشت سارد و سڕ، ڕستەکانت پچڕپچڕ، چەند بۆ ناخیان، ئەوپەڕی ئاخ، قووڵ چووم، خشیم، هیچ مووچڕک و هیچ هەستێکیان پێ نەبەخشیم. خۆشەویستم! من دەمەوێ وشەکانت بکەنەوە شانۆی هەستم، ببزوێنن دڵی مەستم، بتکێن وەکو دڵۆپەشیر بۆ لێوی کۆرپەی هەڵبەستم... من دەمەوێ وشەکانت تەڕوبڕ بن وەک دڵی من، پڕ تەوژمی ژین بن وەک خۆت، گەرم بن وەک لێوی گۆشتن تەزوودەر بن وەک گفتوگۆت. ++++++++++++++++++++++