شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: بتی شکاو سەرناو: بۆ مارتنی مرۆڤ سەبارەت: (١٩٦٨ - هەولێر) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (مارتین لوتەر کینگ (١٩٢٩-١٩٦٨) مافپارێزی قولەڕەشەکانی ئامریکا لە ناوەڕاستی پەنجاکانەوە لە ١٩٤٦دا خەڵاتی نۆبلی بۆ ئاشتی وەرگرت و لە ١٩٦٨دا کوژرا! ) ئەی لوتەر کینگ، ڕەشی گزنگ، شوورەی ئاشتی و برایەتی، دەروون کانگای ئازایەتی، پەیامبەری پێستڕەشەکان، پارێزەری بێبەشەکان تۆ کوژرای زوو تاوانیشت هەر ئەوە بوو، گوتت: دەبێ... دەبێ لە ژین بە یەکسانی هەموو بژین. *** ئەی لوتەر کینگ، بۆ سەربەستی ژینت دەویست بۆ ئادەمزاد، نەک هەر تەنیا بۆ ڕەنگی پێست! چەکی شەڕت هەر بزە بوو، بزەی نەمر، نەک هەر بارووت، ئاسن، ئاگر! *** ئەی لوتەر کینگ ڕەشی گزنگ، وا تێ مەگە، بۆیە لە ژین وا بێبەش بووی چونکە ڕەش بووی! پێڵووی داخراو ببزوێنە، سەرەنجم دە، لەگەڵ ئەوەی پێستەکەشم بەفر و خوێنە، هەر لەتێکم ئاوارەی ژێر ئاسمانێکە گەنجینەی بێ سەروشوێنە سەرەنجم دە، منیش وەک تۆ، خۆری شادی، هی ئازادی وڵاتەکەم پێ نازانێ دەچمە دەریای ئارەقە و خوێن، دەست ناکەوێ پارچە نانێ. *** ئەی لوتەر کینگ، ئەی سروودی ئاشتی و برایی. ئەم زەمینەی جێی تاوانە ئێوەی ناوێ تا کۆتایی ئەم زەمینەی بە خوێن تژی هاوار دەکا: نابێ دڵی گاندی و مەسیح لێرە بژی! ئەم زەمینەی جێی ئاواتە، هاوار دەکا: دەبێ گریان، ئەسرینی چاو، دووکەڵ، گرمە، دیمەنی شەڕ، بۆنی بارووت، قرچەی هەناو، نووزەی مناڵ، دیلی و لاتی باو بن وەکوو تیشکی هەتاو! ئەم زەمینە هاوار دەکا، هاوار دەکا ئەم زەمینە ژیان لای من هەر زۆرانە و هەر جەنگینە. هاوار دەکات دەبێ بسرەوێ لە لێدان دڵی ئاشتی و خۆشەویستی، دڵی یەزدان! ++++++++++++++++++++++