شاعیر: کامەران موکری کتێب: ئاوات و ڕەنج سەرناو: باخەکەم شیعرەکانم چەپکێ وشەن تیا نییە سەیر یا دەگمەن بەڵام دڵی پەرۆشی من بۆ دێڕێ شیعر داڕشتن ئەگەڕێ نزارە و نزار دەشت و چەم و باخ و گوڵزار تا لە نزیک تاڤگە ئاوا لە شەپۆلی خۆرەتاوا ئەبێ بە دڵۆپێک ئاورنگ ئەچێتە ناو دەریای گزنگ لە سەر کەناری کەلی شین ئەنۆشێ هۆنراوەی شیرین یا ئەبێ بە شەوبۆ بە گوڵ ئەچێتە ناو کۆشکی چقڵ تا سروەی شەماڵی نیان بۆی بڵێ نەغمەی شیعری جوان لە قەترەی فرمێسکی چاوا لە ناو جۆگەلەی خوێناوا لەم شوێنانەدا دڵەکەم دێنێت شیرە بە کوڵەکەم باخی ئاوا ئەدەم بە خوێناو کەچی خۆم نابینم بە چاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەلار من ئاواتێکم هەبوو زوو وەک خەوی خۆش لە دەستم چوو یارێکم هەبوو، وەک باڵدار فڕی بۆ ناو کۆشک و تەلار مەل بۆم گریا نەگریام خۆم سەرم نەنایە سەر ئەژنۆم ئەی گوڵی گەشاوەی بەهار با تۆ ماچ کەم لەجیاتی یار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆرەتاو ئەڵێ شیعرەکانی خۆشن ئێجگار شیرین و بەجۆشن وەکوو پرشنگی خۆرەتاو کە ئەدا لە شەپۆلی ئاو ئاوا شیعری وەکوو ئاڵتوون لە ناو دڵما ناخی دەروون ئەبن بریسکەی خۆشیم لەگەڵ شیعری ئەوا ئەژیم شیعرەکانی پڕ ئاوازن کڵپەی دەروونی دڵخوازن ئاهی گەرمی کچی شەنگن وشەی خۆش و ڕەنگاوڕەنگن بەڵام ئاخۆ خۆشی وا بێ تۆ بڵێی ڕووخۆشیی تیا بێ؟ *** -: گیانە هەڵبەستەکانی من ڕازن بۆ جوانی پەرستن بەڵام نازانم... بەتامن ڕازاوەن شیرین و جوانن هەر ئەوەندە هەیە شیرین هەستێکی پاکی ئاگرین پێم ئەڵێ وشەم لێ بگرە تۆش پێی ئەڵێی پارچە شیعرە خۆشم «وەک هۆنراوە نازدار» سۆزێک بۆ دڵی دڵدار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵکرد هۆنراوەت بۆ ئەڵێم بەتام پڕی بێ لە تەزووی ئارام بریسکەی لێ بێ وەکوو ڕووت ورشەدار بێ وەکوو یاقووت تۆش هۆنراوەی وا هونەرچن بهۆنەرەوە بۆ گەردن *** هۆنراوەم هەیە، وەک کوڵم گەشە ئەی نازداری دڵم گیانەکەم من پێت ئەبەخشم هۆنراوەی وا جوان و گەشم تۆش دەمی بنێرە سەر دەم با گەشتر بێ هۆنراوەکەم *** ئەتدەمێ خۆشترین هەڵبەست ئاو بزێنێتەوە دەمی هەست خۆش بێ وەکوو چرپەی دەمت لای بەرێ لە دڵتا خەمت کەی تۆ بە تاسەوە مژیت ئەڵێم ئەی هۆنراوە ئەژیت *** هۆنراوە ئەڵیم بۆ باڵات بۆ سنگی بەرزی بێ هاوتات تۆش ئاوریشمی هۆنراوەی جوان لەبەر کە ئەی پەریی ئاسمان هەرچیم هەیە هۆنراوەی ورد بەرهەمی شیرینی «دڵکرد» ئەیبەخشم بە لار و لەنجەت بە ناسکی دەست و پەنجەت تۆی هۆنراوەی ژیانی من ژیانی شیعرەکانی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیمەنێک دێ: کەژ و دارستانی کپی پۆشیبوویان بەرگی سپی قوببەی پیرۆزەیی ساماڵ بە پرشنگی گزنگی ئاڵ داوێنی کەژی ئەنەخشان وەک ئەگریجە ئەبوو پەخشان دێیەک، لە باوەشی کەژا بزەی گەرمی لێ ئەڕژا دوژمن: کاتێ کە خۆر ڕمێ سەرکەوت لە ناکاو کۆمەڵێ دەرکەوت کۆمەڵێک دوژمنی چەکدار کشان بەرەو گوندی نازدار ئەم «میوانانە» وەکوو تەم دایان گرت دڵی دێ سەرجەم سام وەکوو ڕەهێڵەی چقڵ باری بۆ سەر دەشتایی دڵ دوژمنی ڕسوا و بێدەرفەت دایان ماڵی هەگبەی خەفەت دوای پشوودان و نان خواردن لە پاش نان و نمەک کردن پەنجەی مردنیان درێژ کرد بۆ لاوێکی هەژاری کورد دڵی ئاوایی داتەکی پەلاماری دایە چەکی بوو بە قرم و هووڕی گوللە لە دوژمن کوژرا، وەک کوللە دوای شەڕێکی گەرم و بەسام دوژمنانی ئۆقرە و ئارام دوو سێ مناڵیان گرت خرپن کە جێ مابوون لە ڕاکردن کردیانن دیاری مردن وتیان: «وا ئەبێ سەرکەوتن» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوانی سلێمانی سەبارەت: ئەوانەی سەفەریان لەیادە ئەو کارەساتەیان دیوە شەقامەکان و گەڵای زەرد کووچە و هەزاران دڵی بەرد لە کۆشی شەوێکا بوون مات شادی ورتەی لێ نەئەهات لە ژێر پۆستاڵا واڵای بووک میزراحی کوڕی ئێسک سووک پێشێل بوون لەگەڵ چاوی جوان خونچەی ڕوومەتی مناڵان بیگرن سنگی کف و نەرمە لەش و لاری جوان و گەرمە ڕاوەستە، دەمت، ماچی دەم با سەرسنگیشت ماچ بکەم شیتاڵ دەری خست سنگی پان تێی ڕژا تریفەی ئاسمان دوژمنی ڕسوا و ترسنۆک بۆ دیلی شەنگ هاتە سەر چۆک دەمی گوشی شیری ئەتک خۆی سوو لە ڕوومەتی ناسک ژنە کوردی دیل بانگی کرد «ئابڕووی دڕندەشتان برد» ئێوە و گەورەکەشتان سووکن پەروەردەی باوەشی ئەتکن ئەمەی وت و خۆی ڕاتەکان مێشکی خۆی بە بەردێک پژان دوای تاوێک کوڕانی گەڕەک تێکیان شکان دوژمن و چەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاشقبەن بۆ ئەو سەرسنگە گۆشتنە ئەو لامل و بەرگەردنە کام وشەی زێڕین و جوانە بۆ یارم کرد بە «گەردانە» لە وشەی وردی ڕەنگاوڕەنگ بۆ کەمەر نەخشی باڵای شەنگ «هەیاسەیەکی» وام بۆ کرد پڕ بوو لە نەخشی جوان و ورد لە هۆنراوەی زۆر وردن بۆم داڕشت «ملوانکە و بازن» بۆ «گۆ و بەرۆک، دوگمە و دۆڵاب» ڕیزم کرد وشەی زۆر نایاب بۆ وەسفی ڕووی کام وشە بوو جوان و بەتام، تیا بێ تەزوو سەرجەم هەمووم بەکارهێنان لە ڕستی شیعرا، دێڕی جوان لە نێرگز و گوڵاڵەی گەش لە شەوبۆ و لە ڕێحانەی ڕەش لە «زەردەپەڕ و لە گزنگ» ئاوی تاڤگە و نمی ئاورنگ» وەسفی زۆر جوانم بۆ مژی بۆ بەژن و ڕوومەت و قژی وەمزانی وشەی جوان تەواو لە کەژا، ئاوا، خۆرەتاو لە ئاسمانا، دەشتا تەما وشەی جوان و شیرین نەما کە چی کە نواڕیمە چاوی بەرگەردنی ڕەنگ هەتاوی دەریایەکم دی فراوان پڕ لە بریسکەی گەش و جوان وشەی وەک مرواری و یاقووت لە بنیا ورد ورد ئەبزووت لە وشەی تازەی پڕ لە فەن بۆم دروست کرد یەک «عاشقبەن» بە یەک ئەڵقەوە دڵی من پێوەی بەندە هەتا مردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەرامۆشی ئەڵێم با پرشنگی چاوی قژی وەکوو خۆرەتاوی بریسکەی دەمی بچوکی بەژنی جوان و ئێسکی سووکی کوڵمی وەکوو گوڵەسووری لاملی وەکوو بلووری لێوی پڕ لە تەزووی خۆشی بدەمە دەست فەرامۆشی کە چی دڵ ئەڵێ من ناژیم بەبێ خۆشەویستیی پەریم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لایلایە لە کەپرێکا دایکێ لە دڵی نەرمی سۆزی ئەڕشت بۆ کۆرپەکەی بە گەرمی دەس و پەنجەی ساوای ناسک و خرپن ورد ئەیماڵی بەسەر سنگاو، ڕوو، گەردن کۆرپەی نازدار لە باوەشی دڵسۆزا لەگەڵ نەغمەی لایلایەی زۆر بەسۆزا وردە وردەجوان ئەکەوتە خنەخن گەش گەش ئەوبووغەبغەبە وکوڵمی گۆشتن کام هۆنراوە زۆرهونەرچن و زۆر خۆشە بەسۆزنەبوو وەک ئەوخەندە بەجۆشە بەڵام لەپڕ ورووژمی گوللەی شەستیر تک تک خوێنی تێکەڵ کرد بە قەترەی شیر ئەنجنی کرد گۆی مەمک دەمی وەک گوڵ بێ دەنگی کرد لایلایەی خۆش و بەکوڵ ئەو کەسانەی چەشەی خوێنی مناڵن بۆخوینڕشتن، وێران کردن، عەواڵن خوێنی گەشیان لەناو ئەو باخەدا ڕشت زەردەخەنە و لایلایەی شیرینیان کوشت لێرەدا بوو گوڵی خەندە هەڵوەری کیژی لادێ ئێستەش زۆر بەکوڵ ئەگری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە پێناوی چاوەکانیا دوای تەزووی سەرما قاچی گەست دوژمن هەر دوو مەچەکی بەست ئاوڕی دایەوە.. چیا شەپۆل ئەدا، وەکوو دەریا کوڵم و چاوی گەش ئەباری بۆ ناو خاکی کوردەواری جێی هێشتبوو چیا و نزار گەڕابۆوە بۆ لای نازدار بۆ سلێمانیی ئاگرین بۆ لای کچۆڵەی نازەنین بەڵام چاوی جوان و گەردن بووبوون بە خۆراکی مردن پەنجەی نەگەیشت بە گوڵی ڕووی گەشی نازداری دڵی ئەڵقەی پەتی بۆ گرێ دەن درەنگە خێرا هەڵی خەن لەپێناوی چاوەکانیا ئەو بەسزمانە ئەژیا لەپێناوی ئەوانا مرد لاشەکەی بوو بە خۆڵی ورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماچی مردن زامی دڵ بە پەنجەی ژیان هاتەوە سوێ وەکوو جاران ئەستێرەکان وەک شووشەی ورد ڕژابوونە داوێنی پرد شەپۆل لە باوەشی هەردا سنگی ئەدا بەسەر بەردا ڕەنگی خۆڵەمێشیی ئاسمان لە سەرشانی سێدارەکان ئەینووسی «ڕۆڵەکانی کورد» ئاگرێکی وایان خۆش کرد بڵێسەی لەگەڵ ژیانا ئەمێنێ لە کوردستانا لە سەرپردی تەسکی بەردین دەنگێک هاواری کرد: «کوردین» ئەیزیڕان: ئەی دوژمن یەک تاو مۆڵەت بەن بە جگەر سووتاو با بگەمە لای کوڕەکەم بۆ دوا جار دەمی ماچ بکەم کاتێ گەیشتە نزیک کوڕ لاشەی بێ گیان بوو سارد و سڕ ڕێیان گرت لە ماچی مردن هەر لە بەر ئەوەی کوردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مۆم خۆزگە ئەمتوانی شیعری وام ئەوت پڕی بوایە لە تام شیعرێ بێ لە عەزرەتا خۆم بتوێمە هەر وەکوو مۆم خۆزگە یەک هۆنراوەم ئەوت وەکوو خۆم بوایە کت و مت وەک دڵی خۆم وەک دەروونم وەکوو هەستی پاک و ڕوونم یان خۆزگە نەمئەزانی من یەک تۆسقاڵ شیعر ڕێک خستن تا بمچەشتایە تامی خۆش لە هۆنراوەی گەرم و بەجۆش ئاخ چەند لە دەمارم ئەخۆم هۆنراوەی من سووتاوی تۆم ناتوانم دەست هەڵگرم لێت ناشتوانم بڕۆم پێ بە پێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناسک ناسک ناسک بەرگەردن و کوڵم و باسک ناسکە ئەندامی لەشی ڕوومەت، لامل، کوڵمی گەشی سنگی ئاستی درزی بلووز پێستی، ئێجگار ناسکی پووز پێ و پلی سپی وەک بەفر بە پڕیشکی نیگای ئاگر لەوانەن وەک بەفر، یا مۆم بتوێنەوە پێڵووی خۆم ناسک ناسک بەرگەردن و کوڵم و باسک لە دڵی فریشتەی دڵما لە چاوی ئەشکی بە کوڵما ئەم جوانە وەکوو پەری لەگەڵ دڵی منا ئەگری چونکە گەردەلوولی ژیان ئەیبا بەرەو دەشتی گریان دڵی ناسکی ئەشکێنن نازانن ناسک بیدوێنن کێ بێ نازی ئەو هەڵگرێ تا ئەو ناسکییە نەمرێ نرخی ناسکۆڵەیی جوانێ مەگەر هەر شاعیر بیزانێ ناسک ناسک بەرگەردەن و کوڵم و باسک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامە کاتێ کە نامەکەت گەیشت پەپوولە گوڵاڵەی ئەکوشت دەشتی دڵم بەسام و مات هیچ جریوەی لێ نەئەهات بەڵام کە زانیم تۆش وەک من بێ باکی لە سزای دوژمن غونچەی شادمانیم پشکووت گەش بوو وەکوو لێو و ڕووت زیندانەکەم ڕووناک بۆوە ئازاری سزام لە بیر چۆوە ئەی فریشتەی دڵی گەرمم وەرە لام ئەو کاتەی ئەمرم بڵێ ئازا بوو یارەکەم ئەیوت ئەبێ مل کەچ نەکەم گیانم کە بوو بە پەپوولە دێمە ناو ئەو قژە لوولە لەگەڵ لەرزەی باڵا ورد ورد هۆنراوە ئەچنم بۆ کورد بە سیمی هۆنراوەی گیانی ئەنەخشێنم بەم وشانە ژینی دڵسۆز تێکۆشانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وشەی دایە تریفەی مانگ ڕژایە ناو، ئەو چاوانەی پڕلە ورشەن وەک کانیی بەهاری پاراو بوون بە شیرین ترین دیمەن *** وتی لە مانگ و خەرمانەی جوانتر هەیە، کاتێ سرووشت ئەوهەموو تریفە جوانەی ئەکاتە باخەوە بە مشت *** وتم: لەو چاوانە تایە دواسەلیقەی هونەری جوان نە مانگ ئەو جوانیەی تیایە نە ئەستێرەی گەشی بەیان *** بەڵام کاتێ کۆرپەکەم وشەی دایەی لەدەم هەڵات چرپانی خۆشەویستەکەم گوێت لێ بێ لە نەغمەی ئاوات *** کە باوەشی پیا کرد وتی: هەر تۆی دیمەنی جوانت بێ بە وشەی ڕەوان و پەتی «دەک دایە بە قوربانت بێ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وێنە ئەی چەپکە تیشک و دەسکە گوڵ وێنەکەتم نایە سەر دڵ زامی دڵی تەنگ و زەبوون بە وێنە ناکا گۆشتە و زوون «گڕەی یاد» زامی کۆن و نوێ هەمیشە دێنێتەوە سوێ بێ بەڵا بی هۆشت بردم کڵپەی خەمت خۆشتر کردم تیری هەزار و یەک تاسە پێکای ئەم دڵە کەساسە *** بۆچی بۆت ناردم فریشتەم وێنەی دووری و پەژارە و خەم لە سەد لاوە دڵت سمیم من بەم دەردەوە چۆن بژیم؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسیار بەژنی تۆ یا بەژنی ڤینۆس ئەی فریشتەم شەنگترە خونچە تەنگتر، یا دەمی تۆ، یا دڵی من تەنگترە چاوی کاڵی پڕ لە ورشەت، یا گەلاوێژ گەشترە خاڵی گۆنای ناسکت، یا بەختەکەی من ڕەشترە دەنگی دڵ بزوێنی تۆ یا شیعری من پڕ سۆزترە پەرچەمی ڕێحانەییت یا ڕۆژگار ئاڵۆزترە؟ عەشقی من، یا گیانی ساوا، یا فریشتە پاکترە ژنی جیایی یا مەرگ، کامیان چاکترە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پشکۆی هۆنراوە بۆ هۆنراوەی جوان ڕازاوە و بەتام چیای سەخت و پێدەشت گوڵزار گەڕام لە گزنگ و زەردەپەڕ و هاژەی چەم لە نیگای گەش، زەردەخەنە و بزەی دەم لە ئەستێرەی پێروزەیی و لە ورشەی لە گوڵاڵەی ئاورنگ چێژ و لە پرشەی زۆر هۆنراوەم چنی نازدار و ناسک بۆ دڵخوازی شیرینم کرد بە دەسک بەڵام دەنگی کڕوزانەوەی کۆرپە کاتێ ڕشتی لە دڵما ژیلەی خورپە سۆزی گریەی ئەو دایکەی لە ئاگرا جەرگی وەکو چراوگێ لە ئاگرا هەڵکرا لە هێزی خست دەست وپەنجەی هۆنراوەم کەوتە ناوگڕ چەپکە شیعری ڕازاوەم ئێستەش هەرچی پێی بڵێن شیعری تازە جوان و پاراو، تیای بێ ورشە و ئاوازە هۆنراوەیەک پێی بڵێن بێ هاوتایە لە دڵی من هەڵناقوڵێ و دەر نایە باخی شیعرم شپرزەی خوێن و ئەشکە کانیی بەهرەم وەکو گەرووی خۆم وشکە لایلایە کەی خەوی خۆش خۆش بە کۆرپە بین نەغمەی خۆش و دڵ بزوێنی بوو بە شین بەستەی خۆش و تەڕ و بڕی دڵخوازی بۆ بووکی گڕ ژیان کردی بە جیازی هۆنراوەی ورد کامی خۆش و بەتامە کە دڵ بە سۆز نایە سەر نووکی خامە دێڕ دێڕ سزا، قەترەی خەمی پیا تکان بەسەردڵی پەروەردەی خەمما لکان تۆش داوات کرد شیعرێێ بڵێم ڕەنگا و ڕەنگ وەکو بەژنی کچێکی جوان شۆخ و شەنگ باسی چاو بێ، هی دەمی ئاڵ و گەردن قژەی زەرد و کوڵمی ناسک و خرپن بەڵام ئەبێ لەمەودوا وەک ئەم ژینە کە هە مووی خوێن کڵپە و گڕی بەتینە شیعری منیش بە تەنیا ڕەنگی سوور بێ لە دڵداری و بەستەی ناسک بە دوور بێ تازە ڕابوورد ئەو سەردەمەی هۆنراوەم باسی جوانیی باڵا بوو، کوڵم و پەرچەم هەرچیم هەیە، لە ئۆقرەی دڵ لە تاسە هەمووم بەخشی بەو مناڵە کەساسە ئەبێ شیعرم لە گڕاپەروەردە بێ باسی ژینی سامناکی ئەم کوردە بێ ئەی فریشتەی هۆنراوەی ئاگرینم ئەی بەخشندەی وشەی بەسۆز و تینم ملم لارت ئەپاڕێمەوە لە تۆ پێم ببەخشی هۆنراوەیەک پشکۆ هەرئەم جارەو ئیتر داوام کۆتایە هەرچەند ئەکەم شیعری سوورم بۆنایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیانۆ لە تیشکی کوڵم و گەردنی بریسکەی خونچەی ئاڵی دەم هۆنراوەی جوانم بۆ چنی بۆم پێچا بە تاڵی پەرچەم *** لەسەر پیانۆی خەندەی بەکوڵ بە پەنجەی ئاگرینی کام بۆ کۆرپەلەی ئارامی دڵ ئاوازم لێ ئەدا بەتام *** ئەستێرەم لێ ئەدا لە قژی مانگم ئەکرد بە تاس کڵاو تریفەی سەنگیم ئەمژی بە لێوی هەستی پڕ گوڵاو *** بە شنەی نیای شەماڵ کاتێ پرچیم ئەکرد شانە هەستم بۆ شەوقی کوڵمی ئاڵ یەکسەر ئەبوو بە پەروانە *** شەرمی ئەڕشتە سەر ڕوومەت چاوی بەنازی لێک ئەنا تەزووی دڵداریی بەلەزەت بە ناو دڵما هەڵئەزنا *** بەڵام ژینم وەک شەوێ بێ لەناکاوا بڕایەوە ئەو خۆشیەم وەک خەوێ بێ لە ئەشکی چاوا توایەوە *** چریوەی مەلێ بوو نەما یا شەقەی باڵی هوزارێ تیشکێ بوو ون بوو لە تەما «شۆخی ناسکی نازدارێ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چرا دڵداریی من، ئەی کچۆڵەی شۆخ و شەنگ چرایەک بوو، ڕووناک لە ژوور سەرینت تیشکی گەشی، کە ئەیدا لە شەوەزەنگ کامەرانیی ئەڕشتە باخی ژینت *** کەچی لە پڕدەس و پەنجەی نەفامیت بە گوڕ ماڵی بەچرادا، بلووریا بە خۆڕایی کەوتیتە دوای ناکامیت بۆیە بەکوڵ فریشتەی دڵت گریا *** تاکو ئێستەش لە شەوی غەمگینییا سەرلێشێواو خەمبار، لەپەل کوتانای لە ناو گۆمی لێڵی پەشیمانییا کۆست کەوتوانە هەمیشە لە گریانای ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چڵێک ئەرخەوان وەک هەنگ ناوی دەمیم مژی وتم: « ئاخ تۆ بڵێی بژی» کۆرپەکەم پیایا هەڵزنا پێی وت: «بابە لەگەڵ منا» وەرە بۆ ناو ڕەزی چیا گریاو، دڵی منیش گریا وتی: بابە ئەچی بۆ ڕاو وتی: نەء بۆ چەمی خوێناو چڵێکم دایە ئەرخەوان وتم: بۆ یاد هاوڕێی ژیان شەو بوو لە پەنا بەردێکا دوژمن پەڕەی دڵی پێکا ئەستێرەی وشەی کوردستان هەڵهات لە ئاسۆی لێوی جوان ئەو کاتەی چاوی لێک ئەنا لەناو باوەشی مردنا لەگەڵ یادی منا دووا ئەرخەوانەکەی من ڕووا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیلەمۆ کام ئاوازە خۆشە، یا کام گۆرانی بە هەر جۆرێک بێ پاراوی خەمە کام بەستە جوانە، بۆ کامەرانی هێشتا شێوەکەی هەر هی ماتەمە *** سروودەکانم پڕن لە سۆزی گریان و ناڵە و ئاواز چەشتنێ شیعرەکانیشم هەر بە ئاڵۆزی تەنیا ڕێز ئەبەن بۆ خەم ڕشتنێ *** زڕەی کۆت لەناو دەروون و گیانا زۆر جار مەچەکی ئارام ئەبەستێ هۆنراوەی جوانم لە پێدانانا لەتاو خەم جار جار لەپڕ ئەوەستێ *** زۆر وشەی جوان و گەشی وەک ئاگر لە دڵی منا بوون بە ژیلەمۆ زۆر شیعری گەرم و شیرین و نەمر بە دیل گیراون وەکوو من و تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوشتنی عەبە سام دوا تەزووی ڕشتە هەناو دڵی هەموو دایکێ لەرزی لەگەڵ دەرکەوتنی هەتاو وشەی لە دەما تەزی *** زەردەخەنە لە ئەسرینا وەک گۆیەکی زێڕ توایەوە خەندە لە قوڵپی گرینا خنکا و یەکسەر بڕایەوە *** کۆڵانەکان کش و بێ دەنگ تەنیا شریخەی شەستیر لێی ئەدا نەغمەی سووری جەنگ خوێنی تێکەڵ ئەکرد بە شیر *** ئەو کەسەی دەرچوایە لە ماڵ کۆڵانی لێ ئەبوو بە گۆڕ گەنج بوایە یا پیر یا مناڵ سنگی ئەیڕشت خوێن چۆڕە چۆڕ *** لە ناکاو تیری زریکە دڵی هەموومانی سمی دوژمن بانگی کرد بیپێکە دەنگێ وتی: «ئاخ کوشتمی» *** دوو سێ کارژۆلەی بەسزمان لەگەڵ مناڵێکی شوانا لەناو گۆمی خوێنا گەوزان لە پێچی تەنگی کۆڵانا *** مناڵێ هاواری ئەکرد وەرنەدەرێ عەبەیان کوشت توخوا فریا کەون وا مرد خوێناوی سنگی هەموو ڕشت *** گوڵاڵەی دەروونم وەران دڕکی تۆڵەم نایە شوێنی بەڵێن بێ ئەی زەبری ژیان هەرگیز من ون نەکەم خوێنی *** لێرە مناڵی کوردستان بەم شێوەیە لە ناو ئەبەن ئەی دایکانی هەموو جیهان گوێ بگرن، هاوارێ بکەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گریان چاوت کە فرمێسکی تێ زا تیشکی ڕووت تیا شکایەوە وەکو گوڵێ لە پایزا ئارامم تیایا توایەوە *** وەک دڵۆپی بارانی خەم بۆ ناو دەریای چاوت تکام نزیک برژانگ ئەی چاوەکەم لەناو شەپۆلا ئەگریام *** پشکۆی ئاگر، شووشەی شکاو هەستی منیان گرتە باوش تا ئەو شوێنەی بڕ ئەکا چاو دوای تاوێک ڕەنگ کرا بە ڕەش *** نەختێکی مابوو بخنکێم بەڵام کەشتیی زەردەخەنە کەوتە فریام و گەیشت پێم هاتم تا ئەو بەرگەردنە *** ماچم کرد لاملت ئازیز وتت ناگریم هاوڕێی ژیان وتم من نەمدیوە هەرگیز کارتم وا تێ بکا گریان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵەباخ لۆمەی زۆر دڵدارم ئەکرد بۆ چی خۆیان بەم دەردە برد تاکوو دڵداری نوانی پێم یەی کیژوڵە پێی لێ ئەنێم هەر بە یەک سەرنج یەک ئاوڕ بەرت دالە دەروونم گڕ ئەی فریشتەی تاسە و مەبەست هەردوو مەچەکی منت بەست تا دوێنێ بوو قوتابی بووم ئێستە مامۆستای عەشقی ڕووم شیعرت بۆ ڕێک ئەخەم سیخناخ لە وەسفی جوانیت گوڵەباخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گڕ کە پرچت ئاڵان لە گەردن گڕت بەردا لە دڵی من کە پەرچەمت ڕشتە سەر ڕوو ئاگرلە دەروونم بەربوو ئەی زۆرداری جوانی بچووک تکایە کچی ئێسک سووک لێرەوە مەیە شەیدام بۆت وەباڵی دڵم بە ئەستۆت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیڤارا لە دەشتێکا دەمەو بەیان بە سروەی شەماڵی نیان کاتێ گوڵ کەوتە شنەشن بزووت دەس و پەنجەی مردن برادۆی پەروەردەی تاوان لەسەر پیلکە پەنجەی جووڵان خوێنی دڵی گیڤارای ڕشت گەورەترین دلێری کوشت ڕۆژ گیڤارای گرتە باوەش بە پۆپەشمینی خوێنی گەش بە تیشکی گەرم و پڕجۆشی تەرمی پیرۆزی داپۆشی *** ژیان بە هاژەی ڕوباران بە خرمەی ڕەهێڵەی باران بە وژەی باڵی پەلەوەر گریەی مناڵی دەربەدەر بە نێڵەنێڵی ئاگری شۆڕشی وڵاتپەروەری بە دوا وتاری گیڤارا لە چیا و کەش و نزارا خۆشترین ئاوازی دانا لە خەبات و کۆڵ نەدانا دەنگی چەکوش لەسەر دەرگا نرکەی دلێر لەڕووی مەرگا ورشەی داسی برای وەرزێر گرمەی دەنگی ڕۆڵەی دلێر ئەڵێن گیانی گیڤارایە لە کەژا لە نزارایە ئەرجەنتین ئەڵێ گیڤارام ڕمانی قەڵای ترس و سام هەڵمەت بەرن پەلامارە لە سەر ڕێ و شوێنی گیڤارا لە بۆلیڤییا پێشمەرگە ئەڵێ هەرکەسێ بەجەرگە خێرا دەست بداتە تفەنگ بەرەو کۆڕی کوشتار و جەنگ بۆ ئامانج و تۆڵە سەندن لە هێزی زوردار و دوژمن با بەتاو ئاسمانی ژیان خوێنی گەش و پاکی لاوان بەسەر وڵات بارێنێ تا گەل تۆڵەی خۆی ئەسێنێ کۆڕی کوشتار گەرمتر بێ وڵات با هەمووی ئاگر بێ ئەسرین کەدیت جۆگەی خوێناو نەیەیتە بەر پەرژینی چاو بۆ پێشەوە سەرکەوتنە ئازادی و تۆڵەسەندنە بۆ وڵات و گیڤارایە گەل لە کۆڕی کوشتارایە *** ئەی تێکۆشەری سەرزەمین ئەی ڕۆڵەی خۆشەویستی و قین شانازی وڵاتی شەکر پێشکەشت بێ چەپکێ شیعر شیعری وڵاتێکی وێران مناڵی برسی و سەرگەردان وڵاتی ئاگر و ئاسن کوردستانی پیرۆزی من *** گیڤارا چۆن وەرزی بەهار ئەبێ خاک پڕ بێ لە گوڵزار یا پایز و چلەی زستان هەر ئەبێ داکاتە باران تۆش شۆڕش لە هەموو شوێن ڕۆڵەی ئاگر بووی ڕۆڵەی خوێن هەر کە ئەوترا گیڤارا ئەمدیت لە کۆڕی کوشتارا بانگت ئەکرد: ئادەمیزاد ئەبێ بژی شاد و ئازاد دوور لە سزا و ئازاردان لە چەوسانەوە و لە تاوان گیڤارا شیعری گڕاوی وشەی پیرۆزی خوێناوی لەسەر وێنەکەت ئەنووسم لە چوارچێوەی یادی ئەگرم لەگەڵ وێنەکەی کاروانی کە بۆ کورد بوو بە قوربانی لەگەڵ هەزار و یەک وێنە کە هەمووی خڵتانی خوێنە هی ئەوانەی بۆ کوردستان ئازایانە بوون بە قوربان ئەیانخەمە ناو شووشەی دڵ بۆیان ئەڵێم شیعری بەکوڵ گیڤارا هەتا هەتایە یادت ڕووناکی دونیایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یادێک یادێ وەکو شووشەی شکاو لە دڵما ئەجوڵێ نەرم بریسکەی خوێندێکی ڕژاو ئەدا بەگیان کسپەی گەرم *** بەیانی بوو مناڵی ورد لە سەرتەختی سنگێکی ڕووت لێیان نەنیشت ڕەنگی گۆگرد کاتێ پەنجەی تاوان بزووت *** گرمەی بۆمبا ژینی شێوان سەمتووری پێکەنین شکا لەگەڵ دەنگی شین و گریان خوێنی ئارامی دڵ تکا *** دیمەنی خوێناوی بەسام دڵی مناڵانی داخ کرد بەدەستی دوژمنی هیوام گەلێ مناڵی ساوا مرد *** ڕیزبن: سنگی ئێوەو تفەنگ مل کەچ بوون بۆهێزی کوشتن کوردینە بە ڕیز بەبێ دەنگ وەرن بۆ بەردەمی مردن *** یادێ وەکوو شیری ئاگر ئەدا لە درەختی هەستم یادێکی غەمگین و نەمر چنگ ئەنێتە دڵی پەستم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەکەم ئەرخەوان وەکو کێوێکی ئاگرین ئارامی گەل هاتە لەرزین هەزاران چاو ئەشکی تێزا دڵ بە پشتی خەما چزا ئەستێرەکان ورد ئەوەرین بۆ ناو قەترەی ئەشکی خوێنین سۆزی دەنگ گڕی ئەنایە دڵێک نەوتی تۆڵەی تیایە شەپۆلی مەچەکی ئاسن ئەینووسی نا، نابێ بمرن ئەبێ بژین بژین وەک کێوی ئاگرین مناڵ لە باوەشی ساما لەگەڵ هەستی بێ ئاراما لە باخی ژیانی زەردا لەناو تەم و مژ و گەردا ئەگریا وەکوو فریشتە ئەیوت بۆچی ئەم بەهەشتە بەم جۆرە ئاوا گڕ ئەگرێ بابە پێم بڵێ کێ ئەمرێ لە دڵا وەکوو سەرکەوتن ئەینووسی «نا، نابێ بمرن» ئەبێ بژین بژین وەک کێوی ئاگرین شمشێری هەواڵی خەمگین دای لە سلێمانی شیرین شەقامەکان باوەشیان کرد بەوانەدا ڕۆڵەن بۆ کورد لە ڕۆژەوە گردی سەیوان دیوێتی یەکەم ئەرخەوان بەم جۆرە نەجۆشاوە شار ئەیدیەوە کاتی وا غەمبار کاتێ شەو بار و کۆچی خست گیانی چوار لاو کەوتە سەرمەست چوار قەنارەی ڕەش ڕێک خرا چوا ڕپەت ئەڵقەی گرێ درا شەپۆلی مەچەکی ئاسن ئەینووسی نا، نابێ بمرن ئەبێ بژین بژین وەک کێوی ئاگرین هەموو دەنگێ بڕاوەیە لە دەریای ژینا توایەوە سروەی نیانی بای شەماڵ دەنگی پڕ لە سۆزی مناڵ نەغمەی تریقەی گەرم و خۆش هاژەی پێکەنینی بەجۆش کام دەنگ پڕێتی لە تەزوو دەنگی ئۆخەی پڕ ئارەزوو بوون بە سروودی پەلامار بۆسەر قەڵای ڕەشی زۆردار دەنگی هەزاران ئاهی من ئەینرکان نا، نابێ بمرن ئەبێ بژین بژین وەک کێوی ئاگرین هەموو ڕەنگی کوژایەوە لەبەر چاوم بڕایەوە ڕەنگی پیرۆزەی ساماڵ هی گوڵە زەردی نەختێ کاڵ پاچیمەنی تەڕ و پاراو قەڵبەزی وەکو زیوی خاو ڕەنگی قەترەی گەشی شەونم گورزەی جوانی گوڵەگەنم بوون بە ڕەنگی سوور بەتەنیا یەکسەر سوورهەڵگەڕا دنیا ڕەنگی ئاڵی تۆڵە سەندن ئەینووسی نا، نابێ بمرن ئەبێ بژین بژین وەک کێوی ئاگرین کاتێ ڕەنگ ڕێژەکەی سرووشت خۆڵەمێشی ئاسمانی ڕشت دڵی ناو پۆستاڵی دوژمن چوار لاوی برد بەرەو مردن چوار لەشیان داینەوە بێ گیان بوون بە مەشخەڵی تێکۆشان دەنگێک گەیشتە نیشتمان دەنگی دواواتەی کۆڵنەدان بانگی کرد وا ئەمرین تا ئێوە بە شادی بژین دوا وتە «بژی کوردستان» بژی کورد، بژی کوردستان *** بە خوێنی نۆزدەی حوزەیران نووسیم چوار لاوی قارەمان قودسی و خۆشناو کاکە عزەت خیرالله مردن بۆ میللەت ++++++++++++++++++++++