شاعیر: ئێقباڵ کتێب: خەونی چارلی سەرناو: ئافرێنەر سەبارەت: نووسین: ناشناس کاتێ کە هەرمان لە پێش هەموو بوون نەخشی چاوی تۆی ئەدا بە گەردوون نەغمەی سرتەی تۆ لە گوێی کەشکەڵان هەزار ئەستێرەی ئەخستە سووتان لە پێش تریفە و پێش لە خۆرەتاو گزینگی زوڵفت ئەیدا لە شەتاو شەو مانگی نەبوو، تاریک و تەنیا هەتا لە ڕووی تۆ مانگ هاتە دونیا دەریای بێ شەپۆل، لەیلان و مەردا بە پێکەنینت هاتنەوە سەما بە دەنگی نەرمت، لای لایەی گەرمت پاییز چووە خەو لە ئاستی شەرمت هەستی تۆ نەبێ دونیا دەیجوورە هەموو وەرزی ساڵ زستانێ دوورە بۆ دونیا تینی، خودای ئەوینی ئەی ئافرێنەر! دیارە تۆ ژینی بەهار کچی تۆ هاوین کوڕی تۆ دونیا دەسووڕێ لە سەر سووڕی تۆ هونەر بۆ تۆیە، ژیان بە تۆوە گەشانی دیوە عالەم بە خۆوە بمێنە کە تۆ هەتایی دونیای ئەتۆ ناسکتر لە هەستی خودای لەیلان: بیابان و سراب مەردا: مردە و کنایە از بیمار رو بە مرگ دەیجوور: تاریکی مطلق ئافرێنەر: آفرینندە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارانی هەست سەبارەت: نووسین: ناشناس من ئەو بێ کەسەی ناو خەیاڵاتی تۆم کە هاتووم و بێ چار و ئاوات ئەڕۆم بۆ چەن حەسرەت و ئارەزووی بێ سەمەر پەڵەی هەوری هیوات ببارێنە بۆم تۆ تیشکێ بۆ سەرمای نساری دڵی تۆ بارانی هەست و دەماری دڵی تۆ یەک ئاسمان خۆشەویستی و حەزی تۆ مەستیی و شەراب و قوماری دڵی تۆ هێزی ئەوینی کە دڵ سەرکەوێ تۆ هێڵی ژیانی کە دەردی نەوێ تۆ مەوجی، سواری، گزینگی وەفای تۆ ئەو ڕابەرەی وا لە پا ناکەوێ بە چاوت هەتا کەشکەڵانم ببە بۆ دیدارێکی بەر بەیانم ببە ببە تاکوو ناخی شەوی بێ هەتەر بە ئامێزی خۆت پاسەوانم ببە ++++++++++++++++++++++