شاعیر: مەحوی کتێب: غەزەل سەرناو: کە ئەمری فەرموو ئەو شاهە سەبارەت: پێداچوونەوە: بینایی دیدە کە ئەمری فەرموو ئەو شاهە بە إقرأ ئەگەر فەرمانی قەتڵە کێ دەڵێ نەء! قسەی مایەی خرۆشی (نشأتین)ە دوو عالەم نەشئە جۆشا، لەبیە مەنشەء بە یادی قامەتی ماوم بە پێوە علی ما مثلها موسی توکا بە هیجرانم دەوت (سوء العذاب)ە فلمّا ذقته قد کان أسوأ بە سۆزی عیشقە بوونە (ذی کمال)ت إذ الأنوار من ذی النار تنشأ وتی: ڕاکێشە مل مەحوی، سەرەت هات بسلّ السّیف أومی لی: تهیّأ! شەرەف هەر عیلمە، نابینی کە ئەشرەف موشەڕڕەف بوو بە ئەمر ئەووەڵ بە إقرأ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرێ دڵ بێ شەرابی لەعلی ئەرێ دڵ بێ شەرابی لەعلی گوڵ ڕەنگت لە گوڵ چ بکا؟ کە جیلوەی گوڵ لە گوڵشەن دا نەبێ، بولبول لە چڵ چ بکا؟ کە هەڵگیرسا لە نووری بادە شەمعی حوسنی جانانە نەچێتە سەر تەریقەی حەزرەتی پەروانە، دڵ چ بکا؟ بە ئاهم گەر ڕەقیبانت بسۆتێن، ئەی گوڵی ڕەعنا مەڕەنجە، تۆ خودا شوعلە لە ئاقاری چقڵ چ بکا؟ هەتا ماوە دەبێ ئەشکی نەدامەت داوەرێنێ چاو عەرەق‌ریتن نەبێ، شەخسی لە کاری خۆ خەجڵ چ بکا؟ سەفەر جائیز نیە، با بۆ حەرەم بێ، لەو بەر و بوومە فەقەت مەجزووبی زنجیری نەسیبی ئاو و گڵ چ بکا؟ فەلەک هەر گا کەسێکی هەڵبڕێ، وەقتی هیلاکەتیە کە سەر بۆ گەیینە پەت بێ، پێ لە کورسی و ئەسکەمل چ بکا؟ لە عوششاق و ڕەقیب ئەو شۆخە چاوی لوتفی وەرگێڕا کە ئاسک ئادەمی یا سەگ ببینێ، غەیری سڵ چ بکا؟ چ حاجەت نەرگسی مەستت بکەم وەسفی بە مەخمووری کە چاوێ سورمەکێشراوی خودایی بێ، لە کل چ بکا؟ لە هەر جێیەک هەڵێ خورشیدی عیشقی گوڵروخان مەحوی ئەگەر عەقڵی ببێ، لەو جێگە ئاونگی عەقڵ چ بکا؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی جەمالت تووری دیدە ئەی جەمالت تووری دیدەی ئەنبیا شامی توڕڕەت سوبحی عیدی ئەولیا ئەو بەر و بوومە جەنابی تۆ تیای بەردی بۆ مە دوڕڕە، گەردی تووتیا ئاوی خزرە خاکی ئەو بەرقاپییە دڕکی ئەو بەردەرکە گوڵ، پووشی گیا ئافتابی گرتەوە، وەک کاسە، چەرخ سواڵی لەو ڕوخسارە بوو زەڕڕێ زیا ئەهلی ڕەحم و فەزڵی تۆ مەحوی دەخیل سەد کە وا نائەهلە، ڕەحمت بێ پیا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بوومە خاکی سەری ڕێی بوومە خاکی سەری ڕێی، پێیەکی تا پێما نا وتی: سەد دەفعە بخۆ ئەی حەریکەی بێ مانا تەڵەبی ڕەحم و مروەت لە دڵی ئەهلی زەمان تەڵەبی ئاوی حەیاتە لە سەرابستانا قاتی پیاوە لە سەر ئەم ئەرزە. دەبینی مەنسوور بە سەری دارەوە. زەننوونە لە بن زیندانا لە قسێکی لەبی پشکووتووە شۆری دوو جیهان قسەیەک سەد لەکی مانا لە لکی دامانا قەسەمی گوێی بە چاوی بەچەدا پیری موغان کە لەمەولا نەبی بێ وەعز و قسەی مەولانا تۆی سەرخستووە بن خاکە، سەرەفرازیی بەر هەر لە ڕێگەی تەڵەبا بوو سەری دانا، دانا وتم: ئەو خاڵە چ بوو هەر کەڕەتێکت دەرخست وتی: داغێ بوو بە جەرگ و دڵی مەحویما نا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گومبووانی چۆڵی بۆ گومبووانی چۆڵی مەحەببەتیەتی، خودا تەبشیری والسلام على تابع الهدى موستەغنییە لە مەننی سەفینە و سەفینەوان هەر کەس کە ئیشی هەر بە خودا بێ، نە ناخودا دڵ بۆیە خۆشی دێ لە نەخۆشی بە پڕ بەدڵ بیمارە چاوی یار و خۆشی دێ لە دەرد و دا بە خودا قەسەم لەگەڵ دڵی خاڵێ لە سۆزی عیشق تەکراری حەرفە، بەس دەمی پڕ یا خودا خودا گونجایشی جەلالی خەیاڵی ئەوم لە دڵ جێ بۆ نەوەی سەمایە لە یەک دانە کونج و دا لەو ڕۆژەوە جودا بووە لێم ئەو پەریوەشە، ڕۆژم ڕەشە، شوعوور و دڵم لێ بووە جودا بەس کاری دڵ توێنەوە مەحوی لە پێشتە لایحسب الأناسی أن یترکوا سدى ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەجێ نایێ دەبێ ڕوو کەینە سارا بەجێ نایێ، دەبێ ڕوو کەینە سارا، حەقی ئادابی مەجنوونی لە شارا کە چەرخ ئەسکەندەری دی دەردەدارە وتی: ئەم هەم بووە هەم دەردی دارا هەتا حەق ناسیرە، هەر حەقمە مەنزوور وەکوو مەنسوور ئەگەر بمکەن بە دارا نەگەیمە ئەو جوانە و گەیمە پیرێ مەدەدیا پیری پیرانی بوخارا لە بەر زار و نەزارێ بوومە وەک پووش دە ئەمجا ڕابوێرە من بە زارا مەگەر تۆ عەرزی حاڵم کەی لە کن یار قەڵەم، ساغی قسە، من نیمە یارا لەڕم دی زاهید ئەم زستانە، زانیم کلک نادا بەزڕپنگی بەهارا وەرە دەستێ بە خوونم کە نیگارین خوێنی من حەڵاڵت بێ، نیگارا! زوو ئەو شۆخە لە عاشق وەردەچەرخێ لەگەڵ کەس، چەرخە ئەو ناکا مودارا موژەی خوێنێ دەکا هەر لەحزە، سەیرە ئەمەندە گوڵ لە بن یەک نووکە خارا کە شک بەم مەحویا هەر شەربەتی مەرگ لە سەر ئەرزا نیە ئاوی گەوارا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێ گەیی و شیوەنیە ئەمڕۆ تێ گەیی و شیوەنیە ئەمڕۆ، دا سبەی شایی بکا پێ گەیو و دەروێشە، دا سوبحەی شەهەنشایی بکا نووری عومری سەرف ئەکا بۆ کەشفی تاریکی لە خەڵق وەک چرا هەر کەس بە شۆخی مەجلیس‌ئارایی بکا ئەر لە دنیا چاکەیێ سادر بوو، تەفرەی پێ نەخۆی ڕووسپی هەر ڕووڕەشە گەر بێ سەد ئازایی بکا بۆ دوکانی موشتەرێ گەر حەول ئەدا کاڵافرۆش دینی وا دێنێتە قیمەت خواجە ئەعزایی بکا ڕەم دەکا حەتتا لە میهر و مەه جنوون ئادابی عیشق سێبەری لێ بارە هەر کەس مەیلی تەنهایی بکا مادەری گێتی لە شیری بڕیەوە، دەبڕێتەوە فایدەی چی شەخسی لێ کەوتوو بەدادایی بکا! با حەقیشی بێ، لە بۆ مەنسوور أنا الحق حەق نیە شێتییە مەجنوون ئەگەر بێنازی لەیلایی بکا زوشت و ناشیرینە پیر، ئەمما چ شیرینە ئەگەر چاوی خوونباری نەدامەت ڕیشی خورمایی بکا دڵ لە ئیدراکی حەقیقەت بێبەشە بێ داغی عیشق مەحویا دانا دەبێ بەم چاوە بینایی بکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەم و زارێ تیا مابێتەوە دەم و زارێ تیا مابێتەوە ڕەنگاری ڕیق ئەمما، پیاڵێکی عەقیقە، پڕ لە بادێکی عەقیق ئەمما لە پڕ ئەو چاوە هەڵدەبڕێت و جەرگی عالەمێ دەبڕێ نیە، هەر بەرقە غەمزەی دڵ شکافی، بێ بەریق ئەمما لە فیرقەی خاکسارانی مەحەببەت بفکرە یەک یەک دیمەن یەک نەفەر، دامەن بە لێوی سەد فەریق ئەمما بە پێچی خوار و خێچ ئیما دەکا پیری تەریقەت: بێ حەقیقەت پیرە زاهید پیرە، گوم کردوو تەریق ئەمما چەراکردن لە باغی حوسنیا، مەنزوورییە چاوم کە دەگرێ ڕیشی لە بەحرایە غەریق ئەمما دەمێ بوو یار و هەمدەم بوو لەگەڵ دڵ سەبر و هۆش ئاخر لە بەر بێ تابی، ئەو تەشریفی برد و بێ ڕەفیق ئەمما بڵاوەی کرد و ڕۆیی کۆمەڵەی یاران و ئەهلی دڵ لە شوومی بەختە مەحوی ماوە بێ یار و ڕەفیق ئەمما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەوری هەر چاوێکی ئەمڕۆ داوە سەد فەوجی بەڵا دەوری هەر چاوێکی ئەمڕۆ داوە سەد فەوجی بەڵا دین و دڵ یەغما دەکەن، چاری کەن ئەی شێخ و مەلا وەسیەتی مەجنوونە: هەر کەس دەردی دنیا عارە بۆی خۆ بکا وەک من بە دەردی عیشقی یارێ موبتەلا کۆتری دڵ، چەنگولی بازی قەزا یەعنی موژەی دی، بە زوڵفی چوو پەنا با، کەوتە نێو داوی بەڵا وەقتی نوێژی سەر جەنازەی بۆ شەهیدی عیشقدۆست مەوج ئەدا ئەم ئاسمانانە لە دەنگی الصّلا تا نەبووری تۆ لە سەر، ڕێ ناخەیە مەیدانی عیشق سەر لە پێشی پێ دەبێ لەم ڕێگە دانێی اوّلا تورکی من کوشتارخانەی عاشقانی دی، وتی: من برنجی بر یزید، ئێرە ایکنجی کربلا مەحوی ئەمشەو ئەو پەری شێوەی لە خەو دیبێ دەبێ بۆیە ئەمڕۆ مەولەوی کەوتۆتە حاڵی حەلوەلا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەم بەحری فیتنە لەم بەحری فیتنە بەڵکی نەجاتت بدا خودا داوێنی «یاخودا» بگرە، بەردە «ناخودا» بێکەس منم، کەسێ لە زوبانم بگا نییە هەمدەم خودانەناسن و دەم پڕ لە «یا خودا» عەهد و وەفایە سوخرەیی بەدعەهدی و جەفا هەر ما بە دادی ئەهلی وەفا دا بگا خودا هەر ئەو کەسە کە خەیری دوعای خێری دیوە لێم دائیم دوعامە شەڕڕی لە من لا بدا خودا لوتفێ بە حاڵی من کە، وتم؛ ئەو وتی بە قار: تۆ شێخی با خودا و ئەمن شۆخی ناخودا غەیری ئەمە کە سوێندی درۆی پێ بخۆن و بەس قوربانی ناوی، ناوی لە ناوا نەما خودا تا زوڵمەتی وجوودە تەریکی لە نووری عیشق سێبەر نەما، هەتاوە، کە مەحوی نەما، خودا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مژدێکی چەندە خۆشە مژدێکی چەندە خۆشە ڕەقیبی ملی شکا عەیبی فەقەت ئەوەندەیە یارم دڵی شکا دای ئیزنی هەرچی دیدە غەزالە لەگەردی ڕێی بێچارە کلفرۆشە ڕەواجی کلی شکا تۆ چوویە باغ و پشتی شکا، حەقییە، باغەوان بازاڕی گوڵ شکاوە، دڵی بولبولی شکا خەندەی لەب و عەبیری خەتی تۆ بوو وەک مناڵ تۆوی تکا کە غونچە، وەنەوشە ملی شکا ڕووتێ لە سەیری پۆشتەیەک بوو چ خۆشی وت: سەیری هەیە فەرەس کە پەرۆشی جلی شکا غونچە دەمی لە باسی دەمی تۆوەدا، سەبا مشتێکی دا لە دەمی، دەم قسەی زلی شکا یەعقووب‌وەش کە مەحوییە، چاوێشەداری هیجر چاوی بە گەردی ڕاهی بەشیرت گلی شکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک بولبول ئەو دڵە وەک بولبول ئەو دڵە بە گوڵی ڕوو کە ڕوو دەکا، پەروانەیە زیارەتی شەمع ئارەزوو دەکا من وەسڵی ئەو بەرابەری جەننەت دەگرم و ئەو دۆزەخ بە ئاهی سینەیی من ڕوو بە ڕوو دەکا ڕیشێکی پان و تۆکی بناگوێ درێژ و لوول سۆفی لە دینی لا دە بە دیمەن لە جوو دەکا گەر عاشقی لە خوونی جگەر قوم دە، دەم مەدە مەیخوارە، خامکارە هەتا هاو و هوو دەکا دنیا بە حیلە مەیلی بە ئەبنای ئەگەر ببێ ئەم دایە ڕێزبارە بە فرزەندەی شوو دەکا ئەشکەوتی بایەکە دەمی واعز کە دێتە وەعز وەقتی سکووتی نەقشی سمێڵی لە قوو دەکا دا عەکسی جیلوە دەرنەکەوێ، نەک لە چاکییە ئەو شۆخە چاکی سینەی مەحوی ڕفوو دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە دڵ دەتوێتەوە بۆ تۆ کە دڵ دەتوێتەوە بۆ تۆ، دەکەی ئەو ڕۆژە تۆ بڕوا کە خۆ دەرخەی وەکوو خۆر دڵ وەکوو شەونم لە خۆ بڕوا کە ڕۆحم تێ گەیی تۆ حەز بە دەرچوونی دەکەی، دەرچوو دەبێ عاشق کە دی بێزارە یاری، بێ بڕۆ بڕوا وتم با لەم دەر و لەم کۆیە دا ئانێ سکوونەت کەم وتی: عاشق دەبێ هەر دەربەدەر بێ، کۆ بە کۆ بڕوا ڕەقیب دەرکە، ئەم بەردەرکە پاکە پیس ئەکا، فەرمووی: کە بەم بەرقاپیە لازم سەگێکی وایە، بۆ بڕوا! وتی مەحوی من و تۆ ئافتاب و سایە تیمسالین جەنابی من کە دەرکەوتم، دەبێ تەشریفی تۆ بڕوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەی لە کن ئەحمەق دەبێ کەی لە کن ئەحمەق دەبێ حاجەتی دانا ڕەوا! قەت دەکرێ چەرمەکەر یا بە عەبا یا کەوا! بەخششی دنیا مەخۆ، یەعنی بە نانێکی جۆ خۆ مەکەرە بەر منەت پیرەژنی نانەوا ئێستە کە دەستت دەگا پێ بسووە بۆ نەجات حەیفە لە دنیا بڕۆی کامی دڵت ناڕەوا گریە: دەجۆشێ لەوێ، ئاهە دەبێ نەسرەوێ نەمدی وەک ئیقلیمی عیشق جێگە بە ئاب و هەوا دینتم ئیمانە خۆ، کوفرە نەگەینم بە تۆ قوڕ بە سەرم، دینە، چوو؛ کافرییە، بوو ئەوا ئاگری داغی دڵم پەنبەیە، ساغت دەوێ نیمە وەکوو چاوی یار تاقەتی نازی دەوا کێیە دەڵێ بێ نەوا کەس نیە مەحوی نەبێ، بێت و لە هەر بن مووێ دا ببیێ سەد نەوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەردی ڕێی هەستاوە گەردی ڕێی هەستاوە جێ داوا دەکا بەختە! ماڵی چاوی کێ ئاوا دەکا! وەردەگێڕێ ڕوو کە سوجدەی بەر دەبەم هەی دەڵێ: کەی نوێژی ڕۆژاوا دەکا چاوە، جێی ئەو شۆخە بێ، وتم و وتی: ئەم مەلا شێخە قسەی بێجا دەکا کوشتەی ئەو چاوەم لە جەمعی کوشتەگان خەنجەری موژگای من منها دەکا دا بە یەکبارە بە با دا عومری خەڵق، دێ بە با کاکۆڵەکەی تا تا دەکا چاوەکەی بەیدەستی مەستیشە، کە چی هەر بە لەحزێ فیتنەیێ بەرپا دەکا ئەو کە دڵ دوقەد دەکا شیری برۆی، ئیکە خەنجەر بۆ بە قەد خۆیا دەکا! زامی دڵ وێران و ماڵاوا تەبیب ماڵی وێرانم کە ماڵ ئاوا دەکا تورکی چاوی مەستی، مەحوی موژدە بێ وا کەبابی جەرگ و دڵ داوا دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یار از وفا گذشت یار از وفا گذشت بر این کشتەی جفا شد مشهدم ز مقدم او روضەی صفا چون در قفاش دل‌شدگانش نمی‌فتند کاکل کمند جان و دل افگنده بر قفا کوردی زوبانی ئەسڵمە گەر تەرکی کەم بە کول بۆ فارسی، بە کوللی ئەمن دەبمە بێ وەفا دووری مەبینە تۆ لە کەریمی بەها نەجۆ هەرچی کە کوردە پاکی ببەخشێ بە بوالوفا عەفوم کە یا عفو بە حەق جاهی ئەو شەهە ئایەی عولووی جاهی ئەوە ئایەتی عفا مەحموودی فی السمایە، حەبیبی خودایە ئەو مەقبووڵی بارەگاه، ئەوە موختار و موستەفا صلی علیه إلیهنا ما یلیق به مع صحبه و ئاله و الأهل ذی الصفا تشویش حال من، تو ز تخلیط من بفهم ز اهل زمانه بس کە رسد بر دلم جفا گفتا بتم: وفا طلب از من تو محویا در عمر خود شنیدەای از عمر اگر وفا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شەوی هیجر بۆ شەوی هیجر ئەو مەهە وەک ئافتاب جیسمی وەک ڕۆحی، گڵی کردە حیجاب بەو جەمالە عیشق و، بەو جاهە حەسەد هەم دڵی من، هەم دڵی دوشمن کەباب با وجوودی لێوی شەککەرباری تۆ بێ وجوودە نەشئە بەخشینی شەراب بەیتی زاتی تۆ لە دیوانی وجوود مۆری حەق‌کردە بە نوقتەی ئینتیخاب بێ حیسابە گەر گوناه، باکم چیە! حەزرەتی ئەو شافیعە ڕۆژی حیساب بەر شەفاعەی ئەو شەفیعەم خەی خودا خۆشم و ئەحباب و ئەهل و داک و باب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە یادی ئەو لەبە بە یادی ئەو لەبە، ئەی شۆخی ڕوومەت ڕۆژی مەه غەبغەب لەبالەب ما لە ناڵەم سینە، هەر وەک کۆتری لەبلەب لە وەقتێکا کە ڕۆحم گەییە سەر لەب، ڕۆحی من بە فدات، دەبێتە ڕۆحی تازە، ئەو لەبەم گەر بێنیە سەر لەب بە جێیە. چونکە ئەو هەستا قیامەت جێ بە جێ هەستا لە چەرخ ئەمشەو، وەکوو ئەشکم لە دیدە، داوەری کەوکەب ئەگەر واعیز دوسەد تەعنە بدا، تەعنێکی لێ نادەم ئەگەرچی موستەحەققی لەعنە، با بۆ ڕافزێ بێ سەب حەزەر لەم حەشری بێ وادەی لە قەبر هەڵساندنی مردوو بە سەر قەبری شەهیدانا بە شۆخێ لنگ ئەدەی مەرکەب شەوی ڕیحلەت پدەر - ڕۆحی مورەووەح - وەسیەتی فەرموو: مەحەببەت مەزهەبت بێ، نووری چاوم، مەیکەشی مەشرەب دو ئەسپە مەنزڵت پێ تەی دەکەن تا سەرحەدی مردن بە دیققەت مەحویا تێ فکرە، شەو شەبدێزە، ڕۆژ ئەشهەب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەپرسێ بۆچی من دەرکەوتم دەپرسێ: بۆچی من دەرکەوتم و دڵ بوو لە تۆ غایب؟ کە وەختێ ڕۆژ هەڵات، ئەڵبەت دەبێ شەونم لە خۆ غایب چ یارایە، بە بێ ئیمایی ئەبرۆ سەیری ئەو چاوە حەرامە مەیکەشی لەم مەیکەدە بێ ڕوخسەتی حاجیب دەپرسن: کیمیا؟ خدمەت بە مەرد، ئەمما بە ئیخلاسی وەگەر نا، کەم لە بووبەکری نەبوو خدمەت ئەبوو تالیب بە ناو ئێمەش ڕیجالین و ڕیجالی هُم رجالٌ هەم بە فەجری ناو دەبەن، سەد حەیف، ئەگەر سادیق ئەگەر کازیب لە عاریف عامییەک پرسی هەواڵی مەسلەخ و قەسساب بە ئەنگوشتی شەهادەی کرد ئیشارەی مەحکەمە و نائیب لە حەق بێژی بووە بەحری أنا الحق هەر قەسیدێکم لە باتی جائیزە، واجب گەڕا قەتڵم بکەن واجیب دڵە عەرشی خودا مەحوی خەجاڵەت بە لە بەر غەفڵەت کە بۆتە بوتکەدەی بێ بەڕهەمەن یا دەیری بێ ڕاهیب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زللەی موعەللیم زللەی موعەللیم، ئەو گوڵی ڕوومەتییە خستە تەب تبّت یدا ابی لهبی بێ ئەدەب و تبّ ئازاری دام و هەر کەسە کردی لە گردی خۆی هێزم کەشی جەهەننەمە حمّالة الحطب زاهید، خودا لە ناوی بەرێ، ناوی عاشقان بۆ چێ دەبا ئەوەندە، خودایا، بە بێ ئەدەب! دڵ هەر بە داخی عیشقە ئەگەر ئیمتیازی بێ وەک نوقتەی ئینتیخابە لە سەر شیری مونتەخەب واعیز لە من بڵێ بە نەزەر تەعنە بەس بدا دینی بتانە دینی من، ئەو مەزهەبی زەهەب هەر ڕۆژە مردنێکیە بژیێ بە ڕۆحی وا دەستی کە وێ بەگرتنەوەی دەستی بۆ تەلەب بابی وتی بە هامە: غەزەب. ئەو بڵێسەیە بەربۆتە ڕۆحی بابت و بەر عومری بوولەهەب هەم دەمکوژێت و دین و دڵیشم دەبا، دەڵێ من من قتل، ئەمیشە قەتیلم، لی السّلب مەحوەیی وت و زوبانی جوابم نەبوو، گەڕا لێوی لە لێوم، ئەو دەمە ڕۆحم گەیشتە لەب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماهی من ڕۆژێ لە ڕوو لا دا نیقاب ماهی من ڕۆژێ لە ڕوو لا دا نیقاب شەو مەگەر هەڵبێ لە شەرمان ئافتاب لێوی هەر هاتە قسە، ڕۆحم چووە بۆ سوئالی ئەو، بەڵێ ڕۆحە جەواب ئەزیەتم کەمتر دەدا، دا ڕۆژی حەشر زۆری ڕانەگرن لەگەڵ من بۆ حیساب ڕامە حەتتا بۆ سەگێکی وەک ڕەقیب ئەو جەنابە هەر لە منیە ئیجتیناب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە تۆ غایب لە بەر چاوم دەبی، چم بێ لە تۆ غایب کە تۆ غایب لە بەر چاوم دەبی، چم بێ لە تۆ غایب قیامەت حازری بەر چاومە، خۆمم لە خۆ غایب خیتابت هەر عیتابە، ئەو لەبە بێتە قسە، هەر کەس موخاتەبتە، دەکا دەردەم زوبانی گفتوگۆ غایب لە خوێن و خاکەدا کۆکەن وتی مەقسوودی خوسرەو بوو ببینن ماجەرا، تەبلیغی کەن شاهید لە بۆ غایب شوکر تۆ لە فکرم ناچی، ئەگەرچی من لە فکرت چووم لە من غایب نەبی تۆ، بەسمە، با من بم لە تۆ غایب دەزانێ ڕۆژە ئەو، من شەو، کە چی پێشم دەڵێ: مەحوی حضوری گر همی خواهی، مشو حافظ از او غایب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیتتیفاقێ، ئافتاب ئانێ موقابیل بوو بەر ڕووت ئیتتیفاقێ، ئافتاب ئانێ موقابیل بوو بەر ڕووت ئافەتێکی دێ، نەما تابی، بوەستێ ڕووبە ڕووت دیارە خۆ پەروانە هەر سووتانە ئەسڵی موددەعای بۆیە ئێمەش عاشقین، ئەی شەخسی ئاتەش خوو بە خووت ئەم فیزاعەت بە دووەوە، حەقتە کە ناپرسی چیە تۆ یەکێ دائیم، هەزارێکی وەکوو من دوو بە دووت ئەی مەحەببەت! ئاگرێکی هێندە خۆش و دڵنشین ئەو کەسەی سووتووتە، هەر ئەو هەوڵ ئەدا بۆ سوو بە سووت ئەم شەرارەی فیرقەتە مەخلووقی وا کردە کەباب مالیکی دۆزەخ دڵی بەم عالەمی ناسووتە، سووت سوبحی مەحشەر بوو، وتت: سوبحەی زووە وادەی ویسال عالەمی کوشت ئینتیزاری هاتی وادەی زوو بە زووت بۆ لە باسی زوڵفیا مەحوی نەبێتە مووشکاف ڕۆح و دڵیە مُدة العمری ئەسیری موو بە مووت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە دەم مەوجی خوێنی ئەشکەوەم، بڕوانە چۆنم بۆت بە دەم مەوجی خوێنی ئەشکەوەم، بڕوانە چۆنم بۆت! دەروونم کەیلی زووخی دەرد و غەم، بڕوانە چۆنم بۆت! ڕەقیبی سەگ حەزی بوو، کوشتمت، سەیری کە چۆنی بۆم دوعا بۆ دەست و تێغت من دەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت! بە غەدداری نە وەک ناوت بەرن، بمئەنجنی، قەت من شکاتی جەوری تۆ بەر کەس دەبەم؟ بڕوانە چۆنم بۆت! هەناسەی ئاگرینم بردەوە بەر، تا دەروونم سووت بە ناڵە تا دڵت سەخڵەت نەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت! بیانوو بگرە، شێوەی خۆت بشێوێنە بە من کوشتن وەها چاوی بەدت لێ لا دەدەم، بڕوانە چۆنم بۆت! بە ئاوی گریە هەر دەم ناوی چاوم ششتووە، نەک جێت بە خوێن ئاغوشتە بێ، تۆ، چاوەکەم، بڕوانە چۆنم بۆت! غەمی خۆشی نیە مەحوی لە دڵیا، هەر غەمی تۆیە لە عیشقت‌دا دەکەم غەم بۆ بەغەم، بڕوانە چۆنم بۆت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە کەس نابێ بتی من ئاشنا بە کەس نابێ بتی من ئاشنا قەت غەزالەی بەڕ نیە ڕامی وەفا قەت مەحاڵە بێت و ئەو پێ سەر سەرم نێ بە تاجی پادشا ناگا گەدا قەت وتم: چ بکەم لە بۆ وەسڵت؟ وتی: کەس بە کەس نەیوتووە عیلمی کیمیا قەت چ ئیستیغنا، چ وەحشی تەبعییێکە نەپرسی تۆ هەواڵی ئاشنا قەت لە یادت دەرنەچم بەس، پەس هەوەستە لە دەرحەقما مەکە غەیری جەفا قەت هەموو بیسمیلیە، هەر من نیمە بیسمیل نەبوو کارێ بکا هەر بۆ خودا، قەت هەموو فەخری کە داغ و دەردە عاشق مەبەن، ڕیسوایییە، ناوی دەوا قەت وتم: بێ باکە بۆ خوونڕێزی، ئەبرۆت وتی: تێغ ئەز بڕش ناکا حەیا قەت وتی: مەحوی هەناسەی ئاگرینە بە دەم من نازکم، ناوم نەبا قەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جگر ز زخم تو معمور جگر ز زخم تو معمور و دل ز غم شاد ا‌ست ئەمەندە بابەتی عەیشی نەداوە بۆ شا دەست لە سینە جۆششی ناڵینە، چاوە پڕ ئەسرین ز یمن جور تو اقلیم درد ئاباد ا‌ست قوڕێ بکەم بە سەرا یا بە دادڕینی بەرۆک حەقی مەحەببەت ئەدا کەم، بدەی خودایا دەست غەنیمەتە، بە دەم و دەستی بگرە دامەنی دۆست لە دەستی خۆتی مەدە، داویە خودا تا دەست وتم: نیازمە بەر پێتی خەم سەرم، فەرمووی بە ناز و عیشوە: شەهی بۆ گەدا کە نادا دەست لە پێ حەرامە زڕەیی سیلسیلەی موقەددەسی عیشق ببێ بە شێر و مەگەر هەڵگرێ لە دنیا دەست هیلاکی دەستی حەناییتە، کوشتە بێ دەمی تێغ، ئەمن شکاریی پابەستوو و ئەتۆ با دەست بە دەستی غونچە دەمێ، دەستی دا کە بەیعەت بۆم چ ئارەزوومە، لە عیسا دەم و لە مووسا دەست بە دەستی دوو دەکەون ئەهلی، ئەر لە پێ کەوتن، بەسم نەدیوە لە دنیا، هەتا کو بڕوا دەست بڵێ بە ئەهلی حەسەد مەحویا وەکوو حافز: قبول خاطر و لطف سخن خداداد است ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خزر ئەگەر چاوی حەیاتی خزر ئەگەر چاوی حەیاتی بڕیە ئاوی حەیات من لە خاکی دەری جانانەمە هەر چاوی حەیات مردنێکی لە بەر ئەو قاپیەدا مەردانە بە خودا چاترە ئەمڕۆ لە گلاراوی حەیات تەنکە توێژێکی کشاوە بە ڕووا قولزومی مەوت وەک حەبابێ بە هەوا بەندە نرا ناوی حەیات ئەگەر ئازادەگییەک بێ لە عەدەمدا بۆمان، چی هەیە غەیری بە پێچی پەلەپەل داوی حەیات دەم لە دەم نانی ڕەقیبانی چ بێ مروەتییە تێکەڵی ئاوی دەباخانە دەکا ئاوی حەیات بەو هەموو تاڵیەوە شەربەتی مەرگ، ئەهلی حەیا خۆش گەواراترە بۆی ئێستە لە شەکراوی حەیات ئیزنی چوونە چەمەنی وەسڵی سپێرا بە ڕەقیب مەحویا بمرە کە مردن بووە میراوی حەیات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا بیدا، لە هێڵێکی دەدا، سەیری هەیە ڕێکەوت خودا بیدا، لە هێڵێکی دەدا، سەیری هەیە ڕێکەوت وەنەوزم دا، نیگارم هاتە خەو، ئەمشەو خەوم پێ کەوت بە لەیلاوە وەرە بەر قاپی ئەم لەیلایە ئەی مەجنوون شەهێکە سەد سەری فەرهاد و شیرینی لە بەر پێ کەوت وتم: ئاوێکی ڕەحمەت، گەیییە ڕۆحم ئاگری فیرقەت وتی: لەم دۆزەخە زەحمەت کە دەربێ هەر کەسی تێ کەوت لەگەڵ دڵ چووم و بێ دڵ دێمەوە، ئەم گەوهەرە یارەب لەوێ کەوت و بە جێ ما، یا لە ڕێ دا کەوت و بێ جێ کەوت نیگاهی گرتە غەیر و من دڵم لەت بوو، تەماشا کەن خەدەنگی گرتە کێ، شەققژنی لە کوێ، زەربی بەر کێ کەوت لە سەر شانی کەسانی دی جەنازەی من، وتی: چا بوو ئەم ئیفتادەش لە غەم ڕزگاری بوو بۆ خۆی و سەرپێ کەوت بە جیلوەی ئەو، وەکوو شەونم، فڕی هەر ئەقڵ و هۆشێ بوو کە سێبەر مەحوە لەو جێیە هەتاوی لەحزەیەک لێ کەوت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەرامی ناز ئەگەر هێنایە لەنجە سەروی مەوزوونت خەرامی ناز ئەگەر هێنایە لەنجە سەروی مەوزوونت وەکوو لەیلا، لە سەر ڕێ پرسشێ کە حاڵی مەجنوونت دەترسم گەردی خوێنی من لە شیشەی گەردنت نیشێ وە گەر نا، خەم نیە بمرم لە حەسرەت لێوی مەیگوونت خەرامت چوویە باغ و سەروی بەر بادی خەجاڵەت دا گوڵی هەر وەک دڕک ئاڵاونە داوێنی واژوونت کەمەندی زوڵفی وەک ئەبرێشمی خاوی نیگارێکت لە دڵ ئاڵا خەیاڵی خاوە دڵ لەو داوە بەربوونت حەیاتی تازە دێتە بەرم و ڕۆحم دەردەچێ، وەرنا سەدایێکی نیە وەک مەوجی گەوهەر هاتن و چوونت لە هەر شیعرێ لە دیوانت دەجۆشێ نەشئەیێ مەحوی سەدایێکی لە یەکتر جوێ دەدا هەر تاری قانوونت لە چەند و چوونی دنیادا بە زایع چوونی عومرم چەند! خودایا بەس بە زایع چم، بە حەققی زاتی بێچوونت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەلاسی بوونی قەت ناوێ خەلاسی بوونی قەت ناوێ ئەسیری زوڵفی زنجیرت لە بەر تیرت، مەلەک بێ، هەڵفڕینی نەبووە نەخجیرت موژەت قوللابی گیرا، زوڵفی دڵگیرت کەمەندئاسا مەحاڵە بەر گرێ یا بەر ببێ کەس کەوتە بەر گیرت لە ناوا باسی تۆبەی تۆ بوو ئەمڕۆ ئەی ستەمگەر شۆخ بخە ئەم تۆبە پاشی کوشتنی من، تۆ بی و پیرت بە دەنگی ناڵەوەم هات، ئەو دەمە ڕۆح هاتە سەر لێوم بڵێ: ئەی ناڵە، ئاخر ئێستە من چ بکەم لە تەئسیرت لە چینی پەرچەما نووری جەبینی دی، وتی زاهید: کە سووتا دامی تەزویرم بە نووری دامی تەنویرت فەزیلەی ئەسڵ و فەسڵ ئینسانی پێ نابێ بە ساحیب فەزڵ کە تۆ کۆسەی، بە تۆ چی مامە ڕیشی باب و باپیرت لە خاکی پاکی ئەو بەردەرکە دا گەوزا ڕەقیب، ئامان دەری کە، حەیفە گوور ئاسن خەسارەت دا لە ئیکسیرت لە بەر باری مەحەببەت ئاسمان و ئەرز ئەناڵێنن چیە ئەم دەعوییەت زاهید، جلی لێ بارە گاپیرت شوکر مەحوی کە وا موددێکە ناوی چووبووە نیسیان لە زومڕەی وەعدی کوشتن هاتووانا هاتەوە بیرت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ لە سەر خۆ چوونی پەیدەرپەی دڵ لە سەر خۆ چوونی پەیدەرپەی دەلیلی یارە هات ئەقڵ و هۆش ئەی دڵ بکە حازر، لە پێشە کارە هات ون بووە لەو ڕۆژەوە لێوی حەیات ئەفزاتی دی وا دەبێ شەرم و حەیا، ئەی ئافەرین، ئاوی حەیات بۆ وەفاکردن بە وەعدەی هاتنی بمرە، وتی: کەس نیە ئیختاری کا وا هاتووە وادەی وەفات تۆ کە دەرکەوتی مەپرسە چی بە سەر دێ جان و دڵ حاڵەتی شەونم تەماشا کە بە وەقتی ڕۆژهەڵات گەر لە تۆ دنیا بەری بوو، قەوم و خوێشت لێ بەرین گەر بەراتی بوو، هەموو عالەم بووە باب و برات الحذر لەم چەرخی کەچ بازە، بە ڕوو چەرخاندنێک چەندە سوڵتان و شەهی کردوو دەکا بێ دەست و مات واعیزیم پرسی، یەکێ شۆخانە جوابی دامەوە: وەعزی چی؟ ! سەر لنگە دەستاڕێ کڕەی دەستاڕی هات شێخ و توڕڕەی مێزەر و نەقل و نوقوولی هیچ و پووچ من بە تووڕەی یار ئەسیرم، ئەو بە کۆڵێ تۆڕڕەهات عەنبەری سارا وتم زوڵفی، نەباتی میسری لێو زوڵفی ئاڵۆزا، وتی لێوی کە ناوی من نەبات ئەو نەهاتن، دەردە؛ داغی ئەو نەهاتن، دەردەها کەس بە دەردی من نەچێ، وەک من نەبێ تووشی نەهات جوان و شیرینە ئەگەر دنیا، لە ڕوودا میهرەبان، وەردی خارە، شەهدی زەهری مارە، عەهدی بێ سەبات گەر بتی ئێمەت نەدیوە، بۆ چی دوێنێ دەتپەرست؟ ئەی بوڕەهمەن، تۆ لە لات ئەمڕۆ کە چی وەک لاکە لات چاویان، ئەم ئەهلی دنیایە، ئەوەندە برسییە پادشاکانی بە دەم دا یەک سەری یەکتر دەبات ئابڕوو یەکجاری چوونی غونچە یەکدەم خەندە بوو گەر حەیات ئەی دڵ دەوێ، شیوەن کە ما دام الحیاة بەر خودایە و بەس، لە شەیتانی شەقی، مەحوی پەناه پەس لە غەدری شەیتەنەت پیشە مەبە بەر کەس شکات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵدۆزە تیری ئاهی دڵدۆزە تیری ئاهی فەقیرانی ڕووت و قووت بۆ کوشتنە هەمیشە کە ئامادە شیری ڕووت مەحفووزی تۆ کە ڕوو لە خودا بی لە دێو و دەد بۆ حیرزی تۆ دەبێتە زرێ نەسجی عەنکەبووت دڵ زیندووە بە عیشق و، بژی تۆ لە مەرگ ئەمین بەم دەردە بمرە، تا ببیە حیّ لا یموت گەر سەنگی کۆهسارە، بووە لەعلی تابدار هەر کەس بە جەبری سەبر و حەیا خوێنی بوو بە قووت یا ڕەب لە دۆزەخ ئوممەتی «ئەحمەد» بدەی نەجات کەم بێ چیە لە کوورەیی وا باوەشێ بزووت دەیوت: قیامەت ئەڵبەتە ڕوومت نیشان ئەدەم ڕوو دەرخە، تا کوو ڕۆژی قیامەت هەڵێ لە ڕووت بەر پێی ئەوم، بە مێزەرەوە، سەر کە نا، وتی: مەحوی تەمایە بمخەڵەتێنێ بە تووری پووت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمت چی، پڕ لە دوڕ، دورجێکی یاقووت دەمت چی، پڕ لە دوڕ، دورجێکی یاقووت نیشانە و مۆری چی، خەتتێکی زمڕووت بە گریانم، وەکوو گوڵ، پێکەنی یار لە باغی من بە بارش غونچە پشکووت قبووڵم کەی ئەگەر، لوتفێکی زۆرە بە کەمتر هیندوێکی خاڵی هیندووت شوکر هەر مامەوە بۆ یادگاری بە کاری زەخمەکەی شمشێری ئەبرووت لە غەمزەی چاوت ئەبروو داگرە و بەس مەکە بۆ قەتڵی عاشق ڕەنجە، بازووت نەخۆشی عیشقی لێوت وەسیەتی کرد: بتاشن داری عوننابی بە تابووت منی بەم حاڵ و قاڵە دی کە دەیوت: کتێبێکی غەریبم دیوە، پەڕپووت بە نیلە بێ نەباتی میسری لێوت جلم، سوبحم، هەموو هەر شامە بێ ڕووت لە ناڵەی گەرمی دڵ باکت نەبوو تۆ بە ئاهی سەردی مەحوی من دڵم سووت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نە وەک هەر چاوی مەستە، خۆشی هەر مەست نە وەک هەر چاوی مەستە، خۆشی هەر مەست بە لا دا دێ، کە دێ، وەک تورکی سەرمەست لە حەجلەی ناز و ئیعزازی بە سەد ناز خودا تو حافیزی بی، هاتە دەر مەست بە دوویا شێخ و سۆفی مەستی عیشقی لە ڕێیا کەوتوون مەستە لە سەر مەست نیگاهی مەستی تا مەستانی ڕێ دا نەما لەو جێگە ڕێگەی کەس لە بەر مەست بنازم بەو پیاڵەی چاوی مەستە، بە یەک پرشنگی عالەم سەر بە سەر مەست لە بەر حوکمی نیگایا قاتە هوشیار هەتا چاوی بکا بڕ، مەستە، هەر مەست وتی: سەیری دەر و دەشتم نەماوە لە چاوم مەوج ئەدا، پڕ دەشت و دەر مەست بە جوزمەی ناوی ئەم ناوە بە چی بەم بە نەشئەی ئەو بەشەر هەم بوالبشر مەست دەناسێ بادەکەیی، مەقسوودی حەشرە دەڵێ: مەحوی بنوو تۆ تا سەحەر مەست ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەکوو ڕۆژ ئەو مەهە لەو دوورە دەرکەوت وەکوو ڕۆژ ئەو مەهە لەو دوورە دەرکەوت لەمێوە ئەشک و ئاهی ئێمە سەر کەوت کە ئەو لێو و ددانەم دی، بە جارێ لە بەر چاوم هەموو لەعل و گوهەر کەوت وەنەوزێکم شەوێ دا، گەیییە سەرم و وتی: هەستە، هەتاوت وا لە سەر کەوت لە کێ یا ڕەب خەبەرپرسی بکەم من کە هەر کەس بۆ خەبەر چوو، بێ خەبەر کەوت دڵم وەک شێری بێشەی شوعلەگرتوو لە سینەی پڕ لە سۆزم دەربەدەر کەوت بە تیر ئەمڕۆ دڕی وا هەرچی پێش هات خودا پێ داوە هەر کەس بەر نەزەر کەوت لە سەر خۆ چوو بە دەم گریانەوە دڵ گەڕەک پڕ بوو کە ئەم منداڵە دەرکەوت لە ڕۆژاواوە ئیمشەو بێ نیقابە مەهی من، ماهی عالەم بێ مەفەڕ کەوت بە خۆڕایی ئەوەندەم ناڵە کێشا لە سینەم دا پسا، ما، بێ ئەسەر کەوت برۆی ئەو شۆخە ئەمڕۆ تێغی کێشا نەجاتی دا بە ڕەحمەت هەرچی بەر کەوت بە پیر ئەو ڕۆژەوە مەحوی ئەوەندە بە سەر چووبوو، وەکوو شەونم لە سەر کەوت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەم بوو وەک ئەو دەمە کەم بوو وەک ئەو دەمە، سیدق ئەم دەمە هەم کەم بووە قات فەرەحی نەک بە دوا بێ، غەم و هەم هەم بووە قات مەسەلی عەهد و وەفا وەک مەسەلی عەنقایە پیاوەتی باسی لە کن کەس مەکە، ئادەم بووە قات لە هەموو جێ لە چ کەس بێنی مروەت نایێ کەرەم و سیدق و وەفا ئێستە لە عالەم بووە قات بە دوو بەیتێ غەم و دەردی دڵ ئەگەر بێنمە عەرز کەسی وا عەرزی کرێ خۆ نیە، مەحرەم بووە قات بە هەموو دەم لە سەدەد باس و قسەی ئەو دەمە دام کە دەمێ باسی بکەم، کەس نیە، هەمدەم بووە قات بە حەددێ بێ ئەدەبی باوە، لەمەولا سەییاد پەکی ڕاوی بکەوێ کەلبی موعەللەم بووە قات حەقی وت ئەو کەسە: نابەم ئیکە ناوی مەحوی کەسی وا زیکری ئەوانەی کە لە کن کەم، بووە قات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمزەم چییە، بە زەمزەمەی ئایات و سەد حەدیس زەمزەم چییە، بە زەمزەمەی ئایات و سەد حەدیس پابوونەوە لە شەئنی نییە تینەتی خەبیس ئەهوالی ڕۆژی فیرقەت و ئەحواڵی عاشقان لەو ڕۆژەدا موتابیقیە هل أتى حدیث عەهد و وەفا نەماوە کە جەور و جەفایە باو لەم عەسر و ئەهلە شەکوە ئەبەر تۆیە یا موغیس دڵ لەت دەبێ کە هەر دوو جگەرگۆشەی ئادەمن قابیلە ئەشقیایە، ابُو الانبیایە شیس مەحوی بە لوتفی تۆیە پەناهی لە قەهری تۆ یا غوثُ یا غیاث بکم منکم استعیتُ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ پارە حەیفە خۆ دەکەیە پوولی ناڕەواج بۆ پارە حەیفە خۆ دەکەیە پوولی ناڕەواج بۆ پارووێکی نان ئەسەفە ڕوو دەکەی بە ساج ڕێی دا لە قاپییا بمرم، پێشی سەر سەرم نا، وا گەدا دەبێ بە خوداوەندی تەخت و تاج بۆ زەبتی موڵکی دڵ بەسە لەو لێوە یەک قسە شاهم، بە سەوقی لەشکری غەمزە چ ئیحتیاج با بێنە سەیری گەردن و سینەی نیگاری من نەیدیوە هەر کەسێ بتی زیو و سەنەم لە عاج کەی دڵ دەسێنرێ لە بتێ سەندبێتی ئەو لێوی لە میسر و زوڵفی لە چینی خەراج و باج کێ قەدری شیعری ئێمە دەزانێ، بەری دەکا هەر ساحێبە لەبەرکەری کاڵایی بێ ڕەواج مەحوی عەبەس بە دیدەیی بیمار مائیلە ناگیرێ ئاشنایێ لەگەڵ مەستی نامیزاج ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە تێغت دڵ دەکا دو قەد کە تێغت دڵ دەکا دو قەد، دەدا تەبشیری قد أفلح دەنووسێتن لە سەفحەی سینە تەفسیری ألم نشرح ئەگەر ئەو شۆخە ساقی بەزمە، باقڵ قازی و موفەتیش دەبێ ببنە قەدەح وەرگر لەگەڵ فەتوی و لا یقدح ئەسیرت وەقتی کوشتن شادەمەرگن، ناگەنە کوشتن لە خۆشی خۆشییا ڕۆحی فڕیوە تا چووە مەزبەح ڕەقیب ئەو دامەنەی دی سەوزە، وەک گا لرفی بۆ هێنا نەبوو حاڵی لە لەفزی عەیبە عەیبە، تا وتم: وەح وەح بووە هەم قافیەی لێوت زوبانم، ئیتتیفاقاتە دەبێ عاجز نەبێ، وا هاتووە، ئەو ئەملەح، ئەم ئەفسەح بە خەندەیی لەب دەداتن موژدە لا تحزن بە مەحزوونان دەمی تێغی برۆیی ئیفشا دەکا تەهدیدی لا تفرح دڵی مەحوی لە سینەی تەنگیا هەر ما بە دڵتەنگی بە جاهی مووسەوی بۆ مەش وەکوو بۆ ئەو بوو ربّ اشرح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە سورمە بۆیە دولبەر خەنجەری موژگانی دا پەرداخ بە سورمە بۆیە دولبەر خەنجەری موژگانی دا پەرداخ دڵی هەڵناگرێ ببیێ لە کوشتە دەنگی ئۆف و ئاخ بە تیرێ کوشتمی، هەڵیاوەسیم، سووتاندمی، ڕۆیی دوعا بۆ حیفزی کەن، کێ دیویە جانانە وا گوستاخ گوڵ و لالەیی کەژ و کۆ، کۆهکەن دێنێتەوە فکرم کە خوونی ناحەقی ئەو مەوج ئەدا ئیستەش لە کێو و شاخ لە بەر قاپی خەراباتا، کە یا ڕەب دایمە ئاوا بێ، مەگەر خاکێ بە سەر دا کەم، بکەم گاهێ دەماغێ چاخ خەرابی عیشقی تۆ وا بێ سەر و سامان و دەروێشە سەری بێ‌تاجە، کولبەی بێ‌دەرە، دیواری بێ‌ساچاخ نەگەینە کەعبەی ئامالە هەموو ئەسبابی ئامادە کە دەستە: بێ‌عەسا، پێ: خاوسە، یەک قەتعە ڕێ: قومڵاخ لە ڕەشکی سەیدی فیتراکی چ شیرین شەهسەوارێکە کە مەحوی! هەر وەکوو دێوانە، عەنقا کەوتە شاخ و داخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی سووتا بە حاڵی زاری تیفلی دڵم و چاری کرد دڵی سووتا بە حاڵی زاری تیفلی دڵم و چاری کرد سەری زوڵفی لە دەم نا، زەهری ماری پڕ بە زاری کرد بە سەر ڕوخساری زەرددا جۆگەلەی کێشاوە ئەشکی سوور بە یادی سەروی باڵایەک ئەوەندەم شین و زارێ کرد هوجوومی هیندوی خەت سەر فەرەنگستانی ڕوخساری بە حەشرێ بوو، وەکوو ئەو حەشرە «میقادۆ» بە «چار»ی کرد وتوویانە کە نان ئەو نانەیە ئەمڕۆ لە سەر خوانە چووە، چوو، پێ چووە، کەم عەقڵە هەر کەس باسی پاری کرد قسەی زوڵفی ئەوەندە توولی کێشا تاقەتی چوو خۆی وتی: شەو نیوە بوو، نەبڕایەوە، کێ باسی ماری کرد لە بۆ ئیمدادی گریانم، دەروونی کردمە خوێناو لە چاوم سەیری کەن ئەم حوکمە جەرگ و دڵمی جاری کرد خەتی پشتی لەبی دی، بوومە چار ئەبرۆ وتی: وتمان کە هەر کەس بەختیارە ئیختیاری چار یاری کرد بەیانێ هاتە باغ ئەو ماهە، ئەم وا تێ گەیی ڕۆژە لە شەبنم، گوڵ بە دامەن گەوهەری هێنا، نیساری کرد «ڕەحە» بەو شێتیە ئەلحەق قسێکی عاقڵانەی وت: منم عاقڵ لە بەرگی عارییە خۆمم کە عاری کرد دڵی بێ بارە، مایەی کارە، هەر کەس کارووباری خۆی لە دنیادا، موەففەق بوو بە دڵ تەفویزی باری کرد جنوونی نەو زوهوورە مەحویا دێوانەگی مەنسوور کە دێوانەن هەموو مائیل بە بەرد، ئەو مەیلی داری کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ خەیاڵێکە لیقا بێ بە فەناچوونی جەسەد چ خەیاڵێکە لیقا بێ بە فەناچوونی جەسەد تا پریشان نشود کار به سامان نرسد هەر دڵێ پێوە نەبێ داغ و خەتی جێ دەمی تێغ دەعویی عیشقی ببێ دەعوییە بێ مۆر و سەنەد ئەغڵەبەی تەکیە و دەرگاهی بیلادی ڕۆمم پشکنی، دی، چەلەبی هەر جەڵەبی بوو، دەدە دەد خەو ئەزانێ نیە، دەیوت: دە بنوو بێمە خەوت نێکبەختم بە وەنەوزێ بکە، ئەی بەختە مەدەد! داغی کۆنە و شەبەقی تازە لە سینەیی چاکا تێکەڵن، سەیری هەیە پڕ لە گوڵ و لالە سەبەد غەیری وەحدەت لە وجوودا نیە، کەسرەت وەهمە شادە تەکراری یەکە، مەنشەئی ئەوهامی عەدەد چاری هەر دەرد و غەمێ کردنە مردن، چ بکا نەیتوانیوە بکا چاری غەم و دەردی حەسەد هەر کەسێ چاوی کە بەو جیلوە مونەووەر بووبێ و کەسی کەی بێتە نەزەر، دیدەیی پڕ بێ لە ڕەمەد مەحویا با بەسی بێ شیرکی تەشەببوس بەم و بەو بگرە بەس دامەنی تەوحیدی هُو اللهُ احد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوەندەی ئەهلی دنیان ئەهلی دنیا، تاقە ڕۆژێ گەر ئەوەندەی ئەهلی دنیان ئەهلی دنیا، تاقە ڕۆژێ گەر بە قەڕنێ من ئەوەندە ئەهلی خودا بم دەبمە پێغەمبەر بە کەم مەگرە سروشک و ئاه و ناڵەی بێنەوایانت کە سەیلی بێ ئەمانە، تیری دڵدۆزە، گولەی وەروەر چ کەس نابێ بە کەس دارم، نیە لەو بەردەرە یارم خودایا تۆ بکەی چارم، کەسێکم بێ کەس و بێ دەر چڵ و چۆکەر مەدە دەورم، خوداحافیز نەسیحەت گەر لە شەکوەی عیشق و لۆمەی عەقڵ ئەمن هەم لاڵم و هەم کەڕ زوبان و گوێ گلە و پەندی نە لێ دەبیەن، نە پێ دەبیەن عەبەس دێن و دەچن بەم جۆشە غەمماز و مەلامەتگەر لە ئیعجازی مەحەببەت چار فەسڵم جوملە بۆ جەمعە: سروشکم سوورە، ڕەنگم زەردە، لێوم وشکە، چاوم تەڕ سیاپۆشن لە داخی خەت و خاڵ و لێو و ڕوو و زوڵفت وەنەوشە و میسکی چین و ئاوی خزر و لالە و عەنبەر جگەر کون کە، خوێنی گریە بەردە، سینە هەڵبدڕە نیگاهێ کە، ببینە کاری تیر و نەشتەر و خەنجەر کە سەیری دەفتەری سەرگەشتەگان و خاکساران و سیابەختانی کردن، دی هەموو، مەحوی بوو سەردەفتەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر تۆ ڕوو بە خاڵێکی لە «لەیلا» شۆخ و زێباتر ئەگەر تۆ ڕوو بە خاڵێکی لە «لەیلا» شۆخ و زێباتر، منیش ئاشفتەحاڵێکی لە «قەیس»م شێت و شەیداتر بە دڵمە جوێنی ئەو لێوە، لە بۆسە نەشئە بەخشاتر لە کن تریاکییە ئەڵبەتتە قاوە سەدا لە چا چاتر لە کۆیا موددەعی دیمی، بە ئیستیهزا وتی: شاهم! گەدای ئەم کۆیە بم، شاهەنشەهێکم سەد لە شا زیاتر لە بەر دەرگاهی عیشقا یەکسەرە هەر کەس سەری دانا ئەگەر پەتیارەیەک بوو، بوو لە سەد عەڵامە داناتر بنازم بەم شەهی مەه سەیرە بۆ گەشت و گوزاری شەو سوارێکە، بوراقی تەوسەنە، جیبریلیە شاتر لە دنیا تێپەڕی هەر کەس بە باڵی هیممەت، ئازایە لە عوقباش ئەو کەسە گەر تێپەڕی، بازێکە ئازاتر ئەگەر ئەم ئەهلی دنیایە، وەکوو هەن، ڕێ خەنە جەننەت دەنائەت زوو دەکا ئەو دونیە لەم دنیایە دنیاتر کەسی من گەر کەسن، کەس من نەخاتە فکری ئەو شاهە بە یادی ناکەسان ئازوردە حەیفە خاتیری عاتیر خودا بیدا بە ڕەحمەت، داغی دڵ چاوی دڵە مەحوی بە گریە چاو ئەگەر چوو، شک دەبەم چاوێکی بیناتر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ئەو کەسە کە مەستی غرووری بە هاتی کار ئەی ئەو کەسە کە مەستی غرووری بە هاتی کار! بەو دەستی زۆرە بدڕە پەڕۆیەک لە کاری «چار» هەر چەندە خەرتەلی، لە پڕێ چەرخی پەنجەباز دەتکا بە بازی پەنجەی «میقادۆ»ی شکار یا ماری سەر خەزێنە! بترسە کە گەژدومێ بەو نووکە چزوە پڕ بە دەمت کا لە ژەهری مار زەڕڕە تریشقەیێکە کە کێوێ دەدا بە باد ئەشباح ئەوەندە زۆرە بە کەس نایەتە شومار پەس «ئەورۆپالی»! بەس بگەزن لێو، ئەمە چیە ژاپۆنیەک موحاسەرە دا چار دەوری چار چاری قەدەر بزانە نیە، چەندە چاری وا بێ چارە ما کە بوو بە دو پەنچەی قەزا دوچار لەم کارووباری چارە یەکێ چارە گرژ ئەکا وا تێ گەیشتووە کە هەر ئەسبابە دێ بە کار پڕ سیبریا، بە بێ مەدەدی زاتی کیبریا، ئەسبابت ئەر هەیە، نیە شایانی ئیعتیبار هەرچی هەیە موسەببیبە، باقێکە فانییە بەندەی یەکێ بە، بەس ببەرە عەبدی سەد هەزار مەحوی چ کەس مەناسە، بناسە خودا و بەس زیکری یەکێ کە، مارە، مەکە باسی چار و مار لەم چارە پیسە، میللەتی پاکی موحەممەدی دەر قەلعە بێ خودا! بە حەقی جاهی هەر دوو چار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ئولکەی عیشقەدا بێ چوونە سەر دار لە ئولکەی عیشقەدا بێ چوونە سەر دار بە ئاسانی مەزانە بوونە سەردار هەیە گەر عیشقی سەرداری لە سەرتا بکە مەشقێ لە وانەی چوونە سەر دار عەسایەک دەستگیری ئێمە نابێ پڕی ئەم دارە بێ گەر سەر بە سەر دار لە بەر داری حەدا من بم، ئەتۆ مەست دە قازی حەق بڵێ تۆ، حەق چ بەردار خۆشی فەرمۆ چ مەجنوون و چ مەنسوور بەشی عاشق درا هەر بەرد و هەر دار ئەوی چوو بۆ سوراغی، بێسوراغە خەبەر وایە کە کەس نابێ خەبەردار وتی: میوەی بەهەشتە شیعری مەحوی خودا نەبڕی لە باغم داری بەردار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موحەققەق هەر کەسێ مەسلەکیە حەقق و حەققە مەنزوور موحەققەق هەر کەسێ مەسلەکیە حەقق و حەققە مەنزوور سولووکی چوونە سەر دارە، تەریقەی پیریە مەنسوور لە ئولکەی عیشقە دا بۆ هەر کەسێ سەردارییە مەنزوور، عُلُوّی مەرتەبەی سەر دارە، بۆتە پەیڕەوی مەنسوور دەڵێ دانام و دڵ خۆشی دەخاتە داوی زوڵف و خەت، ئەگەر عەقڵی هەیە بۆچی حەزەر ناکا لە مار و موور! کەمالات و مەعاریف مەبیە، بێ دەخڵی هەوێنی عیشق عەجەب پشکووتووە لەم جەزوە نارە پڕ بە عالەم نوور بە خوێنم تینووە، با نۆشی کات و نۆشی بێ، ئەمما لە سەر چی، تۆ بڵێ، ئەو لێوە مۆرە وا لە من بوو سوور ویسالت نارە، هیجرت ڕۆژە ڕەش، وەک ئافتابی تۆ لە تۆ نەزدیکە پشکۆیە، خەڵووزە گەر لە تۆ بێ دوور تەعەججوب گرتمی، سۆفی کە تەسبیحم لە ملیا دی: کە بێ تەقریبە پیرێژن لە بەریا بێ بەر و بەرموور بە زەرد و سووری دنیا زەردەواڵەت لێ نەگۆڕابێ بە هەنگی تێ بگەی، هەر نێشە، نۆشێکی نیە زەنبوور لە تێغی تۆ هەتا مەحوی شەرفیابی شەهادەت بوو خوێنی بوو بە ئاو، ئیتر لە داوێنت نەما مەحزوور ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو عیشوەبازە دەرحەقی من چارە گرژە باز ئەو عیشوەبازە دەرحەقی من چارە گرژە باز بێچارە ماوە بەندە، خوداوەندی چارەساز! دەستم کە گەییە دامەنی، مردم لە خۆشیان گەردم، خودا بکەیتەوە بەو ڕوتبە سەرفراز! ئیعجازی عیشقە مەنشەئی هەر موعجیزێکی حوسن مەحموودە بەندە، بۆیە بووە پادشا «ئەیاز» ئەو چاوە چی دەکا کە هەموو عاشقانی کوشت! بێنازە ناز ئەگەر بەر و دەوری نەدا نیاز پرسی کە: حاڵی چاو و دەروون و دڵت چیە؟ هەر ئەشک و ئاه و داغە لەگەڵ سۆزی جانگوداز مەشخووڵی شەرحی «گوڵشەنی ڕاز»م، دەفەرموێ سینەم کە شەرحە شەرحە دەکاتن بە تێغی ناز حوققە و قەڵەم لە بەر دەمییە شێخی نووشتەنووس ئەفسوونگەری تەمایە لەگەڵ چەرخی حوققەباز ببیە لە من، درەختی منی لەعنەتە بەری یەعنی بکە لە کیبر و ئەنانیەت ئیحتیراز هەر کەس تەکەللومی بە أنا الخیر وەک ئیبلیس ئەمڕۆ سبەی خیتابیە یا ایّها البراز با زۆری بێ بە کەم مەگرە ئاهی بێ‌کەسان بەم سروە بایە عەرشی خودا دێتە ئیهتیزاز مەحوی! نیساری ڕەوزە کە ئەمجارە نەقدی جان مەرگ ئەر نەبوو بە حاجیز و، هەم چوویەوە حیجاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆتە موئنیس، بۆتە مەئوا، قەوم و شارێ ئەلعەیاز بۆتە موئنیس، بۆتە مەئوا، قەوم و شارێ ئەلعەیاز دێوی بێتێ، جێ بە جێ دەڕوا بە بارێ ئەلعەیاز هەر کەسێ ساتێ لەگەڵ ئەو قەومە بووبێ، تا ئەبەد، بێتەوە فکری، لە زاری دادەبارێ ئەلعەیاز ئەهلی تەزویر و فەسادن، غاسیبی ماڵی عیباد موبتەلا بن بەم بەڵایە، ئەهلی شارێ، ئەلعەیاز فیتنەجۆیی، یەک بە یەک دانە بە کوشتن، ئیشیان ڕوو بەوانە ئەغڵەبەی ئینزاری بارێ ئەلعەیاز هار و مارن، غەیری یەک یەک، یەکسەری دێو و دەدن ئیکتیفا نابێ بکەی مەحوی! بە جارێ ئەلعەیاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە داوە وەعزی بە داوە وەعزی و، خۆشی بە تاوە یا حافیز! لە هەڵقوڵانە کەلیکی دەم و لچی واعیز دەفەرموێ کە حەکیم و دەوا مەیە و ساقی دەگرنەوە لە نەخۆشی منا کەوا حافیز کە باسی لێو و و ددانی بکەن، بە دەر دەکەوێ نیساری لەعل و گوهەرکردنی دەمی لافز لە نەقسی باتین ئەسەر ئاخری دەبێ زاهیر لە ئاخرا شەل و شێتی عەقیدە ما جاحیز چ شۆخە! هاتبوو گۆیا عەیادەتە مەحوی کە ڕۆیی، ڕووشی نەدامێ بڵێ خودا حافیز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ نەبی مەلجەئی من بی تۆ نەبی مەلجەئی من بی، ئەبەدەن نیمە مەلاز لەو دەرە بێت و دەرم کەیی، بە خودا نیمە مەلاز قاپی و بابی کەسێکی کە نیشانم دە، بچم، غەیری قاپی کەرەم و بابی عەتا نیمە مەلاز تەمی غەم عالەمی داگرتووە، بێ مەعوا بووم بەر دەری مەیکەدەیە و بەس، لەوەلا نیمە مەلاز بەم هەموو تیرەوە، دڵ سینەمی دی، ئەو شێرە لەرزی هاتێ، وتی: ئەم بێشە نەما نیمە مەلاز بەختە، زاهید کە بەهەشتی بووەتە مەئوا، من غەیری بیتُ الحَزَنی دەرد و جەفا نیمە مەلاز شوکری حەق بەر دەری هەر فەقرە ئیقامەتگاهم بەر دەر و باری نە سوڵتان و نە شا نیمە مەلاز بەڵکە لەو ڕێیەوە من پەی بەمە عیمرانی بەقا مەحویا غەیری خەراباتی فەنا نیمە مەلاز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بپرسە حاڵم بپرسە حاڵم، ئیهمالی وەفا بەس بترسە تۆ لە حەق، جەور و جەفا بەس بە کامی غەیر و بێگانە، برالە! بەری بوونت لە یار و ئاشنا بەس ئیلاهی بێ بەڵا بێ نەخلی باڵات بەری بۆ من بەڵا بوو، هەر بەڵا بەس نزیکە مردنت ئەی پیرەزاهید وەرە با تۆبە کەین، ئیتر ڕیا بەس خودا ئەم دەردی عیشقەم لێ نەکا کەم هەتا هەم بەس لە باتی هەر دەوا بەس ئەوی ئەو وێڵییە بورجی زەمینە دە بەس بڕوا مەسیحا بۆ سەما، بەس لە سەر تێپەڕ بووە خوێناوی جەرگم بە سەرما بێنە، ئەی دڵ، ماجەرا بەس کە من دڵ پڕ کەدەرم و لێڵە عەیشم لە کن من بەس بکەن باسی سەفا، بەس کە نادا مەحویا دادێ بە حاڵت بەسی بێ داد و ئاه و ناڵە، با بەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ بکەم نە ئەو کەسەم کە کەسم بێ لەلا چ بکەم، نە ئەو کەسەم کە کەسم بێ لەلا بە کەس خۆشم نەگەیمە ئەو کەسە ئەو من بکا بە کەس گەر ئیشی ڕۆحتە، کە نەبوو کەس بە دەستەوە دەست هەڵگرە لە ڕۆح و مەبە ئیلتیجا بە کەس نائەهلی ئەم ئەهالیە مەعلوومی من کە بوو شوکری خودا، خودا بەس، ئومێدم نەما بە کەس لێوی بە پرسشی چ نەخۆشێ نەپشکواند دەردا! تەبیبی ئێمە کە نادا دەوا بە کەس خورشید و سایە پێکەوە نابن، دە حەقیەتی ئەو جیلوە وەحشیە کە نەبێ ئاشنا بە کەس بەس بێ سەبەب پەرستی، ئەتیببا دەوا دەدەن بەس هەر خودا تەبیبە کە نادا شیفا بە کەس زاهید وەرە ڕووێ بکەرە بارەگاهی عیشق عالی جەنابە، وا نییە هەر ڕێ بدا بە کەس موحتاجی مەرحەمەتییە چ ناکەس، چ کەس، بە گەل ئەو تاقە بێکەسێکە کە گرتی خودا بە کەس جێیی ئیعترازی کەس نیەت و نەبووە، هەر کەسێ لادا لە نابەکار و حەزەر کا لە نابەکەس گەر تێ بگەن لە گەوهەری دڵ دا چ مەوج ئەدا، ئەم شەوچراغە لەم شەوە دا کەس دەدا بە کەس حەق بێژی یەک گوناهیە مەنسوور و، حەقمە من ئەم قەتعە گەر نیشانی نەدەم مەحویا بە کەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەس بکە ئەی ئەشکی خوێنینم بەس بکە، ئەی ئەشکی خوێنینم، بە غەممازی تەلاش ڕازی عیشق و دەردی دڵ خۆ هەرچی بوو کردووتە فاش ڕوومەتی ئازاری گەییێ من کە ڕوانیمێ، وتی: من قسەم گەر دڵخەراشە، تۆ نیگاهت جان خەراش شەرتی کرد ئیتر لە کوشتن بەس بکا، یا ڕەب بکەیی ئەو وەفا بەم شەرتە کا، ئەمما لە قەتڵی من بە پاش دڵ بژێوی هەر بە دەرد و داغە، تەزییدی دەوێ قەت مەکە مەنعی، دوعاگۆ سەعیە بۆ ضمی مەعاش سینە سەد لەت بوو، سەرم سەد داغی سەودا پێوە، چووم عەرزی حاڵم کەم، بە ئیستیهزاوە دەیوت: چاک و باش سەنگسارە زاهیری عاشق، دەروونی لالەزار سوورەتی مەعشووقە گوڵزارە، جیبیللەت بەرد و تاش دەرکی سەعبە، دەم مەدە مەحوی، لە ئەسراری دەمی چونکە بۆ لاشیءە، هەر سەعیەک بکا دەڕوا بەلاش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کن من ئەسڵی نییە لە کن من ئەسڵی نییە و نەبووە عەیشی تەنها خۆش نیە بەهەشتی خودا هەم بە بێ ئەحیببا خۆش لە خۆم و لەو کەسە خۆشم دەوێت و خۆشی دەوێم خودایە، خۆش ببی و، تۆ ببی خودایا، خۆش لە زوڵفیا و نە ڕوو، لێوی هەر لە کارایە ئەو ئافتایە گەر ئاوا بووە، مەسیحا خۆش کەسێکی هەرزە بە مەجنوونی وت: خەلیفە کە مرد وتی: بە من چی، ئەتۆ بمرە، چاوی لەیلا خۆش! بەڵایەکە، چ بەڵا؟ خوبسی باتینی هەمدەم بە بێنی دەمیە دەکا وەقتی عەیشی من ناخۆش لە هینی بوونی ڕەقیبا وتم: کە حەیفە جنێو وتی: چ حەیفە، دڵی ئەو سەگەش ببێ با خۆش لە تۆش و بولبول و دێوانە مژدە بێ مەحوی بەهارە شێتە کە کردوویە باغ و سەحرا خۆش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ میهر و بێ مروەتیی تۆ بێ میهر و بێ مروەتیی تۆ هەر عەلەلخسووس دەرحەق فیداییانی جگەر سۆختەی خلووس ڕەحم و مروەتت نەبووە و نیشە، با خسووس دەرحەق بە عاشقان و لە دەرحەق منا خسووس تێر ئاوی کردووە دەمی تێغت چ گەلوەها تینوو لەو ئاوە مامەوە من هەروەها خسووس ئەم عالەمە کە مونتەزری جیلوەی ئەو مەهەن دەمرن بەو ئینتیزارە هەموو لا بلا خسووس لەو شۆخە نیمە چاوی تەرەححوم، کە مەزهەبی جەور و جەفایە، دەرحەقی ئەهلی وەفا خسووس لەم شارە خۆ هەموو ڕەوش و دەئبی ئادەمی یەکبارە باری کردووە، دین و حەیا خسووس نامەرد ئەوەندە موعتەبەرن لەم زەمانەدا مەرد ئیعتباری کەم بووە، مەردی خودا خسووس ڕەنجانی ئەهلی دڵ دڵە دەردە بەڵایەتی مونکیر کە ناوی ئێمە ئەوەندە دەبا خسووس هەرکەس لە حەزرەتێ بە تەما حەللی موشکیلە مەحوی لە حەزرەتی شەهی موشکیل گوشا خسووس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: واعیز لە ڕەندی مەیکەدە واعیز لە ڕەندی مەیکەدە دەگرێ کە اعتراض ڕازی نییە بە سەرنویشتی ئەزەل إننی لراض بەو تاعەتە کە بۆ ئەم و ئەویە، بەهەشتی ویست زاهید ئومێدەوارە بە ئەجری ڕیا ریاض تاکی ڕواوی خاکی چ مەینەت زەدە بووە، پشکووتووە لە بەزمی مەی ئەمشەو هەر إنقباض ئەم شان و شەوکەتەی لە پەناهی منایە غەم وا من دەڕۆم و دەوڵەتی غەم دێتە إنقراض وەک داغی غەم نیە، سپییە داغی ئینتیزار چاوم ببینە، چاوە! کە موتبیقیەتی بیاض نەقشی خودا ببینە، لە خەڵقی خودا گەڕێ گەر ئەهلی ئیحتیرازی، لە کەس مەگرە إعتراض مەحوی حەزەر لە چاوی نەخۆشی ئەو ئاهوە کم صادت الاسُود بالحاظها المراض ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەتێ ئاوی کە زاهید شەتێ ئاوی کە زاهید بۆ وزوویەک کردووە زایع فەقیرە، هەر بایەک ئەو هەموو ڕەنجەی چووە زایع میسالی وایە بەحرێ گەوهەری دابێ بە خەرموهرێک لە بۆ دنیا ئەوی عومری ئەزیزی کردووە زایع هەتا تۆ چوویە گوڵشەن، گوڵ بە بێنی میسکی زوڵفت کەوت کە وا ئەو ڕەنگە خۆشەی سیس و هەم بێنی بووە زایع نەکەوتە دام و، ڕامی کەس نەبوو وەحشی نیگاری من جیهانێ سەعی و کۆشش چوو لە ڕێی ئەم ئاهووە زایع خەتی دا ڕوومەتی تۆ، موو لە چاوی عاشقانت هات نەماوە، چاوەکەم، چاوێ نەبووبێ بەم مووە زایع مُوذن بەزمی شەو وەک مورغی بێوادە دەشێوێنێ هەموو وەختی لە ئێمە کردووە بەم قوو قووە زایع لە بۆ ئەربابی دنیا قەت مەدە بەست و بەیانی عیشق کە مەحوی شەرحی نوکتەی جانفزا بۆ مردووە زایع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەلامێکە لە حیکمەت کەلامێکە لە حیکمەت کەیل و جامیع: عەتاکەر هەر یەکە، هەر ئەوشە مانیع ئەمەت زانی، لە کەس باکت نەما تۆ زەرەردەر هەر ئەوە، هەر ئەوشە دافیع گەدا شەه، چونکە لا یفنىیه کەنزی شەهەنشاهی هەموو دنیایە قانیع شوکر ڕووزەردی عیشقم، نووسراوە لە سەر ڕووم ئایەتی صفراءُ فاقع لە قاپی عیشقەدا وەک شاهە بەندە لە سەر خوانە چ مەتبووع و چ تابیع ئوسوولی دینی عیشقە سووتن و بەس پەڕی پەروانەمە جمعُ الجوامع لوغاتی ئێمە ناڵە و ئاهە، قەتعەن لوغەی وا ناگرێ «بورهانی قاتیع» کە تۆ دەرکەوتی ناڵە و گریە جۆشا نیە ئەم جیلوە غەیری بەرقی لامیع زەلیلی حەسرەتم، مەحزوونی خەجڵەت کە بۆ عومری عەزیزم دا بە زایع! بەیانی واقیعم کەم، کێیە ببیێ کە سامیع زوو دەکا سەددی مەسامیع دەزانم چی م و مەحوی چم لە پێشە مەگەر ئەو هەزرەتەم بۆ بێ بە سامیع کە ئیشی ئوممەتی بێ حەشر و نەشری لە حەشرا هەر بەوە، بەو ڕەف و ڕاجیع لە سەر ئەو بێ، لە سەر ئال و سەحابەی سەلاواتی پەیاپەیی، بێ مەوانیع ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دۆزەخ لە عیشقە خاڵی دۆزەخ لە عیشقە خاڵی و جەننەت لە دەرد و داغ عاشق لە حەشریشا نیەتی جێ دڵێ فەراغ گەر عازیمی زیارەتی کەعبەیی مەحەببەتی ڕێ: چاکی دڵ؛ عەلامەتی ڕێ: داغ و شوێنی داغ عیشق ئاگرێکە بەر بووە هەر کەس دەبێ بە کەس گەر ڕۆژەرەش وەکوو شەوە بێ، بوو بە شەوچراغ دەستم دەوێ سواوی ئەسەف، دیدە کەیلی ئەشک یا ڕەب بە دوشمنیشی نەدەی دەست و چاوی ساغ دەستی حەنا نیگار و، مژە و چاوی سورمەدار بۆ غەیری خان و خانمەفەندی نییە موساغ هەر کۆششە بە کارە، ئەگەر چووبیە فەناش دڵ بوو بەگەرد و عالەمی دامەن دەکا سوراغ هەر ئاهی عاشقە دەمی پێ بێتە پێکەنین ئەم غونچە بەو نەسیمەیە بیپشکووێ دەماغ جۆبارە، لالەزارە، هەتا چاوی بڕ دەکا مەحوی بەهەشتی بۆ چیە، چ بکا لە ئاو و باغ؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لالغاوەی واعیز ئەمڕۆ مەوج ئەدا لالغاوەی واعیز ئەمڕۆ مەوج ئەدا، دەم پڕ لە کەف ڕیشی قیروسیا، کتێبی وەعزەکەی بوو بەرتەرەف زاهید و سۆفی بە شەڕ هاتن لە سەر تەزویر و شەید خێری ڕەندانە خودا کا بەرتەرەف بێ هەر تەرەف وەرنە سەیری سەرخۆشان! ئەو شۆخی مینا گەردنە بوو بە ساقی، دەم بە شەککەر خەندە دێ، مێنا بە کەف دەمدەمەی ئەم حەشرە هەستان ئەم دەمە، یا ڕەب، چ بوو لێوی نەیژەن گەییە نەی، دەفزەن کە پەنجەی گەییە دەف! کەی بە لەعل و گەوهەر ئەو لێو و ددانی دا نیشان؟ ! ئەو ڕەهندەی شاخە، ئەم خۆشارەوەی ژووری سەدەف جێ نیشانەی زامە لەو ڕوخسارە، یا ئاساری خەط یا لە ڕووی ئاوێنە لەککە، یا لە بەدرا بوو کەلەف! مەنعی ناکەم بۆیە کرد و کۆششی دامەنیە، دڵ، پێوە نیشێ، حەول ئەدا ئەڵبەتتە هەر کەس بۆ شەرەف دڵ چووە وادی مەحەببەت، هەرچی دی هەر کوشتە، یا نیوەکوژراوە، لە سەر لێو ئاه و ناڵەی وا أسف لاڵە خۆ مەحوی لە وەسفی حوسنی بێ چوونی نیگار لا لە تەئویلی خەلەف، قوربانی تەئویلی سەلەف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو دەمە ڕۆحم لە سەر لەب بوو ئەو دەمە ڕۆحم لە سەر لەب بوو لە بەر دەردی فیراق هات و زوو کردم بە پێ شاباشی، نعم الإتفاق بێمە کوێ؟ دڵبەر وتی، گەر چاوە، تۆفانێکی ئەشک دڵ، تەنووری ئاگری عیشق و خرۆشی ئیشتیاق ئەو دوو ئەبرۆیە کە پەیوەستە بە جووتە، وەک هوما سایەبانی چاوی بیمارن، لە عالەم بوونە تاق مەحشەرێ هەستا کە هەستا ڕۆیی، ڕۆیی دوو بە دووی الوداعێکی ئەوا ناڵەی هەزاران الفراق هەر شوانێ کەی دەبێتە هەمقەرینی شاهی من؟ سواری کەر نابێ ببێتە هەمتەکی سواری بوراق عەیشی ناخۆشە، سەری مەدهۆشە دایم زەڕپەرست خاسسە هەر سەفرایە بۆتە موریسی تاڵی مەزاق تا لە ماڵی دەرنەکردووی ئەم شەوی سەد شووکەرە مەحوی ئازانە بدە تۆ سێ بە سێ دنیا تەڵاق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوی ئەمڕۆ بە دەوری تەختیایە ئەوی ئەمڕۆ بە دەوری تەختیایە هەلهەلەی مەخلووق لە دەوری نەعشیا سبحەی دەبینێ وەلوەلەی مەخلووق بە پەل پەل کردنی سبحەی ئەگەر ببووایە باوەڕیان دەبوو قەت بەم حەدە نەبووایە بۆ دنیا پەلەی مەخلووق دەخاتە فکری ئەهلی مەعریفەت شێوەیی جەجاڵ الحق دەبینی بەعزە ئەشخاسێ بە دوویا خەرگەلەی مەخلووق وەها پڕ فیتنە بوو عالەم کە ئیبلیسێکی وەک ئیبلیس نەماوە مەئمەنی غەیری کڵیشە و کەڵکەڵەی مەخلووق لە پەردەی جیلوەیەکتا ڕوونمایە شۆری سەد مەحشەر نیقابێ لا دە لەو چیهرە، ببینە زەلزەلەی مەخلووق بە ئاوی تێ گەیشتین ئێمە دنیا، هەر سەرابێ بوو هەموو دەشچن بە خنکان و لە وشکیشە مەلەی مەخلووق لە سووقی دەهردا دووکانی هەر کەس موددەتی عومرە گوهەر دانە بە پشکڵ دانە مەحوی، مامەڵەی مەخلووق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک بولبول ئەی تۆ تازە گوڵم وەک بولبول، ئەی تۆ تازە گوڵم، پڕ بە دڵمە شەوق وەک قومری، ئەی تۆ سەرو سەهی، پڕ بە ملمە تەوق خۆشە بە یادی ئەو لەبەوە نۆشی خوێنی دڵ بەم نەشئە ئاشنا نەبووە غەیری ئەهلی زەوق باڵاتە وەک ئەلیف لە حورووفاتی کائینات مافەوقی تۆ کوژایەوە ناوی لە تەحت و فەوق ئەو بەرقی جیلوە شەوقی کە ئەمشەو بڕی لە ماه سینەی جیهانی بۆ بووە مەجمەر بە ناری شەوق سەیری هەیە عەقیقی لەبی، خەت بە دەوریا بۆ سەر یەمەن لە زەنگەوە لەشکر کراوە سەوق شێرێکی پێ لە سیلسیلەدایە ئەسیری عیشق مەردی، بزانە زینەتی مەردانە تەوق و ڕەوق هاتۆتە سەر ئەمە لە سەرتدا، سەر هەڵبڕە مەحوی ئەم ئیشی خێرە لە سەر تۆیە ماوە عەوق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەیاتم سەرفی عیشقت کرد حەیاتم سەرفی عیشقت کرد بە ئومێدی فمن یعمل بە هیجرت کوشتم و نەتکردەوە فکری و من یعمل جەمالت حەیفە دەرخەی بۆ کەس و ناکەس، وتم. فەرمووی: جەلالی حوسنە ئێمەی کردە شاهەنشاهی لایُسأل وتم: ئەم عالەمە دڵیان ئەسیری غەمزەتە، بەس بێ! وتی: کەی بۆتە قووتی شاهبازێ پڕ بەکەف خەردەل! موسەببیب حەز نەکا، پڕ عالەم ئەسبابت پەڕێ کایە فەقەت چاری نییە قەت یەک بە دوو بینینی مام ئەحوەل بە چی، بۆ چ ئەم غروور و کیبر و نازە، دەبیە تۆزێ خاک بە ئەسڵ و فەسڵ ئەنازی؟ چۆڕە ئاوێک ئەسڵتە و ئەووەل پەلی داوێنی پاکت گرتنی بۆ بوو زیاد ئەوجا لە مەیدانی مەحەببەت دا ئەگەر مەحوی کرا پەل پەل بە جێ ماوم لەگەڵ من حەسرەتا، مەکسم لە سەر بایەک بە جارێ هاژە بێنم مەحویا وەک دارەکەی سەرکەل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شنەی بادی بەهاری هاتەوە شنەی بادی بەهاری هاتەوە، خۆشی لە تۆ بولبول! بە شایی هاتی گوڵ کۆکی کە سازی چەهچەهە و غولغول چەمەن هەر سەرو و نەسرینە لە تەرزی خوابگەی شیرین سەری کێوانە یەکسەر وەک کەناری کۆهکەن هەر گوڵ چ شۆرێکی جنوونی پێوەیە بای ئەم بەهارانە لە شارا هەر زڕەی زنجیرە، سەحرا شۆڕشی بولبول! دەبینی قل هُو الله خوێنەکانی کونجی مزگەوتان ڕووەو سەحرا، کە دەبیەن وا سوراحی هاتەوە قولقول دەبینم سیبحە دەر دەستانی مل کەچ بوو لەتەکیانا، لە سەحنی گوڵشەنا سەرمەست و دەستەملانی شیشەی مول هەموو خوێنی شەهان و تاجدارانە لە بن خاکا کە وا هەوری بەهاری سەرزەمینی پێ دەکا گوڵ گوڵ زوبانی لاڵە، بۆ حەیرانە، حاڵی بۆ پەڕێشانە لە سۆسەن دەفکرم مەحوی، لە وەزعی نێرگس و سونبول ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەروانەیەک بە بولبولی وا وت پەروانەیەک بە بولبولی وا وت کە بُوالفُضُول سووتانە ئیشی ئەهلی مەحەببەت، نە هوولەهوول چاوی لە وەعدی کوشتنی من چاوی دزیوە خوونکاری وا دەبێ لە قسەی خۆی نەکا نکوول بەم ئیختیساسە سا سەری من بۆ نەگاتە عەرش هات و لە سەرمی دا، وتی: ابدأ بما یۆول وەک دێوی لەعنەتی کە کەلامی قەدیمی بیست زاهید کە باسی عیشق ئەبیسێ، دێتە جوولەجوول سەججادە مەی پیا ڕژاوم و عوریان و لەش بە خوون نوێژم مەزەننە وایە لەمەولا بکەن قوبوول دەرچوو لە حەددی غایە عورووجی دەجاجیلە یا ڕەببی تۆ بکەی کە بکا عیسەیەک نزوول زاڵم! سبەی بە زەڕڕە حیسابت لەگەڵ دەکەن ئەمرۆش، ئەتۆ مەبوورە، حیسابت بکە بە پوول ڕێگەی هودا تەریقەتی عیشقە، دە مەحویا وەرن و پیا بڕۆن و و صلُّوا علی الرسُول هەر ئەم تەریقە بوو بە هەموو سەحبی گرتیان ڕۆیین پیا هەتا گەیینە مەرتەبەی وسوول ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسیر و سەیدی قەیدی کەید ئەسیر و سەیدی قەیدی کەید و شەیدی نەفسی ئەممارەم لە دەست ئەم مارە بەدچارە، چیە چارم، خودا چارەم! لە حەفتا تێپەڕیم و حەفتەیەک بۆ دین و بۆ دنیا بە کاری خۆم و کاری کەس نەهاتم، وەی چ بێکارەم! چ خۆش وەقتێ بوو ئەو وەقتەم لە گۆشەی بێکەسی دا بووم وەکوو هایم لە دەشتی ناکەسی دا ئێستە ئاوارەم بە ناخوون سورەتی یارم سەفحەی سینە نووسیوە لە حەشرا وەقتی نەشری نامە کردن، منم و سیپارەم سەراپامی بەر ئەشکەنجەی عوقووبەت گرتووە دەوران لە بەر بێدەستییە وا تێ دەگەن خەڵقی کە بێچارەم لە جەیبمدا ئەگەر یەک پارە شک نابەم، چ پەروامە خودا گەر قابیلی دیبم هەتا سەر جەیبی سەد پارەم نە شەیتان و نە دەوران و نە خزمانم بە من ناکەن ئەوی نەفسی خەسیسم مەحویا کردوویە دەربارەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوی دڵدار و دولبەرمە ئەوی دڵدار و دولبەرمە ئەوا دەڕوا لە بەر چاوم بە دوویا بۆ چی دڵ نەتوێتەوە نەڕوا لە بەر چاوم خەریکی حیفزی حزبُ البحرە یار، ئەڵبەت بە فکرێکە خودا حیفزی بکا، باقڵ قەدەم دێنێتە سەر چاوم بریقەی بەرقی جیلوەیی کێ جەلا بەخشی بیناییمە کە قورسی ئافتاب و مەه وەکوو تەم دێتە بەر چاوم لە کن پشکووتنی غونچەی دەمی، وەک گوڵ، سەراسەر گوێم گوڵی ڕوخساری دەرخا، نێرگس ئاسا، سەر بە سەر چاوم دەبێ حورمەت بگیرێ جێ نەزرگەی حەزرەتی یارە کە ناکا دەم بە دەم تۆفانی دەم زێر و زەبەر چاوم بە شۆخی دین و دڵمی دا بە تاراج، ئێستە وەک سۆفی بە سەبحەی ئەشکەوە هاتۆتە سەر تەرکی نەزەر چاوم سەبا کوحلی غوباری ڕێی کەسێکی پێیە دێ مەحوی بە بێ حیکمەت نییە دەفڕێ لە ئێوارێوە گەر چاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بنازم من بە کوفری زوڵفی تۆ بنازم من بە کوفری زوڵفی تۆ ئەی ئافەتی ئیسلام کە ئەستۆبەندی جیزیەی خستە مل ئیمانی خاس و عام بە دەفی سیخنی کردن لە زاهید ڕاغیبی مەی بوو کەچی ساقی وتی: نادەم بە کەمفام ئەز مەیی گوڵفام لە ڕۆژێکی فەلەک ساقی بووە، تێ فکرە لەم بەزمە قەدەح ئاشامە هەر نادان و هەر دانایە خوون ئاشام فسانەی من بووە زینەی مەجالیس، ئافەرین ئەی عیشق چەها بێ نام و خامی وەک منت کردۆتە ساحێب نام بە حیرەت لەو گوڵەندامەم کە وا بادامییە چاوی دڵی نازک وەکوو گوڵ، هەم ڕەقە وەک توێکڵی بادام بناگۆشی لە چینی زوڵفیا دەرکەوتبوو، دەت وت ئەمە بازی سپی سوبحە، چووە بن باڵی زاغی شام بە مەحوی کێ خەبەر دا بۆ سەفەر چوو ئەو دلارامە! هجوومی غەم بە جارێ هات و یەکسەر باری کرد ئارام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڕوانە سووتنم بڕوانە سووتنم، وەرە بڕوا کە من نەمام پەروانەم ئیترم نییە پەروا کە من نەمام ئەو نەونەمامە کەی بەری میهر و وەفا دەدا بۆ من، لە دەستی جەور و جەفا دا کە من نەمام! بازاڕی دەرد و خەمکەدەی ئەندۆه و کونجی غەم بێ ڕەونەق و نیشات و سەفا ما کە من نەمام مانم ئەوەندە پڕ فەتەراتە، کە قەوم و خوێش ئومێدی هەر بە عەفوە، خودایا، کە من نەمام چقڵی مەزاری من چەقییە دامەنی، چ سوود شوومی بە ڕۆکی بەختمی بەردا کە من نەمام ئەو شۆخە هەر کە نەعشی منی دی، قیامی کرد چی بم من؟ ئەم قیامەتە هەستا کە من نەمام مەحوی کە غەمییە مردم و غەم پەروەری نیە غەم مایەوە بە بێ کەس و مەئوا کە من نەمام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیبیێ یا نەیبیێ بیبیێ، یا نەیبیێ، من داد و بێدادێ دەکەم گوێ بداتێ، یا نەداتێ، ئاه و فەریادێ دەکەم حەققی ئیخلاسە بەجێ هێنانی ئادابی خولووس پێ بزانێ یا نەزانێ، من بە دڵ یادێ دەکەم بێستوونی عیشقی شیرینێک ئەوا هاتۆتە پێش گەر لە حەق بێم و نەیەم، تەقلیدی فەرهادێ دەکەم ئاوی تێغی وەفقی هەر توشنە لەبێکە، من نەبێ کارگەر بێ یا نەبێ، لەم مەزڵەمە دادێ دەکەم دەرسی عیشقم هەر لە کن پەروانە یا بولبول بووە بیگەمێ یا نەیگەمێ، هەر مەشقی ئوستادێ دەکەم کوشتنی ئیسفەندیاری نەفسە بەستەی ڕایی پیر گەر مەدەد کا یا نەکا، لەو شاهە ئیمدادێ دەکەم بەم نزیکانە لە بەرمە مەحویا! ڕێگێکی دوور بێتە دەستم یا نەیێ، هەر کۆششی زادێ دەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم! بە شەمعێکی وەها چاری شەوێکی وا نەکەم، چ بکەم! لە خەزنەی دڵمدا هەرچی هەیە، هەر داغی سەودایە دەسا ئەم نەقدە دەردی عیشقی پێ سەودا نەکەم، چ بکەم! لەگەڵ دەستی مەلا ڕێ ناکەوێ زونناری زوڵفی یار وەکوو «شێخ» ئیختیاری مەزهەبی تەرسا نەکەم، چ بکەم! لە ڕێی ئەو شۆخە دا خۆم کردە خاک و پێی نەنا پێما دەسا خاکی هەموو عالەم بە سەر خۆما نەکەم، چ بکەم! دەمێکە شاری پڕشۆری مەحەببەت مات و خامۆشە بە قانوونی تەجەننون شۆڕشێ ئینشا نەکەم، چ بکەم! لە چاوانم نەما بۆ گریە، نۆبەی سەجدە بەر دەریە سیاساڵم نەبارە، نوێژی ئیستیسقا نەکەم، چ بکەم! لە سەر تۆم دوشمنە دنیا، قەزییەم مانع الجمعە کە تەرکی تۆ نەکەم، تەرکی هەموو دنیا نەکەم، چ بکەم! بەجێ ماوم لە یاران، نابەجێ ماوم. ئەجەل، زوو بە! بە مردن لەم قسووری ژینە ئیستیعفا نەکەم، چ بکەم! ئەوا لەیلا بە ڕۆژی حەشر ئەدا وادەی لیقا مەحوی! هەتا قامی قیامەت، ئاه و واوەیلا نەکەم، چ بکەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە پیر ئەو ماهەوە چووم بە پیر ئەو ماهەوە چووم و بە سەر چووم پەری بوو، ئەو نەبوو، شەو بوو، بە سەر چووم تەلێ نێرگسم و باغی حیرەتم پێ بە فەڕ هات و وەکوو گوڵ زوو بەسەرچووم گڵەی پێشم لە سەر سەر هەم بووە بار کە دی من دولبەرم هات و بە سەر چووم دەزانم بادیەی عیشقە خەتەرناک کەچی هەر چووم، ئەگەر مام و ئەگەر چووم لە حینی نەزعی ڕۆحا، ڕۆحی عاشق وتی: ئۆخەی لە میحنەتخانە دەرچووم بە ئۆغر کردنی من بوومە قەقنەس کە ئەو چوو بۆ سەفەر، من بۆ سەقەر چووم وتی: قەت وا مەیە، من واوە هەر دێم نەهات ئەو وا قەت و من واوە هەر چووم شوکر موورم بووە پاماڵی میرێ بە بێ نامی ژیام و ناموەر چووم غەمی قاتیلمە مەحوی! مونفەعیل ما لە حەشرا کفنی خوێناوی بە بەر چووم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەرەب کەن شوکر تەرەب کەن، شوکر زۆری هێناوە غەم توقّع زوالاً اذا قیل تمّ بەس ئەمرۆ بڵێ من سبەی وا دەکەم هەموو «وا دەکەم»تە سبەی وا نَدَم زمانت کە ببڕی قسەت دێ بە کار قەڵەم دادەدەم، پەندی خۆ دادەدەم بە بێ جێ کەسێ بێ بکا غەیبەتم، سەگی هارە، دێ دەمگەزێ پڕ بە دەم لە جێ مانەوە ترش و تاڵت دەکا ترێ بوو بە سرکە، عەسەل بوو بە سەم زەعیفی منی کردە پووش، ئێستەکەش لە من هەر دەکەن ئەم غەزالانە ڕەم لە کۆیا منی گرتە بەر تیری تەعن ڕەقیب ئیشیە قەتڵی سەیدی حەرەم لە شێوەت پەشێوانی فورس و عەرەب لە لەهجەت خورۆشانی ڕۆم و عەجەم کە لەو بەردەرە بووم بە قاپی نشین منم مەحویا واریسی تەختی جەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیارم دەیری عیشقە دیارم دەیری عیشقە، جێ بە سووتن بێ لە وێ دەگرم کە من مشتێ چڵ و چێوم، بە چی بم، کەڵکی کێ دەگرم! نەگەییە دامەنی دەستی دوعا، جا دەبمە خاکی ڕێی تەریقەی گۆشەگیری بەردەدەم، ئەمجارە ڕێ دەگرم کە دادی یەئسی خۆمم بردە لا، ئەم عارفە توند بوو وتی ئاخر سبەینێ جەژنە، خوێنی تۆ لە پێ دەگرم لە ڕووسووری عیبادەت لام و ڕووزەردی خەجاڵەت مام بە ناوی سێوی ناوم باغەوان و من بەهێ دەگرم لەسەرخۆ چوونە، شەیدا بوونە، قوڕ پێوانە، سووتانە هەتا مردن، مەحەببەت ئێشی زۆرە، ڕیزی لێ دەگرم چ شۆخە ئاگرم تێ بەردەدات و پێم دەڵێ: یا شێخ! بە خاشاکی دەوت شوعلە، عەسامە دەستی پێ دەگرم کە سینەی ڕێشمی بەو تێغی نازە ئەنجن ئەنجن کرد وتی: پەژموردەیە ئەم لالەزارە، ئاوی تێ دەگرم لە پاداشتی قسەی سەردا هەمە ئاه و هەناسەی گەرم کەسێ شێتانە بەردم تێ گرێ، من بەرقی تێ دەگرم شوکر هوشیارە مەحوی، تێ دەگا دنیا خەراباتە کە بەدمەستی بکا ئەهلی، خراپەی بۆچی لێ دەگرم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غونچەدڵ بوونم لە حەسرەت لێوی تۆیە غونچەدڵ بوونم لە حەسرەت لێوی تۆیە، غونچەدەم! غونچەکەی تۆ مەر شیفا دا غونچەکەم، ئەی غونچەکەم! سینەچاکم وەک گوڵ و، دڵ پڕ لە خوێنم غونچەوەش بێ گوڵی ڕوخسار و غونچەیی لێوەکەت، قوربانی بەم غولغولی بولبول لە عیشقی گوڵ نەبوو لەم سوبحەدا شەعشەعەی ئەو غەبغەبە کەوتبووە سەر ئەم باغە هەم لاڵە بێ لالەی ڕوخت مەحوی، وەکوو مورغی خەمۆش مەر بە چاکی سینە وەک گوڵ شەرحی دووری کا، سەنەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە باسی مەینەت و دەردی دەروونی لە باسی مەینەت و دەردی دەروونی بۆیە دەم نادەم لە خوێناوی دڵی پڕغەم کە سینەم مەوج ئەدا تا دەم غەمم دێتێ کە بۆ وەک کۆدەک ئاگر بەردەمە کاغەز لە بۆ نوسینی غەمنامەی دڵم هەرگا قەڵەم دادەم هەلە، پاڕانەوە ئەمرۆ، زوبان و دڵ لە کارایە زوباناوەر کە بەستەزمانە سبحەینێ کە قووچا دەم بە حەق هەر حەق، بە ناحەق ناحەقم وتووە لە ڕۆژێ بووم وەکوو مەنسوور ئەگەر بیشمکوژن ناکەم لە حەق لادەم بڵا گوڵ ئاتەشی تێ بەر ببێ، پەروانە بێ بولبول دەبێ هەر بچمە باغ و ڕازی دڵ شەممێکی بەر با دەم سبەینێ وەرنە سەیری کوشتنم وادەم چەها داوە لە سەر وادەی درۆی ئەو نادەم ئیتر وادە، قەت نادەم وتم: گەر حاڵی مەحوی تێ بگەی ڕەم بەم حەدە ناکەی وتی: ئەو تێ نەگەیوە، من پەری م و ئەو بەنیئادەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ناکەس کارییا خاکم بە سەر لە ناکەس کارییا، خاکم بە سەر، ڕۆیی بە با عومرم خودا! تۆ بمژیێنە تا لە بەر قاپی کەسێ دەمرم بە زایع چوو لە ما لا یعنىیا وەقتم هەموو، یەعنی دەبێ وەقتێ لە بوالوقتێ بخوازم دا تیا بمرم ئەجەل دەورم دەدا: حازر بە! وادەی دەور و تەسلیمە منی غەفڵەتزەدە هێشتا خەریکی مەسئەلەی دەورم خەیاڵی پووچی دنیا وا دەماخ و دڵمی پێچاوە قیامەت، هەر مەگەر ڕۆژی قیامەت بێتەوە فکرم لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ هەوا دەشنێ وەکوو منداڵ لە بەر پیری سەرم خۆی ناگرێت و تازە پێ دەگرم چیە سووچ و گوناهی؟ بۆچی دەیکاتە جەزاخانە؟ لە قەبر هەڵکەن، هەتا ڕۆژی جەزا دەعوا چیە قەبرم سبەینێ یُحشرُ المرءە، براگەل، فرسەتە ئەمرۆ تەبەڕڕا بن لە من، با کەس نەبێ حەشری لەگەڵ حەشرم لە من نازانم ئیتر نەفسی بەدخۆ چی دەوێ مەحوی کە بەدکردار و بەدڕەفتار و بەدئەفکار و بەدتەورم مەگەر بەر مەوجی بەحری ڕەحمەتم خا وەسفی سەتتاری وەگەرنا، زەحمەتە پا بوونەوەم، نامومکینە سەترم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناڵەم لە سینە هەم لە دڵم دەرد ناڵەم لە سینە، هەم لە دڵم دەرد و غەم حەرام بێ، بێ تۆ بەزمی عشرەت و عەیش ئەر نەکەم حەرام ئیعلانە: عاشقانی بە کۆیا نەکەن گوزەر فەتویی چ مەزهەبێکە: تەوافی حەرەم حەرام! جۆبارە، لالەزارە، وەرە سەر چەمم، وتی: ئاشووبە ئەم بەهارە، بووە سەیری چەم حەرام خوێناوی جەرگ و ناڵەی دڵ گەر عەتا کرا نۆشینی مەی، سەماعی نەیە و زیر و بەم حەرام ئەو تەکیە سەببی عیشقی تیا بێ، تیا مەبە بۆ سوننییە تەوەتتونی موڵکی عەجەم حەرام گەر ئاگری مەحەببەتی شک بەم لە دۆزەخا، ئەو دۆزەخە بەهەشتمە، جەننەت دەکەم حەرام بۆ سەیدی مەحوی، ئەو موژە ئیمایە کا، بەسە سەحرایی ئولفەتە کە لە نێچیری ڕەم حەرام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهاری عومری ئەوا گەییە حوزەیران بەهاری عومری ئەوا گەییە حوزەیران کە چی وەک کۆدەک ئێستە دەچمە سەیران دەبێ ڕەم کەم لە شار و ببمە وەحشی نیە حیلەی ترم بۆ ڕامی جەیران لە ئاوی تێغی هەر زامێ بوو ئاوا بڕینی من نەبێ هەر وایە وەیران بە نەشئەی بۆنی گوڵزاری چ کۆیەک لە تەنما مورغی ڕۆحم هاتە تەیران؟ ! سولەیمانم هەواڵی مووری پرسیم لە ناو ئەمسالم ئەز هودهود لە تەیران بریقەی بەرقی جیلوەی تۆ لە چاوی نەدا بێ، بۆ چیە ئایینە، حەیران؟ ! لە مەحوی دڵ ئەگەر ون بوو وەکوو گەنج سۆراغی کەن لە کونجی کۆنە دەیران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوداکەی بەس کە بۆ دنیا خوداکەی! بەس کە بۆ دنیا ئەمەندە ئایین و ئۆیین تەماشا کە ئەحیببا ساغ و ئۆیین چی هەموو ڕۆیین لە مانم دا نەدیوە حاسڵێ غەیری تەوەححوش من خودا پێ دا و ئەوانەی لەم وحووشستانە زوو ڕۆیین لە بەرچاوی بتم کەوتووم ئەمن، وەک ئەشکی نەومێدی هەتا دەچمە فەنا، خاکم بە سەر منم و بە ڕوو ڕۆیین بڵا نەیشگەمێ، هەر بۆ سەرەفرازی بە سەر نەک پێ بە ڕێگەی یاردا لابدّ منه دوو بە دوو ڕۆیین عیبارەت چی هەیە؟ هەر «سیمیا» تەعبیری پێ لێدەم لە دنیایەک عیبارەت بێ لە مەحزی هاتن و ڕۆیین برۆ داگرتنت عوششاقی پێ چوونە شەرارەی مەرگ دەها مەرگ ئینتیزارێکن بە ئەمرێکی برۆ ڕۆیین لە بەینی نوور و زوڵمەت ئامەشۆ سەر ناگرێ مەحوی نیگارم بۆیە پێمی وت: لە من هاتن، لە تۆ ڕۆیین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەخسێکی ساحێب ئەحواڵ پرسی شەخسێکی ساحێب ئەحواڵ پرسی کە ئەی فلاتوون! یوونانییانی قەومت بۆچی بە دەردی سەگ چوون؟ ئەو زووفنوونە جوابی دابوو: بە جێیە وا بێ: خۆی دایە بەر شیهابی ساقیب کە دێوی مەلعوون باتیل موقابیلی حەق وەستا، بەتاڵە ئیشی گەردی بە بادە خاکێ بێ هەڵپژێ بە گەردوون خورشیدە موعجیزەی شەرع، زوڵماتە سەفسەتەی پووچ ئیسلامییان هەموو دین، یوونانییان هەموو دوون لەم کارەدا تکاکەر کێ: حەزرەتی ڕیسالەت لاسیمّا تکاگر کێ: ذوالجلالی بێچوون فەتح و زەفەر بە ناوی کێ بێ؟ خەلیفەی ئیسلام عەبدولحەمیدی غازی، سولتانی ڕوبعی مەسکوون سائیل کە لەو جەنابە فائیز بوو بەم جەوابە مەزموونی پڕ لە حیکمەت، ئەلفازی پڕ لە مەزموون پێی وت بە سەد تەئەددوب، ئوستادی بێ تەعەسسوب! بەم حاڵە و ساڵە لایق تەئریخی چی دەفەرموون؟ دووبارە هاتە گوفتار: من زوو وتوومە ناچار ئیسلامییان بفەرموون، یوونانییان تەلەف بوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە مەیخانە، خودا لە مەیخانە، خودا، گەر ئێمە دەرچین، بە کێ بەین ئیلتیجا، بۆ کێهە دەرچین؟ کە ئێمە چوونە جەننەتمان بە تۆ دا، لە ئێمە لا دە زاهید! ئێمە هەر چین خەت و زوڵفی بە یەک دا دێ لە سەر ڕوو مەگەر زەنگ و خەتا شەڕیە لە سەر چین لە باوەشما دەدا مەوج ئەشکی حەسرەت کەمەرتی گرتە باوەش تا کەمەر چین ئەوەندە تەنگ و ناخۆشە، لە دنیا خۆشە دەرچوون، ئەگەرچی بۆ سەقەر چین سەرت پێ لازمە، مەیبازە مەحوی دەبێ دولبەر کە هات ئێمە بە سەر چین مەحاڵاتە لە بەندی زوڵفی دەرچوون چەها چینە، چەها چینە لە سەر چین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیسبەت بدرێ حوور و پەری نیسبەت بدرێ حوور و پەری گەر بە لە تۆ چوون، باڵیدە دەبن تا دەگەنە ئەوجی لە خۆ چوون ئەم خەڵقە کە وا تێ گەییون گەییونە مەقسوود ڕێشگاویەکی مەحزە، بە دەردی من و تۆ چوون بۆ جیلوەی بێچوونی نییە قوەتی چوونم لا حول و لا قُوّة کە من حەولمە بۆ چوون بێچوونە عەدەم، پەی بە سۆراغی دەمی نابەیی فایز ببە بەم گەوهەرە لەو بەحرە بە ڕۆ چوون موشتاقی دەمی تێغت ئەوەندە بە بەهانەن بۆ چوونە فەنا، هەر بە ئیشارێکی برۆ چوون خەندێکی لە غونچەی دەمی تۆ دی کە لە باغا هەر لەو دەمەوە لێو و دەمی غونچە لە گۆ چوون بۆ قورسی گەنمگوونیە ڕۆحی چووە مەحوی وەک زاهید و سۆفی کە لە بۆ خەپلەیی جۆ چوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک گوڵ هەموو دەمە دەرەوەم وەک گوڵ هەموو دەمە دەرەوەم سەر بە سەر زوبان وەک غونچەیە دەروونی، دڵی گوڵ لە سەر زوبان یەعنی، کە زیکری زاهیرم و فیکری باتینم هەر وەسفی لێوتە، بە هەموو دەم، بە هەر زوبان ناوت دەبەم، دڵم بە زوبانم حەسەد دەبا یادت دەکەم، لەگەڵ دڵەکەم دێتە شەڕ زوبان دێ باسی دیدە و لەب و گوفتاری تۆ بکەم بادام و شەککەر و نوقڵم دێتە بەر زوبان هەر حەرفی کوشتنە کە دەمی پێ بپشکوێ ئەم تووتیە بە خوونی پژاوە مەگەر زوبان بۆ شوکری جەوری ئەو دو برۆیە لە قەتڵما هەر بن مووێکە میسلی گوڵی شەست پەڕ زوبان هەر ئەم زوبانە باعیسە بۆ سەربڕینی شەمع مەحوی! سەرم ڕەحەت بووە بێڵێ ئەگەر زوبان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەموو عالەمتە پابەند هەموو عالەمتە پابەند و لە دامان کە چی دەستی کەست ناگاتە دامان دوهاتی ئەورۆپا وەک ئەهلی دێهات لە چارەی دەردی عیشقا جوملە دامان برا! مەردم دەوێ عەقڵی نەلەنگێ بە لەنجەی ناز و عیشوەی نەو نەمامان لەگەڵ زانت دەکەویە کۆشی دنیا سبەی قاتیلتە، ئەمرۆ بۆتە مامان سەر و سامانمت پرسی، مەپرسە! سەری تۆ خۆش، نە سەر ماوە نە سامان غورووری حوسنە فیرعەونی بە تۆ دا ڕەقیبی سەگ بە چی بوو بوو بە هامان؟ ! لە دنیا دا وەکوو منداڵی ناکام بە ناکامی دەچن دنیا بە کامان بەهانە مەگرە، لەو جامانە جامێ کەرەم کە، ساقیا، بگرە ڕجامان بە کولفەت ئەو، بە ئولفەت ئەم گرفتار وەکوو یەک زاهید و مەحوی لە دامان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو کەسێ پرسی شەو کەسێ پرسی لە خۆ دەرخستنی پەروانە شەو ئەو وتی: ناتێگەیشتوو! تەجرەبەی مەردانە شەو هەر سیا بەختانی عیشقە مەزهەری نووری هودان شەو نەبێ ئەستێرە مەستوورن، بە کەم مەڕوانە شەو ئەم سیا ڕۆزی منە پۆشیویە عەیبی کەسان ئاشکارە سەتری ئەحواڵی گونەهکارانە شەو بۆیە زوڵمەت پۆشە، نووری ئەهلی جەوهەر دەرکەوێ سەیری حەققی کەن لە سەر ئەم ماه و ئەستێرانە شەو نەبووە، نابینی لە شەو مەحرەم ترێ تا ڕۆژی حەشر پەردەپۆشە، هەمدەمە، هەمدەردی عوششاقانە شەو شەو، هەموو شەو چاوەڕێیە ڕۆژ هەڵێ، هەر ڕۆژهەڵات مەحوە سەرتاپا لە بەر پێتا فیداکارانە شەو خودپەرستینە! لە شەو فێری پەرستن بن، کە خۆر هەر دیاری دا، بە دەوری سەریەدا قوربانە شەو فیرقەتی ڕۆژە دەروونی کردە داغێکی سیا وەک منی سەودازەدە ئاتەش زەدەی هیجرانە شەو گەر فیراق ئاگر هەموو ڕۆژێ لە جەرگی بەرنەدا، بۆ هەموو شەو تیرە دڵ، سینەی زوخاڵستانە شەو! تیرەگی وا فەزڵی بۆ نادەم بە سەر ڕووناکییا مەنشەئی ئیزهاری جیلوەی فەیزی سبحەینانە شەو هەر لە تاریکی شەوایە ڕێ درێ ئەهلی نیاز ڕازی دڵ ئیفشا بکەن، خەڵوەتگەهی خاسانە شەو تێبگە بۆچی بە جانن تالیبی شەو عاشقان: نیوەشەو بوو، وەعدەگاهی هاتنی جانانە شەو هێندە ساحێب سڕە، میعراج و شەوی قەدر و بەرات خاسەجاتی ئەون و مومتازە بەم ئەسرارانە شەو هەر کەسێ تالیب بە دوڕی مەعریفەت کۆکردنە پڕ لە دوڕ دەریایەکی بێ مەهلەکەی خنکانە شەو وەک خزر ئاوی حەیاتی فەیزی حەق عافێتییە ئەو خودا پێ داوە مەحوی! تا سەحەر ناڵانە شەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دنیادا دڵ ئارامێک و ئارامی دڵێکم بوو لە دنیادا دڵ ئارامێک و ئارامی دڵێکم بوو بە جارێ ماڵی وێرانم، ئەمیشم چوو، ئەویشم چوو خوێنی دڵ لە بەر چاوم نەبێ تا کەی ڕەوان ئاخر! ئەوا ڕۆیی لە بەر چاوم ئەوی ڕۆحی ڕەوانم بوو چ حاڵە! قوڕبەسەر حەتتا بە حاڵم پێکەنینی دێ بە دەست ئەتواری تۆوە قوڕبەسەر خۆم، ئەی دڵەی بەدخوو دڵ و دڵبەر لە یەک بەدخووترن، سا من خودا چ بکەم؟ فلا المحبُوبُ یرثی لی، و لا القلبُ الشّجى یسلُو لە ڕۆژێکی کە ئەو گوفتار تووتی کەبک ڕەفتارە لە من غایب بووە، هەر ناڵەمە وەک کۆتری حاقوو چ ڕۆحێ کوشتەی ئەو باڵایە، قومری داری تۆبایە فیا طُوبى لقوم فی سبیل الحُب هم ماتُوا لە دووری ئەو کوڕە فرسەتتە با زوو بمری ئەی مەحوی! مەبادا بێتەوە بۆ کوشتنی تۆ ڕەنجە کا بازوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە پڕ بەردی ئەجەل لە پڕ بەردی ئەجەل بۆ شیشەیی عومرم نەوا بێ زوو فیداتم، دەست و بردێ، ساقیا، جامی شەرابێ زوو چییە دنیا، ژنێکە هەر شەوی سک پڕ بە سەد فیتنە سبەینێ زوو بە خوێنی جەرگی ئەهلی دڵ دەکا بێزوو کە دایەی خاکت ئاخر هەر دەبێ بگرێتە باوەش خۆی، بکە خاکێ بە سەر خۆتا لە قاپی بو تُرابێ زوو بە تابی عەکسی ئەو دیدارە دڵ سووتا، موزەککایە کەتانت ڕاگرە ساز و بە جیلوەی ماهتابێ زوو دەنی تەبعی بە جارێ عالەمی داگرت ئەوا مەحوی درەنگە ئیلتیجا بە بەر ڕەئیی عالی جەنابێ زوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە لێوی خوێنمی نۆشی کە لێوی خوێنمی نۆشی، شەوی خەت گرتی دەوری ئەو بە قوربانی خوێنێکم کە وا ڕۆیی بە سەریا شەو لە ئەشک و ئاهما جۆش و خرۆشی حەولی تەئسیرە دەزانن ڕێیەکی دوورە لە پێش. ئەڵبەت دەکەن سەرڕەو بڵا ڕۆحت موقەددەس بێ، ئەم و ئەو کردنت بەس بێ هەتا ئاخر هەناسە ئەو بناسە، هەر بنازە بەو شەوێ لەیلا بە مەجنوونی وەها وادەی تەماشادا: دەبێ ڕۆژێ ببینی من کە تۆ ڕێ خەیتە دەشتی خەو لە ناڵینی منی ئیفتادە زاهید بۆ ڕقی هەستا؟ حوزووری ئاه ئاهی بوو بە غەیبەت ئەو دەکا عەوعەو خودا بیدا ئەدەب حرزُ الأمانێکە عەتییەی ڕەب چ بوو جەرگی بڕی غەیری ئەمەی نامەی دڕی خوسرەو! وتی: من بێم و مەحوی وا بمێنێ، ناکرێ، نابێ هەتاو و سێبەرین ئێمە، دەبێ یا من ببم یا ئەو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم عەسرە ئەم عەسرە، عەسر و وەقتە لە بۆ فاجیرێ لە هیچ دینی نەکا ویقایە، حەیا نەیگرێ لە هیچ دنیا بە کامی هیچ کەسانە هەمیشە دەم هیچ ئەڵبەتە بە هیچ دەمێ نابڕێ لە هیچ دنیا کە هیچە، جوملە دەزانن، کەچی چ کەس مەردانە بۆ خودا نیە دەس هەڵگرێ لە هیچ تا سەر نەبۆتە گۆ، دە لە دنیا دە تۆ شەقێ هەر ئەم شەقە بە کارە کە وا هەڵدرێ لە هیچ ماچی دەمی لە کەڵکەڵەما بوو، چ خۆشی وت: قرم، ئەی ئەسیری واهیمە، خۆش ناکرێ لە هیچ دەم نادیار و نازی قسەی پڕ بە دەشت و شار دنیایەک ئاوی زیندەگی و دەرخرێ لە هیچ مەجنوونە شاهی عیشق و بیابانی بارەگا ئاهی، دەکا هەمیشە بە پا چادرێ لە هیچ دیققەت کە، غەیری ڕوشتەیی جان و میانی یار ڕوشتەم نەدیوە، مەحوی ئەمن، بادرێ لە هیچ چاوی کەوێ کە بەم غەزەلەم دوڕشناسی شیعر کێ بێ دەڵێ ئەمەندە گوهەر وەرگرێ لە هیچ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ نەبینن تۆ نەبینن، نووری ئەم چاوانە بۆچ! بۆ نیساری تۆ نەبێ، ئەم جانە بۆچ! جیلوەی ئەو حوسنە نیە گەر کارگەر بۆ جەمادیش، ئاینە حەیرانە بۆچ! دڵ لە سینەم هیجرەتی کرد و وتی: بوونە، عومرێ، فەرشی ئاتەشخانە بۆچ! چۆڵی دی سینەم لە دڵ، بۆ سووتنی ئەمری دا، شێری نەبێ ئەم لانە بۆچ! خوێنی جەرگ و کونجی عوزلەت بەسمە بەش بەر منەت بوونی مەی و مەیخانە بۆچ! سائیلی ئەو بەردەرەم، وتم و وتی: تۆ گەدای، ئەم نەخوەتی شاهانە بۆچ! هەر بە تیری غەمزە کوشتن، نەک بە شیر حەیفە، خوون ئالوودە ئەو دامانە، بۆچ! زاهید ئەو زوڵفەی لە سەر ڕوو دی، وتی: کوفری وا ڕووپۆشی ئەم ئیمانە بۆچ! هەر بە حەسرەت، نەک بە زەربەت، کوشتمی دا نەڵێن ئەم قەتڵی بێتاوانە بۆچ! تاقە خانێکە لە سەر ڕێی ئاخیرەت زادی ڕێ هەڵناگری لەم خانە بۆچ مەحویا بازێکی تۆ، قودس ئاشیان بوونە بوومی شوومی ئەم وێرانە بۆچ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی ئەی مایەی تەرەب لەب ساقی، ئەی مایەی تەرەب لەب، پەرچەمت ڕەیحانی ڕووح نیم خەندێ کە لە غونچە، دەرخە سەرچاوەی سەبووح پرسشێ کا حاڵی زاری ئێمە، زاری کردەوە لەو ددانانە کە دەدرەوشایەوە نەجمی فوتووح لێوی دەرخست و بە ناسیح لێوە لەرزەی خست ئەگەر بێ تەبەسسوم کا دەبێتە ئافەتی تەوبەی نەسووح بێ منەت ڕزقێکە غەم، بمرم لە برسان، ئەو دەخۆم تەفرە ناخۆم و تەڵەب ناکەم لە دنیا قووتی ڕووح الحذر مەحوی لە نەوحەی بێگوناهان الحذر ئاوی چاوی بوو جیهانی دا بە قڕ تۆفانی نووح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسرا حاڵم کە من کەوتم پرسرا حاڵم، کە من کەوتم لە بەر پێیا درێژ ئەو وتی: هەر سێبەری دیوم بووە سەرسام و گێژ تا لە دەوری لێوی ئاڵی خەتتی سەبزی بوو عەیان عاشقانی جوملە وەک بەنگی دەبینم گێژ و وێژ وا موشەووەش بوو کە میحرابی برۆتی دی ئیمام ئیزنی خەڵقی دا کە دنیا ئاخرە، بۆ دێنە نوێژ ئابڕووڕێژە ویسالی یار و خوێنڕێژە فیراق عالەمی عیشق و مەحەببەت هەر بڕێژە، هەر بڕێژ کێ لە گوڵزاری نیشاتا گوڵبونی شیرینی ناشت ئەو لە کۆساری غەما فەرهادی کردە لالەنێژ هەر بە تیرێ خستمی، هەڵیاوەسیم، ئیشی منی بەس لە کورتی بڕیەوە، عومری موژە و زوڵفی درێژ نەبووە قەت مەحوی، وتی: بوونی من و تۆ پێکەوە حوسنە ئاوی زیندەگی، عیشق ئاگرێکە دڵبرێژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووتی دی لەو ڕۆژەوە ڕووتی دی، لەو ڕۆژەوە، گەر ڕۆژە سەرگەردانە ڕۆژ گەیییە ئێوارە، وەکوو من، ئیشی قوڕ پێوانە ڕۆژ ڕەهڕەوی ڕێگەی مەحەببەت وا دەبێ، هەر سەعیەتی تا هەیە لەم ڕێگە ئاخر کاری سەردانانە ڕۆژ لا جەرەم کردوویە نووری جیلوەی ئەو ماهە بە چاو دەوری بۆ ئەو شەمعەیە دایم وەکوو پەروانە ڕۆژ شەو بە ئێمە با نەویدی هاتنی جانانی دا یەعنی: ئەی شەونم گەلینە! مژدە بێ میوانە ڕۆژ مەتڵەبت گەر یارە، هەر سەعیت بە کارە دائیما بۆ تەوافی قاپییەک وا بەرزەدە دامانە ڕۆژ شەو دەبێ بادەی لە دەستی ساقیەک وەرگرتبێ ئەم سبەینێیە لە مەشریق دێتە دەر مەستانە ڕۆژ ئەڵبەتە مەجنوونی ڕۆژی ڕوومەتی لەیلایەکە موتتەسیل، شام و سەحەر، کەوتووتە ئەم شاخانە ڕۆژ ماهەکەم ئەمشەو شوکر پڕتەوفشانی خانەیە قەت لە دەرگا دەردەچم گەر بێتە ئەم سەربانە ڕۆژ ئەم گلاراوەی لە عیشقە تا قیامەت هەر دەبێ سەد مەسیحا چاری ناکا، دەردی بێدەرمانە ڕۆژ ڕۆژ و شەو ئەم سەرزەمین و بنزەمینەی پشکنی نەبووە شوێن هەڵگر لە عەکسی جیلوەی ئەو جانانە ڕۆژ ڕۆحی بە فدا کە، بزانە کێیە چەوگان بازەکە مەحویا چەوگانە عیشق و، گۆیە لەم مەیدانە ڕۆژ حەقیە ڕۆژ و شەو کە بێتابی دەکا، وادەی ویسال شەو بوو، بێ بەش ما لە وەسڵی ئەو سەراپا جانە ڕۆژ شەو چ شەو، لێ پشکوواوی قەڕنەها سوبحی ئومێد هەر لە داوێنی یەکێ سوبحا بە لەک پەنهانە ڕۆژ شەو شەوی میعراجی شاهی ئەنبیا بێ، وا دەبێ بیپەرستێ، بەڵکی سوجدەی بۆ ببا هەر ئانە ڕۆژ شەو نەبوو، بەحری موحیتی عەنبەری بوو، ناوی شەو بوو بە نیسبەت ئەو شەوە، خاکستەری گوڵخانە ڕۆژ بۆ کەمێ لەو عەنبەرە، بۆ تەقوییەی ڕۆحی دەماغ بێنی کا، وەک ئێمە، دایم چاوەڕێی ئیحسانە ڕۆژ من فیدای ئەو زاتە بم، بەو، ئەو شەوە بوو بەم شەوە تا قیامەت هەر حەسەد با بەو شکۆه و شانە ڕۆژ تۆ قبووڵم کەی بە عەبدی خۆت و بەندەی ئەو، خودا! تا ببێتە خانە ڕووبم، چەند ئەگەر خاقانە، ڕۆژ دائیمەن سەرخۆی و سەر ئال و سەحابەی بێ نیسار پڕ بە عیلمی تۆ، سەلاتی تۆ، هەتا تابانە ڕۆژ بەڵکە تا ئەو وەقتە مەبرووکە موبارەک جێگەیە غەیری نووری ئەو، نە مەه نووری لە ناوا ما نە ڕۆژ لەو سەلاتانە کە وەک گەوهەرن و دەدرەوشێنەوە جیلوەدەر، لامیع، هەموو ڕەخشندە، وەک ڕەخشانە ڕۆژ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاشتی تۆ تۆری من ئاشتی تۆ، تۆری من، بۆ بێ سەباتی هەر دوو یەک گەییوەتە حەددی یەقین، ئەم دو یەقینەن هەر دوو شەک ئاخر ئەم دنیایە ئەمری دێتە سەر: ئاخر ببە یەعنی بەس ئەی فاحیشە عالەم بە قڕ دە یەک بە یەک ناوی ئەو لێوە بەرن، دەم هەڵدەپچڕن بۆ دوعا وا لە بەر چاوی برینی دڵ هەیە حەققی نمەک ئەو سەگانەن سپڵە، سەبب و ڕەفزی زاتی وا دەکەن هیممەتی ئەو بەعدی ڕیحلەت نەبووە و ئەم دینە حەک وەرعی فارووقی تەماشا کەن، وتی: ناکا قبووڵ غیرەتم ژاکاوی ئەو گوڵباغە بۆ باغی فەدەک سەر ئەوان و سەر هەموو یارانی پێغەمبەر، خودا داڕژێ ڕەحمەت هەموو دەم پڕ زەمین و پڕ فەلەک! بەڵکە سەرڕێژێکی بێ بۆ ئێمە: چاوەڕوانەکان کۆمەڵی جینن و جەماعەی ئینس و ئەفواجی مەلەک هەر دەبێ سەرڕێژێ بێ، وادەی غیزا، خواجەی کەریم کردی یادی بەندەگانی خۆ بە بە یەک دوو لوقمەیەک وادەیێکت دا بە مەحوی: دێمە سەیری کوشتنت وەختی هات ئەو خێرە، سا مەبیە لە بەدگۆ حەرفی پەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو سەروی نازە تەوسەنی هێنایە ئەو سەروی نازە تەوسەنی هێنایە تاز و تەک هەستا قیامەت و فەلەک ئەستوونییە گەرەک ئەی دڵ بناڵە، ساز بدە چەنگی بەزمی عیشق مەی خوێنی جەرگە، ناڵەیی مەحزوونییە گەرەک ئەمڕۆ لە کن زەمانە هونەر بۆتە قەشمەری شێری ژیانی بۆ چیە، مەیموونییە گەرەک! فیترەت بڵند و پایە بڵندم نەدی، بە گوێش گەردوون ئەوەندە دوونە کە هەر دوونییە گەرەک تینوو بە خوێنی عاشقە، ئەی دڵ! ببە بە خوێن ئەو لێوە، مژدە بێ، دڵی پڕخوونییە گەرەک قوم هەر دەبێ لە خوێنی بگەردا بە ئاهەوە ئەو مەستی غەفڵەتە لەبی مەیگوونییە گەرەک دلبەر عەجەب نییە دڵی مەحوی بە دڵ کە برد ئەسکەندەری زەمانە فلاتوونییە گەرەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمانەی پڕ تەعەب زەمانەی پڕ تەعەب دەتکاتە تیرۆک لەتێ نانت دەداتێ دوو بەشی نۆک پیاڵەی دیدە لەبڕێزە، دڵا تۆش بجۆشە، سازی ناڵە هەم ببێ کۆک بە نووکی تیری شۆخێکی کەوا چۆخ لە بەرما تەن بووە جامەی برنجۆک بە کوڵمی ئاڵیا ئاڵا خەتی سەبز ترنجی کەوتە بەر پەنچەی ترنجۆک گەر ئەم ڕیش و سەرەی زاهید لەگەڵ بێ دەبێ جەننەت بە دەشتی شنگ و پیشۆک ڕەقیبە لەعنەتی، عاشق دەکەی ڕەجم لەباتی سەگ دەکەی شێرێ سەمەندۆک بە خۆڕایی لە مەحوی بەس بڕەنجە نەجیبی، مەگرە وەک هۆکڵ، بەگم، هۆک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەئلووفە زەوقی زاهید مەئلووفە زەوقی زاهید ئەوەندە بە تامی نیسک بێگانە ماوە شەممی لە نەشئەی خیتامی میسک ڕوتبەی کەماڵە ڕۆژە ڕەشی بۆ جگەر بە خوون ناکامە تا کە ڕەش نەبووە خوونی خامی میسک خەت، خاڵەکانی دەورووبەری لێوی گرتە ناو ئەم عەنبەرەم نەدیوە کە بووبێ بە دامی میسک بەر خیدمەتی غوباری ڕەهی یاری من: سەبا دێنێ هەموو دەمێ، بە دوعاوە، سەلامی میسک مەیڵێ خەتایە: ڕوو لە خەتایە بتم، بڵێ: سوبحی بتانی چین و خەتا کەوتە شامی میسک گەردی ڕەمی غەزالی چ دەشتێکە پێوە نیشت ئەم تیبە لەو تەمەووج ئەدا هەر بە نامی میسک؟ ! زوڵفی بە دەوری خاڵەکەیا دێ، هەموو دەمێ مەحوی ببینە عەنبەری سارا غوڵامی میسک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ خاکێ کەم بە سەرما چ خاکێ کەم بە سەرما، مامەوە تاک بە لێو ئاه و، بە چاو ئەشک و، بە سەر خاک بە دوویا وێڵم و ئەشکم دەپرسێ لە هەر دار و دیارێ أین سلماک؟ جگەر دەبڕێ، دڵ ئەڕفێنێت و دەڕوا چ بێ مروەت، چ بێ پەروا، چ بێ باک کە کوژرا، شاهی عالی جاهی عیشقە هەتا سەیدت نەکەن ناگەیتە فیتراک بە خەنجەر دڵمی لەت لەت کرد کە بێ ئۆف وتی: خۆ وا خراپ و دڵ وەها چاک! نیساری خاکی ڕێگەت جانە، فەرمووی: چه نسبت خاک را با عالم پاک گوڵاو و ئاگراوە بادە ئەمشەو تەرەبناکە مەی و ساقی غەزەبناک وتم: عیشق ئاگری گرتە وجوودم وتی: هەر بابەتی سووتانە خاشاک لە دڵدا خەڵق و خوا بوو، فایدەی چی کە دەم پڕ بێ لە ایّاک و ایّاک دەزانی جیفەیە دنیا، دە حەیفە وەکوو سەگ ئەم شەڕ و شۆڕە لە سەر لاک خودا! تۆ لاگری لەو لاکە مەحوی بە جاهی پادشاهی تەختی لولاک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وتی بۆچی وەها بێ تین وتی: بۆچی وەها بێ تین و بێ ڕەنگ؟ وتم: تۆ بۆچ ئەوەندە شۆخی و شەنگ؟ گەیشتن بەو شەهی عالی مەقامە نیە، فکرم، خەیاڵم خاوە، پێ لەنگ هەتا لەو یاری دەمسازە جودا مام وەکوو نەی بێنەوا کەوتووم و بێدەنگ دەگەیییە مەنزڵی سەلما بە سەد قەڕن بە گامێ تەی بکەی گەر سەد دە فرسەنگ یەکێ عاشق بە خوو، یەک تالیبی ڕوو یەکێ مەجبووری بۆ، یەک مایلی ڕەنگ خەت و زاری کە باسی کەوتە گوڵزار کەچ ئەستۆ ما وەنەوشە، غونچە دڵ تەنگ جیهانی کردووە سەرخۆش و مەدهۆش لەبی وەک بادە، خەتتی سەبزی وەک بەنگ مەگەر خوێنم سیجافی بێ بەری دەم کە وا ئەو دامەنەم کەوتۆتە بەر چەنگ دڵی سەنگە، دەبارێ گوڵ بە سەریا ئەوی گوڵ بوو، زەمانە دایە بەر سەنگ کە بۆتە دۆشەک اظفار المنیّة لە نائەهلان ئەوەندەم دیوە سەرچەنگ بتان ئەمڕۆ لە فەزڵی ئێمە دەدوان فەڕەنگ ئیشی چ بێ مەحوی بە فەرهەنگ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە شێخ و واعیز و سۆفی کە شێخ و واعیز و سۆفی بە جەننەت بەن گەد و گیپاڵ دەبێ ئەمسالی ئێمە بۆ جەهەننم بەن سڕ و سیپاڵ بە دەرسی من نەشا والشمسی پاری تەلعەتت، ئەمساڵ ئیجازەم دە موتاڵاکردنی واللیلی خەتت و خاڵ لە چاوم خوێنی جاری کرد و هەم ڕەنگی لە ڕوو بردم ئەم ئاشووبی دڵ و دینە بە لێوی ئاڵ و چاوی کاڵ کە سەیری ئاینەی کرد و لە پاشان ئەم کەلامەی دی وتی: من هەم بە بێ تیمسال و ئەم شیعرانە بێ ئەمسال زوبانی واعیزی بێدڵ درێژە دەرحەق ئەهلی دڵ بە جێشە، غەیری ئەو مل پانە کێ بێ هەڵگرێ ئۆباڵ! کە ڕێی ئەو شاهە کەوتە ئەم مەقامە، جێ بە جێ هەستا وتی: ئەم زاتە ساحێب حاڵە، حەیفە کەوتووە بێ حاڵ چ خۆشە بەم هەموو عیسیانەوە یا ڕەببی بمبەخشی ببەخشە، بگرە دۆزەخ خۆڵەمێشی کەم بۆ یەک مسقاڵ بە بێ یارێ مەچۆرە مەعرەکەی ئەسفەندیاری نەفس کە لەم مەیدانە دا هەر پیرە زاڵە ڕۆستەمی بێ زاڵ بە غەمزەی نازەوە ئەو سەروی نازە کەی چووە گوڵشەن کە نێرگس وا بووە چاوی سپی، سەروی بووە تۆپاڵ کە بمرێ عاشقی زاری مەلائیک بێن و بیبینن دەڵێن ئەم باقە چیلکە ناگرێ یا ڕەب بەرێ گۆپاڵ سەماعی سازی عیشق و ڕێگە بۆ پاڕانەوەت مەحوی لە بەر قاپی تەڵەب بێ، گوێ دەبێ کەڕ بێ، زوبانت لاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دنیا تیاتڕۆیە مەوەستە تیا بڕۆ دنیا تیاتڕۆیە، مەوەستە تیا، بڕۆ! کێ مایەوە تیا کە نەبووبێ تیا، تڕۆ! دنیایەکە دوو ڕۆژە نەوازش بکا، سێیەم ڕۆژی گودازشە، ئەمەتە داکی سێبەڕۆ ڕوو ترش و ڕوو خۆشە لە ڕووێکا، لە یەک دەما قەهری درۆیە، میهری درۆ، هەر دوو هەر درۆ پشتی کە دا بە پشتتەوە، بۆ پشت شکاندنە ئەمڕۆ خودا شوکرتە، سبەینێ برا لە ڕۆ پیرێ نەمامی باغی جوانیمی کردە پووش تازەم درەختی توولی ئەمەل دەردەکا چرۆ گەردن کە چی چڵێکە سەرەفرازییە گوڵی بڕوانە، چاوەکەم، کە لە سەر چاوە جێی برۆ مەحوی! بە مُوتُواوە کە لە مردن ببی نەجات ڕۆیاندنت لە پێشە، لە پێشا وەرە بڕۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تێدەگا هەرکەس بکا فەهمی ڕمووزی مەعنەوی تێدەگا هەرکەس بکا فەهمی ڕمووزی مەعنەوی: هیجر و وەسڵە نار و جەننەیی ئایەتی لا یستوی کێوی غەم، وادی جەفا تەی کردنە ئەشراتی عیشق باکی هەوراز و نشێوت کەی دەبێ گەر ڕەهڕەوی ناوی هاروون، ئیسمی قاروون، ئیبتیدا ئیما دەکەن سەرفەرازە سەرکز ئاخر، سەرنیگونە سەرقەوی ئەی لە سەر تەختی غینا ئەمڕۆ، سبەینێ تێ دەگەی ئەو گەدایەی تۆ کە وا موحتاجی شێوی یەک شەوی دەنگی پێی ئەحبابی ڕۆییو پڕ بە عالەم مەوج ئەدا تۆ بە غەفڵەت موبتەلا، گەر نەیبیەی مەستی خەوی تف لە چارەی خەندە، گرییە و شیوەنی پێ خۆشە دۆست داکە ئەی بارانی ئەشک، ئەی بەرقی ناڵە، نەسرەوی! باسی چ بکەم بێ کەرانی بەحری پڕ تەشویری عیشق؟ ! تاقە قەترێکی فتووحاتە، نمێکە مەسنەوی ساعیدی دەرکەوت و عالەم بوو بە مووسایی هەموو موعجیزەی لێوی کە دەرخا، جوملە دەبنە عیسەوی ڕامی عاشق بۆنی ئەو وەحشی نیگارە موشکیلە مەبیە هەرگیز ئەم قسە: عەنقا دەبێ وەک کەو کەوی چاوی بیماری، بە وەعدی تیرە بارانی نیگاه گفتی دا، جەهدێ کە ئەی دڵ، بەڵکی تۆشی بەر کەوی مەحویا! هەر ئەشک و ئاهی تۆ لە جێ جوێ بوونەوەت چوونە بەر بادی فەنایە دەرکەوی یا سەرکەوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەقی بوو دڵ لە کۆیا ما حەقی بوو دڵ لە کۆیا ما بە سینەی ئێمە ناڕازی کە عاسی قەسری خولدی دی بە جێ ئەڵحەد نەما ڕازی چووە چوو، خۆ نەهات و نادیارە، حاڵە ماڵت بێ بەس ئەم نەقدە بکە سەرفی غەمی موستەقبەل و مازی ببینن گەر لە ساقی ناز و عیشوێک، ئێمە دەیبینین بە مەی نۆشی دەدەن فتوا بە مەستی موفتی و قازی لە نان و ئاو ئەوا ئیمساکییە مردووش، ئەرێ زاهید چ عوجبێکە، ئەمەندە بۆ دەنازی تۆ بە مورتازی قسە و باست لە عیرفانە، کە چی دنیایە مەنزوورت لە عینوانی جەواهیر جۆییایی و ڕوو لە ئەعرازی قسە گەر عیقدی گەوهەر بێ، غەرەز دەیکا بە خەرموهرە چ تەسیرێ لە وەعزتدایە واعیز، وا پڕە ئەغرازی! مەبە مەحوی بە ڕووپێدانی یاری عیشوەگەر مەغروور وەکوو دنیا سەباتێکی نییە ئیقبال و ئعیرازی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ فریبی دڵبەری دڵدار دڵ فریبی دڵبەری دڵدار، هەی! فیتنەگەر، هەی! ڕەند هەی عەییار هەی! بوویە یاری غەیر و من بێگانە مام بێوەفا، هەی! هەی جەفاکردار، هەی! خۆ موسوڵمانم، بە ناحەق خوێنی من بۆ دەڕێژی، کافری خوونخوار، هەی! چا نیە، ڕەفتاری وا بەد بەس بکە دەرحەقی من، شۆخی بەدرەفتار، هەی! تۆ دڵت دێوانە کردم، ئێستەکەش نانوێنی ڕوو، پەری ڕوخسار هەی! قەت لە تیری ئاهی مەزڵوومانی عیشق تۆ نەترسی، زاڵمی غەددار هەی! غەیری بەد نەیدی لە تۆ مەحوی ئەتۆش هەر بەدت ڕێ بێ، بەدی بەدکار هەی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم دەرهات و تۆ هەر دەر نەهاتی دڵم دەرهات و تۆ هەر دەر نەهاتی نەهاتی، هەر نەهاتی، هەر نەهاتی کە ئەم خەندە و قسە و لێوەت هەیە تۆ لە باتی شەککەر و نوقڵ و نەباتی دەدەی وادەم بە قەتڵ ئەمڕۆ، سبەی هیچ ئەتۆ شاهی، چیە وا بێ سەباتی! لە دنیا جەننەتی خۆ دیوە هەر کەس کە تۆ بی حازری وەختی وەفاتی ئەگەر ڕۆژە، بتی من! هەر بتێ بێ سەرەوژێرە کە تۆ وەک ڕۆژ هەڵاتی کە خزر ئەو خاک و خۆڵی بەردەرەی دی وتی: تۆ خاکی یا ئاوی حەیاتی؟ ڕوخیشی کردە ئەو لا، دەیشی پرسی بە شۆخی، شاهی من، تۆ بۆ چی ماتی! کە داغی سینەمی دی، دەردی دامێ وتی: مۆرت هەیە، ساحێب بەراتی کە شیرین و تەڕی دی شیعرەکانم وتی: مەحوی کە میراوی فوڕاتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەروی ڕەوانە قامەتی لاوی ڕەواندزی سەروی ڕەوانە قامەتی لاوی ڕەواندزی ئافاتی جانە غەمزەی چاوی ڕەوان دزی لەو ناسیحانی ئێمە کە بۆ دڵ دەدەن بە دز دڵ ڕەنجە بۆ نیگارم و دینی لەوان دزی مەجنوونی جیلوەی ئەو پەریەم دیوە هەرچی دی یەغماگەرێکە عەقڵی لە پیر و جەوان دزی وەک کارەبا لە کا کەششی جەزبی حوسنی تۆ سەبری بە دزیەوە لە منی ناتەوان دزی لێشاوی بەستووە بە ڕووا مەحویا سروشک داخۆ چ بێ قەراری لە ئاوی ڕەوان دزی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لا عاش سوىٰ ذکرک قلبی و لسانی لا عاش سوىٰ ذکرک قلبی و لسانی ای ئانکه بەنام همچو مسیحای زمانی هەر غەمکەش و حەسرەتبەشی فەرهادی حەزینم لەو وەقتەوە تۆ خوسرەوی شیرینی جیهانی در ئارزوی لعل لبت اشک چو لعلم ای لعل دل از لعل لبت لعل یمانی ڕەحمێ کە بە حاڵی دڵی غەمکێشی غەریبان جانانەیی جانی، چییە هەر یاری زوبانی عوششاقی جگەر سۆختە هەر حەسرەتە بەشیان لوتفی نییە مەعشووقە لە بۆ عاشقی فانی محوی به غم از یار به هجران جفایش لو أهرُبُ من حُبه فاللّهُ جفانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیری نوفووزی کردە بەدەن پیری نوفووزی کردە بەدەن، بەسییە تەنبەڵی دەرچۆ لە خانووێ کە خەلەل گەییە تەنبەڵی قەیکردنی سوراحی ئەگەر تێ بگەی دەڵێ دڵ تێکەڵ هاتنە لەگەڵ ئەم خەڵکە تێکەڵی وا دڵ بە داغم ئەز لە ڕەقیب، ئەرسەری بڕن بۆ ئەکلی لەحمی ئەو سەگە من دەبمە حەنبەڵی تەرسا بە دینی ئەو یەدی بەیزایە بوونە جووی بۆ کوشتنم کە دەستی دەرێنا لە باخەڵی دنیا بە تەوسەوە دەمی مەرگی وتی کە ذوالقرنین دی زەلیلە، لە کن خۆت ئەتۆ کەڵی زاهید چیە، هەیە گەبەڵی ڕیش و تووکەسەر ئاگر نەبێ چ بێ سەری دەرکا لە جەنگەڵی! مەحوی، قەزا قسێکی خۆشی وت بە چاری ڕووس... دوێنێ گەماڵە گەورەکە، ئەمڕۆ یەکێ دەڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوم کە بوو ڕاهی هودا گوم کە بوو ڕاهی هودا، شاهڕەهە گومڕاهی بعد درویشی اگر هیچ نباشد شاهی ئەم مەجازە چییە، ڕوو کەینە حەقیقەت، ئەوجا لا إلهەت بەسه گەر تالیبی إلّا اللّهی ڕێ درابێ بە گەدایی نەفەسێ لەو دەرەدا هەر کەسێ، تا نەفەسە عارییە شاهەنشاهی دووکەڵی ئاهی دەبێ دایمە بگرێ بەری ڕۆژ ڕۆژە ڕەش، غەمزەدەیی من بم و تۆ بی ماهی لە دڵا بوونمت هەر عارە لە لا، وا بکە فەرز: ماهی کەنعانی و ئەم موددە موقیمی چاهی کوشتمی و ئەو دەمە خوێنم بە ئەدەب دامەنی گرت بەسمەلی عیشقم و کارم بە خوێنە ڕاهی بێ خەتا ئەو شەهە لەو بەردەرە مەحوی دەرکرد بۆچ کەس سەر نەچووە شەوکەتی ساحێب جاهی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە نۆشی جانی وەردەگرم پیاڵەیی زەهری بە نۆشی جانی وەردەگرم پیاڵەیی زەهری هەر نێشێ بە دەردی دڵ بچم گەر بێ لە جەوری تۆ دڵم بێشێ بەوەم زانی لە باغا چقڵی گوڵ هەڵچەقیە داوێنی کە لێرە دڵ لە سینەمدا برینی نەشتەری دێشێ شوکر یار ئیزنی دام هەم گریە کەم هەم قوڕ بە سەردا کەم بە جارێ شاهی من بەحر و بەڕی بەخشی بە دەروێشێ لەمێ مەیدانی عیشقە، کلکە ڕێوی ڕیشی تۆ، زاهید چ بێ قەدری؟ دەبێ گەر شێری بێتێ کلکی ڕاکێشێ وتم ڕوخسەت دە جانا، دا بە قوربانی لەبت کەم جان وتی بەحرێکی شەهد ئەڵبەت دەنیشێ پێیەوە مێشێ خودا گرتوو دڵم، چۆتن بە گژ شۆر و شەڕی عیشقا بە نەسسی ئایە ئەفلاک و زەمین ئەم بارە ناکێشێ سەنەد بێ مۆر و خەت دەعوەی مەحەببەت کردنە مەحوی تەعەششوق، بێ دڵێکی داغدار و سینەیی ڕێشێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەتتی دەوری لێوی ئاڵت ئەی مەسیحا لام و بێ خەتتی دەوری لێوی ئاڵت ئەی مەسیحا لام و بێ هەر لە جامەی سەبز ئەچێ بۆ غەین و نوون و چیم و هێ غونچە بازاڕی نەزاکەت داری و تەنگی شکاند هەر کە زاهیر بوو لە دەوری باغی حوسنت لام و بێ لەب شەکەر تا کەی لە حەسرەت خاڵی موشکینت، دڵم... داغدار و خەستە بێ وەک لام و ئەلف و لام و هێ لالە ڕووخسارم لە سایەی ئەشکی خوێنین ڕەنگەوە چونکە ڕووسوورم لە قاپی عەین و شین و قاف و تێ عیشقت ئەی جانا منی ڕیسوایی عالەم کردووە چاکە ئینسافت ببێ بۆ ئەلف و سین و تێ و هێ ئێستە بۆ لاف و گەزاف هەر کەس دەبینی عاشقە نەک هەموو کەس جانفیدا وەک میم و حێ و واو و یێ مەحوی ئەمڕۆ زۆر نەخۆشە قەت شیفای نایێ بە هیچ گەر شیفای بێتن، بە بۆیی زوڵف و ئەو ئەگریجە دێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی بردم بە شۆخی دڵی بردم بە شۆخی دولبەرێکی تازە سەر لە نوێ موبارەک بێ لە دڵ سەودایەکی کەی کەوتە سەر لە نوێ کەچ ئەبرۆ، دیدە ئاهو، شۆڕشین خوو، فیتنەجۆ، تورکێ... خورۆش و شۆر و شینی خستە ناو ئەهلی نەزەر لە نوێ بە ناز و عیشوە پاک ئەرواحی پاکانی موسەخخەر کرد بە غەمزە خاترانی دایە بەر تیری نەزەر لە نوێ سەبا کردوویە وەعدەی گەردی کۆیی، مەگری ئەی دیدە! بە ئوممێدم جەواهێر سوورمە بۆ نووری بەسەر لە نوێ لەبی لەعلی شیفا بەخشی برینی دڵ دەکا مەرهەم ئیشارەی چاوی دەکولێنێتەوە داغی جگەر لە نوێ بە شێوەی شکڵی شیرینی، وەکوو کاکۆڵی موشکینی پەشێوی کردووە ئەحواڵی مەحوی دەربەدەر لە نوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەبێ دڵ ویسعەتێکی وەک فەلەک دەبێ دڵ ویسعەتێکی وەک فەلەک زیاتر وە کەف بێنێ شەو و ڕۆژی فیراق و وەسڵی دولبەر تا بگونجێنێ دەخیلت بم کوڕی ئەمڕۆ بە، فەردا وا دەکەم هیچە چ فەرداها تیا نەکراوە کارێک و بووە دوێنێ زووبانی حاڵی پەروانە لە وەختی سووتنا دەیوت: کەسێ واریسمە وەک من بێ، لە عشقا خۆ بسووتێنێ ڕەقیب ئەڵبەتتە ئیمشەو شەق دەبا، جانانە ئێوارە بە عوششاقی تەقەببول دا لەباتی سەد دوعا جوێنێ بە غەیبەت کردنی ئەم بێ نەوایە تووشی خەجڵەت دێ بڵێ واعیز بەس ئەم مێروولە بخوا، وازی لێ بێنێ دەنی تەبعی وەها غاڵب بووە، فیرعەونی ئەم عەسرە نە وەک مووسا، لە کن جوو پارە بوو ئیمانی پێ دێنێ مەبزوە مەحویا لەم ڕێگەدا تا دەبیە خاکی ڕێ ئومێدە دەستی گەردت هەر دەگا ئاخر بە داوێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تاو ئەعدا عەدوو بەر نیوە لە تاو ئەعدا عەدوو بەر نیوە دوژمن ئیلتیجا بارێ لە چنگی گیانەڵاوی فیرقەتا ماوم ئەجەل چارێ بەڵا هەر وەک کولە دابارییە سەر مەزرەعەی ئومێد مەگەر ئەو تیپی موژگانە بکەن وەک عەینەمەل چارێ ئەسیری زوڵفە دڵ، ئەی بازی غەمزە، غیرەتێ، حەیفە زەلیل، ئەم عەندەلیبە کەوتووە بەر دەستی قەل، چارێ! نە پێیەک هەڵگرێ شوێنی، نە دەستێ گەییە داوێنی، خودا! دەرحەق بە ئەحواڵی منی بێ پا و پەل، چارێ! عیلاجی دەردی عاشق بۆتە خاسەی ئەو دەم و لێوە شیفای ئەمرازی سەودا خاسیەت چەشمەی عەسەل چارێ مەگەر قەتعی نەفەس چاری بکا، وەرنا نییە هەرگیز لە پێوەندی کەمەندی پڕ غەمی تۆلی ئەمەل چارێ لەگەڵ ئەم عیلمە مەحوی داغداری جەهلە تۆ تەوفیق تەبیبی بۆ مەریزی دەردی عیلمی بێ عەمەل چارێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سایەی دەوری چەرخی سوفلە پەروەر لە سایەی دەوری چەرخی سوفلە پەروەر لەک بە لەک دەدوێ سەگی ئاواتەخوازی ئێسکی وشتر لە شەک دەدوێ دەبینم شێری شێر ئەفگەن دەڵەک کەوڵی دەکا، دەبیەم بە کۆڵێ کلکەوە ڕێوی لەگەڵ کەوڵی دەڵەک دەدوێ دەبینێ بایەزیدە، وەک یەزیدێکی دەبینن خەڵق بە بێ پەردە شەیاتینی لە ئەحواڵی مەلەک دەدوێ نە ناوی ڕۆژ و مەه بردن، نە باسی سەدر و شەه کردن مووەححید هەر دەبێ هەر یەک بناسێ، هەر لە یەک دەدوێ مونەججیم عومری زایع بوو لە بەحس و فیکری ئەفلاکا کە پیرێژن هەمیشە هەر لە ئەحواڵی خەڕەک دەدوێ بە تاقە فەخری کیسرا، هەر خەوەڕنەق فەخری نوعمانە دەنی هیممەت وەهایە هەر لەگەڵ کوچک و کەڵەک دەدوێ زەمانەی سوفلە پەروەر وا ڕەواجی سوفلەیی داوە کە دایم ئەو دەمە سوێرە لەگەڵ نان و نمەک دەدوێ پەکی تێدا ڕەقیب ئەو شۆخە کوشتنمی کە لێ پرسی ئیرادەی کاری خێر ئەڵبەتتە شەیتانی لە فەک دەدوێ موومەییز چەرخی کەچڕەو بێ، نەکەی مەحوی کەماڵت خەرج زوبانی تێغی ئەو دەرحەق بە حەرفی من لە حەک دەدوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەڵێ مەردم کە دنیا پشتی لەو نەڵێ مەردم کە دنیا پشتی لەو، ئەو ڕوو لە دنیا بێ کە پووری زاڵە، بۆ چی پیرە زاڵی پێ ڕەزا نابێ! لە دەروێش و لە شا ئەم فاحیشە ئاخر دەکا حاشا گەر ئەهلی غیرەتی، بەر لەو لە خۆی و ئەهلی حاشا بێ ئەگەر تاجت لە سەر کا، سەرتی پێوە قوت ئەدا ئاخر موبارەک کەی دەبێ ئەو خەلعەتەی وا خەلعی لە دوا بێ سبەی خاکت بە سەر، وەک من دەبێ تحت الثّریبێ جێت بڵا ئەمڕۆ کە خەوتی مەسنەدت تەختی سورەییا بێ لە بەر هەر دادەڕنرێ جل، چ پیناوی، چ چیناوی دەبێتە لوقمە لوقمە پاقلە یا پاقلاوا بێ برا، فکری چرا! کیبریتی فرسەت تا لە دەستایە شەوی یەلدا لە پێشە، ڕۆژی عومرت وەختە ئاوا بێ بکەین ئاه و فوغان و ئاگرێ بەردەینە خان و مان خەراباتی مەحەببەت حەیفە بێ ئاشووب و غەوغا بێ لەگەڵ فەریاد و گریە حازرە فەریادرەس مەحوی لیبکُوا ڕێ دەدا پیری تەریقەت تیفلی ساوا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ئەفسوون و دوعا بە ئەفسوون و دوعا تەسخیری ئەو شۆخە چ ئیمکانە! خەیاڵی خاوە عەنقا ناکەوێتە داوی ئەفسانە هوجوومی عاشقانی دی کە مشتێ جوێنی پێ بەخشین بە سەر خۆتانیا دابەش بکەن، سا بەش بکا یا نە! غوڵامانە سەرم دانا لە بەر پێیا، وەکوو زوڵفی کە چی ئەو هەر منی خستۆتە پشت گوێ وەک غوڵامانە سەکینەی مەرتەبەی سووتانییە ئاتەش پەرستی عیشق ئەگەر ساحێب ئیرادەت بێ عەجەب پیرێکە پەروانە بە بێ تۆ سەیری گوڵشەن کردنم هەر وەحشەتی بەردا گوڵم دی جامەچاک و بولبولم دی غەرقی ئەفغانە نەسیحەت بێ برا! گەر ڕۆڵە بوو مەڕوانە بۆ ئابا گەواهی عەدڵی ئەم دەعوایە پووری پووری مەروانە مەتاعی سیدق و ئیخلاسم لە بازاڕی ڕیاکاران لە سوورەی قل هُو الله دەکەم لەم موشریکستانە ئەوەندەم لەو قەد و باڵایە ئاشووب و بەڵا دیوە لە سەیری سەروی باغم غایلەی غوولی بیابانە نەما جێیی ئەو جگەرگۆشە، مەگەر ڕۆح و ئەویش دەڕوا جگەر سۆزانە دڵ بریانە، دیدە پڕ لە گریانە چ بەرقی جیلوەیەک هەوری بەهاری کردووە بێ تاب بە ناڵە و گریەوە دێت و دەچێ وەک تازە دێوانە سیابەختی لە مەجنوونی من ئیتر چی دەوێ مەحوی سەرم شێواوە، ڕۆژم تیرەیە، حاڵم پەڕێشانە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حقاً لە ڕەقیب ئەو بەر و دەرگانە حەرامە حقاً لە ڕەقیب ئەو بەر و دەرگانە حەرامە لەو دێوە، کە ئەم تەختی سولەیمانە حەرامە قیلێکی زەعیف: ئاهی حەزین ئیزنە لە عیشقا گریانی بە کوڵ، ناڵەیی مەستانە حەرامە سووتانی بە بێ دەنگییە ئادابی مەحەببەت وەک بولبول ئەم ئەفغانە بە پەروانە حەرامە وا دەربەدەرە دڵ، وەتەنی سینەمی ون کرد لەو شێرە خوێڕی بووە ئەم لانە حەرامە دەیوت کە بەڕەهمەن مەهی ڕۆی ئەم سەنەمەم دی گەر بت ئەمە بێ، خزمەتی بتخانە حەرامە من پادشەهی عیشقم و هەر داغی جنوونم تاجی سەرە، باقی کە لە دێوانە حەرامە هەر کۆکەن و مەجنوونە کوڕی کێو و بیابان غەیری کون و قوژبن کە لە فەرزانە حەرامە بێ داغی نەدامەت دڵ و بێ دەردی ئەسەف جان لەم کالیبەدە دڵ، لە دڵ ئەو جانە حەرامە خوێناوی جگەر، گۆشەیی بیت الحزنێ بوو مەحوی! بەسە، مەیلی مەی و مەیخانە حەرامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیدە عەینی جارییە دیدە عەینی جارییە، دڵ پڕ لە ناری مووەققەدە ئاب و تابی حوسن ئەدەم بەو گوڵ عوزاری موو قەدە سەیری سەگ مەرگی ڕەقیب کە، کە غەیری ئەو سەگە شیری غەمزەت شێر و بەوری ڕوو بە ڕوو بێ، دوو قەدە لالە داغە، غونچە دەردە، پێ لە خاکا ماوە سەرو تا موشەڕەف بوو چەمەن بەو ڕوومەت و لێو و قەدە چاوی مەیگوونت وەها مەیخانەی ئاوا کردەوە چۆڵی کرد ئاخر بە زاهید خەڵوەخانەی شەعبەدە دڵ دەبا غەمزەت، چ فەرقی ڕەند و سۆفی بۆ نیە سەیدی مردوو حەیفە ئەم شەهبازەتی تێ بەرمەدە بەشمە پێی قانیعم و بەسمە داغ و دەردی سەرمەدی سەر بە دەردین ئێمە، بێ دەردی! لە ئێمە سەر مەدە شەو بە قەتڵم وەعدی دا. ئەمڕۆ پەشیمانە، خودا! خۆ لە مەحوی جونحە هەر گەردەن کەچی بوو سەرزەدە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەوای ئەم نەفسە مەلعوونەت دەوێ دەوای ئەم نەفسە مەلعوونەت دەوێ، هەر دەردە وەک جیوە کە هاتی کوشتتن، ئەو ڕۆحی مەحز، ئەم جەوهەری زیوە لە دنیا تا دەگاتە ئاخیرەت کاریگەرە تیری وەکوو تیری تەهەمتەن زامی پاک ئەم دیو و ئەو دیوە لە ئەحواڵ و مەقامات ئەر دوا خۆ، خۆ نەگۆڕێ لێت هەر ئەو گورگە، «ئەبوزەیدی سورووجی» تەوری گۆڕیوە عەلاوەی بوونە ڕۆح، هەر بیکوژی، ئەعدا عەدوو دەکوژی چ عەقڵە؟ دوشمنی وا پەروەری، کێ خێری لێ دیوە! لە عیشوەی پڕ فەنی دنیا مەبە ئەیمەن، کە وەک نۆشی بە تەفرەی مەی سەد دانا قەڕابەی زەهری نۆشیوە وەکوو قەترینە بەحرێ دین و دنیایی پێشەکی لێ سەند بە هەرکەس قەترەیە بەرماوە وەسڵێکی ڕەوا دیوە وەکوو دێو ئیشی عەکسە، میهری قەهرە، شەربەتی زەهرە فریبە، گەنمی هەر جۆ، شیری هەر دۆ، ڕۆنی هەر پیوە کە دەستت بۆ لە سەر سەر نێ، سەر و ماڵت بە غارەت چوو کە لێوی پێ کەنی، عالەم دەکا سەرشێت و کالیوە لە مەکری ئەم عەجووزە و سیحری دێوی نەفس ئەمن مەحوی پەنا دەگرم بە زاتی ئەقدەسی بێچوونی نادیوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەر کە جۆشێکی نەبێ سەر کە جۆشێکی نەبێ، من زرکە تاڵم بۆ چیە! دڵ کە هۆشێکی نەبێ شیشەی بەتاڵم بۆ چیە! دەرد و داغێکی دەروونی گەر ببێ، با ڕەنگ و ڕوو سیس و موغبەڕ بێ، کەماڵم بوو جەماڵم بۆ چیە! تەجرەبەی عاشق بە سووتانی دەکرد ئەو زاڵمە سەیری کەن ئێستا دەڵێ: مشتێ زوخاڵم بۆ چیە! پێیی بە سەرما نا کە بوومە خاکی ڕێی، گەردم شوکر گەییە داوێنی، دەڵاڵی بای شەماڵم بۆ چیە! داخی سینە و پێچ و تابی دوودی ئاهم خۆ هەیە مۆر و توڕڕەی ئینپەراتۆر و قەڕاڵم بۆ چیە! خەڵق ئەوا مەجبووری دوو خۆخستنی خەڵقن بە جان من بە دڵ مەنفوورمە، ڕوتبەی جەجاڵم بۆ چیە! ماڵە پیتکێنێیە ماڵ و گەینە حاڵی خۆیە حاڵ من کە وا حاڵی بم، ئیتر ماڵ و حاڵم بۆ چیە! پڕ بە پێ زنجیری شێتی، داغی سەودا پڕ بە سەر سەیری حاڵی خۆمە، سەیری زوڵف و خاڵم بۆ چیە! دەردەدار ئەڵبەت زوبانی دەرد و حەسرەت تێ دەگا چاوی بیماری دەزانێ، ناڵە ناڵم بۆ چیە! دڵ گلە و شەکوەی لە ئەشکەنجەی عەزابی زوڵفی یار کرد و ئەو فەرمووی: ئەی زنجیری زاڵم بۆ چیە! حاڵە بەدحاڵی لە شوێن و ماڵە وێرانی لە دوو مەحویا! گەر ئەهلی حاڵی، حاڵ و ماڵم بۆ چیە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شمشادە ئەمە یا قەدە سەبارەت: پێداچوونەوە: هۆگر و ناشناس شمشادە ئەمە، یا قەدە، یا سەروی ڕەوانە یا عەرعەرە یا نەخلی مرادی دڵ و جانە! داخۆ ئەمە ئەگریجەیە پەخشاوە بە سەردا یا سونبولە کردوویە سەبا زوڵفی بە شانە! ئاهووی خوتەنە جیلوە دەکاتن لە خەتادا یا چاوی ڕەشی فیتنەگەری سورمەکەشانە! دڵ هایمە دائیم کە ئەمە قەترەیە داخۆ یا جوزئێکی بێ جوزئە موسەمما بە دەهانە! ئەم مەی سیفەتی خوون خۆرە وا ناوک و سوورە یاقووتی لەبە، یا گوڵە، یا قووتی ڕەوانە! ناڵاندم و فەرمووی کە ئەم ئاوازە حەزینە یا مەحوییە، یا بولبولەکەی فەسڵی خەزانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەجیبم دێ لە عەقڵی ئەو کەسە عەجیبم دێ لە عەقڵی ئەو کەسە وا تێدەگا مەردە کە چی وەک خان و خانم دائیما دڵخۆش و بێ دەردە بە پیری مەرگەوە فرسەخ بە فرسەخ ڕۆیون مەردان ئەوی باکی لە مردن بێ دیارە بڵح و نامەردە لە بەر قاپی مەحەببەت ئەو خودا پێ داوەیە ڕووسوور حەزینە، دیدە پڕەسرینە، دڵ خوێنینە، ڕوو زەردە لە ئەحبابی قەدیمی بەزمی ئولفەت ماوەتن دو تەن یەکێ پەروانە هەمدەردە، یەکێ بولبول کە هەم فەردە برالە! ئەم هەموو ئۆباڵە بێ بەو گەردنە حەیفە بنیشێ بەم حەدە ئەم گەردە لەو مینایی بێ گەردە لە دەورمدا حەسار: ئافەت، لە سەر سەر خەیمە: دوودی ئاه لە سایەی عیشقەوە بوومە شەهی ساحیب سەراپەردە چلۆن ئەو دێتە چاوی من کە یەکسەر عونسوری ئاوە مەحاڵە من کە بچمە دڵیەوە، دڵ کیشوەری بەردە تەپ و تۆزی غوباری دیم و ڕێگەی گۆڕی و دەیوت: دەترسم دامەنم ئاخر ببێ ئالوودە بەم گەردە دەبینم ئەهلی دڵ یا سەنگەسارە، یا لە سەر دارە دیاری عیشق، ئەگەر ساغت دەوێ، هەر دارە هەر بەردە لە باغی سێو و بەیدا باسی ڕوخسار و چەنەی کەی بوو خەجڵ ما سێو و بەی ترسا کە وا ئەو سوورە ئەم زەردە ئەگەرچی من گەدام، ئەو شا، لە عورفی عیشقدا مەحوی بەسە نیسبەت لە بەینا، من سیا بەخت، ئەو سیاچەردە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غایب لە دیدە چاوی سەرم غایب لە دیدە، چاوی سەرم، دڵمە پێتەوە! دەستم بە ئاسمانەوە، چاوم بە ڕێتەوە جان سەختە، یا لە دەعوەیی عیشقا درۆزنە ئەو زیندە ماوە تا لە سەفەر یاری دێتەوە! جانانە ڕۆی و جان و دڵم هەردوو دوو بە دوویی یا ڕەببی چی بکەم بە نیساری کە بێتەوە! ڕۆشن کە چاوی مونتەزیرانت بە گەردی ڕێت تۆ دێی و نووری دیدەیی من دێ بە پێتەوە خۆم و خوێنمت لە فکر چوو، دوعا دەکەم ڕەنگی خوێنی من کە لە دەستت نەچێتەوە لەحزێکی من لە سەومەعەدا دیبوو، ئەمری دا: ئەو هەرزە گەردە لەم دەرە دەرکەن، نەیێتەوە ئینسافی دا کە دی تەبی عیشقم لە شیددەتا حەقیە وتی: بەم ئاگرە گەر بشتوێتەوە وەک شەو کشا بە سەر مەهی ڕوخساریا خەتی گیرا ئەم ئافتابە کە قەت بەر نەبێتەوە مەحوی بە یادی تۆوەیە شوغڵی کە ڕۆیوی غایب لە دیدە بوو! بە خودا دڵمە پێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سەیری خەستەخانەی عیشق لە سەیری خەستەخانەی عیشق ئەوی سەوزەی کە وا شینە لە سەر هەر خەستە دێ یا خوێندنی یاسینە، یا شینە شەهیدی غەمزەیە بەعزێ، سەقیمی عیشوەیە جەمعێ دیارە، سەرنویشتی ئەهلی دڵ یا شینە یا سینە لە بەنگ ئەم بەنگیانە چی دەبینن، خۆ لە خۆ گۆڕان لە دنیادا مەداری عەیش و خۆشی، خۆ نەناسینە بە سەر دڵ دا لە قاپی فەیزەوە دێ نەشئە پەی دەر پەی چ غەمزەی دیدە مەخموورێکە ئەم شەو کون دەکا سینە هەناسەم دا بە ناڵە عەرزی حاڵی کەم کە تاساوە لە خوێناوی دڵ و جەرگم دەروونم کەیلە تا سینە لە عالەمدا عەلامەی سوبحی حەشر ئیمشەو بەیانی دا خودا عالم، لە چاکی ئەو بەرۆکە دەردەخا سینە مەلا تەڵقینی مەحوی دانەدا، حبل المتینی ئەو لە جێگەی زەللە زەیلی ڕەئفەتی تاها و یاسینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا لە چاوی بەد خودا حیفزی بکا ئەو شۆخە سەرمەستە سەریش ئەبڕێ، سەریشی لێ دەدا، هەی هەی چ سەربەستە! بنازم بەم سەراپا نازە، بازی غەمزە تێ بەردا ئەگەر سیمرغی بەر بێ هەم بووە یەک مورغی پەڕ بەستە ئەسیری چاهی غەم بێ، خانە با دەربەستە بێ مەجنوون لە خەیمەی نازدا عوشرەت دەکا لەیلا، چ دەربەستە! بە فکرێکە کە ئەم خوونڕێژە شیری بەستە پشت ئەمڕۆ، لە ئەستۆ دانی کێیە؟ کێ دەکا ئاخۆ کەمەر بەستە؟ ! بەرەڵدا کردنی نەفست زەرەرخێزە و فەسادئەنگێز بە ڕەحمەت بن قەدیمی ئێمە فەرموویانە: «خەر بەستە...» قسێکی پڕ لە تەئسیری بە فرزەندی دەوت پیرێ: عەزیزم تازە گەیوی تۆ، ئەمن باری سەفەر بەستە لە بەر قاپی خەراباتا منی دی، عیشوەیێکی کرد وتی: مەحوی لە بادەت چی، ئەتۆ خوێنی جگەر بەستە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ڕۆژێ هەڵدرا ئەم کۆنە لە ڕۆژێ هەڵدرا ئەم کۆنە خەیمەی تان و پۆ شینە لە سایەیدا شەرابی بەزمی عوشرەت گریە جۆشینە دەبینی جێیەک ئەمڕۆ بەزمی عەیش و بادە نۆشینە سبەینێ زوو زەمانە وەزعی گۆڕیوە، لە نۆشینە لە کێ پرسم دڵی بۆ پڕ لە خوێنی حەسرەتە یاقووت؟ عەزاپۆشی چیە و کێیە، جلی پیرۆزە بۆ شینە! بەهارێکی کە داخۆ بێ، نەیێ، هەی بێن و شینێ کەین فەلەک هەر شینە، سەحرا شینە، کێو و لێوی جۆشینە وتم: بۆ ڕووت و پووتن و ئەو کەسانەی عاشقی ڕووتن؟ وتی: شان و شکۆهی زیندە دڵ هەر ژەندە پۆشینە سەفای سافی جوانی ڕۆی و دوردی پیری هات خومارێ ماوە بەس ئەمشەو لە بادەی بەزمی دۆشینە کوڕی بێ، تا سەر ئەم دایەی زەمانە مەمکی کەس نادا کە سەعبە شیری شەفقەت مەحویا لەم شێرە دۆشینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ڕێگەی مەهلەکەی عیشق لە ڕێگەی مەهلەکەی عیشق ئەو بەڵاجۆ نی، برا، لا دە ئەوی من چووم و لەوما دی هەر ئاه و داد و فەریادە لە بەحری نووری حوسنی بێ نیشان ئیفشا کە یەک مەوجە نیشانی دە بە عالەم ئیختیراعی حەشری بێ وادە چیە؟ خوسران، ئەمەندە مەستی لەهو و لەعبی دنیا بوون برا! عومری گیرامی بەس لە ڕێی ئەم بادە بەر با دە بە خیبتە بەو خودا پێ داوە طوبىٰ لهیە ئەهلی خولد لە کوورەی ناری غەمدایە بە داغی دەردی تۆ شادە هەمیشە دیدە بەحری گەوهەرە و دڵ پڕ لە نەقدی داغ لە بن نایێ بە مەسرەف چونکە خەزنەی من خودا دادە لە سەر تۆ بوومە پەندی عالەمێ، وتم و وتی: مەحوی بەسی بێ موشریکی. بەس، یا لە دنیایا لە من لا دە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە بێ لێوی لە سەر لێوم بنێ کە بێ لێوی لە سەر لێوم بنێ، ڕۆحم لە سەر لێوە کە لێوی لا بەرێ، ئەڵبەتتە ڕۆحم دەردەچێ پێوە شەکەرباری، نمەکپاشی، ئەگەر ببووایە من دەموت: کە غونچەی تازە پشکووتوو دەشوبهێ بەو دەم و لێوە دەڵێ هەر کەس ببینێ یار و ئەخباری بە ئەترافا خودا چین ئەم هەموو دێوە لە دەوری ئەم پەری شێوە! هەتا ڕۆژە دەبێ بۆ شامی شەو هەوڵێ بدا هەر کەس، ئەگەر شاهەنشەهە ئەو ڕۆژە ڕۆیی شەو بە بێ شێوە بەهارێ بوو جوانی، بوو بە سوخرەی پاییزی پیری بە سەر چوو باغ و باقی ماوەوەی مشتێ چڵ و چێوە مەگەر شاری عەدەم، جێیی وا تیا سەر گەشتە بم قاتە بیابانە بەشی مەجنوونە، خاسی کۆهکەن کێوە ئەمینی شێتییە مەحوی لە مەکری نەفسی ئەممارە مەگەر ڕەحمی خودا دەمبەستی کا ئەم مارە ئەنگێوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە دیم ئالۆزە چاوی کە دیم ئالۆزە چاوی، زوو وتم: ئەم فیتنە هەڵبەستە وتی: جاران ئەتۆ دەتوت بە من: کەم فیتنە هەڵبەستە بە سووتن چم، گلەم نەبووە لە دەردی سەردی میهری تۆ من و شەکوە؟ وتی: گوێ ناگرم لەم فیتنە هەڵبەستە بە غەیرەز شوکر، ئەگەر شەکوەم لە جەوری تۆ ببێ، سپڵەم وتی: حاشا، دەزانم ئەم ڕەقیبەم فیتنە هەڵبەستە بە جێیە کوشتنم، سووتاندنم، خاکت بە با بۆ دام؟ ! وتی: ئاهەنگی عیشقی من مەقاماتە لەگەڵ بەستە بە زوڵفیدا هەڵاوەسرابوو دڵ عومری بە سەد ئامال نیگاهی وەک ئەجەل هات و وتی توولی ئەمەل بەستە قەزا بێ دەستەڵاتت کا، چیە غەیری ڕەزا چارە؟ لە بەر دەستی جەلابا ڕێویێکە شێری پەل بەستە بە خۆ کوشتن نەجاتی خۆ بدە مەحوی وەکوو فەرهاد لە زۆری قەهرەمانی عیشق، ئەفەندم، هەر ئەجەل بەستە ++++++++++++++++++++++