شاعیر: حەریق کتێب: غەزەل سەرناو: گەوهەر فرۆش ئاشقی سەروی قەدت قومری سیفەت زاری دەکا ڕووی گوڵی تۆ بولبولی دڵ فێری غەمخواری دەکا خۆت وەکوو سوڵتان و چاوت حاکم و ئەبرۆتە شیر تیری موژگانت وەزیرە مەشقی خونخواری دەکا کەوتە نێو زوڵماتی زوڵفانت دڵی ئەسکەندەرم خدری زیندەی ماچی لێوت، کەی دێ ڕزگاری دەکا من بە میزانی تەبیعەت گەوهەر ئەفرۆشم، دڵم وا لە شامی زوڵفی تۆدا کەسبی عەتتاری دەکا مەیخەرە ژێرپێتەوە گەر حەز دەکەی ژیر بێتەوە دڵ کە منداڵە شەکەرخەندەی لەبت چاری دەکا مورغی دڵ برژا لەبەر قرچەی هەتاوی فیرقەتت تابەکەی داوی سەری زولفت گرفتاری دەکا توتیی دووکانی حوسنت بولبولی تەبعی منی خستە نێو بەندی تەماع و فێری بازاڕی دەکا مەستی بادەی چاوی تۆم و پێم دەڵێ مەستی مەیە سەیری کەن بوختانی ناحەق چۆن بە لەب جاری دەکا بێرە مەیدانی فەساحەت ئەسپی خۆت لینگ دە حەریق تا بزانم کێ بە شێعرت سوحبەت و یاری دەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوری خەفەت هەوری خەفەتە بەفری غەمی داوە بەسەرما یا سەڕسەڕی دووریتە کە لێی کردمە سەرما گاهێ بە شەرارەی غەم و گەه سەڕسەڕی هیجران خۆشی نەبوو بۆ من نە بە گەرما نە بە سەرما کەوتۆتە سەرم ئەشک و غوباری ئەلەمی دڵ یەعنی: کە قوڕی میحنەتە کردوومە بەسەرما گەر دەچمەوە ساحیب نیە هیچ مونیس و ساحیب گەر دەچمە سەقز ناری سەقەڕ وا لە جگەرما شاهیدمە حەواسم کەسەکەم چەندە کەساسم بەخودا نییە غیرەت لە خەیاڵ و لە نەزەرما هەرچەندە بە جیسمانی کە دوورم لە حوزوورت ڕۆحانییەتت سەبتە لەنێو دیدەیی تەڕما تۆفانی سروشکم چووە سەر جوودی وجوودم کەشتی تەنی قوم کرد و نە نووح و نە ئەسەر ما لەوساوە کە تۆ ڕۆیی دڵم ڕۆیی بەدووتا هێلانەیی تەن هەروەکوو مەئوایی سەقەرما بێ فەوجی وەفاکەت کە جەفایە وەرە ئەمشەو ئەم لەشکری ئاهی منە بێ فەتح و زەفەر ما لەم قەسوەتەدا دانەکەوێ پەردەیی زوڵمەت بەرچاوی دڵم بگرێ، دەسا بێ بە گوزەرما ئاوێنەیی دڵ ژەنگی قەساوەت ڕوخی پۆشی خاکستەری دڵسووختەیی بێنە بەسەرما مەنواڕە بە زاهیر کە بەبێ قووتم و ڕووتم ڕووت، قووت و خەیاڵت غەزەلی چاکە لەبەرما سەرمایەیی ئەم مڵکی خەیاڵاتە حەریقی حەیفێ کە تەلەف بوو، بە هەدەرچوو، بە زەرەرما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوسرەوی خوبان ئەم خوسرەوی خووبانە کەوا دێتە نەزارەت شیرینە ئەگەر دڵ بڕفێنێ بە ئیشارەت ئیسمێکی شەریفی هەیە مەنعە لە تەسەڕڕوف جیسمێکی لەتیفی هەیە لاییق بە سەدارەت نەقدی دڵ و ڕووحم هەیە بۆ موژدە لە ڕێدا زۆر لاییق و شایستەیە بیدەم بە بەشارەت میوەی ئەمەلم کاڵە بە دوو چاوەیی کاڵی کالایی خەیاڵم هەموو ڕۆییوە بەغارەت لەو وەختەوە، تەخفیف کرا ئیسمی شەریفت من سووکی لەلام بۆتە نیهایاتی وەزارەت نوقتەی دەهەنت وا دڵی هێناومە تەنگی جێگایی خەیاڵی نییە بۆ فکری بەکارەت تۆ ساحەبی ئەم چاهی زەنەخدانە بی قوربان سەد یۆسفی کەنعانی دەبێ بێتە زیارەت باکم نییە لەو خەنجەرە دەیکەی بە کەمەردا شمشێری برۆت جەرگی بڕیوم بە ئیشارەت شەیتانی ڕەقیب دوشمنمە بۆیە کە ڕەحمان ڕەحمی نییە بۆ حاڵی دڵی پڕ لە مەرارەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەڕشی غەزەل ئەی دڵ وەرە شادی کە لەبۆ بەزمی ویسالت وا دیومەتەوە دڵبەرەکەی تازەنیهالت موددێکە کە ئەی بولبولی گۆشەی قەفەسی غەم فەسڵت بووە لەم گوڵبەدەمەی نەوخەت و خاڵت خامۆش و نمەدپۆش و موجەڕڕەد لە عەلایق نەمبیستووە ئاوازی دەمی تفڵی مەقالت سا، هەڵسە لە شوکرانەیی ئەم موژدەیە ئەی دڵ ئامادە کە ئەسبابی تەڕەب ویسعەتی حاڵت فەڕشی غەزەلت ڕاخە لەنێو حوجرەیی دڵدا فخر العلما بێنەرە دیوانی خەیاڵت بۆ پێشکەشی ڕێی عەد بکە ئەوسافی جەمیلی خەرجی کە لەڕێی دەعوەتی ئەودا سەروماڵت حەددم چییە عەددی بکەم ئەوسافی جەمیلی مردووت مرێ کرمانجی لەبۆ عەقڵ و کەماڵت زاتێکە موبەڕڕایە لە ئەنواعی نەقایس ئیتر چ دەڵێی دەرحەقی، مەفقوودە مەجالت پێی بێژە لەبۆ شەوکەتی تۆ فەخری زەمانە پابووستە ئەرز و فەلەکیش چەتری جەلالت شایستەیی شانت کە رئیس العلمایە ڕێم ناکەوێ حەددم نییە تەعدادی خیسالت تا ڕۆژی قییامەت لە جەلالا بی، جەلالی نەیبینێ ئیلاهی چ بەشەر ڕۆژی زەوالت پەروازی نییە بولبولی دڵ بۆ تەڕەفی گوڵ تا دیویەتی پەروانە سیفەت شەمعی جەماڵت مەقبووڵە لەلای فەخری زەمان شێعری حەریقی چت پێ هەیە ئەی موددەعی بێ بیکە سوئالت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەدینەی ئەمەل تاریکە دڵم ڕەوشەنیی شەمسی هیدایەت نوقتەی دڵەکەم مەبدەئی هاتۆتە نیهایەت ڕۆژم وەکوو شەو وایە بەبێ شەمعی جەماڵت سوبحی ئەمەلم چاوەنواڕە لە عینایەت نامەی عەمەلم ڕووڕەشە، وەک سەفحەیی قەلبم غەیری ڕەشی ڕەنگی نییە خۆش حاڵ و حیکایەت ئاهێکی جگەرسۆز و نیگاهێکی دڵ ئەفروز با بێ لە تەڕەف تۆوە بە تەئسیر و سیرایەت بەرقی بەڕقی دوژمنی دین، مونکیری بەدبین کەی دێتە ئەسەر خەرمەنی هەستیم بە ڕیعایەت عیسیان بە ئیزاعەی دڵ و نیسیان بە ئیتاعەت وەک جووتەبرا سوحبەتییان گەیوەتە غایەت «سەیید» سەنەدە، شاهیدی «سادیقمە» محەممەد بێ سەیقەلی تۆ دڵ نییەتی دەرک و دیرایەت ئەی پادشەهی موڵکی ویلایەت بە عەداڵەت مەزڵوومی شەڕی نەفسم و هاتوومە شکایەت کەوتوومەتە ژێر دەستی شەیاتینی نفووسم دەستێ بدەرە دەستی شکەستم بە عینایەت قوربان بە فیدای قاپی سەگی قاپییەکەت بم وەبزانە سەگم ڕامگرە بۆ حیفز و حیمایەت وەک تازی لەدووی سەیدەوە من دەبمە توفەیلی بەو شەرتە کەوا پەس نیگەریت بێ بە عینایەت حەیفە سەگی قاپیەت لە زییانا بێ زمانی بێ باکم ئەگەرنا لە هەزار جورم و جینایەت بێ تۆشەم و هاتوومەتە دەرماڵی کەریمان هەرجارە بەبێ تۆشە دەچن ئەهلی ویلایەت بورهان وەکوو کەنعان و شەڕەفکەند کە میسر بوو کردت بە مەدینەی ئەمەل و کەعبەیی غایەت هەم شەمسی بە ئیسنادی و هەم قوتبی بە ئیرشاد ئەو خەرقە بەسە بۆ نەزەری ئەهلی کیفایەت هەم حازر و هەم غایب و هەم جەمع و پەرێشان ئەم جەمعە نەقیزەینە لە تۆ بوو بە ڕیوایەت بۆ بەحسی سفاتت چ جەلالی چ جەمالی هەر عەقڵێ کە کول بوو هەموو کول بوو لە بیدایەت سەد هەروەکوو مەنسوور و هەزاری وەکوو شبلی جاڕووکەشی دەرکن بەهەوای دەرک و دیڕایەت سەر دانێ لە مەیدانی موریدانی حەریقی بۆ گۆیی شەقێن چاکە خوەشت کوت بە کینایەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جێژنانەی ڕۆح قوربان وەرە قوربانە، سا بمکە بە قوربانت ڕەنگین کە بە خوێناوم کاکۆڵی پەرێشانت ئازادییە ئەمڕۆژە، سا فەرموو بە ئازانە تیرت لە کەمانت خە بۆ قەتڵی شەهیدانت جێژنانەیی مە ڕووحە کردوومە بە قوربانت تۆش ماچێ کەرەم فەرموو لەو سێوی زەنەخدانت تفڵی دڵی بێچارە موددێکە گرفتارە غەمخواری دڵ ئازارە بۆ ناوەکی موژگانت ڕۆح و دڵ و دین هەرسێ مەجمووع بە یەکدەفعە قوربانی سەعاتێکی لەعلی لەبی مەرجانت مەقسوودی من ئیزهارە بۆ ئەمسیلەیی مەدحت بۆ توحفەیی ئەوسافی ئەزهاری گوڵستانت ئەی خوسرەوی پەروێزم، شیرینی شەکەرڕێژم فەرهادی دڵی کوشتم چاوی ڕەشی قەتتانت موومکین نییە تەقسیمی زەربی عەدەدی زەخمت مینها کە لە تەقسیمدا، زەربی خەمی چەوگانت دڵ تالبی ڕوخسارت، جان تالبی گوفتارت فرزەندی خیرەد ڕۆیی بۆ لەعلی بەدەخشانت بۆستانە کەناری دڵ بۆ نەخلی قەدت قوربان دیدەم وکوو ڕووبارە بۆ سەروی خەرامانت قەلعەی دڵەکەم قوربان نیشانەیە بۆ تیرت سینەم وەکوو سەحرایە، بۆ جیلوەیی مەیدانت بۆو چاوە کەوا مەستە، دڵ سستە سەرم مەستە ئەم ئەبرووە پەیوەستە، بۆ قەتڵی موحیببانت تەنهاکە حەریقم من بۆ شەمعی شەبوستانت مەمکووژە وەرە تۆخوا، سا تۆ، بە ڕەقیبانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووری موحەممەد بەو نوورە کە زاهیر بوو لەسەر ڕوویی موحەممەد عالەم هەموو ئاشوفتە بوو وەک موویی موحەممەد مەخجوول و سەرئەفکەندەیە نەسرین و وەنەوشە بۆ موویی سەمەنبوویی دوو گیسوویی موحەممەد مەجزووبە هەموو کەس بە ڕمووز و بە ئیشارە مەجبوورە لە دەس ساعید و بازوویی موحەممەد سەروی چەمەنیش پێی لە گڵ و خاری غەمایە لەرزانە لە حەسرەت قەدی دڵجوویی موحەممەد لالەش وەکوو من سینەیی پڕ حەسرەت و داخە تا دیویەتی ڕوخسارەیی گوڵبوویی موحەممەد «بورهانە» لەسەر نەفیی مونافاتی شەو و ڕۆژ موویێ کە پەرێشانە لەسەر ڕوویی موحەممەد عالەم وەکوو من جەرگی بڕاوە بە نیگاه و ڕەمکردن و ئیستادەنی ئاهوویی موحەممەد ڕۆح و دڵ و دینت هەیە هەرسێکی حەریقی سەرفی کە لەڕێی وەسف و سەناجوویی موحەممەد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵی گوڵشەن چاوەکەم ئەمڕۆ لە گوڵشەن گوڵ بە عیشوە خۆی نواند نەک نمەکگیر بم، بە مەرگی تۆ قەسەم هیچ نەمدواند گوڵ بە تۆزی پێتەوە لاف و گەزافی لێ دەدا وا شکور سۆزەی نەسیم هات و ئەویشی لێ ستاند نەشتەری موژگانی تۆ هاتۆتە سەر سەفحەی دڵم هەر خەتێ بوو، غەیری خەتتی سەوزی تۆ، پاکی کڕاند لەشکری ئاهم لەگەڵ جەیشی حەبەش دەعوا دەکا حیرەتم ماوە کە چۆن ئەو دڵبەرە دڵمی ڕفاند؟ بۆ گوڵی ڕووت ماتەمی پەرچەم دەبینێ بۆیە وا ماهی نەورۆزم بە شیوەن وەک محەڕڕەم خۆی نوواند تۆ لە ئەووەڵ گۆی وەفات هێنایە نێو مەیدانەوە ئێستە چەوگانی خیلافت پشتی سەد وەعدەی شکاند تۆخودا قەت غیرەتە بۆ تۆ ئەرێ سەروی ڕەوان گوڵ بەبێ تۆ وا لە باغا خێوەتی خۆی لێ چەقاند؟ با وجوود ئینساف بدەم چاکە، گوڵیش موشتاقتە هەر لە شەوقی تۆیە سەرپۆش و گەریبانی دڕاند هەرکەسێ مایل بە پیرێکە و تەریقێکی هەیە تۆ بە شوعلەی غەم حەریقی وا وەجاخت هەڵگڕاند ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باغی خەیاڵ کە قەتڵی خوێنی من زوڵفی کەچی کرد نییە داخم ئیتر زولفی کە، چی کرد خەیاڵم کرد لە باغی خاڵی فەرمووی: هەتیو! لاچۆ خەیاڵی خۆت لە چی کرد؟ لە خزمەت ئاسمانی حوسنی ڕووی تۆ سەما کەوتە سەما گەردنکەچی کرد بە تیری غەمزە جەرگت پارە کردم تەماشای تیری موژگانت کە چی کرد ئەگەر وەسفت بە ما هذا بشر کەم پەشیمانم دەڵێم وەسفم بە چی کرد؟ خەیاڵاتی شەو و ڕۆژم لە شام و نەهار و زوڵف و ڕووی تۆ بوو هەچی کرد حەریق سینەی کە پڕ دووخانی خەم بوو لە داغی ئەحمەدی دووخانەچی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعری ئاودار بێینە سەرباسی نیگاری گوڵعوزار شۆخ و شەنگ و لالەڕەنگ و چاوخومار چاوی مەخمووری کە هەڵبێنێ بەناز دڵ لەلای نامێنێ ئارام و قەرار پەرچەم و کاکۆڵی داوی دین و دڵ گۆشەیی چاوی فریوی ڕۆژگار دڵبەر و خورسەند و شیرین و لەتیف نیم نیگاهی شیبهی ئاهوویی تەتار لێوی لەعلی وا دڵی خستوومە خوێن جۆگەلەی خوێنین لە دیدەم دێتە خوار ڕۆژ و شەو هەردوو مونافین پێکەوە یاری من جەمعە لە لای لەیل و نەهار سینە پڕسۆزە بەڕووی نارینی نار وەک تەنووری پڕ لە سۆز و پڕ شەرار تەرفی ئەم شارە چ خۆشە بۆ بەهار لایێ گوڵغونچە لەلایێ لالەزار بێوەفایی هەر لەبۆ یار مایەوە ئاخری هەر بێوەفایی کردە کار کەس وەکوو من بێبەش و مەئیووس نییە باغ وەکوو من زەرد نییە وا بێژومار ئافەرین بۆ تەبعی سافت ئەی حەریق بێ غەلوغەش ئێژی شیعری ئاودار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاگری غەم تەعاڕوفی بە سیگارە، شیعاری ئەهلی کوبار سەبیلی عادەتی مەسدوودە بۆ ڕەواجی سیغار لە قاوی قاوەچی هەرکەس کە مەشرەبی چا بێ بە دوودی قەننە قەناعەت دەکا فەقیر و هەژار میزاجی ئادەمی خاکی هەوا بە ئاویادا عینانی سەبر بەدەس با گەییشتە کوورەی نار بە موڵکی وەحدەت ئەگەر ئاشنا بێ مونکیری حاڵ دەزانێ عومری عەبەس بوو لە کەسرەتی ئەغیار زەڕی نەبێ سەمەرێکی نییە درەختی غەیر ئەگەر بە بەرد و پلار سەرچڵی بخەیتە خوار درەختی موڵکی دڵم میوەیێکی کاڵی هەیە خودا بکا بە تەحەممول بگا بە سەبر و قەرار بە داخ و حەسرەت و غەم دەچمە حەڵقەیی ماتەم سەفایەکی نەبوو سەعییم لە تەرفی کۆیی نیگار لە وەختی عالەمی ئەڕواحەوە هەتا ئێستا سەفەر دەکەم نەگەیشتم بە مەنزڵی دڵدار فیدای زیندەدڵانی تەریقی خووبانم هەمیشە تازەدڵن وەک گوڵی هەمیشەبەهار لە چەشمەساری مەعاریف کەسێ نەسیبی نەبێ هەمیشە چاوی تەڕە، زاری وشکە، لێوی بەبار حەریقی ئاگری غەم سیخی عومرمی سوتاند کەبابی سینە بە ناپوختە هاتە مەجلیسی یار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕازی ئیشق حوزنی من یا حوسنی تۆ ئیشکالە تا ئاخر نەفەس چون زەکاتی حوسنی تۆ یا حوزنی من ناگا بە کەس زاهیرەن فەرمووتە وەختی مردنی حازر دەبم وا لە خۆشی مردنم دەمرم دەسا ئینسافە بەس چۆن دەکەی مەنعی دڵی من تۆ لە شەهدی لێوی خۆت؟ لێوی تۆ وەک شەککەرستانە و دڵی من وەک مەگەس چاوەکەم لەو باغی حوسنە مەنعی چاوی من مەکە لازمە بۆ پاسەوانی باغەکەت جووتێ عەسەس تازە فەرمووتە لەلای کەس ڕازی عیشقی من مەڵێ نەتدەزانی دڵ کە کون بوو دەنگی لێ دێ وەک جەرەس؟ پێی بڵێن زاهید بە خێری خۆی لە وەعزی من گەڕێ عیشقی من شوعلە و بڵێسە، وەعزی ئەو وەک خار و خەس خاڵی سەوزە، داغی سەوزە، باسی ناسۆری مەکەن تا زەدەی ئەو بێ حەریقی قەت شیفای نایە بە کەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ورد و هەڕاش عالەمێکە پڕ شەڕ و شۆڕ و نیزاع و ئیرتیهاش ڕۆژگارێکە سەراسەر میحنەت و پڕ ئیغتیشاش کەس نییە بۆ ئیستراحەت سەر بنێتە سەر سەرین کەس نییە ئاسوودە بێ پاڵووی لە خاری ئیفتیراش تالبی ئیمساکی دەرخست ڕووبەڕوو هاتۆتە پێش ساحەبی عیرفان و دانیش سەربەزانوو چۆتە پاش بۆ سلووکی ڕێی مەعاریف پاڵەوانیش ناتەوان بۆ تەریقی جەزبی جیفە وەک یەکە ورد و هەراش نان و ئاوی ئەهلی دڵ هەر غوسسەیە و خوێنی جگەر دەستی بەرداوە لە عورزە تالبی نانی بەلاش هەر کەسێ دانگێ شعووری بێ شەعیرێکی هەیە ئەبلە بێدەنگ بۆتە ساحەب موڵکی شەشدانگ و مەعاش گەر بە تێڵا و زۆر نەبێ ڕۆزی وەدەس کەس ناکەوێ شاهیدە بۆو موددەعایە حوکمی قازی و –∪– دین بە زاییع چوو مەگەر بۆی ڕێک کەوێ پیاو ناگەهان وەک کەلیموڵڵا خودا کردیە دەلیلی سەنگ تراش نەک وەکوو قازی زەرووری و وەک مەلای ناخوێندەوار یا خەڵیفە کۆڵەتاش و مورشیدی خۆهەڵتراش یا وەکوو من بەخت، تالیع یاوەر و یارم نەبوو جێی موتاڵا و نۆرەدەرسم بوو بە دەورەی نۆبەئاش وەک ئەستوو بم، جیهانگیرم سکەندەر بێ، نییە جارێ «بابا»یێ ڕەفیقم بێ وەکوو وێڵداشی باش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جێژنانەی ڕۆح ئەی خزری ڕەهی زوڵمەتی نێو ئاوی حەیاتم بێ شەمسی ڕوخت ساکینی قەعری زوڵوماتم ئەفسوردەیی سەرمایی حوزوور و شەهەواتم ڕەنجیدە و ئازوردەیی دەستی خەتەراتم دڵ بۆتە پییادەی جڵەوی ئەسپی هەناسەم بۆ دەوری ڕوخی شاهی جیهان بەیدەقی ماتم هەرچەند کە هەڵاتم وەکوو بووم شومی وڵاتم هەر چاوەنواڕی کەرەمی پیری هیراتم گەرچی وەکوو سەردەفتەر و سالاری عوساتم لەم خاکی دەری ڕەحمەتە مەئموولە نەجاتم قوربانی سەگت بم شەهی مەیدانی هیدایەت وەک سالیکی بێ مەسلەکی ڕێی هات و نەهاتم زەنگی خەتەر و وەسوەسە وا قەلبی قەڵب کرد هەر مونتەزیری گۆشەیی میرئاتی جەلاتم حەیران و سەراسیمە وەکوو بولبولی بێ گوڵ ئاشوفتە و گیرۆدەیی خاری وەکەناتم تەعمیری دڵی باغی لە باغ چاترە قوربان لەم چاوە منیش مونتەزیری مائی فوڕاتم تا مەتلەعی کەنعانییە نێو چاهی زەمیرم سەنگین بە سەعادەت بوو تەرازوویی نیشاتم بۆ دیدەیی یەعقووبی خیرەد یەک نەزەری تۆ خاسییەتی پیراهەنی کردوە بەخەلاتم زانیومە کە سوئی ئەدەبە شیکوە لە ئاواڵ چبکەم دەسەڵاتم نییە بێ سەبر و سوباتم تۆ شەمس و منیش زەڕڕەیی بێ جیلوە بە قوربان نیسبەت هەیە عەیبی چییە جۆیایی بەراتم؟ با وەسفی هەموو زیللەت و ئەحواڵی ڕەزیلم چون مونکیری تۆ نیم وەکوو سوڵتانی وڵاتم بەم تەبلەیی عەتتاری خەیاڵاتە حەریقی هەر بانگ کە وەرە موشتەری بۆ شەهد و نەباتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەنجی فکر بولبولی دەوری گوڵ و توتیی شەککەرشکەنم قومری سەروی خەرامان و تەزەڕووی چەمەنم بێنەوا و ساحەبی ئاوازی حەزینم بە نەوا شەمعی هەر جەمعم و پەروانەیی هەر ئەنجومەنم سوحبەتی قودسی و سەیری مەلەکووتیم دانا بە عەلاقەی ئەم و ئەو هەمدەمی زاغ و زەغەنم لەززەتی جەننەتی ڕووم داوە بە دانەی خاڵی ئەمە ئیرسی پدەریمە بە پسەر پێدەکەنم موڵکی تەجریدی بەجێ هێشت و بەهەشتی دانا ئێستە گیرۆدەیی خاروخەس و دارودەوەنم بەهەوای ئاوی حەیاتی دەهەن و نۆشی لەبی خدری زیندەیی سەرچاوەیی چاهی زەقەنم هاوسەری موشکی سەری زوڵفەقەتاری نەفەسم مالکی قافڵەیی چینی خەتا و خوتەنم مەجمەعی سینە و فینجانی مەم و شەربەتی دەم خەلعەتی پارە کە زانیوتە غەریبی وەتەنم قەندی لێوی تەڵەبی چاییە، سا، سرکە مەکە نەک بە تاڵی بدوێ خوسرەوی شیرین سوخەنم وەجدی مەجنوون لە پیاڵەی غەمی لەیلا دایە بە خەیاڵی لەبی شیرین، بێستوون هەڵ دەکەنم شادی بێگانەیە، خزمم غەمە گەر مردیشم ئەوە واریس لە حیسابی حەق و گۆڕ و کەفەنم گەنجی فیکری کە لەنێو کونجی غەما دیوەتەوە موڵکی شادیم هەیە تا ساکینی بەیتولحەزەنم تیرەکەی بەخەتەرە یاری کەمان ئەبرۆ حەریق گەرچی ئەو ڕۆستەمە ئەلحەق ئەمنیش ڕۆبیتەنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵی گوڵشەن بۆ جەمعی غەم و شادی نەبوو ڕۆژی محەڕڕەم ڕووت بەرگی گوڵی شادی و زولفت شەوی ماتەم بەو وەجهە دەڵێن مەسحەف و بەو نوقتە دەڵێن دەم بەو زولفە دەڵێن قەید و بە ئەو حاشیە پەرچەم تەفسیری شەوی وەسڵ و غەمی ڕۆژی فیراقە مەشهوورە لە دنیا بە بەهەشت و بە جەهەننەم تەقسیمی ئەزەل وا بوو لە دوایی من و یارم بۆ سەیری ئەمن سەید و ڕەقیب کەلبی موعەللەم تەسبیحی سەنای زولفی خەیاتە و لەبی مەرجان سەرڕیشتەیی ئێمەی دەوێ بۆ عیقدی مونەززەم شادی ئەسەری مەستییە بێ شەرت و وەفایە بۆ فرسەتی تەنگانە غەمە مونیس و مەحرەم عومرێ کە ئەساسی هەوەسی بازیی نەفس بێ قابیل نییە بۆ خێوی وی شادی و ئەلەم و غەم بێ سێبەر و سەبر و گرە شەوقێکە مودارا نەمدیوە لە گەرما و لە سەرما دڵی خوڕڕەم بۆ دڵبەری مەعنی لە حەرەمخانەیی ئەسرار خۆی و قەڵەمی ماوە حەریق ئێستە بە مەحرەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیعمەتی وەسڵ بە زاهیر گەر لە ئەسبابی سروور و سووری تۆ دوورم بە شوکری نیعمەتی وەسڵت لە شادی دام و مەسروورم لە بووک و پێخەسوو بەربووک و پۆپ چەرمک، نەبووم ئەمما دوعاگۆیی دەلیلە ئەڵبەتە لەو زومرە مەحشوورم لە خەیمەی ساحەبی سەیف و قەڵەم وەزعی عیلم چا بوو سەدای تەپڵی بەشارەت بوو، بەڵێ فەتحیم و مەنسوورم بە نەقدی گەر حەیاتی عارییەت قابیل بە تەقدیمە نیساری فەرموو تا بیڵێم شکور بۆ پارە مەنزوورم لە سۆزی سینەیی عوود مەجمەری بەزمی موحیببانم لەگەڵ ئەفسووردەییش بۆ گەرمی مەجلیس ئاگری سوورم وجوودم گەر خەرابەی ڕەنجە، دڵ هەر مەخزەنی گەنجە بۆ سەیرانیش لەلای ئەهلی دەروون ئاباد و مەعموورم قوتابی نیم لە هەوڵی نان و شەکر و لوقمە قازی بم لە ئەهلی تایبی تەحسیل و زیکر و ویردی مەئسورم لە دەعوادا یەدی بەیزا و عەسای مووسات لەدەستا بوو ئیجازەی ماری خۆشت پێ نەما فەرمووتە مەحسوورم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوکانی حوسن بە قوربان ئێستە هیجرانت دەناسم کە ناری فیرقەتت بۆتە لیباسم بەبێ دووکانی حوسنت موددەتێکە لە بازاڕی ڕەواجا من کەساسم موشەووەش بوو وەکوو کاکۆڵەکەی تۆ لەف و نەشری خەیاڵاتی قیاسم بە تابووری بلووکی نووکی موژگان شکا تەرتیب و نیزامی حەواسم بە تیرێکت کە جەرگت پارە کردم مەکە بەو بارە هەرمن بوو خەلاسم کە خاڵی لەعلی لێوت ڕەهبەرم بێ لە خدری زیندە نابێ ئیلتیماسم کە شک نابەم گوڵی ڕووی لالە ڕەنگت ئەوا موحتاجی ڕووی لالەعەباسم لەبەر تەعنەی عەوام ئەندێشە ناکەم کە من عاشق بە گوڵغونچەی خەواسم بە شەمعی جەمعی ڕوخسارت حەریقم نەسیمی ئیلتیفاتی تۆ دەناسم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی گران بەشی ناسینی نامەردی لە کەسدا مەردی نابینم لەلایێکی کە ڕووگەرمی نەبێ دڵسەردی نابینم چ ڕووسپیەک بە ڕووسووری لە بۆتەی ئیمتحان دەرچوو درۆ ناکەم بە وەجهی ڕاستی ڕووزەردی نابینم لە کەند و ڕەندی عالەم قەت مەپرسە گەر خیرەدمەندی خودا هەڵناگرێ ڕەندم نەدیوە کەندی نابینم لە کەس وردیم نەدیوە تا درشتی پێ نمایان بێ کەسێ بڕوێش دەکا و لافی دەقیقەوردی نابینم گەلێ کەس دەستی چا دەڕوا وەکوو چا ئابڕووی ڕۆیی بەڵام بۆ دین وەکوو دونیا بە دەستوبردی نابینم ئەوەی عاریف بوو دەیزانی ئەمن چم دەکوت و لام باشە دەڵێم زاهید بە دارا چێ ئەمن وەک بەردی نابینم حەریق دەردی گرانە دەردی بێ هاودەردییێتی وا لە هاودەردێ گەڕاوم حەیفێ هیچ هاودەردێ نابینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاوی گریان لە ئەم عیدە بەعیدم من لە دیداری ڕەفیقانم خودا سا تۆ قەریبم کەی لە خوانی وەسڵی یارانم لەلایێ عیشرەت و شادی، لەلایێ گەردن ئازادی ئەمن کەوتوومە نێو داوی حەریقی ناری هیجرانم سەرم قوربانت ئەی ساقی کە تۆ سادەی، وەرە، سا، دەی فیداتم دەستوبردێ کە ئەجەل نەک بێ بە میوانم دڵم کەوتۆتە زوڵمات و دەڵێ پێم خۆشە تاریکی بە تارێکی سەری زوڵفت هومێدم ماوە وەبزانم خودا عومرت بدا باقی، وەرە ساقی بدە ڕاقی کە تۆ هەمڕازمی مەی بێنە بۆ دەرمانی دەردانم هەتا کوفری سەری زولفت ببینم وا لەنێو کوفرام کە دیتم شەمعی ڕوخسارت دەڵێم ئۆخەی موسوڵمانم بە ڕەنگی ئەشکی خوێنینم کە ڕووسوورم لە قاپی حەق لە فەیزی تۆوەیە ساقی بەجۆشە تاوی گریانم بە خوێناوی دڵی زارم وەرە کاکۆڵ حەنایی کە مەڵێ ڕاوەستە تا قوربان، لە عیدەینا بە قوربانم لەنێو ئاتەشکەدەی غەمدا کەبابی دڵ ئەوا برژا شەڕاب بێنە بە پەیمانە تەواوە عەهد و پەیمانم شوکر وەسڵم هەیە ئەمڕۆ لەگەڵ پەیکان و تیغی تۆ کە کوشتەی تیری موژگانم، کە چاکی تیغی حیرمانم کوتت دانەی خەیاڵت بێنەرە نێو داوی زولفەینم ئەگەر دەیکەم پەرێشانم، ئەگەر نەیکەم پەشیمانم سەفی تابووری موژگانت لە قەلعەی دڵ کە جێگیر بوو هەتیوی دڵ نەما جێگەی لەبۆکوێ ڕۆیی نازانم؟ ! حەریقی تەرکی یار ناکەم سەرم ببڕن ئەگەر فەڕزەن نییە باکم لەبەر تەعنەی موریدی پیری ڕەندانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مێعراجی ئامال لە خزمەت قازییا لاریم نییە بۆ سەر چ جای ماڵم چ حیکمەت بوو ئیشاراتی کە فەرموو بۆ شیفای حاڵم فیدای تەشریفی ڕێگەت بێ خەراجی موڵکی جان و دڵ نیساری تۆزی بەرپێت بێ ڕەواجی عومری سەدساڵم دەمێکە چاوەڕێی سورمەی غوباری کۆیی خووبانم بە خاکی مەقدەمی تۆ ناییلی مێعراجی ئامالم لەبەر تەوقی وەفا دەمکوت کە قومری سەروی باڵاتم لەبەر تەنگی قەفەس حەیفێ دڕی جەمعی پەڕ و باڵم بە حوکمی خۆتە ئیمزا بۆ مولاقاتی شەڕەفیابی لە هەرلایێ دەفەرمووی حازر و موشتاقی باڵاتم لە خزمەت خان و سەرهەنگدا سیلاحم فەوجی سەربازە دوعا سوڵتان و یاوەرمە لەبۆ سەرتیپی ئەقوالم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاگری دووری نەما ئاوی بەقا بادی فەنا خاکی بە با داوم کە یارم ئاگری دووری لە پێستی جەستە بەرداوم بە قوربانت بم ئەی ساقی بدە پێم ڕاحەتی ڕووحم بەبێ ئاوی حەیاتی تۆ جگەرسووتاو و برژاوم بە شەوقی شەوچرای کوڵمت فریوت دا کە مورغی دڵ بە شێوەی زولفەکەت زانیم کە من گیرۆدەیی داوم کە دیتم شەمعی ڕوخسارت بە پەروانەی دڵی خۆم کوت لەنێو چاوانی خۆم نووسیوە هەر بەو شەمعە سووتاوم تەماشای چاوەکەم کردی برۆت فەرمووی ئەمن تاقم بە شۆخی زوڵفی لاولاوت دەوێژێ هەر ئەمن لاوم دەڵێن وا جێژنی نەورۆزە، دڵم پڕ ئاتەش و سۆزە وەرە بۆ جێژنە پیرۆزە بدەم ڕووحم بەسەرچاوم وەرە سەرچاوەیی چاوم دەڵێی دەریایی عەممانە تەماشای ئەشکی گوڵنارم لە سایەی چاوی خوێناوم هەمووکەس مەستی بادەی کەیف و شەوقی بەزمی جانانە بەتەنیا هەر ئەمن ئەمڕۆ لە خاکی مەینەتا ماوم تەماشای چاوی نێرگس کە بە مەستووری چ مەخموورە تەماشای پێکەنینی گوڵ بە ئەحواڵی پەشێواوم دییارە ساقی بێ باقی، نییە مەیلی بە دڵداری دەڵێم ها نەقدی جان و دڵ، دەڵێ لاچۆ لەبەر چاوم دەوای هیجرانی گوڵ ئەی دڵ لە شێخ ئەحمەد تەمەننا کە بڵێ ئەمڕۆ بە ناحەق نەونەمامێ جەرگی پێکاوم حەقم بستێنە ئەی نەخلی موراد و سەروی ئازادم وەکوو عاڕەب دەخیلت بم زەلیل و زار و داماوم حەریقی ناری هیجران و غەریقی ئەشکی حیرمانم لە خاک و بادی عالەمدا ئەنیسی ئاگر و تاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مرواری سرشک وەکوو کاکۆڵی سەرشانی عەزیزم پەراکەندە و پەرێشانی عەزیزم دوو چاوم پڕ لە مرواری سرشکە لەبۆ لەعلی بەدەخشانی عەزیزم لە تەندووری دڵم بۆی وەک تەنوورە جگەسووتاوی هیجرانی عەزیزم هەموو ڕۆژێ لە بۆ تەسلیمی ڕۆحم وەکوو قوربانی قوربانی عەزیزم مەڵێن کوشتەی خەدەنگە یا نە خەنجەر شەهیدی تیری موژگانی عەزیزم بە دایم مەست و مەخموورە لە بادەی پیاڵەی چاوی فەتتانی عەزیزم لە فەننی دڵبەریی و دڵڕوبایی نییە ئەمساڵ و ئەقڕانی عەزیزم هیلالی نەو، نەحیفی گۆشەگیرە لە حەسرەت ماهی تابانی عەزیزم وەکوو شاهی جیهانم تا حەریقی گەدای دەرماڵی دەربانی عەزیزم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فرمێسکی نەدامەت کەی دێیەوە سەرڕەحمی دڵی زار و نەزارم؟ کەی دێ قەدەمی خێرت لەسەر خاکی مەزارم تا کەی لە تەوافی حەرەمی قیبلەیی ئەبرۆت وەک پەرچەمی پێشانی سەرئەفکەندە و خوارم؟ جارێ نەبوو جاری نەبێ فرمێسکی نەدامەت بارێ نەبوو بارێ نەیەنێ بۆ دڵی زارم قوربت سەبەبی بوعدە لە یار و لە دییارم ڕازیم بە جەفا گەر بە وەفا بێیە دییارم بۆ لەززەتی عەفوت کە جەریئم لە مەعاسی مەدڕێنە دەخیل پەردەیی ڕوخسارەیی کارم چت داوە لە ڕووترشی و سرکەی دەمی ئەغیار قەندی لەبی شیرین بە دەمی تاڵی خومارم ئەی عەرعەری بووستانی هیدایەت وەرە باغان داغانی قییامەت کە قەدی سەرو و چنارم گوێ مەگرە لە ئیهرار و لە ئیسراری ڕەقیبان من سەد غەزەبت بێ لە عەفووت چاوەنواڕم تا دیومە لەنێو مەسحەفی ڕووت سوڕەیی یۆسف بۆ ئایەتی حوسنت لە هەموو ڕەسمێ کەنارم تاووس کە لەسەر زینەتی باڵی، سەری دانا ئەمنیش بە پەڕی فکرەوە بێ سەبر و قەرارم پەروانەیی شەوقت مەخەرە ئاگری میحنەت شەمعی دڵەکەت هەڵکە لەبۆ بەزمی نیگارم مۆرەی دڵی برد زوڵفی لەبۆ تەختەیی سینە لەم نەردە مەڵێن وا مەیە، دێم فێری قومارم گەر باڵ و پەڕی بەخت نەسووتایە حەریقی بۆ سەیدی مەعانی بە مەسەل بازی شکارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەوای غەزەل هەمووکەس با بزانێ من کە سەودای زوڵفی دووتاتم لە خانەی کوڵمدا کۆڵم بە فەڕزی شای ڕوخت ماتم ئەگەرچی ساکینی مڵکی عەجەم بووم دوور لە ڕۆم کەوتم لە سایەی پەرچەمی تۆوە ڕەئیسی مڵکی شاماتم دڵم هەروەک ڕەعییەت خۆش نشینی موڵکی ئەعزاتە لە هەرجێ دادەنیشێ لێی گەڕێ قوربانی باڵاتم موتالای حاشییەی زوڵفت لەسەر سەفحەی ڕوخت سەعبە لەبۆم چا بوو بە منداڵی لە دەرسی عیشق ڕاهاتم ئەگەر ڕاستت دەوێ سەروی بڵندباڵا درۆ ناکەم لەپاش فەوتی حەیاتیشم بە ئوممێدی مولاقاتم نەوای ناڵەی حەزینم ڕاستە وەک قافڵەی حیجازی دێ وەرە سەر سەیری بەزم و سۆزش و شۆری مەقاماتم دەڵێن فەرموویە یار بێتە موتاڵای خەتتی ڕەیحانی بڵێن با شەمعی ڕوخساری هەڵایسێنێ ئەوا هاتم بە شیرینی مەزەی لێو و خەتی سەبزت دڵم خۆشە لە مەیخانەی غەمی عیشقت کەوا سەرمەستی سەهباتم بە یادی مەدرەسەی عیشقت گەلێ عیلمم کەسب کردن ئەوێستاکەش لەبەر چاوت شەڕابخۆری خەراباتم قڕانی عاشقانە کەس نەما دەرچێت و سەر دەرکا مەگەر بۆ موفلیسی وەک من کە بێ قڕان و پەناباتم کەوا پارچەی غەزەل دەبڕێ حەریق ئەمڕۆ لە دیوانت دەڵێ هەر چاوەڕێی دەستەخەیاتەی زوڵفی تاتاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەسری خەزەف ئەی تۆبە لە دەس ڕۆژی فیراق و شەوی هیجران! وەیڕۆ لە هەرا و کەشمەکەشی ساعەتی حیرمان! هەر خۆزگە بە پارم لە فیراقی خەمی یارم هەر چاوەنواڕم لە نیگای دیدەغەزالان جاران بوو کە ماڵم دەچوو باقی بوو «کەماڵم» ئەمجارە بەجارێ سەروماڵم چوو بەتاڵان تا سونبولی زوڵفت بووە پەرژینی گوڵی ڕووت نەمدیوە لە دووریشەوە عیشوەی خەت و خاڵان بۆ سەبزەیی نەوخێزی خەتی لالەڕوخانم هەوری خەفەتم حازرە بۆ دیدەیی گریان غونچەی ئەمەلم چونکە نەپشکوتووە ئەمساڵ بولبول بە دڵم دێژێ کە سەدخۆزگە بەساڵان تۆ تاری سەری زوڵف و منیش ئەشکی بەحەسرەت خۆش دێن لەیەک ئەو ڕیشتە و ئەو دانەیی مەرجان قەترەی عەرەقی شەونمی بەرگی گوڵی ڕووت بوو وەمزانی کە مەرجانە لەسەر لەعلی بەدەخشان تا ڕیشتەیی زوڵفت بووە دامی دڵی مەیلم مەجنونی دوجەیلم لە هەموو قەومێ هەراسان جەرگم بە دەمی تیغی برۆت بێرە بەشەرتێ بدروی بە تەلی زولف و بە تای سووزەنی موژگان لەو چاکە کەوا دیومە کەواچاکی دووگیرفان گیرفانی دەروونم بەخەیاڵ پڕ بوو لە عیرفان دڵ بۆیە سەوادی بووەوە زوو لە خەتی تۆ منداڵ بوو کە فێربوو لە خەتی لەوحەیی جانان تا ئایەتی حوسنی لە خەتی مەسحەفی ڕووت خوێند ساحێبی سەواد و خەتە ناتیق بوو بە قورعان تەشریحی خەیاڵی فەلەکول ئەعزەمی وەجهت تەسویری بەبێ گۆی زەقەنت نایەتە ویجدان خاڵت لە ڕوخت نوقتەیە بۆ مەرکەزی عالەم زولفی وەکوو قەترەت بە کەشش هاتنە جەولان بۆ مەتلەعی بورجی قەمەر و شەمسی جەماڵت کەوتوومە ڕەسەدخانەیی نێو چاهی زەنەخدان وەک مەنعی منی کرد لە تەوافی حەرەمی ڕووت سا، ڕەببی لە ئیمانی کە سەرداری لەئیمان بازاڕی جەهل گەرم و هونەر سەردە ڕەواجی عەسری خەزەفە حەیفە گۆ هەر بێنییە مەیدان هەریەک پەلی فرزەندێ دەژی شیعری حەریقی تۆ بۆچی لە کیس خۆتی دەدەی موشتەری نادان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عیشقی حەقیقی عیشقت کە حەقیقی بێ تالیب مەبە ئیللا کوڕ هەم حەزرەتی لەولا کوڕ، هەم یۆسفی والا کوڕ ئەو نوورە کە مەنشەء بوو، بۆ عاشقی مەبدەء بوو تێفکرە لە ئەو نوورە مەعلووم و هووەیدا کوڕ عیشقێ کە بەقووەت بێ ماییل بە مرووەت بێ نەمدیوە کە تالیب بێ ئیللا کە تەڵەب کا کوڕ عیشقێ کە بە غەوغا بوو وەک عیشقی زولەیخا بوو سەرگەشتە و ڕیسوا بوو بۆ یۆسفی والا کوڕ شیرین کە شەکەرڕێز بوو، بۆ کێ بوو دڵ ئاوێز بوو بۆ خوسرەوی پەروێز بوو، فەرهادی هەواخوا کوڕ کچ ماییلی واڵایە وەک دامی بەڵا وایە کوڕ وەک کوڕی شا وایە بێ خەوف و موحابا کوڕ کچ تەبعی کەچ و ناقیس، کوڕ تەبعی تەڕ و خالیس هەم سوحبەت و هەم جالیس خۆش مەنزەر و سیما کوڕ کچ زوڵفی پەرێشانە، کوڕ پەرچەمی ئەفشانە کاکۆڵی بە جەمعییەت هەم شانی کچە، یا کوڕ کچ ساحەبی لەرزانە، کوڕ مەردە لە مەیدانە کوڕ هەم دەمی ئینسانە، خۆش مەشرەب و گۆیا کوڕ هەرکەس بە تەبیعەت بێ، ئەربابی مرووەت بێ لەم نوقتە تەماشا کە، خانم کچ و ئاغا کوڕ قامەت کە وەکوو نەی بێ، کێ دیویە لەگەڵ بەی بێ ئەم نیسبەتی ئەخلاقە دەرحەق بە کچە، یا کوڕ سەد حەیفێ کە تۆ «ناڵی» بەم پیرییە منداڵی بەم تەرزە لە عیشق ئەدوێی، زیبا کچ و دیبا کوڕ موویێ کە لە ڕووی کوڕ بێ، ڕێحانەیی نێو باغە سەدجەرگی لە بۆ داغە، ساحێب خەت و ئێنشا کوڕ بۆ خەڵوەتی تەنیایی فیلواقیعە کچ چاکە ئەمما کە لە عیشق بدوێی، ئەدنا کچ و ئەعلا کوڕ بۆ خەڵوەتی تەنیا کچ بۆ بەزمی تەماشا کوڕ بۆ فاسقی ڕیسوا کچ، بۆ ئاشقی سەودا کوڕ کچ وەختێ شکا سەددی، نامێنێ چ سەرحەددی نەقسی نییەتی عەددی، مەحفوز و موبەڕڕا کوڕ لەم تەبعی کەچە لادە، عومرت هەموو بەربادە خۆی ساقیی وچاوبادە، مەزبوت و موهەییا کوڕ ئەم عیشقە مەجازاتە، ئەنجامی موجازاتە غەوواسی حەقیقەت بە، دوڕدانەیی دەریا کوڕ هەر عیشقێ حەقیقی بێ، وەک عیشقی حەریقی بێ مەیلی بە دەقیقی بێ، بۆ مەعریفەتولڵا، کوڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەوهەری مەعنی بە خەیاڵی شەوی وەسڵت خەوی هیجرانم دی بە شەمیمی نەفەست سروەیی حیرمانم دی چاوی بیمارت ئیشاراتی شیفا دەنوێنێ لە خەتی مەسحەفی ڕووت ئایەتی لوقمانم دی سەیری زوڵفت کە لەسەر ئاگری ڕووت وێستاوە حەییی بێجانە لەبەر چاو و بە پەیمانم دی بە هەوای عەرعەری قەددت لە خەیابانی خەیاڵ شێعری بەرجەستە وەکوو سەروی خەرامانم دی ڕوخی نەورۆزی نەبوو، خێزی خەتی ماتەمی گرت ڕۆژی ئیمساک و شەوی قەدری حەبیبانم دی گەوهەری مەعنی لە دەریاچەیی دڵ دێنمە دەر تا لە حوققەی دەهەنت لەعلی بەدەخشانم دی هەر بە ئاودا چوو سەفینەی غەزەلی بەحری خەیاڵ لەجییات سودی مەتاعم زەرەر و زیانم دی لەگەنی دیدە، فتیلەی موژە و ڕەوغەنی ئاه بۆ شەوی وەسڵی لە سەد لاوە چراخانم دی لە نەوای تەغنیەیی بولبولی دەوری گوڵی ڕووت لە هەموو مورغی چەمەن ناڵە و ئەفغانم دی گەوهەری نەزم و دوڕی مەعنیی لەفزی سەدەفم بردە بازاڕی نەزەر موشتەری نادانم دی لە قەباڵەی کەرەمی ئەهلی هونەر تێفکریم وەکوو ئەشعاری حەریقی خەتی بوتڵانم دی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەسراری سوبحانی لە گۆشەی گوڵخەنی تەن تابەکەی ئیمانی حیسبانی بە ئیمانی شهوودی بێرە نێو ئەسراری سوبحانی مەڵێ تاریکە ڕێگەم پەرچەمی پڕ خەم دەبەستێ ئەم شوکوور وەک ڕۆژی ڕووناکە سپێدەی سوبحی پێشانی دەمێکە هەر وەکوو بولبول لەسەر چڵ، سەرچڵ و شێتی زەمانێکیش وەرە سەیری نەمامی باغی عوسمانی خوتورت ڕێی حوزووری بەستوویی بۆ مەجلیسی باقی دەترسم قەت نەبی لاقی کەوا تاقی، دڵەی فانی هەتاکەی تۆ لە غەفڵەتدا دەنۆشی ژەهری خامۆشی ئەگەر عەقڵت هەبێ بەسیە زەمانی جەهل و نادانی وەکوو شانە هەتا جەمعە خەیاڵت بۆ پەرێشانی بە دیدارت قەسەم ئاخر پەرێشان و پەشیمانی دەبینم هەرکەسێ توحفەی خولوسییەت لەگەڵ تاعەت دەبا بۆ خزمەتی مورشید بە قەلبی پاکی نورانی منیش باری خەجاڵەت وا لەسەر شانم کە ناتوانم لەژێریا پێ لەبەر پێ نێم خودا هەر تۆی کە ڕەحمانی خەتاباتی جەدەل ئەمڕۆ یەقینە سەفسەتەی مەحزە نەتیجەی ئەووەڵی فکرم قیاسی کەوتە «بورهانی» دەڵێن هاتۆتەوە شەخسێ سەمییی ئەشرەفی عالەم جەنابی سەییدی ئەکرەم، شەفیعی قاسیی و دانی لە کەعبەی عاریفان ئەمڕۆ لەبۆ زومرەی مریدانی فیوزاتی نەسیبی عالەمی موشتاقی خۆی هانی بچین بۆ خزمەتی چاکە بە ئیخلاسێکی مەردانە دوعامان بۆ بکا بەڵکە لە شەڕڕی نەفسی زوڵمانی وەکوو پەروانە هەر لەحزە «حەریقی شەمعی جەمعێکم خودا کەی بێ مونەووەر بم بە نووری ماهی تابانی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ چاوەڕێ لەلام وابوو کە تۆ سەیید ڕەشید یاری لە بۆ یاری لە موڵکی میهرەبانیدا لە یارانی وەفاداری لەگەڵ هەر زەڕڕە بۆ جیلوەی جەلای میهری جیهان ئارا لە شەوقی موشتەری، نووری قەمەر وەک زوهرە سەییاری جیواری ڕەحمەت و دەستگاه و پێشگای عەدڵ و ئینسافی لە دەربارەی فەقیران ڕاست ئەمینی ئەهلی دەرباری لە زومرەی چاوەشانی بارەگای باری سەلای عامی لە حەلقەی مەهوەشان سەرخۆشی و هەر مەست و هوشیاری تەلیعەی فەوجی ئەوج و یاوەری سوڵتان و سەرهەنگی لە سەربازانی مومتازی، لەسەر عەسکەر قومانداری چ خێر بوو دەوری بەزمت بێ سەدای شاباشی «چاوەش» چوو نەوای تارت چەنێ تار بوو دەمی پێک ساز نەهات باری نە وەک مەدورەڕێ بێ چاوەڕێ ماوم لەبەر چاوان لەدەس چوم و لەپێ کەوتم، بەسەر زیندووم بە بیماری نەقورعەی من لە جیبی جامەخانەی مەڕحەمەت دەرهات نە ڕوقعەی تۆ بە ڕەسمی توحفە دیداری بووە دیاری کە تۆش هیچ بووی وەکوو من با لەمەولا ڕوو لە مەولا کەم بەخوا غەیری من و تۆ وەک من و تۆ بۆ مەدەدکاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وڕینەی خەیاڵ وەفای من بێ بەها بوو بۆ ڕەواجی مامەڵەی یاری ڕەزام یارم کە ئەو داویە بە چینی فیتی بازاڕی لە سەودادا «ڕەشیدە» تالبی قازانجی ئەشیایە هەتا زووتر لەناوچێ چاکە ئەجناسی وەفاداری مەتاعی مەعریفەت جینسی وەفا، فەسڵی نەما، فەوتا ئەمن نابوودی ئەو بووم نابەڵەد بوومە خریداری ڕەواجی نەقدی عەهدی سککەیی دێرینە فەوتاوە بە ئەسکیناسە ئێستا مامەڵەی بازاڕی مەککاری بینای خانەی وەفا وەک تاقی کیسرا کۆنگرەی ڕووخا ئەمن تازە تەنافی جۆت دەکەم بە تەرحی میعماری قسەی ترش و قسەی خۆشم وڕێنەی حاڵی ناخۆشە بەبێ کەیفی کە زۆر و کەم خەبەردار نییە لە میقداری لە دەسگای نەگبەتا هەرکەس چووە سەر تەختی بەدبەختی نەدیم ئیقباڵی ناکا بۆ وەزارەت بەسیە ئیدباری شەوانە لازمەی تەشریفی مەنزڵ بۆ کەسانێکە خەریکی ئیستراحەت بن بە ناز و نیعمەتی ساری هەزار حەیفێ حەریقی قەت بە زەوقی خۆت نەبوو جارێ بڵێی بەخوا زەریفت کوت بە مەستی یا بە هوشیاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەزیانی ناسازی ئەی جەنابی سەییدی عالی نەسەب کەی ڕەهڕەوێ عەرزە و دەردی دەوام و بێ دەوام دێنێتە وێ بۆ حوزووری پیری کامڵ عاریفی دانایی ڕاز شەمسی ئەفلاکی هیدایەت نەجمی ڕێی هەر شەبڕەوێ خۆ مەسەللەم گەر لە غایب دەستی پیر کۆتا نییە کەی دەبێ دەست و دڵی پیرێ لەبۆمن ڕێ کەوێ ڕۆژ و شەو غەرقی خەیاڵم بێ ئەنیس و بێ نەدیم چاو نەماوە تا بڵێم قەت خەو لەچاوم ناکەوێ خەڵکی گەر دەستی بڕا من چاوی ڕێی دەستم بڕا یەعنی چاومەبڕە لەدەست کەس ڕزقی دەست و پێت نەوێ گەر هەزارپێ بێ و هەزار چاو بێ بە قووەی بازوێ غەیری مەقسوومی نەسیبی کەس وەدەست کەس ناکەوێ وەم دەزانی تۆ لە خزمەت شێخ و قازی لێرەدا مەلجەئە بۆ موستەمەندی دەربەدەر لێرە ولەوێ بۆ قەزای حاجەت لە تەنگانەی زەرووری بۆ کەسێ لێی بقەومێ ئێوە داڵدەن گەر زەرووری هەڵکەوێ ئێستە وەک زانیومە هەرکەس ڕوو لە داڵدەی ئێوە کا خەرمەنی هەستی بەبا چوو ڕۆژێ سەد داڵیەی دەوێ پار لە «پشتەپ» وا شەکی بوو دەفعی سەد وەهمی دەکرد زەننی ئەوساڵ بە یەقین چوو ڕەفعی شەککیش بوو لەوێ پار و پێرار بەحسی فیترەی بەردەسپانیان دەکرد بە قسە ڕابرد و قسەش مەعلوم زەکاتی ناکەوێ تا مەلا حوسێن بوو خەیاڵی پشکەڵێکم لێ دەکرد نەمدەزانی دەوڵەمەند بۆ شیاکە ڕووحی ناسرەوێ ئێستە گەر موللا مەجید سوورباشە لەو دەوروبەرە وەک دەڵێن بێ دەوڵەتە ئەو پشکەڵی ڕێ ناکەوێ ڕەسمی ناسازی وەیە هەزیانی ناسازی هەیە گەر لە بێتامی لە تام و خوێی قسەت دڵ هەڵگووێ سائیلی لامەزهەبی بێڕێ قسەی بێ جێ دەکا وەک ئەمیر فەرمووی زبانی ببڕە تا لە زبان کەوێ نوقتەیی شەک بۆ بەیانی پشکەڵی موللا حوسێن چونکە ئیشکالە بە ئەم فەحوایە کوشتی دەرکەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی سەرکەش بێ جێیە قسەکردنی بێڕێ و بەبێ جێ بێیاریدەیی یارم ئەمن نایەمە سەرڕێ وەک شەمعی سەحەر چاوەنواڕی نەفەسێکم کەی بێ لە تەڕەف غونچەدەمێکم کە دەمێ بێ مەحرومی حوزووری مەدەنی و خاکی مەدینەم بەم حاڵەوە قەت ڕێم نییە بێنی مەدەنی بێ پەیکانی موژەت بۆ سپەری سینە ڕەوان کە نامەرد ئەوە بێ گەر لەبەر ئەو تیرە ببزوێ موحتاجە بە مەودایی دەمی تیغی برۆت دڵ بینێ لە ملم شەرت بێ کە ئاییم نەیێ ئێستێ ئەغیار و ڕەقیب شاد و ئەمن هەمدەمی فەریاد یاڕەببی خودا کەی بێ کە وەختی هەلی من بێ؟ زۆرم دەکوت ئەی دڵ مەبە سەرکەش لە حوزووری زۆر موستەحەقی خوێڕی، دەبا واتە بەسەربێ تۆبی و سەری خۆت عەبدێکی زۆر چاکە حەریقی ئازادی مەکە ئاخری بۆ تۆ بەعەمەل دێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پارسەنگی حەیا خودا تۆبە لەدەس شۆخێ کە وەختێ عیشوە دەنوێنێ سەری تۆبەی مەلا و زاهید بە نۆبەی جیلوە دەشکێنێ ستونی قامەتت ڕاگرتووە بۆ خێوەتی دینم خودا بۆ توولی عومرت ئەو تەناف و دارە نەپسێنێ لە ڕەمزا حیکمەتولعەینی ئیشارەی چاوی بیمارت بە قانوونی ئەدەب ئایەی شیفا بۆ ئێمە دەخوێنێ نەخۆشی دەردی هیجرانم ویسالی تۆیە دەرمانم شیفام نایە مەگەر بێنێ نەسیمی پەرچەمت بێنێ خەیاڵی نەوبەهار و سەیری گوڵزاری عەزیزانم گەهێ بۆ ڕووی گوڵ و گاهێ لەبۆ سەبزەی خەتم دێنێ زرێی زولف و موژەی تیر و برۆی شمشێری ڕاکێشا لە زومرەی ئاشقانی خوێنبەهای ڕوخساری دەستێنێ لەڕێی بادەی پیاڵەی چاو و شیشەی گەردنی ساقی کەسێ گەر ئابڕووی بێ ڕەنگە جامی عەیشی بڕژێنێ دەزانی بۆ تەرازووی زوڵفی سەرناکا لەهیچ لاوە؟ بە پارسەنگی حەیا دەستی لەمیزانا دەبزوێنێ حەریقی ناری هیجران و غەریقی ئەشکی حیرمانم ئەگەر ئەو بێ دەخنکێنێ، ئەگەر ئەم بێ دەسوتێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەرمانی ئەمەل لە خەرمانی ئەمەل مێرووی عەمەل جەزبی نەکرد دانێ لە زەیقەتخانەدا ترسم هەیە ئاخرسەری دانێ دەڵێن جەردەی ئەجەل ڕێگا بە کاروانی نەفەس دەگرێ شەقامی سینە دەبڕێ بۆ مەتاعی دیدە دەڕوانێ تەریدەی نەفس و شەیتان قافڵەی تاعاتی غارەت کرد ئەگەر جاسووسی ئیمانی نەبێ دەرناچێ ئینسانێ تەرازووی تاعەتت لەنگە هەتا کەی ئەم سەر ئەو سەرتە؟ بە پارسەنگی حەیا دەس هەڵبڕە بنواڕە میزانێ بەسی بێ تاعەتی ڕووکەش مەلەک سەڕڕافی ئەعمالە موحەسسیل نەقدی قەلب و ناڕەوا ناباتە دیوانێ ئەوا بەردی ئەجەل هات و لە شووشەی عومری دا ساقی بە قوربانی پیاڵەی چاوەکەت بم تێکە فینجانێ حەیا خۆ چوو لە نێو جامەی حەیاتی عارییەت بێعار ئەوە داوای دەکەن چبکەم حەریق ڕێگەی ڕەجا کوانێ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەودایەکی خاو بەنی ئادەم خوا وای کردووە ڕۆژێکی تا ماوە سەراسەر عومری سەرفی سەرف و نەحوی زەرفی «تاماوە» مەداری توولی ئوممێدم خەیاڵی گەردن و زوڵفە بەڵێ سەوداسەری عاشق لەسەر هەودایەکی خاوە بەسانی پەرچەمی ئاشوفتە سەرگەردان و ژولیدە بە میسلی زوڵفی سونبوول دڵ هەمیشە حاڵی شێواوە هەوای نافەی غەزالەی ڕێی خوتەن تووشی خەتای کردم بە یادی میشکی زولفی ڕووم لە «چینی» پەرچەمی ناوە چراغی عومری عاشق بای فەنای هیجرانی لێ هەڵبوو لە فانووسی «ئەدەب»دا حیفزی کە یەک دوو نەفەس ماوە دەمێکە چاوەڕێی سورمەی غوباری مەقدەمی یارم لە کۆی خووبانەوە ئەمڕۆ نەسیم تۆزێکی هێناوە کتێبی عیشقی مەجنوون ئایەتی ڕوخساری لەیلایە لە سووڕەی یۆسفا دەرسی جنوونی ئێمە نووسراوە سەرم کاسی شەڕابی سوحبەتی کاسەی دڵی غەیرە لە دەردی دوردی ئەم جامە پەنام بۆ ساقی هێناوە کەسێ فیترەت بڵند بێ بۆ ڕەواجی سککەیی دینی خەراجی میسری قەلبی خۆی بە حوسنی «یۆسفی» داوە لەسەر سەودای قوماری شاهی خووبان «پیری بورهانی» بە چەوگانی ئیرادەت گۆی سەرم بۆ بازی داناوە نمای ڕۆح و حەیاتی من بە جیلوەی ساقییە باقی نەوەک وەک سپڵە بۆ سفرە لەدووی نان، چاوی پڕئاوە بە قوربانت بم ئەی پیری خەراباتی جیهان ئاباد بەشاهید بە کەوا ڕۆحم لە ڕەهنی قوربی تۆ ناوە شەهی موڵکی یەقین شاهەنشەهی دین پیری باتەمکین ڕەئیسی ئەولییا ڕەحمێ هەتا دڵ ڕێی نەبەسراوە لە دارولحوزنی میحنەت ناجییە وەک پیری کەنعانی بە بۆی پیراهەنی یۆسف کەسێ چاوی هەڵێناوە حوزووری تۆ بەهەشت، ئادەم دڵ و ئەهلی حەسەد شەیتان بە بۆی دانەی تەمەع کێشاویە ناو داوی دونیاوە شەڕابی سوحبەتت ئیکسیری خاکی مەعدەنی ڕووحە لە کارخانەی سەعادەت لوقمەیی لوقمانی هێناوە عەدوو با هەروەکوو عەقرەب بە کلکی نێشی خۆی دانێ شوکر تۆزێ حەیای بوو وا بە چاویا دیارە دایناوە هەتا گوێی پێوە بوو مونکیر لە زەلکاوی حەسادەتدا هەزارێ کلکی بگرێ کەڵکی ناگرێ تازە خنکاوە وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی تۆ حەریق ئەمشەو چرای شۆقی بە کبریتی تەبیعەت خوەش هەڵایساوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەوف و ڕەجا خۆفم لە خودا چونکە لەبەر غەیری خودایە ئەمنم بە درۆ، سووڕەتی وەک خەوف و ڕەجایە پاڵی ڕەحەتی داوەتەوە نەفسی خەسیسم یا ئەمنی غەنا، یا ئەسەری یەئس و هەوایە گەر تالبی بۆ یۆسفی خۆت نەفسی عەجووزە زوو بێنە، دەزوو بێنە دەڵێن ئەهلی وەفایە ئینکاری سیرایەت مەکە ئەی مونکیری موفلیس بێ سەیری قەمەر کە چ بەشەوق و بەزییایە مونکیربەمەسەل شەبپەڕە، بێ نووری هیدایەت خۆی تالبی زوڵمەت بوو خودا نووری نەدایە هەر مەزبەلە، هەر مەشعەلە، جێی پڕتەوی «شەمسە» یەک جێگەیی فوزلە، یەکێ جێگەی فووزەلایە تێفکرە لە ئەجزایی عەناسیر بە تەبیعەت یەک ماییلی مەرکەز، یەکێ ماییل بە هەوایە بارانی بەڕەحمەت لە تەڕەف مەبدەئی فەییاز قەترێ ئەسەری سونبول و یەک چقڵ و گییایە نوقسان لە تەڕەف قابیلە، نەک فاعیلی کامیل ئەم قەولی منە ڕەئیی جەمیعی حوکەمایە بورهانە لەسەر جەهلی عەدوو «شەمسی» حەقیقەت تالیع بووە، ئەو ئەحمەقە جۆیایی چرایە چاوی بە تەمەع پڕ بووە، قەلبی بە حەسادەت وەک تەبعی بەهایم ڕەحەتی هەر لە شەوایە هیندوو نییە ئایینی لە ئاوێنە تەعندا ئاوێنە چ سووچی هەیە ئەو ڕوویی سییایە؟ پەروانەیی هەر جەمعێ نەبی چاکە حەریقی خۆت بێنەرە نێو زومڕەیی ئەم شەمسی هودایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی غافڵ خەیاڵت مونحەسیر بوو ئەی دڵەی غافڵ لە دنیایە نەدامەت بوو نەتیجەی ئاخری ئەم شۆر و غەوغایە ئەوا لازم بوو سەرخۆشی، لە تۆ ئەی دڵ کە سەرخۆشی بە بادەی غافڵی بێهۆشی دەردت قەت شیفای نایە عەجەب بۆت بۆتە زستان زەمهەریری باری عیسیانت کە شک نابەی چ سەرمایە، دەڵێی وەی وەی چ سەرمایە بە دەستی دێوی نەفسم دڵ وەکوو مورغی بێ پەڕ، وایە وەکوو پەروانە بۆ شەمعی تەلەسمی ئەو، بێ پەروایە کە تفڵی عیشقی بێ مەشقم لەنێو بازاڕی سەودایە بە ئەو سەودایە سەرخۆشە دەڵێ کارم لە سەودایە هەتا شەیتان مودەببیر بێ، موئەددیب نەفسی زاڵم بێ عەجەب کەوتۆتە دەست زاڵم ئومورت عەینی زوڵمایە خودا ڕەببی نەجاتم دەی لە دەس ئەم دێوی بێڕەحمە کەوا وەک دوژمنی خوێنی بەدایم لێم بەداوایە خەیاڵاتت هەموو پەشمە وەکوو ڕیس و گوریس وایە هەچی دەیکەی دەڵێن هەی هەی فڵانی چەندە ڕیسوایە کە خاڵی بێ دڵی عاشق لە بادەی حوببی مەعشوقی بەخۆڕاییت نەوێ چاکە وەکوو شیشەی شکاو وایە مەبە تالب بە زوڵفەینی بە میسلی شکڵی لا وایە ئەگەر لەولایە خۆت لادەی لەلام تەحقیقە ئەولایە لە قاپی ئاستانەی موڕشیدی ئەڕشەد «عەلی عالی» لەوێ ڕووحت فیدا کە تۆ نەجاتت هەر لەوێ دایە وەکوو پەروانە بۆ شەمعی جەماڵی ئەو کە موشتاقم بە تەسویری حەریقم هێندە سۆزی ئەو لە دڵدایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی غەریب دەر چوونی گەلێ موشکیلە، دەرچوونی قەریبە ڕۆحم دڵەکەم ماوە بە تەنیا، وەرە بیبە قوربانی ویسالت بم ئەوا کوشتمی هیجرت خۆت واریس و حەقدارمی قاتڵ کە ڕەقیبە خۆت دیوتە لەنێو میسری مەلاحەت چ غەریبی سا، ڕەحمێ بەحاڵی دڵەکەم، کە، کە غەریبە هەر دووکەڵی زولف و ڕوخی نارت سەبەبە، وا ئەشکم کە پەیاپەی دێ دەروونم بە لەهیبە ڕەببی بە خەدەنگی غەمی دووری دڵی کون بێ هەرکەس لە نیگاهت کە بە ئارام و شەکیبە وا زەن مەبە گیانسەخت و سەمەرگم کە نەمردم ئوممێدی ویسالت وەکوو لوقمانی تەبیبە تابووری موژەت چەندە بە تەرتیب و نیزامە بۆ سەف شکەنی دڵ چ سوپاهێکی مەهیبە وا لەشکری ئاهم چووە سەر کافری زوڵفت گەر شاهی ڕوخت لێ بگەڕێ سەیری عەجیبە بۆ موشکی خەتا چوو بەخەتا کەوتە ئەنێوچین لەو بۆنەوە هەر زوڵمەتە شامی بە نەسیبە قوربانی وجوود و ئومەنای شاهی ڕوخت بم هەریێکە لەجێی خۆی چ ئەمیرێکی ئەمینە تەسکینی دڵت هاتووە ئۆخەی کە حەریقی یارت کە بە خوێنی جگەرت کەففی خەزیبە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ وەفایی گوڵ عیلاجی دەردی بێ دەرمانی من هەر لوتفی جانانە بەڵێ ئەو خۆی حەکیمە لوتفەکەی دەرمانی دەردانە مەلوول و زار و بیمارم بەسەد عیللەت گرفتارم خودا ڕەحمێ بە حاڵم کە کە عەیشم عەینی نوقسانە عەجاییب مەجمەری سینەم بە سۆز و تابش و تابە وەکوو قومری دەناڵێنێ دڵەی مەحزوون و دیوانە لەلای خۆم تەبعی عالیم بوو، لەلای خۆم فکری «نالیم» بوو ئەمێستا شیعری بێ مەعنان دەڵێی وەک جیسمی بێ جانە لەلام بێ ساقیی سادە کە پێی بێ ساغەری بادە کە گۆشەی چاوەکەی بادا دڵم دێنێتە جۆلانە کوانێ موتریبی خۆشگۆ، کوانێ ساقیی دڵجۆ بەبێ نەی نەزمەکەم سستە، بەبێ مەی دڵ کە حەیرانە دەناڵێنم وەکوو بولبول لە داغی بێ وەفایی گوڵ ڕەوانە نەزمی وەک دوڵدوڵ وەلێ خاترپەرێشانە بە مەجمووعی وەرە ساقی بنیشین پێکەوە ساتێ دڵی زارم پەرێشانە وەکوو زوڵفت کە پەخشانە وەکوو شەعری لەف و نەشرت هەموو شێعرم موشەووەش بوون هەتا بێم و دووسێ شێعرێ بڵێم بۆ ئەم جەنابانە دڵا تاکەی بە بێهۆشی دەنۆشی مەی بە خامۆشی لە گۆشەی غەم هەڵستە وەختی سەیرانی خەیابانە عەجایب مەدرەسەی ئێمە بە بەزم و ڕەزم و ئاهەنگە ئیلاهی بەرقەراری کەی تۆ ئەم بەزمی فەقێیانە جەنابی زاتی مەولانا فەریدی دەهرە ماشەڵڵا وەحیدی عەسرە لەم عەسرە بعەینە عەینی نوعمانە لە هەیئەتدا، لە حیکمەتدا، لە ئادابی تەریقەتدا لە ئەحکامی شەریعەتدا، لە مەنتیقدا دوڕئەفشانە جەنابی ئەم زهووری بوو، زەهئاوی ناویشی ون بوو نەزیر و شیبهی مەعدوومە میسالی غەیرە ئیمکانە زبانی من کلیلە بۆ کلیلی بابی ئەم مەدحە ئەگەرچی فیلمەسەل فەتتاحی بابی عیلم و عیرفانە حەریقی شێعرەکانی تۆ هەموو وەک مورغی بێ باڵن لە عیشقا باڵییان سووتا بە میسلی باڵی پەروانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی ڕەحمەت لە ئادەم تا بە خاتەم جوملە عالەم پڕ سەدا و سەیتە بە عیشقی حەزرەتی لەولاک ئەوی زیندوو نەبێ مەیتە تەتیممەی هەرسەلات و خاتیمەی حەمد و تەحییەی حەق سەنا بۆ ئال و بەیتە، باقی هەر ئەفسانە و بەیتە لەپاش سیغەی تەرازی و ئایەتی تەتهیری سەحب و ئال بە قوربان مەدحییان نایە بە جوملە زەیتە و کەیتە کە تۆش لەو نەسلەیی جەددت ڕەزا بێ شێر بە گوێ دەگری وەکوو ڕێوی زەلیلی گورگی نەفسم، سا، لەبۆ کەیتە؟ لە خۆت و جەددی خۆت و نەسڵی پاکت چاوەڕێی لوتفم لەڕێی حەقدا موعینم بن لە غەوغای ڕۆژی یالەیتە بە شاهید بن سەگی قافڵەی تەریقی ئال و ئەسحابم هەمیشە گوێ قولاغی بانگی هەیهەیم و سەدای هەیتە بە ئیستیمداد و لوتفی بابەشێخ و هیممەتی کاکی گڕوگاڵێ دەکەم تابڵێن لە چاو کوێر و شەلان پەیتە کەسێ «ساڵح»بێ بۆ زیکر و دوعاگۆییت بەبێ چاوی هەزار چاوساغی وا دێنێ بە چاو زیندوو بە دڵ مەیتە لەبۆ تەشریفی ڕێی میعراجی جەددت بوو، نیدای هاتیف تعال یا حبیب اللە تمن ما تمنیت دەری ڕەحمەت گوشاد و بابی تۆبە و ڕێی ڕەجا واسیع دەسا تۆش هیممەتێ کە جەعفەری تۆ ڕوکنی ئەو بەیتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەتی مووبەموو لە سینەی چاکی خۆت وەک شانە خەتتی مووبەموو بێنە نەڵێن تا غەیبەتە باسی جەماڵی ڕووبەڕوو بێنە جزووبەندی کتێبی عومر و شیرازەی سەحیفەی دڵ بە ڕیشتەی ئولفەتی جانانە گەر ئازای دەزوو بێنە تەهاڕەتیان بە خوێنی جەرگە مەردانی ڕەهی مەقسوود هەتا قەترێک لە چاوتا ماوە تۆش ئاوی ووزوو بێنە نەوەک مەیخانە خاڵی بێ هەتا پیری موغان ماوە سەرم قوربانت ئەی ساقی گەلێ تینووم سەبوو بێنە کتێبی ئولفەتی جام و شەرابی جەرگی نامەردان دەخیلت بم وەرە موتریب ڕوبابت زووبەزوو بێنە دەهانی شیشە بەستە، سوحبەتی نائەهلە لەم بەزمە موغەننی تۆ نەوای ناکەت لەناو پەردەی گەروو بێنە دەڵێن بەردی ئەجەل میناشکێنە و تەفرەقە خێزە حەریقی تۆش ئەگەر شێت نی دەسا بارێ کەدوو بێنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماران گەستە لە قەیدی زەید و عەمرا نیم و دڵ پابەستەیی تۆیە لە هەروەختێ ڕەها بێ پێ دەزانم ڕەستەیی تۆیە دەبێتە ئیفتیرا و بوختان ئەگەر نیسبەت وەغەیری دەم بە هاژەی زولفەکەت زانیم کە مارانگەستەیی تۆیە سەراسەر ڕەخنەیی چاوم نیشانەی تیری موژگانە لەلای خۆی چەشمەسار و سەبزەیی نەوڕەستەیی تۆیە حوبابی ئەشکی حەسرەت بۆتە فینجانی سەر و سینەم لەجێی دەستەگوڵی لێدەن دەڵێن گوڵدەستەیی تۆیە گڵێ بێنی بەسەرما کەی، گوڵێ بێنی بەسەرما کەی غەم وشادی سەراپا هەرچی بێ وابەستەیی تۆیە دڵم شیشەی شەڕابی ڕووتە سرکەی غەیری گەر تێکەم گوڵاویش بە گڵاوبێ، شیشە چون بەربەستەیی تۆیە شکەستەی دەستبەستە چاوەکەم جەبری لەلای تۆیە مەڵێ کەسرە بە شانم چون شکەستە و بەستەیی تۆیە تەنافی زولفەکەت لادە، خەیابانی خەیاڵم ڕاست بە باڵای سەروی مەوزوون و قەدی بەرجەستەیی تۆیە ئەتیببا جەببییان مەسمووم و دانەی حەبییان پووچە ئەوە مەغزێکە بێ ئەمر و دەهانی بەستەیی تۆیە بە ئوممێدی دەوا بۆ لەززەتی دەردی، دڵم دەردێ دەزانم چون گوسەستەی تۆ هەموو پەیوەستەیی تۆیە ئەگەر دەردت نەبایە نیسبەتت چۆن دەبوە دەرمانم کە هەرکەس دێ دەڵێ قوربان حەریقی خەستەیی تۆیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامالی ڕەقیب موعتادیی فەلەک دایمە هەر جەور و جەفایە خۆ خاسسە لەگەڵ ئەهلی زەکایان بێ وەفایە یاڕەببی ڕەقیب تووشی بەڵا و دەرد و غەمێ بێ بەو دەردە بناڵێنێ هەتا ڕۆژی جەزایە بەو ڕیشەوە ئێستا کە ڕەئیسێکە لەلای خۆی تەزکیری کە تەزویرە، لەسەر دامی خەتایە بۆ ماچی دەمی ساڵێکە سۆفی لە ڕەهندا ئیمانی بەخت کرد و شوکر ماچی نەدایە زاهید مەکە مەنعم کە دەکەم وەسفی گوڵی خۆم گوڵغونچەیی من لاییقە موشتەق لە سەنایە هەرچەندە بە سین تفڵی، شوکر عاقڵی قوربان تێی هەڵدە بە شەق ئەو کەرە هەر عەینی بەڵایە هەر شوکری خودا بێنە بەجێ تۆ کە حەریقی ئامالی ڕەقیبت کە هەموو جەور و جەفایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غونچەی مەقسوود موژدە بێ بۆ بولبولی دڵ گوڵ لە باغان هاتەوە قومری عومری خۆی سەرف کا سەروی بۆستان هاتەوە شاسواری عەرسەیی مەیدانی مەردان هاتەوە دڵبەری جانان لە خزمەت جانی جانان هاتەوە پیری ڕەوشەندڵ وەکوو خورشیدی تابان هاتەوە ناییبی عوسمانی سانی خۆش بە سامان هاتەوە وا موعەتتەر بوو دەماغی ئەهلی نیسبەت هەر دەڵێی نیسبەتی پیراهەنی یۆسف بە کەنعان هاتەوە بۆ ئیفادە و نەشری فەیز و لوتف و بۆ ئیڕشادی دین وا لە قەسری عاریفان یەنبوعی عیرفان هاتەوە غونچە سەرپۆشی لە ڕوو لادا بە عەزمی دیدەنی بولبولی تەبعی منیش بۆیە غەزەلخوان هاتەوە سەرخۆشی کەئسول کەرەم سەرمەستی سەهبایی قیدەم باشکوە و باحەشەم، مەجزووبی ڕەحمان هاتەوە موددەتێ بوو ئەم هەوارە بێ سەدا و هاوار بوو تا بە جەزبەی حق بەسانی نەی بە ئەفغان هاتەوە خاتری موخلیس بە دیدارت وەکوو تەبعی حەریق غونچەیی مەقسوودی پشکووت و بە خەندان هاتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەڕێی موژدە چاوەڕێی موژدەی نەسیمم تا لە گوڵشەن دێتەوە بەڵکە فەرمایش بکا گوڵ، بولبولم با بێتەوە وا وەعیدی بەفری زستانی فیراقت کەوتە دڵ مەر بە بای وەعدەی ویساڵت کێوی دڵ ڕەش بێتەوە میروەحەی زولفت لە دەوری ئاتەشی ڕووت بێ، چلۆن ئاگری عیشقت بە ئاوی چاوی من دەکووژێتەوە؟ سوچی زولفت بوو کە پەروانەی دڵم ڕووی کردە ڕووت ئاگری وەسڵی شەم و پەروانە شەو دەگڕێتەوە خەتت و مۆری زولف و خاڵت حوججەتی موڵکی دڵە نەقشی ئەو مۆرە بە ئاوی خوڕخوڕە ناچێتەوە دڵ لە ترسی چاوەکەت ڕووی کردە مێحرابی برۆت ئێستە بیستوومە لە چینی زولف جێی نابێتەوە کێوی هیجرت خستە سەرشانی دڵم پێی خستووە تا نەگا دەستی بە زولفت زەحمەتە هەستێتەوە سەدکەڕەت خستمتە گێژ و مەهلەکەی بەحری فیراق ئاخری موژگانی قوللابت دەرم دێنێتەوە مەزرەعەی میهر و محەببەت توخمی وەسڵی شین نەکرد گوڵ بە شادی دادەچێنم خاری غەم دەڕوێتەوە خۆت دەزانی موددەتێکە گەردی پاماڵی جەفام کەی وەکوو نەقشی قەدەم سەردێنمە ژێر پێتەوە دڵ ئەوا کەوتۆتە زیندانی غەمت قوربانتم تایەکی زولفت بنێرە بەڵکە بۆم دەربێتەوە تۆ خودا تاکەی لە تاریکی شەوی هیجرانی تۆ دەستەوئەژنۆ دابنیشم، ڕەببی کەی ڕۆژ بێتەوە بێ ئیشارەی حیکمەتولعەینی شیفات نایێ شیفام خۆت دەزانی زامی دووری سەختە خۆش نابێتەوە فکری من چونکە دەقیقە عاشقی قەددی ئەوە موو لە موو گیراوە چبکەم لێک جوێ نابێتەوە زەخمی دڵ بێ مەرهەمی وەسڵی بەناسۆڕ کەوتووە ئەی حەریق باسی مەکە تۆخوا بڵا نەکولێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پڕتەوی شەمس هێندە بێزاری کە زانیومە بە زاری نایەوە دوور لە باڵاکەت سەرینی نائومێدیم نایەوە بولبولێکی خۆشنەوا بووم بۆ نەوای دەوری گوڵت کێ وەکوو هودهود حیکایاتی سەبای گێرایەوە بۆ پیاڵەی مەیلی لەیلا قەلبی مەجنوون قابیلە شۆڕشی شیرین لە ناڵەی کۆهکەن فامایەوە حەیفێ هێندەت دەربەدەر کرد دڵ ئیقلیمی ویسال شیری منداڵیت بە زەهری هیجر پێ هێنایەوە بۆ کەناری سەوزەیی دەوری گوڵی ڕووت شین دەکەم خاکی کۆی ئیشقت بە بێژنگی سەرم بێژایەوە کەوتە سەر خەرمانی عومرم ئاگری تولی ئەمەل سەد کەڕەت بارانی وەعزی لێدرا نەکوژایەوە شیری ئەبرۆ، تیری موژگان، تاق و جووت دەنوێنێ پێم تا بزانم ڕووحی شیرینت چلۆن کێشایەوە جێی نەزەر بوو حاشییەی زوڵفت لەسەر ئایاتی ڕووت زۆر موتاڵام کرد وەکوو دەور و تەسەلسول مایەوە تاقی میحرابی برۆت جێی نازە بۆ ئەهلی نییاز سۆفی وەیزانی کەچە هێند کەر بوو خۆی گێڕایەوە شەمعی خووبان پڕتەوێکی شەمسی ڕووی تۆی لێ کەوت هێند حەیا و شەرمی بە خۆیدا هات بەجارێ توایەوە گوڵبژێرێکی زەریفم کرد لەنێو باغی خەیاڵ خۆزگە مەردێکی «ڕەشید» بۆ «شێخی» بخوێندایەوە ++++++++++++++++++++++