شاعیر: هەژار کتێب: چوارێنەکانی بابا هەژاری موکریان سەرناو: بە دڵ گیرۆدە بەو پرچی بە چینم بە دڵ گیرۆدە بەو پرچی بە چینم رەش و ئاڵۆزە وەک ئەو بەخت و ژینم دڵت گرتم، خەیاڵی خۆت تیا دی خەوت بردم کەلەودا تۆ دەبینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گراوی داوی خاوی سەربڕاوم گراوی داوی خاوی سەربڕاوم کوژاوی چاوی مەستی نیوەخاوم لە تیشکی رومەتت سەردە هەناسەم کز و بێ تینی ئەو بەژنی زڕاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم تەنگە وەکو خونچەی دەمی تۆ دڵم تەنگە وەکو خونچەی دەمی تۆ سەرم گێژە لە گێژی پەرچەمی تۆ دڵ و گیان و ژیانم دا بە ماچێک وتت: پێک نایە، زۆری من کەمی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هروژمیان کردە دڵ تیپی مژۆڵت هروژمیان کردە دڵ تیپی مژۆڵت بە خوێن پاراو کرا جێ ژوانی چۆڵت دەسی دڵ بگرە خوێن ڕێژی هەتاکەی؟ بەزێکت بێ بە دڵداری کڵۆڵت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جگەر لەت لەت بە ئەبرۆی تازە ساوم جگەر لەت لەت بە ئەبرۆی تازە ساوم لەپت سورە لە خوێناوی رژاوم خەیاڵم پەرتە بۆ خرخاڵی قۆڵت زڕەی لەرزانەکەت بردی زراوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ددان مرواری یە و هەریەک لەوانە ددان مرواری یە و هەریەک لەوانە لە نرخا گەنجی قارون ناتەوانە لە سوچی لێوەکەت خاڵێک دیارە لە گەنجت بێچوە زەنگی پاسەوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تینی کوڵمەکەت جەرگ و دڵم سوت لە تینی کوڵمەکەت جەرگ و دڵم سوت لە تاوی چاوی جادوت بومە هاروت بەهەشت و کەوسەر و هەنگوین و شیری بە شاباشی دڵۆپێک ئارەقی روت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە گریەم پێکەنی، خەندەت بە شینە بە گریەم پێکەنی، خەندەت بە شینە دەڵێی: پاش گریە نۆرەی پێکەنینە دڵت گەر سەدیەکی سینگت نەرم با نەرم بوی ئێستە بۆ ماچێک لە سینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی شێتم وەها گرتی گڕو پێت دڵی شێتم وەها گرتی گڕو پێت لە تاوان، پێی دەتاوان بەردی بەر پێت چژین سەختم! چدڵ سەختی گوڵی من کزەی دڵ وەک کزەی با دێتە بەر گوێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە قەندی لێوی تۆیە ژینی تاڵم لە قەندی لێوی تۆیە ژینی تاڵم لە سوری کوڵمەتە بە خوێن شەڵاڵم لە دو مەمکی خڕت بیرم بڵاوە کوڵاو و کۆڵەواری سێوی کاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پلاری تۆن کە دڵ چڕژاوە ئەمشەو پلاری تۆن کە دڵ چڕژاوە ئەمشەو جخاری تۆن کە خوێن پڕژاوە ئەمشەو مزەم چی بو لە چاوی مامزی مەست؟ کە جەرگم بۆ مەزەی برژاوە ئەمشەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە چەشنی ئاگرن کوڵمی گەشی تۆ لە چەشنی ئاگرن کوڵمی گەشی تۆ لە مار حەستەم ترن پرچی رەشی تۆ بڵێم وەک چی دەچی؟ هەر گوڵ دەزانم لە گوڵ ناسکترە ناسک لەشی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە تاریکایی پرچت بێ سەرەو دەر سەبارەت: پێداچوونەوە: ئالان لە تاریکایی پرچت بێ سەرەو دەر دڵم گێژ و هوڕە چەشنی سکەندەر بەلام ئاوی ژیان لاجانگی تۆیە بەڵام ڕەشماری بسکت بوونە لەمپەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە گوارەی پڕ پە ڕەنگ دڵ پڕ پە ڕەنگم لە گوارەی پڕ پە ڕەنگ دڵ پڕ پە ڕەنگم چەماوی بەژن و باڵای شۆخ و شەنگم لە سەر سینگی سپیت چاوم سپی بون لە تاوی زەردەلیمۆت زەردە ڕەنگم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە لێوت زامی جەرگم پڕنمەک بو لە لێوت زامی جەرگم پڕنمەک بو لە سێوت خەم لەناو سینەم کەڵەک بو لە سایەی گەردنی تۆ بام و چانێ لە ئەولاش داری توبام ناگەرەک بو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەبێ بە کوێ بگەی؟ هێشتا نەگەیوی دەبێ بە کوێ بگەی؟ هێشتا نەگەیوی لە روخسارا بەهەشتی، ڕۆژی، هەیوی! هەزاران داود و دەنگی زەموری دەبەر لێوت مرن کاتێ دەپەیوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە داوی کەزیەکەت دڵ دالەقاوە بە داوی کەزیەکەت دڵ دالەقاوە بژۆڵت رێزە نێزە تێی چەقاوە وچانێک، لێوی قەندم پێ ببەخشە جگەر برژاوە گەر پێت خۆشە قاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەپرسی چۆنە چێژەی خەم دەچێژم؟ دەپرسی چۆنە چێژەی خەم دەچێژم؟ لەبەرچی دەرد و زوخاو هەڵدەڕێژم؟ بژانگی تۆ دڵی کردومە بێژنگ کوڵ و خوێنی ئەوینێ دادەبێژم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زمان بۆ پەسنی ئەو لێوئاڵە لاڵە زمان بۆ پەسنی ئەو لێوئاڵە لاڵە گلێنەم تانەداری دانە خاڵە بە پیری چوم بەرەو پیری مناڵی دڵی بردوم کچۆڵێک چاردە ساڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوە ئەستێرە بە زریوەن لە سەرمان شەوە ئەستێرە بە زریوەن لە سەرمان لە مانگی ڕوت هەناسەم بۆتە خەرمان تکەی ئاونگی کوڵمت تەڕ دەکا لێو گەزۆ باری لە گەرمان و لە شەرمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەژن شۆڕ و کەزی شۆڕ و خەزیم شۆڕ بەژن شۆڕ و کەزی شۆڕ و خەزیم شۆڕ سەرەو شۆڕم دەکەن سەرشۆڕ بەرەو گۆڕ هەژار و خوار و لەش بیمار و دڵدار دەباوام لێ بێ، مافی خۆمە هەی گۆڕ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم دەیزانی رادەبری بەسەرما دڵم دەیزانی رادەبری بەسەرما بەڕێی کرد دوا هەناسێکی لەبەرما بە چاوم ئاوڕشێنی رێگەتم کرد گیان دەرکەوتە پێشواز و لەدەرما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەدەست ئەو چاوە مەستەت نیمە چارە لەدەست ئەو چاوە مەستەت نیمە چارە لە ناخم را دەکەن دەرد و پەژارە لە کێلی گۆڕەکەم یاران بنوسن: کوژاوی گەردنی کێلە و هەژارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵی باخان لە شەرمی کوڵمەسوورە گوڵی باخان لە شەرمی کوڵمەسوورە لەروی ئەو پەلکی گوڵ ئەستورە، زوورە گوتم: مردم، نەگەیمە ماچێ، فەرموی: هەژار بمبوورە! دوورە ئەو سنورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە سەرگەردانی ژێرگەردانەکەت بم بە سەرگەردانی ژێرگەردانەکەت بم بەڵاگەردانی باڵا جوانەکەت بم ئەوا تۆم دی لەسەر کوشتەت دەکەی شین! بەگۆری چاوە پڕگریانەکەت بم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵ تۆدا کەسێکی دەم دەمانە لەگەڵ تۆدا کەسێکی دەم دەمانە چکارێکی بەخۆشی پاش نەمانە؟ مەی و کەوسەر لە گۆشەی لێوی ئاڵە بەهەشتی خۆش لە شێوی ناومەمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چخۆشە پاشی ئەم تۆرانە سازان چخۆشە پاشی ئەم تۆرانە سازان چشیرینە وتەی راز و نیازان بەسم بێ جەزرەبەی شەوگاری دوریت پتر مەی هەنجنە جەرگم بەنازان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە تاوێکە گوڵزارت نەدیوە وەرە تاوێکە گوڵزارت نەدیوە لە تاوت خونچە سینەی دا دڕیوە وەنەوشە دور لە باڵات خۆی دەهەش نا هەڵاڵە زەردە، نێرگز رەنگ پەڕیوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە ئەی بەندی جەرگ و ماکی ژینم وەرە ئەی بەندی جەرگ و ماکی ژینم وەرە هەتوانی گش دەرد و برینم شەوی رەش ڕۆژی روونی بەختی من بو کە لەودا تۆ نزیکی خۆم دەبینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوە دنیا وەکوو خاڵت سیاپۆش شەوە دنیا وەکوو خاڵت سیاپۆش وەرە با دەردەدڵ بکرێن فەرامۆش دەسم دەستۆکە، با بتگرمە باوەش ئەگەر مردم لە خۆشیان، چاوی تۆ خۆش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کش و ماتە جیهان لە ژوانی لە نوێ کش و ماتە جیهان لە ژوانی لە نوێ گەلاوێژ بۆ مە دەڕوانێ لەسەر سوێ چریکەی بولبولێک دێ، وادەزانم چپەی ماچی من و تۆی هاتە بەر گوێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیانم چو هەژار و دەستەوئەژنۆ ژیانم چو هەژار و دەستەوئەژنۆ چلۆن روی داوە دەست و گەردنی تۆ؟ ! ژیانی دوایەشم بۆ تۆ خودای شەو بەرەو رۆخۆش مەڕۆ، تۆزێک لە سەرخۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوە، لەو سەوزەزارە لەو دەم ئاوە شەوە، لەو سەوزەزارە لەو دەم ئاوە مەکۆی خەم لاچووە دەمکوڵ چماوە؟ مەکە و لاچۆ و دەمان بینن بیانون بەیانە و دەم بنێ دەم، دەم نەماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا مردن لە دڵدا سینە ماکە هەتا مردن لە دڵدا سینە ماکە دڵت چەند چاکە! دڵداریت چ پاکە! لە تاریکایی دۆستی دەست لە ناو دەست کە تیشکی دا چرا کە، بوومە کاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە لامی، گیان پەپولێکە لە روتا سەبارەت: ئەم چوارینە لە خەودا گوتراوە لە لامی، گیان پەپولێکە لە روتا ئەگەر لێم دوور دەبی دڵ دێ بەدوتا لە نێزیکی و لە دووریت خاکەسارم ئیتر یا دڵ نیە یان گیانە سوتا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە چاوی تۆ دڵی ژار و گرفتار سەبارەت: نووسین: بینایی دیدە بە چاوی تۆ دڵی ژار و گرفتار بە دڵ مەرگی دەوێ، ڕۆژی هەزار جار لە ڕێی ئەم جوانییەت، تۆزێ بەزەت بێ هەژاری تۆم، لە مردن مەمکە ڕزگار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمی کۆچ، بارەکەت ناچێ لە یادم سەبارەت: نووسین: بینایی دیدە دەمی کۆچ، بارەکەت ناچێ لە یادم دەبێ وەک کوشتمت، بشپرسی دادم 'گەر بارگەت بۆ هەوار تێک‌نا، دڵی من شکا ئەستوندەکی تاوڵی مرادم' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەردی لیمۆ سەبارەت: بەیتی دووهەم لە فارسیەوە وەرگیراوە چارەڕەش بووم و لە ڕێی خاڵی ڕەشا بێچارە مام دەک چ گیان سەختم کە من تا ئێستە هەر لەو بارە مام ( من لەگەڵ مەجنونێ هاوڕێ بووم لە ڕێی شێتی و ئەوین ئەو گەیی بە نیاز و من هەر بێدڵ و ئاوارە مام ) بۆ هروژمم کەوتە کار شیری برۆ و تیری مژۆڵ کون کونی دڵ دوور لە هەژمار و جەرگ سەد پارە مام گوڵ بە دەن ئەمڕۆ لە گوڵزارا گوڵێ پشکووتبو گوڵ دەپشکووتن لە دەم، سەرسامی ئەو گوڵزارە مام بولبولێ لە دیاری گوڵ دڕکێ لە قاچی ڕادەچوو من بە دڵما چوو لە سەیری ئەو گوڵی بێ خارە مام شەوڕەشی پرچت دڵی ساوامی وا دێوانە کرد هەر لە منداڵیمەوە بەو تارەوە پەتیارە مام پێم دەڵێ: ڕەنگ زەردی وەک لیمۆی هەژاری من وتم: ڕەنگ نەماوی ئەو نەمامی بەژنی لیمۆدارە مام! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژوانێک یارە جوانەکەم گوڵەی شۆخ و شەنگ خونچیلانەکەم دڵگوشای دەم تەنگ سەر کوڵمی گەشت برەوبەری گوڵ خوا داویە بەشت گشت نیازی دڵ بە قژی زێڕینت بە لێوی ئاڵت بە چاوی شینت بە دانەی خاڵت زەرد و بێ تینم شەتڵی خوێناوم خەریکی شینم تانە لە چاوم زانیت دەمردم بەو بەژنی باریک ڕزگارت کردم لە ژیانی تاریک ئەمشەو وە دیارە قەدری دڵانە جەنگەی بەهارە مانگی گوڵانە چاوجوان دەمێکە ئەوینداری تۆم زامم گەلێکە برینداری تۆم منێکی بێ هەل هەژاری کڵۆڵ پیر و ددان کەل وەک داری کرمۆڵ کز و بیمارم خەمبار و سەرشۆڕ وا لە سەر بارم بۆ گۆڕ چاوەنۆڕ کەی بیرم دەبرد جوانێکی وەک تۆ سەد لاو بۆت دەمرد گیانێکی وەک تۆ تۆی شلک و ناسک، تۆی وا نەرم و نۆڵ تۆی سڵ وەک ئاسک تۆی وا خر و خۆڵ وەک تۆ نازدارێک ئەویش وا بە شەو هامێزم جارێک بکا بە جێ خەو لەو تاریکایە بەو شەوە خۆشە هەتا هەتایە دڵ بۆی پەرۆشە! بە سیلە چاوێک زیندو بوومەوە وەک تازەلاوێک تێ هەڵچوومەوە ئەمە تۆی ئەمشۆ لە ناو باوەشم دیتم لە ئاسۆ ئەستێرەی گەشم ئەو سینەی نەرمت لە دڵ چەسپاندم تارمایی شەرمت لە ڕوو تاراندم دەخشێن لە لێوت لێوی بە بارم لە کوڵمی سێوت گۆنەی نزارم لە باغی ساوای پاوانی سینە پەنجەم سەرگەرمی لیمۆ کووشینە ئۆخەی وا دیسان خۆشیم دی شەوێک ئەویش بۆ ژیان لێم بوو بە خەوێک هەتا بۆ ژێر گڵ گلار بوونەوەم ناخوازم بە دڵ بێدار بوونەوەم ++++++++++++++++++++++