شاعیر: هێمن کتێب: تاریک و ڕوون سەرناو: قەڵای نیشتمان وەتەن گیان و سەر و ماڵم فیدای تۆ وە گیانی من کەوێ دەرد و بەڵای تۆ لەپێناوت دەنێم سەر تا بزانی منم ڕۆڵێکی ئازا و باوەفای تۆ لە بۆ پاراستن و حیفزی سنوورت لەباتی ماژینۆ سینگم قەڵای تۆ دەبێ من چۆن بژیم مەسروور و دڵشاد کە دەتبینم لەدەس بێگانەدای تۆ دەبێ کەی سەربەخۆ بی تۆ هەتا من بە سەربەستی بکەم سەیر و سەفای تۆ بە شینکە و گوڵ سەراسەر سوور و شینە چ جوانە دیمەنی کێو و چیای تۆ لەگەڵ تۆ بۆ نەجاتی نیشتمانت دەدەن (هێمن)! هەوڵ خوشک و برای تۆ ++++++++++++++++++++++