شاعیر: مەحوی
کتێب: غەزەل
سەرناو: چ خەیاڵێکە لیقا بێ بە فەناچوونی جەسەد

چ خەیاڵێکە لیقا بێ بە فەناچوونی جەسەد
تا پریشان نشود کار به سامان نرسد


هەر دڵێ پێوە نەبێ داغ و خەتی جێ دەمی تێغ
دەعویی عیشقی ببێ دەعوییە بێ مۆر و سەنەد


ئەغڵەبەی تەکیە و دەرگاهی بیلادی ڕۆمم
پشکنی، دی، چەلەبی هەر جەڵەبی بوو، دەدە دەد


خەو ئەزانێ نیە، دەیوت: دە بنوو بێمە خەوت
نێکبەختم بە وەنەوزێ بکە، ئەی بەختە مەدەد! 


داغی کۆنە و شەبەقی تازە لە سینەیی چاکا
تێکەڵن، سەیری هەیە پڕ لە گوڵ و لالە سەبەد


غەیری وەحدەت لە وجوودا نیە، کەسرەت وەهمە
شادە تەکراری یەکە، مەنشەئی ئەوهامی عەدەد


چاری هەر دەرد و غەمێ کردنە مردن، چ بکا
نەیتوانیوە بکا چاری غەم و دەردی حەسەد


هەر کەسێ چاوی کە بەو جیلوە مونەووەر بووبێ و
کەسی کەی بێتە نەزەر، دیدەیی پڕ بێ لە ڕەمەد


مەحویا با بەسی بێ شیرکی تەشەببوس بەم و بەو
بگرە بەس دامەنی تەوحیدی هُو اللهُ احد

++++++++++++++++++++++