شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی براکوژی سەرناو: تاوان سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تاوان دیارە؛ نێرکی ملی هی بەراز ئەستوورترە مانگایەکە بە ئاشکرا دەبۆڕێنێ گورگەبۆری ئەنادۆلە مانگ ببینێ یا نەبینێ کەڵبەی دیارە و دەلوورێنێ. تاوان دیارە؛ ڕووی لە شام بێ کەوڵی شێری لەبەردایە نەعرەی عورووبە لێدەدا و دەگرمێنێ ڕووی لە قوم بێ زولفەققاری عەلی پێیە و سەری یەزید دەپەڕێنێ. تاوان دیاره؛ وەک دووپشکی کەلاوەکانی گەرمەسێر قەفی کلکی لەسەر پشتە وەکوو کۆبرا لەسەر پاشەڵ ڕادەوەستێ، گینگل دەدا و دەفیشکێنێ. وەک مارسیدیسی فایلداران هاشەی دێت و ترافیکی سووری شاران دەبەزێنێ. وەک هۆڕنی لاندکرۆزەری سەردزەکان، خەو لە چاوی عومەر خاوەر دەتارێنێ. تاوان دیارە و من دەیبینم؛ وەک شۆفەلی ئاودیوکراو، وەک شیشی پەنجەرەی دزراو، وەک کەرکووکی بە قەنارەی حەویجەوە دالەقێنراو، من دەیبینم! تاوان دیارە وا بۆنی دێ وەکوو وێسکی شەوی بەغدا و هەزار و یەک موفاوەزات، وەک خۆراکی گەندی یوئێن، وەکوو زارکی هەڵزڕاوی هەمبانەی باوبژی بەڵێن. تاوان دیارە؛ پەڕۆیەکی بێنوێژە لە سنووری باجستان و بەرتیلستان فڕکە دەکا و دەشنێتەوە. وەکوو قرشە هارەکانی دەریای ئیجە، هەر بە دەوری خوێنی کوردا دەخولێتەوە. هێشتا بەس نییە؟ ! بۆ خاتری چاویان کتێبە سوورەی ماوم ئەزبەر کرد. لێنینم کردە کوێخای جڕتاوە... شینی حەسەن و حوسێنم گێڕا چەندان زوحاکم لێ بوون بە کاوە بۆ خاتری چاویان چل ساڵی خشتە هەر وام بەڕێوە هەر دێموکراسی بۆ بەغدا دەبەم هەر ئۆتۆنۆمیش دێنم لەوێوە... چ ما نەیکەم؟ ! پێیان گوتم: شین بە! ، شین بووم پان بە! ، پان بووم خڕ بە، خڕ بووم خاو بە، خاو بووم دڕ بە، دڕ بووم بقیڕێنە، قیڕڕڕڕڕڕڕ... قیڕاندم کڕ بە، کڕ بووم! هێشتا بەس نییە! ؟ ئەم نمایشە هێڵنجاوەرە کۆتایی نەهات؟ شەڕەزڕتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟ پەردەی وەهمکرد لەسەر عەورەتیان تڵیشی نەبرد؟ هەڵنەدرایەوە؟ گوێتان لێیە؟ ! کرچوهۆڕی گازەرام دێ! تا کەی پشتم، گۆڕەپانی قارەمان و قەیتەران بێ؟ لە کۆزەوە مڕەی گورگ و مڵچەی خوێن دێ، هەتا کەنگێ گوێم لە زرمەی شەڕەقۆچی دوو بەران بێ؟ لەبەر ئاوێنە سەیری خۆم دەکەم؛ چ دەعبایەکی سەیر و سەمەرەم! پەرکەم دەمگرێ کاتێ دەبینم یەکتر ڕاو دەنێن ئەندامەکانی جەستەی سەراپا وێران و نغرۆم. هێڵنجم دێتێ کە چاو دەبڕمە گڵۆڵە کرمی، زارکی برینی گیان و جەستەی خۆم چ دەعبایەکی سەیر و سەمەرەم! ئەستۆم نایەوێ سەرم ڕاگرێ خوێنم دەمەیێ، تا فڕکە نەکا بەرەو پەلوپۆم گلێنەی چاوم تف لەیەک دەکەن. لەیەک نەبانن ڕەفیسک و ئەژنۆم. ئەم نمایشە هێڵنجاوەرە کۆتایی نەهات؟ شەڕەزڕتانێی هابیل و قابیل هەر نەبڕایەوە؟ نەخێر، ئەمجارە ئاوێنەی کووڕی جادووگەرەکان ورد و خاش دەکەم. لە بن قورسایی خەوی سەدەکان پشت هەڵدێنمەوە. لەبەر ئاوێنەی باڵانمای یاد قیت دەوەستم و لە پەنجەی پێوە هەتا تەوقی سەر خۆم دەخوێنمەوە. چما نابینن؟ هەسپی بەلەسەم بە تالووکەیە باڵی لێم دەوێ. شەو تا بەیانی ناڵی زرمەی دێ و چەخماخە دەدا، نە من دەسرەوم، نە ئەو دەسرەوێ. وا دەچمە سەر زین، ڕکێف لێدەدەم کفن و کاژی خۆم تووڕ فڕێدەدەم قەڵەمم هەسپە، سەرم شەیپوورە! بەسە! من جاڕی چاخی نوێ دەدەم. ١٩٩٥/١/١ مۆسکۆ ++++++++++++++++++++++