شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: دیوانی براکوژی سەرناو: سێ کورتە پامفلێت سەبارەت: یەکەمجار، ڕۆژی ١٩٩٢/٤/١٣ لە گۆڕەپانی گڵکەند، لە شاری هەولێر بۆ جەماوەر خوێندرانەوە. - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) جووتێک پێڵاوی ڕەشم لە پێیە؛ پینەدار، هەرزان، گەمار، سووک، گڵاو هەزار جار ئەم پێ و ئەو پێ پێکراو چەند جاری کەوا سەرنجیان دەدەم، بە دەست خۆم نییە، لمۆزی پێڵاو قەپۆزی هەندێ سەرکردەی کوردم دێنێتە بەرچاو ١٩٨٢/٥/١ مۆسکۆ (٢) لە غەیبەوە هاتوومەوە هاتوومەوە پێتان بڵێم؛ ئەم وڵاتە قەت بێ خرمەخرمی ناڵ و زرمەزرمی پۆستاڵ نابێ تاکوو ئێوە ئەو پردە بن... . هەر دیل بوون و هەر دیل دەبن، تا چەرچی و دز سەرکردە بن! ١٩٨٤/٦/٢٣ مۆسکۆ (٣) نەگبەتی بەرۆکی گرتووین لەملاوە دێ گێژەڵووکەی لمی ئاران لەولاوە دێ تەرزه و برووسک، بەفر و باران دانەوەختێک باڕۆڤەیە... ڕەشەبایە دانەوەختێک گەرداوی تەڕی دەریایە کەچی ئێمەی سڕ هەتا ناخ ئێمەی ڕووتتر لە تیشەشاخ خوێنی یەکتر دەخۆینەوە لەسەر کورتی و درێژی مووی کلکی وڵاخ ١٩٨٧/٦/٣٠ تەرابلۆس ++++++++++++++++++++++