شاعیر: قانع
کتێب: باخچەی کوردستان
سەرناو: شێرانی مەکتەب

ئێوە ئەی شێرانی مەکتەب! واسیتەی ژینی منن
واسیتەی ژین و ژیان و ڕۆحی شیرینی منن


کۆمەڵی ئەولادەکانم، وان لە زوڵماتی جەهل
تاقە ئێوە خوێندەوار و نەسڵی نوورینی منن


موددەعی گەر بێ خەیاڵی نام و نەنگی من بکات
بۆ ویقایەی حیفزی نەنگم، ئێوە پەرژینی منن


ئاسمان نابێ خەیاڵی بەرتەری و زیادی بکا
ئاسمانی ئاسمانم، ئێوە پەروینی منن! 


سەد کە دێم و بێ بەراوم من لە کوێ «قورفە» لە کوێ
تێ بفکرین تۆ خوا مەئمووری تەخمینی منن


مەرهەمە تەسکینی زام و دوکتەرە دەفعی بەڵا
بۆ دڵی پڕ ئێش و زارم، ئێوە تەسکینی منن


گەر وەکوو قانع لە بۆ تەرفیعی من کۆشش بکەن
لاوەکانی خۆشەویستم، کۆڵەکەی دینی منن

++++++++++++++++++++++