شاعیر: حاجی قادر کتێب: غەزەل سەرناو: بە شەستی زولف و ڕووی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم بە شەستی زولف و ڕووی ماهی وەکوو ماهی گرفتارم گەهێ دڵگەستەیی مارم، گەهێ گیانخەستەیی نارم سەگی دەرگات و مەجنوون و نجوومی ئاسمان یەکسەر مەگەر هەر خۆت بزانی چۆن گەواهن من کە بێدارم بە یادی نەخلی باڵات ئاو لە چاوما بێ قسوور هەردەم دەجۆشێ، غایەتی دوورم، دەزانی من وەفادارم لە بەحر و بێشە و سەحرا، نەهەنگ و زەیغەم و ڕووبار وەکوو سەگ هەڵدەیێن ئێستا لە ئاه و ناڵەیی زارم ئەمەیش جاران نییە قوربان توفەیلی بێمە سەر خوانت خەتت میهمانییە ئەمساڵ نەماوە لەززەتی پارم بە گریانی ڕیا واعیز بەسەرما هات و نەیزانی کە وا من ئاشنام ناگاتە قاپیم مەستی هوشیارم عەراقی بێ نەوا، مەشرەب موخالیف، وەک سەبا هەستە مەقامی ڕاستی حاجی حیجازە گەر دەچێ یارم ++++++++++++++++++++++