شاعیر: پیرەمێرد
کتێب: شیعری وەسفی
سەرناو: گەرمای هاوین
سەبارەت: لە ساڵی ١٩٤١ دا بەناو (باڵان تەرانی)یەوە وتوویەتی

های گەرمای هاوین، های گەرمای هاوین
قرچەی تێخستین بە تەوژم و تین
رەشەبا دیسان لێمان کەوتە قین
نە باغی هێشتین نە گوڵ نە پەرژین

هانامان بۆ تۆ خوا (ژیان) و (ژین)

(لدوس)ی ناوە لای تورک رەشەبا
لەگەڵ پەیدا بوو نەشئەی خەڵک ئەبا
تەختە قروسی وەک دێڵەبەبا
ئەسووڕێتەوە خەوو خوێن ئەبا

بەبۆنی پیس و بە خروو و گەزین

گوڵ و گوڵاڵو کەوتوونە پەستی
بولبول وا دیارە ماری خار گەستی
نە ناڵەی دیارە نە سەدای هەستی
رێی راوە ماسیش مەرەزە بەستی

وەرن بەشینی بەهار تێر بگرین

++++++++++++++++++++++