شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: تریفەی ھەڵبەست سەرناو: ئێوارەی غەمگین خۆرنشینی ئاسۆی بەهار لە خوێناوی ئاوابوونا وردە وردە ئەچێتە خوار کڵپەی دوایی لە دەروونا ئەسوتێنێ بۆ شەوی تار. *** ئەڵی: بوونی ئەم دنیایە وەکوو تیشکم ئەتوێتەوە کام شەوقی جوانیی ڕووی دنیایە وەک هەناسەم ئەبڕێتەوە. *** کام بەهار زۆر شەنگ و شۆخە کام ئاواتی دڵ قەشەنگە کام دنیا پڕ لەخۆشییە دوور لە ڕەنگی ڕەش پۆشییە ئەبڕێتەوە، ئاوا ئەبێ ڕۆژی لەناو شەوا ئەبێ *** ئێوارەیە دنیای جوانی وەکو ساوایەکی دڵ پاک بزەی مژدەی سەر لێوانی ئارامە بۆ گیانی ڕووناک. *** منیش تەنیام لە قەدپاڵێ سەرنجم ونی ئاسۆیە دڵی پڕم.. وەک مناڵێ خەیاڵی وا لەشوێن تۆیە. *** دەروون بە ئاخی ناکامی پەستە وەک سەیوانی ماتەم. سروشت باوەشی ئارامی گرتۆتەوە بۆ ئەم کاتەم. *** ئەرخەوانی گیانی پەستم دڵنیایی دڵم ئەکا لەنێرگزی بیر و هەستم هۆنراوە بۆ تۆ ڕێک ئەخا. *** هەزاران یادی ڕابردوو لەناو بیرما یەن و ئەچن وەک ئەستێرەی ڕێ ون کردوو لەهەوری خەمما ون ئەبن. *** دە ئەی ئێوارەی خۆرنشین! مەڵبەندی تاسەی تەنیایی ئەی جێنزرگەی ماتەمین لە خۆر بکە ماڵ ئاوایی! *** منیش وەک تۆ لە ئاسمانی نائومێدیی دڵا وێڵم وەک تۆ بەهاری ژیانی تەمەن کورتیی جێ ئەهێڵم. ++++++++++++++++++++++