شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ئێستا کچێک نیشتمانمە سەرناو: فەرهەنگۆک سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری زماک= نسێ، ئەو شوێنەی هەتاو نایگرێتەوە زیگار= شەونخوونی تامار= شەبەح، تارمایی هاڤل= نەترسان و مل پێوەنەنان سلسار= بێشەرم سار و مار= زۆر بۆگەن گەرگەسان= لەناوچوون، ورد و خاشبوون ساعوور(عەڕەبی)= خزمەتکاری کڵێسە لەژم= زەلگاو ساتور(ساتۆر)= تەمەڵ و تەوەزەل کادانە= ئەسپی ڕەسەنی بە ئەسڵ لە ڕووسیاوە هاتوو گۆردەم= حەشامات، قەرەباڵغی زۆر، ئاپوور زشت= ناجۆر، ناپەسەند پفیو= لەشگران گەڤار= پیس سخار= زەوییەک کە بۆ کێڵان نابێ سا= ڕستە، ڕستەی ناتەواو، پەیڤی قرتاو و پچڕاو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا هات عاشقان! وا خۆی هات سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری وا هات عاشقان! وا خۆی هات بە پۆشاکی گەڵاڕێزانەوە وا هات! بە نۆزدە ساڵی زەردەوە بە نۆزدە چرای تاریک و بە نۆزدە زامی سەوزەوە لەگەڵ پەپوولە پاییزەی غەریباندا بەڕێوەیە و دێ بۆ لاتان! تکام وایە وەختێ گەیشتە بەردەمتان تکام وایە لە ناو ئاسمانی بیستنا باڵندەی گوێتانی بەنێ! لە چاوتانا تەماشاتان گەش گەش هەڵکەن دەسکەن بە سینەی خۆتانا و لەگەڵ ماچی دیمانەدا سێوی دڵتانی بۆ هەڵدەن! ئەو قەسیدەی بای وەشتێکی برینداری سەر شەقام و ناو ماڵەکانی خۆتانە 'با'یەکی ئێجگار دڵشکاو بارانێکی نائۆمێد و کتێبێکی بێزار لە زمانی خۆی و ئەمە حیکایەتی غەدر و شانۆنامەی ئاخاوتنی جووڵەی جەستە و دەست و پەنجەی یەک بە یەکی هەمووتانە وا هات عاشقان! وا خۆی هات ئەم عاشقە لەگەڵ خۆیا نیشتیمانی گوڵ و سووتوی هەڵگرتووە و لەگەڵ خۆیدا دیرۆکێکی قوربانیتان بۆ دێنێتە ئەم هۆڵەوە وا هات عاشقان! وا خۆی هات من 'کامەران'م یەکەم درۆی نووساو و بەرجەستە بە خۆمەوە ناوەکەمە! هەر وەک ئەوەی 'دڕدۆنگ' ناوی 'دڵنیا' بێ و 'قاقر'یش ناوی 'دارستان'! دیسانەوە وەکوو دوێنێ و وەکوو پێرێ و پار و پێرار ڕۆژێکی تری سواومە و دیسانەوە هەر خۆم سوغرەکێشی خۆمم و بێواز بێواز پاڵنان بە بێزاریمەوە بەردەوامە دەمەو عەسرە و چون چڕ و چاوی نیشتیمان هەوا گرژە گەڕەک مۆنە و چەند 'هەزار'ێکی چرچ و لۆچ لە گیرفانی پانتۆڵێکی غەمگینمایە و ئەڵێی پشیلەی بەر گەرمای بێتاقەتم خاو و خلیچک لە ماڵەوە ئەچمە دەرێ ڕۆژی سواو نە چرکەی لە خولەکی گیر ئەبێ و نە خولەکی لە سەعات و نە هیچ شتێکی پێوە بەند ئەبێ و نە هیچ شتێکیش هەرگیز ئەتوانێ توندی بکاتەوە! مانەوەیێکی بێهوودە و سووڕانەوەیێکی بێهوودە و ونبوون لە ناو بۆشاییدا لەم ڕۆژژمێرەی ئێستەدا سەعات له ڕۆژ هەفته له مانگ مانگیش له ساڵ وەڕس بووه من له خۆما له ناو خۆما ڕەنگم له ڕەنگم بێزارە و دەنگم له بوونم بێزارە هەر لەم کۆڵانەی ئێمەدا دەرگا لە چوارچێوەی خۆی و شووشە لە پەنجەرەی خۆی و سیلەی کۆڵان لە کۆڵان و کۆڵان لە دەر و دیوار بێزارە بێتاقەتی لەتەکمایە و هەنگاو ئەنێ یان سێبەرمە یان هاوڕێ وەختێ ئەگەمە ناو شاریش سەرنج ئەدەم شۆستە لە شەقامی خۆی و وشە لە زمانی خۆی و نهۆم لە تەلاری خۆی و دوکان لە جامخانەی خۆی و هەموو شتێ لە شتێکی خۆی بێزارە لە ناو منا بێزاری هێند چڕبۆتەوە خۆم ئەبینم بێشەڵانم و گەڕاڵێکی ناو زماکم و تاڵێ هەتاو ناگاتە لام من بە تەنها هەر تەماشای پەرت و پەرشی پایزانە و دوو دەستی پەنجە پەژموردە و دوو قاچی لە لەش وەڕسی سەر شەقامی ئێوارانێکی دووبارەی هەتا شەوی جادەی سەهۆڵەکەم هەیە و هیچی تر نە ئەوەی هەموو ڕۆژ لای من کورت و کورتتر ئەبێتەوە هەر ژیانە ئەوەی بەردەوامیش درێژ درێژ ئەبێتەوە سێبەری ژان و زیگاری خەمەکانە لەم نەخشەیەدا بێزاری زەلکاوێکە و هەموو ڕۆژێ چەندین کەڕەت سەرمانی تیا نوقم ئەکەن هەموو ڕۆژێ من ئەپرسم لە چی ئەچم! ؟ چێشتی ترشاو! ؟ تەنەکەی خۆڵ! ؟ زێرابی ماڵ! ؟ لە چی ئەچم! ؟ لە ئێستەدا وا هەست دەکەم من خۆڵ و پووش و پەڵاشی وەرزی نامۆیی خۆمم و ئاوێنەیێکی شکاوی ورد و خاشی بێهوودەیی و تەنیاییم و نیشتیمانیش وا ئەبینم بووە بە گسکێکی گەورە و هەموو ڕۆژێ لەبەر دەمی مێژوویەکی بی دەربەستدا گسکەم ئەیا من گەنجێتیم ئەوەندە بێ ڕێز کراوە لە خەونیشا خۆم ئەبینم یان بووم بە تەیرێکی گول و یاخود بە مێش وەڕسبوون چییە! ؟ دڵێکە لەشی خۆی ئافەرۆز کردووە یان مەلێکە هەموو ئاسمان لەبەر دەمیا بە قەد سەقفی قەفەسێکە لەم ڕۆژژمێرەی ئێستەدا بە هەر شوێنێکا تێپەڕم بێزاری تارماییێکە و لەپڕێکا پەیدا ئەبێ و لەبەر دەمما ڕائەوەستێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەیانیت باش! سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری بەیانیت باش! من ناوم 'بولبولە'ە خەڵکی ئەم باخچەیەم دەمێکە باخەوانێکی تووڕەمان لێ پەیا بووە نە گوڵێ نە دارێ نە مەلێ بێ ئاگا بوون چۆن هاتووە و کێ کردوویەتی بە باخەوان بێجگە لە خۆی باخەوانی لە خۆبایی ناهێڵێ بە دڵی خۆم بخوێنم ئەڵێ تۆ فڕینت شوومە و گۆرانییەکی لاساری ئەڵێ تۆ بە قەد ڕیقنەیێک ڕێزی نیشتیمان ناگری پێم ئەڵێ ئەم هەموو ناوزڕاندنی سەر و سنەوبەر و دارسێوانە لە پای چی! ؟ پێم ئەڵێ تۆ وەڕسکەری وەڕسکەر بەیانیان زوو پێش 'با' و پێش کازیوە و بەر لە نیشتیمان خۆی لە خەو هەڵئەسی بە جووکەجووک مێشکی ئەم درەختانەت بردووە! تۆ خەوت لە ئاو لە گوڵ لە گیا زڕاندووە ئەم هەموو زەردەزیڕەی پرسیارانە چییە ئەیانورووژێنی؟ پێم ئەڵێ ئەو دەنووکە دەنووکی خۆت نییە! بۆیە بێزار بووم و ئەمەوێ ئەم باخچەیە بەجێ بێڵم و لە داخانا سەری خۆم هەڵگرم و ڕوو بکەمە باخچەیەکی دوور دووری هەندەران! ئاو بێزاری خۆی بردە لای ڕەگەکان ڕەگەکان بردییانە لای ناوقەدی دارەکان ناوقەد بردییە لای لق و پۆپ لق و پۆپ بردییە لای پژ و پۆ و گەڵاکان ئەوانیش بردییانە لای چاودێر و ئەویش بردییە لای سەرۆکی شارەوانی و ئەویش بردییە لای نیشتیمان نیشتیمانیش هیچ گوێی نەگرت لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم نیوەم خەونی مردووی خۆم ئەژمێرێ و نیوەکەی تر بووەتە زەردەی کز و ماندووی خۆرنشینی چاوانم و لە جەستەما بۆ بەرەوخوار دائەگەڕێ لە قەراخ شار ئەگەمە کەناری ئێواران بێزاری هەر لەگەڵمایە ئێوارەو باش من ناوم 'مەترە'یە مەترەی ئەرزپێوان بێزارم بێزار ئەوە چەن ساڵە کۆمەڵەدەستێکی نیشتیمان لە بناری ئەو شاخەوە هەتا ناو شار ئەمکەنەوە و ڕامئەکێشن جاری وا هەیە من چەند جار تەواو ئەبم بەڵام ئەوان ئەرزەکانیان تەواو نابێ! بێزارم بێزارم بێزار ژمارەیەکم نییە جەستەی ژان نەکا و شەوان نەیکەن بە ناڵەناڵ! ئەڵێم لەوانەیە ڕۆژێ وەختێ ئیتر بێ هیوا بووم هەر خۆم بە خۆم بخنکێنم و یاخود ئیتر لە تاوانا هەستمە سەرپێ و خۆم هەڵدەم و ئەڵقە ئەڵقە بچمە ملیان؟ ! ئەگەمەوە ناو تاریکی و ناو هەژاری و بەردەم ماڵێ من خۆم ڕۆژ بووم بەڵام پڕیان کردم لە شەو من خۆم گۆمیلکەی نێرگز بووم پڕیان کردم لە تینیێتی و پووش و پەڵاش من بۆخۆم ئیستە و ئایندەم کەچی سواری مێژوویەکی کۆنیان کردم غەڵغانێک و شمشێرێکی ژەنگاوییان دایە دەسم بردییانمەوە بۆ ناو قەڵای تامارەکانی ڕابردوو کە وڵات بوو بە چەتەووڵی هەڕەشە و چی دەرگایە لێی داخستی ئیتر شتێک نییە لەوا هەرگیز تۆ پێی بڵێی خۆشەویستی من تەڵاشم یان کۆتەرەم! ؟ هەموو جارێ خۆم ئەبینم گێژاوێ خولم ئەدات و ئەمباتە بنی بنەوە و لە ناکاویش هەڵم ئەداتە سەرەوە نە ئەوەتا بە ئێجگاری نوقم بم و نە ئەوەتایش هەتاکوو سەر هەر لە سەرێ بمێنمەوە! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم لە دووری دووری دوورەوە بە قرخەقرخ 'با'یەکی پیرەمێرد دێت و سمێڵێکم لێ با ئەدا و لەبەر دەمما ئیستێک ئەکا و سەیری لێ دێ کە لە توخمی ئەویش بم و لەویش نەچم سەیری لێ دێ هەورێکی تازەی پاراوم لە دەنگایە و هەڵکردن و گڤە و قسەم ناچنەوە سەر لێڕەوار و دۆڵەکانی باپیرانم سەیری لێ دێ خۆم دابڕیوە لە دەنگی و ناچمەوە سەر ئەو ئاوێنە پیرۆزانەی بە دیواری مۆزەخانەی جەستەی ئەوا هەڵواسراون سەیری لێ دێ ئەو ئەڕوات و من دەس ئەکەم بە هەناوما و ڕۆ ئەچم و بە برینا شۆڕ ئەبمەوە و هەرچی خەڵتەی درۆی مەڵاس و چی خەڵتەی شانازییە کە بەرئەگرن لە ئاوی ڕەوانی ڕۆحم و زەینم تۆپەڵ تۆپەڵ دەریان دێنم دەس ئەگێڕم بەناو دڵما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەحم بە هەستی خۆم ناکەم سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری ڕەحم بە هەستی خۆم ناکەم ڕەحم بە ئازاری خۆم و هیچ نەزیفێکی خۆم ناکەم دەس ئەگێڕم ملی مێژووەکەی خۆم ئەگرم بەری نادەم هەتاکوو هەڵی ئەکێشم و بەرەو ئەوپەڕی بێ باکی تووڕی ئەدەم من نازانم چتێک هاتۆتە ڕۆحمەوە من نازانم چ ناوێکی لێ بنێم و چۆنی بانگ کەم کۆبوونەوەی برووسکەیە و ئەویش نییە من نازانم پانخواردنەوەی وەڕسبوونە و ئەویش نییە من نازانم تەنها ئەوەندە ئەزانم ئەوەی هاتۆتە ڕۆحمەوە دوێنێ نییە و هەرگیز هەرگیز لە باو ناچێ و لە کەس ناچێ و کاڤڵێکی داهاتووە بەڵام بێزاری ئەوسەری وا لە کوڕەی تووڕەبوونا یاخود لە ناو گڕکانێکا ئەو ساتەی ئەتەقێتەوە لاشاوەکەی شاری مردوو ڕائەماڵێ و دەمامکی نیشتیمانیش لە سەرەوە هەتا بەرپێ دائەماڵێ لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم من تەمەنم نۆزدە مۆمە و لەو نۆزدەیە فووی نیشتیمان سێ چوارێکی هێشتۆتەوە بۆ شەوقی بزە و پێکەنین نۆزدە باڵندەی ناو خەونی لاوێتیم و لەو نۆزدەیە ساچمەکانی نیشتیمان سێ چوارێکیان هێشتۆتەوە بۆ چریکە و بۆ هەڵفڕین نۆزدە هەناسەی بەردێکی سەرەڕێگام نۆزدە بڵقی قیری جادەیێکی هاوین نۆزدە قاوغە فیشەکی شەڕی ناوخۆ نۆزدە تیکەی لە قوڕگ گیراو نۆزدە گۆرەوی کونکون و نۆزدە سکاڵای ونکراو نۆزدە ڤالیۆم بۆ نۆزدە شەو نۆزدە ساڵیش لە ناو زەرفێکی بەتاڵا! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم گەنجم وەکوو هەندێ درەختی سەر شۆستەی شان و مل و قژ پۆڵایی پشتگوێ خراو تازەم وەکوو تازەترین بێهیوایی نوێترین ڕەنگی تەنیاییم گەنجم وەکوو عەلاگەیێکی ڕەنگینی فڕێدراو ئەوەتا هەردوو پێکەوە 'با' ئەمانبا و هەردوو هەر خشەخشمان دێ و ئەو لە تەنەکەی بەتاڵ و لقی دار و پێچکەی ماشێن و کورسییەکان گیر ئەبێت و لەملایشەوە من لە میدی*؟؟؟ خەولێکەوتووی سەعاتەکانی بێکاریدا دائاڵێم و لە قاچم و قۆلی نیشتیمان هەردوو هەر خشەخشمان دێ هەردووکیشمان لەبەرخۆ لە ترسی چاوی تارمایی لە ژێر سێبەری پەنایێکا تووڕە و بێزار بۆڵەمان دێ نیوەڕۆ باش من ناوم کیسەڵە ئەوە چەند ساڵە لەم گوێ گۆمە حەماڵی ئەکەم ئا ئەو کونەش ماڵەکەمە بەڵام دوێنێ چەند قاچێکی نیشتیمانم لێ پەیابوون تووڕە و تڕۆ بە نووکەشەق هەتا ئەو خوارە بردیانم پێیان وتم: لە بەر بەرژەوەندی 'ئاو' و ئەو شاخانە لەبەر بەرژەوەندی هوما و باز و ئەو هەموو کەڵەکێویانە ئەبێ بڕۆی ئەبێ بڕۆن هەتا زووە ئێرە چۆڵ کەن چونکە هەڤاڵ هەڵۆزادە وا بە نیازە لە دوای نەورۆز ئا ئەم ئاستە لە سەرەوە هەتا ئەو سەر بکات بە کێڵگەی نازداری گوڵی خەشخاش! من گوێم لێیە لێرە خاک نرکەنرکێتی و ئەناڵێنێ و ئەوەندەیان لێدزیوە لەمسەرەوە هەتا ئەو سەری فیدراڵی هەموو جەستەی کوناودەرە ئەم کاتەو باش من ناوم 'عەدالەتە' لەسەر زەمین چاوێکی خوا و دەستێکی خوام ئەوەتەی هاتوومەتە ئەم نیشتیمانەوە کەس نامناسێ و کەس نامبینێ و ئەوەی ناوی نەبێ منم من لێرە تەنهام هەموو شەوێ بە چرپاکەی خۆمەوە ئەمبەستنەوە پلاستەرێکیش ئەدەن لە دەمم ئەم نیشتیمانە ئەوەندە ڕقی لە منە هەر هەلێکی بۆ هەڵکەوی سەرم ئەبڕێ من بە ئاسانی نادزرێم بەڵام لێرە ئەگەر ئاگام لە خۆم نەبێ ئەمدزن و ئەمفڕێنن ماسکەکەی من ئەبەستن و ترازووەکەم هەڵئەگرن و ئەچنە دەرێ بۆ ناو خەڵک و سلسار سلسار ئەڵێن ئێمە نەک عەدالەت خودایەکی تازەهاتووی ئەم وڵاتەین! ئەم دەست بەو دەستی نەزانی و ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەنجە دزرا سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری پەنجە دزرا ئەم قاچ بەو قاچی نەزانی و ڕێگە دزرا ئەم چاو بەو چاوی نەزانی و سەرنج دزرا ئەم باڵ بەو باڵی نەزانی و فڕین دزرا سارومارە سارومارە ئەم دیرۆکی دەسەڵاتی سەرزەمینە و بۆنی دەمی درۆکانی ئەم ڕۆژگارە! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم بەڵام دڵم وا لە ناو مشتی 'با'یەکا هێواش هێواش لە گۆیژەوە دێتە خوارێ و سووتووی جەستەی ژنێک دێنێ و لەبەر لووتی نیشتیمانا فوویەک لە سووتووەکە ئەکا و ئینجا ئەڵێ یادگارێ بۆ سەروەریت هەر وەستاوم و بەڵام ڕۆحم خۆی بە تاڵی بارانێکا هەڵواسیوە هەر لە تاڵەقژی دایکم و خوشکەکانم و لە نەسڵی مووی پایزێکی بێوەژنی کۆڵانەکەی ئێمە ئەچێ ڕاوەستاوم بەڵام چاوم کەوتۆتە ناو ئەو جامەوە کە ژنێکی دەروەزەکەر لەبەر پێی خۆیا دیناوە و ناوبەناوێ زرنگەیێک لە ناو جامەکا هەڵەسێ و لێرەیشەوە لەگەڵ ئەوا چاوی منیش دائەچڵەکێ شەو باش! شەو باش! من ناوم کراسی ژنانەیە ئەوەی نیشتیمان پێی شەرمە بیکاتە بەری خۆی منم! ئەم مێژووی نێرە ئەم نیشتیمانی سمێڵە تەنها جارێ منی نەکردە بەر هەتاوێ بەر جۆگە ئاوێ بەر شووشە گوڵاوێ ئەوانەی منیان لە بەر کرد: گسک بوون و مەنجەڵ بوون و تەنەکەی خۆڵ ئەوانەی منیان کردە بەر: بەژنی درێژی غەریبی و بەژنی تەنیایی و ئازار بوون ئەوانەی منی پێ بەخشین هەر بێدەنگی و قفڵ و تێڵا و شریخەکانی قامچی و جل و بەرگی دەردەدار بوون من ناوم کراسی ژنانەیە ئەوەی ئاگای لە من نەبێ و گوێی لە هاواری من نەبێ گوێچکەی تەپی نیشتیمانە! من مێینەم! من سەراپا هەموو جەستەم لە گوناه و پرسیاری ڕووتی حەرام پێکهاتووە! لە یەکەم ڕۆژی بوونمەوە بەردی ڕەجم لە قوماتمەوە پێچراوە و نیشتیمان تفم لێ ئەکات! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم لەپڕێکا نیشتیمان بە خۆی و کڵاوی ئاڵاکەیەوە بە خۆی و ڕێکلامی ڕیش و سمێڵ و ئارمی پۆپرەی نێرێتییەوە بە خۆی و مەدالیای پڕهەڕەشەی سەر سنگییەوە بە خۆی و شمشێرەکەی ئەی ڕەقیبەوە بە پەڕی گیڤ و مەغرووری تاوسییەوە کۆمەڵێ چەکداری چاوزەق چاوزەق لە پشتییەوە سنگ دەرپەڕیو دێتە لام و بە دوو پەنجە تەوقەیێکم لەگەڵ ئەکات و دەس ئەکا بە ئەرشیڤی فەخر لێ نیشتووی باخەڵیا سی-دی سروودێکی تازەی ئەم ڕۆژگارەیم ئەداتێ ئمجا زەردەخەنێیێک لە جۆری زەردەخەنەی سیمی*؟؟؟ دەسکرد ئەیگرێ وەک پێم بڵێ من نیشتیمانی تاقانەی هەموو دنیام ئەوسا ئەڕوا و بەجێم دێڵێ ئەم کاتەو باش! منیش هاتووم من جوانوویەکی بێکارم خەڵکی کەرکووکم کوڕی نەوت و گازم و کوڕی ئەو هەموو بۆری و چاڵانە بەڵام ئەوەی بە ڕێکەوتیش نەیانبینم ئەو باوکانەن لەبەر ئەوەی بەردەوامیش ئەسووڕێمەوە لە هەموو کەسێکی دی زیاتر نیشتیمان ئەبینم بەڵام جەخار هەموو حیلە و کوڕژنەکانم بە با چوون و هەموو سمکۆڵەکانم گەرگەسان بوون و ئەم نیشتیمانە پیرۆزە گوێی لێم نەبوو ڕەشەبایش وتی ئەو هەموو گڤە گڤەو هەر گوێی نەگرت چەخماخە وتی ئەو هەموو برووسکە و داگیرسان و دڕژانانەو هەر گوێی نەگرت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باخچە وتی شەقام وتی بازاڕ وتی سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری باخچە وتی شەقام وتی بازاڕ وتی قەڵەم و دەفتەر و چاوگە و لێرەوار و تەیر و تواڵ و ئاژەڵ و ئەو هەموو پرتکە*؟؟؟ گیا و گەڵا و مێروولە و قەلەباچکە ڕەشپۆش و کەروێشکی هەتیو و ئەو هەموو وشە غەمگین و ئەو هەموو پایز بێوەژنانە بە دەم زریکە و قیژەوە هاواریان کرد بەڵام ئەم نیشتیمان پیرۆزە هەر گوێی نەگرت هاوار خۆی وتی ئەوە چەن ساڵە لە نووزەی مناڵیمەوە هەتا ئێستا دەمم ناوە بە گوێچکە پاڕ و پۆڕەکانی ئەم نیشتیمانە سەرزلەوە ئەوە چەن ساڵە ئەم هەموو گەڵاڕێزانە و ئەم هەموو دەست و پەنجەڕێزانە و ئەم هەموو نیگاڕێزانە یەک لە دوای یەک ڕەوانەی ناو گوێچکەکانی ئەو ئەکەم هەموویان ئەڕۆن و بەڵام کەسیان ناگەڕێنەوە نازانم لەو گوێچکانە چییان بەسەر دێ کێ ئەبینن! ؟ ئەگەنە کوێ! ؟ نازانم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم سی-دییە تازەکەی نیشتیمان بە دەسمەوە و 'با'یەک بە چرپە پێم ئەڵێ کە نیشتیمان ئیشی پێت نەبوو خۆی دێ بۆ لات هەر ئەو کاتەیش زەردەخەنە ئەیگرێت و دێتە پێش و ماچت ئەکا وەختێ کە ئیشی پێت نەما ئەگەر خوداش لە بەینا بێ و تکاکار بێ نایێ بۆ لات تۆ نیشتیمان ئەم سروودە چی لێ بکەم ئەگەر هێناوتە بۆ ئەوەی وەک هەمووجار لە جێگەی نان قسەی سەوز و سوورم باتێ بیبەرەوە با شاخ و داخ گوێی لێ بگرێ ئەگەر هێناوتە بۆ ئەوەی لە باتیی ماڵ لە بری کار، لە جێی ژن بەڵێنی بێ قاچم باتێ بیبەرەوە با کورسییەکانی پارلەمان گوێی لێ بگرن مەرحەبا گیانە مەرحەبا! من ناوم کورسییە کەس نەیزانێ من ئەیزانم ئەم هەموو چەقۆی غەدرانە ئەم هەموو جۆگەی خوێنانە ئەم هەموو ماسکی دزییانە ئەم هەموو ڕەژووی ڕقانە لەسەر منە! لەسەر دانیشتنی سەر من ئەکرێن! بەڵام ناڵێن کەسیان ناڵێن لەسەر منە! هەموو ئەڵێن لەبەر چاو و باڵای جوانی ئازادییە! لەسەر شیری ساوایانە لەبەر ئاوە لەسەر نانە لەسەر گوڵە و لەبەر هێلانەی چۆلەکە و لەسەر شاڵاوی ناوەختی گەلەگورگی دەور و بەرە بەڵام ناڵێن کەسیان ناڵێن لەسەر منە و لەبەر منە! کەلاوەی قوتابخانەیێک هاواری کرد: چەندین وەرزە نانی بەڵێن بە هەنگوینی خەیاڵەوە ئەخۆین چەندین ساڵە دروشم و شیعر و بانگەشە و پەیڕەوی ناوخۆ و بەرنامە و سروودی تازە و کۆن ئەخۆین! شەقامێکی ماندوویش وتی: 'بە دەنگی پێی ڕێبوارانا سکی خاڵی و سکی تێری ئەم زەمانە لە یەکتر جوێ ئەکەمەوە دەنگی قاچی سکی خاڵی بە حاڵ ئەگاتە گوێچکەم و دەنگی قاچی سکی تێریش هێندە قورسن ئەملەرزێنن! ' تەنەکەی بەردەمی دەرگای ماڵە قوڕێ وتی شەوێک تەنها بە یەک پژمینی خوا ئیتر من چووم بە ئاسمانا و نەهاتمەوە و لەو شەوەوە هەتا ئێستا من بە دەوری سەرزەمینا ئەخولێمەوە! بەرمیلی بەردەمی دەرگای تەلارەماڵێکیش وتی: هەر بە تەنها پاشماوەکەم هێندە قورسە بە گەڕەکێکی برسێتی هەڵناگیرێ! برسێتیت باش! من ناوم 'نان'ە لەو شوێنەی زۆرم پێدەکەنم و لەو شوێنەی کەمم ئەگریم من و هەوا و ئاو و ئازادی و جوانی کۆمەڵێ خوشک و براین هەموومان لە یەک دایک و باوکین باوکمان خاکە و سەرزەمینە و و دایکمان ژیان من ئێستا لە زۆر شوێنی ئەم سەرزەمینەدا بێکەسم و بە کوڵ ئەگریم بەڵام هەموو جارێک 'با'یێکی گەنج لای ئازادییەوە دێت و دەست ئەکاتە ملم و ماچم ئەکات و پێم ئەڵێ خەم مەخۆ هەروا تەنیا نابیت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەم مەخۆ منت هەم سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری خەم مەخۆ منت هەم من ئیستە لێرە هەمیشە لە پرسە دام پرسەی گوڵەگەنم پرسەی ئاو پرسەی دارستان وەلێ هەمووجارێکیش هەتاوێکی ڕاسپاردە لە لای ئایندەوە دێت و دەس ئەکاتە ملم و دڵنەواییم ئەکات و پێم ئەڵێ خەم مەخۆ هەروا تا هەوا تاریک بوو لێوبەبار نابی خەم مەخۆ منت هەم لە ماڵەوە ڕۆژێ سفرەکەمان وتی: 'لە نێو ئێمەشا بەختەکان لە یەکتر جیان! تیامانایە و گەلێ زۆرن ئەو سفرانەی هەتیوبار و بێوەژنن و تەنها جارێک 'سەری خۆیان' نەدیوە پڕ بێ لە قاپی سک بەختەوەر! ' بیرم نایە نانێکی من لە دڵەوە پێکەنی بێ و کەوچکێکم وتبێتی: 'وا تێرم خوارد! ' لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم سەرنج لە سی-دییەکە ئەیەم لەسەر بەرگەکەی نیشتیمان خۆی ئەبینم لە بەردەم شاخێکی بەرزا ڕاوەستاوە وەکوو شەپقە هەورێکی کردووەتە سەری و پێئەکەنێ و بە دوو پەنجەیش نیشانەی (V) درووست ئەکا و بە فیزەوە نیشانی خوا و خەڵکی ئەدا ئەی نیشتمانی یەک ڕەنگ و ئەی نیشتمانی یەک دەنگ و جێگیر لەناو ڕەش و سپی و گرژ و مۆنیش لە ئاوێکی ڕاوەستاودا! ئەم سروودە وەکوو پارەی قەڵب ناچێ! هیچ کەسێک و هیچ دووکان و هیچ بازارێ و هیچ عەقڵێک و هیچ گوێچکەیەکی بێزاری ئەم سەردەمە لێم وەرناگرێ! ئەم سروودە هەر بۆنی قەڵای دمدم و ئەسپەکانی دوانزە سوارە و بۆنی کەوای پاسا کۆرە و بۆنی تۆپەکەی وەستا ڕەجەب و بۆنی کەڕووی سەدەکانی ناوەڕاست و بۆنی قلیانی باپیر و بۆنی ئەشکەوتەکەی هەزار مێردی لێدێ! من ئەزانم ئەم سیدییە هیچ هەتاوێکی سبەینێ خۆشی ناوێ! (هەرگیز... هەرگیز ناو سکی کاکی بە کاکی و خاڵی و بەتاڵ وشەی سروود و بانگەشەی تیا شین نابێ! سروود نە جێگەی قەمسەڵە و شیعر نە جێگەی بەتانی و ئاگردانێ ناگرنەوە. وتار ناکرێ بە ڕاخەر و مانشێتی هیچ ڕۆژنامەیەک ناکرێ بە پاڵتۆ و ملپێچ و کام خوتبەی گەرم و گوڕ هەیە ئاگرێ بۆ پەنجەی تەزیوی منداڵێکی ناو بەفرانبار ناکاتەوە! ) من ئەم سروودە چی لێ بکەم؟ ! نە ئەتوانم بیدەم بە قاتێکی لەنگە؟ نە ئەتوانم بیدەم بە جووتێ پێڵاوی تازە؟ ! لەباتی کرێی یەک ڕۆژیش خاوەن ماڵیش لێم وەرناگرێ! ئەم قسانە نە ئەتوانم وردی کەمەوە بۆ پاس و نە شەربەتێکی مێوژی پێ ئەکڕدرێ و نە سەلکێ سابوونی ڕەقی بۆ دایکم و نە بە دەم ڕێوە خواردنی سەندویچ و هامبۆرگەرێ؟ ! گەر وایش نەبێ ئەم سروودە زۆر پیر بووە پیر پیر پیر چقەی مێژووی دەرکردووە و ڕۆحی گەنجم لەو ناگات و لەم لەشەدا یەک دەماری خۆشەویستیی نابزوێنێ! من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە بەم هاوینە قاڵبێکە لە سەهۆڵی چاوەڕوانی و دڵۆپ دڵۆپ ئەتوێتەوە. من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە وەکوو پشیلەی بۆنکەری بەردەم دەرگای ڕستۆرانت و ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا خود وەکوو سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری یا خود وەکوو قوتوی کۆکای لەش قوپاوی لێهاتووە! -ڕۆژتان باش! من ناوم پشیلەیە. بە نەتەوە کوردم و بە ئایین مەسیحی. هەندێ کەس بە 'جۆرج'یش بانگم ئەکەن. ئیستە بێکارم. بەڵام ماوەیەک لەمەوبەر ساعووری تاقە کڵێساکەی ئەم شارە بووم. منی پشیلە یان جۆرج، باپیرە هەرە گەورەم یەکێک بووە لە پشیلە دەوڵەمەندو خێرخوازەکانی ناو ماڵی کەریمی ئەلەکە. ئەو باپیرە پشیلەیە، ئەوەندە پشیلەچاک و بەخشندە بووە. لە گرانیە گەورەکەدا، نەیهێشتووە یەک پشیلەی هەژار لەم شارەدا، لەبەر برسێتیی بمیاوێنێ و هەموویانی تێر کردووە. جا پشیلەی مەسیحی بووبن یان موسڵمان. من بەو دواییەو هەر لەسەر ئەم جادەی سەهۆڵە 'کامەران'م ناسی. گەلێ جار ئەو باسی دایکە کڵۆڵەکەی و خوشکە قەیرە بەدبەختەکانیم بۆ ئەکات و منیش باسی چوار بێچووە ڕەش و ڕووتەکانم. ئیستە هەردووکمان ڕۆژانە لەتاو برسێتی و بێکاریی بەردەوام ئەمیاوێنین. من بەرامبەر خاوەنی ئەو ڕستۆرانتەو کامەرانیش بەرامبەر بە نیشتمان! بەڵام هەردووکیشیان لە ختەلێکردن زیاتر هیچی ترمان نادەنێ! «ئەو ڕۆژە نیشتمان بووبوو بە خاوەنی ئەو کارگەیەی کە من دووکەڵکێشی عومری و کە من تۆزی چیمەنتۆیم. هەموو ڕۆژێ وەک برووسکە پەیدا ئەبێ. دەستی ڕاستی لە گیرفاندا و بۆینباخی هەتا خوار ناوک هاتووە و وەک گوڵێکی سوور بە یەخەوە و بە سەرمانەوە ئەوەستێ لێدانی دڵمان ئەژمێرێ. چاو ئەبڕێتە کرانەوە و نوشتانەوەی پەنجەی دەستمان پەیتا پەیتا بە ناوماندا دێت و دەچێ لە دەقیقەیەک، چرکەیەک لە یەک وچانی ئازار و لە پشوویەکی هەناسە و لە یەک دانیشتنی خەم و لە بەگیروەستانی پشتێ و لە سڕینی فرمێسکی کەس نابوورێ. وا هەست ئەکەم نیشتمان خۆی دەڕنەفیزە و سەرم بورغوو نیشتمان بۆ خۆی چەکوشە و منیش بزمار من قاڵب و ئەو چیمەنتۆ ئەو مەنگەنە و و منیش هاوار نیشتمان بۆتە پاسەوان بەسەر دەنگ و ڕەنگمانەوە گاردە بە دیار نیگامان و وەردتانیش بە دیار جوونی پارۆکانی دەممانەوە...» «ئەمشەو نیشتمان لە خەوما بووبوو بە یەک نانی گەورە منیش برسی... برسی برسی وەختێ ویستم پارچەیەکی لێکەمەوە نان بووەوە بە هەویر و هەویر بووەوە بە ئارد و ڕێچکە ڕێچکەیش لە ئاردەوە کێچ و ئەسپێ هاتنە دەرێ!» ئەم کاتەت باش! من ناوم )بەهار(ەو لە تۆ ئەچم. وەکو یەک جوانین و وەکو یەکیش بە دەم گوڵەکانی ئایندەوە پێئەکەنین! بەڵام جەخار وەکو یەکیش و پێکەوە لە نیشتمانی کلۆردا کلۆر ئەمرین! ئەم نیشتمانە! بە تەنها و بە تەنها منی بۆ خۆی ئەوێ. نیوەی سەوزاییمی داوە بە کەنیزەکەکانی. نیوەی درەختی بەخشیوم بە بەغدا. نیوەی سەیرانگەکانمی لەسەر پێکەنینەکانی خۆی و خزمەکانی تاپۆ کردووە. نیوەی ڕووبارو دەریاچەمی داوە بە کۆمەڵێ گردی عەمامەبەسەر! ئەم نیشتمانە منی بەهاری ڕاپەڕینی پیر کرد گۆرانیەکانی کردم بە پۆلێ باڵندەی باڵشکاو. بە خەونی دەم با. ئەم نیشتمانە وەکوو تۆ ئەی گەنجی سەر جادەی سەهۆڵەکە گۆرانییە سەوزەکانی منیشی زەرد کرد وەک چاوی تۆ چاوی گەڵاکانی منیشی تاریک کرد وەک دەستی تۆ دەستی لقەکانی منیشی شکاندەوە و وەک شیعری تۆ ئەی گەنجی سەر جادەی سەهۆڵەکە شیعری منیشی وێران کرد لە ئێستەدا لەناو جەستەی ئەم نیشتمانە بەڕێزەدا لە گەلەرییەکانی سەری ئەودا دەگمەنن ئەو تابلۆیانەی تۆ حەزیان لێ بکەیت و هەڵیانبژێری و بتەوێ بە دیواری ڕۆحتا هەڵیان بواسی. لەناو گەرووی ئەم نیشتمانە ئازیزەدا لەسەر هەموو شانۆکانی لەبەر دەم هەموو مایکرۆفۆنەکانیدا زۆر کەمن ئەو پەیڤانەی تۆ حەز بکەی لە دڵەوە گوێیان لێبگری لە دڵەوە تەوقەیان لەگەڵدا بکەیت بە دڵ پیاسەیەکیان لەگەڵدا بکەیت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ئێستەدا سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لە ئێستەدا دەم و چاوی نیشتمان لە دەم و چاوی پەنجەرەیەکی چڵکن ئەچێ کە بەردەوام داخرابێ و گرژ و مۆن و ساڵێ جارێک پێنەکەنێ! ئەم کاتەت باش منیژ ناوم گوڵی دار هەرمێیە بەڵام وەک ئەبینن ڕەشیان کردووم ئەم نیشتمانە ڕقی لە ڕەنگی سپییە هەر لەدوای گەشانەوەم دووکەڵێکیان هێنا و بە زۆر کردیان بە هاوسەرم. دوێنیش تەیرێکی ناو مەملەکەتی بەفر تەیرە کچێ هات و لە سەرم نیشتەوە پێم وت بڕۆ و لە چاو ون بە هەتاکوو نەیان بینیوی ئەگینا ئەتدەن بە ڕەژوو من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە هەموو ڕۆژێ تەنها دوو چاوی ئەبڵەقی ناو بۆشایی و سەر شەقامی بێهوودەیین لە دوورەوە ئەڕوانن و دەستیان نییە من گەنجێتیم هەتا ئێستە کچێکی بۆن نەکردووە دەستی بە تریفەی مەمک و بەر خەرمانەی شان و مل و بەر لەنجە و لاری باڵایەک نەکەوتووە من گەنجێتیم کەوتووتەوە ناو شارەکانی (حەرام)ەوە و جەڵدە... جەڵدە کفریان لە ناویا چاندووە ئەوە کچە؟ ! یاخود خەونە؟ ! بە بەردەمما دێت و ئەچێ؟ ! ئەوە لەنجە و لاری مێیە؟ یاخود کەروێشکەی سەرابی دوورە دەشتێ؟ ! ئەوە مەمکە؟ ! یاخود وەهمێکی ناسکی ناو خەیاڵە وا لەرەی دێ؟ ! ئەم کاتەت باش! من ناوم کۆترە شینکەیەو کچم ماڵەکەم وا لەو گەڕەکی منارەیە. من لە پەڕوباڵی خۆم و لە دەنووکم و لە ماڵەکەم و گەڕەک و لە هەموو شتێ بێزارم! من گمەگمی حەرامی ناو ئاین و نیشتمانم. من بۆم نییە دوور لەم منارەیە بفڕم! من بۆم نییە دوور لە دەنگی منارەکە گوێ لە دەنگێکی تر بگرم! یان سەمایەک لەگەڵ بەفرو 'با'دا بکەم. یاخود دەستی کوڕی خەون و خۆزگەم بگرم! من ناتوانم قژی خۆم بۆ جادەکان و بۆ مۆسیقاو بۆ کۆترە شینکە نێرەکان هەرگیز دەرخەم! من مێینەی ناو بەهاری قەدەغەم و شەوو ڕۆژیش لەژێر چاودێری دووربینی منارەدام. باڵەکانم بۆیان نییە بە دوو پەنجەیش تەوقە لەگەڵ باڵە نێرەکاندا بکەن! من چارەنووسی حەرامم وەکو جەستەم. گوڵێک حەرام. ئاوێک حەرام. گۆرانییەکی حەرام و شەرابی ناو قەسیدەیەکی حەرامم. ئەی کۆترە شینکە نێرەکەی سەر شەقامی سەهۆڵەکە وا گریمان داواشم کەی وا ڕازیش بووی بە پێی ڕێنومایی بەردەکانی شەریعەت و داری حەددیش تۆ من بێنی..! بەڵام ئەی کۆترە شینکە نێرەکەی سەر شەقامی سەهۆڵەکە ئەوسایش من هەر بۆ تۆ نابم! تۆ چیت هەیە؟ ! تۆ هەر هەوا و خۆڵت هەیە تۆ هەر زیوی مانگەشەو و تۆ هەر زێڕی هەندێ پەیڤ و مشتێ مرواری ناو شیعر و خانوویەکی خەونت هەیە! بەڵام منارەکەی باوکم زێڕ و زیوی هەڵواسراوی ئەودیو جامخانە گەورەکەی زەڕنگەری ڕاستەقینە و پارەپووڵی زیندووی ئەوێ! تۆ چیت هەیە؟ جگە لە خۆت و دایکت و خوشکەکانت کە لە بازاڕی خودادا بە هەموویان خوتبەیەکی جومعە ناکەن! سڵاوێکی دوورو درێژ! من ناوم )پرچ(ە نیشتمانم سەری ژنێکە. لە سێ لاوە گەمارۆ دراوم بە حیجاب! چەندین ساڵە زیندانیم نە هەتاو ئەتوانێ سەردانم بکاو نە )با( و نە ئەهێڵێ بچمە دەرێ و ڕێگەش نادا بە هیچ شیعرێ یان ئاوازێ کە بێنە لام. وەلێ ئیتر من بە نەهێنی لەگەڵ پەنجەکاندا ڕێکەوتووم ئەمشەو زیندانەکە ئەبڕین ئازاد ئەبم لە دواییشدا حیجابەکەیش ئەدەینە دەست چەخماخەیەک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر بەرزترین لوتکە سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لەسەر بەرزترین لوتکە بە بەرچاوی مێزەرەکانی دنیاوە بیسوتێنێ! لە ناکاوێ لەو سەرەوە، لەگەڵ خۆڵ بارینی تازەی دیاریی بیابانی خوارو و دیسان نیشتمان دێتەوە و وەک دیوار بم ئەمجارەیان بانگەشەیەک چۆن بەروانکە بە بەر سنگما هەڵئەواسێ و هەر ئەوەندە و ئەو ئەڕوات و لەگەڵ دەستەیەک تفەنگدا بە خێرایی بە لای من و عەرەبانەی هاندیکا پێ و دوو سواڵکەردا تێئەپەڕێ ئەوسا منیش چۆن هەورێکی نزمی سەرشار وەک برینێکی بێ هەتوان، یاخود وەکوو گۆرانیی عەشقێکی گیراو لەناو قەفەزی مەرگێکدا ئازارم ئەبێ بە دەنگ و ئازارم ئەبێ بە ڕەنگ و لەو قەفەزە ڕائەپەڕێ و بەروانکەکەم ئەدەمە دەست (با)یەک لە خۆم وەڕستتر و تووڕەتر و لەو ساتەدا لە ناخی ناخی ناخەوە و لە بنەوە کڵپەکڵپێ لە شێوەی ئاگرێکی گەنجدا لرفە ئەکا و سەر دەردێنێ! بەیانیتان باش! من ناوم دیوارە کەوتوومەتە سەر شەقامێکی گشتی بە درێژایی بێزاریی درێژم و بە بەرزی تووڕەبوونیش بەرز! هەرچی دروشمەکانە بە مندا هەڵئەواسرێن هەرچی پۆستەرەکانە لە من ئەدرێن. لە سەد دروشم یەکێکی تیا نییە شتێکم فێربکات! لە سەد پۆستەر یەکێکی تیا نییە دڵم خۆشکات! هەر دوێنێ بوو لە 'سەر'مەوە تا کەڵەموستی پێم دروشمێکیان پیا هەڵواسیم کە خوێندمەوە شەرم تەریقی کردمەوە من دیواری وڵاتێ بم درۆی کەتەو گەورەی وەهای پیا هەڵواسرێ! ئەم کاتەتان باش! من ناوم 'ناڕەزاییە' لە دایکبووی شاری یاخیبوون و گەڕەکی برسێتی و کۆڵانی کوێرەوەریم لێرە بەدواوە... من سەر بە هۆزی بێدەنگیی نیم. من ڕێبواری سەر ڕێ و بانی هەتا هەتای چاوەڕوانی و دروشمی بێدەست و قاچ نیم. لەمڕۆ بەدواوە من هاووڵاتی خەریتەی نیشتمانێکی دزراو نیم نیشتمانێ هەموو جارێ یان پەنجەیەکی ئەفڕێنن. یان گوێچکەیەکی و یان چاوێکی ون ئەکەن و یان وشەیەکی زیندەبەچاڵ ئەکەن و کەچی نە هاوارێ ئەکات و نە برینێکی ڕائەچڵەکێ! سڵاو لە هەمووتان من ناوم (دەرد)ە پادشای بەشێکی زۆری ئەم مەملەکەتەم بنکە دیار و بڵاوەکانم لەناو ئەو گوند و گەڕەک و کۆڵان و ناوچە خامۆشانەدا دروست کراوە کە ملکەچی یاساکانمن هاووڵاتیانم بەردەوام لە تەنیشتمەوە ڕاکشاون کەسیان تیا نییە بە پێوە ڕابوەستێ پادشای تەندروستی لە منەوە دوورە ناو بە ناو هەڕەشەم لێ ئەکات بەڵام دەستی نامگاتێ زۆر جاریش منی بیر ئەچێتەوە من لە وڵاتی وەکوو ئێرەدا بەختیارم و عومرم درێژە (ناڕەزایی) لە شێوەی گەردەلوولێکی تووڕەدا گەڕایەوە و لەو سەری شەقامە بێزارکەوە هاواری کرد: تۆیش ئەی بینینی بێ خەون و نزم فڕی ناو ڕۆژگاری هەر بە تەنها ڕەش و سپی ئەی سەعاتی خەو لێکەوتووی سەر سەهۆڵ و زەنگی بێ دەنگ تۆ ئەو چاوانەت بۆ چییە؟ تۆ ئەو دەستانەت بۆ چییە؟ گەر تەماشات... گەر فڕین و گەرووی خۆت و سەر و ملی خۆت... نەگۆڕی؟ مردن... بینینی بێ خەونی زیندووانە و ئایندەیش... دەستی زەنگ لێدان ئەم مێژووەی من خەمساردە گالیسکەیەکە تا گوێچکەی ئەسپەکانی لە ڕابوردوودا چەقیون و... باکی نییە خۆشەویستیی باڵندەکانی هەر هەموو لەناو هەوایەکی کپ و وەفای هەموو ژنەکانی لە نزارێکی ڕەشپۆشدا جێهێشتووە ئەم مێژووەی من... کلیلی دەرگای ساڵ و دەرگای هەتاوی داهاتووی لێکەوتووە و بۆی ناگەڕێ و باکی نییە ئەو بە تەنها نینۆکەکانی خۆی داوە بەم نەوەیە و دەروازەی ئەم نیشتمانەی لەسەر حەیرانی ڕووبار و لەسەر هاواری شەقام و لەسەر پووکەپووکی نان و لەسەر هەناسەی عاشقان داخستووە ئەی مێژووی فوودراو بە هەوای غوروری شاخ و داخ شانازیی هەڵئاوسا و لە جەستەی ئەفسانە و دارستانی درۆدا چیت هەیە؟ ڕێزبەندی سەروەریت بە تەنها ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زنجیرە بەردێکی ڕزیون سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری زنجیرە بەردێکی ڕزیون زنجیرە سەدەیەک، زنجیرە دووکەڵێ زنجیرە پەیڤێکی بێ قاچن و ناڕۆن و لە لەزمی خۆیاندا چەقیون ئەی مێژووی ساتووری هەمیشە پاڵکەوتوو باوێشکی جیهان و کیسەڵی زەمانە من لێرە بە دواوە ناتوانم قەت هەرگیز ناتوانم... پێت بڵێم کە ڕێزە شانازیی ئاوساوت زۆر جوانە پاسارییەک بە باوکی وت: سەری من سەری تۆ نییە... من فڕینێکی جیاوازم. سەری من پڕ جریوەیەو سەری تۆ پڕ خۆڵەمێشە. تۆ سەرت داوەتە دەستی )با(ی ڕابوردووی باپیرەم و کونەبۆری ئەشکەوتەکان. ئەوەندە کۆن و بەسەرچوون هێندە ڕەش و هێند نسرمن بۆنی گۆگردی مردن و بیرچوونەوەتان گرتووە. من لە سەرما ڕووباری ئاوێنە هەیەو من لە دڵما ڕەنگ هەڵئەکاو ڕەنگ هاژەی دێ و تۆ فڕینت گرمۆڵەی ناو هێلانەیەو من فڕینم بە چاوی باڵ قوڵایی ئاسمان ئەبینێ! تۆ دەنگی باڵت نووساوەو گەوجێتیت بۆتە یەقین و من شەقژنم پڕ پرسیارەو گومان چاومەو خۆشەویستیی لە دەنووکما بۆ سبەی ڕۆژم ئەخوێنێ! شاعیرێکیش لە نیوەشەودا چڕاندی: من باوکم نیم هەتا لە ڕێی شاخ و داخ و دووکەڵ بۆنی بارووت و شەهیدەوە ئەم نیشتمانەم ناسیبێ. من ئەو مێژووەم نەدیوە بۆ ڕۆژێکیش نەچوومەتە ژێر دەواری و بۆ جارێکیش چییە سواری ئەسپی دەربەندێکی نەبووم. یەک خەویشم بە خوێنی داروبەردەوە بە زریکەو قیژەی ئاوو بە ڕاکردنی درەخت و بە سێدارەی حەپەساوو بە پایتەختی قەمەکانەوە نەدیوە! من بڵێم چی؟ ! ئەو ئەشکەوتانە ناناسم کە هاوڕێی شەمشەمەکوێرەو باوکم بوون. حیکایەتی ئەو حیلانەیشم بیر نییە کە ئەو ئەیانگێڕێتەوە. چاوی من دوور دوور ڕۆیشتووە. ئەو تخووبەی جێهێشتووە. کە لای باوکم دوا مەنزڵەو لەو ڕەنگەی تێپەڕاندووە کە لای باوکم تاقە ڕەنگەو ئەو دەنگەیشی لە گوێدا نازرنگێتەوە کە لای باوکم تەنها دەنگە گوێی لێبووە! ئەم باوکەی من لە ئیستادا لە دۆڵابێکی تەختەی کۆن زیاتر نییە کە هەر بۆ فڕێدان باشە! لە ڕادیۆیەکی پەڕپووتیش زیاتر نییە کە هیچ کەسێ نایکاتەوە تا بیبیسێ. لە شووشەیەک مەرەکەبی وشکەوەبوو... زیاتر نییە کە یەک وشەی پێ نانووسرێ! ئەم نیشتمانەی من تاقە نیشتمانە ساڵی جارێکیش خۆی ناشوات هەتا ئەمڕۆیش هەموو جارێ باوکم لەگەڵ نیشتماندا قڕەقڕی ئەوەیانە ئەرز خڕە یاخود تەختە! هەر شەوێکیش کە نیشتمان باوێشکی دا باوکیشم ڕێک بەرامبەری باوێشک ئەدا! هەردووکیشیان درەنگانێ لەسەر چرپایەکی داری جیڕەجیڕکەر بە جووت خەویان لێ ئەکەوێ بۆ سبەینێش چێشتهەنگاوێ... هەڵئەسن و دیسانەوە ئەو خەوانە بۆ یەکتری ئەگێڕنەوە کە بە دوێنێوە دیویانن. ئەگێڕنەوە... لەدوای مەرگی ئەو نەورۆزە لەدایک بووم تابووتەکەی لە گوڵاڵە و داری چوالە و لاسکە نێرگز چێکرا بوون ئەگێڕنەوە... تاریکی مامانم بووە چاوم لەناو سەر هەورێکی بەتاڵدا پشکووتووە و ئەو کاتە تازە بە تازە... لە شاخەوە هەتاو گەیشتبووە شار و ئەو کاتە تازە بە تازە جادەی ترساو پێی گرتبوو تۆ نیشتمان! هەمووی کۆمەڵە وەرزێکە ناوت بە گوێم ئاشنا بووە من تۆم تەنها لەناو بازاڕی ڕێکلام و زمانی لووسی دروشم و شاشەی تیڤییەکاندا دیوە من تۆم تەنها لە ڕێ و بانی ئەو حیکایەت و شیعرانەدا بینیوە کە هەندێ جار باوکم لەگەڵ ڕیش و سمێڵێکی زبرا ئەیهێنانە ژێر لێفەوە و هەڕەشەیان لێ ئەکردم و منداڵیمیان وەکوو کۆترێ ئەتۆقاند و بە دارێکی ئەستوورەە پرسیاریان تیا ڕاو ئەنام و لە دواییشدا باوکم بە زۆر... بە بێ ئەوەی خۆشم بوێن دەستی پێئەکردمە ملیان دووراودووریش لەو زیافەتە گەورانەدا و لەسەر خوانی دوور و درێژی ورگن و غەبغەبەدار تۆیان نیشانی من داوە یا خود لەبەردەمی بانکە بەرزەکانی ئەوروپادا کە هەموویان نهۆم نهۆم پێ ئەکەنن و تۆیش لایانەوە وەستاوی تۆیان نیشانی من داوە لەسەر بورجی بەختی گەورەی ئەندەرێکی بازرگانی یا خود لەناو وێنەیەکدا کە شەڕی ناوخۆ بە دەستە سوورەکانی خۆی گرتوێتی و قاتەکەت خوێن ئەچێتەوە و چۆن تەپ و تۆزی پشتەوەیش بێ دەربەستی من تۆم بەو جۆرە بینیوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم کاتەتان باش! سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری ئەم کاتەتان باش! من ئەسپێکی کوردی کوژراوی شەڕی ناوخۆم. 'کادانە'م و ڕەسەن....ڕەسەن. ئەو ئەسپەی تر کە منی کوشت ئامۆزام بوو. ئەویش دیسان ڕەسەن... ڕەسەن. هەروەکو من کادانە بوو. ژنەکەی ئەو ماینێکی یاڵ زێڕینی کچی خۆم بوو. وەلێ ئەو وەختەی نیشتمان ئەحیلێنێ حیلەی ئێمە بێدەنگ ئەبێ! شەوێک مەیتەرەکەم وتی: ئەبێ ئەو ئامۆزایەت بکوژی وتم بۆچی؟ ! وتی چونکە ئەو ئەسپێکە لە حیلەی ئێمە لایداوەو ڕەنگێکی کەی لەخۆ داوەو سمکۆڵانی و چەپۆکانی هەڕەشەن بۆ ئەم هەوارەو وا بڕیارە ئیتر تازە نابێ بژی! بەلاڕێیەکی ناو فێڵدا چوومە سەری بەڵام بەر لەوەی بیکوژم ئەو کوشتمی! تۆ نیشتمان! ئەی ئەو پیاوەی لە قوللەی بەرزی غوروری ناو سەرتەوە ئەڕوانیتە خواری خۆت و بۆ جارێکیش دانابەزیت بۆ ناو گوردەمی برین و لای پاییزی ئەم هەموو ژانە چاوەڕوانانە! ئێوارەیەک لە پیاسەیەکی درێژدا درێژ بە قەد تونێلەکانی بەدبەختی و ئازاری خەڵک. تەنیاییم دوور دوور بردمی بۆ ئەو بناری خەمانەو بۆ لای پاییزی ژیان و بۆ لای گژوگیای جوانەمەرگ لەوێ بۆ یەکەم جار تووشی لادێیەکی کەڕولاڵ بووم هەرچۆنێک بوو، بە دەست، بەسەر بە چاو، بە قاچ، تێی گەیاندم: ئەوەتەی ئەو هەیە نە خوا ڕۆژێ سەرێکی لێداوەو نە پێغەمبەرو جوبریل و نە بوراق و نە خەلیفەو نە ئەمیرو نە والیەکانی حکومەت. دوای ئەو قەلەباچکەیەکم بینی بێوەژنێکی یەک باڵی نابینا بوو. وتی: ئەوەتەی منیش هەم جارێ نەمدی نە چرایەک بێت بۆ لام و نە یەک کەوچک دەوای دەردو نە بەتانی و بەڕەیەک و نە کراس و کۆڵوانەیەک. پیاسەی درێژم بردمی، هەر بردمی. مراویی یەک قاچم بینی. کۆتری بێ دەنووکم بینی کەروێشکی بێ گوێچکەم بینی. گوێ درێژی بێ قەپۆزو، مانگای بێ گوان، ڕێوی بێ کلک، ئەسپی بێ یاڵ، ئاوی لاڵ و دارو درەختی بێ قژو ڕەزی مردووی زۆرم بینی. کۆتەڵی درێژ بردمی و هەر بردمی وەختێ لەوسەر گەڕامەوە، نیوە شەوێ، هەوری چاوم هەر ئەوەندەی ئاو پێ مابوو بە بێدەنگیی هەڵیگرێ بۆ دوایین قوڵپی گریانی قەسیدەیەک! کامەران ئەو کز کز، پەرت پەرت، دووکەڵێکی پچڕ پچڕ ئاوازێکی دووکەرت دووکەرت، جادەیەکی شەکەت شەکەت بیرکردنەوەی بڵاوبڵاو درزێ لە درزێکی تردا ترسێ لە ترسێکی تردا چون ڕایەڵی تەرمی ڕێ ڕێ، سەر بەرەو خوار وەکوو جەستەی شەمشەمەیەک خۆ هەڵواسیو بە بنمیچی ئەشکەوتێکدا، تەریو تەریو، لە سووچێکی بەزەییدا دیار و نادیار، هەیە و نییە، ئەژی و ناژی، ئەمرێ و نامرێ دەنگ ئەبیسێ، دەنگی جیا جیا، دەنگی چەقۆ، دەنگی سیسرک، هاواری شەو دەنگی پێی بەرد، چرپەی چرپە، نووزەی نووزە، دەنگ ئەبیسێ ئەو دەنگانە بەیەکدا دێن دەنگن یەکتری ئەشکێنن ئەو گوێی لێیە هاڕەیان دێ دەنگێک فەرمانی ئەداتێ: خۆی بکوژێ، دەنگێکی تر دەستی ئەگرێ ئەو دەنگانە لەناو یەکدا چڕ ئەبنەوە ئەڕژێنە ناو ئەمەوە دائەچڵەکێ، ئارەقێکی سارد دەرئەدا لەبەردەمی دیوارێکدا ئەحەپەسێ دووکەرت دووکەرت، ئیتر دەستێکی لێرەیەو دەستەکەی تری لە سەفەر قاچێکی جێگیر لە ماڵدا و قاچەکەی دیکەی دەربەدەر دووکەرت دووکەرت، نیوەی مشار، نیوەکەی تری کڕکڕکڕ ئەبڕێتەوە لە یەک ساتدا، نیوەی جەستەی بە بەرزایی ڕووانینێکدا هەڵئەگەڕێ و نیوەکەی دیکەی بۆ خوارێ بەرە و گڕی کڵپە کردووی ناو دۆڵی قووڵ دائەگەڕێ لە نێوانی دوو چرکەدا، جارێک پەرداخێکی لێڵی پڕ و جارێک خاڵی وەکوو سکی جارێک خۆی وەکوو مارمێلکە دێتە بەرچاو جارێکی دی وەکوو بەورێ لەناکاویش بەسەزمان و زەلیل... زەلیل لە نێوان دوو چرکەدا گریانێکی زۆر بەکوڵ و ئینجا قاقای پێکەنینێ زوڵاڵ زوڵاڵ دووکەرت... دووکەرت کەرتێکی بووە بە گەدا و کەرتەکەی تری بە پاشا کز کز، پەرت پەرت... دووکەڵێکی پچڕ پچڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گزنگێکی ساوا وتی: سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری گزنگێکی ساوا وتی: تۆ نیشتمان! من نازانم ئەڵێن ڕۆژێک بووە جوان بووی پڕبووی لە شەوبۆی گەنجێتی و ورشەورشی خەوی بەفرو پڕبووی لە ئاوازی سپی و باڵی پرشنگ بۆ هەڵفڕین. ئەڵێن ئەو ڕۆژەی تۆ لەگەڵ ئازادیدا، قۆڵ لە قۆڵدا بە زریوەو بریسکەوە، هاتوونە ناو حەوشەی شەوی زیندانەکەی ئەم شارەوە، کەس نەماوە ماچی دەست و ماچی قاچ و خاک و خۆڵی ژێر پێڵاوی ئێوە نەکا! نەونەمام و پیرەدارو پیرە بەردو گولی باخچەو سنەوبەرو نۆتەی مۆسیقاو پەردەی شانۆو قافییەی شیعرو شەپقەی چیرۆک و دەسەسڕی سەرچۆپی و چوارچێوەی تابلۆو زەردەخەنەی پەیکەرەکان و پەپوولەو مێرولەو گۆچانی پیرەمێردەکان و سەرپۆشی پیرێژنەکان و فڕفڕۆکەی منداڵان و بووکە شووشەکان و شمشاڵەکانی شاخ و و گیتارەکانی شەقام و پرچی کچەکانی زانکۆو بۆنی خۆشی گەڕەکەکان و بەشێک مردووی سەر قەبرانیش لەگەڵیانداو لە پێشەوە ڕەفیق حیلمی و بێکەس و لە هەڵەبجەوە مەولەوی و لە خاک و خۆڵەوە نالی و هەموو هاتوون بە پیرتەوە. تۆو ڕاپەڕینیان هەڵکێشاوە لە گوڵاو بۆ شەویش لە دڵیاندا دابەزیون و تا چەند ڕۆژێ هەر لەو ماڵە ماونەتەوە. من نازانم وەکو ئەڵێن موستیلەو بازنی خەونەکان، ئەوەندە زۆربوون کچێ نەماوە ژنێ نەماوە نەیانکردبێتە دەست و پەنجەیان، هیواکان ئەوەندە جوان بوون، ماڵ نەماوە بە تەنیشت گوڵەباخەکانەوە نەیانڕوێنن. من نازانم ئەڵێن تۆ لەو دەمەدا، ئەم پیاوە گرژو مۆنەی ئەمڕۆ نەبووی، عاشقان خۆزگەیان بووە لەناو پارکی ئازادیدا وێنەیەکت لەگەڵ بگرن. یان دەستێک بکەنە ملت و ماچت بکەن. تۆ ئەو ڕۆژانە لە شەبەقەوە تا بوولێڵ لەژێر چادری ئاوارەکانی کەرکوکدا بوویت و ئەچوویتە ناو کۆڵانی خەمەکانیانەوەو لەبەر دەرگا لەگەڵیاندا دائەنیشتی و گۆرانیت بۆ ئەوتن و بە سبەینێت ئەناساندن. وەکو ئەڵێن تۆ ئەو سەردەمە ئەم پیاوە ناشیرینەی ئەمڕۆ نەبووی. ئا ئەم باخچە پاسفندەیە و ئەم ئەلبوومە زشتە نەبووی. تۆ ئیستا منداڵەکان لێت ئەترسن. ژنەکان کە ئەتبینن دەرگای ماڵەکانیان دائەخەن. ئەگەر وا بڕوا تۆ ڕۆژێک بە تەنیا ئەمریت و لەگەڵ دارە مەیتەکەتدا هەر ئەو قاچاخچی و دزانە ئەڕۆن کە خۆت کردنت بە میرو سەردار! ئەو ڕۆژە لە سایەی گوڵی ژاڵەیەکدا هەنگێکم بینی لەسەر گەڵایەک پفیو پفیو ئێجگار شەکەت ڕاکێشابوو لێم پرسیی: ئەوە بۆچی وات لێهاتووە؟ ! بەبێ ئەوەی باڵ بجووڵێنێ، وتی: بڵێم چی؟ ! ئەوەی ئەمساڵ کردم و ئەوەی کۆم کردەوە و ئەوەی پاڵاوتم، کۆمەڵێ زەردەواڵە و زەردەزیڕەی چەکدار هاتن و لە چاوترووکانێکدا هەر هەموویان خستە پشتی کوللەیەکی پیکابەوە و بردیان! لەپێشدا چۆلەکەیەک وتی: بۆنێکی ئەوەندە ناخۆش دێت سەردار بێ سەر ئەکات. ئەو بۆنە ناخۆشە لەو درەختەوە دێت درەختەکە وتی... نا لەو ماڵەوە دێت. ماڵەکەیش وتی نا نا لەو کۆڵانەوە دێت کۆڵانەکەیش وتی: نا نا لەو شەقامەوە دێت شەقامەکەیش وتی لە شارەوە دێت شاریش وتی نا نا ئەوە بۆگەنی هەموو وڵاتە وڵاتیش وتی: هەرگیز هەرگیز ئەو بۆگەنە لەڕاستیدا لە دەست و دەم و داوێنی ئەو کەساونەوە دێت کە درەخت و ماڵ و کۆڵان و شەقام و شار و وڵاتیان گشت دزی! ئەی پیاوە بەردینە بێ وەفاکە بەرامبەر سەری خۆت و چاوی خۆت و بناری خۆت! تۆ قەت ڕۆژێ نەهاتویتە ئەم ماڵی 'کامەران'ە سەردانی خەم و هەناسەی ساردی دایکم و سەردانی ژووری بەدبەختی خوشکەکانم بکەیت. تۆ ئاگات لە مت و موورووی غەمگین و کراسی گریاویان نییە. تەنها جارێ و بۆ ژەمێکیش پەتاتەیەکی کوڵاوو چۆڕێ شۆربات لەگەڵ ئێمە نەخواردووە. تەنها جارێک لەگەڵ ڕازی پێلاوی شڕی ئێمەدا نەدواوی و مەراقێکی کون کونی ئێمەت نەداوە بە خۆتدا. سەرت نەخستۆتە سەر بەردی سەرینێکی ئێمەو شەوێک لەناو هۆدەی ئازارماندا نەنووستوویت و کەوچکێ دەرمانت نەکردووە بە دەمی شەوێکی نەخۆشی ئێمەدا. تۆ چووزانی کرێچێتی چییەو ڕەنگی چۆنە! تۆ لەرزوتای سکی خاڵیت نەگرتووە تووشی لەت و پەت بوونی دەروون و پووکانەوەی هیوا نەبوویت. خۆبەستنەوە بە تۆوە جۆرێکە لە خۆبەستنەوە بە سەرابەوە. من وەک ئەو پیاوە غەریبانە ئەتناسم کە بەلامدا تێئەپەڕن و لەوانەیە جارێکی دی هەرگیز نەیانبینمەوە. من پێناسەی تۆ بخەمە گیرفانەوە یان نەیخەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕێ سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری چی لە بێکاریم و لە بێزاریم و لە دڵتەنگیم ئەگۆڕێ چی؟! ڕێ و بانتان باش! من جووتە پێڵاوە لاستیکە بەدبەختەکەی دایکی 'کامەران'م. چەند ساڵە هاودەمی قاچەکانیم. کە من تەزیم، ئەوانیش ئەتەزن. کە من پڕووکام، ئەوانیش ئەپڕوکێن! کە من ئاودزم کرد، ئەوانیش ئەخنکێن. کە لە ماڵ چووە دەرەوە تا ئەگەڕێتەوە منی لەگەڵم. کە چووە ژوورەوە ئەوسا ئیتر من بە تەنیا لە بەر دەرگا ئەمێنمەوە و دائەنیشم و چاوەڕوانم. من زۆر نزیکم لە دایکی 'کامەران'ەوە ئەو لە سەرەوە ئاخ هەڵئەکێشێ و منیش لە خوارەوە دۆش دائەمێنم. ئەو تەماشای خەمەکانی خۆی ئەکات و منیش هەنگاوەکانی ئەژمێرم. ئای کە ئەم قاچانە ڕاکەڕاکەیانە. ئای کە ئەو پەنجانە داماون. بەم ڕۆژگارە بە دەم هەناسە سارد و گەرمەکانمەوە لە پێڵاوە گەنجەکان ورد ئەبمەوە ئەوانەی ڕوومەتیان بریقەی دێ پێڵاوە قژ ڕەشەکان، قژ سوورەکان قۆندەرە کەڵەگەتەکانی ژنان سفورەکانیان، ئەوانەی بەهاوین هەموو پەنجەکانیان ڕووت و بەدەرەوەن. موحەجەبەکانیان ئەوانەی هەموو جەستەیان تا لای پووز ئەشارنەوە لە وەرزە جیاجیاکاندا من گوێم لێیە. ئەم دایکی 'کامەران'ە ئەم ژنە پاقلە فرۆشە قەزوان فرۆشە، گوڵەبەڕۆژە فرۆشە ئەو دەنکە پاقلانە چۆن ئەلاوێنێتەوە! ئەو دەنکە قەزوان و دەنکە گوڵەبەڕۆژانەی چەند خۆش ئەوێ! من ئەزانم چ حەسرەتێ لەو دڵەدا و چ فرمێسکێکی لانەواز و چ تەماشایەکی بێوەژن لەو چاوانە دایه! من ئەزانم تا نووزەی تیا بێ فڕێم نادا و تا دوا هەنگاویش بە جێم ناهێڵێ! خانمەکان! گوێچکەتان باش! من جووتێ گوارەی خوشکێکی قەیرەی 'کامەران'م هێشوویەکم کەڵەگەت و سپی سپی و بەلاملدا وەختێ کە شۆڕشۆڕ ئەبمەوە هەتا نزیکی سەرشانم. من زۆر کەم ئەچمە دەرەوەو لەناو قوتوە شینەکەمدا وەڕس، وەڕس، پاڵکەوتووم و هەر لە ماڵم. مەگەر دەگمەن هەوای دەرێ هەڵمژم و مەگەر ڕێکەوت قژی کوڕێکی سەرجادە ببینم و یاخود بۆنی خۆشی نێرێ بێتە لووتم. بێزار بێزار هەر لە ماڵێ و هەر لە ماڵێ! پێرێ خۆشترین ڕۆژم بوو ئێوارە بوو چووینە دەرێ بۆ ئاهەنگێ بۆ کۆنسێرتی 'کامکار'ەکان. کە دانیشتین وەختێ گۆرانیی هەڵفری. مۆسیقا کەوتە لەنجەولار. ئیتر منیش لای خۆمەوە لەگەڵیاندا کەوتمە سەماو لە خۆشیاندا گەرم بووم و خەریکبوو خۆم بترازێنم و لەو گوێچکانە بێمە خوارێ و ڕاکەم هەتاکو سەر شانۆ بەڵام ئیتر خانمەکەم توند گرتمی و داینامەوەو وتی نابێ! هەتا کۆنسێرتیش تەواو بوو من هەر دڵم لای ئەو کوڕە 'کەمان'ە بوو کە بە دەنگی عاشقانەی پڵپڵەی جەستەمی لەرزان! وەختێ چووینەوە ماڵەوە هەر ئەو شەوە لەناو قوتوە شینەکەمدا من لە خەوما دەستم لە ملی کەمانچەی ئازیزدا بوو تا بەیانی! ئەم کاتەت باش من ناوم (شیعر)ە خەڵکی ئەم زمانی کوردییەم ڕۆژێ لەگەڵ سێ چوار چیرۆک و چەند شانۆنامەیەک و یەک دوو ڕۆمان و چەند ستوونێکی ڕۆژنامەوانیدا چووین بۆ لای نیشتمان من بە شیعر سەربوردەی باخچە بێوەژنەکانم بۆ خوێندەوە چیرۆک حیکایەتی پەو تاقمە چاویلکەیەم بۆ گێڕایەوە کە تەزویری خۆشەیستی ئەو ئەکەن و مەتر بە مەتر زەوی قووت ئەدەن و کە وەختێکیش نیشتمان بە شەو ئەنوێ لە گەرمەی خەودا پەنجەمۆری پێ ئەکەن شانۆیەک هەستایە سەر پێ و ئەو شانۆنامە تراژیدیەی بۆ نیشتمان نمایش کرد کە چۆن هەموو شەوێ بستێ دوو بستی جەستەی ئاودیو ئەکرێ و ئەکتەرەکانیش ئەوانە بوون کە پێشتر دایکیان و باوکیان و برا و خوشکەکانیان لە مەزاتێکی نێوان نیشتمان و ئەودیودا هەڕاج کرابوون ڕۆمانێکیش لە هەمووان زیاتر قسەی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ڕێگەی دیالۆگی درەختێک و بەردێکەوە سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لە ڕێگەی دیالۆگی درەختێک و بەردێکەوە ویستی ئەوە لە نیشتمان بگەیێنێ کە دەریاچەی متمانەکەی جارانی خەریکە قەترەبڕ بێ چیرۆکی کورتەبنەی سوورفلیش کە تا ئەو کاتە هەر لە پێش خواردنەوەدا بوو، بوو بە پشکۆ و بە ڕووی نیشتماندا هەڵشاخاو و وتی: پێئەچێ لێرە بە دواوە ئارام گرتن لە گۆمێکی مەکسەوە ببێتە ڕووبارێکی تووڕەی بە چەپۆکانی سەرکێش و شەپۆل شەپۆل لەگەڵ خۆیدا بەندەرەکانی درۆ ڕاماڵێ ستوونی ڕۆژنامەوانیش ڕووبەڕوو بە نیشتمانی وت: قوربان هەزار پینەمان داوە لە قسەکانت لە لەشت، لە هەڵس و کەوتت بەڵام ئیتر پینەکانیش وەڕس بوون و ڕزیون و هیچیان پێناکرێ وا چاکە منیش بچمەوە بە لای عەشقە گەڕیدەکەی خۆمەوە لێرەدا بوو نیشتمان تووڕە بوو، دەمی کەفی کرد نیشتمان شێت بوو، قژی خۆی ڕنییەوە نیشتمان بوو بە ڕەشەبا و شاخ و دەشتی بە (با) کرد و وتی: ئێوە بریتین لە تاقمێ بوختان و وشەی چەتە. ملی شیعری گرت و بە قاچە زلەکانی شەقێکی تێ هەڵدا و شیعر بەرز بووە و لە دواییدا کەوتە ناو بەرمیلێکی بەتاڵەوە یەخەی چیرۆکی گرت و بە دەستە زلەکانی چەند جارێک ڕایتەکان و هەر لەوێدا چیرۆک وەکوو ملوانکەیەک پچڕایەوە و ئەوسا گسکێک هات و ئەو ناوەی ماڵی و خستیە تەنەکەی خۆڵی بەر ماڵی نیشتمانەوە نیشتمان لە ڕۆمان نەوی بیدڕێنێ بەڵام ڕۆمان زۆر کەتە بوو بۆی نەدڕا و لە دواییدا فڕێی دایە ناو ئاگردانێکەوە و نەختێ نەوتی کرد بە سەردا و یەک دەنکە شقارتەی لێدا... بە پاسەوانێکی وت: ئەم لچ و لێوە هەر لەسەر شانۆکەی خۆمان بۆ عیبرەت نیشانی خەڵکی بدەن لە دواییشدا ستوونی ڕۆژنامەوانەکەیان کرد بە پاژنە هەڵکێشێکی گەورە و لە تەنیشت پێڵاوەکانی نیشتمانەوە هەڵیان پەسارد ئەی مێژووە بێدەربەستەکە ئەی نیشتمانی بێ سیفەت من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە هەموو ڕۆژێ چون ئاوێنەیەکی ورد و خاش لە ژێر قاچە زلەکانتا ئەبینم و کەچی خۆتی لێ گێل ئەکەی! ئەی باوکە بێ دڵەکەم تۆ لە دەفتەرە گچکەکەی بیرەوەری مندا لە چەند لاپەڕەیەکی خۆڵەمێشی زیاترت نییە من بیرم نایە لە شاخدا تۆ چەند ڕەشەبای ژەهراوی دوژمنت کوشتووە؟ ! یان چەند ئەستێرەی سەرکەوتنت لەسەر ئەو لوتکانە ڕیز کردووە؟ ! ئەوەیشم بۆ ئەژمار ناکرێت کە نیشتمان خۆی بە دەستی خۆی چەند مێرگ و چەند کتێب و چەند کێڵگە و چەند گڵۆپی کوڕ و کچی خۆی کوشتووە من بە حاڵ هەر ئەوەندەم لە بیرە: ڕۆژێک چوار ڕەنگی کوژراویان هێنایەوە بۆ گەڕەکەکەمان. دوو تابووتی سەوزە و دوو تابووتی زەرد. دوو دایکیشم بینی نە سەوز بوون و نە زەرد هەردووکیان خوشکی یەک بوون و ڕەنگە کوژراوەکانیش کوڕی هەردووکیان ئەم کاتەت باش! من ناوم 'گابەرد'ە لەسەر ئەم بەرزاییە ئەژیم چاوم لە هەموو شتێکە! ئەمەوێ بەر لەوەی بەر بارووت و جادە بکەوم و نەهێنیەکان لەگەڵ خۆمدا وردوخاش کەن. هەندێ قسە هەیە بیکەم: جارێکیان هەر لە پاڵ مندا بۆسەیەکیان بۆ دوو جۆگەی بێ گوناه دانا جۆگەکان بە دەم گۆرانی وتنەوە ئەهاتن وەختێ گەیشتنە بەردەمیان کوشتیانن. تەنها لەبەر ئەوەی سەرچاوەکانیان جیابوون. تەنها لەبەر ئەوەی ئاوەڕۆیان لەوان نەبوو. من بۆ خۆم تا دوو ڕۆژ لە باتی ئاو خوێناوم ئەخواردەوە! ڕۆژێکی تر تاقمێ هاتن و هەر لە پاڵ مندا تفەنگەکانیان خستە سەرپێ و لوولەکانیان کردە خوارێ و ئەو سنەوبەرانەیان کوشت کە هەموو بەیانییەک سروودێکی سووریان بە دەم سەمایەکی سوورەوە بۆ باڵندە هەژارەکان ئەخوێند ئەو سروودەی کە لە سروودە باوەکەی ئەوان نەئەچوو. ئەو سروودەی لە پێناسەی ئەوانی هەڵنەگرتبوو. بەڵام ئەوەی هەرگیز بیرم ناچێتەوە. ئەو ژنە بوو کە بە ناوی خواو پێغەمبەرو شەرەفەوە چەند بەردێکی دراوسێی منیان لێبەست و هاویشتیانە گۆمێکەوە! ئەمڕۆ خەمێکی سەرباڵ شین لە گۆمەکەی (دوکان)ەوە بە دەم هەنیسکی بای وەشت و بە دەم گریانی شیعرەوە فڕی و هات و هات و هات و وەختێ گەیشت بوو بە لۆکەیەکی مۆر و بوو بە سێبەری کۆستێک و بە ئەسپایی لە تەنیاییمدا نیشتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی قومری ئاوی ڕەنجەڕۆ سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری ئەی قومری ئاوی ڕەنجەڕۆ ئەی هەواڵی سەرباڵ شینی ژنی خنکاو دەنگی خنکاو! (مانگ)ی خنکاو! عەشقی خنکاو! ئەی شاژنی فرمێسکی چاو! تۆ پێم ناڵێی؟ لەناو ئەم هەموو پاییزە جوانانەدا... لەناو ئەم هەموو گوڵاڵە زەردانەدا... لەناو ئەم هەموو شیوەنە شۆخانەدا... ئەم هەموو چرا ڕەشپۆشە و ئا ئەم هەموو زایەڵە کەمەرباریکە و لەناو ئەم هەموو کۆتەڵە گەرمانەدا... تۆ پێم ناڵێی؟ ماڵی منت چۆن دۆزیوە؟ ! لەبەر شیعر؟ ! ئاخر شیعر هەرگیز هەرگیز لەو پرچانەت جوانتر نییە! ئاخر شیعر... هەرگیز هەرگیز لەو نووستنەت قووڵتر نییە! لەو جەستەیەت سپی تر و زمانیشی لە بێدەنگی ژێر ئاوی تۆ ڕەوانتر و پاکتر نییە! ئەی سترانە خنکاوەکەی بەرد لێبەستراوی بنی ئاو منیش ئەمڕۆ خەمی گران و قورسی تۆم لە شیعرەکانم بەستووە بۆیە بەرەو بنی خەیاڵ وەک تاڵە مووی جێماوی تۆ کەوتوومە ڕێ و ئەڵێم خوایە بەشکوو شەوان شیعرم لەوێ ببن بە شەمی داگیرساو و لەژێر ئاودا و بە لاکێشێکی نارنجی بە بریقەی دەوری لەشت و من ئەزانم لە سەرەوەیش نەوڕەسی عەشق هەموو ساڵێ لەم ڕۆژەدا بە باڵ لەسەر قەراغی نزمی هەر هەورێ لەبان دەریاچەکەی دوکان یادی ئەم غەدرە ئەنووسێ! ئێوە نازانن ئەم نیشتمانە بە ناوی پیرۆزی خاک و خۆڵەوە بە شایەتی باڵندەکان بە شایەتی ئەو هەموو دارستانانە ئەو هەموو مار و مێر و بۆق و مارمێلکە و سیسرکەوە بە شایەتی ئەو هەموو سمۆرانە ئەو هەموو قەتێ و مامز و کەروێشکانەوە بە بێدەنگی بە دزی ئازادییەوە بە دزی ڕەنگی سپییەوە بە دزی درەختەکانەوە بە دزی چاوی بارانەوە ئێوە نازانن بە دزی خۆرەتاوەوە چەند شیعریان کوشتووە چەند چیرۆکیان سەر بڕیوە چەند شانۆنامەیان فڕاندووە چەند خەویان زیندەبەچاڵ کردووە ئاخر ناوەکان زۆرن و بە من ڕیز ناکرێن ئاخر من و (سۆرانی مامە حەمە) وەکوو درەخت و ئاو مەل و هەوا دوو دۆستی گیانی بە گیانی بووین ئەو هەموو جارێ ئەهات و لەر سەر سنگم مۆمێکی دائەگیرسان و ئەیوت: ئەمەشیان بە یادی قومرییەکی کوژراو ئەمەشیان بۆ وتارێکی تیرۆرکراو ئەم دووانەش بۆ کەرکووک و عەلی مەردان ئا ئەمەیش بۆ قژی (جەبار جەباری) ئاخر (سۆران) دوا گەنم و جۆی وتاری خۆی هەر لەسەر سنگی من نووسی ئێوە نازانن ئێمەی داروبەرد ئەیزانین بە دزییەوە نا بە بەرچاوی خوا خۆیەوە بە بەرچاوی ئازادییەوە بە بەرچاوی کورسییەکانی پەرلەمانەوە بە بەرچاوی منارە و کڵێسەوە خوێنی چەند ڕەز و مەزاریان دزی بە مردوویی چەند بازن و موستیلەیان لە دەست و پەنجەی عاشقان دەرهێنا چەند پەڵە هەوری سک پڕیان فرۆشت چەند پەنجەرەی قوربانییان لە تاریکیدا مەزات کرد! چەند ڕیشی وەک ڕیشی (مەولەوی)یان کرد بە یەک و ڕستیانەوە بۆ گۆرەویی ئاخوندێک و بۆ تان و پۆی جبەیەک و قەدەکانی عەمامەیەک! تیترواسکێکی حەکیم و بە ئەزموونی ڕیش سپی لە کەنار گۆمێ پیاسەی ئەکرد و لەبەر خۆیەوە ئەیوت و ئەیوتەوە! کام ئاواز سپییە، بە یەک پەڵەی ڕەشی دەنگ لەلای گوێ ئەبێزرێ! یەک غەدر بەسە بۆ ئەوەی دادپەروەریی پێ عەیبدار بێ! یەک چاوی قرپۆک و یەک دومەڵی گەڤار بەسە بۆ ئەوەی هەموو جوانییەکانی دیکەی ڕوخسار و لەش بشێوێنێ! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم ئەم ئێوارەیە من پڕم لە وردەشووشەی شکاوی پەنجەرەی گەنجی ئەم شارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وردەشووشە هەڵئەچەقێن سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری وردەشووشە هەڵئەچەقێن لە خەیاڵ و خەونەکانم خوێنیان لێدێ و زامانیش ئەبن بە فوارە ئێوارەیەکی درەنگە و پڕم لە ڕووناکی کوێر و پڕم لە شەپۆلی لاڵ و پڕم لە پاییزی دایکم لە خۆرنشینی خوشکەکان هەموو جارێ ڕووناکیی کوێر دەستێک ئەگرێ بە درەختە سووتاوەکەی ناو دڵمەوە و ئینجا هەڵئەسێتە سەر پێ خوشکەکانم بەم ڕۆژگارە لە ماڵەوە جریوەی مردوو ئەژمێرن پاییز دایکمی کردووە بە جێگری هەڵوەرینی و خۆی ڕۆیشتووە بە سەفەرێ بۆ لای کچەکانی عەرعەر ڕۆژێ کورتە چیرۆکێکی بێکار لەناو پارکی ئازادیدا(نیشتمان)ی لەگەڵ ژنی سێهەمیا دی کورتە چیرۆک زۆر دەمێک بوو وشەی پەنگی ئەخواردەوە و بووبوو بە دەریاچەی سەری بۆیە تووڕە... تووڕە تووڕە یەخەی نیشتمانی گرت و وتی ئەی نیشتمان گریمان تۆ نیشتمانم نەبوویتایە لەمە زیاتر چیم لێ ئەهات؟ ! ڕەنگە لە جادەیەکی بەغداددا من تەنەکەی خۆڵ بوومایە! تەنەکەی خۆڵی کوردستان یان عێراق بی هەر تەنەکەی! لەوانە بوو لە مەیدانێکی تاراندا فڵچەی قۆندەرەی بۆیاخچییەکی ئازەری و فارس بوومایە فڵچەی قۆندەرەی کورد بی یا خود فارس یان ئازەری هەر فڵچەی لەوانە بوو لە بازاڕی ئەنقەرەدا سێوێکی گلار بوومایە گلاری بازاڕی کورد بی یا خود هی تورک هەر گلاری! لەوانە بوو لە چایخانەیەکی ناو شامدا ببوومایە بە تڵپەی چا تڵپەی چای کورد بی یان عەرەب تۆ هەر تڵپەی! ئەی نیشتمانی تازە پیاکەوتوو! لە ئیستەدا تۆ ئەگەر لەبەر سەرقاڵیی بە بۆنکردنی نەوتەوە، سەر نەپەرژان، بە هۆی گەمەی سێ ڕیزکێنی دیموکراسی و سەر نەخورانت بە هۆی کورسی وەزارەت و بە سەفەری هەندەران و خەلیجەوە... بیرت نەبێ! منێ لە چرای بێ نەوت بێکارتر باش لە بیرمە! ئێوارە بوو لە قەراغ شار بە ڕێکەوت تووشی یەکتر بووین. تۆ هێشتا هەر کڵاوەکەی ڕاپەڕینت لەسەردا بوو! هێشتا بۆنی یەکەم شەفەقی بەیانیی ئەمنە سوورەکەت لێئەهات! جارێ نەبووبووی بە تاوس ڕەنگی پۆلیس و چاوەشت نەگرتبوو! هێشتا جلی چاڵەنەوتت نەپۆشیبوو! فێری گەمەی ڕۆڵێت و پۆکەر نەبووبوویت! هێشتا تۆ هەر خەیاڵەکانت باخچە بوون بۆ گوڵی خەم و هەژاریی. تۆ ئەوساکە ژنی دووەم و سێهەم و چوارەمیشت نەهێنابوو. هێشتا نەبووبوویت بە والی ئەو کاتە بوو: وتم گیانە: تۆ کە لای خۆت وات داناوە نیشتمانی هەموو دارێکی قوربانیت. نیشتمانی هەموو ئاوێکی قوربانیت. نیشتمانی هەموو گەڵایەکی سووری ئەم مێژووەیت؟ . بەڵام ئاخر تەماشاکە لە ئیستەوە تۆ هەر لە مەل و باڵندەی باخەکانی کۆشکی خۆتمان بۆ ئەهێنی لە جیاتی ئێمە بخوێنێ. تۆ هەر گۆڕی چرای کوڕت و گۆڕی گوارەی ژنەکەت و گۆڕی عەینەکی براکەت هەڵئەبەستی کەچی مەزاری هەزاران باڕەکەوو ئاسکەکێوی و شینە شاهۆ لەبەر ئەوەی ناچنەوە سەر شەجەرەکەی چواردەوری تۆ، ناوەکانیان لەم ساتەوە، ئەدرەسیان و پێناسەیان، )با(بردوونی بۆ بۆشایی بیرچوونەوەو دەنگیان پڕبووە لە خۆڵ و شوێنەواری هیچ زامێکیان لە ئیستەوە دیار نەماوە! بولبولێکی دەربەدەرەی وڵاتان. کوڕێکی بەستەیەکی شەهید. بەستەیەکی لەبیرکراو دوای چەندین ساڵ گەڕایەوە بۆ شارەکەی... ویستی بچێتە سەر گۆڕی باوکی و تێر تێر بە دەم گریانەوە بچڕێت وەلێ هەرچەند گەڕا و هەرچەند پرسی و چووە لای نیشتمان و چووە لای سروودەکان و بەڵام گۆڕی باوکی بۆ نەدۆزرایەوە هەتا ڕۆژێ لە مەراقدا، ئەویش لەسەر گۆڕی نەناسراوێ ناکام مرد شمشاڵی عاشقێ ئەیوت: ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی نیشتمانی بێ گوێچکەم! سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری ئەی نیشتمانی بێ گوێچکەم! تۆ ئەتەوێ هەر چۆنێک بێ و هەرچیەک بیت خۆشم بوێی؟ ! بە فر بی یان قوڕو لیتەو هەتاو بی یان تەم و مژو تەپ و تۆز بی و یاخود فەزایەکی بێگەرد هەر وەکو یەک تەماشات کەم؟ ! هەر چۆنی بی... خۆشم بوێی؟ ! ببی بە ئەسپی قاچاخجی و باری تلیاک و هێروین بێنی و بەری... خۆشم بوێی؟ ! ببی بە چەکمەی چەرمینی ژەنەراڵێکی دراوسێ یاخود ببی بە مێزەری فەتوایەکی ڕق و تۆڵە من هەر ئەبێ خۆشم بوێی؟ تۆ ئەتەوێ هەر چیت کردو هەر چیت وت و هەرچیشت ویست لەبەر ئەوەی تۆ نیشتمانی تاقانەی من بیانخەمە سەرچاوم؟ ! یەعنی ئەگەر بەیانییەک هەستای لە خەو داوای خوێنی چیرۆکێکی تازەمت کرد تا خوتبەیەکی نەخۆشت بیکاتە جەستەی خۆیەوە بڵێم باشەو من بتدەمێ و خۆشم بوێی؟ ! یاخود ئەگەر ئێوارەیەک لەسەر خوانێ بۆ سەخاوەت بێ بەسەرتاو بۆ یادگار چاوێکم بدەیتە دەستی پادشایەکی یەک چاوی میوانی خۆت بڵێم باشەو خۆشم بوێی؟ ! من ناتوانم هەر چۆنێ بی خۆشم بوێی؟ ! ببی بە دەردو نەخۆشی بۆ قەڵەم و ببی بە کوللەو بە ئافات بۆ سەمەل و بۆ کتێب و بۆ ڕۆژنامەو خۆشم بوێی؟ ! ببی بە دڕکی تەلبەندو بە ساحرێکی چاوبەست و بە لیبووکێکی سەر شانۆو خەوی موگناتیسیم لێ بخەیت و تەنهاو تەنها لەبەر ئەوەی نیشتمانی خۆشم بوێی؟ ڕۆژێ بەردێکی خزمی نیشتمان بە کانییەکی نەناسراوی وت: ئەبێ لەو دەشتەدا بۆم بنووسی کە من لە تۆیش ناسکترم کانییەکە وتی: من هەرگیز درۆی وا ناکەم بەردەکە پێی وت: ئەتکوژم -بشمکوژی من هەرگیز درۆی وا ناکەم بەردی نەگریس خۆی خل کردەوە هەتا سەردەمی کانییەکە و نەیهێشت کانی هەناسە بات هەتاکوو مرد! لە دوورتریش زێیەک لە خۆی بایی بووبوو هەرچیی ئەبینی پێی ئەوت: من تۆم نەکرد بەم پێکەنینی پێدەشتە؟ ! بە ڕەنگ و بۆ و سەمای سەوزی ئەم دارستانە زەبەندە؟ ! بە کوڕژن و حیلەی بەردی دیرۆکی ناو ئەم دەربەندە؟ ! لەبەر ئەوە من هەرچیم وت هەموو ئەبێ بڵێن وایە! بەڵام جارێ باران پێی وت: مەغروور مەبە ئەوەی هەتە و بۆ خۆت ئەڵێی من کردوومە ئەوەی کردەی هەمووانە مەغروور مەبە ئەگەر من ساڵێ دام نەکرد بچووک بچووک ئەبێتەوە و قسەت ناگاتە گوێی کەس و لەدواییدا کۆتاییشت لە چۆمێکی وشکدایە! ئەمڕۆ نیشتمان لەسەر جادەی سەهۆڵەکە خۆی کردبوو بە فریشتە و دەمامکی یەکێک لە پاکیزەکانی بەستبوو لە پڕێکدا ژنێکی ڕەقەڵەی ڕەشتاڵەی ناو ئەنفال هات و بە دوو پەنجە دەمامکی خستە خوارێ و ئەوسا ئیتر لە هەردوو چاوی و هەردوو کونە لووتی و دەمیەوە تۆپەڵ تۆپەڵ، کرم و قالۆنچە و سیسرک و ملە و هەزارپێکان هاتنە دەرێ! بەیانیت باش من ناوم (قەڵەم)ە لەناو پەنجەکانی (با)یەکی گەنجدام خاوەنەکەم هەمیشە هەتاوم پێ ئەنووسێتەوە ئەو سڵ لە هیچ تارماییە و لاستیکێکی خەت کوژانەوەی مقەستەکان ناکاتەوە من هەندێ جار کە ئەو پێم ئەنووسێت دڵم ئەکەوێتە خورپەخورپ نایشیشارمەوە ئەترسم! چونکە ئەو یان دەمامکی شاخێکی گەورە هەڵئەداتەوه یان چنگ ئەنێتە چنگی ڕەشەبایەکی دڕ ئەم خۆی (با)یەکە بە جەستە لاواز و خەڵکی کۆڵانێکی لاتە و ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نە هۆزی خەنجەری لەگەڵدایە و سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری نە هۆزی خەنجەری لەگەڵدایە و نە عەشیرەتی پەیکوڵ و نە حزبی قوڕقوشم تاق و تەنیا وەک پەلکەگیا وایە یا خود وەکوو پەڕەسێلکەی شیعر یان کەروێشکێکی ناو چیرۆک دێت و دەچێ (با)یەکە هەگبەیەکی بچووکی هەوری داوە بە شانە سپییەکانیا و خێرایەتی و کەوتۆتە ڕێ (با)یەکە و یەک ماڵی نییە و هەرچی ئازارە ماڵێتی ناو بە ناوێ لەناو ستوونی بێزاری ڕۆژنامەیەکی ئازادا دائەنیشێ یاخود هەڵئەسێتە سەر پێ و لە ستوونەوە باز ئەدا و ئەچێتە ناو کوێرەوەری و ئەشکەنجەوە و لەدواییشدا پرشنگ و باران ئەنووسێ لەم ستوونە باریکە لەو ڕۆشنەدا بە دار و بەرد و باخچەوە بە پاییز و بە خونچەوە بە دار سێوی هەڵەبجەوە هەموومان جێمان بۆتەوە هەموو جارێ ئەو ستوونە بچکۆلەیە جادە چاوەڕوانێ ئەکات هەتاکوو دێ هەموو جارێ ئەم قەڵەمە گرێی وشەی ناو دڵی خۆی بۆ کاغەزێ، بۆ گەڵایە، بۆ پەپوولەیەک، عاشقێ، ئەکاتەوە و پێیان ئەڵێ: لە ڕاستیدا من دەنووک و لەسەر و لە قەڵەمدان و لە دێڕم دڵنیا نیم چونکە لەوانەیە ڕۆژێ لە باوەشی کاولاشێکی دوورەدەستی بێ ئەدرەسدا یان لە سیلەی کۆڵانێکی کوێرە مووشەی ئەم شارەدا یاخود لەسەر کورسی خەمی چایخانەیەک یان لە پیاسەی ئێوارەیەکی کەرکووک دا وەختێ شیعرم وەکوو سۆران تاق و تەنیا ئەچێتەوە بۆ ماڵەوە... یان لەناو خواردنی پاروویەکی بەر عەرەبانەی دەستیدا... یان ئەو وەختەی کە دەستی منداڵەکەم گرتووە و ئەیبەم بۆ شاری یاری و بۆ سواری کورسی کورسی بە یەکەوە هەردووکمان ڕەوانەی قیامەت و شاری مردنی خوا بکەن دڵنیا نیم. سەرنیا نیم..ڕۆح نیا نیم. چۆنکە ئاخر سەر پەڕاندن! لە پێچی ئەم مێژووەدا لە تەمتومانی ڕۆژە و ئەم دەورەدا لە گێژاوێکی... مەلادا لە زریانێکی فەتوادا سەر پەڕاندن لە تێکردنی پەرداخی ئاو سووکترە لە گرێدانی قەیتانی قۆندەرەیەک ئاسانترە لە بڕیاری سڕینەوەی وشەیەکیش خێراترە ئاخر سەربڕین لەناو ئەم حیکایەتی غەدرانەدا لە هەڵپچڕینی سەری بۆتڵێکی بادە ڕەحەتترە! ئەم نیشتمانە نیوەڕوان کە ئەیبینی خۆیمان لێ ئەکا بە (گاندی) و لە شەویشدا (بۆکاسا)یە و بە بەیانیان سۆفییەکەی نوورانیە و ئێوارانیش جلی (بارق) و (حەجاج)ی لەبەردایە! بە ڕۆژ ئەو درەختی شیعرە و بە شەو تەورە بە ڕۆژ تیرێژی هەتاوە و بە شەوقەکەی شەوەزەنگە! شەوی ڕابردوو نەنووستم ئەوەندە نانی شەل و کوێری ئەم وڵاتە یەخەی گرتووم. شەوی ڕابوردوو نەنووستم ئەوەندە سکاڵای: گەڵای غەدرلێکرو. پۆلە چۆلەکەی برسی، پۆلە شەپۆلی تینوو، پۆلە گوڵی چاو بە فرمێسک. ڕەوە ئەسپی ماندوو، هاواریان لێکردووم. 'ئەو وەختەی نیشتمان گوێ لە دارستانە غەدر لێکراوەکان ناگرێ، ئیتر دارو بەرد بیر لە حاشاکردن ئەکەنەوە. ئەو وەختەی نیشتمان چاوی خۆی لە ئاست ئەو هەموو لاشەی غەدرە ئەنووقێنێ، ئازارەکان بیر لە بەهارێکی سوور ئەکەنەوە. ئەو وەختەی نیشتمان چاو لە دزەکان ئەپۆشێ. دزەکان بیر لە دزینی خودی نیشتمان خۆی ئەکەنەوە. ! من ناوم قەڵەمەو لە باخەڵێکی ئەمیندام. ئێمە هەزاران هەزارین و هەموویشمان ناومان قەڵەمە. بۆ ئەوەی لە یەکتر جیامان کەیتەوە. ئەبێ یەکە یەکە تەماشای چاوی وشەکانمان و دڵی وشەکانمان و ڕەنگی وشەکانمان بکەیت و لەمانەیش گرنگتر تەماشای هەنگاوەکانمان بکەیت. هەموومان ناومان قەڵەمەو بەڵام هەریەکەو لە باخەڵێکدایە. قەڵەم هەیە لە باخەڵی ساماندایە. قەڵەم هەیە باران پێی ئەنووسێ. قەڵەم هەیە وا لە پەنجەکانی گوڵەبەڕۆژەدا. قەڵەم هەیە بە دەستی تۆڵەوە. قەڵەم هەیە لە خێڵی خوێنە. یان لە هۆزی شمشێر. قەڵەم هەیە سەری پڕە لە بەفر. قەڵەم هەیە دڵی پڕە لە پەپوولە. قەڵەم هەیە گیانی پڕە لە دڕکەزی. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەڵەم هەیەو هەیەو سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری قەڵەم هەیەو هەیەو هەموویشیان ناویان قەڵەمە! ئەم نیشتمانە قەڵەمێکی هەیە چەند نووکێکی ڕەنگاڵەی پێوەیە... بە ڕەش ئەنووسێ ئازادی مێ و بە سووری نێر ئەیکوژێنێتەوە. بە مۆر ئەنووسێ یەکسانی و بە شینی خێڵ ئەیکوژێنێتەوە. بە سەوز ئەنووسێ دادپەروەری و بە قاوەیی حیزب ئەیکوژێنێتەوە. ئەم نیشتمانە ئەگەر زانی بەڵێنێکی داوەو بەڵام بەڵێن بۆی بووە بە لەمپەر ئەوسا ئیتر ڕۆژو مانگ و ساڵ ئەگۆڕێ و بێباک... بێباک ناوەکەی خۆی چز ئەکات و ئیمزاکەی خۆی ئەسڕێتەوە! قەڵەمەکەم ئەم بەیانییە بەر لەوەی چۆلەکەکان لە خەو هەستن ئەو هەستابوو لەسەر جادە سپییەکانی کاغەزەکەی بەردەمی شپرزە و بێ ئارام لە هاتووچوودا بوو دەمێک خاو ئەڕۆیشت و دەمێ خێرا هەندێ جار دائەنیشت و هەندێ جار ڕائەوەستا قەڵەمە بەگومانەکەم پێی وتم: تۆ نازانی من چ نووکێکی دڕدونگ و ڕاڕام هەیە. تۆ نازانی من چەندجار ئەبێ تاقەوشەیەک، ئەمدیو و ئەودیو پێ بکەم لەمسەری خەیاڵەوە تا ئەو سەری شیعر بیهێنم و بیبەم تا بڕوای پێ بکەم قەڵەمە بەگومانەکەم کۆمەڵێ پرسیاری لەبەردەمدا هەڵڕشتم باشە تۆ چوویتەتە دەرەوە ناو ئەو هەموو ئاپوورەی ژان و زامانە؟ ! لێت پرسیون: ئەی ئەوان ئەڵێن چی و ناڵێن چی؟ ! چییان ئەوێ و چییان ناوێ؟ ! بۆیە منیش هەر ئەمڕۆ لە ماڵەوە و لە کۆڵان و لە گەڕەک لەسەر جادەکان کەوتمە پرسیار کردن و چاوپێکەوتن بۆ ئەوەی بە زووترین کات سەرئەنجامی ڕاپرسییەکان بگەیەنمەوە قەڵەمە بەگومانەکەم لە دار تووە ماندووەکەی حەوشەکەی خۆمانەوە دەستم پێکرد چوومە بەردەمی، بۆی نوشتامەوە بەڵام من هێشتا دەمم نەکردبووە بە دەنگێکی وشکەوە هاواری کرد: ئاو چوومە لای قوڵینە پیرێژنە بێ هەناوەکەی هەیوان هێشتا من نەموتبوو ڕۆژ باش ئەو بە دەنگێکی لەرزۆک و کزەوە وتی: نان پشیلە نەخۆشەکەمان خۆی هات بۆ لام و لاملی تێ هەڵسووم و میواندی: دەرمان پەنجەرە پیرەمێردە دەم و ددان شکاوەکەمان مقەباکەی سەر دەم و چاوی لابرد و وتی: شووشە بۆ ڕوخسارمان لەو دیویشەوە کۆڵانە سەرتا پا قوڕاوییەکە بە دەنگێکی باریکەوە لەناو لیتاوێکەوە سەری دەرهێنا و وتی: چەوولم؟؟؟؟؟؟؟ تابلۆی سەر ناوچەوانی قوتابخانەکەی نزیکمان تووڕە تووڕە کەوتە تەق تەق و قیڕاندی مامۆستا بۆ وانەکان پۆلێ چۆلەکە بە دەم فڕینەوە هاواریان ئەکرد: هێلانە... هێلانە ڕەوە جوانوویەک بە دەم غارەوە ئەیانحیلان: کار... کار کۆمەڵە مەمکەمژەیەک لەبەر پەنجەرەی ژوورەکانی گەڕەکەوە ئەکڕووزانەوە و ئەیانوت: شیر... شیر ڕەوە مامزێکیش لەناو شیعرێکمەوە هاتنە دەرێ و بە دەم باڕژن کردنەوە ڕوویان کردە ئەو دەشت و دەرە و ئەیانوت: ڕووناکی لەناو ڕۆمانی هاوڕێیەکیشمەوە هەرچی دار و بار و گوند و شار و شارۆچکە هەیە هەستانە سەر پێ و ئەیانوت: بەختەوەری! وەختێ ئاوڕم دایەوە ئاپوورەیەک: لە مێروولە تا پڵنگ تا کەروێشک و تا باڵندەکان کەوتبوونە داوم و منیش ئەچوومەوە بۆ لای قەڵەمە بەگومانەکەم! ئەم نیشتمانە پیرە ئەوەتەی هەیە ددانی بە یەک گوناهی خۆیدا نەناوە. قەت نەیوتووە: یەک جۆگەی لێڵم هەبووە یان ئاوێنەیەکی درۆزن. یەک گوڵی سیسم هەبووە یان بۆنێکی ناخۆش. یەک ئەسپی نەخۆشم ڕاگرتووە یان جارێ گلاوم. یاخود ئەو بەڵێنەم کوێر بوو. ئەو مێژووەم شەل و گێڕ بوو. نا... نا ئەم نیشتمانە پیرە ڕۆژێ لە ڕۆژان نەخوارو خێچ ڕۆیشتووەو نە سەرسمێکی داوەو نە قسەیەکی پیس و پۆخڵی کردووە! نا... نا... نا ئەو بەردەوام خودا بووە! من ناوم قەڵەمە و نووکێکی سەربەستم هەیە ستوونەکەم کردووە بە بۆینباخێک و هەموو ڕۆژێ ملی نیشتمانی پێ ئەجەڕێنم کردوومە بە ئاوێنە و ئەیبەمە بەردەمی بۆ ئەوەی گەڕ و گولیی ڕوخساری ببینێ ئەیدەم لە چاوی بۆ ئەوەی بە شەوارەی شەهیدان بکەوێ ئەم نیشتمانە باوکێکی ئێجگار گەوجە گەر پانتۆڵێ بۆ کوڕەکەی خۆی بکڕێ ئەبێ لە ڕۆژنامەدا بینوسێ و لە تێ ڤیشدا پانتۆڵەکە نیشانبدرێ! لە ڕادیۆدا باسی بکرێ و ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دواییشدا بکرێ بە ڕیکلام و کتێب! سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لە دواییشدا بکرێ بە ڕیکلام و کتێب! گەر کراسێ بۆ کچەکەی خۆیشی بکات ئەبێ کراسی ژنانی ئەم دنیایە پێی بزانن و باخچەی گشتی بەهەردوو دەست هەڵیبڕێ و لەسەر ئەم جادەی سەهۆڵەیش هەڵبواسرێ! ئەم باوکە چەنەبازەی من ڕۆژی دەیان جار پێم ئەڵێ: چەترێکم بۆ شیعرەکانت دروستکردووە بۆ ئەوەی لە هاویندا سێبەریان بۆ بکات و لە زستانیشدا تەڕنەبن. جادەیەکم بۆ چیرۆکەکانت قیرتاو کردووە بۆ ئەوەی ئیتر قاچیان لە چاڵ و چۆڵی هەڵنەنووتێ. نەخۆشخانەیەکم بۆ وشەکانت کردۆتەوە بۆ ئەوەی ئەگەر نەخۆش کەوتن بە پەلە چارەسەر بکرێن. هەروەها چەندین مزگەوتی تازەیشم بۆ دروستکردووی تا لە خوا دوورنەکەویتەوە گەورەترینیان ئەو مزگەوتەیە کە لووتی چۆتە ناو هۆڵی هونەرەوەو ڕۆژی پێنج جار بەسەر مۆسیقاو گۆرانی و شیعردا ئەپژمێ و لووتیشی بە پەردەی شانۆکە ئەسڕێ! ئەی باوکە گەوجەکەم! تۆ تاقە باوکی کە منەت بەسەر کوڕو بەسەر کچت و بەسەر شەقام و بەسەر درەخت و بەسەر گردی زیندووان و شەهیدان و بەسەر باخچەو بەسەر بولبول و پارکەکانی خۆتدا بکەیت! لە بیرتە ئەو ساڵە لە جێگەی دەستێکی قرتاوت دەستێکی دەستکردم بۆ هێنایت باشتریش لەو دەستەی کە هەتبوو بیرت چوو؟ ! ئەو ساڵەی نەخۆشییە قورسەکەت گرتبوو هەموو ڕۆژ چەندجارێ بە کەوچک دەرمانم ئەکردە دەمتەوە و چەند شەویش لەسەر یەک من ئێشکی لەرزوتای تۆم گرت و ئەنووستم پێم ناڵێی چیت هەبوو؟ ! چەند قلێ لە شیعری سیسەڵەی گیرفان و باوەشێ کتێبی ناقۆڵن و قەڵەم و لاستیکێ و لەوامە بەو لاوە چیت هەبوو؟ ! هەتاکوو ساوایش بوویت، هەڵتەکیم، داتەکیم ئەوەندە لەو شیری نیدۆیەم بۆ کڕیت؟ ! لە بیرتە بۆ ئەوەی پێبکەنیت چی نوکتەی دنیایە بۆم کردیت؟ ! لە بیرتە بۆ ئەوەی دەرکەویت کڵاو و جامانە و مشکیەکەی خۆم داگرت دامێتی... بیبەستیت تۆ چی بوویت؟ ! هیچ نەبوویت... کیلۆیەک لە گۆشت و ئێسقانی بێ کەڵک بوویت من گەورەم کردیت و... کردمیت بە پیاو و ژیایت و نەمردیت! ٭٭٭ بەیانیت باش من ناوم (کەڵەشێر)ە و خەڵکی مەڵکەندیم چەندین ساڵە پاسەوانم و بەیانیان زوویش بۆ ئەم گەڕەکە ئەخوێنم لە مێژووی ڕاژەڕبویشدا تەتەر بووم و چەندین نامەی نەهێنیم لێرەوە گەیاندۆتە ئەشکەوتەکان بەڵام ئێستا دەنگم نووساوە تووتییەکی دوکتۆر پێی وتم لە گەرووتا گرێیەک دروست بووە چارەسەرت لە دەرەوەیە منیش چەندین سکاڵانامەم گەیاندە کەڵەشێرە گەورەکان کەچی سەیر ئەوەیە دوێنێ دوکتۆرە تووتییەکە پێی وتم نەگبەت! تۆ وا دیارە ئاگات لە هیچ نییە بەر لە چەند ڕۆژێ لە جێگەی تۆ مریشکێکی ساغ و سەلیم و جوانیان نارد بۆ هەندەران ٭٭٭ ئەم کاتەت باش من ناوم (کرمی ئاوریشم)ە خەڵکی کوڕەکاژاوم خۆم و دایکم و باوکم و خوشکەکانم شەو و ڕۆژ خەریکی ئاوریشم کردنین بەڵام ڕەنج بە خەسارین سیسارکە کەچەڵەیەکی ئەم ناوە لەگەڵ کۆمەڵێ قەلەباچکەی پۆلیسدا هەموو مانگێک ئەگەنە سەرمان و چیمان دروست کردووە ئەیپێچنەوە و ئەیخەنە ژێر باڵیان و ئەیبەن مامزێکی سپی وتی: هۆ نیشتمان لە ئێستەدا تۆ بە قەد بەڕەیەکی کۆن و دڕاو یان ئاوێنەیەکی شکاو، یان تەنەکەیەکی نەوتی بەتاڵ یان جامێکی قوپاو و قوتیلەیەک خۆشەویست نیت نە جارێک و نە دوو و نە سێ و نە بیست دەستی ئێمەت کردووە بە زاخی درۆکانتا وشەی (جوانی) نازانێ بچێ بۆ کوێ؟ ! ناوێرێ بچێتە دەرێ نەبادا لە ناوی بەرن وشەی (هەق) بێ سەر و شوێنە و دەمێکە کەس نەیبینیوە وشەی (ئارام) ئەڵێ تاقەتم لێبڕاوە ڕەنگە لەم وڵاتەدا ئیتر ناوی خۆم بگۆڕم بە (ناکام) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڵام وشەی (غەدر) سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری بەڵام وشەی (غەدر) هەموو ڕۆژ لەبەر دەرکی سەرایە و پیاسە ئەکا و پڕ بە شاریش پێئەکەنێ کڵۆ تەباشیرێ وتی: هۆ نیشتمان بۆ ئەوەی بە ڕاستی ببی بە نیشتمان ئەبێ لەسەر و ملەوە بۆ بەرەو خوار خۆت، خۆت، هەڵوەشێنیتەوە ئەبێ بارانێکی تر لە ناوتا دا بکات و (با)یەکی ترت تیا هەڵکا و سووتانێکی دیکەی جیاواز بتکا بە قەقنەسی چیا نووکی قەڵەمێکیش ئەیوت: ئەی نیشتمانە نووستووەکەم! من دەرزی ئاژنی جەستەت ئەکەم هەتا هەڵسیتە سەرپیان و ببی بە سێڵاو و زریان چی پاشماوەی ئەم دیرۆکە ڕزیوەیە بە دار و پەردووی درۆوە هەمووی لەگەڵ خۆتدا بەری بەڵام تا تۆ ئەوە نەکەیت نە دار ئەهێڵێ بسرەوی و نە بەرد لێت ئەگەڕێ هەناسە بدەیت و نە ماڵ جێگەت ئەکاتەوە و نە جادەیش بە سەریا بڕوێت ئەی نیشتمانی بێ گوێچکە وائەزانی ئەم تووڕە بوونە هەر تووڕەبوونی سەری خۆمە لە پێشدا تووڕەبوونەکان لە شێوەی دڵۆپ دڵۆپی بچووکدا... چکە چکە... دائەدەن و دێنە خوارێ... هەر دڵۆپەی لە بێزارییەکەوە. دڵۆپێک لە گەرووی شیعرێکی زیندانیەوە. یەکێکی تر لە چاوی پرسیارێکی ماندووەوە ئەوی تر لە ژێی پچڕاوی گیتارێکەوە ئەوی تریان لە بنج و بێخی پرچێکی بڕاوەوە یەکێکی تر لە قیژەی گۆی مەمکێکەوە یەکێکی تریش بە بنمیچی خەفەتێکی گەنجەوە تاد. تاد. تاد... ڕەنگە ئەو دڵۆپانەیش یەکتری نەناسن بەڵام لە دواییدا هەموو یەک ناو بۆ خۆیان هەڵئەبژێرن و ئەن بە سێڵاو! ئەمەی ئەینووسم شیعر نییە... خۆڵەمێشە چیرۆک نییە... زوخاوڕێژە شانۆ نییە... دیالۆگی نێوان زامەکانە تابلۆ نییە... جەستەی منداڵی نەخۆشە لە باوەشی برسێتیدا لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم ئەگەرچی لێرە وەستاوم بەڵام من هەوری مەراق و (با)ی پرسیاری ئەم وڵاتەم هەموو ڕۆژێ چەندی کەڕەت ئەبمە هاواری غوربەت و لە سینەتاندا هەڵئەکەم هەموو شەوێ چەندین کەڕەت ئەبمە بارانی قەسیدە و بەسەر خەمتاندا دائەکەم هەموو جارێ بە خۆم و ڕەنگی شەفەش و کلووی وشە و پەپوولەکانی ڕۆحەوە یەکە یەکە سەر لە ماڵەکانتان ئەدەم ئەبمە مۆم و لەسەر قەراغی پەنجەرەی ڕازەکانتان خۆم هەڵئەکەم ئەگەرچی لێرە وەستاوم بەڵام من لەلای ئێوەیشم لە هەر کوێ بن، منیش لەوێم لە ڕێ و باندا، من قاچتان و من هەنگاوی سۆراختانم و لە سەلام و خۆشەویستیی و کارکردندا من پەنجەکانی دەستانم و لەگەڵتانم و سێبەرتانم. بۆ منداڵان من پێکەنینی نوقڵێکم و بۆ کوڕەکان من گۆرانی قەڵەمێکم بۆ کچەکان لەنجە و لاری گیتارێکم و بۆ پیرەکانیش گۆچانم! ئەگەرچی لێرە وەستاوم بەڵام چاوم وا لە چاوی هەمووتاندا و دەنگم دەنگی کسپەتانە و ڕەنگم ڕەنگی خولیاتانە و بۆنم بۆنی سکاڵاتان! ئەم جادەیە جادەی بە بادانی شیعرە وەکوو بە بادانی خەم و ئەم سەهۆڵە سەهۆڵی هەناسەی ساردی ئەو نەوڕەسانەن ئێواران مل هەڵئەسوون لە ناکامی و لە یەکتری و عەشقیش ئەکەن بە سترانی سپی لێرە! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم لە سێگۆشەیەکی شوومدا، ڕاوەستاوم ئاخ... ئاخ... ئاخ... ئەمڕۆ یادی نەگەڕانەوەی نەورەسێکی وێنەکێشە یادی دوافڕینی... دوا شەقژن و باڵ لێکدانی... دوا تەماشای ڕەنگەکان لێرەدا بوو دوا هێڵ و دوا فیگەر و دوا هەناسەی فڵچەکەی تێکەڵ بە بێدەنگی بوون من ئێستا ئەمەوێ بە نیشتمانی زەین کوێر بڵێم: ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبری ئەوەی تۆ ناوی ئەو هەموو نەورەس و پەپوولە و باڵندە کۆچ کردووانەمان بیر بخەیتەوە سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لەبری ئەوەی تۆ ناوی ئەو هەموو نەورەس و پەپوولە و باڵندە کۆچ کردووانەمان بیر بخەیتەوە چەخار! ئێمە بیرت ئەخەینەوە ناوی ئەو ئازارە لەبیرکراوانەی ئەو پرشنگە لەبیرکراوانەی ئەو عەشقە لەبیرکراوانەی ڕۆژانێ بوو تۆ بەوانەوە جوان بووی بەوانەوە ئەشنایتەوە... ئەمەوێ ڕووبەڕوو پێی بڵێم: کە تۆ نەورەسە سەوزەکەی چاوانی خۆت بیر نەمابێ وا باشترە هەر بە پێی خۆت بچیتە ناو ئەو دەریاچەی (شەرمانەوە) کە دەم و چاوت ڕشتوونی تا ئەخنکێی. لە سەرێ ڕا، لە لای خواوە لە دەربەندێکی نوورەوە بە شەو، (با)یەکی زۆر غەمبار هێواش هێواش، کزە کزە... بەرەو گۆڕستانی گەورە دائەگەڕێ و یەکە یەکە لە(بیرکراون)ی ئەوێ بانگ ئەکات و هەر هەموویان هەڵئەسێنێ و لەگەڵ خۆیدا بەرەو دامێنی گردەکە ئەیانهێنێ و لە بەرایی ناو تەمێکی گوڵ گوڵیدا لەگەڵیاندا دائەنیشێ و بە ئەسپایی ئەیاندوێنێ ئێوە لە بیر دەنگ چوونەوە ئێوە لە بیر ڕەنگ چوونەوە لە بیر دیرۆکی مرۆڤ و لە بیر وڵات چوونەوە بەڵام لە بیر خوا نەچوونەوە من ماچی خوا و من باوەشی دڵنەوایی تەنیای هەموو تەنیاکان و غەریبی گشت غەریبانی ئەم گەردوونەم بۆ هێناون! بیرکراوان شیعریان تیا بوو چاوی وشەیان هەر تەڕ بوو ئاوازیان تیا بوو حەسرەتیان هێشتا ئەفڕی! بیرکراوان، ئەوانە بوون بە دەم، بە دەست، بە هەناسە بۆ ئەوانی دی دنیایان جوانتر کرد و بەڵام خۆیان بە تەنها هەر نێڵەنێڵی دۆزەخەکەی ژیانیان دی! ژیانتان باش من ناوم (کێل)ە کێلی گۆڕی شمشاڵێکی لەبیرکراوم نیوەم شکاوە و بستێکم بە دەرەوە ماوە باوەڕ ناکەم نە تۆ نە گرد و نە ئەو دار ئەرخەوانانە و نە هیچ ڕێبوارێ ئێمەیان هەر لە بیر مابێ با بیرت بخەمەوە ئەگەر تۆ خۆیشت نەیزانی ئەتوانی لە گومەزە گەورەکەی ئێرە بپرسی (دایکی جەماڵ)* لە کوێد نێژراوە؟ ! ئەو ڕۆژە نیشتمان خۆی بە لامدا ڕۆیشت و لێم هەڵنووت و کەچی نەشیوت مەرحەبا! دیمەنێکی شانۆیی: شوێن: سەرجادەی سەهۆڵەکە. کات: سەرلەبەیانی. دوو درەختی سەر شۆستەکە بە تەنیشت یەکەوە. لەولایشەوە پیاوێکی کەتەی چەکدار. دوورتریش کۆمەڵێ گەنج ڕاوەستاون'. یەکەم درەخت ڕووئەکاتە دووەم درەخت: تۆ ئەو وێنەکێشەت ئەناسی؟ ! دووەم درەخت: ئەی چۆن! کەم ڕۆژ هەبووە، ئەگەر ئاوو هەوا خۆش بووبێ، سەرلەئێواران، نەهاتبێتە لامەوەو دەستێکیشی نەخستبێتە سەرشانم! یەکەم درەخت: ئەی ئەزانی ئەمڕۆ چییە؟ ! دووەم درەخت: ئەمڕۆ ساڵیادی کۆچی سووری ئەوە! یەکەم: لە مامزێکی سپی ڕۆح سووک ئەچوو! دووەم: بەڵام خۆی سەوز بوو. *** یەکەم: ئەزانی لە بەردەمی مندا کەوت... ئەی تۆ ئاگات لێنەبوو؟ ! دووەم: من چاوم لێنەبوو. لەو کاتەدا نیشتمان دروشمێکی پیا هەڵئەواسیم! یەکەم: ئەی وێنەکانیت دیبوو؟ ! دووەم: هەندێکیان. چەند جارێک لە بەرچاوی من تابلۆکانی نیشانی هاوڕێکانی ئەدا... ئەمە بەرلەوەی لە دواییدا لە مۆزەخانەکەی ئەوبەرەوە پێشانگایان بۆ بکاتەوە! یەکەم: جاربەجار وێنەی ئێمەیشی ئەکێشا. دووەم: بەڵام وەکو وێنەکێشە کۆنەکان نا. ئەو وێنەی ڕۆحمانی ئەکێشا نەک ڕواڵەتمان. یەکەم: ڕاستە. ڕۆژێک نیشتمان لای منەوە ڕاوەستابوو، ئەیوت: من لەو وێنانە تێناگەم. دووەم: ئینجا ئەو لە چی ئەگات! یەکەم: وا خۆیشی بەرەو ئێرە هات (نیشتمان لە شێوەی پیاوە کەتەو چەکدارەکەدا دێتە لایانەوە ئەوەست) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیشتمان: ئەوە چییە وا سەرتان ناوە بە سەری سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری نیشتمان: ئەوە چییە وا سەرتان ناوە بە سەری یەکەوە؟ ! یەکەم: باسی ئە وێنەکێشە ئەکەین کە لە ڕووداوێکی شوومی ئوتومبیلدا لێرەدا کەوت بە دەمدا نیشتمان: ئا... ئا... شتێکی وام لە بیرە! دووەم: ئەتناسی؟ نیشتمان: ئەی چۆن... ئەی چۆن... سەردار سەوز ناڵێن؟ ! یەکەم: )پێئەکەنێ( دەفەرموو! سەرداری چی؟ ! سەروەت... سەروەت نیشتمان: ئا... ئا... ببوورن... بە ڕاستی ئەوەندە سەرم قاڵە خەریکم ناوی خۆیشم بیرئەچێتەوە. دووەم: ئەی وێنەکانیت دیبوون؟ ! بە لاتەوە چۆن بوون؟ ! نیشتمان: بە ڕاستی زۆر کەم. بەڵام من تێیان نەئەگەیشتم. )بە پێکەنینەوە( جارێکیان وێنەی پیاوێکی نیشاندام سێ دەم و چاوی هەبوو... ئاخر مرۆڤ چۆن سێ دەم و چاوی هەیە؟ ! ها... وا نییە؟ ! دووەم: بۆ نا؟ ! ئێمە ڕۆژانە تۆ ئەبینین لە سێ چوار دەم و چاو زیاتریشت هەیە! یەکەم: ئەمە ڕاستە. من ئەو ڕۆژە لە کردنەوەی بازاڕێکی گەورەدا تۆم بینی چوار دەم و چاوت هەبوو دەم و چاوێکی کوردی و یەکێکی تورکی و یەکێکی فارسی و یەکێکی عەرەبی. نیشتمان: شتی وا نییە. ئەوە هەر چاوی ئێوە وام ئەبینێ! دووەم: ئەو ڕۆژە هەر لێرەدا بوو باسی بەڵێندەرێکی دەوڵەمەندی ئەم شارە کرا... تۆ ناوی خۆی و باوو باپیری و ڕەچەڵەکیت هەر هەمووی ئەزانی و لە بەرت بوون. تەنانەت ناوی دایکی و نەنکی نەنکیشی... کەچی... یەکەم: )بۆی تەواو ئەکات( کەچی ناوی شەقامێکی گەورەی ناو دنیای هونەری ئەم شارە نازانی؟ ! نیشتمان: )ئەشڵەژێ( سەرقاڵیی... سەرقاڵیی... ببوورن ببوورن... من ئەبێ بڕۆم... چونکە تۆزێکی تر پێویستە بەردی بناغەی 'کۆمپانیای ئازادی' دابنێم)ئەڕوات( دووەم: توخوا ئەمە نیشتمانە؟ ! یان موقاویل؟ ! یەکەم: باشتر با بڕوات! دووەم: ئای کە ڕۆژێکی غەمگینە... ڕۆژێکی ڕەنگ خۆڵەمێشیی... یەکەم: چ زیانێکی گەورە بوو؟ ! بۆ ئەم شەقامەو بۆ ئێمەو بۆ هونەرو بۆ جوانی و بۆ هەموو دنیایش! دووەم: ئەی ئێمە ئەمڕۆ چی بکەین؟ ! یەکەم: سەرلەئێوارەو هەر لێرەدا... ساڵیادێکی گەورەی بۆ ئەگێڕین... ئەو گەنجانەیش هەر هەموویان... لەگەڵمانن... دووەم: من بە نیازم پەخشانێکی بە گەڵاوەریوەکانم بۆ بنووسم! یەکەم: من شیعرێکم بۆ نووسیوە. درێژ نییە... ئەگەر بێزارت نەکەم هەر ئێستا حەزئەکەم بۆت بخوێنمەوە! دووەم: بە گوێچکەی دڵی هەموو گەڵاو پژوپۆیەکم گوێت لێ ئەگرم یەکەم: 'شیعرەکە ئەخوێنێتەوە. گەنجەکانیش دێنە لایەوەو ئەوانیش گوێ ئەگرن' لە دامێنی وەنەوشەیی ئەم خەمەدا... ئەمڕۆ چل و لق و گەڵام هەر هەموویان یەکە یەکە و گۆپکە... گۆپکە خۆیان بە زەرد داپۆشیوە و چاویان پڕ لە ئەسرین سەوزە! ئەی (با)ی حەسرەت خێرا وەرە و... بگەرە لام بۆ سەمایەکی دۆزەخین دەسم بگرە و تا سووتانی بەردەم خودا بمڕفێنە و هەر لەوێدا بە پەڕەمووچی عەشقێکی تاق و تەنیا کڵپە... کڵپە لەناو کۆتەڵێکی شیند وێنەی مامزێ بکێشە کە لە وڵاتی چەقۆدا زۆر کەم ژیا! ئەی (با)ی حەسرەت سەما، سەما، سەما، سەما بە دەوری ئەو مامزەدا بە دەوری ئەو ئەوینەدا و لەگەڵ مەرگێکی تەنیادا سەما و سەما ئەی (با)ی حەسرەت تۆ ماندوویش بی، ماندوو نابم لەبەر ئەوەی ئەم سەمایە سەمای ئەبەدیی عەشقێکە هەتا ڕەنگەکان بمێنن دوایی نایە (کۆتایی شانۆنامە) *** ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من نیشتمانەکەم گێلە سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری من نیشتمانەکەم گێلە لە خوێن ساردی و بیرچوونەوەو بێباکیدا لە هیچ نیشتمانێکی تر ناچێ بۆیە منیش بڕیارم دا وەکو کراسێکی کۆن و چاویلکەیەکی شکاوو نامەیەکی بزرکراو ئەوم لەبیر بچێتەوە! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم. یەکەم جارە ناوەکەم و خۆم و ڕوخسارم و جادەکە لەیەک بچن. چەند ڕۆژێکە، وەکو ئەوەی چەند ساڵێ بێ، کچێک هاتۆتە ڕۆحمەوە، بە یەکەوە لەتەک خەونێکی شینباوو بارانێکی تازەو شەماڵێکی نارنجیدا هاتوونەتە ناو ڕۆحمەوە. کچێک هاتۆتە چاومەوەو لەگەڵ خۆیدا هەندێ لە چوکڵەی ئەستێرەو هەندێ لە پرژەی گۆرانی و هەندێ لە شنەی ئۆخژن و هەدادانی ئاواتێکی مەیلەو سەوزی بۆ هێناوم. کچێک هاتۆتە ڕۆحمەوە، نە فریشتەی خواوەندێکەو نە پەرییەکی ئاسمانەو نە حۆرییەکی بەهەشتە. کچێکی جوانی سەر ئەرزەو. قەڵبەزەیەو لەشی پڕە لە مۆسیقاو هەر نۆتەیەو تیا هەڵئەقوڵێ. ناسک ناسک. لەم دیوەوە وەختێ کە تەماشای ئەکەیت لە ناوەوە چرۆی شیعری تیا ئەبینی و لێوانلێوە لە مانگەشەو، کاتێ ئەڕوا ئەو تریفەی لێئەڕژێ و ڕۆژێ جلی دارهەنارێ ئەپۆشێت و ڕۆژێکی تر جلی زەردەی ئێوارانێ و یان پۆشاکی شەپۆلانێ. پرچە درێژە ڕەشەکەی ئەڵێی مەراقی دایکمەو ڕەنگی پێستی لە جۆگەی بەر هەتاو ئەچێ و دەستەکانی لە دەستی بەفری قەسیدە. هێندە نابێ کچێک بۆتە نیشتمانم لە جێی ڕووبار من لە کەنار لەشی ئەودا دائەنیشم لە جێی قەڵبەزەو تاڤگەیش ئەچمە بەر کەزیەکانی ئەو. من ئەوەتەی ئەو کچە هەورەم ناسیوە ئەوەتەی بارانی پرچی ئەو لێم ئەدا بوویشم بە شاعیری ئاو و ناوبەناو نم نم ئەنووسم و هەندێ جاریش لێزمەم بە خۆر پێستی نازداری ڕۆزانا لە گەواڵەی هەورێ ئەچێ ڕەنگ برۆنزیی هەموو جارێ کە سەرنجم لە هەوری شان و مل ئەدا ئیتر بارانی پەخشان و خەون و ئاواز بەسەر مندا دائەڕژێ! من هێندە نابێ زانیومە عەشق هەر خودا خۆیەتی ئەو وەختەی دێتە ناوتەوە ئەوسا ئیتر تۆی عاشقیش لە سووتانیا پرشنگێکی! نووری ئەوی! ژیان، دوو چاوی ئەڵوەندی ڕۆزانایە. یاخود سروەی سەر دوو باسکی دەستە نەرم و نۆڵەکانی لە یەکەمیاندا تۆ 'گەمیەی سەرخۆش'یت و لە دووەمیاندا تۆ ئەبی بە ژێی تاری نێوان سیحری پەنجەکانی! من هێندە نابێ زانیومە وەختێ کە خۆشەویستیی هات وەختێ کە ئاوێتەت ئەبێ لە خۆتەوەو نازانی چۆن! زمانی دار زمانی بەرد زمانی ئاو زمانی زەریا فێر ئەبی و لە دواییشدا باڵداریت و بۆ خۆت ئەفڕی! کە عاشق بوویت نازانی چۆن؟ یان لە کوێوە؟ هێزێک دێتە ناو لەشتەوەو لە خۆتەوە بێ دەربەستی و سواری سەری ترس ئەبیت و لە ڕێگەی هات و نەهاتدا بێ پەروایت و تۆ هەر ڕێگەی نەهات ئەگری! ئیستە ڕۆژانە کە بە لای باخچەی نالی و شیعرەکانیا تێئەپەڕم لەمسەرەوە ڕۆزانا بۆتە 'حەبیبە'و لەو سەرەوە دەم و لێوی لەسەر پەلکی شیعرێکی کەسک پەپوولەیە. ئەگەر دنیا لەم عەشقەی من و ڕۆزانای لەناو دڵی ژن و پیاوی سەر زەمیندا تۆو کردایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵنیا بووم سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری دڵنیا بووم ئیتر ڕق و شەڕو تۆڵەی تا هەتایە بە خۆیەوە نەبینیایە. نەک هەر جوانیی لە ئاوێزەی ئەو هزرەدا تۆ دنیایەک لە ڕووناکی و شەبەنگی زانین ئەبینی! من ئەو کەسەی دوێنێ و پێرێی ئەم شارە نیم! ئێستا باران هاوڕێمە و ساماڵ ماڵمە و شەدەی سەرم گۆرانییە و جلی شیعرم لەبەردایە و هەتاو بووە بە جادەم و ئایندەیشم لەگەڵدایە! نیشتمان ڕۆحی منی خستبووە ناو چوارچێوەیەکی تەنگەبەری خۆیەوە. بەڵام ئەو کچە هات و ڕۆحی گیرۆدەی بەرەو مەوداکانی گەردونێ هەڵفڕان. نیشتمان ئافەرۆزی کردبووم بەڵام دڵی ئەو کچە داڵدەی دام. نیشتمان بە تەنها هەر ڕابوردووی هەبوو وەلێ ئەو کچە هات و لەناو دەستەکانیدا داهاتووی بۆ هێنام! لە دوای ناسینی ئەو کچە لە هەژاری خۆم پرسی، ئێستا چۆنی؟ وەک نانێکی بێ تاقەت، زەردەخەنەیەک گرتی و وتی: خۆشەیستیی ئەو کچە هەموو ڕۆژێ نانێکم ئەداتێ لە نانی ئاسایی ناچێ و لە ڕۆحەوە تێرم ئەکا لە تەماشای خۆم پرسی: ئەی تۆ چۆنی؟ ئەویش وتی: ڕوانینێک هاتووتە چاومەوە، دنیام جوانتر نیشان ئەدا لە کراس و پانتۆڵە غەمگینەکەی خۆم پرسی ئێوە ئەڵێن چی؟ ئەوانیش وتیان: بووینەتەوە بەو کراس و پانتۆڵە تازەیەی بۆ یەکەم جار لەبەر کراین! ئێستە شەو شەوێکی ترە لە جێگەمدا مانگەشەو وا لە باخەڵما ئێستە ڕۆژ ڕۆژێکی ترە لە ڕێگەمدا گزنگ وا لە تەماشاما ئەوەی دوێنێ بە ناشیرینی ئەمبینی نازانم بۆ ئەمڕۆ جوانن؟ دێمە دەرێ و کۆڵان بووە با کۆڵانی خۆرەتاوی سەر سەوزەگیا هەموو ڕۆژێ لە هەنگاوما گوڵ پژانە و شەقام بووە بە شەقامی بەهەشتی خوا! دارێکم دی هەموو لق و پۆپی وشک و تەنها یەک چڵی سەوز بوو وتم: چۆن وا؟ ! وتی لە دەمێکەوە گیرۆدەی دەنگی بولبولێکی سەرخۆم بووم ئەوانی دی دوور لە ئەوین وشکیان کرد و بەڵام من دڵم دایە دەست عەشقێکی سەوزی و نەمردم ئەو کچە ناوی 'ڕۆزانا'یە شیعرێکە هێشتا نەخوێنراوەتەوەو چاپیش نەکراوە. هێشتا هەر گوڵی پاک نووسە. لەبەر دەستی خودادایەو ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جوانتری ئەکاو هەژدە جار پیاچۆتەوەو هەژدە ساڵەو ئەم قەسیدەیە کۆتایی نایە! 'ئیلوار'ی شاعیری فەرەنسی نیو سەدە پێشتر کە عاشقی ئازادیی بوو ناوی ئەوی لەسەر هەموو شتێ نووسی. بەڵام من لە باتی ناوی 'ئازادی' یان 'نیشتمان' یان 'یەکسانی' ناوی 'ڕۆزانا' ئەنووسم: لەسەر جەستەی نیشتمان خۆی ئەنووسم 'ڕۆزانا' لەسەر جەستەی شیعرو ئازادی ئەنووسم ڕۆزانا. لەسەر باڵەکانی ئاشتی. لەسەر باسکی )با(. لەسەر گەردنی شەپۆل. لەسەر ناوچەوانی درەختەکان. لەسەر گەڵا، لەسەر سنگی بەفر. لەسەر شەقامەکان، لەسەر تەلارەکان لەسەر جامی پێشەوەی هەموو ئوتومبیلەکان لەسەر دیواری کۆڵانە برسیەکان. لەسەر دەرگای ماڵان و لەسەر شان و ملی هەموو کەژەکان. ئەنووسم ڕۆزانا! وێنەکەی ئەکەمە ملی نیشتمان ئەیدەمە دەست ڕووبارو ئەیدەم بە دەم باوە. وێنەکەی بە چارۆگەی کەشتیەکاندا هەڵئەواسم. بە پەنجەرەی ترینەکاندا. بە باڵی فڕۆکەکاندا. ناوی ڕۆزانا لەسەر هەموو ئەو شتانەیش ئەنووسم کە ئیلوار بە خەیاڵیا نەهاتبوو ناوی 'ئازادی'یان لەسەر بنووسێ: لەسەر باڵی پەپوولە. لەسەر پلەی پەیژە. لەسەر پۆپنەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەڵەشێرەکان. لەسەر یاڵی ئەسپ. لەسەر دیوانەکەی سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری کەڵەشێرەکان. لەسەر یاڵی ئەسپ. لەسەر دیوانەکەی ئیلوار خۆی. لەسەر کڵاوی کڵاوکوڕە. لەسەر داری گۆڵی هەموو یاریگاکان. لەسەر شووشەی هەموو بادەیەک. لەسەر بەرماڵەکەی دایکم. لەسەر هیلالی منارەکان. لەسەر زەنگی کڵێسا. لەسەر هەموو ڕیکلامەکان. لەسەر هەموو کەناڵەکان و لەناو هەموو ماڵپەڕەکاندا، لەسەر ئەو مانگی دەستکردانەی ئەچنە فەزاوە. لەسەر هەموو پاکەتە جگەرەیەک. لەسەر باڵۆنەکان. لەسەر هەموو تی شێرتەکان. لەسەر هەموو جامخانەی کۆگاکان. لە ئاسمانی هەموو مەیدانە گەورەکاندا . لەسەر سنگی پەیکەرەکان. لەسەر دیواری هەموو تونیل بانەکان. لەسەر کەناری زەریا. لەسەر ڕەوەزی کێوەکان. لەسەر پەلکەگیای دەشتەکان. لەسەر گڵۆپی هەموو ترافیکەکان. لەسەر تابلۆی هەموو ئوتێلەکان. لەسەر پاپۆڕە گەورەکان. لەسەر سنگی ئاسکەکان. لەسەر ناوچەوانی هەموو پردەکان. لەسەر بەفری قوتبەکان. لەسەر خەتی ئیستوا. لەسەر بەرگی هەموو ڕۆمانە جوانەکان. لەسەر سکەی هەموو شەمەندەفەرەکان لەسەر... لەسەر... لەسەر... ناوی ڕۆزانا ئەنووسم و ئەنووسم و ئەنووسم! من ئەو کچە لە سنگمایە سنگیشم لە هەناسەکانی ئەودایە هەناسەکانی ئەویش وا لە شیعرمدا و شیعرم لە چاوەکانیایە و چاوەکانی لە کاغەزی بەردەممایە و کاغەزەکانی بەردەمیش لە باڵایدا ئەو ڕۆژە کراسێکی شینی لەبەردا بوو بووم بە ماسی و چوومە ناوی ئەو ڕۆژە کراسێکی زیوینی لەبەردا بوو بووم بە نەورەس و بە سەریا فڕیم ئەو ڕۆژە کراسێکی سەوزی لەبەردا بوو لەپڕێکدا لەسەر ئەو جادەیە بووم بە دار سنەوبەر ئەو ڕۆژە مەدالییای بەلەمێکی دابوو لە سنگی وەختێکم زانی بووم بە سەوڵ ئەو ڕۆژە کتێبەکەی (زۆربا)ی بە دەستەوە بوو هەر لەوێدا چاکەتەکەم فڕێدا و کەوتمە سەما ئەو ڕۆژە چەپکێ گوڵی بە دەستەوە بوو ئیتر هەموو شەقامەکە بوو بە باخچە ڕۆژێکی تر وێنەی کۆتری لە بووسەکەیدا بوو ئیتر شیعرێکم یەکسەر سۆی بوو بە ئاسمان ڕۆژێکی تر لە تەماشایدا زەردەخەنە ئەفڕی کاتێکم زانی پەپوولەی زەرد تێم ئاڵان ئەو ڕۆژە خۆی کرد بە ماڵی شیعری (هەردی)دا وەختێ کە هاتە دەرەوە دوو پەیکەری یونانی بەڕێیان کرد ڕۆزانا هەوایەکی پاکە لە نیشتمانی خۆڵاویدا جوانییەکی بێگوناهە لە نیشتمانێکی پڕ گوناهدا جەستەیەکی ئازادە لە خەریتەیەکی حەرامدا ڕۆزانا بۆ من پەنجەرەیەکی کراوەی بەر مانگەشەوە وەختێ نیشتمان هەموو پەنجەرەکانی لەسەر داخستبووم لە وەختێدا کە من هەموو جانتاکانی خەم و مانەوە و تەنیاییم لەسەر یەکتری داناوە و بێزار بێزار... وان لە ماڵێ ەو جانتایەی لە خەویشدا من نەمبووبێ و من نەمدیبێ جانتای گەڕان و گەشت بووە و بەڵام ئێستا ڕۆزانا بۆ من دنیایەو وا ئەزانم هەموو ڕۆژێ لە ناو چاوەکانی ئەودا شارێکی تازە ئەبینم و هەموو ڕۆژێ، بە سەفەرێ ئەچمە دەرێ! هەتا ئێستا هەرچی شیعرێ کە بۆ جوانی چاو وتراون چرا چرا کۆم کردنەوە و لە بەردەمی ڕۆزانادا ڕیزم کردن بەڵام وەختێ سیحری جوانیی چاوەکانی ئەویان بینی زمان فریایان نەکەوت و لە داخاندا یەکە یەکە کوژانەوە من ئێستا ڕۆزانا نیشتمانمە من ئیستا لەم نیشتمانە تازەیەدا بووم بە کەمانچەیەکی کامەران و شەپۆل لێئەدەم درەخت ئەژەنم! من هاووڵاتیەکی ڕۆزانای نیشتمانم ئەیڵێمەوە بۆ یەکەم جاریشە خۆم و ناوەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەبا بین و لەیەک بچین سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری تەبا بین و لەیەک بچین لەم مەملەکەتەی عەشقدا خوایەک هەیە و جێنیشتەیە و لە هیچ خوایەکی تر ناچێ ئەم تەسلیمە سەرت ئەکا و گڵۆڵەیەک برووسکە و دوور دوور ئەیبا و کەچی ئاگات لە خۆت نییە دەستەکانت ئەکات بە دەستی بای وەشت و کەچی ئاگات لە خۆت نییە لە یەک وەختا تۆ لێرەیت و هەمان کاتیش لە دوورترین خەونی دنیا من هەموو ڕۆژ، سەفەرێکی ئایەندە ئەکەم هەموو ڕۆژ لەناو کەژاوەی هەورێکدام لەوێوە تەماشای شارەکەم ئەکەم لەناو ئێستەوە چەپکی خۆزگە ئەبەم و لە دواڕۆژەوە ڕێزێ باخچە لەگەڵ خۆمدا ئەهێنمەوە هەموو وشەکانم وتیان: ئێمە خەیاڵی خشۆک بووین وەختێ ڕۆزانامان ناسی ئەوسا دامان لە شەقەی باڵ لەم عەشقەدا وەکوو من خەون ناهێڵێ نائومێد بی و پڕت ئەکات لە ڕووبار؟ وەکوو من کە ڕۆزانا بە خۆی و قەڵبەزەی باڵایەوە هاتە ناو ئەم دەشتی جەستە قڵیشاوەوە لەوسەری تینوێنییەوە تا ئەم سەری وشک بوونەوە؟ بوون بە دەشتی باران و دەمارەکانیشم بوون بە ژێی تار و گیتار وەکوو من ڕەنگە لەولاوە نیشتمانێکی پیر بدۆڕێنێ و بەڵام نیشتمانێکی تازەی عەشق بدۆزیتەوە ئیتر وەکوو من ئەبیتەوە بە فوارەی چواردە ساڵ ئەگەر نیگای ئەو ئاوا بوایە من قەترەم تیا نەهێشتبوو گەر ماچی باخی سێو بوایە یەک سێوم تیا نەهێشتبوو لە چاوانی ڕۆزانادا ئاوی خودا وشک ناکا و لە باخەکەی ڕۆزانادا ماچ و سێوی عەشقی خوایی دوایی نایە بەڵام جوانییەکەی ڕۆزانا و ئەو پرشنگەی کە دای بە من لە لای هەندێ چاوی بەدی دەوروبەرم بوون ب بەرد و... بوغزی ڕەش و یەکە یەکە و تۆپەڵ... تۆپەڵ لە کۆڵان و شەقامەوە پێکڕا ڕۆژانە تێم ئەگرن من ناوم (ئیرەیی)ە کۆنترین هاووڵاتی ئەم نیشتمانەم خۆشترین کاتی من ئەوەیە هەموو کەسێ لە نوشوستیدا ببینم هەموو شتێ لە گلۆربوونەوەدا ببینم ناخۆشترین کاتی منیش ئەوەیە یەکێکی تر ببینم لە من جوانترە لە من دیارترە لەمن خۆشەویسترە هەمان کاتیش من کارخانە درۆی مێژووییم لە شێوەی مارکەی ڕاستەقینەدا جوانترین بوختان دروست ئەکەم باشترین پڕۆپاگەندە هەڵئەبەستم من لەم نیشتمانەدا بریکاری یەکەمی ڕق و کینەم نووسینگەکەم کەوتووتە سەر جادەی تۆڵە و قەڵەمەکانم هەموویان لە سەرەوە دەم بە خەندە و لە ژێرەوەیش یەکە یەکە دەی تەڵەن! ئەم کاتەتان باش! منم 'ڕۆزانا' تەمەنم نۆزدە گوڵەباخی وەڕسەو نۆزدە پرسیاری شپرزەو نۆزدە مامزی یاخیی. من هاووڵاتی 'خەم لاند'م خەم لاند لە 'کیشوەری زوڵم'دایەو ئەکەوێتە باشووری خۆرئاوای 'هەژاری'یەوە پایتەختەکەی ناوی 'تەمتوومان'ەو لە چوارلاوە ڕەشەبا دەوری داوە. من لە گەڕەکی پاییزدا لەدایک بووم تەنیایی مەڵاشوومی هەڵداوەتەوە. قوماتەکەم گەڵای وەریو بووە. باوکم ناوی 'بریندار'ەو دایکیشم ناوی 'خەزان'ە لەگەڵ ڕاپەڕین'ی چاو سەوزدا هەردووکمان لە ڕۆژێکدا چاومان هەڵهێناوە. ئەو شیری دایکی منی خواردووەو منیش شیری دایکی ئەو. من زۆر دەمێکە باوکم چۆتە لای گڵ نیشتمانی پیرۆز بە دەستە پیرۆزەکانی خۆی بەر لە دە ساڵ لە بەیانییەکی تەماویداو لە پێچی مێژوویەکی شوومدا ئەو کاتەی وڵات بووبوو بە دەستاڕێکی گەورە گەورەو براکانیش یەکترییان پێ ئەهاڕی! لەو دەمەدا سێ فیشەکی گڕداریان لەسەریا چاند. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من لەگەڵ نان و ئاوی سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری من لەگەڵ نان و ئاوی کوژراودا گەورە بووم. ئەوەندەیش نابێ لە هۆڵێکی کتێبخانەی گشتی بە هۆی دێڕێ شیعری 'گۆران'ەوە لەگەڵ 'کامەران'دا یەکمان بینی ئەو کوڕە باریکەلە قژ تەنکەی لەسەر لێواری خۆکوشتن ڕاوەستابوو لەو ساتەدا یەکمان ناسی هەر زوو ئێمە وەک دوو دڵۆپ فرمێسک و دوو وشەی غەمگین و دوو گوڵە گەنمی تینوو... دوو دەست لە کەلەپچەیەکدا... دوو سێو لە سەبەتەیەکدا... دوو ئاوێنە لە ڕێگەیەکدا دوو ڕەنگی بێزار لە ڕەنگدانێکدا یەکمان ناسی کتێب تەوقەی لەگەڵ یەکتردا پێکردین و کتێب خستینیە تەنیشت یەکەوەو کتێب ئاڵ و گۆڕی مەراقی پێکردین و کتێب ڕیزێ خەون و ڕیزێ پرسیاری نەکراوی پێ نووسین و ئیتر چووینە ناو قوڵایی یەکترەوە. ئیستا ئێمە دەستمان لەم نیشتمانە پیرە بەرداوە. ئیستا ئێمە خۆشەویستیمان کردووە بە نیشتمان بۆ خەونەکانی هەردووکمان! *** بەیانیتان باش! من ناوم کتێبە هەزاران هەزار دەم و چاوو هەزاران هەزار وڵات و دڵ و دەروونم هەیە. جاری وا هەیە پڕم لە خۆشەویستی، لە لێبوردن، لە بەزەیی، لە عەقڵی ڕووناک، لە ئازادیی جاری وایش هەیە پڕم لە ڕق و لە بوغزو لە تۆڵەو تاریکیی... گەلێ جار بە دەنگێکی گڕ ئەدوێم و گەلێ جاریش بە دەنگێکی ناسک جارێ مێم و جارێ نێرو زمانم سەدان زمانەو پێناسەیشم لە هەزار ڕەنگ. من سەرینم پەنجەکانی هەردوو دەستەو وشەو دێڕو لاپەڕەیشم عاشقی چاو. ئەو وەختەی منت بە دڵ بێ ئەبمە جوانترین هاوڕێت. لەوانەیە ئاگری شەڕم خۆشکردبێ و لەوانەیشە بووبم بە ئاسمانی ئاشتی... من لە قوڕەوە کتێبم هێندەی 'گلگامش'یش کۆنم... من نەبوومایە ژیان کوێر ئەبوو سبەی نەئەبوو... مێژوو ون ئەبوو جاری وا هەیە ئەستوور ئەستوورم و جار وایش هەیە باریک باریک. لە سەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم ئەمڕۆ کۆترێک هات بۆ لام دەنووک بە خەندەو چاو ڕووناک وتی: وەرە، کتێبخانەیەک خۆشەویست کتێبخانەیەک بەخشندە بانگت ئەکات. خاوەنی ئەم مەکتەبەیە: هەتاوێکی خوێندەوارە نە خورافات ئاسمانێتی و نە مقەستیش سانسۆرێتی بەڵام پاسەوانێکی عاشقی وەک تۆی ئەوێ تا کۆترەکان و وشەکان و وێنەکان نەدزرێن. من ئیستاکە دە ڕۆژ زیاترە وام لەناو مەملەکەتی ئەم هەتاوە بەرینەدا، عەشقی ڕۆزانام تێکەڵی ئەم دەغڵ و دانی کتێبانە کردووە. من هەست ئەکەم لەم شوێنەدا هەموو ڕۆژێ: ڕووبارێکی تازە. باخچەیەکی تازەو فڕینێکی تازە فێر ئەبم. من هەست ئەکەم هەموو ڕۆژێ تارماییەکی مێژووی کۆن، خێوو دێوو درنجێکی درۆی دیرۆک بەجێدێڵم. هەموو ڕۆژێ تیشکێک لە ئایندەدا ئەچێنم و ئەسپی خۆرێک ڕام ئەکەم و ئەیکەم بە مزگێنی ڕێگا! هەموو شەوێکیش شیعرێکی جوانکیلەی وەکو ڕۆزانا لەسەر ئەم جەستە ماندووە هەڵئەکەنم! نازانم وەختێ ئەنووسم وەختێ شەپۆلێ ڕستەکان دێن و دەمبەن جۆگە جۆگە، لە خۆیاندا غەرقم ئەکەن وا هەست ئەکەم ئەو پەنجەی خۆم نییە ئەنووسێ و لە ڕاستیدا پەنجەی ئاوە وشە و وشە دڵۆپ دڵۆپ من ئەنووسێ ڕۆژێ بۆ برسێتی نووسیم بەڵام وەختێ سەرنجم دا ئەوە خۆم نەبووم ئەمنووسی پەنجە و قەڵەمی من نەبوون ئەو پارووی گریاوی ماڵێکی تەنەکە بوو کە ئەینووسی ڕۆژێکی تر شیعرم بۆ سەربەستی نووسی بەڵام وەختێ ورد بوومەوە ئەوە من نەبووم ئەمنووسی ئەوە هاواری خۆم نەبوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بووبووە دووکەڵ سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری بووبووە دووکەڵ ئەوە بڵێسەی سەر جەستەی ئافرەتێ بوو کڵپە کڵپە کە ئەینووسی ڕۆژێکی دی شیعرم بۆ سروشت ئەنووسی بەڵام وەختێ تەماشام کرد ئەوە خۆم نەبووم ئەمنووسی ئەوە شێوازی من نەبوو ەوە دەست خەتی من نەبوو لە ڕاستیدا ئەوە بۆ خۆی مانگەشەو بوو، دانەویبوو، لەسەر ئەو گۆمە ئەینووسی ئەو کەڕەتەیش شیعرم بۆ دڵداری نووسی ئەڵام وەختێ ورد بوومەوە ئەوە خۆم نەبووم ئەمنووسی ئەوە زمانی من نەبوو ئەوە پەنجە و ئەوە برژانگ و قەڵەمی ڕۆزانا بوو کە ئەینووسی! 'هەندێ لەو شیعرە وردو بچووکانەی کە لە شەوانی پاسەوانیداو لە عەمباری کتێبەکانداو لەو دە شەوەدا نووسیمن! ' یەکەم شەو زەوییەک بووم سخار... سخار ڕەش و بەدبەخت وام دانابوو لە دواییدا یان کوندەپەپوو بمکڕێ یان گۆڕستان! وەلێ ڕۆژێ عەشقی کیژۆڵەیەک هات و ڕەشی کردەوە بە سپی و کچیش خۆی کرد بە ڕێژنەو گوڵی باران! *** دووەم شەو کە بانگت کرد شیعر نایەت با سەد دەرگایش لەبەردەمیا بکەیتەوە ئەو وەختێ دێ بانگ نەکراوەو چی دەرگایشە داخراوەو بەسەر حەساردا بازئەداو لە درزێکی باریکەوە دێتە ژوورێ! *** سێیەم شەو هەزار ماچی نیشتمانەکەی خۆم کردو ئەو یەک ماچی نەکردمەوە. بە زۆر نییە خۆشەویستیی ئاڵا نییە دروستی کەم یان تابلۆیەک بیکڕمەوە. *** چوارەم شەو ئەو وەختەی کە بووی بە عاشق عەشق ئەتکا بە شمشاڵ و ئەتنێ بە لێوی خۆیەوە ئەوسا ئیتر تۆ دڵۆپی حەسرەتیت و لە بەردەمی ماشقەدا وردە وردە ئەتوێیتەوە! *** بە بێ ئەوەی پێبزانێ عاشق سەری خۆی داوەتە دەست نادیارێ جارێک ئەبێ بە گەواڵەی شێت و وێتی کەنار زەریاو جارێکی دی بە باگژەی نیوەشەوی جادەی شارێ! من ئەوەندە بەسەر عەشقی ڕۆزانادا نوشتامەوە ئەوەندە سەیری چاویم کرد تا تەنیاییم بووە بە هەڵم و هەڵم بە گۆمی ئیلهامی و لە دواییشدا بە ئێجگاری خۆم و شیعرم تیا تواینەوە! *** پێنجەم شەو شەوانی تر بە دەم درۆی سەوزو سوورو بەڵێنی ترش و شیرینی ئەو نیشتمانەی خۆمەوە نیگاکانم ئەچوونە خەو. کە ئەنووستم خەوەکانم لەناو خەودا ئەهاتنە دی. بەڵام وەختێ کە بەیانیان هەڵئەسام و چاوەکانم ئەکردەوە جگە لە تراویلکەیەک ئیتر من هیچم نەئەدی! *** شەشەم شەو ئەمشەو لەناو عەشقی ڕۆزانادا گریام جیاوازیی فرمێسکی خۆشی و فرمێسکەکانی دڵ تەنگیش هەر ئەوەیە لەگەڵ فرمێسکی یەکەمدا پەڕەی گوڵ دێنە خوارەوەو لەگەڵ فرمێسکی دووەمدا وردە پشکۆ! *** حەوتەم شەو کوا ڕۆزانا؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەم عەمبارە گەورەیەدا سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لەم عەمبارە گەورەیەدا هەموو هەواڵی ئەپرسن قەڵەم، کاغەز، وێنەکان و کتێبی سەر ڕەفەی دیوار تەنها چەند کتێبێ نەبێ چارەی ڕۆزانایان ناوێ لەبەر ئەوەی بێ حیجابە! *** هەشتەم شەو یەک دڵۆپ عەشقی ڕۆزانا، گۆمێک بۆ من دروست ئەکاو منیش بۆ خۆم بەلەمێکی چارۆگەداری خەیاڵی ئەخەمە ناو بۆ ئەوەی هەتا ئەوپەڕی تخووبەکانی قەسیدەو پەخشان بمبا! برژانگەکانی ڕۆزانا، ئەبنە پەلکەگیای دەفتەرم و منیش هەرچی پەپوولەی ناو شیعرەکانە لەو مێرگەدا یەکە یەکە بەریان ئەدەم! یەک نینۆکی ئەکەم بە شانۆی ئەم عەشقەو لەسەر تەختەی بچکۆلانەی ئەو شانۆیە شانۆنامەی ڕۆمیو جولیت بە گچکەیی نیشان ئەدەم! یەک تاڵە قژی ڕۆزانا ئەکەم بە پردی سەر ئاوی خۆشەویستیی و دوا دەقیشم بە ڕێبواری! هەتاکو نیگا نەگۆڕین تەماشاکانیش ناگۆڕدرێن. تا گەواڵەی ناو ئەم سەرە وەکو خۆی بێ بارانی تازە نابینین! 'ئێمە هەردووکمان، من و ڕۆزانا، لەسەر ڕەوەزی خۆشەویستیی ڕائەوەستین و بەو بەرزەوە سەرلەنوێ پرشنگەکان لە هێڵەکی سەر ئەدەینەوە. لە یەکەمین هەنگاوی سەر شەقامی گومانەوە دەست پێئەکەینەوەو شارایەک پرسیار لەگەڵ خۆماندا ئەگێڕین. سەرلەنوێ وشەو دەستەواژەو ناوو ئاوەڵناوەو زاراوەکان بە هەللاجیەکەی خۆمان شی ئەکەینەوە. ئەم مێژووە ڕووت ڕووت ئەکەینەوە، لە نووکەوە بە قسەکانیدا ئەچینەوە. ئێمە سەرلەنوێ لە شاخ ئەپرسینەوە: کێ ئەڵێ تۆ قارەمانی؟ ! بە بەفر ئەڵێین: کێ ئەڵێ تۆ پاکی؟ ! بە سروودەکان ئەڵێین: کێ ئەڵێ ئێوە پیرۆزن؟ ! ' ئەزانین هەردووکمان ئەزانین ئەم عەشقی ناو زەریای نەهاتە شەپۆلی یاخییەو سەری خۆی داوەتە دەست )با(یەک کە مردن لە وژەو گڤەیدا گەرداوی بە پێوە وەستاوەو قەدەری بەندەری تەماویش خوایەکی زۆر تووڕەو بێباکە! ئەزانین هەردووکمان ئەزانین ئەم عەشقە، باڵندەی شیعرێکی کۆچەرو بێکەسەو بە تەنها دوو پرشنگ باڵێتی و پەڕەی گوڵ چاوێتی و هێلانەو ماڵیشی گەواڵە هەورێکی گەڕۆکی غەمناکە! ئەزانین هەردووکمان ئەزانین وەک تۆوی دەم باهۆز سەفەرمان سەفەری ناو خەونی پەرت پەرتە و هەر ڕۆژەی لە باوەشی وەرزێکی نادیاردا جەستەمان کڵوکۆی عەشقێکی سوتماکە! ' دڵم ئیستا لە نیسانی گۆڕاندایەو هەموو ڕەنگەکان پێکەوە وان لە چاوداو بینینەکانم شکۆفەی تازەترین گۆرانییان دەرکردووە! لە دەفتەردا دەستەواژەم بوون بە جۆگەو چی خەیاڵی کورتەباڵاو بچوکیشمە لەم مێرگەدا ئەوا ئیستا هەموو کەوتوونەتە باڵا! *** ڕۆزانا... ڕۆزانا کەمانچەیەک ویستی لەگەڵ لەنجەولاریا بڕواو جوانیەکەی ئەو پەردەپۆش کات بەڵام پێ و پلی ژێکانی لە یەک ئاڵاو لە حەسرەتدا بە دەمدا کەوت! ئەگەر خۆشەویستیی نەبوو با نەونەمام یاخود خونچەو کانیی گەنج و قەڵبەزەی هەرزەکاریش بی با لەشیشت ژووری گوڵ و ئینجانە بێ وەختێ زانیت شەوی تەنیایی و بێزاریت بەسەردا دێ و تاریک ئەبی! نۆیەم شەو من کە شیعر بۆ سیاسەت ئەنووسم لەو وەختەدا ئەبم بە گوڵدانە گرژو مۆنەکانی سەر مێزی کۆبوونەوە. ئەگەر بۆ خۆمی بنووسم ئەبم بە جۆگە ئاوێکی ڕاستەقینە. کە بۆ ئەم نیشتمانەی ئیستای بنووسم ئەبم بە ڕیزێ ژمارەی دزراو. بەڵام وەختێ کە بۆ ڕۆزانای بنووسم ئەبم بە جوانترین شیعری دنیا! *** دەیەم شەو دوێنێ شەوێ هەندێ کتێب مێزگردێکیان لەسەر مێزەکەم دروستکرد سێ کتێب بوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کتێبێکی زەمانی پێغەمبەرو سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری کتێبێکی زەمانی پێغەمبەرو کتێبێکی زەمانی 'کانت' و کتێبێکی زەمانی 'مارکس' تەوەری باس لەسەر دین و عەدالەت بوو یەکەم کتێب ڕیشنێکی کەڵەگەت بوو سەعاتەکەی لە بری چەپ کردبووە دەستی ڕاستیەوە وەختێ دووا خوداو پێغەمبەرو هەر چوار خەلیفەکەی خستە سەر مێز. هەرچی سورەت و ئایەتە خستیە سەر مێز. مێزەری والی و ئەمیری خستە سەر مێز. کڵاوەکەی سەخری جنی خستە سەر مێز. فێستی قازی و چی مێزەری شەریعەتە خستیە سەر مێز. بەڵام ئەوەی کە نەیخستە سەر مێز سەرە بڕاوەکانی ئاوایی حەمەو ئەوەی نەیهێنایە سەر مێز چاوەکانی یەکی شوباتی هەولێرو دەستی قرتاوی شەنگارو قاچی پەڕیوی کەرکووک و لەشی بێ سەری سۆماڵ و سەری بێ لەشی عێراق و مانگی جەستەی پارەپارەی جەزایر بوو! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم تەماشاکانم پڕپڕن لە دواڕۆژو لە ڕۆزاناو لە مانگەشەو! هەوا سەوزە. ئەو شاخانە بەرزترو ئاوێنەی شیعر جوانترو بێگەردترو لەشی منیش بووە بە دەشتی ئاوازو هاژەی بەستە! شنەبایەک هاوڕێمەو سەرنجەکانم پەروانەو ئەچمە دەرێ. ئەم کۆڵانە کۆڵانەکەی ئەوسا نییەو کۆڵانێکە بۆ پیاسەکانی شمشاڵ و بۆ ماچەکانی قەڵەم و بۆ جێژوانی قەسیدە! نازانم بۆ؟ ! بەڵام ئەو وەختەی کە شیعرێ بۆ یەکەم جار باوەش ئەکات بە ئاوازێکی تازەداو گۆنەی تەڕی هەڵئەمژێ من ڕۆزانام دێتەوە بیر؟ ! نازانم بۆ؟ ! بەڵام ئەو وەختەی فڕینی جووتە مەلێ بۆ یەکەم جار لە ئاسۆیەکی تازەدا مل هەڵئەسوون لە داوێنی پەڵەهەورێ من خۆم و ڕۆزاناو عەشقی هەردووکمانم دێتەوە بیر؟ ! من نازانم؟ ! لە شەوی یانزەهەمیشدا خەوم لێنەکەوت، تا ئەم پەخشانە، بۆ خۆشەویستیی ڕۆزانا، لە باوەشما نەڕسکاو باوەشی پیا نەکردم! ' *** تۆ ئەزانی خۆشەویستیت، لەم مەملەکەتی پەرچووەدا بە دەستە ئەفسووناویەکانی، جێگۆڕکێ بە کات و شوێنم ئەکات و لەناو یەکتریدا ئەیانتوێنێتەوەو سەرلەنوێ جەستەی من تێک ئەداتەوەو ئینجا ئەیخوڵقێنێتەوە. ساڵم ئەباتەوە دواوەو گەڵای وەریوم هەڵئەگرێتەوەو ئەیباتەوە سەرچڵ و سەرلەنوێ ئەویش سەوز ئەبێتەوەو نەرم نەرم جارێکی دی ئەشنێتەوە. تۆ ئەزانی لەم فڕینە تازەیەدا، ئەوەندە بەرزەفڕم، ئەوەندە بەرزبوومەتەوە، خەریکم دەنووک بدەم لە شووشەی پرشنگی ژوورەکەی خودا! تۆ ئەزانی لەم زمانی خۆشەویستیەدا. لەم فەرهەنگە زیوینەدا. نە وشەی 'ڕق'ی تیایەو نە 'ئاوابوون' و نە 'ماندووبوون' و نە 'وەرین' و نە 'کوژانەوە' و نە 'پیربوون'. *** تۆ ئەزانی خۆشەویستیت... ئەڵێی تەوژمی بە لرفەلرف و کەف چڕێنی ڕووباری نوورێکە کە لە دڵی خواوە، لە چاوەکانی خواوە، سەرچاوە ئەگرێ و لەو گەلیی نەهێنی و وزەی غەیبانەوە دێت و بە دەم هاژەهاژێکی بەزایەڵەوە سەربەرەو خوار ئەبیتەوەو ئینجا بە لووزەو ئەڕژێتە ناو دڵ و چاوی منەوەو منیش ئەوسا چیم بوێ ئەبم بەوە؟ ! درەخت، باڵندە، پرشنگ، باران، کلووی بەفر یان دەنکە تەرزە؟ ! چۆنم بوێ ئەبم بەوە. بە پەپوولە، پەلکە گیا، شەونم، گەڵا، یان بە گۆرانی و بە مۆسیقاو بە قەسیدە؟ ! چۆنم بوێ ئەبم بەوە؟ ! ئەو بەیانییە بووبووم بە هەنگەزەردەیەکی شپرزەو، بەنێو شەبەنگەکانی هەتاوو سێبەرو سنگ و بەرۆکی تەلان و باخەکاندا، ئەگەڕام بۆ ئەوەی خۆشترین بۆن کۆکەمەوەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دواییدا بیانکەمە ناو شووشەی ڕەنگینی سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لە دواییدا بیانکەمە ناو شووشەی ڕەنگینی شیعرێکەوەو شیعرەکەیش بدەم بەو کچە! ئەو ئێوارەیەیش بووبووم بە نەورەس زەنگۆڵ زەنگۆڵ ئاوی زیوینم لێ ئەچۆڕایەوەو باڵەکانم زەردەی بە ورشەو پرشەی ئێوارانیان تێدا ئەدرەوشایەوەو دەنگیشم ئەو ژێی وردە شەپۆلانەی لەگەڵ خۆیدا هێنابوو بۆ ئاسمان کە پێڵووی عاشقان ئاوازژەنی بوون! تۆ ئەزانی خۆشەویستیت! بوونێکی نوێ و مانایەکی نوێ و ڕەنگێکی نوێی بە خۆم و هەموو شتەکان بەخشیوە! نە ڕۆژەکان. ڕۆژە، مڕو مۆچەکانی دوێنێن و نە شەوانیش شەوە نائومێدو کۆماوە و دەست لەسەر ئەژنۆکانی دوێنێن! من ئیستە )زمان( لە دەفتەرما تەیرێکی ماڵییەو هەنگاوەکانم چۆنیان بوێ ڕێ و بان و شەقام بەو جۆرە لەگەڵ خۆیاندا ئەبەن و چاوەکانم چۆنیان بوێ بەو جۆرە ڕەنگەکان ڕام ئەکەن و دەستەکانیشم چۆنیان بوێ هەر بەو جۆرە تیشکەکانی ئایندە ئەگرن! تۆ ئەزانی خۆشەویستیت! پەنجەرەیەکە لە پەنجەرەکانی تەماشای خواو بەسەر دارستانی شیعری مندا ئەڕوانێ! تۆ ئەزانی ئەم پەخشانەم بەچی و چۆن نووسیوە؟ بە قەڵەمی تیرێژێکی سەری یەزدان. 'با' خەیاڵم بووەو ساماڵ کاغەزو، ئەستێرە شووشە مەرەکەبم و، پەڵەهەورێ مێزەکەم و، گویگریشم دڵۆپەکانی باران! تۆ ئەزانی؟ ! *** 'پێرێ لە کتێبخانەی گشتی کە 'ڕۆزانا'م بینی بەشێکی زۆری قسەکانمان سەبارەت بە شیعری تازەو نموونە جوانەکانیان بوو. ڕۆزانا وتی: بە ڕاستی من ئەو شیعرانەم بە دڵە کە ئاهەنگ و ڕیتمێکی موسیقیان تێدایە... بە تایبەتی شیعری لیریکی... هەندێ شیعری ڕۆمانسیش هەن قەت لە بیرم ناچنەوە. نازانم تۆ شاعیری بەڵام هەوڵت داوە لەو شیعرە ڕۆمانسیە ئاهەنگدارانە بنووسی؟ ! ئیتر دواتر ئەو پرسیارەی ڕۆزانا بوو بە مەراق لە دڵما... ئەو ڕۆژە نەهاتمە دەرەوە خەیاڵ بردمی دوور دوور بردمی... دیارە خەیاڵێ کە باڵەکانی خۆشەویستیی ڕۆزانا خۆی بوون. ئیستە شیعرەکەم تەواو کردووەو خواخوامە ڕۆزانا ببینم و بۆی بخوێنمەوە... تۆ بڵێی بە دڵی بێت' من ئیستاکە، لە جۆلانەی، تانگۆیەکی سپیدا دێم و دەچم و، سەرم لەسەر، شانی مانگێ داناوە لە ئاوڕیا، تاڵەکانی، تریفەی قژ لەسەر ڕووم پەخشانێکە، دێڕەکانی، بە پەنجەی خوا نوسراوە. *** بە ئەسپایی، دەستی ئەگرم، وەکو دەستی شەماڵ بێ. کەمەرێکیش، نەرم و نیان، ئەڵێی کەمەری ئاوە. لەمسەرەوە، وەختێ ئەمبا، نەورەسی سەر شەپۆلیم لەو سەرەوەیش، کە دێمەوە، قەترەم بەسەر گەڵاوە. *** گەمیەی تانگۆ، هەردووکمانی، لە ئامێزدایەو ئەڕوا شەپۆل شەپۆل، تا ئەگاتە، کەناری شانۆی گەورە. لە سەرەوە، بۆ خوارەوە، ئاوێنەبەند، تیشکی زۆر بوون بە جۆگەی، هەزار ڕەنگ و، ئەڕژێن بە سەرماندا. *** پێستی بەفرە، کەچی دەستم، لەسەر پشتی نیوەڕووت دائەگیرسێ و، گەرم گەرم، وەکو بووبێ بە مۆمدان. قنج ئەبمەوە، لێوی نزیک، قوتە... بۆ ماچێکی ئاڵ یەک چرکەی تر، یان نوقم بووم، یان فڕیوم بۆ ئاسمان. بەر گەردنی، ئاوێنەیەو، لەگەڵ مندا ئەسووڕێ جارێک خۆم و، جارێکی تر، هۆنراوەی تیا ئەبینم. بەرەو خوارتر، لە درزێکدا، تەماشام عاسی ئەبێ بەر نابێ تا، دوو سێ پەنجەم، کۆترەکان هەڵئەفڕێنێ. *** من ئەمشەوم، هێناوەتە، بەربارانی تانگۆوە بۆیە تەڕە، ڕووناکیم و، وا سەوزیشە مۆسیقا. ئەجووڵێم و، بە ئاگام و، کەچی لەناو خەویشدا: بووم بە ئاسۆی، ناو سایەقەو، 'گەلاوێژ' لە باوەشما. *** ئەو باڵایە، باڵای تیشکە؟ یاخود باڵای قەسیدە؟ ئەو قۆڵانە، قۆڵی کچن؟ ! یاخود قۆڵی گۆرانیی؟ . ئەی من ئەمشەو، ئاگر خۆیم؟ ، یاخود هەڵمی سەر ئاگر؟ . فڕین خۆیم؟ ، عەشق خۆیم؟ ، یان دڵداری باڵندە؟ . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم من ژمارەی تەلەفۆنی نیشتمانم لە دۆستێکی نزیکی خۆی وەرگرت وتم بزانم چی ئەکات؟ دەم و چاوی نەگۆڕاوە قسەکانی نەگۆڕاوە لەو وەختەوە من نەمدیوە سەری هەر سەری جارانە ژمارەکەی ڕێزێ سفری دوور و درێژی نەگریس و بێزارکەر بوون چەند جار، چەند جار ئەو هەموو سفرانەم لێدا بۆ جارێکیش نیشتمان خۆی هەڵینەگرت یەک دووجارێ گردە گڕوێیەکی سکرتێری دەنگ ناخۆشی لەخۆبایی و تووڕە و تڕوێ ئەهاتە سەر خەت و ئەیوت: ئێستا نیشتمان ماندووە و ئەوەندەیش نابێ نووستووە و یا خود ئەیوت: نیشتمان چووە بۆ سەفەر بەو زووانەش ناگەڕێتەوە جارێکی تریش پێی وتم: نیشتمان تۆزێ نەخۆشە و قوڕگی دێشێ و پاڵکەوتووە و دوکتۆر وتوێتی نابێ زۆر قسە بکا من لە دڵی خۆمدا وتم یاخوا ئەو دەنگە دەرنەیە و بەڵکوو ڕێژەی درۆ کردن بم مێژووە هەڵەوەڕەدا کم بێتەوە! ئا بەو جۆرە ئێستە و ئەوسایش من نەمتوان بۆ چرکەیەک، بۆ خولەکێک قسە لەگەڵ ئەو نیشتمانە پیرۆزەی باوکما بکەم! لە ئیستەدا من و نیشتمان لە یەکتری دابڕاوین لە یەکتری جوێ بووینەتەوە. وەک دابڕانی دەربەندێ لە چیایەک. وەک جیابوونەوەی نێوانی شاخ و داخێ بە خەرەندی. لە ئیستادا من و نیشتمان تەواو تەواو لە یەکتری دابڕاوین. لە ڕۆحەوە دابڕاوین. لە لەشەوە دوو کەرت بووین و بە یەکتری ناگەینەوە. بووین بە دوو لای پردێکی ناوقەد داڕووخاو. من کەوتوومەتە ناو دۆڵی بیرچوونەوەی ڕۆژژمێرێکی ئەوەوەو ئەویش بەو ئاسمانەوە تەکەی دێ و هەر خۆی لەگەڵ خۆیدا ئەدوێ! باخێکی ڕاپەڕین وتی: ئەو نیشتمانەیان گوزەشت کە ڕۆژ نەبوو یەکتریمان تیا نەدیایە. کە ڕۆژ نەبوو من ماچێکم نەکردایە کە ڕۆژ نەبوو بەیانیان زوو چەپکێ گوڵم بۆ سەر مێزە بێگەردەکەی نەبردایە. خونچەیەکی زیقاوڵە ئەویش وتی: ئەو نیشتمانەیان گوزەشت وەکو ئەڵێن. ئەگەر ڕۆژێ کانییەکی خۆی نەدیایە ئەبوو بە باخی تەم گرتوو ئەبوو بە دەشتی بێتاقەت. ئەو نیشتمانەیان گوزەشت -من نەمدیبوو- وەکو ئەڵێن: کە هێشتا فێری درۆو دەلەسەو قاچاغچێتی سەر سنوورەکان نەببوو فێری بەرتیل وەرگرتن و گۆڕینەوەی خوێن بە چەک و فێری چنینی دێوجامەی دیبلۆماسی و سەمای ورچ و مەیمون ئاسای ناو کۆنگرەکان نەبووبوو. ساڕستەیەکی کۆنیشم هاتە قسە و خۆی تەواو کرد: ئەو نیشتمانەیان گوزەشت گوزەشت وەکوو تێپەڕینی خەونی شینی ئەستێرەیەک لە ئاسۆیەکی سپیدا گوزەشت... گوزەشت دوای (ئەو) ئیتر نیشتمانێ لەدایک بوو هەموو ڕۆژێ نەمانبینی تۆڵە لە دۆزەخی ئەودا گەورە و گەورە و گەورە ئەبوو! چیا چیای ئەخەسان و (وەلێ ئەوەی نەخسێنرا ئەسپی دیرۆکی تۆڵە بوو) ئەم شار ئەو شاری ڕاو ئەنا و (بەڵام ئەوەی قەت ڕاو نەنرا کۆشک و تەلار و غەزنە بوو) جادە جادەی کۆت ئەکرد و (بەڵام ئەوەی قەت کۆت نەکرا دیلیی خۆی بوو) قەڵەم قەڵەمی ئەفڕان و (وەلێ ئەوەی قەت نەفڕێنڕا فەرمانەکانی مردن بوو؟ ) وشە وشەی ئەخنکان و (بەڵام ئەوەی نەخنکێنرا و سێدارە بوو) کۆڵان کۆڵانی سەر ئەبڕی و (بەڵام ئەوەی سەرنەبڕا شمشێر خۆی بوو) ئەو ماڵ و ئەو ماڵی ئەتک ئەکرد! (ئەوەی هەرگیز ئەتکیش نەکرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرەفی تاوان و چەک و سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری شەرەفی تاوان و چەک و جبەخانەی ئەو جەنگە بوو) من لە وڵاتی بێ وڵاتدا لەدایک بووم لە دووکەڵدا چاوم پشکووت لە دەست ڕێژدا گوێچکەکانم کرانەوە بە دەم زریکەوە پێم گرت هەرزەکاریم وەک ئاوی ترساو ئەرۆیشت و وەک گوڵێکی نادڵنیا شەوان ئەنووست. ئەوەی یەکەمجار بەیانیان ئەیوت: ڕۆژباش برسێتیی بوو ئەوەی یەکەم جار شەوانیش ئەیوت شەوباش ترس و بیم بوو! ئەو ساڵانە لە دەفتەرە بچکۆلەکەی مندا ژیان بریتی بوو لە )با(یەکی تەپ و تۆزاوی و لە خەوبینینی خۆڵاوی و لە پەنگ خواردنەوەی تەنیایی لە یەک ژوورداو. لە دەرەوەیش لە جەنگی نێوان مەچەک و پەنجەکانی شاخەکاندا مێژوومان دارەمەیتێکی خوێناوی ئەبەدی بوو. هەر لەو گەڕەکەی ئێمەدا پەنجەرە پەنجەرەی ئەکوشت. درەخت درەختی ڕاوئەنا. گەڕەک ئەبوو بە سیخوڕو هەنگاوی ڕێبواری ئەژمارد. ڕەنگ ڕاپۆرتی لە ڕەنگ ئەدا. گوڵدانەکان یەکترییان وێران ئەکرد. من نیشتمانی پیرۆزم وەها بینی و وەها ناسی. لە دەفتەرە بچکۆلەکەی مندا. ناوی حزب و دووکەڵ و چەتەو ڕەنگی مردن و قوربانیی تێکەڵ بووبوون. لە یەک جوێ نەئەکرانەوە. دوو سێ جاریش خودا بۆ خۆی کەوتە بەینی ئەو تەورە دەم تیژانەوەو بەڵام دوایی لەو سەرەوە ئەویش بە دەستی بەتاڵ و نائومێدی گەڕایەوە. لەو دەمەدا کە نیشتمان هێشتا جوان بوو. ئەو بەردەی لەسەر ئازادیی کانیاوێ دەستی چەپی خۆی دانابوو. ئەمجارەیان کە هاتەوە، بە دەستی ڕاست دزی لە گۆمەکان ئەکرد. ئەو دارگوێزە جەنگاوەرەی لەناو دەربەندێکی تەنگدا، شوێن مردن کەوت و ملی گرت، کێ نەیبینی کە وەختێکیش گەڕایەوە لە بەردەمی بانکەکاندا بە هەزار پەل خۆی بائەداو سەمای ئەکرد! ئەو پڵنگەی کە یەکەم ڕۆژ خۆیکرد بە ناو مەرگە سوورەکەی ئێرەدا. لە کراسێکی خەت خەتی ڕەش و سپی بەری خۆی و لە جووتێ پێڵاوی لاستیک بەولاوەتر، هیچی نەبوو، ئەوا ئەمڕۆیش پێڵاوی لاستیک زێڕینەو ئەوا ئیستەیش ڕووبار ئەکڕێ و شاخ ئەفرۆشێ و ئەیەوێ دەریاچە قووتداو تەماعی کردۆتە مانگ و داوا ئەکا بۆی دابەزێ! ' ئەم کاتەت باش! من ناوم 'ڕیشۆڵە'یە لە دەمێکەوە لەو شاخ و داخانە تەتەری هەڵۆو بازە نێرەکان و نامەبەری نێوان شەقامەکانی شارو کێوەکان بووم. ئەوەندە هاتم و چووم. هەتا باڵەکانم سواو کەسیرە بووم. وا ئیستەیش گەڕاومەتەوە شارو نە هەڵۆی پیرو نە هەڵۆی گەنج و کەس هیچ کەس منیان هەر لەبیر نەماوە کەس هیچ کەس تەماشاکە! چش لە باڵم بەڵام وا خەریکە ڕسوا ڕسوا لەم سەقفی ناو گەراجەدا لە برساندا بۆ خۆم بمرم! لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم. ئەو ئەلبوومەی ئەوسا ئێوە دیوتانە. من نەمدیوە. من ناتوانم باوکێکم خۆشبوێ. تاقە یەک زەردەخەنەی بۆ نەگرتبم. بە منداڵیش یەک نوقڵی نەخستبێتە گیرفانمەوە. یەک جار لەگەڵ خۆیدا نەیگێڕابم. سواری چەرک و فەلەقێکی نەکردبم. میزەڵڵانێکی بۆ نەکڕیبم. شەو بەر لە نووستن حیکایەتێکی بێ کەڵبەی بۆ نەکردبم. من ناتوانم مێژوویەکم خۆشبوێ هەر بۆنی بۆ کڕووزی پرچ و جەستەی ژنی لێبێ. ناتوانم ئاوێنەیەکم خۆشبوێ بچمە بەری کە شەوو ڕۆژ ئەلبوومەکانی خوێن و تۆڵەم نیشانبدات. ناتوانم باوکێکم خۆشبوێ لە پێناوی ڕابوردوودا بژی و بمرێ. من ناتوانم نا. ناتوانم! من ئیستا نیشتمانی خۆم دۆزیوەتەوە نیشتمانی تازەی من کچێکە لە نیشتمانە پیرو عەبوسەکەی ئێوە ناچێت. بۆ ئاو ئەڵێن ڕوونترین ئاو لە چاوەکانی ئەودایە. بۆ درەخت و بۆ گیاو گوڵ و زنویر ئەڵێن هەمووی لە جەستەو لە باڵاو لە شان و مل و گەردن و نێوان مەمانی ئەودایە. من ئیتر نامەوێ لەو نیشتمانە بێ خەونەی ئێوەدا بژیم. من ئەمەوێ بچمە ناو گەردوونی ڕەنگاڵەیی ئەو کچەوە. ئەو سیحرەوە، لەوێدا خەو ببینم. لەناو ئەودا شیعر بنووسم. لەناو ئەودا بخوێنمەوەو هەر لەناو ئەویشدا پیاسە بە کەنارەکانی دڵنیاییدا بکەم. لەودا پاڵ بکەوم و چاو ببڕمە بارینی بەفرو پەپوولە پێکەوە. دەست لە خۆشەویستیی بدەم و بۆنی بکەم. ئەمەوێ بچمە ناو قۆزاخەی ئاشتییەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەوێدا بژیم و بمرم. سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری لەوێدا بژیم و بمرم. بێزار بێزار بێزار بووم. لەو هەموو تیغەی سەربڕین. لەو هەموو ڕەشەبای ڕقە. لەو هەموو دارستانی تۆڵەیە. بێزارم بێزار لەو هەموو حیکایەتە ژەنگ گرتووانەی کە هەر لە منداڵییەوە گوێیان تەفرەدام. چاویان لێ دزیم و هەستیان بە سڕبوون سپاردم! *** من چیم ئەویست لە نیشتمان جگە لەوەی کە نانێک و کە کونجێکی دڵنیایی و گیرفانێکی بەحورمەت و مشتێ هەتاوی ئارام و بارانێکی خۆشەویستیی و پەنجەرەیەکی کراوەی سەر ئازادی و عەشقم باتێ. من چیم ئەویست لەوە زیاترو نەیدامێ! بۆیە ئیتر نیوە شەوێ دەروازەکەیم شکاندو چوومە دەرێ بە ئێجگاری چوومە دەرێ! *** ئێوارەیەو لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم نیشتمانی کۆن خەریکە دابچێت و ئاوا ببێ تۆزێکی تر نیشتمانە تازەکەی خۆم 'ڕۆزانا' هەڵدێ و پێکەوە وەک دوو پرسیاری نێرو مێی تازەو تینوو کەڵەگەتتر لە دروشم و لە منارەو چون )با(ی بێباک لە دیوارو لە جوگرافیای حەرام و دیرۆکی ترس. هەر دوو بە جووت قۆڵ لە قۆڵی یەکتریدا گوڵ بە دەم و هەتاو لە چاو سەر بەرەو ژوور ئەبینەوە بۆ ئەو باخچەی عەشق و خەونەی نە زەرد ئەبێ و نە پیر ئەبێ و نە ئەیشمرێ! __ ++++++++++++++++++++++