شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ئێستا کچێک نیشتمانمە سەرناو: خەم مەخۆ منت هەم سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری خەم مەخۆ منت هەم من ئیستە لێرە هەمیشە لە پرسە دام پرسەی گوڵەگەنم پرسەی ئاو پرسەی دارستان وەلێ هەمووجارێکیش هەتاوێکی ڕاسپاردە لە لای ئایندەوە دێت و دەس ئەکاتە ملم و دڵنەواییم ئەکات و پێم ئەڵێ خەم مەخۆ هەروا تا هەوا تاریک بوو لێوبەبار نابی خەم مەخۆ منت هەم لە ماڵەوە ڕۆژێ سفرەکەمان وتی: 'لە نێو ئێمەشا بەختەکان لە یەکتر جیان! تیامانایە و گەلێ زۆرن ئەو سفرانەی هەتیوبار و بێوەژنن و تەنها جارێک 'سەری خۆیان' نەدیوە پڕ بێ لە قاپی سک بەختەوەر! ' بیرم نایە نانێکی من لە دڵەوە پێکەنی بێ و کەوچکێکم وتبێتی: 'وا تێرم خوارد! ' لەسەر جادەی سەهۆڵەکە ڕاوەستاوم سەرنج لە سی-دییەکە ئەیەم لەسەر بەرگەکەی نیشتیمان خۆی ئەبینم لە بەردەم شاخێکی بەرزا ڕاوەستاوە وەکوو شەپقە هەورێکی کردووەتە سەری و پێئەکەنێ و بە دوو پەنجەیش نیشانەی (V) درووست ئەکا و بە فیزەوە نیشانی خوا و خەڵکی ئەدا ئەی نیشتمانی یەک ڕەنگ و ئەی نیشتمانی یەک دەنگ و جێگیر لەناو ڕەش و سپی و گرژ و مۆنیش لە ئاوێکی ڕاوەستاودا! ئەم سروودە وەکوو پارەی قەڵب ناچێ! هیچ کەسێک و هیچ دووکان و هیچ بازارێ و هیچ عەقڵێک و هیچ گوێچکەیەکی بێزاری ئەم سەردەمە لێم وەرناگرێ! ئەم سروودە هەر بۆنی قەڵای دمدم و ئەسپەکانی دوانزە سوارە و بۆنی کەوای پاسا کۆرە و بۆنی تۆپەکەی وەستا ڕەجەب و بۆنی کەڕووی سەدەکانی ناوەڕاست و بۆنی قلیانی باپیر و بۆنی ئەشکەوتەکەی هەزار مێردی لێدێ! من ئەزانم ئەم سیدییە هیچ هەتاوێکی سبەینێ خۆشی ناوێ! (هەرگیز... هەرگیز ناو سکی کاکی بە کاکی و خاڵی و بەتاڵ وشەی سروود و بانگەشەی تیا شین نابێ! سروود نە جێگەی قەمسەڵە و شیعر نە جێگەی بەتانی و ئاگردانێ ناگرنەوە. وتار ناکرێ بە ڕاخەر و مانشێتی هیچ ڕۆژنامەیەک ناکرێ بە پاڵتۆ و ملپێچ و کام خوتبەی گەرم و گوڕ هەیە ئاگرێ بۆ پەنجەی تەزیوی منداڵێکی ناو بەفرانبار ناکاتەوە! ) من ئەم سروودە چی لێ بکەم؟ ! نە ئەتوانم بیدەم بە قاتێکی لەنگە؟ نە ئەتوانم بیدەم بە جووتێ پێڵاوی تازە؟ ! لەباتی کرێی یەک ڕۆژیش خاوەن ماڵیش لێم وەرناگرێ! ئەم قسانە نە ئەتوانم وردی کەمەوە بۆ پاس و نە شەربەتێکی مێوژی پێ ئەکڕدرێ و نە سەلکێ سابوونی ڕەقی بۆ دایکم و نە بە دەم ڕێوە خواردنی سەندویچ و هامبۆرگەرێ؟ ! گەر وایش نەبێ ئەم سروودە زۆر پیر بووە پیر پیر پیر چقەی مێژووی دەرکردووە و ڕۆحی گەنجم لەو ناگات و لەم لەشەدا یەک دەماری خۆشەویستیی نابزوێنێ! من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە بەم هاوینە قاڵبێکە لە سەهۆڵی چاوەڕوانی و دڵۆپ دڵۆپ ئەتوێتەوە. من گەنجێتیم لەسەر جادەی سەهۆڵەکە وەکوو پشیلەی بۆنکەری بەردەم دەرگای ڕستۆرانت و ++++++++++++++++++++++