شاعیر: شێرکۆ بێکەس کتێب: ئێستا کچێک نیشتمانمە سەرناو: وا هات عاشقان! وا خۆی هات سەبارەت: نووسین: ئاسۆ پیری وا هات عاشقان! وا خۆی هات بە پۆشاکی گەڵاڕێزانەوە وا هات! بە نۆزدە ساڵی زەردەوە بە نۆزدە چرای تاریک و بە نۆزدە زامی سەوزەوە لەگەڵ پەپوولە پاییزەی غەریباندا بەڕێوەیە و دێ بۆ لاتان! تکام وایە وەختێ گەیشتە بەردەمتان تکام وایە لە ناو ئاسمانی بیستنا باڵندەی گوێتانی بەنێ! لە چاوتانا تەماشاتان گەش گەش هەڵکەن دەسکەن بە سینەی خۆتانا و لەگەڵ ماچی دیمانەدا سێوی دڵتانی بۆ هەڵدەن! ئەو قەسیدەی بای وەشتێکی برینداری سەر شەقام و ناو ماڵەکانی خۆتانە 'با'یەکی ئێجگار دڵشکاو بارانێکی نائۆمێد و کتێبێکی بێزار لە زمانی خۆی و ئەمە حیکایەتی غەدر و شانۆنامەی ئاخاوتنی جووڵەی جەستە و دەست و پەنجەی یەک بە یەکی هەمووتانە وا هات عاشقان! وا خۆی هات ئەم عاشقە لەگەڵ خۆیا نیشتیمانی گوڵ و سووتوی هەڵگرتووە و لەگەڵ خۆیدا دیرۆکێکی قوربانیتان بۆ دێنێتە ئەم هۆڵەوە وا هات عاشقان! وا خۆی هات من 'کامەران'م یەکەم درۆی نووساو و بەرجەستە بە خۆمەوە ناوەکەمە! هەر وەک ئەوەی 'دڕدۆنگ' ناوی 'دڵنیا' بێ و 'قاقر'یش ناوی 'دارستان'! دیسانەوە وەکوو دوێنێ و وەکوو پێرێ و پار و پێرار ڕۆژێکی تری سواومە و دیسانەوە هەر خۆم سوغرەکێشی خۆمم و بێواز بێواز پاڵنان بە بێزاریمەوە بەردەوامە دەمەو عەسرە و چون چڕ و چاوی نیشتیمان هەوا گرژە گەڕەک مۆنە و چەند 'هەزار'ێکی چرچ و لۆچ لە گیرفانی پانتۆڵێکی غەمگینمایە و ئەڵێی پشیلەی بەر گەرمای بێتاقەتم خاو و خلیچک لە ماڵەوە ئەچمە دەرێ ڕۆژی سواو نە چرکەی لە خولەکی گیر ئەبێ و نە خولەکی لە سەعات و نە هیچ شتێکی پێوە بەند ئەبێ و نە هیچ شتێکیش هەرگیز ئەتوانێ توندی بکاتەوە! مانەوەیێکی بێهوودە و سووڕانەوەیێکی بێهوودە و ونبوون لە ناو بۆشاییدا لەم ڕۆژژمێرەی ئێستەدا سەعات له ڕۆژ هەفته له مانگ مانگیش له ساڵ وەڕس بووه من له خۆما له ناو خۆما ڕەنگم له ڕەنگم بێزارە و دەنگم له بوونم بێزارە هەر لەم کۆڵانەی ئێمەدا دەرگا لە چوارچێوەی خۆی و شووشە لە پەنجەرەی خۆی و سیلەی کۆڵان لە کۆڵان و کۆڵان لە دەر و دیوار بێزارە بێتاقەتی لەتەکمایە و هەنگاو ئەنێ یان سێبەرمە یان هاوڕێ وەختێ ئەگەمە ناو شاریش سەرنج ئەدەم شۆستە لە شەقامی خۆی و وشە لە زمانی خۆی و نهۆم لە تەلاری خۆی و دوکان لە جامخانەی خۆی و هەموو شتێ لە شتێکی خۆی بێزارە لە ناو منا بێزاری هێند چڕبۆتەوە خۆم ئەبینم بێشەڵانم و گەڕاڵێکی ناو زماکم و تاڵێ هەتاو ناگاتە لام من بە تەنها هەر تەماشای پەرت و پەرشی پایزانە و دوو دەستی پەنجە پەژموردە و دوو قاچی لە لەش وەڕسی سەر شەقامی ئێوارانێکی دووبارەی هەتا شەوی جادەی سەهۆڵەکەم هەیە و هیچی تر نە ئەوەی هەموو ڕۆژ لای من کورت و کورتتر ئەبێتەوە هەر ژیانە ئەوەی بەردەوامیش درێژ درێژ ئەبێتەوە سێبەری ژان و زیگاری خەمەکانە لەم نەخشەیەدا بێزاری زەلکاوێکە و هەموو ڕۆژێ چەندین کەڕەت سەرمانی تیا نوقم ئەکەن هەموو ڕۆژێ من ئەپرسم لە چی ئەچم! ؟ چێشتی ترشاو! ؟ تەنەکەی خۆڵ! ؟ زێرابی ماڵ! ؟ لە چی ئەچم! ؟ لە ئێستەدا وا هەست دەکەم من خۆڵ و پووش و پەڵاشی وەرزی نامۆیی خۆمم و ئاوێنەیێکی شکاوی ورد و خاشی بێهوودەیی و تەنیاییم و نیشتیمانیش وا ئەبینم بووە بە گسکێکی گەورە و هەموو ڕۆژێ لەبەر دەمی مێژوویەکی بی دەربەستدا گسکەم ئەیا من گەنجێتیم ئەوەندە بێ ڕێز کراوە لە خەونیشا خۆم ئەبینم یان بووم بە تەیرێکی گول و یاخود بە مێش وەڕسبوون چییە! ؟ دڵێکە لەشی خۆی ئافەرۆز کردووە یان مەلێکە هەموو ئاسمان لەبەر دەمیا بە قەد سەقفی قەفەسێکە لەم ڕۆژژمێرەی ئێستەدا بە هەر شوێنێکا تێپەڕم بێزاری تارماییێکە و لەپڕێکا پەیدا ئەبێ و لەبەر دەمما ڕائەوەستێ ++++++++++++++++++++++