شاعیر: جەلال مەلەکشا کتێب: شیعرەکان سەرناو: ئاوات سەبارەت: نووسین: محەمەد سەڵاح لێت پرسیوم چۆنم لەم بەندیخانە خەم دەخۆم و ئازار دەچێژم گیانە ئازاری ئەم گۆڕیچکە نەیبەزاندووم لە حەژمەتی فەراقی تۆیە ماندووم بۆ هەر لایێ ئەسپی خەیاڵ دەئاژۆم هەر ڕوو لە تۆ دەکا دڵەی خەماژۆم پەریی چاوی تۆ دەستی لێ وەشاندووم شێتی کردووم و تۆی لە دڵ نەخشاندووم هەر چەندە من هەڵۆی ئەشکەستە باڵم هێشتا بەسەر ئاقاری خۆما زاڵم وەک قەندیل و هەڵگورد و پیرەمەگروون سەری بەرزم دانانوێ بۆ گەردوون لەوەتی تۆ بووی بە یار و گراوم بە زنجیری ئەوین شەتەک دراوم ئەی کەنیشکە جوانەکەی خوای دڵداری شاکاری پڕ لە نەخش و وردەکاری زامی ناسۆری ئەم دڵە خەم ڕێژە بە هەتوانی ماچێکی تۆ ساڕێژە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەزەڵی فیراق سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا ئەگەر چی زەخمی دڵ ناسۆرە قەد داوای دەوا ناکەم بە داوی شیوەن و ناڵین مەگەر دولبەر بە داوا کەم نەماوە باوی عیشق و ناوی دڵ، بازاڕی دڵداری سەری خوم هەڵگرم دەرچم بڕۆم و ڕوو لە سەحرا کەم ئەوندەی دڵشکاندم یاری دڵڕەق شەرتە وەک مەجنوون لەمەولا روو لە قیبلەی کەعبەتۆلعوششاقی لەیلا کەم غوبار و تۆزی ئاوێنە بە ئاوی روون نەبێ ناچێ مەگەر من هەر بە مەی فیکرێ بە حاڵی رۆحی شەیدا کەم وتی زاهید: کە پەیمانە بە بەردی تۆبە بشکێنە بڵا بمرێ ڕەقیبی سەگ سفەت من کاری وا ناکام دەڕۆم، ئەم کافرستانە بە جێ دێڵم، خودا بیکا لە شاری عاشقاندا دەلبەرێکی تازە پەیدا کەم لە سەر رێبازی خوێنی حەزرەتی پەروانە چەن خۆشە بە هێزی ئاوری شەم شوڕشێ مەستانە بەرپا کەم فەراقی تۆیە تەقدیرم، هەتا رۆژی حەشر گیانە مەگەر تا نەفخی سووری عاشقان هەر شین و واوا کەم بە ماچێ ئاوری دڵ رەنگە دامرکێ بەڵام هەرگیز لە رێی ئیشقا ئەگەر بمرم تەقازای ناڕەوا ناکەم غەزەل بەر تەسکە بۆ هاواری عاشق خۆزگە ئەمتوانی لە هیجران و فیراقی گوڵ فوغانێ بولبول ئاسا کەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەری شیعر سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا بارانێکی لێڵ دەبارێ لەبەر دەرکەی هەڵبەستێکا راوەستاوم دڵم پڕيه له هەنسک و چاوم تەژی پرمەی گريان پەری! دەرکەم لێ كەرەوە خەم خەريكه دڵم ئەخوات، پێدەكەنی هاكا له بەر دەركەكەتا سينگی شەق بێ گوڵ خەندەران! پەری؛ دەرکەم لێ كەرەوە دڵم تەنگه دەخيلت بم گۆری بێدەنگی تاريكه وەرە له ناو باخچەی دڵما بچريكێنه به بێ قام و حەيران دەمرم! هاوار نەكەم ئەم ئازاره دەمخنكێنێ پەری! وەک هەور بگرمێنه سينگه شەقارەكەم تەڕ كه سۆزی دڵم دامركێنه پەری! ئيمشەو دا نەباریي ئاگر ئەگرم تۆ خوا پەری! لێم مەتوره بۆ تۆ پشتم له دنيا كرد بووم به شاعير، خۆم ريسوا كرد ئەمزانی تۆ تۆفانێکی بێ ئامانی دەريايەكه بێ بەنده ر و خرۆشانی من ئەمزانێ هەزاران دڵ له تەنورەی تۆفانی تۆدا خنكاوه من ئەمزانی تو ئاگری گیانی هەزاران پەپووله بۆ گەیشتن به سەرچاوکەی تیشکی رووخسارت سووتاوه! بەڵام هاتم خۆشەویستی تۆم کرده رێی هات ونەهات وەک شەپۆلێکی نائارام رووم کرده بەحری کارەسات پەری! دەرکەم لێ کەرەوه بارانێکی لێڵ دەباری ئیمشەو هاتووم.... . خەمەکانم له باوشتا بتوێنمەوه تەمەنێکه رێگا دەبڕم کەوشی پۆڵام داڕزاوه گوچانی ئاسنم شکاوه توێشەم خاڵی، رۆحم تەنیا خۆم غەریب و دڵم هێلانەی باڵندەی هەزار ئاواتی سووتاوه! پەری! دەرکەم لێ کەرەوه ئەوناقم کرد! رۆحم وێنەی چولەکەی بەر لێزمەی باران هەڵدەلەرزێ له بەر دەرکەی ماڵەکەتا راوەستاوم بارانێکی لێڵ دەبارێ شەو درەنگه! دڵ خاوێره رۆحی تەنیام به شەپۆلی خۆت بسپێره وەره بۆ ناو هەستی ئاڵۆز و شێواوم ئەی فریشته، ئەی شیعری جوانی دڵداری! ئیمشەو هاتووم به هاواری خوێن و فرمێسک بتهۆنمەوه ئەی دوایین نرکەی رزگاری! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوێنە سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا کاتێ لە نێو ئاوێنەدا روخساری خۆی تەماشا کرد بەو تاوانەی ئەهریمەنی نیشان دەدا ئاوێنەکەی ورد و خاش کرد ئاوێنەکە بوو بە سەد لەت ئەم ڕاچەنی سەد ئەهریمەن لە نێو لەتە ئاوێنەدا پێ دەکەنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەرده هاتن سەبارەت: (ساڵی ٦٠) - نووسین: حەمەی لەیلا هاوارم کرد: له خەو رابن جەرده دڵی شاری کرۆژی گوێتان نەدا چاوتان له ناو شەوارەدا پتر قووچان گوانی شەوتان له دەم نابوو شیری تاریکیتان ئەمژی! جەردە هاتن، جەرده هاتن! گەنجینەکانیان تاڵان کرد خوێیان کرده رووبارەکان ئێسک و پرووسکی شاریان شکان! له ژێر تەوژمی پۆستاڵا هەناسەیان له نێو سینگتانا حەپسان تەنانەت ئاخ... دەفری شەویان له ئەستێره و مانگ داتەکان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم وەک هێلانەی باڵندەی ئازاره سەبارەت: (بانەمەڕ ٧١) - نووسین: حەمەی لەیلا دڵم وەک هێلانەی باڵندەی ئازاره تیایا هەر ناڵه و جریوه و هاواره دڵم وەک شمشاڵی شوانێکی بێ ناوه له چیای خەمێکی گەردەنکەش گیرساوه ئەم دڵه، ئەم پله گۆشته پڕ له رازه نازانم بۆ لەگەڵ شادیا ناسازه خەم نەبێ دنیایەک ناتوانێ بیدوێنێ پاوانه و غەریبه شەقڵەکەی ناشکێنێ ئەم دڵه، ئەم کۆنه شمشاڵه پڕسۆزه هێلانەی خەماژۆی عەشقێکی پیرۆزه گیرۆدەی ئەوینه لێگەڕێن با تەنیا پڕ بکات له هاوار سەرانسەر ئەم دنیا ئەم دله ئەونده کەوتوته بەر پەلار کون کونه به نیشی خەنجەری رۆزگار به قامکی خەم نەبی هەرگیز ئەم شمشاڵه بەستەیەک نابێژی ناخرۆشێ به ناڵه ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ وڵات سەبارەت: ساڵی ١٣٦٥ هەتاوی - نووسین: حەمەی لەیلا چڵ ساڵە من تەرمی خۆمم لە کۆڵ ناوە دەیگێڕم و ئەشک ئەڕێژم رێگەی دووری تەمەن ئەبڕم بستێ خاکم دەس ناکەوێ ئەم جەستە پڕ لە ئازارەی تیا بنێژم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردستانم بۆ بێنەوه سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا که خۆم ناسی وتم: دایه ئەمن کێم و چیم؟ خەڵکی کام شار کام وڵاتی سەر زەویم؟ وتی رۆڵه: تۆ کوردی و دیل و هەژاری نیشتیمانت کوردستانه به لام ناوی نیشتیمانت له سەر نەخشەی جوگرافیایی جیهان نییه بێ نیشانه وتم: دایە باوکم کوانێ؟ بۆچی هەرگیز دەستی حەزی نەگووشیوم؟ بە کام تاوان من هەتیوم؟ وتی: ڕۆڵە ڕۆژێ کاتێ داگیرکەران شاریان سووتاند تفەنگی مافی کردە شان ڕووی کردە ئاسۆی سەربەستی لێزمەی خوێنی گەشی لەشی بە سەر لێوی خاکا پژاند وتم: دایە ئەی براکەم؟ شەپۆلی خەم ئاوی ماتەم گۆمی چاوی پڕ کرد لە ئەستێرەی فرمێسک وتی: ڕۆڵە لە کازیوەی وەرزی ڕەشا لاشەیان کردە نیشانە سەری کاسی خەمەکانی بردە ژێر خاک گیانی پاکی کردە فیدای، سەربەستی ئەو کوردستانە وتم: دایە ئەی من چ بکەم هەستا سەر پێ تفەنگێکی بڕنۆ کورتی بزمار ڕێژی دایە دەستم وتی: ڕۆڵە هەی هۆی ئاوات و مەبەستم دەیان ساڵە لە چوار لاوە کوردستان دیل و یەخسیرە دەست و پێی زەنجیر کراوە ڕێبازی خوێن بگرەو و بڕۆ دۆعای گەلی چەوساوەی کورد لە پشتی تۆ سنوورەکان بشێوێنە کوردستانم بۆ بێنەوە با بە دەوریا بسووڕمەوە کوردستانم بۆ بێنەوە با دانیشم لەتە لەتە وڵاتەکەم بدورمەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گلەیی سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا شيعرەكانم بوون بە گۆڵ و كەنيشكەكانی ئەم شاره چەپک چەپک كرديان به هەديەی دڵداری بەڵام هەرگيز كچێ نەهات بڵێ جەلال: ئەی خۆت بۆ هێندە غەمباری؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: توڕەیی سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا لێتان تووڕەم لەگەڵتانا يەک رەنگ ژيام به شاديتان شاد ئەبووم و له ماتەمتانا ئەگريام بەڵام کاتێ قۆڵپەی گريان ئەوکی هەنسکی پێگرتم ئێوه کرتان به شايلۆغان ١ ئێستاش دڵه ساکارەکەم نه گۆڕاوه هه ر وەک دڵەکەی جارانه هەر چەند توورەم پڕ له خۆشەويستيتانه ١. شایلۆغان: هەڵپەڕکێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعر سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا شیعر که‌ هات دڵیش ئیتر ئۆقره‌ ناگرێ، ئه‌یدرکێنێ پۆلیس بۆنی پێوه‌ ئه‌کا بۆنی ئازادی لێوه‌بێ هه‌رده‌ست به‌جێ ئه‌یخنکێنێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سزای دڵداری سەبارەت: ٧/٨/٦٤ - نووسین: حەمەی لەیلا زات ناکەم رازی دڵ بدرکێنم سەگی ئەم شاره لانگیره، بۆنی دڵ و دەم ئەکا سەگی ئەم شاره نەک تەنیا گۆشت و ئێسک و خوێنی دڵ تەنانەت شیعر و گۆرانی ئەخوا زات ناکەم بڵێم چەندم خۆش ئەوێی زیتەی چاوی گورگ لەم گورگه ناوه زات ئەتۆقێنێ له سەرانسەر ئەم وەرزه تاڵ و زەرد و ژاکاوه بۆ حەشاردانی گوڵی هەستی خۆم شک نابەم شوێنێ زات ناکەم رازی دڵ بدرکێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نازانم چۆن بپەڕمەوە سەبارەت: هەولێر - ٧/٥/٢٠٠٠ - نووسین: حەمەی لەیلا نازانم چۆن بپەڕمەوە شەوە زەنگه بووار نييه تا چاو بڕكا له هەر لاوه هەر هەڵدێر و دارەبەنه رێگا بەرتەسك و باريكە ئەگەر هاتي لەگەڵ خۆتا چەند هێشو ئەستێره بێنه لێره شەوه و ئاسمان هەميشه تاريكه. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ره‌جمم بكه‌ن، تاوانبارم سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا ره‌جمم بكه‌ن، تاوانبارم سه‌رم بكه‌ن به‌بنچینه‌ی مناره‌تان وه‌رن بمكه‌ن به‌حه‌ڵلاجێ بۆ سه‌مای سه‌ر قه‌ناره‌تان تاقه‌ شیعرێكم ناتوانن ده‌سته‌مۆكه‌ن له‌گێژه‌نی هه‌ستی خۆمدا نوقمه‌سارم! ببن به‌خوا تووڕتان ده‌ده‌م خوای ئێوه‌ ناپه‌رستم نابم به‌به‌رد سه‌ری خه‌ڵكم پێ بشكێنن نابم به‌دار بۆ فه‌لاقه‌ چقڵی ئێوه‌ قه‌ت ناڕوێ له‌ناو بێستانی سه‌د ته‌رزم بۆ ئێوه‌ قه‌ت لینی نابێ خامه‌ی ره‌نگینی سه‌ربه‌رزم سه‌ختم وێنه‌ی پۆڵاو ئاسن شه‌پۆلێكی شێت و یاخیم خه‌وی به‌نده‌ر ئه‌شێوێنم دیلم ده‌كه‌ن هانێ ده‌ستم ئه‌وه‌ش گه‌ردن هه‌ڵمواسن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ ئێعدامی سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا وتیان: تاوانی ئێعدامی گەچڵاندنی خه‌وی شاره سزای ئه‌وه‌ش له قانوونی ئه‌ساسیدا بۆ چاوترسێن خه‌ڵکی، داره! وتیان: تاوانی ئێعدامی ورووژانی بورکانه دامرکاوه‌کان بۆ ته‌کان بوومه‌له‌رزه و ئاژاوه‌یه هێنانه‌وه‌ی ده‌نگی کوێستان بۆ شڵه‌ژانی ئاسایشی ئه‌م وڵاته رازاوه‌یه نیوه‌شه‌و بوو له گۆڕه‌پانی شارێکا جه‌لاده‌کان, داریان هه‌ڵخست جاڕیان کێشا ئه‌وه‌ی ویستیان به ته‌شیه کۆنه‌که‌ی خۆیان بۆ خه‌ڵکیان رست نیوه‌شه‌و بوو له قاوشی زیندانێکا ئێعدامیه تاوانباره‌که بیری له کازیوه ئه‌کرد له ژوورێکی پڕ خه‌یاڵی شاری خه‌ما ژنێ بیره‌وه‌رییه‌کانی ده‌نک ده‌نک وه‌ک ملوانک بۆ گه‌رده‌نی کۆرپه هێشتا نه‌هاتووه‌که‌ی پێوه ئه‌کرد! له گۆڕه‌پانی سامناکا له ژووری دادگای شارا کاربه‌ده‌ستان بۆ ئێعدامی خه‌ڵاتیی مه‌رگیان ئه‌دووراند. کاتژمێره فێگرتووه‌که‌ی کاکه‌ی تاوانباریش به‌له‌ز شه‌وی ئه‌شکان هاتن, هاتن قازی, پۆلیس و میرغه‌زه‌ب هاتن وتیان: هانێ! ئه‌وه پێنووس وه‌سیه‌ت‌نامه‌که‌ت بنووسه وتی: ده‌بێ سڵاو بنێرم بۆ کوێستان وتیان: نابێ ئه‌ویش له وه‌سیه‌ت‌نامه‌دا تفه‌نگه‌که‌ی‌ دا بە سبەی داره‌که‌یان له خه‌و هه‌ڵسان وه‌نه‌وزی گۆڕه‌پان شکا له ژووری چۆڵ تکێ فرمێسک لە چاوی ژن به سه‌ر گۆنای زەردیا تکا ئاڵقه‌ی ته‌ناف زریکاندی تاوانبار چوو به‌ره‌و ئاسمان هه‌وره‌کانی کوێستان جمان ژنی ژانگرتوو قیژاندی کۆرپه‌ی سبه‌ی هاته جیهان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆری زەردەپەڕ سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا ناوێرم بانگت که‌م، شوێن ده‌نگم هه‌ڵده‌گرن ناوت لێم زه‌وت ئه‌که‌ن هاوارم سه‌ر ده‌برن بۆنی ده‌م ده‌که‌ن و بۆ نێو دڵ ده‌ڕوانن ئه‌وین و ئازادی هه‌رد دووکیان تاوانن ئاواتم گشت مردن له‌ نێو ئه‌م ته‌لبه‌نده‌ من ماوم و دڵێکی زامدار و گازنده‌ دوا گه‌ڵای زه‌ردی به‌ر هه‌ناسه‌ی زریانم به‌هارم نه‌دیوه‌، من خه‌ڵکی زستانم به‌ڵام هه‌ر ده‌ڕووخێ قه‌ڵاچه‌ی بێدادی ئه‌خه‌ملێ وه‌رزی ژین به‌ تیشکی ئازادی داخه‌که‌م ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ چاو خۆم نابینم وه‌ک خۆری زه‌رده‌په‌ڕ لاواز و بێ تینم به‌ کامی دڵی خۆم ساتێکم ڕانه‌برد له‌ باخی ژیاندا گوڵیکم (خونچه‌یکم) بۆن نه‌کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاویەر سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا من کێوێکی راوەستاوم لەو بەرزه هەورە تریشقەش پشتم ناخاته لەرزە هەرچەند بێدەنگ، راوەستاوم لەو بانه دەروونم پڕ له ئاگر و بورکانه کارەسات و رووداوی زۆرم دیوه زۆر نەیاری دڕم لێ ڕاپەڕیوه خوێنی گوڵی سووری زۆرم ڕژاوه به سه ر یاڵ و ماهـ و زەردەما پژاوه سینگم داڵدەی ڕۆڵەی ئازاو بوێره لانەی تەژی نرکەی پڵینگ و شێره سەدان کەڕەت هێرشیان بۆ هێناوم له ڕوویاندا وەستاوم، ڕاوەستاوم گوڵی زۆریان له داوێنم دزیوه پای چەند ڕۆڵەم له تەپکە و داو خزیوه هێندە ئازار و برین و ئێشم دیوه باخی مێژوو به خوێنی من خەمڵیوه پشتم خەما له ژێر باری تەوژما تفەنگ نەما هەڵنەشاخێ به گژما هەرچەند له ناو خاک و خوێنا گەوزاوم بەڵام دیسان هەستاوم و هەر ماوم رۆحی بەرزم چاوکەی ئاوی ژیانه قەت نامرم خزری زیندەم میوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەفەر سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا دەڵێم ئەم شاره جێ بێڵم سەفەر كەم بڕۆم و خۆم له عالەم دەربەدەر كەم به هاواری دڵ و بارانی دیدەم له دردی خۆم هەموو عالەم خەبەر كەم له دەستی یاری دڵرەق شەرته ئیتر برۆم تەركی كچی ئومولبەشەر كەم رفیقانم گەلێ پەیمان شكێنن بڵا راكەم له دیتنیان حەزەر كەم ئەگەر بۆم بێته جەنەت ئەم وڵاته شەقی پێدا دەدەم عەزمی سەفەر كەم هەڵۆی شاخم كەویلی دیلی قەفەز نیم بڕۆم و ڕوو له كێوان و كەمەر كەم گۆڵی نا پشكۆیی لەم شۆڕەكاته له وەرزی وشك و قاقڕ چۆن سەمەر كەم جەفا تەنگی وەها لێ هەڵ چنیوم دەبێ هەر بۆ وەفا شین و چەمەر كەم هەموو نامۆن و من تاک و غەریبم نه ماوه ئاشنا بۆ کوێ نەزەر كەم شەوارەم بێ نەبینم رۆژی رووناک ئەگەر بەم شارەدا ئیتر گوزەر كەم وڵاتی مەرگه ئێره گۆری عەشقه برۆم چاكه و له خۆم دەفعی خەتەر كەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیراق سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا - پێداچوونەوە: ڕەفێق م. من کە سووتاوی فیراقم، ئیتر ئاوم بۆ چیە خەزنەداری گەنجی عەشقی تۆم، دراوم بۆ چیە کەم بە شەمشێری برۆ قەسدی دڵی زارم بکە من شەهیدم تێخی تیژی تازەساوم بۆ چیە من بە بەد ناوی لە دنیادا بەناوبانگم بەڵام یاد و ناوی تۆم لە دڵ بێ، بانگ و ناوم بۆ چیە وەک پڵنگی جەنگەڵی عەشقم بە سەربەستی دەژیم زوڵف و چاوی تۆم هەبێ زنجیر و داوم بۆ چیە ئەم جیهانە چۆل و هۆڵ و من غەریبێکم نەناس نیشتمانی خۆم دەوێ دنیای گڵاوم بۆ چیە من لە تەنیایی گەلێ تەنیاترم لەم شارەدا ماڵی خەم هەر ئاوەدان بێ ژاوەژاوم بۆ چیە بۆ فەراموشی بەرەو مەیخانە ڕاکێشم مەکەن مەست و کەیلی ساغەری عەشقم شەراوم بۆ چیە من کە پەیمانم لە گەڵ رۆحی هەتاوا بەستووە ناز و غەمزەی وردەتیشکی ناو بە ناوم بۆ چیە من مۆریدی حەزرەتی پەروانەم و غەرقی گڕم نووری ڕوخسارم دەوێ شەمعی شکاوم بۆ چیە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاواتێک سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا ئاخۆ کەی بێ ئەو ڕۆژەبێ کاوەی کوڕم جانتای سەفەر کاتە شانی دەڵاڵانی بەر گاراژی شاری سنە هاوار بکەن سلێمانی - سلێمانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهید سەبارەت: نووسین: حەمەی لەیلا کۆتری سپی نامەی ئاشتی وڵاتێکی زامداری بۆ مێژوو ئەبرد ڕاوچی هاتن دێو جامەیان بۆ ڕاگرت و دەسڕێژیان کرد لە پڕ زەوی زریکاندی ئاسمان لە خەو ڕاچلەکا خوێنی کۆتر دڵۆپ دڵۆپ بە سەر هەموو دنیا تکا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ کاوە - شاهۆ - نیما سەبارەت: ٦٨/٠١/٢٠ - نووسین: حەمەی لەیلا ئەی کاوە گیان لە مێژساڵە زووحاک بە سەرمانا زاڵە بادەی جامی مارەکانی خوێنی لاوی کرچ و کاڵە! ئەی شاهۆ گیان چیا دەبێ، لە دەروونیا بچریکێنێ لوولەی تفەنگ ئەوینداران بۆ ئازادی لە سەر دوندی بڵێن قام و بەستە و ئاهەنگ کاوەی دلێر بۆ ڕاپەڕین چیای ئەوێ بۆ حەسان و پاڵ پێوەدان قەڵای ئەوێ ئەی نیما گیان! پەلکەی کچی هیواکانم بهۆنەوە وشە یاخییە بێ لانەکان دەستەمۆکە، وێنەی فیشەک شیعرێک بڵێ بۆ هەژاران ببێ بە چەک شاهۆ - کاوە! من بەڵێنم بە گەل داوە حەماسەیەک بخوڵقێنن نیما بیکا بە هۆنراوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیندانی سەبارەت: ٧١/٠٣/٢٥ - نووسین: حەمەی لەیلا له نێو ژووره تاکەکەسیه تەنگەکەمدا هەڵکوڕماوم! کارەساتێک بەڕێوەیه لەو دێو دیوار وەردیانەکەم ڕاوەستاوه دەلاقەیەکی بچکۆڵه له سەر سینگی دەرکەکەیه و داخراوە! کۆترە باریکەی خەیاڵم تامەزرۆیه هەڵفریت تا پەڕپەڕووچکەی ئاسمانی کاکی به کاکی! جار به جارێ وەردیانەکەم دەلاقەکه دەکاتەوە و لێم دەڕوانێ ئەو تاریکی دەبینێت و من رووناکی! ++++++++++++++++++++++