شاعیر: ناسیح ڕەحیمی کتێب: دیوانی شیعر سەرناو: چۆن ئەبێ؟ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی چۆن ئەبێ تۆ پێکەنیت و من خەیاڵم چێ نەبی عەینی مەستت شین و بازە، مەیبەسە بێ قێ نەبێ من ئەگەر عیسای نەفەسدەر بم هەمیشە، تۆ خودای؟ چۆن ئەبێ من گیان ببەخشم گەر تۆ ئیزنت پێ نەبێ؟ چۆن ئەبێ تەسلیمی عەبدی هەڵبژاردەی خۆی ببێ؟ ئەو خودایە وا ئەوینی ناوی دنیا جێ نەبێ‌؟ پێم ئەڵێن پێغەمبەری تۆ؟ وا مەڵێ کافر ئەبی! موعجیزەی من شێعرە بۆ ئەو، ئیدەعام چۆن لێ نەبێ؟ عابدانە و عاشقانە بۆ ئەوینت شاعیرم وەسفی خواوەندی ئەوینم، با بکەم، ناڕێ نەبێ؟ لاوە لاوەم بۆ ئەخوێنێ و باسی مێژووی بێکەسی چۆن دڵی من بۆ نەبوونی باخی مەرگی تێ نەبێ؟ تۆ بڵێ ناسێح بنووسە جار و بار شێعرێکی تەڕ با لە سەر مێژووی هەبوونت ناوەکەم بێ جێ نەبێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەڕێ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی چاوەڕێم ڕوون بێتەوە چاوم بە ڕوخساری گەشت چاوەڕێم مەس بێتەوە گیانم بە گەرمایی لەشت چاوەڕێم پڕ تامی شیرینی لەبی تۆ مەززە کەم چاوەڕێم تۆ پێکەنی و من بوومە قوربانی و بەشت چاوەڕێم و چاوەڕێیی چاری چارەی قەت نەکرد بۆیە دایم شێعر ئەنووسم وا بە چێی چاوی ڕەشت چاوەڕێم و ئەم وشانەم بۆنی مەدحی تۆ ئەدا چەندە بێ پەروا خەیاڵم مەستە بۆ بۆنی وەشت چاوەڕێم و ڕێ لە چارەی ئەو چەمانە نابەسم چاوەکانت بەحری ڕەمڵە شێعرەکانم دابەشت چاوەڕێم و هەر نەهاتی بۆنی قابیزم ئەکرد کاتێ ناسیح عاشقت بوو مەرگی سەند بۆ باوەشت! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەنگوێنی چاو سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی شەوت خێر بێ عەزیزی من وەرە سەر مێزی ئامیزم لە هەنگوێنی گەشی چاوت بە ئیمانم کە نابێزم کە تۆ ناگری هەواڵی من چەنێ دڵتەنگی باڵاتم چەنێ زاماری ئەخمی تۆ، چەنێ گریان و بێ‌هێزم لە بێدەنگی ڕۆژانی شار تەقەی پێڵاوەکانت دێ لە ژێر بارانی بێ تۆیی خوڕەی فرمێسکی بێ‌ڕێزم لە تاریکە شەوی جوانڕۆ، لەجێی مانگا بە دەرکەوتی شەو و ڕۆژت هەموو تێکدا کە تۆی ڕووناکی شەودێزم هەموو هیوای ژیانی من بزەی جوانی سەری لێوتە کە جارێ پێم بدەی گیانە، ئەڕووخێنم وشەی فێزم یەکە یاری دڵی خۆشم لە سەر چێ خۆت حەشار داوە مەگەر نازانی بۆم عەشقە چەنێ شێت و شەڕەنگێزم منم ناسیحی شاعیران منم بلوێری دەروێشان منم یاری ئەوینداران کە بۆ فەوتان سەحەرخێزم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موریدی عەشق سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی چاوەکانت بۆنی شێعر و ڕەنگی زریای گرتووە لێوەکانت تامی عەشق و دەنگی خولیای گرتووە ئەبرۆکانت بۆ دڵی من وەک چەقۆ بۆ پەنجەیە شێعرەکانم بۆ نەبوونت شینی ملیای گرتووە عاشقانەی ئەم دڵەی من وەک خەمی نیوە شەوە گەر بخوێنی هەستەکانم دینی بریای گرتووە [نازنینا ما بە ناز تو جوانی دادەایم] وا لە جوانی پیرە عەمرم، سۆزی فریای گرتووە چاوی دینم دیتنی تۆی کردە مورشد بۆ دڵی ئەم موریدەت فێرە عەشقە، دووری دونیای گرتووە! شاعیرانە بۆ ئەوینت بوومە مامۆستا گوڵم بەڵگەنامەی عەشقی تۆیە مۆری تەنیای گرتووە ئەم ئەوینە وا بلووری کردە شاعیر بۆ قژت چاری چارەی خۆی ئەزانی ڕەسمی قەینای گرتووە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەزمی چەپڵە سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی ئەمجار ئەنووسم شێعری تەڕ تا پێم نەڵێی شێعرت خەمە شێعرم خەیاڵێ پڕ لە تۆ، گیانم ئەسووتێ وەک شەمە باران ببارێ بۆ دڵم هەر تۆی شکۆفەی سەر چڵم عاشق ژوانی تەک گوڵم تا کەی بنووسم ئەم تەمە تاکەی حەشاری هەست بدەم؟ تاکەی نەڵێم خۆشم ئەوێی؟ هەرچەن بڵێم خۆشم ئەوێی دیسانەوە بۆ تۆ کەمە ئەم دەنگە دەنگی بێکەسی یان سیاچەمانەی خەم نییە؟ ئەم بەزمە بەزمی چەپڵەیە پێچاوە ناو ئەم عالەمە تۆ پێم بڵێ خۆشم ئەوێی تا ڕێی قەزاکەت گیان بدەم هەرچەن لە ناخی دڵ نەبێ یەک دەم بڵێ بۆ تەقیەمە بولبول غەزەڵخوانی ئەکا تا ئەو زەمانەی گوڵ ببێ من ئەو پەڵەنگم ڕەم ئەکەم ئاخر ئەوین ئەو مانگەمە تاکەی نەنیشین دوو بە دوو باسی چەمانی یەک نەکەین؟ دەریا بنێم ناوی چەمت، تۆ پێم بڵێی چاوت چەمە شاعیر بە ناو هەڵکەوتووە زەجری لە ڕەجز هەڵگرتووە سەیری بکە سەرکەتووە چەن بەرزە ناو ئەم سەردەمە قەوڵ و قەراری مەحشەرم نا نامەوێ تاقەی دڵم جێگەی گوڵان ناوی بەهەشت ماڵی 'بلوور' جەهەننەمە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵەبجەی بێکەسی سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی سەرم سەرگەرمی پاییزە و دڵم تەنگی بەهارێکە سزای چارەم لە چاوت دی چ ڕەشماڵ و هەوارێکە هەناسەی شاعیرانەی من لە سەر ئەسپی خەیاڵ سوارە هەڵەبجەی بێکەسی ناخم چ بەرز و شۆڕەسوارێکە ئەزانی عاشقی چۆنه؟ ئەگەر مردی لە چاو ساق بی لە گۆڕیشا ببینی تۆ، چ جوانێک و چ یارێکە عەرەب زوانان ئەڵێن یا عشق بحبک لو بەعید منّی خوداوەندانە عاشقتم کە باڵادەستی زارێکە منم تەنیا لە نێو دونیای شلووغی پڕ ئەوینداری بە تەنیا چاوەڕێی عەشقم بزانم چۆنە چارێکە کزەی فێنکی شەماڵی عەشق شەقامی دڵ ئەلاوێنێ پیاسەی نەرمی پاییزی ئەڵێ بەه‍ بەه‍ چ شارێکە قەڵەم شەنگ بوو زریوەی گرت، بلوور زوانی جریوەی گرت گەشی وایە کڕیوەی گرت، ئەمە دەنگی چ تارێکە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مردن چییە؟ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی مردن چییە؟ شێوەی منە دوای ڕۆشتنی تۆ ئاوێنە ئەڵێ سەر مەخە سەر دیتنی خۆ جا پێمی ئەسەلمێنێ گەڵا گەر بوەرێ ئەمجارە چرۆی بێتەوە هیچ نایەتە گۆ هەنگاوی خەیاڵم لە سەری شینە گڕە سەرپۆشی سەرت بەرگی بەرت شین کە لە نۆ زانایە ئەوەی بۆنی قژی بیست لە شەماڵ نامەردە ئەوەی عاشقی تۆ بێ بە درۆ بێزارە لە زاری دڵی بێ زاری منیش ئەو کاتە کە مەردم مەکە وەی وەی و ڕۆ ڕۆ زوڵفی سەری زیندانە ئەگەر پەلکە ببێ پەروانە بسووتێ بە شەمی ناڵێ بڕۆ ناسێحە دڵی داوە بزەی بانی لەبت جا پێکەنی کۆتا ئەبێ ئەم شێعرە بە تۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوگاری خەیاڵ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی هەرکەسێ ئاشق نەبێ، قەت تەمای باران نییە! قوڕ بە سەر ئەو ئاشقەی، وێڵی ناو شاران نییە! بۆنی خۆشی زوڵفی تۆ، یادگارە بۆ ژیان  جا درێژی زوڵفەکەت، چۆن لە سەر زاران نییە؟ باوکە ئادەم سیوی دی، خوای لە بیر کرد چرکەیێ کێ لە جەرگەی کوڵمی تۆ، شاهی کوفاران نییە؟ من  لە '' ارنی'' چاوەکەت، "لن ترانی'' ناشنەفم  تا نەسووتێ کێوی دڵ، گوێم لە گوێداران نییە! مانگی من گەر بێتە دەر، خەڵکی جەژنی بۆ گرن جا پەڵەنگی ئەم دڵەم، چۆن لە بێداران نییە؟ من لە شەوگاری خەیاڵ، بیری چاوی تۆ ئەکەم بۆ هەتاوێ چاوەڕێم، وا لە ڕۆژگاران نییە! ناگەڕێمە شوێنی عەشق، خۆی بە گڕ دێ خۆی بە تاو دڵ موریدی عەشقی تۆس، ناسحی جاران نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاهی مەرگ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی دەردەکانت بێتە یار و دەس لە سەر شانم گرێ وا بە دەنگی بەرز ئەڵێم ئۆخەی کە بەختم هاتەوە با لە زوڵفی تار و مارت، دارێ هەڵخەم بۆ ڕەقیب گەر بهێڵی شاهی مەرگم دێتە بەر دەم ماتەوە ئای تەریقەت های لە کوێ تۆ؟ چاوی ئیمان چاوەڕێس تا کەراماتی لەبی ئەو، ناوەکەت سەرخاتەوە جەبری دونیا پێمی سەلماند، هەر ئەڕۆم و ناگەیێم ئەم ژیانە وایە گیانە گیر ئەخاتە کاتەوە! [جا کە وا بوو تۆ لە شەتڕەنجی ژیان مات و کەشی لایبە فیل و سوار و پیادە، بەو وەزیر و شاتەوە] پیری هات و دەستی گرتم، کاتی زۆرم پێ نییە گەر شتێکیشم بمێنێ، ئەیخەمە ژێر پاتەوە با بە هەنگاوێ لەگەڵ تۆ زوان قەڵەم بگرێتە دەس تاکوو هەڵبەستی جوانیت، مردنم دواخاتەوە جیکەجیکی چۆلەکەی دڵ، باسی یەک بوونمان ئەکا بۆ جودایی باس ئەکەی بۆم؟ بۆچی جیامان کاتەوە؟ ئەو بلوورە وا بە دەستی ناسحی شاعیرە بۆت بەزم و نەزمی خۆشەویستی خستە سەر باڵاتەوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوری دوجان سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی بۆ زوڵفی ڕەش و تارت، میزرابێ ڕەوانم من بۆ چاوی ڕەش و بازت، دڵدارێ نەزانم من هەر شەو کە لەبت بێت و دەستێ لە لەبی من دا بۆ گەرمی لەبی نەرمت، شێعرێکی جوانم من ترست نەبێ ئەمجارە، ناتهێنمەوە سەر زارم بۆ شاردنەوەی عەشقت، تاریکی شەوانم من هەستی منی شاعیر وا، دەستی بە خەزان داوە بۆ دووری لە جێژوانم، هەورێکی دوجانم من گیان و دڵی من ئەمجار، وەک فەرشە لە بەر گامت پێم بێژە کە تۆ بمرە، جا بێ دڵ و گیانم من بەه‍ بەه‍ چ شەماڵێ هات، ڕووی مانگی وە دەر هێنا بۆ گرتــنــــەوەی مانگم! ماســــی مەلەوانــــــــم من! ناسێح نییە ناوی من گەر تۆ بە ئەوینم بی نۆتێکی شکاوی نەی، سەر لێوی شوانم من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆمی عەشق سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی [پەنجەرەیکی زەردە هەستی هەڵپڕووکاوی زەمەن] دێت و ئەڕوا وەک پەپوولەی مەستی بازاڕی گەمەن! ئەم زەمانە دەستەئەژنۆی عەقڵی بێچارە بووە دڵبەری باوی نەماوە، شەختە لێی داوە چەمەن من خەریکی داچەقانی تۆمی عەشقم، گیانەکەم تاکوو زەردی هەڵگەڕێت و سەوز ببێ دەشت و دەمەن جوانی تۆیە شینی خستە ناو دڵی پاییزی عەشق ئەو نیگاهەی نازی تۆیە، سەوزی ناو ئەم عالەمەن وەک هەناری شەقبراو شیرینە، سوورە و دڵنشین با هەموو دونیا بزانێ، من مەبەستم ئەو دەمەن چۆن وشەی نوێ هەڵبژێرم وەسفی جوانی تۆ نەکا؟ پیتەکانیش نوقمی نوقمن، ماسی ناو دەریای یەمەن دەستەمۆی عەشقی بووە شێعری خەیاڵی ناسحت بێرە ئامێزی جەوانیم، پیری ئەڕوێتە تەمەن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرعی عاقڵ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی پێم وتی ماچم ئەوێ، چاوەکەم لەو لێوی تۆ تۆ وتت نامەحرەمی، بۆ گونەحبارم ئەکەی؟ مەحرەم و نامەحرەمی، باسی شەرعی عاقڵە ناوی عەشقت لێ ئەبەم، بۆچی دیندارم ئەکەی؟ تۆ مەگەر نازانی من، شێخی سەنعانم لە بۆت؟ شاعیری مەستی لەبم، بۆچی بێدارم ئەکەی؟ بانگی نوێژی دا مەلا، من بەرەو ڕووت هەڵگەڕام بوتپەرەستی عابدم، بۆچی قەرزارم ئەکەی؟ قەرزی نوێژ و قەرزی دین، گشتی چارەی دێ گوڵم چاری نایە قەرزی دڵ، بۆچی دڵزارم ئەکەی؟ من نیازی نازی تۆم، تۆ نەزانی بۆ نیاز نازی لێوانم ئەوێ، بۆچی خەمبارم ئەکەی؟ تۆ ئەزانی چاوەکەت، چەندە تامی عەشق ئەدا؟ بۆتە نووسراوەی دڵم، بۆچی بێزارم ئەکەی؟ ناسحی شێت بۆ دڵی، باسی عەشقی تۆ ئەکا ئەم ئەوینە خۆرە بۆم، بۆ لە ڕۆژگارم ئەکەی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە دووبارە بت بینم سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی بە یادی تۆ غەزەڵ پێی گرت، وەرە دووبارە بت بینم بە دڵ هات و لە دڵ جێی گرت، وەرە دووبارە بت بینم نە نە ئەم عەشقە لە بۆ جیایی، نە من لایق بە تەنیایی خواوەندی گەشە و شایی، وەرە دووبارە بت بینم دڵم تەنگی نەبوونی بۆت، دڵم گەرمە بە نانی جۆت دەمێ بشکێن غرووری خۆت، وەرە دووبارە بت بینم نە نازی تۆ بە شێعر ئەکرێ، نە چاوی من بە دڵ ئەگرێ ئەگەر چاوت بە چاو ئەبرێ، وەرە دووبارە بت بینم دڵم سەرگەردی باڵاتە، سەرم گێژی خەیاڵاتە وشەم ژێردەستی ئاڵاتە وەرە دووبارە بت بینم نە تۆ دڵداری عەییاری، نە من سەر شێتی بازاڕی کە بارانی ئەوین واری، وەرە دووبارە بت بیتم قەڵەم سەیری قژی تۆی کرد، وشەی هێنا و دەسەمۆی کرد کە تۆ ڕۆیشتی ڕۆ ڕۆی کرد، وەرە دوبارە بت بینم ئەگەر بێ گیان ئەگەر حەیوان، ئەگەر ئادەم ئەگەر شەیتان ئەتۆی چارەی دەسی نسیان، وەرە دووبارە بت بینم بلوورە سازی سەربازت، منم ناسێحی بێ نازت ئەگەر نەمرم ئەکەم سازت، وەرە دووبارە بت بینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێکەنینی خوا سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی جوانە کیژی بەرزە باڵا، حەز لە بارانم مەکە من فریوی چاوی تۆم خوارد، وەسڵی شەیتانم مەکە من که تام و بۆنی شێعری عاشقانەم کردووە قەت لە چینی پەرچەمی ڕەش، بەند و زیندانم مەکە بۆ شرووی هەنگاوەکانت، فەرشی گیانم ڕائەخەم پێت لە بانی دانێ گیانە، چۆڵ و بیابانم مەکە تۆ حەوا بی ئەبمە ئادەم، پێت ئەدەم میوەی دڵم سێوەکەی خوا بۆ سزایە، وێڵی شارانم مەکە چارەنووسم چوون جەبارە، ئختیاری پێم نەدا تۆش بە هاوڕێیی لەگەڵ ئەو، فێری گریانم مەکە وەرگێڕاوی دەستی مەرگە خۆشەویستی، گیانەکەم وا سزای من مەرگە بێ تۆ، چاو لە تاوانم مەکە گەر دڵم داوە بە مانگی ئاسمانی شەو گوڵم ماسی سووری باوەشی تۆم، دڵ پەڵەنگانم مەکە ناسحی شاعیر لە چاوت، پێکەنینی خوای ئەدی تۆ کە مووسا نیت عەزیزم، دور لە خواگیانم مەکە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەقشی لەب سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی تا کەی بە خەیاڵی دەمەکەت، دەس بە دوعا کەم؟ تاکەی بە قەڵەم، شانەیی زوڵفت، بە سەرا کەم؟ من شاعیری باڵای قەد و ئاڵای دڵ و گیانم تاکەی وشەیی نوێ بە سەراوی تەمەنا کەم؟ چاوت لە حەرامی مەی و ماچی لەبت ئێژێ؟ کەی بێت بە حەلاڵی لەبی یارم بە دەوا کەم؟ ئەمڕۆ کە دڵم ژوانی لە سەر دایە بە قوربان ئەکرێ ببم و نازی سەداکەت بە نەوا کەم؟ سەرداری خەیاڵم کە لە دوور دیم ڕەشی زوڵفت کەی بێت و لە بۆنی قژەکەت، عەترێ هەوا کەم؟ شەو هات و لە بارانی دو دیدەم ئەسەرم دی تا سێبەری زوڵفت لە بەری شەو بە کەوا کەم! زانیم کە خودا نەقشی لەبی تۆی بە شەڕاب دا تا مەی بە لەب و لەب بە حەی و حەی بە خودا کەم ناسێحە کە بەندەی دەسی تەقدیر و قەزایە تاکەی بە نساری دڵی خۆم؟ نوێژی قەزا کەم! ؟ نەمزانی هەمووی باسی خەزانە، بە دڵم هات هەر بێم بە خەیاڵێ دڵی خۆم، جیا لە گەڵا کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامێزی وشە سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی چاوەکەی من، چاوەکانت ڕەمزی عەشق و جوانی‌یە من لە ناو ئەو چاوە بینیم ژینەکەم چەن فانی‌یە!   دووری لێم یاری عەزیزم بۆیە دڵتەنگە خەیاڵ چاوەکەی تۆ بەحری جوانی، چاوەکەی من کانی‌یە کائینات شێواوە قوربان، ڕەنگی زوڵفی لوولتە بۆتە سێدارە قژی تۆ، وایە بۆ من جانی‌یە  کاتێ شەو هات پەنجەکانم بۆ قژی تۆ شانەیە... دەک بشێوی ڕۆژی ڕوونم چوون خەیاڵ ئاسمانی‌یە ڕۆژگاری تاڵ و بێتام، چۆن ئەبێ شیرین و خۆش؟   کاتێ لێوت وەک حەشارگەی قەندەکەی دەندانی‌یە چەندە خۆشە باوەشی تۆ بێتە سەرچاوەی وشە! دڵ ئەڵێ شێعر بێتە ئامێز، جوانی زۆرە... وا نییە؟ ئەو دڵەی ناسێحە چەندە بێ تەماشات پڕ خەمە پێکەنی جارێ بە گاڵتەیش، خۆشی بۆ من ڕوانی‌یە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماچ و مەی سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی پێشکەشی جوانیت ئەکەم ئەو چاوە وا ناوی ئەبەی هەڵفڕێ شێعرێ لە بوونم بۆت ئەهێنم ماچ و مەی من کۆتایی ئەم ژیانەم بۆنی تەنیایی ئەدا بەر لەوەی بێیت و ببیتە پادشاهی ئەم سەدەی! ئەو مەلایەی وا نەزانی عەشقی تۆیە دێتە گۆ باسی یەکسانی ئەکا بۆم، بێژە بۆچی کوفر ئەکەی؟ ئەم مرۆڤانە کە تۆ نین ڕەنگە ڕاس بێ یەک ڕەدەن تۆ شکاندت بیری دین و ئەو نیزامە و کارەکەی من لە ئەم دونیا بە تەنیا کۆمەڵێکم خۆش ئەوێ کۆمەڵەی بەرزی ئەوین و تۆ کە بۆیتە سەردەسەی! ڕەهرەوی هەنگاوەکانتە ناسحێ وا سابیتە لەو ڕێگایە وا بە مێژو مەستی لێوت دێتە حەی [گیانەکەم عاشق چ باکێکی لە لۆمەی عالەمە] تەکنەوازی تاری زوڵفت خۆشترە تا سۆزی نەی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێمە کوردین سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی ئەی دڵی تەنگم بە جارێ پێکەنە بۆ هەڵفڕین تاکوو ئازادی بە دەستت بێتە بەردەم هەڵچنین ڕەنگی خوێنێ وا لە ڕێی خاکا ڕژاوە دیارییە بۆی بەهاری نوێ ئەدات و ڕەنگی شین و تامی ژین تا بە کەی کۆڵبەر بژین و تابەکەی گیان دەین بە نان؟ تابەکەی دیلی قەفەس بین سەربەخۆ بۆ خۆ نەبین؟ بۆ قەلی ڕەش بۆ وڵاتم قاڕەقاڕی مەرگ بکا؟ بۆچی بولبول بێ وەتەن بێ، بۆچی بێکەس بێ کەنین گەر بە مــردن بێ فڕینــت، ســـەد کـەڕەت گیانــم ئەدەم ئەبـمــە پێشــمەرگەی ئەوینــت، ئێمە کوردین، نابـــەزیـن! تاکوو سەربەستیت نەدیوە، قەت سەمای خۆشی مەکە! هەڵفڕینە وا ئەبێتە بەزمی و نەزمی هەڵپەڕین نۆکەری بێگانە کوفرە، ناسیحم بۆت نیشتمان! خۆپەرستی چارەمانە، ئێمە تاکەین، ناکەوین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەڕۆم سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی گوڵەکەم شاری دڵت ڕەنگی ڕەشی داوە ئەڕۆم بەگەشی بووم لەگەڵت تا دڵی ڕەش باوە ئەڕۆم  کە وەری سەوزە گەڵای داری ئەوینی من و تۆ زەرد و ژاکاوە دڵم، بۆچی ئەڵێن لاوە؟ ئەڕۆم خەمی چوون خۆشترە تا بوونی لەگەڵ تۆی سڕو سارد  گوڵەکەم بێ بەزە بووی، ئێستە دڵم قاوە ئەڕۆم بێ بەڵێن بووی و کە تیشەت لە بنەی هەستم دا  کاخی دڵ ئێستە کەلاوەی، تەپ و ڕووخاوە ئەڕۆم لە ئەزەڵ تاکوو ئەبەد من خەمی تۆم ناچێ لە دڵ پەڕ و باڵی کەوی شێعرم کە نەسووتاوە ئەڕۆم قسە تا ماوە لە دەم کەس دڵی پێ نایەتە ئێش  دڵی تۆ تا لە قسەی ئێمە نەئێشاوە ئەڕۆم گوڵەکەم خۆش کە دڵت هێندە غەمێ هەڵمەگرە  گوڵی هەستی دڵەکەت تاکوو نەژاکاوە ئەڕۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیشتەجێی مەرگ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی نیشتەجێی مەرگم! ئەزانن بۆچی دڵ گرتوویە تەم؟ چوون ئەسووتا باڵی پەروانەی دڵم تەک گیانی شەم! شەم کە سووتا بوومەلەزە ئەیهەژێنێ بەردی دڵ شل ئەبێ ئەو تیکە بەردە و نەرم ئەبێ هەر چەشنی پەم! گەنجێ پێمی وت کە چۆنە و چی ئەڵێ عشق، من وتم: باسی چوونه! تا لە بەر چەم، خوێنی عاشق بێتە چەم! سەختە ئەو شۆخی بکا و پێت کا گەمە و پیتە خەنە تۆش بە گیان و جەرگی سووتاو هەر بکێشی دەرد و خەم! ساقی بۆچی ناڕژێنی مەی کە مست بم، مەستی دۆست مەست وەکوو زین هەڵبڕێژم داخی دووری و ئەسری چەم زین کە گریا زەرد دەبێ و ئەفڕێ لە بیری عاشقەکان سەوزی ژینی تاقه یار و دەردی عەشقی کاکە مەم [ئەو نەهاتن دەردە داخی ئەو نەهاتن دەردەها] یار لە ناسێح خۆی بە دوور ئەگرێ چلۆنە ڕاو و ڕەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دێو و جن سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی خۆزگە زانیبام لە دنیات بۆچی جێگەی من نییە؟ ئەو دڵەی وا من بە تۆم دا ناوی دێو و جن نییە! سەردەسەی چاوانی تۆیە، شێعری ناسکی شاعیران تاکوو مەستی چاوی تۆ بم هیچ شتێ گوڵبن نییە وا بە هەنگاوێ لەگەڵ عشق، گیانی خۆم داوە فەنا گەرچی تۆ نیت گیانی گیانم، بۆنەکەت لێم ون نییە! ئەو شوعارەی وا بە دەستی خەم لە عەشقا دانرا قەت لە بۆ دەستانی شێعرم، وەک خڕەی بازن نییە! تۆ ئەزانی ئەم ئەوینە وا ئەڵێن وەک ئاگرە قەت لە بەر ئاوی لەبی تۆ، ئەو گڕەی هەر تن نییە؟ من ''بلووری'' خەڵکی عەشقم لێئەدەم بۆت سازی نوێ بەردەبازی خۆشەویستیم، گوێم لە بان و بن نییە پێکەنینت بۆ دڵی من وەک خوڕەی بارانی ڕۆژ ڕوومەتی شار گەش ئەکات و بۆیە خەم ورگن نییە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەردی بەندی تەنیایی سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی ئەلا ئەی شۆخی شیرین زوان بنووسم شێعری دڵداری؟ بە هەنگاوی کچانەی خۆت بسەلمێمە چ ئازادم ئەلا ئەی یاری نازارم وشەی ئۆقرە بخە نێوان ئەوینی جوانی هەمڕاهی و سەدای خۆشی دڵی شادم ئەلا ئە شاگوڵی جوانی بە هەستی گەرمی چاوانت نیگاهی عاشقانەی خۆت بنووسە دەفتەری یادم ئەلا ئەی دارە جوانی دڵ، ئەلا ئەی چارەنووسی بیر بە دڵخۆشی سەدای عشقت بهێنە نێو سەری وادم لە نەردی بەندی تەنیایی بە جفتی شەش ئەهێنێ دڵ شکەستم دا ستوونی بیس کە من بۆ تۆیە فەرهادم ئەلا ئەی گیانی ناسێح و دڵی خۆشی قەڵەم دارم بە ئیمانم ئەوینی تۆ لە مەحشەردا بووە زادم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەهاری کورد سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی چرۆی داوە چرای نەورۆز چرۆی داوە بەهاری کورد چرۆی داوە شکۆفەی عەشق لە دڵ ماوە بەهاری کورد ژن و پیاو و کەنیشک و کوڕ، بە هەڵپەڕکێ بکەن شایی بە ئازادی بژین لێرە، نەژاکاوە بەهاری کورد تکا ڕەز بۆ ئەویندارن تکا بارانی دڵخۆشی وەرن مەستانە بیبینن چ ڕازاوە بەهاری کورد وڵاتی کورد و کوردستان بە ئاگری شایی ناسراوە ئەسووتێنم خەمی زستان لە گڕ زاوە بەهاری کورد هەڵۆی ئازادی هەڵئەفڕێ، قەفەس ئەشکێ بە تێکڕایی ببینن چۆنە کێشراوە بە ئاڵاوە بەهاری کورد سەهۆڵی بێکەسی ناسێح بە گەرمای ئەم بەهاره چوو بە هیوای چەژنی نەوڕۆزم چ پڕ تاوە بەهاری کورد زوحاکانە هەموو دونیام لە عەدڵ و شایی پڕ کردۆ ئەڕووخێنم نزای کاوە کە شاڵاوە بەهاری کورد! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زوڵفی لوول سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی [جووته شه‌هلای نێرگزی چاوت به گژ دڵ دا مه‌که] دڵ زەعیفە بۆ شکانی چاوی مەستت وا مەکە  بەینی زوڵفی لوول و تاقی دوو برۆت، داتناوە چین حەک چ بێ ڕەحمی عەزیزم، ڕێگەکەم لێ تا مەکە  بیری وات کرد جێت ئەهێڵم نەفرەتت لێم کرد گوڵم ماسی جێ دێڵێ چەمی ئاو؟ تۆ خەیاڵی وا مەکە!   ئەم بەهارەم بێ گوڵی ڕووت، وەک خەزان بێتاقەتە تۆ بە وێران کرنی دنیا، مەحشەرێ بەرپا مەکە  تۆ کە ڕۆژێ عاشق و شەیدای منی و گاهێ دژی  کاتێ هەستت سەربەخۆیە، قەت تەمای یاسا مەکە لێوەکەی تۆ بۆتە ساقی مەی ئەهێنێ دەم بە دەم کاتێ لێو گوڵخەندەرانە، تۆ وشەم ئاگا مەکە ژینی من شەوگاری تارە، تۆی بە تەنیا سبحی من  تۆم ببێ وەک مانگی چواردە، خۆر لە من داوا مەکە ناسحێ وا عاشقت بوو چاوەڕێیە بێیتەوە تۆ خەیاڵی شاعیرانەی، لەم خەیاڵە ڕا مەکە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆبانیی خەیاڵ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی لە کۆبانیی خەیاڵمدا دڵم دیلی ڕەشی چاوە لە عەفرینی وشە و ڕستەم گوڵم سیسی قژی خاوە گەریلاکانی هەستی من لە جەنگی داعشی بیرت بە تەنیا ناشکێن ئەمڕۆ کە دۆڕانت لە بیر ماوە! ئەگەر زەیتوونی ئەشعارم وەرێتە ناو قەڵای دینت ئەوا ئەمرێ خەلیفەی شەڕ، ئەگەر شەرعت لە داو ناوە! چ دڵگیرانە ڕووخاوە سوپای ڕەش پۆشی خوێنڕێژت  چ زوحاکانە سووتاندم هەموو هزر و بیری کاوە بە خوێنڕێژی و ڕەشی لەشکەر لە بیر ناچێ خەیاڵی من  کە دێم سەیری دوو چاوت کەم ئەبینم خوێنی تێزاوە چ ناسێحانە باسم کرد مەڕۆ بەو ڕێگە تاریکەی چ شێتانە لە دەستت دا ئەوەی جوانی و بە ناو باوە هەتا دونیا نەشێواوە ئەڕۆم ڕێگەی عەشق ببڕم  بە چاوی داعشینت سوێند، گرێی ڕێگەم لە دار داوە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەفەری خەون سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی چەمەکانت سەمەری داری بەهەشتن، دڵەکەم دو چەمی من بە خەیاڵی تۆوە وەشتن، دڵەکەم ئەمە کەی شارە نەشێواوە لە دووریت بە شەوێ گەوەری باوەڕی من، گەشت و نەگەشتن، دڵەکەم سەرەڕای ئەم هەموو بەفرە کە ئەنیشێتە سەرم ‌‌ دڵەکەم گەرم و جەوانی شەوی کەشتن، دڵەکەم وەرە تا پێتی بڵێم کەی بە دەمی تۆوە بچم؟ دڵ و گیان بۆ قەدەمت فەرشێ لە دەشتن، دڵەکەم ئەم هەموو شێعرە کە ئەیڵێم سەفەری خەون و خەیاڵە ئەگینا فاســڵەمان یەکســەد و هەشـــــتن، دڵەکەم لە دەوار و ڕەشەماڵی شەوەکەی شاری ئەوین من و تۆ، ماچ و ویسال داخێ لە مەشتن دڵەکەم ئەجەلی ناسیح ئەگەر هات، مەڵێ چۆنوو کە نەما؟ فەلسەفەی بوونە نەبوون، کاتی تێگەشتن، دڵەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی خەفەتبار سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی چەن دڵم گیریاوە ئیمشەو چەن خەفەتبارە دڵم  چەن خەیاڵی تۆ لە سەرمە چەن گرفتارە دڵم من بە یادی تۆ لە شەودا شێعری عاشقانە ئەڵێم  چەندە ڕەش بوو زوڵفی خاوت هەر ئەوەن تارە دڵم چارەنووس بیری چ بوو کاتێ منی ناساند بە تۆ؟ چەن خەمینە چارەنووسم چەن ستمکارە دڵم وا جریکەی سیسەرەی شەو دەردی دووریت زیاد ئەکا  پێی ئەڵێم ها؟ چیت ئەوێ لێم شەو تەمایارە دڵم ڕەنگە دەردی من بە دەنگی زیکەزیکێ بێتە گوێت  گەر بە جارێ پێکەنی پێی، شادی لێی بارە دڵم من لە دنیا بۆ دڵی خۆم پێکەنینێکم گەرەک  چەندە سەختە بتکەنێنم، چەندە پڕ کارە دڵم دەردی تۆ لێم گیانەکەم، ئەی نەونەمامی باخی دڵ  تا ئەبەد ئەی ناسحا، عاشق بە ڕۆژگارە دڵم..! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر سبەی نەیەیتەوە سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی زەمان دەسی داوە بە دەم، زمانی بێکەسی قەڵەم چ ساز ئەدا لە سۆزی خەم، ئەگەر سبەی نەیەیتەوە بڕۆن بە ئاسمان بڵێن: دوپاتی کاری من نەکا زەوی نوغم ئەبێ بە چەم، ئەگەر سبەی نەیەیتەوە کە بێقەرار ئەبێ ئەوین، بە زەینی دێ چیرۆکی ئاو ئەچێتە ئامێزی بەلەم ئەگەر سبەی نەیەیتەوە شەماڵ لە گوێ کەناری تۆ دەسێ بە قەد قژا ئەدا منیش ئەکەومە داوی تەم، ئەگەر سبەی نەیەیتەوە ئەژاکێ ئەو دڵەی منە، لە دووری یاری بێڕەحم کە ئەیبینن ڕوباری چەم، ئەگەر سبەی نەیەیتەوە وەرە کەسم نەهاتییە نەهاتنت لە مێژەوە کە شەرتە خۆم خەمە عەدەم، ئەگەر سبەی نەیەیتەوە ئەگەر نەزانی دەردەکەی، بە ناسحت بڵێ بڕۆ ئەڕۆم ئەڕۆم بەخوا قەسەم، ئەگەر سبەی نەیەیتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هیچ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی هاوارە بەدەم باران، چاو کەوتە دەواری هیچ فرمێسکە لە ناو چاوان، دڵ بووگە خوماری هیچ ئەم وەرزە نەشێواوە، دەستی بە شەماڵ داوە ئەمشەو لەگەڵی عەشقا ئەڕوێنە بەهاری هیچ بۆچی لە خەیاڵی خۆم، ناوی دەمەکەت بێنم کاتێ کە خەزان ئەڕژێ، لەو لێوە بە باری هیچ ئەم ڕۆژە درۆ ئەکرێ، عەشقیش دڵی مەرگ ئەگرێ لەم بازنەیی ئیمانە، شێوانە لە چاری هیچ تا شێعرێ بکێشم بۆت، سەد هیچ لە دڵ ئەدرێ تەسویرێ لە شێعری من، ڕێژاوە لە زاری هیچ تا سەد کەڕەتیش بێمۆ، هەر دەبمەوە هیچ، دنیا ئەم ژینە چییە قوربان؟ پەروازە لە شاری هیچ ناسیح چییە لەم دنیا، مانای هەیە بۆت بیڵێ یەکجار ئەڵێم مردن، سەدجار کەناری هیچ ئەم هیچە بمێنێ بۆم، هیچم لە ژیان ناوێ ئاخر من و هیچ لێرە، کەوتینە ژیاری هیچ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بارانی خەیاڵ سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی مەڕۆ تا پێتی نیشان دەم، چ زمانێکە ئەوێن هەموو ئاوازی فڕینە، بە پلانێکە ئەوین مەڕۆ بارانی خەیاڵم، لە هەبوونت ئەوەرێ کە نەمای لێرە ئەڵێم پێت، چ خەزانێکە ئەوین مەلی ئازادی لە زادی، زەمەن و زارە ئەزێ نە لە ناو گۆڕی من و تۆ، چ زیندانێکە ئەوین مەگە دێوانەیی چۆنە، کە ئەڵێن با بدەمێ خەفەتی دا بە دڵی من، چ نەزانێکە ئەوین ئەمە کەی ژینە کە تۆ پێمی ئەدەی تاقە گوڵم کە بە ڕۆ ڕۆی دڵەکەم دێی، چ ژیانێکە ئەوین؟ خەبەری چوون و نەبوونت، بە خەیاڵ تێ ئەپەڕی لە خەوا ڕاچڵەکام پێی، چ هەلانێکە ئەوین هەموو کات ناسحی عاقڵ، لە ئەوین دووری ئەگرت کە دڵیت برد و بە دی کرد، چ تەلانێکە ئەوین دڵی برد دڵبەری بێڕەحم و بەرەو دواش نەگەڕا بێکەسی دا و کەسی بردم، کە زلانێکە ئەوین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێتە گیان سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی شێتە گیان شێتانە شێتم من لە دەوری ماڵەکەت شێتە گیان شێتانە شەیدام بۆ شکاری خاڵەکەت شێتە گیانم شەو شەوارەی داوە بەر دەم زوڵفەکەت شێتە گیان من دەس بە دامەن، ئەو گرێیەی شاڵەکەت شێتە گیان زستان بەهارە، گەر ببینم ڕووی گەشت شێتە گیانم بەند و زیندانم لە گۆنا چاڵەکەت شێتە گیانم وا مەزانە عاشقی بۆم ئەستەمە من خەوی خەونی خەیاڵم، مەستی لێوە ئاڵەکەت شێتە گیان تا ئەو بەهەشتەی، وادەیی داوە خودا پێ بە پێ، هەنگاو بە هەنگاو، ئەبمە یاری پاڵەکەت پێم مەڵێ ناسێح تەواو بوو، کەوتە داوی چاوەکەم نامرم گەر تاقە جارێ سەر خەمە سەر باڵەکەت تا نەمردووم دێمە بەر دەم بوونی پاکت، شێتە گیان وەک عەسەڵ شیرینە بۆ من، چایە تارە تاڵەکەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گریانە کاری هەر شەوم سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی پێم بێژە بۆچی بێ خەوم؟ گریانە کاری هەر شەوم؟ تا کوێر ئەوێ هەر دوو چەوم گریانە کاری هەر شەوم! پێم وت مەڕۆ دانیشە لام، جارێ بڵێ یەک دوو کەلام ڕۆیشت و چاومی کردە جام، گریانە کاری هەر شەوم نم نم ئەوارێ هەوری دڵ، گیانی سپاردە قەوری دڵ باسی نەماوە دەوری دڵ، گریانە کاری هەر شەوم من پێم ئەوت خۆشم ئەوێ، ئەو پێمی وت من نامەوێ تا مردنم پێشی کەوێ، گریانە کاری هەر شەوم ئەم شارە بۆم وێرانەیە، جێی مەردمی بێگانەیە دڵتەنگی من یەک وانەیە: گریانە کاری هەر شەوم خەم بانگی کرد سەردانی کەم گیان و دڵم قوربانی کەم تاکوو نەیەت زیندانی کەم گریانە کاری هەر شەوم ناسیح بە دڵ بێزار ئەوێ زاری ئەکا و بێ زار ئەوێ تا خەم بوێ خەمخار ئەوێ، گریانە کاری هەر شەوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فرمێسکی بوون سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی منم شەیدای کەلامی تو بکە غەرقم لە زریای دڵ منم مەستی چەمانی تۆ خومارم کە بە بریای دڵ ئەزانی عاشقی چۆنە؟ شەو و ڕۆژ پێکەنی بۆ یار بزانی ئەم ئەوینەی تۆ چلۆن کردوویە وریای دڵ ئەپرسن عەقڵ و عەشق پێک دێن لە سەر ماڵی ئەتۆ و یارت منیش ئێژم بە تەنیا عەقڵ ئەگێتە دادی فریای دڵ خەزانی داوە دەم وەرزۆ، سەمای خەندەی لەبی مردن پەنای هێناوە ئەم دنیا، کوڕووی بێدەنگ و تەنیای دڵ شەوێ شەیدای شەماڵی شار، شەوێ شێتی فریشتەی عەشق دڵم داناوە لەم شارە، شەوارەی داوە دونیای دڵ خەیاڵی ناسحی دڵتەنگ، لە گۆرانی نەبوون ئێژێ بەڵێ بەو بۆنە شێواوە، خەوی ئارامی دەریای دڵ خوڕەی فرمێسکی بوونم دێ، لە سەر باڵای خەمی چوونت وتت خۆشم ئەوێی گیانە و خەمێ ڕووخیاوە ڕۆیای دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زیندانی چارە سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی چاوەکانت چاوەدێری ئەم بەهارەن، دڵبەرم قاوەیی بێ یاکوو مێشی، هەر گوزارەن، دڵبەرم تا نەهاتیم بێ عەزیزم، هەر نەهاتن سەهممە ئەم دڵەی من بۆ دیدارت، لەو تەبارەن دڵبەرم تۆ لە جنسی سەربەخۆییت بەرز و جوان و پڕ لە گوڵ من لە ئەو زیندانە گیرم، ناوی چارەن دڵبەرم بەو دزینەی وا بەشی نیگاهی تۆ بوو، دڵگەشم چاوەکانت بۆ شەوانم، چەن هەسارەن دڵبەرم تۆ کە بێی باران لەگەڵ عەشق تێکەڵی ڕۆحم ئەبێ بێوەفایی و خەم تەکی یەک، یار و مارەن دڵبەرم دڵبەری دڵسەنگی ناسیح، دوور لە چاوانم مەبە ‌چاوەکانم دوور لە بوونت، چاوەزارەن دڵبەرم شێعری ئەمشەو چاوەڕێ بوو، مردنم بەش دەی بە دڵ چوونکە نیت ئێژم کە مەرگ، بۆم کار و بارەن دڵبەرم؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێبەری خەم سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی پیادە ڕۆیی خۆشیەکانم سوارە هات بۆم لەشکەری خەم بەرگە ناگرێ بەرزی باڵا، تاق و تەنیام بەر دەری خەم ئەم ژیانە چاوەڕێیە، تا بە پێشمەرگێ کە ماوە کیش بدەم لەو شای جەبارە، وا کە بۆتە ڕاوەری خەم سەر لە سێدارەی سەراوە، ئەو سەراوەش بۆتە ئاشتی جەنگ و مەرگ سەربەستی نادا، بۆیە بۆ من داوەری خەم گەر بڵێم ئازادی چۆنە و عەشق و شادی بۆچی تەنیان دەستەئەژنۆی مەرگ ئەبین و دێینە بەر دەم سەردەری خەم [ئەم ژیانە کەی ژیانە؟ ] کاتێ مردن بۆتە ئاوات سەربەخۆیی لەم شەوانە، کەوتە بەندی باوەڕی خەم تا ئەڵێن باران ئەبارێ، بیرەوەی عەشق دەست ئەدا لێم پیری خۆی لێم ون نەکرد و بوومە یاری سێبەڕی خەم ناسحیش گیرۆدە ئەڕوا، بێ خەیاڵی مردن و بوون گەر بڵێن کوانێ کەنینت؟ کەوتە داوێ ئەو پەڕی خەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیاو سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی بۆ ژیان و ژانی دنیا کۆڵەکەی دەردانە پیاو  بۆ خەمی دڵ زامی جەستە هەر وەکوو دەرمانە پیاو گەر لە دێڕ و شێعری گشتی، خۆشەویستە کیژ و ژن بۆ قژی خاوی ڕەشی ئەو، دەستی بۆتە شانە پیاو  چۆن گوڵێ باڵا بکا پێویستی تیشک و خاکە وا  بۆ چرۆدان و گەشی ژن، خاکی ناو گوڵدانە پیاو گەر بڵێن ژن ژینە هەردەم، پیاوی بۆچی سازی خوا؟ ژن لە دایک بوونی ژیانە، بۆ درێژەی مانە پیاو! هەر کە پرسی پیاو و ژن چین؟ پێی بڵێن ناسێح وتی: ژن فریشتەی خۆشەویستی، خاوەنی عیرفانە پیاو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاسۆی عەشق سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی من لە چاوی چارەکەمدا بەس کە ئاسۆی ئەشق ئەبینم من لە ئاسۆی ئەشقی خۆما یارە بۆسۆی ئەشق ئەبینم دەردی تەنیایی خراپە، گیان ئەسووتێنێ بە تەنیا چاوەکەم، من شێعری ناسکم، دەستەئەژنۆی ئەشق ئەبینم چاوەچاوی جوانی تۆیە ئەو میدادی شاعیرانت قەهوەیی چاوانی تۆیە، هەر لە سەر گۆی ئەشق ئەبینم نارەناری خۆشەویستی دێ لە بۆنی زوڵفەکانت عەتری پرچی خاوی تۆیە، لەو پەڕوپۆی ئەشق ئەبینم لێوی جوانت کاتێ تەڕ بێ وەک شیفایە بۆ دڵی تەنگ ئاوی لێوی سووری تۆیە، وا لە لۆلۆی ئەشق ئەبینم من لە جەبری ئەم ژیانە تاقە یارێکم ئەویست و ئەو دڵەم گەر تۆ نەبی، من ژین لە ڕۆڕۆی ئەشق ئەبینم شێتی شێوازی شەوانە و چاوەڕێی خەندەی لەبی تۆ ناسحیش ئێژێ کەنینت هەر لە ناو تۆی ئەشق ئەبینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی کاری سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی بێخەبەر لەو دەردی دڵمەی، با بڵێم پێت: کارییە کاری تۆ بوو کاری بوونی، بۆیە کارم زارییە من ئەڵێم خۆشم ئەوێی تۆ پێکەنە و پێم بێژە گیان مەحشەریش هەڵسێ عەزیزم، ڕستەکەم هەر جارییە لەو بەهارە وا بە دەستی دووری تۆوە، هەڵوەڕی خوێن لە چاوی خۆشەویستی، قەترە قەترە بارییە ئەی دڵی بێڕەحمی شەوگار، چیت لە دڵتەنگیم ئەوێ؟ دڵ کە داوای خۆشی ناکا، چاوەڕێی ئەو یارییە تۆ ئەزانی مەرگ سەفایە، کاتێ پێم ئێژی بڕۆ خۆشەویستی دەردی ئەمڕۆس، زندگی بێچارییە پڕ لە فرمێسک شێعر ئەنووسێ، ناسحی دڵتەنگی تۆ خۆزگە ژین جەبری ببایە، خۆ نەبوون موختارییە من ئەڕۆم و پێت ئەڵێم خۆشم ئەوێی ئەی، گیانەکەم بەس بە گاڵتەش بێ بڵێ پێم، دووری لێت ناچارییە... ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگاری دیدەباز سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی [نیگاری دیدەبازی من ئەگەر ڕاوی هەوەس بێنێ بە عاشق دیدە ئەنوێنێ، لە نێچیری دڵ ئەڕفێنێ] هەوەسبازی نییە لەو دڵیەدا عاشق، ئەگەر یاری هزاران جار لە باڵای خۆی، لەب و سێوی بلەرزێنێ لە خاکی دڵڕەقی دەردا، بە تەنیا یەک شتە دیارە دزێکی سەربڕی بەفرین، کە ئازادی ئەفەوتێنێ ئەگەر دڵتەنگ و ئاوارە غەریبم لەم وڵاتەی خۆم بە تاسەی دیتنی ئاشتی، دڵم عەشقت ئەلاوێنێ گەڵای پاییزی گیانی دا، بە دەم بایێ لە مردندا ئەگەر زستان خەوی لێ کەوت، سبەی خەونی بەهار دێنێ لە گۆرانی وڵاتی من، لە داهاتووی خەیاڵمدا ئەوین و مەرگ و ئازادی، بەرامەی خۆش ئەبارێنێ وتی ناسێح: لە ئەم عەشقە، خەتەر بوونمە و خەبەر چوونت ئەڵێن ئەمجا بڕۆ بێدەنگ، نەکا دنیا بشێوێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی نان سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی ئەی بێکەســـان ئەی بێکەســـان گریان ئەمێنــێ بێ وچـــان یەکجار بنووسن کۆڵبەران سەدجار بخوێنن دەردی نان پاییز ئەوارێ بۆت گەڵا و زستانە لات بەفر و بەڵا و تەنیایە فەرهادی ڕچاو سەدجار بخوێنن دەردی نان ئەی نیشتمان ئەی نیشتمان سەرما لە کێوا کەوتە گیان مەرگ بوو بە یادێ بۆ خەزان، سەدجار بخوێنن دەردی نان سەردەم دەمێ بێدەنگ بووە ئازادی ناوی نەنگ بووە مەرگی خەمان بێڕەنگ بووە سەدجار بخوێنن دەردی نان ''جارێ لە چاوان بگرە خەو'' بڕوات ببێتە خەونی شەو ''تا دەرکەوێ خورشیدی نەو'' سەدجار بخوێنن دەردی نان ئەی کۆڵبەران ئەی کۆڵبەران هەقتان بدا خوای بێکەسان بڕمێ خەیاڵی زاڵمان سەدجار بخوێنن دەردی نان تاکەی زوبانم لاڵ ئەکەن؟ تاکەی هەقم پاماڵ ئەکەن؟ تامی کەماڵ بۆ تاڵ ئەکەن؟ سەد جار بخوێنن دەردی نان ناسیح خەیاڵی هەڵفڕی، ئازادی چاوی هەڵبڕی ڕۆژێ خەزان دێتە سڕی سەدجار بخوێنن دەردی نان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕازی عەشق سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی ئاخ کە چاوانم لە جنسی ئاسمانە و ئاو ئەدا دووری دەردێکی گرانە، بۆیە سەهمی چاو ئەدا پێم لە پێڵاوی هەتاو دی، ڕێ لە ڕازی عاشقی شین کە شیوەی چاوی تۆیە، شێعرەکانم تاو ئەدا نێ لە نازی چاوی بازت، سازی ئاوازی ئەگرت وەک دەفی ناو دەستی دەروێش، ڕۆحەکەم پاراو ئەدا گاف بە گریانۆ ئەڵێ پێت: گیانەکەم گیانم ئەتۆی پەنجە پەنجەی شێعرەکانم، پیتەکانی ناو ئەدا ڕەمزی ئەم شێعرەم ئەنووسم، تاکوو بێخاوەن نەبێ! ئەو کەسەی خاوەن ئەناسێ، پێ لە جێی پێڵاو ئەدا تا سپاسی خوا نەکەم بۆت، ڕۆژێ هەڵنایە گوڵم تۆ لە پرشنگی ئومێدا، ناوەکەت جێناو ئەدا ناسح و عاشق ئەمێنم، ون لە بەر چاوم مەبە! خۆر لە ئاسمان تیشک ئەنێرێ و ژینی ناو خۆڵ قاو ئەدا برز و بزرۆکە ئەمێنێ، دەنگی ناوی ناوکەت خەڵکی زوانی ڕوون ئەکات و من زوبانم داو ئەدا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قاوەی کوردی سەبارەت: نووسین: ناسیح ڕەحیمی زوڵفەکەت گەرچی ڕەشە، ڕەنگی عەزاداری نییە گەرچی لێوت سووری سوورە، باسی خوێنخاری نییە با لە کافەی جوانی تۆدا، تامی شیرینێ بخۆم کوردە قاوەی چاوەکانت، تۆمی تاتاری نییە! من هەنارێ دڵشکاوم، ئەو دەروونم دیارییە تۆم نەبێت و نەمرم ئەمڕۆ، دەردەکەم کاری نییە... ! [لادە چارشێوی ڕەشت با دەر کەوێ کوڵمی گەشت] چوون حەشاری ڕوومەتی جوان، قەت حەیاداری نییە! نامرم تا نەبمە شێعری دەستەئەژنۆی بەر دەمت دڵ وشەی ناداتە هەرکەس، بۆیە دڵداری نییە! وایە بارانێ ئەوارێ و دڵ لە سەر خۆ شاد ئەبێ بۆنی باران شێت ئەکات و شێت دڵی زاری نییە چارەنووس هات و وتی پێم قسمەتی تۆ، ئەو نییە زللەیێکم لێ بدە و بێژ، خەونە بێداری نییە! دیتنت گەر مردنم بێ، سەد کەڕەت خۆم دار ئەدەم ترسی مەرگیش نام ڕفێنێ! ناسحە و چاری نییە! ++++++++++++++++++++++