شاعیر: عەبدوڵڵا پەشێو کتێب: ڕۆژ نییە لێتان تووڕە نەبم سەرناو: تابلۆیەکی زستانی سەبارەت: (١٩٧٢/١١/٩ - گوندی گەلیاوە) - نووسین: هەڵاڵە ئیلهامبەخش - @abdulla_pashew ئەمشەو دەستم بۆ فەرهەنگی نیوەشەو برد وشەکانی مێروولە بوون، له بەردەمما ڕایاندەکرد * * * ئەو مناڵەی ئێوارێ دیم لە سێبەری مزگەوتێکا برسێتی لە خۆی لوول دابوو داوەڵی١ خوای خۆی دەپێکا ئەمشەو لای من میوانێکە لە بنمچی ژوورەکەمدا ڕاکشاوە بە ئەنگوستە لاوازەکان ئەستێرەکان دەسڕێتەوە بەری کڵاوڕۆژنەی٢ گرتووم لێ ناگەڕێ بۆ بسکۆڵەی٣ کراوەی مانگ بکرێتەوە * * * ئەی میوانە بچکۆلەکەم! بۆ مان دەگریت؟ چیت لێم دەوێ؟ وەرە خوارێ! بەیانی زوو کڵافەی ڕێ دەکەمەوە، قاسەی ئاسۆت بۆ دەشکێنم، کولێرەی زێڕ دەردەهێنم وەرە خوارێ! سەری ئەستێرەکان مەبڕە بەری کڵاوڕۆژنە مەگرە لێفەی ئەییووب بە خۆتدا دە، تا دروشمی سەر تاقەکان دەسووتێنم، چیلکەی پەنجەی ترسنۆکی شاعیرەکان، کورسی و مێزی ژووری کۆشکە سامناکەکان دەسووتێنم بەیانیش زوو لە بیر ناکەم، کڵافەی ڕێ دەکەمەوە، قاسەی ئاسۆت بۆ دەشکێنم، کولێرەی زێڕ دەردەهێنم وەرە خوارێ! سەری ئەستێرەکان مەبڕە، بەری کڵاوڕۆژنە مەگرە، ئەی مێوانە بچکۆلەکەم، وەرە خوارێ! فەرهەنگۆک؛ ١. داوەڵ؛ دارێکە پەڕۆی پێوە دەئاڵێنن لە ناو شینایی بۆ ڕەواندنەوەی باڵندان، (مترسک) ٢. کڵاوڕۆژنە؛ دەلاقەی سەربان، کولانە ٣. بسکۆڵە؛ بسک و ئەگریجەی بچووک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامەیەک بۆ دەرەوەی وڵات سەبارەت: (١٩٧٢/١٢/٣٠ - هەولێر) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ سنوور دەنگم دەخواتەوە، ڕێی چاپخانە بە ژێر قەڵەمێکی سووردا تێدەپەڕێ جۆکەرەکان دەرگەکانیان داخستووە فەرشی سووریان بۆ بێدەنگیم ڕاخستووە دوا هۆنراوەم، لەوەتی لە دایک بووە وەک سمۆرە لەسەر چڵە درەختێکی سەوزی زمانم نوستووە * * * بۆم نووسیوی هەندێک شتی وردیلانەم بۆ نووسیوی... هەندێک شیعری وەک باڵداری بێهێلانەم بۆ نووسیوی... بەڵام چبکەم! پۆستەیەکی ئەم وڵاتە نادۆزمەوە نامەکانم بۆ تۆ بێنێ ڕۆژنامەیەک نادۆزمەوە لە پێخەفی دێڕەکانیا سبەینان ماچ چاو هەڵێنێ بانگتان دەکەم! ئەوینداران، بانگتان دەکەم: ئامادە بن! با کۆنگرەی خۆمان ببەستین، بڕیار بدەین پۆستەخانەیەک دروست کەین، نامەکانمان ببا و بێنێ چاپخانەیەک دامەزرێنین لە پێخەفی دێڕەکانیا سبەینان ماچ چاو هەڵێنێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو پێشەکی سەبارەت: (١٩٧٣/١/٢٠ - هەولێر) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ بۆ هۆنراوەیەک کە هێشتا نەمنووسیوه (١) تووڕە مەبن لە دووکەڵی وشەکانم دووکەڵی من: پەڕەسێلکەیەکە ماندوو... لە هێلانەی ئاگرەوە بۆ دوور دەفڕێ تووڕە مەبن لە گەرداوی وشەکانم گەرداوی من شوانکارەیە ڕانەهەورێکی مانگرتوو بۆ قەدپاڵەکان لێ دەخوڕێ (٢) - بووکیان دزی + زوڕنامان خۆش - بووکیان کڕی + دەهۆڵمان خۆش - بووک ئێوە خۆش + هەڵپەڕکێی ناو سەهۆڵمان خۆش! زاوا، هەڵسە هەڵسه، ڕابە! زوڕناکانیان وردوخاش کە زمانەکانیان لە ئاش کە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆسە سەبارەت: (١٩٧٣ - هەولێر) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ هاتن، هاتن، کۆسە هاتن هاتن، هاتن دەرگە داخەن، کۆسە هاتن: 'هەیاران و مەیاران یا خوا داکاتە باران بۆ فەقیر و هەژاران' * * * کەسێک دەرگە لە ڕووی کۆسە نەکاتەوە! ساڵەهایە تەونی درۆ هەڵدەبەستن کۆسەکانی ئەم دنیایە ساڵەهایە دەروازەی ئاسمان داخراوە، چاومان وەک پوول بە زەرفی ڕەشی ڕوخساری کۆسەکانەوە نووساوە * * * ساڵەهایە، ساڵەهایە بەقەد ئەسپێی نیفۆکانمان١ بەقەد ڕشکی تووکەسەرمان هەوری بەڵێن بەم خاکەدا تێدەپەڕێ و دڵۆپە بارانێک نایە ساڵەهایە ساڵەهایە نازانین کلیلی ئاسمان لە گیرفانی خۆماندایه! * * * هاتن، هاتن، کۆسە هاتن بن زمانیان هەزار و یەک زوڕنای تیایە گوێتان بگرن، تێ نەکەون پەیژەکەیان دەندەی ڕووتی برسییەکان ئاگاداری سەربانان بن، سەرنەکەون! * * * هاتن، هاتن، کۆسە هاتن ئەگەر دەرگەیان ڕاهەژاند مناڵەکان فێرکەن بڵێن: بۆن دێ... بۆنی بێگانان دێ... بۆن دێ... لە عەرد و بانان دێ! ١. نیفۆ: پزووی دەرپێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوپەڕی تینوێتی سەبارەت: (١٩٧٣ - هەولێر) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ ماچت دەکەم ئەی گیانی خۆم، ماچت دەکەم قۆرتی چەناگەت ماچ دەکەم نەرمانی گوێت گۆی مەمکەکانت ماچ دەکەم... * * * زۆر تینووتم لەگەڵ ئەوەی چاک دەزانم مەمکەکانت، وەک تۆپەخوێ تا ماچیان کەم نەمامی زەردی تینوێتی لە ئێسکمدا پتر دەڕوێ! * * * ئەی گیانی خۆم! لە یەکەم کۆرسی ئەڤیندا مەمکەکانت فێریان کردم ڕێزی بەفری کۆسار بگرم چاوەکانت فێریان کردم ڕێزی کانیی بنار بگرم * * * دەمەوێ بگەڕێمەوە بۆ سەر تەختەی قوتابخانە چاوەڕێت کەم لە دووەم کۆرسی ئەڤیندا فێرم بکەی مەمکەکانت بپارێزم فێرم بکەی چاوەکانت بپارێزم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆم نانووسرێ سەبارەت: (١/٦/١٩٧٣ - خاڵس) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ بۆم نانووسرێ بە خوێن نەبێ بۆم نانووسرێ نووکی ڕمەکانتان تیژکەن خەنجەرتان سواری هەسان کەن سەرانسەرم با ببێته کێڵگەی برین... من ڕاهاتووم خوێن بکەمە مەرەکەبی شیعر نووسین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەنگی ڕادیۆ و ڕەنگی شۆسە سەبارەت: (١٩٧٣ - هەولێر) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ ڕۆژێک لە ڕۆژان مانم گرت شەقامەکان زۆر تاسەیان دەکردم و بە دوای هەنگاوما دەگەڕان! * * * دوگمەی ڕادیۆم بادا و ڕامگرت: لەگەڵ (کورتەی دەنگوباس)دا، خەیاڵم ئەستێرەکانی وەک گوڵ چنین کە درێژەی بە (کورتە) دا، دەمی هەژاران گەیشتە شانەی هەنگوین کە ژوورەکەی خۆم بەجێهێشت، سەگ و مرۆڤ شۆسەکەیان ڕاخستبوو، کەوتبوونەوە خەوبینین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ بازرگانان سەبارەت: (١٩٧٣ - هەولێر) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ بە شەوانی ڕەسپوتین و گەنجینەکەی قاروونەوە خەو ببینن، بە کورسییەکەی ناپلیۆن و پاداشتەکەی خوێنڕشتنی ئەوینداری بێستوونەوە خەو ببینن منیش، لێرە، لەناو دڵی زنجەکەمدا بە مناڵە قژزەردەکەی دەم ئاسۆوە خەو دەبینم بە ئاگردان و پشکۆوە بە درەخت و بە چرۆوە بە قوژبنی ئەشکەوتێکی سەربەخۆوە خەو دەبینم * * * دوا دەنگوباسم ئەمەیە: من شێت دەبم! کە شێتیش بووم لەناو گرمەی ئاهەنگێکدا شرینقەیەک لە تەرمی ڕاستی دەدەم و لەسەر پشتی تاتەشۆری چەپڵەکانتان زیت و زیندووی دەکەمەوە! دوا دەنگوباسم ئەمەیە: من شێت دەبم! کە شێتیش بووم لە گۆڕەپانێکی شاردا، وەک مناڵێک بە زەنگیانەی درۆکانتان یاری دەکەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ شاعیران سەبارەت: (١٩٧٣/٧/١٨ - کوردستان) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ هەر وشەیێ، وەک گوللـەیێ، بۆ تفەنگی ئازدیخواز بەکار نەیێ، هەر وشەیێ، وەک دێمکەیەک ئاوی باڵدار وەک نووردییەک نانی باڵدار نەفڕێ لە بنکەیەکەوە بۆ بنکەیێ چاکتر وایە، ئەو وشەیە چەکمەی دوژمن بسڕێتەوە، وەک فڵچەیێ * * * من خۆشەویستێکم هەیە کە زمانی خێو و جنۆکە نازانێ وەک مناڵێک نامەی سادەم بۆ دەنووسێ وەک مناڵێک تێم دەڕوانێ * * * ناهێڵم تەم گەمارۆی شارەکەم بدات تا هیچ نەبێ خۆشەویستی خۆم تێم بگات! * * * سادەم بەڵێ، سادەم! سادەم و هەر سادەش دەبم وەکوو ناوی نیشتمانم: ئەو عەبایەی دوێنێ لەبەر خۆشەویستی خۆم کردەوە نایکەمە بەر شیعرەکانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کێ بێ لە من ماندووتر بێ سەبارەت: (١٩٧٣ - کوردستان) - @abdulla_pashew - نووسین: ٨٣.١٢٠.٨. ٢٤٨ کێ بێ لە من ماندووتر بێ؟ ! من خۆشەویستێکم هەبوو، وەکوو دڵۆپە فرمێسکێک لە گلێنەی چاوەکانما قەتیس مابوو لە ڕۆژێکی بەهاری ساڵی حەفتادا لە چاوەکانم جیا بۆوە لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ من دێوانەی ئەو دڵۆپە فرمێسکە بێ سەروشوێنەم هەرچەند دەکەم، جارێکی دی بۆم ناکرێ بیگێڕمەوە ناو گلێنەم * * * کێ بێ لە من ماندووتر بێ؟ من خۆشەویستێکم هەبوو، وەکوو هەناسەیەکی پاک لە سینگمدا هێلانەی خۆی چێ کردبوو... لە ڕۆژێکی بەهاری ساڵی حەفتادا، وەک باڵندە تۆرا و سییەکانمی بەجێهێشت... لەو ڕۆژەوە تاکوو ئەمڕۆ هەرچەند دەکەم، ئاخ، ناتوانم ئەو هەناسە ئاوارەیە بدۆزمەوە... کۆی کەمەوە... بیگێڕمەوە ناو سییەکانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر هاتی تەنیا وەرە سەبارەت: (١٩٧٣/٩/١١ - ڤەڕۆنێژ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەگەر هاتی تەنیا وەرە! ئەو بارانە پەستم دەکا کە ڕەشەبای لەگەڵدا بێ پەست دەبم بەو گوڵەگەنمەی لەگەڵ ژەنگا پەنجەیان تێک هەڵشکابێ! * * * ئەی بارانی ساڵی نەهات: ئەگەر هاتی تەنیا وەرە! بێ ڕەشەبا و بێ دەنگ وەرە ئەی گوڵەگەنمی زێڕکفتم: ئەگەر هاتی بێ ژەنگ وەرە * * * ئەگەر هاتی تەنیا وەرە! هەروەک لەناو دڵما تەنیای سەرینەکەم بۆ دوو کەسە دوو کورسیی تامەزرۆم هەیە دوو پیاڵەشم هەیە بۆ چای! * * * کاتێ بە تەنیا دێیتە لام، مەمکی دایکم سواری پشتی چیاکان دەبێ، چیاکانیش دێن دەرگەی ژوورە خەمگینەکەم دەکەنەوە، ناوچەوانی دەرکراوم ماچ دەکەن و دەیسڕنەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ نێرگزێکی کێویلکە سەبارەت: (١٩٧٣/٩/٢١ - ڤەڕۆنێژ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew درەختەکانی ڤەڕۆنێژ* وەکوو کیژە کوردی لادێ، شەرم دەکەن ڕووت ببنەوە هەرچەند هەوای پایزیشیان بەسەردا دێ * * * ئەی نێرگزە کێویلکەکە! تۆ شارەزای جادەکانی ئەم شارە غەریبەت کردم بۆ بەر تیشکی چرای کزی هەموو باخە پڕ نهێنییەکانت بردم کۆڵان کۆڵان، داڵان داڵان، هەمووی گەڕاین کۆگا کۆگا ڕێگا ڕێگا هەمووی گەڕاین کام سووچ تاریک و نووتەکە، لەوێ... خۆمان کرد بە چرا و تیا داگیرساین! * * * ئەی نێرگزە کێویلکەکە! سوپاس بۆ تۆ! کە شارەزای جادەکانی ئەم شارە غەریبەت کردم سوپاس بۆ تۆ! بۆ بەر تیشکی چرای کزی هەموو باخە پڕ نهێنییەکانت بردم بەڵام، توخوا، لێم ببوورە ئەگەر بڵێم ڕێگەی دڵت پێ نازانم، کە چوار پەنجە لە من دوورە! * ڤەڕۆنێژ: شارێکە، دەکەوێتە سەر ڕووباری ڤەڕۆنێژ، لە خوارووی ڕووسیا. شاعیر ساڵی خوێندنی ١٩٧٣ - ١٩٧٤/ی لەوێ بەسەر بردووە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کودەتا سەبارەت: (١٩٧٣/١٢/١ - ڤەڕۆنێژ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew پێش تۆ ناسین مناڵێکی خۆپەرست بووم وام دەزانی، ئاسمانی پان دەوارێکە، تەنیا بۆ من هەڵدراوە زەوی دوڕگەی دوای تۆفانە، جگە لە من، هیچ کەسێکی تیا نەماوە ئەوینی تۆ لەپڕ هات و شوورە و قەڵامی خاپوور کرد، ڕەنگەکانی هەموو گۆڕین یاساکانی ژێروژوور کرد وای کرد دنیا بۆ تەنیاییم وەک قەفەس بێ فێری کردم شەوان نیو سەرینم بەس بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەریان کردم سەبارەت: (١٩٧٣/١٢/٨ - ڤەڕۆنێژ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دەریان کردم، چونکە شیعرم مناڵێکی چەتوون ئاسا، پلووکەبەردی هاوێشتە ماڵی شووشەبەندی گەوران! دەریان کردم چونکە شیعرم هێڵی بەزاند، لە ڕووی گەنجینەی دزراو گڵۆپێکی دە هەزار ڤۆڵتی داگیرساند! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێت نەگۆڕێ سەبارەت: (١٩٧٤/٩/١٣ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کەزیت چەپکە ئاگرێکە، هەموو ڕۆژێ دەڕژێتە ناو ژووری تارم وا هەست دەکەم، ڕۆژێک دادێ... لافاوی ئاگر هەڵدەستێ زەردەخەنەت کەشتییەکە، هەموو ڕۆژێ ڕێ ون دەکا وا هەست دەکەم، ڕۆژێک دادێ لە بەندەری دڵی مندا ڕادەوەستێ! * * * نهێنیی خۆم تا ئێستا بە کەس نەگوتوە بە تۆی دەڵێم: من چیاییم، خەڵکی شاری 'ئەستی'* کوژەم هەموو ڕۆژێ خوێنی زینێک لە خەنجەرم دادەچۆڕێ گەر دێیته لام، وریای خۆت بە، خۆشت نەوێم، لێت نەگۆڕێ! *ئەستی (ستی) کچە کرمانجێکی دەشتی هەولێرە. لە چلەکاندا لەگەڵ کەریمی ئەوینداریدا سەری خۆیان هەڵدەگرن. گەلێک ئەم گوند و ئەو گوند، ئەم ماڵ و ئەو ماڵ دەکەن، کەس خۆیان لێ بە خاوەن ناکا، تا لە نێزیک گوندی حەسارۆکان هەردووکیان، بە دەستی بابی ئەستی و ئاغاکەی، شەهید دەکرێن. گەلێک لاوک و حەیرانیان پێدا هەڵگوتراوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەو سەبارەت: (١٩٧٤/١٠/١٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew سندمیان کردە هەردوو پێم، کەلەپچەیان کردە دەستم، خەنجەر نیشتە سەر گەردنم، لێیان پرسیم: ناوی چییە خۆشەویستم بێدەنگ وەستام وەک سەنگی مت دامە قاقای پێکەنین و هیچم نەگوت! * * * چاویان کۆڵیم، سەریان بڕیم بە خەنجەر دڵیان شەق کردم خوێنم وەکوو هەورەتریشقە شریخاندی و هەر نەمردم * * * کاتێ خوێنم فڕکەی کرد و وەکوو چەپکەگڕێک پژا بەسەر عەردا جەلـلادەکان هاتن... پەنجەیان تێوەردا هاتن... چیلکەیان تێوەردا پیتی ناوێکی سەربڕاو، نەخشەی وڵاتێکی دزراو، تێکەڵاو بوون وەک تانوپۆ یەکاڵایان نەکردەوە، هەرچەند پەنجەیان تێوەردا هەرچه چیلکەیان تێوەردا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند وشەیەک دەربارەی تەمەنی خۆم بۆ ڤ. ن سەبارەت: (١٩/ ١٠/ ١٩٧٤ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کاتێ ڤالیا لێم دەپرسێ: 'کەی پێت‌ نایە ئەم دنیایە؟ ' پێکەنینم، وەکوو چووزەرە ڕێواسێک لەژێر بەفری دەم و لێوما سەر دەردێنێ پێکەنینم، گریانێکە زەردەخەنەی هەموو دنیا دەگەچڵێنێ! بەڵێ، ڤالیا! نیاندرتاڵ بووم کاتێ پێی خۆم نایە دنیا. بە چاوی خۆم چاخی هەموو پێغەمبەرەکانم دیوە. کاروانی مێژووی شەرمەزار بەسەر لۆچی ناوچاوانما تێپەڕیوە کەچی هێشتا... ئۆفیسە١ قۆڵبڕەکانی ئەم چاخە ویژدان تۆپیوە لە دەفتەری زیندوواندا ناوی منیان نەنووسیوە! ١. ئۆفیس: نووسینگە، دائیرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاڤگە سەبارەت: (زستانی ١٩٧٤ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (بۆ تاڤگەی برازام) تاڤگە، کاریلەی مامی خۆت! تۆ جاران تەنیا تاڤگە بووی، ئەمڕۆ لای من گەورەتری. ئەمڕۆ لای من ئەلبۆمێکی، وێنەی هەموو مناڵانی کوردستانم بۆ هەڵدەگری. تاڤگە، ئەی سمۆرە کێویلکەکەم! چ دەکەی لە مۆسکۆ، لێرە؟ چ سیمرخێک تۆی بۆ من گەیاندە ئێرە؟ چەند ڕۆژێکە لەناو پۆلی مناڵاندا دەتبینم خەریکی یاریت. کە زریزەی بەفری زیوین زەوی و ئاسمان لێک دەدوورێ، لەگەڵ بەفرا تۆش دەباریت. کە دەست دەبەم بۆ کتێبێک، تۆ، وەک جاران، تۆتکە ناگری... پەستم دەکەی. ساپساپانێ بە پیتەکانی کتێبی دەستم دەکەی. دەچمە ناو واگۆنی میترۆ_ تۆ وەک ڕێگەی گەڕانەوەم لەبەر دەممای. شەقام دەبڕم وەک سێبەری چێشتەنگاوی درەنگی خۆم تۆ لە تەکمای. جارجار خۆمت لێ ون دەکەم کەچی لەپڕ وەک ڕۆژنامە لەناو دەستمای! *** تاڤگە ئەی سمۆره کێویلکەکەم! تۆ جاران تەنیا تاڤگە بووی ئەمڕۆ لای من گەورەتری... ئەمڕۆ لای من ئەلبۆمێکی وێنەی هەموو مناڵانی کوردستانم بۆ هەڵدەگری! تۆتکەگرتن: ئارامگرتن، ئۆقرەگرتن، هەدادان ساپساپانێ: خەتخەتێن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فوتبۆڵ سەبارەت: (١٩٧٤/١١/٣- مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئاژانسەکانی دەنگوباس ڕایانگەیاند: یارییەکی فوتبۆڵ دەکرێ. دوو تیپەکە کرێمل و کۆشکی سپی. تۆپ سەری کورد. گۆڵ کوردستان تەماشاکەر دنیای کڕی وەک گۆڕستان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەفر سەبارەت: (١٩٧٤/١١/١٠ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وەک (جوانی بێناو)ی گۆران، وەک ڕۆژانی ساڵی بەفەڕ، وەک ساڵانی تەمەنی تەڕ وەک گەندەپەڕی باڵدارێ، وەک فرمێسکی زارۆی ساوا، وەک هەنگاوی بەرەبەیانی ڕێبوارێ، کلوو کلوو، هێدی هێدی، بەفری زیوین دێتە خوارێ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەند وشەیەک دەربارەی دڵی خۆم سەبارەت: (١٩٧٤/١١/٢٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەم دڵەی من وەک واگۆنی قیتارێکە هەزار و یەک وێستگەی هەیە. لە هەر یەکێک لەو وێستگانە ڕابوەستێ، ڕێبوارێک بەجێی دەهێڵێ، ڕێبوارێک خۆی تێدەپەستێ. بەڵام وەتی ئەم دڵەی من بۆتە واگۆن ڕێبوارێکی پەستی تیایە، دانابەزێ، دانابەزێ له سووچێکی ئەم دنیایە. ئەو ڕێبوارە بەدوای ناوی خۆیدا وێڵە... ئەو ڕێبوارە بەدوای چاوی خۆیدا وێڵە ئەو ڕێبوارە برینمە. ئەو ڕێبواره زەردەخەنە و گرینمە. ئەو ڕێبوارە کوردستانە، لانەی یەکەم ئەڤینمە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕامانێک سەبارەت: (١٩٧٤/١١/٢٦ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گیانە، دەڵێن: 'ئەمساڵ ساڵی بەفر و خوێنە' بۆیە... کاتێ نیگام دێتە شنە لەسەر سێوە لاسوورەکەی ڕوومەتی تۆ بیری من و بەفر و خوێنی ئەم زستانە تێک دەئاڵێن وەک تانوپۆ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مۆنیکا بۆرگوارد سەبارەت: (١٩٧٤/١٢/١٦ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نەتالیای شۆخ ١ لەناو زەریای مەرەکەب و خوێنی بێبنی پوشکیندا ماسییەکە، نە خەم دەخوا، نە پیر دەبێ، نە چەنگاڵی مەرگی ڕاوکەر لێی گیر دەبێ. ئێلزاش هەتا دنیا مابێ ٢ شاژنێکە، کەژاوەکەی لەسەر شانی شیعرەکانی ئەراگۆنە، بەسەر هەر پێنج کۆنتینێنتا ڕادەبوورێ، وەک تووڕەییی چیاکانی من، وەک بەستەکانی کۆمۆنە ٣ ئەی مۆنیکا! نەتالیام تۆی. ئەی مۆنیکا، تۆی ئێلزام، تۆی! لە ساتێکدا، کە دڵتەنگیت، گەر بە من بێ، گۆی زەوی دەکەم بە سێوێ، دەیدەمە تۆ یاریی پێ بکەی وەک مناڵێ. کە سەرما هات، لەچەکت ویست، ئاسمانی شین دادەگرم و بۆتی دەکەم بە دەسماڵێ! **** من دەمەوێ تۆ نەمر بیت! من دەمەوێ ئێوارەیەک لەگەڵ هەورا بباریت و تەواو نەبیت. من دەمەوێ سپێدەیەک لەگەڵ ڕۆژا بۆم هەڵێیت و ئاوا نەبیت. بەڵام، سەد ئاخ! من پوشکین نیم. ئەراگۆن نیم. دەزانی کێم؟ دەزانی چیم؟ من چڵێکی بەژنچەماوەی شەنگەبیم. *** مۆنیکای خۆم، نەتالیاکەم! مۆنیکای خۆم، ئەی ئێلزاکەم بڕوا بکە، هەزار جاریش پەساپۆرتی جاویدانیت بۆ ئیمزاکەم، لە نێزیکترین سنوورا پۆلیسەکان دوای سەرنجێکی شێتانە مەمکت دەبڕن ئەوسا لەسەر قاپێک شەراب ئەنیت دەکەن بە نیشانە. هەموو هۆیەکەش ئەمەیە: پاسپۆرتەکەت نەخشی پەنجەی شاعرێکی بێ نیشتمانی پێوەیە. ١. نەتالیا گەنکیرۆڤە: هاوسەری ژیانی شاعیری گەورەی ڕووس ئەلێکساندەر پوشکینە. ٢. ئێلزا تریۆلی: هاوڕێی ژیان و سەرچاوەی ئیلهامی شاعیری ناوداری فەرەنسایی ئەراگۆنە. ٣. کۆمۆنە: مەبەست لە کۆمۆنەی پاریسە (١٨٧١ ز) کە بۆ ماوەیەک ڕەشوڕووتانی پاریس دەسەڵاتیان وەرگرت. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من و ئەو و شیعر سەبارەت: (١٩٧٥/١/٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دەمخوێندەوە... هێدی هێدی، بێشکەی ئاڵی خەونەکانم ڕادەهەژاند وشەکانم، لە نێوانی زاری من و گوێچکەی ئەودا، جۆگەی ئاگریان هەڵدەبەست ئەویش وەکوو مناڵێکی وڕکگرتوو، برۆکانی گرێ دابوو، سەرپەنجەکانی خۆی دەگەست! * * * بۆم خوێندەوە دوا هۆنراوەی دەفتەرەکەم بۆی خوێندەوە گوێم لە پڕمەی گریانێک بوو! - بۆچی دەگریت؟ + 'وەک هەر کچێ، چاوەڕێ بووم لە شیعرێکدا خۆم بەدی کەم، دڵم پڕ گڕ، پڕ هیوا بوو... کەچی چوومە بەر ئاوێنەی هەر شیعرێکت جیوەی سووا بوو! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعر سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا دێ شیعرم خۆشتر دەوێ چونکە شیعر وەک شۆخێکی دوودڵ وایە، هەموو ڕۆژێ جێ و کاتی ژوان نیشان دەکەین بە دەگمەن دێ، یا هەر نایە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەشەبای دەنگوباس سەبارەت: (١٩٧٥/٤/٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew وەک چۆن پەڵە هەورێکی پڕ کەوتبێتە بەر نەقیزەی بایێکی وڕ، وەک چۆن بەرخێک گورگێکی هار لە هەناویا بلوورێنێ، وەک چۆن تاکە هەوێردەیەک هاشەی باڵی باشووکەیەک ئاسمانی لێ بگەچڵێنێ: منیش ئاوام! خول دەخۆمەوە بێ قۆناخ، پێڵاوی پێم پڕی وردەشووشە و پشکۆن، شاری مۆسکۆ دەستنووسێکە لێ... بە خەتی بزماریی کۆن! * * * ناوچەوانم، ڕۆژنامەیە بە هەر زمانێک دەردەچێ بە خۆڕا دەخوێندرێتەوە خۆی بەپیر خەڵکەوە دەچێ سیمام، پەردەی سینەمایە و ڕیزە فیلمێک نیشان دەدرێ: 'ڕۆما مەقەڵەی نیرۆنه' 'هیرۆشیما کارگی گڕی دەرخوارد دەدرێ' 'کوللـە دەگاتە شارەزوور' 'سێدارەیەک لە چوارچرا چرۆ دەکات و گوڵ دەگرێ... ' * * * ئەی مناڵە قشتەکانی پێتەختی ئەشق و کارگە و گوڵ! ئەمڕۆ لە چاوم سڵ بکەن، سڵ بکەن... سڵ! چاو بێپەردە و زمانشڕە، زۆر دەترسم وەک وەرگێڕێ لە زمانی داربەڕووەوە خەم بۆ شەتڵە بریۆزەکان وەربگیڕێ * * * ئەی کچانی پێتەختی عەشق و کارگە و گوڵ! ئەمڕۆ سنگم نە ئێوەی تیا ماوە نە دڵ! وەک بیستوومە، لە چیاکانا ڕەشەبایە... نا، ڕەشەبا لەوێ نییە! ئا لێرەیە، لە لانکۆڵەی دوێنێ و سبەی ئێوەدایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر ئەمجارە بێمەوە (١) سەبارەت: (١٩٧٥/٥/١٦ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەگەر ئەمجارە بێمەوە: بەیانییان وەک بەرخۆڵەیەکی ساوا، لەناو قەرسیلی پاراوا تل دەخۆم و گیایەکی تفت، تێرتێر دەجووم، تا کفت دەبم، پێ و بەلەکم لە شەونمی سارد هەڵدەسووم! * * * ئەگەر ئەمجارە بێمەوە: وەک سمۆرە، بە دارگوێزە بەرزەکانا هەڵدەگەڕێم، وەک پەڵەیەک هەوری نەوی بەسەر کێڵگە سەوزەکانا دەخولێمەوە، وەک شەنگەبی بەسەر چەما، بەسەر گشت زنارەکانی کەنارا... دەچەمێمەوە، ئاخ، بەس ئەمجارە بێمەوە! * * * ئەگەر ئەمجارە بێمەوە: سەرنج دەدەم گوڵەگەنم چۆن زەرد دەبێ، هەنار و سێو چۆن پێ دەگەن، قەتێیەکان هێلانەیان چۆن چێ دەکەن! سەرنج دەدەم، زەڕنەقووتە چۆن باڵ دەگرێ، پەڕەسێلکە کۆچەرەکان، لەسەر تێلی کارەبای ڕێ، چۆن ڕیز دەبن، جۆگەلەکان لە کوێوە دێن، بۆ کوێ دەچن! * * * ئەگەر ئەمجارە بێمەوە: لە گۆی مەمکی هەر کانییەک قومەئاوێک دەخۆمەوە، گشتیان دەکەم بە دایکی خۆم لە هەر ئەشکەوتێکا، شەوێک سەر بە گاشەبەردێک دەکەم، گشتیان دەکەم به لانکی خۆم * * * ئەگەر ئەمجارە بێمەوە: زمانی گڕ دەهێنمەوە بۆ لاڵەکان شاپەڕی گڕ دەهێنمەوە بۆ فڕندە بێباڵەکان! * * * ئەگەر ئەمجارە بێمەوە: ناهێڵم لاوان گوڵ بچنن بۆ گوڵدانی مردووی سەر مێز فێریان دەکەم کە چوونە ژوان لە بەرۆکی کچانی دەن، ئەوسا بیانکەنە ئامێز! * * * ئەگەر ئەمجارە بێمەوە: - مناڵانی مۆسکۆی چاوشین فێریان کردووم - بێ شیرینی سەر ناکەم بە هیچ ماڵێکا زۆر جۆلانەی نەرم و سادە بۆ مناڵان هەڵدەبەستم لە جەژنی لە داکبوونیانا - کە نییانە - بەشدار دەبم... لەباتی مۆم دادەگیرسێنم ئەنگوستم گڕ بەردەدەم لە گلێنەی چاوەکانم، لە ساواترین هەڵبەستم. * * * ئەگەر ئەمجارە بێمەوە: هەر بێشکەیێک بێتە ڕێگەم، بە شێنەیی بە سەریا دەنووشتێمەوە ئاخ، مناڵان! ئاخ، بەس ئەمجارە بێمەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر ئەمجارە بێمەوە (٢) سەبارەت: (١٩٧٥/١٢/١٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی دایە گیان! لە یادمە، کە مناڵ بووم، ئەشقی تامی تفت و تاڵ بووم گڵم دەخوارد، قوڕم دەجوی تۆش زللـەیەکت لێ دەدام، هەمووت پێ تووڕ فڕێ دەدام ئەی دایە گیان! ئێستا گەورەم و مناڵ نیم، ئەشقی تامی تفت و تاڵ نیم کەچی ئەگەر ئەمجارەشیان ڕێم بکەوێتەوە بێرکۆت* لێشم بدەی، لێشم حەرام کەی شیری خۆت، من بە تەشییەکەی مناڵی دەڕێسمەوە، دار، بەرد، گڵ، قوڕ... چیم بێتە ڕێ دەیلێسمەوە! * بێرکۆت: جاران گوند و ئێستا گەڕەکێکی شاری هەولێرە، زێدی شاعیرە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەسەرهاتی فلیمێک سەبارەت: (١٩٧٥/٥/٢٠ مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew فلیمەکە تراژیدیا بوو. ناوەرۆکی مان و نەمان بەرامبەری پەردەی سپی دڕیان بە بێدەنگی دەدا زەنگی دڵان. چاو چەخماخەیان لێ دەدا، لەناو جەرگی تاریکیدا ملیۆنەها دادەگیرسان! پاڵەوانی فلیمەکە لەگەڵ کزەی زەردەپەڕدا تێشووی هەڵگرت ڕابرد بە ناو دڵی تاری شەوی کەڕدا. بەڵێنی دا ئاسمانی شین، چەمی زیوین، ئاگردانێکی پڕ پشکۆ، ساپیتەیەکی سەربەخۆ ١ بۆ قەرەجان دەسگیر بکات. کەچی، لەپڕ، خەنجەری خۆی پشتی پێکا، فلیمەکەش... لە ناوەختا کۆتایی هات. *** منم پەردەی سینەماکە. منم هۆڵی سینەماکە. من دەزانم ئەکتەرەکان تاوانبار نین. من دەزانم بینەرەکان تاوانبار نین. بۆیە ئێستا لە ئەکتەرە بەڕێزەکان داوا دەکەم، لە بینەرە بەڕێزەکان داوا دەکەم، ناڕەزایی نیشان بدەن بەرانبەر بە گیرانی خۆر... بەقەد خوێنی قوربانییەکە تف هەڵاوێن بۆ ناوچەوانی ڕێژسیۆر. ٢ ١. ساپیتە: بنمیچی خانوو ٢. ڕێژسیۆر: دەرهێنەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ جوانێکی سارد سەبارەت: (١٩٧٥/٦/٤ مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دانی پیادەنێم: تۆ جوانی، وەک دڵۆپە شەونمێکی سەر پەڕەی گوڵ. پەرستگەی چاوی هەموانی، وەک دڵۆپەشەونمێکی سەر پەڕەی گوڵ. کەچی لێم بوویت بە پەساپۆرت، لەگەڵمایت و لێت بێزارم: من چیاییم، ختووکەیەک وەک گڕ خوێنم دێنێتە کوڵ. دەبینم تۆش ساردوسڕی، وەک دڵۆپەشەونمێکی سەر پەڕەی گوڵ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناکەوین سەبارەت: (١٩٧٥/٧/٨ گوندی ئیگومینکە) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئێمە وەک درەختین جار هەیه دەخەوین. دەخەوین وەک شوانی دوای شەوین. بەڵام لە خەویشدا... بەپێوەین، بەپێوەین، ناکەوین! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەون سەبارەت: (١٩٧٥/٧/١١ ئیگومینکە) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew -'خەوم نایێ. دەترسم بڕۆم ونت کەم. خەوم نایێ. ڕۆژانمان ئەوانەی ماون بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، چەند دڵۆپە شەونمێکی بەرهەتاون. دەترسم بڕۆم ونت کەم. خەوم نایێ. ' +'بنوو گیانە! بیر لە دەریایەک بکەوە، کە هێندەی چاوی خۆت مەنگ بێ. بیر لە ئاسمانێک بکەوە، هێندەی ژانی من بێدەنگ بێ. خەم مەخۆ، هێمن بە، بنوو... دوێنێ خەونێکی خۆشم دی. لە خەونمدا مرۆڤ هەزار دەستی هەبوو. هەر دەستێکیش، وەک درەختێک، هەزاران پەنجەی گرتبوو! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەلبۆم سەبارەت: (١٩٧٥ مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew -'گفتت دامێ، وێنەی ئەوانەم نیشان دەی، کە مۆم ئاسا لە شەوگاری ژینتا هەڵبوون؛ هی ئەوانەی خۆشت دەوێن، هی ئەوانەی خۆشت ویستوون. ' +'لەو ڕۆژەوە گفتم داوە لە سۆراخی ئەلبۆمێکدام، کەوا دوو تۆی وێنەی هەموو ئافرەتانی ئەم جیهانە بگرێتە خۆی' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێشبینی سەبارەت: (١٩٧٥/١١/١ مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من فاڵچی نیم. کتێب بۆ کەس ناگرمەوە. ناولەپی کەس ناخوێنمەوە کەچی لێم ڕوونە و دەزانم: مادام تۆ منت خۆش دەوێ، دەبیت بە نەرمەبەستەیێک، قەرەجەکان... شەوانی زستان دەتبێژن. دەبیت بە دێڕەهەڵبەستێک، بەیانییان ڕۆژ دەتنووسێ، کە زەردەپەڕیش دەکەوێ شیعرکوژەکان دەتنێژن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زستانی پار سەبارەت: (١٩٧٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew زستانی پار لەگەڵما بووی لەم شارەدا بەستەڵەکیش گوڵمێخەکی لێ دەردەچوو تا چلوورەش بە گوێسوانە و درەختەوە سەوز دەبوو * * * زستانی پار لەگەڵما بووی: باران تەڕی نەدەکردم، زریان پەنجەی نەدەبردم * * * زستانی پار لەگەڵما بووی: هاژە و خوڕەی زێی سیروانم لەگەڵدا بوو گوڵەگەنمێکی گەرمێن و کلوەبەفرێکی کوێستانم لەگەڵدا بوو! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چاوڕەشێکی باکۆیی سەبارەت: (١٩٧٥/١٢/١٣ مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew جار هەیە تاکە وشەیێ دەتکێتە ناو چاوی شیعرێ، تا سەرچۆپی بۆ وشەکانی تر بگرێ. *** تۆ پەیڤێکی باڵندە بووی، ڕەشەبای گێژی ئێوارە شەوارەی کردی و ڕایپێچای بەرەو شیعری سیسهەڵاتووم. چاوی ڕەشت مانای بەخشی بەو چاوانەی، پێش تۆناسین، وەکو وێستگە پیانا ڕەتبووم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامۆیی سەبارەت: (١٩٧٥/١٢/٢٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کە نامۆیی وەک ڕەشەبا هەڵدەکات و پێدەشتی ئارامم دەبڕێ، کە خەم وەکو قەلەڕەشکە، لە بەردەرگەی ژوورەکەمدا، باڵەکانی دەکاتەوە و لەنگەر دەگرێ: من چۆلەکەی باڵتەزیوی خەمەکانی خۆم هەڵدەگرم، دەڕۆم، دەڕۆم، تا مناڵێک دەدۆزمەوە لەناو تیشکی چاوی ئەودا فڕین وەبیر چۆلەکەی خەم دەهێنمەوە کەچی، گیانە! بە چاوی خۆم زۆر جار دیومە کە مناڵان لەم شارەدا خەفەت دەخۆن، وەکو بێچوە مروای دێن لە زەریاچەی چاوی تۆدا خۆیان دەشۆن. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەو ڕۆژەوە لەگەڵما نیت سەبارەت: (٢٧-٢٨ /١ /١٩٧٦ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لەو ڕۆژەوە لەگەڵما نیت سبەینان خۆر درەنگ هەڵدێ ئەستێرەکان چاوی دایکی شەهیدانن، کز دەسووتێن! کێشوولەکان لەسەر شیشەی پەنجەرەکەم هەڵناکورمێن! * * * ئەگەر هات و ونم کردی، ئەگەر هات و... ئەم جیهانەی پان و بەرین لەژێر ساپیتەی زنجێکدا بەیەکەوە ڕانەگرتین: کە گەڕامەوە کوردستان، من تینوێتیم هەر بە ئاوی کانی دەشکێ، کانی هەموو بنارانت بە ناو دەکەم! کارمامزم زۆر خۆش دەوێن، کارمامزی پێدەشتانت بە ناو دەکەم! من تا مردن چیاپەرستم بڵندترین چیای کوێستانت بە ناو دەکەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەنواڕی سەبارەت: (١٩٧٦/٦/٢١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چاوەڕێتم! دەگەڕێیتەوە سوێند دەخۆم سوێند دەخۆم دەگەڕێیتەوە گەر یەک یەكیش سنوورەکان مینڕێژ بکەن بە گوللە و تیر دنیاش دابێژ دابێژ بکەن هەموو ڕۆژێ لەگەڵ بەریبەیانیدا بەرەو ئاسۆ، لە دوو دەدەم دەزووی نیگام وا هەست دەکەم تۆ دەبیتە باڵدارێکی ئەفسانەیی و بەیانییەک دێیتەوە لام! * * * دەگەڕێیتەوە... سوێند دەخۆم سوێند دەخۆم... دەگەڕێیتەوە بۆیە ئەگەر بست بە بستی ئاسمانیشت لێ بتەنن، هەموو ڕۆژێ لەگەڵ بەریبەیانیدا پەنجەرەکان دەکەمەوە وا هەست دەکەم، کە تۆ وەكو توولەنەمام بەیانییەک لەبەر پەنجەرەکەم دەڕوێی بە دیواردا هەڵدەگەڕێی دێیتەوە لام... ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەورە مەبە سەبارەت: (١٩٧٦/٧/١١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لەگەڵ مندا گەورە نابیت مناڵی لێت نابێتەوە لەگەڵ مندا تا هەتایێ بێ بووکۆکە خەوت نایێ! * * * گەوره مەبە، کزەی جەرگم، گەورە مەبە! تا من مابم، لە مناڵیت وەڕس نابم شەو ساماڵ بێ وەک تۆ دێمە بەر پەنجەرە، ئەستێرەی ئاسمان دەژمێرم کە بارانیش دەئاخڤێنی، بە کڕوکپیت دەسپێرم! * * * گەورە مەبە، کزەی جەرگم، گەورە مەبە! دە قیڕوسیا! بەیانییان شیر بۆ من و بنکڕ بۆ تۆ کە ئاگرۆکە دەکەیتەوە، دووکەڵ بۆ من و گڕ بۆ تۆ! * * * گەورە مەبە! هەموو شەوێ بە کەژاوەی هەقایەتی ئەندرسن و شیعری مارشاک خۆم بۆ خەوت بە بووک دەبەم کە نووستیشی، مۆر لە دەمی سروشت دەدەم * * * گەورە مەبە، کزەی جەرگم، گەورە مەبە! ئەگەر وەڕس بووی، پێم بڵێ، خانووچکەی شووشەت بۆ دەکەم ئەگەر برسی بووی، پێم بڵێ، چنگۆڵانت پڕ باسووق و گەزۆ دەکەم * * * گەورە مەبە، کزەی جەرگم، گەورە مەبە! هەموو ڕۆژێ شقارتەیەک لە منەوە، دەنک دەنک دایگیرسێنە... تیشک و پرشەی چراخانی لێ بسێنە... گەرموگوڕیی ئاتەشگەدەی زەردەشتیانی لێ بسێنە! * * * گەورە مەبە، کزەی جەرگم، گەورە مەبە! تا من مابم، لە مناڵیت وەڕس نابم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سێ هۆنراوە سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) بەڵێنی هیچت پێ نادەم هەر ئەوەندەم ئاگا لێیە کە من ئێستا خۆشم دەوێی ئێستا وەکو هێمۆگڵۆبین لەناو خوێنمدا دەگەڕێی * * * خۆ دڵی من سارنج١ نییە، دڵنیات کا کە تۆ تێیدا قەت ناگۆڕێی هەتا دەمرم تۆ مێوە نیت، دڵی منیش کارگە نییە، تاکو لەوێ لە قوتووت کەم، هەڵتگرم! بەڵێنی هیچت پێ نادەم هەر ئەوەندەم ئاگا لێیە کە من ئێستا خۆشم دەوێی ئێستا وەکو هیمۆگڵۆبین لەناو خوێنمدا دەگەڕێی (١٩٧٦/٧/١٠ - مۆسکۆ) (٢) کاتێ سەرم دەکەمە سەر شلکەی ڕانت، ئەی شوڕەکچ! ئارامترم لەو کۆترەی لە بەرپێی پەیکەری پوشکین دەخولێتەوە کە شلکەی ڕان سڕ دەبێت و سەر هەڵدەگرم تەنیاترم لەو شادێڕەی لە شیعرێکدا شەهید دەبێ و دەکوژێتەوە! (١٩٧٦/٧/١٤ - ئیگومینکە) (٣) کڵافەیەکی ئاڵۆزم ئەشکەوتێکی ئەفسانەییم فەنەرێکم، چرکەیەک بۆت دادەگیرسێم، شەو و ڕۆژێک دەکوژێمەوە چڕم وەکو جەنگەڵی نیشتمانی تۆ پڕم وەکو جەنگەڵی نیشتمانی تۆ بۆ خشپەی پێی هەر پرسیارێک ناکرێمەوە * * * گەر دەتەوێ ڕووتوقووتم بکەیتەوە وەک خەنجەرێک، گەر دەتەوێ ماسیی سرکی ڕازەکانم سەر ئاو بخەی بە نیگایێ، گەر دەتەوێ سنگم شەق کەی، بیکەیتەوە وەک دەریایێ بمبە نێزیک داربەڕوویێ بمبە نێزیک لووتکەچیایێ! (١٩٧٦/٧/١٥ - ئیگومینکە) ١. سارنج: سەللاجە، سارنجۆک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیالۆگ سەبارەت: (١٩٧٦/٧/٢٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew - 'دڵتەنگ مەبە! ڕۆژێک دادێ دەچیتەوە کە چوویتەوەش، نیشتمانت خۆی لە بنڕا هەڵدەکەنێ ئامێزت بۆ دەکاتەوە، وەک دایکت بەپیرتەوە دێ! ' + 'نا، گیانە، نا، قەت وا مەڵێ! چۆن شتێک بەپیرمەوە دێ، کە ئەو هەموو ساڵ و مانگە لە بڕبڕەی پشت و خوێندا ئەمن ئەوم هەڵگرتبێ؟ ! ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وارشۆ سەبارەت: (١٩٧٦/٨/١ - وارشۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کفت و ماندووم نە چاو لە هەنگاوم دەگا، نە هەنگاو لە چاوم دەگا، ئاسمان نەرم نەرم دەپڕوشێنێ وارشۆ، کیژۆڵەیەکی دڵتەڕە، شەو لە وێستگەی شەمەندەفەر لەگەڵ منا ژوانی هەیە و خۆی دەنوێنێ بۆیە ئاوا لە دوێنێوە زڕخەو بووە، قژی سەوزی خۆی تەڕ دەکا و دایدەهێنێ * * * کە من هاتم، تەنیا هاتم کەسێک بە پیرمەوە نەهات کەچی کاتێ بەجێت دێڵم، 'مچکێڤیچ'ت بەڕێم دەکا* کیژۆڵە دڵچنەکانت بەڕێم دەکەن مناڵە خرپنەکانت بەڕێم دەکەن کۆشک و تەلاری پاشایی و بخووری کڵێسەکانت بەڕێم دەکەن! * * * وارشۆ، ئەی شاژنە قژ سەوزەکە! ئەمشەو دەڕۆم بێنە ماچ کەم ئەو کوڵمەی دەیان بەهارە، جێی ڕنۆکی دەعبایەکی ترسنۆکی وەک هیتلەری پێوە دیارە! * مچکێڤیچ: ئادەم مچکێڤیچ (١٧٩٨-١٨٥٥) شاعیری گەورەی پۆڵەندایە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چیایییە دوورەکان سەبارەت: (١٩٧٦/٨/١١ - بەرلین) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەی چیایییە دوورەکان! ئێستا بڕوام نەماوە بە هێڵی سنوورەکان، بە مەودای نێوان دوو شوێن، بە ئەلفوبێی جوگرافیا و نەخشە زەرد و سوورەکان * * * چۆن ئاگر کەسێک بگرێ، منتان گرتووە وەک ئاگر هەرچەند بەتاوتر هەڵێم، هەرچەند دوورتر کەومەوە، دەبینم بڵندترن، گەورەترن، نێزیکتر! ماڵێک نییە سبەینان من سەری پێدا نەکەم پەنایەک نییە شەوان کە من نەیکەم بە جێژوان کە مناڵێکتان دەگری من ژیری دەکەمەوە نەخۆشتان خەوی دەزڕێ من دڵی دەدەمەوە ئێوە شایی دەگێڕن من سەرچۆپییەکە دەگرم ئێوە پرسە دادەنێن من پێش مردووەکە دەمرم ئەی چیایییە دوورەکان: چۆن ئاگر کەسێک بگرێ، منتان گرتووە وەک ئاگر هەرچەند بەتاوتر هەڵێم، هەرچەند دوورتر کەومەوە، دەبینم بڵندترن، گەورەترن، نێزیکتر! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوبێداری سەبارەت: (١٩٧٦/٨/١٢ - بەرلین) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دوو بەتڵی شەو ڕاشکاوە بنوو، ئازیز هانێ لەپم سەری پێکە، هانێ بازووم چاوەڕێی من مەکە ئەمشەو، من ئێشکت لێ دەگرم، نانووم * * * تۆ خەوسووکی سروشت گرژە و هەناسەسوار زۆر دەترسم کە گڤەی با، ورشەی داران گرمەی هەور و ڕێژنەی باران خوانەخواسته هەڵتسێنن وردە ئەڵقەی خەونەکانت لە یەکتری بترازێنن بنوو ئازیز هانێ لەپم سەری پێکە، هانێ بازووم چاوەڕێی من مەکە ئەمشەو من ئێشکت لێ دەگرم، نانووم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆش بەجێم دێڵی سەبارەت: (١٩٧٦/١٠/٢٨ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تۆش بەجێم دێڵی زۆر باش دەزانم، تۆش بەجێم دێڵی تۆش سەرخۆش دەبی و وەک بادەیەکی بۆش بەجێم دێڵی * * * تۆش بەجێم دێڵی وەک چۆن سەوزایی باخ بەجێ دێڵێ وەک چۆن تەمومژ شاخ بەجێ دێڵێ تۆش بەجێم دێڵی * * * تۆش بەجێم دێڵی چۆن ئەسپێکی خورت سوار بەجێ دێڵێ چۆن وشەی تادار... زار بەجێ دێڵێ تۆش بەجێم دێڵی * * * ئەگەر دەزانیت، ئەمجارە بڕیارەکەت دوا بڕیارە: ناونیشانی خۆت بگوڕە، جێپێیەکانمان بسڕەوە لەژێر ئاسمانی ئەم شارە ئەوسا، خوات لەگەڵ چۆن ئەسپێکی خورت سوار بەجێ دێڵێ وام بەجێ بێڵە چۆن وشەی تادار... زار بەجێ دێڵێ، وام بەجێ بێڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوێنە سەبارەت: (١٩٧٦/١١/١٤ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew چەند ڕۆژێکە سەرنج دەدەم، بەیانییان تا شل دەبیت، لەبەر ئاوێنە دەوەستی و تێی دەڕوانی... کە لاشدەچیت، لە ڕەوتتدا، تەنکەخەمێک دەخوێنمەوە، لە نیگاتا، نیگەرانی چییە، هاوڕێم؟ چیت پێ دەڵێ ئەو ئاوێنە زمانشڕ و دڵتۆقێنە؟ ئەگەر باسی پیری دەکا، دەمکوتی کە باوەڕ مەکە بە وڕێنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵدانەوە سەبارەت: (١٩٧٦/١١/٢٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیگەران مەبە کە شیعرم بۆ کچانی تر نووسیوە لە ڕوخساری هەموویاندا تەنیا ئادگاری تۆم دیوە * * * دڵم تاریکە وەک تونێل بنەمۆمێک داگیرسێنە! چۆن کورد بە چیاوە نووساوە وەرە، ئاوا ڕوومەتی خۆت بە سنگمەوە بنووسێنە من دەمەوێ بنەوشیلەی چاوەکانت دڵنیا کەم دەمەوێ سوێندت بۆ بخوم لە تۆدا کەس بەدی ناکەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێش هەورەتریشقە سەبارەت: (١٩٧٦/١٢/١١ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دەتوانین وا بکەین زستان درەنگتر بێ کە هاتیش، بێ زریان بێ شەختە و بەفر بێ دەتوانین وا بکەین دەریای هار وەک ئاسمان هێمن بێ ئاسمانیش وەک دەریا بێبن بێ! * * * گەر بڕیارت داوە پەرستگە وێران کەی، لێت ناپاڕێمەوە، کوڵنگت بۆ دێنم گەر بڕیارت داوە هێلانەکە تێک دەی لێت ناپاڕێمەوە، بەردێکی پڕچنگت بۆ دێنم بەڵام پێش ئەوەی تۆ... کوڵنگەگە دادەی هێلانەی نەرمونۆڵ... بە پلارێ ڕادەی پێت دەڵێم: ئێستاش نەچووە و بچێ! دەتوانین وا بکەین زستان درەنگتر بێ کە هاتیش، بێ زریان... بێ شەختە و بەفر بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێت ڕاهاتووم سەبارەت: (١٩٧٧/١/٩- مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لێت ڕاهاتووم وەکوو مناڵ لە گۆپکەی مەم. وەکوو ماسی لە زەریا و چەم. وەکوو شاعیر لە شێتیی خۆی. وەکوو شێت لە سوژێتی خۆی. *** لێت ڕاهاتووم: وەکوو بەنگکێش لە بۆنی بەنگ. وەک نیگارکێش لە هارمۆنیا و زمانی ڕەنگ. *** لێت ڕاهاتووم وەک خەنجەر لە کالانی خۆی. قەرەج لە ئاگردانی خۆی. وەک کیژی لادێی کوردستان لە کلچووک و کلدانی خۆی! *** ئەگەر ڕۆژێک لێت تووڕە بووم ئەگەر ڕۆژێک بڕیارم دا جێت بهێڵم، دڵتەنگ مەبە خەمت نەبێ درێژترین ڕێی تووڕەییم لە بەردەرگە کۆتایی دێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەو نییە خەو بە چیاوە نەبینم سەبارەت: (١٩٧٧/٣/٣- مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بەندییەک تاسەر حوکم درابێ، سندم لە پێی بێ و کەلەپچە لە دەست، لە زیندانێکی تەنگ ئاخنرابێ، چەند سوار چاکانە خەو بە ئەسپی شێ و باوە‌ دەبینێ، چەند مناڵانە خەو بە ئەستێرە و گیاوە دەبینێ، منیش شەو نییە، وەک ئەو بەندییە، خەو بە هێزێکی واوە نەبینم من بۆ چیا ببا... یا چیام بۆ بێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆزی ١٩٧٧ سەبارەت: (١٩٧٧/٣/٢٠- مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تۆ مشووری ئاگر مەخۆ. ١ سەرت لەسەر سنگم دانێ، بزانە، کڵپه و نێڵەی گڕ چ دەکا بۆ ئەم نەورۆزە! منیش سەر بە باسکت دەکەم، وای بۆ شەوی تاریکی وا باسکی ڕووتت چ ئاگرێکی پیرۆزە! ١. مشوورخواردن: خەم خواردن، بە تەنگەوەبوون ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نامە سەبارەت: (١٩٧٧/٥/١- مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئێوارەیە. باران نم نم دێتە خوارێ. تەنیام. نا، تەنیا نیم هەموو مۆسکۆ لەگەڵ مندا هەنگاو دەنێ. تەنیایی کارمامزێک بوو، ڕاوکەرێک هات‌، تەقەی لێ کرد، هەنگاوەکانم نایگەنێ! *** ئێوارەیە. باران نم نم دێتە خوارێ. تەنیام. نا، تەنیا نیم کاتێ دەڕۆم شەقامی پڕ خۆی لە قاچم گرێ دەدا. کاتێ دەڕۆم لە گیرفانما نامەیەکی ناو زەرفی ئاڵ دڵی دوەممە، لێ دەدا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: با دێ سەبارەت: (١٩٧٧/٦/٢٣ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew با دێ، با دێ! ئەمیش ئاستانەی خەلیفە هەڵیکردووە و بە ناوگەڵی فتوای (مەلای خەتێ)دا دێ! *** با دێ، با دێ! گوێتان هەڵخەن، چۆن داربەڕوو دەنرکێنێ! سەرنج بدەن، چۆن کەپکەشاخ بەلادا دێ! *** با دێ، با دێ! دەست بە ئابڕووی خۆتانەوە بگرن، خەڵکە، ئەگەر تۆزێک ئابڕوو مابێ، نەک هەر کڵاو، با سەریشمان پیرۆزی با و ڕەشەبا بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیری هەورگر سەبارەت: (١٩٧٧/٧/٢٩- پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کە هەواری‌ نامۆییم... پێ دەنێتە هەر شارێ، ڕاوی هەوری مسینی ژانەکانی خۆم دەنێم، بۆ ئەوەی بەرزەفتی کەم، ١ بیگوشم تا دەبارێ! *** حەز دەکەم، زۆر حەز دەکەم قژی کچانی وارشۆ بە هەڵبەستێک نەمر کەم. بۆ کیژانی پۆتسدام جێی ژوان نێزیکتر کەم؛ (دیتسکی میر)ی مۆسکو ٢ پڕ گەزۆی سلێمانی، (ئەلێکساندەر پڵاچ)یش ٣ پڕ کێشوولە و کۆترکەم! *** هەوری ژان بە ئاسمانا، وەک کەشتی بە دەریادا، ڕووی کردۆتە مەفتەن و گوێ بە کەوشەنان نادا. بانگم دەکا: 'وەرەوە! لێرانە، لەو کێوانەی پوورەی مێش و مەگەزی مێژوویان لێ نیشتووە، تۆ بیری هەورگر و سیمای خۆت جێ هێشتووە' ١. بەرزەفت کردن: گرتن، کۆنترۆڵکردن، خستنە ژێر ڕکێف ٢. دیتسکی میر: مغازەیەکی گەورەی کەلوپەلی مناڵانە لە سێنتەری مۆسکۆدا ٣. ئەلێکساندەر پڵاتس: ناوی مەیدانێکی گەورەی ڕۆژهەڵاتی بەرلینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوی تۆ سەبارەت: (١٩٧٧/٨/١٦ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەگەر لەناو جەنگەڵێکی چڕدا ون بم، ئەگەر لەناو زەریایەکی پەرکەمدارا ١ کەشتیم تووشی گێژەنێک بێ و سەراوبن بم: ترسم نییە، تا چاوی تۆ قیبلەنما و ڕێبەرم بێ. تا چاوی تۆ نێزیکترین بەندەرم بێ. *** خەڵک گوێ لە ڕادیۆ دەگرن. بۆ ئەوەی کژ پێشبینی کەن. منیش، کە ئێوارە دادێ، تەماشای چاوی تۆ دەکەم: دەزانم، با لە کوێڕا دێ‌؛ پلەی گەرما لە چەندەوە تا چەند دەڕوا؛ باران کام کێڵگە ئاو دەدا؛ کام دارستان، کام چیا دەشوا! ١. پەرکەم: فێ، گلاراو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیئاتێ سەبارەت: (١٩٧٧/٨/٢٢ - پراگ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew شەمەندەفەر، وەک مارێکی سەرلەدوونراو، گینگڵی دەدا و دەیفیشکاند. شەو بۆنی ژوانی لێ دەهات... بۆنی پایز، بۆنی شیعر، بۆنی بارانی لێ دەهات. *** گوتی: (ناوم بیئاتێ یە) مات بووم. مات بوو. جگەرەیەکی دەرهێنا. بۆم داگیرساند... بەرەبەرە، لە بەینی پەنجەکانیدا، جگەرەکە بوو بە سۆتەک. بەرەبەرە، لە بەینی لێوەکانیدا، منی سۆتەک بووم بە جگەرە! *** وەنەوزی دا. دەستی سەرپەنجە پەمبەیی وەک نامەیەکی نهێنی، کە پیلانی کودەتایی تێدا بێ، خزایە ناو دەستم و مەیی. سەری وەکوو هۆنراوەیەک هێدی هێدی... لار کردەوە. منیش شانم وەک دەفتەرێ تامەزرۆ بوو هەڵبەستێکی بێتە سەرێ! خەو بردیەوە. تا بەیانی خەو بردیەوە. منیش وەکوو بازرگانێک گەڕابێتەوە لە سەفەر، بە درێژاییی شەوگاری سارد زێڕ و زیوی ناو پریاسکەی خەونەکانی ئەوم ژمارد! *** کە بەیانی، شەمەندەفەری فێگرتوو سەرمی نایە کۆشی پراگ، بیئاتێ- شاژنی نووستوو- وە ئاگا هات: -گوتن مۆرگن! ١ +گوتن مۆرگن! جەنتاکەی هەڵگرت، دابەزی. نە ئەدرێس، نە خواحافیزی... *** ئاخ، بیئاتێ! خۆزگە، سەد خۆزگە، دەمزانی بە درێژیی شەو سەرت لەسەر شانی کێ بوو! خەونەکانت کام شۆڕەسوار مێوانیان بوو تا بەیانی! ئاخ، بیئاتێ! خۆزگە، سەد خۆزگە، دەمزانی! ١. گۆتن مۆرگن (ئەڵمانی): بەیانی باش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردستان سەبارەت: (١٩٧٧/١٠/٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کێڵگە دەسترێ بۆ باران، چیا بۆ هەڵۆ. ڕووبار و چەم بۆ نەوەستان، خۆر بۆ ئاسۆ. ئاگرپەرست بۆ ئاتەشگە، با بۆ چرۆ. ئەستێرە و مانگ بۆ سپێدە، منیش بۆ تۆ. کوردستانم، منیش بۆ تۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من دوو کەسم سەبارەت: (٥-٤ / ١٢ / ١٩٩٧ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من دوو کەسم لە کاتێکدا، لە دانسێکی تریفەیی و نەرمۆکەدا، کەمەربەندی تۆیە دەستم، لە هەمان کات، لەگەڵ زارۆیانی چیادا، لەناو گڕا شاییی مردن دادەبەستم. من دوو کەسم- کە تەماشای لێوم دەکەی، بزەی ئومێدی تێ زاوە. کە تەماشای چاوم دەکەی، فرمێسکی تیا قەتیس ماوە. من دوو کەسم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ مۆراگ دۆناڵدسن سەبارەت: (١٩٧٨/٤/٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لەم ژیانەی پڕ هەرادا، لە بەلەمی شەقوشڕی بەر تەوژمی پێل و بادا، زۆر دەترسم بازی گیانی خەیاڵگری خۆم بزر کەم، ماوەم نەبێ دوو پیرۆزەی چاوەکانی تۆ نەمر کەم. *** لە ئێستاوە من خەمخۆری ئاسمانیشم: پاش چاوی تۆ، ئیدی ئاسمان چۆن بتوانێ، بەیانییان، کە ڕادەبێ، لە ساماڵی خۆی بڕوانێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زارۆ سەبارەت: (١٩٧٨/٦/٣٠ - نایبراندنبورگ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە زۆر کڵێسەی دنیادا بەرامبەر ئەڵتار وەستام لە میحرابی زۆر مزگەوتا سام دایگرتووم، حەپەساوم بەڵام... هیچ ئەڵتارێ، هیچ میحرابێ وەک ماڵی زارۆ تیا نووستوو بۆ من سامی نییە و نابێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووشتە سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نیشتمانم، نووشتەیەکە عومری هەزاران ساڵ دەبێ کە نووح بۆی کردم، پێی گوتم: 'وریابە! کەس نەیکاتەوە بکرێتەوە بەتاڵ دەبێ' ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زللە سەبارەت: (١٩٧٨/٨/٨ - نایبراندنبرگ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ڕۆژتان دەوێ؟ ! ڕۆژ لە سنگی ئاسۆدایە، بە خەنجەران ئاسۆ شەق کەن، ڕۆژ دەربێنن سیمای ونبووی خۆتان دەوێ؟ ! سیمای ئێوە خەلیفەیەک کردی بە خشت بۆ بنچینەی یەکەم مزگەوت بڕۆن مزگەوت بڕووخێنن چیتان دەوێ؟ سەربەستیتان؟ ! هەزار ساڵە سەربەستیتان کچە و دەنوێ لەگەڵتانا، بەڵام کوانێ پیاوەتیتان؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەربازی ون سەبارەت: (١٩٧٨/١١/٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https://t.me/abdulla_pashew کە وەفدێ دەچێتە شوێنێ، بۆ سەر گۆڕی سەربازی ون، تاجەگوڵینەیەک دێنێ ئەگەر سبەی وەفدێک بێتە وڵاتی من، لێم بپرسێ: 'کوانێ گۆڕی سەربازی ون؟ ' دەڵێم: گەورەم! لە کەناری هەر جۆگەیێ، لەسەر سەکۆی هەر مزگەوتێ، لە بەردەرگەی هەر ماڵێ، هەر کڵێسەیێ، هەر ئەشکەوتێ، لەسەر گابەردی هەر شاخێ، لەسەر درەختی هەر باخێ، لەم وڵاتە، لەسەر هەر بستە زەمینێ، لەژێر هەر گەزە ئاسمانێ، مەترسە! کەمێک سەر داخە و تاجەگوڵینەکەت دانێ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاکانە سەبارەت: (١٩٧٩/١/٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew خۆر تا ئێوارە ئاسمان تەی دەکا، کەچی ڕێی ئاسۆی قەت لێ تێکناچێ ڕووبار هەزاران پەنا و پێچ دەکا، کەچی هەر دەبێ بەرەو دەریا چێ لە ڕێگەی نێوان لێکدابڕان و پێکگەیشتنی من و تۆش، گیانە گەلێک باوەش هەن بەڵام، هەموویان ڕێی باوەشی تۆم پێ نیشان دەدەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هارمۆنیا سەبارەت: (١٩٧٩/٢/١٠ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بێ تۆ نوختەیەکەم، چەرخە دەدەم... لەناو جەغزێکی مەزندا لەگەڵ تۆدا جەغزی دنیا وێکدێتەوە و دەبێتە ئەنگوستیلەیەک لە پەنجەی پیتێکی مندا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەم تۆم خۆشدەوێ... هەم ئەویش سەبارەت: (١٩٧٩/٣/١٦ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew کە من تەنیا جارێک بژیم هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش کە من تەنیا جارێک بژیم نە تیشکی ڕۆژ دەتۆرێنم، نە تریفەی مانگەشەویش * * * ئەگەر دوو جار ژیابام خۆشەویستم هەر تۆ دەبووی لەمەیانا لەویتردا ئەوم دەکرد بە تاقانە بەڵام... چبکەم! کە من تەنیا جارێک بژیم، چارەم نییە، هەم تۆم خۆشدەوێ، هەم ئەویش هەم تیشکی ڕۆژ دەپەرستم، هەم تریفەی مانگەشەویش! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆزی ١٩٧٩ سەبارەت: (١٩٧٩/٣/٢٠ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ﺋﻪمساڵ بێ ﭼﯿﺎ ﻧﻪﻭﺭۆﺯ ﻧﺎﮐﻪﻡ بێ بۆﻧﯽ ﮔﯿﺎ ﻧﻪﻭﺭۆﺯ ﻧﺎﮐﻪﻡ ﻧﻪﻭﺭۆﺯ ﻧﺎﮐﻪﻡ بێ بڵێسەﯼ ﺳﻮﻭﺭﯼ ﺋﺎﮔﺮ ﻧﻪﻭﺭۆﺯ ﻧﺎﮐﻪﻡ، ﮔﻪﺭ ڕﻩﺷﺒﻪڵەﮎ تۆﺯ ﻧﻪکات ﻭ بە خۆﻡ ﻧﻪبمە ﺳﻪﺭچۆپیگر! ﮐﺰﻩﯼ ﺟﻪﺭﮔﻢ ﺑﻪﯾﺎﻧﯽ ﺯﻭﻭ ﻫﻪڵمسێنە! ﺯۆﺭ ﺩﻩﺗﺮﺳﻢ ﮐﻪﻭێک، ﮐﺎﺭێک ﮔﻮﻧﺪێک، ﺷﺎﺭێک ﭼﻪمێک، ﭼﯿﺎیێک ﻟﻪ ﺑﯿﺮ ﺑﮑﻪﻡ! ﺯۆﺭ ﺩﻩﺗﺮﺳﻢ ﺩﺍرێک، ﺑﻪﺭدێک کۆختێک، ﮔﻪﺭﺩێک پنجە ﮔﯿﺎیێک ﻟﻪ ﺑﯿﺮ ﺑﮑﻪﻡ! * * * ﺑﻪﯾﺎﻧﯽ ﺯﻭﻭ ﻫﻪڵمسێنە! ﺩﯾﺴﺎﻥ ﻣﻪڵێ، 'ﺑﺎ تێرﺧﻪﻭ بێ' ﺳﻮێندﻡ ﺑﻪ ﭼﯿﺎ ﺧﻮﺍﺭﺩﻭوﻩ ﮐﻪ ﮐﻮﺭﺩﺳﺘﺎﻧﻪ ﺩﻭﻭﺭﻩﮐﻪﻡ ﺑﻪ ﮔﻪﺭمێن ﻭ ﮐﻮێستاﻧﻪﻭﻩ، ﺑﮕﻮﺍﺯﻣﻪﻭﻩ بۆ ﻏﻪﺭﯾﺒﯽ، بۆ ﮊﻭﻭﺭﻩﮐﻪﻡ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوێتەبوون سەبارەت: (١٩٧٩/٤/٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew نازانم چۆن ئاوێتەت بم؟ ! ئەگەر بەهەشتی، پێم بڵێ، تا کڕنووش بەم بۆ گشت خواکان. ئەگەر دۆزەخی، پێم بڵێ، تا زەمین پڕکەم لە تاوان * * * نازانم چۆن ئاوێتەت بم؟ ! گەر خاکێکی داگیرکراوی، پێم بڵێ، تا پێستم بکەم بە ئاڵات. گەر وەک منیش قەرەجێکی، سنوورێکم بۆ بکێشە، بۆ خۆت من بکە بە وڵات. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو ساتە خۆشەم هێشتا لە بیره سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەو ساتە خۆشەم هێشتا لە بیرە کە تۆی نەونەمام. وەک تاپۆیەکی باڵداری تیژڕەو، وەک ئیدیاڵێکی ئاسمانی و بێگەرد، خۆت پێ نیشان دام. لەناو دوودڵی و سەرقاڵیی ژینا، دڵ پڕ ئێش و ژان، پڕ نائومێدی، ماوەیەکی زۆر دەنگی ناسکت زرینگایەوە و خەونم بە شێوەی شیرینتەوه دی... ساڵان هاتن و ساڵان ڕابردوون، گەلێک گەرداوی سەرکەش هەڵیانکرد، دەنگ و شێوەتیان لەبیر بردەوە، هەر خەونێکمیان بۆ ئاقارێک برد. لە تەنیاییدا، لە بەندیخانەی ئەنگوستەچاوا ڕۆژانی ژینم بێدەنگ تێپەڕین. نە خواپەرستی و سرووشیان تیا بوو، نە دڵداخورپان، نە ئەشک و ئەڤین. *** دڵم لێدەدا، ئاوازی گەرمی لێوە هەڵدەڕژێ، دیسان سەرلەنوێ، بن ساباتی ژین پڕاوپڕ بۆوە: لە خواپەرستی، لە ئەشک و سرووش، لە سیحر و ئەڤین. * تانوپۆی ئەم هۆنراوە هی پوشکینە و چنین و نەخشەکانیش هی خۆم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە یەکەم ڕۆژی شەڕی دژواردا سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew لە یەکەم ڕۆژی شەڕی دژواردا، پێش چوونە مەیدان، نامەکانی تۆم گشت کۆکردنەوە و گڕم تێ بەردان، مەبادا دوژمن وشەی پیرۆز و بەرزی دڵداری بهاوێتە ژێر پۆستاڵی چڵکن، *** ئێستاکەش کاتێ ڕووی خۆم بۆ دواوە وەردەچەرخێنم، لە ئاسۆی دووردا، لە هەمان جێدا دووکەڵ دەبینم. وام دێتە بەر چاو نامەکانی تۆ ئێستایش هەر ماون. ئێستایش بڵێسە بەری نەداون! * بیرۆکەی ئەم شیعرە لە کایسین کولێڤ وەرگیراوه و دەسکاری کراوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مۆسکۆ سەبارەت: (١٩٧٩/١/١٨- مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا ئەمڕۆ چەند جار دڵی بێلانەم، بۆ شۆڕەشیعرێ، داخورپا، لێی دا، وەک زەنگی دێرێک بۆ نوێژ لێ بدرێ. 'ئەمڕۆ نا، سبەی..' 'ئەمڕۆ نا، سبەی..' ئەی زمانەکەم! خۆ ئەتۆ پەیکی بەستە و بڵێسەی، کەی لە داوێنی پەیکەری پوشکین مۆمێک پێ دەکەی؟ ئێ دە کەی؟ کەی؟ کەی لە کڵێسەی شۆر و ئەوینی ئەم نازدارەدا زەنگێک لێ دەدەی؟ لێدە، دەی! دەی! ئەی مۆسکۆی جوان، * ئەی مەڵبەندی گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان! لە ئامێزی نەرمی تۆدا، بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا، بەسەرهاتی ئاڵایەکەم گێڕایەوە، کە هەڵنەکرا، بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا، نەخشەیەکم لە دیوار دا 'ئەوەی بەڕۆژ، لە ئەتڵەسی دنیا دزرا' بۆ یەکەم جار، بە ئاشکرا، مزی هەڵبەست: دەست و کوڵم، لێو و گوڵم پێشکەش کرا. بۆ یەکەم جار لە ژیانا، چاوم شەرمی لە خۆر شکا، بۆ ئافرەتان، جێی ژوانم له شوێنێکی ڕووناک دانا. ئەی مۆسکۆی جوان، ئەی مەڵبەندی گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان! دەگێڕنەوە، دەڵێن، گۆران بە بینینی دوو چاوی 'پڕ لە هەستی جوان' * لێوە سیس بووەکانی، ترۆپکێک بوو، ژانی گرد، هەژا، خرۆشا، پڕی کردی لە گۆرانی! من گۆران نیم، بەڵام... ڕەگم چۆڕێک خەم و داخورپانی گیانی ماندووی ئەوی تیایە. من لوتکە نیم، بەڵام... دەشێ... کڵاوی سەوزی گردێک بم، کە لە سایەی لوتکەدایە. ئەی نازانم، تاکوو ئەمڕۆ چەند دڵۆپە زەردەخەنە و فرمێسکی گەش 'هی چاوی کاڵ، هی چاوی شین، هی چاوی ڕەش... ' له گێژەنی شەوەزنگی غەریبیمدا سووتان وەک مۆم، درەوشانەوە وەک چرا... ئەی نازانم... بۆچی لە بەر ڕووناکینن شیعرێکم بۆت پێ نەنووسرا؟ ! ئەی مۆسکۆی جوان، ئەی مەڵبەندی گوڵ و بەفر و هەمیشە ژوان! * دەربڕینێکی گۆرانە لە هۆنراوەی 'مۆسکۆی جوان'دا. * دەربڕینێکی گۆرانە لە هۆنراوەی 'وەڵامی پرس'دا. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیهان سەبارەت: (١٩٧٩ مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew جیهان قەحپەیەکی کەڕە. جیهان قەحپەیەکی لاڵە. هەر کەسێکی بە چۆڕێ نەوت بەندەخوێنی نەکاتەوە، فەرهادێکی ڕەنجبەتاڵە! *** جیهان قەحپەیەکی کەڕە جیهان قەحپەیەکی لاڵە. ئەمڕۆ نییە، دەیان ساڵە، ئەشکی چاوم زەنگوڵ زەنگوڵ، دانە دانە، خوێنی دڵم دڵۆپ دڵۆپ، دانە دانە، بۆ گەردنی شووشەنەوتێک دەکاتە مۆریی گەردانە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەڕەنای جەنگ سەبارەت: (١٩٧٩/٣/١٥ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew گوێتان لێمە، من کەڕەنای جەنگ لێ دەدەم، جەنگێکی پیرۆز و نەمر. گوێتان لێمە؟ من مژدەی جەنگێکم پێیە، لە هەموو جەنگێ گەورەتر! گوێتان لێمە؟ من کەڕەنای جەنگ لێ دەدەم. بێ ئەو جەنگە پەست و سووکین. بێ ئەو جەنگە، هەڵۆی چیا نین: نێرەمووکین. بێ ئەو جەنگە، ئەگەر مێژوو زەڕەبینیش لە چاو بکا نامانبینێ، هێند بچووکین! *** گوێتان لێمە؟ من کەڕەنای جەنگ لێ دەدەم. جەنگێکی وا کە بۆنی ئاهەنگی لێ بێ من نەفرەت لە جەنگێک دەکەم، بۆ ئەوە بێ، دنیا وەک پێش جەنگی لێ بێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیانەوە سەبارەت: (١٩٧٩/٥/٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew جارجارە خەم تا هەوکم ١ دێ ئازار دەگاتە ڕادەیەک، ژینم بدەم بە بەردێکدا، وردی بکەم وەک بادەیەک! کەچی، لەپڕ: ورشەی هەودای هزرێکی نوێ، سەرەتاتکەی کەڵکەڵەیێ، ژیانەوەی پنجەگیایێ، زەردەخەنەی کۆرپەڵەیێ، بەژن و باڵای شۆڕەژنێ، سنگی سەرکێشی خرپنێ وام لێ دەکەن لە خۆشییان لێم بڕوێ باڵ، لە ئاسمان بپاڕێمەوە پردی ژینم وا درێژکا نەپەڕمەوە بە هەزار ساڵ! ١. هەوک: قوڕگ، گەروو، حەفک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دایک سەبارەت: (١٩٧٩/٨/٣٠ - پۆتسدام) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew بۆ جەمیلە، سەر دادەخەم بۆ ژان دارک و ترێشکۆڤە، * سەر دادەخەم بەڵام ژنێک، لە خاکی پڕ مەرگی مندا، پێ لە جەرگی خۆی بنێت و ببێ بە داک، لە بەرپێیدا کڕنووش دەبەم، ناوچەوانم دەسووم لە خاک! * جەمیلە بوحەیرەد: کچە فیداکاری جەزائیری. ژان دارک: کچە قارەمانی فەرەنسی. ترێشکۆڤە: یەکەم ژنە کۆسمۆناوت (گەردوونگەڕ. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەرج سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew من قەت دژی ئەوە نیم دکتاتۆر جیهان بگرن، سێبەری خوا بن، زۆر بن بەڵام مەرجێکم هەیە: مناڵان دکتاتۆر بن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناونیشان سەبارەت: (١٩٧٩/١١/٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew تا هەڵبەستێک تەواو دەبێ، من ڕۆحی خۆم پەڕە دەکەم وەکوو هەلاج. کە تەواو بوو، خاڵێک دەکەم بە عەرش بۆی، ناونیشانێک دەکەم بە تاج. * هەر قورینگێک جارێک باڵی لە دەریاچەی ئەڤینی من هەڵکێشابێ، بۆتە وشه بۆ هەڵبەستێک، کە عومرێکە دەینووسم و تەواو نابێ! * هاوڕێم، ماندووم! وا هەست دەکەم، هەڵبەستەکەم هێندە درێژدادەڕ بووە، دیوانی بوون لێی پڕ بووە... ئاگام لێیە، لە یادمدا جێگۆڕکێ دەکەن پەیڤەکان. ڕێگەم بدە خاڵێک دانێم، تۆی بۆ بکەم بە ناونیشان! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شپرزەیی سەبارەت: (١٩٧٩/١١/٢٢ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەو ڕۆژەی ژوانمان هەیە، هەرچی دەستی بۆ دەبەم: پیاڵەی چا، کتێب، قەڵەم... هەموو گوڵاو دەردەدەن. ئەو ڕۆژەی ژوانمان هەیە، هێشتا زووە و تۆ دووری، ئەندامەکانی لەشم نۆبەتبڕی لێک دەکەن: چاو - ڕەزی لەشت دەڕنێ، دەست - بە دەنگتا هەڵدەزنێ، گوێ - نوقمی بۆنت دەبێ و مەودای دووریت دەپێوێ... بریا دەتزانی، گیانە، ئەو ڕۆژەی ژوانمان هەیە، چۆن سەرم لێ دەشێوێ... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەونوێژی نامۆیان سەبارەت: (١٩٧٩/١١/٢٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew (١) لە هەرجێیەک چیا ببینم- دڵم، وەک لە ژوانی یەکەممدا، دادەخورپێ، ڕادەچڵەکێ، سەرسام دەوەستم لە بنیا... وا تێدەگەم، لە چیای منڕا دەست پێ دەکەن چیایەکانی هەموو دنیا! (٢) لە هەر کوێ کانی ببینم- دڵم، وەک لە ژوانی یەکەممدا، دادەخورپێ، ڕادەچڵەکێ، پێش ئەوەی بینی پێوە نێم، لە بەردەمیا بەهێمنی چۆک دادەدەم، قەوزەی سەری وەک شابسکی شۆڕەژنێک شانە دەکەم، چونکە من وام بەبیردا دێ، کە شیرناوی گشت کانییەکان لە نیشتمانی منڕا دێ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەونوێژی نامۆیان سەبارەت: (١٩٧٩/١١/٢٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ‌ (٣) سەرمای گەلێک شارانم دی، بەڵام پەنجەم لە گۆ نەچوون، چونکە سەرمای هەموو جێیەک تیشکێک ڕۆژی نیشتمانی منی تیایە. گەرمای گەلێک شارانم دی، بەڵام گیانم وەڕس نەبوو، چونکە گەرمای هەموو جێیەک سروەیەکی نیشتمانی منی تیایە. (٤) چاوی کیژی ئەوروپایی گەر شینیش بێ - خۆشم دەوێ. گەر سەوزیش بێ - خۆشم دەوێ. وا تێدەگەم: شینترین چاو، سەوزترین چاو لەم دنیایە، تۆزێک ڕەشیی چاوی کچی نیشتمانی منی تیایە! (٥) نیشتمانم! تۆ وەک تانەی لەسەر چاوم. تۆ وەک تەمی، لە گشت لاوە دەورەت داوم. تۆ ئاوێنەی- لە ناو تۆدا هەموو دنیا بەدی ئەکەم. تۆ تەیمانی- بە هۆی تۆوە هیچ نابینم: نە کەل دەبینم، نە زەوی. نە خوا دەبینم، نە ئاسمان. جا نازانم نە جیهان وەک تۆ بچووکە، نە تۆ گەورەی بەقەد جیهان. نیشتمانەکەم - ک و ر د س ت ا ن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دارستانی سووتاو سەبارەت: (١٩٧٩/١١/٣٠ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew هەر نازدارێ دڵی دامێ، لە بناری دڵدا ناشتم، وەک نەمامێ. تا وام لێ هات، لەسای سەری خۆشەویستان، بوومە ماخۆی شادارستان! *** کە تۆم ناسی، ئەی نەمامی شلک و نەمر، وام زانی تۆش دەچیتە پاڵ ئەوانی تر: دەڕوێی، دەبیت بە فێنکایی... بۆ هاوینم. بە گەرمایی... بۆ زستانم. کەچی، لەپڕ، بووی بە شەمچە و گڕت بەردا دارستانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیهانی ئازاد سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew جیهانی ئازاد هێندەی گوێ هەڵخا بۆ زەمزەمەی نەوت لە جەرگەی خاکا، کەڕ و کووڕ بووە، هەست بە سووتانی لوتکەی کێو ناکا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمشەو تا بەری بەیانی سەبارەت: (زستانی ١٩٧٩ - مۆسکۆ) - نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew ئەمشەو، تا بەری بەیانی، نەنووستم و سەرنجم دای. چەند جارێک دیتم ڕاچەنیت. چەند جارێکیش دیتم گریای. خەونت بە چییەوە دەدی؟ چیبوو؟ بۆچی ڕادەچەنیت؟ لە حیلەی ئەسپی خەمی من؟ لە ئاورینگی قەڵەمی من؟ لە هەڵبوون و کوژانەوەم؟ لە فڕین و نیشتنەوەی بێ بڕانەوەم؟ چیبوو، گیانە؟ لە خەونتدا کچێکی دیم لەگەڵدا بوو؟ یا بۆ وڵات بارگەوبنەی خۆم تێکنابوو؟ *** من لە خەمی تۆ ناترسم! من دەزانم، خەمەکانت وردن، قشتن، ژیکەلانەن... من دەزانم، خەمەکانت وەکوو خەمی هیچ کەسێک نین: دە چاوەکەم، دیسان گیانم تژی کەوە لە مناڵی و تاسەی یاری... . پرێسکەکەت بکەرەوە، بۆم هەڵڕێژە دەنکەزەنگیانە و مرواری! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێتی سەبارەت: نووسین: ناشناس - سەرچاوە: https: //t. me/abdulla_pashew دەزانم، تۆ وشەیەکی. بەڵام زۆر جار، بۆ وشەیەک، هۆنراوەیەکم کوشتووە! دەزانم، تۆ خونچەیەکی. بەڵام زۆر جار، بۆ خونچەیەک، گوڵجاڕێکم جێهێشتووە! ++++++++++++++++++++++