شاعیر: بێبەش کتێب: بەیتی مام ڕێوی سەرناو: چەن وتەیەک لەمەڕ شاعیر و بەیتی مام ڕێوی سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی دەقی 'بەیتی مام ڕێوی'م لە وتارێکی کاک عەبدوڵڵای سەمەدی وەرگرتووە. نێوی وتارەکە 'بەیتی مام ڕێوی، تەنزێکی بەهێز و سەرکەوتووی ئەدەبی کوردی'یە. دەو وتارەدا، بەر لە بەیتەکە، پێشەکییەکی درێژ سەبارەت بە تەنز و تایبەتمەندییەکانی بەیتەکە نووسراوە و هێندێکیشی زانیاریی سەبارەت بە شاعیری بەیتەکە تێدایە. ئەوەی لە خوارەوە دەیخوێننەوە چەند کوتی هەڵبژاردە لەو پێشەکییەی وتارەکەی کاک 'عەبدوڵڵای سەمەدی'یە: لە بەیتی مام‌ ڕێویدا، ڕێوی لەگەڵ باڵندە جۆراوجۆرەکان ڕووبەڕوویە و هەر یەکەش زمان و بۆچوون و بەڵگەی تایبەتیی خۆی پێویستە. ڕێوی لەگەڵ کەڵەباب بە چەشنێک و لەگەڵ لەگلەگ بە چەشنێک و لەگەڵ پەپوو و کەو و کۆتریش هەرکام بە چەشنێک دەدوێ. سەرەڕای ئەوە، قورسی و گرینگیی کارەکە بەوە دووقات دەبێ کە ڕێوی بۆ هەرکام لەم باڵندانە، دوو دەستە بەڵـگەی پتەوی دژ بە یەکی پێویستن. یەکەم بۆ فریودان و سواری کەر کردنیان، دووەم بۆ تاوانبارکردن و خواردنیان. وردی و ژیریی بابەتەکە لێرەدا پتر خۆ دەنوێنێ کە هەر ئەو مەبەستانەی لە قۆناغی هەوەڵدا بە تاریف و پێهەڵـگوتن لەسەر باڵندەکان حیساب دەکرێن، لە قۆناغی دووەمدا بۆیان بە تاوان و خراپە دەژمێردرێ و پێی مەحکووم دەبن! لە ڕاستیدا لووتکەی ئەم شاکارە، هەڵسەنگاندنی ئەم دوو لایەنەیە و خاڵی بەرچاوی ئەم لووتکەیەش، هەڵسەنگاندنی ئەم دوو لایەنەیە لە باسی پەپووسڵەمانەدا. ڕێوی لە مەحکەمەکەی خۆیدا، لێکدا لێکدا لە وشەگەلی وەک: موڕتەد، کافر، فاسق، بێ دین، مەلعوون، … کەڵک وەردەگرێ، تەنیا بۆ ئەوەی دادگاکە پێوەندی بدا بە لایەنی شەرعی و لە بازنەی مامەڵەی تاکەکەسی و کێشەیەکی ناوخۆیانەی دوور بخاتەوە و گرێی بدا بە مەیدانێکی بەرفراوانی کۆمەڵایەتی و ئایینی! بەڵام سەرەڕای ئەم خاڵە بەهێزانە، لایەنی لاوازی کارەکە بەر لە هەموو شت لەوەدایە کە دانەر، ئاگا یا نائاگا ئاکامی داستانەکە لەم بەرفراوانییەدا، دەبەستێتەوە بە کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و مەبەستەکە دێنێتە سەر گرانفرۆشی! هەر وەک وا نیشان بدا کە تەنیا مەبەستی هەر ئەوە بووە و بەس؛ داستانەکە بەم بابەتە بچووکەوە دادەکوژێنێ. لاوازییەکی تر لەم کارەدا، هەندێ عەیبی شێعری و لەگەڵ یەکتر نەخوێندنەوەی کێش و سەروا و ڕەدیفە، کە ژمارەیان لە سەرجەمی داستانەکەدا زۆر نییە و تەنیا لە چەند جێیەکی بەیتەکەدا بە زەقی خۆ دەنوێنن. ئەم دوو لایەنە لاوازە، لە بەرامبەر دوو لایەنی بەهێزدا ڕاوەستاون. یانی: ١. کێشەیەکی گەورە و گرینگی کۆمەڵایەتی، وەک کەڵک‌وەرگرتن لە کەشیدە و نوێژ و ڕۆژوو بۆ فریوی جەماوەر، کێشەیەکی وەک گرانفرۆشی بۆ کراوەتە ئاکام. ٢. تێکەڵ بوونی هەندێ دێڕی عەیبدار و لە ڕوانگەی شێعرییەوە لاواز و ناتەواو، بە سەدان شێعری پتەو و قورس و قایم و لە لانی شێعرییەوە بێ خەوش و سەرکەوتوو. ئەم دوو خاڵە، دەرگای هەندێ شک و گومان بە ڕووی ڕەخنەگری بابەتەکەدا دەکەنەوە و نەویستە، هەندێ نیشانەی پرسیار دەخەنە ڕوو. بەڵام با ئەوەش بگوترێ کە عەیبی شێعری، لە وەها بەرهەمێکی تەنزدا، کە ڕووی دەمی لە ڕەشایی جەماوەرە و زۆر لە فولکلۆر نزیک دەبێتەوە، جێی سەرنج نییە و مامەڵەی عەیبی شێعری لەگەڵدا ناکرێ. داستانی ئەم بەیتە، فۆلکلۆرە و کاک ڕەشاد داستانەکەی لە فۆلکلۆر وەرگرتووە و بە زەوق و سەلیقە و لێهاتوویی خۆی دایڕشتووەتەوە و بە نوکتەی ورد و جوانی کۆمەڵایەتی ڕازاندوویەتەوە و لە ڕاستیدا توانیویەتی بە کەڵک وەرگرتن لە دەقە فۆلکلۆرییەکە و لەسەر هەمان بنچینە، شتێکی تازە بخولقێنێ. دەقی داستانە فۆلکلۆرییەکەش یەکەمجار بە نووسراو، لە کتێبە بەنرخەکەی 'ئۆسکار مان'دا هاتووە. ڕەشادی شەمسەدینی(بێبەش) سەبارەت بە خۆی و بەرهەمەکانی دەڵێ: 'ناوم ڕەشادە و کوڕی ئەمانوڵڵابەگم، لە عەشیرەتی بەگزادەکانی بۆکانم و لە ساڵی ١٣١٨ی هەتاوی(١٩٣٩ی زایینی) لە گوندی عەیشابادی ناوچەی ئێڵ‌تەیموور (یاڵتەمر)ی موکریان، لە دایک بووم. ئەمانوڵڵابەگی باوکم، کوڕی مستەفابەگی کوڕی گەنجاڵی بەگە. گەنجاڵی بەگ لە مەدینە کۆچی دوایی کردووە و هەشت کوڕی لە دوا بەجێماون: ئاغا ئەحمەد بەگ، مەحموود بەگ، حاجی مۆمن خان، ئاغا ڕۆستەم بەگ، مستەفابەگ، قۆچ بەگ، ئاغالە، ڕەشید بەگ. زۆربەی شێعرەکانم تەنز و ڕەخنەن لە بیروبۆچوون یان داب و نەریتە دزێوەکانی کۆمەڵ. خۆشم لە ناو خەڵکا بە قسەخۆش و نوکتەوێژ ناسراوم و لە باری شێعریشەوە، جەماوەر بە شاعیری بەیتی مام‌ ڕێویم دەناسن. ئەو بەیتەم لە زستانی ساڵی ١٣٤٥ داناوە. بە ڕای خۆم، بە سەرکەوتووترین کارمی دەزانم. هەڵبەت ناوەرۆکی بەیتەکە، لە چوارچێوەی داستانێکی کورتی فۆلکلۆردا، هەیە و من بە منداڵی لە خوشکی خۆم بیستبوو. بەڵام لەو ساڵەدا من بە هۆندنەوەی خۆم دامڕشتەوە و وێنە و پەیڤی تازەم خستە سەر و بە شێوەی تەنزێکی کۆمەڵایەتی، لە سەر کاسێت بڵاوم کردەوە. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێک یەک ڕێویی پیری فێڵەباز سەبارەت: نووسین و ئامادەکردن: کەماڵ ڕەحمانی ڕۆژێک یەک ڕێویی پیری فێڵەباز نەقشەی ئایندەی بۆ خۆی دەکرد ساز دەیکوت من دەبێ دوو ڕێگا بگرم یا ڕاوێ بکەم، یا بۆخۆم بمرم ئەمجار دەیفەرموو فکرم بڵاوە ئەمە تەواوی خەیاڵ پڵاوە کوا تۆ بە پیری ڕاوت پێدەکرێ؟ ئەحمەق ڕێویی پیر هەر دەبێ بمرێ! چونکین بەرەوژوور، یا سەربەرەوخوار کەوتووی، ناتوانی هەڵێی وەکوو پار جا چون ئەمڕۆکە قەوەم نەماوە ڕۆژی حیللەیە و کەڵەک و داوە. وا چاکە ئەلعان ببم بە حاجی پەیدا کەم بەرماڵ، تەسبیحی ناجی دەس کەم بە زیکر و بە نوێژ لەسەر بەرد لە سەرمی بەستم کەشیدێکی زەرد با بڵێم حاجیم و دێمەوە لە حەج تۆبەم کردووە و ناگرم ڕێگای کەج دەڵێم بەم شوکرەی حەج بۆم بوو مەوجوود تۆبە لە زینا و درۆ و پووڵی سوود چون حاجیم، قازیم، بەڵەدم، مەلام هەژار و فەقیر هەستن بێنە لام چۆن بڵێم: ها! گەنم بە پەنجا تمەن، ئەمجار ڕۆڵە گیان بیفرۆشە بە من بۆت حیساب دەکەم بە پازدە تمەن من دۆستی بابتم، چۆن دەبمە دوژمن؟ ! من تۆبە، حیللەی ئاوا ناگێڕم من عاشقی دینم، کوا عاشقی زێڕم؟ ئەو تەبلیغاتە کە بکەم تەواو بیکەمە دەسماڵ بۆ بەستنی چاو تەواوی مەلان فریو دەخۆن بۆم ئەمجار دەتوانم یەک یەک بیانخۆم. مام‌ ڕێوی فکری هێنا سەر ئەوە کەرێک پەیدا بکا بەم نیوەشەوە هەستا لە ڕێوە کەری پەیدا کرد کەشیدەی زەردی بۆ سەری ساز کرد لێی سواری کەر بوو بە کەشیدەوە کەڵەبابێک دیی، واقی بردەوە! وتی: عەجایب، باوەڕ ناکرێ! دەبێ بۆ کوێ بچێ بە سواری کەرێ! کە لێی خورد بۆوە و زانی ڕێوییە قاتڵی ئەوە و دەعبای کێوییە کەڵەشێر کوتی: چاکت دەناسم گەرچی قاتڵمی و من لێت هەراسم لە بۆ کوێ دەچی بەم کەشم و نەشمە تۆ و مامە ڕێوی، ئەم ڕیش و پەشمە؟ ! بەم کەشیدەوە، بەرماڵ و تەسبیح بەم زیکر و ویردەی دەیفەرمووی فەسیح لە بۆ کوێ دەچی و مەقسوودت کوێیە؟ ئەم کەشیدەیەت لەبەرچی پێیە؟ وتی خۆ ئەتۆ قورئان دەزانی بە لای خۆت مەلا و ساحێب ئیمانی چۆن تۆ عالم بی و شەرع بزانی قەتت نەچووبێ نوێژی بەیانی نازانی ئەمن دەچم بۆ حەجێ؟ چۆن پیاوی عالم بە سەهوو دەچێ؟ ! تۆ ئەهلی عیلمی بۆ حەجێک ناکەی؟ خێر و سەوابێک بۆخۆت پەیدا کەی؟ ! ئاخری و ئاقیبەت مەلای هیچ نەزان بە بارەقەڵڵا و تەعریفاتی جوان بێ وەی هیچ بڵێ، فریوی خوارد بۆی چوو لە پشتەوە سوار بوو وەکوو خۆی. * * * ئەمجار مام ‌ڕێوی، زاڵمی دەرەبەگ وەندە نەڕۆیی، گەیشتە لەگلەگ بانگی کرد لەگلەگ: ڕێبوار لە بۆ کوێ؟ لە بۆ چ لایەک تەشریفو دەچێ؟ ڕێوی بانگی کرد: باوکەکەم! حاجین! دەڕۆین بۆ مەککە و بە حەج موحتاجین! با کەر ماندوو بێ و جێگاش بگری چونکی ئیسلامی و ئاخری دەمری کە بۆم ڕێگایە بێی بە دڵی کەباب مەجبوورم دەتبەم وەکوو کەڵەباب وتی: مام‌ ڕێوی! تۆ زیددی منی کوا جێی باوەڕی؟ بە من دوژمنی کە بیانوو نەگری و قەسەم بخۆی بۆم منیش دێم بۆ حەج، ڕەفیقی ئەتۆم وتی: هەزار جار بەم حەجەی دەیکەم هەتا بمێنم خەیانەت ناکەم بابم بە قورئان تۆبەم کردووە شوکر، بۆو لانەی، دڵم مردووە من بۆیەت دەبەم بۆ ئەم ڕێگایە یا سوارم کردووە ئەئەو مەلایە من ئەو ڕێگایەم دوو جار بڕیوە زۆر دەردی مار و بێ ئاویم دیوە. تۆ بۆ شەڕی مار سەرنێزەت پێیە حاجی و غازی ڕێی، بەهەشتت جێیە. ئەمجار کەڵەباب، کە ئەو عالمە بۆیەم هێناوە بەم دەرد و غەمە من لە خۆفی مەرگ یەکجار دڵتەنگم بۆیە بە دایم کز و بێدەنگم دەڵێم مەبادا بکەم وەفاتێ لە کاتی گیاندان مەلام نەگاتێ با ببێ عالم لە پشت سەرینم تاکوو ئینشەڵڵا مەحفووز بێ دینم مەبادا شەیتان زەلـلە بکا پێم ئاوری جەهەننەم بکا ماڵ و جێم بە ئەم قورئانە مەنزوورم وایە کە خوێندی مەلا و لە سینگی دایە جا گەر دێی بۆ حەج، فەرموو وەرە پێش کە ئیمانداری و ئەهلی ڕۆژوو و نوێژ. کە لەگلەگ بیستی مەوعیزەی تەواو لە حاندی ڕێوی دڵی بوو بە ئاو ئیدی خۆی نەگرت، یەکجار بە گشتی لێی سواری کەر بوو، خۆی خستە پشتی. ڕێوی لەگلەگی کە دی لە دواوە زەردێکی بۆ گرت و ئاوڕێکی داوە وتی: لەخۆڕا کردم بە ڕەفیق تا کەوڵی دەکەم پێوەی دەکەم دیق! گۆشتی لە کوێ بوو ئەو دار و بەردە؟ ! سەممی قاتڵە و سەبەبی دەردە! وتی: ڕازی ‌بە بە بەشی خودا چی لەگەڵ دەکرێ کە ئەوەش نەدا؟ ڕێوی ئەو سەفەر ڕووی کردە لەگلەگ بە پۆزێکەوە عەینەن وەکوو بەگ: وا چاکە بڕۆین بۆ ماڵی مەکە خودا! لەو ڕێیە کۆمەکمان بکە! * * * وەندە نەڕۆیین لە شاخ و بەردێ کەوێک بانگی کرد لە پەنا زەردێ وتی: فێڵەباز! پیری زەمانە! باڵندەت نەهێشت پار ئەودەمانە ئەلعان بۆ شێخی، چت لێ ‌بەسەر هات؟ ئەو باڵندانە بۆ هاتوونە لات؟ ! وا چاکە بڕۆی لە پێشیان لاچی من کەوی ڕاو بووم لە لای قەرەچی تۆ چەتە و دز بووی لە پشت چادرەکان بۆ سیرمە کۆنێ ملی خۆت دەشکان! ئەمما کەشیدە یێکجار هەرزانە لە بۆ ئیعتیبار فێڵێکی جوانە. ئەرێ مام حاجی کەشیدە پۆشی! لە کوێیان دەخۆی وا کەیف خۆشی؟ ! ڕێوی هاتە جواب، وتی: مامە کەو! ئازا و بەکاری فڕین و بدەو توخودا نەسووحیش خراپ نەبوو زوو؟ بێ ئیمان نەبوو وەک ئەرمەنی و جوو؟ بۆچی لە پاشان کە ڕجووع بۆوە خواش لێی قەبووڵ کرد مسوڵمان بۆوە؟ ! خودا فەرموویە: هەر گا مسوڵمان لە پێش مردنی بخوازێ ئەمان دەیبەخشم، فەوری ڕوحمی پێدەکەم گوناهی پێشووی بۆ حیساب ناکەم. من تۆبەم کردووە، بە لای خۆی حاجیم شاهیدی خەتمە، تەسبیحی ناجیم. نابینی حاجیم، کەشیدەی سەرم؟ پێتوایە بۆ گۆشت ئیمانم بەرم؟ ! کەسێک دەست بگرێ بە قوفڵی مەکە نەعووزوبیللا، کاری وا دەکا؟ ! تۆ بۆیە ئەلعان لە من زەنینی ئیشی ئەوەیە بۆخۆت بێ دینی. من لەبەر بابت کە دۆست بوو بە من دڵسۆزی تۆشم، نابم بە دوژمن بۆیەت پێدەڵێین وەرە لەگەڵمان، چبکەین، بە ئەتۆ ڕوون دەبێ دڵمان. خودالێخۆشبووی باوکت نەماوە ئەو وەسیەتنامەی بۆ من داناوە؛ نووسیویە: حاجی! لە پاش مردنم، لە پاش ناشتن و تەڵقین کردنم، هەرکات بۆ حەجی سێووم ڕۆیشتی کە ساحێب دینی و ئەهلی بەهەشتی کوڕەکەم لەگەڵ خۆت بۆ حەجێ بەرە ئیجازەی بدە سوار بێ لەم کەرە. ئاوای نووسیوە لە کاتی ژیانی خودا عەتا کا بە ئەو ئیمانی. چون خوالێخۆشبووی باوکت مردووە ئەو وەختە عەهدم لەگەڵ کردووە کە بچمە حەجێ، ڕۆڵە تۆش بەرم ئەگەر دەرنەچێ و بتۆپێ کەرم لەسەر ئەم عەهدەم، ئەگەر بمێنم وەسیەتی بابت بەجێ دەهێنم. تۆش ڕەفیقم ‌بە لە حەج کردنم کوڕی جوانچاکی خاڵ لە گەردنم! ئەجەل لە شوێنی هەموو کەس وێڵە کێی مۆڵەت داوە بڵێ جحێڵە؟ ! ناتکەم نەسیحەت بە کینە و دەهۆ من قاتڵم سەگە و تۆ پیرەهەڵۆ چون ئاقیبەتی هەمووی مردنە ڕۆژی تۆبەیە و پەنا بردنە! ئێمە ساحێبی دوژمنی وا بین دەبێ بەدین و دۆستی خودا بین جا تۆش بۆ نایەی بچین بۆ حەجێ؟ ببیە ڕەفیقمان تاقەتمان نەچێ؟ کەو فریوی خوارد، سوار بوو لەخۆوە ئەوەی دەیزانی، لە بیری چۆوە. حاجی بە حیللە و بە کەشیدەی زەرد کەوی هێنا خوار لە ڕەوەز و بەرد کە سوار بوو، وتی: ڕۆڵەی شیرینم! ڕەفیقی حەج و ڕێگای یەقینم! وەختی نوێژ هاتووە، چبکەین لە بۆ ئاو؟ بگرین لە سەری دەستنوێژی تەواو. چون ڕۆژ درەنگە، لە تاوان گێژم دڵم دەتۆقێ بفەوتێ نوێژم. وتی: دابەزن، یێکجار ماندوو بووم کە ئاو نییە، نوێژم بکەم بە تەیمووم. ئەم سەفەر حاجی لە کەر هاتە خوار هەڵیگرت بە خاک تەیەممووم دوو جار کە نوێژەکەی خوێند و ئاوڕی داوە کەشیدەی سەری بە با کراوە. فەورەن کەشیدەی بەستەوە لە سەر ساز بوون هەموویان، لێی سوار بوون لە کەر سەریان سوڕ مابوو لە نوێژی ڕێوی کە بە تەیەممووم دایبەست لە کێوی وتیان بە یەکتر: ئێمە نەزانین کوا خاوەن عەقڵ و ساحێب ئیمانین؟ بۆ دەبوو ئەووەڵ باوەڕ نەکەین پێی لەو زاتە گەورە ئەمین نەبین لێی؟ * * * لەسەر ئەم نەقڵە و ئەم بەحسە جوانە بەرەو مەدینە، کە بوون ڕەوانە وەندە نەڕۆیین، کە سوار بوون هەموو لەبن کەڵەکێک بانگی کرد پەپوو؛ وتی: لە بۆ کوێ لێی سوار بوون بە ناز؟ ئێوە و ڕەفیقی ڕێوی حیللەباز؟ ! نازانن ئەوە لە بنەوە بڕە؟ بێ دین و مەلخۆر، جووچکە زگدڕە؟ وتیان: مام پەپووی وریای بە شعوور وا بانگمان دەکەی، دەخوێنی لە دوور چ حەددت هەیە بڵێی بەم زاتە کە کەوتنە شوێنی مایەی نەجاتە ئەعازەنەڵڵا بڵێی بێ دینە لە ڕێگای بوغز و حەسەد و کینە. پەپوو هاتە جواب، وتی: براکان! قەسەم بە شێخان، بە دەستەی پاکان ناتانباتە حەج، برای هاودینم لە نیوەشەودا مەرگتان دەبینم ڕێوی هاتە جواب، وتی: مام پەپوو! خۆ بابت وەک تۆ بێ ئیمان نەبوو! من بابتم دیوە لە لای سولەیمان زۆر مسوڵمان بوو، یێکجار بە ئیمان هیند خۆشەویست و پایەبەرز بوو ئیتاعەی نەبی لە لای فەڕز بوو حەزرەتی سولەیمان لە کاتی ژیانی ئەو پێغەمبەرە گەورە و نوورانی! کردی بە وەزیر، بۆ تەگبیر و ڕا لە سەر باوکتی کرد ئەو تاجە پەڕە زۆرم پێ حەیفە ئەلعان ئی ‌تۆیە چون پیشەت خواردنی سوێندی درۆیە. لە بیرمە بابت لە خزمەت نەبی؛ یادی بەخێر بێ و عەفوو بێ ڕەببی! ڕۆیی لە بۆ حەج، بۆ کردنی تەواف لەبەر خودای خۆی، بە دڵی پاک و ساف زۆر حەیفە ئەتۆ عەولادی ئەوی چون تۆ بە جارێک شانت کرد نەوی! پێم بە تەما نی ئەتۆ بمری وا ڕێگای فەڕز و تاعەت دەگری! ؟ لە بری بۆ ڕەزای خواوەندی جەلیل حەجمان لەگەڵ کەی ببی بە دەلیل کەچی جەنابت مانعی حەجی ئینشەڵڵا ئەتو بۆ بەهەشت ناچی. پەپوو کە بیستی ئەم نەقڵ و قسە، ڕووی کردە ڕێوی، عەرزی کرد: بەسە! وتی: دەتەوێ وەکوو ئەمانە ڕەگەڵ خۆتم خەی بەم بیانوە جوانە؟ ! ئەو وەخت نیوەشەو بمبەیە کونێ لە شاخ و کێو و چڕ و بەندەنێ بیانووم پێ بگری و بمکەیە شامت؟ ئەوە ئەمن نیم بکەومە دامت! ڕێوی پێکەنی، قاقای بۆ کێشا وتی: زۆر سەیرە، قسێکی خۆشە! تۆ باوەڕ دەکەی بە هەوای نەفسم ببەم شەڕەف و ئابڕوو و نامووسم؟ ! لەو ڕێگا پاکە، ڕەفیقانی خۆم ئەعازەنەڵڵا، بچم بیانخۆم؟ ئەم فکرە قۆڕە دەر بکە لە سەر وەرە بۆ حەجێ و لێی سوار بە لە کەر ئەمەش بزانە، چون ئاخری دەمرم بە عەزمی خواردن هیچ مەلێ‌ ناگرم! بۆیەت پێدەڵێم تۆش تەشریف بێنە، بۆ ڕەزای خودا حەج بەجێ بێنە، دەزانم ئاخری هەمووی نەمانە کە وایە، ڕۆژی تۆبە و ئەمانە! دەغیل و ئامان بۆ ئەو ڕێگایە، بە فریوی شەیتان خۆت مەخە دوایە! بە حیللەی ڕێوی، ئاخری مام پەپوو چوو لە پشتەوە وەک ئەوان سوار بوو. کە سوار بوو پەپوو، ڕێوی بە گرژی کوتی: مام پەپوو! تۆ بۆچی قرژی؟ دڵی سافی تۆ بۆ حەج لە جۆشە ڕەنگ بێ ئی ‌تۆ بێ ئەو بۆنە خۆشە! وتی: بە خۆڕا هێنام مام پەپوو، بەو بۆنە پیسەی مێشکی سەرم چوو! وتی: ڕازی بە بە تۆزە بۆنێ ئەوە چاکترە لە سیرمە کۆنێ. * * * وتی: حاجێکان! با بەڕێ کەوین نەک وەختی بڕاو و فریا نەکەوین سواری کەری کرد هەمووی بە جارێ وەختی ڕۆژپەڕ و نیزیک ئێوارێ لە هەورازی دا و لە کەل سەر کەوت دوو کۆتر چاویان بە ڕێوی کەوت پێیان سەیر بوو ئەو خێڵ و بارە وا بە درەنگەوە و لەو لای ئێوارە کۆترەکان وتیان: ماندوو نەبنەوە بۆ بوونە ئەسیر دەستی ئەو جووە؟ وتیان: حاجییە و تۆبەی کردووە بۆو لانەی دەڵێن، دڵی مردووە. وتیان: چۆن باوەڕ دەکەن بەم گورگە! تۆبەی بە ڕاستی نەمان و مەرگە نازانن ئەوە قاتڵە بۆ ئێمە؟ چوار جووچکەی خواردووین، پەروەندەی پێمە ڕێوی هاتە جواب؛ کوتی: کۆترەکان! بەم حەجەی دەچم، قەستەم بە قورعان! بە درۆ پیاوی پاک نابێتە دوژمن کەشیدەی سەرم شاهیدە بۆ من. قەلەسابوونی جووچکەی ڕفاندووی؛ خەجاڵەت نابی بە من دەڵێی جووی؟ ! ئیفتیڕاو پێم کرد بەم کەشیدەوە ئافەرین قاتڵی جووچکو دیتەوە! قەستەم بە خودا، لە ڕۆژی مەحشەر شکایەت دەکەم لە لای پێغەمبەر. گەر قاتڵی جووچکەم بە قسەی ئێوە کە بوختان ناکەن لەم شاخ و کێوە کوا شاهید بڵێ: 'بە ملم وەباڵی'؟ کوا سەری جووچکەت؟ یا تووک و باڵی؟ ئێوە دەفەرموون: پەروەندەم هەیە، ئەگەر ڕاست دەکەن، ویژدانو هەیە، کوا عەکس و مۆر و ئیمزای کاغەزم؟ بە چ دەلایل قاتڵ و دزم؟ گەرچی پەروەندەو زیندوو کردنەوە لە پاش هەزار سوێند، بە درۆ کەوتنەوە، بۆ وەی لێو نەگرێ خودا غەزەب زوو، زەلیلو نەکا لە دەستی باشوو، کە بێنە حەجێ، ئازادو دەکەم هەرکتان دەبەخشم، ڕوحمو پێدەکەم! فەرماییشاتت وتیان زۆر جوانە حازرین بێین بۆ حەج لەگەڵ ئەوانە عەتا و بەخشینی ئەتۆ تەواوە ترسی عەزابی خودامان ماوە! وتی: زامنم لە ڕۆژی مەحشەر بۆخۆم دەتانبەم بۆ لای پێغەمبەر دەڵێم: ئەم دوانە مەنسووبی منە وجوودی ئەمن بۆ وان زامنە ئەمجار خۆ ئیدی قسەو نەماوە فەرموون! تەشریفو سوار بن لە دواوە! کۆترەکان سوار بوون لە دوای پەپۆوە دەگریان بە جووت، هەرکیان پێکەوە. * * * ئەمجار مام‌ڕێوی، بەم کۆڵ و بارە کەوتە خەیاڵ و غەم و پەژارە وتی: من دەبێ کارێکی وا بکەم ئەشکەوت و کونێک بۆیان پەیدا کەم وتی: براکان! ئەوە شەو داهات ڕۆینمان پێ ناکرێ، ناگەینە ئاوات وەرن بۆ ئەمشۆ جێیەک دەزانم هێللانەی خۆم بووە و جێگەی شەوانم با بچین بخەوین، سەرم دەکا ئێش تاکوو سبحەینێ هەڵدەستین بۆ نوێژ وتیان زۆر چاکە، هەموو حازرین بۆ تۆ موتیع و عەبد و نۆکەرین تێکڕای وەپێش دا، بۆ نێو ئەشکەوت بردنیە لای ژووروو، لە دەرگا خەوت. * * * لە نیوەشەودا کەڵەبابە سوور بە عادەتی خۆی، خوێندی 'قووڕە قووڕ' ڕێویش کە لە خودای دەویست ئەئەوە بیانوێک هەڵکەوێ بەم نیوەشەوە هاتە جواب، وتی: مەلای بێسەواد! گووم بە قەڵەم و شاقەلی کەوات! بۆ بێدەنگ نابی، قاتڵی گەندوگوو بەم قووڕە قووڕە مێشکی سەرم چوو نازانی شەڕە بانگی نیوەشەو دووهەزار هەتیو هەڵدەستێ لە خەو؟ ! شەرع نەزانی، بێ ئاقڵی نەفام! ویژدان مەحکوومت دەکا بە ئێعدام. کە دای پەلامار گرتی گەردنی بوو بە قابیس و پەیکی مردنی حاجیی بێ ئیمان، بەم شکڵ و وێنە بە عومری مەلای دوایی پێ هێنا. * * * لە پاش ئێعدام و هەرا و چەقەچەق لەگلەگیش دەستی کرد بە تەقەتەق کە حاجی زانی ئیعتیباری چوو ڕۆژ مەعلووم بکا، هەڵدەفڕن هەموو تووڕە بوو، وتی: درێژی زەلام! بۆ چۆکت دەگێم، پێت وا کەر و گام؟ ! نازانی شەرعەن ئەم تەقەتەقە چەند لە بۆ ئیسلام مەکرووهـ و ڕەقە؟ ! مەخسووسەن خەڵک لە ئەم هاوینە لە بەر چەتە و دز، یێکجار زەنینە ناترسی لە دێ هەڵبستێ هاوار؟ بێن دەسگیرمان کەن لە ئەشکەوت و غار؟ چون تۆ دەتەوێ بمدەی بە گرتن بمدەی بە دوژمن بۆ ئێعدام کردن خاینی بێ شەڕەف، بێ عەقڵی نەزان! ئەلعان مەحکوومی بە مەرگ و نەمان فەوری پێیداهات، لە هەڵۆ گشتتر کەوڵی کرد لەگلەگ، کردی بە وشتر * * * لە پاش خواردنی لەگلەگی برا کەویش قاسپ و هۆڕ کردی بە هەرا. کە ڕێوی بیستی قاسپەقاسپی کەو بۆ بیانوو گرتن ڕاپەڕی لە خەو وتی: زۆڵە کەو قرتی بێ شەرم! بۆ بووکم بۆ دێ، بەزمت کرد گەرم؟ ! تۆ تەوهینت کرد بە ماڵی مەکە ناکا بێیە حەج، خودا عەفووت کا! حیزباب! قاسپ و هۆڕ لەم کونە بەردە پێت وا بەندەن، ڕەوەز و زەردە؟ ! ئەوە مەعلووم بوو، بێ ئابڕووی لۆتی هەزار حەجیش کەی تۆ وەکوو خۆتی. چون هەرزە و سووکی، بە سەری بابم مەحکوومی ئەلعان ببیە کەبابم! کە تاوی دایە، سینگی کەوی گرت؛ بە دەم ڕێوییەوە گیانی دەرچوو، مرد. * * * لە پاش خواردنی کەوی خاکسار پەپووسڵێمانکەش خوێندی دوو سێ جار هەروەندە بیستی بوو بوو بووی پەپوو لەویش تووڕە بوو، لێی ڕاستەوە بوو تووڕە بوو، وتی: من بێ حەق و مز بۆیەم هەڵگرتی، باوک چەتە و دز کە تۆبە بکەی لە شوێن و دابت نەک بچێوە سەر خوو و ڕەوشتی بابت بابە سەگەکەت لە پێش تۆپینی گووی سەگ بە گۆڕ و مەزهەب و دینی، لە بارەگاهی ڕەسووڵی خودا یەعنی سولەیمان، ڕووحم بێ فیدا نەترسا لە مەرگ، ئەو تاجەی دزی کە ئاخری تۆپی و لە گڵدا ڕزی ئەلعان ئەم تاجە تۆ ناوتە لە سەر بە قانوونی من، شەرعی پێغەمبەر چون ئەلعان لە تۆ ئاشکرا بووە باوکت دزیویە و ئەویش مردووە بە جێگای باوکت ئێعدامت دەکەم بەم مەکەی دەچم، ڕوحمت پێ ناکەم. کە تاوی دایە، سەری پەپووی گرت جەرگ و ڕیخۆڵەی بە گۆڕێ وەرکرد. * * * ئەمجار مام ‌ڕێوی بە کەیفی تەواو بە خۆی کوت: حاجی! ئاوا دەبێ ڕاو! ئەمجار کۆترەکان بە هەوای جاران بە گممە و ناڵە فرمێسکیان باران. ڕێوی ڕووی کردە دوو کۆتری فەقیر وتی: پێموابوو پێکاون بە تیر! بۆ بابو مردووە، بۆی دەگێڕن شین؟ مەلعوونی موڕتەد! فاسقی بێ دین؟ ! بۆ ناڵێن بە من چیو لێ قەوماوە؟ کامەتان بابو مردوە و نەماوە؟ وتیان: عەرزت کەین دەردمان تەواوی دوو قەلمان دۆستە، دەگەڵ مراوی کە ئیجازە بدەی، بەوە بڵێم بڕۆ من بارمتە بم لە خزمەت ئەتۆ ئەلعان هەر سێکیان دێنێتە حوزوور لە سایەی لوتفت، کارمان دەبێ جوور حاجی پێکەنی، کەشیدەی دانا وتی: زۆر چاکە! فێڵێکی جوانە! ئیجازە دەدەم، پێی بڵێ بڕۆ هەرسێکیان بێنێ بۆ لای نیوەڕۆ. نێرە بە دزێوە، وتی بە مێوە: هەستە بگەڕێ لەم شاخ و کێوە دەبێ تاجی و توڵە بە ڕێوی فێرە بە هەر نەوعێک بێ، بیهێنیە ئێرە کە مێوە فڕی، دەرچوو لە تەڵە، بە ڕاوچییەکی دی، دوو تاجی و توڵە کۆتر وت: دەبێ مەکرێ دەرێنم توڵە و تاجیەکان بکەونە شوێنم. دەستی کرد بە لاق، بە باڵ هەڵاتن هەرسێکیان بە غار بە دوویدا هاتن بەم جۆرە بردی سێ توڵە و تاجی تا دەرگای ئەشکەوت، بانگی کرد: 'حاجی! ' وەرە ڕەفیقم هەرسێک لەگەڵە نازانم بۆ بوون بە تاجی و توڵە؟ ! وتی: برا گیان! مەیانهێنە پێش! گڵاومان دەکەن، دەمانبەن لە نوێژ! وتی: ئەوەتا، وات دەکەن عەرز بۆیەت پێدەڵێم، لێم بۆتە فەڕز دەڵێن: بێتە دەر، یا دێینە ژوورێ یا توڵە دەنێرین، دەبێ ببوورێ. وتی: ناکرێ دوور کەون کەمێ؟ ! ڕازی بن بەوەی نوشتەیان دەمێ؟ ! کۆتر عەرزی کرد: کە نەڵێی وەرن، یەکسەر دێنە ژوور، هەر سێکیان کەرن! کە زانی ڕێوی چارەی ناچارە کەشیدە ئیدی بێ ئیعتیبارە دەستبەردار نابن، دەکەونە شوێنی بۆوەی نەیکوژن و نەڕێژن خوێنی بەرەوخوار هەڵات، وەندەی پێ نەچوو گێڕایانەوە و ڕێوی دەرنەچوو. ڕێوی بە خۆی کوت: پیسم لێقەوما ڕێگای خەلاسی و نەجاتم نەما زۆرم حیللە کرد بگەم بە مراد لە ڕێگای حیللە ئاوام بە سەر هات! کە تاجی لێیدا و توڵەی گەییە سەر، جەرگ و ڕیخۆڵەی ڕێوییان هێنا دەر. فریا نەکەوت بڵێ: ئەشهەدوو بە بێ ئیمانی وەفاتی فەرموو! * * * تەواوی حاجی ئەوڕۆکە ئاوا حەجیان بۆ فێڵ و کەڵەک و داوە تای قەند بە قەرز بە سێسەد تمەن زۆر سەیرە حاجی، ئیمانیش ببەن! چۆن قەند بە دە تمەن؟ ! کاری وا بێجێ! قەستەم بە خودا نەچوویە حەجێ بڵێی وەک ڕێوی، عاقیبەت خودا بە حیللەی حاجیان دوایی پێنەدا؟ کەوایە 'بێبەش'، با هەڵیشکەوێ قەت لە بۆ کەڵەک، کەشیدەت نەوێ. ++++++++++++++++++++++