شاعیر: ئێقباڵ کتێب: ئاسمانی خەیاڵ سەرناو: نەردی ئەشق من لە نەردی ئەشقی خۆم و تۆ کزم تۆ براوەی ئەم قومارەی، من گزم هەر لە سەر دەم جووت یەکی چاوت کە هات شەشدەری کردم منیش مۆرەم نەهات داشەکانی ئەشقی خۆم بۆت کردەوە تۆش هەمووت کوشتن بە غەمزە و زەردەوە تۆ هەموو هەوڵت لە من دەس گرتنە هەوڵی من دەستێک بە داوێن گرتنە بەختی تۆ بەرزە و هەموو هەرجووت شەشە وەک یەک و دوو هاتنیش، بەختم ڕەشە هەوڵی تۆ ماڵ کردنە، خاڵ گرتنە هەوڵی من لای ماڵی تۆ ماڵ گرتنە تاقە داشێکم لە لای تۆ نووستووە چەندە لام خۆشە کە ڕێگات بەستووە! خۆم ئەزانم تا بەیانیش کایە کەم نیمە * ئێقباڵ* و لەخۆڕا سووڕ ئەدەم دڵ لە دوایی و مانەوەم بەو بۆنەیە ئەشقی من ناسۆر و دەردی کۆنەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامێزی خەم نەکەم ئیتر لە بەر خەم چۆکێ دادەم خەمی تۆیە بە شادی و خۆشیی نادەم نەبوونیت، دەردی دووریت و کزەی خەم بەجامێ مەی، بەدەنگی نەی بەبادەم شەوانە، شەرتە بۆ گۆڕینی حاڵم لەئامێزی خەمی تۆ دا هەدا دەم لە سووچی خەڵوەتی بیرو خەیاڵا بە لافاوی وشە تەنیایی ڕادەم لەچاوی پڕ لە لۆمەی خەڵکی بێ عار لەشی زامار و بێ تینم وە لا دەم بەخەڵکی چی ئەتۆ بۆم بێ وەفا بووی؟ کەتۆی ئامیانی ئەشق و هەستی سادەم لە من بەس ئەو خەیاڵەی کاتێ هاتی بڵێم من ڕادەمووسم، بێژی ها دەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کۆلاژێک لە ماملێ بۆ ماملێ سەبارەت: بۆ مامۆستا محەمەد ماملێ لە ڕێبەندانی هیجری تۆ 'هەواری خاڵی' غەوغا بوو هەموو بازاڕ و 'شاری دڵ' کەوا بێ شەوق و سەودا بوو 'بەهار خۆشە' نەپاش کۆچت، نە پاش زستانی ژینی تۆ نەسەیران و نە حەیران ما، نە قاسپەی کەو لە شینی تۆ بەڵێنت گرت لە دڵدارت بەرەو جێژوانی هەرمان چووی بە داخن'دەستەیی ئاشق' بە 'رێبوار'ی لە دەسمان چووی دەمێک ساڵە کە ' لەیلا ' کەت بەهیوای کاغەزی تۆیە قورینگان هات و چوویانە، گوڵاڵە سوورە بێ بۆیە لەپاش دەنگت نییە دەنگێ بکا باسێ لە 'هیجری یار' نەوایێ خۆش بلاوێنێ دڵی سەد عاشقی خەمبار مەخابن سەد مەخابن وا کە پیری ئاشقان ڕۆیی کە دەنگی ( هێمن)و (گۆران) و (ئاوات) ی دڵان ڕۆیی ئەگەر چی پاشی کۆچی تۆ لە دڵمان شادمانی چوو فوغان بوو، ناڵە بوو، خوێنی جگەر بوو، دیدەیی تەڕ بوو بەڵام دڵخۆش بەوەین گیانە، بە حەوسەد کۆرپە گۆرانی لەباوش بیری یارانی، لەدڵ ناچی، لە لامانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی دابڕان چاوبازەکەم! بەڕۆیشتنت هێلانەی دڵ خاپوور کرا ئەو هێلانە وا بالندەی ئەشق وئەوین چڵ بەچڵی بە چرکە چرکەی کاتی لاوی خۆی دایڕشت و بەهێزی تامەزرۆیی تۆ و بیرو یادی چاوەکانت چاوەدێری لێ کرد ئەی بارانی بەهارانم! دووریت، داری بەساڵا چووی هەستی منی وشک کردووە و هەر ڕیشکە ڕزاوێکی ناو خاکی یادی تۆی لێ بەجێ ماوە ئازیزەکەم! وا تێنەگەی بەڕۆیشتنت هەموو شتێک لەبیر ئەچێ. تازە دەردی دووری تۆ هەر وەک تیرێک لەدڵ ئەچێ تازە بێ خەویەکانی شەو درگای چاوم پێ ئەگرێ تازە ئەسپی خەیاڵم لێ یاخی ئەکرێ. تازە ئاگری یادی تۆ گشت باخ وگوڵزاری وشە و شێعری من ئەسووتێنێ. لەکزە بای نەبوونی تۆ دا مێشکی ئێسکم ئەزریکێنێ نازانم بۆ وا بیر ئەکەی؟ لە جێ ژوانی بێ تۆیی دا دڵم بێ ئێش و خۆرپەیە بێ ترپەیە دەردی دابڕانی تۆیە بۆیە ئاوا کش و ماتە... . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوای گریان سەبارەت: وەرگێڕانێکی ئازدە لە سەر شێعری هوای گریە، شاعیری فارس خاتوو سیمین بێهبەهانی گیراوە پڕ خەمە دڵ، گریانە مەرهەمی من ناناسێ هیچ شوێنێ بێجگە لە شەو، شەمی من نامۆیە باخ وگۆڵشەن بۆ تەیری هەست و یادم کە ڕووی لە خەم کراوە، چاو و دڵ و دەمی من لای کەس نییە دڵی من، نیشە لە لام دڵی کەس لەسەر شەپۆلی ژیندا خۆ ڕا ئەدا گەمی من ئەوەی کە دوورە ئێستا، بە دڵ نزیکە لامە ئەوەش کە لامە ئێستا دەردە نە مەرهەمی من نیم چاوە ڕوانی یارم، جام و دەفر شکاوم نە مەی هەیە نە ساقی کە تەڕ بکا دەمی من بوونم چ بەرهەمێکە؟ نەبوونم ئەستەمێک بێ؟ هۆی مان چییە؟ کە دەردە ژیانی پڕ خەمی من ئەستێرەکانی ژینم حەشاردراوی هەورن گیراوە پڕ خەمە دڵ، گریانە مەرهەمی من. گیراوە پڕ خەمە دڵ، گریانە مەرهەمی من ناناسێ هیچ شوێنێ بێجگە لە شەو، شەمی من نامۆیە باخ وگۆڵشەن بۆ تەیری هەست و یادم کە ڕووی لە خەم کراوە، چاو و دڵ و دەمی من لای کەس نییە دڵی من، نیشە لە لام دڵی کەس لەسەر شەپۆلی ژیندا خۆ ڕا ئەدا گەمی من ئەوەی کە دوورە ئێستا، بە دڵ نزیکە لامە ئەوەش کە لامە ئێستا دەردە نە مەرهەمی من نیم چاوە ڕوانی یارم، جام و دەفر شکاوم نە مەی هەیە نە ساقی کە تەڕ بکا دەمی من بوونم چ بەرهەمێکە؟ نەبوونم ئەستەمێک بێ؟ هۆی مان چییە؟ کە دەردە ژیانی پڕ خەمی من ئەستێرەکانی ژینم حەشاردراوی هەورن گیراوە پڕ خەمە دڵ، گریانە مەرهەمی من. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ کرماشان سەبارەت: بەبۆنەی بوومەلەرزەی پارێزگای کرماشان. ساڵی ١٣٩٦ هەتاوی بۆچی بگریم؟ ئەو هەموو خەمخۆرە بزێوە وان ڕوو لە وڵاتی بێستوون گشتی بەڕێوە وا لەرزی دڵی ئەزگەلە و قەسر و سەری پێڵ جێ پێی دەغەز و درزە لە هەوراز و نشێوە هەرچەن هەموو ماڵان وشەقامی شەق و زامە وەستانی مرۆڤی هەرەبەرزی وەکوو کێوە ڕووخان نەبووە هۆی ورەبەردان لە دڵی کەس ئەی خۆری هومێد! بۆ گەلی چەوساوە دە بێوە پاڵپشتی، کۆمەک، یاری دەریی خەڵکی وڵاتم دەرمانی هەموو زامە لە هەر شار و لە دێوە ناترسێ لە ئەنفال و ڕمان و شەڕ و کوژران کورد داویە بەڵێن تا دەمی مردن ها بەپێوە ئەم خاکە ئەگەر جارێ بەقین بێت و بلەرزێ ناگۆڕیێ بە جەننەت، کە لە دڵ گەوهەر و زێوە دڵ ڕوونە، کە کورد بەم هەڕەشە ناچێ لەمەیدان ڕۆژانیی نوێی یەک لە دوای یەک ها بەڕێوە.... . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەم نەبێ دەردی دنیا دەوری گرتم تاکوو بەزمم کەم نەبێ. شادی ون بووی ناو ژیانمە، نیمە دۆستێک خەم نەبێ. ئاسمانی بیر ویادم نەیبووە خۆری ئومێد. قەت نەبوو تیشک و بروسکێ غەیری هەور وتەم نەبێ. 'خانی'ی دەورانم لە کوێیە تا بهۆنێ ئەشقی من باهەموو چیرۆکی ئەشقێ باسی' زین و مەم' نەبێ. کوانێ' شیرین'، کوانێ' لەیلا'، تا ببینن یاری من ناکرێ یارم ببێ و ئەنگووست لە نێوی دەم نەبێ! یاری من چەن جوانە ئەونەیش ئەهلی جەورە و زاڵمە زۆری دانا ماڵی ئاوا، هیچێ غەیری خەم نەبێ. شین و واوەیلامە شەو، گەرچی' وەلی دێوانە' نیم دائەنیشم دەستەو ئەژنۆ، نامەوێ با شەم نەبێ. ڕایپەڕاندم خورپەیی شێعرێ لە بۆ هۆنینەوە نەک هەر ئەمشەو مابێ عومرم، نەک بەیانی دەم نەبێ؟ هاتە گوێم بانگی بەیان، هاودەنگ سرووشێ پێی وتم: بەسیە 'ئێقباڵ' ئاهـ وناڵە، با لە یاریش زەم نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوو پەنجەرە دوو پەنجەرە دوو دیوار یەک لەم سەر و یەک لە خوار ئەم لەمبەری کۆڵان و ئەو شانی لە حاستی دار ڕۆژان و شەوانی زۆر بژمێری هەموو ڕێبوار ............... . ڕۆژێک کە کۆڵان وەک شەو خەوت و نەما هاوار ئەم پەنجەرە تێڕوانی بۆ هاودەمی بێ ئازار دی، ئەو کە لە پێش ئەمدا چاوی لەمە بۆ دیدار بۆ ماوەیێ هەر دوو یار تێکەڵ لە حەزێ نەدیار تێر ماتی تەماشا بوون بزڕا ڕەگی وشکی دار لەرزاندی هەموو جەستە شەق بوون تەبەق و بزمار چرکاندی لەشی هەردوو خنکاندی لە ناخ هاوار ئەم هەستە کە نامۆ بوو کرد بوونییە گێژ و هار سەریان لەمە سووڕمابوو خورپەی دڵ و جەستەی دار؟ ................... . بەم چەشنە هەموو ساڵێ دوو پەنجەرە بوون ئازار هەر بوو بە ڕوانین کار دیدەی ئەم و چاوی یار بەم ڕەوتە زەمەن پەڕ بوو تا ڕۆژێ درا بڕیار هێنایە دەرێ وەستا دوو پەنجەرە کۆنی دار جێی ئەم دوو پەرێشانە دریان بە نوێی بازار جەستەی دوو ڕفێقی دوور لای یەک، وەلێ چەوت و خوار بۆ ماوەیێ هەسیان کرد بێ ئێشە لەشی بیمار! هێور وەکوو دوو منداڵ خەونێ چووە چاوی دار لەو خەونە ئەیانبینی ئامادە کران بۆ کار دریان بە هونەرمەندێ بۆ پەیکەرەیێکی دار ئەو دەستە هونەرمەندە کرد بوونییە هێمای شار گێڵاسێ شەرابی کۆن ئاڵا بووە دەوری مار...... . ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاواری ئەوین سەر بنێ سەر سینەکەم تاکوو ببیسی دەنگی ژین دەنگی ترپەوهێزی ئەشق ودەنگی هەستێ پڕلە تین دڵ بە هەر لێدان و گرمەی لەرز ئەخاتە سینەوە تا بگەینێتە گوێی تۆ داد و هاواری ئەوین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دووی تۆ ‏پەپوولەم بۆ گولی رۆخسار و رووی تۆ مەلی بێ خان و لانەم هەر لەدووی تۆ لە شەو گاری خەمم و بێ تۆیی خۆم دا دڵم سەودا سەر و ئەگرێ گڕووی تۆ ++++++++++++++++++++++