شاعیر: مەزڵووم کتێب: دیوانی مەزڵووم سەرناو: ئاخ لە بۆ ژنێک کەمێ نیو داشت بێ ئاخ لە بۆ ژنێک کەمێ نیو داشت بێ بەڵام بە شەرتێ بە کەڵکی داشت بێ بۆ فەقێ و حوجرە چاک و دەمدوو بێ لەگەڵ هەموویان ڕووخۆش و ئاشت بێ ڕێزیان لێ بگرێ بە میهرەبانی خزمەت کردنیان بە بێ پاداشت بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئامری موشفق گەورەی میهرەبان ئامری موشفق گەورەی میهرەبان پاشازای مەشهوور، ئەمیری کوردان گەر مەدحت بکەم ئیسمی کەریمت پشتی سەخایی حاتەمت شکان ئیدارە و عەدلت بۆتە نموونە لە ڕووی دنیادا وەک نەوشیرەوان میللەت پەروەریت زۆر بێشومارە چاوی ئیحسانت ئەبینن هەمووان یەزدان داویەتی بە من فەرزەندێ عومری گەییوە بە سێوچوار مانگان بەختی بێ ڕزقە ئیقباڵی شومە دایکی بێ شێرە، تیفلی بەسەزمان بە چەند مەینەت و کوێرەوەری پەروەردەی ئەکەین بە شەکر و ڕازیان ئەمە چەند ڕۆژە شەکری نەماوە گریە و فوغانی ئەگاتە ئاسمان جا بۆ ئیدارەی ئەم بێگوناهە ئیلتیجا ئەکەم لە عەدالەتتان ئەمر بفەرموون شەکری بدرێتێ تاکوو بێچارە نەمرێ لە برسان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەرێ هەی دڵەی غەمباری حەزین سەبارەت: بۆ «شێخ سەلام»ی شاعیر ئەرێ هەی دڵەی غەمباری حەزین تەیری نامراد ئاوارە و غەمگین ڕاپەڕە بڕۆ بۆ لای دۆستانم دۆستی قەدیمم ئارامی گیانم ڕێگا بگرە بەر بڕۆ تۆ بە تاو تۆ ڕووبکەرە قەڵاکەی باراو *** ئازا کوڕانە سەرکەوە بە گیان سەرەوژێر بڕۆ بەرەو لای چنگیان لەوێ مەوەستە بگرە ملەو ڕێ ڕێگا ئەتباتە مەرکەزی نۆدێ بزانە نۆدێ جێگای پیرانە مەرکەزی نەوەی شێری یەزدانە *** بکە زیارەتی مەردانی ئەوێ ئوتۆمبێلی پێت بخەرەوە ڕێ بەسەر «هەرمنا» بڕۆ بە حزوور هەتا ئەگەیتە ئاوی گوکە سوور لەسەر ئەو چەمە هەر مەگرە لەنگەر هەتا لە هەوراز ڕاست ئەچیتە سەر *** دڵە بزانە ئەو قەزا جوانە جێگای شەرەف و کانی ویژدانە جێی ئاسایشی سوڵتەی دەوڵەتە مایەی فەرەح و ژینی میللەتە ڕووکەرە تەموین دڵەی پڕ هونەر لە بۆ دیدەنی دۆست و بەرادر ئەگەر ئەتەوێ تۆ ببی ڕووسوور «سەلام» بناسە لەگەڵ چوویتە ژوور چۆن موعتەبری هەموو دیوانە بێ ئوسوڵ نەبی سەلام بزانە عەرزی ئیخلاسم تەقدیم کە دەردەم ئەمجا دەسخەرە ناودەسی ئەدهەم وەکیلی منبە ئەی دڵەی مەزڵووم عەرزی ئیخلاسم تەواوکە مەعلووم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم نەسیحەتەم نووسی لە دەفتەر سەبارەت: ئامۆژگاری ئەم نەسیحەتەم نووسی لە دەفتەر بیگرە لە گوێ، هەم بیکە لەبەر پەندێکی نافیع ساحێب سەوابە ڕێنمای خێر و چاکە و حیسابە ڕۆڵە پێت ئەڵێم چاک و خۆش خووبە شیرین کەلام بە گەشاوە ڕووبە ڕووخۆش بە چاکە لەگەڵ هەموو کەس لەگەڵ غەریب و فەقیر و بێکەس ڕەحم بە هەتیو، ئەدەب لە گەورە بچووک دڵخۆشکە هەر ئەوە خێرە موکرم بە ڕۆڵە بۆ خۆت بفامە ڕەحم و دڵت بوو عەقڵت تەمامە ئەگەر تاڵیبی نەبی بە ناکەس تەوازع بکە لەگەڵ هەموو کەس فەرموودەی حەزرەت شاهی لەولاکە جەزای خراپە بدە بە چاکە لەگەڵ هاودینا یەک دڵ و ڕەنگبە لەگەڵ بێ عەقڵ کەمدوو بێدەنگ بە لە ڕەفاقەتی هەرزە و هەرزەکار دووربە عەزیزم زینهار سەد زینهار بۆ پەیدا بوونی دوژمن مەکۆشە دۆست پەیدا بکە سڕیان بپۆشە خوڵقی قەناعەت شیرین و بەرزە قەناعە بکە مەبە بە هەرزە کەسێ ئینسان بێ تەکەبوور ناکا هەر وەکوو شەیتان خۆی مەغروور ناکا خۆت دەنی مەکە، مەبە بە دووڕوو هەر وەکوو مەگەز مەنیشە لە گوو ئەگەر وەعدت دا ئەبێ وەفات بێ ڕاستگۆ بە دائیم سەیر و سەفات بێ بە چاوی سووکی مەڕوانە فەقیر فەقیر خۆی نادا بە هەزار ئەمیر دنیای بێ بەقا زۆر بێوەفایە هەر ڕۆژ بۆ کەسێ ئەچێتەکایە زۆر بە تاعەت بەو دەروونت پاک بێ نەزەر قەت مەکە، چاوت ڕووناک بێ ڕۆڵە ئەمین بە خیانەت مەکە ئیسلام بە، تەرکی دیانەت مەکە لە ڕووی باب و داک بێ ئەدەب نەبی با لە ئاخیرەت موعەززەب نەبی قەدری ئوستادت فرە بزانە بێ ئەدەب نەبی ئەخلاقت جوانە ڕەزیلی مەکە زینهار سەد زینهار ئینسانی ڕەزیل قەت نەگری بە یار سەخاوەت بکە چەندت تاقەتە سەخاوەت تۆشەی ڕێی قیامەتە سنعاتێ عەزیز! بزانە چاکە ویجدانت ببێ کردەوەت پاکە ڕووخۆش بە دائیم فەرەح لە دڵ بە لە ڕووی خەڵقا هەر وەکوو گوڵ بە ئیکرامت ببێ لەگەڵ میوانت لەگەڵ دراوسێ و ئەهلی دیوانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی ئەمشەو لە خەوما مودیرێکم دی ساحێب ئیدارە و سوڵتە و تەجەللی مودیر وەزیفەی خۆی تەواو ئەکرد ئیشی میللەتی بەسەرچاو ئەکرد ئەیکرد تەماشای ئیشی ئیستیهلاک فەرمانی ئەدا سەربەست و بێ باک ڕۆژێ دای لە زەنگ فەراشی بانگ کرد هاتە ژوورەوە تەمننای بۆ کرد وتی ئەم غەوغا و هەرایە چییە ئەم خەڵقە زۆرە ئیشی بە چییە وتی: ئەهالین هەموویان هاتوون بۆ وەرگرتنی شەکر پیدا بوون کوێخاکەی دوێنێ ڕۆنەکەی هێنا هاتووە بۆ شەکر ئێستا وا لێرا فەرمووی پێی بڵێ بێتە ژوورەوە حورمەتی بگرە هەر لە دورەوە سۆئالی لێکرد لە ڕووی موحیبەت حاڵ و ئەحواڵ و ئیدارە و سیحەت وتی: لە سایەی لوتفی تۆ چاکین فەقەت بێ شەکر گەلێ هیلاکین شەکری ئەداتێ سەری چوار کیلۆ ئەڵێی فڵان کەس: ئەمیشە بۆ تۆ ئەگەر ئیشەکە ئاوا نەبوایە بە مەرامی خۆی شەکرم ئەدایە فەراش دووبارە ئەچێتەوە ژوور دیسان تەمەنا ئەکات لە حزوور ئەڵێی فڵان شێخ قوربان هاتووە دوو ڕەبە نۆکی بۆ تۆ ناردۆ دێتە ژوورەوە ئەوەستێ ساتێ سەری سێ کیلۆ شەکری ئەداتێ کەسێ کاغەزی دۆستێکی بێنێ سەری دوو کیلۆ شەکر ئەسێنێ ئەمێنێ ئەهلی فەقیر و هەژار مسکێن و زەلیل، ژنی هەتیوبار مودیر عاقڵە کە ئەیان بینێ بە جێگای ئومێد کەسیان نابینێ ئەڵێ مەیعادی شەکر نەماوە بە بیتاقەیە هەمووی نووسراوە ئیتر بە هیچ کەس شەکر نادرێ بڕۆن بەیانی شەکر ئەدرێ وەقتێ سبەینێ فەقیر و هەژاژ ئەچنەوە سەری بە چار و ناچار مودیر بیتاقە لای خۆی دائەنێ یەک بە یەک ئیسمیان ئەخوێنێ بە هەشت سەرخێزان بە سەد موشەقەت کیلۆیە شەکر ئەدا بە ڕەحمەت ئەگەر فەقیرێ شکوای خۆی بکا لێی عاجز ئەبێ هەم ڕیسوای ئەکا ئەڵێ هەی وەحشی بۆ عەقڵت وایە بۆچی کارگەی شەکرم لە لایە حکومەت چی داوە هەر ئەوە ئەدەم مەعلوم حەقی کەس بە هیچ کەس نادەم کەسێ گوێی لێبێ ئەڵێ عادلە ساحیب ویجدانە خەیلێ عاقڵە یاخوا قانون و ئیدارەی وەها خوا نەیدا بە کەس نەبێ موبتەلا کە ئەم حاڵەم دی مەعلوم بوو لە لام بێدار بووم لە خەو بە گورجی هەستام وەقتێ ئەڕوانم ماڵی خۆمانە لە کوێ مودیرەو، کامە دیوانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی شافیعی ڕۆژی مەحشەر دەستی من و دامانی تۆ ئەی شافیعی ڕۆژی مەحشەر، دەستی من و دامانی تۆ ڕوو سیاه و پڕ گوناهم دێمە حزوور دیوانی تۆ تۆ مەحبوب و هەم ئەقدەسی، من ئەسیم و شەرمەزار غەرقی بەحری مەعسیەتم دەخیلی تۆم ئامانی تۆ شیفای دەردم لە لای تۆیە ئەی ڕەحمەتەن للعالەمین خۆت ئەزانی و چارە سازی دەردی من و دەرمانی تۆ نییە شیفای دڵی زارم، ڕوو سیاهو بێ قەرارم مەگەر بۆ خۆت بکەی چارەم یا پادشای گەیلانی تۆ دڵ حەزینم هەر وەکوو نەی بۆ فیرقەت ئەناڵێنێ ئینتیزاری لوتفت ئەکەم، عاشقی تۆم حەیرانی تۆ من عاشق و حەیرانی تۆم، ئەی سەیدی مەولای من دەرکراوو دەربەدەرم لەسەر خوان و ئەیوانی تۆ لە دیوانی ئیتاعەتا مەزڵووم کوێری بێ گۆچانە ڕێنما و عەسای دەستم لوتفی تۆیە و ئیحسانی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی قەڵەم تۆ بۆم بنووسە بە جارێ ناوی بسم الله ئەی قەڵەم تۆ بۆم بنووسە بە جارێ ناوی بِسمِ الله ئەی زوبان تۆ بۆم بەیانکە بە دائیم ناوی بِسمِ الله لە ئیجرای نوێژ و دینە، بۆ حیفزی دین هەر پەرژینە دەم بە دەم تەرکە زوبانت دەخیلە تۆ بە بِسمِ الله چ کارێ موشکیل گوشایە، دەلیلی چۆڵ و سەحرایە ڕەفیقی کاری تەنهایە لێت مەعلوم بێ بِسمِ الله یە چرای شەوی تاریکە، دەلیلی پردی باریکە ڕەفیقانت تۆ حاڵیکە یەکسەر بڵێن یا بِسمِ الله کاری گران سەهل ئەکا، دڵی وێران تەعمیر ئەکا هەزاران شەیتان زنجیر ئەکا، تۆ هەر بخوێنە بِسمِ الله لە ئەجزای نوێژ و دینە، لە ئەسبابی خوا ناسینە بۆ ئایینیش ئەو پەرژینە، هەموو شاد بین بە بِسمِ الله باعیسی ئاوی کەوسەرە، سەربەستی ڕۆژی مەحشەرە ڕۆژی جەزا موعتەبەرە، کاکە بڵێ تۆ بِسمِ الله لێت مەعلوم بێ ناوی خوایە، زیکری جوملەی ئەنبیایە «ئەورادی» شا هەم گەدایە شام و سەحەر هەر بِسمِ الله دەخیلت بم مەزڵووم ئامان تۆ بزانە بە ڕۆح و جیان فەڕت نییە بە تۆزقاڵێ ئەگەر نەڵێیت تۆ بِسمِ الله ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن بۆ سیسە ڕەنگت وا پەشێوە حاڵەکەت ئەی وەتەن بۆ سیسە ڕەنگت وا پەشێوە حاڵەکەت شەوقی ئیقبالت نەماوە، وێران دیارە ماڵەکەت لەشکری عیلم و فنونت چی بەسەر هات، کوێ ڕۆیی وا زەلیلی دەستی جەهلە، عاقڵ و هۆشیارەکەت عەسکەری غەم لاوەکانی تێکشکان و ڕایفڕان بۆیە ئەسیرن وا بە جارێ نازک و نازدارەکەت ڕەببی مووسایەک بنێرە قەومی کورد گشت یەکبخا یا دەلیلێ تۆ عەتا کە بۆ کوردە هەژارەکەت خۆ ڕەزامەندین ئیلاهی، دەربچێ با ڕۆح و جان با نەمێنین و ڕزگار بین گشت لە دەست ڕۆژگارەکەت تۆ لە مەزڵووم مەگرە عەتەب ئەی وەتەن سەدجار دەخیل با سەراسەر خۆ لە قوڕ نێم بۆ کوردەکەی غەمبارەکەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن جەنناتی دنیام خاکی کوردستانتە ئەی وەتەن جەنناتی دنیام خاکی کوردستانتە حەوزی کەوسەر، ئاوی سافی، چەشمەکەی کوێستانتە لەزەتی میوەی بەهەشتی تەعم و بۆی تۆ ئەدا سێو وهەرمێ و هەنارو میوەیی بۆستانتە وەقتی نەورۆزی بەهاری گوڵ کە خێمە هەڵبدا سەد ئیرەم لای نانوێنێ ڕەوزەی ڕیزوانتە خوا لە قورئاندا ئەفەرمووێ وەسفی جەننەت بێ میسال وەک سەفای باغی میللی و ئاوی کانیکانتە ئەی وەتەن شایانی مەدحە شاخ و دەشت و کێوەکەت یەک بە یەک ئەشکەوت و غارت قەسرەکەی عەدنانتە گەر سەریشم دابنێم، دایم لە وەسفت هەر حەقە نەقدی جانیشم فیدای لاوەکەی کوردانتە بولبولی عاشق بە حوسنی غونچەکەی باغی گوڵت هەر وەکوو مەزڵووم بە دائیم عاشق و حەیرانتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن موشتاقی تۆیە کورد زوبانی سەر زەمین ئەی وەتەن موشتاقی تۆیە کورد زوبانی سەر زەمین ئارەزووی گەرمییانە، عاشقی کوێستانی شین تۆزی خاکی کوردستانە، سورمەیە بۆ چاوی کورد وردە بەردت چەشنی گەوهەر، پووشەکانت یاسەمین ئاوی سافی چەشمەکان و شەوقی بەفری کێوەکان هاڕە هاڕی نەهرەکانت میسلی فیردەوسی بەرین هەر زەمانێ تۆ کە پۆشیت بەرگی سەوزی نەوبەهار دێتە سەیرانت بە جارێ چەن جوانی نازەنین ڕۆژی سەیرانە، ئەبینم تاقمی کوردی جوان دێن و دەڕۆن وا بە نەشئەو دم بە کەیف و پێکەنین ئێمە ئەولادی کوردین و کوردستانە جێگەمان بۆ تەرەقی نیشتمانی و بۆ عیلم تا چین دەچین ئەی جوان و لاوی کورد عیلم و زانین فەرزە بۆت با بخوێنین با سەعی کەین تا لە عالەم دەرکەوین وەک عەرەب دەستم بە دامان ئەی ڕەفیقانی کورد زوبان با وەکوو مەزڵووم نەبن چاو بە گریەو دڵ حەزین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن چەند خۆشەویستی لای من و ئەحبابەکەم ئەی وەتەن چەند خۆشەویستی لای من و ئەحبابەکەم مەزرەعەی عیلم و فەننی، تۆی مەنبەعی ئەفکارەکەم تۆی وەتەن مایەی سروودو مەرهەمی ئازارەکەم ڕەونەقی باغی علوم و مەعدەنی ئەسرارەکەم بۆ بەیانت هاتە جەنبووش، وا دڵەی ئاوارەکەم قەومی کورد ئیتر لە ژێر باری میحنەت بێتە دەر تەوقی زیللەت با فڕێ دەیین، تاجی شاهی کەینە سەر حوڕو مەزبوت، با بە جارێ شاەو دەروێش و بەگلەر گۆی جەهالەت بە چۆگانی عیلم و فەن دەرکەینە دەر لێبدەین چەپڵە و بخوێنین شەرقیە و ئەشعارەکەم نەمامی نەوڕەس و تازە جوانانی وەتەن عاقڵ و هوشیارو وریا، پڕ لە دەرک و عیلم و فەن بێنە مەیدانی فەساحەت بولبولانی ڕووی چەمن جان فیداو، جان نسارین بۆ تەرەقی ڕێی وەتەن با هەموو یەک بین و تێکۆشین لەسەر ئیقرارەکەم خەوی غەفڵەت تا بە کەی وا نۆبەتی هۆشیارییە نۆبەتی عیلم و فنون و نۆبەیی بێدارییە لەم زەمانە دەردی جاهیل هەر بە دانا کارییە دەردی جاهیل بێ دەواو سەعب و سەخت و سارییە بۆیە مەزڵووم هاتە جەمبوش ئەو دڵەی بێچارەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی کوڕەکاژاو بەرزی هەوادار ئەی کوڕەکاژاو، بەرزی هەوادار ساحێب نەزارەت بۆ دەشت و کۆسار سەربەرزو بڵند گشت شاخەکانی سایەی سەری گشت قەومی کوردانی بە سەربەرزیی تۆ و چیای بێستون سەربەرزن قەندیل هەم پیرەمەگرون دەماوەند دائیم سەنا خوانتە عاشقی قەدو باڵای جوانتە بەردت هەمتایە لەگەڵ گەوهەردا غوبارت تەعنەی لە سەد جەوهەر دا ئێستا کە بۆچی مات و شێواوی؟ بۆچی حەزین و زەرد هەڵگەڕاوی؟ بۆچی ئەمەندە مات و غەمباری؟ بۆچی ڕەنگ زەردی، بۆ لێو بە باری؟ کوا شنەی پاڵی بەڕەزای پاڵت! کوا خێمەی گوڵ و گوڵاڵەی ئاڵت! کوا پۆل و دەستەی تازە جوانانت! کوا شەرقی و نەشید سەراو ئەیوانت! کوا خوڕەی بەفراو فەسڵی بەهارت! کوا دەستە دەستەی مەحبوبەو یارت! کوا سروەی نەسیم بەری بەیانت! کوا نەغمەی بولبول دەوری گوڵانت! من داوا ئەکەم کۆهی بە سامان حاڵ و ئەحواڵی خۆت بکە بەیان جوابی دامەوە هەر وەکوو بولبول وتی: چی ئەڵێم بیگرە بە دڵ من شاخی مەشهوور کوڕەکاژاوم لە ئاستی دوژمن لارە کڵاوم من جێگای مەرد و پاڵەوانانم هەم بێشەی گورد و شێری ژیانم فەسڵی بەهاران بە خێمەی گوڵان ئەڕازامەوە هەر وەکوو ڕێزوان چەند چەشمەی ئاوی سازگارم بوو چەند باغ و باخچەی پڕ لە کارم بوو وەختێ گوڵزاری خۆم ئەدی بە چەم سەد تەعنەم ئەدا لە باغی ئیرەم پۆلی نازداران نازک نەو خاڵان ڕوومەت پەڕەی گوڵ قامەت شمشاڵان بە عیشوەو نازو لەنجەو لارەوە بە چاوی مەستی پڕ خومارەوە ئەهاتن بۆ لام بە عەزمی سەیران ئەمن جەننەت بووم، ئەوانیش غیلمان چەند زاتی مەشهوور قەدیمی ڕۆژگار ئەهاتن بۆ لام بە عەزمی شکار ڕۆژێ لە ڕۆژان نیگام کرد بۆ دوور دیم گەردەلوولێ لە ڕووی شارەزوور دنیا سەراسەر بووە بە زوڵمات ئەهالی غەمگین حەزین و دڵ مات پرسیم لە کەسێ بە کوردی زوبان ئەم غەوغا چییە، بۆم بکە بەیان دنیا سەراسەر بۆ لە گرینە؟ بۆچی مەخلوقات دڵ پڕ برینە؟ لەم خاکە پاکە چییە قەوماوە دووربێ فیتنەیە، کەوتە دنیاوە؟ جوابی دامەوە بە دڵی پڕجۆش بە گریەو زاری بە شین و خرۆش حاڵ و ئەحواڵی بۆ کردم بەیان ئەسڵی مەسئەلەی لا کردم عەیان وەقتێ کە بیستم ڕۆژی ڕەشی کورد هاتمە جەنبوش، هەتا شەقم برد کردم بە سەرما خاکی بێشمار یەخەی خۆم دڕی لە سەرتابەخوار باغ و باغچەی گوڵ کەوتنە خەزان ناڵەی بولبولان گەیشت بە ئاسمان ئەمەندە گریام کێشام بە سەردا وەک باوک مردە بانگم لێ بەردا یاخوا دەردی وا خوا نەیدا بە کەس وەکوو دای بە کورد مەزڵوومی بێکەس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برا نەخۆشی و دەردی نەزانی برا نەخۆشی و دەردی نەزانی، نەزانی، بۆیە بەخۆت نازانی جەهل دەردێکی نادیارییە فریای نەکەوی دەردت کارییە داو و دەرمانی ئەم دەردە ونە زانینی عیلمە هەوڵی خوێندنە بچۆرە مەکتەب دارولشیفایە موعەللیم دکتۆر، دەوای لە لایە حەبی تەباشیر شرینقەی قەڵەم ئەبێتە شیفای ئازار و ئەلەم ئەو کتێبانەی لەبەر دەستدایە ڕەچەتەیە کە دەوای تۆی تیایە ئەجزاخانەیە هۆدەی دەرس خانە پڕ لە دەرمانی دەردی نەزانە لەو ئەجزاخانە گەر دەوات ئەوێ سەعیکە هەتا دەستت ئەکەوێ بۆ تێکۆشینە ئەفەرمووێ خودا لَیس للانسان إلا ما سَعىٰ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ دەفعی ژاژ و ژەنگی جگەرە سەبارەت: داوای دارجگەرە لە «شێخ جەعفەری شێخ حسێن» بۆ دەفعی ژاژ و ژەنگی جگەرە بنێرە بۆ من دوو دارجگەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ پارە گەلێ خۆی ڕیسوا ئەکا بۆ پارە گەلێ خۆی ڕیسوا ئەکا موبتەلای داو و سەد بەڵا ئەکا بەیانی کردووە پیاوچاکانی زوو دینیان دینارەو سڵ ناکەن لە سوو پارەیە مایەی سەرگەردانییە هەر پارە ئەسڵی ماڵوێرانییە کەسێ کە پارەی هەبێ بە غەزەب دینی بە پارە ئەدا بێ عەتەب هەر کەس دینی خۆی بە سیم و زەڕ دا خۆی خستە دۆزەخ، سەر کا بە قوڕدا هەر پارە ئینسان ئەخاتە عیسیان تەوللای ئەکا لە دین و ئیمان پارە چەند کەسی کردووە مەغروور وەکوو دێوانە بە مەستی مەشهوور قارون بە پارە «تەککە بووری» کرد خۆی ڕیسوای لای خواو پێغەمبەری کرد کەسێ ئینسان بێ لە بۆ سیم و زەڕ خۆی ڕووزەرد ناکا لە ڕۆژی مەحشەر پێغەمبەر بۆخۆی داوێتی خەبەر پارە فیتنەیە بۆ حاڵی بەشەر مەزڵووم زەڕو سیم خاس بۆ ژنانە سوک و بێ بەهای لای مەردومانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ چی نەبم بە دێوانە بۆ شێت نەبم لە داخی تۆ بۆ چی نەبم بە دێوانە، بۆ شێت نەبم لە داخی تۆ بۆچ نەسووتێ وەک پەروانە، دڵ لە کوورەی فیراقی تۆ دڵی بردم لەنجەو لارت، شێتی کردم چاوی کاڵت پابەندمە دانەی خاڵت، بە دوو ئەبرۆی کەمانی تۆ لەت لەت بووە دڵی زارم، دڵ پڕ غەم و پڕ ئازارم وا کوشتمی ئەی نیگارم، گێلگێلەو پەرچەمی تۆ خوێناوی بوو دەستی لەیلم بە خوێناوی دڵی کەیلم ئەسیر بووە دڵ و مەیلم بە پەرچەمی سیاهی تۆ بۆ نەڕژێ ئەشکی خوێنین لە چشمەی دڵی حەزین بۆ دەرنەچێ سەیلی ئەسرین لە کانیاوی جەفای تۆ لە نەزعایە مەزڵوومە کەت تانە مەدە لە مەعشووقت عیلاجی کە مەحبووبەکەت، با نەیکوژێ جەفای تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیستوومە ڕۆژێ شەیتانی مەغبوور سەبارەت: تەکەبوور کردن بیستوومە ڕۆژێ شەیتانی مەغبوور کردی تەماشا لە لەو حلمە حفووز دیتی بە خەتی قودرەت نووسراوە بە فەرمانی حەق، ئیعلان کراوە یەک مەلائیکەی موقەڕەبی خوا لە ئەمری ئامر بێ ئەمری ئەکا شەیتان ئەمەی دی لە لەوح نووسرابوو بە ئەمری یەزدان نەشر کرابوو گەلێ مەغروور بوو تەکەبووری کرد تا تەوقی لەعنەت بەرگەردنی کرد مەزڵووم ئەگەر تۆ هۆشت بێ لەسەر قەت تف و لەعنەت ناکەی لە بەشەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیستوومە کورد جەژنی بوو ساڵان بیستوومە کورد جەژنی بوو ساڵان لە حەمدی خواوە ئەمساڵ بوو بە دووان لە نەورۆزدا بوو دەوڵەت بۆ کوردستان فریای هەژار کەوت، وەک مەردی مەیدان بوونە سەبەبی ژینی هەژاران ئەی زاتی گەورەی ئەم حکومەتە دوعا گۆییتان بۆمان فرسەتە چونکە کۆششتان ژینی میللەتە هەوڵ و تەقەلای حوب و حورمەتە دائیم دوعا گۆم بە دڵ و بە گیان بەراتی فەرموو دەوڵەت بە هەژار بۆ گەدای لادێ و هەژارانی شار گەنم و جۆی زۆر دا بە فەردەو بە بار جەژنانەی جەژنی نەورۆزی بەهار بژی حکومەت، بمێنێ بۆمان هیممەتی تۆیە زۆر بە ئاسانی هەژاری دەرکرد لە چنگ گرانی ویستی کە میللەت خۆشی ژیانی بۆیە گەنم و جۆی زۆری بۆ هانی پایە بڵند بێ تا ئاخر زەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ئەمری زاتی سوبحانە کە ئەمڕۆ جەژنی قوربانە بە ئەمری زاتی سوبحانە کە ئەمڕۆ جەژنی قوربانە هەموو عالەم موعەتتەر بوو بە بۆی ڕێحانی جانانە سەراسەر خامەکی ئەخزەر کە پۆشی خواروو ژوورو سەر حەزین بوو جیهان یەکسەر بە بۆی مشکینی خوبانە وەکوو قەوس و قەزەح وایە کە سەوز و سووری لەبەر دایە ئەڵێی جەنناتی دونیایە کوڕ و کچ حۆری و غیلمانە بە گوڵزاری موعەتتەردا، بە ئەبرۆی مودەوەردا بە ڕووخساری مونەوەردا ئەڵێی ماهی ئابانە بە مەدحی بەرزی باڵای یار بە وەسفی جوانی کاڵای یار بە سوخمەی ئاڵ و واڵای یار، هەزاری شێت و دێوانە لە تاو چاوی عەیاری تۆ لە دەس زوڵفی ڕەشماری تۆ لەبەر جەورو جەفای تۆ کە مەزڵووم مات و حەیرانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە بیری خۆم وەهام نیاز بوو سکەی ڕەواجی دین لێدەم سەبارەت: کزەڵ و مەزڵووم پێکەوە کزەڵ: بە بیری خۆم وەهام نیاز بوو سکەی ڕەواجی دین لێدەم کە لێمدا بێ ڕەواج دەرچوو، فەلەک وا عەکسی هیناوە مەزڵووم: لە هەر لایەک هەبێ ئیمڕۆ ئەدیب و عالم و زانا ئەویش وەک تۆ بە مەعلوومی لە گەل هەروا بەجێماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرزنجەیە مەرکەزی ئەولیا و قوتبی زەمان بەرزنجەیە مەرکەزی ئەولیا و قوتبی زەمان بەرزنجەیە مەسکەنی ئەسفیا و مەردی جیهان جێیەکی پڕ عیلم و وڵاتێکی پڕ لە حیلم مەکانێکی موقەددەس، بۆ ویرد و زیکری سوبحان خاکی نەزەر کردەی تەهایە بە حەقیقەت نابێ مەدحی ئەو خاکە تەواو، ناکرێ بەیان ئاب و هەوای وەک بەهەشت، ئاباری عەینی کەوسەر جێگای سیدق و سەداقەت، جگە لە ئینس لە جان جانم فیدای سروەت بێ، ئەی خاکی پڕ هونەر ئەی ئیحیاکەری نەباتات و جەمیعی گیاو و گوڵان لەوساوە کە شێخەین دەرچوون لە دنیا بە وەفات سوتاوە باغی ئەمەل توشنەیە دڵ پەرێشان هیممەت بکە ئەی منەوەر بە نوورت جوملە وڵات خەلاسی بێ بەڵکوو، دڵی خەستەم لە هیجران دڵی مەزڵووم لە کەیفی بەخششی تۆ وەک مەجنون دەتکێ لە هەوری چاوم، ئەشکم بە میسلی باران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تریفەی مانگە شەو بریقەی کلاوزەر سەبارەت: هاوینی بەرزنجە تریفەی مانگە شەو، بریقەی کلاوزەر شێوەی مەحبوبان، دێتە بەر نەزەر سەدای لایلایەی تازە جوانان ئەلاوێنێتۆ، دۆست و مەعشوقان کزەی بای شەماڵ کە دێ بە جارێ بۆی گوڵێ دێنێ لە باغچەی یارێ قاسپەی نێرە کەو وەختی نیوەشەو دەنگە بۆ عاشق ڕاپەڕە لە خەو جریوەی چۆلەکەی بەیان لە ئاسمان بەستە ئەخوێنن وەکوو عاشقان شنەی بای سەحەر ئەشنێتەوە بە ناز گوڵەکان ئەلەرێتەوە بولبولی هەژار لەم چڵ بۆ ئەو چڵ بێ پەروا ئەڕوا لە تاو عەشقی گوڵ سینەو باغچەی بەی، پۆلی نازداران هاوتایە لەگاڵ سپێدەی بەیان گۆنای نازداران بە ڕەنگ ئاڵ و سوور سیوەیل لێیداوە، نەک سووراوی سوور شێوەی جەوانان بە وێنەی غیلمان مەملەکەت جەننەت هەم ڕەوزەیی ڕیزوان نەخشاوی سنعەت زاتی کردگار بۆ مەزڵووم مەدحی نایەتە گوفتار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەیرێکی عاقڵ زیرەکی هوشیار سەبارەت: هەڵۆ و ڕێوی تەیرێکی عاقڵ زیرەکی هوشیار خانووی کردبوو لەسەر یەک چنار بە عەیش و شادی بە خۆشی ژیان لەسەر ئەو دارە کردی ئاشیان ڕۆژێ لە ڕۆژان ڕێوی حیلەکار ڕێڕەو بوو ڕێگەی کەوتە بنی دار ساتێ ڕاوەستا لوتی هەڵبڕی لەسەر دارەکە تەیرەکە فڕی بانگی کرد ئەی تەیر لەو دارە بەرزە بێرە خوارەوە بۆ سەر ئەم عەرزە ئەگەر بە قسم قەناعەت نەکەیت هەر بە دەستی خۆت، خۆت ڕیسوا ئەکەیت بە کلکی تیژو ئەستووری زۆردار دار لەت لەت ئەکەم هەر وەکوو مشار کاتێ کە دارم کرد پارە پارە مەردو نامەردی ئەو وەختە دیارە بێ سزاو زەرەر هەر بە دەستی خۆم کەوڵت ئەکەم و بە ژەمێک ئەتخۆم *** هەڵۆ خڕو جوان لێی هاتە گوفتار وتی: مام ڕێوی جادووی حیلەکار سیحری تۆ مەعلوم لای من بەتاڵە عەقڵت عەبەسە فیکرت مەحاڵە بڕۆ لە ڕێی خۆت خوا ڕزقت بدات من نێچیرت نیم مەعلوم بێ لە لات هەڵۆ زۆر ڕەجاو تەشەبووسی کرد لە لای مام ڕێوی تەئسیری نەکرد بە قەهرو غەزەب لەسەر دار فڕی سواری ڕێوی بوو تا ورگی دڕی ڕێوی کرد پارە وەک شێری جەنگی جەرگی دەرهێنا بە زۆری چنگی *** ڕێوی بۆ تەماع وازی نەهێنا نە هیچی دەستکەوت، سەریشی دانا ئاخ لە بۆ کەسێ نەچێ بە قارا لەگەڵ دوژمنا بکا مودارا تاکو فرسەتێ دەسکەوێ ڕۆژێ یەخەی پێبگرێ و خوێنی بڕێژێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنم غەمە یاخود ئەسەف بادەم تاڵە وەک زەهری مار جەژنم غەمە، یاخود ئەسەف، بادەم تاڵە وەک زەهری مار تەن سوختە و دڵ حەزینم لە فیرقەتی یار و دیار تەن زامدار و دڵ سپێرم لە بۆ تەعنەی ڕەقیبانم کونکون بووە جەرگ و دڵم، هەر وەکوو نەی ئەکا هاوار لە ڕاستیدا من کەسێکم لە ناو ئۆردووی دەرد و غەما فەقەت ئەمرۆ بەرزە شانم، فەریق و سپەە سالار ئەوسافی خۆم گەر بەیان کەم لە بۆ ئیوە بە موختەسەر گەە فاعیل و گەە عامیلم، گاهی جامباز لە ناوی شار غەمم زۆرە، غەمی ئێوەش کە بێ مەیلن بۆتە سەربار خوایە دور بن لە موسیبەت، هەم لە بەڵای ڕەبی سەتار دائم ئەڵێم بە ڕۆژ و شەو أسعد الله أیامکم موبارەک بێ لە بۆ ئێوە جەژنی ئەمساڵ هەر وەکوو پار با مەزڵووم یش لە غوربەتا جەژنی غەم بێ و خۆراکی دەرد بێ بەهرە بێ لە دیدارتان هەتا ڕۆژی دیوانی کار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حکایەتێکی کورت و موختەسەر سەبارەت: ئیقتیساد حکایەتێکی کورت و موختەسەر بۆتان بەیان کەم بیخەنە دەفتەر وەکوو شانامە هەر شەو لە لایە بیخوێننەوە لە لای مەلایە باسی ئیقتیساد ئەکەم بەرادەر گرتنی نەفسە نە وەکوو زەرەر داهاتی خۆمان با بخۆین چاکە سنعاتی وەتەن دروست و پاکە کڵاشی خۆمان سەراپا پەڕۆ بیکەرە پێت و خێرا پێی بڕۆ کەوشی یەمەنی بۆ پیاو موناسیب جاش کەوشێ بکڕە بۆ پیاوی کاسب لە خوری و مەرەز، پۆشاک و بەرگت بازاڕت گەرم با دووربێ مەرگت دۆشاوی باسوق ئەنواعی حەڵوا خۆشاوی شەربەت مەدە بە خورما شەرابمان دۆشاو، مێوژە خۆڵاوە فڕێیدە چایی و ئەسبابی قاوە ئیقتیساد بکە هەر بخۆ سەبیل جگەرەت نەوێ گوێ مەدە بە فیل مەکڕە شقارتە بە پارە و قڕوش ئەستێ هەڵگرە تاوێکی بۆن خۆش کە پنەکم خوری هی مەڕی ناوجار نامەوێ پاڵتۆی بیلادی و بولغار باسی ئیقتیساد گەر بکەم بەیان قەڵەمی مەزڵووم بۆم نایەتە ژوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەمد و سەنای زۆر بۆ خودای بێباک سەبارەت: شوکرانە بۆ خوا حەمد و سەنای زۆر بۆ خودای بێباک لاشەریکە ئەو فەرد و تەنها و تاک خاڵقی وەحشی مەل و موور و مار ڕازقی ڕزقی زیرۆح و گیاندار دروستکەرەی سەما و سەر زەمین دۆزەخ و ئەعراف، فیردەوسی بەرین ئاگاهدار لە حاڵ، حاڵی بێ حاڵان هەم بێداری شەو، ناڵەی زامداران ئادم و حەوات دروست کرد لە خاک بە سورەتی جوان بە ئەخلاقی پاک بە لوتف و کەرەم بە ڕووی موحیبەت ئەمرت پێکردن تا بچنە بەهەشت فەرمووت لە گەندم مەخۆن وریابن نزیکی مەبن لێی تەوەللابن شەیتانی لەعین تەفرەتان نەدات بە سیحر و جادوو ئیغفالتان نەکات تەقدیری خۆت بوو شەیتانی بەدبەخت خۆی کرد بە عابد چووە ناو بەهەشت بە مەکر و حیلە ئیغفالی کردن کە گەندمیان خوارد بێحاڵی کردن چەندە مانەوە بە عسیانەوە تۆبەیان ئەکرد ئەپاڕانەوە بە لوتف و کەرەم تۆ عەفووت کردن دیسان ڕەوانەی سەر زەویت کردن لە نەسلی ئەوان چەند سەد هەزار کەس کردت بە نەبی، نامەت دانە دەس بۆ سەر تەوائیف یەک بە یەکت نارد بۆ تەبلیغی دین حوکمت پێسپارد تۆ لێی خۆش ئەبی ئەیخەیتە جینان سیرەتی بابە بۆ فەرزەند جێمان بۆ خۆت فەرمووتە تۆبەم قبوڵە تۆبەی حەقیقی لە لام مەقبولە من گەلێ عاسی و خەجاڵەتبارم ڕوو زەرد و مەحجووب هەم شەرمەزارم سیوای زاتی تۆ هیچ کەس ناناسم ڕاجعی خۆتم خراپ یان خاسم خودایە تۆبەم لات ببێ قبوڵ چونکە موزنیبم مەزڵووم و مەلول ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەمد و سەنای زۆر لە بۆ ئەو خوایە حەمد و سەنای زۆر لە بۆ ئەو خوایە مەوجودە دائیم لە هەموو لایە خاڵقی ئاسمان، حەوت بە حەواوە بە بێ کۆڵەکە و دیوار وەستاوە سفرەی ڕەحمەتی داخست لە زەمین لە بۆ مەجوسی و گەبرو موسلمین لە سفرەی ئەوە بە عەدل و کەرەم ڕۆژانە ئەخۆن عالەم زۆر و کەم فەرق ناکا دۆستی لەگەڵ دوژمندا هەر کەس بە پێ ڕزقی پێ ئەدا مولحید کفر کاو ڕێی عیسیان بگرێ لە ڕزق و دۆزی فلسێ نابڕێ دۆست و دوژمنی هەر بە یەک دەستوور ڕزقیان ئەداتێ، بەڵام خوار و ژور قسمێ بە ڕەنج وهەوڵ و تەقەلا هەندێکیش ئەیدات لە لای «لابەلا» قسمێ بە زۆری قۆڵ و هەوڵی شان قسمێ تر ئەیخوا نانی ناوچەوان بە قسمێ ئەدا نگین و ئیقبال ئەبێ بە قاروون بە سەروەت و ماڵ قسمێ تا نانی ڕۆژی ئەسێنێ ڕیخۆڵەو دڵی بە ڕەنج ئەپسێنێ تەقسیمی ئەزەل چۆن بۆی داناوە هەر ئەوەی هەیە هەتاکوو ماوە بە بەعزێ ئەدات نانی موشەقەت بەعزێ ئیستراحەت، سەیران و سیحەت مەزڵووم پێی ناوێ خۆت موبتەلا کەی بۆ دونیا خۆت تووشی بەڵا کەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەکیمی دەردان سەبارەت: نەخۆشی مردن حەکیمی دەردان... شیفا بەخشی کوول دەردی بێ دەرمان لە وەقتی حاڵەت مەرەزی مەوتا بگە بە هانام کەریمی یەکتا پەناهم بە تۆ پادشای مەنان قەترەیێ ڕەحمەت دەریای بێپایان بەڵکوو خەلاس بین لە هەموو دەردان مەحفوزمان بکەی لە سەلبی ئیمان دیسان لە دەستی شەیتانی لەعین نەجاتم بدە پادشای موعین بەڵکوو دەربچم لە دونیای فانی بە ئیمانەوە بۆ جاویدانی هەم بە ئاسانی دەربچێ ڕۆحم تۆبە بێ خوا تۆبەی نەسوحم قەومان و خۆیشان هەریەک لەلایە شین و گرین و هەر واوەیلایە منیش هیلاکم لە تاو دەردی خۆم لە ئیشی نەزع و حاڵی مەرگی خۆم تکایە عەشرەت بۆ من قەت مەگری هەر کەس بۆ حاڵی مەرگی خۆی بگری هەموو کەس ئەمرێ یەقین و مەعلووم منیش بەڕێوەم زەعیف و مەزڵووم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خاکە پاکەکەی بەرزنجەی دڵگیر سەبارەت: بەرزنجە خاکە پاکەکەی بەرزنجەی دڵگیر بێشەی شێرانە جێی ئەولیا و پیر چاوگەی سازگاری داوێنی چیا دەرمانی دەردی نەخۆشی ئەدا سروەی نەسیمی بەیانیانی زوو بە شنەو خەندە و شادی دێتە ڕوو ئاوی سازگاری چەشمەی خاوەن فەڕ شیفای دەردانە لە لوقمان چاکتر چ چاو ئەندازە وەلیکەی نازدار بە دێمن بوونە مێرگ و مێرغوزار عەماری نۆک و زەڕات و جۆیە چ خۆش نیشتمان بۆ من و تۆیە دەنگ و چریکەی کەوێ کوێستانان ئەخوێنێ وەسفی خۆشی نیشتمان وەختێ شوعلەی ڕۆژ ئەیدا لە شاخان پرشە پرشی دوور ئەدا لە کەیوان وەکوو ئاوێنەی جامی جەم وایە هەردەم وێنەیەک لە ناوی دایە بە ڕەزا لەگەڵ خونچەی گوڵاندا بە یەکتر شادن لەسەر ملاندا تێک ئاڵۆزاون گوڵاڵە و چنوور ئەم بە کەوای سەوز ئەو بە ڕەنگی سوور نەخشاوی ئەمری زاتی کردگار وەسفی خۆشیشی دوورە لە گوفتار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا بێزارم لە قەلبی حەزین خودا بێزارم لە قەلبی حەزین بێزارم لە خۆم، ئەحواڵ و نگین لە بەختی شووم و نەحسم تەوەللام کە ئیقبال و تەجەلیشم لێم بێبەرین ئەمەندە باری میحنەت بۆتە بارم قەدم عەینەن، بوو بە چۆگانی چەمین لەبەر عسیان، دڵم ڕەش و قەلبم ڕەش و ڕووم ڕەش «لە ڕوو ڕەشم نانوێنێ ڕەش و شین» لە بەحری قەسوەتا غەرقە گیانم نەجاتم زەحمەتە بۆ جێگای ئامین مەزرەعەی تاعەتم وا وشکە تەواو سەراسەر زەرد بووە وەک پووشی هاوین لە دڵدا ئاتەشێکی دەردی عیسیان کڵپەی سەندووە، بڵێسەی بەتین ئەمەندە عاسی و خەجاڵەتبارم خودا و پێغەمبەرم لە من ناڕازین لە دنیا ئەمەندە عاسی و یەتیمم هەموو عالەم لە من تەبەڕاو بەرین خودایە بەم هەموو گوناهەوە چۆن: ئەبێ بێمە دیوانت ڕۆژی دوایین من و نەفسم چۆن لە ڕووی تۆ و حەبیبتا ئەتوانین چاوی خەجاڵەت هەڵبڕین زوبانم چۆن ئەتوانێ بێتە گوفتار کە نەیبوو لە دنیا زیکری یا موعین ئیلاهی بە جاهی حەبیبەکەی خۆت ببورە لە جەورم و خەتای مەزڵوومین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەفەت دڵمی برژان وەک کەباب خەفەت دڵمی برژان وەک کەباب جەرگم لەتلەت بوو وەک گۆشتی قەساب درا لە شیش و برژا بە ئاگر بۆ مەزەی شەراب ئەول و ئاخر سەبرو تاقەتم لە دڵا نەما پردی تەحەممول لە سەد لا پسا لە ڕووی سەر زەمین فیعلی ناشیرین ئەمەندەم دیوە نایەتە نووسین عەرەقخۆر دائیم پیاڵەی مەی بەدەست بێ پەروا ئەیخوارد ڕووسیای بەدبەخت ناترسێ لە ڕۆژ دیوانی مەحشەر قەت خۆفی خوای نایەتە نەزەر قەشمەری بە نوێژ، گاڵتە بە ڕۆژوو ئیستیهزا بە حەج، زەکات و مەولوو عەرەق خواردنی ئەمەند لا جوانە قاپێکی بە دەس، دووی لە گیرفانە بۆ خۆی زەرەرو بەڵا ئەسێنێ هەر بە دەستی خۆی دین ئەدۆڕێنێ لە حاڵی مردن گەلێ بێحاڵن تاڵبی هەواو نەفس و خەیاڵن خوایە تۆ خۆت فعلیان ئەبینی غەزەبت بۆچی بە جۆش نایەنی لە دونیا لە من عاسیتر نییە باسی خەڵق ئەکەم خۆم لەبیر نییە مەزڵووم گوناهی خۆم ئەکەم ئیقرار تەڵەبی عەفوو ئەکەم لە سەتار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ پەرێشانە لە دووریت بە سێ دەرد ئەی دولبەرم دڵ پەرێشانە لە دووریت بە سێ دەرد ئەی دولبەرم یەک بە فیرقەت، دوو بە هیجران، سێ دوژمنی بێفەڕم بۆ دڵی بیماری من هەر لە دونیا سێ بەڵایە یەک بریندار، دوو نەخۆشی و سێ شەهیدی خەنجەرم مانعی وەسڵی من و تۆن، سێ گرۆهی شەرمەزار یەک ڕەقیب، دوو بەخیل و، سێ دوژمنی بێشەرم مەرهەمی دەردی دڵم هەر لە دونیا سێ دەوایە یەک تەبیب، دوو دەلیل و، سێ ویساڵی مەنزەرم دەرد دڵم گەر دەپرسی لەت لەتی سێ شت بووە یەک بە تەعنە، دوو بە لۆمە، سێ بە خەندەی مەحقەرم ئاهی مەزڵووم گەر ئەپرسی بەم سێ وەسفە چارییە یەک شەهادە، دوو شەفاعەت، سێ دیوانی مەحشەرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان ئەلسەلام ئەی کۆگای گەوهەر سەبارەت: بۆ بەرزنجە دیسان ئەلسەلام ئەی کۆگای گەوهەر جێی ئەولیا و شێخ، خەتیبی مینبەر من بۆ حاڵی تۆ شێواوە حاڵم بۆ دز و جەردە: بۆ بووی بە سێبەر ئادەم و پەری، عەشایر هەموو بۆ ئیتاعەتت بەستبووی کەمەر خاکت گەوهەر بوو، غوبارت جەوهەر چەندە شەریف بووی لای خوا و پێغەمبەر ئێستاکە بۆچی کز و داماوی هەروا زەلیل و خوار و موحەقەر زەمان ڕووی ڕەشبێ بۆ دەورو چەرخی کردی پاماڵی ئەولادی حەیدەر من کە ئەسیم و پیس و بەدکارم دوعام ئەمەیە قەوم و بەرادەر: بە مەزڵووم بڵێن بۆچی شێواوی لە داغی عالەم، چەرخی دوون پەروەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەر گوزەشتەی خۆم نووسی لە دەفتەر سەر گوزەشتەی خۆم نووسی لە دەفتەر ئیدارە و خوێندن تەواو سەربەسەر شەش ساڵ بوو عومرم چوومە مەدرسە لە بۆ تەعلیمی عیلم و هەندەسە هەتا دو سێ ساڵ سەعیم کرد بە گیان ئەوسایە مادەم چووە گوڵستان وەقتێ کە عەقڵم تەواو هاتە دوو بۆ خوێندەواری ئاگرم تێچوو لە بۆ تەعلیمی عیلم و شەریعەت چوومە سلەیمانی پڕ سەزاو مەینەت چەندە مامەوە بێ ماڵ و بێ حاڵ بێ ئێوە ناخۆش ڕامبوارد بە سواڵ جومعە دەعوەتم نانە ڕەقی کۆن یا ماشێنی ڕوون بە بێ تام و ڕۆن من چەژنم ئەکرد بە شۆربای شیناو ئەمکردە بەرم یەک کەوای دڕاو لەگەڵ ئەم حاڵە بێ فلس و موفلیس چواردە ساڵە بووم گەییمە تەسریف چونکە لوتفی حەق یاوەرم نەبوو بە تەرەقی خۆم باوەڕم نەبوو وەسوەسەی دونیا بوو بە هامڕازم بوو بە ڕەفیقی ئاواتەخوازم مائیل بووم بە دڵ بە دنیا داری کەمێ هەوەس و هەوای دڵداری موبتەلا بوونی مەزڵووم ئەپرسی هەزار و سێسەد هەم چلی نووسی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەلاحەدینی ئەیوبی لەقەب سەلاحەدینی ئەیوبی لەقەب ئیفتیخارمانە ئەی کوردی حەسەب سوڵتانە ئەمڕۆ قەهرەمانی کورد یەعنی شێخ مەحموود حسێنی نەسەب یەکسەر تێکۆشن برای هاوزبان لە بۆ ئیتیحاد بە ڕۆژ و بە شەب کوردە دەخیلە شێرانە دەستوور بۆ دەفعی جەهل عیلم کەن تەڵەب کاسەی مەعریفەت پڕو لێوان لەن هەموو بینۆشن یەکسەر لەبالەب سەربەستی و جەسوور ئیرسی خۆمانە بۆمان بەجێما لە ئەجداد و ئەب ئەم ئیرسەی کوردە با نەدەین بە کەس نەبێ بە مایەی خەفەت و غەزەب ئیلتیماس ئەکا مەزڵووم ی فەقیر ئەم نەسیحەتە فێر بن لە مەکتەب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەسڵی بەهارە عەزیزم نۆبەتی سەیرانمە فەسڵی بەهارە، عەزیزم نۆبەتی سەیرانمە وەقتی عیشوەو نۆش و شادی، زەوقی دەس لە ملانمە چی لە دڵ کەم، ئارەزووی وەسڵی مەهڕوویان ئەکا سەد جوانی حۆریی ڕووخسار لە دیوانا میوانمە من نامەوێ خەت و خاڵ و نەقشی ڕووی دولبەران چونکە خێمەی نێرگس و گوڵ مەنزەری چاوانمە قەڵەم کوول بوو، لە وەسفی حوسنی تازە جوانان ئەمجا نۆبەی تۆیە، ڕەقیب ئارەزووی مەیدانمە بەهرەکەی شیعرم سوارە، تیغی زوبانم موو ئەکا گەر ڕەقیبم بێتە مەیدان، ئەوسا کە من سەیرانمە سواری ئەسپی نالەبارە ڕەقیب لە دوور وا غار ئەدا ئەمڕۆ مەزڵووم وا لە سەبرا موسابەقەی سوارانمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەڵەم قوربانی نووکی خامەت بم سەبارەت: پێغەمبەر قەڵەم، قوربانی، نووکی خامەت بم دیسان بە فیدای سەتری نامەت بم بنووسە مەدحی شای خەیرولبەشەر یەعنی محەمەد شەفیعی مەحشەر بهێنە تەحریر سەڵات و سەلام بۆ خۆی و ئەهل و ئەسحابی کیرام شەوو و ڕۆژ دائیم سەڵات و سەلام بنووسە نەعتی شای خیرولئەنام لەبەر تۆ کردم دنیا و مافیها بەڕو بەحرو ئاو، هەم باد و هەوا تۆم کرد بە شافیع ڕۆژی قیامەت شەفاعەت بکەیت خۆش بە لە ئومەت بۆ موعجیزەی ئەو بەردی بێ گیان: هێنایە گوفتار هەر وەکوو ئینسان ئەو موستەفایە دۆستی خوایە لەبەر ئەو دنیاش هاتۆتە کایە لە ڕۆژی حساب، ساحێب گوناهان ئەکەیت شەفاعەت لە ڕۆژی دیوان عاسی و خەتابار لە ئوممەتی تۆ ئەبەخشێ لەبەر جۆشەویستی تۆ خودا بە جاهی شای بۆراق سوار خۆشبە لە جەوری مەزڵووم ی هەژار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بەحری میحنەت و غەمدا هەموو عالەم پەرێشانە لە بەحری میحنەت و غەمدا، هەموو عالەم پەرێشانە لە شومی جەوری گەردوونە کەوا پاماڵی وێرانە ئەبەد شەرمی گلەمەندی لە چەرخی ئاسمان ناکەم لە جێی دانا، دەنی دانا، لە هەوڵی شۆڕش و شانە زەمانە دون پەسەندە، گشت بە داغی سینە سوتاوە بوزورگانی کەرەم پیە، بە یەک دەفعە پەرێشانە زەمانی نامەوەر، ئەمڕۆ لە تەنگی دا خەریک ماوە وەکوو هەورێ بە دەم سرسر شێواوی حوکمی یەزدانە خیلاف و تەرکی عاداتە وەکوو مەجنون لە دونیادا بکەم زاری هەتا وەقتێ کە حەشری جن و ئینسانە لە دەس جەوری فەلەک ئاگر لە خەرمانی دڵم بەربوو خاکی عالەم بە سەر مەزڵووم کە غەرقی دەرد و هیجرانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ناو جاخێکا وەک گونی بەران سەبارەت: داوای تووتن لە «شێخ جەعفەری شێخ حسێن» لە ناو جاخێکا وەک گونی بەران کیلۆیەک زیاتر نەبوو بێ گومان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە وەسفی جوانیت ئەی یاری دڵدار لە وەسفی جوانیت ئەی یاری دڵدار ئەم دوو سێ فەردە ئەڵێم بە یادگار ئەبرۆت بە نەقش سونعی ئیلاهی کێشراوە وەک تاق ئیقباڵی شاهی چاوت گەلاوێژ پریشکە دێنێ ڕوومەت ئاوێنە، ئینسان ئەنوێنێ دەم کانی یاقووت، پڕە لە گەوهەر زوبان شیرینتر لە شەهدو شەکەر دوو زوڵفی ڕەشت هەر وەکوو ڕەشمار ئاڵاوە لە مل نازگی نازدار گەردی وەک بلوور، مینایی بێگەرد شیرین و پەسەند وەک ئاڵتونی زەرد زوڵفت وەک کەمەند، نێچیری بەهرام بۆتە زنجیری دڵەی نابەکام مەمانت نارنج، یا لیمۆی کاڵە یا خود شەمامە یان پرتەقاڵە گۆنات وەکوو شەمع، منیش پەروانە بە حوسنت سووتام، جەرگم بریانە سینەت بە وێنەی بەفری تازەو تەڕ ساف و بێگەردی وەک بەردی مەڕمەڕ نافەت عەترڕێز پڕ موشک و عەنبەر پڕ لە ڕائیحەو بۆنی موعەتتەر شەرتە مەزڵووم یش لەیلی نازپەروەر! مەجنونی تۆ بێ تا ڕۆژی مەحشەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مایەی نۆماڵیم کەرێکی دێز بوو سەبارەت: کەرە دێز مایەی نۆماڵیم کەرێکی دێز بوو چاپۆک و وریا گەلێ بە هێز بوو هەربەناو کەر بوو ڕەوت و ڕەفتار خۆش عەقڵی زیاتر بوو لە بەعزی بێهۆش چونکە ئەو کەرە چوست و چالاک بوو دێزێکی پەسەند دەس و چاو پاک بوو خزمەتم ئەکرد بە ڕۆژ و بە شەو نەمئەدا بە سەد ئێستری خۆشرەو عەجەب شێرێ بوو بۆ ڕێگە و سەفەر لە دەشت کەژدا چوست و هەڵمەتبەر *** کاتێکم زانی خەبەریان هێنا قاچی کەرە دێز لە بنا شکا کە دیم کەرە دێز شل و شێواو بوو سەبرم لێبڕا چاوم لێڵاو بوو هاتمە گوفتار لە ڕووی قار و قین ئەمە چ کەسە لە ڕووی سەرزەمین کێ وا جەسوورە ساحێب زۆر و سام قاچی ئەم کەرەی جیا کرد لە ئەندام؟ شەرتە هەقی خۆم، بۆخۆم بسێنم ڕیشەکێشی کەم جەرگی دەربێنم *** زانی غەزەبناک دڵم بە جۆشە بۆ قەساسی ئەو دڵ بە خرۆشە بە ڕەسم و تەعزیم هاتە پێشەوە وتەی شیرین مەعنا کێشەوە وتی غەم مەخۆ مەکێشە ئازار هەقم بسێنی ڕەحیم و غەفار ئەم ئیشە ئیشی - - - - - ئیشی شێخ ڕەشید کە خزمی خۆتە *** وەرنە کەسی تر چ حەدی هەیە تەجاوز بکا بەم دەرەجەیە منیش ئومێد و ڕەجام وەهایە بۆ قەساسی من مەسڵەحەت بوایە وتم کەر دێز قسەت مەقبوولە قەناعەت ئەکەم لە لام مەعقولە ئەمن خۆش ئەبم ساڵح خۆش نابێ بەم مەسڵەحەتە قەت ڕازی نابێ گەرچی خزمیشین عەفویان ناکا خوێنی کەرە دێز تاقیق گوم ناکا *** ساحێب تفەنگ و دەمانچە و تیرە ژێرەوژوور ئەکا خاکی فەقیرە مەعلوم دیارە لە لام ڕۆشنە خوێنی کەرە دێز دەبێ بە فیتنە هاتەوە گوفتار بە داد و ئامان وتی «سەید ئەحمەد» دەسم بە دامان من قاچم شکاو حاڵم بێفەڕە مەڵێن کەرە دێز هەر مایەی شەڕە *** لە حقوقی من گەردن ئازابن مەحفوز لە فیتنە و بەڵای خودا بن تۆش ئەگەر مەردی مەردی بنوێنە ساڵح ڕازی کە دڵی مەشکێنە ئەمن بە قسەی ئەو کەری فەقیر چوومە لای ساڵح بە فیکر و تەدبیر وتم براکەم بە نەسسی خەبەر هەر کەس ئیسلام بێ بەڵای دێتە سەر *** ئیستاش کەرە دێز قاچی شکاوە ئەڵبەت خوداوەند ئەوەندەی داوە هەرچەند قاتیلی «شێخ ڕەشید» بووە ئەمری خودایە و ئەو سەبەب بووە ئەبێ سابیر بین قەناعەت بکەین کاری خودایە کەس عاجز نەکەین وتی: چی بڵێم قسەم نەماوە پەتی «تەمورم» یەکجار بڕاوە *** ئەهلی فەقیرە سیغار و کیبار ئەمکردن بە پەند واتەی ڕۆژگار لە حقوقی خۆم سەرفی نەزەر بێ گەردن ئازا بن گەر هەزار کەر بێ کەرە دێز چونکە لەفزی شیرین بوو لە بۆ دوژمنان مایەی خۆشبین بوو *** کەرە دێزم ڕۆ کەرە دێزم ڕۆ موتیعی فەرمان هیچ نەڕێژم ڕو کاسبی فەقیر هیچ نەزانم ڕۆ سابیر و شکور بێ کاو دانم ڕۆ ئازا و گورجۆگۆڵ ڕێی کاروانم ڕۆ شێری مەیدانی گشت کەرانم ڕۆ *** هەتا تۆ مابووی هیچ باکم نەبوو غەم و غائیلەی خۆراکم نەبوو کەرە دێزم بوو، بۆ ئەخزی مەعاش هەر کەرە دێز بوو بۆ کاروان و ئاش ئێستا تۆ ڕۆییت باڵت شکانم سەر و ژێرت کرد باری ژیانم دوعایە ئەکەم ڕەببی گیرا بێ سەبەبکارەکەت غەرقی بەڵا بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مردن لە داغت دڵ پڕ برینم مردن لە داغت دڵ پڕ برینم شەوو ڕۆژ دائیم هەر لە گرینم بە شەو خەیاڵت کە دێ بە سەرما بڵێسەی ئاگر وا لە جگەرما ئەحواڵی قەبر دێتە بەرچاوم دەجۆشێ دڵ و جەرگ و هەناوم بڵێسە و گڕە و گریەی دەروونم قرچەی دڵەکەی زار و زەبوونم ئاگری عیسیان لە سەرتابەخوار دەتکێ لە ئەعزام سووتانی یەکجار نەماوە سەبر و تاقەت و تابم غەیری ئازار و دەرد و عەزابم بەو حاڵە مەزڵووم شەو دەباتە سەر بە سەد موشەقەت جەفا و دەردی سەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من ئەزەل نیمە خوڵقی بێ حەیایی و بێ شەرم سەبارەت: من و بەگ من ئەزەل نیمە خوڵقی بێ حەیایی و بێ شەرم بەگ جەنابی دوو بەیانی سمتی وا کەوتە بەرم بێ تەحەموول، بێ قەرار بوو دەستی نایە دەستم وتی من لە بۆ شێخ و مەلا بەندەیەکی بێ سەرم وتم ئەی بەگ بێ موشەقەت پێم نیشاندە ڕێی حەرەم وتی ماڵ و گشت حەرەم پێشکەشت بێ سەروەرم! وتم لوتفت با زیاد بێ، کامی لووس و بێ مووە وتی یا شێخ خۆت ئەزانی لەم حسابە بێ بەرم عەرزی میرم کرد کە سمتی ڕەعنا خانت نازکە وتی ساحێب ئیختیاری نازەنینە هەم نەرم وتم ئەی بەگ پێم نیشان دە تۆ مەکانی خەڵوەتم وتی بەندە خادمێکی بێ نەواو بێ فەڕم فەردی مەزڵووم فەردی ڕەعنا شێعری فەردی کوردییە پڕ لە لەغز و پڕ موعەمما من شایەتی ناو دەفتەرم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من منداڵی بچووکم عومرم ساڵی تەواوە من منداڵی بچووکم، عومرم ساڵی تەواوە گەر ئەپرسی لە ناوم «عەبدوالحەمید»م ناوە بابی منە «سەید ئەحمەد» لەقەبەکەی مەزڵوومە ئیسم و شوهرەت و کونیەی لەم ناوە دا مەعلومە لە ڕووی لوتف و مەرحەمەت، نەسیحەتی ئەکردم: لە بۆ عیلم و مەعریفەت بەرەو خۆری دەبردم ڕۆڵە هەتاکوو لاوی لە بۆ عیلم و مەعریفەت سەعی کە تۆ بە دائیم، بگرە ڕێگەی حەقیقەت شوعلەی عیلمت دەربخە لە تاریکی جەهالت دڵ پڕ بکە لە شەوقی عیلم و فەن و عیدالەت ئەبێ خزمەتی وەتەن بە دڵ، بە فەرز بزانی حوببی وەتنت ببێ، ساحێب دین و ئیمانی نەسەبی خۆت بناسە بزانە کە تۆ کوردی ساحێبی شاه و سوڵتان خاوەنی شێر و گوردی بۆ ناسینی قەومی کورد عیلم و تەئریخ بزانە بە چاوی خۆت دەبینی کە کورد شێری ژیانە چەند شاه و چەندە سوڵتان لە تەئریخدا بەیانە یەکە پیاوێ مەشهوورە سەرکردەی میدەکانە کوردانی باوک و باپیر مەزڵووم نەبوون وەک ئێمە ئەیانگووت کوردستان دایکمە هەم نیشتەجێمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من کچە کوردێکم هوشیار من کچە کوردێکم هوشیار پوختە و خاوێن و نازدار ئەچمە مەکتەب ئەخوێنم ڕەگی جەهل دەردێنم کە خوێندنم کرد تەواو ئەبم بە کچێکی ناسراو لە ڕێی بەرزی وڵاتم سەر دانانێ ئاواتم بۆ خزمەتی هۆزەکەم لە مەیدانا تۆز ئەکەم بە شمشێری ئیتیفاق دەردێنم ڕەگی نیفاق خوومە ڕاستی و ئازادی ئەژیم بە خۆشی و شادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من کە ئەزەل مشتی خاکم چوومە سلکی ئینسانەوە من کە ئەزەل مشتی خاکم، چوومە سلکی ئینسانەوە من کە ئینسانم حەقیقەت، چیمە بەسەر حەیوانەوە دڵی بەدخوو ئەوا شێت بوو لە دەس چەرخی زەمان ئەمڕۆ کە مام ڕێوی و چەقەڵ چوونە لانەی شێری ژیانەوە بۆ لە داخا من نەمرم، بۆچی دڵم لەتلەت نەبێ چۆن مریشک و کۆنەپەپوو چوونە ڕیزی ئینسانەوە وا لە داخا ڕۆحم ڕۆیی، بۆچی نیگاهێکت نەکرد کەسو کارت هەموو مردن خۆ بە خاکی ئێرانەوە بۆچی جارێک تۆ ناپرسی لە ئەحواڵی فەقیرانت هەموو تووشی وەرهەم هاتن چوونە کونجی زیندانەوە بۆچی فەلەک بۆتە خڕەک کە وا دۆخی غەم هەر با ئەدا تانوپۆی دڵی زارم کەوتۆتە نێو مەیدانەوە لەگەڵ ئەغیاری بەدسیفەت دەخیلە مەکە لوتفێ کە گوڵزار و باغی ئەمەل ئەوەی بە دەس نەزانەوە مەحسوبی تۆ لە هەرلایە ئەگەر مابێ وەکوو مەزڵووم پەرێشانن هەموو ئەمڕۆ بە دەس جەوری زەمانەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موسوڵمانان چ غەوغایە کەوا کەوتۆتە دنیاوە موسوڵمانان چ غەوغایە، کە وا کەوتۆتە دنیاوە لە مەغریب ڕوو بە مەشریقە، تلوعی ڕۆژ سەری داوە سەراسیمە و پەرێشان دڵ ڕووەو مەغریب نیگاهم کرد کە دیم چەشمی نیگاری من لە گوڵشەن شوعلەیی داوە بە شوعلەی دیدە هەڵهاتن، ئەوی عاشق بوو هەڵهاتن کە دوژمن عاشقانە وا سوپای بۆ ئێمە هێناوە هەر دوو سەری کوڵمی ئەڵێن شوعلەی شەمس و قەمەرە چییە؟ ئەمیان ئەڵێی مەهی چواردە، ئەویان تەعنەی لە ڕۆژ داوە شەهدی دەمی بە شیرینی دەعوا لەگەڵ کەوسەر ئەکا سیاماری سەری زوڵفی کە پێچی حوسنی خۆی داوە منی مەزڵووم گرفتارم لە دەست سیحر وجادوی دولبەر عەجایب تەبعی ناسک بوو کە ئەم چەند شێعرەی داناوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موژدەی نەسرەتە لە هەموو لاوە سەبارەت: جەنگی دووەم موژدەی نەسرەتە لە هەموو لاوە ئەڵمانیان شکان، گەڕاوە دواوە لەشکری چەرچڵ وەک شێری جەنگی هێتلەری تەواو هێنایە تەنگی ئیتالیای لێکرد وا پشتی شکا نفوزی نازی لای چرچیڵ نەما هێتلەر هاتووە دوژمن بکوژێ هەر خۆی لە مەیدان خوێنی ئەڕژێ کردەوەی وایە لە زووەوە ئەڵمان شەڕی خۆ تڕێن ئەکا بێگومان *** کوا هەراو گوڕەو گەزافی هێتلەر ئەیووت ئەیگرم میسرو سکندەر ئەو دنیای بە گای بێ کاوان زانی بگرێ و بکوژێ و بکا تاڵانی لە بۆ ڕیشی هات سمێڵی نا بان کردەوەی وایە هێتلەری تاوان لای ئینگلیز، ئەڵمان نییەتی نگین وەک شەڕی پێشوو ئەیباتە بەرلین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میوانی تۆم ئەم ئێوارە تۆ بزانە بە یەکجار میوانی تۆم ئەم ئێوارە، تۆ بزانە بە یەکجار ماچم ئەوێ، ماچم ئەوێ، سەیرانێکی بێشمار داوا ئەکەم، مەقسو دەکەم! نیگایەکی گەرم و گوڕ دەم بخەرە ناوی دەمم دەسپێبکەین بۆس و کەنار لە باخاتی حوسنی سینەت بە موحیبەت پێم عەتا کە دوو لیمۆی تازە ڕەسی نازەنینی نەزاکەتدار لەم دەعوەتە با فرسەت بێ، بێ تۆ بی و خوا ڕەقیبانم با سەراسەر خۆ لە قوڕ نێن، سەر و دامان تا بە خوار باکت چییە مەزڵووم ئەمڕۆ ئەم دەعوەتە هەر بۆ تۆیە بخۆ بخۆ! نەفست کوێر کە لە چیمەن و باخ و گوڵزار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەرحەبا پارە مەرهەمی زامم مەرحەبا پارە، مەرهەمی زامم فەرەحی قەلب و دڵەی ناکامم پارە، بە تۆیە قووەتی ئەژنۆم ئەتۆ دەرمانی بۆ زامی بەسۆم پارە گریکی دڵی وێرانی واسیتەی ڕوونی هەر دوو چاوانی ئەتۆ چاتری لە براو باوک هەر ئەتۆی پارە، پریاسکەی ناوک بۆتۆیە برا برا ئەکوژێ لە ڕووی مەیدانا خوێنی ئەڕژێ بۆ تۆیە دەوڵەت حەرب ئەکا ئیعلان حەیات تەرک ئەکا ئەبوورێ لە گیان کاسبان بۆ تۆ ڕۆژ هەتا ئێوار هەوڵت بۆ ئەدەن لە لادێ و لە شار بۆ تۆیە جەردە کە ڕێگە ئەگرێ بە گوللە، جەرگی ڕێبواران ئەبڕێ بۆ تۆیە کە ژن حەیا ئەفرۆشێ خۆی مەهتوک ئەکا لە بۆ قرۆشێ پارە لە دونیا، هەر تۆ ئەنوێنێ هەر وەکوو بولبول سەربەست ئەخوێنێ پارە چەند پیاوی نەفام و هەرزە بە تۆ بوو بە پیاو زیاد بەم نەوع و تەرزە چەند مەردو عاقڵ بە بێ دەردی سەر دێنە خزمەتی ئەبن بە نۆکەر چەند کەسی ناکەس تۆ کردت بە پیاو کردت بە خاوەن دیوانی تەواو بە بێ تۆ پارە چەند ساحێب وەجاغ مات و غەمگینە دەروون پڕ لە داغ تەنها خەمڕەوێن جەنابی ئەمە بێ پارە بەشی هەر جەفاو غەمە هیچ کەس ناپرسێ لە ساحێب نەسەب لە قەدرو حورمەت لە حەیاو ئەدەب مەلای بێچارە کە لێی ئەپرسێ هەزار یاسین و تەلقین بە فلسێ کێ بە شێخ ئەڵێ لە کوێوە هاتووی دەروێش بە پوڵێ سەد زیکری یاهووی غەیری پارەدار هەمووی بەتاڵە کێ مەلاو شێخی هەر لە خەیاڵە هەرکەس پارەی بوو ئەو کەسە پیاوە دێنە خزمەتی لەملاو لەولاوە ئەگەر پارەدار لە فەقیر بدا ڕەزیلی بکا تەعنەی لێبدا گەلێ پێی خۆشە زۆر منەتبارە لای نەسیحەتەو فەقیر بێچارە پێی ئەڵێ حەقتە هەرچیم پێبکەی لام نەسیحەتە هەرچیم پێ بڵێیت مەزڵووم بزانە پارە بۆ دونیا چەند فەزل و هونەر بە ئینسان ئەدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەعشوقی منە غەزال دولبەرم مەعشوقی منە غەزال دولبەرم مەحبوبی خۆمە شێوەی سەروەرم چاوم چاوەڕێی فەرمانی عەینە دڵ پەشێواوی خەمی زوڵفەینە باخی ئیرەمم خەت و خاڵی لەیل کانی گەوهەرم کەلامی بەمەیل هەتا مەیلت بوو عەشقت لە سەرما بە بێ مەیلی تۆ دڵ شەوقی نەما پیشەی فەرهادەو مەجنونە کارم وێڵو ئاوارەی کەژو کۆسارم کتێبە: کەشکۆڵ، قەڵەمە: عەسام دەروێشی ئەکەم تا یوم القیام مەزڵوومی بێکەس بێ بەهرەو ئیقبال پشتیوانت بێ یەکتای ذوالجلال ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆز بەخێربێی جەژنی نەوبەهار نەورۆز بەخێربێی جەژنی نەوبەهار دنیات نەجات دا لە سەرما یەکجار سوپای عەدلی تۆ گەیشتە لامان نوقمین لە گوڵدا سەرتا بەدامان بە هەوات لە جێی گەرمیان و کوێستان گوڵ خێمەی هەڵدا بەیداغی چەقان درەختی دەشت و چیاو لاپاڵان کردیان بە بەردا کەوای سەوزو جوان دەستەی گوڵی جوان، پەسەندی نازدار خۆی ئاریشدا لە کانی و کۆسار نێرگسی ڕووخۆش وەک جوانی سەر مەس خۆی کرد بە ساقی و پیاڵەی زەڕ بەدەس کەنێرە بۆنی خۆشی حازر کرد بە بۆنی خۆشی جیهانی پڕ کرد لە وشکە چەمان ئاوان جاری بوون ئاوەڵ و چەمەن گشت سەوزو شین بوون هاژەی قەڵبەزان شمشاڵی لێدا بای وەعدەی بەهار لە هەڵپەڕکێدا مەلانی عاشق لە گوڵزاری شین بەستە ئەخوێنن بە لەهجە شیرین گڕ وەک ئاگری زەردەشت هەڵگیرسا مەزڵووم لە مەدحت دەنگیشی نووسا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پادشای غەفوور سەبارەت: کفن و دفن پادشای غەفوور... ڕەحمان و ڕەحیم، پادشای غەفوور هیوام بە تۆیە، حاکمی مەحشەر قەڵەمی عەفووم بدەی لە دەفتەر وەقتێ کە مردم، گیانم لە دەس چوو قەوم و خوێشانم هەموو مەئیوس بوو کفن ئەکڕن بەقەدەر باڵام بە دڵی حەزین بە جەرگی پڕزام مەلا بانگ ئەکەن بە ئەسرینەوە بۆ سەر مەیتەکەم بە گرینەوە لیباس و بەرگم لائەبەن یەکجار تەختەشۆر دێنن بە چار و ناچار وەقتێ کە شۆرام من بە تەمامەت ئەیکەن بە بەرما بەرگی قیامەت مەلا ئەخوێنێ نوێژ لەسەر مەیتم گشت بەڕێی ئەکەن تەرم و تابوتم جگەر بریانم وا بوومە قەقنەس فریام بکەوە خودای فەریاد ڕەس سوار ئەبم لەسەر پشتی ئەسپیدار چوار پێی ئەسپەکەم ئینسانی ڕۆحدار ئەمبەن بۆ قەبران خەیلێ بە تەعجیل لەوێ دامئەنێن سەرسام و زەلیل ئەمخەنە قەبر بە ئەڵڵا ئەڵڵا ئایات ئەخوێنن لە کەلامولئەڵڵا مەلا بانگ ئەکەن تەلقینم ئەکا مەر خوای غەفوور ڕەحمم پێبکا تەسویەی قەبرم ئەکەن بە هەمووان بەجێم ئەهێڵن قەومان و خوێشان مەزڵووم یش بە دڵ یەک ڕجا ئەکا هەمووتان بڵێن خوا عەفووی بکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێغەمبەر بە ناو من ئەولادی تۆم پێغەمبەر بە ناو من ئەولادی تۆم وەچەی عەلیم و ئەسڵ زادی تۆم دیسان لە نەسڵی فاتیمەی زەهرام تۆ باپیرمی بە مەعلوومی عام ئەمن هەرچەندە سپڵە و بەکارم غەرقی عیسیانم خەجاڵەتبارم عالەم ئەزانێ تۆ باوانمی سەگی ڕووسیام تۆ خاوانمی لە دنیا هەرکەس هەیبێ خاوەنێ نەجاتی ئەدا لە گشت تاوانێ لە تۆ زیاتر هیچ کەسم نییە کە تۆ کەسم بی کەسم بۆچییە تۆش لە لای خودا زۆر موقەدەسی بۆ گوناهکاران تۆ فەریاد ڕەسی قورئانی کەریم هەدیەی بۆ تۆیە سەفەری میعراج دەعوەتی تۆیە ئەمانە هەموو بە ئەمری مەعبود بۆ خاتری تۆیە هاتوونە وجود تۆش بۆ خاتری یەکتای لامەکان هەم بۆ خاتری ئایاتی قورئان ئەو ڕۆژە خودا ئەبێتە حاکم جەنابت قازی شەفیع وعالم دەفتەری جورمم کە هاتە دیوان قەڵەمی عەفوو بدە لە عسیان زۆر خەجاڵەتم کۆڵم عسیانە پیشەی مەزڵووم یش وەک زاڵمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوی کاڵت وا ئەزانم فیتنەیە و قاتیل چاوی کاڵت وا ئەزانم فیتنەیە و قاتیل تیغی ئەبرۆت وا لە کاردا و لەنجەکەت مائیل خەندەکانت ئەمکوژێت و خاڵەکانت داومە خەنجەر ئاسا موژگانت، زوڵفەکەت هائیل گوارەکانی بانی شان و پڵپڵەی بانی سەرت سڵسڵەی گێسوی سیاهت وەک ئەژدیها حاسیل جەرگ و دڵ سووتاوی تۆیە، عەرعەری نازدارەکەم! بۆ کوروزی دڵ لە عالەم بۆتە ئاگری نائیل گەە بە عیشوەو لارو لەنجە، گە نیازی نازەنین گەە بە غەمزەو لارە پێچت، لە کن نیازت واسیڵ کوڵمی سوورت کوشتمی، ملوانکەکەت زنجیری پێم جا بە تەحقیق بێ نجاتم یان هەروا دەبم زەلیل قاسیدی قەلبی حەزین تەبلیغی مەزڵووم ئەکا میسلی فەرهاد لەشکری غەم، واعیەو شامیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوێ هەڵبێنە چاوێ هەڵبێنە... گیانە بە عیشوە بەس خۆت بنوێنە ئارام لە دڵی عاشق مەسێنە تۆ بی و جوانیت جەفا مەنوێنە وەکوو عاشق چاوێ هەڵبێنە بە چینی زوڵف و پەرچەمی زەردت بە ورشەو پرشەی گۆنای بێگەردت بە لەهجەی خۆش و شیرینی فەردت هەر من موبتەلام بە داوی دەردت سا بە نەزاکەت چاوێ هەڵبێنە عاشقم سەبرم زۆر لا گرانە ڕاستە دڵداری پەنهانی جوانە دڵدار شەرمن بێ زۆر بێ ویجدانە لە کوێ ڕووپۆشین پیشەی جوانانە؟ سەرپۆش فڕێدەو چاوێ هەڵبێنە بۆ خۆت ئەزانی گرفتاری تۆم کردەوەی تۆیە زامانی بەسۆم بۆ تۆ دێوانەو دیل و ڕەنجەڕۆم خۆشم نازانم ڕووەو کوێ برۆم بۆ منی هەژار چاوێ هەڵبێنە ئەزانم نەرم و نازک و تەڕی بە خشڵی جوانی پۆشتەو بەفڕی ڕەنگینی دەڵێی گوڵە شەستپەڕی پێم ناڵێی بۆچی لێمان بە شەڕی یا جوابێ بدە یان چاو هەڵبێنە بۆ خۆم فامانم ئەبێ بە ئێشم ئەبێ بە نەشتەر دڵەی پڕ ئێشم ئەبێ بە ئازار دەروونی ڕێشم هەتا کەی سەزاو ناسۆر بکێشم بۆ دەوای دەردم چاوێ هەڵبێنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕووم لە تۆیە گوێ ڕاگرە بۆت بەیان کەم ماجەرای دڵ ڕووم لە تۆیە، گوێ ڕاگرە، بۆت بەیان کەم ماجەرای دڵ هەرچی ئەڵێم عاجز مەبە، با داخی خۆم نەبەمە گڵ ئاگرت تێچێ جیهان، ڕەببی گەردنت شکە بۆ کردەوەت تۆی مەنبەعی فیسق و فیساد، تۆی ئالەتی زوڵم و قەتڵ شاخی بەرزت دەبێ دەربێ بە دەم سزاو نەگبەتەوە تەخت و بەبختت سەرنگون بێ، تا قیامەت ببی خەجەڵ من بە هەدەر لۆمەت ئەکەم، بە بێ سودە تەعنە ئەدەم هەرچی بکەی عەیب نییە، باکت نییە لە تەعنەی گەل بێ ئوسوڵە ئیشو کارت، بێ مەتڵەبە گیر و دارت بە کەر ئەدەی تەوقەی زێڕین، لە سەگ ئەکەی حیلەی غەزەل وەکوو شەیتان تۆ لە ڕێگە دەرئەکەی منداڵی خەڵقی نانی باوکی خۆی نەدیوە، دنیات دایە خەزنە لە گەل وەکوو تاسی حەمام حەمام وایتە، وەفات بۆ کەس نییە تا سەر تاڵبانت بە داغ ئەمرن مونکیرانت عەدوون بە دڵ غەیری مەزڵووم هەموو عالەم بۆ وەسڵی تۆ خرۆشاوە بە دەس سیحر و جادوی تۆوە بیریان چوەوە دەردی ئەجەل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژی خەیاڵ بە دڵما هات کەوا بیستە تەمەن یاران ڕۆژی خەیاڵ بە دڵما هات کەوا بیستە تەمەن یاران بە چی مەشغوڵ ببم، ئیتر چی بێ سەبەبی گوزەران لە دوای گەلێ فیکر وخەیاڵ بە مەئیوسی دڵم دەر کرد لەبەر چاوم نەما نەسرەت کە من ئەمرم، ئیتر بێ نان کە من کەسب و کار و ئیشم لەبەر دەست و چاوم نەبوو بە مەجبووری بگرم کەسێ کە ساحێب سفرەو خوان فەقەت وتم وەها چاکە لەسەر فیکر و خەیاڵی خۆم بۆ ئەو شەخسە من بنووسم نامەیەکی عەنبەر ئەفشان خەیاڵاتی دڵم هاتە وجود و من بەیانم کرد ئەگەر من تاڵیبی دنیام، ئەبێ فیکرم نەبێ ئیمان ئەگەر موحتاج و بێ نانم لە دنیادا چیە باکم کە ئەم دنیا فانییە، وەفای نییە لەبۆ ئینسان شوکر مەزڵووم لە فەزڵی خوا خەرکی حەمدیە دائیم خەساراتی نییە بۆ کەس خسوس دەرحەق بۆ موسوڵمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێ بۆ سەیران بە کەیف و سروور سەبارەت: قەڵای سروچک ڕۆژێ بۆ سەیران بە کەیف و سروور چوومە لای قەڵای سروچک مەشهوور وەقتێ ئەبینم قەڵای بێشومار گشت خراپ بووە لە سەرتابەخوار تەواو ڕووخاوە دیوان و سەرا شەقی بردووە وەک تاقی کیسرا پرسیم ئەی قەڵا کۆنی وێرانە کێ تۆی کرد بینا لە ڕووی زەمانە *** کام حاکم نەخشەی تۆی داڕشتووە چ پاڵەوانێ تۆی وا کردووە وتی: لە عەسری قەدیمی زەمان «سەلیم شا» بووە، فارسی زمان منی بینا کرد بۆ ژیانی خۆی سەنگەر بووم بۆ خۆی، ڕووناک بۆ ئاسۆی خۆی حوکمی ئەکرد بێباک لە دونیا بەیداخی حۆری لە بۆ هەڵکرا گەلێک زۆردار بوو، ساحێب پەهڵەوان سیلاحی جەنگی شمشێر و قەڵخان *** ڕۆژێ «سەلیم شا» پرسی لە ژنی لە من چاپوکتر تۆ کەس ئەبینی چالاکتر لە تۆم بە چاو نەدیوە ناوی کەسێکم بەڵام بیستووە گەلێ شەجیعە ساحێب جەمالە خەیلێ خرۆمەند زۆر بە کەمالە ناوی مەشهوورە: سەید قەلەندەر جێگای بەرزنجە، لە نەسلی حەیدەر *** بەم قسە خەیلێ «سەلیم» بوو غەمبار جوابی ژنی دا لێی هاتە گوفتار وتی: سبەینێ بە مەودای خەنجەر ئەبڕم لە بنا سەری قەلەندەر کە هێنام سەری قەلەندەر بۆ لات جەسارەتی من مەعلوومی ئەدات ئەمری کرد سوپا تەواو خرۆشا ئەسبابی جەنگی بە قۆشەن پۆشا *** وەقتێ قەلەندەر خەبەری زانی سەلیم چەند سوپا و لەشکەری هانی پۆشای بە باڵا هەر وەکوو حەیدەر شمشێر و قەڵغان، پێکان و پێکەر ڕووی کردە سوپا و لەشکەری عەزیم تا لە «سڵاوگە» گەیشت بە سەلیم دەستی دا شمشێر سەید قەلەندەر بە قەسدی کوشتن کەوتە ناو لەشکەر سەلیم پەهلەوان دەستی دا کەمان لە بۆ قەلەندەر خۆی کێشا مەیدان *** چەند زەربەی سەختی دا لە قەلەندەر بە زەڕبەی سەلیم نەیهێنا زەرەر دەستی دا خەنجەر قەلەندەر بە قار هەر وکوو عەلی حەیدەری کەرار بە شیپی خەنجەر کە هەڵمەتی برد سەری سەلیم شای لە تەن جیاکرد لەشکری سەلیم ڕووی کردە فیرار بەعزێ بۆ زەڵێ قسمێ بۆ کۆسار قەڵای سروچک بە زەربەی هونەر گیرا بە زۆریی بازووی قەلەندەر *** تەواو لەشکروسوپای سەلیم شا هەمووی تەسلیم بوون، سەراسەر گیرا سەری سەلیم شا، قەلەندەر دەردەم لە بۆ تەماشا ناردی بۆ حەرەم حەرەمی سەری سەلیم شای بینی گاه گاه ئەگریا، گاه پێئەکەنی ئەم وەسفەی عەجەب هاتە بەر نەزەر ماجەرای پرسی سەید قەلەندەر وتی سەلیم شا لە ڕووی حەرەم دا دوێ فەخری ئەکرد لافی لێئەدا *** ئەیووت بە زۆری بازووی پڕ هونەر ئەبڕم سەری سەید قەلەندەر فەخری کرد بۆیە وا کەسری هانی لافی عەکس بوو، ئەیدا زوبانی لە پاش نەمانی حوکمی سەلیم شا سەرا و ئەیوانم سەراسەر ڕووخا ئەمە چەند قەرنە ئەمن وێرانەم سەرکز و شێواو دەستی زەمانەم حاڵم ئەمەیە بۆت ئەکەم بەیان نەشریکە مەزڵووم بیکە بە ئیعلان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێ بە عەزمی شکاری نێچیر سەبارەت: ڕاوی نێچیرێ ڕۆژێ بە عەزمی شکاری نێچیر کردمە شانم تفەنگی پێنج تیر خەریتەو چەتاڵ ئەسبابی شکار پۆشام بە باڵا لە سەرتا بەخوار چوومە شکارگای جاری جارانم خۆم خستە حاشار بۆ نێچیرانم لە ناکاو گورگێ ڕێگەی لێگرتم بە قەسدی خواردن یەخەی پێگرتم دەستم لە کار دا هەڵمەتم بۆ برد دوو سێ فیشەکم بۆ ڕەوانە کرد بە زۆری گوللە گورگم کرد هیلاک مێشکی تێکەڵ بوو لەگەڵ خوێن و خاک کە دیم بێچۆکەی خەیلێ غەمگینە لە داغی بابی دڵ پڕ برینە دڵم نەیهێنا بێچولەی هەژار هەر وەکوو بابی بکەم گرفتار هێنامەوە ماڵ بە کەشک و پەنیر بە گۆشتی برژاو بە قەیماغ و شیر پەروەردەم ئەکرد بێ سزاو زەرەر تا وەکوو بابی بوو بە هەڵمەتبەر نازانم داغی کوشتنی بابی لە دڵیا ماوە و هەروا لە یادی لە بۆ حەقی خۆی وا فرسەت بینە بۆ قەساس سەندن هەر لە کەمینە ناغافڵ وەک مار ئاڵا لەڕانم پڕ دەمی بڕی لە گۆشتی گیانم ئاخ لە بۆ کەسێ دەسی کەوت دوژمن ڕەگ و ڕەچڵەکی دەربێنی لە بن گەورە نەکوژی و بچووک جێبێڵێ ببێ بە ئاگر بەربێ لە خێڵێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕەببی تۆ بۆ چی منت ڕیسوا کرد ڕەببی تۆ بۆ چی منت ڕیسوا کرد لە موڵک و میللەتت منت جیا کرد بۆچی بە جارێ کەسیفت کردم لە فەیز و ڕەحمەت موفلیست کردم تانەی ئەغیار کەوتووە بە بار بە دڵی حەزین لێت ئەکەم هاوار شیفای دەردم لای تۆ مەوجودە لە دنیا و ئاخر هەر تۆم مەقسودە بەحری کەرەمت بۆ نایەتە جۆش زەڕەیەک بەخشی بە منی بێهۆش گەرچی من عاسی و خەجاڵەت بارم ڕوو زەرد و مەحجوب زۆر شەرمەزارم لە موڵکی تۆ دام هەر لەوێ ئەمرم بە ڕووی ڕەشەوە دیوانت ئەگرم غەرقی عسیانم دێمە حزوورت بۆ تاوانبارە ئیسمی غەفوورت خوایە بە جاهی شای بوراق سوار خۆشبە لە جورمی مەزڵووم ی هەژار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کام دین کام ئیمان کامیان ویژدانە کام دین، کام ئیمان، کامیان ویژدانە ئاخۆ کام ئینسان ئەمەی لا جوانە گەرماو شەرارەی هەتاوی بە تین خوێنم کا بە ئاو، هێزم کا بە تین هەوڵبەم بە دڵ بە درێژی ساڵ بە سەرماو گەرما بۆ ئیدارەی ماڵ بە ساڵێ بەحاڵ شتێک پەیا کەم لە مردن کۆشێ خێزان ڕزگار کەم کاتی حاسیلات، بێ شەرم و بێباک لێم کۆ ئەبنەوە وەک داڵ بۆ سەرلاک بێ عەرەق ڕشتن، یان ڕەنجی بازوو خەرمان بەش ئەکەن، سەهل زووبەزوو بەشی موڵکانەی: ئاغا، شێخ، مەلا لە چوار بەش بێشک سێ بەشی ئەبا ئینجا چی ماوە بۆ مەسروفی ماڵ بۆ جلوبەرگ و پێڵاوی مناڵ ئاەو هەناسەی ئەم گشت خێزانە بچێتە ملی ئەو مەلهوڕانە مەزڵووم تا شێخ و ئاغا لە ناوبێ لە کوردستانا ئازادی نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کانی کۆی کەرەم سەبارەت: نۆ هەواری قەبر کانی کۆی کەرەم... کەریم و غەفوور، کانی کۆی کەرەم! ئومێدم تۆبە خودایی غەففار لەناو قەبردا بگەی بە هاوار وەقتێ کە ئەمرین کۆچ ئەکەین لەپڕ نۆ هەوارین و نۆماڵی قەبر لەناو قەبردا غەریب و مەهجوور هیچ کەس نابینین لە نزیک و دوور خێرا بە ئەمرت یەکتای لامەکان حازر لە سەرمان مەلەکەی ڕەحمان جوابیان ئەدەین بە ئیزنی خوا فەسیح و بەلیغ سەربەست و وریا مەعبوودی حەقم یەزدانی تاکە پێغەمبەری من شاهی لەولاکە ئیمام قورئان، قیبلەم کەعبەیە دینم ئیسلامە، ئیمانم هەیە لێمان ڕازی بن ئامیر و مەئموور جێمان جەننەت بێ هەر خۆتی غەفوور چونکە غەریبم بێ ئەنیس و کەس کەسی بێکەسان بە فەریادم ڕەس دوعام قبوڵکە حالقی بەشەر لەبەر خاتری سالاری مەحشەر دیسان بەخاتر جەمعی ئەنبیا هەم بۆخاتری فیرقەی ئەولیا قبوڵکە دوعام ئەی بەحری علوم الهی أنا عبدک المظلوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردە دەخیلە دەستم بە دامان سەبارەت: چای خواردن کوردە دەخیلە دەستم بە دامان سەماوەرە زەرد بهێنە مەیدان ئاگری تیکە با بێتە خرۆش بە وێنەی دڵی عاشق بێتە جۆش زیڕەی سەماوەر بە گوێ ببیسم بە ئیزنی خوا لە دەرد ناترسم نەخۆشی ڕاستە بە دەس خوایە چایش وەک مەولود دەفعی بەڵایە قۆریەی ڕووسی، پیاڵەی ژاپانی شەکری بەلجیکا، چایی سیلانی هەمووی حازر کە لە دیوە خانت با شادمان بێ ئەهلی دیوانت بۆ ئەهلی مەجلیس تێکە پەیا پەی بە یادی دەوران «کە یا نانی کەی» ئەگەر خوداوەند ماڵی داوێتێ پارەو حەیوان و حاڵی داوێتێ بۆ تۆ چا خواردن ئەخلاقی پاکە نور لەسەر نورە وەک ئیحسان چاکە خوای گەورە بۆخۆی بۆی کردووین بەیان ئەموال و ئەولاد زینەتی دونیان مادام وەهایە وەک زەخیرەی ماڵ شەکرو چای ئەوێ هەرکەس بە پێی حاڵ برا ئەزانی شەکرو چا باوە ئاوماڵت ئەیخوا لەملاو لەولاوە ئەگەر میوانێ ڕووی کردە ماڵت شەکرو چات نەبێ گوی سەگ بە حاڵت مەڵێ قەدیمی زەمانی پێشوو لە ماڵی شێخ و ئاغا چا نەبوو یاخود لە باو و باپیرم پرسی شەکر و چا ئەسڵەن نەبووە باسی مەڵێ من نایخۆم نایە بە ماڵما سیرەتی بابە بۆ من بەجێما منیش کاکە گیان تەسدیقی ئەکەم باوو باپیرت چای نەکردە دەم کەی لە زەمانی ئەوان برا گیان ڕێگای تیجارەت بووە وەک ئەلئان بۆی بێنە پێشێ ئەنواعی تەعام بۆت نەکرد چایی ناگری ئارام کێ دێ ئوتوموبیل بە فەردەو بەبار شەکرو چا بێنێ لەم شار بۆ ئەو شار کەی بیستویانە بە شەمەندەفەر بێتە شارەکان ئەنواعی شەکەر پاپۆڕیان کەی دی تیجارەت بکا بە ناو بەحرا بێ بازاڕت پڕ کا سەنعەتی قەدیم کەی ئاوا بووە سەروەتی ئێستا کەی ئەوسا بووە کاکە سەروەتی زەمانی پێشوو دەوڵەتی ماڵێ: بزنێ یا دوو بوو ئەگە خۆ ماڵێ جووتێ گای بوایە ئەوە مەزن بوو چونکە فەلایە ئێستا کام کەس ئەڵێی فەقیرە ساحێب سەروەت و تەخت و سەریرە هەموو ساحێبی پارەو مەعاشن خاوەنی دەزگا و دیوانی باشن هەرکەس بە نەوعێ کەسابەت ئەکا لەگەڵ سەڵتەنەت شەکرو چا ئەخوا خەڵقی قەدیمی کەی لە مەیدانە «ئەو نانە نانە ئەمڕۆ لە خوانە» مەزڵووم ئەگەر تۆ وەکوو ئەوان بی نامەی ڕەزیلی بۆ خۆت ئەنووسی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوشتمی ئەشقم نەما بەزەیی پیاما نەهات کوشتمی ئەشقم نەما، بەزەیی پیاما نەهات نەفرەتی کردم کچێ، بۆ دەوای دەردم بدات مایەی سووتانمە، مەرهەمی دڵی زارم خستمییە بەحری میحنەت، بۆ شیفای دەردم نەهات کەمەندی هەر دوو پامە، وا ئەسیری خەراباتم بە دائیم قوڕ دەپێوم، بەلکو یارم نیگا بکات بۆ دڵی لەت لەت کردم، ڕەفیقی چۆڵ و دەشتم؟ دەرمانی دەردم بکات، لێو لەسەر لێوم بخات فڕێی دە با دەرکەوێ، وردە خاڵی دەوری لێوت ئەگریجەی خاو و زەردت، دەماغم بۆ موعەتتەر کات تو خوا شیرین ئاسا، بە ناز منی بێکەس بلاوێنە بڕێژە خوار ئەشکی خوێنین، بۆ مەزرەعەی جەور و جەفات گرفتاری دەردی عەشقم، وەکوو فەرهاد غەرقی خوونم ئینتیزاری وەسڵی تۆیە مەزڵووم، حَینَ یٲتی وَقت الوَفات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوڕ لە کوێ ئەبێ پیشەی کچی بێ کوڕ لە کوێ ئەبێ پیشەی کچی بێ سووراوی کوڵم و بۆیەی لچی بێ سمێڵ نیشانەی پیاوە بیتاشی دائیم خەریکی شانەی پرچی بێ با هەستێ ڕۆحی بخاتە سەر دەس پێشەنگی خەبات بەرنەدا بۆ کەس تا گەل بباتە لوتکەی ئازادی ئەوساکە بژی بە خۆشی و شادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کچە کوردێکم زەریف و هوشیار کچە کوردێکم زەریف و هوشیار بۆ کزی هۆزم، دڵسۆز و غەمخوار بۆ ژینی کوردی گیروەدەی هەژار دنیام لێبۆتە شەوی تیرەو تار ئارامم نییە ناگرم قەرار تاوێ لە داخی کوردی بەجێ ماو دەمێ لە حەسرەت لاوانی شێواو بۆ حاڵی ژینی تاڵی وەک زووخاو ئازاری قەبرم هاتۆتە بەرچاو دڵ مەینەت بارە دەروون پڕ جەخار حەیفە کە کچ و بە کچ ناسراوم لە تان و پۆی کوڕ جیاواز کراوم بۆ خزمەتکردن بێبەش کراوم سەر دانێم لە ڕێی قەومی فەوتاوم نەقدی جانیشم بکەم فیداکار ئەوەی، کە کورو گەنج و بەکارە بۆ خزمەتکردن دەسەڵاتدارە بۆ شکستێنێ وا گرفتارە خزمەتی هۆزی لەلا بێگارە دەمی بەستراوە نایەتە گوفتار کۆششی خەڵکی لەبەر چاوانە ئەزانی هەوڵیان کە بێ سامانە لەسەریان نییە دەستی بێگانە بۆیە وڵاتیان ئەڵێی جینانە وەنەوزی غەفڵەت نادا لە ڕووی کار تکایە برای لاو، چاک و جوان قۆڵی لێهەڵکەن وا بێنە مەیدان بە دڵ تێکۆشن، ئازا بێووچان بەڵکوو بچینە ڕیزی میللەتان سەربەخۆ بژین نەبین دەستەوخوار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە دنیای بە گای بێ گاوان زانی کە دنیای بە گای بێ گاوان زانی تێکی بشکێنێ و بیکا تاڵانی لە بۆ ڕیش هات و هیتلەر نەیزانی کە سمێڵیشی دەنێتە بانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە من لوتفی ئەو یارم بێ بە سەروەتی دنیای نادەم کە من لوتفی ئەو یارم بێ بە سەروەتی دنیای نادەم هەتا لەنجەی دڵدارم بێ بە زینەت و زێبای نادەم کەمەر بەستەی عەشقی یارم لە دنیا دا هەتا ماوم چاوی ڕەشی مەحبوبی خۆم بە سەد بەهێ و ڕەعنای نادەم وەکوو سۆفی لە خەڵوەتام بە دڵ ئەکەم سەنای دولبەر ئەمن نیمە خوڵقی «ها و هوو»، دەس لە دەف و عەسا نادەم دەستەو دوعام من بە دائیم لە حزووری دیوانی خوا ئەگەر حیفزی نەکا حافز گوێ بە نوشتەی شێخیش نادەم دە «فیردەوسی» بڵێ بۆ من ئەی دولبەری ئاوارەخوڕ ناکەم یادی «خاڵەی ڕێبوار» بە حەیران و ئای ئای نادەم لە نەزعایە مەزڵووم ئەڵێ ئەگەر یارم بملاوێنێ نییە باکم بە یاسین و بە تەڵقینی مەلای نادەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر ئەموت خۆزگە بمدیایە شەیتان سەبارەت: من و شەیتان هەر ئەمووت خۆزگە بمدیایە شەیتان ئیبلیسی لەعین دوژمنی ڕەحمان داخی دڵی خۆم پێ بڕشتایە حەقی بەر و دوام لێ بسەندایە من بەو داخەوە گەلێ مامەوە بەو حەسرەتەوە ئەتلامەوە تا ئاخر شەوێ وەختی نیوەشەو بە عەزمی نوستن چاوم چووە خەو دیم لە خەومدا تازە جەوانێ بە باڵا عەرعەر، شیرین زوبانێ گەردن وەک شووشەی گوڵاو موعەتتەر نازکی گۆنای لە گوڵ نازکتر بە سەد نەزاکەت هەت بەلامەوە زامار بووم زامی بۆ کولانمەوە چاوم هەڵبڕی، دیم چاوی مەستی خەیلێ بێهۆش بووم کەوتم بە مەستی وتم: ئەی جوان تۆ بی جوانی خۆت پەریت، ئادەمیت، بڵێ ناوی خۆت تۆ بۆچی وێڵی، بۆچی عەوداڵی بۆچی موحتاجی دیوان و ماڵی؟ *** دەم بە خەندەوە، جوابی دامەوە یەک دوو قەدەمێ هات بە لامەوە وتی: پەری نیم ئادەمیزادم وتی گوڵچینی باخی مورادم من ئەو کچەم کە پارو پێرار لە عیشقی مندا لات نەبوو قەرار ئێستاش بە یادی جاری جارانت خۆم بە دیاری هێنا دیوانت بۆ فەرەحی دڵ بۆ خەڵوەتی خەو لە بو سەیران و ڕابواردنی شەو وتم بەخێربێی قوەتی ئەژنۆم مەرهەمی دەردی زامانی بە سۆم گەلێ مەمنون بووم ئەزیەتت کێشا لە بۆ دیدەنی تەشریفت هێنا فەقەت تۆ نابێ گلەیی بکەی تەعنەی بێمەیلی لە دڵم بدەی من لە پارەوە قەولم کردووە لە حەرام دوور بم تۆبەم کردووە ئێستا تۆ لە من بە شەرع و قانوون گەلێ حەرامی بە بێ چەندوچوون وتی: لەوساوە لەیەکبووین جیا هەڵ و تەقەلام بۆ ئەمشەو ئەدا ئێستا تۆ ئەڵێیت، بە تۆ ناڕازیم تۆبەم کردووە، یەعنی کە سۆفیم ئەو قەولی خۆتە، تۆ بدە بە باد بێرە پێشەوە هەرچی بادا باد! بە گەنجی ئەگەر هەرچییە بکەی گوناهی کەمە، چونکە تۆ جوانکەی بە عومری جوانی هیچ قسوور مەکە هەر وەقتێ پیر بووی ئەوسا تەوبە کە موختەسەر چاکە هەڵمەتم بۆ برد وەک گورگی برسی ژێرەوژووم کرد گەلێ سواری بووم کێشامە ژێربار بەناز جار جارێ ئەیووت ئەی هاوار فاسیلەم نەدا تا وەقتی سەحەر دامە بەر کوت و حەملەی پڕ هونەر ئەمەندەم لێدا بە حەربەی چەرمین ئەسڵی مەقسەدی گشت بوو بە برین خوێن و ئاو جاری لێئەهاتە خوار وەکوو چۆڕاوگەی گوێسیلەی بەهار سەراسەر لاشەی ئەو نەوجەوانە سیس و شێواو بوو وەکوو هەمانە کاتێ بەتاڵ بوو خەیاڵی سەیران هەواو خۆشی و شادی مەعشوقان لەب بە خەندەوە، هاتە کایەوە جەوابی منی وەها دایەوە: من کەی یاری تۆم، کەی بە تۆ دۆستم من بۆ حالی تۆ مەینەتی و کۆستم چونکە شەیتانم، دوژمنی ئادەم ئەیخەمە عوسیان ئیسلام زۆر و کەم ئەمن دوژمنی ئەولادی حەوام بەری لە قاپی ڕەحمەتی خودام تۆبەی چەن کەسی وەکوو تۆم شکان چەندە عابدم خستۆتە عوسیان جوابم دایەوە وتم ئەی شەیتان قەسەم بە خودای زەمین و ئاسمان تۆبەم لە جاران زۆر قائیمترە نوێژ و تاعەتم گەلێ چاترە بۆیە هەر ئەمووت من تۆم بدیایە تۆڵەی عالەمم لێت بسەندایە شوکر ئاواتم ئەوا هاتە دی دوژمنی خۆمم بە سەر شۆڕی دی یاخوا سەد خێڕی وەها بێتە ڕێم کە دوژمنی خۆم هەر بەخۆم بیگێم ئەلحەمدولیلا لە ڕۆژی مەیدان چەند زەڕبەی کاریم بە دوژمن گەیان دوژمنم، شەیتان، بۆم هاتە مەیدان هەر بە دەستی خۆی خۆی دا بە تڕان ئەی شەیتان یاخوا زوو بۆم هەڵکەوی دیسان بەر حەملەی مەزڵووم بکەوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر بمێنێ چاکە نەمرێ کۆنە حیز و باجییە هەر بمێنێ، چاکە نەمرێ، کۆنە حیز و باجییە چونکە ماتە بۆ حاڵی خۆی، باعیسی ئازادییە شێت و شەیدا و هیلاکی تۆزی ئاوی شەهوەتە حاڵ و شەرمی کوانێ، دینی، تاڵیبی گەوادیە سەری زل و سمتی پان و چاوی شۆڕی دیارە کۆنەحیزی چۆڵ و دەشت و پاڵ و کەژو ناو ئاواییە تا بمێنێ سەیر و سەفای نەرم و شلی سەر سمتەکەی هەر لە کەیف و شەوق و شادی هەر لە عیشوە و شادییە بەرقەرار بێ، دەبێ چاکە بەرقەرار بێ، بەرقەرار نرم و شل ناو دۆڵی سمتی. گەرمە کورەی حەدادییە تۆ لەگەڵ حیز و قەحبەو زۆڵ و حەرامزادەی چیتە کارت کاکە مەزڵووم باعیسی بێچاوییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر لە ئەزەل بوو بە ئیرسم هەمی دڵ و غەمی دنیا هەر لە ئەزەل بوو بە ئیرسم هەمی دڵ و غەمی دنیا جێنشینی فەرهادم و میراتگری عەشقی لەیلا بێ نسیبە دڵی زارم لە سەروەتی وەسڵی یارم بوونە عەدوو کەس و کارم، دوژمناننە ئەکا تکا غەمی زەمان ڕەفیقمە، فیراقی یار حەریفمە کەس و کارم ڕەقیبمە، باب و مامە لەگەڵ برا بێگانەیە بە من تالیع و شانس، ڕۆیی کەماڵ دێوانەیە فیکر و خەیاڵ، زەوقی نەما دڵ ئەبەدا تاراجی کرد عەقڵ و دەرکم شاهی عەشقت «وا ئەسەفا»! خاڵی ماوە خێمەی خەیاڵ سوڵتانی دڵ ئەسیر کرا ساتێ نەبوو کە فاریغ بێ مەزڵووم لە دەس هیجرانی یار ساتێ نەبوو ئاسودە بێ لە زوڵمی تۆ ئەی بێ وەفا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر کەسێ نەیبێ سادە ڕووخێکی لە دیوانا سەبارەت: سادەپەرەستی هەر کەسێ نەیبێ سادە ڕووخێکی لە دیوانا مایەپووچ و ڕووت و قووت بێ لە دین و لە ئیمانا هەر کەسێ سادەپەرەستە بیپارێزە ئیلاهی لە غەم و دەرد و بەڵاو موسیبەت لە جیهانا مورشیدە سادەپەرەستی موریدیەتی ئەمانە: خورشیدە چ فەرهادە، چ یوسف لە زەمانا عەزیزە، خۆشەویستە، موعتەبەرە براکەم! ئەم عەشقە لە نەزەر ئەهلی عەشق و ئیمانا تەسخیر و کەمەندکێشی ئەم عەشقەیە بزانە: سەد یوسف و زڵێخا شۆرەسوارن لە بیابانا سەربەست و هونەرمەندە، چاپوو کە عاشقی چالاک و جەسوورە، چ شێرێکە لە مەیدانا ئوسول و قاعیدەی عاشق وەهایە مەزڵووم سووتانە بە بێ دەنگی لە بەیانا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا محەمەد من زەلیلی دەستی شەیتانم دەخیل یا محەمەد من زەلیلی دەستی شەیتانم دەخیل شەرمەزار و ڕووسیاه و غەرقی عیسیانم دەخیل دڵڕەش و بێتاعەت و شەرمەندەیی قاپیەکەتم بێکەسم، دەربە دەرم، حەبس و زیندانم دەخیل غەیری لوتفت من پەناه و پشتیوانم خۆ نییە یەک نەزەر کە، جاربەجارێ مەردی مەیدانم دەخیل مەزرەعەی تەقواو تاعەت، وشک و بێ ئاوە تەواو ئیلتیماس چارە، ئەی هەوری ڕەحمێ دەخیل بێ دەلیل و کوێری ڕێگەم، بێ قاید و دەست وعەسا سەرکز و دڵ حەزینی ڕۆژی میزانم دەخیل تۆی شەفیعی موزنبین و من زەلیلی دەرگاکەتم بگرە دەستم موستەحەقی قەعری نیرانم دەخیل ڕەحمی تۆیە من ئومێدم، ئەی ڕەحمەتەن للعالەمین منی مەزڵووم دڵ حەزینم دەس بە دامانم دەخیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یاری وەفادار سەبارەت: سکاڵا لە خزمەت یارا یاری وەفادار... نازک و نازدار، یاری وەفادار لە هیجرانی تۆ بووم بە کۆی زوخاڵ نەمکرد سەیرانی گۆنا و خەت و خاڵ عەهدە کردوومە هەر وەکوو فەرهاد لە کۆی عەشقی تۆ خۆ بکەم بەرباد هەر کاتێ شاد بووم بە دیداری تۆ بووم بە خاوەنی خەت و خاڵی تۆ لام مەتڵەب نییە تەعنەی ڕەقیبان گوێ نادەم بە پەند، واعیزو خویشان دەوڵەتی وەسڵت بۆ من کافییە تاجی کەیخوسرەو لام بەهای نییە گەنج و ئیقباڵم دانەی خاڵی تۆ چرای دیوانم چاوی کاڵی تۆ خوردو خۆراکم ماچی کوڵمی تۆ شیشەی شەرابم سای گەردنی تۆ مەعبەدخانەکەم خەڵوەتخانەی تۆ قیبلەگای سوجدەم میحرابی ئەبرۆ تەوافی کەعبەم وەسڵی دیدارت حەجەرولئەسوەد خاڵی ڕووخسارت تای عودو تارم دوو زوڵفی خاوت سەرخۆشی کردم مەیخانەی چاوت مێزی شەرابم سینەی مەڕمەڕت مەزەی شەرابم دوو لیمۆی تەڕت عەرەق و بیرەم ماچی کوڵمی تۆ ساقی و پیاڵەم چاوی گەشی تۆ دەم دەم ئەنۆشم شەرابی گۆنات دوو لیمۆی کاڵت، بۆ مەزە هێنات مەستی دوو چاوی عاشقکوژی تۆم جگەر لەتلەتی غەمزەو نازی تۆم چاوت هەڵبڕە بزانە من کێم ئەمن مەجنونی دوو چاوی لەیلێم ئەسیرم بەدەس ڕەقیبانەوە هەم بە دەس دڵەی ماڵوێرانەوە دەردم وەهایە لەیلی نازپەروەر! نزیکە دەرچم لە پێستی بەشەر ئیتر کۆتایی کەلامم نایە ڕەنگ زەردی عەشقم شیفام قەت نایە مەزڵووم وەک مەجنون پیشەی زارییە خولیای عاشقی بێ قەرارییە ++++++++++++++++++++++