شاعیر: عورفی کتێب: دیوانی عارف عورفی سەرناو: ئەگەر ئەو نووری ئیمانەم لە خەو وەختی سەحەر هەڵسێ ئەگەر ئەو نووری ئیمانەم لە خەو وەختی سەحەر هەڵسێ فیدای خاکی بەری پێی کەم دڵ و گیان و سەرم هەر سێ ڕەحم بەم پیرییەم کە ئەی دەخیلت بم نەکەی ئامان نەبم مەحرووم شەهەنشاها بە حەققی سووڕەتی قورئان لە حەسرەت ڕووڕەشی خۆما شەو و ڕۆژ دیدەگریانم لە ئەعمالی سیەه ڕۆژم پەرێشان هەم پەشیمانم گونەهبارم بە جۆرێ نامەیی ئەعماڵەکەم بێنە لە سەرتاپێ لە پێ تا سەر بەجارێ کەیلە تا سینە لە دیوانی جەزادا بۆ خوا پشت و پەناهم بێ ڕجاکاری جوابی قەبر و هەم ڕەفعی گوناهم بێ بە سۆزی سینەوە شەرمەندەیی ڕۆژی قیامەت خۆم نەدامەت خۆم لە ئەعماڵم دووبارە هەر نەدامەت خۆم کە ئەمڕۆ ڕۆژی ئازادی دەمی عەفوی گوناهانە فیدات بم پشتیوانم بە لەڕێی ئەم جەژنی قوربانە سەبەب تۆ بووی کە ئیسماعیل نەجاتی بوو لە قوربانی نەوەی ئەو زاتە شاهی ئەنبیای لێ دێ خۆ ئەیزانی نییە پشت و پەناهم ماعەدا ئەو سەروەرە ئیمڕۆ شەفیعم بە لەڕێی خوادا کە حج الاکبرە ئیمڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر دولبەر بەدڵ ڕۆژێ وەفا کا ئەگەر دولبەر بەدڵ ڕۆژێ وەفا کا بە ڕووی ڕاستی ئیتر تەرکی جەفا کا سەر و ماڵم فیدای خاڵێکی هیندووی ئەگەر تەرکی جەفا بەهری خودا کا خودا هەڵناگرێ ئەسبابی چی بوو بەوێنەی پەرچەمی ڕۆژم سیا کا وەکوو ئێمە ئەگەر ڕۆژێ ڕەقیبێ بە دەس جەور و جەفاوە موبتەلا کا بە سەرگەردی ئەبم ڕۆژێکی سەدجار لەسەر ئێمە ئیتر تەرکی جەفا کا لەسەر چی بوو، گونەه چی بوو دڵی من دووچاری زەخمی شمشێری قەزا کا وەکوو زانیومە دولبەر بێخەتایە خەتای بەچچە بێ، نابێ خەتا کا بەناز و عیشوە تەشریفی بفەرموێ برینی دەردی دڵ ئەمجا دەوا کا لە دونیادا هەتاکوو ماوە عورفی لە خۆشییانا ئەبێ دائیم سەما کا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەرچی من لە عومرا چووم بە ساڵا ئەگەرچی من لە عومرا چووم بە ساڵا خەیاڵ ئەڕوا لەگەڵ دوو چاوی کاڵا برادەر بۆچ ئەکەی لۆمەم لە عەشقا عەجەب نەتبیستووە کاڵا بە باڵا نەمانێ چاترە وەڵا لە بوونێ نەبێ دەستێ بەسەر ڕوویی وردەخاڵا دوو چاوی من لەبانی تەوقی سەرمە کە یار پۆشی لیباسی ئاڵ و واڵا هەموو عومرم ئەچێ یەکجار بەتاڵان نەکەم وەختێ پەڕەی لای ڕووی موتاڵا چ خۆشە ڕابوێرێ هەر سەحەرگاه لەگەڵ تازە گوڵاڵەی خوردەساڵا لە مەدحی غونچە لێوانی بەڵەک چاو دەماغم بەرز ئەبێ بۆ ئەوجی باڵا وەکوو تیغی دەبانی تازە ساو بێ زبانم موو ئەکا بڕوا کە لا لا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیکری من هەر شەو کە یادی عوشرەتی پێشوو ئەکا فیکری من هەر شەو کە یادی عوشرەتی پێشوو ئەکا سینە بوریان چاو بە گریان تا سەحەر کوو کوو ئەکا وام لە حاڵی نەزع و سینەم لێ ئەدا عەینی دەهۆڵ مامە دەروێشیش بە دەورا زیکر و های و هوو ئەکا وەسفی کەن ئەوزاعی من نازانی تیفلی نابەکام دڕک و داڵە ڕاخەرم داوای سەرینی قوو ئەکا چەرخی گەردوونیش دەمێ ساتە سوارە چەرخەکەی بۆیە ئێجگار مەکۆکەی ڕیسی تاک و لوو ئەکا ئاشەکەی موحتاجی بیرازکردنە، بەرداشەکەی ئاشەوان بۆیە شەو و ڕۆژ ئاشبەتاڵی بۆ ئەکا من دەمێکە بووکی دەورانم تەڵاق دا سێ بە سێ بەهری ئیستیهزا، ئەجەل دێ بووکەکەم باربوو ئەکا واسیتەی بێ دینییە وا ناسیحی شر العمل ئەهلی ئەم دەور و زەمانە گشتی وا بەدخوو ئەکا تاقەتی ژینم نەماوە کەوتمە سەر عەزمی سەفەر بووکی دورانم بەعیشوە تازە داوای شوو ئەکا ئاگرم تێ بەربووە وەختە کڵوکۆی دامرێ یاری بەدبەختیش لەلاوە جار بەجارێ فوو ئەکا کەوتمە بەر دەور و زەمانێ دین و ئیمان پارەیە قەسدی زیندوو سەرو ڕنین و کفنی بەر مردوو ئەکا فەرقی ساحیب دین و لادین ناکرێ لەم ڕۆژەدا مامە سۆفیش جا بەجارێکی لە شێوەی جوو ئەکا واعیز تانە نەهاوێژێتە سەر ئەشعاری من بۆ هەجوو تیغی زوبانی ئێمە لا لا موو ئەکا عورفیا وا دیارە بەخوا شاعیرێکی کامیلی شێوەیی شیعرت لە شێوەی شیعری خاجوو ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نووری ماهم بوو کە کیسرا هەم مەدایینی شکا نووری ماهم بوو کە کیسرا هەم مەدایینی شکا نەک مەدایین هەر بەجارێ دین و ئایینی شکا ناوی یاری من کە کەوتە ناو گڵیسای عیسەوە زوو لە ئیمان وەرگەڕا، قەس کۆڵەکەی دینی شکا ئاسمان ئەو وەختە دی یارم لە سەدرەی مونتەها ڕەونەقی مەه، زینەتی خۆر، قەدری پەروینی شکا هەرکە قەوسی تاقی ئەبرۆی بوو بە میحراب و ئیمام ئیبتیدای ئەلحەمدی خوێند و حەرفی ئامینی شکا گەر لەناو باغا چراخی ڕەونەقی ڕووی هەڵکرێ قیمەتی گوڵ، بۆی سونبول، ڕەنگی نەسرینی شکا ناوی فەرهاد کەوتە بەزمی خوسرەوی پەروێزەوە قیمەتی بازاڕی حوسنی شۆخی شیرینی شکا قوڕ بە سەر فەغفوورە، یار زوڵفی بە ڕوودا شانە کرد توورە، توورە، چین بە چین، بازاڕی ماچینی شکا عورفی لەو ساتەی لە یاری باوەفای دوور کەوتووە بۆیە بێچارە بەجارێ عەقڵی پێشینی شکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختێ یارم ویستی زوڵفی خۆی بە ڕوودا شانە کا وەختێ یارم ویستی زوڵفی خۆی بە ڕوودا شانە کا وا ئەزانم شێخ لە من زووتر بەرەو مەیخانە کا ڕابکێشێ خەنجەری موژگانی بەقەسدی کوشتنی من شەرتە شەرتی پیاو هەتا ماوە لەڕوویا ڕانەکا شەمعی ڕووی جانانە هەروەختێ لە مەجلیس هەڵکرا بێ شکە عاشق بەدەوریا عەینی وەک پەروانە کا فکری وا بوو، تێگەیشتم ئاخری غایەی چی بوو بۆ ڕەقیبێ ڕوو لە ئێمە وەربگێڕێ خوا نەکا ناز و عیشوە بۆ هەناسەی دەردەداران چا نییە نەک خوا گیربێ بڵێن پێی بۆ خوا ئاوا نەکا بگرێ پەندم عاشقێ گەر بیەوێ ڕسوا نەبێ قەد وەفا و عەهد و سەفا لەو دولبەرە داوا نەکا چاوەکانم، چاوی من لەو ڕۆژەوە چوون بۆ سەفەر ساتێ نەمدیوە لە دووریت شین و واوەیلا نەکا مەتڵەبی یار خاڵی لای لێوی کە دەرخا جار بە جار عاشقی بێچارەیی ئاوارەیی وێرانە کا ئێمە دەردی عاشقی و جەوری زەمانمان بردە سەر دەس لە دەس چوو وای درێغا یار ئەگەر بڕوا نەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەهام زانی ئیتر دولبەر بە هیچ جۆرێ جەفا ناکا وەهام زانی ئیتر دولبەر بە هیچ جۆرێ جەفا ناکا خودا بیگرێ چ بەدبەختێکە هیچ مەیلی سەفا ناکا فکر ڕۆیی لە خانەی کەللەدا زائیل بووە بە یەکجاری دڵ و دین ماوە لامان با ئەویش ئەمجارە یەغما کا نیازم دەست و دامەن بوو کە گوڵزاری ڕۆخی بینم لەترسا خۆم ئەپارێزم مەبادا فیتنە بەرپا کا وەڵا بوو مامەڵەی ماچی نەوەک تۆ بیەوێ هەر کەس لەگەڵیا بێت و سەودا کا ئەبێ خۆی تووشی سەودا کا هەتا ئیمڕۆ ئەگەر ئومێدی لوتفێ بووم ئەویشم چوو نەتیجەی تەجروبە زانیم بەهیچ نەوعێ وەفا ناکا لەپێناویا کە خۆم کوشتووە لەپاداشا جنێوە بۆم کە چی بەدبەختە دەس هەڵناگرێ شەرم و حەیا ناکا چرای بەختم کە نەتوانێ موقابیل شەوقی ڕووت شەڕ کا چراغی سوبحەدەم غەوغا لەگەڵ شەمسی سەما ناکا دڵ و گیانم فیدای خاڵێکی هیندووی کرد! و نازانم چ ڕوویداوە سەبەب ئەم خزمەتەی من بۆ چی ئەغما کا نەما تاقەت لە قوەی عورفی بێچارە ئەمجارە گوناهی ئەم جوانانە حەواڵەی تیغی مەولا کا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ خۆشە سوبحەدەم ڕووی کەینە سارا چ خۆشە سوبحەدەم ڕووی کەینە سارا خوسووسەن وەختی گوڵ فەسڵی بەهارا بە تانە پێم ئەڵێ سەیری کە عورفی پەکی کەوتووە نەما هیچی لە بارا برای شیرینەکەم مەنواڕە پیریم دڵم ڕائەچڵەکێنێ بووک و تارا هەزاران تیری تانەم تێ بگیرێ دەس هەڵناگرم ئەگەر بمکەن بە دارا وەرە بنواڕە یاری من کە وەختێ لە بەر کا سوخمەی زەربەفت و غارا فیدای خاڵێکی هیندووی بم بە شەرتێ دڵم بێنێتە جێ ماهی دڵ ئارا نەمردمایە هەتا ئەمزانی بۆ چی چ ڕووی داوە لە من وا چوو بە قارا عەشق بەحرە کە عاشق تیا نقوم بوو چ باکیەتی لە تانە و عەیب و عارا لە مردن دوور ئەبم گەر ڕابوێرم لەگەڵ دڵدارەکەی ئەمساڵ و پارا بیا و یک نوبتی نظر کن بفرما این نظر بهر خدا را نویستم نامه نزدیک جانان فرستم نامه با باد صبا را ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چی ئەبێ تەرکی جەفا کەی سەنەما قەتعی عەزاب چی ئەبێ تەرکی جەفا کەی سەنەما قەتعی عەزاب بێیتە سەر ڕێگەی ئەخلاق و ببیتە ئەرباب بی تو ام نیست مجالی دمی خشنود شوم جانم از بهر خدا روی ز من هیچ مهتاب دوورپەرێزیت بۆتە لێم سەبەبی غەمباری وا لە دووریت سەنەما جان و جگەر بۆتە کەباب هر زمان از لب شیرین شما دور شوم دست حسرت بزنم بر سر خود هم چو رباب دەستت لێم هەڵگرە دەی بەسییە ئەوەندە لۆمە کاکی خۆم چیت ئەوێ لێم بۆ چیم ئەکەی مەنعی شەراب محتسب منع مکن وعظ ندارد تاثیر مشکل است ترک کنم آخر عمرم می ناب دەردی دووریی ڕووی تۆیە بکە باوەڕ بە خوا ئاو لە چاوم بەخوڕی تەشکیل ئەکا چەشمەی زاب چه خوش است فصل بهار و گلگشت و صحرا با دلارامی بود خاصه در ایام شباب موتریبا سازی کە، ساقی وەرە پڕی کە قەدەحت پێش ئەوەی لاشە بهاوێژنە ژێر بەرد و توراب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بیستم لە ناوچەی خاکی کوردستان سەبارەت: پێشکەشە بە مامۆستا نەجمەددین مەلا بیستم لە ناوچەی خاکی کوردستان شارێکی تیا بوو جوان و ئاوەدان پیاوێکی لێ بوو زیرەک و زانا نەخوێندەواری نەهێشت لەناوا بە تێکۆشان و هەوڵی خۆی ئەژیا چاوی لە ماڵی کەس نەبوو ئەسڵا خێرخواهی بەشەر بێ دەعیە و مەتڵەب خۆش خولق و ڕوو خۆش ئەربابی ئەدەب قەناعەت خواه و دایم گۆشەگیر بۆ مەسڵەحەتی عام، نەسیحەت پەزیر ڕەنجی ئەکێشا ڕۆژ تا ئێوارێ مەقسەد نەهێڵێ نەخوێندەوارێ لە حوجرەیەکی تەنها و دەربەستە ئامشۆیان ئەکرد دەستە بە دەستە بە ڕوویەکی خۆش بە قسەی زۆر جوان هاتوچۆکەری بووبوو سەناخوان ژووری تاریکی ڕووناک کردەوە بە عەسای هیممەت گۆی ئەبردەوە ئەوی حەرفێکی هەڵنەدەکڕڕان خوێندنی فێر کردن بە دوو سێ زوبان لەبەر تێکۆشین سەعی بوو دەرسی زۆر جار بە شەویش ئەما بە برسی گەلێ شەو چاوی نەدەچووە خاو خۆی ئەهێشتەوە بێ نان و بێ ئاو خزمەتی دەرسی بۆ ئەم و بۆ ئەو فەرزتری ئەزانی لە خواردن و خەو زۆر کەس لە پیر و جوان و ئیختیار لە سایەیەوە بوون بە خوێندەوار لزوومی نییە تەعریفی مەکە ئەوی گوتوومە لە هەزار یەکە کەسێ لە ڕێگای خوێندەواریا تێکۆشێ بە جان بە دڵ بێ ڕیا کوردێک بەم جۆرە تێکۆشانی بێ غەمی نەژادی لەسەر شانی بێ کوردێک مەقسەدی خزمەتی گەل بێ ئەو خزمەتەشی بە جان و دڵ بێ کوردێک تێکۆشێ بۆ خزمەتی عام تاکوو گەلەکەی بگا بە مەرام بەڵکی لە سایەی عیلم و ئەدەبا پەردەی جاهیلی لەناوا لابا پاداشی ئەمە لازمە هەموان حورمەتی بگرن بە دڵ و بە گیان لە پاش مردنی بکرێ تیمسالی بمێنێ یادگار لەبۆ ئەمسالی نەوەک تەحریکی سەرسەری بکرێ لە قاپی و جێگای بەردی تێ بکرێ لە جیاتی خزمەت خراپە کردن ئەم کارە کاری پیاوی نامەردن ئەو کەسەی بە حەق ویجدانی پاک بێ ئەگەر ساحیبی خولق و ئیدراک بێ لەم نەسیحەتەم زۆر باش گوێ بگرێ چاوێ هەڵبڕێ غیرەت وەرگرێ باش بێ وەیا خود باش نەبێ لاتان ئیتر خۆتان و خودای خۆتان قسەی ئەم شەخسە لە ڕێگەی حەقە لە قەدیمەوە قسەی حەق ڕەقە قسەیان خۆشە پیرانی پێشوو بۆ ڕێگە و بانمان ئەبێ بە تێشوو نازانم کێ بووە ئەمەی گوتووە وادیارە زۆری ڕەحمەت بۆ چووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەسە هەڵسە وەرە کایە ئیتر تێکۆشە بۆ هۆزت سەبارەت: خاترەیەک بۆ لاوانی نیشتمان بە یادگار بەسە هەڵسە وەرە کایە ئیتر تێکۆشە بۆ هۆزت بپارێزە لە گورگی بێ ڕەزا ماڵاتی ناو کۆزت بە تیرێکی ڕەزەدۆزت کە هۆزت چاوەڕوانی هیممەتی مەردانەتە ڕۆڵە مەوەستە هەستە بستێنە لە جەمعی ناحەزت تۆڵە کوڕم ئەم کارە مەقبووڵە دڵێکی پاک و خاوێن پێکەوە گشت لایێ تێکۆشن دڵ و گیان گشتی بفرۆشن هەتا ئەم خاکە نەفرۆشن ئەگەر کوردێکی پڕ هۆشن هەتاکەی بە خەوی غەفڵەت، خێرا کە چاوێ هەڵبێنە چراغی غیرەتت هەڵکە بە زوویی تۆڵە بستێنە زوو کە عەدووت بفەوتێنە کوڕانی لاوی کوردستان وەتەن وا چاوی لێتانە هەتا فرسەت لەدەس نەچوە خێرا مەردانە ئازانە کە ئیمڕۆ ڕۆژی کوردانە وەکوو ڕۆستەم لە مەیدانا بە شان و شەوکەتە بەرزە بە نووکی ڕم دڵی پۆری پەشەنگت بێنەوە لەرزە لەسەر ئێوە ئەمە فەرزە هەتا سواری مل و شانت نەبوون با غیرەتت هەڵسێ بە رم کوێری کە چاوانی دووا ا. م. ت هەر سێ نەمێنێ تاکوو دڵ پیسێ یەکێتی شەرتە بۆ سەرکەوتنی هۆزت زوو یەک بگرە بە حیلە قەد نەکەی باوەڕ بە دووڕوویی نەخۆی تەفرە ئەمە بۆ تۆ جێگای فەخرە عەزیزانم بە دڵپاکی کە یەکتان گرت و یەک کەوتن دەلیلی قاتعە یەکیەتیە بۆ ئەسبابی سەرکەوتن ئەمەتە مەردی دەرکەوتن ئەگەر مێژوو تەماشاکەن ئەبینن کاوەی ئاسنگەر لەسەر کوردایەتی کەللەی زوححاکی کردبوە سەنگەر هەتا مۆخی هێنایە دەر کە من مردم وەسییەت بێ وەتەندارانی شیرینم لەسەر قەبرم بە کوردی بۆم بخوێنن وەعز و تەڵقینم بزانن کوردە ئایینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر لوتفت ببێ ڕۆژێ بپرسی چۆنە ئازارت ئەگەر لوتفت ببێ ڕۆژێ بپرسی چۆنە ئازارت ئەکەم گیانم فیدای زارت کە ناوم بێتە سەر زارت فەلەک زانی کە ئەشعارم لەسەر ئەوسافی ڕووی تۆیە «شکاندی پەنجەکانم تاکوو نەنووسم وەسفی ڕوخسارت» دەمێکە بێ سەر و شوێنە دڵی من، تازە پێم زانی ئەسیر ماوە لە بەندی داوەکەی زولفی سیەه مارت مەکە مەنعم ئەگەر گۆشەنشینی خەڵوەتم ئیمڕۆ هەمیشە دوورپەرێزم لێت لە ترسی تەعنەی ئەغیارت لەجیاتی ئەم هەموو قەهرەی لەڕووی تۆوە کە چێشتوومە خوا نەمهێڵی گەر حەز کەم سەری موویە لە ئازارت سەبەب من بووم لە تەعریفی خەت و خاڵت کە وا ئیمڕۆ لەناو جەمعی جوانانا شکور وا گەرمە بازاڕت لەسەر وەسفی گوڵی ڕووتا ئەبینم جوملە ئەشعارم کە شیرینە بە شیرینی وەکوو لێوی شەکربارت لە هیچ لایێ، نەبێ لایێ عیلاجی دەردەدارێ کا ئیتر عورفی بۆ لای کێ بەی بپرسێ دەرد و هاورت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بادی سەبا هەستە بڕۆ بۆم بە وەکالەت ئەی بادی سەبا هەستە بڕۆ بۆم بە وەکالەت بۆ خزمەتی ئەو یارە عەزیزە بە دەلالەت عەرزی بکە خوا بیگرێ لە بۆ عەهد و وەفاکەی هەڵنەبڕێ هەتا ماوە ئەبەد چاوی خەجاڵەت من بووم سۆپەری چاوی بەد و ئاخری چۆن بوو پاداشی هەموو چاکەیەکم، شەرتی عەداڵەت وەڵڵاهی نەبووم موستەحەقی ئەم هەموو زەجرە کە پێی گوتم بمهاوێژە ناو چەهی زەلالەت ڕۆژی ئەزەل ئەبوایە نەچوومایە مەسافی نەمزانی ملم بشکێ ئەمەم کرد لە جەهالەت خێرم لە تۆ ناوێ، وەرە لێم لادە شەڕیشت دەس هەڵگرە لێم تۆ بی و خودا بەسیە ڕەزاڵەت تا ماوە حەیاتم تەرکی بکەم بەزمی حەریفان چۆن جارێکی تر خۆم بخەمە بەحری مەلالەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بریندارە دڵ و گیانم بە نووکی تیری موژگانت سەبارەت: گلەیی لە یاری بێ وەفا بریندارە دڵ و گیانم بە نووکی تیری موژگانت بەسم بێ ئەم برینانەم دەخیل دەستم بە دامانت تەبەڕڕا بم لە دینی مستەفا گەر پێت بکەم باوەڕ بە وێنەی ئاگر و ئاوی، دەقیقە نیتە ئامانت هەتا کەی دوورپەرێزی کەی، خودا هەڵناگرێ بەس بێ شەو و ڕۆژێ بسووتێ دڵ لەتاوی دەردی هیجرانت برینداری خەدەنگی تیری غەمزەی خۆت بلاوێنە وەفای بۆ خوا ڕۆژێ بپرسە چۆنە زامانت دیواری عومرمە مائیل، وەکوو عەقڵم بووە زائیل پەرێشانخاتیرن هەردوو وەکوو زوڵفی پەرێشانت کەمێکە تیلی چاوانت، ئەگەرچی لێت نەبۆتە عەیب خواخوامە دیسان دەستی شکایە خۆزگە مامانت ئەگەر ویجدانت بێ حەققم ئەدەیتێ چونکی ئەو وەختەم ڕووناکە نووری چاوانم کە چاوم بێ لە چاوانت لەجیاتی ئەم هەموو جەورەی لە دەستی تۆوە چێشتوومە هەتا ماوم بە جان و دڵ موتیعی ئەمر و فەرمانت دەوای دەردی دڵی عورفی تەبیبی لێوی ئاڵت بێ بە ماچێکی دوو لیمۆت چۆن نەبێ موحتاجی دەرمانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەوانم وا دڵی گرتووم سەبووریت جەوانم وا دڵی گرتووم سەبووریت هەتا کەی من هەر بناڵم لە دووریت نەخۆم تەفرە بە لوتفی پەنج و دوو ڕۆژ ئەزانم ئاخری لێشم ئەبووریت ئەزانی دەرد و بۆ چی لێم ئەپرسی کە بۆچ وا زەرد بووە گۆنایی سووریت هەموو دونیام لە لا بۆشە بەقوربان ئەگەر ڕۆژێ ببینم ڕوویی حۆریت بە دەستی جەورەوە گەر ببینێ حاڵم لەناو غەم مامم و تۆیش دائیم مەسرووریت ئەزانی کێ منی کردە شیعە مەزهەبی ساحەی سەر جەبینت، بەردە مۆریت خوا خوامە جەوانم تاکوو ماوی لە دونیادا بەخۆشی ڕابوێریت نیازت ڕەحمە بۆ حاڵی منی زار لە عەزرەت چاوی تۆ نەمرم لە دووریت کە وا بوو تاکوو ماوی ناوێ دەر کە - - - - - - - - - - یت کڵاوێکی بەڕەحمەت بوو لە سەر کە گوناهم چی بوو با لێشم ببووریت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرێشانە دڵم بەخوا بەدەستی داو و تەزویرت پەرێشانە دڵم بەخوا بەدەستی داو و تەزویرت چ فکرێکت هەیە قوربان بفەرموو ڕای و تەدبیرت فەقیرە، بێکەسە، مەزڵوومە، توخوا وازی لێ بێنە ئیتر بەس بێ، بکە خێرێ لەڕێگەی باو و باپیرت گوناهی چی بوو، نازانم خۆ هیچ کەعبە نەڕووخاوە هەتاکەی هەر بمێنێ دڵ ئەسیری بەندی زنجیرت تۆوە دائیم مەزرەعەی غەم تا بچێنی بۆ منی مەزڵووم منیش بێ جەبر و تەکلیف ئەی عەزیزم ئەبمە ئاوێرت ئەوەندەی من تەعریفی قەد و باڵات ئەکەم ئاخۆ بووە مەعلووم کە دڵگیری وەیاخۆ بۆتە دڵگیرت پەشێوە شێوەی خورشید و ماه شێوەت تەماشا کەن پەشیمانی ئەکێشن ماه و خۆر گەر بێنە تەعبیرت چ شێخێکە ئەوەی تۆی وا نەسێحەت کرد بۆ ئەم غەدرە بەسە دەس هەڵگرە سۆفی بە حەققی حەزرەتی پیرت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاکوو کەی ڕیسوا بین ئەی کوردی بێچارە و هەژار تاکوو کەی ڕیسوا بین ئەی کوردی بێچارە و هەژار دەستەئەژنۆ دابنیشین دەردەدار و لێو بەبار تاکوو کەی هەروا بمێنین - - - - - - - ئاخۆ دێ ڕۆژێ ببینم نەگبەتی بەرتان بدا چاوت بگڵۆفە درەنگە کاکی خۆم هەڵسە لە خەو زووبەزوو خەرمانت شەن کە تێپەڕی وەختی درەو زۆر دەمێکە دەردەدار و بێکەسە دایکی وەتەن ڕۆڵەکانی غیرەتێ هەڵسن بچن چارەی بکەن حەیفە دایکێ کوڕ لە باوەشیا بەخێو کا پێ گرێ پێگەیی وەختێ لەجێی چاکە نقورچی لێ گرێ بالفعل دایکت ئەبینی وا لە ماڵێ ڕووت و قووت کۆرپەکانی ئاخۆ توخوا غیرەتت ڕۆژێ بزووت ڕاستت پێ بێژم بەکار نایە حەدیسی ما و مەن خاکی پاکت هەڵسە ڕزگار کە لە دەستی ئەهریمەن ئارەزووتان بێ لە ئادارا نەمێنێ هیچ نیفاق یەک وجوود و یەک دڵ و یەک ڕوویە بۆ ئیتیفاق کێتان ئاگاتان لە کێیە قەومەکەت زۆر برسییە سەعی و کۆششتان درۆیە غایە بۆ سەر کورسییە شەرق و غەرب کەوتوونە کەشفی ماه و خۆر جەددی سەما تازە نەوجوانانی ئێمە وان لەدەوری ئەلف و با ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنت پیرۆز بێ بە دڵێکی خۆشی سەبارەت: بۆ جەژنی قوربان موقابیل بۆ هەندێ دۆستان جەژنت پیرۆز بێ بە دڵێکی خۆشی شەرابی عەیشی و سەفا بنۆشی ئیمڕۆ ڕۆژەکەی جەژنی قوربانە ڕۆژی شادییە و دەس لە ملانە با یەکتر بکەین گەردەنازادیی نەوەک ڕوو بدا لەپڕ جودایی برا ئەتەوێ بەڕاستی بژین تێرتێر دوو لێوی یەکتر بمژین ئەمە قانوونی جەژنی قوربانە لە بەینا ئیتر دڵگیر نەمانە تا لە کارایە دەورانی فەڵەک وەک برا بژین بگرین دەستی یەک برام خێراکە هەتا فرسەتە بڕۆن بۆ لای یەک دەستە بە دەستە ئەمجا دەی ساقی پڕ کە جامی مەی بەیادی جاران لێوە پەیاپەی موتریب تۆیش خێرا بە نەڕەی کارنەی کێ ئەزانێ سەبرم کەی بووە کەی کەی لێ دە دەخیلە بێ ترس و بێباک بام ئەم حەسرەتە نەبەینە ژێر خاک لێ دە موقابیل گەردن بلوورێ چۆن جەژن بێ پێک بۆت هەڵئەسوڕێ لەو شەرابەی وا بێ دورد و سافە بەوێنەی گۆنای کەنیشکەجافە بەیانی جەژن پێش وەقتی سەڵا لێ دە جامی مەی عیللەت لا ئەبا ئەووەڵ ڕۆژ لێ دە شەرابی گوڵڕەنگ تاکوو لە جەژنا نەمێنێ دڵتەنگ نەوەک شەرابێ بدا سەرخۆشی بەجارێ دونیا و دینت بفرۆشی لەو شەرابە بێ کە وا ڕەنگ ئاڵە بە هەر چوار مەزەب نۆشی حەڵاڵە هەموو دۆستێکم جەژنە پیرۆزی پیرۆز بێ یاخوا لە گشت ئازیزی عورفی بێ چارەیش لە کونجی خەڵوەت بمێنێ دائیم بۆ دەرد و میحنەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەتاوی عەشقی نەوجوانانە وا تەرکی دیارم کرد لەتاوی عەشقی نەوجوانانە وا تەرکی دیارم کرد سەبەب ناچارییە وا کونجی خەڵوەت ئیختیارم کرد بەسە بولبول مەناڵە، ناڵە بۆت نابەخشێ تەئسیرێ منیش وەک تۆ بۆ گوڵڕوویێ دەمێکە ئینتیزارم کرد هەتاکوو ئێستە نەمزانی بەری داری عەشق تاڵە لە بێعەقڵیمەوە بێ تەجروبە وا زەهری مارم کرد لەتاو دەردی فیراق شەرتە ئیتر شەرتم بچێتە سەر لە بازاڕی عەشق لادەم، ئەوا قەول و قەرارم کرد هەرچیم بوو سەرف کرا یەکجار لەڕێگەی عەشقبازیدا دڵ و دین مابوو لام تەنها ئەویش قوربانی یارم کرد نفووزی فکر و هۆشم بوو کە سەرفی ڕووی جوانان کەم ڕەواجی سککەی قەڵبە و لە سەرمایەشی خەسارم کرد ڕەقیبم تیری تانە گەر بهاوێژێتە سەر فەردم حەواڵەی جووتە جووتە و تەرسەکەی کابرای بەهارم کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوێ گرە لەم گفتوگۆیەم ئەی گەلی بێداری کورد گوێ گرە لەم گفتوگۆیەم ئەی گەلی بێداری کورد تاکوو حاڵی بی لە ئەوزاعی زەمان دەرباری کورد ناڵەی کورد وا گەیشتە مونتەهای ئەوجی فەلەک نەمدی فریا کەوتوویە ڕۆژێ بەدەم هاواری کورد کورد ئەبێ تاکەی بناڵێنێ بە ئێش و دەردەوە کوا پزیشکێ چارە سازێ بۆ دەوای زاماری کورد مەسڵەحەت وایە بمێنێ میللەتی کورد بێتەماع تاکوو ئاڵۆز بێ بەجارێ شۆڕشی بازاڕی کورد کوانێ ساحێب هیممەتێ، ئەی کۆمەڵی ئەمن و ئەمان غیرەتی هەڵسێ، قسەی خێری بکا دەرباری کورد هەروەکوو غەیر فەرموو، تەجهیزی دەمێ بۆ تەجروبە ڕۆژی خۆی ئەمجا ئەبینێ قووەت و کرداری کورد تەفرەقە لاچێ لەبەینا دەس بخاتە دەستی یەک ئەیبینێ ئەو وەختە چۆنە هەڵمەتی تەیاری کورد مووی مەردی لێت ڕوا بێ، نابی لایەنگری غەیر دەک خواگرتوو بێ هەرکەس بیەوێ ئازاری کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێ بوو شێت و شەیدای بولبولێ بووم دەمێ بوو شێت و شەیدای بولبولێ بووم شەو و ڕۆژ عاشقی ڕوویی گوڵێ بووم لە عەشقی ڕووی جوانی غونچەیی گوڵ ئەڕۆیشتم لەسەر ئەم چڵ بۆ ئەو چڵ شەو و ڕۆژم بە ئاوازێکی زۆر جوان دڵی پیر و جەوانانم ئەلەرزان بە ئوممێدی ویساڵی قەترەیە ئاو هەتا وەختی سەحەر خەو نەچووە ناو چاو شەوێکی تا سوبەینێ پاسەوان بووم بە دائیم چاوەڕوانی بەربەیان بووم کە وەختێ خونچە ئەو ئاوە ئەڕێژێ بە ئامالی بگەم زارم بیچێژێ لە دونیا بێ خەبەر پاش نیوەیی شەو کە چووبووە هەردوو چاوم هێرشی خەو لە زاری غونچەوە ئەو قەترە ئاوە بەسەر بەرگ و لق و پۆیا ڕژاوە لە تاوانا سەری خۆمدا بە بەردا بە هەر دوو پێ چەپۆکمدا بەسەردا زەمانم وا ژیانم چون فەنا بوو هەموو ڕەنجم بەجارێ گشت بە با چوو بە ئاه و دەردی حەسرەت، چاوی گریان فڕیم ڕووم کردە سارا و بیابان لە بێ عەهدی و وەفایی غونچەیی گوڵ ئەڕۆیشتم بە شەو مەنزڵ بە مەنزڵ لەسەر شاخێ لەناو باخێکی گیرسام قەدەر هات و بە داوای ڕاوی گیرام ئیتر دونیام بەجارێ لێ بوو تاریک خزامە جێگەیێکی تەنگ و باریک عەزیزم تۆیش وەکوو بولبول زەبوونی ئەسیری ئەو گوڵەی دونیایی دوونی نەتیجەی کاکی خۆم دەورانی ناپاک وەکوو ئەو بولبولە ئەتخاتە ژێر خاک کە وا بوو تاکوو ماوی ناوێ دەر کە کڵاوێکی بە ڕەحمەت بوو لەسەر کە هەزارێکی وەکو تۆی هێشت و خستی ئەمە بوو ئاخری دونیاپەرەستی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆچ ئیتر نەگریم لە داخا من شەو و ڕۆژ زار زار سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی مەولانا خالید بۆچ ئیتر نەگریم لە داخا من شەو و ڕۆژ زارزار بۆ دڵەی پڕ حەسرەت و دوورکەوتەیی یار و دیار چۆن نەبارێنێ دوو چاو ئەسرین وەکوو هەوری بەهار روز عید است و ما نومید از دیدار یار عالمی در عیش و نوش و ما دو چشم اشکبار وێڵی کێوان بم وەکوو مەجنوون لەناو دار و دەوەن تاقەتی ژینم نەماوە بەسمە بۆم ببڕن کەفەن تۆ خوا یاران ئەمە عومرە خوا داویە بە مەن هر کسی با یار در عیش و گلستانست و من اشک سر خم شد کنار از داغ هجران لاله زار ئاه ئاه چی بکەم لە دەستی بێوەفای چەرخی بۆلەند موددەتی عومرم لە خۆم خێرم نەدی غەیری گەزەند کەس هەیە ئاخۆ لە دونیادا وەکو من دەردمەند بینراو دل پر از نار و غریب مستمند دست بر دل سر بزانو چشم در ره دلفگار چیم لە دونیا دیوە خۆشی من بە غەیری دەردی سەر موددەتی عومرم لە باغی مەقسەدم نەمدی سەمەر دەفتەری ژینم تەماشا کە کە چیم هاتووە بە سەر «سینه سوزان دل فروزان کوچه کوچه دربدر کس مبادا همچو من آواره از یار و دیار» گەر هەڵم واسن بە دارا شەرتە پێم خۆشە بە دڵ دەستم هەڵنەگرم وەتەن تا ئەمبەنە ژێر خاک و گڵ غەیر لە دووری تۆیە بۆیە هێندە وا ئەگریم بە کوڵ «بکره جویی شد ز چشمانم روان از خون دل عاقبت کردم دوا داغ فراق سر چنار» حەقمە تا ماوم لە دونیادا بکێشم ئاهی سەرد دەستەئەژنۆ دانیشم خاترپەرێشان ڕەنگ زەرد لەم جوانی عومرەدا ئاوارەیی کێوان و هەرد «خالد ا گر نیستی دیوانه و صحرانورد تو کجا و کابل و غزنین و خاک قندهار» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەوری ڕەحمەت گەر ببارێنێ لەجێی باران گوهەر هەوری ڕەحمەت گەر ببارێنێ لەجێی باران گوهەر قەترەیەکی ناڕژێتە مەزرەعەی ئەهلی هونەر بارَکَ الله ئەی فەلەک میزانی عەدلت وا ئەبێ ئەوجی باڵا بگرێ جاهیل، ئەهلی عیلمیش دەربەدەر دەوڵەتی دونیا بە عەقڵ و مەعریفەت دەس ناکەوێ ئەهلی عیرفان کەی دەستی کەوت لوقمەیە بێ دەردیسەر هۆشدارانی حەقیقەت وا لە دەس جەوری فەلەک بۆ نیشانەی تیری جاهیل سینەیان بۆتە سوپەر دەک خوا بیبڕێ لە ژینی وا خودا داویە بە من موددەتی عومرم لە خۆم خێرم نەدی غەیری زەرەر چونکە بێکەس بووم نەبووە کەس لێم بپرسێ وەزعی حاڵ دادی من پرسێ مەگەر ڕۆژی قیامەت دادگەر حاڵی بووم لەم ئاخری عومرە نەما بۆم مەرجەعێ ئەی فەلەک کۆستت کەوێ! بۆ کوێ بڕۆم؟ أینَ المَفَر؟ عورفی تا ماوی ئەمان قەت نەکەی قەتعی ئومێد لوتفی خوا زۆرە کە بەر عەفووی کەوی وەختی سەفەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەحەر هەستام لە خەو بیستم کە ئیمڕۆ ڕۆژی نەورۆزە سەبارەت: بۆ نەورۆزی ساڵی ١٩٦٠ وتراوە سەحەر هەستام لە خەو بیستم کە ئیمڕۆ ڕۆژی نەورۆزە شیعاری کوردە لای یەکتر بڕۆن بۆ جەژنەپیرۆزە برای شیرینی کورد ئیمڕۆ کە وا ڕۆژێکی دڵڕوونە کە ڕۆژی ڕەزمی کاوە بەزمی سەرتەختی فەرەیدوونە هەوایی جەیشی نەورۆزە شکانی لەشکری زستان بەرەودووی نا بەجارێ بەفری سەر کێوان هەتا کەیوان کە خاڵخاڵ کەوتە سەر بەفری سەری ئەو کێو و کۆسارە ئەڵێی خاڵی سەری گۆنای کەنیشکە کوردی نازدارە لە هاڕەهاڕی لافاو و لە گرمەی کوورە شێوانە سەما کەوتە سەما ئیمڕۆ بەجارێ دەم بە گریانە بەهارە ڕۆژی نەورۆزە بڵێ ڕۆژی ژیان و ژین گوڵی غونچەی لەگەڵ بولبول ببەستن با گرێی کابین نەمامانی نەژادی کورد مەوەستن دەس لەناو دەس کەن لە باغی سینەدا نارنج و لیمۆی گوڵبەدەم دەرخەن لە نەقشی غونچەیی گۆنای کچانی قەدنەمامانی هەزارانی وەکوو مانی ئەکەونە دەست و دامانی لە جوانیدا بەهای ڕووی ئەو کچە کوردە کەمەرچینە شکستی نرخی بازاڕی جەماڵی دڵبەری چینە شکا بازاڕی شەرمی گوڵ حەیای چوو نێرگسی شەهلا گوڵی باغی ئیرەم ئەمجا لە داخانا هەنسک هەڵدا گوڵاڵەی سووری سەر گۆنایی ئەم جۆرە جەوانانە لە سەرچاوەی دڵم ئەڕژێتە خوار خوێنی جگەرمانە نەمامانی بەرەی باخی نەژادی کوردە سەرچۆپە دەسا ساقی قەدەح پڕ کە، بەسە تۆبە لەدەس تۆبە بە خوێناوی جگەر بوو غونچەیی گوڵزاری کورد گەش بوو لە خۆشیانا وەرە بمبینە وا ڕیشی سپیم ڕەش بوو عێراقی خۆشەویستی من بەهۆی ئەم ڕۆژە پیرۆزە ئومێدمان وایە سەرحەدمان بگاتە خاکی فەرمۆزە هەموو ساڵێ بە خۆشی ڕوو بدا جەژنی نەوەی کوردان منی پیریش لە گۆشەی حەسرەتا غەمبار و سەرگەردان نەمامی باغی نەوجوانیم بەسەر چوو غونچە بێبەر ما وەکوو فەرهاد بە ناچاری قوڵنگێ دەم بەسەر سەرما لەسەر نەورۆز و جوانانی وەتەن ئەشعارت بەم تەرزە «مەلا» دەرکەوت کە بیری نیشتیمانت دیارە زۆر بەرزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوێ لە شەوان لە نیوەی شەوا دەردی بولبولێکی بێچارە و ئاخری عومری شەوێ لە شەوان لە نیوەی شەوا چاو و دڵ و گیان هەر سێ لە خەوا چاوم هەڵبڕی کە دیم بولبولێ ئەیناڵان لە بێوەفایی گوڵێ لە دەنگی ناڵەی ڕاپەڕیم لە خەو نەمزانی ڕۆژ بوو وەیا نیوە شەو ئەیلاوانەوە بە دڵێکی غەمناک ناڵەی دەروونی گەییشتە ئەفلاک جارجار بە خەندە جارجار بە گریان وەک باوکمردە بەدڵ ئەیناڵان خۆم نەگرت هەستام چووم بە لایەوە سەلامێکم کرد جوابی دایەوە لێم پرسی بولبول چی وا ڕووی داوە شین و گرینت وا هێند بەتاوە بزانم چییە بانگ و هاوارە بە تیری زەهری کێ بریندارە جوابی دامەوە بە قوڵپی گریان چیم بەسەر هاتووە لە جەوری دەوران گوێم لێ ڕابگرە لە وەعزی زەمان لەدەس زەمانی بێ ئەمن و ئەمان شەو و ڕۆژ لەتاو عەشقی ڕوویی گوڵ ئەسووڕامەوە لەم چڵ بۆ ئەو چڵ وەقتی غرووری تافی جوانی لەسەر پەل ئەمخوێند بە کامەرانی بە دەوری گوڵا ئەخولامەوە وەکوو پەروانە ئەسووڕامەوە وەخت بەهار بوو گوڵ و گوڵزار بوو شاخ و داخ و دەشت گشت لالەزار بوو غونچە نەکراوە منیش ساڵەوەخت ئەسووڕامەوە بە وەخت و بێ وەخت لە عەشقی غونچەی گوڵی نەوبەهار نەغمەی داودیم هێنابووە کار سەرخۆشی بادەی ڕۆژی ئەلەست بووم لە عەشقی ڕووی گوڵ دایم سەرمەست بووم نەمزانی خوا نەگبەتی بێنێ سوار لەسەر زین زوو ئەگلێنێ ئاخری بەهار لە گەرمی هاوین ڕووم کردە چیای قەندیل و بازین ڕامبوارد هەتاکوو وەختی پاییز هاتمەوە بۆ لای یارەکەی ئازیز کە دیم لە گوڵم ئەسەر نەماوە وەک وێرانەماڵ هەمووی ڕووخاوە ئەو گوڵەی کە دیم ئەووەڵی بەهار لە گەرمی هاوین بۆتە خەس و خار پەشێوە ڕووی گوڵ وەک من شێواوە بەرگ و لق و پۆپ گشت پەرش و بڵاوە ڕووی سووری شەفەق وەقتی بەیانیان گۆڕاوە هەر وەک زەردەی ئێواران ئەو بەرگەی هەر وەک تارا پۆشی بوو لە جەوری پاییز هەمووی وەری بوو بەدڵ بەتەمای دەم لەسەر دەم بووم لەجێی دەم لە دەم دوچاری غەم بووم ئەمە بوو خۆشی ژیان و ژینم سەبەب ئەوەیە ناڵە و حەزینم جواب بۆ گوڵ بولبولی جوانم هیچ خەفەت مەخۆ لە بەدبەختی خۆت مەبە ڕەنجەڕۆ منیش عاشقی گوڵەندامێ بووم دووچاری چاوی ئەبلەفامێ بووم ئارامم نەبوو ساتێ بەبێ ئەو دەور و خولم بوو بە ڕۆژ و بە شەو کە زانی قووەی جارانم نەما تاقەتی بەزمی جارانم نەما ڕووی لێ وەرگێرام بەبێ بەهانە ئەوەیە عەهد و وەفای ئەمانە دەرچوو لە دەستم یارەکەی گیانیم پیری شکاندی پشتی جوانیم لە دەستی پیری بووم زار و زەبوون قامەت خەمیدە وەکوو حەرفی نوون ئێستەیش ڕۆڕۆمەن هەموو بەیانی ئای بۆ جوانی ئای بۆ جوانی بێزارن لە من ئێستاکە یاران بوومە نیشانەی تانەی بەد کاران کە وا بوو بولبول هەردوو هاودەردین هەردووکمان وەک یەک هەناسەسەردین هەردوو سەر بنێین بە ژێرخاکەوە بە دڵی پڕ جەور و بە غەمناکەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر دەردم بزانێ دوور لە ڕووی تۆ ئاه چ بەربادم ئەگەر دەردم بزانێ، دوور لە ڕووی تۆ ئاه چ بەربادم مەگەر ڕۆژی قیامەت لێت بسێنێ دادگەر دادم بەبێ شوعلەی جەمالت گیرەوەی دەستی غەم و دەردم کە ڕووی تۆ ببینم ئەوساتە لە زنجیری غەم ئازادم نەسیحەت مایەی ئازادییە، میحنەت ئەبێ زائیل لە جوانان خۆت بپارێزە وەهای فەرمووبوو ئوستادم ئەگەر عومرێ وەها بێ تیا نەبینم ژینی بێ ژان بێ برادەر تاکوو ماوم شەرتە من لەم عومرە ناشادم لەڕووی نادانی بوو ڕووی تۆم موقابیل ماه و پەروین کرد غەڵەت بووم جاهیلم لێممەگرە قوربان فەرموو ئیرشادم ئەمان مردم بەتەنهایی کە تەنها بۆ خوایە و بەس خەفەتبارم بە شەو تا ڕۆژ لە دەردی داد و بێدادم خەرابەی خانەیی جسمم لەسەر ئەمرۆز و فەردایە ئیتر حاجەت نەما بنکەن بکەن دیوارێ بۆ بنیادم کە تۆ دوور بی لە ئەربابی فەساحەت فکرت هەڵنەگرێ حەسادەت بۆچ ئەبەی ئەی بێهونەر بە تەبعی خودادادم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی وەتەن ڕۆحی ڕەوانم قۆچەکەی قوربانتم سەبارەت: بۆ وەتەن و بێ وەفایی نەوەکانی ئەی وەتەن ڕۆحی ڕەوانم قۆچەکەی قوربانتم سەر لێ شێواو، دڵ سووتاوی دەردی بێ دەرمانتم ئاه چ دەردێکە ئەچێژم ئەی وەتەن بۆ حاڵی تۆ ئەشکی چاوی من دەلیلە ڕۆژ و شەو گریانتم بۆ برینی دەردی دڵ بەس بگری ئەی دایکی وەتەن مەمسووتێنە جانفیدای ئێشەکەی زامانتم ناڵەی قەهری دەروونم ئاسمانی گرتە بەر سۆزی دڵ بۆ ڕۆڵەکانی بێ سەر و سامانتم ئەی وەتەن دایکی هەزاران تاجدار و ئەنبیا کەسێ لەوان فریا نەکەوتووی بێکەسی و تاوانتم دەردی بێ ئاوی بکێشی تا گوڵی ئەرزی وەتەن ئەی فریشتە چاوەڕوانی قەترەیە بارانتم موشکیلە دەس هەڵگرم لێت خاکی شیرینی وەتەن ئاخری عومریش ئەسیری خاکەکەی سەیوانتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بکوژرێم گەر بە زەهری ماری ئەرقەم بکوژرێم گەر بە زەهری ماری ئەرقەم بەبێ تۆ من نامەوێ ئاوی زەمزەم ئەکەم گیانم فیدای خاڵێکی هیندووت ئەگەر لوتفت ببێ جار جار و دەم دەم چ خۆشە شەو لە جێگەی نەرم و گەرما هەتا وەختی سەحەر دەم بێ لەناو دەم لە بەدبەختیمە وا باغی دڵی من درەختی نایەتە بەرهەم لەبەر غەم بەڕاستی نامەوێ هیچ کەس ببینێ جەمالت غەیرە مەحرەم، غەیری مەحرەم دڵا گەر ڕێکەوێ بدداتێ ماچێ قەناعەت کە لە زۆر زۆر و لە کەم کەم لە هەوری میحنەت و هیجرایە پوور بوو لە خانەی سینەما ما تەم لەبەر تەم مەلەی ناو ئاوی نەوجوانان ببینن لە سەر تا خوار ئەبێ پڕ چەم لە پەرچەم برادەر عەرزت کەم بڕوا بکە بە خوا لە حەققم گەر بدوێی ئەتکەم بە ئەبکەم بە بێدینم مەزانە هەی لە دین دوور خودا خۆی عالمە و دانا و ئەعلەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا نەڕێژی ئەشکی حەسرەت دیدەیی گریانی غەم تا نەڕێژی ئەشکی حەسرەت دیدەیی گریانی غەم کەی لە حاڵی زاری من حاڵی ئەبن یارانی غەم مەزرەعەی غەم دەردی بێئاوی ئەکێشێ بۆ خوا دەست و بردێ دابڕێژە هەوری غەم بارانی غەم ڕۆڵەی غەم شەو کە دێ جێم ناهێڵێ تاکوو سەحەر دەک خوایا بۆم بهێڵی کۆرپەی نەوجوانی غەم شاهی غەم غەمخوارمە، غەمخۆری عیجزی حاڵمە چۆن نەبم مەمنوونی لوتفی حەزرەتی سوڵتانی غەم هەر لە بوونی ئادەم و حەواوە تاکوو عەسری حاڵ کەس بووە حاڵی لە گێژی بەحری بێپایانی غەم کۆمەڵی ڕێی حەقپەرەستی جەمعی وای بۆ هاتووە گیرەوەی زیندانی عەشق و من لەنێو زیندانی غەم تاکوو ماوە ئەم دوو سێ ڕۆژە لە ئەییامی عومر مەسڵەحەت وایە کە ڕابوێری لەگەڵ دەورانی غەم گەردشی چەرخی فەلەک ڕۆژی ئەزەل وا هاتووە ڕۆح و ماڵت سەرف بکەی بۆ مەجلیسی دیوانی غەم وا ئەزانم وەختی چوونت چاترت دەس ناکەوێ جێگەی خۆشتر لە قەبری گردەکەی سەیوانی غەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەیفە بێ تۆ ئارەزووی چەشمەی کەوسەر بکەم حەیفە بێ تۆ ئارەزووی چەشمەی کەوسەر بکەم گەر بکەم دڵ موستەجابی زەڕبەیی نەشتەر بکەم دوێنێ ڕابووردوی، نیگاهت کرد بە گۆشەی چاوەکەت کافرم گەر بەو نیگاهەت کافر ئەر باوەڕ نەکەم کونجی خەڵوەت گرتن و سەحرانشینیم تا بە کەی؟ ساقیا جامێ بدە تا تەرکی هەر دوو سەر بکەم پەنج و دوو ڕۆژێکە عومر و عاقیبەت هەر مردنە بۆ چی حەسرەتکێش بمێنم خوێشم ئاخر شەڕ بکەم عەشقبازی و تەرکی بۆ ئێمە، ئیتر زۆر موشکیلە تاکوو ماوم شەرتە هەر مەیلی قەدی دولبەر بکەم ئەی مەلا تەخمیسی کە ئەم نەزمە بۆ تۆیە خیتاب تێکی بشکێنە سەراپا تاکوو پێت باوەڕ بکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوا ئەو زاڵمە بگرێ دوچاری مەرحەلەی کردم خوا ئەو زاڵمە بگرێ دوچاری مەرحەلەی کردم لە جوملەی ساڵحانا بووم و بەناحەق چۆن تەرەی کردم لەدیوانی جەزادا، با گوناهی من لە ئەستۆی بێ کە چاوی مەستی بوو، مەستی سوراحی و جامی مەی کردم دەمێ بوو گۆشەی خەڵوەت مەقامی جێنشینم بوو لەجێی کونجی عیبادەت وا دووچاری ساز و نەی کردم لە موددەی عومری خۆم هەرچەندە حەرفێکم نەزانیبوو وەلی ئایەی سەری گۆنای بوو فێری ئەلف و بێی کردم غەم و عەشق و فیراق و بێوەفاییی یاری ناهەموار کە شێوەی ئەرغەوانی ڕووم، بە زەردی ڕەنگی بەی کردم دەمێ بوو پاسەوانی میوەی باغی جەمالی بووم شوکور پێکهات دڵم ئەمجارە هاتوو و نۆبەرەی کردم جوانی چوو، بەسەر چوو عەشقبازی و لافی دڵداری کە چی تازە تەمەننای وادەی ئیمڕۆ و سوبەی کردم مەقامی عەیش، بارانی بەهاری سەبزی و خوڕڕەم بوو کە چی بەختی منیش وا هات حەواڵەی فەسڵی دەی کردم لە کونجی خەڵوەتا بێ غائیلە شاهانە ڕام ئەبوارد خودایا ئەو کەسە بگرێ دووچاری ئای و وەی کردم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی غەمی دڵدارە کە وا عاجز و پەستم دەردی غەمی دڵدارە کە وا عاجز و پەستم وەرنێ بە بڵندی وەکوو لووتکەی ئەڤەرستم ئەو شۆخە کە هاوسوحبەتی ئەییامی غەمم بوو داغی جگەرم بۆ چی لەپڕ دەرچوو لەدەستم غائیب لە دوو دیدە، وەرە سەربانی دوو دیدەم بێ دیدەنی تۆیە شەو و ڕۆژ بادەپەرەستم تەئسیری فیراقت منی خستۆتە خەیاڵی لەو ڕۆژەوە ئەترسم کە بڕۆم بت بپەرەستم ئەی یار بزانە سەبەبی مات و مەلوولیم دووریی تۆیە غەمبارە بە دائیم دڵی پەستم ڕازی بە قەزا، جەوری ڕەقیب تانەی ئەغیار بێدیدەنی دیدارتە وەڵڵاهی مەبەستم خۆزگە لە دووچاوی منەوە ڕووی خۆت ئەبینی ئەوساتە ئەبی حاڵی کە بۆچ سەرخۆش و مەستم من بووم لە ئەزەل هەمنەفەسی مەجلیسی ڕەندان مەستی قەدەحی بادەخۆریی ڕۆژی ئەلەستم عورفی سەرت وا دیارە لەگوێ قەبرە ئەلەرزێ عومرم بە حەسابی سەری ساڵ سێ یەک و شەستم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە من کوردێکی ئیسلامم لەژێر ئەم خاکەدا مردووم سەبارەت: درێژەی شیعری دەوامی سەر وەفا بوونم نیشانەی حەددی زاتم بوو کە من کوردێکی ئیسلامم لەژێر ئەم خاکەدا مردووم لە سایەی دینی غەڕڕاوە بە مردووم تێمەگە زیندووم لەلاێی ئەحمەدم جەدد و لەلایێ شای نەقشبەندی فیدای ئەووەڵ، سەنای دووهەم، غوڵامی دەرگەهی هەر دووم دەمێ ساڵە لەژێر باری گوناها قەید و مەحکوومم لە بەندیخانەیی دونیا بەجارێ وا شکور بەربووم خودایی حاکمی عەدڵ و محەمەد شافیعی موزنیب لەسەر جەیشی بەهەشتانا قوماندارێکی سەر ئوردووم عەمارەتگاهی دیوانی وجوودم سایەکەی دینە لەسەر ئایینی ئیسلامم لە زومرەی --- دە و دووم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر وا بێ هەتا سەر لە فەلەک خێرێ نەبینم گەر وا بێ هەتا سەر لە فەلەک خێرێ نەبینم ئەوا بە خوا ئیتر حەقمە ئەگەر چاوم بگریێنم چیم دیوە؟ بە چی بم؟ بە چی بووم و بۆ چی هاتووم؟ دونیایە لەلام هیچە، نەما تاقەتی ژینم سووتاوە هەموو عەزوێ لەناو خانەیی سینە ناکولێتەوە وریا بە نەدەی دەس لە برینم ناکەم گلە هەرگیز لە کەم ئەوزاعی ئەگەرچی سەرپۆشی سەرم بۆتە سەما فەرشە زەمینم - - - - - - - - - - - - - - ئەم دەردە سەبەب بوو شەو و ڕۆژ خانەنشینم وەڵڵاهی بەدەم ناڵەی شەو ئاهی سەحەرگاه زووخاو ئەڕژێنم وەرە بڕوانە سەرینم بۆ من نەبووە ڕەحمی ئەبەد چەرخی بەد ئەخلاق مەغدوورییەتی تیا بێ بەڵێ لەولایە ئەمێنم شەوگاری خەزان دوور و درێژ یار و ئەنیسم کۆرپەی غەمە یا ڕەببی نەکەی مەرگی ببینم تا دەوری فەلەک وا بێ، بە کامی ئەم و ئەو بێ وەڵڵاهی منیش گۆشەنشین مات و حەزینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتاکەی گۆشەگیری خەڵوەت و خۆم تووشی سەودا کەم هەتاکەی گۆشەگیری خەڵوەت و خۆم تووشی سەودا کەم لە بازاڕی عەشقدا شۆڕشی ئەمجارە بەرپا کەم یەهوودی مەزهەبێکە وا منی خستۆتە بەحری غەم بە هیچ جۆرێ لەناو ئەم گێژی بەحرە ڕێگە دەرناکەم خەیاڵی شەوقی ڕووی نەیهێشتووە حەرفێ لە سینەمدا لەمەولا سەرلەنوێ وا چاکە تەدریسی ئەلفبا کەم لە دەست ئەم کافرە جێگام لە سەر ئەرزا نەما ناچار وەکوو عیسا بەرەو ڕووی ئاسمانی چوارەمین ڕاکەم بە کام وەعدە و وەعیدی ئەم خواگرتووە بکەم باوەڕ مەگەر ئەستۆی لە پاداشا حەوالەی تیغی مەولا کەم لەلای دولبەرم بێزارە لێم، لای ڕەقیب دڵشاد سەرم سوڕ ماوە لەم وەزعەم، لەلای کێ عەرزی شەکوا کەم کە وا یارم زویر بێ تاقەتی جەریشی نەبێ ناچار دڵ و دین و عەقڵ ماوە ئەویش ئەمجا بەرەڵڵا کەم موحیبەت ماڵی وێران بێ بە جارێ تێکەڵی خوێن بوو بە ناچاری لەگەڵ ئەم دەردە دەبێ تا سەر مودارا کەم ئەگەر دەرد و غەمێ دیومە بەجارێ بیخەمە تەحریر ئەبێ دیسانەوە من دەفتەرێکی تازە ئینشا کەم خودایا دەستگیرم بی لە زومرەی ساڵحانت بم نَعَم بێژم بە تەنهاییت خودا حاشا کە حاشا کەم لەبەر قاپی کەرەمتا هەڵتروشکاوم وەکوو عورفی خودایا نەمکوژی تا ڕوو لە قاپی شاهی لەولا کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانانی خاڵ و میل ڕشتوو وەکوو مینای بێگەردن جوانانی خاڵ و میل ڕشتوو وەکوو مینای بێگەردن موقابیل عاشقی بێچارە زۆر حەیفە کە نامەردن موحیبەت بوو بە ئەکسیری بەجارێ تێکەڵی خوێن بوو لە دڵ دەرناچێ عەشقی ئەم جەوانانە هەتا مردن ئەیا بولبول وەکوو من ناڵەکەت نابەخشێ تەئسیری وەها دەرکەوت کە ئاوازی من و تۆ هەردوو هاوفەردن لە دەردم گەر بزانێ لێی ئەزانێ کێ دڵی بردووم دوو چاوی کاڵ و لێوی ئاڵ لەوانەی خاس مووزەردن لەگەڵ جوانان مەدە ڕەنج دەستەمۆ نابن بەهیچ جۆرێ ئەوەند سرکن بەعەینی وەک غەزالەی دەشتەکی و هەردن لەڕووی جوانان مەخۆ تەفرە ئەگەر مەقسەد نەبێ حاسڵ بەشێوەی حوسنی خۆیان زۆر ئەنازن بۆیە دڵبەردن سەبووری بێ و گەر غەم بێ هەمووی دەردەسەرە عورفی غەمی یار و سەبر، هەردوو ئەمێنێ تا وەکوو مردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانانی خاڵ و میل ڕشتوو کەوێکی ناو کەژ و هەردن جوانانی خاڵ و میل ڕشتوو کەوێکی ناو کەژ و هەردن لە بۆ ڕاوی ئەمانە عاشقان سەییادی بنبەردن ئەیا بولبول تۆ مەفتوونی گوڵێکی، من گوڵ ئەندامێ کە ئاوازی من و تۆ هەردوو یەک ئاوازی هاودەردن وەفا کەی بووە لە لای جوانان هەتاکوو چاوەڕوانی بن جوانان هەرچەند شیرین بن و لاکین حەیفە دڵبەردن نەخۆشیی زەردوویی زۆر دوورە لە لالە، تەحەییوور مام چییە عیللەت کە ئەم لالەڕووخانە بۆ چی ڕەنگ زەردن جوانم، ئەم هەموو قەهەرەی لە دەستی تۆوە چێشتوومە بەخوای عالەم لەبیرم ناچێ تاکوو سەعاتی مردن دڵا هەرچەندە ڕووکرژن لە ئارادا ڕەقیب لاچێ جەمالی ڕووی جوانان هەروەکوو ئاوێنەی بێگەردن ئەمە چ شتێکی مەعلوومە درشتی عەیبە بۆ جوانان فەقەت یاری من و تۆ ئەی برادەر هەردوو خاڵ وردن ئەیا عورفی ئەوەت زانیوە وەسڵی یار مویەسسەر بێ هەموو دەردێ لە دڵ ئەڕوا لە وەختی دەس لە مل کردن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوور پەرێزن لێم ئەمێستە کۆمەڵی یارانی من دوور پەرێزن لێم ئەمێستە کۆمەڵی یارانی من بێ سەبەب تەرکی ئەفەرموون سوحبەتی جارانی من تیری هیجرانە جگەرگاهی ژیانی پارە کرد موشکیلە چارەی برین و دەردی بێدەرمانی من دڵ ئەسیری دەرد و یاری بێوەفاش لێم عاجزە نائومێد و زویرە لێم جانی من و جانانی من دەردی دووری یار و دائیم شەونشینی ئینتیزار تا سەحەر بێدارە بەخوا چاوی پڕ گریانی من شەو هەتا وەختی سەحەر بێ یار و غەم یاوەر بووە ئاه چ ئاڵۆزە بە دەستی جەورەوە دەورانی من مەستی بادەی ئاخری عومرم، جوانیش چوو لە دەس بۆیە ئێستە خاڵی ماوە جامی سەر لێوانی من وا لەناو گێژ و شەپۆلی غەم دڵی بێچارەکەم غەرقی خوێناوی جگەرمە تا بە ئاو دامانی من تاکوو ئەم نیوەحەیاتەم ماوە ڕەحمێ بۆ خوا بۆ شەوێک تەشریف بهێنە خانەیی وێرانی من یار و یاوەر لێم بە دوور کەوتن لە ناڵەناڵی شەو بۆیە دائیم دڵحەزینن مەجلیسی دیوانی من هەر کە ئێوارە ببێ تاقی برۆت میحرابمە ناکرێ بێ غائیلە بۆم نوێژێکی شێوانی من مالامالە خانەیی سینەم لەبەر دەردی فیراق کاسەیی کەیلم بە کەیلە پوڕ لە غەم پێوانی من دەردی پیری وەزعی کەم ئەوزاعی بۆم بۆتە سەبەب بێ سەر و سامانە فکری بێ سەر و سامانی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بەندیخانەیی دەرد و غەما تا کەی نەزارەم کەن سەبارەت: شەوێک لە داخی دەروونەوە لە بەندیخانەیی دەرد و غەما تا کەی نەزارەم کەن دەخیل ئامان لەڕێی خوادا وەرن ئەمجارە چارەم کەن فەلەک کۆستت کەوێ یاخوا بڕووخێ تاق و ئەیوانت بەبێ سووچ و گونەه بۆ سور کنی ئەم خاک و شارەم کەن هەزارانی تەڵاق دا سێ بە سێ ئەم پیرە فەرتووتە خورووی دانامرێ هێشتا ئەڵێ دووبارە مارەم کەن بە حیلە دەستەمۆ نابم مەگەر شەمعی ڕوخی دەرخەن بەوێنەی تەیری ناو لانە بە شەو تووشی شەوارەم کەن نەوەک تووشی نەخۆشی بێ، ڕجام وایە لە ئێوە من نەک دەرمانی دەردی چاوی ئەو یارە قەنارەم کەن هەتا کەی دەردی هیجرانم گوناهی من ئەبێ چی بێ بەسە تاقەت نەما بەس تووشی ئەم دەرد و مەرارەم کەن سوتا خانەی سەبووریم و کڵوکۆی دامرا سینەم عیلاجی دەردەکەم یاخۆ لەڕێی خوادا ئیدارەم کەن بە ڕەغمی ئەم هەموو قەهرەی لە دەس ئەو یارە چێشتوومە دەس هەڵناگرم هەتا ماوم بە خەنجەر پارە پارەم کەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا کەی گیرەوەی بەحری بەڵا بین هەتا کەی گیرەوەی بەحری بەڵا بین بەدەس جەور و جەفاوە موبتەلا بین بەهای تاڵێکی زوڵفت ئەی نیگارم ئەبەد نادەم بە موڵکی چین و ماچین حەیایان چوو ئیتر چاو هەڵبهێنن موقابیل ڕووت کە هەڵبێ ماه و پەروین برینی زاری قەندت کاریگەر بوو تەماتە تازە ئێمە ڕوو لە چا بین مەحاڵە ڕووت ببینم جارەکی تر مەگەر وەختێ لە ئەوقاتی خەوا بین کە خێرێکی نەدی عومرم لە خۆشی لەگەڵ غەم با ببەستین عەقدی کابین خوا هەڵناگرێ جانا بەسی بێ دوچاری دەردی هیجری بێدەوا بین من و تۆ عورفی ئەمجارە لەمەو لا ئیتر با ڕوو لەڕێی قاپی خوا بین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەوامی سەر وەفا بوونم نیشانەی حەددی زاتم بوو دەوامی سەر وەفا بوونم نیشانەی حەددی زاتم بوو نەزەر فەرموونی دڵدارم لەجێی مووچە و بەراتم بوو برینی کۆنی سینەم بوو سەری هەڵدایەوە ئیمڕۆ تەبیبی ڕووی کە دەرکەوت حمد الله زوو نەجاتم بوو جوانم شوهرەت و شێوەت کە کەوتە ساحەیی عالەم هەزار لەعنەت لە خاچ و دوو هەزار لەعنەت لە لاتم بوو ڕەقیبم پێی گوتم یار قەسدی کوشتنتە درۆی فەرموو کە چی زەهری دەسی یارم لەجێی نوقڵ و نەباتم بوو جەماڵی ڕووی وەکوو مانگی شەوی چواردە لە کەل دەرهات لە سایەی ئەو جەماڵەی بوو لە بەندی غەم نەجاتم بوو لە غەیری جەور و بێدادی چ خێرێکم لە عومرم دی موقابیل ئەم هەموو غەدرەی بزانن چۆن سوباتم بوو هەزاران تیری تانەم دی لە تابووری موژەی باری بەڵێ پێم خۆش بوو ئەم تیرانە جێی هەیە خەڵاتم بوو چرای ڕووی بوو شەوێ نیوەی مەهی پێش ڕۆژە بۆم دەرکەوت شکور پێک هات دڵم قوربان کە وا ئیمشەو بەراتم بوو ئەزەل وا هاتووە دائیم ئەبێ شادی لەگەڵ غەم بێ کە زەهری دایە سەرفیترە جنێویشی زەکاتم بوو بە دەستی نازکی ئەو شەربەتەی ئەمجارە چەشتوومە عەجایب نابێ گەر نەمرم ئەمە ئاوی حەیاتم بوو جەنابی حەزرەتی - - وەسیەت بێ لە ئێستاوە کە تەڵقینم لەسەر قەبرم بدەی ڕۆژی مەماتم بوو لەدوای تەڵقین ڕجایە ئەم دوو سێ شیعرەم تەماشا کەن لە دونیادا هەتا مابووم ئەمە زات و سیفاتم بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبەب نامیهرەبانی حەزرەتی جانانەیە ئیمشەو سەبەب نامیهرەبانی حەزرەتی جانانەیە ئیمشەو کە شاری شۆڕشی سینەم وەکوو وێرانەیە ئیمشەو لە شوعلەی نووری ڕووی یارە دڵ ئارام ناگرێ ساتێ بەدەوری شەمعی ڕوویا هەروەکوو پەروانەیە ئیمشەو بەبێ جورم و جینایەت ئەم دڵی بێچارەیە بۆ چی؟ بە کۆتی دەست و پێ بەسراوی بەندیخانەیە ئیمشەو بەهاری غونچەیی گوڵزاری ڕووی جانانە باعیس بوو بەبێ سەبر و قەرار، دڵ ئارەزووی مەیخانەیە ئیمشەو لە کێوی بێستوونا دێ سەدایی گریەیی فەرهاد لە شۆری عەشقی شیرینی وەکوو دێوانەیە ئیمشەو دەمێکە مەزرەعەی بەختم ئەکێشێ دەردی بێ ئاوی شکور وا دەوری حەڵقەی مەه لەسەر خەرمانەیە ئیمشەو دەماغت زائیلە عورفی ئەبینم جوملە ئەشعارت لە لاوی لاچووە شێوەی لەسەر پیرانەیە ئیمشەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەچی ڕەنجێ کە کێشام ئاخری کارم نەدامەت بوو هەچی ڕەنجێ کە کێشام ئاخری کارم نەدامەت بوو تەریقەی گۆشەگیریم گرت ئەمە ڕێگەی سەلامەت بوو غەڵەت بووم پێم نەزانی بوو پەشیمانی ئەبێ حاسڵ دڵی بێچارە ناحەق ئینتیزاری پەیک و نامەت بوو بەڵا بوو یاخۆ باڵا بوو بە دڵ زۆرم سەرنج داوە تەواو حاڵی نەبووم ئێستەیش کە قامەت یا قیامەت بوو کە شمشێری برۆی کێشا بەجارێ تاک و جووت وەستا لە ڕێگەی عەشقدا بۆ کوشتنی ئێمە عەلامەت بوو مودەڕیس حەقیەتی سوجدە بباتە بەر جەماڵی ڕووی کە دی ئەو جووتە ئەبرۆی تاقی میحرابی ئیمامەت بوو گەهێ قیبلەی پەرەستی، گەه ئەبەستێ ڕوشتەیی زوننار لە ئیعتیقاد و ئایینا سەرم سووڕماوە کامەت بوو بەسە عورفی بەسی بێ پەیڕەوی جوانان ئیتر مەگرە لە عەشقا کار و باری تۆ نەتیجەی هەر نەدامەت بوو پەرێشانە کەلامت شێوەیی شیعرت پەشێواوە دیسان سەد بارک الله بۆت ئەمە نووسینی خامەت بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستی ئەمەلت کورت و لقی نەخلی تەمەع قووچ سەبارەت: دەرحەق شەخسێک دەستی ئەمەلت کورت و لقی نەخلی تەمەع قووچ بەم پیرییە کەوتوویتە خەیاڵاتی پڕ و پووچ دونیایە هەزاری وەکوو تۆی کوشت و فڕێ دا جێی عەجەب و تەکەبوور نییە وریا بە نەدەی پووچ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برا هەر چۆنێ بێ دەورانی ناپاک برا هەر چۆنێ بێ دەورانی ناپاک بە ناچاریت ئەبا ئەتخاتە ژێر خاک لە دەستی مەرگ خەلاسیت نابێ هەرگیز ئەگر شوێنت بگاتە ئەوجی ئەفلاک وەرە بۆ تەجروبە سەر دینی ئێمە لەڕێی حەق گرتنا هیچ نابی غەمناک بە زاری و شینەوە هەڵسە درەنگە بفەرموو ڕوو لە قاپی شاهی لەولاک گوناهێ کە کردووتە لە دونیا لە کۆڵت دائەماڵێ گشتی سەرپاک وەرە ناو کۆڕی یاران و حەریفان بە دەستووری ئەوان بێ ترس و بێ باک ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گردەکەی سەیوان مەڵبەندی جوانان سەبارەت: شیوەن بۆ مامۆستا ڕەفیق حیلمی گردەکەی سەیوان مەڵبەندی جوانان خانەی ئاخری گشت نەونەمامان لەلات میوانن لە پیر و لە جوان حورمەتیان بگرە بە دڵ و بە گیان ئەو ئەرخەوانەی کە لێت ڕواوە بە ئاوی خوێنی جگەر تێراوە دەمێ ئەپۆشێ ڕەنگێکی سووری دەمێ بە سەوزی تارا ئەگۆڕی ئاخری تارای زەردی ئەپۆشی شەرابی خوێنی جگەر ئەنۆشی ڕەنگی سوور گۆنای نەوجەوانانە سەوزی نیشانەی تەعزیەدارانە ڕەنگی زەردییەکەت پاییز نیشانە لە دووری ئازیز گەڵاڕێزانە گەڵا زەردەکەت لێی هەڵئەوەرێ لە خوێنی دڵە پەڕەی جگەرێ دیسان بەی فەڵەک چەرخی بێوەفا خەجاڵەتباری بارەگای خودا یارێ لە یارێ دوور ئەخەیتەوە برینی کۆنە تازە کەیتەوە چەرخی نابەکار هەر غەزەب بێنێ ناودارێ لەدەس کوردان بسێنێ قەڵەم دەخیلتم خێرا ئازانە مێژووی وەفاتی حیلمی بزانە قەڵەم هاتە جواب بە قوڵپی گریان بە پیتی ئەبجەد هێنایە مەیدان بە لاوانەوە بە لای لایەوە مێژووی وەفاتی وا هێنایەوە یاری باوەفای گیانی گیانیم ڕۆ کوردی نەوجوانی کوردستانیم ڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کونجی سینە دێ دائیم بەکوڵ ناڵەی حەزینی دڵ لە کونجی سینە دێ دائیم بەکوڵ ناڵەی حەزینی دڵ بەسەر چوو موددەتی عومری نەما ئوممێدی ژینی دڵ جەوانم، مەرحەمەت فەرموو مەهاوێژە تیا پەنجە دەخیل وریا بە با نەکولێتەوە توخوا برینی دڵ لەبەر لافاوی ئەسرینی دوو چاوی پڕ لە گریانم لە سەرتاسەر بەجارێ غەرقی خوێناوە جەبینی دڵ بە شەو لەجیاتی خەو چاوم تەماشا کە چ هەڵڕێژێ بە زووخاو ڕەش بووە بەستەر لەژێر سەردا سەرینی دڵ کە من لام گوڵشەنی جەننەت وەکوو کوڵخانی دۆزەخ بێ ئیتر چی بێنێتە بەرهەم لە گوڵ ڕێحان زەمینی دڵ دڵی بۆ ڕاگری ئەسراری سینەم بوو ئەویشم چوو لە کوێ کوا مەحرەمێ تا بۆی بەیان کەم من نهێنی دڵ لە حەسرەت چینی ئەگریجەت لە پێچی پەچەیی ڕووتا وەکوو چینی سەری زوڵفت بووە دیوار و چینی دڵ دڵێکی فەقر و بێچارە، بچێژێ ئەم هەموو دەردە بەبێ عیللەت نییە ڕۆژ و شەوی ناڵە و گرینی دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوربان جەژنەکەی قوربانەن ئیمڕۆ قوربان جەژنەکەی قوربانەن ئیمڕۆ ڕۆژی قوربانی قوربانەن ئیمڕۆ نیگای مەرحەمەت پەی دەردەداران پەرێ زامی دڵ دەرمانەن ئیمڕۆ لافاوی دەردی دووری نەوخاڵان سەرچاوەی چاوم سەیلانەن ئیمڕۆ جەژنەکەی قوربان پەی ئازادییەن نۆرەی وەسڵەکەی یارانەن ئیمڕۆ سەرگۆنای ئاڵی ڕووی نەوجەوانان فێنکی دڵەی پیرانەن ئیمڕۆ عەفوی گوناهان لەڕووی مەرحەمەت قوربان ئینتیزار فەرمانەن ئیمڕۆ بە گیانت قەسەم لەجێی قوربانی دەم وە دەم سیەهخاڵانەن ئیمڕۆ عەفوو یا کوشتن نەماندەن تاقەت هەر دوو پەرێ من ئیحسانەن ئیمڕۆ لە جەوری دەستی دەوری نابەکار مەشغووڵی دەورەی دەورانەن ئیمڕۆ لەلایێ بەزمە لەلایێ زرمە شین و شەپۆڕی باوانەن ئیمڕۆ چەند وردەخاڵی نەونەمامی نەو سەرلێشێواوی زەمانەن ئیمڕۆ تیرەکەی ئەجەل پەی کیای گیانیان دوور ەوتووی قەوم و خوێشانەن ئیمڕۆ یاران لە دووری باڵای ئازیزان گشتی بێ تاب و تاوانەن ئیمڕۆ زۆرخانەی بە کەس بێکەس مایەوە وەک تاقی کیسرا وێرانەن ئیمڕۆ زۆر باڵای جوانی بە ئاڵا وێنە ژێر خاکی سیا پەنهانەن ئیمڕۆ جووتە دڵداری یەک نەگەیشتوو لەیەک دوورکەوتووی نەمانەن ئیمڕۆ عارفی بێکەس کەس لێی نەپرسی مەردەن نەمەردەن یا مانەن ئیمڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دووری قەدد و باڵاتە پەرێشان خاترم ئیمڕۆ لە دووری قەدد و باڵاتە پەرێشان خاترم ئیمڕۆ لەتاوی دەردی هیجرانە غوڵامی ساغیرم ئیمڕۆ لەبی مەیگوونی تۆ بوو وا منی خستۆتە ئەم فیکرە لەناو جەمعی ئەدیبانا شکور وا شاعیرم ئیمڕۆ خەیاڵی خاڵی ڕووی تۆ بوو کە دەرسی عیلمی فێر کردم لە ئەبحاسی علوومی ئەنجوما وا ماهیرم ئیمڕۆ وەکو غەیرم خوا گەر نیعمەتێ لایق نەبینێ بۆم بە دوو خەپلە و قومێ ئاو حمد اللە شاکیرم ئیمڕۆ نەبینی زاهیرم، لێشم مەکەوەرە شوبهەیی ناحەق لە خوا ناسین و ئایینا بە حەق من تاهیرم ئیمڕۆ کە غایەی من لەسەر عەشقی حەقیقەت بێ نییە باکم خەجاڵەت مابێ بەدئەفکار لە فکری عاتیرم ئیمڕۆ کە من پشت و پەناه و دەسگرم سەرداری عالەم بێ لە قەبرا بێشکە حازرجوابی مونکیرم ئیمڕۆ ئەیا عورفی هەتا ماوی لە ئایین لا نەدەی هەرگیز حەسوودانم سیەه ڕوو بن لە فکر و باوەڕم ئیمڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پایبەندی کردووم زوڵفانی تێک ئاڵاوی تۆ پایبەندی کردووم زوڵفانی تێک ئاڵاوی تۆ چۆن جگەرمی پارە کردوە تیغی تازەساوی تۆ زەحمەتە ڕزگاری بێ جارێکی تر بێ موشکیلە تا قیامەت ئەو کەسانەی کەوتنە بەندی داوی تۆ چاوەکەم دەستم لە خۆم هەڵگرتووە لەو ڕۆژەوە سەرفی عومری خۆم بەجارێ کرد لەڕێی و پێناوی تۆ ڕێی خەڵاس بوون زەحمەتە نەیدیوە تا ئیمڕۆ کەسێ دەربچێ لەم ئاین و ئۆین و مەکر و بەندوباوی تۆ داوی زوڵفی تۆیە دڵ چوار مێخەیی کێشراوە با بمێنێ هەر لەنێو زنجیری پێ بەسراوی تۆ بەزری بەختم چەند وەشاندووە نایەتە بەرهەم ئەبەد تاکوو ئاو نەدرێ بەلێشاو مەزرەعەی کێڵاوی تۆ قەد نەکەی باوەڕ گلە ڕوویدا لەڕوویی جەهلەوە تاجی سەرمە چاوەکەم دڵگیر مەبە پێڵاوی تۆ چەند پەرۆشم ئەو شەوەی کەوتۆتە ناو بورجی مەحاق ڕەونەقی ڕووی وەک هیلال ئەو دەمەی شاراوی تۆ سەرو و عەرعەر قوڕ بپێون دانەوێنن ڕوویی شەرم گەر لەناو باغا ئەبینن قەددی چوون لاولاوی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر زەمانێ بێ تەئەممول بێتە سەر دەم ناوی تۆ هەر زەمانێ بێ تەئەممول بێتە سەر دەم ناوی تۆ دێتە بیرم پورتەوی ئەسپی بەلاغەت تاوی تۆ سەروەرا، بڕوا بفەرموو ڕەونەقی ڕووت بۆتە هۆی نوقتەیی نووری گلێنەی هەردوو چاوم چاوی تۆ پێچی پڕ پێچی کەمەندت دەست و پێی پێچاوە وا موشکیلە ڕزگاری نێچیرێ کە کەوتە داوی تۆ حوزنی دڵ زوو لا ئەچێ، هەم غەم بەجارێ لا ئەبا گفتوگۆی شیرینی پڕ قەندی تەڕ و پاراوی تۆ ماهی نەو شێوەی لە شمشێری برۆت وەرگرتووە تاکو پارێز کەن لە تیغی تیژی تازەساوی تۆ سەرو و عەرعەر قوڕ بپێون، دانەوێنن ڕوویی شەرم گەر لەناو باغا ببینن قەددی چون لاولاوی تۆ شەرتە شەرتی پیاو هەتا ماوم لە دیوانی وجوود سەرفی عومری خۆم بەجارێ کەم لە ڕێ و پێناوی تۆ قەد مەکە باوەڕ، گلە ڕوویدا لەڕوویی جەهلەوە تاجی سەرمە چاوەکەم دەیگرمە بەر پێڵاوی تۆ عومرتان بادا مەدام ئەی جانشینی پیری خاڵ عومری تۆ، عومری برای تۆ، عومری تازەلاوی تۆ ئەم دوو سێ شیعرەم لەلاتان با بمێنێ یادگار گەر ئەبینی ساڵێکی تر عارفی فەوتاوی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاه لەدەس جەوری فەڵەک ئەی وای لە چەرخی چەنبەری ئاه لەدەس جەوری فەڵەک ئەی وای لە چەرخی چەنبەری داد لە زوڵمی بێشوماری وەی لە حوکمی بەربەری بارک الله ئەی فەلەک میزانی عەدلت وا دەبێ ئەهلی دانش تحت الاقدام و لەسەر سەر سەرسەری با سەرەوژوور بێ ئەبێ ڕۆژێ سەرەوژێرت بکا نەک هەموو کەس لێی بزانێ ئیددعایی سەروەری تاقی کیسرا بۆ مەقامی شاهی عەدلە و ئێستەکەیش مار و مێروو جێنشینی شوێنی میللەتپەروەری با مەقامت سەر بکێشێتە فەزا و جەووی سەما یا بڵندتر بێ لە بورجی ماه و زوهرە و موشتەری یا لە کونجی خەڵوەتا خەڵوەتنوشین بێ ڕۆژ و شەو بۆ کەرامەت با بگەینە ڕوتبەیی پەیغەمبەری یەک بە یەک فەرق ناکرێ ڕۆژ و زەمانی خۆی کە هات گەر گەدایی بەر دەری، یاخۆ شەهەنشای خاوەری ئاخری دەستی ئەجەل ئەدڕێ گریبانی ژیان ژێری ئەو خاکەت ئەخا ئیمڕۆ بەسەریا تێپەڕی بۆچ ئیتر مەغروور ئەبی دەعیەی فەلاتوون لێ ئەدەی؟ ئاخری کارت ئەسیری ژێری دوو گەز چادری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برام گوێ بگرە لەم پەندەم کە لەم پەندانە تێبین کەی برام گوێ بگرە لەم پەندەم کە لەم پەندانە تێبین کەی ئیتر با موددەتێکیش چی ئەبێ بەحسی وەفا و دین کەی تەکەببور ئاخری مایەی فروومایە بە بەر دێنێ مەبە لووتبەرز و مەغروور خۆت موقابیل ماه و پەروین کەی ئەگەر ڕاستە بە دڵ عەهد و وەفای دۆستت بەجێ بێنی لەگەڵ دۆستی وەفاپیشە لە دڵ خاڵی درۆ و کین کەی ئەگەر سدق و سەلامەت پیشەیی ڕوویی حەقیقەت بێ لەلای یاران ئەبێ خۆت دائیمەن مەحبووب و شیرین کەی لە حەق هیچ کەس مەبە دووڕوو نەوەک هەر وەک گوتوویانە ڕەفێقی گورگ لەگەڵ مەڕ باڕەباڕ و گریە و شین کەی مەبە غافڵ کە دونیا پەنج و دوو ڕۆژە لەپڕ ناکاو مونادا بانگ ئەکا توێشووی سەفەر کە، ئەسپەکەت زین کەی بە دڵ ئیخلاسی دۆستانت لە گێژاوی بەڵا دەرچن بە عەینی مەعبەری دووکان و جوودت پردی نارین کەی ئەوا یاران هەموو ڕۆیین ئیتر وادەی من و تۆیە ئەمە ڕێی ڕاستە بەخوا بۆچ ئیتر ئینکاری ئایین کەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵا پێم خۆشە قوربانی قەد و باڵای نیگارێ بی دڵا پێم خۆشە قوربانی قەد و باڵای نیگارێ بی لە سایەی ئەو نیگارە تا لە جوملەی بەختیارێ بی چ خۆشە من کە سەییادی جەوانان بم لە چۆڵ و هەرد بە شەرتێ تۆیش لەناویانا غەزاڵەی ناو نزارێ بی بە جوانی خۆت مەنازە ئەی جەوانم بەسیە مەغرووری بەڵێ وا فەرز کرا غونچەی گوڵێکی نەوبەهارێ بی ئەکەم گیانم فیدای خاڵی سەری گۆنات بە جان و دڵ بە شەرتێ تۆیش هەتا ماوی لەسەر قەول و قەرارێ بی جەوانم خۆت بپارێزە لە ئاه و ناڵەیی سینە مەبادا خوانەخواستە بەر دوعایی دەردەدارێ بی نییە باکم هەموو ڕەنجم عەبەس بڕوا وەکوو فەرهاد بە شەرتێ هەروەکوو شیرین بە دڵ بۆم غەمگوسارێ بی نەما تاقەت لەژێر باری غەم و هیجرا ئیتر بۆ چی لەسەر ئەم باری هیجرانە دیسان تۆیش نیوەبارێ بی بە خاکی پات قەسەم یارا نیاز و مەقسەدی ئێمە وەهای پێخۆشە تا ماوی گوڵی غونچەی هەنارێ بی وەرە ئەسپی بەلاغەت لنگ بدە عورفی لە مەیدانا کە بەڵکی تۆیش لە ڕیزی شاعیرانا نیوەسوارێ بی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر چەندە کە پۆشیومە بەر و بەرگی گوناهی سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی شێخ ڕەزا هەر چەندە کە پۆشیومە بەر و بەرگی گوناهی چاوم هەموو ئەوقاتێ لەڕێی عەفوە ئیلاهی دەرحەق بە هەموو چارەوەران پشت و پەناهی ای ریزه خور خوان نوالت مه و ماهی جود چو وجودت ابد و لامتناهی مووی ڕەش لە سەر و ڕیش نەما گشتی سپی بوو پیری سەری شێواندووە لێم ڕەحمێ بفەرموو خۆت عالمی ئەسراری یەکم زانیوی نەک دوو بر نامهٔ اعمال سیاهم قلم عفو، برکش که بدل شد بسفیدیم سیاهی هەر چەندە کە بووم بەندەیەکی سەرکەش و عسیان شەرمەندەیی بەر بارەگەهت ڕووڕەشی دیوان لێم مەگرە خوایا بە حەقی ناڵەیی پیران بودم من اگر بنده از خواجه گریزان باز آمدم ای بندگیت دولت و شاهی من بەندەیەکم تابعی ئەمر و نەهی یەزدان کوا جێیەکی تر غەیری خودا ڕێگەیی ئاسان سۆزی دڵ و لافاوی بەخوڕ هاتوو لە چاوان این دیده گریانم و وین سینه بریان بر صدق سخن میدهم هر دو گواهی گر شاه شوم منزل من قصر جلال است در بدرقه روز و شبم اهل کمال است بر من همه گر ملک جهان جمله جلال است بردن شدن از ساخت ملک تو محال است عید توام از ملک توام خواهی نخواهی هیچ چارە نییە غەیری ئەمە خۆم خستە ئەمانت بم بەخشی ئەگەر ناڕووخێ هیچ کەون و مەکانت هیچ نەفسێ نییە، نابێ، بەلای شەوکەت و شانت بر عفو عقوبت بنود سود و زیانت این هر دو به پیش تو ساوین الهی عورفی کە بە زنجیری گوناهی بووە پابەند ئەمما چ گوناهانێ وەکوو کێوی دەماوەند مەحرەم نییە دیسان لە عەفو لوتفی خوداوەند صد بار امید است رضا را بتو هر چند سر تا قدمش غرق گناهست مناهی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ڕەفێقان هیممەتێ بۆ دەردی سینەم مەرهەمێ ئەی ڕەفێقان هیممەتێ بۆ دەردی سینەم مەرهەمێ تاکوو کەی تەنها لە کونجی حەسرەتا بم هەمدەمێ ئەی فەڵەک تاکەی بمێنم وێڵی سەحرا و چۆڵ و هەرد وەک وەلی دێوانە عاشق بم بە ڕوخساری شەمێ ئاخری بۆ کوێ بڕۆم چی بکەم لە دەستی جەیشی غەم هەر شەوێکم چەرخی گەردوون بۆم ببارێنێ غەمێ شاری سینە دائیمەن ئاشووبی غەم دایگرتووە نەمدی خۆشی لەم خەرابابادە غەیری ماتەمێ قودرەتێ بۆ دەفعی دێوی غەم لەسەر موڵکی وجوود بۆ خوا ئەی ئاسەفی موڵکی سولەیمان خاتەمێ تاکوو کەی وێران بێ موڵکی دڵ بەدەست پووری پەشەنگ بۆ شکستی پەنجەیی ئەم زاڵمە کوا ڕۆستەمێ کوا زەمانی تافی جوانیم قودرەتی پەنجەی هونەر ئاخری بەم پیرییە کەوتوومە داوی پەرچەمێ توشنە لەب بۆ چی بمێنم ئیلتیجام هێنایە بەر بابی عەدلت ئەی شفیع المذنبینم زەمزەمێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برادەر عەشقبازی و سەبووری گەر چی زەحمەت بێ برادەر عەشقبازی و سەبووری گەر چی زەحمەت بێ ئەبێ عاشق لەڕێگەی عەشقەوە دائیم بەهیممەت بێ نەکا خۆی موفلیسی بەر چاوی یاران و ڕەقیبانی وەها پیشان بدا دائیم بەوێنەی زەڕ بەقیمەت بێ مەدە گوێ تەعنەیی ئەغیار لە تیری تانەیی بەدکار لە بیرم دێ کە ئوستادم وەهای فەرموو بە ڕەحمەت بێ ئەگەر یاری دڵارامێ لە ڕێگەی عیشوە و نازا لە ڕووخۆشی و جەوانیدا بە ڕووحسووکی بلیمەت بێ ئیتر باکی نییە هەرگیز لە دونیادا هەتا ماوە دووچاری بیری تانەی ناحەز و لۆمە و مەلامەت بێ هەدەف بێ سینە بۆ تیری موژەی دڵداری هەر خۆشە بەڵێ یا هەرچی باداباد ئەگەر قەسدت موحیببەت بێ نەکا بەدعەهدی و سستی لە ڕێگەی عەشقبازیدا بەوێنەی شێر لە مەیدانا وەکوو ڕۆستەم بەهەڵمەت بێ لە شمشێری برۆی دڵدار ئەبێ پەروای نەبێ عاشق لە ساحەی عەشقبازیدا چییە با جەرگی لەتلەت بێ سەروماڵم ئەگەر بڕوا لەپێناویا نییە باکم لە گوڵزاری گوڵی ڕووی وەرگرم فرسەت غەنیمەت بێ بەڵێ ئەشعاری عورفی سافە وەک ئاوێنەی ڕووی یار ئەبێ پێی ئیعتراف بکرێ ئەگەر نەختێ حەمییەت بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بریندارم بە شمشێری برۆی شۆخێکی نازدارێ سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی کوردی بریندارم بە شمشێری برۆی شۆخێکی نازدارێ چ نازدارێکی غەددارێ خودایا بەردی لێ بارێ نەبوو لەم عەسرەدا فریاکەوێ یاری وەفادارێ «ئەمان مردم عیلاجێ سا لەڕێی پێغەمبەرا چارێ ویساڵ یا قەتڵ یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ» لە کوورەی ناری هیجرانا بمێنم هەر وەها تا کەی لە دونیادا نەبوو ڕۆژێ بە دڵخۆشی بکەم ئۆخەی گڕم تێبەر بووە سینەم ئەناڵێنێ بەوێنەی نەی «وەها سووتاوم ئەسڵا تابی فەریادم نەما سادەی ڕەفێقان نیوەسووتن ئێوە نامەرد عەرزە هاوارێ» دڵا چەندم نەسحەت کردی بەس خۆت تووش و ڕیسوا کە ئەگەر سەد ساڵ لەسەر یەک چاوەڕوانی بی چ دەرباکە ببینە چیم بەسەرهاتوە لەدەس ئەم چەرخی ئەفلاکە «لەژێر باری غەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە فیراقی یار ل بەر ئاخرشەڕی لێم بۆتە سەربارێ» لە دەوری چەرخی گەردوون و لە دەست ئەعماڵەکەی دوونی لە حەسرەت دووری ڕووی لەیلا لەتاوی دەردی مەجنوونی بە زنجیری جەفا پێچراوە قابیل نابێ بەربوونی «لە کونجی سینە دەنگی ئای و وای دڵ دێ بە مەحزوونی وێران بێ نەمدی ساتێ لێی نەیێ ناڵەی بریندارێ» جگەرسۆزێکی وەک تۆ بەم زووانە بۆ هەواڵت دێت لە ڕێگەی هاتوچۆدا وا دیارە چاوەڕوانت بێت دڵە حاڵی بکە چاکە بزانێ تاکوو شوێن و جێت «سەبا یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من ئەپرسن لێت بڵێ کێشایە مەیخانە دوو چاوی بێچوەعەییارێ» برادەر وا مەبینە غونچەیی شیعرم بەرەو زەردی وەرە دیوانەکەم بینە ئەگەر زانایەکی وردی گەلێ شێوەی بە جوانتر دێ لە ئەشعاری ئەبی وەردی «دوڕ و یاقووت ئەبارێ لەم کەلامە شیرنەی کوردی درێغا کوا لە دونیادا قەدرزان و خریدارێ» ئەمان! مردم عیلاجێ، سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ ویسال یا قەتڵ یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فەریادم نەما سادەی ڕەفیقان نیوە سووتن، ئێوە نامەرد، عەرزە هاوارێ لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی وێران بێ، نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ ئەلای هەرکەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆچی ڕیسوا کرد؟ درێغ کوا حاڵ زانێ؟ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ لە ژێر باری خەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بوو بە سەربارێ لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەس بێ دەڵێ کافر ئەمە چیت دیگە؟ تۆ سەگ مەرگی کارم ماگە پێت جارێ سەبا! یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت بڵێ کێشاویەتە مەیخانە چاوی بێچووە عەییارێ دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی خوا سا کوا لە دنیادا قەدر زانێ، خەریدارێ؟ «کوردی» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاکوو کەی بێ دڵی من مەیلی بە دیداری تۆ بێ تاکوو کەی بێ دڵی من مەیلی بە دیداری تۆ بێ پایبەندی قەفەس و مورغی گرفتاری تۆ بێ دڵم هەر چەندە لە تۆ غەیری زەرەر خێری نەدی دەک ملی بشکێ دیسان گەر لەسەر ئازاری تۆ بێ منم هامسوحبەتی ئەییامی غەمت لوتفت لەگەڵ غەیر کەژ و کێوم وەتەنە گەر ئەمە کرداری تۆ بێ ئەی جوانی غەوری غەزەب ئەم غەزەبەت تاکەی بێ کەمەرم بەستەیی زنجیری سیەه ماری تۆ بێ خۆشە لام موفتەخیرم گەر دڵی من بێ شەو و ڕۆژ باغەوانی چەمەن و غونچەیی گوڵزاری تۆ بێ حەیفە سەد حەیفە دەوای دەرد و غەمی عەشق ئەزانێ چۆن نەخۆم غەم عەجەبا گەر ئەمە ئەفکاری تۆ بێ پڕ کە پیاڵە سەنەما زەهرە ئەگەر بینۆشم گەر قەدەح پوڕ لە مەی و بادەیی سەرشاری تۆ بێ کەی ڕەوای حەققە کە وا عورفی بێچارە فیدای سەرووی باڵای تۆ بێ، نوقتەیی پەڕگاری تۆ بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حاجی لەلاتان قەدر و قیمەت پارە بێ سەبارەت: سزای کابرایەکی برسی حاجی - - - لەلاتان قەدر و قیمەت پارە بێ پێش ئەوەی تێر لێی بخۆی یاخوا جگەرتان پارە بێ تووشی دەردێ بی لە ئەندامت جەراحەت بێتە خوار دوازدە ئاشگێڕی لێ دەرچێ وەکوو ئاوبارە بێ مامە حاجی پارە بەرزی کردوە سەرداری ئەوێ قەد نەبی سەردار نەسیبی تووشی ئەم سەردارە بێ جەژنی یەکساڵەی بەجێهێنانی بەزمی کاکەیی تاکوو ماوە خۆی و ئەهلی تووشی ئەم بازاڕە بێ پاشی فەوتی حەزرەتی حاجی لە قەبر و قیامەتا زۆر ئەمەلمە هەمنشینی دێوێکی پەتیارە بێ تێر نەخۆی لەو پارەیە حاجی لە خوا داوا ئەکەم دەست و پێت بەسراوی کۆت و گەردنت سێدارە بێ خۆت بە چاوی خۆت ببینی بەم زوانە حاجی گیان ماڵ و منداڵت نەسیبی شوێنەکەی ئەو خوارە بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ چارەیی چی بێ کە لەناو بەحری ستەم بێ دڵ چارەیی چی بێ کە لەناو بەحری ستەم بێ دووچاری جەفای جەیشی غەم و قەهر و ئەلەم بێ سەد خۆزگە کە عومرم وەکو غەم دوور و درێژ بێ یا عومری غەمم هەر وەکوو ئەم عومرە بە کەم بێ دڵداری خۆشە دیارە فەقەت شەرتی تیایە دڵ عاشقی ڕوویی سەنەمێ نەک بە سەنەم بێ باوەڕ نەکەی ئەسڵا بە کەسێ موددەتێ عومری هەر غایە و ئەفکاری شەو و ڕۆژی بە زەم بێ کوا ئەهلی وەفا غەیری درۆ و بوغز و حەسادەت ئینسانی بەد ئەفکار و حەسوود ڕەببی بەکەم بێ ئیخلاسی بە دڵ بێ نەکوو تەنها بە ڕواڵەت ئەو نەوعە کەسە موستەحەققی خاکی قەدەم بێ هەر شاعیرێ غایەی زەمی ناحەققە خەیاڵی دەستی قەڵەمی دابڕزێ ڕەببی قەڵەم بێ نەتبیستووە مەشهوورە برای خۆم کە سەگی هار چل ڕۆژە ئەڵێن عومری ئیتر بۆ چی پەلەم بێ ئەم پەنج و دوو ڕۆژەیشت وەرە بگرە سەبووری بەڵکی گوڵی گوڵزاری بە گوڵزاری ئیرەم بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی بێچارەکەم شایەد بە غافڵ دەسخەڕۆی تۆ بێ دڵە بێچارەکەم شایەد بە غافڵ دەسخەڕووی تۆ بێ دەری بکەم شەرتە نەیهێڵم لەسەر ئەخلاق و خووی تۆ بێ ئەبێ ئەشکی نەدامەت دابڕێژێ چاوی من دائیم ئەگەر نووری بینایی ئەو بە ئەمر و ئارەزووی تۆ بێ غوڵامی فکری بکری من نەوەی نابێ ڕەسەن بێنێ ئەگەر ئەو بەرهەمە ڕاستبێ بەری تۆوی نەوەی تۆ بێ کەمەندی پێچراوەی پێم لە پێم نابێتەوە هەرگیز ئەگەر ئەو بەستراوە بەستەیی زنجیری مووی تۆ بێ لەڕێی خوادا عیبادەت پیشەیی ئەییامی عومری بێ جەهەننەم جێگەیێتی ئەو کەسەی چاوی لە دووی تۆ بێ بە بێ جورم و جینایەت کوشتنی عاشق لە کوێ ڕوویدا نەبووە، نابێ لە دونیادا مەگەر ئەخلاقی زووی تۆ بێ بەڵێ دیارە کە بەدعەهدی لە زومڕەی نەوجەوانانە ئەویش بەدعەهدە ئەو جیلەی لە تۆ بێت و لەدووی تۆ بێ چەمەن گەر بیهەوێ تەشبیهی ڕووی تۆ کا موقابیل گوڵ خەجاڵەتبارە تا قیامەت ئەبێ مەحجووبی ڕووی تۆ بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵێ دائیم خەیاڵی سەرجەمی هەر ڕوویی لەیلا بێ دڵێ دائیم خەیاڵی سەرجەمی هەر ڕوویی لەیلا بێ بە ناچاری وەکوو مەجنوون ئەبێ هەر شێت و شەیدا بێ لەناو ئەهل و قەبیلەی، ئیختیاری دوورپەرێزی کا ڕەفێقی وەحشیان و وێڵی دەشت و چۆڵ و سەحرا بێ کەسێ ویستی لە ێناوی جوانان سەرفی عومری کا لەڕێی عەشقا هەتا ماوە ئەبێ مەهتووک و ڕیسوا بێ هەناسەی سەردی من پشکووتنی غونچەی گوڵی ڕووتە بەڵێ دەم کردنەوەی غونچە بەبێ بادی سەبا نابێ جوانم بەسیە مەهجووری خودا هەڵناگرێ تاکەی کە ئەشکی چاوی من تەشکیل بکا هەر ساعەتێ زابێ وەکوو من کەس هەیە ئاخۆ دووچاری دەرد و میحنەت بێ سەحەر هەستم غەمێکی تر لە بەختم سەرلەنوێ زابێ سەری زوڵفی جەماڵی ڕووی کە داپۆشی بەبێ شوبهە وەکو مانگی شەوی چواردە بە شەرتێ نیوە گیرا بێ لە شەرما دانەوێنی سەر بەدائیم دەستەئەژنۆ بێ لە ڕووی یارا گوڵی باغی ئیرەم نەختێ حەیای مابێ دیسان پێم خۆشە مەسروورم لە ئەوزاعی زەمان عورفی ئەگەر ئەو دڵبەرە ئەمڕۆ لەسەر عەهد و وەفا مابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە موبتەلایە دڵ بە حەڵقەی داو و زنجیرێ دەمێکە موبتەلایە دڵ بە حەڵقەی داو و زنجیرێ ڕەفێقان هیممەتێ، نامەردە، بۆم کەن ڕا و تەدبیرێ دڵێکم بوو خەبیری هۆش و فیکرم بوو ئەویشم چوو شکایەتنامەیەک خێرا بنووسە خامە تەحریرێ دەخیلە خۆی نەخاتە ئاگری ناو خانەیی سینەم مەبادا خوانەخواستە ڕوو بدا ئەمجارە تەقدیرێ پەرێشانم بە دەستی لەشکری غەم کوا مەدەدکارێ خوا وێرانی کا ئەم شارە تێیدا نەمدی دەسگیرێ حەسادەت بۆتە ئەسبابی دڵازاری بە ناحەق لێم خوا وێران بێ ئەم خانەی حەسوودانەم بە تەدمیرێ هەتا کەی تەفرەیی وادەی درۆی ئەمڕۆ و فەردای بم غەریق ماوم لەناو گێژاوی بەحری داو و تەزویرێ فیکر ڕۆیی نەما، زائیل بووە هاودەردێ نابینم بە دەنگ هاوارمەوە بێ بۆ خوا ئەم فیکرە تەنویرێ ئەزانی بۆ چی پێم ڕازی نییە دڵبەر وەهای فەرموو لەلایی پەهلوی جوانی ڕاکشێ تیرێ نەوەک پیرێ دڵی خەستەم کە چارەی دەردی نەکرێ لای ئەتیببایێ تەجەننون عیللەتە عورفی خێرا بینێرە لای پیرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەڵەک گەر بیدەوێ بۆ موددەتێ مەئموورت کا ڕۆژێ فەڵەک گەر بیدەوێ بۆ موددەتێ مەئموورت کا ڕۆژێ ئەبینی زۆری پێ ناچێ لەپڕ مەنفوورت کا ڕۆژێ شەرابی عەیشی دونیا کەی وەفای بۆ کەس بوو تا ئاخر ئەبینی عاقیبەت ئەی کاکی خۆم مەخموورت کا ڕۆژێ بە سەڕڕافی زەمان کەی ئیعتیمادی پێکراوە قەت لە خۆت تۆ بێ خەبەر وەقتی حساب مەغدوورت کا ڕۆژێ بە ناز و خۆشی ڕابوێری لەناو قەوم و گەل و خوێشا کە چی هیچ زۆری پێ ناچێ لە یاران دوورت کا ڕۆژێ ئەمە دونیایی دوونە کەی وەفای بردۆتە سەر تا سەر مەبە مەغروور هەتا ئاخر ئەگەر مەسروورت کا ڕۆژێ لەلای ئەهل و قەبیلەت موددەتێ هەرچەندە شیرین بی ئەبێ بۆ نیشی عالەم هەروەکوو زەنبوورت کا ڕۆژێ شکم پڕ فیتنە و ئاشووبی دەورانت هەتا کەی بێ وەها نامێنێ دەورێ دێ فەڵەک دەستوورت کا ڕۆژێ ئەگەر ئەهلی سەلامی ڕێی سەلاحەت بگرە تا مەولا وەکوو «خاڵ»ی بەڕەحمەت قەبرەکەی پڕ نوورت کا ڕۆژێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەلای کێ عەرزی شەکوا کەم چ دانایێ چ زانایێ لەلای کێ عەرزی شەکوا کەم چ دانایێ چ زانایێ لە داخانا لە سینەمدا نەما حەرفێ ئەلیف بایێ چ تەقدیرێکە ڕوویداوە زەمانە وەزعی گۆڕاوە چ عەسرێکی وەها شوومە پەشێواوە لە هەر لایێ نەماوە مەرجەعێ ئەوزاعی کەم وەزعم بکا تەدقیق دەهۆڵ ئەکوتم بە هەر دوو دەست کە چی دەنگێکی لێ نایێ لە ناڵەی هەور و لافاوە کە ئیمڕۆ ناگەڕێ جووتم لە بێ بارانییە وەستاوە ئاشم گرمەیی نایێ ئەبێ چەرخیش نەمابێ بۆی لەمەو لا قاعییدە و قانوون وەیا تەنها لە حاڵی من فەڵەک هەر چاوی هەڵنایێ بەڵێ لەم عەسرەدا فەرقی نییە بازاڕی زێڕ و زیو نەما قەدری قەدرزانێ بە قەدری دانەخورمایێ لە دونیا تێ بگەی یا تێ نەگەی هەردووکی یەک نرخە نەما فەرق و فرووقێکی چ کاڵایێ چ باڵایێ هەزارانی لەژێر خاکا ڕزانوە فیتنەیی دەوران ئەگەر تۆزێ حەیای مابێ بەسە هەر ڕۆژە زاوایێ ئەگەر مێژوو تەماشاکەی ئەزانی پێشڕەوت چۆن بوو لە کوێ ما شێری شێرئەفکەن لە هیچ لایێ سەدای نایێ بەسە تۆ خوا بەسە شەکوا لەدەس گەردوون بەبێ عەفوا کە گەردوون خۆی لە گەردانی غەم و قەهرایە دەرنایێ بکا چارەی منی بێچارە بەڵکە چارە سازم بێ نەمێنم با لەژێر دەستی بەڵای ئەعلایی ئەولایێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەمەو لاوە مەگەر باری قەزا بێ لەمەو لاوە مەگەر باری قەزا بێ دڵی من موبتەلای جەور و جەفا بێ گوناهی چی بوو ئەی شۆخی ستەمکار بە دەستی جەورەوە دڵ موبتەلا بێ ئەگەر مردم گوناهی من بە ئەستۆت حیسابی میحنەتم یوم الجزا بێ دەمێکە خۆم ئەپارێزم لە دڵبەر بڵێم چی گەر بەڵایی لابەلا بێ هەتا ماوم لە دونیادا لە حەققم ئەگەر چاکی نەکا چاکی کەوا بێ کە چووم چوونم نەهاتە تا قیامەت مەگەر گەردم بەدەم بادی سەبا بێ لە دونیادا نەبوو کەس لێم بپرسێ مەگەر دادم لە دیوانی خودا بێ لە ڕوویی مەرحەمەت ڕۆژێ ئەزانێ لە حاڵی من ئەگەر ساحێب وەفا بێ خەیاڵی شەوقی ڕووی مەستی نەکردم دەخیلە ساقیا زوو کە شەرابێ شەرابی ئاخری ڕۆژم بنۆشم ئیتر با دەرد و میحنەت ئینتیها بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەکە باوەڕ بەوەی پیشەی هەمیشە چەوت و دوو ڕوو بێ مەکە باوەڕ بەوەی پیشەی هەمیشە چەوت و دوو ڕوو بێ بە زاهیر ئەولیای وەخت و لە باتیندا وەکوو جوو بێ ئەجەلمان وا لە مەیدانا وەکوو پەروانە دەورانە لە خۆمان بێ خەبەر ناکاو لەگەڵمانا بەرەوڕوو بێ ئەجەل وەعدەی کە هات هەرگیز دەقیقەمۆڵەتێ نادا لەدەس ئەم زاڵمە ڕزگاری نابێ گەر ئەرەستوو بێ کە کۆچت کرد لە دونیا ا لەژێر خاکی سیا پەنهان ئەبێ ئەم لاشە جوانەی ئێمە توعمەی مار و مێروو بێ چ خێرێکم لە دونیا دی بە غەیری فیتنە و ئاشووب نەتیجە چوونە لەم دونیایە وا چاکە هەتا زوو بێ ئەوەی چاکەی لەدەس نایە خراپەی کردووە پیشە بەناو هەرچەندە زیندوو بێ بەڵام وای دانێ مردوو بێ برادەر چاکەیە عەدلە وەفایە هەر ئەمێنێ بۆت وەکوو نەوشیروان تاکوو قیامەت ناوی زیندوو بێ لە وەختی مردنا فەرقی نییە سەر تەختە یا خاکە لەژێرتا دۆشەکەت قوو بێ وەیا پەڕڕی پەرەستوو بێ بە هاش و هووش و تەزبێحی دوو سەد دانە مەکە باوەڕ گرەوبوردە کەسانێکە تەبیعەتبەرز و خۆشڕوو بێ هەموو کەس واجیبە بۆی بۆ سەفەر دواڕۆژی بەرچاو بێ بەپێی ئەعمالی موحتاجی بە چەند نانێکی تێشوو بێ جەنازەی داڕزاوی بێتە بەر چاوت چۆن ئەیزانی قوماندانێکی ئوردوویێ وەیا جوانێکی دڵجوو بێ بە حاڵی زوعفی عورفی وا مەزانە دوور لە یارانە تەنافی ڕشتەیی دینی دوو لەت نابێ ئەگەر موو بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەسێ داری نەژادی قیمەتی وەک دوڕڕ و گەوهەر بێ کەسێ داری نەژادی قیمەتی وەک دوڕڕ و گەوهەر بێ نەوەی ئەو گەوهەرەش تێراوی ئاوی حەوزی کەوسەر بێ نەوەک هەر جەژنی ئەمساڵی هەموو ساڵێ بە خۆشی بێ لە مەولامە ئیتر مەولا لە مەولای یار و یاوەر بێ کەسێ تەعریفی گوڵ کا گەر بە دڵسۆزی، مەکە شوبهە دەماغی گەر لە سایەی ئەو گوڵستانە موعەتتەر بێ بە زەردی تێمەگە زەردی ڕوخی سوورم کە ئەیبینی لە ئیکسیری مەزەی تەعریفە وا سەرپۆشی ئەخزەر بێ چ خۆشە داری نێژراوی بەدەس پیری بوخارا بێ هەموو ساڵێ بەرێ بگرێ بەری یاقووتی ئەحمەر بێ عەدووی ئەژداد و ئەحفادت لەلای من حەزرەتی - - بە کوێری دەستی لێ هەڵناگرم تاکوو کەڕ و کەر بێ لە تەعریفی گوڵ و ڕێحان هوزارێکی وەکو و عورفی عەجەب نابێ کە شێوەی تەبعی تامی شەهد و شەککەر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا کەی گیرەوەی بەحری گوناه بم تۆ خوا بەس بێ هەتا کەی گیرەوەی بەحری گوناه بم تۆ خوا بەس بێ سەگی دەرگاهی خۆتم ئەی ڕەئیسی ئەنبیا بەس بێ بە عاسیم تێمەگە خاکی بەری پێتم بە جان و دڵ قەبووڵم کە لەڕێی خوا ئەی موحیببی کبریا بەس بێ یەکەم زانیوە نەم کردۆتە دوو خۆی عالم الغیب ە ئیتر تۆبەم قەبووڵ کا ساحیبی ئەرز و سەما بەس بێ هەوای ناسازە وریابە بە سورعەت مەیخەرە جونبوش هەتا کەشتی نقوم نەبوە لەڕێی خوا ناخودا بەس بێ لە کوورەی دۆزەخی دونیا سوتا جەرگ و هەناوی دڵ هەوایی سازگارێ بێنە ئەی بادی سەبا بەس بێ تەنووری خانەیی سینەم هەڵی قرچان ڕەغیفی دڵ ئەوەندەی زۆر بەگەرمی دامەخە ئەی نانەوا بەس بێ جەنابی حەزرەتی ئاخون تەمەع خستووتیە فاک و فیک بەسە بەس بێ شەپۆڕ و شینی دەشتی کەربەلا بەس بێ هەتاکەی ئەی نەزانی زی خەبەر ئیغفالی عالەم کەی لەژێر پەردەی عیبادەت دەسبڕین ئەی نا مەلا بەس بێ بە زاهیر زاهیدی زوهد و بە باتیین گورگی مەڕخواردوو بەسە دەس هەڵگرە بێ خێر گوناهی ژێر عەبا بەس بێ بەسە ئەم قەومە جاهیلە بە حیلە هەڵفڕیواندن خودای عالەم خەبەردارە بەسە ئەی ڕووسیا بەس بێ ڕەفێقان وا هەموو ڕۆیین و ئێمە بۆ سەفەر ماوین وەرە ڕوو کەینە قاپی خوا ئیتر ئینکاری خوا بەس بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەر خەیاڵێکم بە سەد جەیشی جەفا پاماڵ ئەبێ سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعرێکی ڕەفیق حیلمی هەر خەیاڵێکم بە سەد جەیشی جەفا پاماڵ ئەبێ گەر ببینم نۆبەتێ دیداری دڵ خۆشحاڵ ئەبێ ماڵی وێرانم ڕەقیبی باعیسی ئیهمال ئەبێ «ماری زوڵفت نۆبەچی دەوری عەقیقی ئاڵ ئەبێ تیری موژگان پاسەوانی دەوری چاوی کاڵ ئەبێ» من کە واڵەی پڕتەوی شەمعی وەکوو پەروانە بم بەستەیی زنجیری مووی گێسوویی جانانە بم چۆن ئەبێ فارغ لە عەقڵ و فیکری بێ پەروا نەبم «من کە سەرمەستی سەفای ئەو نێرگسی مەستانە بم ئاگاداریم کەی لە داوی زوڵف و دانەی خاڵ ئەبێ» گەر چەمەن حوسنت ببینێ شەق لە سەرو و گوڵ ئەدا عەشقت ئاگر وا لە سینەی لالە و سونبول ئەدا وەختێ شانەی عەترئامێزت لەسەر کاکۆڵ ئەدا «ناز و عیشوەی دڵفریبانت فریوی دڵ ئەدا شەککەری گوفتاری تۆ ببیە مەسیحا لاڵ ئەبێ» دڵ وتی وەختێ کە ڕۆژی جەژنی پڕ مەسعوودی دی بێ سەبەب قەت عیشوە ناکا سەروی قەددی مووقەدی موشکیلە وەسفی جەماڵت بێتە غایەی سەرحەدی «دەستی ئەعجازی تەبیعەت چونکە خەتمە مەقسەدی دەفتەری حوسنت بە خەتی سەوزی لێو ئیکمال ئەبێ» موددەیە تالیع منی لەم کاری عەشقە ژێر ئەخست تا نەبوومە شاهی عوششاقان نەچوومە سەر تەخت خەرمەنی ئیقبالەکەی هێنامە ژێر باری بەخت «دامەنی توڕڕەی پەرێشانت لەسەر سەفحەی ڕوخت عوقدە بۆ حەللی تەلیسمت باعیسی ئەشکال ئەبێ» ڕەحمێ بەم مەجنوونە سا ئەی دڵبەری ساحیب جەماڵ شادی دڵ کا نەشئەیی عەشقت بە تریاکی ویساڵ سووڕەتت هەردەم لە شکڵێ دێتە بەر مەددی خەیاڵ «حوسنی تۆ مەستوورە خۆ یەکسەر بە زوڵف و خەت و خاڵ موڵکی ئیسلامە بە ئوردوویی فەڕەنگ ئیشغاڵ ئەبێ» خۆ بەتەنیا هەر دڵی من گیرەوەی سەودا نییە کەس لە داخی تۆ وەکو ئەم عاشقەت شەیدا نییە تورکی من نەقشی جەبینی حیکمەتی یەزدانی نییە «خاڵەکەی سەر گۆنەکەت بەم ڕەشییە هێندستانییە یاخۆ شەهزادەی عەجەم مایل بە خەرقەی شاڵ ئەبێ» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەموو شەو سەرلەنوێ بۆم دێ بەڵایێ هەموو شەو سەرلەنوێ بۆم دێ بەڵایێ لە هەر لایێ بەڵایێ لابەلایێ نەبوو ساتێ کە ساکین بێ دڵی من قەدەر ئەڕوا لەجێی ئەو دێ قەزایێ هەڵی پێچابوو گۆپکەی داری بەختم عەدوی باڕەش ئەگەر دەوری نەدایێ منەوەر بووبوو کاشانەی دەروونم لە بەختم مانگی چواردەم بۆ هەڵایێ نەوەک تەنها منم مەحزوونی دەوران لە هەر لایێ ئەبینم موبتەلایێ تەڵاقی سێ بە سێ دەم بووکی دونیا عیلاج ناکرێ بە فتوای هیچ مەلایێ لە دونیادا چ خۆشیم دی هەموو شەو فەڵەک بۆم داببارێنێ جەفایێ نەجاتم بێ لەدەس جەوری زەمانە بە فریادم بگا ساحیب وەفایێ بەڕاستی مەقسەدت ئیخلاسە عورفی دەخاڵەت کە بە گۆشەی خانەقایێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەموو ڕۆژم لەتاو ئێشی برینێ هەموو ڕۆژم لەتاو ئێشی برینێ لە کونجی سینە دێ ناڵەی حەزینێ ئەمە ژینە ئەژیم تێیا لە دونیا ژیانی چی خوا بیبڕێ چ ژینێ لە لێشاوی زوخاوی سینە ئەڕزێ لەژێر سەرما هەموو ئانێ سرینێ بە ئوممێدم هەتا ماوم لە عومرا خوا هەر چۆنێ بێ عەبدی بژینێ فەقەت دائیم خەیاڵم ترسی مەرگە ئەجەل بۆ گیانەکەم کەوتە کەمینێ خوا ئەیزانێ لاشەم چۆن ئەنێژرێ چ شوێنێ بێ لە کام خاک و زەمینێ برادەر عاقیبەت هەر چوونە بۆمان خوا هەر خۆی و هەر موڵکی ئەمێنێ نەبەستی پشت بە ڕووخۆشی زەمانە ئەوەندەی پێ نەچێ ئیمڕۆ و سوبەینێ لەناو خانەی من و تۆ ڕۆژێ ئەیبینێ لەپڕ بەرز بێ سەدای گریان و شینێ کە وا بوو تاکوو ماوی ناوێ دەرکە کڵاوێکی بە ڕەحمەت بوو لە سەرکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی برادەر تێ بگە ئەسبابی شین و زارمە ئەی برادەر تێ بگە ئەسبابی شین و زارمە تەعنەیی ناحەققی ناحەز مووجبی ئازارمە نیمە تەبعی خۆ تێ هەڵسوون و وەکو غەیرم تەمەع هەر قەناعەت گۆشەگیری غایە و ئەفکارمە تەبعی عالی ئێمە دائیم فەخری سەربەرزی ئەکا عالمانی عیلم و عیرفان پێشڕەوی ئەتوارمە موڕشیدی عیزز و شەرەف بوو دوێنێ شەو هاتە خەوم تاکوو ئێستە ڕۆژ و شەو هەر حەسرەتی دیدارمە دەردی بێدەرمان و دەوران و زەمانی بێ ئامان پیری کردم وەک مناڵان تازە دارەدارمە نابینم، نەبوە، نییە، کوا مەلجەئێ یا مەرجەعێ ئەی بۆ کێ بەم عەرزی شەکوای حاڵی لەم هاوارمە دەورە وا چاکە مودارا کەم لەگەڵ چاک و خراپ دیارە ئەم کارەیش نوشستی و باعیسی ئەزڕارمە هەر زەمانێ ناوی فەرهاد بێتە زیهن و فکرەوە شۆڕشی شیرینی پەروێز مووجبی ئەشعارمە بەسیە عورفی بەس شکایەت کە لە دەس جەوری زەمان بگرە زارت هەر بەڵایی زارمە ئازارمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی یاری عەزیزم مەبە غافڵ لە زەمانە ئەی یاری عەزیزم مەبە غافڵ لە زەمانە مەعلوومە زەمانە گەلێ بێ عەهد و ئەمانە دائیم لە زەمان بێ خەبەر و مەستی غرووری لات وایە هەتا ئاخری هەر وایە زەمانە هەر ڕۆژە لە بەزمێکی لەگەڵ جەمعی حەریفان پا بەندی خەیاڵی مەی و نەی، چەنگ و چەنانە با تەختی سلێمانت ببێت و یەدی بەیزا مەغروور مەبە چون عاقیبەتی کارت نەمانە مەشغوڵی لەهو و لەعبی و ناکاو لەپڕێکا دەستی ئەجەلە بۆت ئەگەڕێ خانە بە خانە نامەردە بە نامەردی زەمانەت نەبێ باوەڕ ئەعماڵی درۆ لوتفی درۆ نەفعی زیانە گەردوون کە ئەگەر دوون نەبێ ئەعماڵی لەبەرچی هەر ڕۆژە لەگەڵ قوڕبەسەرێ بگرێ بەهانە چاوت لە خودا بێ و کەرەمی نەک لە عیبادەت با شێخی تەریقەت بێ وەگەر قوتبی زەمانە گوێ بگرە برام مەیکە بە گاڵتە و گەپی منداڵ پیرانەیە پەندم بە پڕوپووچی مەزانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برادەر ڕوو لە درگاهی خودا کە برادەر ڕوو لە درگاهی خودا کە خوداوەندێ کە وا تەنها و تاکە نەکەی تۆوی خراپە دانەچێنی برام بەزری خراپ ناهێنێ چاکە خراپە هیچی لێ نایەتە بەرهەم بکە چاکە برادەر چاکە چاکە نەتیجە و عاقیبەت هەر چوونە بۆمان لەجێی کەیف و سەما ڕوو لە سەما کە زەمانە زۆری وەک تۆی خست و کوشتی نەبەستی پشت بە پشت ئەم کۆنەلاکە هەزارانی وەکوو تۆی خستە ژێر خاک لەدەس ئەم پیرە تا ئەتوانی ڕاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برووسکەی هەوری هیجران سووتانی خانەیی سینە برووسکەی هەوری هیجران سووتانی خانەیی سینە کڵوکۆی دامرا سەر تا بە خواری تاکوو بنچینە لە مەیدانی جەماڵا ئەسپی تازی تاو بدا دڵبەر لە کوێ تۆ تۆزی پێی ئەبڕی بە سواری ئەسپەدارینە کە ڕۆژی ڕووی لەگەڵ ڕۆژی سەمادا وەختێ جووت بگرن ئەکەونە شوبهە عالەم ئاخۆ کامیان ڕۆژی پێشینە مەبادا خوا نەخواستە بەر دۆعایی دەردەدارێ بێ جوانم خۆت بپارێزە لە ئاه و ناڵەیی سینە ئەگەر ساتێ خیلافی تەبعی ئێوەی کرد دڵم دەرحاڵ بە دەستی خۆت لەناو سینە دەری بێنە بیسووتێنە دەمێکە عاقرە ئەم پیری غەددارەی لە خوا عاسی بەبێ میهر و نیکاح ئەم قەحبەیە هەر شەو لە زایینە نەسیحەت بگرە گوێ جانا هەتا پێت ئەکرێ ڕای بگرە نەکەی هەرگیز دڵی بێچارەی ئەم پیرە مەڕەنجێنە لە ڕێی خوادا دڵی گرتووم لە بەندی پەنجەکەت بەردە وەرە خێری بەسە ئەم پیری فەوتاوە مەفەوتێنە هەتا یاری سەفەرکەردە سەڵامەت دێتەوە لامان بەخوا عورفی لەسەر قەبرم مەلا مەشغووڵی تەڵقینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەوانم دیارە قووەی بازوان و هێزی نەیرووتە جەوانم دیارە قووەی بازوان و هێزی نەیرووتە دەس و پێم پێچراوی تاقەتاڵێکی سەری مووتە جەماڵی ڕووت و باڵای شۆخی تۆ ئەم نرخە هەڵئەگرێ هەموو موڵکی سلێمانی فیدای خاڵێکی هێندووتە لەگەڵ تۆ کاڵەمستێنە هەموو جۆرێکی دۆڕانە گرەوبوردەی بڵێم چی من ئەگەر تاقە وە گەر جووتە هەتا کەی دوورپەرێزی ئەم خووە بەسیە لە سەر دەرکە بفەرموو یەک نەزەر وا بزانە خێری قەبری مردووتە کە تۆی دی خۆی لە خۆیا داپڵۆزی خویشی ڕانەگرێ بەمە عاشقکوژیت مەعلووم بووە پیشەی هەرە زووتە لە بەندیخانەیی عەشقا وەها کێشاویە چوار مێخەم بەڵێ زنجیری پێم سەد و هەشتا و دوو فووتە کە دیم شمشێری سەرچاوت بەجارێ بۆم وەها دەرکەوت هیلالی یەک شەوە شێوەی لە شێوەی قەوسی ئەبرووتە مەهێڵە ژیلەمۆ ژێر کا، مەبادا ئاخری سەر کا بکە تۆبە ڕجایە لەو گوناهانەی کە کردووتە بە ناری عەشقەوە سووتا نەماوە چارەیی عاشق تیاچوو قو بەسەر چ بکا ئەگەر ڕووتە وەگەر قووتە حۆ من خۆم کوشت لەپێناوی ئیتر چی بێ لە پێ کەوتم لە بەختی شووممە دیارە وە ئیللا بۆ چی لالووتە مەبادا گێڕەوەی ئاه و هەناسەی دەردەدارێ بێ بەسە عاجز مەکە تۆ خوا ئیتر ئەم پیرە پەڕپووتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەقمە دائیم گەر بناڵم من بە ئاه و دەردەوە حەقمە دائیم گەر بناڵم من بە ئاه و دەردەوە دابڕێژم ئەشکی حەسرەت بەم هەناسەی سەردەوە شەرتە شەرتی پیاوی مەردان گەر خودا یاریم بدا تاکوو ماوم نەچمە کۆڕی مەجلیسی نامەردەوە شەرتی ئینسان ئیعتیقادی دین و ئایینە بە حەق دینپەرەستی نەک بە تەنها قەولە بەڵکوو کردەوە یاخۆ بەختی شووممە ئەستێرەیی بەختم کزە یا غەڵەت نووسرا بە دەستی چەرخەکەی چەپگەردەوە ساحەبی دین و وەفا ڕووسووری لای قاپیی خودا ئافەرین بۆ ئەو کەسانەی گۆی هونەریان بردەوە کاکی خۆم مەعلوومە خوا ڕاستە و بەڕاستی هەر بووە بۆچ قسەی ڕاستی بمێنێ هەر لە ژێری پەردەوە زۆری وامان دی بەناوی خزمەتی خیر العمل زۆر کەسیان ناحەق لە دینی ئەحمەدی لابردەوە ڕۆژی خۆی دێ هەر دوو لا ڕوو کەینە دیوانی جەزا من بە ڕووسووری جەنابی ئەو بە ڕەنگی زەردەوە عورفی مەعلوومە لەلای خوا شاعیرێکی عارفی حەشری تۆ بکرێ لەگەڵ تەلحە و زوبەیر و سەعدەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خودا چۆنی ئەسیر کردم بەدەس ئەو یارە دڵ بەردە خودا چۆنی ئەسیر کردم بەدەس ئەو یارە دڵ بەردە هەتاکوو تیا نەچووی خێرا کە لەم دڵ بەردە دەس بەردە بڵێسەی ئاگری عەشقم سووتانی خانەیی سینە چی تیا ماوە؟ ئەوەی ماوە هەموو تۆز و تەپ و گەردە دل از یار جفا کردە بسوخت پارە شد یکبار چە ماندە در میان سینە غیر ازین سیە چردە جفادن بشقە یارن پر مغاس گورگور مدم بر کون حیاتمدە نە خیر گوردم بنی چی بو قجر اولدردە ئەترسم ئاخری عومرم ڕەفێقی چۆڵ و سەحرا بم بمێنم هەر وەکو مەجنوون بە وەحشەت لەو کەژ و هەردە عجب دیدی شنیدی مدتی عمرت در این عالم کدام عاشق ز معشوقە سلامت جان بدر بردە خیال ایندم کە یاران بو زینتی تعریف ایدم برگون گورن یختم کچ اولدی عاقبت توردی قلم بوردە عەزیزان ئینتیزار تاکەی سووتانی خانەیی سەبرم غەم و هیجران نەتیجە ئەمکوژێ وەڵڵاهی بەم دەردە نمانده تاب دوری سوختم از آتش هجران خدایا زود آید پیش ما یار سفر کرده دیر لر بار حورر عاشقترن احوالن دائم هانی کیمدر بکا کوستر گورم ان ایجون نرده ئەترسم مانگ وەکو من تووشی داوی زاڵمێ بووبێ لە داخ و حەسرەتا مابێ کە وا ڕۆخسارەکەی زەردە دەخیل یاران وەسییەت بێ بنووسن خاتیرە لاتان لە دوای مردن لەسەر قەبرم بنووسن ئەم دوو سێ فەردە شەهیدی عەشق و کوژراوی دەسی یارێکی بێ ڕەحمم حەواڵەی تێغی مەولا بێ منی وا خستە ئەم دەردە ڕجامان وایە دایپۆشن جەنازەی عورفی بێچارە لەژێر ئاڵای عێراقیدا ڕەش و سەوز و سپی و زەردە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە ئەمزانی دڵی من بۆ چی وا حەیرانتە خۆزگە ئەمزانی دڵی من بۆ چی وا حەیرانتە هەر وەکوو پەروانە دەوری شەمعی ڕووی جانانتە دڵ بە دڵ بۆ ڕابەرت ئیختیاری پێ نەما دائیمەن فەرمانبەری فەرمانبەری فەرمانتە فکری وا بوو بۆ ڕەقیب دەستی لە ئێمە هەڵگرێ ئەی دەخیلت بم نەکەی دەستی من و دامانتە مەزرەعەی دڵ دەردی بێ ئاوی ئەکێشێ بۆ خوا دەستوبردێ چاوەڕوانی قەترەیە بارانتە دوا ئەوەی سینەم برینی کۆن سەری هەڵدایەوە تێگەییشتم زەخمی نووکی تیرەکەی موژگانتە هاژەیی فرمێسکی دوو چاوم بەکرەجۆی گرتۆتە بەر غەیر لە دووری تۆیە بۆیە وا بەکوڵ گریانتە جەژنی قوربانە بەقوربان نۆبەتی قوربانییە بۆ تۆ قوربانی بەقوربان گیانی من قوربانتە تۆ لە کوێ ڕیزەسواری نەوجەوانانت لە کوێ؟ تازە بەم عومرە نیازی عەرزەیی مەیدانتە! بەم هەموو دەرد و غەمە کەوتوویتە حاڵی هەمهەمە تازە بێچارە نیازی بەزمی مەیخۆرانتە؟ دڵ لە دووریت شەو ئەسووتێ وەک فەنەر تاکو سەحەر غەیر لە هیجرت شەوچراغی مەجلیسی دیوانتە تافی جوانی چوو نەما کەوتوویتە حاڵی غەڕغەڕە وا ئەزانم ئینتیزاری قەبرەکەی سەیوانتە گردی سەیوان حورمەتی میوانەکانت ڕاگرە پەنج و دوو ڕۆژێکی تر وا عارفیش میوانتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە سەد خۆزگەم بەوەی مەیلی بە دڵداری نییە خۆزگە سەد خۆزگەم بەوەی مەیلی بە دڵداری نییە ئەو کەسەی یاری نەبێ مەعلوومە ئازاری نییە من لەژێر باری غەما عەینی کەمانە قامەتم خوا پێداوی وایش هەیە ڕووقائیمە باری نییە خۆ بە شمشێری برۆ و موژگانی دیدە کوشتمی هێندە بێ شەرمە وەفاکەی پار و پێراری نییە چاو تەمای بینی نەماوە بێ تەماشای ڕوویی ئەو غەیری تەسلیمی قەزا بێچارەیە چاری نییە قەولی زۆری داوە پێمان هیچی نەیهێناوە جێ وادە تێپەڕ بوو لە دوو ساڵ نیمەکرداری نییە باغی جوانان پڕ لە سەرو و عەرعەر و عوود و چنار حەیفە ئەم باغە جوانە داری بەرداری نییە حمدلله موددەتێکی زۆرە ڕەنجوورە ڕەقیب هێندە گیانسەختە چ فایدە دەردەکەی کاری نییە ئەم خەیاڵاتە هەموو هیچە ئەگەر ڕاستت ئەوێ ڕێگەیی چاتر لە قاپیی حەزرەتی باری نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم سووتا لە عەشقی ئەو کەوا زەردەی کەمەر چینە دڵم سووتا لە عەشقی ئەو کەوا زەردەی کەمەر چینە سەری زوڵفی هەتا بەر پێ لەسەر یەک چین لەسەر چینە سوتاوە خانەیی سەبرم کڵوکۆی دامرا سینە بەسە تاقەت نەما تۆ بی خوا ڕووت هێندە مەنوێنە دڵم گوم بوو بەدوویا زۆر گەڕام و تازە حاڵی بووم لەناو گێژاوی بەحری عەشقی خۆتا بوو مەیخنکێنە هەزار ئاڵای شیعاری ماه و خۆر هەڵکا موسوڵمانم ڕەفێقی هەم نەفەس، بڕوا نەکەی! وەڵڵاهی بێ دینە ئەڵێن وا یار بەدەستی خۆی ئەبەخشێ شەربەتی ئاشتی ئەگەر زەهریشی بێ ئەیخۆم لە دەست ئەو یارە شیرینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان برینی کۆنی جگەرمە کولایەوە دیسان برینی کۆنی جگەرمە کولایەوە ئەی چەرخی دوون لە سایەتەوە کێ حەسایەوە؟ حاڵی نەبووم لە پێشەوە وامزانی بووکە وا غونچەی فەرەح لە باغی ئەمەل بۆم گەشایەوە هەر شەو سەحەر کە لە خەو هەڵئەسم کە چی دیسان غەمێکی تر لە فەڵەک تازە زایەوە زستانی بەفر و سۆڵە ئەوا هاتە پێشەوە هاوین بەسەر چوو بەرگی فەقیر وا دڕایەوە پارەی جگەر خراوەتە ناو بۆتەیی غەما قاڵ بوو تەواوی لا نەبرا تا توایەوە نەمزانی بوو بە بەریەوە ژینم ئیتر نەما بۆیە چراغی شادی بەجارێ کوژایەوە وامزانی غەم بەسەرچوو نەما نەگبەتی کە چی دەرگاهی شادمانی لە پڕ داخرایەوە تفڵە دڵم بیلاوێنە ئەی دایکی نیشتمان با نەگری ڕایژەنە بە سەدای لایە لایەوە جێی خۆیەتی جەماعەتێ حازر ئەگەر بکەن تەعریفی شیعری عورفی بە شێخ و مەلایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەورە وای هێناوە ئیمڕۆ شەمعی دیوان پارەیە دەورە وای هێناوە ئیمڕۆ شەمعی دیوان پارەیە نەشئەبەخشی خاتری بەزمی حەریفان پارەیە پارەیە دەرد و نەخۆشی نایەڵێ غەم لا ئەبا بۆ دەوای دەردی دەروونی دەردەداران پارەیە شێر بە گوێ بگرە وەیا خود جەوهەرت لێ بێتە خوار نایەتە بەرچاو برادەر شاهی مەردان پارەیە گەر بزانێ یا نەزانێ هەردوو یەکسانە لە لای ئەهلی ئەم دەورە و زەمانە حورمەت و شان پارەیە حورمەتت نابێ بە قەد پووشێ ئەگەر پارەت نەبێ پارەیە عیزز و بڵندی سەدری دیوان پارەیە پارەدارە کاکی خۆم باڵانشینی مەجلیسە شەوچراغی مەجلیس و بەدری درەخشان پارەیە دینی چی ئیمانی چی دینارە سەربەرزت ئەکات حافزی جەمعی شەریفی دین و ئیمان پارەیە پارە یاخۆ مەنسەبت بێ با کە خۆت هیچیش نەبی پێشڕەوی سەد ئەهلی عەقڵی فەرموو قوربان پارەیە ڕاستە خوا ڕاستی ئەوێ پەردەی نهێنی لابەرە بێینە سەر ڕێی حەق ڕەواجی حوکمی شاهان پارەیە نەوەک وەکوو من موفلیس ئەبێ لە دونیا و ئاخرەت جنة الماوىت ئەوێ دیسان بە قورئان پارەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساحیبا ڕێکەوتە بۆ بەندە هەلێکی نادرە سەبارەت: بۆ مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ ساحیبا، ڕێکەوتە بۆ بەندە هەلێکی نادرە ئەم دوو سێ نەزمەم لەلاتان گەر بمێنێ خاترە هەمنوشینی ئەهلی عیرفان، مەعریفەت پەیدا ئەکا شەمسی ڕوویان بۆ گرۆهی ئەهلی ویجدان زاکرە شەمعی جەمعی ئەهلی عیلم و ناسیحی خیر البشر مەدحی چی کەی نەقشی نەققاشی ئەزەل بۆی زاهیرە چی بەیان کەم من بەیان خۆی پێشڕەوی ڕووناکییە عالمی حەقبێژە دیارە پشتی دونیا و ئاخیرە حەق ئەبێژم شەرتە تا ماوم لە حەق هیچ لا نەدەم نەفی بکرێم گەر بە سواری باخیرە بۆ قاهیرە حمدلله وا نەمامی باغی پیرم پێگەیی شاهسواری موڵکی عەقڵ و هەم لە عیلما ماهیرە مەدحی ئێمە یا هیجای ناحەز چ تەئسیری هەیە گەوهەری جوودی لە دەریایی وجوودا زاهیرە تەرجومەی حاڵی زەهاوی مووجبی فەخر و زەمە لوتفت فەرموو تا ئەبەد بەندە لە لوتفت شاکرە خەتمە ئیتر ئەی نەژادی پیری ئەو «خاڵ»ەی کە وا مورغی ڕۆحی وا لە گوڵزاری ئیرەمدا تائیرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبا هەستە درەنگە نامەیەک لەم پیری غەمبارە سەبا هەستە درەنگە نامەیەک لەم پیری غەمبارە بڕۆ تەقدیم بکە بۆ خزمەتی ئەو شۆخی نازدارە دەخیلت بم سەبا عەرزی بکە ئەوزاعی ئەم پیرە لە جیاتی عومری چی ماوە زەلیل و زار و بێزارە فیراق کارێکی کرد یارا شەو و ڕۆژی لە گریانا بەلێشاو دێتە خوار فرمێسک لە چاوی عەینی ئاوبارە نەکا بەدعەهدی و سستی بەسە لەم ئاخری عومرە دەس هەڵناگرم هەتا ماوم ئەگەر بمدەن لە سێدارە لە جێی لوتف و خۆشی شایەد دەستی کێشایە ناو جەرگم بە فریامان کەون ئەمجا دەخیلە خەڵقە هاوارە جەفای بۆ ئێمەیە مەیلی سەفای بۆ خاتری غەیرە تەماشاکەن موسوڵمانان موسوڵمانێکی غەددارە سووتام، برژام بە ئیمدادم بگەن یارانی کەم فرسەت لەڕێی خوادا موسوڵمانینە ئەم دەردەم بکەن چارە عەبەس عومرم بە زایع چوو لەڕێی لەیلێکی بێ ڕەحما نەتیجەی هەروەکوو مەجنوون جێگام سەحرا و کۆسارە لە شینی شۆخی شیرینا کە دەرچوو گیانی شیرینم ڕەقیبی بە سیفەت وەک خەسرەوی پەروێز چ دەربارە ڕجا، نامە، دەخاڵەت، هەر سێ تەئسیری نەکرد عورفی عیلاجی ناکرێ ئەم زاڵمە لەم کارە ئینکارە بنێژی لاشەکەم ئەمجا لە کێوی بێستوونی بێکەس هەتا قیامەت حیکایەت لایقی تەسجیل و گۆڤارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەد لە سەد بەحسی شەوی هیجران بکەم هێشتا کەمە سەد لە سەد بەحسی شەوی هیجران بکەم هێشتا کەمە چی بڵێم بەخوا سەراپا گشتی هەر دەرد و غەمە ڕۆژ هەتا ئێوارە، ئێوارە تا وەختی سەحەر بیست و چوار ساعەت لە خانەی سینە شین و ماتەمە ئاه بزانی بۆ چی دڵ ئەخولێتەوە بێ هۆش و ڕا پێچراوی پێچی پێچ و پێچی پەچە و پەرچەمە حەڵقە حەڵقە ماری زوڵفانی کە ئاڵایە ملم عەینی ڕاکێشانی کامۆس و کەمەندی ڕۆستەمە بۆ چی مەنعی من ئەکەی یا شێخ گوناهە کۆڕی عەشق ئەم گوناهە پێش هەموو عالەم لە ئەستۆی ئادەمە گەر لە نەزعا چاوەکەم چاوی بە چاوانی کەوێ ڕەنگە زیندوو ببمەوە باوەڕ بفەرموون ئەو دەمە سککەی ڕووی دڵبەرە خولیایی خستۆتە سەرم خەڵقی لای وایە کە عورفی شێتی پارە و دەرهەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە گشت لایێکی دونیادا هەرایە لە گشت لایێکی دونیادا هەرایە بە وێنەی شینی دەشتی کەربەلایە ئەوەی ئیمڕۆ لە مەیدانا گوڕەی دێ بە بەرزی تێمەگە چاکی کەوایە هەزاران ئەهلی سەرکردە و بە غیرەت بە دەنگی ئەهلی چەپڵە موبتەلایە لە هەر شوێنێ ئەبینی شێرێ مەغدوور لە لانە مرد و مامەڕێوی شایە وەرە بڕوانە کاری چەرخی گەردوون لە هیچ بارا نەبوو هاتۆتە کایە نەما مایە لەلای هیچ مایەدارێ کە چی دوو دەس بەتاڵە، هاتە مایە بە هیچ نەوعێ قسەت ناچێتە توربە بە دەستێ چەپڵە لێدەی دەنگی نایە نەما قەدری قەدرزانێ لە ئارا ئەگەر زانایە گەر شێخ و مەلایە لە نوێژ و ڕۆژووا سەد بارک اللە ئەدایان بردە سەر نۆبەی قەزایە وەفا دەرهەق وەفاداران سەوابە لە حەق سپڵە وەفا عەینی خەتایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە یارانی سەلاحا بەختی بێچارەم بەجێ ماوە سەبارەت: شیوەن بۆ حاجی شێخ ئەمینی خاڵ لە یارانی سەلاحا بەختی بێچارەم بەجێ ماوە لەقی نەگبەت لەسەر پۆپەی درەختی عومری پێچاوە بەیازی ڕووم بە زەردی ئاخری عومرم تەبەددول بوو گوناهم ماری بێ ئامان لەسەر شان و مل ئاڵاوە تەمای باغی ئەمەل بووم ئاخری ڕەحمەت بەزەحمەت بوو ئەبێ هەوڵی مەقامێ دەم تەمەننای ڕەحمەتم ماوە مەقامی پایەیی قەدری بگاتە مەرتەبەی ئەعلا شەو و ڕۆژی بە ئەفواجی مەلایک دەوری گیراوە نەزەرگاهی ئیلاهی خانەقاهی حەزرەتی پیرم زیارەتگاهی عامە هەر وەکوو کەعبە لە هەر لاوە بە نووری حەزرەتی باری دەر و ژووری منەووەر بوو لەسەر سەفحەی دیواری سووڕەیی والتوبه نووسراوە ئەمین بە قەبری پڕ نووری بەهەشتی حەزرەتی پیرم ئەمین حەزرەتی باری بە سەرما باڵی کێشاوە جەبینی پڕ لە نووری بۆ ضیاء یوم الجزا فەرزە زوو ئەم خێرخواهییە ڕۆژی ئەزەل لەو نووری خولقاوە عەزیزم ئارەزووی عەفوی گوناهانت دەوێ زوو کە هەتا فرسەت لەدەس نەچووە هەتا شەمسی فەڵەک ماوە گوناهبارا مەقامی عەفوە هەڵسە ڕای و تەدبیرێ هەتا عومرت لە دونیا پەنج و دوو ڕۆژێ بەقای ماوە زیارەتگاهی عەفوی عامە بەو شەرتە ئەدەب شەرتە لەسەر سینە بەرەوڕوو بە لەسەر ئەژنۆ بەرەودواوە بۆ ڕێگەوبانی عەفوت لازمە ڕۆحیشت بسپێری ئەگەر ڕۆحت لەناو جیسما لە حاڵی غیرەتا ماوە دڵێکی پاک و خاوێن ئیلتیجا بەرنە ئەبەر پیرێ لە پیرانی قەدیمی باو و باپیری ئەسەر ماوە بەسە هەڵسە وەرە ناو کایە نۆبەی تۆبەیە عورفی نییە باکم مەقامی حەزرەتی پیرم لەبەر چاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەیاڵۆزێنە زوڵفت مەیخەرە بەر دانەیی شانە مەیاڵۆزێنە زوڵفت مەیخەرە بەر دانەیی شانە بە شکڵی ئێستەکەی جوانە کە وا پەخشانی سەر شانە بە ڕەنگی زاهیرم باوەڕ مەفەرموو شاد و خەندانم تەماشای خانەیی سینەم بکە ئێرانە وێرانە مەیێڵە ناحەزانت چاو ببڕنە باغچەیی سینەت مەبادا دەس بهاوێژن بۆ ناو ئەو باغ و بێستانە لە کۆڕی عەشقبازانا چراغی ڕووت ببینێ دڵ بە ناچاری لە دەوریا هەر وەکو پەروانە سووڕانە کە خورشیدی ڕوخت بینم سەباحی مەحشەرم هەڵدێ کە زوڵفت دایبپۆشێ تەنگی بانگی نوێژی شێوانە دڵم زێڕێکە بێ هەمتا لەناو بۆتەی غەما سووتا لە گەرمی ئاگری ڕووتا لەتاوانە لە تاوانە عەمارەتگاهی دڵداران بوو سینەم ئێستە بیبینە بەجارێ دار و پەردووی داڕووخا ئەم خانە وێرانە هەتا کەی کەم سەبووری، ئەی سەبووری تووت هەڵگیرێ شەو و ڕۆژم بناڵێنم بەدەم ئەم دەردی هیجرانە برینی دەردی دڵ عورفی تەداوی ناکرێ ئیللا تەبیبی ڕووی مەگەر بیکا عیلاجی ئەم برینانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەهام زانی لە پێشا عاشقی کارێکی ئاسانە وەهام زانی لە پێشا عاشقی کارێکی ئاسانە چ ئاسانێ ملم بشکێ چوزانم قاتیلی جانە دڵۆپەی ئاوی چاوم ئاخری نەهرێکی تەشکیل کرد بەڵێ موحتاجی سەددی خانە، ئەم لافاوی سیروانە نەوەک تەنها منی بێچارە بەرگەی سیحری ئەو نەگرێ کەفی مووسا لە سیحری ساحیری ئەودا پەرێشانە سەبەب فیتنەی زوڵێخا بوو بەڵا بۆ حەزرەتی یووسف کە ئەم پێغەمبەرە حەوت ساڵ ئەسیری بەندی زیندانە کە شەو دایێ چ سەودایێ لە خانەی کاسەیی سەرمە سەحەر دێ غولغولی ئاشووبی شەومە شینی شێوانە کە چاوم کەوت بە خاڵی ڕووی سەری سینەی تەحەییور مام کە بەم بێ وەختییە دز چی ئەکا لەم باغ و بێستانە ئەزانم نازە ڕووپۆشیت، کە تەشبیهی بکەین ئەمڕۆ بە مانگی هەشت و چوار و دوو لە ژێر هەورایە پەنهانە تەسادوف چوومە دیوانی دڵارامێ بە میوانی چ خۆشحاڵم کە بۆم دەرکەوت شکور کەیبانوو کابانە بحمد الله کە قانع بوو زمانی حاڵی خۆی فەرمووی مەواچە پێم گەرەکتە ڵێم کە وادەی وەسڵی ماچانە لە وەختی مەستیا نازم بەسەر چەرخا ئەنازێنێ دەماغم بەرزە بەم تەرزە هەتا ئەیوانی کەیوانە زەمانە وای هێنا عورفی دامانگیری عالەم بێ ئەمیش دووبارە فیتنەی دڵبەرە داماوی دامانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ ڕوویداوە لە من فکرم هەمیشە مات و خامۆشە چ ڕوویداوە لە من فکرم هەمیشە مات و خامۆشە ئەبێ تەشویشێ ڕووی دابێ کە وا ئەم هۆشە بێهۆشە ئەڵێن سەبرە بەری شیرینە هەرچەند پێشڕەوی تاڵە ئەگەر ڕاستە بۆ ئەم سەبرە دڵا خێرا کە تێکۆشە سوراحی پڕ لە خوێناوی جگەرمی کردووە ئەمجا کە چی پێشم ئەڵێ یا شێخ شەرابی وەسڵە بینۆشە ئەگەر جەننەت بە مننەت بێ تەمەننای قەد نەکەم شەرتە جەهەننەم گەر بە شمشێر دەسکەوێ وەڵڵاهی پێم خۆشە ئەگەر ڕووی من بە زەردی نەقشی کێشابێ بەهای زۆرە وەکوو سووری گوڵی ڕووت بێ ئەوا زێڕێکی مەغشووشە وەکو پەروانەیی دەوری چراغی ڕووتە بێچارە ئەمین بە باوەفایە دڵ نەکەی هەرزانی مەفرۆشە ئەیا سۆفی گوناهی من ئەگەر هەر عەشقبازی بێ خودای عالەم و ئادەم گونەه بەخشا و سڕپۆشە دڵی بردم بە ڕووخۆشی وەهام زانی بەخت بەرزە کە چی هیچ پێم نەزانی بوو کە وا یارێکی زۆر تووشە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕجایە ئەم دوو سێ شیعرەم بە دڵ زۆر باش تەماشا کە ڕجایە ئەم دوو سێ شیعرەم بە دڵ زۆر باش تەماشا کە ئەگەر مەقبووڵی تەبعت بێ بە جان و دیدە سەودا کە خەیاڵی ئاخری ڕۆژت نەبێ هەرگیز بەشەر نابێ ئەڕۆی ئەمڕۆ بەسەر خاکا سبەی سەرپۆشەکەت خاکە مەبە غافڵ لە وەختی مردنا بۆ پێشڕەوی جوابت درەنگە تا وەخت ماوە خێرا تەڵقینت ئیملا کە ئەمە دونیایی دوونە عاقیبەت بۆ ئێمە هەر چوونە لە حاڵی مردنا فەرقی نییە شا بێ ئەگەر شاکە برام بەزری خراپە هەر پەشیمانی بە بەر دێنێ بکە چاکە هەتا ئەتوانی کاکە چاکە هەر چاکە مەکە باوەڕ بە لوتفی پێنج و دوو ڕۆژەی زەمان ئامان هەزارانی وەکوو تۆی کوشت ئەمە ئەخلاقی ئەفلاکە هەتا سەر نەبوە بۆ کەس عەیشی دونیا بەسیە مەغرووری کەمێ هۆش و شعوورت بێ تەماشای تاقی کیسرا کە لە دونیا بێخەبەر نازانێ ئەم دونیایە چەند دوونە هەزارانی وەکوو تۆی برد و هێنا هێندە بێباکە قسەم دۆستانەیە گەر ئیعتیباری بکرێ یا نەکرێ ئەگەر نەیگریتە گوێ دیارە ئەمە خاڵی لە ئیدراکە گەرەکتە گەر بچیتە سەر فرازی ئاخر و دونیا برادەر تاکوو ماوی ڕوو لە قاپی شاهی لەولا کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەسێکم نەدی کە لەم ڕێگایە کەسێکم نەدی کە لەم ڕێگایە ڕۆیشت دوبارە گەڕایە دواوە بەڵام نازانم لە تاوتوێی خاکا فیکری خوا چی بوو بۆ ئەم خوڵقانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یار و دەسبەرداری لێی کارێکی خەیلێ موشکیلە یار و دەسبەرداری لێی کارێکی خەیلێ موشکیلە ئەی برادەر تا بفەرمووی وەزعی واعیز باتیلە گەر قسوورێکم ببێ نابێ عیتابم لێ بکەی چونکی قوربان پیاوی عاشق عەقڵ و هۆشی زائیلە ڕووت و برسی چۆن بدەم پەنجە لە پەنجەی عەشقەوە عەشقبازی و موفلیسی وەڵڵاهی سەممی قاتیلە چۆن قەبوڵ بکرێ ئەدای فەڕزم لە دیوانی خودا موددەتێ عومرم نەبوو نوێژێ بکەم بێ غائیلە خانەیی سەبرم نەما حاجەت ئیتر بنکەن بکەن بۆ ڕووخانی دیواری عومری من لەسەر لا مائیلە ماهی ڕۆژوو ڕۆژوو گەر بشکێ گوناهی من نییە ڕۆئیەتی قەوسی هیلالی تۆیە ڕۆژوو شەو باتیلە گەر نەگەیمە بابی ئەعلا و تەوەقوف سەدرە بی باڵی تاقەتمە لە ئەنواری تەجەللی عاتیلە ڕۆژی قیامەت گەردەنت بگرم لە دیوانی خودا لێت بسێنێ دادی ئەم بێچارە ڕووتەی سائیلە وا هەموو ڕۆیین و گرتیان یەک بە یەک ڕێگەی سەفەر هاکە دەس پێکەین من و تۆیش دوا بە دوای قافلە ++++++++++++++++++++++