شاعیر: کەمالی کتێب: دیوانی کەمالی سەرناو: ئازیز نەمزانی وەفا لات قاتە ئازیز نەمزانی وەفا لات قاتە هەر جەور و جەفا و دەردم خەڵاتە بێ مروەتیی تۆ لە حەد بە دەرە نسیبی دڵم زامی خەتەرە خۆ من سەرم کرد بە سەرگەردی ڕێت دڵم کرد بە فەرش، خاکی بەری پێت بە شەو پاسەوان کۆڵانەکەت بووم بە ڕۆژ خادمی دەرگانەکەت بووم هەر ئەمرێکت کرد وتم بە سەر چاو زوو بە جێم هێنا تەکمیل و تەواو ئەمرت لە لای من واجب و فەرزە من بەم ئەحواڵە ئەتۆ بەم تەرزە شەرت بێ دڵەکەم بسێنمەوە لێت بێ وەفا ئیتر قەت مەیل نەدەم پێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیمڕۆ پێی وتم لاوێک مامۆستا ئیمڕۆ پێی وتم لاوێک مامۆستا پێویستە عەسا هەڵگری ئێستا چونکە تۆ چاوت کزبووە و پیری بێ هێز و توانای یەکجاری زویری ئەترسم بە بێ عەسا بکەوی خۆ گەڕۆکیشیت هەرگیز ناسرەوی جوابم دایەوە وتم ڕۆڵە گیان سەروی باڵاکەت عەسامە قربان تاکوو باڵای تۆ عەسابێ بۆ من من ترسم نییە گیانە لە کەوتن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەزانی ئایا بۆ چییە ئینسان ئەزانی ئایا بۆ چییە ئینسان، کە دروست ئەکا کۆشک و خانووی جوان ئەکا تەلار و هەیوانی ڕەنگین ئەنێژێ گوڵ و ڕێحانە و نەسرین ئەڕوێنێ داری چنار و عەرعەر لەناو باخ لەگەڵ سەرو و سنەوبەر بۆ ئەوە چاکە بە دڵی بێ خەم لەو جێگایەدا یاران بکا جەم خۆش ڕاببوێرن تا ببن دڵشاد خەم و پەژارەی دنیا دەن بە باد ئەگینا کەسێ فام و هۆشی بێ دڵی خاوێنی پڕ لە جۆشی بێ چۆن لە خاک دروست ئەکا مەنزڵی مەنزڵێکی وا لە ئاو و گڵی کۆ ئەکاتەوە سامانی دنیا ئەیخاتە ژێر خاک تێری لێ ناخوا سبەینێ کە مرد لە دوای جێ مێنێ خەزنەکەی مێراتگر دەری بێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمساڵ لە پڕ هات ڕەشەبای خەزان سەبارەت: شینی شێخ مەحموودی حەفید ئەمساڵ لە پڕ هات ڕەشەبای خەزان لە بەدبەختیی من هەڵیکەند ڕیشە گوڵی کوردستان لە بێخ و لە بن *** کام گوڵ ئەو گوڵەی ئەحمەدی کاکی قوتبی ڕەببانی ناشتی و ئاوی دا بە دەستی پاکی بۆ کامەرانی *** سەربەست بوو دلێر ڕەشید و لاوچاک واریع و بە دین شێخ مەحموود یەعنی حەفید زادەی پاک ئەولادی حسین *** مەشهووری عالەم خۆش خولق و خۆش ڕوو بێ کیبر و عینوان بە جۆرێ هەڵکەوت مانەندی نەبوو لەسەر ڕووی جیهان *** سوپا شکێن بوو خاوەنی حەشەم ئازا و قارەمان لە ڕۆژی جەژنا مانەندی ڕۆستەم لە جەرگەی مەیدان *** یا شێخ کۆچت کرد ئەمما وەکوو تۆ مەردی هونەروەر کوانێ کە بێت و بڵێ من ئەمڕۆ ئازام و سەروەر *** داخت بە جەرگی هەموو کوردا نا کاتێ کۆچت کرد شین و واوەیلا بە جارێ هەڵسا لە ناو گەلی کورد *** یا شێخ تەشریفت برد تۆ بۆ جەننەت بە شادمانی ئێمە ماینەوە بۆ دەرد و مەینەت لە دونیای فانی *** تەئریخی ساڵی وەفاتت لە دڵ کە پرسیم من زوو وتی: بنووسە ئەی پیری عاقڵ غەرقی ڕەحمەت بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەر ئەگەر قەرازەی لە زێر بکەی کەر ئاوی بدەیتێ لە چەشمەی کەوسەر ئالیکی بدەی لە گەنمی ئیرەم ئاخوڕی بەستی لە خاکی حەرەم بیگەیەنیتە سەر ئەوجی فەلەک ڕەنەکی بکەی بە باڵی مەلەک لە ملی بکەیت تەوقی زیو و زەڕ هەتا قیامەت هەر کەرە و هەر کەر بە خۆت نازانی جووتە ئەدا لێت لە پڕ ئەشکێنێ ڕۆژێک سەر و گوێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بازرگان و تووتی ئەڵێن تاجرێ بووە لە ئێران بۆ کڕینی ماڵ ئەچووە هیندستان پێش ڕۆیین پرسی لە ماڵ و مناڵ چیتان بۆ بێنم لە دیاری و کوتاڵ هەریەک شتێکی داوا کرد ئەوسا تووتییەکی بوو لە ناو قەفەسا پێی وت کە چوویتە خاکی هیندستان تووتی ئەبینی لەسەر درەختان بڵێ تووتی من وا لە ناو قەفەس لە دووری ئێوە بووە بە قەقنەس تاجر کە چووە خاکی هیندستان قسەی تووتییەکەی وت بە تووتییەکان لە پڕ تووتییەک کەوتە خوارەوە گیانی دەرچوو زوو بە پەژارەوە تاجر وتی ئەم تووتییە هەژارە خزمی تووتییەکەی منە وا دیارە لە دەردی دووری ئەو وا دەست و برد کەوتە خوارەوە گیانی تەسلیم کرد بۆ وڵاتی خۆی کە گەڕایەوە قسەی بۆ تووتی زوو گێڕایەوە تووتییەکەی ئەویش کەوت و لە پڕا بە لنگەفرتێ گیانی لێ بڕا مناڵان دەستیان بۆ کرد بە گریان لە پاش شیوەن و زاریی فراوان لاقێکیان گرت و خستیانە کۆڵان زیندوو بووەوە فڕی بۆ سەربان وتی بە تاجر ئاغا بە دووعا ماڵت ئاوابێ هەر خۆش بیت یاخوا ئەو تووتییەی وا لە هیندستان مرد نەمردووە بۆ من ڕاسپێری وا کرد یەعنی تا نەمری هەر ئەسیر ئەبی لە ناو قەفەسدا دیل وزویر ئەبی ئەگەر تۆ پیاویت زوو خۆت بمرێنە لە کۆت و زنجیر پێت دەر بهێنە کاتێ ئەمەی وت دای لە شەقەی باڵ لە بەر چاو ون بوو وەکوو بای شەماڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵەی بۆ خەم خوڵقاو ئەی دڵەی بۆ خەم خوڵقاو ئەی بێ هێز و تین و تاو ئەی دڵەی لێم تەوەللا دووچاری دەرد و بەڵا چەند تکام کرد لێت ئەی دڵ وتم بەس بمکە خەجڵ مەکەوە شوێن نازداران هەر وەکوو جاری جاران با نەکەویتە ناو بەند مەبە یەخسیری کەمەند لە کەمەندی پەرچەما.. لە ناو پەرچەمی خەما ئەم جارە زۆر موشکیلە ڕزگارت بێ ئەی دڵە بێ گوێ بە قسەت نەکردم هەتاکوو ئابڕووت بردم ڕۆیشتیت بە تەپاوتل تاکوو دلبەری دەم گوڵ دیل و یەخسیری کردی بەندی زنجیری کردی کە وا بوو تو خوا ئەی دڵ بڵێ بە یاری دەم گوڵ منی کەساس و هەژار بە بێ دڵ ناگرم قەرار ئەگەر ڕوخسەت ئەدا پێم بە شوێنیا منیش با بێم بۆ بەردەبازی سەر ڕێ خۆم دابنێم لەژێر پێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مانگ لە لای خۆت تاکی جوانی ئەی مانگ لە لای خۆت تاکی جوانی وا دەماغ بەرزی و لەسەر ئاسمانی گەشت و گێل ئەکەی بە دڵی بێ خەم شەوق ئەدەیتە سەر ڕووی هەموو عالەم بە شۆخی و جوانیت بۆچ مەغرووری تۆ؟ خۆ نیتە باڵا و برژانگ و برۆ زەردە خەنە و ناز عیشوە و پێکەنین قسەی ڕەنگین و گفتوگۆی شیرین دیدەی وەک نێرگز زوڵفی وەک شەوبۆ ئەی مانگ ئەمانەت لە کوێ هەیە تۆ؟ خۆزگە تۆ مانگی منت بدیایە تاکوو خۆت لە بەر چاو بکەوەتایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەزانی بۆچ فەلەک گەردوش بە کامی ئەهلی دڵ ناکا ئەزانی بۆچ فەلەک گەردوش بە کامی ئەهلی دڵ ناکا بەبێ ئەمر و مەرامی پیاوی دوون قەت گەرد و خۆڵ ناکا شتی خۆماڵی بێ قەدرە گەر ڕاستت ئەوێ بەخوا هەزار «قۆڵۆنیا» لام قیمەتی دەنکێ سمڵ ناکا دڕک خۆ پاسەوان و هاودەمە دائیم لەدەوری گوڵ سەرم سوڕماوە بۆ بولبول پەرەستش بۆ چقڵ ناکا؟ غەزالەی دەشتی چین وەحشن لەگەڵ کەس ناگرن ئولفەت فیدای کار ئاسکەکەی سەحرای هەڵەبجە ی من کە سڵ ناکا ئەزانی ڕۆژی عاشق ڕەش ئەبێ وەک بەختی بەرگەشتەی نیگاری دیدە کاڵم بۆیە چاوی فێری کل ناکا ئەوا جەژنە هەموو کەس دەس لە مل یارن بە دڵشادی بە تەنها یارەکەی بێ ڕەحمەکەم دەستم لە مل ناکا بە لوقمان و ئەرەستۆناکرێ چارەی هەتا مردن بە غەیرەز ماچی لێوت کەس عیلاجی دەردی دڵ ناکا ڕەقیب وەک سپڵی لاورگە بەخەنجەر بیکوژن ئامان بە غەیری زەربی خەنجەر هیچ شتێ چارەی سپڵ ناکا نەوەک بەربێ لە داوی پەرچەمی لوولی دڵی عاشق کەمالی بۆیە یارم پەرچەمی خۆی خاو و شل ناکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم دڵەم کاتێ زەمانی نەوجەوانی یاد ئەکا ئەم دڵەم کاتێ زەمانی نەوجەوانی یاد ئەکا میسلی نەی کون کون ئەبێ هەر ناڵە و فەریاد ئەکا وا خەتی موشکین لە ڕووی هات دڵبەرم خاکم بە سەر جا نیزامی موڵکی حوسن و ئانی ئەو بەر باد ئەکا ڕێ مەدەن زاهید کە بێتە مەجلیسی مەستانەوە هەر بە تەسبێحی خەریکە پێکی مەی تەعداد ئەکا تا ئەبەد مەمنوونی پیاوی بێ ئەدەب بم هەقمە من چونکە ڕەفتاری بەدی بۆ چاکە من ئیرشاد ئەکا بۆ تەماع گەر خزمەتی زاڵم بکەم بێ مروەتم عالەم ئەیزانێ کە هەر سەگ خزمەتی سەییاد ئەکا گەر لە خۆشیانا پەڕوپۆ دەر بکەم هەقمە ئەمن فەقر و فاقە ئێستە دائیم لێم موبارەکباد ئەکا خوێن لە جەرگی دێ وەکوو فوارە کەمالی هەر گەهێ مەجلیسی عیلم و قسەی شیرینی مەحوی یاد ئەکا تیری برژانگی کە هێرش دێنێ بۆ سەر دڵ ئەڵێی لەشکەری هیندە خەیاڵی گرتنی بەغداد ئەکا ڕێی قیامەت دوور و بێ پایانە توێشووی لازمە پیاوی عاقڵ بۆیە مەیلی جەمعی توێشوو زاد ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم دەم و لێوەی لە باخا دی کە گوڵ باوی نەما ئەم دەم و لێوەی لە باخا دی کە گوڵ باوی نەما بولبولیش هەر ئەو دەمە کەوتە هەوا و ڕەقس و سەما زوو لە دین لایدا بەجارێ سۆفی بوو بە ڕۆژپەرەست ڕۆژی لاجانگی کە دی ئەمشەو لە پێچی پەرچەما بێرە سەر چاوم سەفاگاهێکی خۆشە گیانەکەم چی ئەکەی هەروای لە ناو کڵپە و بڵێسەی سینەما وانەزانی من نەفامم پاسەوانی دەرکەکەت تا ئەبەد ناگۆڕمەوە قوربان لەگەڵ تەختی جەما نایخەمە سەر کاغەز ئەسڵا تاکوو ماوم چاوەکەم ناوی تۆ دەوران نەکا با قەت لە دەم نامەحرەما بەرگی شاییم ویست لە چەرخی ئاسمان فەرمووی مەگەر شێتی تۆ نازانی من خۆم وام لە بەرگی ماتەما! حاڵی شێواوی کەمالی باش ئەزانێ دلبەرم گەر لە پەروانە بفکرێ شەو لە ئاقاری شەما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمە گیانی منە ئەی خاکی ئێمە وا لە باوەشتا ئەمە گیانی منە ئەی خاکی ئێمە وا لە باوەشتا دەخیلم زویر نەبێ توخوا لە ناو سینەی تەڕ و ڕەشتا ببارێنێ خوا بارانی ڕەحمەت تا ئەبەد بەهجەت بە جەستەی پاک و خاوێن و بە سەرتاپای سەر و لەشتا مەبە عاجز هەموومان دوا بە دوای تۆ دێینە لات ڕۆژێ فەرامۆشمان مەکە گیانە لە قەلبی ساف و بێ غەشتا گوتی پێم دڵ کەمالی ساڵی کۆچی بێژە وا بەهجەت لە ناو قەسری ئیرەمدایە بە دائیم وا لە گوڵگەشتا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر تەشریف بهێنێت نایەڵم پێ بنێیت بە سەر خاکا ئەگەر تەشریف بهێنێت نایەڵم پێ بنێیت بە سەر خاکا گوڵ و ڕێحانە و نێرگس ئەنێژم من لەسەر ڕێتا لەبەر پێی پادشادا مەڕ سەڕ ئەبڕن خەڵکی بۆ حورمەت ئەگەر ڕەحمت ببێ و بێیت خۆم سەر ئەبڕم من لە بەر پێتا بڵێ بەو باغەوانە کافرە با ڕێم بداساتێ بگێڕم دەست لە باخی پرتەقاڵ و سێو و هەرمێتا ئەگەر چی پیرم ئەمما ئەبمەوە لاوێکی تازە و جوان لە باخەڵتا شەوێ گەر بمخەوێنیت تۆ لە ناو جێتا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر غەم بێت بە جارێ هۆش و فامم یەک کەڕەت لابا ئەگەر غەم بێت بە جارێ هۆش و فامم یەک کەڕەت لابا بەچاوی تۆ قەسەم مەیلت لە دڵما زەڕڕە لانابا لە مەستان هەقیەتی تانە بدات سۆفی کە نەیدیوە شوعاعی عەکسی ڕووی دلبەر لە پێکی بادەیی نابا ڕەواجی میسکی چین یەکجاری ئەشکێ کەم ئەبێ نرخی ئەگەر بۆنی لە چین و پەرچەمی ئەو شۆخە بیبا با لە قیبلە ڕووی بە جارێ وەرگەڕان بێ ئیختیار ئەمڕۆ کە زاهید ڕووی نیگاری نازەنینی دی لە میحرابا بە جارێ ڕۆژی ڕووناکم لە بەر چاو بوو بە شەو ئەمڕۆ کە دەستی ئەو نیگارەم دی لە دەس بەدکاری سەگ بابا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باکم نییە ئەم چەرخە بڕوخێ کە بەسەرما باکم نییە ئەم چەرخە بڕوخێ کە بەسەرما دنیا هەموو بێ بایەخ وقەدرە لە نەزەرما هیوای نییە هەرگیز نە بە دنیا و نە بە عوقبا کەی عاشقی شەیدا بە تەمای سوود و زەرەر ما؟ تۆ ڕۆحمی بۆیە کە ئەڕۆی دەسبەجێ ئەمرم گەر بێیتەوە ڕۆح دێتەوە دووبارە بە بەرما دائیم لە سەری ڕێگەکەتا کەوتووم ئێستا بەم هۆیە کە ڕەحمەت بێ بنێی پێیە بە سەرما جەرگ و دڵی خۆم کردووە بە شاباشی بەری پێت بۆ وەی کە فیدای تۆ ببێ هەر نووری بەسەر ما تۆی مایەی ئیلهامی قەسیدە و غەزەلی من بێ تۆ نە قەسیدە نە غەزەل ما نە هونەر ما ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە جەورت ڕازیە هەرگیز هەوای لوتف و کەرەم ناکا بە جەورت ڕازیە هەرگیز هەوای لوتف و کەرەم ناکا دڵم گیانە بە خەم هۆگر بووە ئۆخەی لە خەم ناکا ئەگەر دەستی کەوێ دانیشتنی بەر دەرکەکت عاشق لە حەشریشدا موحەققەق مەیلی فیردەوس و ئیرەم ناکا ئەزانێ جێنشین و واریسی مەجنونی دێوانەم غەزالەی دەشتی چین بۆیە لە من ئێستاکە ڕەم ناکا بە خوێنی ئاڵەوە عاشق هەتا سەربەرزی مەحشەر بێ نیگارم بۆ برینی تیری، قەت مەڵحەم کەرەم ناکا لە دڵما هێندە جێگیرە ئەمین بە گیانی شیرینم لە قەبریشا کە مردم مەیلی تۆ یەک زەڕڕە کەم ناکا فیدای ئەو عاشقە ڕەندەم لە سایەی لێوی ساقی و جام وەها مووستەغنی و مەغروورە یادی جامی جەم ناکا لەهەرلا تێئەفکری نووری زاتی حەق نمایانە قەلەندەر بۆیە ئەسڵا فەرقی بتخانە و حەرەم ناکا قەلەندەر مەشرەبە حاڵی بووە ئەبڕێتەوە دونیا کەمالی هەقیەتی گەر ئارەزووی جاه و حەشەم ناکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە نیشتەر هەڵدڕی دڵ گەر هەمیشە یادی تۆ ناکا بە نیشتەر هەڵدڕی دڵ گەر هەمیشە یادی تۆ ناکا وەکوو تووتی بەرامبەر ئاوێنەی ڕووت گفتوگۆ ناکا بە ساردی مەیلی دولبەر یەک کەڕەت سووتا ڕەگ و ڕیشەی نەمامی ئارەزووی عاشق هەتا مردن چرۆ ناکا ئەوەندە نەگبەتم گەر بێ و بگاتە دامەنی دەستم وەکوو فێ دار ئەبێ ئیفلیج و لەرزەی دێتێ گۆ ناکا ئەوەی نەشئەی لە بۆنی زولفی تۆ وەرگرتبێ گیانە ئیتر شەوبۆ و وەنەوشە و سونبول و ڕێحانە بۆ ناکا بە ڕاستی واریعە زاهید هەتا حەز کەی تەماشا کە بەڵام وەختێ کە بێتە باسی پارە پف لە دۆ ناکا ئەوەندە شێتە سۆفی ڕوو ئەکاتە تاقی خشت و گڵ کەچی وەک من کەمالی ڕوو لە میحرابی برۆ ناکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە یادی چاوی مەستی تۆ ئەنۆشم بادەیی سەهبا سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعرێکی «سالم» و غەزەلێکی حافزی شیرازی - نووسین: بینایی دیدە بە یادی چاوی مەستی تۆ ئەنۆشم بادەیی سەهبا لە شەوقی گەردەنی تۆیە کە ئەگرم گەردنی مینا ئەبێ نەیبێ غەمی دنیا و عوقبا عاشقی شەیدا (بەدەل کەین با بە نەشئەی مەی خوماری میحنەتی دونیا) (الا يا ايها الساقی ادر کاسا وناولها) بناغەی ئەم جیهانە ئەی برایینە لەسەر بایە ژیان ڕاستت ئەوێ دەردی سەر و ئەندووهی سەودایە نەکەی تەفرە بخۆی بەم پیرە زاڵەی ناوی دنیایە (مەحەللی ڕیحلەتە دونیا برا ئیمرووز و فەردایە) (جرس فریاد میدارد که بربندید محملها) وەکو هەندێ بە شمشێری برۆی دلبەر بریندارنین بە دەردی عەشقەوە دڵ پڕ لە دەرد و ئێش و ئازارنین لە ناو گێژاوی دەریای عەشقدا وەک من گرفتارنین (لە بیمی مەوجی دەریای ئەهلی دڵ زاهید خەبەردارنین) (کجا دانند حال ما سبکباران ساحلها) لە نەشئەی چاوی مەستی دلبەری بەینێکە سەرخۆشم جگەر پێکراوی تیری غەمزە دڵ زاماری ئەبرۆشم بە ماچێکی دەمی ئەو نازەنینە گیانم ئەفرۆشم (قسەی من شۆرەتی شارە و تەماتە تازە بیپۆشم) (نهان کی ماند آن رازی کزو سازند محفلها) دەخیلت بم قسەی پیرانی دنیادیدە مەشکێنە بە تۆ هەرچێ بڵێ گیانە بەڕێ و جێ و سەر و شوێنە کە چونکە شارەزایە تۆ دڵی هەرگیز مەڕەنجێنە (تو خوا هەرچی ئەڵێ ناسیح لە نێک و بەد بەجێی بێنە) (که سالک بی خبر نبود ز راه ورسم منزلها) کە هەڵدێنێ بەناز ئەو شۆخە چاوی چەشنی شاهینی ئیتر عاشق ئەبەد نامێنێ سەبر و تاقەت و ژینی ئەکا مردوو بە خەندە زیندوو لێوی موعجیزئایینی (کە بادی سوبحدەم ئاڵۆز ئەکا زولفانی چین چینی) (ز تاب جعد مشکینش چه خون افتاد در دلها) لە ڕێی عەشقا هەزاران پادشا و سوڵتان و سەرداران هەموو عەوداڵ و ڕیسوابوون لە دەشت و کووچەیی شاران ئەمان خۆتان بپارێزن لە فیتنەی دیدەخوماران (مەحەببەت زۆر بە ئاشووبە بە سەهلی تێ مەگەن یاران) (که عشق آسان نمود اول ولی افتاد مشکلها) (کەمالی) بەم قسانە خەڵک ئەکەن هەرچەندە گاڵتە و گەب قوبووڵی کا ئەگەر دڵداری دڵ ئازاری شیرین لەب بە پاسی دەرکەکەی ڕازیم لە باتی ڕوتبە و مەنسەب (ویساڵی دلبەرە -سالم- موقەددەم تر لە هەر مەتڵەب) (متى ما تلق من تهوى دع الدنيا و اهملها) بەدەل کەین با بە نەشئەی مەی خوماری میحنەتی دونیا الا یا ایها الساقی ادر کاساً و ناولها مەحەببەت زۆر بە ئاشووبە بە سەهلی تێ مەگەن یاران که عشق ئاسان نمود اول ولی افتاد مشکل‌ها کە بادی سوبحدەم ئەفشان ئەکا گێسوویی پڕ چینی ز تاب جعد مشکینش چه خون افتاد در دل‌ها دڵا هەرچی بڵێ ناسیح لە نیک و بەد بەجێی بێنە که سالک بی‌خبر نبود ز راه و رسم منزل‌ها مەحەللی ڕیحلەتە دونیا ڕەفیق ئیمرووز و فەردایە جرس فریاد میدارد که بربندید محملها لە بیمی مەوجی دەریای ئەهلی دڵ زاهید خەبەردار نین کجا دانند حال ما سبکباران ساحل‌ها قسەی من شوهرەیی شەهرە تەماتە تازە بیپۆشم! نهان کی ماند ئان رازی کز او سازند محفل‌ها ویسالی دڵبەرە سالم موعەززەمتر لە هەر مەتڵەب متىٰ ما تلق من تهوىٰ دع الدنیا و اهملها «سالم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەتی دا ڕوومەتی ئەی ماڵی وێرانم قەمەر گیرا خەتی دا ڕوومەتی ئەی ماڵی وێرانم قەمەر گیرا بە تیپی جەیشی هیندی کەعبە وا بێ شۆڕ و شەڕ گیرا دڵی بردم بە ناز ئەو چاوە مەخموورانە سەرسامم بە ئاسک بەچچەیەک چۆن وا بەسەهلی شێری نەڕ گیرا نەبوو هەرگیز دەوای دەردی دڵم تا یاری بێ ڕەحمم ئیجازەی دا لە لێوی بۆ عیلاجم گوڵ شەکەر گیرا لە پێچ و تاوی داوی زوڵفی یارا حەپسە گەر عاشق شەهی ئیقلیمی هیندە وا مەزانە بێ سەمەر گیرا لە سینەمدا دڵم بەینێ بوو ون بوو بێ سەر و بێ شوێن لە کۆی ئەو دلبەرە بێ ڕەحمەدا دوایی بە سەر گیرا شکا بازاری قەندی میسر و بەلجیکا لە ناو کوردا لە شیعری تۆ کەمالی شەککەر و قەند هێندە وەرگیرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی زویرم لە حەڵقە و پێچ و تاوی زوڵفی زنجیرا دڵی زویرم لە حەڵقە و پێچ و تاوی زوڵفی زنجیرا خەلاسی بوو کەچی دوایی بە قوللابی موژەت گیرا بە ئیما گفتوگۆی دائیم لەگەڵ ئەهلی دڵە ئەبرۆت مەحاڵە کەی بووە خاسییەتی بێ تەل لە شمشیرا! ئەگەر سڕڕی دەمی تۆ تێبگەن ئەم خەڵکە هەر وەک من نمەک تێکەڵ ئەکەن دائیم لە پێکی شەککەر و شیرا لە خەوما ئاوی سەرچاوەی ژیانم نۆش ئەکرد ئەمشەو شوکور سبحەینێ دیم ماچی دەمی تۆ بوو لە تەعبیرا من و جامی شەراب و زاهید و ئەندێشەیی کەوسەر بە دەستی کەس نییە حوکمی قەڵەم وابوو لە تەقدیرا بە خەتتی تێمەگەن ئاه و هەناسەی عاشقی زارە عورووجی کردووە وا مانگی ڕووی ئەو دلبەرە گیرا بە یادی تووتی گەوهەر باری ئەو دائیم غەزەلخوانم سەبا پێشکەش بکە عەرزم لە خزمەت حەزرەتی میرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان فەلەک ئەم داخە چ بوو نای بە جگەردا سەبارەت: شیوەن بۆ ئەحمەد موختار بەگی عوسمان پاشای جاف دیسان فەلەک ئەم داخە چ بوو نای بە جگەردا ئەم ئاگرە چی بوو لە دڵی عالەمی بەردا؟ دیسان چییە ئەم شۆرە لە ناو میللەتی کوردا عالەم هەموو غەرقە لە قوڕ و شین و چەمەردا من دیومەلەخاک دێتە دەرێ گوڵ بە بەهاران بۆ چی گوڵی من ماتە؟ لە ژێری گڵ و بەردا هەنگامی خەزان فەسڵ و دەمی کۆچی گوڵانە بەم فەسڵی بەهارە گوڵی من وا لە سەفەردا ئەو خوسرەوە وا حاتەمی تەی بوو بەسەخاوەت ئەو ڕۆستەمە واشێری ژیان بوو لە نەبەردا سەیری کە چلۆن چەرخی فەلەک دەربەدەری کرد کوژرا بە غەریبی لە کەژ و کێوی نەوەردا زانیم کە کوسووفی ئەبێ ڕۆژی هەموو جافان من ئەو شەوە گەردوون کە خوسووفی بە قەمەر دا ئەی سەروەری عالی نەسەب! ئەی ئەحمەدی موختار بۆچ خوێنی شەریفت بە هەوادا بە هەدەر دا! سەیریکە ئەڵێی خوێنی ڕژاوی گەشی تۆیە «سیروانی سروشکم کە ئەکا هاژە لە سەردا» هەرچەندە کە ڕۆیشتی بەڵام زیکری جەمیلت ویردی دەمی کوردانە لە شام و لە سەحەردا ئەو ناوە بڵندەی کە بەجێت هێشتووە بێ شک ئەینووسێ موئەڕڕیخ لە تەواریخی بەشەردا نابڕێتەوە خوێنت بووەتە خوێنی سیاوەش مەنقووشە جەماڵت لە دڵ و فیکر و نەزەردا تەئریخی وەفاتیم لە خیرەد پرسی وتی پێم: جێی عەدنە ئەو و ئێمەیی جێ هێشت لە سەقەردا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەبێ قوڕ کەم بەسەردا خەڵکە وا دیسان نیگار ئەڕوا دەبێ قوڕ کەم بەسەردا خەڵکە وا دیسان نیگار ئەڕوا وەکوو بولبول بناڵم چاکە چونکە نەوبەهار ئەڕوا زوبانی ڵاڵ بێ بۆچ وا زوو خورووسی سوبحەدەم خوێندی شەوی وەسڵم بەسەرچوو مەوسمی بۆس و کەنار ئەڕوا لە دێهاتی ئەبێ سووچی چ دیبێ یاری بێ ڕەحمم کوتوپڕ واکە زوو بێزار بوو لێمان ڕوو بە شار ئەڕوا بە پەیکانی موژەی پێکامی ئەو بێ ڕەحمە وای زانی کە تیری ڕۆستەمە و بۆ دیدەنیی ئەسفەندیار ئەڕوا ئەگەر مردی لە ساردی میهری دەهری دوون مەبە عاجز زەواڵی دێ ئەمیش وەک بەفرەکەی پێرار و پار ئەڕوا کەمالی بۆ نیساری مەقدەمی جانان تەماشاکە کە ئەشعارم دوڕ و گەوهەر قەتار ئەندەر قەتار ئەڕوا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەردی عەشقت وێڵی دەشت و هەردە و سەحرام ئەکا دەردی عەشقت وێڵی دەشت و هەردە و سەحرام ئەکا تووشی سەد بەد ناوی و دوچاری سەد سەودام ئەکا وەسڵی تۆ هەر باعیسی فەوتان و سووتانی منە شەوقی ڕووت پەروانە ئاسا ئەمکوژێ و ئیفنام ئەکا چاوەکانت ئەمکوژێ لاکین شەکەر خەندەی دەمت دائیما بۆ کوشتنێکی تازەتر ئیحیام ئەکا وەک چرای فانۆسەناشارێتەوە عەشقی نیگار با لە پەردەشدا بێ ئاخر سەر سەری و ڕسوام ئەکا من ئەبێ سووچم چبێ ڕۆژی ئەزەل سوڵتانی عەشق دیل و یەخسیری کەمەندی پەرچەمی تاتام ئەکا چاوەکەی مەستت نیگاری مەه جەبین بۆتە سەبەب وا کە مەخمووری شەراب و بادە و سەهبام ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوکور تیری موژەی ئەو شۆخە قەت ئامانجی ون ناکا شوکور تیری موژەی ئەو شۆخە قەت ئامانجی ون ناکا لە هەر لایێکی بگرێ ئەم دڵی زامدارە کون ناکا لەگەڵ ئەغیار و یارا دائیما ڕووخۆشە ئەو شۆخە لە بەدبەختیمە ڕووی لوتف و کەرەم هەرگیز لە من ناکا تکای لێم کرد وتی بمخوازە دنیا زوو جەوابم دا وتم ئینسانی عاقڵ مەیلی وەسڵی پیرەژن ناکا کەمالی چۆن لە حەشرا فەرق ئەکا جەننەت لەگەڵ دۆزەخ ئەوەندە شێتە سۆفی فەرقی کەرکووک و «تسن» ناکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شیعرە کانی تۆ مەهین بانوو دڵی من شاد ئەکا شیعرە کانی تۆ مەهین بانوو دڵی من شاد ئەکا ڕۆژ و شەو من عەشقی شێعرم تاکوو بێ هەر زیاد ئەکا نەمئەزانی من لە عەسری بیستەما چەرخی فەلەک سەر لە نوێ مەستوورەیێکی چەشنی تۆ ئیجاد ئەکا ماه شەرەف ون بووبوو چا بوو تۆ کە زیندووت کردەوە ڕۆحی ئەو لە خودا دەوامی عومرت ئیستمداد ئەکا من دڵم فەوتاو و پیرە عومری سەد ساڵە کەچی عەشقی شێعرت تازە دێوانێکی لێ بونیاد ئەکا شیعری سووزانت دڵ و جەرگی منی سووتاندووە عەهدی عەدڵ و دادە ئەو ئێستاکە بۆچ بێداد ئەکا تۆ لە کوێستانیت لە ئاویدەر بە خۆشی وا ئەژیت خۆ کەمالی شەڕ لەگەڵ گەرما و گڕی بەغداد ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلەک نادا هەتا ڕۆژی قیامەت مەقسەدی دانا فەلەک نادا هەتا ڕۆژی قیامەت مەقسەدی دانا ئەوەی دانابێ داماوە هەمیشە وا لە زیندانا دەخیلم ئەی سەبا تێکی نەدەی لانەی دڵی زارم کە ئێستا وا لە ناو پێچ و خەمی زوڵفی پەرێشانا نیگارم یا مەلەک یا خۆ پەری یا حۆرییە بێ شک مەحاڵ و سەعبە حوسنی وا تەجەللا کا لە ئینسانا لە باخا پەست ئەبێ بۆ ئیمتحان و تەجرەبە ڕۆژێ بەرامبەر کەن ئەگەر باڵات لەگەڵ سەروی خەرامانا لە دووریی تۆ هەمیشە شیوەن و زاری ئەکەم قوربان ئەگەرچی وام لە ناوجەمعی پەری ڕوویانی تارانا لە ناو کوردی عێراقا ئەی کەمالی شیعری ڕەنگینت ئەوەن مەرغووبە هەروەک شیعری قائانی لە ئێرانا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قووەت نییە مەیلت لە دڵی غەمزەدە دەرکا قووەت نییە مەیلت لە دڵی غەمزەدە دەرکا خالق مەگەر ئەم مەیلە لە دڵ زێر و زەبەر کا جیا ئەبنەوە ڕۆح و دڵ و ئیمان و خیرەد لێم ئەو یارە وەفاکارە مەگەر عەزمی سەفەر کا سبحەینێ کە وا جەژنە کەوای تازە ئەکەن خەڵک بەو یارە بڵێن ئەم غەزەلە تازە لەبەر کا دڵ هێندە جەفای دیوە لە کوڵم و خەتی دڵبەر هەقیە کە لە سەیری گوڵ و ڕێحانە حەزەرکا ئەو چاوە فسوونکارە ببینێ وەکوو من شێخ زۆر زەحمەتە تا ماوە ئیترتەرکی نەزەر کا هەوڵ و تەقەلا سوودی نییە مەرد ئەوەیە وا خۆی دائیمە تەسلیمی قەزا و حوکمی قەدەر کا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دووری یارم عاشق عەیبە خۆی دووچاری مەینەت کا لە دووری یارم عاشق عەیبە خۆی دووچاری مەینەت کا بە ئاوازی سەگی بەر دەرکەکەی شەرتە قەناعەت کا هەموو پارچە و پەلێکی چمکی داوێنی نیگار ئەگرێ بە شمشێری برۆی لاشەی کەمالی گەر لەتوپەت کا ئومێدی خێر و خۆشی نابێ هەرگیز عاشقی شەیدا ئەبێ تا ماوە خۆی ئامادە بۆ دەرد و موسیبەت کا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە چاوی مەستی نازت شوور و فیتنە حەرب و شەڕ پەیدا لە چاوی مەستی نازت شوور و فیتنە حەرب و شەڕ پەیدا لە باڵای تۆ بەڵا بۆ عاشقی بێ پاوسەر پەیدا لەسایەی پەرچەمی پڕچینی تۆ میسکی خەتا هەرزان لە لێوت نوقل و عونناب و نەبات و گوڵ شەکەر پەیدا لەشەوقی ڕوومەت و تاقی برۆ و جەبهەت لە ڕووی ئەرزا وەکوو چەرخی فەلەک ڕۆژ و هیلالی نوێ و قەمەر پەیدا ڕەگی ڕۆحی منە ئەو پەرچەمە مەنزڵگەهی دڵمە لە شانە زۆر ئەترسم بۆی ببێ ڕەنج و زەرەر پەیدا خودا پێی داوی ماڵ و موڵکی دنیا شێتە سا بیخۆ دەنی تەبعی ئەبێ ئاخر لە جەمعی زیو و زەڕپەیدا خەراباتی جیهان بۆ هەرکەسێ زەوقێکی تێدایە بە تەنها بۆ کەمالی بێ نەوایە دەردی سەر پەیدا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەک بە تەنیا سەبر و هۆشی عاشقی مسکین ئەبا نەک بە تەنیا سەبر و هۆشی عاشقی مسکین ئەبا ئەو نیگارەی کافرە ئیمان و عەقڵ و دین ئەبا تیرە بارانی کە کردم یار بە برژانگی وتی: ئەم شەهیدی عەشقە بۆ مەحشەر جلی خوێنین ئەبا بۆ تەوافی کەعبەیی ڕووی چووم بە موشتاقی کەچی زوڵفی کافر حوسنی وا بۆمن مەحاڵی چین ئەبا؟ پەرچەمی تاتای شکاندی قەدری شەوبۆ و یاسەمین پێکەنینی حورمەتی گوڵ شەککەر و هەنگوین ئەبا گەر بچێتە سەیری گوڵزار و چەمەن ئەو دولبەرە ئابڕووی گوڵخونچە و لالە و حەیای نەسرین ئەبا داستانی عەشقی یاری من بزانن خەڵکی گەر زەحمەتە کێ ناوی عەشقی کۆکەن و شیرین ئەبا شاعیری کوردە کەمالی فیکری بیکر و وردی ئەو وا ڕەواجی شیعرەکانی شاعیری پێشین ئەبا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دنیا وەکوو زوڵفی بتان شێواوە حاڵی دەرهەمی دنیا هەموو کاتێکی مەحکوومی نەمانە عالەمی دنیا دەوامی هیچ نییە هەر ڕۆژە جۆرێکە ئەگۆڕێ زوو لە لای زانا وەکوو یەک وایە شادی و ماتەمی دنیا ئەوەی دانایە وەک یەک وایە لای ئیقباڵ و ئیدباری قەراری هیچ لە سەر بارێ نییە زۆر و کەمی دنیا ئەگەر شەکرت بداتێ ژەهری تێدایە نەکەی بیخۆی! دەخیلم خۆت بپارێزە لە شەهدی پڕ سەمی دنیا کەمن ڕەند و قەلەندەرمەشرەبم فەرقی نییە هەرگیز لە لام هەر وەک یەکە کاسەی کەل و جامی جەمی دنیا ئەگەر ئەهلی دڵی تۆ گوێ لە ناڵەی سازی دڵ بگرە کەمالی گوێ مەدە ئاوازەیی زیل و بەمی دنیا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیاوی زانا چۆن لە ڕەویەی قەومی خۆی حاشا ئەکا پیاوی زانا چۆن لە ڕەویەی قەومی خۆی حاشا ئەکا چۆن لە ئاداب و ئوسووڵی ئەو گەلە ئیبا ئەکا هەروەکوو مەنسوور أنا الحق گۆ بوو گەر بیشمکوژن خوێنەکەم ئەتکێ بە کوردی دەردی خۆی ئینشا ئەکا کورد ئەوەند کوردن بە سەد شەیتان لە کوردی ناکەون ئیکە خەڵکی بۆ چی بۆخۆی دەردی سەر پەیدا ئەکا! باوکی ناناسێ خودا ئەیزانێ کێیە و کەی بووە هەرکەسێ تەرکی زوبانی خاسی مادەرزا ئەکا هەرکەسێ هات و وتی کورد مردووە باوەڕ مەکەن شێتە، بێ عەقڵە، کەر و گایە، قسەی بێجا ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوی خوێنڕێژت بە قەتڵی عاشقان ئیما ئەکا چاوی خوێنڕێژت بە قەتڵی عاشقان ئیما ئەکا مەست و خوێنڕێژە عەجایب شۆڕشێ بەرپا ئەکا! تیپی برژانگت بە وێنەی لەشکری هیندو حەبەش هێرشی هێناوە بۆ سەر موڵکی دڵ دەعوا ئەکا تیغی ئەبرۆی تۆ هەمیشە قەتڵوعامی خەڵک ئەکا هەرمنی سەودازەدە لەم لوتفە موستەستەسنا ئەکا لوتف و قەهری هەردوو وەک یەک عەینی لوتف و ڕەحمەتە ئەو نیگارە دەرهەقم هەرچی بفەرموێ چا ئەکا بۆ جنێو و قەهر و لێدانت موتیع و حازرم دڵ ئەگەر سەرپێچیی ئەمرت بکا بێجا ئەکا تا کەمالی خاکی ئەو دەرگایە بۆتە مەسکەنی ئیکە هەر یاری بە تەختی خوسرەو و دارا ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چونکە یار پێی خۆشە دڵ جەور و جەفا داوا ئەکا چونکە یار پێی خۆشە دڵ جەور و جەفا داوا ئەکا لوتفی نابێ ئەو بە خەم وێرانەکەی ئاوا ئەکا ئەم کەژ و کێوانە وا سەریان گەیشتۆتە فەلەک زەحمەتە دوژمن لەسەر ئەم کێوە چۆن مەئوا ئەکا پیاو و ئەولادمان لەڕێی زوححاک دا کوژران هەموو ئەم گەلی کوردە لە پڕ هەر کاوەیەک پەیدا ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چەرخی کەچڕەوئیشی سەیرە چاوەڕوانی هەل ئەکا چەرخی کەچڕەوئیشی سەیرە چاوەڕوانی هەل ئەکا دائیما کاسەی سەری کیسرا بە کاسەی کەل ئەکا کاری دنیا ئێستە گۆڕاوە هەمووی تێ ئەفکرم مەشقی نووسین هەر بە کوێر و غار بە ئەسپی شەل ئەکا! فیکە گەر دائیم برای بێت لێرە وا لەم عەسرەدا؟ کەشفی زەڕاتیش بە چاوی خێلی مام ئەحوەل ئەکا سەر لە عالەم هێندە شێواوە ئەبینم جاهیلێک نوتق ئەدا عەینەن لە میستەر ئێدن و چەرچەل ئەکا من لە بیرم دێ کە تووتی خۆشەویست بوو سەیر ئەکەم عاقڵی ئەم دەورە ئێستا حەز لە بووم و قەل ئەکا! مامە ڕێوی مافی شێری لێ ئەدا کەیفی هەیە شێری نەڕ وەک ڕێوی ماتە چاوەڕوانی گەل ئەکا ئەم جیهانە سینەمایە دێت و ئەڕوا زوو بە زوو شێتە هەرکەس یادی مازی و باسی موستەقبەل ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژی نەورۆزە کە دنیا پڕ لە ساز و سۆز ئەکا ڕۆژی نەورۆزە کە دنیا پڕ لە ساز و سۆز ئەکا نێرگز و لالە و وەنەوشە ڕووی زەوی پیرۆز ئەکا پەلکەزێڕینەی بە ئاڵا وا فەلەک هەڵکردووە دای لە تەپڵی هەور و شایی پادشای نەورۆز ئەکا تا ئەبەد مەمنوونی لوتفی بای شەماڵم چونکە وا پەرچەمی ئەو نازەنینە جاربەجار ئاڵۆز ئەکا نایەڵێت قەت خانومانمان پاک و خاوێن بێ ئەبەد مامە ڕێوی دائیمە کلکی خەریکە تۆز ئەکا سەد شوکور ناچێ لە ئینسان شکڵی هێندە بێ فەڕە سەیری کەن بەدکاری بێ پیر هەر لە گورگی بۆز ئەکا نەفعی شەخسی خۆی ئەگەر تێکەڵ نەکا مەردە ئەوەی خزمەتی بۆ خاکی پاکی نیشتمان و هۆز ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەروەکوو تیری موژەی دائیم لە جەرگم گیر ئەکا هەروەکوو تیری موژەی دائیم لە جەرگم گیر ئەکا یار بە تای زوڵفی دڵی دێوانەشم زنجیر ئەکا چاوەکەی مەستی دڵی پێکام چ سڕڕێکە کە وا ئاسکی سەحرایی خەتا شێری ژیان نێچیر ئەکا وا خەتی دا ئەو پەری ڕووخسارە ڕووی جا تێگەیم ئەم خەتی ڕێحانەیە ئایاتی ڕووی تەفسیر ئەکا... جانفیدای ئەو دلبەرە شۆخەم بە نوقڵی لێوی خۆی دائیما تیفلی گرینۆکی دڵی من ژیر ئەکا ڕێ بە زاهید قەت مەدەن بۆ مەجلیسی مەستان ئەمان بەدڕەوشتە سەد فسوون و حیلە و تەزویر ئەکا گەر لە باخی ئەستەمووڵ و پاریسابم پەشمە لام دڵ هەمیشە هەر هەوای گۆڵگەشتی باخی میر ئەکا گوێ مەدە شیعری حەسوودی بەد کەمالی شیعری تۆ ساف و شیرین و ڕەوانە هەر لە شەکر و شیر ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یار وەفادارە لەگەڵما چۆن جەفاکاری ئەکا یار وەفادارە لەگەڵما، چۆن جەفاکاری ئەکا ئیشی بەدکارە کە جارجار فێری بێ باری ئەکا ڕەحمی پێ کردم دڵی سووتا کە دی ئەگریم نیگار موعجیزەی عەشقە کە زاری کاری زۆرداری ئەکا! میری خاوەن حوسن و جوانی زۆرە لەم دنیایە دا یاری من شاهێکە داوای تەختی خوونکاری ئەکا بۆ عیلاجی دەردی من هیچی نەکرد لوقمان ئەوا دوڵبەرم ئێستا بە گوڵ شەکری دەمی چاری ئەکا چاوی یارم چونکە بیمارە دڵی دێوانەکەم وا لە عەشقی ئەو هەمیشە حەز بە بیماری ئەکا مەی بخۆ مینبەر بسووتێنە مەدە ئازاری دڵ شێخی شیرازی وەها مەنعی دڵ ئازاری ئەکا بێ ئەدەب نابم لە لام وایە ئەگەر هات و بڵێم ئەی کەمالی شێعرە کانی من لە هی ناری ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڕاستی خۆشە عاشق یاری شۆخ و میهرەبانی بێ بەڕاستی خۆشە عاشق یاری شۆخ و میهرەبانی بێ بەهاران فەسڵی گوڵ ناو باخ و گوڵزاری مەکانی بێ سەری یاری وەفاداری لەسەر سەر سەنگ و ڕانی بێ دڵی خۆش و سەری پڕ جۆش و ئیقبالی جوانی بێ لە من داد و لە ئەو ناز و نیاز و عیشوەئارایی.. بکەم ڕاز و گلەی شەوگاری دووری ڕازی تەنهایی شەوێکی مانگە شەو خۆشە بخوێنێ بولبولی شەیدا لە ملمابێ دەسی دڵدار و شۆخی میهرەبانی وا خۆشە عاشق لە دڵداری ببینێ کامی دڵ بە خوا لەمە زیاتر نییە کەیف و سەفا و خۆشی لە دنیادا من و ئەم ئارەزووی کەیفە بە ڕاستی شێت و مەجنوونم ئومێدی سەیر ئەکەم بە خوا لە بەختی شوومی واژوونم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا ئەی شەمعی دین پەروانەکەی دەوری چراکەت هات سەبارەت: بۆ شێخ مەحموودی حەفید ئەوا ئەی شەمعی دین پەروانەکەی دەوری چراکەت هات غەریب و دەربەدەر مەجنوونی بێ بەرگ و نەواکەت هات بە دەوری ڕووی وەکوو گوڵتا هەتاکوو نەغمەخوانی کا لە کوردستانەوە وا بولبولی داستان سەراکەت کات لە مەدحی تۆ هەتا هەڵبەستێ هەڵبەستی بەسۆز و تەڕ فیداتم شاعیری شیرین کەلام و خۆش ئەداکەت هات بەشەو بۆ پاسی دەرکی کۆشکەکەت چاکە قوبووڵی کە کەمالە پیرەکەی پیران و کەلبی باوەفاکەت هات دەخیلم تو خوا نۆرەی وەفاتە بەسیە بێ لوتفی بە دەرد و ئێشەوە زاماری پەیکانی جەفاکەت هات بە بەندی و زەجر و لێدانت نەبوو دڵگیر ئەوا دیسان بە کۆڵی سیدقەوە دووچاری ئەنواعی بەڵاکەت هات ڕیا ناکەم ئەزانم شاهیدە ئاوێنەیی قەلبت فیدایی بەندەکەت یەعنی کەمالی باوەفاکەت هات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ وەفا دلبەر لە کوێ ما وەعدە و پەیمانەکەت بێ وەفا دلبەر لە کوێ ما وەعدە و پەیمانەکەت بۆ چی تەرکت کرد بە جارێ عاشقی دێوانەکەت من هەتا ماوم لەسەر ئەو شەرت و عەهدەم چاوەکەم ڕۆح ئەکەم قوربانی ڕیشوەی چەفیە و جامانەکەت تۆ لە گوڵگەشتی چەمەندای دائیما ڕەحمت ببێ بێ بپرسە جارێ حاڵی دیلی بەندیخانەکەت ڕۆژی عالەم ڕەش مەکە گیانە لەسەر سوبحی جەبین لادە تو خوا پەرچەمی شەو ڕەنگی میشک ئەفشانەکەت خەتتی لای لێوت عەزیزم من ئەزانم حیکمەتی خضرە بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەیی حەیوانەکەت ئەی نیگار! تۆ چونکە لەیلی کوردی من مەجنوون سیفەت شیعرەکانم حەسرە سەر تەعریفی حوسن و ئانەکەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جانا دڵەکەم بەندە بە حەڵقەی سەری گێسووت جانا! دڵەکەم بەندە بە حەڵقەی سەری گێسووت سا مەیخەرە بەر زەربەیی شمشێری دوو ئەبرووت میهرت لە دڵم زەحمەتە ئەی شۆخی پەری ڕوو دەرچێ مەگەر ئەو ڕۆژە کە وا ئەمخەنە تابووت گیان و دڵ و ئارام و قەزا و خیرەد و هۆش بردی بە جەفا دیدەیی پڕ فیتنەیی جادووت چەند شێری ژیانت بە فەنا دا بە نیگاهێ سوبحانە لە دەست قووەتی شێر ئەفگەنی ئاهووت هەر چەندە کوا تاقەتەکەم تاقە بەبێ تۆ پەیوەستە دڵم ئێستە لەگەڵ دەرد و غەما جووت تا بووم دڵ و دینم بە فیدا کرد و کەچی تۆ هەر جەور و جەفات کرد لە هەقم گیانە هەتا بووت ئەو دیدەیی فەتتانەیە باعیس کە کەمالی پڕ فیتنە و ئاشووبە هەموو عالەمی ناسووت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە غەمزەت تیرە باران بۆ دڵی عوششاقی مسکین هات سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری «سالم» لە غەمزەت تیرە باران بۆ دڵی عوششاقی مسکین هات لە زوڵف و ڕووت بە جارێ ترسی کوفر و موژدەیی دین هات لە سیحری چاوی مەخموورت بەڵا بۆ گیانی بێ تین هات «محاتی عاریزی دولبەر لەسەر دا زووڵفی مشکین هات بە دەورەی باخی گوڵ دا، تەرزی سونبول، مەحزی پەرژین هات» بە تەنیا تیغی ئەبرۆت جەرگ و دڵمی ئەنجن ئەنجن کرد وجوومی تیری غەمزەت گیانە سینەی زاری کون کون کرد هەموو دەرد و جەفای یەکجاری وەقفی جەستەیی من کرد «هەوای ماچی دەمت ڕێی بەندەری زوڵفی بە دڵ ون کرد موسافیر بۆ سیاحەت سوویی چین چوو تووشی ماچین هات» لە دووریی ڕووی تۆ ئەمشەو زەلیل و خەستە و بێ خەو ئەگریام بێ کەس و تەنیا بەبێ شەوقی چرا و پڕتەو لە پڕ هەڵسام بە سۆز و شەوقەوە خوێندم بە وێنەی کەو «دوعام بۆ دەفعی چاوی بەد لە حوسنی تۆ نەکرد ئەمشەو لە دەم ڕووحولئەمین تا سوبحدەم ئاوازی ئامین هات» لە باڵای تۆ عەزیزم سەرو ئەکا مەشقی دڵارایی ئەکا عەڕعەڕ لە بەژنت گیانە دائیم کەسبی ڕەعنایی هەموو لاسایی حوسنی تۆ ئەکەن ئەی شۆخی بەغدایی «کتێبی وەسفی جوانیی تۆم ئەخوێند ئەمشەو بە تەنیایی لە پەردەی غەیبەوە تا ڕۆژ بە گوێما دەنگی تەحسین هات» بەڕاستی مردنی عاشق جیایی خزمەتی یارە لە وەسڵی یار ئەگەر دووربێ لە گیانی خۆشی بێزارە بە ڕاستی سەیرە وەزع و حاڵی عوششاقانی بێچارە «بڵێم پێت با حەدیسی کوشتنی فەرهادی ئاوارە لە شەوقا دای لە سەریا تیشە کاتێ دەنگی شیرین هات» ئەوەی ڕۆیی بە ڕێی عەشقا سەر و ماڵی بە تاڵان چوو ئەبەد ناگاتە مەقسەد دائەمینێ هەروەکوو مردوو بە هەر لایا بچێ بەختی ڕەشی ڕێی لێ ئەبەستێ زوو «لە ئاهم گەردەنەی ئەلبورز بە تەم کێوی دەماوەند بوو بە ڕێی ڕەی دا کە قیسمەت ڕۆژی هەووەڵ بۆ وەرامین هات» چ خۆشە ئینتزار و چاوەڕێی تەشریفی دڵداران لەسەر ڕێگا بە ئوممێدی ویساڵی شۆخ و نازداران کەمالی وا کوڵاوە زامی جەرگی سینە زاماران «هەمیسان هاتە سوێ زامی دڵی سالم وەکوو جاران بە سروەی بای سەحەر کاتێ کە نەفحەی زوڵفی موشکین هات» موحیتی عاریزی دڵبەر لە سەردا زوڵفی پڕچین هات بە دەوری باغی گوڵدا، تەرزی سونبول، مەحزی پەرژین هات هەوای ماچی لەبت ڕێی بەندەری زوڵفی بە دڵ ون کرد موسافیر بۆ سیاحەت سوویی چین چوو تووشی ماچین هات بە تەم کەللەی دەماوەند بوو لە ئاهم گەردەنەی ئەلبورز بە ڕێی ڕەیدا کە قیسمەت ڕۆژی ئەووەڵ بوو وەرامین هات کەلامی وەسفی حوسنی تۆم دەخوێند دوێشەو بەتەنهایی لە پەردەی غەیبەوە تا ڕۆژ بە گوێما دەنگی تەحسین هات دوعام بۆ دەفعی چاوی بەد لە حوسنی تۆ دەکرد ئەمشەو لە دەم روح الأمین تا سوبحدەم ئاوازی ئامین هات حەدیسی کوشتنی فەرهادی بێکەس پێت بڵێم چۆن بوو؟ لە شەوقا دای بە سەریا تیشە وەختێ، دەنگی شیرین هات هەمیسان کەوتە خوێن زەخمی دڵی سالم، وەکوو جاران بە سروەی بای سەحەر یەکدەم، کە نەفحەی زوڵفی موشکین هات «سالم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرە ئەی سەروو عەڕعەڕ عەبدی باڵا و بەژنی مەوزوونت وەرە ئەی سەرو و عەڕعەڕ عەبدی باڵا و بەژنی مەوزوونت شەپۆلی بۆنی گوڵ شێواوی شێوەی هاتن و چوونت وەرە ئەی عەنبەری سارا غوڵامی دانەیی خاڵت وەرە لەعلی یەمەن دڵ پڕ لە خوێنی لێوی مەیگوونت بە بارێ عیلمی حەفتا ساڵەوە دابووم بە شاگردت.. بژی ئەی سامیری سەر سامی دیدەی پڕ لە ئەفسوونت وەفات دەرحەق بەمن بەینێ بوو ئێستاکە جەفاکاری چ ڕوویداوە لە بەندەی عاشقی شەیدایی مەجنوونت لە داوی پەرچەمی یارا ئەسیری چەشنی دیلی ڕووس هەتا مەحشەر کەمالی زەحمەتە لەم داوە بەربوونت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە زوڵفت شانە کرد بۆی میسکی چین ڕووی ئاسمانی گرت کە زوڵفت شانە کرد بۆی میسکی چین ڕووی ئاسمانی گرت دەمی خەندە لە لێوت قەند و شەککەر ڕووی جیهانی گرت بە غەمزە چاوەکەت پێکای دڵی عوششاقی بێچارە عەجەب کا ئاسکێکە سەد هەزار شێری ژیانی گرت نەما شەوقی بەجارێ مانگی چواردەت دەستبەجێ گیرا کە ئەو شۆخە بەدەرکەوت هەروەکوو خۆر لێوی بانی گرت نەوەک ئینسان فریشتە و جن بە جارێ پێکیا دڵیان لە موژگان و برۆی تا دلبەرم تیر و کەوانی گرت بە ئانێ موڵکی سەبر و دڵمی کرد ئەو یارە ئیستیلا وەکوو هیتلەر کە ئیقلیمی هەموو یۆنانیانی گرت خەتی دا ڕوومەتی ئەو شۆخە فەرمووی: ئەی کەمالی بۆچ مەگەر حەشرە کە کافر کەعبەیی ئیسلامیانی گرت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تانیا تەنیا تۆی مایەی ژیانم سەبارەت: بۆ تانیای خۆشەویستم تانیا تەنیا تۆی مایەی ژیانم هەر تۆی تەسکینی و ئارامی گیانم ئەم جەژنە شادیت لە من کرد بە شین بە خوا حەیفت کرد شۆخی نازەنین لە جەژنا دوژمن خۆ لەگەڵ دوژمن گەردن ئازادی ئەکەن تەنیا من لە بەدبەختیمە لێم زویر بووی گیانە ئەوە کەی شێوەی وەفای ئینسانە؟ جەژنە پیرۆزە و خۆشی و دڵشادی دەست لەمل کردن گەردن ئازادی خۆ بۆ من نەبوو بێ وەفا دلبەر داوێنت ئەگرم لە سارای مەحشەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆ تەماشا کاکە هەنگامی خەزان تۆ تەماشا کاکە هەنگامی خەزان بە وەیشوومەی بای پێشڕەوی زستان گەڵای درەختی تازە و سەوز تەڕ شەوبۆ، ڕێحانە و وەنەوشە و شەستپەڕ زەرد ئەبن ئەڕزێن گشت هەڵئەوەرن بەرگەی وەیشوومەی بای زستان ناگرن بەڵام یارەکەی نازەنینی من پەرچەم ڕێحانە و گوڵ جەبینی من بەهار و پاییز هاوین و زستان بە هەر جوار کاتی تەڕ و تازە و جوان چونکە پێی ئەوان لە ناو گڵدایە پێی یارم لە ناو جەرگ و دڵدایە بە تینی دڵەی پڕگڕە و شەرەر لە سەرمای زستان نابینێ زەرەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەدەست پیاوی کەر حەزرەتی عیسا ڕۆژێ لە ڕۆژان لە سارایەکی چۆڵ و بیابان ڕایئەکرد خێرا وەکوو بابردوو لە پڕ زەلامێ لە ڕێ تووشی بوو عەرزی کرد وتی ڕەسوولی ڕەحمان بۆچ وا ڕائەکەی توخودا قوربان! جوابی دایەوە وتی برادەر وا فیرار ئەکەم لە دەست پیاوی کەر کابرا عەرزی کرد تۆ پێغەمبەری ڕەسوولی خودایت گەورە و سەروەری چاک ئەکەیتەوە گول و کوێر و گەڕ مردووی سەد ساڵە ئەهێنیتەدەر زوو زیندوو ئەبێ دێتە سەر دونیا بۆت بەیان ئەکا هەواڵی ئەولا لە دەست پیاوی کەر چۆن ئەکەی فیرار! ڕاستیم پێ بڵێ ڕەسوولی نازدار فەرمووی کە ناوی خودای دادگەر ئەخوێنم خێرا گول و کوێر و گەڕ چاک ئەبێتەوە بە یەک لەحزە و ئان زیندوو ئەبێ زوو مردووی گۆڕستان بەسەر ئینسانی کەرا ئەیخوێنم هیچ لێی کار ناکات دۆش دائەمێنم چونکە نەخۆش وەک کوێری بەڵایە بەڵام کەرێتی قەهری خودایە بە ئەمری خودای گەورەی دادگەر دوعا کار ناکات لە ئینسانی کەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەزرەتی یەعقووب ڕەسوولی ڕەحمان حەزرەتی یەعقووب ڕەسوولی ڕەحمان یەکێ لێی پرسی وتی بە قوربان لە میسر بۆنی کراست بۆ هات خۆ بیری کەنعان نزیکە لە لات تۆ چۆن نەتزانی کە لەوێدایە سەرم سوڕ ماوە لەم ماجەرایە فەرمووی ئەحواڵی ئێمە بزانە بێ عەینی وەکوو بەرقی ئاسمانە گاهێ وا لەسەر ئاسمان نشینین گاهێ پشتی پێی خۆمان نابینین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خواناسی خودا ناناسرێ بە لیباسی جاو بە خەڕقەی دڕاو جل پینە کراو بە شەرتێ خودا بناسی بە حەق لەبەر کە بەرگی سوورمە و ئیستەبرەق بە کڵاوی قووچی ئاوێنەی لەسەر بە عەسا و کەوڵی پێستی بزن و مەڕ لە مانە هەموو سەرفی نەزەر کە بە دڵ خواناس بە شەپقە لەسەرکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەوی دووریت ئەوەندە گریە و هاوار و شینم کرد شەوی دووریت ئەوەندە گریە و هاوار و شینم کرد بە خوێنی ئاڵی چاوم ڕەنگی سەفحەی سەرزەمینم کرد کە دیم ئادەم نەوەی وەک تۆ لە پشتی دێتە دنیاوە سوجوودی ئادەمم برد ڕەجمی شەیتانی لەعینم کرد مورادم مەدحی زوڵف و ڕووی نیگاری شۆخەکەی خۆمە کە هاتم وەسفی ماچین و نیگارستانی چینم کرد ژیانی تازەیی بەخشی بە من یارم کە ڕێگەی دا شەوی وەسڵی تەوافی لێوی موعجیز ئافەرینم کرد کە دیم زونناری زوڵف و پەرچەمی وەک شێخەکەی سەنعان قوبووڵی مەزهەبی تەرسا وتەرکی عەقڵ و دینم کرد لە ناو باخا چنار و سەروو عەڕعەڕشەرمەزار مابوون کەمالی من کە مەدحی بەژنی یاری مەه جەبینم کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عاقیبەت تەئسیر ئەکا هاوار و ئۆف و ناخی کورد عاقیبەت تەئسیر ئەکا هاوار و ئۆف و ناخی کورد مەرهەم ئەکرێ زامی جەرگی پڕ برین و داخی کورد بێشەیی شێری ژیانە و یانەیی بەبر و پڵنگ چۆن ئەژی دوژمن لەسەر ئاسۆی بڵندی شاخی کورد خوێنی گوڵڕەنگی شەهیدانە لە خاک هاتۆتە دەر زەحمەتە بێگانە بۆنی کات گوڵاڵەی باخی کورد دەستی قودرەت لووتی بەرزی وا گەیاندۆتە فەلەک پێکی پۆڵا نانەوێنێ تا ئەبەد برناخی کورد زۆر ئەترسم بەعزە بێ ئەقڵێ بڵێن پێم کافرە گەر بڵێم من عەینی باخی جەننەتە ئێڵاخی کورد ڕۆستەمی مازندەران شێری ژیان بەبری بەیان ناگرن بەرگەی هوجوومی عەسکەری قازاخی کورد! کێ ئەڵێت کورد مردووە کورد نامرێ هەر زیندووە مەرهەم ئەکرێ زامی جەرگی پڕ برین و داخی کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ناو شۆخانی شارا دلبەرم هات خودنمایی کرد لە ناو شۆخانی شارا دلبەرم هات خودنمایی کرد بە خوێنی جەرگەکەم سەرپەنجەیی دەستی خەنایی کرد بەشەو بۆ پاسەوانی دەرکەکەی چووم من بیحەمدیللا سەگی دەرگانەکەی هات و لەگەڵما ئاشنایی کرد هەموو تاعاتی فلسێکی نەهێنا لای خودا زاهید کە چونکە هەرچی کرد بێچارەیە هەربۆ ڕیایی کرد دڵ و هێز و هەناو و سەبر و هۆشی بردم و ڕۆیشت نیگاری نازەنینم کاتێ مەیلی ماڵئاوایی کرد لەبەرچی زویری لێم بێ ڕەحم و مروەت بۆ چی نازانی لە ڕێگەی عەشقی تۆدا چەند کەمالی گیان فیدایی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ڕووی من هات شوکور ئەوشۆخە نرخی ماچی هەرزان کرد سەبارەت: بە یادی شاعیری بەڕێز «شارەزووری» لە ڕووی من هات شوکور ئەوشۆخە نرخی ماچی هەرزان کرد نەبات و قەند و نوقڵی لێوی وەقفی مەی پەرستان کرد شوکور یارم لە ترسی دەستی گوڵچینانی بێ مروەت ئەوا پەرژینی باخی ڕووی گوڵی ئاڵی بە ڕێحان کرد بە تیری چاوی نەک تەنیا دڵی من لەت لەت و وێران فوتووری چاوی سەد دەروێش و شێخی خانە وێران کرد کە دەستی دایە شانە و پەرچەمی چین چینی داهێنا دڵی سەودازەدەیشمی هەر وەکوو زوڵفی پەرێشان کرد لە ڕۆژی ئەوەڵا بێ ئیختیاری من دەسی قودرەت منی یەخسیری کافرزادەێیکی ناموسوڵمان کرد بە یادی شارەزووری وا کەمالی شیعر ئەڵێ ئێستا ئەگەرچی دەردی پیری بیری وا یەک دەفعە تاڵان کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگاری بێ وەفا بۆ چی منت ڕیسوایی عالەم کرد نیگاری بێ وەفا بۆ چی منت ڕیسوایی عالەم کرد! بە ناهەق بۆچ منت دووچاری دەرد و مەینەت و خەم کرد لە مزگەوتا هەمیشە هەر خەریکی نوێژ و تاعەت بووم کە چی دوو چاوی مەستت بۆ چی مەیخانەی بە جێگەم کرد! لە لای لێوی کە دیم خاڵی ڕەشی سەرسام و حەیران بووم وتم بۆ چی لەسەر ئاوی بەقا گەوری بە هاودەم کرد! هونەر ڕزقێکی زۆر و نیعمەتێکی گەورەیە بۆ پیاو هونەرمەند ناشکورە گەر بێت بڵێت خوا ڕزقمی کەم کرد بزانە بەختیاریت چونکە باش تێفکرە وا گەردوون کڕاندی نوختەکەی زۆر مجرمی خێرا بە محرم کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگاری من کە ئەمڕۆ سەیری گەشتی گوڵستانی کرد نیگاری من کە ئەمڕۆ سەیری گەشتی گوڵستانی کرد خەجاڵەت بوو گوڵ و بولبول ویداعی ئاشیانی کرد نیازم چاوی مەستت وا بە تیلی بێ شەڕ و دەعوا بەبێ سووچ و قەباحەت قەتڵوعامی عاشقانی کرد چ بێ ڕەحمێکە ئەو شۆخە بە برژانگ و برۆی یەکسەر لەسینەی عاشقانا زامی شمشێر و سینانی کرد گران بوو حەللی مەعنای ئایەتی ڕووت تا دەسی قودرەت بە خەتتی عەنبەرین هات شەرح و تەفسیر و بەیانی کرد بە سەردەفتەر کەمالی کرد قوبوول ئەو دلبەرە ئەمڕۆ لە ڕێزی گیان فیدایانا کە هات و ئیمتیحانی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەفای ئەو یارە دەرهەق من زەمانێ بوو ئەویش ڕابورد وەفای ئەو یارە دەرهەق من زەمانێ بوو ئەویش ڕابورد دڵم بەینێ لە لای ئەو پاسەوانێ بوو ئەویش ڕابورد بە دەوری ڕووی گوڵی یارا هەمیشە هەروەکوو بولبول دڵم مەشغوولی فەریاد و فووغانێ بوو ئەویش ڕابورد لە چینی پەرچەمی شێواوی دڵبەر وا دڵم بەینێ شەهی چین و خەتا و هیندوستانێ بوو ئەویش ڕابورد وەفا و مەیل و مەحەببەت باو وعادەت بوو لە دنیادا نەماوە ئێستە ناوی داستانێ بوو ئەویش ڕابورد لە مەدحی ئەو خەتی سەوز و دەمی شیرینی دڵدارا کەمالی تووتیی شەککەر فشانێ بوو ئەویش ڕابورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک نیگاهت کرد و نرخی بادەیی سەهبات شکاند وەک نیگاهت کرد و نرخی بادەیی سەهبات شکاند ڕووت کە دەرخست گیانە بازاڕی گوڵی حەمرات شکاند زوڵفەکانت شانە کرد نرخی شکا میسکی خەتا پێکەنیت بازاڕی شەکری میسر و بەلچیکات شکاند کەعبە کەچ نابێ عەزیزم بۆچ لە لای زومرەی ڕەقیب تۆ لەسەر ماچێ بە جارێ عاشقی شەیدات شکاند! موحتەسیب ناترسێ بشکێ شووشەیی نامووسەکەت هەر وەکوو شووشەی شەراب و گەردنی مینات شکاند ئەی فەلەک یا ڕەببی بشکێ دەستی چەرخی کەچڕەوت بێ سەبەب بۆ چی هەزار شووشەی دڵی دانات شکاند خاکی دەرگاکەت چ ئیکسیرێکە سەرسامم کە بەو وا کە قەدری تەختی شاهی خوسرەو و دارات شکاند سیحرە ئەشعاری بەلیغەت ئەی کەمالی ئافەرین! قیمەتی شیعری هەزاران شاعیری غەڕات شکاند ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە بۆ سەر موڵکی دڵ سەیری هوجوومی غەمزەکەی تۆم کرد کە بۆ سەر موڵکی دڵ سەیری هوجوومی غەمزەکەی تۆم کرد نیگارا یادی جەوری جەیشی چەنگیز و هەلاکۆم کرد کە خاڵ و پەرچەمی تۆم دی خەجاڵەت بووم وتم یا ڕەب لە ناو باخا لەبەرچی سەیری سونبول بۆنی شەوبۆم کرد لە خەوما جامی ئاوی کەوسەری دامێ پەری ڕوویێ سبەی زوو هاتە دی شوکری خوا ماچی دەمی تۆم کرد نەبوو حاڵی لە باسی ڕووی گەنم ڕەنگیی بتان زاهید کەچی زوو حاڵی لێ هات هەرکە باسی خەپلەیی جۆم کرد هەموو تاعات و نوێژم تێگەیشتم گیانی شیرینم نەبوو مەقبووڵ هەتاکوو سوجدەیی میحرابی ئەبرۆم کرد تەماشاکە کەمالی من نییە فەرقم لەگەڵ فەرهاد وەکوو ئەو بێستوونی کەند منیش وا قەلعی شاهۆم کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: درەختێک درەختێ کە وا تاڵە ئەسڵی لە دەشت هەڵی کێشە تۆ بیبە باخی بەهەشت لە کەوسەر بدا ئاوی گەر حۆری عین بکا خزمەتی جیبرەئیلی ئەمین! زەمانێ کە وا پێئەگا و بەر ئەدا وەکوو خۆی بەری تاڵ و بێ فەڕ ئەدا لە ئەسڵا کە چونکە بەدە خیلقەتی بە دەست خۆی نییە تاڵە ماهییەتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوێنێ لە حەمام نازک ئەندامێ دوێنێ لە حەمام نازک ئەندامێ گڵە سەرێکی بۆن خۆشی دامێ وتم پێم بڵێ تۆ و هەقی خودا عەتری عەبیری یا میسکی خەتا وتی خاکێ بووم من لەسەر زەمین بەڵام لەگەڵ گوڵ بووم بە هاونشین بۆنی خۆشی ئەو تەئسیری کرد لێم ئەگینا خاکم خاکی سەرە ڕێم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێگای چاکە دەروێشێ هەبوو زۆر موسڵمان بوو ئەهلی عیرفان و پیاوچاک و جوان بوو چوو بۆ لای شێخێک وتی بەقوربان لە دستی خەڵکی زۆر بووم هەراسان بە شەو وبە ڕۆژ دێن بۆ زیارەتم زۆر هەراسان بووم دڵ پڕ خەفەتم شێخەکە فەرمووی ئەتەوێ چارە پارە بسێنە لەوی ماڵدارە قەرز بدە بەوەی هەژار و لاتە هەر ئەمە بۆ تۆ ڕێگای نەجاتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەنکێ کوولەکە دەنکێ کوولەکە وەقتی بەهارێ سەوز بوو لە بێخ سپی چنارێ چنار تەمەنی سی یا چل ساڵ بوو بە وادەی مانگێ ئەم پێیدا هەڵچوو ڕۆژێ کوولەکە وتی بە چنار تۆ زۆر تەمەڵیت ئەی بێ ئیعتیبار من وا بە بیست ڕۆژ گەیشتمە ژوور تۆ بە قەدتا هەڵچووم ئازا و سەربەخۆ تۆ چونکە هێندە تەمەڵی و نامەرد دوا کەوتی لە من پەشێو و ڕەنگ زەرد جوابی دایەوە چناری ئازاد.. وتی: کوولەکە تۆ مەبە دڵشاد بە مەی کە وا زوو ژوورووی من کەوتووی سەربەست و سەوزی وەها هەڵکەوتووی بوەستە هەتا ئەشنێ بای خەزان سەرما لێمان دا هەنگامی زستان ئەوسا لێت مەعلووم ئەبێ بە یەقین کاممان تەمەڵ و بڵح و نامەردین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەنکە شەونمێ بە وێنەی دوڕ جوان دەنکە شەونمێ بە وێنەی دوڕ، جوان دێتە سەر گوڵی بۆن خۆشی بەیان سونبول پەخش ئەبێ دائیم بە سەریا وەنەوشە سوجدە ئەبا لە بەریا بەم جاه و قەدرە دڵی خۆش ئەبێ بە بۆنی خۆشی گوڵ سەر خۆش ئەبێ هەڵئەسێ ئەچێ بۆ ئەوجی فەلەک ئەیەوێ ببێ هاودەمی مەلەک چونکە زەعیفە و بێ تاقەت و تاو مەحو ئەبێتەوە بە نووری ئافتاو ڕاستە ئاکامی مەغرووری وایە قەت مەغروور نابێ ئەوەی زانایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا ڕۆییم لە داخت شۆخی سیمین بەر خودا حافیز ئەوا ڕۆییم لە داخت شۆخی سیمین بەر خودا حافیز بە جارێ تەرکی عەشقم کرد بتی کافر خودا حافیر دڵم پۆڵا نییە خۆ پارچە گۆشتێکە بەسە تاکەی بە ئەبرۆت ئەیدەیە بەر زەربەیی خەنجەر خودا حافیز لە ئیمان خۆم تەوەللا کرد بە یادی بەژن و باڵای تۆ ئەوەندەم سوجدە برد بۆ سەرو و بۆ عەڕعەڕ خودا حافیز هەزار عیلم و دوعام کرد عاقیبەت ئەو چاوە سەححارە بەتاڵی کردووە ئەی شۆخی ئەفسوونگەر خودا حافیز کەمالی دڵ برینداری دەمی شمشێری ئەبرۆتە بەغەمزەت سا لە سینەی بەس بدە نیشتەر خودا حافیز ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمین زەوی ڕازی خۆی ئاشکرا کا ئەگەر ئەوەی وا لە دڵیایە بیخاتە دەر ئەبینی لە شیرین سواران پڕە لە شاهەنشەه وتاجداران پڕە پڕی مەردی زانایی دەریا دڵە پڕی نازەنینانی ڕوومەت گوڵە بە سەر خاکی ئەم شەهریارانەدا بە سەر ئەم هەموو گوڵ عوزارانەدا تکایە برای خۆشەویست و عەزیز بە سەریا مەڕۆ تۆ بە دەعیە و بە فیز کە ئەم خاکە گۆنایە، لێوە، دەمە خەت و خاڵە سینە و برۆ و پەرچەمە زەمانێ ئەمانیش لەسەر ڕووی زەمین گەڕاون بە کامی دڵ و پێکەنین بە دەردی دڵی زویر و خەمناکەوە لە پاشان هەموو چوونە ژێر خاکەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرداری ئەولیای جیهانی پێشەوایە غەوس سەرداری ئەولیای جیهانی پێشەوایە غەوس بۆ گوم بوانی ڕاهی هودا ڕەهنمایە غەوس ئەولادی فەخری عالەمە سەردارە سەییدە نووری دوو دیدە، حوسنی موححەبەت نومایە غەوس شابازی عەرشی حەزرەتی زاتی ئیلاهییە یەعنی بە جوملە سڕڕی خودا ئاشنایە غەوس سەنعان خیلافی ئەمری ئەوی کرد بوو بە گەور ئەمری هەتاکوو ڕۆژی قیامەت ڕەوایە غەوس دەرمانی دەردی مەینەتیی دنیا و ئاخیرەت قوربانی بم لە لای ئەوە موشکیل گوشایە غەوس بۆ تەوفی ڕەوزەیی ئەوە دائیم مەلائیکە شەڕیانە، پادشاهی مەلائیک سوپایە غەوس پشت و پەناهی بێ کەس و داماوی عالەمە پەیوەستە دەستگیری هەژار و گەدایە غەوس مردووی زیندوو کردەوە وەک حەزرەتی مەسیح واقیف بە سڕڕی بارگەهی کیبریایە غەوس کەنناسی بەردەری ئەوە شاهانی ڕووی جیهان بۆ ژانی دیدە خاکی دەری تووتیایە غەوس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی لە داخی خەمی زەمانە ساقی لە داخی خەمی زەمانە دەردم گرانە دەخیلم هەڵسە زووکە ئازانە تو خوا مەردانە *** بگەرە فریام یەکجار پەشێوم زۆر بار بەلێوم عەوداڵی دەشت و ڕەهەندەی کێوم وا قوڕ ئەپێوم *** سوپای خەم و دەرد هێرشی هێنا ئەمڕۆ تا فەردا وڵاتی دڵم ئەکا ئیستیلا کەس چاری ناکا *** ساقی گیان مەگەر تۆ بە پێکی مەی جەیش و سوپای خەم بشکێنی ئازا ڕزگارم بکەی لە دەرد و ماتەم *** بە یادی دیدەی مەستی سێوەنگت تێکە پێکی مەی لە شەوقی لێوی ئاڵی گوڵ ڕەنگت بمدەرێ پەی پەی *** دڵەی بە تاڵان براوم قوربان لە دەست سوپای خەم بسێنەرەوە توخوا ساقی گیان تکات لێ ئەکەم *** هەرچەندە دڵم بێ کەڵکە لای تۆ ئازیز بزانە بمێنێ چاکە نەونەمامی تۆ بۆتۆ قەڵغانە *** دوور ئەخاتەوە لێت دەرد و بەڵا بە ڕۆژ و بە شەو بەڵا گەردانی باڵاتە بە خوا بێ خۆراکە و خەو *** ئەسووڕێتەوە وەکوو پاسەوان هەرگیز ناسرەوێ ئەپاڕێتەوە لە قاپی یەزدان قەزات لێی کەوێ *** کە وا بوو ئازیز شەرت و وەفات بێ ترسی خودات بێ ڕزگاری بکە با هەر لە لات بێ عەبدی دەرگات بێ *** حەیفە پێت بڵێن کە بێ وەفا بوو چاری نەکرد زوو بە تاڵان برا دڵەی کۆست کەوتوو وا لەکیسی چوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاعیرێک هەبوو ناوی هومام بوو شاعیرێک هەبوو ناوی هومام بوو خەڵکی ئەسفەهان شیرین کەلام بوو کوڕێکی هەبوو زۆر جوان و لاوچاک ڕووی بە وێنەی ڕۆژ بە شەوق و ڕووناک بە عەبا و پەچە ئەچوو بۆ گەڕان هەتا نەیبینن پیاوان و ژنان ڕووی گەر ڕووت بوایە دەستە بە دەستە شوێنی ئەکەوتن بە دڵی خەستە ڕۆژێ لە ڕۆژان جەنابی هومام کوڕەکەی خۆی برد سەحەر بۆ حەمام لە تاریکی دا کوڕەکەی دانا... خۆی سەری ئەشت وەک ناتر ئازا سەعدی شیرازی بە ئەمری یەزدان وا ڕێکەوت چوو بۆ شاری ئەسفەهان ئەیزانی کە وا جەنابی هومام لەگەڵ کوڕەکەی چووە بۆ حەمام خۆی ڕووت کردەوە چووە ژوورەوە بە دڵی پاکی پڕ سروورەوە... چووە پێشەوە زوو بۆلای هومام پرسیاری لێ کرد هومام پاش سەلام وتی: خەڵکی کوێیت شەخسی هونەرمەند وتی: شیرازیم مەردی دڵپەسەند وتی شیرازی بزانە قوربان لە سەگ زۆرترن خۆ لە ئەسفەهان سەعدی وتی پێی: مەردی هونەروەر لە لامان ئێوە لە سەگن کەمتر وتی تۆ شیعری سەعدی ئەزانی بۆم بخوێنەوە بێ دڵ گرانی سەعدی وتی پێی پەردەیە هومام خودایە لا چێ بگەم بە مەرام تێگەیشەت ئەمە سەعدی یە هومام هەڵسایە سەرپێ زوو کردی سەلام وتی سەعدی گیان کوڕەکەم بۆ تۆ پێشکەشت ئەکەم بە بێ گفتوگۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەماڵ بۆ لای لەیل شەماڵ بۆ لای لەیل شەماڵ بۆ لای لەیل شەماڵ بۆ لای لەیل شەماڵ دەخیلم بچۆ بۆ لای لەیل بۆ لای لەیلەکەی بێ وەفا بێ مەیل پێشکەش کە نامەی دەروون لە خەم کەیل بڵێ ئەی ئازیز شۆخی بێ پەیمان بێ شەرت و مروەت بێ وەفا و ویژدان مەجنوونی شەیدای هەرزەگێلەکەت دەروون لە خەم کەیل شێت و وێڵەکەت دائیم هەر ئەڵێ بە پەرۆشەوە بە دڵی زویری پڕ خورۆشەوە گیانەکەم خۆ من بە ڕۆژ و بە شەو ناسرەوم دائیم بێ خۆراک و خەو لە بەر دەرگاکەت هەتا بەیانی ئەسووڕێمەوە بۆ پاسەوانی بۆ بەردەبازی سەر ڕێگات سەرم بۆ فەرشی بەرپێت دڵەی بە نەرم دائیم ئامادەن بە ئارەزووی گیان هەتا پێت نەگات زەرەر و زیان تۆش کەچی تا بێ مەیلت کەم ئەبێ دڵم دووچاری دەرد و خەم ئەبێ نە ڕوویەکی خۆش نە وەفات هەیە تەنها هەر جەور و هەر جەفات هەیە منیش وا دڵم لە تۆتەوساوە مەیلە گەرمەکەی ئەوسام نەماوە ئەمجا کێ بیکات شەو پاسەوانی لە بەر دەرگاکەت هەتا بەیانی کێ دڵی لەت لەت بکات وەک شانە کە پێی دابێنێت ئەم قژە جوانە! من ڕزگارم بوو لە دەرد و جەفا تۆ زیان ئەکەی یاری بێ وەفا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاییزی دڵداری شەماڵ دەخیلم بچۆرە گوڵزار لە جیاتی بەندە بڵێ بە دڵدار ئاخۆ لە بیرتە ئازیز ئەو ڕۆژەی کە جێگەی گوڵی گرتبۆەوە خار! هەر من و تۆ بووین لە ناو گوڵشەندا جگە لە ئێمە تیا نەبوو یار فەرمووت داخەکەم ئەوا پاییز هات لەمەولا چی بکەین لە ناو ژووری تار! وتم پاییزی عەشقی من و تۆیش گیانەکەم ڕۆژێ ئەبێ ئاشکار ئەمڕۆ کە لەیەک جیا ئەبینەوە بێتەوە بیرت قسەی من ئەی یار کە لە دوای خۆشیی گیانەکەم خەم دێت لە دوای شادی دەرد و ماتەم دێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلەک ڕاست بڕۆ فەلەک ڕاست بڕۆ فەلەک ڕاست بڕۆ فەلەک ڕاست بڕۆ تۆ بی و خودا فەلەک ڕاست بڕۆ پێم بڵێ بەڵام بێ فێڵ و درۆ مانگی من جوانە یا خۆ مانگی تۆ! مانگی من خاوەن بەژن و باڵایە باڵای بە وێنەی سەروی ساوایە چاوی هەروەکوو کارئاسکیخەتا هۆش و ئارامی عاشقان ئەبا مانگی تۆ لە کوێ بە قسەی شیرین بە عیشوە و لەنجە و لار و پێکەنین خۆشی ئەبەخشێ بە عاشقی زویر جوان ئەکاتەوە دڵی پیاوی پیر؟ لای خۆت مانگی تۆ بە جوانی تاقە... خۆ چەند شەو هیلال چەند شەو مەحاقە مانگی من کە وا لە زەمین دایە دائیم لە تافی چواردەمین دایە مەحاقی نییە و بە هیلال نابێ فەلەک تۆ شێتیت مانگ ئەبێ وا بێ مانگ مانگی منە قەت ئاوا نابێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ڕێگەی عەشق دا ناڕوا ئەبەد خۆ مەردمی عاقیل بە ڕێگەی عەشق دا ناڕوا ئەبەد خۆ مەردمی عاقیل ئەوەی بڕوا بە وێدا عەقڵ و هۆشی زوو ئەبێ زائیل لە سۆفیم هێندە دیوە من ڕیا و بوخل و تەمەع ئەسڵا نییە تەبعم بەدەرس و وەعز و شێخ و خانەقا مائیل لە نوێژ و تاعەتا گەر ڕوو نەکەیتە تاقی ئەبرۆی یار بەبێ شک تاعەتی تۆ نادروستە وعاتیل و باتیل بە دائیم مائیلی جامی شەراب و بادەیی نابم لە شەوقی دیدەیی مەست و بلووری گەردەنی فازیل ئەگەر مەردی لە ڕێگەی عەشقی یارا گیانی شیرینت فیداکە زوو مەترسە ئەی کەمالی تاببی کامیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیر لاوێک پیرێکی پشت کۆماوەی دی ورد ورد ئەگەڕا لاوەکە پرسی: چیت لێ ون بووە توخوا مامە گیان! ؟ جوابی دایەوە پیری قسەزان: وتی چاوەکەم بۆ چی نازانی وونم کردووە تەمەنی جوانی! ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ ویساڵت کەی تەمەننای جەننەتولمەئوا ئەکەم بێ ویساڵت کەی تەمەننای جەننەتولمەئوا ئەکەم بێ نیگاهت چۆن خەیاڵی بادە و سەهبا ئەکەم بێ خەتت مومکین نییە دڵ دەم بە ڕێحانەی بەهەشت بێ گوڵی ڕووت کەی تەماشای لالەیی حەمرا ئەکەم؟ شێوەیێکی چاوی مەخمووری نیگاری پێوەیە بۆیە دائیم حەزلە سەیری نێرگزی شەهلا ئەکەم ئیلتیفاتی با نەبێ ئەو شۆخە خۆ جەوری هەیە مشتەری چاکم بە ڕۆح جەور و جەفای سەودا ئەکەم من کە مەجنوون مەشرەبم چیمە بەسەر شارانەوە شێتی لەیلم ڕوو لە کێو و هەردە و سەحرا ئەکەم تۆ کە یارم بیت عەزیزم چیم بە سەر دنیاوەیە تۆی مەبەستم ئیکە لەم دنیایە ئیستیغنا ئەکەم بۆ فەلەک ناکەم تەنەززول هەروەکوو نوری ئەڵێ: «من بە چەرخی ئاسمانی سپڵە ئیستیهزا ئەکەم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە تاتای پەرچەمی شۆخێکی بێ پەروا گرفتارم بە تاتای پەرچەمی شۆخێکی بێ پەروا گرفتارم عیلاجم ناکرێ نابیستێ کەس فەریاد و هاوارم بەنەشئەی نێرگسی مەخمووری چاوی دڵبەرێ مەستم هەمیشە بۆیە مەدحی نێرگسی شەهلایە گوفتارم بەیادی تەبعی شەککەر باری یارم تووتییی تەبعم غەزەل خوانە کەمالی بۆیە وا شیرینە ئەشعارم لە گۆشەی تەکیەدا گاهێ ئەکەم تەسبیح و تەهلیلە کنێسە جێگەمە گاهێ خەریکی بەندی زوننارم لە دیوانی ئەدەب دا تا ئەمێنم دائەڕێژم من بناغەی شێعری ڕەنگین چونکە ئوستادێکی هوشیارم جیهان هیچە بەقا هیچە ژیان هیچە فەنا هیچە ئیتر بۆ خەم بخۆم بۆ دەوری پێشووی پار و پێرارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە دوورم تێمەگە قەلبەن موقیمی خاکی دەرگاتم سەبارەت: بۆ مامۆستا «بێخود» بە دوورم تێمەگە قەلبەن موقیمی خاکی دەرگاتم بە وێنەی قۆچی قوربانی بەڵاگەردانی باڵاتم بە یادی تاقی ئەبرۆی تۆیە گەر وا ڕوو لە میحرابم لە شەوقی چاوی مەستی تۆیە دەربانی خەراباتم لە مەحشەردا بە مەستی دەرئەهێنم سەر لە خاکی گۆڕ وەها مەستی نیگاهی نێرگزی مەخمووری شەهلاتم لە من هەرگیز مەکە قوربان تەڵەب ئادابی هۆش و فام چەل و مل بەندەیێکی زەڕخەریدەی بێ سەر و پاتم چ نەزدیکی و چ دووری بەندەیی نابێ لە دڵ زائیل بە دوورم تێمەگە قەلبەن موقیمی خاکی دەرگاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرامبەر تاقی ئەبرۆت ڕوو لە میحرابی دووعا ناکەم بەرامبەر تاقی ئەبرۆت ڕوو لە میحرابی دووعا ناکەم دوو چاوی مەستی نازت شاهیدن من کاری وا ناکەم تەماعکاری و ڕیایی عەیب و بێ نامووسیە بۆ پیاو ئەگەر تاجم لەسەرکا، قەت ڕیا بۆ پادشا ناکەم وەفاداری لە لای من فەڕزە تا ماوم لە دنیادا لە پاش مەرگیش لە ڕۆژێ مەحشەرا تەرکی وەفا ناکەم سەبا نەختێ لە تۆزی خاکی ڕێی بۆ من ئەگەر بێنیت ئیتر بۆ چاری ئێشی چاوەکەم داوای دەوا ناکەم لەگەڵ گەلما کەمالی گەر خیانەت کەم قوڕمساغم لە دونیا و قیامەت ڕووڕەشی قاپی خودا ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرامبەر چاوی مەستت دڵ بە مەی قەت ئاشنا ناکەم بەرامبەر چاوی مەستت دڵ بە مەی قەت ئاشنا ناکەم کە خاکی پێت ببێ بۆ دیدە مەیلی تووتیا ناکەم لەسایەی چەتری چینی پەرچەمت من مەست و سەرسامم هەتا ماوم عەزیزم ئارەزووی میسکی خەتا ناکەم لە ئاوی کەوسەری لێو و دەمت دەم تەڕ بکەم جارێ وەک ئەسکەندەر لە مەرگیشا هەوای ئاوی بەقا ناکەم دوو چاوم کوێرە ئێستا من ئەکەم شوکرانەیی یەزدان کە نابینام تەماشای پیاوی سپڵە و بێ وەفا ناکەم دە گەز خام و دوو سێ گەز ئەرزە جێگە و بەرگی ئاخرمان کەمالی حەز لە قەسر و باخ و بەرگی پادشا ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەستەیی زنجیری زوڵف و داخداری خاڵتم بەستەیی زنجیری زوڵف و داخداری خاڵتم ئەی سەنەم شێتی زڕەی پاوانە و خڕخاڵتم کۆهکەندێکم لە کێوی بێستوونی ئولفەتا دائیمەن شیرین مەزاقی باسوقێکی تاڵتم بیتە عەنقایێ لە ئەوجی سووتنا پەروانە تۆ بۆ حوزووری شەمعی مەجلیس گەر بچیت شەهباڵتم بەسمە ساقی گەردنی مینا و لێوی جامی مەی من کە شێتی گەردنی بێگەرد و لێوی ئاڵتم گەردی من بۆ سورمەیی دیدەی غەزاڵان دەست ئەدا چونکە کوشتەی تاقی ئەبرۆ و دوو چاوی کاڵتم باری میننەت تا قیامەت ئەهلی دڵ هەڵناگرێ بۆ بەهشتی وا دەزانی زاهیدا حەمماڵتم تۆم لە پاسەنگی سەبوک مەغزانی عەسرا دانەنا من بە نەقدی لەفزی شیرین موشتەریی مسقاڵتم قەت بە حاڵی دانەناوە حەمدی ژیانی بێ کەمال ئەی کەمالی بێ مرووەت سەیری چەند بێ حاڵتم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاکو ئەو ڕۆژەی لە سەنگی سەختی ئەلحەد سەر ئەدەم تاکوو ئەو ڕۆژەی لە سەنگی سەختی ئەلحەد سەر ئەدەم زەحمەتە داوێنی یاری مەهجەبین چۆن بەرئەدەم مانگ ئەوا گیراوە وەک حەمدی ئەڵێ تا بەر ئەبێ «هەر لە تەشتی سینەیی زامار و تەپڵی سەر ئەدەم» تۆ کە شاهەنشاهی موڵکی حوسنی ئەمڕۆ چاوەکەم وا منیش ئێستا سکەی جوانیت لە زیو و زەڕ ئەدەم عەشقی تۆی گەر تیا نەبێ کەللەم بە شەق کاسی ئەکەم تۆی نەبێ تێدا دڵم بەر نیشتەر و خەنجەر ئەدەم خاکی بەردەرگانەکەت گەر مەسکەنم بێ گیانەکەم من ئیتر هەر شەق لە تەخت و ئەفسەری قەیسەر ئەدەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زۆر لە ڕۆژ بێزارم و هەر حەز لە کاتی شەو ئەکەم زۆر لە ڕۆژ بێزارم و هەر حەز لە کاتی شەو ئەکەم حەز لەشەو بۆیە ئەکەم من چونکە مەیلی خەو ئەکەم من خەوم یەکجار لە لا خۆشە کە چونکە دائیما دلبەرم دێتە خەوم هەر سەیری باڵای ئەو ئەکەم ڕۆژێ فەرهادی کە دی شیرین وتی: تۆم خۆش ئەوێ باوەڕت بێ یادی تۆ گیانە بە ڕۆژ و شەو ئەکەم خۆت ئەزانیت عاشقێکم هەروەکوو تۆ ڕۆژ و شەو سەیری چاوی مەست و گۆنای وەک گوڵی خوسرەو ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شامی دووریی من کە ڕۆژی وەسڵی دڵبەر یاد ئەکەم شامی دووریی من کە ڕۆژی وەسڵی دڵبەر یاد ئەکەم هەر وەکوو نەی ڕۆژ و شەو هەر شیوەن و فەریاد ئەکەم هەقمە گەر عەڕعەڕ پەرستش کەم لە شەوقی بەژنی یار پیری عەشقم چەشنە ئایینێکی نوێ ئیجاد ئەکەم چونکە شێوەی بەژن و باڵای ئەو دڵارامەی ئەکەم تاکوو گیانم بێ لە بەردا خزمەتی شمشاد ئەکەم غەم وەفادارە لە من یەک لەحزە جیا نابێتەوە یاری تەنگانەم خەمە هەر بەو دڵی خۆم شاد ئەکەم دڵ لە کوردستان گەلێ بێزارە وەختە شەق بەرێ جا کەمالی عەزمی بەغدادی بەهەشت ئاباد ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوکور ئینسانم ئەسڵا حەز بە ئازاری بەشەر ناکەم شوکور ئینسانم ئەسڵا حەز بە ئازاری بەشەر ناکەم زەرەر نادەم لە کەس خۆم تووشی فیتنە و دەردیسەر ناکەم لە توانامایە دائیم هاودەمی دێو و شەیاتین بم بەڵام مومکین نییە ساتێ ڕفێقی پیاوی کەر ناکەم گەلێ دوورن بڵندیی هیممەت و کۆکردنەوەی پارە قەلەندەر مەشرەبم من جەمعی خاشاک و شەرەر ناکەم فەلەک گەر بێ و بکا شاباشی من ئەستێرەکانی خۆی تەنەزوول بۆ تەماشای شەوقی خورشید و قەمەر ناکەم قەناعەت پەروەرم بە خوا تەمەعکاریم لە لا کوفرە دەنی نیم مەدحی خەڵکی بۆ دەسندە و زیو و زەڕ ناکەم موتەووەل بوو کەمالی باسی زوڵف و پەرچەمی دلبەر لە پێچ و تابی پەرچەمیا حیکایەت موختەسەر ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەهیدی تیری برژانگی کەژەڵ چاوێکی بێ دینم شەهیدی تیری برژانگی کەژەڵ چاوێکی بێ دینم شەفاعەت خوازمە ڕۆژی قیامەت بەرگی خوێنینم لە لێوم گوڵ ئەبارێ کاتێ باسی ڕوویی دلبەر کەم کە بێمە باسی ئەو لێو و دەمەی دەم پڕ لە هەنگوینم قەناعەت پەروەرم میننەت لە شا هەڵناگرم هەرگیز بە جامی جەم ئەبەد ناگۆڕمەوە کاسەی سەفالینم لە دنیا نرخی قەند و شەککەر ئەشکێ بێ شک و شوبهە ئەگەر ببیەن کەلام و لەفزی جوان و شێعری ڕەنگینم بە خوێنی جەرگەکەم دەستی کە ڕەنگین کرد نیگار فەرمووی کەمالی سەیری کە چەند جوانە سەر پەنجەی نیگارینم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دووریت چاوەکەم دووربێ لە ڕووت ئالوودەیی دەردم لە دووریت چاوەکەم دووربێ لە ڕووت ئالوودەیی دەردم وەکوو بەرگی خەزان دائیم پەشێو و زویر و ڕەنگ زەردم لە دووری پەرچەمی چین چین و شێواوت عەزیزی من تەماشاکە چلۆن شێواوە یەکسەر قافیەی فەردم! هەتا لێم دوورە خاڵی کوڵمەکەت ئەی گیانی شیرینم بە جارێ سەیری کە گیراوە دائیم شەش دەری نەردم جنێو و قاری تۆم لا باشترە بەخوا لە لوتفی خەڵک لە جەوری تۆ ئەگەر شەکوا بکەم من دیارە نامەردم ڕەفیقی حەزرەتی پەروانەم ئێستا من لە ڕێی عەشقا بە قیژە و قیڕەقیڕ بولبول مەحاڵە بێ بە هاودەردم کە دائیم خاکی سەر ڕێگای نیگارم هەقمە خەڵکینە ئەڵێم بەڵکوو خودا بیکا بگاتە دامەنی گەردم! ڕەفیقی ئەم زەمانە بێ وەفا و بێ شەرت و پەیمانن لە ناو شار بۆیە من بێزارم و وێڵی کەژ و هەردم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شاخ و کێوی دەرد و مەینەتا فەرهادی بێ حاڵم لە شاخ و کێوی دەرد و مەینەتا فەرهادی بێ حاڵم لە دەشت و چۆڵ و هەردەی وەحشەتا مەجنوونی عەوداڵم لە باس و خواسی دنیا ناگەم و قەت ناوی کەس نابەم لە عەیبی خەڵکی چاوپۆشی ئەکەم کوێر و کەڕ و لاڵم خەت و مەت پەشمە لام چیمە لە دەرسی کاڵی نەحو و سەرف خەریکی مەشقی عەشق و خوێندنی دەرسی خەت و خاڵم لە حەفتا تێپەڕیم و وا ئەزانن پیر و داماوم لەسایەی عەشقەوە وا تازە مەشغووڵی گڕوگاڵم بە شوعلەی هەر چرایەک من وەکوو پەروانە ناسووتێم بە شەوقی ڕووی نیگاری مەهجەبین سووتا پەڕ و باڵم کەمالم بێ ئیتر بۆ چیمە ماڵ و زیو و زێڕ لە سایەی خواوە خۆم خاوەن کەمالم گەرچی بێ ماڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ڕێزی شاعیرانا بۆیە من ئەمڕۆ سەر ئەفرازم لە ڕێزی شاعیرانا بۆیە من ئەمڕۆ سەر ئەفرازم لە شاگردانی بەزمی حەزرەتی مەحوی شەکەرڕازم لە پاش مەحوی هەمیشە پەیڕەوی سالم ئەکەم لاکین بە دڵ زۆر عاشقی هەڵبەستی ناری ی نوکتەپەردازم لە دیوانی ئەدیبانی هەموو ئێرانییانا من غوڵام و عەبدی حافز خواجە شەمسەددینی شیرازم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کونجی بێ کەسیدا شەو کە یادی وەسڵی تۆ سەرکەم لە کونجی بێ کەسیدا شەو کە یادی وەسڵی تۆ سەرکەم لە خۆشی خۆشیا وەختە کە بفڕم باڵ و پەڕ دەرکەم لە دەست تەعنەی ڕەقیبان مات و داماوم نییە چارەم ئەبێ یا ئەرکی عەشقی ئەو بکەم یا هەردوو گوێم کەڕ کەم موتاڵای خەتتی نەوڕەستەت بە من قەت ناکرێ گیانە مەگەر عیلمی لەدوننی من بە جارێ حیفز و ئەزبەر کەم ئەگەر بۆم دەست بدات ماچی دەمی تۆ ڕۆحی شیرینم خەجاڵەت بم لە حەشرا گەر تەمەننای ئاوی کەوسەر کەم دوو چاوم هەڵئەکۆڵم تا نەبینم تاقی ئەبرۆی تۆ بە خۆڕایی دڵم بۆچ تووشی زەربەی شیر و خەنجەر کەم مەحاڵ و سەعبە تەسخیری پەری ناکا بەنی ئادەم کەمالی بۆ چی بێ جێ من تەمەننای وەسڵی دلبەر کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەسەر ڕۆژی جەبینت لادە سا تو بی خوا پەرچەم لەسەر ڕۆژی جەبینت لادە سا تو بی خوا پەرچەم مەهێڵە هەر وەکوو شەو ڕۆژی عاشق ڕەش بکا پەرچەم ئەگەرچی لایەقی ئەو ڕووتبەیە نیم گیانی شیرینم کەرەم کە، با شەوێک تەوقی ملی من بێ دەبا پەرچەم بە جارێ ڕۆژی ئیمانم بە ژەنگی کوفر ئەبێ تەبدیل ئەگەر ئەو یاری دڵ ئازارە بێتو دەربخا پەرچەم شکەنج و پێچ و تابی مەسکەنی دڵمە دەخیلت بم ئەپچڕێ بەندی جەرگم پێی بڵێ با بانەدا پەرچەم ئەکەم تەخسیری موڵکی هیند ئەگەر ئەو دلبەرە ڕۆژێ بخاتە سەر سەرم وەک سێبەری باڵی هوما پەرچەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگارم بێ وەفا و بێ مەزهەب و ئایینە ئەیزانم نیگارم بێ وەفا و بێ مەزهەب و ئایینە ئەیزانم لەگەڵما دائیما مەیلی بە قار و قینە ئەیزانم کە دڵ وا حەپس و گیراوە لە داوی یاری بێ ڕەحما هەموو سووچ و گوناهی پەرچەمی چین چینە ئەیزانم لە سایەی ماچی ئەو لێوانەوە بێ ئیحتیاجم من کە هەنگوین و نەبات و شەککەرم تەئمینە ئەیزانم وتی شەو کەس لە تاو هاواری تۆ نانوێ وتم گیانە چ فایدە نابییەی گوێی لای منت سەنگینە ئەیزانم لە عەشقی خاڵی شینی تۆیە! قوربان ئاسمانی پیر لیباسی ماتەمی پۆشیوە ڕەنگی شینە ئەیزانم مەکە حاشا لە خوێنم ڕۆژی مەحشەر قاتڵم هەر تۆیت بە خوێنی جەرگی من سەر پەنجەکەت ڕەنگینە ئەیزانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەختی وەسڵی ئەو پەریزادە وەها بێ حاڵ ئەبم وەختی وەسڵی ئەو پەریزادە وەها بێ حاڵ ئەبم هەروەکوو فێ دار ئەگەر بێ و گفتوگۆ کەم لاڵ ئەبم گیانی شیرینم ئەکەم قوربانی ئەو شۆخە کەچی هێندە بەدبەختم هەتاکوو بێم لە لای هەر تاڵ ئەبم یار وتی پێم خامی عەرزم کرد لە بۆتەی عەشقتا شەرتە جانا خۆم بتاوێنم هەتاکوو قاڵ ئەبم بێ وەفایە گوڵ هەموو دوو هەفتە ڕووی خۆی دەرئەخا من لەمەولا عاشق و مەجبوری دڕک و داڵ ئەبم نەوجەوانان هێندە ئولفەتیان بە من داوە کەمال سەیری کە بەم پیرییە هەرتاکوو بێم منداڵ ئەبم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیرم کە سەیری سینەیی وەک باخی بەی بکەم سەبارەت: شیعری حافظ بە تەخمیس کردنی کوردی پیرم کە سەیری سینەیی وەک باخی بەی بکەم یا مەیلی نەوخەتانی خیابانی ڕەی بکەم وا چاکە ئەسپی فیکر و هەوەس ئیکە پەی بکەم لاکین مەحاڵە مەوسمی گۆڵ تەرکی مەی بکەم من لافی ئەقڵ لێ ئەدەم ئەم کارە کەی بکەم! شێواوە ئەم جیهانە وەها باشە زوو بڕۆم بێ هوودەیە کە ئیستەکە مەشغووڵی هاتوچۆم بەندە و غوڵامی حافزی شیرازی نوکتەگۆم دونیا وەفای نییە و نەبووە پێکێ تێکە بۆم تامن حیکایەتی جەم و کاوس و کەی بکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چلۆن قابیل نییە تەنها شورووعی قەتڵی هیتلەر کەم چلۆن قابیل نییە تەنها شورووعی قەتڵی هیتلەر کەم وەهاش نابێ لە داوی پەرچەمی یارا دڵم دەرکەم لە دەس تانەی ڕەقیبان مات و داماوم نییە چارەم ئەبێ یا تەرکی عەشقی تۆ بکەم یا هەردوو گوێم کەڕ کەم موتاڵای خەتتی نەوڕەستەت بەمن قەت ناکرێ گیانە مەگەر عیلمی لەدوننی من بە جارێ حیفز و ئەز بەرکەم لە کونجی بێ کەسیدا شەو کە یادی وەسڵی تۆ سەرکەم لە خۆشی خۆشییا وەختە کە بفڕم باڵ و پەڕ دەرکەم ئەگەر بۆم دەست بدا ماچی دەمی تۆ گیانی شیرینم خەجاڵەت بم لە حەشرا گەر تەمەننای ئاوی کەوسەرکەم دووچاوم هەڵئەکۆڵم با نەبینن تاقی ئەبرۆی تۆ بەبێ جێ بۆچ دڵم دووچاری زەربەی شیر و خەنجەر کەم مەحاڵە دیارە تەخسیری پەری ناکا بەنی ئادەم کەمالی بۆ چی بێ جێ من تەمەننای وەسڵی دلبەرەکەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاتێ وەنەوشە و گوڵ و ڕێحانە بۆ ئەکەم کاتێ وەنەوشە و گوڵ و ڕێحانە بۆ ئەکەم هەر یادی خاڵ و پەرچەم و ڕوخساری تۆ ئەکەم هەروەک گوڵەبەڕۆژە هەمیشە عەزیزەکەم ڕووم وا لەڕێی قەڵادزە و یادی تۆ ئەکەم چەشنی دەرەختی گەندەڵ و پیرم ئەگەرچی من هەروەک نەمامی تازە بە یادت چرۆ ئەکەم ڕۆیشتی هەردوو چاو و دڵم کەوتنە شوێنی تۆ بێ چاو و بێ دڵ ئێستاکە هەر هاتوچۆ ئەکەم خۆ ناوی تۆیە وێردی زمانم کەچی ئەڵێن فەرمووتە گوایە موخلیسی تۆ نیم درۆ ئەکەم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە وەسڵت دەست بدا بۆم هیچ خەیاڵی حووری عین ناکەم کە وەسڵت دەست بدا بۆم هیچ خەیاڵی حووری عین ناکەم گەدای بەردەرکی تۆ بم مەیلی فیردەوسی بەرین ناکەم کەزوڵف و پەرچەمی چین چینی تۆ سایەی سەری من بێ ئەبەد گەر بمدرێتێ پادشاهیی موڵکی چین ناکەم! لە شەوقی ماچی لێوی شەککەرینت دڵ وەها مەستە هەتا ماوم خەیاڵی قەند و نوقڵ و ئەنگەبین ناکەم بەهەققی جووتە چاوی مەستی نازت گیانی شیرینم بە شەو بێ یادی ڕووی تۆ سەر لەسەر گۆشەی سەرین ناکەم نگینی خاڵی تۆم مەنزوورە خاکی بەردەرت جێمە سولەیمان ی زەمان بم ئارەزووی تەختی نگین ناکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانەکەم بەخوا لە دووریی تۆ هەمیشە شین ئەکەم گیانەکەم بەخوا لە دووریی تۆ هەمیشە شین ئەکەم بولبول ئاسا بۆ گوڵی ڕووت گریە و ناڵین ئەکەم هەر بە یادی پەرچەم و ڕووی تۆیە بەخوا جاربەجار ئەچمە ناو باخ و تەماشای لالە و نەسرین ئەکەم گەر بکەم تەشبیهی ڕووت گیانە لەگەڵ خورشید و مانگ تۆهمەتێکی ڕووتە تەشبیهی بەبێ تەخمین ئەکەم سابیتە قوربان وەکوو ڕەنگی خەنە ناچێتەوە جەژنە سبحەینێ بە خوێنم دەست و پێ ڕەنگین ئەکەم گەر سلێمانی ببێتە جەننەت و پڕ بێ لە حوور.. پەشمە لام هەر مەیلی وەسڵی یارەکەی پێنجوین ئەکەم چاوەڕوانم زوڵفی لادات تا ببینم ڕوومەتی هێندە بێ عەقڵم لە کافر من ئومێدی دین ئەکەم هەر لە شەوقی لێوی شەککەرباری ئەو دڵدارەیە من کە وەک تووتی کەمالی وا قسەی شیرین ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من نەگۆڕاوم من نەگۆڕاوم وەک جاران ماوم هێز و هەناوم لە دەردی دووریت دڵ پڕ زووخاوم بینایی چاوم *** شێوەی ڕوخسارت لە دڵ جێگیرە وەک گوڵ لەگڵدا بێسەی عەشقت هەر بە تەئسیرە لە پەڕەی دڵدا *** عەکسی ڕووت لە ناو بیلبیلەکەی چاو نەقشە وەک نگین ناسوڕێتەوە بە فرمێسک و ئاو شۆخی مەه جەبین *** تا ڕۆژی مەحشەر هەر بەندەی گیانیم من بێ وەفا نیم مەحوی شێوەی تۆم نازانم خۆم چیم بە یادت ئەژیم *** بە جەوری فەلەک بە دەردی زەمان بە خوا ئازیز گیان لە یادم ناچی مەحبووبی دەوران یەک دەقیقە و ئان *** لەگەڵ خەفەت و دەردی زەمانە عەشقت ئازانە وا زۆران ئەگرێ ئازیز بزانە ئەی خان مەردانە *** نایەڵی خەفەت بگرێ موڵکی دڵ... یاری جەبین گوڵ ئەمین بە کاتێ کە ئەچمە ژێر گڵ... هەر ئەڵێم بە کوڵ *** تۆ وا نەزانیت کە من گۆڕاوم... وەک جاران ماوم ئێستاش هەر شێوەت وا لە بەر چاوم... هێز و هەناوم *** بە عەشقت ژیام لەسەر ڕووی دونیا... یاری بەوەفا ئەوساش هەر عەشقت بۆ بەهەشت ئەمبا بەرەڵام ناکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەشهوورە ئەڵێن شێر کە برسی بوو سەبارەت: ئامۆژگاری بۆ لاوەکان مەشهوورە ئەڵێن شێر کە برسی بوو لە بێشەکەی خۆی یەتە دەرێ زوو ئەگەڕێ بە تاو لە دەشت و سارا هەتا نێچیرێ زوو بکات پەیدا کە نێچیری دی خوێنی ئەمژێ تێکی ئەشکێنێ ئازا ئەیکوژێ تێری لێ ئەخوا و ئەگەڕێتەوە لە پاش ئەو ڕێوی ئەسووڕێتەوە ئەدۆزێتەوە زوو پاشماوەی شێر تێری لێ ئەخوا جا ڕێوی بێ خێر هەندێ مەرد هەیە هەروەکوو شێرن نەبەز و گەورە و ئازا و دلێرن زۆر کۆشش ئەکەن هەتاکوو ئەمرن منەتی باوکی خۆشیان هەڵناگرن پەیدا ئەکەن و تێری لێ ئەخۆن پاشماوەکەیان جێ دێڵن ئەڕۆن لە پاش ماوەیەک ئینسانی تەمەڵ تێر ئەبێ هەروەک مام ڕێویی دەغەڵ پاش ماوە مەخۆ وەک ڕێوی کاکە شێر بە پاشماوەی تۆ بخۆن چاکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەڕاستی سەیری کەی سەرگەشتەیی سەودا و زارێکین سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری «سالم» بەڕاستی سەیری کەی سەرگەشتەیی سەودا و زارێکین وەکوو یەک کوشتەیی شمشێری ئەبرۆی نەو نیگارێکین ئەسیری پەرچەمی پڕ پێچ و لوولی تازە یارێکین «من و بادی سەحەرگاهی عەجایەب بێ قەرارێکین بەسەرگەردانیا هەر دوو ئەڵێی مەشغووڵی کارێکین» بەشارەت بێ لە تۆ هاودەردی دڵسۆز و شەفیقت هات بە سەحرای عەشقدا وا یاری خەمخۆری ڕەفیقت هات لەگەڵتا یەک زوبان، یەک دڵ، ئەدا موژدە سەدیقت هات «لە هاودەردی مەکە وەحشەت، وەرە بولبول ڕەفیقت هات بناڵێنین بە جووت هەر دوو ڕەهەندەی گوڵ عوزارێکین» بە دڵ ئاواتەخوازی تێبگەی ئەحواڵی من قوربان کە چەندە دڵ پەرێشان و پەشێو و خەستەم و ناڵان هەراسانم لە دەست دەردی فیراق و ناڵە و گریان «سەدای لافاوی ئاوی چاو و فاڵەی دڵ لەدەست هیجران وەها دێت موتتەسیل شەو هەر ئەڵێی دەنگی زەوارێکین» شوکور وا بۆ گلی دوو چاوی ئێشاوم، دەوام دەست کەوت لە خاکی ڕێی جەواهیر سوورمە یەعنی تووتیام دەست کەوت ڕەفیقی باش و دڵسۆز و بە ڕەحم و با وەفام دەست کەوت «لە سایەی دەوڵەتی ساحێب مەکان و ئاشنام دەست کەوت لەکۆی جانانەدا دائیم، لەگەڵ سەگ یاری غارێکین» لەڕێی عەشقا لەگەڵ زاهید مەحاڵە ئاشنا نابین لە ڕۆژی هەووەڵا وابوو موقەددەر، تازە چانابین لە پێچ و تاوی توڕڕەی پەرچەمی یارا ڕەها نابین «لەگەڵ زاهید بە تەقدیری فەلەک هەرگیز جودا نابین لە قوربی غەیرە ڕەغبەتدا، میسالی سیر و مارێکین» تەبیب ناکا ئەبەد تیماری زامی تازە ناسووری بریندارم بە تیری غەمزەیی دوو چاوی مەخمووری ئەکا شاباشی بەر پێت وا کەمالی گیانی ڕەنجووری «ستادەم خۆم و ڕۆح و دڵ بە سالم وەختێ ڕابووری لەبەر پێتا نەقد بەرکەف نیساری ئینتیزارێکین» من و بادی سەحەر یاران! عەجایب بێ قەرارێکین بە سەرگەردانییا هەر دوو دەڵێی مەشغووڵی کارێکین لە سایەی دەوڵەتی حاجیب، مەکان و ئاشنام دەسکەوت لە کۆی جانانەدا دایم لەگەڵ سەگ یاری غارێکین لە هەمدەردت مەکە وەحشەت، وەرە بولبول ڕەفێقت هات بناڵین با بەجووت هەر یەک، ڕەهەندەی گوڵعوزارێکین سەدای گریانی خۆم و دەنگی ناڵەی دڵ لەدەس هیجران وەها دێ موتتەسیل شەو، هەر دەڵێی زەنگی زەوارێکین تەنی زار و ڕوخی زەردم، لە حورمەتدا خەس و پووشن لە مەددی مەوجی بەحری لوتفی یارا بەرکەنارێکین لەگەڵ زاهید بە تەقدیری فەلەک هەرگیز جودا نابم لە قوربی غەیرە ڕەغبەتدا بەمیسلی سیر و مارێکین ستادەم خۆم و جان و دڵ بە سالم وەختێ ڕابووری لەڕێگەت نەقد دەر کەف بۆ نیسارت ئینتزارێکین «سالم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵکینە وەرن بەسیە ئیتر ڕوو لە خودابن خەڵکینە وەرن بەسیە ئیتر ڕوو لە خودابن بەس مایلی فیتنە و شەڕ و ئاشووب و بەڵابن بەس تەفرەقە و وێڵی کەژ و کێو و چیا بن زۆر عەیبە کە بەم نەوعەپەرێشان و گەدا بن *** وەک تەیر ئەگەڕێن عالەمی ئەمڕۆ بە هەوادا ئەستێرە و مانگ کەشف ئەکەن ئێستا لە سەمادا بەحری هەموو دنیا ئەگەڕێن وان لە سەفادا ئێوەن هەموو غەرقن لە غەم و دەرد و جەفادا خزمینە دەسا بێنەوە ئێوەش دە وەها بن زۆر عەیبە کە خەڵک ڕووت کەنەوەهەندێ لە کۆڵان شەو بێت و بدەن زرمە لە دەرگای هەموو ماڵان ئەشیای هەموو ئەو ماڵە ببەن ئێوە بە تاڵان بۆ چی بەدەسی ئێوەوە بگرین کە مناڵان سا بێنەوە ئەم جارە کەمێ ڕوو لە خودا بن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە حەسرەت پێچی هەوری لار و داخی پڵپڵەی زیوین لە حەسرەت پێچی هەوری لار و داخی پڵپڵەی زیوین شەو و ڕۆژ کار و پیشەم دائیمە هەر شیوەنە و ناڵین بە کوڵ ئەگریم لەداخی خوێنی کۆهکەن وا ڕژا بێ جێ لە داوێنی چیا کاتێ ئەبینم لالەیی ڕەنگین لە کێوی بێستووندا گیانی دەرچێ بێ نەوا فەرهاد چ دەربەستە لەگەڵ خوسرەو خەریکی عوشرەتە شیرین نسیبی هەر یەکەم ڕۆژ دەرد و داخ و مەینەت و خەم بوو ئومێدی خێر و خۆشی نەبووە نابێ عاشقی میسکین ئەگەر شیرین دەمێکی چەشنی تۆ ببوایە ئەو چەرخە مەحاڵە چۆن ئەبوو فەرهادی بێکەس عاشقی شیرین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دووری تۆ نیگاری بێ وەفا و دین لە دووری تۆ نیگاری بێ وەفا و دین سەفایێکی نییە چوارباخی پێنجوین بەبێ ڕووی تابدار و وردە خاڵت نییە شەوقی لە لای من مانگ و پەروین مەهێڵە ڕۆژی من ڕەش بێ نیگارا! لەسەر ڕوو لابدە تۆ زوڵفی پڕچین قسەی عەشقی منوتۆ هاتە مەیدان ئیتر باسی نەما فەرهاد و شیرین! فیدای ئەو چاوە مەستەی کە کەمالی ژیان و عەقڵ و هۆش و سەبر و تەمکین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مومکین نییە تیماری برینم بە تەبیبان مومکین نییە تیماری برینم بە تەبیبان بەو خەنجەری ئەبرۆتە کە جنراوە دڵی من کردوویە لەگەڵ خەڵکی جیهان قەتعی عەلائیق لەوڕۆژەوە بەوزوڵفەوە بەسراوە دڵی من لەو ساتەوە ڕۆیشتووە تۆراوە لە سینەم بەو شاخی کەماجاڕەوە گیراوە دڵی من مەقسوودی تەوافی خەمی ئەو زولفەتە قوربان وەک شانە کە وا لەت لەت و جنراوە دڵی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەتەن ئەی نیشتمانی خۆشەویستم بۆ چی داماوی وەتەن ئەی نیشتمانی خۆشەویستم، بۆ چی داماوی وەکوو بەرگی درەختی پاییزان بۆچ زەرد و ژاکاوی بە وێنەی پەرچەمی یارم چییە وا گرژ و شێواوی مەگەر نازانی تۆ هێزی هەناو و نووری دوو چاوی بەسە! سەر هەڵبڕە توو بی و خودا ئەی نیشتمانی جوان وەتەن ئەی دایکی زەند و بەختیار و کەڵهوڕ و بابان وەتەن وا ڕۆڵەکانت پێگەیشتوون شێری مەیدانن لە دنیا تێگەیشتوون، ئەهلی عیلم و فەنن و عیرفانن لە ڕێی تۆدا هەموو یەک یەک فیداکاری دڵ و گیانن کە تۆ ماتی هەموو ماتن، کە شادبی جوملە شادانن فیدات بم بەسیە بەس! عاجز مەبە ئەی نیشتمانی جوان وەتەن ئەی دایکی زەند و بەختیار و کەڵهوڕ و بابان ئەمین بە ڕۆڵەکانت یەک نەفەس غافڵ لە تۆ نابن بە حیلە و مەکری شەیتانزادەکان هەرگیز خەڕۆ نابن بە پارەی دوژمن و بێگانە فێری هاتوچۆ نابن وەکوو جاران ئەبەد وێڵی قسەی پووچ و درۆ نابن ئەکەین قوربانی تۆ دایکی وەتەن، یەک دەفعە، ماڵ و گیان بژی ئەی دایکی زەند و بەختیاری و کەڵهوڕ و بابان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵ و لالەی بەهارم ناوێ بێ تۆ ئەی نیگاری من گوڵ و لالەی بەهارم ناوێ بێ تۆ ئەی نیگاری من گوڵی ڕووتە عەزیزم خۆ گوڵ و لالەی بەهاری من بە ماچێکی دەمت گەر بێت و تۆ چارە نەکەی دەردم لە ڕۆژی مەحشەرا ئەگرێ بەرۆکت گیانی زاری من بە یەک لەحزە لە گەردوون تێپەڕی بۆ عەرشی ئەعلا چوو فیداتم شاهبازی عەرش و شیرین شاسواری من سەگی دەرگانەکەی کاک ئەحمەدی شێخم تەمادارم تکای عەفوم بکە ڕۆژی جەزا لای کردگاری من ڕەئیسی ئەولیایە قوتبە یەعنی واریسی غەوسە پەناه و پشتیوانی کوردە مایەی ئیفتیخاری من ئەکەم ڕۆحم فیدای ئەولادی لاکین پیرم و کوێرم نییە لایق بە قوربانی ببێ گیانی هەژاری من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاتە نێو باخ دوێنێ دڵداری چەمەن ئارای من هاتە نێو باخ دوێنێ دڵداری چەمەن ئارای من گوڵ کوتوپڕ عاشقی بوو وەک دڵەی شەیدای من بولبولی بێچارە هەستی کرد کە گوڵ باوی نەما هات و سوجدەی بردە بەر باڵای گوڵی زیبای من نامەوێ گیانە جواهیر سوورمە تەئسیری نییە تۆزی ڕێتە نوور بەخشی چاوی نابینای من هەروەکوو ئاوێنە سەرسامی سەراپای دڵبەرم یەعنی قوربانی سەراپای یارە سەر تا پای من دڵبەرم دوێنێ کە تووشم بوو بە عیشوە پێی وتم! چۆن نەمردوویت تۆ لە حەسرەت لەعلی شەککەر خای من یار ئەڵێن فەرموویە: وەختی مردنی من دێمە لای تاکوو زیندووی کاتەوە لێوی مەسیح ئاسای من پەیڕەوی حەمدی ئەکەم دائیم کەمالی بۆیە وا ویردی خاس و عامە ئەشعاری تەرەب ئەفزای من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ناتیق گیان دیسان وا لە دووریی تۆ سەبارەت: بۆ «ناطیق»ی شاعیر ناتیق گیان دیسان وا لە دووریی تۆ زامانی سەختم وا هاتۆتە سۆ لە ڕۆژێکەوە ڕۆیشتووی لێرە چاوم لێڵایی داهاتووە کوێرە ئاخۆ تەوێڵە ئێستەش وەک جاران نەشئە ئەبەخشێ بۆ مەیگوساران ڕێی «گەڕیات»ی هەر ڕێڕەوەی بازە مەنزڵگای جیلوەی شۆخی تەننازە بە لافاوی خەم وای ڕووخاندووە تۆمی خەفەتی لێرا چاندووە ئاخو وەک پێشوو بەرزە دەماخان هاتوچۆ ئەکەن بۆ کووچە و باخان «مالیدەر» ئەوسا کە پڕ بوو لە گوڵ وەکوو کار ئاسکە ئەیان کرد لێم سڵ «چلانە» داری چل پەری ڕوو بوو مەنزڵ و مەئوای بێچوە ئاهوو بوو ئاخۆ ئێستەکەیش وا سەقادارە مەنزڵ و مەئوای ئاهووی تەتارە شەمام شەمامەی هەر زەرد و کاڵە یا خود گەیشتووە شەمامە کاڵە ڕجایە وەسفی خۆت بنووسە بۆم ڕۆژ و شەو مەشغووڵ یاد و فیکری تۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نازانم دیسان بۆچ گەردوونی پیر سەبارەت: بۆ کۆچی فایەق بێکەس نازانم دیسان بۆچ گەردوونی پیر قاری گرتووە پڕقینە و زویر! ئەگڕێ بە سەر سەری یاراندا بە هەموو ماڵێ بە دێ و شاراندا لە هەر جێگایە ببێ دانایێ یا شاعیرێکی شیرین ئەدایێ لە پێشا خوێنی ورد ورد ئەمژێ لە پاشا بە داخ بە دەرد ئەیکوژێ ئەمساڵ وا زیاتر ئەگەڕێ کون کون وەکوو ماڵ دزراو گشت کون و قوژبن شیوەنی زێوەر خۆ نەبووە تەواو وا شینی فایق بێکەس هاتە ناو ئەی کاکە فایق ئەی شاعیری کورد خاوەن فیکری بیکر خەیاڵاتی ورد زۆر ڕەنجت کێشا لە ڕێی نیشتمان خۆت خستە بەند و زنجیر و زیندان مەڵێ بێ کەسم باش تەماشاکە تەماشای دەشت و چۆڵ و سەحراکە لە گەورە و بچووک لە پیر و جوان لە بۆ پێشوازیت هەزاران ئینسان لە ڕێی هەڵەبجە وا چاوەڕوانن هەموو کەسی تۆن چاو بە گریانن مەڵێ: من مردووم نامریت نەمردوویت فەلەک لە ئێمەی هەر چەند گوم کردوویت بەڵام خۆ شێوە و یادت تا مەحشەر لە چاو و دڵدا قەت ناچێتە دەر نە شێوەت لە پێش چاومان ئەبێ ون نە یادت لە دڵ ئەڕوا تا مردن... تەئریخی کۆچی تۆم پرسی لە دڵ جوابی دامەوە دڵەی پڕ سکڵ وتی بنووسە تۆ «یەک دەم و دەس خدا خۆش بوە لە فائق بێکەس» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەبی ئیبراهیم ڕەسوولی ڕەحمان نەبی ئیبراهیم ڕەسوولی ڕەحمان نانی نەئەخوارد هەرگیز بێ مێوان ڕۆژێ لە ڕۆژان نانیان بۆ هێنا میوانی نەبوو لەگەڵی بخوا ئەمری کرد بڕۆن پەیدا کەن میوان هەتا بێت لەگەڵ مندا بخوات نان چوون بۆیان هێنا پیاوێکی زۆر پیر لە ڕێوە ئەهات برسی بوو فەقیر داینا لە لای خۆی دەستیان برد بۆ نان بسم اللهی نەکرد کابراکەی میوان ئیبراهیم فەرمووی پێم بڵێ کابرا بۆچ ناوی خودات تۆ نەبرد ئێستا! بسم الله شەرتە وەختی نان خواردن هەتا عەفووت کات یەزادنی مەزن وتی مەجووسیم، من موسوڵمان نیم بۆ چی نازانی قوربان کە من چییم! نەبی ئیبراهیم تووڕە بوو خێرا میوانی دەرکرد ڕۆیی بۆ سەحرا دەرحاڵ جبرئیل هات و ئەمری کرد: ئیبراهیم بۆ چی مێوانت دەرکرد؟ ! حەفتا ساڵ زیادە خوا ڕزقی ئەدا تۆ بۆ چی ڕۆژێک نانت پێ نەدا؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە حەفتا ساڵەدا عاشق دەمی تافی جوانیی بوو لە حەفتا ساڵەدا عاشق دەمی تافی جوانیی بوو نیگاری نازەنینی تا نیگاهێکی نیهانی بوو بە شوعلەی ڕووی وەکوو پەروانە خۆم زوو کرد بە قوربانی بە تەئسیراتی مەی ساقی کە ڕەنگی ئەرخەوانی بوو قەڵەم بێگانەیە ناوت نەهێنم زویر مەبە توخوا ڕەقیب ئاسا کە چونکە هەر خەریکی دوو زوبانی بوو لە دنیادا ڕەفیقی گیانی گیانی قەت نەبینراوە هەتا ئەولادی خۆم من دیم لەگەڵ من نانی نانی بوو بە تیری غەمزە زانیم کون ئەکا جەرگ و دڵم ئاخر کە دیم تاقی برۆی ئەو شۆخە بێ ڕەحمە کەوانی بوو لە کێلی قەبرەکەم تو خوا بنووسن مەهجەبین، خەڵکە بزانن تا کەمالی کوشتەیی دەستی فڵانی بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەفاداری سەبارەت: لە سەیدی هەورامانییەوە وا ئەگێڕنەوە مەجنوونی شەیدا چەند ڕۆژێ بە شوێن لەیلدا ئەگەڕا لە سارا و دەشتا دەروون لە خەم کەیل بێ شەرم ئەگریا بۆ لەیلی پڕ مەیل ڕۆژێ لە ڕۆژان بە دڵەی خەمبار ڕێگای کەوتە لای هەوارگەکەی یار سەیری کرد خێڵی باوانی لەیلا باری کردووە زۆر دای تەقەللا هیچ کەسی نەدی دیوارێ مابوو کە وا بە دەستی لەیلێ کرا بوو دەستکردی لەیلای شۆخی نازدار بوو سێبەری شیفای قەیسی بیمار بوو لەو سێبەرەدا مەجنوونی دڵ ڕێش دانیشت زامانی کەمێ بوو ساڕێش سەیری کرد سەگێک لاواز و زامدار کەوتووە لەژێر سێبەری دیوار ئەڵێسێتەوە بە زوبان زامی ڕەش بووە وەکوو دەوار ئەندامی چووە بەردەمی مەجنوونی شەیدا گەلێ بەزەیی هاتەوە پێیدا وتی پاسەوانی ڕەشماڵی دڵدار ئێشکچی لەیلا شەوان لای دیوار چەرخەچی شەوان لە سارا و لە دەشت بەبری شێر شکار بۆ ئاسکی چەشت ئەم حاڵە چییە چیت لێ قەوماوە؟ ئەڵێی ئەندامت بە تیغ جنراوە! بۆ چی پاش لەیلێ شای بەینەتداران هەر تۆ جێماویت وا لە هەواران! لە پاشان مەجنوون سەیری سارای کرد ڕاوکەرێک ئەهات بە ڕێوە لە هەرد ئاسکی کوشتبوو و دابووی بە شانا بە گورجی ئەهات لە بیابانا چوو بۆ لای ڕاوکەر مەجنوونی بەدحاڵ کە وەکوو گەدا لێی بکا سواڵ وتی ئەی ڕاوکەر بە عەشقی پیرت ئەمڕۆ ببەخشە بە من نێچیرت ڕاوکەر مەردانە بە دڵی مەحزوون لاشەی ئاسکەکەی دایە دەست مەجنوون مەجنوون ئاسکەکەی قیمەکرد بە تیخ جەرگ و دڵەکەی خێرا دا لە سیخ بە دڵی پڕ شوور هیجران بردەوە بە گڕی دەروون ئاگری کردەوە کردی بە کەباب بە دڵی سووتاو خوێی کرد ئازانە بە فرمێسکی چاو دای بە سەگەکە بە تالووکە و دەو وتی ئەی هەژار بێ خۆراک و خەو ئەمە کەبابی قەیس ی کوژراوە چونکە نەخۆشیت بۆ تۆم هێناوە فەرموو نۆشی کە شیفای جەستەت بێ مەرهەمی زامی لەشی خەستەت بێ چەند ڕۆژ گۆشتی خوارد جا سەگی هەژار زامی ساڕێژ بوو تەواو بەیەکجار هێزی لە گۆشتی کەباب بوو تازە هەڵسا لە دەشتا کەوتە جامبازە بە غار دەستبەجێ چوو بۆ لای لەیلێ خۆی خستە داوێن خاکی پای لەیلێ لەوە پاش مەجنوون هەر کاتێ ئەچوو کە تێر ببینێ لەیل بە ئارەزوو ئەو سەگە ئەچوو وەک خاوەن فامان داوێنی مەجنوونی ئەگرت بە ددان ئەی برد بۆ خزمەت مەحبووبی نازدار هەتا بە حاڵی نەزانێ بەدکار مەجنوون بە دیدار لەیلێ ئەبوو شاد خەرمانی خەمی خۆی ئەدا بە باد گەر وا نەبوایە مەجنوونی هەژار هەرگیز نەیئەدی مەحبووبی نازدار داد لە دەست جەوری بەدخویی ڕەقیب نایەڵێ دڵدار یار بێ بە نسیب گۆشت بدەی بە سەگ وا وەفادارە گەنج بە بە بەدکار هەر جەفاکارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تۆبە وتم بە دڵەی هەژار تۆبە تۆبە هەزار جار لە عەشقی یاری نازدار ڕووخۆشە لەگەڵ ئەغیار لەگەڵ من بە قینەوقار وا تۆبە ئەکەم ناچار یار بێ ڕەحمە و غەددارە هەر مەیلی بە ئازارە لەگەڵ من جەفاکارە بەشم دەرد و جەخارە تۆبە تۆبە هەزار جار لە عەشقی یاری غەددار ئەی دڵ وەرە تۆش وەک پیاو وەکوو پیاوێکی تەواو بەسە با نەبێ بەد ناو خۆت دەربهێنە لە داو تۆش تۆبە کە هەزار جار لە عەشقی یاری غەددار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەماوە تەمییز پیاوێ بە تووندی ڕۆژێک لە ناکاو ڕایکردە ماڵێک زویر و پەشۆکاو لەشی ئەلەرزی هۆشی نەمابوو ڕەنگی ڕووخساری زەرد هەڵگەڕابوو خاوەن ماڵ وتی بۆ چی شێواوی براکەم بۆچ وا هەڵبزڕکاوی جوابی دایەوە وتی ئەی برا بە سوخرە ئەگرن کەر بە ئەمری شا وتی: چاوەکەم تۆ کەر نیت پیاوی عەیبە لام وایە تۆ خەڵەفاوی وتی پێی بەخوا ئەی برای عەزیز لەم زەمانەدا نەماوە تەمییز ئەگەر بمگرن بڵێن تۆ کەری کورتانم لێکەن هەرزە و سەرسەری هەزار هاوار کەم بێ سوودە بەخوا لەم وڵاتەدا فەرق و تەمییز کوا! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاوس پیاوێکی زانا بۆ سەیران و گەشت ڕۆژێ لە ڕۆژان ئەگەڕا لە دەشت تاوسێکی دی جوان و دڵپەسەند پەڕەکانی خۆی یەک یەک هەڵئەکەند لە کاری تاوس زۆر سەری سوڕما وتی ئەی تاوس تۆ بیت و خودا پەڕەکانی تۆ نایاب و جوانن بە نرخن لە لای خەڵکی گرانن هێندە بەنرخە قورئان خوێنەکان دایئەنێن لە ناو لاپەڕەی قورئان خوا جوانی کردوویت مەکە ناشوکری بە ڕاستی یەکجار نەفام و کەری تاوس ئەمەی بیست بەر بووە گریان وتی بێ عەقڵ و نەفام و نەزان داو دانراوە بۆم لە هەموو لا پەڕە جوانەکان لێم بوونە بەڵا ڕاوکەران دائیم بۆ کوشتنی من تیر بە دەستەوە لێم بوون بە دوژمن ئەم جوانی و نرخە بۆ من بەڵایە ئەمە کەی لوتفە قەهری خودایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ خۆشە کاتی جوانی عەشقی یاری ماه ڕوخساری چ خۆشە کاتی جوانی عەشقی یاری ماه ڕوخساری کە عاشق دڵ بدا وەک من بە دڵداری وەفاداری لە ناو باخ و گوڵستانا هەوای سافی چەمەنزاری لەگەڵ یارا بکەی سەیر و سەفای بێ ترسی ئەغیاری شەرابی ناب و گوێی ئاو و شەوی مەهتاب و فەسڵی گوڵ خوڕەی ئاو و سەدایی عوود و تار و نەغمەیی بولبول شنەی با بێت بەسەرما خۆشە دائیم وا لە ڕووی سەحرا بهێنێ بۆم هەمیشە بۆنی عەتر و عەنبەری سارا لە لام خۆشە بە ڕاستی جێگەیێکی وا و فەسڵی وا لەگەڵ تۆ ئەی نیگاری نازەنین ئەی شۆخی بێ هاوتا بەڵام دووربین لە چاوی دوژمنان و خۆیش و بێگانە سەری تۆ بێ لەسەر ڕانم دەسی من بگرێ پەیمانە بەڕاستی خۆشە لام بچنم لە باخی ڕووی نیگارم گوڵ لە دەستما بێ دەسی دڵدار و بەختیار بین بە کامی دڵ بکەین ڕاز و گلە جارجار بنۆشین پێکی بادە و مول بە دەنگی یا کەریمی قومری و بانگ و سەدای بولبول لەسەر سنگم بێ ڕووت ئاڵۆز بکا با زوڵفی پڕ چینت دەمی من بێ لەسەر دوو لێوی ئاڵی لەعلی شیرینت چ خۆشە ماچی کەم سەرتا بە پێ سینە و گریبانت گەهێ دووچاوی مەخموورت گەهێ زوڵفی پەرێشانت دەم ولێو و چەناگە و ڕوومەت و سەرسەنگ و مەمکانت وەکوو ئاسک ئەگەر سڵ کەی بکەم گیانم بە قوربانت شەوێکی وام ئەوێ بۆ تۆڵەیی شەوگاری جیاییمان هەتاکوو تازەکەم دووبارە یادی ئاشناییمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕۆژێ ڕاوکەرێ بەیانی زوو زوو ڕۆژێ ڕاوکەرێ بەیانی زوو زوو هەستا ئازانە بۆ سەرکەژێ چوو وا ڕێکەوت ورچێ تووشی بوو لەوێ برینداری کرد گرتی دەستبەجێ وتی مەمکوژە ئاغا بە قوربان خزمەتت ئەکەم بە دڵ و بە گیان ڕاوکەر ڕازی بوو ورچ بوو بە نۆکەر خزمەتی ئەکرد لە دەشت و لەدەر ڕۆژێ لەگەڵ ورچ بۆ سەفەر ئەچوو ڕێگاکە دوور و گەرمای هاوین بوو لەژێر سێبەری دارێکا هەردوو دانیشتن ڕاوکەر خەوی لێ کەوت زوو مێشێ زۆر هاتن چوونە سەر ڕاوکەر خەریک بوون هەردوو چاوی بێننە دەر ورچەکە بە دەست بەدار و گەڵا دەری ئەکردن ئەهاتنەوە دوا تەلەبەردێکی دۆزییەوە بە مشت ماڵی بە سەریانا هەموویانی کوشت! زوو گیانی دەرچوو ڕاوکەری فەقیر ورچەکە ڕۆیشت ڕایکرد وەکوو تیر ڕەفیقی ورچ بیت یا هی پیاوی کەر گەر بکەیت ئەبیت دووچاری خەتەر ئەم نەسیحەتەم بگرە گوێ گیانە با تووشی خەتەر نەبیت بیزانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕیشۆڵەی هەژار ڕیشۆڵەی هەژار ڕیشۆڵەی هەژار ڕیشۆڵەی هەژار مەلی ئێسک سووک ڕیشۆڵەی هەژار تو خوا بەس بکە ئەم دار و ئەو دار بەس بگرە سەربان گوێسوانە و پاسار بەفر گرتوویە ڕووی زەوی و ناوشار ڕەشایی نییە لە دونیا دیار... نە دان نە گەنم هیچ دەس ناکەوێ تۆش برسیت ئەبێ قەزات لێم کەوێ من دیموکراتیم مەلی هەرزە کار دانت ئەدەمێ بە بار و تەغار بە پەڕ و پۆڕی هەروەک پۆڕەوە بە لەنجە و لار و یاڵە شۆڕەوە مەوەستە بە بان گوێ پاسارەوە قونەیەک بکە و وەرە خوارەوە با بۆت ڕۆ بکەم بە ئارەزوو دان لە گەنمی سووری وەکوو ئاڵتوون جوان بە دەنووک جوان جوان بیچنەرەوە خەم و پەژارەم لە بیر بەرەوە ئاوت ئەدەمێ بە پیاڵەی بلوور... لانەت بۆ ئەکەم لە هەیوان و ژوور گەر ئارەزووت بێ بچیە ناو قەفەس دڵم حازرە بووە بە قەقنەس بچۆرە ناو دڵ وەک قەفەس تەنگە بە خوێنی زامی جەرگم گوڵ ڕەنگە لە بەفر و باران لەوەیشوومەی با ناهێڵم هەرگیز ببینی سەرما گەرم ئەبیتەوە بە شەرارەی دڵ ئیسراحەت ئەکەی ڕیشۆڵەی سەر چڵ منیش لە دەس خەم زوو ئەبم ڕزگار تۆش سەرمات نابێ ڕیشۆڵەی هەژار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەرێکی پیر و لەڕ و دەردەدار کەرێکی پیر و لەڕ و دەردەدار لەژێر بارەدار شان و مل زامدار شێرێکی مردووی ڕۆژێ لە دەشت دی بە هەر نەوعێ بوو پێستی داڕنی کردیە بەری زوو وتی من شێرم شێرێکی بە سام ئازا و دلێرم وایان ئەزانی شێرە بە یەکجار هەرکەسێ ئەیدی زوو ئەیکرد فیرار زۆر دڵی خۆش بوو وتی لە مەولا هیچ کەس ناتوانێ بارم لێ بکا بە خۆشی ئەژیم هەمیشە بۆ خۆم بۆ هەر جێگایە حەز بکەم ئەڕۆم ڕۆژێکیان وتی لە دڵی خۆیدا با نەعرە لێدەم لە دەشت و سەحرا تاکوو بترسن لە دەستم ئینسان بەر بووە زەڕەزەڕکەری بەستەزمان وەختێ زانییان خەڵقی کە کەرە کەرێکی گەڕ و پیس و بێ فەڕە دەوریا گرت دایان ڕنی پێستی شێر شەڵتەیان خستە سەر کەری بێ خێر گڵیان پێ کێشا تا گیانی دەرچوو نەتیجەی کیبر و مەغرووری وابوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانە دوێنێ شەو لە نیوەی شەودا گیانە دوێنێ شەو لە نیوەی شەودا خەوتبووم کە دیم لە شیرین خەودا قاسیدێ هات و نەم زانی کێ بوو موژدەی دا کە دیم نامەی تۆی پێ بوو نامەتم وەرگرت نامە سەر چاوم زۆر خۆشی بەخشی بە دڵەی سووتاوم فەرمووتە ئاخۆ چلۆنە حاڵت بەبێ من توخوا چۆنە ئەحواڵت بە شەو چی ئەکەی چۆن ڕائەبوێری لە دووریم چاوت ماوە یا کوێری؟ ئازیز ناوێرم حاڵم بەیان کەم وا چاکە دەردم لە تۆ پەنهان کەم با هەر نەزانی ئەحواڵی زارم.. لە دووریی باڵات هێند بێ قەرارم لە سەد یەکێکی گەر بۆت بەیان کەم باسی دەردی دڵ شەرمی هیجران کەم ژەنگاوی ئەبێ ئاوێنەی دڵت زەرد ئەبێ ڕوخسار وەک پەڕەی گوڵت وا چاکە گیانە حاڵم نەزانی با حەرام نەبێ لێت زیندەگانی هەر خۆم بزانم دەردی دڵی خۆم تو خوا با بۆ خۆم هەر خۆم خەم بخۆم ئەوەندە ئەڵێم: لاشە بە بێ گیان چۆنە بە بێ تۆ منیش وام قوربان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ناو باخا ئەبینم نێرگسی شەهلا ئەبم خۆشحاڵ لە ناو باخا ئەبینم نێرگسی شەهلا ئەبم خۆشحاڵ ئەشوبهێ چونکە نێرگس شێوەیی نازی بە چاوی کاڵ بە یادی ئەو دەم و لێوەت نیگاری نازەنینی من لە باخا باخەوان خونچەی نەپشکوتووی چنی ئیمساڵ شە و ڕۆژ بۆ نەبات و قەندی لێوت گیانی شیرینم دڵی دێوانەکەی من دائیما ئەگری وەکوو منداڵ لە حەمدی خواوە نابیستم قسەی خەڵک و لەکەس نادوێم لە دنیادا شوکور زۆر موستەریحم هەم کەڕم هەم لاڵ بەجێ نیە گیانەکەم بیکەی بەڕەشوەی ئەسپەکەت ئێستا لە بۆتەی عەشقی تۆدا وا کەمالی بۆتە زیوی قاڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوەی یەک دەفعە بینی سیحری غەمزەی چاوی کاڵی تۆ ئەوەی یەک دەفعە بینی سیحری غەمزەی چاوی کاڵی تۆ بە خۆشی و کەیف ئەزانێ گیانەکەم جەور و مەلالی تۆ هەچی توغرا ئەنووسن تاکوو ئەمڕۆ کەس نەبوو یارای بکێشێ سوورەتی مانەندی ئەبرۆی وەک هیلالی تۆ لە موڵکی نازدا تۆی پادشاهی حوسن و ئان قوربان زەوالی قەت نەبێ یا ڕەببی تا مەحشەر جەمالی تۆ لە چینی پەرچەمی یارا چییە ئەحواڵی تۆ ئەی دڵ! شەمال ئەمڕۆ پەرێشانی بە من دا شەرحی حاڵی تۆ بە پیری بەختەوە ئێستاکە من وا گورج ئەڕۆم چونکە بە شەوق و سۆزەوە دای پێم شوکور موژدەی ویساڵی تۆ بە فرمێسک پاک ئەکەم دیوانی چاوی خۆم و ئەیزانم نییە لایەق بەوە جێی بێتەوە تێیدا خەیاڵی تۆ نیگارا بۆنی گوڵ هات ئاشتی چاکە وەرە توخوا بەهارە بۆ منی دێوانە ڕووی فەرخوندە خاڵی تۆ لە نەزعایە دەسا تووبی خوا یەک لەحزە بێ بۆلای لە تاو دووریت خەریکە گیان ئەدا گیانە کەمالی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە حوسنا قەت فەلەک نەیدیوە نابینێ قەرینی تۆ لە حوسنا قەت فەلەک نەیدیوە نابینێ قەرینی تۆ خوسووفی بوو قەمەر ئەمشەو کە دی ڕۆژی جەبینی تۆ بە ئیما چاوەکەت لایدام لە دین وەک شێخەکەی سەنعان پەنا بەخوا لە دیدەی کافری سیحر ئافەرینی تۆ سبەینێ زوو کەچاوی کەوت بە لێوی ئاڵی تۆ وەک شێت بەرۆکی دادڕی خونچە لە ڕەشکی پێکەنینی تۆ کە کوژراوی برۆتم بۆ بە غەمزە ئەمدەیە بەر تیر چ بێ ڕەحمیت نیگارا من عەجەب ماوم لە دینی تۆ شکا بازاڕی قەند و شەکری بەلچیکا لە ناو کوردا کە نووسیم وەسفی شیرینی دەم و لێو شەککەرینی تۆ خەلاسی بۆ بەشەر نابێ لە داوی عەشقی تۆ گیانە مەلەک تەسخیر ئەکا زوڵفی خەمی پڕ پێچ و چینی تۆ دڵی دەرهات و جارێ هەر نەهاتی بێ وەفا بۆ لای کەمالی موژدە وا تەرکی گیانی کرد لە قینی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گیانەکەم بۆچ وا لەگەڵما هەر بە قار و قینی تۆ گیانەکەم بۆچ وا لەگەڵما هەر بە قار و قینی تۆ بۆچ وەها تینوو بە خوێنی عاشقی میسکینی تۆ من کە دیلی زوڵفی تۆم بۆ چی بە شمشێری برۆت ئەمکوژی بە خوا گەلێ بێ مروەت و بێ دینی تۆ بێ سەبەب دائیم لەگەڵما ترش و تاڵە ڕووت کەچی هێندە تالعداری لای من وەک شەکر شیرینی تۆ پێم بڵێ ئەی زوڵفی دلبەر بۆ بەقەسدی کوشتنم دائیمە مایل بە پێچ و تا و حەڵقە و چینی تۆ چوویتە ناو باخ ئەمڕۆ بێچارە وەنەوشە بوو خەجڵ گەردنی کەچ کرد بەرامبەر وردە خاڵی شینی تۆ مونفەعیل بوون و خەجڵ پەروین و مانگی یەک شەوە هەر کە دەرکەوت تاقی ئەبرۆ و پڵپڵەی زیوینی تۆ ئەی فەلەک ئەی دوژمنی ئینسانی خاوەن عەقڵ و فام بۆ چی هەر حامیی کەر و گا و پیاوی بێ تەمکینی تۆ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاشنایی قەت لەگەڵ ئەم دەهرەدا پەیدا نەکەی ئاشنایی قەت لەگەڵ ئەم دەهرەدا پەیدا نەکەی ئەتکوژێ ئەم پیرە زاڵە شێتە کاری وا نەکەی ئاسمانئەتنێتەسەر تەختی شەهەنشایی بەڵام ئاخریئەتخا ملت ئەشکێنێ پێی بڕوا نەکەی تۆ بە ڕووتی هاتیە دنیا و بە ڕووتیش هەر ئەڕوێ بۆ تەماع و ماڵی دنیا کاکە خۆت ڕیسوا نەکەی وا دڵم لەت لەت ئەکەم وەک شانە بەڵکوو خوا بکا جار بە جار ئەو پەرچەمە شێواوەتی پێ شانەکەی جووتە چاوی ساحیری عاشق کوژت بەس هەڵبڕە ترسی خوات بێ عالەمێ یەکجاری باشەیدا نەکەی جەوری تۆ دەرمانە بۆ دەردی دڵی بیماری من لوتفی ناوێت لێت دەخیلە گیانە کاری وا نەکەی شەرتە سەردانان لە مەیدانی مەحەببەتدا کەمال تۆ ئەگەر مەردی ئەبێ سەر دابنێیت و ڕانەکەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا جەژنە و هەموو کەس مەستی عەیشە و خۆشییە و شایی ئەوا جەژنە و هەموو کەس مەستی عەیشە و خۆشییە و شایی لە مل یەکدایە دەستیان بۆ ئوسووڵی گەردن ئازایی بە تەنها یارەکەی بێ ڕەحمەکەی ڕوو ترش و تاڵی من هەمیشە سڵ ئەکا لێم هەر وەکوو ئاهوویی سەحرایی ئەچم بۆ پاسی بەر درگانەکەی شەو بانگ ئەکا خەڵکە دەری کەن ئەو سەگە با پیس نەکا دەرکم بە خۆڕایی ئەوەندە مەست و سەرخۆشی شەرابی ماچی ئەو لێوەم لە کەوسەر دەم مەحاڵە تەڕ بکەم ئەی شۆخی بەغدایی کە چاوم لا عەزیزە گیانەکەم بۆ دیدەنیی تۆیە کە ڕووی تۆی پێ نەبینم نامەوێ بۆ چیمە بینایی لە باخا سەروو عەڕعەڕ گەر ببینن بەژن و باڵای تۆ ئیتر ناکەن ئەبەد قەت مەشقی ئازادی و دڵارایی دەخیلت بم زەمان دانا کوژە، خۆت شێت و نادان کە نەدەی هەرگیز کەمالی تاکوو ماویت لافی زانایی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی مانگ ئەزانم تۆش دەردەداری ئەی مانگ ئەزانم تۆش دەردەداری تۆش هەروەکوو من عاشقی یاری تۆش شێت و شەیدای نازەنینێکی عاشق بە باڵای گوڵ جەبینێکی بەڵام هەق نییە تۆوا شەیدا بی تۆش هەروەکوو من وێڵ و ڕیسوابی چونکە تۆ وەک من جێگەت پەست نییە وەک من یارەکەت دوورەدەست نییە لەسەر ئاسمانیت بێستوون و بەرز ئەبینی باڵای یارت بەسەد تەرز کاتێ ئەچیتە سەر جێگا بۆ خەو تێرتێر باڵی ئەو ئەبینی بە شەو زۆر باش تەماشای وردە خاڵ ئەکەی سەیرانی باخچەی لیمۆی کاڵ ئەکەی نەک وەکوو منی هەژار و داماو نابینم دیداری یاری مەستە چاو کە وا بێ نابێ تۆ وا شەیدا بی تۆش هەروەکوو من شێت و ڕیسوا بی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بناغەی دەهری دوون ڕووخاوە یەکسەر تێک چووە ئاشی بناغەی دەهری دوون ڕووخاوە یەکسەر تێک چووە ئاشی بە جارێ تێک شکاوە و ورد و خاشە بەرد و بەرداشی فەلەک نادا هەتا ڕۆژی قیامەت مەقسەدی دانا خەریکە هەر ئەدا عیززەت بە پیاوی سەرسەری و ناشی لە مەکتەبخانەیی عەشقا شوکور یارم یەکەم دەرچوو خودایە زووببێتە حاکم و من ببمە فەڕڕاشی ئەگەرچی ئەمکوژێ چاوی بەڵام ئیحیام ئەکا دەرحاڵ بە خەندەی لێوی لەعلی شەککەر ئەفشانی نمەک پاشی بە جارێ سەبر و ئارام و دڵی بردووم و خوشحاڵم نەماوە غەیری ڕۆحم وا ئەویشم کرد بە پاداشی خەتی دا ڕووی دلارامم لە مەولا من نییە چارەم کەمالی مەسڵەحەت وایە بڕۆم زوو ببمە سەرتاشی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەیفە گەر بێت و بڵێم تۆ گوڵی باخ و چەمەنی حەیفە گەر بێت و بڵێم: تۆ گوڵی باخ و چەمەنی گوڵ ئەبارێ لە دەمت کاتێ کە تۆ پێئەکەنی نرخی یەکجاری شکا قەند و شەکر لەم شارەدا خەڵکی کاتێ کە دییان دەم گوڵ و شیرین سوخەنی تۆ بە سڵ کردن و وەستانەوە و ڕاکردن خۆت نیشان داوە کە کارئاسکی دەشتی خوتەنی بە برۆی چەشنی کەوان و بە موژەی وەک تیرت تێگەیشتم کە فەڵاموورزێکی سەف شکەنی ئاشکرام بەس بکە ئەی دڵ کە ئەبینی دڵدار هەموو ئەندامم ئەلەرزێنێت لە پڕ ڕائەچەنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەخیلت بم سەبا تۆ مەحرەمی ئەسراری جانانی دەخیلت بم سەبا تۆ مەحرەمی ئەسراری جانانی بەریدی کۆیی یاری مەحرەمی زوڵفی پەرێشانی جەلابەخشی نیگاهی دیدەیی بێ نووری یەعقووبی سەفابەخشی دڵی پڕ ئیزتیرابی پیری کەنعانی لە باتی بەندە ساتۆ بی و خوا، ئازانە هەروەک بەرق بە گورجی بۆم بچۆ تا ڕەوزەیی شاری سلێمانی ڕیعایاتی ئەدەب کە سەرسەری داخڵ نەبێ زینهار تەوافی کەعبەیی جانانە دەست نادا بە ئاسانی لە گومرگ لابدە تاکوو دەگەیتە خانەقای گەورە بڵێ: ئەی مەرکەزی عیرفان و ئادابی موسوڵمانی کەمالی وا لە بەغدادی بەهەشت ئاباددا دائیم موقیمی دەرگەهی مەعرووفی کەرخە و غەوسی گەیلانی بە یادی مینبەر و میحرابی تۆیە ویردی ئێوارەی بە شەوقی تۆوەیە تەزبیح و تەهلیلی سبەینانی لە دووری تۆ خەریکە دیجلە یەکی تر بکاد ئیجاد ئەوەندە ئەشکی حەسرەت هات لە هەردوو چاوی گریانی لە پاشا ئەی سەبا هەڵسە بڕۆ بۆ مەنزڵی دلبەر بکە جارووبی خاکی پاکی عەنبەربۆیی ئەیوانی لە دواییدا دەخیلت بم لە باتی بەندەیی مەهجوور بە کۆڵێ سیدقەوە ڕوخسەت تەڵەب فەرموو لە دەربانی کە وەقتێ ڕوخسەتی دای چوویتە خزمەت حەزرەتی دلبەر ببە سوجدە لە باتی بەندەیی سەر گەشتەیی فانی لە پاش عەرزی دوعا و ئیحترام و ڕاسیمە تەعزیم بڵێ: ئەی خوسرەوی میسری مەلاحەت ماهی کەنعانی غەریب و بێ نەوا عەبدی قەدیمی زەڕخەریدەی خۆت کەمالی خەستە و بێچارە بەندەی موخلیسی گیانی بە بەغدادا ئەگەرچی ڕاحەتی تەئمینە ڕۆژ و شەو لە یوسف تەلعەتان خاڵی نییە قەت کونجی ئەحزانی ئەنیسی گوڵڕوخانە هاونشینی ماه ڕویانە پیاڵەی مەوج ئەدا دائیم لە بادەی نابی ڕوممانی لە دووریی تۆ هەمیشە ڕۆژی وەک شەو سوبحی وەک شامە بە بێ ڕووی تۆ لە لای وەک خارە خونچەی باخ و بۆستانی نیشانی عەینی دەردە نۆشی نێشە شەربەتی ژەهرە بە وێنەی شەربەتی مەرگە لە لای ئەو ڕاحی ڕەیحانی دەماغ و فکری تار و مارە شێواوە پەشۆکاوە بە چەشنی پەرچەمت کردویەتی مەشقی پەرێشانی بە یادی چاوی مەستی تۆوەیە وەرنێ کەمالی زار زوبانی لاڵە بێ تۆ قەت ئەکا دەعوای سوخەندانی؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمانێ وەسڵی یارە سەد شوکور ڕۆیی خەمی دووری زەمانێ وەسڵی یارە سەد شوکور ڕۆیی خەمی دووری دەتێکە ساقی پێکێ با بەسەرچێ ڕەنجی مەهجووری ڕەیاحین و وەنەوشەی مێرغوزار دێنێتەوە بیرم خەتی نەوڕەستە ڕوویی دلبەرانی شۆخی ئاسووری لە خەڵوەت دەربچۆ زاهید تەماشای سەنعەتی هەق کە چییە ئەی زاهیدی غافڵ! لەبەر چی شێت و مەغرووری ئەڵێن ساقی مەزەی ماجی دەم و لێوی شەکەربارە کەمالی فرسەتە زوو تۆبەکەت بشکێنە مەغرووری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێخ قادر حەفید ئەحمەدی کاکی سەبارەت: بۆ کۆچی دوایی «شێخ قادر حەفید» شێخ قادر حەفید ئەحمەدی کاکی بە لوتف و سەخا و بە دڵی پاکی لە ناو عالەما یەکجار مەشهوور بوو جەبینی پاکی پڕ شەوقی نوور بوو زۆر زوو کۆچی کرد داخی بە جەرگم بە منی نیشان دا ئاکامی مەرگم تەئریخی کۆچی و شوێن و مەسکەنی لە شێخ مەحموودم پرسی پێکەنی وتم نازانم زوو بۆ بەهەشت چوو پێیان وتم أ. غەرقی ڕەحمەت بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە جوانی و دلبەریدا هەر وەکوو تۆ ئێستە مومتازی لە جوانی و دلبەریدا هەر وەکوو تۆ ئێستە مومتازی منیش مەشهووری ئافاقم بە عەشقی نووکتەپەردازی بە هەڵوەستان و ئاوڕدانەوە و سڵ کردنا گیانە موحەققەق بوو لە لام کار ئاسکەکەی سەحرایی - پیبازی سەری من چاترە بە خوا لە فوتبۆڵ بیدەرە بەر شەق هەتاکوو بۆم ببێتە باعیسی فەخر و سەر ئەفرازی سەرم خۆ بەردە بازی پێتە دڵ لای خۆتە هەر گیانە کەمالی بۆ ئەوەی بیکا لە ڕێتا مەشقی گیانبازی بە ئیما یەک کەڕەت تاڵانی ئەقڵ و سەبر و هۆشی کرد سەرم سوڕما لە سیحری دیدەیی مەستی فسوون سازی ئەگەر بۆ بەندە دەس دا قاپیەوانی دەرکەکەت قوربان بە چاوی تۆ قەسەم نایدەم بە سەد تەختی مەلیک غازی سەلیس و نوکتە بازی تۆ کەمالی شاهیدن ئەمڕۆ کە شاگردی هونەرمەندی جەنابی شێخی شیرازی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگاری مەه جەبینی من بە خەندە و نوتق و گوفتاری نیگاری مەه جەبینی من، بە خەندە و نوتق و گوفتاری شەکر هەرزان ئەکا بۆ عاشقی سەودازەدەی زاری دەخیلی بەختتم ئەی شانە لانەی دڵ نەشێوێنی کە کاتێ دائەهێنی پەرچەمی پڕ چینی تاتاری هەموو عیلمم لە ڕێی مەیخانەکانا ئاخری دانا کە دیم ئەفسوون و سیحری جووتە چاوی مەست و عەییاری شوکور یار ئیزنی دا شەو بچمە بەردرگانەکەی بۆ پاس ئیتر بۆ چیمە ڕوتبەی شەهریاری و تەختی قاجاری! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە من تەوراتی ڕووی تۆم دی نیگاری پەلکە خورمایی سەبارەت: بۆ کچە جوولەکەیەک کە من تەوراتی ڕووی تۆم دی نیگاری پەلکە خورمایی بە کۆڵێ عیلمەوە چارەم نییە وا ئەبمە مووسایی موحەققەقمە لە باخا سەرو و عەڕعەڕگیانی شیرینم لە باڵای تۆ ئەکەن تەعلیمی ئازادی دڵارایی ئەگەر شەککەر دەمێکی چەشنی تۆی ببوایە ئەو عەسرە چلۆن فەرهاد ئەبوو عاشق بە شیرین شۆخی بەغدایی وتم ماچێک کەرەم کەی ئەتدەمێ گیانم وتی شێتیت چلۆن ئاوی حەیاتی خۆم ئەدەم من پێت بە خۆڕایی دووچاوم بۆیە قوربان خۆش ئەوێ تامن ببینم ڕووت کە ڕووی تۆی پێ نەبینم ئیکە من بۆ چیمە بینایی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەمال ئەی چاوەکەم تۆ شاعیرێکی باش و هوشیاری سەبارەت: بۆ «کەمال ئەسعد ڕەزا» کەمال ئەی چاوەکەم تۆ شاعیرێکی باش و هوشیاری هونەرمەندی لە هەڵبەستا ئەکەی هەر پەیڕەویی ناری کەمالی خۆی و ئەمسالی بە شیعرت شاد و دڵخۆشن کەم و کووڕی نییە هەرگیز ئەبن دائیم بە کڕیاری ئەبینم شاعیران دیوان ئەکەن نەخشین بە بۆیە و ڕەنگ بەڵام دیوانی تۆ ڕۆشن ئەبینم من بە زەڕکاری لە وەزن و قافیە و تەجنیسدا هەڵبەستی ئێوەم دی سەرم سوڕما بە ڕاستی زۆر لە لەبزی خۆش و گوفتاری قسە و هەڵبەستی تۆ شیرینە هەر وەک قەند و من تووتیم گەلێ مائیل بە قەندم وا بە دڵ من ئەبمە کڕیاری عەزیزم ڕێی ئەدەب زۆر ڕاستە بێ پەروا بڕۆ پێیدا نەکەی وەک هەندێ لادەی ببیە تووشی لاری و خواری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەمیشە تەبعی تۆپێی خۆشە گیانە مەردم ئازاری هەمیشە تەبعی تۆپێی خۆشە گیانە مەردم ئازاری لە لام وایە لە دینی ئێوەدا باشە گونەهکاری لە چاوما تا سبەینێ خەو ئەبەستێ مات و سەرسامم کە چاوی مەستی نازت چۆن ئەزانێ عیلمی سەححاری بە ئەبلەم تێمەگە ئەی گیانی شیرینم کە سەر خۆشم بە یادی چاوی مەستی تۆیە بێزارم لە هۆشیاری دڵم ئەو چاوە بیمارانە بردوویە بە عیشوە و فەن لە ساغی بۆیە خۆشم نایە هەر پێم خۆشە بیماری گونەهکارم ئەترسم خوێنی پیسم جەوهەرت بگرێ بەسە ئەی تیغی ئەبرۆی حەزرەتی مەحبووبە خوێنخواری قوسوورت چی لە یاران دیوە تۆ ئەی شۆخی بێ مروەت کە بێزاری لە یار و دائیمە مائیل بە ئەغیاری! دڵی ئەو شۆخە بەردە ئاسنە تەئسیری لێ ناکا کەمالی بەسیە بەس شۆر و فوغان و گریە و زاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یارە تو خوا پێم بڵێ تۆ چیت کە مایەی ژینمی یارە تو خوا پێم بڵێ تۆ چیت کە مایەی ژینمی باعیسی هێزی هەناو و لاشەکەی بێ تینمی تۆ نەبی هیچ کەس منی ناوێ چ بێگانە چ خوێش جا کە وا بێ تۆ کەسوکار و برای شیرینمی سەد هەزار عەیبم هەبێ تۆ دای ئەپۆشیت یەک کەڕەت باعیسی سەربەرزی و سەرمایەیی تەمکینمی تۆم ببێ ئەچمە حەج و هێند خێر ئەکەم بچمە بەهەشت ڕابەری دڵسۆزی ڕێگەی ڕاستی دنیا و دینمی گەر نەخۆش بم ئەمبەیە لەندەن تەداویم زوو ئەکەی مەڵحەم و دەرمانی زامی جەرگەکەی خەمگینمی تۆم نەبێ چۆن یار لە ماڵ بۆم دێتە دەر بێ ترس و خۆف تۆی کە مەحبووبەی عەزیز و یارەکەی دێرینمی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڵێن بەو شۆخە بابەس پەرچەمی چین چینی دابێنێ بڵێن بەو شۆخە بابەس پەرچەمی چین چینی دابێنێ مەکان و مەسکەنی دڵمە نەوەک ڕیشەی بپچڕێنێ ئەکەم گیانم بە قوربانی دەم و لێوی شەکەرباری ئەگەر لوتفی ببێ ئەو مەه جەبینە پێم بدا جوێنێ وەکوو من گەر ببینێ تاقی ئەبرۆی دلبەرم سۆفی موحەقەقمە کە سوجدەی بەر ئەبات و تۆبە ئەشکێنێ شوکور یارم لەگەڵما هاودەمە دائیم بە ڕۆژ و شەو ڕەقیبی پیسی بەد سا با لە داخا خۆی بخنکێنێ بە تەئسیراتی مەی ساقی چرای گۆنای کە هەڵگیرسا دڵی عاشق ئەبێ پەروانە ئاسا خۆی بسووتێنێ لە چینی پەرچەمت گەر بای سەبا بۆنی ببا بۆ چین ڕەواجی میسکی ئەشکێ تا قیامەت قەدری نامێنێ ئەکەم گیانم بەڵاگەردانی باڵات تاکوو چاوی بەد خودا ناکردە نەک ئەو شێوە شیرینەت بشێوێنێ لە سایەی وەسفی لێوی شەککەرینی تۆوەیە قوربان کە وا شیعری کەمالی نرخی قەند و شەککەر ئەشکێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە پوولێ نامەوێ مەحبووبەیەک دڵساف و خۆش ڕووبێ بە پوولێ نامەوێ مەحبووبەیەک دڵساف و خۆش ڕووبێ فیدای ئەو دلبەرەم من حیلە باز و توند و جادووبێ دەخیلم وێنەگر کاتێ ئەکێشی شکڵی ئەو شۆخە کەمێ وریا بە شێوەی چاوی مەستی با خەواڵووبێ ئەگاتە چەرخی حەوتەم تای تەرازووی زوو لەبەر سووکی لە دەعوای جوانییا هەرکەس لەگەڵتا هاوتەرازووبێ بەسە بێ لوتفی ئەی بێ ڕەحم و مروەت خۆشت ئەیزانی مەحاڵە گیان فیدایێکی وەکوو من ڕاستگۆت بووبێ شوکور خەندەی دەمی زیندووی ئەکا دووبارە پاش مەرگی ئەگەر ئەو نازەنینە بێت و بۆ سەر گۆڕی مردووبێ بە کفنی ئاڵەوە شانازییە کاری لە مەحشەردا کەمالی هەرکەسێ وەک تۆ شەهیدی تیغی ئەبرۆبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەزمی دنیا سەیری هێندێ کونجی مەیخانەی ئەوێ بەزمی دنیا سەیری هێندێ کونجی مەیخانەی ئەوێ ساقی و جامی شەرابی ناب و پەیمانەی ئەوێ وشکە سۆفیش بۆ حیسابی بەینی خوا و خۆی دائیمە وا لە مزگەوتایە هەر تەزبیحی سەددانەی ئەوێ هێندێ دەورێشە بەهای و هووی لە تەکیە و خانەقا لوولک و تەپڵ و دەف و پرچ و خەنە و شانەی ئەوێ هێندێ وەک مەجنوون لە پای هەردەی دوجەیلا شێت و وێڵ هاودەمی وەحشی و ڕەفیقی شیت و دێوانەی ئەوێ هێندێ خاوەندی دووسەد دێ و قەیسەری و باخە کەچی هەر دڵی پڕ داخە تەخت و تاجی شاهانەی ئەوێ هێندێ نانێک و قومێ دۆی بێ، ئەکا شوکری خودا قانیعە و ڕازی، ژیانێکی هەژارانەی ئەوێ عەینی هەر وەک سینەمایە بەزمی دنیا چاوەکەم سەرسەری سەیری نەکەی بیری حەکیمانەی ئەوێ کەم کەسێ پەیدا ئەبێ مەقسوودی خوایی و هیچی تر سەیری هەرکەس من ئەکەم هەر دەرهەم و عانەی ئەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: توخوا واز بێنە با چەرخی فەلەک هەر دەوری واژوون بێ توخوا واز بێنە با چەرخی فەلەک هەر دەوری واژوون بێ کە چونکە دوونە خۆی با پشتیوانی مەردمی دوون بێ لەبەر بێ ئەقڵییە مەعزووری وا ئاغا بە ماڵ و جاه بە خاکا ڕۆئەچێ گەر سەروەتت وەک گەنجی قاروون بێ لە سایەی عاشقی شەیداوە ناوبانگ دەرئەکات مەعشووق ئەگەر ئەقڵی ببێ لەیلا ئەبێ مەمنوونی مەجنوون بێ هەموو شیعرێکی بەرجەستەی وەکوو باڵایی دڵدارە کەمالی لاییقە شیعرت ڕەدیفی قەددی مەوزوون بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەوهەری زاتیت کە بوو بام مەسنەدت باڵا نەبێ جەوهەری زاتیت کە بوو، بام مەسنەدت باڵا نەبێ کەوکەبی بەختت لە بورجی عیززەتا پەیدا نەبێ تیشکی عیرفانت بەسە بۆ کەشفی هەوراز و نشێو چاوی دڵ بینا بوو با چاوی سەرت بینا نەبێ لای ئەوەی دانابێ فەرقی گوڵشەن و گوڵخەن نییە خۆ جەهەننەم حازرە گەر جنة المأوى نەبێ عیززەت و زیللەت هەموو چەند ڕۆژە خۆ ناکەن دەوام بەردی ڕەق زۆرە دەبا تۆ دۆشەکەت خارا نەبێ هەر وەکوو یووسف، کەمالی تۆ بچۆ ناو بیرەوە چی ئەبێ با مەسکەنت باڵا وەکوو عیسا نەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەیفە دانا بە جەفا و جەوری فەلەک خەمگین بێ حەیفە دانا بە جەفا و جەوری فەلەک خەمگین بێ حەیفە ئاوێنەی دڵی ئەهلی سەفا ژەنگین بێ چەرخی کەچڕەو کە سەباتێکی نییە خەم چ ئەخۆی گەر بە میهر و شەفەقەت یا بە جەفا و قین بێ لە کن ئەربابی مەحەببەت ئەوە ڕوو سوورە کە ڕووی هەر وەکوو لالە بە خوێناوی جگەر ڕەنگین بێ هەموو هەر عارییەیە خەلسەت و کاڵایی جیهان گەر کەوات ئەتڵەس و خارا بێ ئەگەر پەشمین بێ کیبر و نەخوەت مەکە بۆ نیعمەتی دوو ڕۆژە کەمال بۆ چی بێهوودە بەشت ڕەجم و تف و نەفرین بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم دەردت بە دەرمان گەر نەزانێ با لەتوپەت بێ دڵم دەردت بە دەرمان گەر نەزانێ با لەتوپەت بێ سەرم گەر بەردەبازی ڕێت نەبێ دووچاوی مەینەت بێ وەکوو لوتفت ئەگەر جەور و جەفای پێ خۆش نەبێ عاشق خوایە شەرمەزار و ڕووڕەشی ڕۆژی قیامەت بێ ئەوەی ڕۆیشت خەیاڵی هاتنەوە جارێکی تر ناکا لە لام وایە قیامەت بێ غەم و دەرد و موسیبەت بێ پیادە بوو بە فەرزین کش ئەکا ئاخر لە شاه یا ڕەب نەکەی ئینسانی ناکەس نائیلی خۆشی و سەعادەت بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم شاباشی سەر ڕێی یارە گەر مەیلی گەڕانی بێ سەبارەت: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری «سالم» دڵم شاباشی سەر ڕێی یارە گەر مەیلی گەڕانی بێ سەرم دانا لە بەر پێی خوانەکەردە نەک زیانی بێ ئەکەم گیانم سوپەر نەک بۆی بەڵایە ئاسمانی بێ «هەموو شەو چاوەڕێم بەڵکوو بە مەخفی یاری جانی بێ لە تاریکیی شەوا شوعلەی چرا موشکیل نیهانی بێ» ئەزانی دڵ بریندارم بە غەمزەی چاوی فەتتانت بەسە بێ شەرت و قەولی گیانی شیرینم بە قوربانت بە هەققی پەرچەمی پڕ پێچ و ژاکاو و پەرێشانت «چرای هەووەڵ شەوی قەبرم گڕەی دڵمە لە هیجرانت بە سروەی بای ئەجەل شەمعی مورادم هەرکە فانی بێ» شکەنجی پەرچەمی هەرچەند دڵی زارم ڕەها ناکا بە مەحزی مەرحەمت خونچەی دەمی یەک دەفعە واناکا هەموو جەور و جەفای لای چاکەیە یارم خەتا ناکا «لە سەحرای مەحشەریشدا دڵبەرم تەرکی جەفا ناکا فیدای ئەو شۆخە بێ ڕۆحم کە جەوری دوو جیهانی بێ» لەگەڵ ئێمە لەبەر چی توندی ڕوو خۆشی لەگەڵ ئەغیار لە هەق دوژمن ئەکەی لوتف و جەفاکرداری دەرهەق یار عەزیزم تۆخوا لوتفێ لە دەرهەق عاشقی بیمار «لیقا خواهیش ئەکەم دائیم کە بنوێنی بەڵام ناچار ڕەزام جوابێ لە حەرفت بشنەوم با لن ترانی بێ» بە ڕەنگی زەردی بێ شەوقی پەرێشان حاڵی دڵ لەت لەت بە لێوی وشکی بێ ئاوی شەهیدی دووری و فیرقەت بە ئاه و ناڵە و شینی جگەر سووتاوی پڕ مەینەت «بە شێوەی چەنبەری قەددی خەمیدەی پیری بێ تاقەت ئەبێ فکرێ بکا یار گەر غورووری نەوجوانی بێ» موسەوویر هەرچی هەن گەر بێن لە بەلجیکا و لە ڕۆماوە لە چین و ڕووسیە و ئولکەی هەموو ئەقتاری دنیاوە مەحاڵە شکڵی ئەو ناکەن سەرم لەم کارە سوڕماوە «بە جوز مانی موسەوویر تاقی ئەبرۆی تۆی نەکێشاوە کە مانی نەقشی کێشابێ ئەبێ هەروا کەمانی بێ» دڵم دەردت بە دەرمان گەر نەزانێ با لەتوپەت بێ هەمیشە یاخوا دووچاری ڕەنج و دەرد و مەینەت بێ لە ڕێگەی عەشقدا تووشی جەفا و دەرد و مەشەققەت بێ «وەفا داخی نەکا گەر دڵ بە گوێزان چاکە لەت لەت بێ زوبانی پێوەدا عەقرەب کەسێ میهری زوبانی بێ» لە کاتی مردنا نایە دەمم دەم یاری بێ دینم بە ئیعجازی مەسیحا هات و تازەی کردەوە ژینم لە سایە ماچی لێوی سەد شوکور دەم پڕ لە هەنگوینم «ڕەوانی کۆهکەن با تازەکا تەقریری شیرینم بە شیرینی دەمی نابێ شەکەر با ئەسفەهانی بێ» کەمالی سەیری کە چەندە پەشێو و زویر و بەدحاڵم جگەر سووتاو و دڵ داماو و سەوداکار و عەوداڵم بە خوێنم ڕەنگ ئەکا وا دەست و پەنجەی یاری چاوکاڵم «برینی باتینی کوشتمی خەمۆشی تابەکەی سالم نیهانی بەسیەتی خوێنم خەنەی پەنجەی فڵانی بێ» هەموو شەو چاوەڕێم بەڵکم بە مەخفی یاری جانی بێ لە تاریکیی شەوا شوعلەی چرا موشکیل نیهانی بێ چرای ئەووەڵ شەوی قەبرم گڕەی دڵمە لە هیجرانت بە سروەی بای ئەجەل شەمعی حەیاتم هەر کە فانی بێ لە سەحرای مەحشەریشا یاری من تەرکی ستەم ناکا فیدای ئەو شۆخە بێ ڕۆحم کە جەوری دوو جیهانی بێ لیقا خواهیش دەکەم دایم کە بنوێنێ وەلێ ناچار ڕەزام حەرفێ لە جوابت بشنەوم گەر لن ترانی بێ بە شێوەی چەنبەریی قەددی خەمیدەی پیری بێتاقەت دەبێ فیکرێ بکا یار ئەر غورووری نەوجەوانی بێ بەجوز مانی، موسەوویر قەوسی ئەبرۆی وی نەکێشاوە کە مانی نەقشی کێشا بێ دەبێ هەروا کەمانی بێ وەفا داغی نەکا گەر دڵ بە کزلک چاکە دوولەت بێ زوبانی پێوەدا عەقرەب کەسێ سیدقی زوبانی بێ ڕەوانی کۆهکەن با تازە کا تەقریری شیرینم بە شیرینیی لەبت ناگا شەکەر با ئیسفەهانی بێ خەمۆشی بەسیەتی سالم برینی باتینی کوشتمی نیهانی تا بە کەی خوێنم حەنای پەنجەی فڵانی بێ «سالم» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی دێوانەکەی سەودازەدەم کەوتۆتە ناو داوێ دڵی دێوانەکەی سەودازەدەم کەوتۆتە ناو داوێ ئەسیرە و دیل و پابەندە بە تاتای پەرچەمی خاوێ گەلێ تاڵاوی دووریم چەشتووە ئەی نازەنین تو خوا کەرەم کە لەو دەمی کانی حەیاتت پێکەشەکراوێ غەمی عەشقت بە جۆرێ کردمی شەیدا و سەرگەردان لە دنیادا نییە خۆ چەشنی من ئێستاکە بەدناوێ لە حەفتا ساڵیا پێکای دڵ و جەرگم چ بێ دینە بە تیری غەمزەکانی دڵڕفێنێکی کەژەڵ چاوێ جوانیت چاوەکەم خوا زیاد ئەکا عومرت ئەگەر بگری دەسی پیرێکی مانەندی کەمالی زویر و داماوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە چاوەڕوانی غەمزەتم ئەی مەهجەبین تیرێ دەمێکە چاوەڕوانی غەمزەتم ئەی مەهجەبین تیرێ دڵم شێتە دەسا لەو پەرچەمی پڕ چینە زنجیرێ لە دنیادا هەموو شت قابیلی تەغییر و گۆڕانە بە تەنیا حوسنی تۆ و عەشقی منە نەیدیوە تەغییرێ هەناسەی گەرمی پڕ تین و بڵێسەم بەرد ئەکا لەت لەت کەچی لەو شۆخە دڵ ئازارە ناکا زەڕڕە تەئسیرێ غەزالەی وەحشە یارم قەت لەگەڵ من ناگرێ ئولفەت ئەوا ئەمرم دەسا خزمینە زووکەن فیکر و تەدبیرێ لە مەکتەب دا خەریکی مەشقی حوسنە یاری بێ ڕەحمم لە دڵ لەوحە و لە قورسی خۆڕ ئەکەم وا بۆی تەباشیرێ خوا با لێت نەڕەنجێ گیانی شیرینم مەڕەنجێنە دڵی بێچارەیەکی وەک کەمالی عاشق و پیرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرم گەر بەردە بازی ڕێت نەبێ پێشێلی دوژمن بێ سەرم گەر بەردە بازی ڕێت نەبێ پێشێلی دوژمن بێ دڵم گەر فەرشی بەر پێی تۆ نەبێ با ئەنجن ئەنجن بێ لەبەر چاوم ئەگەر یەک لەحزە ون بێ شکڵی باڵاکەت خودایە دوور لە ڕووی تۆ هەردوو چاوم سووژن ئاژن بێ ئەکا ئێسکی ڕزیوم دەسبەجێ زیندوو لە پاش مەرگم ئەگەر ئەو نازەنینە ساتێ بۆ سەر گۆڕەکەی من بێ ئەگەر ڕوو دەربخەیت لام ڕۆژی ڕووناکە شەوی تاریک کە کاتێ ڕووت نەبینم لام شەوە با ڕۆژی ڕۆشن بێ لەگەڵما تۆ کە دەستەملان و یەکدڵ بیت نییە باکم ڕەقیبی بەدڕەوشت با هەر خەریکی حیلە کردن بێت ئیرادەی خوایە هەندێ دیلی تاتای پەرچەمە و هەندێ ئەبێ هەر عاشقی پەنجەی خەناوی و قۆڵ و بازن بێ کە قووتت دا هەموو یەک لەحزەیە تامی نییە فەرقی کەمالی گەر پڵاوی سەدری یاخۆ نانی هەرزن بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرێک بۆ وەتەن نەبێت تووشی دەرد سەبارەت: ١٩٤٠ هەڵەبجە سەرێک بۆ وەتەن نەبێت تووشی دەرد وەکوو شێت نەکا مەیلی کەژ و هەرد خۆی نەکا تووشی زامی دەرد و بەرد تا وەتەن دەرکا لە دەستی نامەرد ئەو سەرە یاخوا بەستەی فیتراک بێ بە بەردەبازی سەر ڕێی ناپاک بێ دڵێک بۆ بەرزی وەتەن نەدا جۆش هەمیشە نەیکا فیکر و بیر و هۆش بە عەشقی وەتەن ئەو نەبێ سەرخۆش دائیم پڕ نەبێ لە نەشئە و خورۆش ئەو دڵە یاخوا بەر خەنجەر کەوێ بەر تیر و شمشێر بەر نیشتەر کەوێ دەمێک لە مەدحی وەتەن نەدا دەم بە قسەی شیرین لاوان نەکا جەم نەیانبزوێنێ گەر زۆر و گەر کەم تا وەتەن دەرکەن لە دەست نامەحرەم ئەو دەمە یاخوا پڕ ژەهری مار بێ لە زەقنەمووت و زەقووم سەرشار بێ پێیەک لە ڕێگەی بەرزیی وەتەنا نەگەڕێ و نەسوێ لە پای تەوەنا بە شاخ و کێو و بەبن دەوەنا دائیم بە هەرد و دەشت و ڕەقەنا ئەو پێیە یاخوا بەستەی زنجیر بێ غەرق و نقوومی دەربەندی میر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەگەڵما یار ئەگەر ئەم چەشنە بێ ڕەحم و ستەمگەر بێ لەگەڵما یار ئەگەر ئەم چەشنە بێ ڕەحم و ستەمگەر بێ موحەقەقمە لە داخا من ئەبێ دوایی دڵم دەربێ لە دڵما دەربچێ گەر ساتێ یادی تاقی ئەبرۆکەت دڵ و جەرگ و هەناوم پارە پارەی شیر و خەنجەر بێ وتم خۆ - تیلە - چاوت پێکەنی فەرمووی بڕۆ شێتە تەرازووی نازی مەحبووبان ئەبێ هەر ئەمسەرئەوسەر بێ مەحاڵە بێتە داوی عاشق ئەو وەحشی غەزالەی من پەری زەحمەت بە ئەفسوون و دوعا و حیلە موسەخخەر بێ غوڵامی پیری خۆتم بەس دڵم بشکێنی ناترسیت هەناسەی ساردی من کارێ بکا زوو موو لە ڕووت دەربێ لە کەچ بازی فەلەک عاجز نەبی گەر ئاقڵیت هەرگیز لە دەست پیرە ژنێک حەیفە دڵی دانا موکەددەر بێ وتم ئاخۆ عەزیزم من ئەبینم ڕووت؟ بە ناز فەرمووی کەمالی مومکینە بمبینی وەختێ ڕۆژی مەحشەر بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە من ساقی و مەی و شەمع و شەرابی ناب و جامم بێ کە من ساقی و مەی و شەمع و شەرابی ناب و جامم بێ نیگاری با وەفا هاوسوحبەتی شوربی مودامم بێ بە زوڵف و ڕووی سەفابەخشایی ماتی سوبح و شامم بێ بە ماچێ خۆ شیفا بەخشیبرینی قەلب و زامم بێ ئەبێ ئیتر چ پەروای عەیب و عاری خاس و عامم بێ! موبارەک بێ لە تۆ باخی بەهەشت و حۆری و غیلمان بە تاپۆ موڵکی تۆیە سەلسەبیل و ڕەوزەیی ڕیزوان لە بیر ناچینەوە ئێمەش ئەچینە دۆزەخی یەزدان --- ئەویش موڵکی خودایە ئیکە بۆ تەزویر و دامم بێ عیبادەت بۆ ڕیا لای زاتی هەق خۆ پارەیێ ناکا فڕوفێڵ و درۆ جەزبی دڵی ئاوارەیێ ناکا هەزار تاعەت هەناسەی بێ درۆی مەیخوارەیێ ناکا بەڵێ جەزبەی ڕیایی نەعرەیی مەی خوارەیە ناکا ئیتر من بۆ ڕەواڵەتبۆ ڕوکووع و بۆ قیامم بێ! شوکور زۆر موستەریحم نە شەهەنشاهم نە خونکارم نە شێخ ۆ زاهیدم نە واعیزی وشکی ڕیاکارم نەوەک بەعزێ خەریکی غارەتی ئەمواڵی توججارم نەوەک بەعزێ بە دائیم مائیلی نەهبی کەر و بارم بەسە گەر ساقییە سادە و شەرابی لەعل فامم بێ ئەڵێن پێم بۆ چی هەر باسی ڕوخی خووبانە گوفتارت سەراپا پڕ لە باسی دلبەرە دیوانی ئەشعارت لە میللییەت بدوێ چاکە بکە تەبدیلی ئەتوارت کەمالی مەگرە گوێ ئەم قەولە هەرتۆ چاکە ڕەفتارت لە میللییەت ئەبێ کاتێ بدوێم هەققی کەلامم بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەتا دلبەر لەگەڵ عاشق نیگاهێکی نیهانی بێ هەتا دلبەر لەگەڵ عاشق نیگاهێکی نیهانی بێ ئەگەر پیریش بێ دائیم هەر ئەبێ تافی جوانی بێ بەرامبەر تیرە بارانی موژەت خۆی ناگرێ ئینسان هەزیمەت هەر ئەکا با ڕۆستەمی مازندەرانی بێ ئەکەم ڕۆحم بە قەڵغان و سوپەر بۆت گیانی شیرینم خودا ناکردە نەک بۆ تۆ قەزایی ئاسمانی بێ مەحاڵە خێر ببینێ موددەتی عومری لە دنیا دا ئەوەی دەرهەق ڕەفیقی بەد نیهاد و نانی نانی بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاسمانی دوون هەمیشە دوون پەرستی کاریە ئاسمانی دوون هەمیشە دوون پەرستی کاریە سەرسەری و ئەحمەق نەوازی شێوەیی ڕەفتاریە هەرکەسێ نادانە غەرقی خێر و خۆشی و نیعمەتە پیاوی دانا جۆگەلەی خوێن وا لە چاوی جارییە دەهری دوون ئیشی هەموو عەکسە میسالی دێو و دەد یاری ئەغیارە و ئەوەی ئەغیارە دائیم یارییە وا کە دائیم مەست و بیمارم ئەبینی هەقمە من سەرخۆشیم بە خوا لە شەوقی چاوەکەی بیماریە هەروەکوو فێدار کە سەرسام و پەشێوم هەقمە من شێت و سەرسامیم لە ترسی زوڵفی وەک ڕەشماریە تو خوا مەنعم مەکە واعیز لە عەشقی دلبەران زەحمەتە چارەی بەڕاستی عیللەتێکی سارییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو کەسەی تای پەرچەمی تۆی گیانە شەوبۆ کردووە ئەو کەسەی تای پەرچەمی تۆی گیانە شەوبۆ کردووە نەفرەتی دائیم لە بۆنی خۆشی شەوبۆ کردووە! بۆ چی تانەم لێ ئەدەی سووچ و گوناهی من چییە خوا منی پابەندی داوی پەرچەمی تۆ کردووە پیاوی دانا لەززەتی دنیای نییە خوا ڕۆژی خۆی هەر نسیبی تاقە نانێک و قومێ دۆ کردووە شێت نییە ڕووکاتە تاقی گڵ کەمالی بۆ نوێژ ڕووی نیازی خۆی لە میحرابی دوو ئەبرۆ کردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر مەردی لە دنیادا سەبوکبار و قەلەندەر بە ئەگەر مەردی لە دنیادا سەبوکبار و قەلەندەر بە ڕەفیقی ساقییی سادە و حەریقی جام و ساغەر بە وەکوو زاهید خەمی جەننەت مەخۆ ئاسوودەخاتر بە بە تەقریری ئەزەل ڕازی بەبێ پەروا لە مەحشەر بە هەژاری و بێ نەوایی شاهییە وەک خواجە بۆ پارە مەبە ڕیسوایی دنیا و عاقیبەت بێ پووڵ و بێ زەڕ بە کەسێ مەردە کە ئازاری دڵی خەڵکی نەدا هەرگیز کە جەلبی قەلبی مردوم کەیت بڕۆ سەردار و سەروەر بە ئەگەر عاقڵ بی عیلم و مەعریفەت تەحسیل ئەکەیت وەرنێ کە شێت و جاهیلیت عەوداڵی ئەهلی قاتر و کەر بە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاقی کیسرا وا دەمی کردۆتەوە پێمان ئەڵێ تاقی کیسرا وا دەمی کردۆتەوە پێمان ئەڵێ! دڵ بە دنیا خۆش مەکەن خەڵکە بەقای بۆ کەس نییە تۆ دەگەز خامە کراست، کاتێ سبحەینێ ئەڕۆیت خەم مەخۆ ئیمڕۆ کەوات گەر تاقە یا ئەتڵەس نییە پشتت ئەشکێنێ عەزیزم باری قورسی زێو و زێڕ لێی بخۆ سەرفی بکە ئیتر حەماڵی بەس نییە شاهی لەولاکە شەفیعی ئێمە ڕۆژی ئاخیرەت ئەحمەقە هەرکەس بڵێ؛ لەولاکە فەریارەس نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جیهان ئاشە زەمین و ئاسمانیش هەردوو بەرداشە جیهان ئاشە زەمین و ئاسمانیش هەردوو بەرداشە ئەمانهاڕێت بە وێنەی دانە وێڵە ئاخر ئەم ئاشە نیهایەت چونکە مەرگە جوملە ناز و نیعمەتی دنیا لە دەمما هێندە بێ تامە لە لای من چەشنی کاماشە کڵاوی سەخریجننە عەیب و نوقسانی ئەکا پەنهان بەراستی ماڵی دنیا و پارە بۆ دنیا ودین باشە مەحاڵە دیارە ناشاڕێتەوە شەوقی چرا فانۆس گڕی عەشقیش لە دڵدا دائیمە هەر ئاشکرا و فاشە تەماشای شەوکەت و جاه و جەلالی حوسن و جوانیی کە لەبەر دەرگای ئەیازا پادشاهی غەزنە فەڕاشە وەها حاڵی نەبیت جەولانگەهی هەر ئاسمانە و بەس نشیمەنگاهی تەیری ڕۆحی عاشق عەرشی ئەعلاشە ئیرادەی خوایە هەندێ ساکینی مزگەوتە هەندێ دێر کەمالی بێ نەواش گیان و دڵی هەروا لە وەششاشە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەفەت ناخۆم کە بەینێکە لە من تۆراوە ئەو یارە خەفەت ناخۆم کە بەینێکە لە من تۆراوە ئەو یارە خەفەتباری ئەوەم دائیم ئەبینم یاری ئەغیارە لە ناو باخا لە دووری گوڵ خەریکی شیوەنە بولبول کەچی گوڵ بێ وەفا و ڕەحمە هەمیشە هاودەمی خارە بە زەهری دەردی پیری من دەمم تاڵە کەچی ئێستا قسە و هەڵبەستی شیرینی ئەوێ لێم ساجد ئاوارە لە گوڵزاری ئەدەبدا خونچە نابینیت هەتا ماویت گەڵای گوڵ هەڵوەری با بردی پاشماوەی خەس و خارە کەوا پارچەی غەزەلیان ئەبڕی بۆ یار سالم و مەحوی کە چی ئێستاکە وا خام جاو ئەبینم بەرگی دڵدارە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دنیا هەموو خەم و خەفەت و دەرد و مەینەتە دنیا هەموو خەم و خەفەت و دەرد و مەینەتە یا خەونە یا خەیاڵە وە یا خۆ حیکایەتە ڕابووردوو ڕۆیی تێپەڕی داهاتوو چاوەکەم تەنها خەمی نەخۆشی و مەرگ و ڕەزالەتە تا ماوی تێری لێ بخۆ لە ڕێی خودا نایبەیتە گۆڕی تەنگەوە ئەم ماڵ و سەروەتە بۆ زێڕ مەبە بە نۆکەری بێگانە ئەی برا هەرکەس وەهابێ ڕووڕەشی ڕۆژی قیامەتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم بەسراوی داوی چینی زوڵفی دڵڕوبایێکە دڵم بەسراوی داوی چینی زوڵفی دڵڕوبایێکە سەرم شێواوی شێوەی یاری بێ ڕەحم و وەفایێکە بە شەو دەنگی سەگی بەر دەرگەکەت ئەبیەم ئەبم خۆشحاڵ ئەویش چونکە وەکوو من پاسەوانی باوەفایێکە لە لایەک تیپی برژانگ و لە لایەک هێرشی زوڵفت عەزیزم بۆ خەرابی موڵکی دڵ هەریەک بەڵایێکە کەرەم کە خاکی ژێر پێت گیانەکەم توبی و خوا جارێ کە بۆ ژانی گلی ئەم چاوە ئێشاوەم دەواێیکە وەرە وێرانەکەم ساتێ بە ڕەسمی بەندە لاواندن بڵێن با پادشاهێ وا میوانی بێ نەوایێکە لە دڵما چی ئەکەیت پڕ ئاگری عەشقە دەخیلت بم وەرە سەر چاوەکەی چاوم کە جێگەی با سەفاێیکە زەمانە سەیرە هەروا بێ تەئەموول دێت و دەڕوا خەڵک بە وردی گەر تەماشای کەی عەجایەب سینەماێیکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زامی تیری غەمزەکەی دائیم لەگەڵ دڵ هاودەمە زامی تیری غەمزەکەی دائیم لەگەڵ دڵ هاودەمە قەت دەوای ناکەم نیشانەی ئیفتیخاری سینەمە یار وەفا و مەیلی لەگەڵما گەر نەبێ باکم نییە بۆیە خەمبارم جەفا و جەوری لەگەڵ مندا کەمە گەر لە باڵای نامەدا ناوت نەنووسم زویر مەبە خۆت ئەزانی دووزمانە خامە زۆر نامەحرەمە خاوەنی ئیمانە هەرکەس نیشتمانی خۆی بوێ من وەتەنمە بۆیە مەیخانە هەمیشە جێگەمە عەرزی یارم کرد بە دەرد و قەهرەوە بەس بمکوژە پێی وتم تۆ شێتی نەتزانیوە کوشتن پیشەمە! زەحمەتە ڕزگاری بێ تا ڕۆژی مەحشەر ئەم دڵەم ئەی کەمالی چونکە بەند و دیلی تاتای پەرچەمە چارەیی دەردی دڵی عاشق بەهیچ شت ناکرێ گەر عیلاجێکی هەبێ تەنها ئەویش ماچی دەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبا توخوا بڵێ بەو دلبەری بێ مەزهەب و دینە سەبا توخوا بڵێ بەو دلبەری بێ مەزهەب و دینە لەگەڵما بۆ چی دائیم مائیلی جەور و جەفا و قینە لە داوی پەرچەمی ئەو شۆخەدا زەحمەت دڵم دەربێ سەراپا هەر شکەنج و پێچ و تاب و حەڵقە و چینە زەمانە مەیلی ساردە گەر لەگەڵما من نییە باکم شوکور یارم لەگەڵما مەیلی وەک گەرمایی هاوینە گوتم: بۆ چی لیباست شینە شۆخی مەهجەبین فەرموی مەگەر نازانی مانگی ئاسمانیش بەرگی وا شینە! ئەکەن تەشبیهی ڕوویی تۆ بە ڕۆژ ئەم خەڵکە نازانن لەبەر کەم فامییە تەشبیهی بێ عەقڵان بە تەخمینە قسەی عەشقی من و تۆ داستانێکە نییە وێنەی نەوەک مەجنوون و لەیلایە نەوەک فەرهاد و شیرینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەرم شێواوی شێوەی پەرچەمی پڕ پێچ و تاتاتە سەرم شێواوی شێوەی پەرچەمی پڕ پێچ و تاتاتە حەواسم تەفرەقەی پێچ و خەمی زوڵفی چلیپاتە وجوودم دائیمە مەحوی خەیاڵی تۆیە ڕۆژ و شەو سەراپام هەر وەکوو ئاوێنە سەرسامی سەراپاتە بەهاران بۆیە دائیم هەر تەوافی نێرگزە پیشەم کە چونکە ئەو شەبیهی دیدەیی مەخموور و شەهلاتە لە ناو باخا کە وەختێ سەرو ئەبینم بۆی ئەبەم سوجدە بە بەرزی و سەرکەشی چونکە شەبیهی قەددی ڕەعناتە بە یادی چاوی مەستی تۆیە ئەی شۆخی پەری پەیکەر کەمالی وا هەمیشە نیشتەجێی گۆشەی خەراباتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەزیزم ساجید ئاوارە ئەمە نێزیکی دوو ساڵە سەبارەت: بۆ «ساجید ئاوارە» عەزیزم ساجید ئاوارە ئەمە نێزیکی دوو ساڵە لە ئەحواڵی کەمالی بۆ چی تۆناپرسی بێحاڵە لە ماڵا کەوتووە کوێرە، نەخۆشە زۆر دەمێکە ئەو لەبەر دەرد و خەفەت ئێستاکە هەنگوینی بە دەم تاڵە ئەڵێی پەرژینی گوڵزاری ئەدەب تێکچوو زەمانێکە گوڵی تیادا نەما مەیدانی وازی چەند کوڕ و کاڵە لەعەرسەی عیلم و ئادابا فڕاندی گۆی هونەر مەحوی عەجایەب شاسوارێکە بە وێنەی ڕۆستەمی زاڵە ئەبینی عەرسەکە شیرین سوارێکی نییە تێدا بە تەنیا جێگە لۆقەی کەرسواری چەند کوڕ و کاڵە وەکوو بیستوومە شاعیر پێی ئەڵێن خەڵکی بەیازەوان لە لام وایە ئەمە فەرمایشی شێتێکی عەوداڵە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دووری سەروی باڵات دیدە هەروەک جۆیبارێکە لە دووری سەروی باڵات دیدە هەروەک جۆیبارێکە بە خوێنی ئاڵی دیدەم دەشت و سەحرا لالەزارێکە بەشەو کاتێ ئەنووم پێچ و خەمی چین چینی ئەو زوڵفەت لە چاوی ئەشک بارمدا هەموو تاوێکی مارێکە! وەرە سەیری سەفاگای دیمەنی دوو چاوی گریانم لە لایەک بەکرەجۆیێکە لە لایەک سەرچنارێکە بەشەو گوێ بگرە دەنگی ناڵە ناڵی دڵ بە مەحزوونی لە تاوی دەردی عەشقی تۆ عەجەب شوور و قەتارێکە مەحاڵە من بکەم دەرمانی زامی تیری برژانگت لە سینەی پارە پارەم دا نیشانی ئیفتیخارێکە لە ڕێگەی عەشقدا ئە وەڵ قەدەم دانانی سەر شەرتە نەکەی هیوایی سوود هەرگیز ئەمە نەوعە قومارێکە کەمالی دێت بەشەو بۆ پاسەوانیی دەرکەکەت قوربان مەکە مەنعی مەرامی کەسبی نا و ئیعتبارێکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دڵما عەشقی ڕووی تۆ نووری چاوم هێندە جێگیرە لە دڵما عەشقی ڕووی تۆ نووری چاوم هێندە جێگیرە لە یەک جیا نابنەوە یەعنی کە هەروەک شەککەر و شیرە دەسی قودرەت بەخەتتی عەنبەرین وا حاشیەی نووسی کە زانی ئایەتی ڕووی دلبەرم پێویست بە تەفسیرە لە چەرخی بیستەما ئاوازی حوسنی یار و عەشقی من لە دنیادا بە وێنەی ناوی ئەسکەندەر جیهان گیرە! زەکاتی ماچی کوڵمت بۆ هەموو کەس چاوەکەم ناشێ لە عورفی عەشقدا هەر موستەحەققی عاشقی پیرە تەماشاکە چ زەوقێکی تێدایە عالەمی شێتی لە گوێی مندا زڕەی زنجیری پێ دەنگی بەم و زیرە دەخیلە ڕێ بە زاهید قەت مەدە بۆ مەجلیسی ڕەندان کە چونکە بەد ڕەوشتە هەر خەریکی داو و تەزویرە ئەزانم ئەی کەمالی تۆ کەوا پارچەی غەزەل ئەبڕی هەموو بۆ بەژن و باڵای عەڕعەڕ ئاسای حەزرەتی میرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دڵما نووکی برژانگی بە وێنەی تیری ڕوهامە لە دڵما نووکی برژانگی بە وێنەی تیری ڕوهامە لە حەسرەت زوڵفەکەی ڕۆژم بە ڕاستی هەر وەکوو شامە نیگار لەیلایە من مەجنوون و دەشتی شارەزوور ئەمڕۆ دوجەیلە تاری زوڵفی پڕ خەمی زنجیری سەودایە خۆشە ئەحواڵی ئەو مەستەی لە بەزمی بادە نۆشانا نەزانێ لێوی دولبەر کامەیە و مینایی مەی کامە نەوەک لەیلا و مەجنوونە نەوەک شیرین و فەرهادە قسەی عەشقی من و تۆ داستانی بێ سەرەنجامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە شارانی عێراقدا میری خاوەن حوسن و جوان زۆرە لە شارانی عێراقدا میری خاوەن حوسن و جوان زۆرە لە ناویاندا لە سایەی خواوە یارم ئیمپراتۆرە کە ماچی ئەو دەمەم کرد زۆر سەرم سوڕما وتم یا ڕەب دەمی ئاوی حەیاتە بۆ چی هەم شیرینە هەم شۆرە بە لوقمان و ئەرەستۆ ناکرێ چارەی دڵی زارم کە چونکە زامی برژانگی نیگارە کۆنە ناسۆرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە پەرچەمتایە دڵ شانەی مەکە لانەی مەشێوێنە لە پەرچەمتایە دڵ شانەی مەکە لانەی مەشێوێنە لەگەڵما گیانەکەم تووبی و خودا ئەم جەورە مەنوێنە خوا ناکردە نەک بگرێ هەناسەم مانگی ڕووخسارت لەسەر ماچێ دڵی ئەم بەندە پیرەی خۆت مەڕەنجێنە نەکا بۆ خزمەتی ئەو شۆخە چووبێ دڵ ئەمان یاران سۆراخێ کەن لە سینەمدا دەمێکە بێ سەروشوێنە قسەی خۆشی لە تۆ ناوێ عەزیزم عاشقی زارت لە لێوت جار بە جارێ چاوەڕوانی تاقە یەک جوێنە! بەبێ دەست نوێژی کەعبەی ڕووتی ماچ کرد هەققی ئیعدامە لە عەشقا کافری مەحزە کەمالی زوو بخنکێنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەبەر پیری سەر و دەستم ئەلەرزێ تۆ تەماشا کە لەبەر پیری سەر و دەستم ئەلەرزێ تۆ تەماشا کە فەلەک پێکی شەرابی ناب ئەداتە دەستم ئێستاکە هەموو مەستی عەرەق بوون خەڵکی جاران سەیر ئەکەم ئەمڕۆ بە جارێ گێژی نەشئەی بەنگ و یا ئەفیوون و تریاکە شتی سەیری وەهام لەم بەینەدا دیوە کە بۆ عیبرەت بە کێری کەر لە پشتی کیسەڵێ بینووسمەوە چاکە دەخیلم لافی عەقڵ و مەعرفەت قەت لێ نەدەیت ئامان زەمانە عاقڵ و دانا کوژە خۆت شێت و شەیدا کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماڵ و حاڵ و سەروەت و سامانی ڕووی دنیام نییە ماڵ و حاڵ و سەروەت و سامانی ڕووی دنیام نییە.. قەیسەری و قەسر و مەڕ و ماڵات و جووت و گام نییە قانیعم ڕازیم بە نانی جۆ ئەکەم شوکری خودا ئارەزووی گیپە و پڵاو و گۆشت و پاقلاوام نییە شەو لە کۆڵانان بنووم هیچ کەس نییە بێت پێم بڵێ: پارەکەت کوا بمدەرێ دنیا و مافیهام نییە خۆ هەمە بۆ سەتری عەورەت من لیباس و بەرگی جاو مەیلی بەرگی ئەتڵەس و گوڵ سوورمە و خارام نییە کەس بە دەستی من نەکوژراوە هەتا ئێستا شوکور چونکە ڕەششاش و دەمانچە و ئەسڵەحە و بۆمبام نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من فەخر ئەکەم کە کوردم و کوردی زوبانمە من فەخر ئەکەم کە کوردم و کوردی زوبانمە ئەم شاخ و کێوە دڵکەشە وا نیشتمانە ئەم خاکە پاکە جێگەمە هەر زەڕڕەیەکی ئەو خاڵ و برۆ و سەری شەهی زەند و بەبانمە ئەم خاکە تووتیا سیفەتە پاکەیە کە وا دەرمانی چاوی پڕ گڵ و پڕ دەرد و ژانمە من فەخر ئەکەم کە شاعیر و ڕەند و قەلەندەرم شیعرە کە تاج و نەجمە و ڕووتبە ونیشانمە ئوستادی شیعرم و نییە ترسم لە ڕەخنەگر با بێتە ڕوو ئەوەی بە تەمای ئیمتیحانمە شیعرم ڕەوان و ڕاستە وەکوو بەژنی دلبەرم ئەو دلبەرەی کە ڕۆح و دڵ و جەرگ و گیانمە ئەو دلبەرەی کە نیوە نیگای چاوی ساحیری مایەی حەیات و خۆشی و شادیی ژیانمە ئەو دڵبەرەی کە لێوی ئەبەخشێ بە من حەیات کافر نەبم ئەڵێم: ئەوە عیسای زەمانمە ئەو دلبەرەی کە وا دەمی گەوهەرفشانەکەی نوقڵ و نەبات و شەککەر و گوڵخەندە دانمە لادە کەمالی بێرەوە سەر باسی نیشتمان ئەم نیشتمانە دلبەری پڕ حوسن و ئانمە ئەم نیشتمانە جوانەیە وا وردە بەردی ئەو یاقووت و دوڕ و گەوهەر و ئەڵماسی کانمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نانی ڕەنجی شان ئەخۆم وەک تۆ هەوای جاهم نییە نانی ڕەنجی شان ئەخۆم وەک تۆ هەوای جاهم نییە ترسی عەزل و خۆف و بیمی حەزرەتی شاهم نییە بۆ فەلەک ناکەم تەنەزوول چونکە زۆر دوون پەروەرە ئیحتیاجی شەوقی ڕۆژ و پڕتەوی ماهم نییە دەست درێژم گەه لە بەغدا گەه لە تارانا ئەژیم حوڕڕ و ئازادم دەسی بەسراو و کووتاهم نییە بەسمە من ئۆباڵی مەزڵوومان نەچێتە گەردنم تاقەتی باری حوقووق و ئاگری ئاهم نییە خۆ یەزید نیم تاکوو ببمە دوژمنی ئالی عەلی شێت نەبووم تابی عەزابی زاتی ئەڵڵاهم نییە من سەگی قاپی رسول الله و ئەولادی عەلیم بەندەیی زارم خەیاڵی ڕوتبە و جاهم نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەک بە تەنها تیری غەمزەت جەرگمی کون کون کردووە نەک بە تەنها تیری غەمزەت جەرگمی کون کون کردووە تیغی ئەبرۆت جەرگ و دڵمی ئەنجن ئەنجن کردووە با سەریشم دابنێم مومکین نییە دەست هەڵگرم خوا منی بۆ ماچی ئەو لێوانە نەوسن کردووە هیچ ئەسەر ناکا لە تۆ فەریاد و هاوارم یەقین خوا دڵی تۆی یا لە پۆڵا یا لە ئاسن کردووە دەرد و جەور و خەم هەمووی بۆ پیاوە، ئوستادی ئەزەل دائیمە هەر خێر و خۆشی و شادی بۆ ژن کردووە زەحمەتە ناکرێتەوە هەرگیز گرێی بەختم بەکەس دەستی حەق ئەم ڕشتەیەی یەکسەر گرێچن کردووە کەس لە جەمعی زیو و زێڕ خێری نەدیوە چاوەکەم زۆر دەسی پاک و بەنوێژی پیس و چڵکن کردووە یاری بێ ڕەحمم کەمالی دەردی دووری و جەوری خۆی یەک کەڕەت وەقفی دڵی سەودازەدەی من کردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا مەزانی تۆ لە زڕگوێزی دڵی ئێمەش زڕە وا مەزانی تۆ لە زڕگوێزی دڵی ئێمەش زڕە باوەڕت بێ پێم لە مەیلی تۆ دڵم بە خوا پڕە تەجرەبەی کە شەق بکە سینەم بە غەیری مەیلی تۆ گەر شتێکی تیا ببێ توخوا لە بێخا بیبڕە! تۆوی لالەم هێند لە سەحرای سینەما داچاندووە فەرموو سەیری کە عەجایب لالەزارێکی چڕە ئەم جیهانە هەر لەبەر عەشقە کە هاتۆتە وجوود عەشقی گەر تێدا نەبێ خۆ مەسئەلەی دنیا تڕە وا نەزانی پیر و داماوم لە سایەی عەشقەوە وا لە هەشتا تێپەڕیم هێشتا دڵی من هەر کوڕە وەسفەکەی لالەت ئەوەندە جوانە وەک شیرداخی شام وایە بۆ ئەم جەژنە گیانە بۆ کەوای خۆت بیبڕە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکەم سا بەسیەتی بەس مەجلیس ئارایی بکە چاوەکەم سا بەسیەتی بەس مەجلیس ئارایی بکە بەس لەگەڵ ئەم خەڵکە هاتوچوونی خۆڕایی بکە غەیری سەر ئێشە هەتا ئێستا کە چیت دەست کەوتووە با سەرت سووک بێ لەمەولا مەیلی تەنیایی بکە چەشنی یووسف تۆ بچۆ ناو بیریەوە، ببیە غەریق یا بچۆرە ئاسمان تەنیا مەسیحایی بکە سەگ هەمیشە خزمەتی سەییادی زاڵم زۆر ئەکا تۆش بەسە، بەس خزمەتی زاڵم بە ئازایی بکە کونجی بێ ڕەنجی قەناعەت پڕ لە گەنجی گەوهەرە دەست بە سەریا بگرە بۆ خۆت هەر شەهەنشایی بکە قافڵە ڕۆیشت و مەنزڵ دوورە، ڕێگا پڕ خەتەر بۆ سەفەر خێرا کە توێشوویێ پەرێزایی بکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕوخسارە ئەوە یا گوڵە یا نووری چرایە ڕوخسارە ئەوە یا گوڵە یا نووری چرایە! زوڵفە ئەوە یا نافەیی ئاهووی خەتایە! باڵایە ئەوە عەڕعەڕە یا سەروی ڕەوانە یا بۆ منی دێوانەیی بێچارە بەڵایە! سەد حەیفە لە ناو جەننەتی، ڕووتایە بە دائیم خاڵی حەبەشی زادە کە هێندۆکی سیایە سا بەسیەتی مەنعم مەکە ئەی واعیزی غافڵ بەو ڕیشەوە یاهوو کە ئەڵێی بارە گەڵایە بۆ من کە گەدای کۆچی نیگارم بە حەقیقەت سایە سەری زوڵفی لەسەرم باڵی هومایە بۆ ماچی دەمی خۆی بە فەنا داوە کەمالی ئەسکەندەرە عەوداڵی قومێک ئاوی بەقایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیان هیچە هەمووی دەردی سەری و ئەندووهی سەودایە ژیان هیچە هەمووی دەردی سەری و ئەندووهی سەودایە ئەگەر ئیسیراحەت و خۆشیت ئەوێ ئەی کاکە لەو لایە نەخۆی تەفرە بە وەعدەی هیچ و پووچی تۆ دەخیلت بم نیهایەت ئەتکوژێ ئەم پیرە زاڵەی ناوی دنیایە کەمێک ترسی خوات بێ چاوەکەم با پێت نەڵێن خەڵکی کە ئەو مەحبووبە بێ دینە لەسەر ئایینی تەرسایە دڵم مەشکێنە نەک بازاڕی جوانیت یەک کەڕەت بشکێ بە چاوی سووکی مەنواڕێ کە جێی نووری تەجەللایە ئەبینم هەرکەسێ ڕووی وا لە قاپی گەورەیەک ئەمڕۆ کەمالی ش ڕووی دڵی دائیم لە قاپی غەوسی بەغدایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە یار نەبینێ عاشق لای وایە کە یار نەبینێ عاشق لای وایە کەسی تیا نییە ڕووی ئەم دنیایە غەیری ڕێی ماڵی دلبەر نازانێ پێی بۆ جێگای تر ناشارەزایە بەرامبەر یارە دڵی ڕۆژ و شەو ناسرەوێ هەروەک قیبلەنمایە قەهر و جنێوی بۆ ئەو خەڵاتە جەور و جەفاشی هەروەک وەفایە کەڕە نابیستێ غەیری قسەی یار لە گوێیدا قسەی ئەم خەڵکە بایە پەندی واعیزان قسەی دڵسۆزان لای پڕوپووچە وتەی بێجایە بەدەست خۆی نییە هەقیەتی چونکە ئەم کارەساتەش ئەمری خودایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یار بە لەنجەی شێوەیی ئاهووی خەتا و چینی هەیە یار بە لەنجەی شێوەیی ئاهووی خەتا و چینی هەیە بۆیە زوڵفی بۆنی میسکی چین و ماچینی هەیە لائەدا جارجار لەسەر ڕوخساری خۆی زونناری زوڵف تا بڵێن ئەو کافرەی بێ مروەتە دینی هەیە ڕووت ئەکەن تەشبیه بە ڕۆژ شێت و نەفامن ئافتاب کەی وەکوو تۆ سرکەیی و سەرپۆش و پۆشینی هەیە عەرزی حاڵم کرد وتم ڕەحمەت ببێ بۆچ ئەمکوژی؟ پێی وتم تۆ شێتی یار کەی ڕەحم و ئایینی هەیە؟ خۆزگە ئەمزانی کە ئەو شۆخی جەفا کردارە بۆچ وا لەگەڵ من دائیمە جەور و جەفا و قینی هەیە؟ ئەهلی عیرفان بێ شک و شوبهە بە گیان سەودای ئەکەن تێبگەن گەر وا کەمالی شیعری شیرینی هەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەزانیت یارت چۆن دڵگەرم ئەبێ ئەزانیت یارت چۆن دڵگەرم ئەبێ لە ماڵ دێتە دەر چۆن بێ شەرم ئەبێ زۆر مەکە، مەگری، زێڕی بدەرێ زێڕ بخەیتە سەر پۆڵا نەرم ئەبێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم خەڵکە هەموو وابوون بە حەقە ئەم خەڵکە هەموو وابوون بە حەقە کەچی لە لایان قسەی حەق ڕەقە هەر هەقە و لەژێر ناحەق ئەنقێنێ هیچ کەس ناوێرێ ناوی حەق بێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمڕۆ زەمانی کۆشش و زانینە ئەی چرۆ سەبارەت: بۆ چرۆی ساحێبقڕان ئەمڕۆ زەمانی کۆشش و زانینە ئەی چرۆ هەڵسە کوڕانە زووکە لە بۆ پێشەوە بڕۆ شێر بێتە دەر لە بێشە نیە فەرقی نێر و مێ شێرانە هەڵسە، ڕۆڵەیی ساحێبقرانی تۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمینی شۆرە گوڵی لێ ناڕوێ زەمینی شۆرە گوڵی لێ ناڕوێ بچۆ بینێژە لە خاکی پاکا گەر چاکە بکەی لەگەڵ پیاو خراپ وەک خراپەیە لەگەڵ پیاو چاکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری کەن هێندە وەفادارە نیگارم دائیما سەیری کەن هێندە وەفادارە نیگارم دائیما هەر بە نوقڵی لێوی منداڵی دڵی من ژیر ئەکا دەوری ڕووی داوە خەتی ڕێحانی یارم پێم ئەڵێ: حاشیەی بەیزاوییە ئایاتی ڕووی تەفسیر ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وام ئەزانی چاوەکەت تەنها دڵ و گیانم ئەبا وام ئەزانی چاوەکەت تەنها دڵ و گیانم ئەبا کافرە ئێستا خەریکە دین و ئیمانم ئەبا موسحەفی ڕووت ئاشنای کردم بەئیسلامی کەچی کوفری زوڵفت ئێستە وا بۆ کافرستانم ئەبا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە حەقی زاتی واحید و ئەحەد بە حەقی زاتی واحید و ئەحەد مار زۆر چاکترە لە ڕەفیقی بەد مار پێتەوەدا هەرگیانت ئەبا پیاوی بەد گیان و ئیمانت ئەبا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زاڵمان کاتێ کە عەزڵ کران زاڵمان کاتێ کە عەزڵ کران ئەبن بە شێخی شبلی و بایەزید دووبارە ئەگەر بچنەوە سەر کار زوڵم ئەکەن ئەبن بە شەمر و یەزید ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر هەڵکەنیت زەوی مەیخانە ئەگەر هەڵکەنیت زەوی مەیخانە بە پاچ و بە بێڵ تا ڕۆژی مەحشەر لە باتی کووپەی لەت و پەت گیانە تۆبەی شکاوی هەر لێ دێتە دەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو چاوە خەواڵووانە مەستی کردم ئەو چاوە خەواڵووانە مەستی کردم ئەو پەرچەمە دیل و پای بەستی کردم من بەندەیی ئەو دووچاوە مەخموورانە وا عاشق و ڕەند و مەی پەرستی کردم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەچمە گوڵزار و لەگەڵ بولبول کە گفتوگۆ ئەکەم ئەچمە گوڵزار و لەگەڵ بولبول کە گفتوگۆ ئەکەم ئەو ئەکا مەدحی گوڵ و من وەسفی گۆنای تۆ ئەکەم با ئەگەر بۆم بێنێ بۆنی میسکی چینی پەرچەمت چۆن ئیتر من بۆنی عەتر و سونبول و شەوبۆ ئەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرەف هێندە خورا دەنکی نەماوە تاکوو بیڕوێنم شەرەف هێندە خورا دەنکی نەماوە تاکوو بیڕوێنم نەماوە تۆوی تۆزێ، تالە جێیەک ئێستە بیچێنم وەفا ناوێکی ڕووتە هیچ نییە ئەسڵی لە دنیا دا ئەگەر بفرۆشرێ شەرتە گیان ئەدەم پێی زوو کە بیسێنم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر نایەڵیت گیانە بە فیدای لێو و دەمت بم گەر نایەڵیت گیانە بە فیدای لێو و دەمت بم ڕوخسەت بدە توخوا کە بە خاکی قەدەمت بم فەرمووتە سبەی جەژنە ئەکەم ماچی خەڵاتت یە ڕەببی بە قوربانی خەڵات و کەرەمت بم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مژدە بێ لە تۆ نیشتمانی جوان مژدە بێ لە تۆ نیشتمانی جوان لە ئاسۆی بەرزی کەژی کوردستان وا لە پڕ دەرکەوت «شەفەق»ی بەیان ڕوونی کردەوە مەڵبەندی کەیوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێمە کورد و سەرچڵین دائیم شەڕ و دەعوا ئەکەین سەبارەت: بەبۆنەی شەهید کردنی دوکتۆر فواد شێخ سەعیدی پیران و هاوڕێکانیەوە ئێمە کورد و سەرچڵین دائیم شەڕ و دەعوا ئەکەین تاوەکوو ئاخر نەفەس بەرزیی وەتەن داوا ئەکەین هوججەتی نامووس و ئیستیقلالی خۆمان سەیر ئەکەین وا بەخوێنی گەورە گەورەی کوردەکان ئیمزا ئەکەین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم ڕەسمە یادگارە هەتا پاش نەمانی من ئەم ڕەسمە یادگارە هەتا پاش نەمانی من یادم بکەن هەمیشە کەس و دۆستانی من هەڵبەستەکانی تێکەڵ و شێواوەکانی من ئەنوێنێ دەرد و مەینەت و تاڵیی ژیانی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵکی ئەمڕۆ وا لەسەر ئەوجی فەلەک جەولان ئەکەن خەڵکی ئەمڕۆ وا لەسەر ئەوجی فەلەک جەولان ئەکەن هەروەکوو ماسی لە دەریا دا سەفا و سەیران ئەکەن نەگبەتی و بێ ئەقڵی داوێنگیری ئەم کوردانەیە بۆیە تازە حەز لە زەرگ و تەپڵ و دەف لێدان ئەکەن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەه گرژە گەهێ لوولە گەهێ خاوە دڵی من گەه گرژە، گەهێ لوولە، گەهێ خاوە دڵی من وەک پەرچەمەکەت دائیمە شێواوە دڵی من بۆ زیارەتی پێی تۆیە هەمیشە وەکوو ڕێباز گیانە لەسەری ڕێت سەری داناوە دڵی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر شەراب ئەخۆی بیخۆ لەگەڵ پیاو گەر شەراب ئەخۆی بیخۆ لەگەڵ پیاو یان لەگەڵ کچی جوان و کوڕی لاو زۆر مەخۆرەوە تێکچیت چاوەکەم جار بە جار بخۆ بەڵام هەرکەم کەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماعکاری بەسەر پیاوا ئەهێنێ عەیب و ڕووزەردی تەماعکاری بەسەر پیاوا ئەهێنێ عەیب و ڕووزەردی تەماع سەر ببڕە تاکوو ئەو سەری نەبڕیوی گەر مەردی بەچی مەغرووری خۆ تۆ چۆڕە ئاوێک بوویت لە پێشانا کە مردیشیت عەزیزم تۆزی خاکی یا کەمێک گەردی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەژنی کەسێک موبارەکە سەربەست و حوڕ بژی سەبارەت: بۆ «شێخ مەحموود» کە لە جەژنی قوربانی ١٩٣٥دا لە بەغدا دەستبەسەر بووە جەژنی کەسێک موبارەکە سەربەست و حوڕ بژی پابەندی دەستی غەیرە نەبێت چەشنی کوڕ بژی کوردی هەژار ئەسیری دەستی غەیری جەژنی چی؟ کەی جەژنی تۆیە بگری بڕۆ سەر بە قوڕ بژی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سبەینێ جەژنی قوربانە بە ئادابی موسوڵمانی سبەینێ جەژنی قوربانە بە ئادابی موسوڵمانی مەڕ و ماڵات ئەکەن ئیسلامەکان ئێستا بە قوربانی بزانن خەڵکە بۆ پاراستنی خاکی بە نرخی کورد بە قوربانی ئەکا وا ڕۆڵەکانی خۆی سلێمانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە داخی دەردی دنیا و ئەهلی لار و خوار و بێباری لە داخی دەردی دنیا و ئەهلی لار و خوار و بێباری دڵم وا شەق ئەبا ساقی بە پێکێ زوو بکە چاری جنێوم پێ ئەدا ئەو شۆخە هەرچەندە جنێو تاڵە کوتوپڕ خۆش شیرینی ئەکا لێوی شەکەرباری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دەشتی مەعسییەتدا تاکوو توانیم ئەسپی خۆم ڕانی سەبارەت: بۆ کێلی گۆڕەکەم لە دەشتی مەعسییەتدا تاکوو توانیم ئەسپی خۆم ڕانی بە جێم هێنا هەموو کردار و پیشەی پیسی شەیتانی لەگەڵ ئەم حاڵەشا یاڕەب لە عەفوت نائومێد نابم کە چونکە تۆم هەمیشە هەر بە تەنیا و تاکو حەق زانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من لەگەڵ تۆمە ئەی برای گیانی من لەگەڵ تۆمە ئەی برای گیانی ئەگەر تۆ خاوەن فام و ئینسانی هەجوی گەورەتر لە خۆت قەت مەکە نەوەک باوکت بێ تۆ پێی نەزانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماشای وێنەکەم کە وێنەیی پیرێکی فەوتاوە تەماشای وێنەکەم کە وێنەیی پیرێکی فەوتاوە بە دیمەن گەرچی فەوتاوە بە دڵ هەر تازەیە و لاوە ئەبێ ڕۆژێ بڵێن خەڵکی کەمالی نیشتمانپەروەر ئەگەرچی بەردی گۆڕیشیی نەماوە ناوی هەر ماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەڵکە دەمێکە سەرم سووڕ ماوە خەڵکە دەمێکە سەرم سووڕ ماوە ئاداب و ڕەحم و وەفا نەماوە ئینسان بە وەفا و ئەدەب ئەناسرێ گەر بە سمێڵ بێ پشیلە پیاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مانگی نوێ بۆیە هەموو شەو زیاد ئەکا و ئەشنێتەوە مانگی نوێ بۆیە هەموو شەو زیاد ئەکا و ئەشنێتەوە تا جەمالی هەروەکوو ڕووی تۆ بڕازێنێتەوە... کاتێ بوو بە چواردەهەم شەو تێئەگا نابێ بەڕووت جا لە داخا وردە وردە کەم ئەکا و ئەتوێتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەکەم گەر مەدحی ئەو زاتەی کە فەخری جین و ئینسانە نەکەم گەر مەدحی ئەو زاتەی کە فەخری جین و ئینسانە مەڵێن خەڵکە کەمالی کافر و بێ دین و ئیمانە گونەهکارم دەمم پیسە ئەگەر ناوی نەبەم حەقمە چ مەدحێکی بکەم! خۆ مەدحی ئەو ئایاتی قورئانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەڕێکی تاوسم دی لە لاپەڕەی قورئانا پەڕێکی تاوسم دی لە لاپەڕەی قورئانا وتم ئەم ڕوتبە و قەدرە خودا چۆن بە تۆی داوە جوابی دامەوە وتی ئەی نەفام تۆ نازانی جوان بۆ هەر لایەک بچێت جێگای وا لەسەر چاوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژیان بێ جێیە پووچە بێ فەڕە لای ئەو کەسەی ڕەندە ژیان بێ جێیە پووچە بێ فەڕە لای ئەو کەسەی ڕەندە ئەوەی ئەهلی دڵە بەم ژینەکەی خوشحاڵ و خورسەندە بەڵێ قەهری خودایە مردن ئەمما چاکترە لای من بە ڕاستی لەم ژیانە تاڵ و بێ سوود و بەد و گەندە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر لە هاتنت ئەبووم ئاگادار گەر لە هاتنت ئەبووم ئاگادار ئەمچاند لە ڕێتا گوڵ و ڕێحانە نەم ئەهێشت کە پێ بخەیتە سەر خاک چاوم ئەکردە فەرشی پێت گیانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەموو ئەزانین گوڵ دڕک دارە هەموو ئەزانین گوڵ دڕک دارە نێرگزیش دیارە بێ دڕک و خارە چاوت نێرگزە بۆ دڕکی هەیە ڕووت گوڵە باخە بۆ چی بێ خارە! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر لە باخی ئەستەمووڵ و پاریسا بم پەشمە لام گەر لە باخی ئەستەمووڵ و پاریسا بم پەشمە لام دڵ هەمیشە هەر هەوای گوڵگەشتی باخی میر ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەرکەسێ ئەڕوا خەیاڵی هاتنەوە ناکا ئەبەد هەرکەسێ ئەڕوا خەیاڵی هاتنەوە ناکا ئەبەد سەیری چەند دڵگیر و خۆشە خاکی سەحرایی عەدەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەماداری کەرەم هەرگیز نەبی لەم ئەهلی دنیایە تەماداری کەرەم هەرگیز نەبی لەم ئەهلی دنیایە کە منداڵن هەمیشە دەست ئەبەن هەر بۆ دەمی خۆیان ++++++++++++++++++++++