شاعیر: بێخود کتێب: دیوانی بێخود سەرناو: ئەی قەبری تیرە ئەحمەدی حاجی ڕەحیمی کورد ئەی قەبری تیرە، ئەحمەدی حاجی ڕەحیمی کورد گەنجێکی سەربەمۆرە کلیلی بە تۆ درا تۆش بۆ خوا، قوسوور مەکە، قوربان لە خزمەتی یەعنی بە ڕۆژ هەتاوی سەری بەو، بە شەو چرا تەئریخی کۆچی موعجەمی ئەم سەترە کافییە... لاوێکی بەرزی وا لە غەریبی شەهید کرا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان چەمەن لە ڕەوزەیی خولدی بەرین ئەکا دیسان چەمەن لە ڕەوزەیی خولدی بەرین ئەکا گوڵ خونچە هەم لە لێو و دەمی حووری عین ئەکا ئاخۆ چ مانیێکە کە سەحرا و شاخ و داخ ژەنگار و زەرد و سوور و سپی و سەوز و شین ئەکا بەربووکی نەوبەهارە بە ئەنواعی ڕەنگ و بۆ ئارایشی کچانی گوڵووکی زەمین ئەکا ناگا بە سەروی قامەتی ئەو شۆخە ئاهی من ئەو لەنجەیەی سەبا بە قەدی یاسەمین ئەکا بۆ دەفعی ژانەسەر ڕەشەڕێحانە یەک چڵی کاری هەزار سەندەل و سەد موشکی چین ئەکا ڕۆح بۆ نەکا فیدایی سەبا بوڵبوڵی فگار هەر تاقە سروەیێکی دەوای سەد برین ئەکا بولبول خەریکە تەوقی سەری هەڵکەنێ بە چنگ گوڵچین کە دێتە باخ و تەمای گوڵ چنین ئەکا زاهید کە سەیری پەرچەمی سونبوڵ ئەکا ئەڵێ... ئەم ڕشتە بادراوە لە حَبلُ المَتین ئەکا هەر فەجری کازیبە و کە ئەشوبهێ بە زوڵفی یار هەر سوبحی سادیقە و لە بەیازی جەبین ئەکا هەر لالەیە و میسالی شەفەق سوور ئەچێتەوە هەر ژاڵەیە و لە ئەنجومی چەرخی بەرین ئەکا هەر بەردی جۆیبارە سپی و سافە وەک سەدەف هەر شەونمە لە دانەیی دوڕڕی سەمین ئەکا هەر یاکەریمی قومرییە تەئسیر ئەکا لە دڵ هەر زیکری عەندەلیبە لە ناڵەی حەزین ئەکا هەر تەیر و توورە وەک من ئەخوێنن لە خۆشیا هەر باخەوانە ئارەزووی هەڵپەڕین ئەکا ئەی باخەوان مەزانە کە زستان گەڕایەوە موژدەم بەرێ کە بۆ چلە ئەم بەفرە شین ئەکا ئەم شایی و سروورە لە شەوقی بەهارە، یا... عەشقی گوڵێکە عەفووی هەموو موزنیبین ئەکا؟ زاتێکی وا بە ڕەحمە لە ڕۆژی شەفاعەتا هەرچی جەهەننەمی هەیە جەننەتنشین ئەکا ڕۆح فەرشی ڕێی کەسێکە کە مەجمووعی کائینات بۆ پێی موبارەکی لە پەڕەی دڵ سەرین ئەکا پێغەممەرێکە لێرەوە تا عەرشی ئیزەدی تەییی ئەوەندە ڕێگە بە یەکدەم یەقین ئەکا خورشیدی مەحز ئەگەر نییە یاران لە ئایەتا ناوی شەریفی بۆچی خودا «یێ» و «سین» ئەکا قوربانی ئەو خوایە کە تیفلێکی بێ پدەر ساحێب سوپا و ڕایەت و تەخت و نگین ئەکا قوربانی ئەو خودایە کە دوڕڕێکی وا یەتیم بۆ شەوچرایی ئێمە لە ماء و لە طین ئەکا ئیحیای مەسیح ئەگەر نەفەسێ بوو، جەنابی ئەم تا ڕۆژی یَوْمَ یُنْفَخُ ئیحیایی دین ئەکا حەسسان بە یادی قامەتی مەوزوونی ئێستەکەش گەر تێ بگەی لە مەسرەعی ئاه و ئەنین ئەکا چۆن خەتمی نەعتی ئەو بە من ئەکرێ کەوا خوا هەر بەو ڕەسوولە خەتمی هەموو موڕسەلین ئەکا بێخود لە فەیزی نەعتی علیه السّلام ەوە هەرکەس کەلامی تۆ ببیێ ئافەرین ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەزاڵی خۆشخەرامی من کە توڕڕە ئینتیشار ئەکا غەزاڵی خۆشخەرامی من، کە توڕڕە ئینتیشار ئەکا هەزار شێری سەفشکەن بە ڕشتەیێ شکار ئەکا کە تیری غەمزە تێژ ئەکا، لە جەرگ و سینە کار ئەکا کە قامەتی بەدەر ئەخا، قیامەت ئاشکار ئەکا چ قامەتێ؟ بە ڕاستی لە سەروی جۆیبار ئەکا فیدایی دڵبەرێ ئەبم کە عەینی دڵڕوبایییە غوڵامی سەروەرێ ئەبم کە فەخری پادشایییە کە ڕۆژی هیجری ماتەمە و شەوی ویساڵی شایییە کە سەد هەزاری وەک منی بە جان و دڵ فیدایییە نە من کە نەقدی جان و مڵک لەڕێی ئەوا نیسار ئەکا لە گوڵشەنی نوبووەتا گوڵێکی نەودەمیدەیە لە قولزومی ڕیسالەتا دوڕێکی کەسنەدیدەیە لە بورجی چەرخی عیززەتا مەهێکی بەرگوزیدەیە هەزار شاه و حاکمی غوڵامی زەڕخەریدەیە کەسێکە موعجیزەی ئەسەر لە وردەبەرد و دار ئەکا گەدایی بارەگاهی ئەو ئەگەر ئەمیر، ئەگەر وەزیر فیدایی عیزز و جاهی ئەو ئەگەر غەنی، ئەگەر فەقیر مەپرسە خەرقی عادەتی شەهەنشەهی فەلەک سەریر ئەگەر لە فەیزی ئەو نەبێ دوو هۆقە جۆ و یەک چتیر چلۆن لە ڕۆژی خەندەقا کیفایەتی هەزار ئەکا موتیعی ئەمر و نەهی ئەو ملووکی سەرکەش و بزێو ئەسیری قەهر و لوتفی ئەو سیباع و وەحشی دەشت و کێو نیگاری دڵشکاری من لە هەر فەراز و هەر نشێو کە پەردە لابدا لە ڕوو بە بۆیی زوڵف و خەدد و لێو لە ڕایحەی بەهەشت ئەکا، لە نوور ئەکا، لە نار ئەکا لە ئەووەڵ و لە ئاخرا مەداری ئەنبیایە ئەو لە باتین و لە زاهیرا حەبیبی کیبریایە ئەو کە چونکە لای خودا قسەی بەڕاستی ڕەوایە ئەو دە موژدە بێ لە ئوممەتی کە گەورەیێکی وایە ئەو لە ڕۆژی مەحشەرا تکای هەموو گوناهکار ئەکا پەیەممەرێ کە باعیسی وجوود و خەلقی عالەمە کە تاقەسواری عەرسەیی شەفاعەتە و موسەللەمە کە زام و هیجر و میحنەتی سروور و وەسڵ و مەرهەمە لە هەفتخوانی سینەدا موژەی خەدەنگی ڕۆستەمە لە فەتحی خەیبەری دڵا برۆی لە ذوالفَقار ئەکا شەها بە غەیرەتت قەسەم دەمێکە دیلە ئوممەتت بە دەس عەدووی دینەوە عەجەب زەلیلە ئوممەتت لە خەستەخانەیی غەما وەها عەلیلە ئوممەتت بە چیهرە زەردییا ئەڵێی دوچاری سیلە ئوممەتت دەوایی ڕەحم و لوتفی تۆ هەمیشە ئینتیزار ئەکا خۆش ئەو دەمەی کە ڕۆژ و شەو تەواف ئەکا ڕەواقی تۆ خۆش ئەو سەرەی کە کەوتبێ لە کووچە و سوقاقی تۆ بە تیکە تیکە بێ دڵێ کە نەیبێ ئیشتیاقی تۆ حەیاتی من ویساڵی تۆ، مەماتی من فیراقی تۆ بەڵێ پەری خەیاڵی تۆ عیلاجی شێت و هار ئەکا دەمێکە چاوەڕێیەتی گیان و دڵ ویساڵی تۆ ئومێد ئەکا کە دەرکەوێ لە پڕ مەهی جەماڵی تۆ ئەگەر لە ئاینەی منا دەمێ نەبێ میسالی تۆ شکەستە بێ بە بەردی غەم بە جاهی سەحب و ئالی تۆ کە ئاسمان وەکوو زەمین بەوانە ئیفتیخار ئەکا خوسوس خەلیفەیی یەکەم، ڕەئیسی فیرقەی ئیهتیدا کە ئەو بوو کردی ڕۆحی خۆی لەڕێی سەداقەتا فیدا کەسێ کە پێی موبارەکی بخاتە ژاری ئەژدەها لەبەر ڕەسوولی موحتەرەم نەوەک گەزەندی پێبگا یەقین بزانە ئیشی وا لە ئیشی یاری غار ئەکا لە پاش ئیمامی نامەوەر عومەر خەلیفەیی زەمین درەختی مەعدەلەت سەمەر، چەمەن تیرازی شەرع و دین نە هەر لە عەسری عەدڵییا مەڕە و لە گورگ ئەبێ ئەمین لە جێگەیێ جەنابی ئەو کە بوو ئیتر سەگی لەعین لە ترسی شێری هەیبەتی بە لوورەلوور فیرار ئەکا لە وەسفی خازینی سووەم یەگانە گەوهەری حەیا ئیمامی مەجمەعی ئەدەب، خەتیبی مینبەری حەیا هەچی بڵێم خەجاڵەتم لە شەرمی جەوهەری حەیا کەسێ کە دابخا فەلەک لەڕێی ئەوا سەری حەیا هەزاری وەک من و مەلەک بە باسی سەر مەزار ئەکا لەگەڵ کەسێ حەبیبی خۆی خوا کە بووی عینایەتی بەیانی وەسفی ئەو ئەکا لە هَلْ أَتی بە ئایەتی بەڵێ غەزەنفەرێکی وا کەوا درا هیدایەتی لە ڕۆژی فەتحی خەیبەرا بە زۆری شان و ڕایەتی بە دەست و تێغی هەڵمەتی لە شێری کردگار ئەکا مەپرسە جاه و حیشمەتی دوو بێچوەشێری حەیدەری لە خادیمێکی بێشەیان چ سووننی و چ جەعفەری شەقێن ئەکا بە سەد سەری قوباد و تاجی قەیسەری هەتا نەچیتە کەربەلا گران ئەزانی ئەی پەری کە کۆمەڵی مەلەک لەوێ لە قافڵەی زوووار ئەکا لە بێخود ئەر سوئال ئەکەن کە چۆنە چاکە سیححەتی؟ ... بە دەردی عەشقی لەیلەوە نەماوە هێز و قووەتی بە ناڵەناڵی گەرمیا، بە ئاهی سەردی حەسرەتی بە ئەرخەوانی ئەشکیا، بە زەعفەرانی سووڕەتی لە چۆڵی بێنەواییا، لە قەیسی لەشبەبار ئەکا بەدەس هەوا و نەفسەوە ئەگەرچی بەندە موبتەلام هیلاکی باری مەعسیەت، کەلاکی دەردی بێدەوام بەڵام ئەمەم کیفایەتە کە نەعتخوانی موستەفام خولاسە من لە هەر دوولا کەسێکە مەلجەء و پەنام کە گفتوگۆ بە وەحشی و غەزاڵ و سووسەمار ئەکا هەزار شوکر و سەد سەنا کە غونچە وا گەشایەوە بە بۆی نەسیمی لوتفی حەق گرێی لە دڵ کرایەوە بروودەتی هەوایی غەم لەسەر زەمین بڕایەوە لیوایی شادی و فەرەح بەجارێ هەڵکرایەوە موقەددیمەی شکۆفە هەر لە شاهی نەوبەهار ئەکا هەتا تەجەللیی خودا لە عالەما بکا زوهوور بە ئاگری گوڵی چەمەن چیا ببێتە کێوی توور فریشتە و ئادەمی ئەڵێن هەتا ئەبەد لە خوار و ژوور... سەلاتی حەق لەسەر شەهێ کە شەق ئەکا قەمەر لە دوور سەلامی حەق لەسەر مەهێ کە ئەسپی خۆر لە غار ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پرسیم لە ئەدیبێکی حەزین ساڵی وەفاتی پرسیم لە ئەدیبێکی حەزین ساڵی وەفاتی «شوکری»، کە دوعای عەفوی ئەکەن حازر و غائیب بەم شیعرە ئەویش جوابی منی دایەوە، فەرمووی: ئەی بێخودی ئالوودە بە ئەنواعی مەسائیب تەئریخی فەنایی ئەبەدی شوکریی نائیب: تَأریخِ فنای اَبَدی شکری نائِب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوا ئەی شەمعی بەزمارایی دین پەروانەکەی خۆت هات ئەوا ئەی شەمعی بەزم ئارایی دین، پەروانەکەی خۆت هات بە شوعلەی ئاگری ڕووت جەرگ و دڵ بوریانەکەی خۆت هات لەبەر دەردی موخالیف بێنەوا وەک نەی ئەناڵێنم بە شۆری شەوقی تۆوە سینە پڕ ئەفغانەکەی خۆت هات بە ئوممێدی شەکەرخەندێ لە غونچەی لێوی شیرینت بە لالەی ئەشکەوە وا دیدە پڕگریانەکەی خۆت هات بە گۆزەی پڕ لە ئاوی دیدە و گەسکی موژە قوربان لەبۆ تەنزیفی ڕێگەت خادیمی ئاسانەکەی خۆت هات ئیتر بۆ خاتری ڕیشی سپی شێخی ضیاء الدین عیلاجێ! ڕووڕەشم، موستەغریقی عیسیانەکەی خۆت هات لە ئیکسیری نیگاهت مشتەخاکێ من نەکەی مەحرووم کە بۆ ڕەمزێکی چاوت بێ سەر و سامانەکەی خۆت هات ئەمن قِطمیری ئێوە و ئێوە اَصحاب الرَّقیمی من لەبۆ کەهفی ئەمانت وا سەگی دەرگانەکەی خۆت هات فیدات بم بێ خەڵاتی مەعنەوی ئەم جارە قەت ناڕۆم بە هەدیەی نەعتی تۆوە وا قەسایدخوانەکەی خۆت هات بە فیکری ئیلتیفاتی ئاسکەکەی شێرئەفگەنی چاوت بە دەشتی شارەزوورا بێخودی دێوانەکەی خۆت هات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی ساحەتی سەد جەننەت دەشتی عەرەبوستانت ئەی ساحەتی سەد جەننەت، دەشتی عەرەبوستانت نادەم بە هەزار گوڵشەن، یەک خاری موغەیلانت بۆ لالەیی نوعمانت، داغدارە دڵ و جەرگم داغدارە دڵ و جەرگم، بۆ لالەیی نوعمانت بێ پەڕتەوی ڕوخسارت تاریکە دڵی حیربام بەم زەڕڕەیە بنوێنە، خورشیدی درەخشانت بۆ سەروی خەرامانت وەک قومری ئەناڵێنم وەک قومری ئەناڵێنم بۆ سەروی خەرامانت عەقڵ و خیرەدی بردووم نەشئەی قەدەحی چاوت پێوەندی هەوای کردووم تای زوڵفی پەرێشانت میحرابی دڵ و جانە، هێزی دەسی ئیمانە عاسایی خەتیبانە، شمشێری خوراسانت بەو قیبلەیی ئەبرۆیە، ڕۆح گەر لە قەزای کۆیە دڵ خادیمی لای تۆیە، سەر گۆیە لە مەیدانت خاقانە گەسک لێدەر، بۆ خادیمی بەرقاپیت خوددامە بە ڕۆح قەیسەر، بۆ بانگوشی سەربانت ئەی سەییدی مەخلووقان ئاگات لە ئیمانی بێ ئەو ساتە کە بوو قوربان، ئەم عەبدە بە قوربانت تۆ سیدرەنشین بازی، ساحێبی سەدئیعجازی پێغەمبەری مومتازی، دەستی من و دامانت قورئانی نوعووتی تۆ، خەتمی بە بەشەر نایێ بێخود چییە یا حەسسان، جیبریلە سەناخوانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە الثنا کە بە مەقسوودی دڵ دووبارە گوڵی کرد لَه الثَّنا کە بە مەقسوودی دڵ دووبارە گوڵی کرد شکۆفەیێ لە درەختی ڕیازی ئیرسی نوبووەت سوئالی مەولیدی ئەم شاهزادەیەم لە خیرەد کرد کە جێگەیان بووە هەر پایتەختی عیلم و زەکاوەت جەوابی داوە، بەرەو قیبلە دەستی هەڵبڕی، فەرمووی: بدەی دەوامی الهی لەسر سریرِ دیانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەڵێ ئەی نازەنین بۆ شاری کۆیە کاکی ئێران هات مەڵێ ئەی نازەنین بۆ شاری کۆیە کاکی ئێران هات بفەرموو عەسکەری لەشکەرشکێنی شاهی گەیلان هات مەڵێ عەسکەر، بڵێ سەرعەسکەری سوڵتانی دین یەعنی... غوڵامی شاهڕاهی بارەگاهی قوتبی یەزدان هات چییە یا ڕەب کە ناوی «کاک» ئەبەن زاهیر دەبێ شەوقم دەڵێ بۆ زەڕڕەیێکی بێنەوا خورشیدی ڕەخشان هات دەمێ بوو سافییا نادیدە، دڵ، بووبوو بە پەروانەت بە کامی خۆی گەیی بیستی کەوا شەمعی شەبوستان هات دەمێ بوو چاوەڕێی موژدەی قودوومی ئێوە بوو بێخود خودا کردی نەسیمی پیرەهەن بۆ پیری کەنعان هات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئارەقم کرد و نەجاتی هەر نەدام دەردی گوناح ئارەقم کرد و نەجاتی هەر نەدام دەردی گوناح لەرز و تاداری خەجاڵەت خۆم و ڕوو زەردی گوناح گەییە چەرخی مەعریفەت وێڵداشیی من خاکم بە سەر من حەمامۆکێ ئەکەم هێشتا لەسەر عەردی گوناح مشتەتۆوێ دانەوێڵەی چاکە شک نابەم کەچی دائیمەن هەڵگێڕ و وەرگێڕی ئەکەم وەردی گوناح وەک کەسێ لای دا لە ڕێ حۆلی بیابان وا منیش نەفسی بەد پێم تەی ئەکا ئەم هەرد و ئەو هەردی گوناح چوومە ناو بێشەی چوغوردی زۆر خیلافی شەرعەوە قەت لە شێری حەق نەترسام وا ئەبێ مەردی گوناح هیچ کەسێ وەک من لە حەپسی شەشدەری یەئسا نەهێشت ئاسمان وەختێ فڕێی دا بۆ زەمین نەردی گوناح دەک فەڵەک دەستت شکێ بەر تیری قەهری حەق کەوی هەر وەکوو شووشەی منت وا دایە بەر بەردی گوناح ئەی خودا گەر مشتوماڵی لوتفی تۆ چاری نەکا ئەی خوا وەک خۆرە ئاوێنەی دڵم گەردی گوناح دێڕبەدێڕ کەشکۆڵ و دیوانی هەموو عالەم گەڕام تیا نەبوو بێخود وەکوو من مونتەخەب فەردی گوناح ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج خشتەکی لەسەر شیعری فەوزی ئەی خودا، ئەی ڕافیعی نۆ سەقفی گەردوون، بێ عەمەد نیعمەتت بۆ ئێمە لایُحْصی، سیفاتت لایُعَدّ شُکرُ لِلّه تا دەوامی بێ لەگەڵ ڕۆحا، جەسەد پڕ زمان و دڵمە یا ڕەب، قُلْ هُوَ اللّه أَحَد زیکر و فیکری زاهیر و باتینمە اَللّه الصَّمَد بێکەس و بێماڵ و جاهم یا رسول اللّه دەخیل زۆر فەقیر و بێ پەناهم یا رسول اللّه دەخیل تۆی بە وەڵڵا خزری ڕاهم یا رسول اللّه دەخیل ڕێگە لێ ون بووی گوناهم یا رسول اللّه دەخیل وا لە دەشتی چۆڵی عیسیانا خەریک ماوم مەدەد تێکەڵی دنیای دەنی عەقڵ و دیرایەت ون ئەکا سەیری مەلها سینەمای چاکە و عینایەت ون ئەکا تۆزی بێ دینی عەجەب جادەی ویلایەت ون ئەکا گێژەڵووکەی مەعسیەت ڕێگەی هیدایەت ون ئەکا لَمْ یَلِدْ ڕۆشن کە بەرچاوم وَ لَمْ یُولَدْ مەدەد غەیری تۆ نیعمەت بە کەس کام پادشای ذی شَأن ئەدا تاج و نەجمەی لا و إلاّ بێ بەدەڵ نیشان ئەدا ناوی تۆ سەروەت بە خاوەن ئێش و بێ ئیشان ئەدا نەفیی و ئیسباتە کە زیکری ڕێ بە حەق پیشان ئەدا وا منیش ڕێبواری ئەو ڕێیەم خودا بمکەی بەڵەد ئەو حەکیمانەی کە کەششافی هەموو وشک و تەڕن مووشکافی نوقتەنوقتەی حیکمەتی بەحر و بەڕن عالمی دانا گەر ئەهلی چاکە یا ئەهلی شەڕن مەشریق و مەغریب لە دەرکی زاتی تۆ کوێر و کەڕن لَمْ یَلِدْ وەڵڵا ئەزەل چەشتت، وَ لَمْ یُولَدْ ئەبەد فەوزییا وا ڕادیۆی لوتفی خودا بێ باتری هاتە سەر ئیخباری عەفوی تۆ، نیهان و زاهیری تۆش لە غەزنەینی سەنادا لێدە تەپڵی نادری عاقیبەت محموودی کردی، چونکە إخلاص ئاخری لَمْ یَکنْ لَهُ کاری پێک هێنای لەگەڵ کفُوا أَحَد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بحمد الله لەسەر تەعمیری مزگەوتی عەبابەیلێ بِحَمدِ الله لەسەر تەعمیری مزگەوتی عەبابەیلێ جەنابی شێخ کەریمی ئالی شێخ مەحموود سوباتی کرد بە باڵی إِنَّما یَعْمُرُ کە گەییە ئەوجی مَنْ امَنَ امان الله لە داخ ئیحسانی ئەو ڕۆحی شکاتی کرد أبو صادق لەپاش فەتحی عیبادەت خانەیێکی وا بە خەرقەی شاڵی تورمەی مەغفیرەت یەزدان خەڵاتی کرد عورووجی چونکە حەسری پیاوەتی و ڕەددی مَظالِم بوو لە عەرشی ئیزەدیدا بۆیە ئیخلاسی سوباتی کرد ڕەفیقان ساڵی تەعمیر و وەفاتی شێخیان پرسی کە مەسجید کەی تەواو بوو؟ کەی ئەویش تەرکی حەیاتی کرد؟ موئەرریخ، یەعنی بێخود جەوهەری ئەم میسرەعەی فەرموو: لە دوای ئیتمامی ئەم مزگەوتە زوو موحسین وەفاتی کرد لەباتی جائیزەم بەندەش دوعای عەفووم ئەوێ یەعنی لەوەی لەم جێگەدا تەدریس و تەهلیل و سەڵاتی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەحەر سپیاوی ڕووی ساماڵی خورشید سەحەر سپیاوی ڕووی ساماڵی خورشید شەفەق سووراوی گۆنەی ئاڵی خورشید گوڵی بەیزا بەیازی باخی سینەی شەوی یەلدا سەوادی خاڵی خورشید بەهای کیشمیر و چاوجوانانی هیندە گوڵی بادامی سوخمەی شاڵی خورشید سوپیهری نازە، ژێرپۆتینی باتەی ستارە و ماهە، مێخ و ناڵی خورشید ئەکا دەفعی هەزار تا و لەرز و تیفووس کەنینێکی جنێوی تاڵی خورشید شەوێ نەمدی نەکا گەردوون بە سەد چاو تەماشای پووڵەکە و دەسماڵی خورشید ئەگەر ڕووی ماهی من ساتێ نەبینێ ئەبێ ئاخۆ چ بێ ئەحواڵی خورشید وەکوو لای ڕۆژپەرستان ئابڕووی برد بە ئەستۆی بێ خوا ئۆباڵی خورشید دڵا، تاکەی لە گوڵزاری خەیاڵا وەکوو شەونم ئەبی عەوداڵی خورشید وەرە تۆش وێڵی شەوقی شەورەوی بە کە بەو ڕەش بۆوە چاوی کاڵی خورشید بە تێغی ڕەمز و ئیعجابی کەمەندی مەهی شەق کرد و بەستی باڵی خورشید فیدای ئەو پێشەوایەم ڕاخرا بێ لەبەر پێی جاهیا بەرماڵی خورشید کەسێ باڵی مەلایک فەرشی ڕێی بێ ئەبێ قەدری چ بێ، سیپاڵی خورشید هەموو بۆ گەرمییی بازاڕی ئەو بوو موغازەی چەرخی پڕ کووتاڵی خورشید شوکر بێخود قیاس ناکرێ لەگەڵ پار سوها لاڵانەوەی ئیمساڵی خورشید ++++++++++++++++++++++ سەرناو: طوبی لمن کە ڕۆحی فیدای ئەو نیگارە کرد طُوبى لِمَنْ کە ڕۆحی فیدای ئەو نیگارە کرد خۆی بادەنۆشی نەشئەیی ئەو چاوخومارە کرد طُوبى لِمَنْ کەوا سەر و ماڵی بەڕاستی شاباشی خاکی ئەو بەر و بووم و دیارە کرد طُوبى لِمَنْ کەوا بە ئومێدی قودوومی یار برژانگی گەسکی جادەیی ئەو شەهسەوارە کرد خۆزگەم بەوەی کە پۆڕی دڵی خۆی بە سەد نیاز نێچیری ئەو عوقابی مەلایک شکارە کرد خۆزگەم بەوەی کە موددەتی عومری بە نەقدی جان باخی نوعووتی شاهی مەدینەی ئیجارە کرد خۆزگەم بەوەی کەوا لە پەنای ئەو شافیعەدا قازانجی لەو نەمام و گوڵ و لالەزارە کرد قوربانی ئەو جەنابە کە بریانیێکی بەرخ ئیزهاری زەهری خۆی وەکوو بوو بەو قەرارە کرد بۆی بوو بە شیر و شەکری شیفابەخشی جاویدان سوودێکی وای لە چەشنی ئەو زەهری مارە کرد بەیزا بە ئەمری ئەو بوو کە وەستا دەقیقەیێ دوو لەت بە دەستی ئەو بوو کە مانگی ئیشارە کرد ئەو بوو کە وەک مەلەک شەوی ئەسڕا لە ئاسمان یەزدان تەوافی مەقدەمی بەو حەوستارە کرد ئەو بوو کە یەک چتیر و مەنێ جۆ لە خەندەقا ڕۆژی غەزا کیفایەتیە و یەک هەزارە کرد تەسبیح و ناڵەی ئەو بوو کە کردی بە دار و بەرد ئەو بوو قسەی بە ئاسک و ئەو سووسەمارە کرد ئیعجازی ئەو بوو ساریە بیستی قسەی عومەر مومتازی ئەو بوو ڕیفعەتی بەو یاری غارە کرد بۆچی نەبێ بە ساحەبی نوورەینی نەییرەین عوسمان کە بۆنی دووگوڵی لەو نەوبەهارە کرد یادی برۆی ڕەسووڵی خودا بوو بە یاوەری حەیدەر کە فەتحی خەیبەری بەو ذُوالفَقارە کرد بڕوانە چۆن بە ڕوتبەیی مِنّا خەڵات کرا سەلمان کە هاتوو بەیعەتی بەو تاجدارە کرد شافیع کە ئەو بێ، ئەهلی کەبائیر چ باکییە با هەر بڵێن کە تێغی گونەه جەرگی پارە کرد شوکری خودا کە ڕستی نەجاتی لە مل کرا بۆ پاس ئەوەی کە خۆی بە سەگی ئەو هەوارە کرد کەعبەی نەجاحی هەردوو سەرای هات بە پیرەوە هەرکەس کە چەشنی ڕابیعە ڕووی لەو تەلارە کرد بێخود بەقیعی غەرقەدی والایە مەرقەدی حاجی ئەگەر مەزاری لەسەر گردی یارە کرد دنیا ژنێکە فاحیشە و پیاوکوژ و گڵاو وای لەو کەسەی کە دێڵە سەگی وای مارە کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عالم خوا نەکردە نەبێ ئەبنە گاو و کەر عالم، خوا نەکردە، نەبێ، ئەبنە گاو و کەر بۆ دایک و خوشک و کچ، کوڕ و باوک و برایی کورد لەم دەشتی پڕ لە دێو و درنج و جنۆکەیە وەک خدری زیندە وایە مەلای دین پەنایی کورد بیللا مەلایە بۆ سەری ئەم قەومە چەتری دین تەڵڵا عەسایە بۆ دەسی میللەت مەلایی کورد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە حەججاجی فەلەک هات و بە خوێنی غەم خەڵاتی کرد کە حەججاجی فەلەک هات و بە خوێنی غەم خەڵاتی کرد بەسەر شێخ و مەلادا دابەشی مووچە و بەراتی کرد کەسم ئیمڕۆ نەدی بیخاتە سەر سەر چەرخ و سوبحەینێ وەها نەیدا بە عەرزا تۆ نەڵێی قەتعی حەیاتی کرد لە ساداتی تەکێ عەبدولکەریم نازانی شایێ بوو کەچی فیلی ئەجەل هات و کشێکی کرد و ماتی کرد کە زانی نەشئەیێ نادا حەیاتی عاریەت بۆ کەس ئەویش وەک باب و جەددی ئارەزووی بەزمی مەماتی کرد بِحَمدِ اللّه لە دنیادا کە ئەوقاتی نەفیسەی خۆی بە ئەکسەر سەرفی زیکری باقیاتی سالیحاتی کرد من و تۆی تووشی قەعری دۆزەخی هیجرانی غەم فەرموو ئەگەرچی خۆی لە ئەوجی قەسری فیردەوسا سوباتی کرد کە پرسیم ساڵی غوفرانی لە ئوستادی خیرەد بێخود بە ئاه و ناڵە داوای قاقەز و خامە و دەواتی کرد منیش لەوحەی دڵ و ئەنگوست و چاوم نایە بەردەستی ئەویش الحق بە دیققەت سەنعەتێکی پڕ نیکاتی کرد حوڕووفی موعجەمەی ئەم میسرەعەی نووسی بە تەئریخی جەوانمەردێ لە ئەشرافی تەکێ ئەمڕۆ وەفاتی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دلاوەران مناڵەکان: ئەولادی وەتەن، ئێمە کە وا میللەتی کوردین بۆ غایەیی ئاسایشی میللەت هەموو گوردین شێرانە ئەوا مەعرەکە ئارایی وەغا بووین بۆ ڕشتنی خوێناوی عەدوو حازری ڕا بووین لە پێشمانەوە هەر وا بەیداخی زەفەر ئەڕوا ڕیشەی عەدوو با دەر بێنین حەق بەدەس خۆمان بسێنین بۆ نەمانی مەزالیم، سوارانی جەنگی تەپڵی بازیان لێدا بە شۆخ و شەنگی *** باوک: لەم وەزعە گەر ئەی دوژمنی کورد ئێوە ئەپرسن ئەم هەمهەمەیە میللەتە هەڵساوە، بترسن کفن بۆ خۆتان ببڕن هەر لە ئێستاوە بمرن لازمە لەبەر غەم و حەسرەت ببن ئەشک ڕێزی مەزەللەت ئەی دلاوەرانی وەتەن وەرنە ئیمداد باوک بە پەرۆش، لێتان ئەکا ئیستیمداد کوردانی غەهەنفەر شکەنی مەعرەکە ئاغۆش نابێ بکەن ئەم باوکی خۆتانە فەرامۆش زێرا کە دوو چاوی ئەبەدی ئێمە لە گۆڕا چاوی لە زەفەرتانە لە حەرب و شەڕ و شۆڕا باوک بە قوربانتان بێ ڕۆحەکەی فیداتان بێ وەختی فرسەت و ئیتتیفاقە ڕۆژی لابردنی نیفاقە ئارەزوو ئەکەم ئێوە، وەختی ئیحتیزار بە شان و زەفەرەوە بمبەن بۆ مەزار *** دایک: بۆ دەفعی مەزالیم، لە مەوانیع مەکە پەرهێز سا دەس بەرە شێر و تفەنگ و خەنجەری خوونڕێز بۆ ئێوە کەوا غیرەتە یەک دەفعە ڕەگ و ئێسک حاشا کە بە حوزنێکی زەلیلانەوە فرمێسک لە چاوم بێتو بتکێ دڵم یەک زەڕڕە بشکێ چونکو ئێوە جەسوور ئەبینم نامێنێ ئازاری برینم شیرەکەم حەڵاڵتان بێ، ڕۆژی هیممەتە ڕۆحەکەم فیداتان بێ، وەختی غیرەتە *** مناڵەکان: نوخبەی ئەمەلی ئێمە هەموو بەم دەسوبردە خەڵقینە لەبۆ مەسعەدەتی میللەتی کوردە مەوتێ کە حەیاتی وەتەنێکی لەدوا بێ سەد ژینی زەلیلانەیی یاڕەب بە فیدا بێ ئەوکەسانەی جەبانن مەعنای ژیان نازانن مردنی لە ڕێگای میللەتا چاکترە لە ژین لە زیللەتا هەرکەس خۆی بکا بە قوربانی میللەت لە قەبرا هەتا مەحشەر ناکێشێ زیللەت *** ئافرەت بە مناڵەوە: یاران و ڕەفیقان و دلێر و یەلی کوردان شەڕ جەژنی هەموومانە بڕۆین بۆ سەفی مەیدان وەختێ کە بە تەوفیق و زەفەر دێنەوە لامان ئەوسا گوڵ ئەکەین ئێمە بە شاباشی قەدەمتان گەر لە ئێوە چەند کەس شەهید بێ لازمە عەزای ئێمە عید بێ ئەم پڵنگ بەچانەی وا ئینتیقام سێنن گەورەیان ئەکەین ئێمە، حەقتان ئەسێنن *** کچەکان: ئێمە کە نەمانکردووە بۆنی چەمەنی شوو مەجهوولی نەزەرمانە گوڵ و نەستەرەنی شوو ئەم تازە جەوانانە لەبەر سیرەتی ئێمە گەر بێتو بکەن ئارەزوویی شیرکەتی ئێمە... لازمە کە دەعوەت بفەرموون بێنەوە بە ڕوویێکی گوڵگوون یەعنی چیهرە ڕەنگین بن بە شان و زەفەر خوێنی دوژمن بڕژێنن بە نووکی خەنجەر *** چەک بەدەستەکان: ئێمە کە موسەللەح لە دەر و دەشت و لە شارین سوێندخۆری حوزووری حەق و باب و کەس و کارین بۆ مەسعەدەتی ئەم وەتەن و میللەتی کوردە ڕیشە و ڕەگی زاڵم ببڕین بەم دەسوبردە تاکەی لە زەحمەتا بین لەناو مەزللەتا بین لازمە بە کەیف و مەسەڕڕەت ڕۆح بکەین بە قوربانی میللەت زاتەن ئێمە خوڵقاوین بۆ خزمەت کردن بۆ ئەوەی فیداکار بین تا ڕۆژی مردن... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەخیلت بم نەڕەنجێنی دڵی ئەولادی پێغەمبەر دەخیلت بم نەڕەنجێنی دڵی ئەولادی پێغەمبەر لە دونیا و قیامەت خۆت نەکەی ڕیسوایی پێغەمبەر رسول اللّه و عاجز کردنی ئەولادی ئەو! هەیهات! معاذ الله لە گەردی خاتری مینایی پێغەمبەر زمانت بگرە تا پاپۆڕی ئیمانت سەلامەت بێ پەنا بە خوا لە گێژی حیددەتی دەریایی پێغەمبەر ئەبیتە مانگی گیراو، تا ئەبەد ڕوو ڕەش ئەبی بیللا بە وەر چەرخاندنی ڕووی ڕۆژی حەشرارایی پێغەمبەر کە ئیمڕۆ کوندەبووی ئەملاک و خانووی عیترەتی ئەو بی سبەی چۆن ئەچیە ژێر سایەی هومائاسایی پێغەمبەر هەتاکەی هەر خەریکی مەحوی ساداتی کە ناترسی لە قەهری حەیدەر و کوورەی دڵی زەهرایی پێغەمبەر بەشارەت بێ جەهەننەم جێگەتە ئەی باغِضی سادات بە تووبای قامەت و ڕووی جَنَّةُ المَأوییی پێغەمبەر بە زاهیربوونی، تاقی کیسرەوی نەتدی کە چی پێ هات قەمەر نازانی چۆن شەق بوو بە یەک ئیمایی پێغەمبەر بە شمشێری نوعووتی خۆی و ئال و سەحب و ئەولادی ئەبێ شەقیان بکەم تا شەق بەرن ئەعدایی پێغەمبەر هەموو ڕۆژێ بە با و باپیر و خۆم و کەسمەوە سەد جار لە سەرتاپایی من قوربانی سەرتاپایی پێغەمبەر بجووڵێنێ سەبا تا سەرو و شمشادی چەمەن بێخود سەڵاوات بێ لە قەدد و قامەتی ڕەعنایی پێغەمبەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوکری خودا کە قادری موشکیل گوشایە غەوس شوکری خودا کە قادری موشکیل گوشایە غەوس بۆ غونچەیی دڵی من و تۆ بای سەبایە غەوس شوکری خودا کە مەنزەری دنیا و قیامەتە بۆ ئێمە یەعنی جامی دوو گیتی نەمایە غەوس شوکری خودا کە بۆ دڵی پڕ چڵکی مەعسیەت وەک سەیقەلێکی ژەنگی کەدوورەت زەدایە غەوس ماهێکی وایە ساکینی بورجی ویلایەتە شاهێکی وایە خاوەنی تاجی ڕەزایە غەوس ئەولادی چیرەدەستی شەجاعەتمەدارە شەیخ ئەحفادی خۆشەویستی شەفاعەتپەنایە غەوس یەکدانە دوڕڕەکەی سەدەفی فاتمەی بەتوول تاقانە سەروەکەی حەسەنی موجتەبایە غەوس مورغی درەختی عالەمی ئەڕواحە، دانەشی فەرموویە خۆی کە نووری تەجەللی خودایە غەوس میهری سوپیهری مەعریفەتە و هەوری ڕەحمەتە دەریایی لوتفە، مەنبەعی جوود و عەتایە غەوس سەرداری خێڵی قادری و نەقشەبەندییە ئوستادی هۆزی ئەهلی تەکێو خانەقایە غەوس حەپسی نەجاتی مەحزە، غەمی عەینی شادییە زام و برینی مەڵحەمە، دەردی دەوایە غەوس عەنقایی قافی غیرەتە، بازی تەریقەتە قوربییەتی سەعادەتە، یەعنی هومایە غەوس کەنناسی ڕێی موریدە، موریدی خەلیفەیە فیرقەی خەلیفە شێخن و شێخی مەلایە غەوس بڕوانە حیشمەتی کە لە عەرسەی بوزورگییا ئەسپ و وەزیری مەملەکەتی، فیل و شایە غەوس قوتبی زەمان ئەگەر نییە ئەی مونکیرینە بۆچ پێی وا لەبانی شانی هەموو ئەولیایە غەوس ئەبدال، ئەگەر ڕیجال، ئەگەر ئەوتاد، ئەگەر وەلی بەخوا هەموو پەپوولەن، ئەوان و چرایە غەوس لەم چۆڵی پڕ لە حۆلی بیابان و زوڵمەتە وەک «خدر»ی زیندە ڕابەری ڕێگەی هودایە غەوس سەحنی مونیفی دائیرەیی سیححەتی وجوود قوببەی شەریفی مەرکەزی دار الشِّفایە غەوس بۆ ئاستانەکەی وەرە ئەی تیرە دڵ نەخۆش هەر حوجرەیێکی «ڕۆتکەن»ی سەد کارەبایە غەوس دار و درەختی حەسرەتی عوودی قومارییە خاشاک و خۆڵی ڕەشکی عەبیری خەتایە غەوس بۆ دەستی ڕەعشەداری لەپێکەوتووانی عەشق یادێکی ئیعتیدالی قەدی سەد عەسایە غەوس بۆ قەتڵی زەیبەقی هەوەس و هەژدەهای لەعین تلیاکە خاکی، مەرقەدی ئیقلیمیایە غەوس خۆزگەم بە خۆم کە خاکی نەزەرگەی ئەوم بە ڕۆح چونکی نەزارەیێکی هەزار کیمیایە غەوس بێخود نەکەی خەیاڵی تەداوی بە غەیری ئەو لوتفێکی سەد دەوای وەکوو عَرَق النِّسایە، غەوس ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی سەبا ئەی قاسیدی ئەربابی نامووس و شەرەف ئەی سەبا، ئەی قاسیدی ئەربابی نامووس و شەرەف هەستە تا کەرکووک بچۆ ئازانە ئەمما لاتَخَفْ! زوو وەکوو تەلسز بڕۆ دەستی من و داوێنی تۆ وەختی خۆت نابێ بکەی یەک لەحزە زایع یا تەلەف ئەم عەریزەم بۆ مودیری مەنتیقەی تاپۆ بەرە یەعنی چادر حاجی ئەحمەد زادە ئەوڕەحمان شەرەف پێی بڵێ وەک من هەموو ئەهلی سولەیمانی ئەڵێن: حافیزی ئەو بن لە کاک ئەحمەد هەتا شاهی نەجەف تا بەراتی ئەشقیا بێ دانەوێڵەی مەعسیەت تا خەڵاتی ئەولیا بێ شاڵی تورمەی مَنْ عَرَفَ خۆشەویستت هەر لە قەسری عوشرەتا بێ بادەنۆش ناحەزت دایم لە بیری حەسرەتا بخوا ئەسەف هەر بە ناوی عالەمی ویجدانەوە بەندەش ئەڵێم: هەر بژی تاپۆ مودیری، هەر بژی نِعْمَ الْخَلَفْ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم زاتە کە ماڵ مودیری هەولێرە ئەم زاتە کە ماڵ مودیری هەولێرە هەم سەییدە، هەم شاعیرە، هەم چاوتێرە بۆ ئێوەیە ئەم ڕوباعییەی نووسیوە مەمنوونم ئەگەر کەو شک ئەبەن بینێرە *** بەندە کە دەمێکە لێرەم و میوانم پەیوەندی جەنابی «سافی»ی ئێرانم یەعنی بە ئومیدی زیارەتی دانیشتووم ڕۆح هاتە دەرێ، کەچی نەهات جانانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەیا ڕەفیقی شەفیقم حەریمی ڕازی نیهانم ئەیا ڕەفیقی شەفیقم، حەریمی ڕازی نیهانم ئەدیبی فیکری حەقیقیم، نەدیمی ڕۆحی ڕەوانم ئەگەر لە حاڵم ئەپرسی، بە سەنگی سورمەیی دووری شکاوە شووشەیی وەسڵم، نەماوە نوتقی زمانم کە ئەچمە حوجرە ئەڵێی دەشتی شارەزوورە بەبێ تۆ وڵاخ ئەخاتە مەلە ئاوی زەڵمی ئەشکی ڕەوانم بە شەو پەپوولەسیفەت خول ئەخۆم بە دەوری چرادا کە ڕۆژ هەڵات ئیکە خورشیدپەرستی بورجی دوکانم ئەوەندە مەحوی غەمم ئەی عەزیزی میسری بەلاغەت! دەهانی یۆسفی سانی سیفەت، نەماوە نیشانم وەری گەڵای تەرەبی باغی دڵ بە پایزی ئەندووه درەنگە بێرەوە پیر بوو بەهاری عومری جوانم بەجێ نەمێنی لە کەرکووک، نەبیتە باعیسی خوێنم ئەگەر نەیەیتەوە «لەوسەر»، ئەبیتە قاتیلی جانم وەکیل بە تۆ کە سەلامی منت گەیاند بە فەقێکان لەپاش موسافەحە عەرزیان بکە کە بەندە فڵانم بفەرموو بێخودی شیرین کەلام ئەڵێ بە هەمووتان... ئەگەرچی خوسرەوی شێعرم، بەڵام غوڵامی ئەوانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بحمد الله دڵی دەریایە خادم بِحَمْدِ الله دڵی دەریایە خادم خەیاڵی گەوهەری یەکتایە خادم لە دوڕجی نەزم و نەسری لەفزی ئەودا مەعانی لوئلوئی لالایە خادم لە عەرسەی شاترنجی ئیعتیقادا لەسەر ئەسپی سەداقەت شایە خادم لە لوجنەی ئینتیخابی حوسنی خوڵقا وەکوو نائیب ڕەئیس ئەعزایە خادم لە سایەی وەسفی باڵا نەونەمامان کەلامی تا بڵێی باڵایە خادم عەزیزان بۆ قوماشی یووسفی عیشق خەریدارێکی بێ پەروایە خادم لە دیوانی بەهەشتی قەت مەپرسن کە یەک میسراعی سەد تووبایە خادم لە خومخانەی دوکانا وەختی نووسین سیاهی مەی قوتوو مینایە خادم ئەگەر مەهدی لە عەسری نادرا بوو بەڵێ لەم عەسرەشا میرزایە خادم بە «خێ» خێی خەتتی مەشقی اِبن مُقلە بە «ئەلف» ئەلفی هەزار ئیملایە خادم نەوەک هەر دالی دالی دیققەتە و بەس ٤٠یشی میمی سەد مەعنایە خادم مەڵێ «کۆیی» نەژادە و بەس بفەرموو کە خەڵقی جَنّتُ المَأوییە خادم لەلای من بۆ تەواوی دڵنەخۆشان مەقامی عەینی موستەشفایە خادم بە نووری شەمسی دین گەر مونعەکیس بوو لە سایەی شێعری مەولانایە خادم چە مەولانا جلال الدّینی ڕۆمی کە ڕۆژی مەحزە ئەو حیربایە خادم لە عیلمی باخەوانی مەسنەویدا ڕیازی مەعنەوی ئارایە خادم لە زەهری ماری غەیبەت چۆن ئەترسێ کە تریاکی حوزووری لایە خادم خودا حەز کا لەگەڵ جیرانی پاکی لە زومڕەی بەرزی اَهلُ اللهیە خادم دەوامی بێ بە قەد عومری کوڕی خۆی هەتا شێعری لە دنیا دایە خادم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بڵا فرمێسکی خوێنین بۆ نەڕێژێ بیلبیلەی چاوم بڵا فرمێسکی خوێنین بۆ نەڕێژێ بیلبیلەی چاوم بە حەرفی ناڵە بۆ نەپژێ زمانی لاڵ و گیراوم نەمامی عەیشەکەم نێژرا، خەفەت گۆپکە و چرۆی دەر کرد سەراپا تەرزی غەم ئاڵایە گیانی هەڵکڕووزاوم دەسا ئەی میرزا مەهدیی زەمان، ئەی کاشیی نادر کە بۆ نادیدە خەتتاتێکی چەشنی ئێوە داماوم لە کێلی قەبرەکەی تەئریخی کۆچی کاکە «ئیبراهیم» بنووسن: «شێخ برایم ڕۆ» بە خوێناوی گەشی چاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە دەشتی پڕ جنوونی ئاخەوە مەجنوونی شەیدا خۆم بە دەشتی پڕ جنوونی ئاخەوە مەجنوونی شەیدا خۆم بە شاخی بێستوونی داخەوە فەرهادی ڕیسوا خۆم لە بازاڕی دڵا سووتا هەموو سەرمایەیی خۆشیم لە یانەی دەست و پێ بەسراوییا بێ سوود و سەودا خۆم لە حەوتخوانی تەلیسمی سەخڵەتی و زیندانی ماتەمدا گەهێ کاووسی بێ تاوان و گاهێ بیژەن ئاسا خۆم منم هەر دوو دەسم لێ بوونە تیغی تیژی سەرهەنگان بەدەس ئەسکەندەری گەردوونەوە بێچارە دارا خۆم لەبەر بای پێچەوانەی غەم لە هیچ لا ناگرم ئۆقرە لە عەردی وشکی دووری جاویدانا مەوجی دەریا خۆم لە ساحەی پڕ لە تۆز و گێژەڵووکەی دڵ شکستیدا بەدەم بای ئاهەوە هاوشانی دڕک و داڵی سارا خۆم سەر و شانی دڵم پڕ بوو لە تاج و شیر و ڕوتبەی غەم لە مشکۆی پایتەختی نامورادیدا شەهەنشا خۆم گەهێ سەرگەشتەیی مەلحە و قەراج و نەینەوا و پیر مەم گەهێ ئاوارەیی هەولێر و ڕێی کەرکووک و بەغدا خۆم لە کەنعانی فیراق و جانگودازیدا وەکوو یەعقووب لە میسری ئیشتیاق و عیشقبازیدا زوڵەیخا خۆم هیلاکی بازەکەی ئەوجی عەبابەیلێی وەکوو بەغدا پەشێوی شاهەکەی ئەحمەد بڕندەی وەک بوخارا خۆم گەهێ دڵ چاکی تێغی زیهنی شێخ عبد الکریم، گاهێ... جگەر چاو پڕ لە ئاوی ڕۆژی عیلمی کاکە بابا خۆم هەڵەستم، دائەنیشم وێنەیانم هەر لەبەر چاوە موریدێک و خەریکی ڕابیتەی دوو پیری دانا خۆم بەهەشتی نیشتمانم بێ ئەوان لا ئاگری سوورە لە شادی گیتییا دۆزەخنشینی شینی عوقبا خۆم لە هیچ لا بێ بەها نابێ سەدەف پەروەردەیی ئیخلاس لە بەحری بێ پەیی میهر و وەفادا دوڕڕی یەکتا خۆم بە دەم دەننووکی چەرخی چنگ بە خوێنی دەردەوە بێخود لە چۆڵی گەرمیانی بێنەواییدا حوبارا خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیدەکەم لەو ڕۆژەوە من ئاشناتم ڕۆحەکەم دیدەکەم لەو ڕۆژەوە من ئاشناتم، ڕۆحەکەم ئاشنایێکی بە گیان و دڵ فیداتم، ڕۆحەکەم پەڕتەوی ڕووی تۆم کە دی لەو ساوە وەک روحُ البَیان هەر خەریکی سەیری سوورەی والضُّحىتم، ڕۆحەکەم تا لە چاوی مورشیدی تۆ بەیعەتم وەرگرتووە ڕۆژ و شەو مەجزووبی حەوشی خانەقاتم ڕۆحەکەم دڵ ئەگەر مەفتوونی دانەی خاڵەکەی سەرگۆنەتە خۆم ئەسیری پەرچەمی داوی بەڵاتم ڕۆحەکەم تۆ کە لۆرتی حوسنی ئەمڕۆ، فەرزە من بێ بەش نەکەی موستەحەققی ڕووت و موحتاجی زەکاتم، ڕۆحەکەم من بە قووتی وەسڵی ئێوارە و سبەینێی تۆ ئەژیم تۆ خودا تۆش نەیبڕی مووچە و بەراتم، ڕۆحەکەم شەو ئەزانی بۆچی هەر دەور و خولی ڕووی تۆ ئەدەم! ؟ تا بزانی من کە پەروانەی چراتم، ڕۆحەکەم بشمرم خاکم لەپاش سەد ساڵ ئەڵێ وەک سامی نووح ئەی مەسیحا چاوەڕێی یەک مەرحەباتم ڕۆحەکەم تووشی تیغی نازی تۆ بووم تازە توخوا لێم گەڕێ با شەهادەت بێ بە ئەسبابی نەجاتم، ڕۆحەکەم جائیزەی ئەم شێعرە نازدارانە بێخود عەرز ئەکا... کافییە بەم نەوعە لوتفت بۆ خەڵاتم، ڕۆحەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عومرێکە سیەه ڕۆژ و پەرێشانی کوەیتم عومرێکە سیەه ڕۆژ و پەرێشانی کوەیتم ئاشوفتە وەکوو توڕڕەیی خووبانی کوەیتم عومرێکە کە ڕۆژم بە مەسەل وەک شەوەزەنگە حەسرەتزەدەیی شامی غەریبانی کوەیتم عومرێکە لە زیندانی جنوونا کە وەکوو شێت پابەندی غەزاڵانی ئەسیرانی کوەیتم عومرێکە لە کونجی قەفەزی فیرقەتی گوڵدا وەک بولبولی دڵخەستە غەزەلخوانی کوەیتم عومرێکە لەدووی مەحمەلی لەیلا وەکوو مەجنوون خۆم لێرە و دڵ وێڵی بیابانی کوەیتم عومرێکە لەبۆ کوشتنی دەججاڵی حەسوودان هەر مونتەزیری عیسییی دەورانی کوەیتم عومرێکە دەناڵم بە غەمی تۆوە لە کەرکووک دایم وەکوو نەی سینە پڕئەفغانی کوەیتم پێویستە وەکوو قومریی ئاوارە لە گوڵشەن سەرگەشتە دڵی سەروی خەرامانی کوەیتم پەروانەسیفەت موزتەریبم کوللی شەو، ئاخۆ... کەی پەڕتەو ئەدا شەمعی شەبوستانی کوەیتم؟ کەی بێ کە لە ئاسۆی عەرەبوستانەوە ڕۆژێ... هەڵبێ گوڵی خورشیدی درەخشانی کوەیتم؟ وا تێمەگە دوورم لە تۆ ئەی ساحەبی خاتەم هەر «هودهود»ەکەی بەزمی سولەیمانی کوەیتم خەڵکینە لەبەر گەوهەری تاجی سەری کوردە قوربانی موحیتی عەرەبوستانی کوەیتم هەرچەندە لە زیندانی فیراقام وەکوو بیژەن بیللا بە تەمای ڕۆستەمی دەستانی کوەیتم عاجز مەبە بێخود کە ئیشەڵڵا وەکوو یەعقووب نەزدیکە ویساڵی مەهی کەنعانی کوەیتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە کونجی خەڵوەتی غەمدا کە مەشغووڵی ڕیازاتم لە کونجی خەڵوەتی غەمدا کە مەشغووڵی ڕیازاتم شەو و ڕۆژ حەسری فیکری پەرچەم و ڕووی تۆیە ئەوقاتم بڵێسەی دۆزەخی عەشقت منی ئاوارە کرد، وەرنێ بە خۆڕایی نییە ئەی جەننەتی عیرفانی تۆ لاتم ئەگەر بۆ خزمەتت کاغەز نەنووسم چاوەکەم، حەقمە لەبەر بێ چاوییە، دوور بێ لە تۆ، گەر بێ موبالاتم ئەگەر بێ باوەڕی بڕوانە ئاوێنەی دڵی خۆشت کە قوربانی دڵی ئاوێنە و حوسنی تەماشاتم لە دیوانی چەمەنزاری مەحەببەت هەر وەکوو قومری بەڵاگەردانی سەروی میسرەعی مەوزوونی باڵاتم لەبۆ میحرابی ئەبرۆی تۆیە گەر مەجبووری مزگەوتم لە نەشئەی چاوی مەستی تۆیە مەفتوونی خەراباتم ئەگەر فیلم لەبەر دەست ئەسپی تۆدا، فەرزە بەیدەق بم وەگەر شاهم لە عەرسەی عیشقی تۆدا بێ ڕوخت ماتم لە بەزمی حوسنی خۆتا تۆ خودا جارجارە یادم کە کە من پەروانەکەی ڕوخساری شەمعی مەجلیساراتم بە شێخ نووری بفەرموو چاوەکانت ماچ ئەکا بێخود بە یادی خانەیی خەمماری ئەو مەستانە وا هاتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێنج خشتەکیی لەسەر شیعری زێوەر موشکی خوتەنە پەرچەمی خۆشبوویی برایم ڕەشکی سەمەنە ڕوومەتی مینوویی برایم لەعلی یەمەنە لێوی سوخەنگوویی برایم «دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم سەروی چەمەنە قامەتی دلجوویی برایم» زاهید نە، منی عاشق ئەسیرم بە نیگاهی مورشید وەرەگێڕێ لە ئیمان چاوی سیاهی کاری من و مانی نییە قەت سوورەتی ماهی «نەخشینە بە نووکی قەڵەمی سونعی ئیلاهی دنیا ئەگرێ قووەتی بازوویی برایم» لەوساوە کە بیماری ئەوم دیوە بە دووربین خەڵکینە مەپرسن لە منی خەستە و مسکین هەرچەندە دڵم چاکە بە تیری «بلە نەخشین» «فیکرم هەموو ڕەنگینە لە فەیزی دڵی خوونین ئەی من بە فیدای خەنجەری ئەبروویی برایم» ئەو شۆخە کە چەفیەی لە سەر و گەردنی ئاڵان ڕیشەی دڵی عوششاقی بە ڕیشووی ڕەشی پچڕان کوڵمی کە بەدەر خست و جیهانی هەموو شێوان «ئەستێرەیی ڕوخساری دڵی عالەمی سووتان بورهانی مونەججیم بوو مەگەر ڕوویی برایم» وەک مورغی قەفەس بۆچی نەکەم زار و نەفیرێ حەیرانم ئەمیستاکە وەکوو بمخەنە بیرێ نەم بیستووە قەت ڕاوکەر هەتا ئێستە بگیرێ «بیستوومە بە دام و بە شکار ئاسک ئەگیرێ ئینسان ئەگرێ دیدەیی ئاهوویی برایم» گەرچی منی دێوانە بە دڵ مات و حەزینم لەم بادیە سەییادسیفەت گۆشەنشینم بۆ گرتنی ئەو ئاسکە دایم لە کەمینم «ئەو نیعمەتە پڕ لەززەتە ڕۆژێ کە ببینم دەستی من لەسەر گەردەن و ئەبروویی برایم» ئەو ڕۆژە کەوا دای لە دڵم تیری موحەببەت گرتی بە مەسەل ئایینە تەسویری موحەببەت چونکە بووە دێوانە بە زەنجیری موحەببەت «بەدبەختییە ئازادی لە زەنجیری موحەببەت بەم ڕەنگەیە تای سیلسیلەیی موویی برایم» ئەو ڕۆژە کە ئەو ڕەهزەنە پشتی لە وەفا بوو کاروانی دڵ و دین و ئیمان ڕووی لە فەنا بوو قوربان وەکوو بێخود مەبە دوچاری بەڵا بوو «زێوەر بە حەزەر بە ئەمە ئاشووبە بەڵا بوو ئیمان ئەدزێ قووەتی بازوویی برایم» دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم سەروی چەمەنە قامەتی دڵجوویی برایم نەخشینە بە نووکی قەڵەمی سونعی ئیلاهی دنیا ئەگرێ قووەتی بازوویی برایم فیکرم هەموو ڕەنگینە لە فەیزی دڵی خوێنین ئەی من بە فیدای خەنجەری ئەبروویی برایم ئەستێرەیی ڕوخساری دڵی عالەمی سووتان بورهانی مونەججیم بوو مەگەر ڕوویی برایم بیستوومە بە دام و بە شکار ئاسک ئەگیرێ ئینسان ئەگرێ دیدەیی ئاهوویی برایم دەعوایی شەهادەت ئەکەم جەننەت ئەگەر بوو تاری کفنم ڕوشتەیی گێسوویی برایم ئەو نیعمەتە پڕ لەززەتە ڕۆژێ کە ببینم دەستی من ئەسەر گەردن و ئەستۆیی برایم بەدبەختییە ئازادی لە زنجیری مەحەببەت بەم ڕەنگەیە تا سیلسیلەیی موویی برایم زێوەر بەحەزەر بە ئەمە ئاشووبە پەیا بوو ئیمان ئەدزێ قووەتی بازوویی برایم «زێوەر» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک خاڵی گۆنە هێندە خەتابار و ڕووڕەشم وەک خاڵی گۆنە هێندە خەتابار و ڕووڕەشم وەک پەرچەمی بە شانە نەکردوو، موشەووەشم گەه سینەچاکی غەمزەیی خووبانی بێوەفام گاهێ کەتانی پەڕتەوی ڕوخساری مەهوەشم وا سارد و گەرمی زوهد و گوناهم کە تێئەگەم مەحروومی ئاوی کەوسەر و مەحکوومی ئاتەشم من چۆن نما ئەکەم کە وەکوو گیسکەکەی هەیاس هاوشانی گورگی دێو و سەگی نەفسی سەرکەشم ئەی ناخودایی بەحری کەرەم وەختی ڕەحمە پێم کەشتی هەموو شکاوم و دەریا لە باوەشم من سائیلی شەفاعەت و تۆ ساحەبی مەقام لەو خوانی نیعمەتەت بدە سا لوقمەیێ بەشم من دەردەداری دەردی مەعاسیم و تۆ تەبیب دەردم دەوا کە تۆ بی خودا داوەشا لەشم تا شاد نەبم بە مەرحەمەتی کیمیایی تۆ بوونی بە زەڕ مەحاڵە مسی قەڵبی، پڕ غەشم هەرچەند ئەکەم خەیاڵی نەسیمی شەفاعەتت وەک غونچەیی کراوە سەراپا وەها گەشم شایی تکایی تۆیە، منیش بۆیە وا بە شەوق سازندەیێکی شایەر و عەبدێکی چاوەشم بێخود بە کردەوە و قسە، خاکم بەسەر، وەهام هەر وەک دەم و جنێوی بوتان نیشم و هەشم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی بە ماڵ و بە سەر فیدایی وەتەن ئەی بە ماڵ و بە سەر فیدایی وەتەن وەی وەکوو کاکی خۆت برایی وەتەن دامەنی کام و دەستی تۆ دوورن تا بە ڕۆح ئەبیە گەردی ڕایی وەتەن تا من و تۆ نەبینە پەروانە شەوقی چۆن خۆش ئەبێ چرایی وەتەن حیشمەتی خوسرەوی مەحاڵە هەتا جانی شیرین نەکەن فیدایی وەتەن بێ شرینقەی برایەتی هەرگیز نییە چاری مەلاریایی وەتەن بێ «کنین»ی یەکێتی و جیددی زەحمەتە چاری لەرز و تایی وەتەن لە کەمانچەی سەری من و تۆدا تا ببێ نەغمەیی هەوایی وەتەن ئاخری هەر بە یومنی لوتفی خودا دێینە ژێر سایەیی هومایی وەتەن یەعنی هەروەک درەفشەکەی کاوە ئیشی خۆی هەر ئەکا لیوایی وەتەن دوڕڕ و مەرجان و کارەبای کوردان نێرگسە و لالەیە و گیایی وەتەن لەعل و زومڕووت و گەوهەری ئێمەن زیخ و بەردی کەژ و چیایی وەتەن بە هەزار تەختی خوسرەوی نادەم جێگەپێیێکی یەک گەدایی وەتەن کاسب و پارە، زاهید و جەننەت بێخود و خاکی دڵگوشایی وەتەن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە خوڕ دیسان ڕژا فرمێسکی باران بە خوڕ دیسان ڕژا فرمێسکی باران لە هەوری چاوی سووری دوڕنیساران تەمی ماتەم وڵاتی کوردی داگرت لەپڕ وەک دووکەڵی ماکینە، شاران زەمین بۆ قوڕ نەپێوێ وەک من و تۆ زەمان بۆچی نەشێوێ چەشنی جاران جەنابی حەپسە خان تەشریفی ڕۆیی شکا پشتی فەقیران و هەژاران ژن، ئەمما فی الحقیقة خادیمەی قەوم کە یەعنی سەییدەی غیرەت شکاران ڕەئیسە و خانەدانزادەی سەیادەت ئەمیر و شای ژنانی بەختیاران تەبیبەی دەردی بیمارانی برسی کەرەمبەخشی برینی دڵفەگاران مشوورخۆری گرۆهی ئادەمیزاد لە منداڵ تا ئەگاتە دەسبەداران لە کوورەی ئاگری غەمدا مەپرسن لە سۆزی ئاه و ناڵەی بێقەراران ئەشێ حەسرەتنوشینی شینی ئەو بن مەلا و شێخ و گەدا تا تاجداران فیداکاری غەریب و خۆوڵاتی وەفاداری لەبار و نالەباران بە خۆڕایی لەبەر پێیا نەکەوتوون لە پیرێژن هەتا سیمین عوزاران کە گوڵ ڕۆیی لە باخا بۆ نەناڵن هەتا مردن هەزاران وەک هوزاران بە میلادی، وەفاتی، گەر ئەپرسن درێغ بۆ حەپسە خان تەئریخە، یاران ئەگەر هیجریش ئەڵێن ئەو بوو مشوورخۆر بە جیددی بۆ زەلیل و لەش بەباران ئەتۆش بێخود بڵێ دایم ڕووەو بەیت بە هاوین و بە زستان و بەهاران خودا جێگەی بەهەشتی جاویدان کەی بە جاهی جەددی خۆی و ئال و یاران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەسرەتا دیسان پەیا بوو پایزی شین و گرین حەسرەتا دیسان پەیا بوو پایزی شین و گرین زوو بەسەر چوو نەوبەهاری عەیش و نۆش و پێکەنین! خادیمی شەرع و دیانەت کاکە ئەوڕەحمان شەرەف کۆچی فەرموو ناگەهان بۆ گوڵشەنی خولدی بەرین بێخودیش ئەم میسرەعەی نووسی بە تەئریخی وتی: جنّت ئارا بوو، برا قائم مقامی نازەنین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من لەو ڕۆژەوە ڕۆیشتووە تۆراوە دڵی من هەرچەند ئەگەڕێم بێ سەر و شوێن ماوە دڵی من ئاخۆ بە چ شاخێکەوە گیرساوە دڵی من یا خۆ بە چ داخێکەوە سووتاوە دڵی من ئەو هەمدەمی غەمخوار و نەدیمی منە یا ڕەب ئەو مەحرەمی ئەسرار و قەدیمی منە یا ڕەب ئەو گەوهەری شەهوار و یەتیمی منە یا ڕەب کەوتۆتە چ بەحرێکەوە، خنکاوە دڵی من مەجنوونی دوو گیسوویی چ لەیلایێکە ئاخۆ یا وامیقی جادوویی چ عەزرایێکە ئاخۆ دێوانەیی ئاهوویی چ سەحرایێکە ئاخۆ کام چیهرەپەری دیوە کە ترساوە دڵی من ئەتلێتەوە گاهێ بە خەیاڵی خەت و خاڵی ئەخولێتەوە گاهێ بە چرای شەوقی جەماڵی نازانی ئەگەر چۆنە بەدەس دەردەوە حاڵی وەک پووش و پەڵاشێکە بەدەم باوە دڵی من لەو چۆڵ و بیابانە ئەبێ یاوەری کێ بێ یا بەو کەژ و کێوانەوە سەوداسەری کێ بێ یا لەت لەت و ئەفگاری موژەی خەنجەری کێ بێ چۆن ماوە لە سەد لاوە کە کوژراوە دڵی من بۆچی نەڕژێ سەیلی سروشکم وەکوو باران بۆچی وەکوو یەعقووب نەبمە شوهرەیی شاران لەو یۆسفە پرسیومە لە بێگانە و یاران هەرگیز نییە سۆراغی لە هیچ لاوە دڵی من بۆ خۆی بگریم یا نەفەسی پەردەدڕاوی یا بۆ جگەری کون کون و سەدپارەکراوی چی کردووە یا ڕەب، کە خەو و خواردن و ئاوی دایم غەم و بیداری و خوێناوە دڵی من چ بکەم، چ بڵێم، بۆ دڵەکەم کارییە دەردم شاهێدی منن موویی سپی و چیهرەیی زەردم خۆڕایی نییە ناڵەیی گەرم و دەمی سەردم هەڵبەت بە بەڵایێکەوە ئاڵاوە دڵی من ئەو سینە لە غەش خاڵییە، ئەو بێ ڕق و کینە ئەو خادیمی شەرعی نەبەوی و میللەت و دینە مەعلووم چووە بۆ خزمەتی سالاری مەدینە وام زانی کە فەوتاوە، نەفەوتاوە دڵی من قوربانی کەسێ بم کە بە قوربانی نەبی بێ وەک بەندە سەگی دەرگەهی شاهی عەرەبی بێ شاهی عەرەبی یەعنی قورەیشی نەسەبی بێ جەرگی بە دوو ئەبرۆی ئەوە جنراوە دڵی من زاتێکی وەهای گرتووە ڕۆحم بە فیدای ئەو شاهان شەو و ڕۆژ دێنە قەدەمبۆسی گەدای ئەو بێخود مەبە ئیتر بە ئومێد و بە تەمای ئەو نایێتەوە لات گەر سەری داناوە دڵی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاکا کابرا شە شەو و ڕۆژ خە خەریکی بەزمە کاکا کابرا شە شەو و ڕۆژ خە خەریکی بەزمە خەخە خەڵقیش لە لە داخا ئە ئەکاتن شیوەن تۆ تۆ تۆ وا لە لەبەرتا سە سە سەڵتەی حەڵەبی مممن وا لە لەبەرما پا پا پاڵتۆی جەرمەن مممن هەم نە نەخۆشم چە چە چەشنی تۆ تۆ تۆ تۆ تۆ تۆ هەم نە نەخۆشی چە چە چەشنی مممن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەر هودهودەکەی بادی سەبا بێ لە سەباتان گەر هودهودەکەی بادی سەبا بێ لە سەباتان گەر تەختی سولەیمانییە ئەیخاتە هەواتان دوێنێ نەفەسم بوو بە عەتارخانەیی چینی هێنای کە سەبا نامەیی موشکینی وەفاتان لەم گوڵشەنە گەر حاڵی دڵ و ڕۆحم ئەپرسن ئەی مورغی زمانم شەو و ڕۆژ نەغمەسوراتان دڵ ڕۆییوە، بیستوومە ئەڵێن وا لە مەدینە ڕۆح ماوە کە بیکەم بە فیداتان بە فیداتان چاوم کە لەلام گۆزەیە، ئەشکم بە مەسەل ئاو خۆیشم کە لەلای ئێوەم ئەوا بووم بە سەقاتان سەد شوکری خودا چاکەوە بوو خەستەکەی ئێمەیش ئەی دافیعی تیفووسی دەروون تۆزێ دۆعاتان بێخود کە هەتیوی دەری ئەولادی ڕەسوولە نازدارە، فەرامۆشی مەکەن تۆ بی خوداتان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بحمد اللە عەجایب نەوبەهارێ نیکهەت ئەفزا بوو بِحَمْدِ الله عەجایب نەوبەهارێ نیکهەت ئەفزا بوو لە باخی خانەدانێ غونچەیێکی تازە پەیدا بوو محەممەد عارفی مەخدوومی زاتێکی حەسەن خوڵقی لە بەحری مەعریفەتدا فی الحَقیقَة دوڕڕی یەکتا بوو خیرەد بۆ ساڵی تەئریخی لە دایکبوونی ئەو فەرمووی: لە جۆباری نجابت سرونازێ جلوەآرا بو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە وەک ژنی سک پڕ زەمانەیی بەدخوو دەمێکە وەک ژنی سک پڕ زەمانەیی بەدخوو بە خوێنی سەیید و شێخ و مەلا ئەکا بێزوو دەمێکە داسی ئەجەل تیژ ئەکا وەکوو وەرزێر خەریکی عالەمە پاکۆی ئەدا بە ڕیزە هەموو دەمێکە دوختەرە لەم خەستەخانە کاولەدا دەمێکە شەربەتی مردن ئەدا بە جام و سەبوو وەها ئەسیری دەسی جەوری دەوری خوونخوارین بە چنگی باز و شەهێن و هەڵۆوە وەک تەیهوو ئەگەر ببێ بە سکەندەر بە بازوویی قووەت وەگەر ببێ بە پەلەنگەر بە قووەتی بازوو بە حوکمڕانی ئەگەر ببیە شاهی کەیخەسرەو بە پاڵەوانی ئەگەر ببیە ڕۆستەم و بورزوو ئەگەر بە زوهد و فەزیلەت ببیتە شێخی جونەید وەگەر بە حیکمەت و فەن ببیە بوو عەلی، یا هو کە هاتوو ڕشتەیی عومرت گەیشتە وەختی پسان تەخەللوفی نیە بیللا بە قەدری یەک سەری موو لە خانەدانی سەیادەت، لە دوودمانی عولووم لە جێ هەواری سەخا حاتەمێکی هەڵکەوتوو جەنابی حەزرەتی مەعرووف ئەفەندیی قازی کە ئاشیانەیی شەهبازی ئەو بوو ئەوجی عولوو درایێ ڕوتبە و تاجی سەعادەتی ئەبەدی هومایی ڕۆحی فڕی بۆ بەهەشتی خولدی سەروو خودا بە مەرحەمەتی خۆی مەقامی عالی کا بە جاهی سیدرەنشینانی مونتەهای ژووروو کە ساڵی مەغفیرەتی ئەو بوزورگەیان پرسی لە بێخودی لە عەزاخانەیی خەما کەوتوو ئەویش بە گریە و ئاه و هەنسکی حەسرەتەوە حورووفی موعجەمەی ئەم شیعرە دوایییەی فەرموو: هەزار و نۆسەد و سی و هەشتی فەجری میلادی هەزار و سێسەد و پەنجا و حەوتی هیجری بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فەلەک ئیمساڵ لەگەڵمان هەر بە پەشم و کین و حیددەت بوو فەلەک ئیمساڵ لەگەڵمان هەر بە پەشم و کین و حیددەت بوو بەراتی بۆ هەموو شێخ و مەلا ڕەنج و مەرارەت بوو بەشی خەڵقی «بەهارە»ی بێ «مرۆر»ی سیححەت و شادی بەشی ئێمەش هەموو «حاجی بەیان»ی دەرد و میحنەت بوو ڕەفیقێکمان هەبوو ئێمەی غەریقی بەحری زەحمەت کرد بەڵام خۆی وەک دوڕڕی یەکتا سەدەف بەرداری ڕەحمەت بوو ئیمام و واعیزی مزگەوتی پاشا شێخ عومەر یەعنی خەلیفەی نەقشبەندی، خادیمی شەرع و دیانەت بوو کە پرسیم ساڵی غوفرانی لە مامۆستای خیرەد، فەرمووی: ئیمامێ بازی ڕۆحی ئاشیان ئارای جەننەت بوو وەلی عەهدی لەپاش خۆی شێخ محەممەد بوو بِحَمدِ اللّه لە عەسری خۆشیا هەر ئیشی تەدریس و ئیمامەت بوو خودا کوێری نەکەی ئەو خانەدانی عیلم و عیرفانە هەتا عالەم بمێنێ، چونکە هەر یانەی فەزیلەت بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە یارانی وەفاداران ئەدیبێکی زەکی مابوو لە یارانی وەفاداران ئەدیبێکی زەکی مابوو لەپڕ پشتی لە دنیا کرد و ڕووی بۆ موڵکی عوقبا بوو ئەمینی عاسیمەی غیرەت، زەکی بەگ خادیمی میللەت دەبیری مەکتەبی قودرەت، وەزیری شاری بەغدا بوو بە یادی زیارەتی خاکی وەتەن هات بۆ سولەیمانی کەچی ناگەه وەفاتی کرد و ڕۆحی جەننەتارا بوو بڵا با ناڵە هاودەم بێ، قەدی چەشنی ئەلف خەم بێ زیای ڕۆژی فەرەح کەم بێ، شەوی غەم زوڵمەت ئەفزا بوو لە بێخود ساڵی کۆچی ئەو زەعیمەم پرسی و فەرمووی: کە بَدْرِ بُرْجِ عِرْفانُ مَعارِف اِمْشَوْ آوا بُو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو هاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو هەر بە ناکامی پەڵەی سەبری دڵی کردم درەو هات ئەما چی هات! ؟ وەکوو گوڵ دەم لەبالەب پێکەنین چوو، ئەما چی چوو! ؟ وەکوو نێرگس دوو چاوی پڕ لە خەو خوسرەوێکی وا بە ناز و عیشوە هێند شەکری شکاند بووم بە فەرهاد ئاخری بۆ گفتوگۆی شیرینی ئەو هەرکە چاوی کەوت بە ئەبرۆی دەسبەجێ قازی وتی: لێ بدەن مەیتەر کە ئیمشەو جەژنە، دیمان ماهی نەو گەر بە زەڕ بۆی دەس بدایێ شێخ تەماشا کردنی زوو جل و خەرقەی ئەنایە ڕەهن و پێناوی گرەو چینی کاکۆڵی کە پەخشان بوو بەلای ملیا، وتم: سەر بیلادی شەرق ئەچێ وا دیارە هۆردووی غەربی شەو دڵ کە کونکون بوو ئەبێ جارجارە ڕازی دەرکەوێ دەنکە دەنکە نیسک و نۆک هەر دائەدەن بێژنگ و کەو وەه چ خۆشە تا سبەینێ دەم لەسەر غونچەی دەمی من وەکوو بولبول بناڵم، ئەو بخوێنێ چەشنی کەو قەت بە گۆشتەوزوون نەزانی قەرتماغەی زامی دڵ پێستەکەی لێ لادە بێخود تێ ئەگەی کردوویە هەو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئارامی جانە مەحرەمی ڕازی نیهانە دڵ ئارامی جانە، مەحرەمی ڕازی نیهانە دڵ یەعنی لەبەینی یار و منا تەرجومانە دڵ عەرشی خودایە خاتری پڕ نووری موئمینان پێی بۆیە وا لەسەر سەری حەوت ئاسمانە دڵ وریا بە! قەت پزیسکی گوناهی تخوون نەخەی بۆ تائیری مەحەببەتی حەق ئاشیانە دڵ دایم لە دەرکی سینە بە یادی برۆی نیگار شمشێری وا بەدەستەوە وەک پاسەوانە دڵ بێگانە بێتە ژوورەوە قەتعی سەری ئەکا گەر یاری ئاشنایە ئیتر میهمانە دڵ ئاخۆ بە یادی نێرگسی بیماری کێیە وا ڕوخساری سووری زەردە، بەهاری خەزانە دڵ! بیماری نازی غەمزەیی چاوێکی قاتیلە مەجرووحی مەوجی جەوهەری تیغی دەبانە دڵ ئاخۆ لە حەسرەتی نەیی باڵایی کێیە وا دایم خەریکی ناڵە و ئاه و فوغانە دڵ! چەوتاوی باری فیرقەتی باڵایی دڵبەرە پیرێکی بێ عەسایە، ئەگەرچی جەوانە دڵ تیغی فیراقە قەتعی ڕەگی ڕووحی کردووە خوێن هەر وەکوو فوارە لە ڕووحی ڕەوانە دڵ یەعنی لە داخی لالەیی ڕووی دەمگوڵێکە وا وەک ئەشکی من کە ڕەنگی ئەڵێی ئەرخەوانە دڵ مەجنوونی گەردی ناقەیی لەیلایە، وەرنە بۆچ... وەک چاوی من هەمیشە لە شوێن کارەوانە دڵ سیمورغی قافی مەحوی خەیاڵی میانە قەلب عەنقایی وەهمی میمی دەمی بێ نیشانە دڵ کەوتۆتە داوی تۆوە بە مەنحووسی تێنەگەی تەیری هومایی سەعدە، نەڵێی ڕایەگانە دڵ دانەی مەحەببەتی بدەرێو ئاوی سافی عەشق برسی مەیێڵە تۆ بی خودا، بێ زمانە دڵ لەوساوە شوغڵی ڕابیتەیی ڕوویی یار ئەکا فکری ئەوەندە سافە وەک ئاوی ڕەوانە دڵ بێ سوجدەیی هیلالی برۆی ئەو بەڕاستی زەرد و زەعیف و زار و کەچ و ناتەوانە دڵ بێخود بە ئەمری ئەو بە لە دەیری مەجازییا ساقی مەیی حەقیقەتە، پیری موغانە دڵ وەختی عورووجی حەققە، بەسە پەستیی بەتاڵ بۆ بانی مەعریفەت بە خودا نەردەوانە دڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بحمد الله بە بولبول مەشرەبێکی فازیل و خۆشحاڵ بِحَمْدِ اللّه بە بولبول مەشرەبێکی فازیل و خۆشحاڵ عەتای فەرموو خودا گوڵغونچەیێکی تازە و لێوئاڵ ئەگەرچی ناوچەوانی پاکی قیبلەی ڕۆژپەرستانە هیلالی عیدی فیتریش دەرئەخا، ئەمما بە ئەبرۆی کاڵ دەهان و مەقعەدی دوژمن قەعادەی بێت و بلوێری دەماری حاسیدی دەسرازە، ئێسقانی عەدووی خڕخاڵ ئەگەر پێشکەش ئەفەرموون پێشکەشی بێت عەرشی ڕەحمانم بە توولی عومر و عیلم و فەزڵ و جاه و حیشمەت و ئیقباڵ ئومێدم وایە بەدخواهی بەهەشتیی تەلعەتێکی وا بڵێسەی دۆزەخی بوخل و حەسەد بیکا بە کۆی زوخاڵ بە تێغی شەرع و دیرعی وەرع و بەرزی عیلم و گورزی زوهد خودا بیکەی بەسەر هاوعەسری خۆیا وەک توهەمتەن زاڵ کە ساڵی مەولیدیم پرسی، خیرەد فەرمووی وەکوو باوکی: بژی یا رب بجاه قائل عِش قَرناً او صد سال ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر شاهم وەگەر شاهین و بازم یا رسول الله ئەگەر شاهم، وەگەر شاهین و بازم یا رسول الله وەتەن ئاوارە و هێلانەوازم یا رسول الله بە ڕۆژ پەروانەیێکی دڵشکاو و بێ پەڕوباڵم بە شەو شەمعێکی پڕ سۆز و گودازم یا رسول الله لە تێغی قەهر و ڕوتبەی ئیلتیفاتی تۆوەیە قوربان ئەگەر گەردەنکەچم یا سەرفەرازم یا رسول الله بە وەرچەرخاندنێکی ڕووت هەتا هەم کەوتووم بێناز بە لوتفێکت لە عالەم بێ نیازم یا رسول الله لە تێکۆشینی ڕزگاری منی ئاوارەدا کول بوون هەموو باپیرەکانی دڵنەوازم یا رسول الله ئیتر هەر خۆت ئەبێ چارەم بفەرمووی چونکە هەر خۆتی تکاکارم، موعینم، چارە سازم، یا رسول الله ئەزانم خۆ خیلافی ئەمری تۆم زۆر کردووە، ئەمما... کوڕی خۆتم بە لوتفی تۆ ئەنازم یا رسول الله نەجاتم گەر بدەی زوو بۆ تەوافت حازرم، یەعنی... بە کەعبەی ڕووت ڕووەو خاکی حیجازم یا رسول الله غوڵامێکم ئەوا خۆم خستە قاپی غیرەتی تۆوە بەناو «مەحموود» م ئەمما هەر «ئەیاز»م یا رسول الله ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاخ لە دەس دنیایی دوون و بێ وەفا ئاخ لە دەس دنیایی دوون و بێ وەفا داد لەدەس گەردوون و چەرخی کەچڕەوی ڕەببی ئەی دنیا دەوامت قەت نەبێ ئەی فەڵەک تۆش تا قیامەت نەسرەوی وەک گڕت بەردایە عالەم هەر وەکوو... قونبولەی زەڕڕی لەسەردا بۆ زەوی خادیمێکی جانفیدا و میللەتپەرەست داهییەکی گۆشەگیر و مونزەوی فەیلەسووفێکی ئەدیبی قەومی کورد عالمێکی بەرزی ماددی و مەعنەوی خاوەنی ژین و قسەی پێشینیان ساحەبی ئینشا و ڕۆحی مەولەوی باخەوانی چارباخی پیری تووس گەنجەوانی پەنج گەنجی گەنجەوی بولبولی گوڵزاری «تەبریزی» لەقەب قومریی سەروی ڕیازی مەسنەوی موحییی مەعنایی مردووی نەزم و نەسر هەر وەکوو ئەنفاسی پاکی عیسەوی وەک حەمەد پاشا، بەڵام بێ شێرەوان کردبووی شێری وەفا ڕام و کەوی مەجلیس ئارایی ئەدیبانی زەمان پیری دنیایی و جەوانی ئوخرەوی حاجی تەوفێق دەستی «شێرۆیە»ی ئەجەل ڕۆحی شیرینی دەرێنا خوسرەوی سەد کە ئیمڕۆ پێ لەسەر شانۆی سەمای تۆش سەری بەرزت ئەبێ سوبحەی نەوی ڕۆژی ڕووناکت مەگەر ئاوا بووە بۆیە بێخود تیرە دڵ چەشنی شەوی تۆش ئەگەیتە ئەوجی مەحبووبی خودا گەر بە میعراجی سەخادا سەرکەوی کاکە اَلنّاسُ نِیامٌ پێت ئەڵێ ئەو کە وا بیدارە، تۆ مەستی خەوی.. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئیلاهی ئەم گوڵی نەوڕەستە هەر دائیم بەهاری کەی ئیلاهی ئەم گوڵی نەوڕەستە هەر دائیم بەهاری کەی لە باخی پڕ لە میوەی توولی عومرا کامگاری کەی پەری تەقوا و عیفریتی هەوا و نەفسی موسەخخەر بن لەسەر تەختی سولەیمانی بڵەند و پایە داری کەی لە ئەوجی مەیمەنەتدا وەک هومایونی موبارەک بێ لە بورجی مەعریفەتدا هەر وەکوو ڕۆژ ئاشکاری کەی ئەوی ئەم نەونەمامی جۆیی عیرفانەی نەوێ یاڕەب لەڕووی چاک و خراپا هەر تەرێق و شەرمەزاری کەی بە تەئریخی لە دایک بوونی ئەو دائیم ئەڵێ بێخود: خدا وک بابُ باپیری وحیدِ روزگاری کی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: برا خۆ تۆ لەلای خۆت مەخزەنی عەقڵ و کەماڵاتی برا، خۆ تۆ لەلای خۆت مەخزەنی عەقڵ و کەماڵاتی! کەچی تا دەوڵەمەنتر بی فەقیر و سواڵکەر و لاتی بە تەحریکی هەوا دێیت و دەچی چەشنی شەپۆلی ئاو سەراپا غەرقی گێژاوی غەم و بەحری خەیاڵاتی ئەگەر مازیت لەدەس چوو هێندە بێ حاڵیشی ئەی غافڵ لە ئیستیقباڵی خۆت ئاگات نییە چون بێ موبالاتی بە قەسری ڕووی زەمین تێر نابێ، قەت چاوت وەکوو فیرعەون خوا دەستت نەدا، دەستت ببێ ڕوو بۆ سەماواتی! بە جاهی خۆت مەنازە، ڕۆستەمی قابیز لە ڕێتایە ئەگەر سەد شاهی چینیش بی، کشێکت هاتە بەر ماتی سولەیمان کوا نگین و ئاسەف و عیفریت و بەڵقیسی! ؟ سکەندەر کوا شکۆه و تەپڵ و بەیداخ و موهیمماتی؟ برا ناپرسی جارێ چی بەسەر هات حاڵی «کەیخوسرەو» تەمیزێکت نییە تا تێ بگەی لەکوێیە میرئاتی ئەلا ئەی دیدە تاکەی ناگریت و ناگری عیبرەت کە حاجی شێخ ئەمینی خاڵ لە ئارادا نەما زاتی! بە دووری خۆی ئەوا ئێمەی دوچاری دۆزەخی غەم کرد خودا ڕوتبەی بڵند کا ڕووحی ئەو شاد بوو بە جەنناتی کە هەڵگیرا جەنازەی، بوو بە مەحشەر دەشتی سەر قەبران لەبەر گریان و قوڕپێوان و واوەیلا و عەشاماتی ئەگەر بشبم بە سەحبان، ئەی ڕەفێق وا چاکە بێدەنگ بم لەبەر بەعزێ نەفام نادووم لە کەشف و خەرقی عاداتی لەوێ بووم حەزرەتی کاک ئەحمەدی شێخ باس کرا جارێ لە فەزڵی خۆی و مەکتووباتی پڕ تەفسیر و ئایاتی نزیکی غەوس و شاهی نەقشبەندی کردووە بیللا بەڵێ سەیید ئەبێ بەم نەوعە بێ هەر حوببی ساداتی کە میسباحی بهاء الدّین محمّد عالەم ئارا بوو بە جەزبەی عەشقەوە عەرشی خودای ئەو بوو بە میشکاتی کە ساڵی ڕیحلەتی ئەم موڕشیدەم پرسی لە پیری عەقڵ بە حەرفی جەوهەری ئەم ئایەتەی کردم ئیشاراتی لە سوورەی ئەنبیاء تا صالِحِین ئایەی وَ أَدْخَلْناهُ بە تەئریخی وەفاتی موشعیرە بێخود حوڕووفاتی کەسێ ئەولادی عەللامەی «ئەبووبەکری موسەننیف» بێ کە عالەم خۆی ئەکا قوربانی تەحریری «وضوحات» ی کەسێ نەسڵی شفیع المُذنبینێ بێ کە بڕژێنێ بەسەر بێگانەشا لافاوی بارانی شەفاعاتی کەسێ تەئریخی ئەو بێ ئایەتی تەبشیری قورئانی بە من چۆن شەرحی ئەدرێ حاشیەی مەتنی کەڕاماتی بە حەققی سینەیی ساف و دڵی مەسروور و مەحزوونی بە بێ خەوفی لە مەخلووقی خوا و لە خوا مەخافاتی بە حەققی ئاه و ناڵەی ڕۆژ و گریانی سبەینانی بە شۆری نیوەشەو پاڕانەوە و سۆزەی موناجاتی فەڵەک پڕ گریە بێ تا چاوی هەوری لێڵ و تاریکی زەمین پڕ خەندە بێ تا لێوی غونچەی باخ و باخاتی بەسەر ئەحفاد و ئەتباعی ئەوا بارانی لوتفی خۆت بەخوڕ بڕژێنی یا ڕەب، نەک وەکوو جەد، بەڵکوو سەد قاتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە خەندەی زۆری من دێوانە ئەگری بە خەندەی زۆری من دێوانە ئەگری بە گریانی کەمم فەرزانە ئەگری بە تاریکی دەروونم گەر بزانی هەتا ڕۆژ وەک چرا پەروانە ئەگری لە بێ شیری ویساڵی یارە، شەو، دڵ لە بێشکەی سینەدا تیفلانە ئەگری دوو دیدەی نێرگسینی پڕ لە لالەم لە دەوری لێوی ئەو چاوجوانە ئەگری لە نەشئەی پێکەنینی ساقی ئیمشەو لە بەزما پیری من مەستانە ئەگری شتێکت دیوە ئەی دڵ هەر لە مەجنوون کە ڕێی ئەو بێ سەر و سامانە ئەگری وەسیلەی گەینە شارت کێیە بێخود کە چەشنی حەڵقە بەردەرگانە ئەگری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانە ئەگری دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانە ئەگری مناڵە و بۆ گوڵ و ڕێحانە ئەگری چرا ئیمشەو کەوا فرمێسک ئەڕێژێ ئەڵێی هەر بۆ منی پەروانە ئەگری ئەکا شاباشی کێ دەریایی دیدەم کە چەشنی گەوهەری یەکدانە ئەگری؟ چییە پیری دڵ ئیمشەو وەک عەرەق خۆر لە کونجی تەکیە بۆ مەیخانە ئەگری شەوێ بێ زوڵفی ئەو مەهپارە تا ڕۆژ دڵم بۆ سینەچاکی شانە ئەگری غەزاڵی من ئەگەر ساتێ نەبینێ بیابان قوڕ ئەپێوێ، لانە ئەگری کەوانئەبرۆ، بە تیغی غەمزە تاکەی لە جەرگم بێ گونەه نیشانە ئەگری! لە بەزمێکا کە ساقی چاوی تۆ بێ مەی ئەڕژێ، دڵ ئەچێ، پەیمانە ئەگری بە یادی نەوبەهاری ڕوویی تۆیە کە چاوم هەوری زستانانە ئەگری برا تا نەبیە تۆز و گەردی بەر پێی بە زەحمەت چاکی ئەو دامانە ئەگری لە دڵتا گەنجی یادی کێیە بێخود کە ئیمشەو نۆبەتی وێرانە ئەگری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان لافاوی غەم هات هەر وەکوو بارانی نیسانی دیسان لافاوی غەم هات هەر وەکوو بارانی نیسانی بیناغەی قەسری مەعمووری تەرەب ڕووی کردە وێرانی دیسان شاهی قەزا یەخسیری فەرموو جەیشی جەمعییەت کە سەوقی کردە سەر ئیقلیمی دڵ هۆردووی پەرێشانی لەناو فڕنی دەروونا وەک سەموون بۆچی نەبرژێ دڵ لە کوورەی سینەدا تاکەی نەبێ جەرگیش بە بوریانی کەوا مەخدوومەیێکی نەونیهالی کاکە شێخ عوسمان لە باخی عومری خۆی نەیخواردبوو هێشتا بەری جوانی زەمین نەیدیبوو سەروی موعتەدیل وەک قەددی مەوزوونی زەمان نەیبیستبوو خونچەی گوڵێ وەک لێوی خەندانی وەکوو تەیرێ کە بەربووبێ لە حەڵقەی داوی سەییادێ فڕی ڕۆحی ڕەوانی بۆ ڕیازی خولدی ڕۆحانی ئەلا ئەی قاسیدی ئەسرین کە چووی بۆ زیارەتی قەبری بڵێ نەوباوەیێکی نەقشبەندی بوو بە میوانی «بەدیعە» ی جەننەت ئارا گەر نەما، ئەمما بە لوتفی خۆت بدەی یاڕەب دەوامی عومری جەدد و باوک و خزمانی چ جەد؟ ئاودێری باخی حیکمەت و دینی موبینی حەق چەمەن پیرایی عیلم و باخەوانی شەرعی یەزدانی سەحابی گوڵشەن ئارایی حەدیسی ئەحمەدی موڕسەل بەهاری نەشئەبەخشی خونچەیی ئایاتی فورقانی چ باوک؟ یادگاری حەزرەتی شێخی سراج الدّین نەوەی نائیب، وەلی عەهدی علاء الدّینی عوسمانی لە تەکیە و خانەقای زوهدا ئیلاهی کامگاری کەی بە جاهی شاه و بازی نەقشبەند و غەوسی گەیلانی لە تەئریخی وەفاتی ئەو بەدیعەی نەوجوان عومرە ئەپرسن گەر لە پیری عەقڵی دانا قاسیی و دانی لە بەیتی ئاخری نیوشێعری سانی، حەرفی بێ نوختەی ئەکا ئیزهاری ساڵی ڕیحلەتی مەرحوومەیی فانی ئیتر بێخود ئەڵێ «وا حەسرەتا» زوو گوڵشەنی چۆڵ کرد بَدیعە ڕۆزگارُ عَڕعَرِ جۆبارِ عُثمانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دیسان هەوری بەڵا هات سایەقەی وەسڵی گوڵان ڕۆیی دیسان هەوری بەڵا هات، سایەقەی وەسڵی گوڵان ڕۆیی شەوی ماتەم پەیا بوو، ڕۆژی خۆشی بولبولان ڕۆیی تەمی غەم تا قیامەت بۆچی دانەگرێ وڵاتی کورد کە زاتێکی وەفادار و نەجیب و خانەدان ڕۆیی بچووک بۆ قوڕ نەپێوێ؟ گەورە توخوا بۆ بە کوڵ نەگری؟ کە عاسای دەستی پیر و هێزی ئەژنۆی گەنجەکان ڕۆیی سەدای باوک و براڕۆی خەڵق و گرمەی سینە، ناڵەی دڵ وەکوو ڕەعدی بەهار ئیمڕۆ زەمین تا ئاسمان ڕۆیی مشوورخۆری گەلی میللەت جەنابی مُصطفی مظهر کە بانگی حوسنی خوڵقی بۆ هەموو کوردوستان ڕۆیی مەگەر «کاکینە» هاوتای ئەو بکا، ناویان لەیەک دوور بێ وەگەرنێ چەشنی ئەو چەشنی حیکایە و داستان ڕۆیی لەسەر وەتراخی دەشتی ڕۆح و شاخ و داخی بەرزی دڵ هومای ئەوجی سەعادەت، بازی عیرفان ئاشیان ڕۆیی بە غایب بوونی ئەو باوکی فەقیر و خادیمی قەومە لەسەر هۆش و لە دڵ سەبر و لە تەن تاب و تەوان ڕۆیی ئەگەرچی میللەتی کوردی دوچاری دۆزەخی غەم کرد بەڵام شوکری خوا خۆی بۆ بەهەشتی جاویدان ڕۆیی موحاسیب موهمەلی ئەم شێعرە گەر جەمع و جیبایەت کا ئەزانێ کەی ڕەوانی پاکی بۆ باخی جینان ڕۆیی وەتەن بێخود وەکوو ئەولادەکانی بۆچ نەناڵێنێ «مدیری دائیرەی بەرزی معارِف زی نشان ڕۆیی» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبا دوێنێ لە وەختی نیوەڕۆدا قاقەزی هانی سەبا دوێنێ لە وەختی نیوەڕۆدا قاقەزی هانی لە پشتی زەرفەکەی نووسرابوو: بۆ بێخود، سولێمانی کە زەرفم کردەوە چاوم بە ئیمزای سەروی «نووری» کەوت وەکوو بولبول خەیاڵم کەوتە سەر ئەوجی غەزەلخوانی لەپاش حەمد و سەناو شوکر و سوپاسی حەزرەتی بێچوون لەپاش سەڵوات و تەسلیمی شەفیعی ئوممەتی جانی وتم: ئەی خەتت و خامەت میل و سورمەی چاوی مەهجووران وتم: ئەی بۆیی نامەت بۆیی جامەی ماهی کەنعانی گەلێ ئەبیاتی تازەت ناردبوو بۆ من کە بیبینم لە ئەووەڵ مەتڵەعا مەزموونی ئاخر مەقتەعم زانی لە لەفزا شێعرەکانت گەر تەواو بوون وەک قەدی مەوزوون لە مەعنادا بەڵام وەک کردەوەی خۆت بوون بە نوقسانی لەباتی شێعر و میعری فارسی و کوردی ئەبێ جارێ خەریکی دەرز و دەورت بی کە منداڵی دەبوستانی دەخیلت بم لە حوسنی خولق و سەعیا قەت نەکەی سستی کە سەعی و حوسنی خولقی خەڵقە ئەمڕۆ باعیسی نانی لە کولبەی دیدەما گەر مەیلی ڕەققاسەت نەما، نووری لە جەرگەی سینەما گەر سینەما باسی نەما، جانی خودا ناکەردە پەندی من ئەگەر وەک دوڕ لە گوێ نەگری هەتا ڕۆژی قیامەت هەر پەشیمان و پەشیمانی ئەگەر ژانی وەها نەبوایە ڕۆماتیزمەکەی قاچم ئەهاتم حەفتەیێ بۆ زیارەتی بەغدا بە میوانی ڕووەو بەیتی خودا خاڵت ئەڵێ دائیم لەسەر بەرماڵ لە وەختی پاش و پێشی نوێژی ئێوارە و سبەینانی خوداوەندا بە جاهی خۆشەویستی خۆت بەدووری کەی لە ئاسیب و بەڵا، ئەم خوشکەزایەم، خۆی و خزمانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لاواندنەوەی مەلا محەممەدی بزەینیان مەلا محەممەدی نەژاد باخانی کە پێشەوا بوو بۆ بزەینیانی بەهەشت ئارا بوو لە پڕ تەشریفی ئەوەندە باش بوو ناکرێ تەعریفی یەزدان کە ڕۆژی عومری ئاوا کرد یاران تەئریخیان هەموو داوا کرد دەسبەجێ بێخود وەک دانای تووسی ئەم نیوەشیعرەی بە تەئریخ نووسی... عامی وەفاتی مەلای باخانی عامی وەفاتی مەلای باخانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بورجی سینە کە ئەو زوهرە چاوە پێ ئەکەنێ لە بورجی سینە کە ئەو زوهرە چاوە پێ ئەکەنێ فریشتەیێکە لە عەرشی خوداوە پێ ئەکەنێ کە لێوی گوڵ بە هەناسەم ئەگا، ئەڵێی ئاخۆ... چ خونچەیێکە بەدەم بای سەباوە پێ ئەکەنێ! ؟ لە خۆشی ئەو دەمە زۆری نەماوە باڵ بگرم ڕەقیب کە ئەگری و ئەو شۆخی لاوە پێ ئەکەنێ هەزار بولبول ئەکا مەست و ئەیشیگریێنێ لە گوڵشەنێ کە ئەو ئارەق گوڵاوە پێ ئەکەنێ ئەسیری شێری دڵی ئەو کەسەم لە خۆشیانا کە کەوتە سیلسیلەی ئەو زوڵفەخاوە پێ ئەکەنێ بەدی ئەکا کە سەحەر موویی ڕۆژ و ڕوویی شەوم ئەڵێی بە من لە کەناری سەماوە پێ ئەکەنێ ئەزانی بێخود ئەگەر چۆنە بەم هەموو غەمەوە بەدەم بروسکەیی عَرَقُ النِّساءوە پێ ئەکەنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە دڵبەر گوفتوگۆیێکم نەبیست ئەی سینە ئەفغانێ لە دڵبەر گوفتوگۆیێکم نەبیست، ئەی سینە ئەفغانێ لە لێوی پێکەنینێکم نەدی، ئەی دیدە گریانێ دەسم ناگاتە شووشەی گەردنی مینایی، ئەی ساقی دەمم ناگاتە چاوی، ئەی عەرەقخۆرینە فنجانێ پەرێشانم، لەڕووی ئەو شۆخە لاچۆ ساتێ ئەی پەرچەم دڵم بەینێکە زۆر تاریکە ئەی شەو ماهی تابانێ گەهێ زامداری تێغی ناز و غەمزەم، چارێ ئەی جەڕڕاح گەهێ بیماری چاوم، ئەی ڕەئیسی سیححە دەرمانێ بە شەو شێواوی زوڵفی عەنبەرم، ئیمدادێ ئەی سونبوڵ بە ڕۆژ چەوتاوی باڵای دڵبەرم ئەی سەرو جەولانێ لە شەوقی ماهی ڕووی ئەو شۆخە تۆخوا پڕتەوێ ئەی ڕۆژ بە یادی چاکی سینەی، ئەی سەحەر سا دەی گریبانێ بەتاو هات لەشکری غەم، سا لە خۆ ڕۆییشتنێ ئەی دڵ مناڵی زۆرە شاری سینە، ئەی مەجنوون بیابانێ زەلیلم، بگرە دەستم کەوتووم، سا ڕەحمێ ئەی گەردوون فەقیرم، نامورادم، بێنەوام، ئەی مونعیم ئیحسانێ وەکوو بێخود لەمەولا بگرە بۆ خۆت ڕێگەیێ ئەی پێ لە مەولای خۆت بووێ تۆش چەشنی ئەو ئەی دەست دامانێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەرن بەزمێکی مەشرووعانە بگرین وەرن بەزمێکی مەشرووعانە بگرین بە کوێری چاوی پەروێز و جەم و کەی نەوەک نەقشی، تەریقەی مەولەوی وار بە زیکری جەهری و دەنگی دەف و نەی بە دەوری نووری دڵدا حەڵقە بەستین مەسەل ئەو مانگ و ئێمەش چەشنی هالەی بفەرموون ئەی قەدەحنۆشان بە ساقی لە کووپەی مەعریفەت تێکا ئەویش مەی دەری بێنین بە زۆری نوێڵی شادی درەختی غەم لە بنچینە و ڕەگ و پەی خودا، سا بۆ دڵی تاریکی ئیسلام لە تیشکی لوتف ئیتر یەک زەڕڕە دەرخەی بە چاوی سەر هەتا عالەم ببینین لە مەشریق تا بە مەغریب، ڕۆم هەتا ڕەی کە یاران مەستی بادەی لَمْ یَزَلْ بوون دەسا بێخود غوڵامت بم ئەتۆش دەی بڵێ ساڵی لە دایک بوونی «تەوفیق» کوڕی «ئەحمەد» کە یەعنی نووری دیدەی لە شێعری ئاخری نیوشێعری دوایی ئەگەر دیققەت بفەرمووی پێی ئەبەی پەی لە دنیا و لە عوقبادا ئیلاهی بە صاحبمال و جاه و ثروتی کەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک بێدڵ ئەڵێ حەیفە کە وا ساکنی باغی وەک بێدڵ ئەڵێ: حەیفە کە وا ساکنی باغی بولبول لە دڵت دەرئەکەی و تێکەڵی زاغی بۆ شێخ عومەر، ئەو سەروی ڕیازاتی عولوومە وا لافت ئەدا تۆ کە وەکوو لالە بە داغی لەوساوە کە جێی جەننەتە ئەو زاتە، کەچی تۆ لەم ئاگرەدا عەینی سەمەندەر بە دەماغی بێخود غەمی ئەو عالەمی باڵایە نەکەی فاش با هەر لە دەروونا بێ ئەگەر ڕاستی و ساغی لەو باغە ئەگەر ساڵی وەفاتی ئەو ئەپرسی گڵ لابەرە، ئەئریخیە ابن القرداغی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرێشانم لە حەسرەت دەردی دووری پەرێشانم لە حەسرەت دەردی دووری بە لوتفی خۆت بدەی یاڕەب سەبووری چ دووری؟ دووری تا ڕۆژی مەحشەر چ حەسرەت؟ حەسرەتێ تا نەفخی سووری گەهێ بۆ شاهەکەی ئەوڕەنگی تەمکین گەهێ بۆ ماهەکەی بورجی وەقووری یەکێ بابا ڕەسوولی خەڵقی بێدن یەکێ عەبدولکەریمی خانە شووری یەکێ جەننەت مەکانی بوو عوبەیدە یەکێ گوڵشەن تیرازی شارەزووری نەوەی پێغەمبەرێ بوون، نەک پەری و جین لە مەجلیسیا کە جەم کردوویە مووری شەهادەت نامەیی عیرفان لە دەستا موجازی مەدرەسەی دینی و شوعووری لە تەقدیسا وەکوو شێخی بریفکان لە تەدریسا مەلا یەحیای مزووری لە بێشەی عیلم و فەزڵ و شەرع و دنیا چ شێرێ بوون بە ئازایی و جەسووری خەیاتی سەرمەدی هەر زوو بڕیبووی بە باڵایان کەوا و خەرقەی غەیووری درێغا ڕۆین و منیان بەجێ هێشت لە ماتەمخانەیی تاریکی دووری بەهەشت ئارا کە بوون العِزُّ لله لە خۆشی خۆشیی غیلمان و حووری بِحمد للّه شەوانی غائیبانە موبەددەل بوون بە ئەییامی حوزووری لەپاش ئەم دوو چرای بەزمی عولوومە نەما پەروانە بۆی خۆشی و سرووری منم دائیم ئەکا دوودی هەناسەم لە سینەی مەجمەرا کاری بوخووری منم وەک نانەوا فرمێسکم ئاگر جگەر نان، چاو ئەکا ئیشی تەنووری شەهیدی تێغی ئیخلاسی حەقیقی بە فلسێ نایەوێ تۆپێ بلووری مەحەببەت ڕێگەیێکی ڕاستە قوربان نەکەی لادەی لە سەرحەدد و سنووری جیهان مادامەیێکی سینەمایە لە بەریا بێ کەوا کەوڵی سەمووری دەخیلت بم نەدا تەفرەت وەکوو من بە غازەی عاریزی و سپیاوی سووری پەنا بە خوا لە بەزمی جادوییدا لە ساقی چاوی و ساقی بلووری بە چاکەی پڕخراپەی گەر خەڕۆ بی یەقینت بێ کە سەرتاپا قوسووری هەزار کەیخوسرەوی و ئەفراسیابی هەزاران وەک سوپاهی سەلم و تووری هەموو هاتوون و کوشتوونی لە پاشا بە تۆپی نامورادی و تیپی زووری خوا ساڵی وەفاتی کاکە بابا مُنوَّر کەی مَزارستان بە نووری لە ساڵی فەوتی شێخ عەبدولکەریما مرصّع که أَویش یا رب قصوری زەمین تا پڕ لە سونبول بێ کەناری فەلەک تا پڕ لە ئەنجوم بێ جحووری ئەوی ماون بیانهێڵی ئیلاهی بە جاهی خۆت کەوا حەی و غەفووری خسووس دزیایش و دانای پریسی لەگەڵ ساداتی تەکیە و هانەسووری کە بێخود تۆزی داوێنی ئەوان بێ ئەشێ یا ڕەب لە تەقسیری ببووری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یانەی سەرکەوتن «یانەی سەرکەوتن» کە «نادی» ناوە لە شاری بەغدا بینا کراوە بانی ئەم یانەش مەعرووف جیاوکە کە بۆ قەومی خۆی اَلحَق باوکە لە ساحەی سەعیا ئازا و دەس و برد «مُشار اِلیە» گۆی سەبقەتی برد ڕەئیس و ڕوکنی ئەم یانە بەرزە چونکە هۆ ناکەن لە شێری شەرزە ئەگەر ئەویانە و ئەگەر ئەمیانە خوا سەربەرزیان کا ئەعزای ئەم یانە لەگەڵ سکرتێر کە ئەوڕەحمانە ئەو ئەوڕەحمانەی کە نووری جانە وەتەن پەرستە و خادیمی کوردە لە هەموو عیلما شارەزا و وردە گەر ئەو تەئریخەش نازانی چیە! ؟ ... ساڵی میلادی نۆسەد و سییە غایەی نادیمان بۆ ئەم کوردانە بڵاوکردنەوەی عیلم و عیرفانە وەک ئەخلاق، ئەدەب، تەئریخ، جوغرافی لەگەڵ یەکیەتی بە دڵێکی سافی وەکوو بە کوردی دانانی لوغات وەک تەشجیع کردن لەسەر مەسنووعات بۆ کتێب دانان لەگەڵ تەرجەمە هەرچەند تێکۆشین هێشتا هەر کەمە لە موساعەدەی تەلەبەی فەقیر تکامان وایە هیچ نەکەین تەقسیر قوتابی زیرەک بنێرین ئاوا بۆ وڵاتی دوور یانێ ڕۆژئاوا ئەمجا یارمەتی و ژینی ئەم یانە لە میللەتی کورد زۆر هیوامانە چونکە پێویستە بکرێ سەرفی ماڵ چ بۆ ئیستیقباڵ، چ بۆ ئیستیقلال ئیتر هەر بژی لاوانی وەتەن یانێ ئاوا بێ باوانی وەتەن! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەرچەندە دەوایی سەد دڵە لەو پەرچەمەت تەڵێ هەرچەندە دەوای سەد دڵە لەو پەرچەمەت تەڵێ ئەم پەندە تۆ لە من ببیێ و هیچ قسەش مەڵێ لەم بەزمی موسکیراتە دلێرانە زوو هەڵێ قەی کردنی سوراحی، ئەگەر تێ بگەی، ئەڵێ دڵ تێکەڵاتنە لەگەڵ ئەم خەڵقە تێکەڵی... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمە بۆی نەسیمی بەهارە یا خەبەری سرووشی هەوایییە ئەمە بۆی نەسیمی بەهارە، یا خەبەری سرووشی هەوایییە دەمی ڕۆحبەخشی نیگارە، یا نەفەسی مەسیحی سەمایییە کە دڵی بە عوقدە کرایەوە گوڵی ناشکوفتە گەشایەوە نە ئەوە و نە ئەم، نە ئەمە و نە ئەو، هەموو موعجیزاتی خودایییە دەمی ئیبتیدایی مەسەڕڕەتە، نەفەسی نیهایەتی میحنەتە لە هەموو محاڵەوە عوشرەتە، لە هەموو وڵاتەوە شایییە خەبەری قودوومی کەسێکە وا کە ئەکا برینی دڵان دەوا کە لەبۆ جیهادی کولەی هەوا لە تەرەف خوداوە غەزایییە قەمەری سەمایی سەیادەتە، حەجەری بینایی ڕەشادەتە گوهەری هومایی سەعادەتە، دوڕی تاج و ئەفسەری شایییە ئەسەری حەبیبی ڕەسوولە ئەو، جگەری نەجیبی بەتوولە ئەو سەمەری قَضیبی قەبووڵە ئەو، گوڵی باغی ئالی عەبایییە ئەتەوێ ئەگەر گوڵی سەرمەدی، وەرە باخی نەعتی موحەممەدی ببە بولبولێکی موئەببەدی، ئەمە شێوەیی ئودەبایییە لە تەریقیا نییە خوسرەوێ، کە نەبێ بە خاکی قەدەم لەوێ بە خەیاڵی خۆی کە دەسی کەوێ، بە تەمای مەقامی گەدایییە مەلەکە و بە شاپەڕی سەوزەوە شەو و ڕۆژ خەریکە گەسک ئەدا فەلەکە و بە کوندەیی هەورەوە هەموو ئیش و کاری سەقایییە دڵ و جەرگی بێخود ئەگەر لەتە، بە خودا بە تێغی مەحەببەتە بە ئومێدی شەهدی شەفاعەتە، سەر و ماڵ و ڕۆحی فیدایییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی خاکی سیاه مستەفا مەزهەر بەگ ئەی خاکی سیاه مستەفا مەزهەر بەگ بیناسە مودیرێکە مەعاریف پایە وا هات و لە خزمەتی نەفەرمووی سستی چونکی ئەوە وەک هوما و تۆ وەک سایە بۆ ساڵی وەفات و ڕیحلەتی بێخود ئەڵێ: صەدرێکە لە خانەدانی قازانقایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵ لە داخی ئەو مەهە بتلێ بە دەردەوە ئەی دڵ لە داخی ئەو مەهە بتلێ بە دەردەوە بڕژێنە ئەشکی گەرم بە دەم ئاهی سەردەوە دەرچوو بە داخی عەشقەوە ڕۆحی ڕەوانیان فەرهاد بە بێستوونەوە، مەجنوون بە هەردەوە گەر وەسفی گەنجی ڕوویی ببێ جارێ باخەوان وێران ئەکا چەمەن بە هەموو دار و بەردەوە شۆرێ بە یادی لێوی بڵێ ئەی حەمەی عەلۆ ئەمما بە شێعری مونتەخەب و بەیتی فەردەوە بێخود لەباتی سورمە لەسەر چاوی دائەنێ ناڵی وڵاخی ئەو بە هەموو تۆز و گەردەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ قەدی تووبایی تۆ سەروی ڕەوانم بۆ چییە بێ قەدی تووبایی تۆ سەروی ڕەوانم بۆ چییە! ؟ جەننەتی فیردەوس و عومری جاویدانم بۆ چییە! ؟ تا موژە و ئەبرۆیی جەوهەرداری تۆ بێ ئەسڵەحەم خەنجەری قەزبین و شمشێری دەبانم بۆ چییە! ؟ ڕۆژی وەسڵت هەر سبەینێیە کەوا پڕتەو نەدا من لە تاریکی شەوی هیجرا ژیانم بۆ چییە! ؟ سەیری تۆی گەر پێ نەکەم کوێر بم، ئەگەر چاوم بوێ! وەسفی تۆی گەر پێ نەکەم لاڵ بم، زمانم بۆ چییە! ؟ تا بەهاری ڕوویی گوڵڕەنگت بڕێژێ ڕەنگی حوسن سونبول و نەسرین و لالە و ئەرخەوانم بۆ چییە! ؟ بۆ قەدی هەروەک عەسایە غەیری قومری مەشرەبان هیچکەسێ نازانێ ئاهی ناتەوانم بۆ چییە! ؟ جێگە گازی من هەتا ئەو ڕوومەت و ئەو لێوە بێ سێوی سەردەشت و هەناری شارەبانم بۆ چییە! ؟ تۆ کە چاوت پێم بڵێ دەرسی زوبانی ئەجنەبی وەک موفەتتیش بەگ ئیتر من تەرجومانم بۆ چییە! ؟ یار کە فەرمووی بێرە باغی ڕوومەوە بۆ گوڵچنین بێخود ئیتر ئیزن و پرسی باخەوانم بۆ چییە! ؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود کە وا بە جان و دڵ ئەی خواجە بەندەیە بێخود کە وا بە جان و دڵ ئەی خواجە بەندەیە بەندەی وەفای شێخەکەی ئەحمەد بڕندەیە عەبدولکەریمی خۆم کە لە باخی مەحەببەتا وەک گوڵ بەڕووی هەموو کەسەوە دەم بە خەندەیە ڕۆحم لە خۆشی قاقەزەکەت زوو کە دەر نەچوو... جانسەختە، تیرەبەختە، نەفامە و سەهەندەیە یا شێتی عەشقی دڵبەرە ئاگای لە خۆی نییە یا وەحشییێکە هەمدەمی دەعبا و دڕندەیە تریاقی نامەکەت کە گەیی بێخودی سەلیم باکی لە ماری غەم نییە گەرچی کوشندەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە شەو دەرزیی موژە مەشغووڵە یەعنی چاک ئەکا سینە بە شەو دەرزیی موژە مەشغووڵە یەعنی چاک ئەکا سینە بە ڕۆژ چۆغەی دڵی عالەم ئەدا ئەو شۆخە ماکینە وەها پەرچەم ئیحاتەی دەوری جەبهەی داوە ڕۆژ و شەو ئەڵێی تەسخیری موڵکی ڕۆم ئەکا ئەم حاکمی چینە کە پێی هێنایە باغی دڵمەوە یارم بە دەستی ناز گوڵی سەبری چنی یەک دەفعە ئەو بێ ڕەحمە گوڵچینە لە تەحریکی مەکینە هاتە گوێم دەنگێ بە سۆز ئەیوت: خوا بمکەی فیدای ئەو ساعید و ساقی بلوورینە بە ئەبرۆی وەسمە ڕەنگی کوشتمی، خوێنم مەفەوتێنن گەواهم بۆ سبووتی موددەعا شمشێری خوێنینە لە شەوقی ئینعیکاسی خاڵی ماوی ئەو کەوا تاقە لەبەر نیلۆفەڕی ئەنجوم زەمین وەک ئاسمان شینە هەناسەی لێوی لالەی کێیە وا ڕەنگی بەهاری ڕشت کە ئەم دنیایە یەکسەر باغە، ئەم سەحرایە ڕەنگینە خوا بمکەی بە پۆڕێ ئاشیانم مەنزەری ئەو بێ کە شایەد ببمە سەیدی غەمزەیی ئەو چاوە شاهینە بە وەسڵی ئەو نیگارە بێ ڕەقیب زەحمەت بگەی بێخود لە دنیادا کەسێ بێ ئەژدەها نەیدیوە گەنجینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا لە من ئەو ماهی چاوبەخومارە خۆی ون کردووە تا لە من ئەو ماهی چاوبەخومارە خۆی ون کردووە تفڵی دڵمی تووشی بیماری سەروبن کردووە من لە حەڵقەی خەتمی نازا زۆر هیلاکی غەمزە نیم ڕابیتەی ئەبرۆ جگەرمی ئەنجن ئەنجن کردووە قەت بە بێداریم نەدی تالیع، ئەڵێی مامانی دەهر... گۆشی ئەم منداڵە بەدبەختەی بە نووستن کردووە تۆ خودا با هیندە بگریم تا بزانن شارەزوور سەیلی فرمێسکی من ئاوی زەڵمی لیخن کردووە خوا لە دزیایش هەتا ئەحمەد بڕندە و تا پریس تا عەبابەیلێ و هەڵەبجەی قیبلە بۆ من کردووە ئەی فیدای ڕەحم و وەفاتان بم، مەگەر من یۆسفم ئەم برای خۆتانە وا ئاوارە و ون کردووە ئێوە عیلم و فی المثل بەندەش مەلا، بێ ئیختیار خوا منی بۆ خوانی وەسڵی ئێوە نەوسن کردووە گەر کەتان و ڕۆژپەرستی ئێوە نیم، بۆ ڕۆژ و شەو ڕووم لە مانگ و ڕۆژی وارماوا و بێدن کردووە نامەتان نایێت و ئەشزانن کە چاوڕێژی ئەزەل چاوی تاریکی منی بەو سورمە ڕۆشن کردووە هێندە بێ ڕەحمن ئەڵێی ئاسنگەری ڕۆژی ألَسْت دەرحەقی من لەوحی دڵتانی لە ئاسن کردووە گەر ئەپرسن چۆنە بێخود؟ دڕک و داڵی دەشتی ئیشق دوور لە ئێوە پێی دڵیشی دەرزیئاژن کردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵم مەفتوونی چاوی دڵبەرێکی نیکتەپەردازە دڵم مەفتوونی چاوی دڵبەرێکی نیکتەپەردازە کە مەحزی حوسنە، عەینی شۆخییە، سەرچاوەیی نازە لە باغی نازکیدا موعتەدیل سەروێکی ساوایە لە دیوانی چەمەنزاری دڵا فەردێکی مومتازە بە زۆری حوسنی خۆی ئیقلیمی ئەرز و ئاسمانی گرت لەسەر تەختی زەمین شاهی زەمان ماهی فەلەک نازە سووەیدای پەرچەمی وەک فەجری کازیب زوڵمەت ئەفشانە بەیازی گەردەنی وەک سوبحی سادیق پەڕتەو ئەندازە هەرێمی چاو و بەینی ڕوومەت و تاقی خەمی ئەبرۆ مەتافی نازە، کەعبەی ئیمتیازە، قیبلەیی ڕازە لە بازاڕی موحەببەتدا هەزار لۆمەم بکەن ئیخوان ئەڵێم ئەم یۆسفە، پێغەمبەرێکی خاوەن ئیعجازە دەخیلت بم بڵێ ڕازی دڵی خۆی دەرنەخا بێخود کە ئەم کەرکووکە جێی ڕاوی شەهێن و واشە و بازە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لاواندنەوەی کەریم بەگی حاجی عەبدوڵڵای کەرکووکلیزادە بەندی یەکەم دیسان لە ئێمە قاپییەکەی غەم کرایەوە دەرگای تەرەب لە عالەمی دڵ داخرایەوە دیسان جگەر کرا بە قەنارەی مەشەققەتا یەعنی دوکانی چەرخی جگەرچی کرایەوە دیسان برینی کۆنی غەمی ئێمە هاتە سوێ جامی فەرەح بە بەردی حەوادیس شکایەوە دیسان دو چاوی سووری وەتەن بوو بە گۆمی خوێن فرمێسک وەکوو فوارە لە دڵ هەڵقوڵایەوە دیسان لیوای عەزا لە لیوا و ناحیە و قەزا بۆ کوردی قوڕبەسەر بە مەسەل هەڵکرایەوە ئەستێرەیێکی بورجی حوقووقی هەبوو وەتەن ئیمشەو لە پڕ کشا و بە جارێ کوژایەوە داخی غەمی فیراقی کە دانا لەسەر جگەر زامی هەزارساڵەیی دڵ وا کولایەوە گریا و وتی: وەتەن جگەری من بڕایەوە شەوقی چرایی مەجلیسی غیرەت کوژایەوە بەندی دووهەم ئەی چەرخی بەدموعامەلە تاکەی خەتا ئەکەی! ئەم کوردە بێکەسانە بە غەم ئاشنا ئەکەی! دەغڵی وجوودی ئێمە هەتاکەی ئەکەی بە ئارد! خەرمانی عومری ئێمە هەتاکەی بە با ئەکەی! جەڕڕاحی و کەچی ئەکوژی عالەمێ بە غەدر گۆیا برینی کۆنە و نوێمان دەوا ئەکەی! مەعشووق ئەکەی بە دوشمنی عاشق وەکوو ڕەقیب! باوک لە کوڕ ئەکەیت و برا بێ برا ئەکەی! کوردی فەقیر ئەبێ چ گوناحێکی کردبێ هەر لەحزەیێ بە سەد ئەلەمی موبتەلا ئەکەی عەبدولکەریم کە دوێنێ لەسەر تەختی ئینفیراد... حاکم بوو ئەمڕۆ مەسنەدی داری فەنا ئەکەی ئەم دایکی کوردی قوڕبەسەرەت خستە تەعزیە ئەولادەکانی چونکە دوچاری بەڵا ئەکەی ئەگری و ئەڵێ: وەتەن جگەری من بڕایەوە یاران چرایی بەزمی حەمییەت کوژایەوە بەندی سێیەم ئەی خاکی تیرە دڵ هەیە گەر زەڕڕەیێ حەیات ڕۆحت ئەکەیتە خادیمی سەرچاوەکەی حەیات زوڵمەت نەدیدە چونکە گەیشتی بە ئاوی خضر تۆ نامریت و عالەم ئەکا یەک بە یەک وەفات ئەو حاکمەی کە مەرکەزی قانوون بوو سنگی ئەو ڕاجیع بە تۆیە قوڕبەسەر ئەهلی موراجەعات ئەو حاکمەی کە عەینی وەفا بوو، حقووقی مەحز تەرکی سەریری مەعدەلەتی کرد و هاتە لات تۆش تۆ خودا وەرە وەکوو تێگەییوەکانی کورد تەقسیر مەکە لە خزمەتی، ئەی ڕۆحەکەم فیدات چەند ئەهلی غەدر و زاڵمی بێ دینی کرد ئەسیر چەند بێ گوناحی دا لە حەپسخانەدا نەجات زاتێ کەوا لە ماتەمی ئەودا بێ ئەهلی فەزڵ چونکی لە زایعاتی وەتەن بوو، لە زایعات ئەگری و ئەڵێ: وەتەن جگەری من بڕایەوە شوعلەی چرایی مەجلیسی عیرفان کوژایەوە بەندی چوارەم ئەی بولبولی گوڵی وەتەن، ئەی باغەوانی کورد ئەی باعیسی نیمایی درەختی ژیانی کورد ئەی واسیتەی تەرەققی میللەت بە ماڵ و ڕۆح سەر دەفتەری جەمیعی فیداکارەکانی کورد زەحمەت کە خۆش ببێتەوە تا ڕۆژی ڕەستخێز داغی غەمت لە جگەر سەروەرانی کورد بۆ غیرەت و وەفا و حقووقت لە ماتەمان گەورە و بچووکی میللەت و پیر و جەوانی کورد ئەوراقی سەبری ئێمە بەجارێ دڕیت، درێغ... ڕۆیی بەهاری عەیش و پەیا بوو خەزانی کورد تا موڵکی ئاوەدانی بەقا بوو بە مەنزڵت وێرانەکەی عەدەم بووەتە جێو مەکانی کورد تابووتی تۆی کە دی وەتەن ئەمڕۆ بە چاوی خۆی پشتی شکا کە عەشرەتی ساحێب نیشانی کورد گریاو وتی: وەتەن جگەری من بڕایەوە ئیمشەو ئەلەکتریکی شەوی من کوژایەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوبحی فەروەردینە ئەمڕۆ بولبولی دڵ بێ غەمە سوبحی فەروەردینە ئەمڕۆ، بولبولی دڵ بێ غەمە گەر لە خۆشیا ڕۆحی دەرچێ باخەوان هێشتا کەمە هەر دەڵێی غیلمان و حوورن نەو عورووسانی چەمەن ڕووی زەمین جەنناتی عەدنە، هێندە تازە و خوڕڕەمە وا لقی لاولاو بە قەد سەروی ڕەوانا هەڵچووە بۆ لە باوەش گرتنی باڵای بتان وەک پەرچەمە گوڵ خەریکی ڕەنگ و بۆ یەعنی شەبیهی ڕوومەتە خونچە مەشغووڵی تەبەسسوم، هەر دەڵێی لێو و دەمە زەمزەمەی سار و کەبووتەر وەک نەوای نای و نەیە هەمهەمەی دوڕڕاج و قومری ڕاست ئەڵێی زیر و بەمە بێنە ناو بەزمی چەمەن دنیا ببینن سەربەسەر نەشئەیی «نَظّارە» یی نێرگس ئەڵێی جامی جەمە با نەدوێن ئیتر لە ئەستێرەی شکۆفەی بورجی باخ بێینە سەر ئەوسافی نجم الدّین کە بەدری عالەمە چونکە میعماری تەریقەت باوک و باپیری ئەون بۆیە دیواری حەساری نەقشبەندی مەحکەمە ڕۆحی «هودهود» بۆ قوربانی دەم و لێوی نەبێ! ؟ وەک «سولەیمان» ی زەمان ساحەب نگین و خاتەمە بۆ لە یومنی مەقدەمی سەرتان نەگاتە ئاسمان! ؟ جیلوەگاهی ئافتابی ئێمە عەرشی ئەعزەمە خەڵقە بۆ ناچن لەبۆ ڕەوزەی بیارە بۆ تەواف؟ خاکی وەک خاکی بەقیعە، ئاوی ئاوی زەمزەمە نەک بە تەنها قەیسەری ڕۆم خادیمی دەرگای ئەوە بۆ سوجوودی حاجیبی خاقانی چین پشتی خەمە نێرگسی ئەو تا تەبیبم بێ چ باکم زەخمە من بۆ برینی زاهیر و باتین نیگاهی مەرهەمە هێندە بۆ ئیحیای دڵی مردوو یەدی بەیزای هەیە گاور و جووش پێی ئەڵێن مووسا دەسە و عیسا دەمە ئیلتیفاتی شاهی من بۆ دۆست و دوژمن وەک یەکە خزمەتی سِیّانە، گەر بێگانەیە یا مەحرەمە خاکی بەرپێی ئەو بە بێخود گەر بە ڕیفعەت تالبی دەس بە داوێن گرتنی بۆ بانی عیرفان سوللەمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەت بە دنیا دڵ مەدەن جادووگەری ئێرانییە سەبارەت: ئەم پارچە شیعرە بە بۆنەی کۆچی دوایی میرزا فەرجی حاجی شەریفەوە وتراوە کە لە ساڵی ١٣٧٣ی کۆچیدا مردووە قەت بە دنیا دڵ مەدەن، جادووگەری ئێرانییە سینەمایێکی پڕ ئاشووب و فریب و ئانییە قەت بە خۆشی و ئاشنایی و دۆستی باوەڕ مەکەن گەر تەماشا کەن ئەزانن دوژمنێکی جانییە هەرکە ڕۆژی عومری هەرکەس هاتە ئاوابوون، ئەجەل مۆڵەتی نادا قەسەم بەخوا بە قەد یەک سانییە خاوەنی شان و شەرەف میرزا فەرەج ئالی شەریف تاکوو دوێنێ بوو مەلیک، ئیمڕۆ مەلەک میوانییە بەسیە ئەم نیو شیعرە بۆ تەئریخی کۆچی ئەو کە وا... دەست و دامێن گیری عەبدولقادری گەیلانییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە حەسرەت لێوی ئاڵی ئەو نیگاری سوخمە شێرداخە لە حەسرەت لێوی ئاڵی ئەو نیگاری سوخمە شێرداخە دڵم یا خوێنە، یاخۆ داخە، کارم ئۆفە یا ئاخە بە یادی شۆخیی ئەو چاوغەزاڵەی کەبک ڕەفتارە نەزەرگاهی دڵی دێوانە یا سەحرایە یا شاخە ئەزانی من شەهیدی غەمزەم ئەی قەبرەڵکەنی دڵسۆز لە باتی گوڵ لە قەبرا تۆ خودا خارم لە بۆ ڕاخە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە سایەی نەخلی تووبای قامەتی ئەو نەونیهالانە لە سایەی نەخلی تووبای قامەتی ئەو نەونیهالانە سولێمانی بەهەشتی عەدلە، یەعنی پڕ لە غیلمانە دڵی زاهید بەجارێ بۆ نەبێتە بولبول و قومری؟ ! لەلایەک گوڵ، لەلایەک جیلوەیی سەروی خەرامانە عەلی کەیوانە، تەوفیق زوهرەیە، نووری شەباهەنگە عەزیز خان ئافتابی حوسنە، فائیق ماهی تابانە بە یادی خەندەیی ئەو بۆ نەژی غەوواسی دڵ، یاران «عەلی» یاقووتی یاقووتە، «عەلی» مەرجانی مەرجانە وەها بازاڕی حوسنی گەرمە «تەوفیق»، وەک «عەزیز» ی خۆم خەریکی ڕۆحە بیدا موشتەری گەر ماهی کەنعانە بە سەربەستی مەڕۆ ئەی «بیژەن»ی دڵ بۆ نەزەر بازی مەگەر نازانی «نووری» ساحەبی چاهی زەنەخدانە ئەوە ڕوخسارە یاخۆ قیبلەیی حاجاتی ئیسلامە! ئەوە میحرابە، یا تاقی خەمی ئەبرۆی «عەزیز خان»ە لە توڕڕەی کافری «فائیق» مەدەن ئەی ڕەهڕەوانی دین ئەوەندەی لێ ئەزانم ڕەهزەنی کاروانی ئیمانە لە عەبدێکی وەکوو من گەر ئەپرسن سەییدت کێیە؟ ئەمیری مالیکی جان، یەعنی شاهەنشاهی خووبانە یەدی بەیزای بەغەڵ پەروەردەیی ئیعجازی شۆخێکە لە عەینی فەسڵی شەودا ساحەبی سوبحی گریبانە زەمانی نەزعە، توخوا لێم مەپۆشە، چاوەکەم چاوت پیاڵەت بێنە گەردش ساقیا، سا وەختی ئیحسانە ئەوەندە وەسفی لەعلی لێوی شیرینی ئەمانەم کرد کەلامم بۆیە وەک «بەنگاڵ»ە، بێخود شەککەرستانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میرم هەتا وەفا و تەوازوع شیعارتە میرم هەتا وەفا و تەوازوع شیعارتە یەزدان موعین و حیرزی دۆعای ئێمە یارتە بولبول لە فیرقەتی گوڵە کەوتۆتە حەلوەلا یا دەممە بەم بەیانییە وا بێ قەرارتە! شوکری خودا بە تیری توهەمتەن وەک ئەشکەبووس سینەی عەدوو بە تێغی حەسادەت فگارتە بێخود ئەسیری مەعریفەتت چۆن ئەبێ نەبێ تۆیێ کە شێری بێشەیی عیرفان شکارتە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوردینە بە گەل بێنەوە وا وەختی سروورە کوردینە بە گەل بێنەوە وا وەختی سروورە وەختی گوڵ و ڕێحانە و ئەسرین و چنوورە بڕواننە گوڵشەن کە ئەڵێی بۆقەلەموونە گەه سەوزە، گەهێ زەردە، گەهێ ماوی و سوورە بڕواننە ئاونگ و گیا تاکوو بزانن... ئەم هەر وەکوو زمڕووتە، ئەویش چەشنی بلوورە بڕواننە دنیا کە ئەڵێی جەننەتە ئیمڕۆ لایێ هەموو غیلمانە، لەلایێ هەموو حوورە نێرگس کە تەماشاگەهی سەیرانکەرە ئیمڕۆ وەک چاوی بوتان خاوەنی سەد جۆرە فتوورە خزمینە ئەگەر باسی من و باوکم ئەفەرموون ئاغایە سولەیمان و کەمالیش وەکوو موورە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەوسەر وەکوو تەنوورەیی چاوی پڕاومە کەوسەر وەکوو تەنوورەیی چاوی پڕاومە دۆزەخ وەکوو تەنووری دڵەی پڕ هەڵاومە ئاخۆ ئەلەکتریکە شەوی کردە عەینی ڕۆژ یا خۆ بڵێسەی ئاگری کوورەی بە تاومە لەنگێزەیی بەهارە کە هەڵساوە «خاصە»، یا فرمێسکی چاوی سووری بەخوڕ داڕژاومە یەک جێگەپێ نەمایەوە بۆ من زەمینی دەیم یەعنی لە فەیزی گریەوە دنیا بەراومە بۆنی کەبابە، بۆچەکی چزڵیکە دێ لە دوور یا بۆچرووکی جەرگ و دڵی هەڵکزاومە هێلانە زەردەواڵە ورووژاوە بەم شەوە یا گرمەگرمی سینەیی کونکونکراومە داخی شکستی دڵ نییە ئەیخۆم لە موددەعی دەردی بە بەردی حادیسە شووشەی شکاومە غەم واسیتەی حەیاتی منی بێکەسە و فەقیر غەم نان و ئاو و چایی و گۆشت و پڵاومە بەربووم ئەگەر لە داوی تەعەللوق، ئەما بە ڕۆح... دڵ گورپەگورپی پەرچەمی چین چین و خاومە وا تێ نەگەی لە ڕەعشەیی پیریمە ئەی جەوان لەرزینی تیری غەمزەیی شۆخێکی لاومە شۆخێ کە یادی ئارەقی بۆنخۆشی لاملی قۆڵۆنیا و شووشەیی عەتر و گوڵاومە شۆخێ کە ڕابیتەی دەمەکەی پڕ لە خەندەکەی خۆنچەی گوڵی بە ئاوی حەیات ئاودراومە شۆخێ کە یەک موژەی بە مەسەل بۆ زەبیحی من سەد خەنجەری خەلیلی بەدایم سواومە پەروانە نیم کە عاشقی شەمعی کوژاوە بم پەروای چرایی تاکوو ئەبەد هەڵکراومە مەجنوونی لەیلی چاوی غەزاڵێکی «هاشمی» م شاهید دەروونی چاک و یەخەی دادڕاومە یۆسف مەتاعی من نییە لێم لادە ئەی عەزیز سەودای نگینی خەتمی ڕیسالەت بە ناومە بۆ گۆشەیێکی تێغی برۆی وەک ژنانی میسر پەیوەستە ئارەزووی لەپی دەستی بڕاومە بۆ زەڕڕە خاکی توربەتەکەی ڕەشکی جەننەتی یەک دەفعە بووم بە نێرگس و هەر چاوەچاومە *** ئەو توربەتەی کە سە یقەلی میرئاتی چاومە ئیکسیری قەلبی مەعاسی خوراومە ئەو توربەتەی کە خۆڵ و گڵ و وردە بەردی ئەو ئاڵتوون و زیو و لیرە و غازی و دراومە ئەو توربەتەی کە تۆزی ئەگەر بێتە سەر سەرم نایدەم بە تاجی خوسرەو و جەم گەر کڵاومە ئەی بازی سیدرە تۆبی خودا بۆچی ناگری نێچیرەکەت کە پۆڕی دڵی هەڵفڕاومە هەر فیکری تۆیە باعیسی ژین و حەیاتی من هەر زیکری تۆیە قووەتی ئەژنۆ و هەناومە هەر وەسفی ڕووتە هەر قسەیێ وا لەسەر زمان هەر سەرفی مووتە هەرچی خەیاڵی بڵاومە هەر وەک مناڵە کوردێ کە ون بێ لە باوکی ئەگریم بەرەو مەدینە و هەر باوەباومە مەڕوانە چاوی تەڕ، بە خودا زۆر خەجاڵەتم گریان نییە، دڵۆپی حەیاکەی تکاومە باکم لە دانەنیشتنی مەنهی نییە، بەڵام ترسی بە ئەمری حەزرەتی تۆ هەڵنەساومە چاکەم بە دەست خراپەوە هەر زاک و زووکییە چ بکەم پەرۆشی ماڵی بەتاڵان براومە سا تۆش بفەرموو: خادیمەکەی دەرک و بانی خۆم پەت کەن کە چونکە ئەو سەگی قول هەڵکراومە یەعنی بە شەو ئەگەر سەگە، ئەیکەم بە توولە ڕۆژ ئەم سەگ بە توولە کردنە بۆ پاس و ڕاومە من چونکە غەیری شێعر و غەزەل هیچی کەم نییە بۆ خزمەتت هەر ئەم دووە دیاری نراومە دایم لە سەییدم ئەمەتە جائیزەم بڵێ: بێخود قولی بە نەقدی شەفاعەت کراومە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گڵی یاقووتە تۆزی عەنبەری سارایە بەرزنجە گڵی یاقووتە، تۆزی عەنبەری سارایە بەرزنجە گیای زمڕووتە، بەردی گەوهەری یەکتایە بەرزنجە لەلای کوێر گەر بینای وەک دۆزەخە، ئەمما لەلای چاوساغ... وەکوو قەسر و قوسووری جَنَّةُ المَأْوى یە بەرزنجە مەتافی یادگاری شێری یەزدان و حُسَیْنَیْنە زیارەتگاهی ئالی حەزرەتی طاها یە بەرزنجە نەوەک هەر کانیاوی عەینی شەهد و شیر و تەسنیمە درەختیشی لەلای ئەربابی خۆی «تووبا» یە، بەرزنجە بڵێ ڕووی تێ نەکەن دەججاڵ و فیرعەونی زەمان، بێخود کە جەولانگاهی شێخ عیسا و شێخ مووسایە بەرزنجە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ساڵی مەغفیرەتی عارف ئەفەندی ئالی حەسەن لە ساڵی مەغفیرەتی عارف ئەفەندی ئالی حەسەن ئەگەر سوئال ئەکەن ئەی بولبولانی باخی لەقا بەدەم سەباوە برا مردووانە بێخود ئەڵێ: لە خاکی نزمی فنا گەییە سەطحی بەرزی بەقا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود ئەتەوێ قەسری قەناعەت بێ جێت بێخود ئەتەوێ قەسری قەناعەت بێ جێت ڕازی بە بەوەی کەوا خودا داویە پێت گەر بچیە گەرووی تەنگی نەهەنگیشەوە، تۆ ئەو ڕزقە کە دانراوە بۆت ئەی نێرێت... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە ساڵی مەغفیرەتی حاجی ساڵحم پرسی کە ساڵی مەغفیرەتی حاجی ساڵحم پرسی لە شاعیرێکی وەکوو بێخودی بەدیعە نیکات ئەویش موناسیبی ئەو جانفیدایی ساداتە وتی: شَهیدِ صحیحِ محبّتِ سادات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەببی بە جاهی جامی ساقیی کەوسەر یا ڕەببی بە جاهی جامی ساقیی کەوسەر یا ڕەببی بە تووبای قەد و باڵای دڵبەر بێخود کە لە دۆزەخی گوناهایە مەدام بیبەخشە بە چاوە جوانەکەی پێغەمبەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود ئەم تەئریخە تۆ داتناوە لەم نیوشیعرەدا بێخود ئەم تەئریخە تۆ داتناوە لەم نیوشیعرەدا زەحمەتە سنعاتی وا کەس کردبێتی بێ خیلاف ساڵی تەولیدی حەسەن بەگزادە سەروەر فەحلی جاف سال تَولیدِ حسن بگ زادە سرور فحلِ جاف ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەڕسەڕی مردن کە هات و دای بە با وەک گەردە لوول سەڕسەڕی مردن کە هات و دای بە با وەک گەردە لوول خەرمەنی عومری تیجارێکی نەجیب ئەی بُو الفُضُول بێخودیش ئەم نیوەشیعرەی کردە تەئریخی، وتی: مَعفُوه حاجی فتاحی قادری حاجی رسول ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیید نەسەبێ لە نەسڵی زەهرایی بەتوول سەیید نەسەبێ لە نەسڵی زەهرایی بەتوول یەعنی نەتەوەی عەلی فوحوولی ئیبنی فوحوول بۆ ساڵی ویلادەتی ئەو ئارامی دڵە بێخود وتی: شیخ محمّد اولادِ رسول ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمجا لە عوود و ڕوود و نەی و مەی شەراب ئەدووم ئەمجا لە عوود و ڕوود و نەی و مەی شەراب ئەدووم یەعنی لە غەیری ساقی و موتریب خراپ ئەدووم لەوساوە عاشقم بە برۆ و ڕوویی دڵبەران دایم لە مانگی یەکشەوە و ئافتاب ئەدووم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود لە ڕووی نیازەوە ئەی نازەنین ئەڵێ بێخود لە ڕووی نیازەوە، ئەی نازەنین ئەڵێ: جارجار بە چاوی لوتف بڕوانە سوورەتم من بۆیە سەیری تۆ ئەکەم و ڕووم لە کەس نییە تا تێ بگەی کە تۆی هەدەفی تیری حیرەتم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەسا ئەی میرزا مەهدیی زەمان ئەی کاشیی نادر دەسا ئەی «میرزا مەهدی»ی زەمان، ئەی «کاشی»ی نادر کە بۆ نادیدە خەتتاتێکی چەشنی ئێوە داماوم لە کێلی قەبرەکەی تەئریخی کۆچی کاکە «ئیبراهیم» بنووسن: شێخ برایم ڕۆ بە خوێناوی گەشی چاوم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر ئاغا لە دنیا زۆر فەقیر و موستەحەق ڕۆیی ئەگەر ئاغا لە دنیا زۆر فەقیر و موستەحەق ڕۆیی بە ئوممێدی زەکاتی عەفو بۆ دەرگاهی حەق ڕۆیی لە بێخود پرسیان ساڵی وەفاتی، چونکە تیفۆی بوو وتی: نووسیومە قالەی تۆفێق آغا بێ عەرەق ڕۆیی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی پیاڵەگێڕی مەجلیسی تۆ تووسی نەوزەری ئەی پیاڵەگێڕی مەجلیسی تۆ تووسی نەوزەری کەیخوسرەوی زەمانی و جەمشیدی کیشوەری تەندووری دڵ بە ئاگری غەم جۆشی سەندووە بەزمم دەمێکە ساردە لەبەر بێ سەماوەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود ئەم شیعرەیە تەئریخی وەفاتی زاتێ بێخود ئەم شیعرەیە تەئریخی وەفاتی زاتێ کە کەسێ بوو بە وەفا و بە حقووق و وەتەنی کاک امین زادە عزیزِ همو کەس کاکە حَمە رب عَفوی کە بە اِعجازِ ڕسولِ مَدَنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود بەسە بۆ وەفاتی ئەحمەد موختار بێخود بەسە بۆ وەفاتی ئەحمەد موختار ئەم میسرەعە، دەک خوای لێ بێ ڕازی تەئریخی موجەوهەری ویداعی قازی: تأریخی مجوهری وداعی قاضی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود تاکەی خەریکی ئیشی قۆڕی بێخود تاکەی خەریکی ئیشی قۆڕی بۆ گرتنی ماسیی هەوا وەک تۆڕی بۆ گۆڕی جیهان ئەگەر بە بەهرامیش بی بەخوا قەسەم ئاخری ئەسیری گۆڕی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود لە خەوی غەفڵەت ئەگەر هەڵساوی بێخود لە خەوی غەفڵەت ئەگەر هەڵساوی ئەم پەندە بە گوێی دڵ ببیێ تا ماوی وەک تەرکی تەماشایی ژنت کردوە هەتیو مەڕوانە لیباسیشی ئەگەر تۆ پیاوی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود مەبە قەت تێکەڵی دنیایی دەنی بێخود مەبە قەت تێکەڵی دنیایی دەنی هەر ڕووت بە لە ئەلبیسە و قوماشی وەتەنی بۆ خاکی وجوودی تۆ لەڕێی تەجریدا ئیکسیرە نیگاهێکی ڕەسوولی مەدەنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود وەرە بێ پەردە بڵێ خۆت وتەنی بێخود وەرە بێ پەردە بڵێ خۆت وتەنی ئەم شیعرە بە بای سەبای عێراقی و یەمەنی ڕۆحی من و پەروانەیی شەمعی سەری غەوس دەستی من و داوێنی ئووەیسی قەرەنی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من کە ئیسلامم لە سایەی موعجیزەی پێغەمبەری من کە ئیسلامم لە سایەی موعجیزەی پێغەمبەری ئەم ئەبووجەهلانە، بێخود پێم ئەڵێن تۆ کافری ڕەببی ڕووڕەش بم ئەگەر نێزیکی ئەم بوختانە بم خۆ ئەگەر دوورم ئیلاهی، ڕووسپی بێ موفتەری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یا ڕەب بە شەفاعەتی شەهی سەرمەدەکەی یا ڕەب بە شەفاعەتی شەهی سەرمەد کەی بێخود لە سەگانی قاپیی ئەو عەد کەی یەعنی لە موحاکەماتی ڕۆژی حەشرا ئەوراقی گوناهی ئەو بە ڕەحمەت سەد کەی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێخود شەوەکەی هەتا بڵێی تاریکە بێخود شەوەکەی هەتا بڵێی تاریکە ڕێگەش بە خودا درێژ و زۆر باریکە کاروان هەموو باری کردووە ڕۆیشتن، تۆش خۆت گورجەوە کە کە ڕۆینت نێزیکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەپس و عەزلی من لەسەر شانم ئەگەرچی برمەیە حەپس و عەزلی من لەسەر شانم ئەگەرچی برمەیە چونکە ئەمری ئێوە بوو پاڵتاوی شاڵی تورمەیە گەردی ڕێت تاکەی لە بێخود مەنع ئەکەی ئەی ماهی میسر چاوی ئەم یەعقووبە موحتاجی جەواهیر سورمەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەندت لە دەسم خودا هەرچی موڵکی منە سەندت لە دەسم خودا هەچی موڵکی منە دات بەو تەرەسەی کەوا نە پیاوە و نە ژنە لەم گەردشی چەرخە تێگەییم ئەی بێ باک شیر لێدەر و دەفزەنت وەکوو یەک لە کنە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: فیدات بم تۆ و خودا ئەی قەبری تەنگ و تیرە بڕوانە فیدات بم تۆ و خودا ئەی قەبری تەنگ و تیرە بڕوانە کە ڕووناکی دوو چاوی بێخودت ئێستاکە میوانە ئەگەر دیققەت بکەی لەم میسرەعی تەئریخە، ئەیزانی لەبیبێ بۆتە میوانت کە ئارامی دڵ و جانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بێخود ویستیان بۆ کۆچی شێخ ئەحمەد لەقەب موختار لە بێخود ویستیان بۆ کۆچی شێخ ئەحمەد لەقەب موختار بە هیجریش ساڵی تەئریخی بڵێ ئەو پیری وەستایە ئەویش فوجئی لە تەئسیراتی خەرقی عادەتی مەرحووم بە حەرفی جەوهەری نووسی کە قازی جنّت آرایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مارت و نیسان مایس و مانگی حوزەیران و تەمووز مارت و نیسان، مایس و مانگی حوزەیران و تەمووز ئاب و ئەیلوول و دوو تشرین و دوو کانوون و شوبات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەی بێ تۆ بەهار بی و تۆ نیگار بیت و ویساڵ بیت کەی بێ تۆ بەهار بی و تۆ نیگار بیت و ویساڵ بیبینێ ڕەقیب ڕۆحی لە داخا دەرچێت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مشک و گا جووت و پڵەنگ کەروێشک و ماسی گەورە مار مشک و گاجووت و پڵەنگ، کەروێشک و ماسی، گەورە مار ئەسپ و مەڕ، مەیموون و مورغ و سەگ، بەرازی شفرە دار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساڵی بێ بارانی و ئەشیا گرانی ئەی ڕەفیق سەبارەت: ١٩٤٨ ساڵی بێ بارانی و ئەشیا گرانی، ئەی ڕەفیق سال بی بارانی و اشیا گرانی ای رفیق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەرەکتە گەر نەکەی وەختێ کە چوویتە شاری تەقتەق تەق گەرەکتە گەر نەکەی وەختێ کە چوویتە شاری تەقتەق تەق دەخیلت بم نەکەی قەت جێ بە تەیری حاجی لەقلەق لەق ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی گوڵی گوڵستانی کوردستان ئەی گوڵی گوڵستانی کوردستان وەی مەلی نەشئەبەخشی پیر و جوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جەمال فەهمی کە ساڵۆنی زەفافی پڕ تەدارەک بوو جەمال فەهمی کە ساڵۆنی زەفافی پڕ تەدارەک بوو بِحَمْدِ اللّه بە تەئریخ کاری خێری لێ موبارەک بوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستم کە بە سەد وەعدە لە سەد لاوە شکاوە دەستم کە بە سەد وەعدە لە سەد لاوە شکاوە جەبری نییە ئەم کەسرە هەتا نەیخەمە ئەستۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەئریخی عەزل و حەپسی ڕەزا شاهی پەهلەوی سەبارەت: ١٩٤١ تەئریخی عەزل و حەپسی ڕەزا شاهی پەهلەوی ئەبجەد ئەگەر بزانی رضا شاه پهلوی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەگەر مەیلت لە دڵ دەرچێ هەتا ڕۆژی جەزا بێخود ئەگەر مەیلت لە دڵ دەرچێ هەتا ڕۆژی جەزا بێخود جەزای ئەو بێ وەفایە ڕەببی دەردی بێ وەفایی بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە ئەسبابی فەرەح ساڵۆنی بەزمت پڕ تەدارەک بێ لە ئەسبابی فەرەح ساڵۆنی بەزمت پڕ تەدارەک بێ شەوت هەر ڕۆژ و ڕۆژت جەژن و جەژنت لێ موبارەک بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە پرسیم ساڵی تەئریخی زەفافی قرة العینم کە پرسیم ساڵی تەئریخی زەفافی قُرَّةُ العَیْنم خیرەد دەرلەحزە فەرمووی: کارِ خێری لێ مبارک بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەوی دانایە جەرگی وەک پەڵاسە ئەوی دانایە جەرگی وەک پەڵاسە ئەوی نادانە نازانێ چ باسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاغەزت هات و دڵی مردووی منی چا کردەوە کاغەزت هات و دڵی مردووی منی چا کردەوە وەک مەسیحا، سامی ئیبنی نووحی ئیحیا کردەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کاغەزم نووسی بە خوێنی دیدەکەم کاغەزم نووسی بە خوێنی دیدەکەم نووری چاوم، ڕۆحەکەم، بیخوێنەوە ++++++++++++++++++++++