شاعیر: پیرەمێرد کتێب: شیعری نیشتمانی سەرناو: سەر لەژێر سیدارە نانێم کوردم و تەپلەم بەسە سەر لەژێر سیدارە نانێم کوردم و تەپلەم بەسە جۆق و بۆقم بۆچیە، گۆرانی و چەپڵەم بەسە ئاسمانی باوەپیارە، کاری بۆ فیصل نەداین مائدەی بۆ عمرو زید بێ، من بە روو خەپلەم بەسە قەت گەزۆ ناخۆم کە ناوی (من)ە، زادەی منەتە کوردی دۆشاو خۆرم و (چرکی)، (دڕی) و (رەزڵەم) بەسە هەر بە منداڵی لەسەر شاخی بڵند پەروەردە بووم بەرزە ئەستۆم نانەوێ بۆ مسند ئەم ئەقڵەم بەسە سانعی ئەم ئەرزە ئێمەی خستە ژوور بەغدا بەجێ زۆر بەجێیە (عصبه) مۆری کرد و ئەم شەقڵەم بەسە وەک غەرامەفون لە قەشقە، هەوهەوی سوارەی بەبان هەر لە گوێم دێ ئێستەکەش ئەم عەنعەنەو تەپڵەم بەسە ئەو کەسەی خۆی وا لەژێر خەڵکدا ئەڵێ: سوارت ئەبم ئەحمەدی سوارەو حەمەی خەتابم ئەم نەقڵەم بەسە بۆچی وەک کەو جنسی خۆم راکێشمە ژێر داوو بەڵا دانی گەنمی ناو قەفەس ناخۆم و گیاو گەپڵەم بەسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەفدی کوردستان وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان!! چەپکێ لە گوڵەکەی، باخەکەی سەرا کە بە خوێناوی لاوان ئاو درا بیبەنە خزمەت عەرشی عێراقی بڵێن یار باقی و هەم سوحبەت باقی پەردەو تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر بڵێن پاش کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر دەک خەجاڵەت بن لەڕووی مەحشەرا!! ئێمە خاکی خەم ئەکەین بەسەرا ئێوەش ئەو عەرشی بەخوێن گوڵ رەنگە سوجدەی بۆ ئەبەن هیچ ناڵێن نەنگە کورد نەمردوە، خەیاڵتان خاوە بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە من رەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ مژدەی شەفەقی لێ دەست ئەکەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بۆ گیانی قارەمانانی کورد سەبارەت: ٢٤ی ئایاری ١٩٢٥ ئەم ئاسمانە شینە کەوا بەرگی ماتەمە تەحلیلی وا کراوە، کە قوبەی غەمە، تەمە چەرخێکی کۆنە، ماکینەکەی ژەنگی گرتووە چەوری نەکا بە خوێن پەکی سووڕانی کەوتووە پیرێژنێکە، هەر شەوەی شوویەک ئەکا بە خەڵق سووراو بە خوێنی مێردی ئەکا پێی ئەڵێن شەفەق گوڵگون بە خوێنی عاشقا دێو جامەی فەلەک چنگی پڵنگی ناوەتە ژێر قاقمی بەڵەک گاهێ بە خوێنی ئالی نەبی سوور ئەبێ فورات گاه خوێنی کوردی تێکەڵ ئەبێ دیجلە زیاد ئەکات سەرداری ئێمە کە لەسەر دار بە پێکەنین بانگی ئەکرد: بە کوشتنی من، میللەتم ئەژین ئەم خوێنی کوردە کە وەکو خوێنی سیا وەحشە خوێنێ نەسێنرێ هەڵدەقوڵێ دائیمە گەشە بۆ ئێمە لازمە هەموو ساڵێک هەتا دەژین ئەم رۆژی (24)ی ئایارە بکەین بە شین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاتن شەهیدەکان هاتن شەهیدەکان بە جلی سووری خوێنەوە دایکی وەتەن دەهەڵسە سڵاویان بسێنەوە شێخ قادرە لە پێشەوە سەرقافڵەی ئەوان چەند جوانە، خوێن و ریشی سپی، پیر و نەوجەوان سەیری ئەمانە کەن، هەمووی کوردی سەفشکەن گیانیان پێشکەش ئەکرد و ئەیانوت بژی وەتەن قوربانی تۆن بەڕیزە، کە خەم لەبەر نەبێ بۆ ئێمە مردنە ئەگەر ئازادەسەر نەبێ مەگری، مەناڵە، با بە خەفەت دڵ شکست نەبن نەختێ لەلات ئەمێننەوە بۆ بەهەشت ئەچن من وام ئەزانی کە حەشر ئەکرێم خوێن بە بەرگەوە بەم عەشقی میللیەوە بە کزەو سۆزی جەرگەوە ئەو ئاگرەی لە دڵمەوە بەربێتە کفنەکەم تا دوژمنم نەکا بە زوخاڵ، شەرتە پف نەکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵاڵە بەڕەنگ سوور ئەکاتەوە شێوەی سلێمانی گوڵاڵە بەڕەنگ سوور ئەکاتەوە وەک من داخدارە لە بنیاتەوە لە جورعەی شەونم خوێن ئەخواتەوە شەهیدەکانم بیر ئەخاتەوە ئۆف ئۆف ئۆف پایز رەنگی ماتەمە دنیا تاریک و تەمە نووری چاوانم کەمە شێوەی زەنگنە گەزیزەی پایز چون من روو زەردەن جە گلی گوڵان جدایش وەردەن ئاه جەو بۆنەوە خاسیش دەربردەن سەر نە پای فرار شەهیدان کردەن ئۆف ئۆف ئۆف شێوەی بادینانی دڵ، دەژین تەوەلایە نەوەی شێخ عبیدالله یە بە دەستا تورک خنکایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو جەژنەی میللەت تێیدا کەساسە ئەو جەژنەی میللەت تێیدا کەساسە من سەرم شینەو بەرگم پەڵاسە مەڕ سەربڕینەو قۆچی قوربانە قوربانی ئێمە کچ و کوڕمانە با گرتن تەمی ترسم لێ لابا بریندار نەبێ شێر هەڵمەت نابا کوڕگەل بە گاڵتە بڵێن بە دوژمن کەوتن بۆ ئەوەو سەرکەوتن بۆ من قوربانی ئێمە زۆر پەسەند ترە هی حاجی مەڕە، ئێمە کچ و کوڕە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کچە کوردی پۆشتە و پەتی سەبارەت: بۆ شێخ عەبدولقادر و هاوڕێکانی لەسەر خواست و ئارەزووی ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ من و ئەستێرەکان ئەستێرە بەرزەکان ئەدرەوشێنەوە بەشەو وەک من بەداخەوەن، نەسرەوتیان هەیەو نەخەو چەند ساڵە ئاشنای شەوی بێداری یەکترین وەک سەرسەرین، شەوێ سەر ناکەینە سەر سەرین من خوارو ژوور لەدەست چووەکەی بێوڵەت خۆم ئەوان وەک خێڵی خوارو ژوور کەری کورد: وێڵی ئاسمان شەو شەونمی ئەوانە چەمەن ئاو ئەخواتەوە رۆژ هەڵمی ئاوی چاوی منە سەریەخاتەوە دوێ شەو بەری بەیان بوو ئەگریان بەسەر منا منیان کەساس ئەبینی لەناو دۆست و دوژمنا دڵسۆزی وام نەدیبوو، کە بۆم بگری وەک خەشیم فرمێسکەکەی ئەوان بوو بە ئاونگی تێگەییم بام راسپارد کە خەفەت بۆچ ئەخۆن ئەوان وەک ئێمە نین نزیکتری لای بارەگای خوان جوابیان نووسیبوو بە شەونم لەسەر گیا تا ئاسمان پریشکی بەدی ئێوە هەڵپژا ئاهو نزای کوردەکانی شیمال گەییە ئاسمان بەو دووکەڵی هەناسەیە ئاو دێ لە دیدەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هاوین سەبارەت: ساڵی ١٩٤١ هەوای هاوینە، هەوای هاوینە ئەمساڵ هاوینمان زۆر لێ بەقینە گڕی ئاگری سەبوون بەتینە بەرگی ئاسمان بۆ ئێمە شینە فەسڵی گوڵگەشتی باغی پێنجوینە ئەو سەبوونەمان لە کوێوە بۆ هات؟ بەتینی گەرمی هەڵقرچا وڵات ئەستێرەی تالع ئەوەی کردە نەهات بێ شنەو سروەی شەماڵ کش و مات دڵ بەم گەرمایە کز و غەمگینە گردەکەی یارە جێی خۆرەتاوە رێگای سەیرانی نەورۆز بڕاوە کارێزی شەریف ئاوی نەماوە ئەرخەوان لق و پۆپی شکاوە گردەکەی سەیوان جێی زار و شینە سا خوایە هەڵکەی کزەی شەماڵێ هەوای ژەنگی خەم لەدڵ بماڵێ ئای بۆ دەنگ خۆشێک لەگەڵ شمشاڵێ بە ئای ئایەوە تێر بۆم بناڵێ دەردم کاریە و جەرگم برینە گوڵ بووە بەخار، بولبول پڕ جەخار بەخەوان کەوتووە لە پەنا حەشار شاباز تۆری کرد، گلا میرشکار یەکسەر گرانی کەوتە ناو بازاڕ کەوتوونە رەواج سڵق و پەڵپینە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دووبارە هاوین هاوینمان بۆ هات وەک کڵپەی تەنوور تەپە دووکەڵی خستە شارەزوور زوڵفی بەڕازەی شۆخی هەڵقرچان نێرگزە جاڕی بەجارێ تەپان چنووری چون نوور کەوتە ناو دوکەڵ ملی وەنەوشە کەچ بوو بە ئاژەڵ (لدوس)ی ناو بوو بەڕەزای پەست کرد پەلی چنار و سەوڵی بەیدەستکرد مانگەشەو جلوەو تریفەی کەم بوو وێنەی دەماوەند گەردوون پڕ تەم بوو خۆزگە ئەم گڕە تاوی عەشق ئەبوو لە دڵی وەتەن پەرست بەر ئەبوو ئەوسا ئەو جۆشە، دڵی ئەنەخشان دڕکی تەماعی شەخسی ئەسووتان هانام بەتۆیە خوای (ژیان) و (ژین) لەم دەرفەتەدا شپرزە نەبین جارێکەو ئەمجار کوڕگەل بێنە کار کاڵای کوردستان بخەنە بازاڕ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تەنها دڵسۆزی سەبارەت: ساڵی ١٩٤٥ رەنگی ژەنگێکی کە بۆتەی سروشت قاڵبی منی کوردی پێ داڕشت خۆ تاکو دەمرم لێم نابێتەوە کەواتە، واتەی چیم لێبێتەوە بەڵێ هەر کوردم، کوردێکی سەرچڵ پەژارەی هەژار دەبەمە ژێر گڵ هەرزە گەردێکم بەسەر یاڵەوە سەر ئەدەم لە بەرد بەدەم ناڵەوە ئەبینم هەرچی بانگی ئەکەمێ دەمی گیراوە ئاخ بۆ هاودەمێ ئەم قەومە وەکو مەڕی بێ زمان دوای هەرکەسێ کەوت نەیبردە ناو ران بە خوری و شیری دست هەڵناگرێ بۆ گۆشتی مەڕە سەری ئەبڕێ! ئێستا دەستەیەک پەیدا بوون غەیبین کە دەنگیان هەیە و رەنگیان نابینین کەوتوونە خولیای باڵا پەروازی بەڕیشی بابە کەوتوونە بازی بە باڵی خەیاڵ بە لاف و گەزاف هەڵمان ئەفڕێنن بۆ سەر کێوی قاف ئێمە لە خاکی عێراقدا ئەژین چۆنمان بۆ ئەلوێ لەم خاکە دەرچین عێراقێک کە خوا دایمەزراندبێ تۆوی دوو قەومی تێدا چاندبێ چۆن ڕێی تێ دەچێ کە رێی بێگانە بکەوێتە ناو ئەم جێ و مەکانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خوا حەزرەتی ئیسماعیلی لەژێر تیغ هێنایە دەر سەبارەت: ئەم تاقە (٣) دێڕەی خوارەوەی بە بۆنەی جەژنێکی قوربانەوە وتووەو لەسەر کارتێکی بچووک چاپی کردووەو بەسەر دۆست و هاوڕێکانیا لەجیاتی کارتی جەژنە پیرۆزە بڵاوی کردۆتەوە. خوا حەزرەتی ئیسماعیلی لەژێر تیغ هێنایە دەر ساڵتان هەموو هەر بەجەژن و بەشادی بباتە سەر ئەو جەژنە جەژنە، میللەتی تیا شادمانی بژی بۆیە بەهاری پەسەندە گوڵ و میوەی دێتە بەر پێکمانەوە بێ، جەژن و دڵشادی تاسەر بێ سەرو گەردن ئازادی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەعرەی دێوانە کاک ئەحمەدەکەی خۆشەویستی خوا زۆر کەس بەسایەی تۆوە نان ئەخوا لەوانە زیاتر من تۆم خۆش ئەوێ هەرتۆی سەربەرزی قەومەکەت ئەوێ کە لە زیندانیان تێک خزاندبووین سێدارەیان بۆ داچەقاندبووین تۆ چوویتە لای (بدیع الزمان) مژدەت دابوویە بە ژیان و مان فەرمووبووت ئێوە نامرن ئەمێنن تا سەر ئازادی گەلتان ئەسێنن خۆ من باوەڕم بەوە کردووە بەوەسیەت ناوی ئەوەم بردووە بەڵام وا ئەمرم بەو ئاواتەوە بشمرم گۆڕم دەنگ ئەداتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئای نائومێدی سەبارەت: هەڵبەستێکی وەلی دێوانە کە پیرەمێرد دەسکاری کردووە و چەند دێڕێکی خۆی تێهەڵکێش کردووە و ماناکەی گۆڕیوە. پیرەمێرد ئەو هەڵبەستەی بەبۆنەی رووخاندنی کۆماری مەهابادەوە وتووە. هەی نائومێدی، هەی نائومێدی هەی رەنجەڕۆیی و دڵ نائومێدی بەدبەختی وەک من سا توخوا کێ دی دەردی مەجنوونم لێ هاتۆتە دی هەر لە نەجدەوە تا هەردەی دوجەیل بۆ لەیل ئەگەڕام دەروون لە غەم کەیل هاتمە بێستوون لای قەسری شیرین بۆ فەرهاد گریام بەدڵەی نمین چوومە زمناکۆ راگۆزەرگای لەیل هیچ کەسم نەدی، نە شیرین نە لەیل لە دەربەندیخان هەتا کەلیخان ئەوناوە یەکسەر شێواوەو وێران شیوو هەردو بەرد تا لوتکەی بەرزان پڕ لە وەیشوومە بە گەڵا رێزان نەکەروز گەڕام وادی بەوادی شوێنی هەوارگەی ئێلی مورادی بەجەوری فەلەک یەکسەر وێرانە بایەقوش تیایا گرتوویە لانە پرسیم: بایەقوش دۆستی هاودەردم لەجیهان بێزار یاری چۆڵ گەردم بۆچی وا چۆڵە ئەم مەرز و بوومە لەکوێ پەیدا بوو ویشوومەی شوومە جوابی دامەوە بە قوڵپی گریان منیش وا جەرگم بووە بە بریان ئەمساڵ بەهارمان کە بێ بارانە گوڵاڵەی سوورمان جەرگی یارانە لە هەر سێ لاوە شاییە بەڕیزە خەنە بەندانمان خوێنی ئازیزە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: غەزەتەی کەرکوک لە ئێران ئەدوێ ئەڵێ سەبارەت: لەدوای رووخاندنی کۆماری مەهاباد، پیرەمێرد هەڵبەستی (ئای نائومێدی) بڵاو کردۆتەوە لە رۆژنامەکەی دا، بۆ وەڵامی ئەوە رۆژنامەیەک لە شاری کەرکوک کە نیوە بە تورکمانی و نیوە بە عەرەبی دەرئەچوو لە ژمارەیەکی دا توانج ئەگرێتە کۆماری مەهاباد، پیرەمێردیش بەم تاقە دوو دێڕەی خوارەوە لە رۆژنامەیەک دا وەڵامیان ئەداتەوە. غەزەتەی کەرکوک لە ئێران ئەدوێ ئەڵێ: دیموکرات پەت لە مل ئەسوێ هەمزەو هەباس و تەورداسیە خەرباری ماسی کونە ماسیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عەشرەت هاوارە سەبارەت: ١٩٤٧ - نووسینەوەو هێنانە سەر ڕێنووسی دروست: کەماڵ ڕەحمانی عەشرەت هاوارە، عەشرەت هاوارە کەوتوومە 'ئاراس' ئاو بێ بوارە ڕێم نیە منیش، شوێن ئەوان بکەوم پیرم، هەنگاوێک بنێم ئەکەوم لێرەش وا کەوتووم بە دەم دەردەوە لە ئێشی دووری و ئاهی سەردەوە دکتۆر دەوای تۆم ناوێ لێم‌گەڕێ بەڵکم بە ئاهم دەوران وەرگەڕێ یا وا وەرگەڕێ ئێڵم سەرکەوێ یا زرمەی تۆپی زەڕڕەی بەرکەوێ ئەوساکە دوعای من وا گیرابێ لە خانەی خاکا ئاواتم نابێ ئینجا تەڵقینم بدەن بە کوردی بڵێن ئاواتت هاتە جێ مردی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەورۆز سەبارەت: ١٩٤٨ ئەم ڕۆژی ساڵی تازەیە، نەورۆزە، هاتەوە جەژنێکی کۆنی کوردە بەخۆشی و بەهاتەوە چەند ساڵ گوڵی هیوای ئێمە پێ پەست بوو تا کو پار هەر خوێنی لاوەکان بوو گوڵی ئاڵی نەوبەهار ئەو ڕەنگە سوورە بوو کە لە ئاسۆی بڵندی کورد مژدەی بەیانی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد نەورۆز بوو ئاگرێکی وەهای خستە جەرگەوە لاوان بە عەشق ئەچوون بە بەرەو پیری مەرگەوە وا ڕۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وڵاتەوە خوێنی شەهیدە ڕەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە تا ئێستە ڕووی نەداوە لە تاریخی میللەتا قەڵخانی گوللە سنگی کچان بێ لە هەڵمەتا پێی ناوێ بۆ شەهیدی وەتەن شیوەن و گرین نامرن ئەوانە وا لە دڵی میللەتا ئەژین ++++++++++++++++++++++