شاعیر: زێوەر کتێب: دیوانی زێوەر سەرناو: ئەی نەفسی دەنی هەر وەکوو فیرعەونی لە کیبرا ئەی نەفسی دەنی هەر وەکوو فیرعەونی لە کیبرا ئەم حەشمەت و مەغروورییە تا کەی لە هەموو لا بۆ غەرق و هیلاکەت لە شەتی ئەشک دەمادەم پەیدا بووە وا ساحیبی حوسن و یەدی بەیزا بۆ میللەتی مووسایی ئەڵێ: موعجیزە ڕوومە خۆی بەچچەیەهودێکە عەدووی موسلیم و تەرسا بازاڕی هەموو گرتووە وەک یۆسفی سانی لافی ئەوەیە زیندە بکا دینی یەهوودا بەززازە، بەنازە، چ عەجەب سیحرتیرازە بۆ موشتەری ئەنوێنێ ڕوخی زوهرەیی زەهرا ئەی حەییەکە، بەدبەختەکە، بێ دینەکە کافر! سوێندت دەدەم ئەمجارە بە ئەلها و بە مووسا تۆو عەشقی شوعەیبی نەبی و حورمەتی ئیسحاق بۆ خاتری ئوفتادەیی دەربانی کڵێسا گوێ مەگرە لە ئەقوالی ڕەقیبی وەکوو هامان ئیزهاری مەکە فیتنە و سابیت مەکە دەعوا ئایین و وەفا قاعیدەیی میهر و نەوازش بنوێنە لەگەڵ عاشقی دڵخەستەیی شەیدا دەم، بەستەیە یا فوندوقە چاوت وەکوو بادام ڕوو لالەیی نێو جەننەتە، قەد سەرووی دلارا زولفت چییە، ڕەشماری دەسی ساحیری میسرە چیهرەت چییە خەزنەی زەڕی قاڕوونە لە دنیا سەرخۆش بووە زێوەر بە مەیی ناز و مەحەببەت لەو لەعلی لەبە، بۆ مەزە چەند بۆسە، بڵێ: ها ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باعیسی دووریتە گەر دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا باعیسی دووریتە گەر دڵ ناڵە و ئەفغان ئەکا دەردی هیجرانە سەبەب گەر دیدە خوونئەفشان ئەکا هەر زەمان ناری فیراقت دێتە ناو کوورەی دەروون میروەحەی ناڵەم لە هەر لا ئاگرێ پەخشان ئەکا تۆ کە جەللادی بە ئەڵماسی موژەت دڵ کون مەکە زەخمی ئەبرۆت کارییە چارێ لە هەر دەرمان ئەکا شەمعی ڕووت کەوتۆتە ناو زوڵماتی زوڵفی وەک شەوت دڵ وەکوو پەروانە هەردەم مەیلی خۆ سووتان ئەکا نەوغەزالێکی تیایە دڵفڕێن و دڵبەرە سا بەخۆڕایی نییە دڵ مەیلی کانیسکان ئەکا قەت بە مەقسوود و مەرامم ئاسمان دەوری نەدا باغی خەڵقی دڵگوشاد و باغی من وێران ئەکا گەر هیلالی ئەبرووانت بێتە عەرسەی زاهیری سەد وەکوو زێوەر بە ساتێ دێت و خۆی قوربان ئەکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بنازم پەرچەمت زللەی لە کەللەی عوود و عەنبەر دا بنازم پەرچەمت زللەی لە کەللەی عوود و عەنبەر دا سەفای ڕوخسارەکەت تەعنەی لە ئاوێنەی سکەندەر دا شەڕ ئەفرۆشێ بە عالەم بێ سەبەب ئەو چاوە مەستانە هەچی هاتە تەماشای چاوی تۆ سینەی لە خەنجەر دا بەڵێ عومری خزر قیسمەتمە گەرچی عومر کۆتا بێ کەسێ نەقدی حەیاتی خۆی بە یاری شۆخ و ئەسمەر دا لە تەعریفی قەدی مەوزوونی، شاعیر کەوتە وریایی هەموو دێرێکی ئەفکاری خەیاڵاتی لە میستەر دا کە زاهید هاتە سەیری قەوسی ئەبرۆی تۆ بە ناچاری فڕێی دا سەبحە و سەججادە سەد لەققەی لە مینبەر دا دەمی تۆ خونچەیی نەشکوفتەیە، یا نوقتەیی مەوهووم بە خەندە دوڕ بەسەر لەعلا و لەعلیشی لە شەککەردا بەرامبەر حەلقەیی پەرچەم خەدەنگی چاوی مەخموورت بعەینە وەک جیهانبەخشە لەگەڵ تیری لە ئەژدەر دا بە مەرهەم زەحمەتە زەخمی دڵی بێچارە ناگیرێ بە تەحریکی برۆ ئەو شۆخە دەردێکی بەزێوەر دا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەخیلت بم وەرە ساقی (أدر كأسا وناولها) سەبارەت: نووسین: بینایی دیدە دەخیلت بم وەرە ساقی (أدر كأسا وناولها) غەم و غوسسەی دڵم کەم بوو (ولی افتاد مشکلها) ئومێدی بۆیی میشکم بوو (صبازان طره بگشاید) کەچی نەمزانی بەم دەردە (چ خون افتاد در دلها) لە بەحری عەشق و خەوفی مەوج (گردابی چنین هائل) بە هاواری دڵم ناگەن (سبک باران ساحلها) لە ئەووەڵ عەشقی خۆم هون کرد (ببد نامی کشید اخر) چلۆن پەنهان ئەبی سیڕڕێ ( کز و سازند محفلها) بڵێ بمرە ئەبێ بمرێ( گرت پیر مغان گوید) کە ڕەهبەر خۆی خەبەردارە (ز راهـ و رسم منزلها) لە هیجرانی ئەتۆ بۆ من (چه امن و عیش چون هردم) ئەجەل بانگمان ئەکا دەم دەم( که بربندید محملها) ئەگەر تۆ( زێوەر)ی عەشقی (ازو غائب مشو حافظ) کە یارت بۆ سەفەر ئەڕوا (دع الدنيا و أهملها) ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەماغ ئەمشەو موعەتتەر بوو سەبا بۆی دڵبەری هێنا دەماغ ئەمشەو موعەتتەر بوو، سەبا بۆی دڵبەری هێنا حەیاتم تازە بوو ساقی شەرابی ئەحمەری هێنا فیدای چاوی ڕەشی بێ دڵ ئەگەر نەیبا بە پەنهانی بە قوربانی دوو ئەگریجەم، سەبا لەو عەنبەری هێنا عەرەق کەوتۆتە سەر ڕوومەت وەکوو شەونم لەسەر ڕووی گوڵ خەیاڵی قەددی تۆی کرد، دڵ موافیق عەرعەری هێنا ئومێدی ئابی وەسڵم بوو، هەوای کیبرت زیاتر بوو بەسەر خانەی دڵی سووتاو زەمانە سەڕسەڕی هێنا بە غەیری من کە مەحروومم لە ماچی لێوی شیرینی لە دنیا گەر هەبوو مەردێ لە چاهی غەم دەری هێنا ئومێدی قەتڵی کێی بوو وا منی کێشایە خزمەت خۆی بە حیلە و مەکر و عەییاری نەسیم ئەسکەندەری هێنا بە پایەی شیعری ڕەنگاوڕەنگ خەیاڵی تازەگی دێنێ لە دنیا کێ بە ئوستادی خەیاڵیزێوەری هێنا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەعاشی مارتی فەوتاندین کە پاشا مەعاشی مارتی فەوتاندین کە پاشا بحمد الله جەزای خۆی دی لە پاشا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کە تۆ ڕۆیی بە جوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا کە تۆ ڕۆیی، به جوز ناڵاندن و گریان زووبان چ بکا کە ئاهوو ڕەم بکا، سەییاد به جوز ناڵە و فوغان چ بکا لە سایەی عەسکەری موژگان و توڕڕەیی زولفی نیگارم پادشای حوسنە، لە حاڵی عاشقان چ بکا ئەلا ئەی عاشقی بێدڵ نیگارت میهرجۆ نابێ لە قاپیدا عەبەس کەوتووی، فەقیرە دەرگەوان چ بکا بە وەعز و پەندی دانا مەردی نادان بەهرەوەر نابێ کە بەخت و تالعی ڕەش بێ گەڕانی ئاسمان چ بکا لە هەر لا ئیتتیفاقێ بوو، ئەگەر کێوە عەدوو هیچە کە پەششە ئیتتیفاقی بوو ئەبێ فیلی دەمان چ بکا بە حوکمی حەق ڕەزا نابی ئەبەد مەتروود و مەحکوومی ئەلا ئەی نەفسی دوون شەیتان ئەبێ غەیری زیان چ بکا کە بەدخولقی تەبیعەت بێ بە میسقەل زەحمەتە لاچێ لە دەست بووجەهل و ئەمسالی، ڕەسووڵی ئینس و جان چ بکا لە دووریی تۆ ڕەقیبان و هەموو دنیام لەلا مەحوە کە فەسڵی گوڵ نەما، بولبول لە باغ و باغەبان چ بکا لە جیلوەی گوڵ لە نەشئەی مەی، لە عەکسی تەلعەتی ساقی کە دڵ ژەنگی غەمی تیا بێ ئەبێ زێوەر لەوان چ بکا ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شێتی ڕووتە بۆیە وا سەر ڕووتە دائیم ئافتاب شێتی ڕووتە، بۆیە وا سەر ڕووتە دائیم ئافتاب شەرمەساری بووتە وا مەحجووب و پەنهانە گوڵاب ماهی نەخشەب سیحربازێ بوو کە شەوقێکی هەبوو تۆ بەبێ سیحر و دەغەڵ شەو تا سەحەر وەک ماهتاب من لە کوورەی فیرقەتا ناکەم خەیاڵی غەیری تۆ ئارەزووی باغی بەهەشتە دائیمەن ئەهلی عەزاب ساقی بادەی ئەرغەوانی بێنە، وا خەمڵیوە گوڵ شیشەیی تۆبەم شکاند تا دەس کەوێ شیشەی شەراب گوڵ لەسەر تەختی چەمەن شاهێکە، بولبول موتریبە باغەبان ئامان دەخیلم، دێم و تۆ نەمکەی جەواب زاهیرەن زاهید خەریکی دەسبڕینی عالەمە بۆیە وەک دز خۆی خزاندە گۆشەیی کونجی خەراب نامەوێ ئابی حەیات و تەخت و جاهی خوسرەوی گەر مویەسسەر بێ ویسالی دڵبەری شیرینخیتاب بمدەرە بەر تیری تەعنە تۆش وەکوو عالەم، ڕەزام گەر نەبێ میهرەت بە قەهرت شادمانم بێ حیساب تۆ لە زێوەر قەت مەڕەنجێ خاکی دەرگات کا بەسەر چونکە شێت هەرگیز نەبۆتە مەوریدی تەعنە و عیتاب ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەساسی عەیشی ئێمەی خستە سەحرا تیرەبارانت ئەساسی عەیشی ئێمەی خستە سەحرا تیرەبارانت شکستی دا بە تابووری خەیاڵم تیپی موژگانت ئەتۆ وەک یۆسفیی و من لە چاهی میحنەتا بەندم ئەما من دیم لە خەودا کەوکەبی ڕوخساری ڕەخشانت بە شمشێری برۆ ئەمڕۆ سوپەهسالاری خووبانی مەگەر ئینسان لە ڕۆحی خۆی ببوورێ بێتە مەیدانت خوا شەوقێکی وای بەخشی بە دڵ قەت تێر لە تیر نابێ لە موغناتیس گەلێ جاذیبترە بۆ جەزبی پەیکانت ئەگەرچی نائومێدی باغی وەسڵی تۆم ئەما ناڵێم بە تاراجی خەزانی ئاهی من چێ باغ و بوستانت شەرابی عەهدی جەم بۆ کەی، دەخیلم هەستە سا، ساقی بینای فەقر و غەمم لابە! بە جیلوەی جەور و جەولانت دڵی زێوەر بە غەمزەی چاوەکەت مەشکێنە جێی خۆتە تەرەححوم کە لە ڕێگای لوتف و عەهد و شەرتی جارانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەنجومەن ئارایە ڕوویی ئەنوەرت ئەنجومەن ئارایە ڕوویی ئەنوەرت تووتیایە بۆ بەسەر خاکی دەرت زەمزەمە یا کەوسەرە چاهی زەنەخ لەعلە یا یاقووتە لێوی ئەحمەرت کەسبی هاڕووتی ئەکا چاوی ڕەشت چەندە فەتتانە جەماڵی ئەسمەرت بێ سەبەب لێم زویر ئەبی لێم دوور ئەبی جان و دڵ هەر دوو بەقوربانی سەرت حوسنی بێ پەردەت پەسەندی عالەمە بێ موبالاتی لە زیب و (زێوەر) ت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شکاندی شیشەیی عەیش و نیشاتم چاوی سەححارت شکاندی شیشەیی عەیش و نیشاتم چاوی سەححارت فڕاندی تاعەت و تەقوا و عیبادەت، زوڵفی زوننارت بە قەد سەروە، بە دەم غونچە، بە چاو نێرگس، بە ڕوو وەک گوڵ سەراپا باغی حوسنی جانفەزایە باغ و گوڵزارت لە ئەوقاتی تەغافول قیمەتی چینە نیگاهێکت خەتایە، نرخی دنیایە نیگاهی چاوی بیمارت بە باڵا سەروە، ڕەفتاری وەکوو کەبکی دەری وایە فیدای باڵایی بەرزت بم فیدای عینوان و ڕەفتارت بە ڕۆح هاتوونە سەودا، بۆ تەماشای موشتەری ناکەی لە سایەی شەککەری لێوت عەجایب گەرمە بازاڕت بە باڵای بەرز و سوخمەی سەوز و تەرزی دڵبەری تاقی کەوا تاقەی عیراقی، زۆرە وەک یۆسف خڕیدارت تەشەککور لازمە زێوەر لە ئاساری وەفا و میهری عەجەب تەئسیری کردە ئەو دڵە ئەفغان و هاوارت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەحبووسی جەفات کردم و نەتخستە ڕیعایەت مەحبووسی جەفات کردم و نەتخستە ڕیعایەت بێ جونحە و بێ واسیتەیی جورم و جینایەت شاهێکی کەڵەماهیی و ماهێکی سوپەهدار لای کێ بنوێنم وەرەقی زوڵم و شیکایەت گاهێ بە خەدەنگی مووژە، گاهێ بە نیگاهێ سەندووتە لە من هۆش و خیرەد، فەهم و دیرایەت بەم حوسنە لەسەر عاریزی تۆ عاریزە ئێستا بێباکیی و جەورت گەیییە ڕوتبەی غایەت ئەم بەندەیە بەو خەندەیە دڵ زیندووە سا دەی تەجدیدی بکە عومرم، ئەوا هاتە نیهایەت ئازاری دڵی خۆت مەدە ئەی واعیزی مەجلیس فەرقی نییە لای ئێمە چ وەعز و چ حیکایەت بێ پەردە لەگەڵ زێوەر ئەتۆ هاتییە مەیدان نەتخستە موعەمما و دەرت کرد لە کینایەت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرێشانم بە تاتای کاکۆڵی موشکینی سەر شانت پەرێشانم بە تاتای کاکۆڵی موشکینی سەر شانت بریندارم بە تیری غەمزەیی دوو چاوی فەتتانت هەناسەم ئاسمانی گرتە بەر، بێ توڕڕەیی لوولت سوروشکم لەعلی ڕوممانە بەبێ چیهرەی درەخشانت نەسیمی سوبحدەم جارێ لە عەتری زولفەکەی بێنە دەوای هەر دەردە، تەقسیرێ مەکە، جانم بە قوربانت ئەمن وەک زەڕڕەیی بێ جیلوە، تۆ خورشیدی عالەمگیر چلۆن دەستم بگاتە خاکی پاکی چاکی دامانت ئیرادەم وایە تەرکی عالەمی دنیا بکەم یەکجار ئەگەر نەمخاتەوە داوی هەوای کاکۆڵی ئەفشانت بە ئوممێدی سەحابی فەیزی تۆیە گوڵشەنی سینە دەروونم لالەسان داغە بە شەوقی بەرقی هیجرانت لە دەورەی لەعلی لێوت قافڵەی خەت باری خۆی لێ خست بە غەیری زێوەر ی بێدڵ نەما توشنەی زەنەخدانت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ شیرین جیلوەیێکی گرتووە سەوزەی کەوا شیرداخ چ شیرین جیلوەیێکی گرتووە سەوزەی کەوا شیرداخ کە وا شێر داخ ئەکا شوعلەی نیگاهێکی کە بێ گوستاخ هوجوومی کردە موڵکی دڵ سوپای موژگانی گەڕیاوە بە میسلی عەسکەری عوسمانیی و تەسخیرەکەی سابڵاخ سوپاهی حوزن و غەم جەمعن لەلام، ئاهم فەلەکگیرە بەڵێ بۆ زینەتی لەشکر ئەبێ ئامادە بێ بەیداخ هەموو دڵ عەکسی تۆی بۆ خۆی بەوەجهی یادگاری گرت لە نوسخەی موعتەبەر بێ غایەتە جۆبایی ئیستینساخ بە یادی شەهدی لێوی دڵبەری زەنبوور قەد، دائیم سەراپا جەرگ و دڵ وا لەتلەتە تێیدایە سەد سۆراخ کە نەگریم و نەناڵێنم لە دووریی تۆ ئەبێ چ بکەم؟ نسیبی عاشقی بێچارە شەو گریانە ڕۆژیش ئاخ ئەگەر ئەهلی کەماڵی ڕوو لە ئارایش مەکە هەرگیز لە مەعنا تێفکرە، مەنواڕە ڕوخسار و سەر و ساچاخ چ زاهیربینن ئەهلی ئەم زەمانە فەرقی کەس ناکەن مونەووەر دڵپەرێشانە بە شانەی پۆشتە و پەرداخ لە کەس ناترسێ بۆیە حاڵی زێوەر ئێستە ناپرسێ چ موحتاجە بە مورغی خانەباز و وەحشیی سەرشاخ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەسێ تەشبیهی باڵای تۆ بە سەروی نەونەمامی کرد کەسێ تەشبیهی باڵای تۆ بە سەروی نەونەمامی کرد زمانی لازمە ببڕن بڵێن تەرکی کەلامی کرد لە بەردەم کەعبەیا گەر مەنعە، سەییادیی لەبەر چی بوو لەبەر میحرابی ئەبرۆتا دوو چاوت قەتڵوعامی کرد بە مەدحی ڕووی و مووی و قامەتی ڕێکت زمان لاڵە ئەگەر چی دڵ بەپەنهانی خەیاڵێکی تەمامی کرد ئەتۆی ڕۆژێ کە پێت دانا لە خانەی سینەما دڵ ڕۆی عەجایب قەدری میهمانی نەگرت و زوو قیامی کرد مەڵێن: مورغی دڵت بۆ چی گرفتاری نیگارت بوو بە غەممازیی هەزارێکی وەها مەحبووسی دامی کرد نیگاهێکی نەکردە قەلبی زارم دڵبەرم ئەمڕۆ وەکوو ئاهوو، وەکوو تاووس بەبەر چاوما خەرامی کرد سەبا! گەر تۆ بە کۆی جانانە واسڵ بووی بڵێ: زێوەر لە حەسرەت ئیشتیاقی تۆ بەجارێ تەرکی کامی کرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زاهید وەرە ئەمجارە بکەن تەرکی هەموو کار زاهید وەرە ئەمجارە بکەن تەرکی هەموو کار بێنە نەزەری دڵبەری پڕ دانشی عەییار ئەی شێخ و مەلا پیر و جوان ئێوە لەبەر چی نایێنە تەماشا و نیگەهی ڕۆژێ دوو سەد جار شەو ڕۆژە، بە ڕۆژ ڕۆژ ونە حەیران لە فەلەکدا وەختێ کە لە ماڵ بێتە دەرێ تورکی ستەمکار ڕوومەتگوڵ و مووسونبول و قەد وەکوو عەرعەر بۆ سەیری ئەوەستن لە سەما سەبعەیی سەییار میحرابی برۆی جووتە وەکوو قەوس و موژەی تیر تێی کردووە ڕوو ئەرمەنی و شیعە و کوففار ئەی دڵ بە عەبەس ناڵەیی بێ فائیدە بۆ چی تەئسیری نییە ناڵەیی عاشق لە دڵی یار زێوەر! بەسە زاری کە لە زاریت هەموو عالەم بێزارن و غەمبارن و ئەندۆه و دڵازار ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوی وەک بادامی تۆ عومری بە با دام ئەی پسەر چاوی وەک بادامی تۆ عومری بە با دام ئەی پسەر ئاگرت بەردایە خەرمانی وجوودم وەک شەرەر زوڵمەتی ئابی حەیاتە گیسووانی عەنبەرین یا وەکوو هاله لەناو خۆی گرتووە شوعلەی قەمەر دەمبەدەم هەر لەحزە، هەر ساتێ ئەناڵێنم بەجۆش ئەی خوا سا کەی حەبیبم سەر لە ماڵ بێنێتە دەر؟ سەبر و هۆشم چوو بە تاڵان ئەقڵ و فامیشم نەما لەشکری دەرد و فیراقت حەملەیان هێنامە سەر بەس ببارێنە سوروشک ئەی دیدە ڕەنجت بوو عەبەس بەس بناڵێنە ئەتۆ ئەی دڵ لە یار ناکا ئەسەر ئیلتیفاتێکی نەماوە گاهگاهێ دڵبەرم بۆ نەکەم خاکی هەموو دنیا بەسەر، خاکم بەسەر ئینتیخابی کردووە زێوەر لە دنیادا یەکێ دەستی لێ هەڵناگرێ گەر بێتە ڕێی سەد شۆر و شەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یەک لەحزەیی ویسالت ئەی ماهی میهرپەروەر یەک لەحزەیی ویسالت ئەی ماهی میهرپەروەر نایدەم بە تەخت و تاجی دارا و موڵکی سەنجەر کێ بێ بەرابەرت بێ، موژگانی خەنجەرینت جەوهەر دەبا لە خەنجەر، خەنجەر ئەدا لە جەوهەر یاڕەب حەیاتی ئێمەی بۆ خستە ناو هیلاکەت دەم چەشمەیی حەیاتم مەحبووبی چیهرەئەسمەر هەر کەس بە دەردی عەشقت سووتا دەروونی ڕوونی بۆ ئاتەشی مەسائیب دەڕوا وەکوو سەمەندەر ماددەی نیشاتی ئێمە یا هیجرە یا گرینە بۆ فێعلی عاشقان تا ئەو شۆخە بۆتە: مەسدەر مەنوێنە دیدە جانا، بنوێنە ئاینەی ڕوو تا ڕووی ببێتە بەربەند ئایینەیی سکەندەر دەنووکی وەک قوڵنگە بۆ سەتحی سەفحەیی گوڵ بولبول ئەگەر ببینێ یەکدەفعە ڕوویی دڵبەر زێوەر لە تەعنی زاهید بێباک و بێخەیاڵە کەی خەوف ئەکا لە مالوم ڕەندمەشڕەبی قەلەندەر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سوبحی گوڵشەن کەی ئەگاتە لەززەتی لەیلی ویسال سوبحی گوڵشەن کەی ئەگاتە لەززەتی لەیلی ویسال شەمعی مەجلیس کەی بەرابەر بوو لەگەڵ شەوقی جەماڵ پڕتەوی نووری جەبینت لالەیی هەر مەجلیسە شەوچرای بەزمی دڵانی، بێیتە مەیدانی خەیاڵ شاهڕاهی کۆیی تۆ هەر وەک تەریقی جەننەتە هەر کەسێ ئەو ڕێگە بگرێ هاتە سەر ڕێگەی کەماڵ دەستی من ناگاتە داوێنت، لە ئەوجی عیززەتی من گەدایی بێنەوا، تۆ پادشای ساحێب جەلال دەفعەیێ سا شادمانم کە بە وەعدەی وەسڵی خۆت تابەکەی عومرم گوزەر کا هەر لەڕێی هیجر و مەلال بادیەی غەم بێ دەلیلە دڵ لەناویا کەوتووە چاوی لوتفی خۆتی سەرخە بێ بە سەرچەشمەی زوڵاڵ نەونیهالی ئارەزووی هەرکەس زەڕە گەر بێ زەڕە ئیعتیباری هەر کەسێکە زێوەر ئێستا نەقد و ماڵ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەرگیز نەبووم بە خۆشیی ئەم کائیناتە مائیل هەرگیز نەبووم بە خۆشیی ئەم کائیناتە مائیل ئیللا لە گەردنی تۆ دەستم بکەم حەمائیل دەریایی غەم شەپۆڵی یەلکانی جیسمی هەڵدا تێکچوو وجوودی نابوود، کەوتۆتە گێژی هائیل ساقی بە عەشقی پیرت چاوم لە دەستی تۆیە دەستی کەرەم پەیاپەی مەگرە لە مەردی سائیل ئەی عاریفی حەقیقەت، وەی سالیکی تەریقەت پیری موغان پەنایە بۆ حەللی هەر مەسائیل عەکسی جەماڵی جانان شەوقی لە هەر دڵێ دا گەر کێوە زوڵمەتی غەم زوو بوو وجوودی زائیل هەر ناڵەناڵی دڵمە وەک قومریێکی بێ باڵ تاکەی ببێ بە وەسڵی ئەو سەر و قەددە نائیل دیسان ڕەقیبی وەک سەگ ڕووی کردە ئاسکی ماڵی کوا ساحیبی دیانەت مەنسووسە دەفعی سائیل عومدەی مەرامی عاشق جەلبی دڵی نیگارە وەک فەزڵەیە لەلای ئەو، سیم و زەڕ و فەزائیل چۆن نامەیێ بنووسێ وەختی فیراقی جانان زێوەر کەوا سوروشکی وەک سەددە، بۆتە حائیل ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لابدە پەردە ئەی گوڵی ڕەعنا لابدە پەردە، ئەی گوڵی ڕەعنا دەرکەوێ با دوو نێرگسی شەهلا یا دوو لەعلی عەقیقی بێ هەمتا تا بە جان ئێمە بێینە سەر سەودا کائیناتێ ئەخەیتە وەجد و تەرەب بە تەماشایی ماهەکەی نەخشەب وەه چ شیرینە شەهدی گوفتارت هەی لە جیلوەی بەنازی ڕەفتارت بەه لە غەمزەی دوو چاوی سەححارت بارەکەڵڵا لە حوسن و ئەنوارت سوپەرت بێ هەمیشە هیممەتی غەوس حافیزی چاوی بەد، کەرامەتی غەوس تۆی شەهەنشاهی حوسن و ساحێب تاج حازرن شاهیدان بە جیزیە و باج هەموو تەسلیمن و نیانە عیلاج هەر بە تۆ لایقە عەتایی خەراج مەجلیسی تۆیە بارەگاهی فەرەح دوور لە ڕووی تۆیە خوابگاهی تەرەح ئەی بتی شۆخ و نازک و گوستاخ نەفەسێکم نییە بەبێ سەد ئاخ بوومە مەجنوونی دەشت و سەر کەل و شاخ چاوەڕێی لوتفم ئەی بە ڕوو گوڵەباخ مەرحەمەت کە بە ناڵە و فەریاد بە جەفا مەمکوژە وەکوو فەرهاد چەندە خۆشە لە فیرقەتا کاغەز وەرگری تۆ لە پۆستەدا کاغەز وەک شیفایە لە هیجرەتا کاغەز نیسفی وەسڵە لە میحنەتا کاغەز خەبەری دڵبەری شکەرگوفتار وەک تەداوی حەکیمە بۆ بیمار سەیدی کردم بە داوی غەمزە و ناز دڵبەری چیهرەئەسمەری چاوباز دڵبەرانیش ئەخاتە بەحری نیاز شاهبازێکە زۆر بڵندپەرواز وەنیە هەر شێتی عەشقی من بم و بەس سارییە دەردی عەشقی بۆ هەر کەس شوعلەیی حوسنی دڵبەری مەهوەش دڵی کردوە بە کوورەیی ئاتەش کەسنەناس و بەدەعیە و سەرکەش لە هەموو لوتف و مەرحەمەت بێبەش لە کەفیدا دی جەوری، دوورە خەلاس عادەتی کوشتنە بە غەیری قیساس نییە هاوڕەنگی تۆ لەسەر ڕووی ئەرز گەر بەسەریا بڕۆی بە توول و عەرز چۆن نەبێ میهری تۆ لەسەرمان فەرز بە زوبان دێم ئەکەم تەشەککیم عەرز لە جەفای عاشقان بەسە ئیفرات نۆبەتە بۆ وەفا و عەیش و نیشات با نەڵێن خەڵکی عاقڵە و واعیز عالمی چاکە عادڵە واعیز چونکە لای ئێمە جاهیلە واعیز گوفتوگۆ و وەعزی باتڵە واعیز مەسلەکی عاشقانە وەجد و سەماع بە هەزار وەعز ناکرێن ئیقناع خۆشە فەسڵی بەهار و دیدەنی باغ نەغمەیی بولبولان لە گوڵبەنی باغ سەیری ئەشجاری بەرزی مەعدەنی باغ سەیری ئارایشی مولەووەنی باغ غایەتی بێ حەبیب ئەبێتە ئەسەف شەوقی عومرت هەموو ئەچێ بەتەلەف ماهی من زاهیرە لەناو ئافاق دائیمەن بەدرە، ناکەوێتە میحاق حوسنی ئەو عالەمێکی خستە مەراق کەس نەماوە کە بۆی نەبێ موشتاق شوهرەتی حوسنی گەییە عەرش و فەلەک بوونە خەددامی، بارەگاهی فەلەک ئەی مەهی ئاسمانی حوسن و جەماڵ لە غەمی بەدری ڕووتە بوومە هیلال ئەو کەسە بۆتە ساحیبی ئیقباڵ کە نزیک بێتەوە لە بەزمی ویساڵ هەر غەمی تۆیە بۆتە هاودەردم زەربەیی عەشقە چیهرەی زەردم هەر وەکوو ئەهلی بێ میزاجە زەمان مەسلەکی سابتی نییە بۆ مان دەردی دنیایە ناکرێ دەرمان مەر لە دنیا ئەجەل بکا دەرمان خەڵەفاوین لە ئافەتی، من و تۆ بەشبڕاوین لە نیعمەتی، من و تۆ دڵبەری شۆخ و شەنگی دیدەسیاه گەه بە غەمزە گەهێ بە تیری نیگاه عاشقانی بەبێ خەتا و گوناه هەموو خستۆتە دەرد و ناڵە و ئاه دوورە بۆ دڵبەران وەفاکاری سەهوە بۆ نائومێدەگان زاری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم ئەی دڵبەری شیرینسوخەنی غونچەدەهانم لەو وەسفی دەمی بەستەیەتە بەستەزوبانم بێزارم و بێ زاری شەوم نەبوە کە بڕوا بێ تەلعەتی ئەو شەمسەیە تاریکە ژیانم بۆ سەیری ڕوخی ئاتەشییەت! بوومە مەجووسی لەم عەسرە منیش واریسی زەردەشتی زەمانم چاوت کە گەلاوێژە سووها ڕەنگە گەلاوێژ هەر دەربکەوێ لەرزە ئەخاتە دڵ و گیانم تەسویری گوڵ و باخچە ئەکەن غەیری گوڵی ڕووت حەیرانی غەڵەت کردنی ڕەسسامی جیهانم ئەو ڕوویی فەرەحئاوەرە وەک فەجری بەهارە من لەو ڕووەوە هەرچی بڵێم ڕووتە بەیانم دوورن لە هونەر هەرچی هەیە ساحێبی دینار مەمنوونی پەلی پینەچیی و شانی سەپانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم بەسراوی ڕاوی چاوی شۆخێکی نەوجەوانم گیراوی حەلقەداوی سەییادی عاشقانم زەلیلی لەیلی بێ مەیل، مەجنوونی کۆه و دەشتم بێ یار و کاروبارم، ڕەفیقی وەحشییانم تکا، شکا، بە جارێ شەراب و شیشەیی دڵ ئەسراری مەخفییاتم کەوتۆتە سەر زوبانم مەنواڕە جوستوجۆی من، بنواڕە گفتوگۆی من شیرینە قیل و قالم مەدداحی دڵبەرانم لە داغی باغی ڕووی ئەو وەک عەندەلیب ئەناڵم تەزەروی سەروی باڵای، بێ ئافەتی خەزانم من پەستی شەستی دەستی چاومەستی دیدەشەنگم موحتاجی باجی ماچی ڕوومەتگوڵی جینانم دڵ بۆتە بۆتە بۆ تۆ پڕ نار و پڕ حەرارەت سووتاوە دڵ ئەمێستا خەریکی حیفزی جانم هەمیشە حیلەبازی، جارجارە دڵنەوازی گاهێ لەسەر زەمینم، گاهێ لە ئاسمانم زێوەر غوڵامی خۆتە، ئەم جەورە حەیفە خووتە مەمنوونە گەر بفەرمووی: تۆ عەبدی ئاستانم! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم بەم فیرقەتی تۆ هەر وەکوو دێوانە دەناڵم بەرقی غەمی تۆ ئاگری بەرداوەتە ماڵم پەروانەم و پەروای سەری خۆم نییە بێ تۆ دێوانەم و سەحرا بووەتە خانە و ماڵم پەنجەم وەکوو تیشە لە فیراقت لە فەرقدا فەرهادم و کوا ئەرمەنیی دیدەغەزاڵم؟ خاڵی سیەهت کەوتە ئەسەر لەعلی بەدەخشان بۆ نەیکەمە قوربانی لەبت فیکر و خەیاڵم بۆ پەرچەمی پڕ چینی ئەتۆ ڕۆحە فیدای بێ بۆ قیمەتی ماچێکە دەبەخشم سەر و ماڵم هەر چەندە کە توڕڕەی وەکوو ڕێحانەیی باغە پابەندی ئەوێ نیم و ئەسیری خەتوخاڵم هیجرانە لە یاران و ڕەفیقان و عەزیزان مەعلوومە کە وەک قومریی بێچارە دەناڵم دوێنێ کە لە جانیب منەوە تووشی خەفەت بووی یاڕەببی دەسی من بخەیە کۆتەیی زاڵم مەشغووڵی خەیاڵی لەبی لەعلی نمەکینە ساعات و دەقیقە، شەو و ڕۆژ و مەه و ساڵم ڕەحمت لە دڵا بێت و نیگاهێ بەسە بۆ من گاهێ بەغەڵەت تۆ خەبەرێ بگرە لە حاڵم زێوەر بەتەمای میهر و وەفای تۆیە ئەگەر چی نەیدیوە بەجوز یاری جەفاپیشە و زاڵم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم دوڕڕی عەدەنە تەلعەتی نیکوویی برایم سەروی چەمەنە قامەتی دڵجوویی برایم نەخشینە بە نووکی قەڵەمی سونعی ئیلاهی دنیا ئەگرێ قووەتی بازوویی برایم فیکرم هەموو ڕەنگینە لە فەیزی دڵی خوێنین ئەی من بە فیدای خەنجەری ئەبروویی برایم ئەستێرەیی ڕوخساری دڵی عالەمی سووتان بورهانی مونەججیم بوو مەگەر ڕوویی برایم بیستوومە بە دام و بە شکار ئاسک ئەگیرێ ئینسان ئەگرێ دیدەیی ئاهوویی برایم دەعوایی شەهادەت ئەکەم جەننەت ئەگەر بوو تاری کفنم ڕوشتەیی گێسوویی برایم ئەو نیعمەتە پڕ لەززەتە ڕۆژێ کە ببینم دەستی من ئەسەر گەردن و ئەستۆیی برایم بەدبەختییە ئازادی لە زنجیری مەحەببەت بەم ڕەنگەیە تا سیلسیلەیی موویی برایم زێوەر بەحەزەر بە ئەمە ئاشووبە پەیا بوو ئیمان ئەدزێ قووەتی بازوویی برایم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قیمەتی باخی بەهەشتە غونچەیی خەندانی خۆم قیمەتی باخی بەهەشتە غونچەیی خەندانی خۆم حەسرەتی ئاوی حەیاتە قەترەیی گریانی خۆم تۆبەیێکم کردووە وەک کێوی ئاسن مەحکەمە تا لە دونیادا بمێنم عەشقی چاومەستانی خۆم نیعمەتی دنیا سەراسەر با لەبۆ تۆ بێ ڕەقیب بەسمە تەنها فیکری بیکر و جیلوەیی جانانی خۆم دەشتی تەنهایی چ خۆشە بۆ منی پڕ غائیلە چونکە تەنها غار ئەکەم هەم ئەسپ خۆم مەیدانی خۆم تازە تەڵقینم ئەکەی لادەم لە عەشقی گوڵڕوخان تووخوا لێم لادە واعیز دینی خۆم ئیمانی خۆم من بە سەد ئیسویچرە و چین و خەتای ناگۆڕمەوە ئەرخەوانی گردی سەیوان، ئاوی کانێسکانی خۆم بۆچی بوختان کەم کە شەیتانە گوناهم پێ ئەکا من چ شەیتانم نییە هەر نەفسمە شەیتانی خۆم بۆیە زۆر پێم خۆشە پیریی و خەمیدەقامەتی چونکە دەستم هەر دەگاتە گۆشەیی دامانی خۆم سەیلی عیسیانم ئەگەر دیجلە و فوراتە قەترەیە سەددەیی ڕێگەی نەجاتە پادشای گەیلانی خۆم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە گۆشەی حوزندا ماوم زەلیلی کونجی هیجرانم لە گۆشەی حوزندا ماوم، زەلیلی کونجی هیجرانم دڵی خۆم زۆر بە خۆم سووتا لە چاوی پڕ لە گریانم ئەگەر حاڵم ئەپرسی -دوور لە چاوت- کوێرە بیناییم بە ڕەنگی پەرچەمت ئەمڕۆ سییەه ڕۆژ و پەرێشانم هەتا کەی مەستی خوابی غەفڵەتی ئەی بەخت، ئیمدادێ لە تەئسیری منیش یەکبارە شێواون ڕەفیقانم قوسوورم گەر هەیە قوربان وەرە ئەمجارە بمبەخشە هەچی کردوومە، کردوومە، پەشیمانم، پەشیمانم بە نیمەنازەکەت ڕووحم، بە نیمەخەندە دڵ حازر خەیاڵی خام نەکەی هەرگیز ئەمن هەر عەبدی جارانم بەمیسلی مووری بێچارە لەبەر پێی هەر کەسا کەوتووم هەتا ڕەنجیدەخاتر بێ لە من شاهی سولێمانم مەڵێزێوەر چییە، بێ جەوهەرە من تالیب بە ئەو نابم لەبۆ قەتعی غەمی قەلبت وەکوو تیغی خوراسانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم لە هیجرا ڕوو لە ساقی و شیشەیی سەهبا نەکەم چ بکەم وجوودم گەر بە فەرشی مەیکەدە و مینا نەکەم چ بکەم؟ لەناو تۆفانی ئەفکارا نەهەنگی لا اله هەستێ تەشەببوس گەر بە کەشتیی نووحی إلاالله نەکەم چ بکەم؟ مەتاعی حوسنی ئەو مەحبووبە نەقدی داغ و سەودایە لە بازاڕی موحەببەتدا بە ڕۆح سەودا نەکەم چ بکەم ئەوا مەحروومی خۆی کردم، دڵی بردم، دەری کردم بە سۆزی دڵ هەموو دەم ڕوو لە قاپیی خوا نەکەم چ بکەم لە هەر لا زەبتی ناکەم موددەعی تا تۆ ڕەئیسم بی بە قانوونی مورووەت گەر ڕەجا ئیجرا نەکەم چ بکەم بە ڕوتبەی وەسڵی ئەو ناگەم ئەگەر عومرم هەموو دانێم لە دەست ئەو زاڵمە لەم کارە ئیستیغنا نەکەم چ بکەم ئەڵێن: ئەوراقی زوڵمی تۆ تەواو نابێ بە تەحریرات وەکوو زێوەر بە تەقریر گەر ئەدای مەعنا نەکەم چ بکەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەدحی کاک ئەحمەد ئەکەم ئەو شاهی مەهجاهە بەنام مەدحی کاک ئەحمەد ئەکەم ئەو شاهی مەهجاهە بەنام ئەولیای عەسری هیلالن ئەو وەکوو ماهی تەمام ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وا مەستی مەیی غەمزەیی خوونڕێزی نیگارم وا مەستی مەیی غەمزەیی خوونڕێزی نیگارم تا ماوە جیهان باقییە مەستیی و خومارم وامیق بە خەیاڵاتی سەری توڕڕەیی عەزرا وەک من نەبوو سەودازەدەیی پەرچەمی یارم حەسرەتزەدەیی حوسنی ئەیازی بە نیگاهێ سەد غەزنەوی ناگاتە مەقامی دڵی زارم گیرۆدەیی نەمروودمیزاجێکە دڵی من بێ بتشکەنی داخڵی ناو کوورەیی نارم غەم عەینی تەمی کۆهی دەماوەندە لەسەر دڵ ئەمما بە سوروشکم وەکوو ئەڵوەندە کەنارم مەقسوودی دڵم وەسفی بینای میهر و وەفایە بێ میهر و وەفا زەحمەتە ئارام و قەرارم وا تێ مەگە زێوەر کە بەبێ ڕوویی تۆ شادە بێ تۆ شەوە ڕۆژم، بە خودا ناڵەیە کارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چریکەی بولبولی دڵ شۆڕشی ئەفغانی پڕ جۆشم چریکەی بولبولی دڵ، شۆڕشی ئەفغانی پڕ جۆشم چ خۆشە! گەر بگاتە سەمعی یاری مەست و مەدهۆشم؟ بە نەشئەی چاوەکەی مەستم، کەوا ئوفتادەیی خاکم وەگەر نا عالەم ئەیزانێ نە بەنگکێشم نە مەینۆشم لە داغی لالەیی چیهرەی ئەڕێژێ دیدە سەیلی خوێن لە حەسرەت سونبولی زوڵفی وەکوو عەبدی سیاپۆشم لە هیجری خوسرەوی خووبان و شیرینی زەمان هەرگیز نەکیسا و باربود ئەمشەو سەدای نایێتە بەر گۆشم نەوەک هەر کوشتەیی تەعنەی ڕەقیب و تیری ئەعداتم زەلیلی تالیعی خۆم و ئەسیری پەرچەمی تۆشم مەڕەنجێ گەر دەهانبەستە و زوبان لاڵم لە خزمەتدا لە گریە و ناڵە و شێوەن وەکوو پەروانە خامۆشم چ موحتاجە بە زێوەر ئەو کە ماه و شاهی خووبانە فەریدی عالەمە، بۆیە بە جیلوەی قەددی مەدهۆشم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەم دەستە کە لەم شارە هەموو نەوعی غەزالن ئەم دەستە کە لەم شارە هەموو نەوعی غەزالن هەر یەک بە جەماڵ یۆسفی با جاه و جەلالن غیلمانسیفەت سوندوس و ئیستەبرەق ئەپۆشن سووڕەت بەشەرن مەعنی هەموو حوورخیسالن هەریەککە بە دۆش کاکۆڵی ئەفشان و بڵاوە هەر سوبحدەمێ مونتەزیری بادی شەماڵن ئەم شارە وەکوو بەحر و لەنێویا کە موقیمن بەعزێ سەدەفی گەوهەر و بەعزێکی لوئالن مەقبووڵی شەهەنشاهن و مەتبووعی سەلاتین مەعلوومی عەوامە کە بەبێ شیبە و میسالن سووڕەتگەری چین بێتە ئەمێ سەنعەتی نابێ هەر یەک مەلەکێ خاریجی ئیدراک و خەیاڵن غەممازن و پڕ نازن و مەحبووبی زەمانن شەمس و قەمەرن، زوهرەیی باهۆش و کەماڵن شازادە و بەگزادە، هەموو ئەنجەبی خەڵقن وەک خونچەیی پەروەردەیی ئاوێکی زوڵاڵن خۆت تووشی بەڵا قەت مەکە زێوەر کە ئەزانی ئافاتی دڵ و دینن و مەنناعی ویساڵن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان بەینێکە بەسەرما کە گوزارت نییە قوربان نەمزانی وەفا و شەرت و قەرارت نییە قوربان چاوبازەکە! پڕ نازەکە! غەممازەکەیی خۆم باعیس بە چییە مەیلی شکارت نییە قوربان بۆ چی بە هەموو وەقت و زەمان ئێستە نەناڵم وەک عەهدی قەدیم بۆس و کەنارت نییە قوربان غەمبار و خەفەتبار و دڵازار و حەزینم لەو ساوە لەگەڵ من سەروکارت نییە قوربان عاجز مەبە ئەم عالەمە گەر تالیبی ڕووتن لەم حوسنی خودادادییە چارت نییە قوربان بۆچ دەعوەیی سوڵتانیی خووبان نەکەی ئیمڕۆ بۆچ لەعلی لەب و چاوی خومارت نییە قوربان؟ وەک بەچچەیی ئاسک لە دڵی زێوەر ئەکەی ڕەم ئەمما لە ڕەقیب مەیلی فیرارت نییە قوربان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە عەشقی دوختەری ڕەز هەر لە کێوان لە عەشقی دوختەری ڕەز هەر لە کێوان بەجارێ بوومە شەیدای باخی مێوان مەیی وەک لالەیی نوعمان حەڵاڵە بە فتوای من بەیادی لەعلی لێوان لە خەو هەستا بە زولفی ڕووی پۆشی بەیانی کرد بە شەو عوششاقی شێوان دڵی بێچارە وەک کۆتر هەڵ ئەفڕێ لە ترسی چنگی چاوبازی مەریوان ڕەقیب بای دایەوە بۆ فیتنەبازی خوا بیخاتە بەر بای دەستی دێوان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: میسیۆ وێلسۆن کورد و جۆرجی دەشتی موکریان میسیۆ وێلسۆن کورد و جۆرجی دەشتی موکریان وا لە جمیانە مەچۆرە ئەورووپا بۆ سەیریان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پێم خۆشە تەماشای قەدت ئەی سەروی خەرامان پێم خۆشە تەماشای قەدت، ئەی سەروی خەرامان جارێ بە کەرەم سا وەرە ڕابوورە بە لامان ئەو نەختە خەیاڵاتە کەوا ماوە لە سەرما بێ میهری ڕوخت ڕەفعە بەیەک دەفعە لە سەرمان ناڵێم سەنەمی، کوفرە، ئەما قیبلەی قەلبی مەنزووری هەموو خەڵقی چ گەبر و چ موسوڵمان بەم غەمزە و ناز و نیگەهی چاوی خومارەت تاڵانبەری زوههادی و غارەتگەری ئیمان جێ زەخمی موژەت مەرهەمی مەعدوومە لە دنیا چارم نییە ئەڵبەت بە دووسەد هەر وەکوو لوقمان زێوەر مەکە ئەمڕۆ بە نیشانی ستەمی خۆت ئوممێدی بڕاوە لە دەوا و چاری حەکیمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چ شیرینە چایی لە فەسڵی بەهاران چ شیرینە چایی لە فەسڵی بەهاران لەگەڵ یاری سادق لەگوێ جۆیباران! ؟ بە خەندەی نیگاری بە گریەی سەماوەر زەمین وەک سەما بێ بە بەرق و بە باران موغەننی بە پەردەی عێراقی بخوێنێ خودا نازی لێ گوم نەکا نازداران ئەسیری مەحەببەت بی، ئازادی عالەم نەناسی بەجوز جیلوەی گوڵعوزاران ئەگەر وایە بەزمت بە حەققەت بەهەشتە فیدای بێ هەزار مەجلیسی بادەخۆران ئەوا بوویتە سوڵتانی ئێران و تووران چلۆن دێتەوە شەوقی جاران و یاران بەسی بێ خەیاڵاتی بێهوودە زێوەر وەکوو شێت مەگەر بگری ڕێی کۆهساران ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەڵسین با هەڵسین هیچ ڕانەوەستین هەڵسین با هەڵسین هیچ ڕانەوەستین لەناو مەکتەبا کۆمەڵ ببەستین غەزاتەی شاران بخوێنینەوە فیکری ئەوروپا بهۆنینەوە زۆر چاک تێ بگەین لەو دەوڵەتانە چۆن هەڵئەسووڕێن لەگەڵ زەمانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیاو کە دووچاری ڕۆژی نەگبەت بوو پیاو کە دووچاری ڕۆژی نەگبەت بوو دۆستی گیانیشی لێ ئەبێتە عەدوو ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دنیا کە لەبەر قافڵەی ئاهم تەمە ئەمڕۆ دنیا کە لەبەر قافڵەی ئاهم تەمە ئەمڕۆ شۆراوی سوروشکم بەمەسەل زەمزەمە ئەمڕۆ لێوت کە عەقیقە بووەتە ڕوکنی یەمانی ماچی کە جەوازی نییە جێی پەنجەمە ئەمڕۆ کۆبوونەوە حەججاجی خەیاڵم لە مینای دڵ شەیتانە ڕەقیب ڕەجمی لەلام ئەلزەمە ئەمڕۆ خاڵت حەجەرولئەسوەدە، بەرناکەوێ ماچی دەستم کە بگاتێ سەبەبی ڕوتبەمە ئەمڕۆ جان و دڵی من بۆتە سەفا و مەروە لەبۆ تۆ ڕاکەی لە دڵا جانە! کە جێی مەقدەمە ئەمڕۆ شەو تا بە سەحەر موزدەلیفەی حوجرەیە جێگام ئەمما عەرەفەی کۆیی ئەتۆ جێگەمە ئەمڕۆ مەحفووزە لە بۆسە و لە دەسی عاشقی غەمبار دوو ڕووکنیی شامیی و ئەڵێی پەرچەمە ئەمڕۆ ''لبیک و سعدیک'' ئەڵێم: لەحزە بە لەحزە یەعنی لە حوزوورت قەدەمم مەحکەمە ئەمڕۆ زێوەر وەکوو حاجی لە تەوافایە هەمیشە ئەم تەوفی ویداعی نییە لەو بێ غەمە ئەمڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: موژەت ئوردوویی چەنگیزخانە ئەمڕۆ موژەت ئوردوویی چەنگیزخانە ئەمڕۆ هەموو موڵکی دڵم وێرانە ئەمڕۆ لە دەست ئەو پەرچەمی وەک ماری زوححاک هەموو تیفلی دڵێ بێجانە ئەمڕۆ مەگەر گۆیا هۆلاکۆیە دوو چاوت لەگەڵ شەوقی کە پڕ فەرمانە ئەمڕۆ عورووسە یاخۆ دەقیانووسە ئەبرۆت عەدوویی ساحێبی ئیمانە ئەمڕۆ موعەللیم دەرسی نازی ڕووتی پێ وت کەوا چاوت لە ڕووت حەیرانە ئەمڕۆ عەبەس واعیز ئەکا مەنعم لە عەشقی مەگەر دێوانەیی دیوانە ئەمڕۆ لە پەی کێوانەزێوەر هەر وەکوو شێت فوغانی واسیڵی کەیوانە ئەمڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نەوبەهاری باخی حوسنم مات و غەمگینم، مەڕۆ نەوبەهاری باخی حوسنم! مات و غەمگینم، مەڕۆ بۆ نمای قەددی لەتیفت چاو پڕئەسرینم مەڕۆ مەنبەعی عەیش و سەفای ساحیبدڵانی چاوەکەم تەڵخە عەیشی ئێمە بێ تۆ، ڕۆحی شیرینم مەڕۆ زیندەگانی، شادمانی، واسیتەی هەردوو ئەتۆی مەمکوژە -قوربان- بە هیجرت قووەتی دینم! مەڕۆ سەفحەیی دیدە بە خەتت و خاڵی تۆ ڕەنگین بووە کۆڵەوارم سا مەکە ئەی -ئاسکی چینم! - مەڕۆ من حەیاتی عارییەم تەسلیمی غەمزەی چاوتە تاقەتی دووریم نەماوە - باعیسی ژینم! - مەڕۆ نەشئەیی (زێوەر) بە پیاڵەی چاوی تۆوە باقییە سا بە مەقسوودی ڕەقیبان -دیدە شاهینم! - مەڕۆ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بنواڕە نەوبەهار و هەوای تەراوەتی بنواڕە نەوبەهار و هەوای تەراوەتی نووساندی پێکەوە لەبی غونچە حەلاوەتی هێنایە شەوق و زەمزەمە تەیرانی سەر زەمین سەرما بڕایەوە هەموو توندیی و سەلابەتی هەورەبرووسکە بۆتە سەقا ئاوڕشین ئەکا تا، سەبزەزاری ئەرزی موجەللا بێ سەفوەتی ئەم عەردە مردووە هەموو ڕۆحی کرایە بەر گۆڕاوە سەربەسەر هەموو دنیا قیافەتی بادی سەبا بە جیلوە قەدی گوڵبونی لەران گوڵ زاری کردەوە کە بکا شوکری نیعمەتی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە قامەت سەروی بۆستانی بە تەلعەت ماهی تابانی بە قامەت سەروی بۆستانی بە تەلعەت ماهی تابانی لە بەینی ماهڕوویانا وەکوو بەدری نومایانی لە پێشا مەدرەسە و دەیر و خەراباتم لەلا یەک بوو دوو میحرابی برۆت کێشامییە دینی موسوڵمانی لە حوزنا پیری کەنعانم، عەجەب سەبری جەمیلم بوو بەدڵ موشتاقی بۆی وەسڵم ئەلا ئەی یۆسفی سانی! بە دەفعی سیحری چاوانت یەدی بەیزام هەیە ئەمما لە ئەشکی خۆمەدا غەرقم بە سەیری ڕوویی تابانی بەشەر مەیلی بە شەڕ زۆرە جەفات گەر کەم ئەبوو ئەموت: لە بەینی عالەمی ڕۆحانیان مەئمووری ڕەحمانی بەڵێ ڕۆژی بەعیدی تۆ بە عیدی غەیر ئەشوبهێنم حەنایی پەنجەی و بەرگم لە سایەی ئەشکی ڕوممانی چ حاجەت تیری موژگانی لە من دا سەرف ئەکا ناحەق کە من بۆ خۆم گرفتارم بە تای زولفی پەرێشانی کەلامی شەککەرین زێوەر وەکوو ئیعجازێ ئەنوێنێ قەمەر دوو کەرت ئەکا هەر گا کە مەیلی بێ بە ئاسانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حیزی و دزی و خیانەت نە مەحکوومی و ئەسیری حیزی و دزی و خیانەت نە مەحکوومی و ئەسیری هیچیان دەماغشکێن نین وەک عیللەتی فەقیری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەیری دنیا کە لەگەڵ مەنزەرەیی وێرانی سەیری دنیا کە لەگەڵ مەنزەرەیی وێرانی دوور بە لێی خوێنی برینی دڵە ڕێگاوبانی یەک دوو سێ پارچە کەلاوە نەبێ ماوە ئەسەری جێگە هێلانەیی ئاوای نییە تا بڕوانی شیددەتی گەرمی لە دوو چاوت ئەدا سەیری بکەی کێوی خاکستەری گەرمە لە هەموو مەیدانی کوا دێهاتی کە لە خاکی هەموو شێر بوو دەرئەکەوت فەخری تەئریخی جیهان بوو ئەسەری شێرانی کوا ئەوانەی قسەیان عەکسی ئەدایە دەرودەشت پرسی دنیا کە لە کوێن عالەمی بێ پایانی ئەمڕۆ هیچی نییە مەجمووعی حیکایە و مەسەلە هەر برینی دڵە ماوە ئەسەری عومرانی جێگری سەبزەیی باغ و چەمەنە خاکی سیا سەد هەزاران گەمەی ئاهەنگی لەتیف و جوانی نایەتە حەددی نیهایەت لە وڵاتما برسی بۆتە یەک مەقبەرە هەر عائیلەیی جارانی هەر خراپە کە دەچێ ڕۆح لەبەرێ دەنگی نییە دڵ وەکوو بەردی ڕەق ئەتوێتەوە بۆ نیشتوانی تەڕەفێ فاجیعە ئەکڕێنێتەوە جەرگی وەتەن تەرەفێکیشی ڕەوە گورگە بەدەم و دندانی وەک دڕندە لەشی بێ چارە و بێکەس ئەگەزن زەفەری ئاخری تورکان ئەمە بوو ئیحسانی ئەی شەهیدانی وەتەن، ئەی بەفیدای خاکی وەتەن عەزمتان زیندووە نامرێ بەخودای ڕەببانی چونکە مەعنای وەتەنت مەملەکەتی ئیسلامە نەوەکوو شام و حیجاز و یەمەن و کەنعانی تۆ کە خوێنت بەفیدا کرد بگەیە مەقسەدی خۆت تۆ کە حەملەت ئەنەدۆڵ بوو کە نەما ئیمانی حیرەتی خستە جیهان هەروەکوو ئەجدادی کیرام بێ شک و شوبهەیە تۆ ئەرشەدی کوردستانی وا مەزانە لە دڵا خوێنی شەهیدیت کەم ئەبێ یەکسەر ئەم مەشریقە ماتەم گرتوون، ئینسانی عەزمی تۆ مەقسەدی تۆ هەرچی کە بوو بێ هەر ئەبێ مەحو ئەکا مونتەقیم ئەڕواحی، زەلووم و جانی سەعی تۆ ڕێی حەقە بۆ میللەتی خۆت، ئیستیقبال سەر دەخا تاجی زەفەربەخشی ئەکا ئیستیقلال ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مووچەم غەمە ئەمساڵ لە جەزای خزمەتی جانی مووچەم غەمە ئەمساڵ لە جەزای خزمەتی جانی مایەم دوڕی ئەشکە لە بەهای لەعلی لەبانی قومری سیفەتم نالەکونان شام و سەحەرگاه تا دوورە لە من قامەتی وەک سەروی ڕەوانی وابەستەیی یەک بوون و حەریفی شەو و ڕۆژن زولفی لە ڕوخا ڕوخ لە دڵا دڵ لە میانی کەس باعیسی قەتڵم نییە لەم عالەمە ئیللا چاوی ڕەشی، تیری موژەی، ئەبرۆیی کەمانی ڕوخسار و دوو ئەبرۆ و لەبی غونچە میسالی وەک شەمعی شەو و ماهی نەو و لەعلی یەمانی باوەڕ بکە هەرچی کە بڵێم، شەرحی فیراقت ڕەنگزەرد و نەفەسماندە وەکوو شەمعی بەیانی تەسدیقی غەمی زێوەری بێچارە کە ناکەی جارێ وەرە خۆت بگرە بە ئەحواڵی ئەزانی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: نیگارا تۆ لە هەر جێگە دیاری نیگارا! تۆ لە هەر جێگە دیاری لە ڕووتا گوڵ ئەکێشی شەرمەساری بە چاو نێرگس، بە دەم غونچە، بە ڕوو گوڵ هەمیشە ساحەبی حوسنی بەهاری لە پەندی ئەهلی دانیش گوێم گرانە کە مەنعم کا لە زاریی یا لە زاری لە وەسفی نازکیتا دەستەئەژنۆن هەزارێکی وەکوو نالیی و ناری نەهاتیمە کە وەعدت دا نەهاتی سپی بوو، کوێر بوو چاوی ئینتیزاری قەسەم بەو خاکی بەر پێی تۆیە قوربان بەشم هەر زیللەتە و هەر خاکساری ئەگەر تۆ بێیتە لام سەر وا لە ڕێتا ئەگەر من بێم ئەکەم هۆشم بە دیاری ئەزانی، بۆچ عەزیزی تۆ لەلای من کە پەروەردەی هەوای ناو شاخ و داری کە نەتبێ عەشقی باد و ئاب و خاکت لەلام هەر ناری گەردانەی هەناری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەیای کرد وێڵەدەر شکڵی هیلالی پەیای کرد وێڵەدەر شکڵی هیلالی بەهار ڕەوشەن ئەکا سوبحی جەماڵی ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوت شەهەنشەهێکە ئەبرۆت وەکوو وەزیری چاوت شەهەنشەهێکە، ئەبرۆت وەکوو وەزیری بۆ قەتڵی عاشقانت موختاریی و ئەمیری بە تیغی ناز و حوسنی جانم شکافتەیی بوو جەرگم بووە نیشانەی هوجوومی دەستەتیری دەستەونەزەر ئەوەستن تابووری عاشقانت موشتاقی حوکم و ئەمرن لە نوتقی وەک موشیری ئەم دەردی عەشقە هەر گا ڕێگەی بە جێگەیێ برد مردن نەبێ کە لای با! ناڕوا بە دەردی پیری هەرگیز لە دەردی عەشقی زێوەر! نەکەی شکایەت ئێستا تەقەڕڕوبت بوو بە واسیتەی ئەسیری ++++++++++++++++++++++ سەرناو: یارێکی دڵازاردەری شۆخێکی بە کینی یارێکی دڵازاردەری شۆخێکی بە کینی ئافاتی دڵی عالەم و ئاشووبی زەمینی من تابی هوجوومی سەفی موژگانی ئەتۆم کوا؟ دایم بە کەمانی خەمی ئەبرۆ لە کەمینی تۆ هەر نەوەکوو دوزدی مەتاعی خیرەدی و هۆش سەرقافڵەیی جەردەیی بارخانەیی دینی وێنەت ئەکەم و نایکەم و دەیڵێم و دەناڵم تۆ یا پەریی بێ پەڕی یا ئاهوویی چینی مەقسوودی و مەرغووبی و مەحبووبی قولووبی شیرینی و ڕەنگینی و خەندە نمەکینی هێند خەندەیی ئابدار و لەتیفە بەتەراوەت خەوفم هەیە بتوێتەوە لێوی شەکەرینی شامی غەمی هیجر و ئەلەمم دێتە نیهایەت گەر دەربکەوێ ڕووی شەفەق و سوبحی جەبینی گەر ڕافزی و شیمە و گەر گەبر و یەهوودە هەرچی هەیە وەڵڵاهی منم تابیعی دینی موددێکە کە دوور بووم و جەفادیدە و ڕەنجوور نەتپرسی: کە کوا زێوەر و ئەشعاری مەتینی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ ئەو دڵبەرە نەوڕەستە کە ڕەنگێ بنوێنێ ڕەنگە لە فەلەک جەمعی مەلائیک بنوێنێ تیغی خەمی ئەبرۆی ئەگەر بێتە بزووتن زنجیری ئەمەل، ڕشتەیی ئیمان ئەپسێنێ هەر لەحزە بە شوعلە و ڕوخی گوڵئاتەشیی خۆی لەم بۆتەیی سینە مسی قەڵبم ئەتوێنێ بونیادی خەیاڵم کە ئەشوبها بە دەماوەند هەر لەحزە بە تیرێکی موژەی دای ئەڕووخێنێ وا سووڕەتی وا سیرەتی هەر عەینی کەماڵە جارجارە بە شەرمێکەوە عاشق ئەدوێنێ خەرمانی وجوودی بە خوا دوورە لە ئافات هەر کەس لە دڵا توخمی وەفای ئەو بڕوێنێ ئیعجازی مەسیحا لە لەبی پڕ شەکەرایە سەد موردە ئەکا زیندە و زیندە ئەمرێنێ ڕووحت کە بەهای عیشوە و نازی ئەوە زێوەر لەو کافرە خۆت لادە کە دینت ئەفڕێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: با نەچێتە لای ڕەقیبان یار ئەنیسی خانە بێ با نەچێتە لای ڕەقیبان یار ئەنیسی خانە بێ لازمە ئەو ئاسکە لەولا نەبێ، لەو لانە بێ دیدە وەختێ تۆی لەلا حازر نەبێ وا حەز ئەکا بۆ نەزەر لەعل و دوڕی یەکتا نەبێ، یەک تا نەبێ عاریفی حەقبین چ باکی زینەت و ئارایشە وای ئەوێ ناو شار و ناو دێ وا نەبێ، دێوانە بێ دۆستی و خزمی نەماوە بۆ ڕەفیقی خۆی فەلاح حەز ئەکا بەو شەرتە گەر بێ گا نەبێ بێگانە بێ هەر کەسێ بۆ تەرکی دڵبەر دێ نەسیحەتمان ئەکا ئەم دوعایەی لێ ئەکەم: یاخوا نەبێ، یا خوانە بێ شەمعی ڕووتە بۆتە باعیس زێوەر ئێستا دائیمەن گەر لە خاتریا کەمێ پەروا، نەبێ، پەروانە بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە ئێشی نێشی تیرت دڵ لەتە کەی بێ دەوایێ بێ بە ئێشی نێشی تیرت دڵ لەتە، کەی بێ دەوایێ بێ؟ بەسەر چینچینی زولفی تۆ سەحەر بادی سەبایێ بێ پیادەی دڵ لە سەتحی ڕێگەتا پێچوپەنای ناوێ بە ڕوخ ماتی مەکە خەوفت لە حوکم و ئەمری شایێ بێ بە دوو چاو و دوو ئەبرۆ و خەتت و خاڵی شەشدەری لێم گرت لە بنیا داشی دڵ گرژاوە، سا ڕەببی گوشایێ بێ بە جان و دڵ، سەروماڵ، دین و ئیمان هاتمە کۆیی تۆ بە ڕەسمی دوشمنی لاوە، خودا تووشی بەڵایێ بێ لە دڵما زەهری هیجرانت بە سەد پیاڵەی شەراب ناڕوا چ نەفعی بۆ منە موتریب بە سەد ساز و نەوایێ بێ؟ لە بەختی من دوو ئەبرۆت هەر وەکوو شمشێری بوڕڕانە بە من چی بۆ ڕەقیبان گەر وەکوو باڵی هومایێ بێ دەڵێ زێوەر هەتا ماوم لە وەسڵت نائومێد نابم ئومێدم هەر هەیە جارێ کە تەئسیری دوعایێ بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەکیمی دەردی من ئەو چاوەیە قەت دوختەرم ناوێ حەکیمی دەردی من ئەو چاوەیە قەت دوختەرم ناوێ لە ڕێگای عەشقی تۆدا گوم ببم یەک ڕەهبەرم ناوێ تەماشای زولفی ئاڵۆزاو و سەرمینایی گەردن کەم لە سەحنی گوڵشەنا هیچ سەیری عوود و عەنبەرم ناوێ سەعاتێ هەمنشینی تۆ ببم ئەقسایی ئامالە ئیتر حوور و قوسوور و لەحمی تەیر و کەوسەرم ناوێ بە وەعزی واعیز ئەمڕۆ چونکە عالەم حاڵی گۆڕاوە هەتا موشکیی عەلیخانی بوەستێ مێزەرم ناوێ ئەگەر دوو سێوی زیوینی لە باخی سینەدا دەرخا هەتاکوو ڕۆژی مردن شەرتە تەختی سەنجەرم ناوێ ئەسیری حوسنی تۆم، ئازادی تەعنەی عالەمم بیللا لەباتی خاکی بەردەرگانەکەت سیم و زەڕم ناوێ تەقەی دەف، حەلقەیی دەروێش، ئەڵێی نانێکی بێ خوێیە کە نووری مەعریفەت گوم کەم چراغی ئەختەرم ناوێ لەڕێی تۆفانی زیللەتدا حەیاتی عارییەت مەرگە لەگەڵ بێحورمەتیدا بارەگاهی قەیسەرم ناوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شوعاعی شەمس و شەوقی شەمع و لەمعەی بەدر ئەبێ ون بێ شوعاعی شەمس و شەوقی شەمع و لەمعەی بەدر ئەبێ ون بێ لە جێگایێ کە ڕوخساری نیگاری دڵبەری من بێ بە دوو ڕەشماری سەرشانی دەڵێی زەححاکی سەففاکە لە قەتڵی کەس قوسوور ناکا ئەگەر ئینس و ئەگەر جین بێ ئەوا مردم بەسم سا تیرەباران کە بە موژگانت لە سەرتا بۆ بەخۆڕایی هەموو ئەخلاقی بەهمەن بێ لە ڕێگای عەشقی تۆدا تووشی زیندان بم لەلام خۆشە چییە با تالیعی سستی منیش وەک بەختی بێژەن بێ هەتا عیشقم لە سەردا بێت و هیجرانم لە ڕێدا بێ لە کوللی ساعەتێکا هەر دەبێ چاوم لە مردن بێ کە چاوی مەست و خوێنڕێژی بە غەمزە مەیلی عاشق کا دەبێ پیاڵەی شەرابی لەعلی ڕوممانیی سەروبن بێ ئەگەر زێوەر لە حوببی تۆ سەعاتێ قەلبی خاڵی بێ ئیلاهی! ئەو دڵەی دەر دەم نیشانەی تیری دوشمن بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە غەیرە خاڵییە مەجلیس نیگاری مەهجەبین با بێ لە غەیرە خاڵییە مەجلیس نیگاری مەهجەبین با بێ سوراحی گەردەنێ، چاوپیاڵە، یاری نازەنین با بێ لە زاهید دڵ بە ئازارم لە سەیری سۆفی بێزارم لەنێو دەیری موغانا موغبەچەی بێ دەئب و دین با بێ بە ناسۆر کەوتووە، زەخمی دڵم بەو زوڵفە موشکینە بە خەندەی لێوی شەککەرباری مەرهەم بۆ برین با بێ لە ڕێگای دیدەوە موڵکی دڵی خستۆتە ژێر حوکمی ئەمیری بەحر و بەڕ، سەرداری خووبانی زەمین با بێ خەزانی فیرقەتی هات و گوڵستان مایەوە بێ گوڵ لە سینەی بولبولی بێخانومان ناڵەی حەزین با بێ بە ئەشکی ئاڵ و زەرد و سووری من ڕەنگینە کاشانە عەجایب مێرغوزارێکە غەزالەی دەشتی چین با بێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: وەک قەدەح چاوم لەسەر دەست دائەنێم نانووم شەوێ وەک قەدەح چاوم لەسەر دەست دائەنێم نانووم شەوێ شەستپەڕی ڕووت تا لەناو باخی زەمانا سەرکەوێ ئەنجوومی ڕوویی زەمین مەحون بە نووری تەلعەتت وەک ستارەی ئاسمان مەحون شەفەق گەر دەرکەوێ موتتەسیل تا سوبحدەم غەرقی خەیاڵی ڕوویی تۆم عاجزە، تۆراوە لێم، خۆ هەر نزیکم ناکەوێ عاشقان هەر یەک لە پێشتر خۆ بە قوربانت ئەکەن ڕەببی قڕیان تێ کەوێ نۆبەم کە هەر بەرناکەوێ گەر چی دەرمانە نیگاهت بۆ برینی نێو دڵان تەبعی ناسازە دڵی من ئەم دەوای پێ ناکەوێ کافر و ئیسلام موقابیل بوون لە شاری حوسنی تۆ باعیسی چی بێ کە ئیسلام دەفعەیێ سەر ناکەوێ! زێوەر ی دڵ پڕ موسیبەت بەندە بۆ خزمەتگوزار مەیکوژە ئێجگارەکی عەبدی وەهات دەس ناکەوێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەسێ سەگ تاوی لێ دا دابنیشێ وازی لێ دێنێ کەسێ سەگ تاوی لێ دا دابنیشێ وازی لێ دێنێ لە سەگ کەمتر کەسێکە حەملە بۆ سەرکەوتووان دێنێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کەوتمە داوی نیگارێ مەهجەبینێ دڵبەرێ کەوتمە داوی نیگارێ، مەهجەبینێ، دڵبەرێ ئیختیارم لا نییە گەر دین و ئیمانم بەرێ سونبولی تەڕ ڕائیحەی کەی نەوعی زولفینت ئەبێ نافەیی ئاهوویی چین باجە کە ئەیخاتە دەرێ هەر سەحەرگاهان ئیفاقەی بێ زەمانی دەردەکەم لەش بریندارم بە تیغی دڵبەرێ، قەدعەرعەرێ پێم بڵێ: بۆ حەلقەحەلقە پەرچەمت کەوتۆتە مل؟ خۆ بە قانوون و نیزام زنجیر لە گەردن ناکرێ ئارەقی سەر ڕوومەتت ئابی حەیاتە، زەمزەمە هەر کەسێ نۆشی بکا تا ڕۆژی مەحشەر نامرێ سینە کوورە، دڵ کەباب و باوەشێنی ناڵەیە ئاوی وەسڵی ئەو نەبێ ئەم ئاگرە دانامرێ بۆ بەخۆڕایی ئەتۆ زێوەر ئەڵێی من موخلیسم کوا ڕەفیقێ؟ کوا شەفیقێ؟ تا جەوابت بۆ بەرێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گرتوومە لە عالەم سەنەمێ لالەعوزارێ گرتوومە لە عالەم سەنەمێ، لالەعوزارێ شیرین خەتوخاڵێ چ عەجەب دیدەخومارێ! سەد دڵبەری چینی بەفیدای نیمەنیگاهی سەد حوور و پەری بێ بەفیدای عیشوەیی جارێ باری غەمی دڵ سەهلە بە تای پەرچەمی لاچێ بیکا بە کەمەندی دڵی میحنەتزەدە بارێ کاکۆڵی سیا لازمە بۆ گەردنی زیوین گەنجێ کە ببێ لازمە بۆ حارسی، مارێ مومکین نییە بێ ڕەنجی عەدوو گەنجی ویسالت وەسڵی گوڵ ئەگەر بێ نییە، بێ ئافەتی خارێ ڕیشەی دڵی هەڵکەندووە ڕیشووی ڕەشی مشکی گەر هۆشی بە ڕیشوەت نەدەمێ زەحمەتە چارێ کامی دڵ ئەگەر بێت و ڕەوا بێ لە لەبی ئەو تا ڕۆژی قیامەت لە لەبم شەککەر ئەبارێ سەر کۆهی خەفەت کەوتووە زێوەر بە تەماشا لەو کۆهی غەم و میحنەتە ئەو نایەتە خوارێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: هەموو دەم ئێستە موشتاقم کە نایێ دڵبەرم یادێ هەموو دەم ئێستە موشتاقم کە نایێ دڵبەرم یادێ ئەما ئەو ڕەنگە سەد ساڵیش لە حاڵی من نەکا یادێ هەتا شیرینی دەوران و موقیمی ڕوتبەیی نازی بە ناڵە و شۆڕش و غەوغا هەموو کەس بۆتە فەرهادێ تەحەییور ماوم -ئەی یاران! - لە فەننی ناز و خودبازی چلۆن فێر بوو کە منداڵیشە، بێ تەعلیمی ئوستادێ گەلێکم وت بەدڵ: دانیشە دنیا پڕ لە ئاشووبە هەتاکوو عاقیبەت گرتی کەمەندی زولفی سەییادێ دڵم وەک بولبولی گوڵزاری کیشمیر و سەمەرقەندە لە سەد ئاواز ئەخوێنێ بۆ گوڵێ گەر لێی بدا بادێ بەوێنەی کۆهکەن زایع بۆ ناڵە و شیوەن و شینم کە ڕەحمێکی نەکرد ئەو کافرە جارێ بە فەرهادێ مەڵێن زێوەر بەخۆڕایی ئەناڵێنێ و ئەکا شیوەن گرفتارە، بریندارە، بە تیغی چاوی جەللادێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەمڕۆ بە دووسەد غوسسەوە دڵ خەستە دووچارە ئەمڕۆ بە دووسەد غوسسەوە دڵ خەستە دووچارە بۆ هیجری ئەتۆ دەردی دڵم بۆتە شەرارە ساڵ ساڵ غەمی هیجرانی ئەتۆ زیاتر ئەبینم ئەمساڵ دڵی من تالیبی ڕووی عوشرەتی پارە بێڕەحمی و بێمەیلی و ناپرسی لە حاڵم لافاوی سروشکم کە دەڵێی سەیلی بەهارە قوربان سەبەبی قەتلی منە سوحبەتی ئەغیار بنواڕە دەروونم کە وەکوو کوورەیی نارە بۆ عاجز ئەبم هەمدەمی ئەغیار و ڕەقیبی گوڵڕەنگیی و گوڵ دیارە کە هەمسوحبەتی خارە چۆن سینەیی من مەرکەزی دینار و درەم بێ لەعلی لەبی تۆم بێ کە بەهای چین و تەتارە؟ گەر عاجز و گەر زویر و ئەگەر خوڕڕەم و شادی بمبەخشە لەڕێی نەشئەی ئەو چاوەخومارە دڵ بوو بە ئەسیری شەهی ئیقلیمی نەزاکەت یاڕەببی بە تای پەرچەمی بیدەی لە قەنارە گەرزێوەر ئەڵێن بۆچی نەکەوتە سەری کێوان؟ دێوانە گەلێ تالیبی نێو کووچەی شارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بێ ڕوویی تۆ ئەی شاهی زەمین، ماهی زەمانە بێ ڕوویی تۆ ئەی شاهی زەمین، ماهی زەمانە دەردی دڵەکەم خاریجی تەسویر و بەیانە مومکین نییە هەر دڵ کە کەمێ عەشقی تیا بێ بۆ تیری موژەی تۆ کە نەبووبێ بە نیشانە وەک خەنجەری جەللادە دوو ئەبرۆیی هیلالیت خوونڕێژ و دڵازاری هەموو پیر و جەوانە تیری نیگەهت نیعمەتە بۆ عاشق ئەبارێ ئەم کونجی غەمی من هەمە، گوڵزاری جینانە ئاشووبی دڵی عالەمی، جیلوە مەنوێنە بەم قەددی لەتیفەت کە ئەڵێی سەروی چەمانە مەیلت هەیە زێوەر کە کەمێ سەبری بمێنێ پەخشانی مەکە توڕڕەیی شاهانە بە شانە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بە دوو زولفی تەنافبازت ئەڵێن دوو بەچچەعەییارە بە دوو زولفی تەنافبازت ئەڵێن دوو بەچچەعەییارە بە دانەی خاڵەکەی سەر ڕوو ئەڵێن: هیندوویی گوڵزارە بە چاوی مەست و خوونڕێزت ئەڵێن یا بازە یا شاهین ئەڵێن: ئەو تیپی موژگانە سوپای ماچین و تاتارە بە جیلوەی قەددی مەوزوونت ئەڵێن وەک تاوسی باخی لەبەر شیرینیی نوتقت ئەڵێن لێوت شەکەربارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تا زولفی لەسەر چیهرە پەرێشانی سەبایە تا زولفی لەسەر چیهرە پەرێشانی سەبایە ئاشوفتەگیی و تیرەگیی بەختی سییایە ڕووی و لەب و مووی هەمدەم و ئامیزشی یەک بوون غونچەی چەمەن و بوردی یەمەن، موشکی خەتایە شمشادی قەدی سەروی خەرامانە ڕەوانە جێگیری دڵی پادشەه و شاه و گەدایە چاوی کە وەکوو دیدەیی بازێکە شکاری دڵ وەک کەوی بێچارە گرفتاری بەڵایە زێوەر نییە دۆستێ کە ڕەقیب تووشی بەڵا کا مەعلوومە سەوابی ئەمە وەک حەجج و غەزایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تابی هیجرانم نەماوە نووری چاوانم وەرە تابی هیجرانم نەماوە، نووری چاوانم وەرە ساکینی بەیتولحەزەن بووم ماهی کەنعانم وەرە وام لەنێو زوڵماتی غەمدا هەر تەڕەف ڕێگام نییە تا ڕەمەق ماوە لە عومرم شەمسی تابانم وەرە شەهسەواری موڵکی حوسنی، من پیادەی بەردەست ئەسپی نازت وەرمەگێڕە، شاهی خووبانم وەرە کەوکەبی بەختم غورووبی کرد و بێکەس مامەوە زوو بە دەرخە شەوقی ڕووت شەمعی شەبوستانم وەرە من نە تریاکی و نە بەنگیم. مەستی نەشئەی چاوی تۆم چاوەڕێی دەردی خومارم سوبحی ڕەخشانم وەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تالیبی ڕووتم بە ئەگریجەت پەرێشانم مەکە تالیبی ڕووتم بە ئەگریجەت پەرێشانم مەکە من کە ئیسلامم حەواڵەی کافرستانم مەکە کونجی عوزلەت ئیختیارم کردووە مەمهێننە دەر عاشقم دێوانە نیم سا بەردەبارانم مەکە نەقشی بەست حوببت لە دڵما، ئاسمان نایباتە دەر سا کەمێ مەیلی منت بێ دڵپەرێشانم مەکە دێمە بەردەرگانەکەت تەنها بەبێ یار و ڕەفیق جاربەجار بمخوێنەوە داخڵ بە نیسیانم مەکە چاوی مەستت شێخ و مەللا هەر دوو حەیرانی ئەبن وا بە غەمزە ئەقڵ و دینت برد لە ئیمانم مەکە بێستوون کەی وەک دڵی من تیشەکاریی لێ کرا؟ بۆ تەحەممول وێنەیی سامی نەریمانم مەکە تەبعی میڕڕیخت هەیە بەو تەلعەتی وەک زوهرەیە موشتەریی تۆم تالیبم، مەهتووکی یارانم مەکە زێوەرە هەرجانفیدا بێ، دڵفیدا بێ سەرفیدا مەمخەرە دەرد و موسیبەت تووشی هیجرانم مەکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تکاندی ئابڕووی چەمەن بە ڕوویی ئابدارەوە تکاندی ئابڕووی چەمەن بە ڕوویی ئابدارەوە شکاندی نرخی نەستەرەن بە زولفی موشکبارەوە چمە لە مەی لە نەی لە جام، ئەگەر بە لەنجە بێتە لام بە ڕوویی تابدارەوە، بە چاوی پڕخومارەوە عەرەق نییە لە عالەما، کە لابەرێ لە دڵ غەما جگە لە قەترەئارەقێ لە ڕووت کە دێتە خوارەوە نیشاتی من جەماڵی تۆ، بەراتی من ویساڵی تۆ خەیاڵی من لە خاڵی تۆ بە عیشوە لێم مەشارەوە عەزیزەکەی حەبیبی من، نیگارەکەی تەبیبی من کە شەق بەرێ ڕەقیبی من، وەرە بە سەد ویقارەوە فیدایی خەدد و قەددی تۆ چەمەن بە فەوجی گوڵیەوە بە بولبول و بە چڵیەوە، بە قومری و هوزارەوە فەرەنگڕووی زەنگموو، عەجەمسیاق و ڕووسخوو ئەناسرێ کە کوردە زوو بە پێچی لار و خوارەوە نیساری زولفی عەنبەری هەموو وڵاتی گوڵعومەر بە عەرد و بەرد و دارەوە، بە ئاوی سەرچنارەوە ئەمن گەیاندمە ئەنوەری فنوونی شیعر و شاعیری ئەتۆ گەیانتە سامیری بە چاوی سیحرکارەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: حەواسم هەر وەکو زوڵفت چلۆن شێواوە شێواوە حەواسم هەر وەکو زوڵفت چلۆن شێواوە، شێواوە دڵم وەک خاڵی ڕوخسارت چلۆن سووتاوە، سووتاوە ئەگەر تۆ سەیری سەرچاوە و گوڵستانت هەوەس دێنێ سوروشکم ڕەنگی گوڵزارە. وەرە سەرچاوە، سەرچاوە لە بەختی من ڕەقیب یاڕەببی چەندە شووم و بەدبەختە بەرەو ڕوو هەم شەرم ناکا؛ ئەڵێ: بەو لاوە، بەولاوە بە مەحزی خاکساریی دەفعی کینەی ناکرێ هەرچەند سەرم وەک ئاسمان ئەرزی لەڕێیدا ناوە، داناوە ئومێدی چیم بە دنیا بێ هەتاکەی مەستی غەفڵەت بم؟ زەمانی تۆبەیە، تا شیشەی پڕ بادە نەشکاوە فەلەک ئاش و زەمین بەرداش و ئینسان دانەیە، یاخۆ ئەجەل باز و بەدەن کەبکە سەدای ها ڕاوە، هاڕاوە ئەلا ئەی باغەبان بۆ بۆنی گوڵ سەودازەدەم ئەمڕۆ کە هەم بۆی یارە، وازێوەر لە دەردا ماوە، داماوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆراک و خەو بەبێ تۆ یەکسەر لە من حەرامە خۆراک و خەو بەبێ تۆ یەکسەر لە من حەرامە هاودەم ناڵینی گەرمە، غەم هاوپشت و برامە بام بولبول هیچ نەخوێنێ با غونچە خۆی نەنوێنێ ئەفشان نەکا گوڵ بێنی، دنیام توونی حەمامە شەو کە ئەچمە ناو جێگا، ئەڵێی ئەمخەنە جێ گا لێم تێکچوو جێ و ڕێگا سوبحم تاریکی شامە وڵاتێکی بێ سەردار ئاگری تێ بەر بێ یەکجار بۆچی بڵێم، بەهار بێت دنیا کە بێ مەرامە هەر خەم دەخۆم دەماودەم بێ گریانێکی سەردەم بۆ ئەم هیجرانی تۆیە فرمێسکی ناتەمامە دووریت سوروری لابرد، وەڵڵاهی نووری لابرد ڕوخساری پاکی، بێ شک، چرایی خاس و عامە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵ کە غەیری شکەنی زوڵفی تۆ ئەفکاری نییە دڵ کە غەیری شکەنی زوڵفی تۆ ئەفکاری نییە تووشی سەودا بووە تا ڕۆژی ئەزەل چاری نییە زاهید! ئەر دیدەیی تەڕ ئەشکی هەمەڕەنگی نەبێ لێی گەڕێن مەنعی مەکەن میحنەتی دڵداری نییە نیشی زەخمی موژەیی دڵبەری کەم دیوە مەگەر هەر کەسێ تا بە سەحەر ناڵە و هاواری نییە هەر کەسێ فەیزی قەدەمبۆسیی ئەتۆی بەرنەکەوێ لە قیامی عەرەساتا ئەحەدێ یاری نییە بۆیە پەردەی لە سەر و ڕوویی فڕێ داوە نیگار تا بڵێین خۆی چەمەنە حاجەتی دیواری نییە تا لە من دوورە هەوای کاکۆڵی موشکین، دڵەکەم سەیری باغ و هەوەسی دیدەنی گوڵزاری نییە زێوەر ی دەربەدەر ئەمڕۆ لە فیراقت نەفەسێ غەیری غەم خواردن و گریانی حەزین کاری نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دڵی من دەرحەقی تۆ هێندە سافە دڵی من دەرحەقی تۆ هێندە سافە وەکوو زاهید خەریکی ئیعتیکافە مەکە باوەڕ بە قەولی دوشمنانم قسەی دوشمن هەموو لاف و گەزافە دوو زولفت مووبەموو هاتوون بەیەکدا لەبۆ ئەم گەردنە تەوق و تەنافە لەگەڵ وەسڵم بە تۆ بوو ڕۆحم ئەڕوا وەکوو نوونی مثنی لای ئیزافە وەرە زێوەر نەسیحەت بگرە گوێ خۆت لە ئەم ڕێگایە لادە ڕێی خیلافە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەمێکە شاعیران هەموو بە شێعری ئابدارەوە دەمێکە شاعیران هەموو بە شیعری ئابدارەوە ئەسیری دەستی دڵبەرن بە زولفی تابدارەوە دەمێکە وەسفی مەی دەکەن، غەزەل بە مانە تەی دەکەن بەجارێ مەدحی نەی دەکەن، کە دێتە بەزمی یارەوە دەمێکە سەرفی عومر دەبێ، لە نەعتی ئاوی خۆشی گوڵ بە بولبولی چەمەن خوسووس بە سەروی جۆیبارەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەمانی گورز و ڕم ڕابورد و ئێستا پاڵەوان عیلمە زەمانی گورز و ڕم ڕابورد و ئێستا پاڵەوان عیلمە سیلاحی دەستە سەنعەت باریقەی تیغ و سینان عیلمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ساقی بە جیلوە هەستە بۆم پڕ کە یەک قەڕابە ساقی بە جیلوە هەستە بۆم پڕ کە یەک قەڕابە ئەمشەو بە یادی چاوت مەیلم لەسەر شەڕابە من نامەوێ حیجاز و ڕاست و نەوای عێراقی شۆر و قەتار و حەیران بۆ من بڵێن سەوابە ڕووی دڵبەرێکی کوردی نادەم بە میسر و تائیف یەک بەیتی وردی نالی نادەم بە سەد عەتابە دڵ دەردەداری یارە، بیمار و بێقەرارە بەینێکە ئینتیزارە، ئەحواڵەکەی خەرابە مەنعم مەکە لە ناڵین ئەی شۆخی دیدەشاهین بۆ چاوەکانی مەستت، جەرگم ئەڵێی کەبابە مەوجوود نەبێ ئەمانە، یا ئەو برۆ کەمانە زێوەر بە تیری میحنەت دووچاری سەد عەزابە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبەب مەهجووریی دیداری یارە سەبەب مەهجووریی دیداری یارە دڵم پڕ خوێن و چاوم ئەشکبارە تەماشای عالەمم حەسرە لەسەر ڕووی بە دڵدا بێ خەیاڵێ ڕووی نیگارە لە حەسرەت ڕووی نیگارینی هەمیشە دەروونم پڕ لە ڕەنج و پڕ لە نارە نەسیمی گوڵشەنم بادی سەموومە بڵێ: گوڵ، بێ گوڵی ڕووت عەینی خارە مەزاقم دەردی هیجرانی ئەتۆی دی ئیتر شەککەر لەکن من زەهری مارە مەکەن لۆمەم ئەگەر سەحرانەوەردم مەکانی ئاهووان و جێ شکارە بەهاری عوشرەتم زستانە بێ تۆ بەبێ من تۆ خەزانت وەک بەهارە نەوەک هەر من گرفتاری نیگارم هەزارێکی وەکوو من ئینتیزارە عەزیزان! باعیسی هیجرانەزێوەر بەدایم سینەچاک و بێقەرارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوربان بە یادی تۆوە گوڵی ئارەزووم گەشە قوربان بە یادی تۆوە گوڵی ئارەزووم گەشە چ بکەم کە ناگەمە قەدەمت بەختەکەم ڕەشە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قوربان لە تەمی ئاهی دڵی خەستە حەزەر کە قوربان! لە تەمی ئاهی دڵی خەستە حەزەر کە عیسا نەفەسی، هەستە بە لای ئێمە گوزەر کە ئەی چیهرە مەلەک حەیفە ڕەقیب بۆتە ئەنیست لەو جەننەت و فیردەوسە ئەو ئیبلیسە بەدەرکە وا جەژنە خەلایق هەموو پڕ زەوقن و شەوقن بەو خەندەیی شیرینە جیهان پڕ لە شەکەر کە جەژنانەیی من ماچی دەمی تۆیە کە بیدەی تیفلی دڵی من غەرقی حەنای خوێنە، نەزەر کە ڕەغمەن لە حەسوودانی من و دوژمنی باڵات ئەم جەژنە وەرە! ئەم غەزەلە تازە لەبەر کە ئەو دڵبەرە ڕەنگینە کە سەنگیندڵە دایم ئەی ناڵەیی ناری لە دڵی خەستە ئەسەر کە دڵ کونکونە زێوەر بە خەدەنگی موژە دایم لادە لە دڵی، ڕووحی ڕەوانی بە سوپەر کە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لە بەختی من ستەمکار و لەئیمە لە بەختی من ستەمکار و لەئیمە لەلای خەڵقی وەفادار و کەریمە چ حاجەت من بڵێم، سەودازەدەی تۆم بە حاڵی عاشقانی خۆی حەکیمە نیشانگای تیری ئاهم وەقتی دووری سەری کورسی و پێی عەرشی عەزیمە لەگەڵ ئەو مەهجەبینەی من ڕەقیبم دەڵێی تاووس و شەیتانی ڕەجیمە چراغی شادمانی من هەمیشە لە ئەترافی شیمالی غەم موقیمە بەهەشت و کەوسەری من وەسڵی تۆیە ئەما دووری لە تۆ ناری جەحیمە چلۆن لادەم لە ڕێگای عەشقبازی؟ بە فەتوای من صراط المستقیم ە لەگەڵ زێوەر وەفاداری لەتیفە کە چونکە جانفیدایێکی قەدیمە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: من لە سایەی حوسنی تۆ قەلبێکی پڕ شادم هەیە من لە سایەی حوسنی تۆ قەلبێکی پڕ شادم هەیە گەرچی هەر ساتێ لەلای تۆ زوڵمی بێدادم هەیە سواری ئەسپی کیبر و نازی، ناتگەمێ هەرچەند بڕۆم ناعیلاجم وەک جەرەس ئەفغان و فەریادم هەیە ماهی عەشقت موشکیل و وەسڵت لەڕێی هات و نەهات بێ شکە جەولانی بێشکە و شەوقی دامادم هەیە ئەمری حەربم بێتە سەر بەم ئەشکە سەددی ڕێت ئەکەم تورکی موژگانت هەیە، من چاوم ئیمدادم هەیە چونکە قەت ناگەم بە کۆی تۆ وەک نەسیمی سوبحدەم هەر سەحەرگاهێ تەمەننای نیعمەتی بادم هەیە ئەی خوا ڕەحمت ببێ وا پێم ئەڵێ خەوفت ببێ شیری ئەڵماسی برۆ و چاوێکی جەللادم هەیە من وتم زێوەر بە خەندەی لێوی شیرین مردووە پێی وتم: مەجنوونە، وەک تۆ چەندە فەرهادم هەیە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مەیتەری عەقڵم کومەیتی نەفسی زنجیر کردووە مەیتەری عەقڵم کومەیتی نەفسی زنجیر کردووە وەرنە جووتەی نەحسی بۆ جەبهەی فەلەک گیر کردووە عومری من وا زۆر نییە ئێستە زەمانی عەیشمە دەردی عەشقی نەوجەوانێ وا منی پیر کردووە ڕەنگی سوورم بوو بە زەرد و قەلبی ساغم بوو بە داغ ساحیرێکە زاهیر و پەنهانی تەغییر کردووە قەت لە خۆم دا من گومان نابەم قەباحەت زەڕڕەیێ موقتەزای تەبعییە ناحەق کە خۆی زویر کردووە کافرێکە دەفعەیێ جوابی سەلامێکی نەبوو سەد کەڕەت نامەم بە خوێنی دیدە تەحریر کردووە کەس لەگەڵ زێوەر ڕەفاقەت ناگرێ ئەو ناعیلاج خۆی بە وێڵداشی دەسیسە و مەکر و تەزویر کردووە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پیرێ بچێتە مەجلیسی جوانانەوە کەرە پیرێ بچێتە مەجلیسی جوانانەوە کەرە جوانێ بچێتە مەجلیسی پیران مونەووەرە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەکەت بۆ من لەباتی نێرگسی شەهلا بەسە چاوەکەت بۆ من لەباتی نێرگسی شەهلا بەسە سەیری ڕوخسارت لەباتی لالەیی حەمرا بەسە ڕۆیین و دانیشتن و هەستان و وەستانێکی تۆ بۆ منی بێدڵ لەجیاتی سینەمای بەغدا بەسە ڕادیۆم ناوێ کە گوێ بگرم لە دەنگی ساز و نەی لەو دەمی پڕ شەککەرەت جوێندانی بێ مەعنا بەسە چیم لە باسی لەشکری ئینگلیز و ئەڵمانی هەیە لەشکری موژگانی تۆ بۆ حەملە و دەعوا بەسە بێمە وەسفی قامەتت فیکرم ئەوەندە بەرز ئەبێ بانگ ئەکەن -تەییارەچی! - جەولانی بۆ باڵا بەسە مەتلەعی شیعرم سەریحە من کەوا شیعەی عەلیم حوببی ئالی ئەو لەباتی نیعمەتی دنیا بەسە گەه عومەر! ؟ گاهێ عەلی زێوەر سەباتێکت نییە بەسیە دووڕەنگی و ڕیایی مەسرەفی بۆیا بەسە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چۆن ڕەحمی ئەبێ ئەو دڵەڕەق هەر وەکوو سەنگە چۆن ڕەحمی ئەبێ ئەو دڵەڕەق هەر وەکوو سەنگە؟ کەی نوتقی ئەبێ ئەو دەمە وەک غونچەیی تەنگە ئەو چاوە بە شەڕ عاشقە، من تالیبی سوڵحم گەر سوڵحە وەگەر جەنگە دەسا فەرموو درەنگە کاروانی سوروشکم کە لەگەڵ ناڵە ڕەوانە عەیبی نییە تەزیینی ڕەهی قافڵە زەنگە ئەو کافرە ئیسلامی هەموو خستە هیلاکەت ڕەنگە کە بزانێ هەموو جێ دەشتی فەڕەنگە ئەو نەشئە کەوا ساغیری چاوی بە دڵی دا ئوستادی هەزار کووپەمەی و نێرگەلە بەنگە لایق نییە هەر موردە بڵێ زیندە بە عەشقم دەریایی مەحەببەت بە خوا بەحری نەهەنگە گەه جادووە، گەه ئاهووە، گەه تاوسی مەستە زێوەر چییە ئەو شۆخە لە سەد هەیئەت و ڕەنگە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گوڵبوونی قەد بولبولی تەبع ئیختیاری کردووە گوڵبوونی قەد بولبولی تەبع ئیختیاری کردووە دڵ دیسان مەیلی هەوایی نەوبەهاری کردووە ئاهووی ساحێب خەتوخاڵ هاتە مەیدانی دەروون بازی دڵ بۆیە خەیاڵاتی شکاری کردووە گەر ئەپرسی ڕۆژ ئەمەند بۆ چ دێتە دەر ئاوا ئەبێ شەوقی ڕوخساری نیگارە بێقەراری کردووە دوێنێ چوومە سەیری گوڵشەن شیبهی ڕووی تۆم دی گوڵێ گوڵ کە پێی زانی: هەزار جار ئیفتیخاری کردووە موژدە بێ بای وەعدە ئەنگووت، پێشڕەوی هات عەندەلیب حەسرەتا هاوتەبعی یارم (دەی) فیراری کردووە مەکتەبی ڕوشدیەیی سینەم تیایە کەسبی غەم ئەی درێغ! گوڵشەن لەجێی گوڵ بەرگی خاری کردووە بەس دوعاکاری ڕەقیب بە زێوەر ا خۆی کەوتە غەم ئەو بەشێکە ڕۆژی قیسمەت حەق دووچاری کردووە ++++++++++++++++++++++