شاعیر: مەحوی کتێب: ئایینی سەرناو: بەحری نوور و صلى الله على ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانە کە دەرکی غەوری ناکا غیُر علم الله سبحانه و صلى الله على ئەو زاتی پاکی قودسی ئایاتە کە ئەخلاقی پەسەندیدەی جەنابی حەیی مەننانە و صلى الله على ئەو حەزرەتەی ساحێب کەماڵاتە کە ئەعلا موعجیزەیی، قوربانی بم من، نووری قورئانە لە تاریکی شەوی کوفرا بە یەک دەم لەمعەیێکی دا هەزار و سێسەد و بیست دووە، دنیا چراخانە چرایەک نووری بێچوونی مومیددی بێ، دەبێ وا بێ چرایەک دەستی قودرەت خۆشی کا، بۆ تا ئەبەد مانە تعالى الله بە دو دەه بوو کە هەر دوو عالەمی داگرت بنازم بەم کەماڵی عەزم و حەزم و شەوکەت و شانە لەگەڵ ئەم ئیحتیشامە زوهدی دنیایی تەماشا کە کە یەک لەت نانی جۆ بوو قووتی، یا خورما دوو سێ دانە فەلەک جاهێ سەری خەرمانی تا عەرش، ئەڵبەتە نابێ تەنەززول کا علوووی هیممەتی بۆ دەنکە زیزانە موهیممێ غەیری زاتی حەی لە هیممەتیا نییە، ئیللا لە بەر ئەم ئوممەتە بێ هیممەتە دایم بە ئەحزانە چ مەدحێکت بکەم لایق بە تۆ یا خیر خلق الله منی بێ خێری نالائیق کە جیبریلت سەناخوانە بەیانی گەورەیی خولقی کەسێ ئایەت لە شەئنی بێ نە مەقدووری من و تۆیە، نە ئیشی قِس و سَحبانە لە ئادەم تا مەسیحا، ئەنبیا یەک یەک بە قەومی خۆی خەبەر داوە: لە پاش ئێمە کە دێ، ئەو فەخری ئەکوانە نوعووتی خۆی و نەعتی ئال و سەحبی وەک گوهەر دەرجە لە دورجا، یەعنی کوتوبی مونزەلەی ئەو ئەنبیایانە چەها ڕوهبان و کاهین، هاتیفی غەیبی بە یەکتریان... دەدا موژدە کە جەننەت دێتە دنیا بەم نزیکانە کە تەشریفی قدوومی هاتە دنیا، بارشێکی فەیز لە هەوری مەرحەمەت باری، کە ئاساری نومایانە ڕشێنەی ئاگری بەردایە عومری ئاگری زەردەشت بە بەرقی بوو کە شەق بوو تاقی کیسڕا بوو بە وێرانە دڵی سووتا بە زەردەشت و بە کەسری کیسڕەوی گریا ئەوەندە بەحری ساوا نم لە چاویدا بووە تانە ئەتۆش ئەی نەفسی بەد تینە، بەبێ جێ دڵ مەسووتێنە لە بەر کسر و کەمی دنیا، بەسە ئەم شین و گریانە هەموو کارت بە حیلە خزمەتی فیکری عەزازیلە عەزا وەک پیرەژن مەگرە، دیارە کاری مەردانە بە زیکر و فیکری شیمەی موستەفا وەقتت موسەففا کە کە باسی ئەو سەفابەخشە، تەرەب خێرە، دوڕئەفشانە محمد ئیبنی عبداللهی عبدالمطلب، هاشم سەفاوەی ولدی اسماعیل و سەفوەی ولدی عدنانە ئەوە هادی سوبول، تەنیا ئەوە مەبعووسە بۆ سەر کول بەوە خەتمی ڕوسول، خاتەم ئەوە، تاجی ڕەسوولانە شەفیعی ڕۆژی ڕەستاخێزە، بۆ هەمووانە دەستاوێز ئەوە ئەو ڕۆژە وەک خۆ، ما بقى صُما و عُمیانه لە زیکری ئەو دەجۆشێ ڕەئفەت و ڕەحمەت دەبارێ هەم ڕءُوفُ هەم ڕحیمُ وەسفی ئەو وەک وەسفی ڕەحمانە خودا لەو زیکر و فیکرەم قەت نەکا غافڵ زوبان و دڵ هەتا غونچە دڵ و سۆسەن زوبانی باغ و بوستانە لەگەڵ مەحزی خەیاڵی، دڵ بە جارێ بۆتە کێوی توور لە کن وەسفی جەماڵی، لێوی واسیف گوڵ بە دامانە جەلال و شەوکەتی، ئەستۆ شکێنی سەرکەشانی عەسر جەمال و تەلعەتی، جەوهەرگودازی زوڵمەتستانە تەماشا کردنێکی، ڕۆح بەخشی عالەمی مردوو نیگاهێکی بە توندی، ڕەستخێزی عالەمی جانە لە ڕۆژی حەرب و زەربا، ڕوعب و سامی ڕۆح ئەکا سەرسام ئەگەر شێری ژیانی ڕوو بە ڕوو بێ، چاری نەژیانە کە وەقتێ ئال و یارانی لە خدمەتیا دەبن وەک ڕۆح حەیاتە، نووری چاوە، ئونسی جانە، مەحزی ئیحسانە گەهی دانیشتنی، کێوێکی تەمکینت لە بەر چاوە لە وەقتی ڕۆیینیدا، هەر دەڵێی سەروە خەرامانە لە ڕوخساری لەتیفی گوڵ، لە جەعدی عەنبەرینی دڵ دەجۆشێت و دەبارێ، ئەو گولستان، ئەم دلستانە لەبی ڕۆحی ڕەوان و نێوچەوانی ڕۆژی لێ دەتکێ زوبانی تا شەکەرڕێزە، دەهانی گەوهەر ئەفشانە مەلاحەت مەحوی دیداری، حەلاوەت وەقفی گوفتاری تەراوەت نەزری گوڵزاری، کە ڕەشکی باغی ڕیزوانە وەکوو یاقووت و بەردی تر، جەنابی ئەحمەدی موڕسەل کە تێفکری لە ئینسانە، بەڵێ، ما نەک وەک ئینسانە وجوودی ئەو لەگەڵ باقی وجوودان ئەر نییە فەرقی بە قەد ڕۆح و جەسەد، بێ سێبەری خاریج لە ئیمکانە مەگەر ئەو سێبەرانەی خەزنە مەندە کردووە بۆ حەشر چ دڵسۆزە کە لەو گەرمایەشا سایەی لە سەرمانە لەگەڵ بێ سایەیی، سایەی خەیاڵی کەوتە سەر هەر کەس چ کەسدار و چ بێکەس، سەییدە، سەردارە، سوڵتانە ئەوی ساتێ لە بەر پێیا سەری تەسلیمی دانابێ ئەبەد مالیک ڕیقابی گەردنی تەسلیمی شاهانە غول و بەندە و غوڵام و خادیم و دەربانی بەر دەرگای: نەجاشی و توببەع و هیرقەل، عەزیزی میسر و خاقانە کەسێ جێ هەڵتروشکانێکی لەو بەر قاپیە دەس کەوت بە عاری دێ بڵێن ئەم جێگە وەک تەختی سولەیمانە خودا پێداوەکانی فایزی ئیکسیری سوحبەت بوون چ من، چی تۆ، مەلائیک، ئەنبیا خۆزگەی بە خۆیانە عولووی مەرتەبەی گەر شەممەیێکت تێ گەیێنم من دەترسم بەردەبارانم بکەن ئەم تێ نەگەیوانە نەزەر دەرکی عولووی هیممەتی ناکا یەقین ئەمما لەگەڵ باقی ڕوسول دا تێبگەی، بۆ فەرقی بڕوانە شەفاعەی نووحە بۆ کەنعان و ئیبراهیمە بۆ ئازەر ڕسول الله شافیع بێ چ بۆ خزم و چ بێگانە بە قوربانی ڕجایەک بم کە ڕاجی بێ موحابا بێ ڕجا قوربانی یەئسە، بێتە سەر خۆمانە خۆمانە کەلیم أرنی کە فەرموو هەر جوابی لن ترانیی دی موشەڕڕەف بوو موحەممەد بێ تەڵەب بەو مەرتەبە و شانە عورووجی عیسەوی تا ئاسمان و شەمسی عالەم بوو عورووجی ئەحمەدی تا لامکان و شەمسی جانانە لە زەرفی یەک نەفەسدا شەو هەزار ئەندەر هەزاران ساڵ زیاتر بەڵکی ڕێ تەی کات و ڕیجعەت کا هەر ئەو ئانە چ ڕێیەک؟ بەو هەموو شاباڵەوە جیبریلی ذی قُوۀ بە جێ مابوو لە ڕێ، دەیوت: خزم مەیدانی سووتانە کە گەییە زاتی باری، نووری بێچوونی لە سەر باری کە هەڵگیرسا، بە دەوری شەمعی خۆیا بوو بە پەروانە قبوولی لێ کرا هەرچی ڕجا بوو، پێی درا هەرچی عەتا بوو، هاتە جێ هەرچی سزایی ئیکرامی میهمانە لەگەڵ هەر خەتوەیەک تەهسیلی عیلمێکی لدُنّی کرد لە هی ئەو سەر دەپرسی ڕۆحی حیکمەت نووری عیرفانە بە مافیهایەوە هەرچی هەیە عیلمی کورەی نۆ چەرخ بە قەترێکی بزانە، دیدەکەم، لەو بەحری عەممانە لە بەر نوقسانی تەشبیهم پەشیمانیشم و دەشڵێم کە ڕۆیی بەدری کامیل، هاتەوە خورشیدی پەخشانە بە ئاوابوونی نووری ون دەبێ خورشید و ئەم شەمسە لە ئاوابوونیا نوور و ئیزاعەی سەد دوو چەندانە ئەوەندەی لێ دەزانم بەم نەزانی خۆمەوە مەحوی بە چاوی سەر خودابینە، بە چاوی دڵ خودازانە چ چاوێ؟ کوحلی ما زاغ البصر سورمەی سەوادی بێ مونەووەر بێ بە نووری ڕوئیەتی بێ چوون و چەندانە چ دڵ، قەترێکە، ئەمما عەرشی ڕەحمانی تیا دەرجە چ دڵ، نوقتێکە، ئەمما مەرکەزی پەڕگاری ئیمکانە فەقەت چاوی حەسوود و قەلبی مونکیر کوێر و بێ دەرکە لەم ئیدراکاتە، بەهرەی هەر عەزابی یەئس و حیرمانە دەبێ چاو و دڵێکی پاک و بێ غەش میسلی ئاوێنە ببێ ئەو سوورەت و مەعنایە بنوێنێ کما کانَ خودا ئەم ئاینەی لائیق بە بو بەکر و عومەر دیوە کە ئەووەڵ سانی و سانی شەرەفیابە بە لَو کانَ لە بەعدی ئەو دووە عوسمانی ذی النورینه ذوالانوار عەلی شاهی ویلایەت، بابی عیلم و شێری یەزدانە بەسەریانا، بەسەر باقی سەحابە و ئال و یارانا ببارێنێ خودا هەر ئان و وەقت و ساعە رضوانَه بە نووری عەکسی پێغەمبەر ئەوەندە مونعەکیس بووبوون غەریبی تازە هاتوو دەیوت: ئەم پێغەمبەرستانە خودا هەر موعجیزەی لائیق بە هەر پێغەمبەرێ دیوە هەموو ئەو موعجیزاتەی داوە بەم سەرداری هەمووانە یەدی بەیزا چیە، هەر تاقە ئەنگوشتێکی چەند ئیعجا ـزی لێ زاهیر بووە، هەر یەک وەکوو ماهێ کە تابانە ئیشارەی یەک سەر ئەنگوشتی مەهی لەو دوورەوە شەق کرد هەر ئەو ئەنگوشتە بوو دەتوت فوارەی ئاوی حەیوانە سەری کرد ئاو ئەوەندە لەشکرێکی سێسەدی دا ئاو لەگەڵ ئاوی وزوو، بە خوا ئەو ئاوە ئابڕوومانە هەر ئەو ئاوە بووە تۆفانی داغستانی کوفر و شیرک هەر ئەو ئاوە تەراوەت بەخشی باغستانی ئیمانە شەوی هیجرەت کە ئەعدا زۆری هێنا، مشتەخاکێ بوو پیا چەندن، دەبەنگ و کوێر و کەڕ مان ئەو لەعینانە لە ناو ئەو گورگ و ورچ و سەگ گەلە دەرچوو باذن الله بە یاری غارەوە، یاری لە باری، ڕێ لە بەریانە وەکوو خورشید و مەه پێی سەیریان لێ هەڵبڕی تا غار لە غارا سەیری کرد ئەعدا کە وەک سێبەر لەدوویانە بە یەک دوو عەنکەبووت و کۆتری بێ فام و بەستەزمان شعوور و فەهمی گۆڕی لەو سەگ و ئیبلیس و دێوانە بەهەشتی داخڵی یەسریب دەبێ، طوبىٰ لە بۆ ئەنسار بە کوففارانی مەککە تا ئەبەد یا وَیلنامانە ئەگەر ئەم هیجرەتە نەبوایە، دین ئەم شەوکەتەی کەی بوو کە هەر کەس تێ بگا بەم دینە نەسخی جوملە ئەدیانە بە هیجرەت، غیرەتی دینی موهاجیر، خدمەتی ئەنسار لە قووە هاتە فیعل و بوو لە عالەمدا بە دەستانە لە فەیزی هیجرەتە ئەسحابی بەدر ئەم شەو هیلالی بوون سبەی هەر یەک بووە بەدرێکی کامیل ئەو هیلالانە چ هیجرەت؟ شەهدی وەسڵ، ئارامی جانە بۆ هەواخواهان چ هیجرەت؟ بۆ عەدوو تەعزیبی ڕۆح و زەهری هیجرانە هەواخواهی علیه الرحمه و الرضوانیان بۆ ما ئەعادیشی علیه اللعنه بەشیان و بەسیانە کەسێ ئایەی عفا الله عنک مەحزی دڵنەوایی بێ معاذ الله دڵی ئەو ڕەنجە کردن عەینی خوسرانە کەسێ بێنێتە نوتق ئاسک، بەعیر و سووسەمار و گورگ بە تەسدیقی موقیڕ بن یەک بە یەک ئەم بێ زوبانانە بە ئەمری یا ئیشارەی بەس درەختی ڕیشە دابەستوو لە ڕەگ دەربێت و بێتە خدمەتی ڕەقسانە ڕەقسانە بە تەکزیبی کەسی وا، ناکەسێ جورئەت بکا لا شک... سەگی هارە، بەرازە، مولحیدە، بووجەهلە، شەیتانە سەبیر اهبط ئیفادەی بوو، حیرا ایت الیی عەرز نە وەک ئەو وەحشییانە پڕ دەنە ئەو ڕۆحی ئینسانە لە دەستی دا کە بەردە وردە دەستی کردە تەسبیحات چووە سێ دەستی کەو هەر جۆشی بوو سُبحانَ سُبحانَ لە ڕۆژی ئەربەعادا بوو کە ساتێ حەپسی ڕۆژی کرد لە سەهبادا تلووعی پێ دەکا دووبارە لەو شانە چتیرێ بوو و مەنێ جۆ ڕۆژی خەندەق قووتی دەه سەد کەس بە تەکمیلی، بە ڕووخۆشی، عەتا فەرموو کەریمانە لە هەر ڕێیەک دەڕۆیی، بۆ سەلام و سوجدە بەر بردن چ جۆشێ بوو دەکەوتە دار و بەردی ئەو مەکانانە! بە هەوری تێ مەگەن، ئیللا مەلائیک شەهپەڕی خۆیان هەموو دەم یەک دەدا بۆ سایەبانی ئەو سولەیمانە دوعا فەرموونی بۆ عاهات و دەردی بێ دەوا سەیرە لە دڵیایە کە ئاساری ئیجابەی مەرهەمی جانە چیە ئیبرا، وەرە سەر موعجیزەی ئیحیا بە حەددێکە لە ئەنفاسی نفختُ فیه من ڕوحی نومایانە ئەوەندە چاوی پڕ بێ نووری پڕ نوور و مونەووەر کرد کە نەرگس چاوەچاوی نووریە لەو نووری چاوانە خەبەردانی لە موستەقبەل قسەی چی لێ بکەم تا حەشر هەموو بەر تیبقی فەرموودەی ئەوە ئەم واقیعاتانە بەیانی شەش حەو ئیعجازی لە جوملەیی سەد هەزار ئیعجاز ئەوی دەیکا پەشیمانە، ئەوی نەیکا پەشیمانە ئەگەر بێ موعجیزاتی سەد یەکێکی بێنمە تەحریر دەبێ هەر تاقە بەیتێکم ببێتە سەد کوتوبخانە چ قابیل من بە سەد بەیتێکی کوردی، سەد هەزار ئەسرار بدەم شەرح و بەیانی کەم لەگەڵ ئەم عەقڵی نوقسانە! کە هەر سیڕڕێکی عەقڵی کول تیا کول مایەوە بالکُل کە هەر سیڕڕێکی سەد عاریف تیا مەدهۆش و حەیرانە فەقەت نابێ کە دەرکی کول نەبوو یەکبارە تەرکی کول بە باغێکە لە کن بولبول گوڵێ لەو باغ و بوستانە لە هَمزیّه و لە بُردەم چونکە کەم دی ئیستیفادەی کورد منیش ئەم کوردییەم دانا لە ڕیزی ئەو قەسیدانە زوبانی عیشقبازی خۆشە گەر کوردی وەگەر تازی قسەی بێ سۆزی عیشق هەر گەوهەرە، مەحبووبی بێ ئانە ئەلا ئەی فەخری عالەم رحمة للعالمینی تۆ لە دەرحەق ناکەس و کەس ڕەحم و لوتفی ئێوە یەکسانە بدە ئیزن، ئەم قەسیدەی کوردییەش بێتە مەقامی عەرز ئەگەرچی وەک شعوورم شیعرەکانیشم پەرێشانە موکەڕڕەڕ بوو قەسیدەی بوردە نەشئەی عالەمی پڕ کرد بفەرموو بەم قەسیدەی کوردە نۆبەی نەشئە پێوانە ئەگەر بوردە، ئەگەر کوردە، ئەگەر سافە، ئەگەر دوردە قبوولی تۆ کە بوو لەبڕێزی نەشئەی ڕەوح و ڕەیحانە قبووڵی تۆ نەبوو، سەد با عەرەب بێ، هەر ئەبووجەهلە قبووڵی تۆ ئەگەر بوو، فورسی دوو سەد ساڵە سەلمانە منم وەک ئەو زەعیفە، ئەم قەسیدە، ئەو گلە دەزوە ئەمن کڕیاری ماهی لامکان، ئەو ماهی کەنعانە منم مووری زەعیف و ئەم قەسیدە لاقە کوللەی من فەقەت من هەدیەکەم خدمەت سولەیمانی سولەیمانە بە چاوی مەرحەمەت بڕوانە هەدیە و ساحێبی هەدیە بە زۆری ڕابوێرە ئەم کەمە لەم کەمترینانە قبووڵی کەم لە کەم کردن، وەها وا تێ بگا زۆرە بە تۆ زۆری بزانم، کەمتری شیمەی کەریمانە ئەدەب وایە کە لەم گوستاخیانەش تۆبە کەی مەحوی خەیاڵی خاوە عەنقا ناکەوێتە داوی ئەفسانە دەبێ هەر موو زووبانێ، هەر زووبانێ داستانێ بێ بکەم نەختێ بەیانی ناکەسی خۆ بەو زوبانانە ئەوەندەی زاتی ئێوە مەخزەنی فەزڵ و کەماڵاتە لە مندا بەو حەدە نەقس و ڕەزایل دەرج و پەنهانە دەخیلی ئەو سەگی بەر قاپییەم جارێ بە یەکجاری سەرئەفرازم بکە، فەرموو: سەگی بەر دەرکی خۆمانە وەکوو جامی دەڵێ، ئەم وشک هەڵاتوو من سەگێکی گەڕ جگەر تینووم و دەخوازم نمێ لەو بەحری ئیحسانە بە یەک دوو قەترە تێر ئاوی حەیاتی کە وەکوو قیتمیر لە کەهفی خۆتیا ڕێ دە، سەگی ئەسحابی خۆتانە دەکەم عەرزی نیاز، ئەرچی لە تۆ نایابە مەخفی ڕاز بە جان و دڵ، دڵ و جانم خودا خواهانە، خواهانە لە تۆ حوببی خودا بۆ خۆم و بۆ ئەولاد و ئەحبابم کە حوببی ماسیوا دەرکا لە دڵ وەک بت لە بتخانە خودایا هەم لە تۆ حوببی ڕەسوول و ئیتتیباعی ئەو کە ئیکسیری مسی ماهییەتی مەغشووشی ئینسانە ببارێ، یا ڕەبی هەر لەحزە سەد لەک بارشی ڕەحمەت لە سەر ئەو، هەم لە سەر ئەو جەمعی ئال و سەحب و یارانە هەتا ئاگر گڕێنی شۆڕشی تەبع و خرۆشی دڵ کزە و سۆزەی نەسیمی سوبح و ئێوارەی بەهارانە سەبا، تا لێوی غونچەی گوڵ دەکا تەعلیمی شەککەرخەند نەسیمی سوبحدەم تا پەرچەمی سونبول دەکا شانە هەتا هەوری بەهاری غازەکاری گوڵشەنە ئیشی هەتا بولبول لە سەر گوڵ نەغمەخوان و ناڵە سەنجانە بڵێن ئینس و مەلەک پڕ بەم زەمین و ئاسمانانە: و صلی الله علی ئەو بەحری نووری عیلم و عیرفانە کە دەرکی غەوری ناکا غیرُ علم الله سبحانه ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ستایشی خودا سوبحان ئەو خودایە کە ئەقڵی پەیەمبەران دەرکی نیانە غەیری بە بەردەرکیا گەڕان سوبحان ئەو خودایە کە داناتری زەمان دێوانەیە و لە مەعریفەتی کونهیا نەزان سوبحان ئەو خودایە کە کەڕڕووبییانی عەرش وەک ناسی قوڕ بەسەر بە نەناسینی موبتەلان زەڕڕێکی چون ئیحاتە چییە نیسبەتی لەگەڵ ڕۆژێکی بێ نیهایەت و بێچوون و بێ چونان تا بۆ قسێکی دەرخۆری تەنزیهی دەم دەبەم هەر بەو دەم ئەو دەمە دەبمە لێوی خۆ گەزان زاتم نییە توخن بە سیفاتی کەوم بە عەقڵ ڕۆحم چووە تەسەویری زات ئەر بکەم بە جان دڵ بوو بە دوودی مەحز و جگەر بوو بە عەینی ئاو ئاهم نییە دەوانە، سروشکم نییە ڕەوان تا هەبووە، تا دەبێ موتەنەففیس لە سینەیەک بێ ئیزنی ئەو نەسیمی نەفەس کەی دەبێ وەزان مسقاڵە زەڕڕە چۆنە لە بەر دەستی قودرەتی هەر وا بزانە وایە کورەی موڵکی کُن فکان عیلمی بە حەببەیێ کە بە سەد قەڕنی کە دەبێ وەک عیلمییە بە قوببەیی ئەمسی زیافشان ئەو زەڕڕەیە کە ئەووەڵی زەڕاتی عالەمە بۆ عیلمی چۆنە، زەڕەیی ئاخریەتی چونان هەرچی ببینرێت و بڵێن و ببیسترێ ما هو خودا، خودا بە خودا برتر است از ئان تەقریری چی بدەم کە زوبانن بە کول زەبوون! تەحریری چی بکەم، خەت و مەت یەک قەڵەم خەتان شەممێکی بادی سوبحدەمی لوتفییە بەهار زەڕڕێکی گەرد و بادی شەوی قەهرییە خەزان دووری لەو، ئاگرێکە بە جەننەت دەکا جەحیم ڕەوحێ لە قوربیایە بە دۆزەخ دەکا جینان دووری ئەگەر بەڵایە، نزیکیشە ئیبتیلا دوورن لە حەسرەتان و نزیکن لە حیرەتان هەر کەس بە بارەگاهی جەلال ئاشناترە زیاتر قسەی لە وەحشەت و دەهشەت دەدا نیشان گوێ کەڕ دەبێ لە غولغولی سبحان ما عرفـ ـناکەی عەنادیلی چەمەنستانی ئاسمان ئەحمەد کە ئەکمەلی بەشەرە لەم مەقامەدا ڕوتبەی کەمالی عیجزی لە لا اُحصییە عەیان پەس من کە کەمترینی دوا ئوممەتی ئەوم، چیم و چ قوڕ بکەم بە سەرا، چی بکەم بەیان مەحوی! ئەدەب خەمۆشی و مەحوییەتە لەگەڵ نەسرەوتنێکی، یەعنی بە دەم دەردەوە گلان گریەی بە کوڵ، بە دڵ لە خەرافاتی خۆ خەجڵ ناڵەی دڵی شەوان و هەناسەی سەحەرگەهان هەر ئەو هەناسەیە کە بدا فێنکی بە دڵ بەو تاقە ناڵەیە کە بگا گەرمیێ بە گیان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ستایشی مەولانا خالیدی نەقشبەندی دڵم ئەمشەو نەخۆشی نیسبەتی چاوێکی بیمارە جگەر غەڵتانی خوێنی حەسرەتی لێوێکی خوونخوارە سەرم شێواوی شێوەی فیتنە هەڵگیرسێنی شۆخێکە حەواسم تەفرەقەی عیشوەی دڵ ئاشووبێکی عەییارە خەیاڵی زوڵفی دەرناچێ لە دڵ تا دەرنەچێ ڕۆحم سپێراوە خەزێنەی بەختی ئێمە بەو سیا مارە لە شینی فیرقەتی ئەودا ئەوەندە ئەشکی سوورم ڕیت بە دەوری جێگەما تا بڕ دەکاتن دیدە، گوڵزارە لە بۆ سەیرانی باغ و سەبزە تەکلیفم مەکەن یاران کە سەبزە و گوڵ لە چاوم دا بەبێ ئەو هەر خەس و خارە نەمامی قامەتی پەروەردەی ئاوی دیدەکەی من بوو کەچی گوڵچینی باغی وەسڵی ئەو ئێستاکە ئەغیارە بە دەردی خۆمەوە گەر گۆشەیەک دەگرم بە بێ دەنگی بە لاما دێ بە خەشم و ڕق دەڵێ: خۆ نەقشی دیوارە کە دێم ئیزهاری شۆر و شینی دڵ کەم، بەڵکی ڕەحمێ کا بە خەندە دێ دەڵێ: خۆڵی بە سەردا بێژن ئەم هارە وتم با بەس وجوودی بێ وجوودم باری خاتر بێ لەگەڵ دڵ گۆشەیێکم گرت، ئەوم بەردا بە یەکبارە لە کونجی بێکەسیدا موددەیێکم بردە سەر، ئاخر شەوێ دڵ کەوتە بەحسی بێ وەفایی ئەو ستەمکارە وتم: ئەی دڵ لە دولبەر شەکوەکردن حەیفە، دڵ دەیوت: ئەمە بۆ دولبەرێکی دڵنەوازە، ئەو دڵ ئازارە وتم: خۆشە بە ئوممێدی وەفا جەور و جەفا، دەیوت: بە سەر چوو عومرم و نەمدی وەفایەک لەو جەفاکارە وتم: پەنهانییە دەرحەق بە عاشق لوتفی مەعشووقان وتی: ئەو زاهیر و باتین لە زومرەی ئێمە بێزارە وەگەرنا، دەفعەیەک لەم بەینە بۆ دەفعی گلە دەیوت هەواڵێکی بپرسن، چۆنە ئەو مەزڵوومی بێچارە؟ لە پڕ بایەک لەگەڵ بۆی ئاشنا هات و وتی: مەحوی! بەشارەت بێ کە ئیقباڵت موبارەک، تالعت یارە کە هاتم، شۆخەکەی غارەتگەری دین و دڵت دەیوت: بپرسە حاڵی ئەو سەودازەدەی بەدبەختی ئاوارە دەبێ بێ ئافتابی ڕوومەت و سوبحی جەبینی من چ فەرقێکی ببێ ڕۆژی لە شەو، سوبحی لە ئێوارە! وتم: وا سەرفەرازت کردم، ئەمجا سا دەخیلت بم لە باتی من، سەبا، تۆ دەچیەوە عەرزی کە ئەمجارە ئەگەرچی مودەیێکە من لە زوڵمانی سیابەختی ونە زەڕڕەی وجوودم، ڕۆژی ڕووناکم شەوی تارە لە فەیزی ناوی مەولانا ضیاءالدینەوە ئێستە هەموو ڕۆژە شەوم، قەترەی وجوودم بەحری ئەنوارە هەتا ئەو ناوە پاکەم کردە زیکر و فیکری ڕۆژ و شەو هەناسەم بۆنی میسکی گرتووە، لێوم شەکەربارە بە یومنی ئەو، بەهارە پاییز و زستان و هاوینم کە هەر گاهێ بکەم بەحسی لە دەورم گوڵ بە خەروارە بە ئیخلاسی ئەوم ئاوێنەکەی دڵ وا جەلا داوە کە چیهرەی شاهیدی مەقسوودمی تێدا نموودارە جەمالی ڕابیتەی، وا دڵبەرە، بەختی خەواڵووشم بە ئوممێدی تەماشایەک هەمیشە چاوی بێدارە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عقدالعقائد مەسئوولمە ئیعانە لە وەههابی موستەعان هەر لەو دەکەم سوئال و دەکەم حەمدی ئەو بە جان تەوفیقی لێ تەڵەبمە بکەم خدمەتێ بە دین مەئموولمە خولاسەی أمالی بکەم بەیان چەند گەوهەرێ لە جوهرة زەم بەو لەئالییە نەزمی بکەم بە کوردییەکی سیرفی جوملە زان هەم یادگاری ئەهلی کەماڵ و ئەحیببە بێ هەم ڕەهنوما بەوانە کە بێ عیلمن و نەزان یا ڕەب قوبووڵی کەی لە کەم، ئەم خدمەتە کەمە لەم زەڕڕە موورە لاقە کولێ زۆرە ئەرمەغان بەم لاقە کوللە بۆیە تەماداری جەننەتم بۆ خۆم و بۆ ئەوانە بە دڵ لەم عەقیدەدان کارم لەگەڵ کەریم و کەریمە بەها نەجۆ دا هەوری ڕەحمەت و کەرەمی بێتە داڕژان لەو هەورە هەڵڕژێ بە ئەبەد لێزمەی سەلات سەر قەبر و جیسم و ڕۆحی نەبی ئاخر الزمان ئەمما لە بەعدی حەمد و سەلات، ئیکە نەوبەتی مەتلەب ئیفادە کردنە بۆ جەمعی تالیبان واجب لە سەر جەمیعی موسوڵمان و موئمینە باوەڕ بکەن بە دڵ، چ خەواس و چ عامییان... زاتی خودا، کە خالیقی ئەکوانە، هەر بووە یەعنی قەدیمی موتلەقە بالذّات و بالزّمان واجب بە زاتە، بوون و وجوودی لە خۆوەیە فەردێکی مونفەرید بە بەقا و هەمیشە مان ڕێگەی نییە بە سەریەوە قطعاً فەنا، عەدەم شەو قەت دەگاتە خدمەتی شەمسی زیا فشان! خۆی و هەموو سیفاتی کەمالی بووە و هەیە دەشبێ ئەزەلیەتی ئەبەدیەت دەدا نیشان کەس پرسی ئەو سیفاتە، بڵێ تۆ: حەیات و عیلم سەمع و بەسەر، ئیرادە و قودرەت، کەلامدان ئیدارکی زەوق و لەمس و شەمی بۆ قەرار ئەدەن بەعزێک و بەعزە مونکیر و بەعزێ لە وەفقەدان زید و مونافی ئەم سیفەتانە مەحاڵە بۆ ئەو خالیقە کە ڕاگرە بۆ موڵکی کُن، فَکان ئەو حەیی و ئەو عەلیم و سەمیع و بەسیرە، ئەو قادر، مورید و هەم موتەکەللیم بلا لسان زیندوو و بە دانش و شنەوا و بە بینشە ساحێب تەوان و خواهیشە، گۆیا بە هەر زوبان بشزانە خێر و شەڕ بە ئیرادەی ئەوە هەموو ڕازی نییە فەقەت بە خراپە و شەڕ و زیان بۆ عەبد و بۆ عەمەلیەتی خولقندە ئەو، ئەوە تەوفیقی دا بە ئێمە و خەزلانی دا بە وان خالیق یەکێکە، کاسیبە عەبد، ئەم پەڕ ئەو پەڕە ئیفراتی ئیعتیزالی و تەفریتی جەبرییان وارید بووە لە شەئنی قەزا و قەدەر حەدیس باوەڕ دەبێ ببێ بە وجووبی بە هەردووان زاتی خودا سیفاتی نە عەینە نە غەیری زات بێ ئەم سیفاتە قەت نەبووە و قەت نییە بە ئان ناوی خودا بە شەیء و بە زات هەر دەبەی ببە ئەو زاتە نا کە دەوری گرێ شەش جیهە و زەمان وەقت و زەمان و حاڵ و جیهەت حادیسن هەموو خالیق قەدیمە ئەڵبەتە، موستەغنییە لەوان غەیری نییە، بە عەینی موسەمما بزانە ئیسم با سبِّحِ اسمَ قەومی موعانید بکەن ڕەوان زاتی خودا نە جەوهەر و جیسمە، نە کول و بەعز بێ چوون و بێ چگۆنە، مونەززەه لە ئەین و ئان حادیس نییە، قەدیمە، کەلامی خودا بە حەق دەم بۆ حەدەس بە ناحەق ئەبەن ضالّ و گومڕەهان باوەڕ ببێ خودا کە لەسەر عەرشە موستەوی ئەمما بە ئیستیوایەکی بێ چۆن و کەس نەزان هەر ئایەت و حەدیسێ شتێکی تیا ببێ بتخاتە شوبهە، جوابتە بێ چوونی و چونان وەک عەین و وەجه و سوورەت و ئەنگوشت و دەست و پێ وەک نەفس و وەک نزوولی هەموو شەو لە ئاسمان تەنزیه ئەکەن سەلەف، خەلەف ئەمما دەکەن تەویل بۆ هەرچی ناسزایە بە زاتی عەزیمە شان نەیگرتووە شەریک و موعین و ژن و وەلەد بۆ ئێمەیە لە ئایەتی عزّ ئەم قسە عەیان ئەم خەڵقە جوملە دەمرن و هەموووانیان ئیلاه زیندوو دەکاتەوەیش و دەبینێ حیسابیان کافر کە خارە، بابەتی نارە، جەحیمە جێی موئمین گوڵە، کە زینەتی باغە چووە جینان دینی خودا کەرامەتە دەرحەق بە ئەهلی دین لەو نەشئە دا کە یا ڕەبی بیکەی بە ڕزقمان! هەر کەس بە نەشئەی ئەو مەی بێ چوونە فەوزی بوو جەننەت لە فکری چوو لە نیشات و لە خۆشییان واجب نییە لە سەر مەلیکی واجب الوجود ئەسڵەح وەیا مەسڵەحە دەرحەق بە بەندەگان زەوبدەی ئیلاهییاتی عەقیدەم کە گرتە نەزم لابدّ دەبێ بکەم نەبەوییاتەکەش بەیان *** وەک واجبە بە زات و سیفاتی خودا یەقین باوەڕ دەبێ ببێ بە مەلائیک، بە موڕسەلین حەق بوون و هەم بە حەق بووە دین و کیتابیان هەر یەک هەتا زەمانی یەکێکی دواترین ئەم ئاڵوگۆڕی دینە لە کارا بووە هەتا... دەوری یەکێ بە دینی ئەوە نەسخی جوملە دین یەعنی پەیەمبەری عەرەبی، هاشمی نەسەب ئەحمەد لە ئاسمان و موحەممەد لە سەر زەمین دین و کوتوب نەما، بووە دین و کیتابی ئەو باقی دەبێ شەریعەتی ئەو تاکوو یەومی دین عیسا کە دێتە خوارەوە بۆ کوشتنی جەجاڵ خۆی و ئەوانە تابعی ئەو بن، موحەممەدین سەرداری ئەنبیایە بە کول، خاتەمی ڕوسول ساحێب لیوایە، پێشڕەوە، ڕۆژی واپەسین ڕۆژێ کە مەککە مەشریق و مەغریب مەدینە بوو سەیری کە شەرق و غەربە بە نووری مونەووەرین میعراجی سابیتە بە نسووس و بە خەو نەبوو تەشریفی ئەو بە جیسمی شەریفە سواری زین بۆ ئەنبیا لە مەسجدی ئەقسا بووە ئیمام نۆبەی عورووجە یەعنی لە نۆ قوببە تێپەڕین تا سیدرە جوبرەئیلە ئەمین، ئیکە ڕەفڕەفە خدمەتچی ئەم ئەمانەتە تا ڕەببی عالەمین دەعوەت کرایە قەسری أو أدنىٰ لە قابَ قَوس زیافەت لیقایە، زاتی خودایە بە دیدە دین تەعزیم و ئیحتیرام ئەمە بێ، بەخشش و خەڵات داخۆ چییە و چەها بووەیا واهیبی موبین! ڕوخسەت درا گەڕایەوە پڕ بار و پڕ نەسیب دا پڕ بکا لە نووری خودا، وەک سەما، زەمین هەر چاوی سەر بۆ هەرچی غەرایب کە دیویە وەک عەرش و کورسی و حەمەلە و وەک موقەڕڕەبین وەک ئەنبیا، مەقامی هەموو لا لە ئاسمان دۆزەخ، بەهەشت. ئەوانە بەهەشتین و دۆزەخین ئەم چوون و سەیر و هاتنەوە سەیرە، موددەتی سەر هەڵبڕین و خستنەوەی باز ئەسەر سەرین یا ڕەب بە حەق شەرافەتی ئەو وەقت و ساعەتە لەو ڕەحمەتی عومومیە ئێمەش بەشێ بەرین! مەجمووعی ئەنبیا کە سەد و بیست و چار هەزار مەعسوومن و لە ئیرتیکابی مەعاسی هەموو بەرین عەزلی نییە پەیەمبەر و قەت نەبووەتە نەبی عەبد و ژن و پیاوی دەنی خەسڵەت و میهین لوقمان ئەوا دیارە حەکیمێکی پاکە، ذوالـ قَرنَینە شاهی چاکە، بە قەتعی مەڵێ نەبین ئیعیجازی ئەنبیا و کەراماتی ئەولیا بێ شوبهە سابیتن، بە سبووتت ببێ یەقین هیچ ئەولیا بە مەرتەبە ناگاتە ئەنبیا اذ هُم مُفضلُون علىٰ جمع عالمین بەعدی نەبی چ شەکک و چ شوبهەت نەبێ لە سەر تەرتیبی ئەفزەلی خولەفای ئەڕبەعەی گوزین صدّیقە ئەفزەل ئەووەل و فارووقە سانی ئەو ذی الُنور نووری سییوم و کرّارە چارەمین صدیقه زات و فەزڵە لە بەعزێ خوسووسەوە زهرا ئەگەرچی زوهرەیە بۆ ئاسمانی دین ئەم شەش کەسە حەبیبی حەبیبی حەقن بە حەق هەر کەس کە مونکیرە لە خیتامی مەبە ئەمین ئەفزەل لە پاش ئەمانە شەشەی باقییە لە دە هەر ئەو دەیە موبەششەرەن ئەمڕۆ کە جەننەتین وەک بوعُبیده، طلحه، زُبیر و سعد هەم ابن عوفە بعدهُم ئەسحاب و تابیعین یا ڕەب لە تۆوە ڕەحمەت و ڕیزوانی بێ درێغ نازل ببێ هەمیشە علی کل اجمعین لەعنەت مەکە برا لە یەزید و ڕەوا نییە شەرعاً کە ئێمە مل کەچی شیری شەریعەتین ئیمانی موعتەبەر بگرە، ئەو موقەللیدە تەقلیدی فەیزیا بە بە جەزمیەت و یەقین هەر کەس کە ژیر و عاقڵە عوزری نییە و نییە عیلمی نەبێ بە خالیقی چەرخ و کورەی زەمین تەوبەیی بە وەقتی غەرغەرە، ئیمانی حاڵی یەئس مەردوودە، بەو ڕەوییە خودا موبتەلا نەبین! ئەعمالی چاکە دەخڵی بە ئیمانەوە نییە ئەمما کەمالی هەر بەوە ئیمانی موتتەقین موئمین نەبۆتە کافر و موڕتەد بە فیعلی بەد گەر قەتڵ، ئەگەر زینایە، ئەگەر زوڵم، ئەگەر دزین ئەمما بە دڵ بکا نیەتی کوفر و عەزمی شیرک، کافر دەبێ هەر ئەو نەفەسە و دەردەچێ لە دین گەر لەفزی کوفری بێ بە زوبانا لە پڕ بە تەوع کافر بووە ئەگەرچی هەموو حەقییە دڵنشین سەرخۆش ئەگەر قسە و هەزەیاناتی کوفری کرد کافر دەبێ بە مەزهەبی ئێمە کە شافعین ئەمما بە مەزهەبی حەنەفی کەین ئەگەر ڕجووع تەکفیری ناکرێت و بە موڕتەددی ناگرین مەعدووم ئەوا دیارە نە شەیئە و نە مەرئییە مەبیە قسەی ئەوانە کە هەم کێشی فەلسەفین غەیری یەکن موکەووەن و تەکوین الی الاُبد مومکین نییە سەبەب بە موسەببەب بڵێ یەکین ڕزقە وەکوو حەلاڵەکە، شوبهە و حەرامی سیرف بەحسێ کەیە کە زەهرە ئەم، ئاخر، ئەو ئەنگەبین لەم نۆش و نێشە حینی سوئال و جوابی قەبر وەقتی حیساب و وەزنی عەمەل با خەبەر دەبین مردوو کە گەیییە قەبر و مەقەڕڕی، سوئالێ لێ... دەکرێ لە ڕەب و بەڵکی لە پێغەمبەر و لە دین هەر کەس جوابی دا بە جوابێکی با سەواب، خێراتنی دەکەن لە تەرەف « خیر مُنزلین» گەر وا نەبوو جوابی، خودایا بە تۆ پەناه زنجیر و تەوق و ڕەوق و عەزابی بووە قەرین تا یوم یُبعثُ کە بەپاکردنە لە قەبر بۆ بردنە حزووری شەهەنشاهی ڕۆژی دین دیوانی گیروداری حیسابی عوموومییە حەیوان و جن و ئینس و مەلەک، تا موقەڕڕەبین چەپ ڕەو کوتوب بە دەستی چەپ، ئەمما و ڕاء ظهر بۆ ڕاستانی کارە، لە کارایە ڕاستین وەزنی عەمەل، چ زەڕڕە، چ کۆه و چ بەد، چ نێک بێ شوبهەیە هەموو بە ترازوو دەکێشرێن من خفّت لە هاوییە دەخوا بە مەن خەفەت عەیش و نیشاتی من ثقلت وەسڵی حووری عین حتماً دەبێ گوزەر بە سیراتا بکەن هەموو چاک و خراپ و موئمین و کافر، کیه و میهین پردێکە ڕاکشاوە بە سەر بانی دۆزەخا باریک و تیژە وەک دەمی تێغێکی ئاهینین هەر کەس کە خوارە، وەیلییە، زوو کەوتە خوارەوە طُوبی لە بۆ ئەوانە کە ئازانە تێپەڕین! ڕێی سی هەزار ساڵە، وە یا پازدەه هەزار موحتاجی عەونە ئوممەتی بێچارە، یا موعین! لەو ڕۆژەدا شەفاعەتی چاکانە جێی ئومێد بۆ عاسیان و ئەهلی کەبائیر لە موئمینین بێ شوبهە ئەنبیا، عولەما، ئەولیا، شەهید مەقبوولە بۆ شەفاعە پەنایان ئەبەر بەرین تەئسیری قەتعییە بە دوعا باوەڕت ببێ اُدعُونی استجب وەکوو گەوهەر لە گوێ گرین خالیق وتوویە حادیسە عالەم، قسەی هەیوولیی توڕڕەهاتە، گوێ لە پڕوپووچی ناگرین جەننەت، جەهەننەم ئێستەکە هەن، زۆریان بە سەر دا ڕۆییوە شهوور و دهوور، ئەزمینە و سینین ئەم دۆزەخ و بەهەشتە دەمێنن الى الاُبد هەم تێشیا دەمێننەوە ئەهلی ئان و ئین ئیمانی بوو، نەجاتی دەبێ، هەر ببێ، لە نار قوربانی لوتف و مەرحەمەتی خیر راحمین هەرچی وتوومە حەققە، هەموو ممجعُ علیه مەنسووسی ئایە، یا خەبەری سادیقی ئەمین *** تەسدیق و باوەڕت بە دڵ ئەوجا بە مانە بوون ئیمانە، هەر بە وە دەگەیێ ئەوجی یۆمنون ئیقراری دەم خیلافە تیا، شەرتە وەک عەمەل یا شەترە؟ موتتەفیق کە لە سەر شەرتن ئەکسەروون ئیسلامت ئینقیادە بە ما جاء به النّبی ئەعمالی سالیحە کە ئەساسی سیان و دوون قودرەت ببێ تەلەففوزە ئەووەڵ بە اشهدین نوێژ و زەکات و ڕۆزە، لە بۆ حەج بە کەعبە چوون ئیمان ئەگەر زیادەت و نوقسانی بۆ ببێ وەک ئەکسەری ئەشاعیرە قائیل بوون بە بوون نەقسی بە نەقسی تاعەتە، زیادی بە دوو شتە: یا تاعە، یا تەجەللییەکی بێ چلۆن و چوون بەعزێ دەڵێ زیادەت و بەس، نەقسی بۆ نییە بەعزێکی کە موسیڕڕە لە سەر هەر دوو لا نەبوون بشزانە هیچ و بێ عەمەلە وەک هەبا عەمەل بێ نیەتێکی خالیس و ئیخلاسی ئەندەروون ببیەن بە إنّما وه الاخلاص بالنّیّات هەم نەسسی مخلصین لهُ الدّین یا ئەخوون! ئیخلاس ئەگەر ببێ فبها، گەر نەبێ، دەبێ کەسبی بکەی بە تەزکیەی ئەخلاق و نەفسی دوون وا بەستەیە بە سوحبەتی کامیلترێ لە خۆت زیکری دەوام و تابعی سوننەی سەنییە بوون هەر ئەم خیسالەیە کە سەحابەی کیرامی پێ... فائیز بە مەرتەبەی ڕضی اللهُ و رضُوان هەر بەم تەریقە پێ گەییون، گەییونە خودا ئەو زاتە عاریفانە کە دانا و تێ گەیوون ڕوو کەینە ئەم تەریقە، بە ئازانە، مەش برا تاکە ئەسیری مەغڵەتەی ئەفسانە و فسوون! ڕێگەی سەعادەتی ئەبەدی تۆ لەسەر منە بیدەم نیشان و دام و لەسەر تۆ بەرێوەچوون ئەم نەختە نەزمە نوسخەیی ئیکسیری ئەعزەمە حیفزی بکە، دڵی بدەرێ، بیکە ئەزدەهوون بیکەیتە بەر، دەکەیتە بەر ئیستەبرەقی بەهەشت مەحزووز ئەبی بە حیفزی لە هەولی عەزابی هوون یا ڕەببی ئەو کەسانە کە ئەمڕۆ لە عیشقی میم لەم بەحری نوونەدا وەکوو من غەرقە دەبن و بوون غەرقی موحیتی ڕەحمەتی عوزماتیان بکەی ئێمەش لەگەڵ ئەوانە سبەی یوم یُحشرُون مەحوی! خیتامی بێنە بەیاناتەکەت بە میسک حەمدی بیلا خیتام و سەلاتی لە حەد فزوون *** شوکری خودا کە لوتفی خودا بوو بە ڕەهنموون ئەم گەوهەرانە مونتەزەمی نەزمی ڕشتە بوون هەر گەوهەرێکی مەهری کوروورێکی حووری عین هەر گەوهەرێکی سەد سەمەنی جەننەت و عویوون نەزمێکی جانفەزا و سەفابەخشی دین و دڵ نەزمێکی تەرزی ئاوی حەیاتە ڕەوان و ڕوون لەم ئاوە هەر بخۆنەوە تا خوشک لەب نەبن ڕۆژێ بووە زوبانەکەشی العطش دەروون لەم عەینی نەزمە هەڵدەقوڵێ سەلسەبیلی دین وەک ئاگری حەسەد لە دەروونی حەسوودی دوون مەنزوومەیێکی موختەسەر و پڕ لە فائیدە زوبدەی گەلێ شرووح و خولاسەی گەلێ موتوون نوریّهیە بە مەعنی و نونیّهیە بە لەفز خەتمی بە دڵ بە نوورە، ئەگەرچی بە دەم بە نوون بیکە بە دڵ بە ویردی هەموو دەم، کە هەر بەمە قووەی دڵ ئەو دەمە کە زووبانت دەبێ زەبوون وەک سوندوسی لەبەرکە، وەکوو ڕۆحی بگرە دڵ پیرایشی زهوورە، هەم ئارایشی بوتوون هەر کەس بە جان و دڵ لەبەری بێ، لە بەریەتی ڕۆحێکی وا کە غەیبی نەکا ڕەیبی سەد مەنوون بەو ڕۆحەوەم، خودا، ببەیە بەر حوزووری خۆت هەم خۆم و هەم ئەوانە کە خۆن و کە نێک خوون! باقی لە فەزڵی خۆتەوە سەر ڕۆحی ئەحمەدی نازڵ بکەی سەلات و سەلامی لە حەد فزوون! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پاڕانەوە لە خودا خودایا! ئیرادەی موناجاتمە نیازی دو سێ عەرزی حاجاتمە بە دەرباری هەر فەزڵتە ئیلتیجام بە ڕەحمەت نیشانم دە ڕێگەی نەجام بە والذاریاتی هەناسان و ئاه کە بەر با دەدەن کێوەکانی گوناه بە والطوری قەلبی تەجەللا قەرین بە والنّجمی پڕ ورشەورشی جەبین بە دو والسّما یەعنی دو مەرتەبەت یەکێ مەرتەبەی عیشق و یەک مەعریفەت بە والفجری ڕۆناکی بن چینی زوڵف کە فەجرێکی سادیق، بەبێ کیزب و خولف بە والشّمسی پڕ نووری ڕوخساری یار بە واللّیلی خاڵ و خەتی موشکبار بە والتّینی عوششاقی دڵ پڕ لە خوون کە بێ تینن و زەرد و زار و زەبوون بە والعادیات ئەسپی هیممەت دەوان بە ڕێی عیشقدا تا سەحەر شەب ڕەوان بە والعصری ئەو عەسرە فەڕڕوخ زەمەن کە ناوی بە عەسری سەعادەت دەبەن ++++++++++++++++++++++