شاعیر: هێمن کتێب: ناڵەی جودایی سەرناو: ناڵەی جودایی سەبارەت: ١٩٧٤ ساقیا! وا بادەوە، وا بادەوە ڕوو لە لای من کە بە جامی بادەوە موشتەری وەک من لە مەیخانە کەمن زۆربەیان شاد و بەکەیف و بێ خەمن مەی حەرامە بۆ سەهەندە و بێ خەمان مەستی بێ خەم بۆچی بگرن ئێخەمان؟ ئەم شەرابە تاڵە دەرمانی خەمە لێی حەرام بێ ئەو کەسەی دەردی کەمە ئەم شەرابە ئاڵە بۆ بێ دەرد نی یە لێی حەرام بێ ئەو کەسەی ڕەنگ زەرد نی یە بۆ کەسێکە مەی، چزیلکی پێوەنێ بۆچی ملهۆڕ لێرە بینی پێوەنێ؟ ! بۆ کەسێکە مەی: کە دەردی کارییە بێ خەمێک بیخواتەوە، زۆردارییە بۆ کەسێکە مەی: دڵی پڕ بێ لە داخ بۆچی لێی بخواتەوە بەرزە دەماخ؟ ! ئەو کەسەی بێ کەس نییە و خانە خەراپ دەک بە ژاری ماری بێ بادە و شەراب! ئەو کەسەی نەیچێشتووە دەردی ژیان ئەو کەسەی نەیدیوە ئێش و برک و ژان ئەو کەسەی نەکرا نیشانەی تیری خەم شانی دانەخزا لەبن باری ستەم ئەو کەسەی هەستی بە زۆرداری نەکرد تیخی زۆرداری برینداری نەکرد ئەو کەسەی دەستی لەو ئەوکێ بەردرا ئەو کەسەی دوژمن لە ماڵی دەرکرا ئەو کەسەی نەیبینی هاتی دوژمنی نیری یەخسیری لە ئەستۆ داڕنی ئەو کەسەی هێندە نەبوو زویر و زگار وا نەکەوتە بەر چەپۆکی ڕۆژگار ئەو کەسەی نەیهاڕی بەرداشی زەمان ئەو کەسەی زیڕەی نەگەییە ئاسمان ئەو کەسەی دووریی عەزیزانی نەدی تیر و تانەی بێ تەمیزانی نەدی تۆزی بەدبەختی لە سەر شانی نەنیشت لێی نەگیرا دەور و پشت و چوار تەنیشت بۆ دەبێ بێت و بکا مەیخانە تەنگ؟ ! شوێنی دیکە زۆرە بۆ گاڵتە و جەفەنگ ئەو کوڕەی هێشتا لە ژوانێ ڕێی هەیە سەیرە زۆر سەیرە کە ئالوودەی مەیە ئەو کەسەی ڕاوی نەنێن لێرە و لەوێ ئەو کوڕەی ماچی کچانی دەس کەوێ ئەو کوڕەی دۆی داوەتێ دەستی دەنێ بێتە ئێرە چۆنە هەی دێی ناکەنێ! ئەو کەسەی دەستی لە مەمکان گیر ببێ ئەو کەسەی تفڵی دڵی بۆ ژیر ببێ ئەو کەسەی پەنجۆڵە بکوشێ جار و بار ئەو کەسەی دەستی بگاتە گەردنی یار ئەو کەسەی ڕامووسێ کوڵمەی تاس و لووس ئەو کەسەی تێی هەڵنەدابێ چارەنووس ئەو کەسەی بمژێ خوناوەی گەردەنێ کوفرە یەک قەترە شەرابی گەر دەنێ ئەو کەسەی ئاسوودە و خۆش ڕایبوارد قەت خەمی یەخسیر و کۆیلانی نەخوارد یەک لە ماڵێ چاوەڕێی بێ بێتەوە دەرکی نێو ماڵێکی لێ بکرێتەوە خەم ڕەوێنێک گوێ بداتە ڕازی ئەو نازەنینێک بێ بکێشێ نازی ئەو بگرێ پەنجەی نەرم و نۆڵی ناسکێ بۆی کرابێتە سەرینێ، باسکێ هەیبێ هێز و گورد و تین و تاو و گۆڕ ڕۆژگاری ڕەش نەبێ، بەختی مگوڕ ئەو کەسە جێگای لە مەیخانێ نی یە ئەو کەسە بادە و شەرابی بۆ چی یە؟ ! ساقیا، وا وەرگەڕێ، وا وەرگەڕێ! ڕوو لە لای من کە، مەچۆ بۆ سەرپەڕێ لەنگەرێ بگرە، مەبە وا بەرزە فڕ بێنە بۆمن، بێنە بۆ من، جامی پڕ مەی حەڵاڵە بۆ منی وێرانە ماڵ بۆ منی سەرگەشتە و ڕووت و ڕەجاڵ بۆ منی بابردەڵەی گردەنشین بۆ منی دڵ پڕ لە ناسۆر و برین بۆ منی ئاوارە وو دوورە وەتەن بولبولی بێ بەش لە گوڵزار و چەمەن پەڕ وەریوی، باڵ شکاوی، دەنگ بڕاو بێ بژیوی، بەش خوراوی، دەرکراو پیری زورهانی، کەنفتی، دەربەدەر دیدەسووری، دڵ مەکۆی دەرد و کەسەر داتەپیوی، بێ پەسیوی، بێ قەرار بێ کەسی، دەستەشکاوی، کۆڵەوار لێو بە باری، دەردەداری، ڕەنجەڕۆ شاعیری جوانی پەرستی دڵ بە سۆ ساقیا! بۆ کوێ دەچی، بۆ کوێ دەچی؟ تۆش لەبەر ئەو ملهوڕانە ملکەچی؟ تۆش بە ڕەنگ و بۆی ئەوان خواردت فریو؟ چاوی تۆشی هەڵفریواند زێڕ و زیو تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوهەر هونەر؟ کەنگێ گەوهەر جوانی کردن بەختەوەر! زێڕ بەڵایە، بێ وەفایە دەوڵەمەند هەر هونەر نەمرە، هونەروەر مەرد و ڕەند چڵکی دەستە ماڵی دنیا وەک دەڵێن ماڵ پەرست پەیمان شکێنە و بێ بەڵێن قەدری جوانی کوا دەزانێ ماڵ پەرست! جوان پەرستە پیری خاوەن زەوق و هەست نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ! تۆ فریوی زێڕ و زیوی وان مەخۆ ئەو هەوەسبازانە جێی متمانە نین هەر دەزانن گوڵ چنین و بەی ڕنین وا وەرە، دەی وا وەرە، نێزیک بە لێم بمدەیە مەی، بمدەیە مەی تا دەڵێم: مست مستم ساقیا، دستم بگیر! تا نیفتادم ز پا دستم بگیر جا کە سەرخۆش بوم بە دەنگێکی نەوی بۆت دەڵێم ئەو شیعرە بەرزەی مەولەوی بشنو از نی چون حکایت می کند از جدایی ها شکایت می کند گوێم دەیە ئەی دیدە مەستی قیت و قۆز! تا بناڵێنم وەکوو بلوێر بەسۆز نابێ قەت ناڵەی جودایی بێ ئەسەر جا چ نەی بیکا چ پیاوی دەربەدەر بۆیە ناڵەم تێکەڵی نەی کردووە شیوەنێکم پێیە نەی نەیکردووە لێم گەڕێ با دەربڕم سۆزی دەروون لێم گەڕێ با هەڵوەرێنم ئەشکی ڕوون شیوەنی من شیوەنی ئینسانی یە بانگی ئازادی و گرۆی یەکسانی یە شیوەنی من شینی کوردی بێ بەشە ئەو گەلەی حاشا دەکەن لێی و هەشە با لە زارم بێتە دەر پشکۆی شیعر با فراوان تر بکەم ئاسۆی شیعر پارچە گۆشتێکە دڵی من، ڕوو نییە ناڵە ناڵی من درەنگە، زوو نییە دەردی دووری، دەردی دووری کوشتمی دەردی وشیاری و سەبووری کوشتمی یادی یاران و وڵاتم ڕۆژ و شەو لێی حەرام کردم قەرار و خورد و خەو خەم ڕەوێنێک لێرە من ناکەم بەدی چۆن پەنا بۆ مەی نەبەم ساقی! ئەدی! ؟ نابینم خاک و وڵات و شاری خۆم نابینم ناسیاو و دۆست و یاری خۆم ڕوو لە هەر لایەک دەکەم نامۆیە بۆم نابینم جێ ژوان و کەونە لانی خۆم شەو دەکێشم شەونخوونی و بێ خەوی ڕۆژ دەچێژم دەرد و داخی بێ ئەوی چۆن نەناڵێ ئەو دڵەی پڕ هەستی من؟ ! چۆن لە ئەژنۆ ببنەوە دوو دەستی من؟ ! چۆن نەناڵێ ئەو دڵە ئەنگاوتەیە؟ ! بەرد لە بەردی بێتەوە دەنگی هەیە ژانی ناسۆری جوداییم چێشتووە هەرچی خۆشم ویستووە جێم هێشتووە هەڵبڕاوم من لە یاری نازەنین دەرکراوم من لە خاکی دڵنشین بوومە ئاوارە و پەڕیوە دوور وڵات کەوتمە نێو وردە داوی ڕێی نەجات بەکرە شۆفارە ئەوەی مووخەی چنیم زێی مەم و زینان وڵاتی لێ تەنیم کەوتمە نێو چاڵی دیلی وەک مەمێ یایە زین لە کوێیە هاواری کەمێ! کوا قەرە تاژدین، چەکۆ و عرفۆ لە کوێن؟ ! بێنە هانام وەک پڵینگی چەنگ بەخوێن لاسە شۆڕێک بووم غەنیمی دوژمنان ئێستە ئەنگواوم بە تیری چڵکنان وام بە تەنیایی لە نێو خوێناو شەڵاڵ کوانێ عێل و کوانێ خانزاد و خەزاڵ؟ ! زۆر لەمێژە نارەناری منی نەبیست هەر وەکوو شەمزین، شەمیلەی خۆش دەویست وەک سیامەندێ لە چۆڵ و بەندەنێ جەرگی لەت کردووم پەلی دارە بەنێ شەتڵی جواناوم منی ساردە برین کوا خەجم تا بۆم بگێڕێ گەرمە شین؟ ! مانگی کانوونێ بە چلوان دەرکرام وەک برایم لەو وڵاتە ڕاونرام کوا پەریخان بەند و باوم بۆ بڵێ؟ ! بۆ نەسووتێم نەبمە پۆلووی سەر کڵێ؟ ! ئەو لە زۆزان، من لە ئارانێ دەژیم کێ دەڵێ ئەمنیش وەلی دێوانە نیم؟ ! کوردەواری، ئەی وڵاتە جوانەکەم! ڕۆڵەکەم! خێزانەکەم! باوانەکەم! ئەی ئەوانەی قەت لە بیرم ناچنەوە ئێستە بم بینن ئەرێ دەمناسنەوە؟ ڕۆژگار هاڕیومی وەک ئەسپۆنی ورد هێز و توانای لێ بڕیوم دەردی کورد بوومە گەپچاڕ و دەکا گاڵتە بە من ئەو ڕمووزنەی زەندەقی چوو بوو لە من ئەی ڕەفیقان، ئەی عەزیزانی وڵات! ئەی برای هاوسەنگەری جەرگەی خەبات! گەر دەناڵێم، ئەمن پەک کەوتە نیم تێدەکۆشم بۆ وەسڵ تاکوو دەژیم کۆششی من زۆر بە جێیە و زۆر ڕەوا چونکە قانوونی تەبیعەت وایە، وا: هر کسی کاو دور ماند از اصل خویش باز جوید روزگار وصل خویش ڕێگە دەبڕم، کوانی هەنگاوم شلە ڕاستە بێ هێزم، دەکەم ئەمما ملە هەر دەپێوم کێو و شاخ و چۆڵ و دەشت دێم بەرەو کوێستان بەرەو باخی بەهەشت دێم بەرەو زیخ و چەو و کانیاوی خۆم چۆن لەوانە وەردەگێڕم چاوی خۆم دێم بەرەو ئەو دار و بەرد و بەندەنە دێم بەرەو ئەو باخ و مێرگ و چیمەنە دێم بەرەو زوورک و تەلان و کەند و لەند دێم بەرەو بژوێن و زەنوێر و زەمەند دێم بەرەو پاناوک و هەوراز و نشێو دێم بەرەو ئەشکەوت و زەندۆڵ و پەسێو دێم بەرەو بەفر و چلوورە و بەستەڵەک دێم بەرەو شیخاڵ و ڕێچکە و ڕەشبەڵەک دێم بەرەو لێڕ و چڕ و بەستێن و چۆم دێم بەرەو هەڵدێر و گێژ و بەند و گۆم دێم بەرەو هۆبە و هەواری با سەفا دێم بەرەو لادێ، بەرەو کانگای وەفا دێم ببینم نیشتمان و زێدەکەم دێم ببینم خزم و کاک و دێدەکەم دێم و دەگرم بازی بێری شۆخ و شەنگ دێم و دەگرم دەستی دۆی جوان و چەلەنگ دێم گراویی خۆم لە باوەش وەرگرم دێم نەهێڵم بەرهەڵست و بەرگرم دێم و هەڵدەمژم شنەی کوێستانی کورد دێم و دەچمە شەوڕنی بێستانی کورد دێم و دەشکێنم لەوێ جامی شەراب ماچی شیرین نایەڵێ تامی شەراب دێم و ناترسم لە پەرژینی بە زی هەر پەری سەرکەوت و دێوەزمە بەزی تا بمێنێ نووری چاو و هێزی پێم دێم و دێم و دێم و دێم و دێم و دێم دێم هەتا هەمبێ بڕست و بیر و هۆش گەر گلاشم، کوردەواری و ئێوە خۆش ++++++++++++++++++++++ سەرناو: مانگەشەو سەبارەت: ١٩٧٤ بەڵێنی ڕاگەیاندێ ڕاسپاردە گوتی: بۆت دێتە بن ئەم پاردە، غاردە لە جێژوانێ لەمێژە چاوەڕێتم، نەهاتی، کیژی جوانی هەڵبژاردە! تەزووی گەرمم بەلەشدا دێ، ئەگەرچی تەزاندی شان و پیلم بەردی پاردە وەرە با ڕەنگ و ڕوخسارت ببینم بەمن چی تیشکی داوێ مانگی چاردە گڕی ئەم ڕوومەتەی تۆ گەرم و جوانە تریفەی مانگەشەو، جوانیش بێ، ساردە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانی ڕەشپۆش سەبارەت: ١٩٧٤ گوتی: ئەی بلبلە سەرمەستەکە بۆ خامۆشی؟ گوتم: ئەی نۆگوڵە خۆڕسکەکە کوا دڵخۆشی؟ گوتی: ئەی شاعیرە گەشبینەکە بۆ ڕەشبینی؟ گوتم: ئەی ناسکە تەڕپۆشەکە بۆ ڕەشپۆشی؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاوانی بێ هێزی سەبارەت: ١٩٧٤ لە کۆ ئەسرین دەبارێنم لەبۆ کوردی پەراگەندە لە گەرمێن غەرقی ئارەق بووم و چاوم هەر لە سامرەندە منی زنجیرپسێن لێرە ئەسیری بسکی جوانێکم زەمانە گەرچی ئاڵۆز و پەشێوە، (کەڵ بەموو بەندە) گوتی: (ئێوارە بازاڕێ) وەرە ماچت دەمێ، نەمویست هەڵۆی کوێستانی کوردستانم و ناژیم بەدەستەندە دڵم سەد هێندی دیکانە بە ناز بشکێنی، دەنگ ناکەم چ سوودێکی هەیە، کێیە بپرسێ داد و گازندە! ؟ جیهان و هەرچی خێر و خۆشییە بۆ هەڵبژاردانە بەقانوونی تەبیعەت پاشەرۆک خۆرە ئەوی گەندە ئەگەر تاوانی بێ هێزی نییە بۆچی لە دنیادا بەشی من ماتەم و شینە، بەشی خەڵکی زەماوەندە بەمردووییش نیشانەی گوللەیە ئەو کەللە پڕ شۆرە ئەوێستاش دەرسی سەربازی دەڵێ ئەو شاعیرە ڕەندە سەری تەعزیم لەبەر تۆ دانەواندن فەخرە بۆ (هێمن) بژی (حاجی) کە کێوی هیممەتت سەد هێندی ئەڵوەندە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوان ناسووتێ سەبارەت: ١٩٧٥ دیم کچێکی لەباری لادێیی بۆ نوێژ ڕادەخا بەرەڵبێنێ گوتم: «ئەی نازەنین کە ڕوخسارت هەموو باخی بەهەشتی خوا دێنێ بۆچی پێت وایە ئەو خودا گەورە هێندە بێ ڕەحمە تۆش بسووتێنێ! ؟ » ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستی تەزیو سەبارەت: ١٩٧٦ حەیفە ئەو دەستە کە گوڵزاری دەنەخشاند، بشکێ حەیفە ئەو دەستە کە دڵداری دەگەوزاند، بشکێ حەیفە دەستێ کە بە لەرزی و بە تەزیوی دیسان دوژمنی ملهوڕی زۆرداری دەلەرزاند، بشکێ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کوانێ؟ کوانێ ئەو پەنجە کە توندی دەگوشی مەمکی توند؟ کوانێ ئەو پێیە کە بۆ ژوانێ دەچوو گوندا و گوند؟ کوانێ ئەو چاوە کە هەر جوانی دەبینی و چی دی کوانێ ئەو بیرە کە هەڵدەفڕی بەرەو بەرزی و دوند؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: پەرستاری ڕەشپۆش سەبارەت: ١٩٧٦ پزیشکم شەرمەزار بۆوە کە نەیتوانی بکا چارم دەبێ هیوام بە مان چەند بێ کە ڕەشپۆشە پەرستارم دەڵێی چۆنی؟ چلۆنت تێگەیێنم دەرد و ئازارم بە ساغییش نەیتوانی هەستی من دەرببڕێ گوفتارم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەرەو ئاسۆ سەبارەت: ١٩٧٥ سۆفیی گۆشەی خانەقا بووم، ئێستە پیری مەیکەدەم زاهیدی خەڵوەتنشین بووم، ئێستە مەست و مەیزەدەم سەروی ئازادیش لەبار و دڵگەش و بەرزە، بەڵام گیانەکەم! من شێت و شەیدای لار و لەنجەی ئەم قەدەم جیلوەیی جوانی لە هەرچیدا هەبێ خۆشم دەوێ ڕۆژێ کوشتەی مینیژۆپ و ڕۆژێ گیرۆدەی شەدەم هەر یەکەی بۆ خۆی دەجوولێنێتەوە هەستی دەروون زەردەپەڕ، کاروانکوژە، تاریک و ڕوونی سوبحدەم ئاسمانی ساو و دەریای مەند و تارمایی چیا سێوی لاسوور و بەهێی زەرد و هەناری گوڵ بەدەم کێ وەکوو من سارد و گەرمی ڕۆژگاری چێشتووە؟ گا لە دەشتی گەرمەسێر و، گا لە کوێستانی گەدەم! وەک شەپۆلی زێی خوڕەم ساتێ هەدادانم نییە گێژ دەخۆم، پێچێ دەدەم، من ڕۆڵە کوردی ئەم سەدەم ڕێگە سەخت و پڕ لە کەند و لەند و هەڵدێرە و گەوە هەر دەبێ ببزووم، دەبێ بکشێم، وچانی لێ نەدەم سێبەری مەرگم لە پێشدایە و بەرەو مەنزڵ دەڕۆم ناخی گۆڕی تەنگە جێگام، هەر تل ئاسا بێ قەدەم من بەرەو ئاسۆ، بەرەو ڕووناکی باڵم گرتووە چۆن بەرەو تاریکی دەخشێم، پاڵ وەشەیتانی دەدەم! کانیی ڕوونم دی بەلێشاوی بەهار شلوێ نەبوو بەفری گەورەم دی چیای گرت و بەتاوێ بۆ قەدەم ژینی کورتم دی پڕاوپڕ بوو لە شانازی و شەرەف عومری زۆرم دی کە دوایی هات بەڕیسوایی و نەدەم ئاگری سینەم بڵێسەی دێ و وڵات ڕۆشن دەکا ئەو دەمەی خۆم وەک دڵۆپێک دەچمە نێو دەریای عەدەم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: جوانی بەس نییە جوان پەرستم، جوان پەرستم بە دیداری جوانان مەستم کە دەبینم کیژی تەڕپۆش گشت خەمێ دەکەم فەرامۆش کە کیژێکی جوان دەبینم ساڕێژ دەبنەوە برینم کە دەبینم لەنجە و لارێ هەست ناکەم بە چ ئازارێ کە نازدارێ ڕادەبرێ دڵی ساردبۆوەم گڕ دەگرێ کە چاو لە چاوێ دەبڕم بە ئاسمانێدا دەفڕم کە ڕێک دەکوشم پەنجەی نەرم لەشی سڕم دەبێ گەرم بزەی شیرینی سەر لێوێ هەستی پیرانەم دەبزێوێ نازی شۆخێکی نازەنین دەمباتە بەهەشتی بەرین بیرم لە بەرم دەڕوێن کەچی کچم هەر خۆش دەوێن کچ ئاواتی پیرۆزمن خۆشیی دڵی پڕ سۆزمن کچ نووری دیدە و چاومن بەندی جەرگ و هەناومن کچ ڕووناکایی ژینمن کچ هەتوانی برینمن *** بەڵام ژین هەر هەوەس نییە جوانیش بەتەنێ بەس نییە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خاک بۆت نووسیوم بۆت بنووسم ئەمن چیم؟ دوندی قەندیل، گۆڕەپانی هەڵگورد نیم بەرەو بەرزی دەچم ئەگەرچی وردم خاکی بەرپێی تێکۆشەرێکی کوردم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خۆزگە سەبارەت: ١٩٧٧ خۆزگە وەک خۆر نەمدیبایە شەوی تار خۆزگە تاوێ ڕام نەبواردبایە بێ یار خۆزگە پیری کەلەلای نەدەکردم خۆزگە لە یەکەم ژوانگەدا دەمردم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەوم نایە بەیان ئەنگووت و شەو ڕابورد و من هێشتا خەوم نایە دەخوێنن بولبول و قومری، بەڵام قاسپەی کەوم نایە خەیاڵ دەمباتە جێژوانی شەوانی لاوەتی، ئەمما خرینگەی بازنە و خڕخاڵ و بەرمووری ئەوم نایە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێژنە سەبارەت: ١٩٧٨ تۆ بەڵێنم پێ بدە تا من بەرەو ژوان ببمەوە بمدەیە ماچێکی تەڕ لەم لێوە، با جوان ببمەوە دەستی لەرزۆکم هەتا تێیدایە هێزی بەی گوشین لێم گەڕێ تاوێ لە باخی سینە میوان ببمەوە شەنگەبێری بسڕەوە فرمێسکی بێ شوانی ئیتر ڕەنگە هێشتا لەو چیا و زۆزانە بۆ شوان ببمەوە من گوڵی سەر گۆڕی ئاواتی لەمێژینەم بەڵام ڕێژنێکم لێ بدا پێم وایە بۆ ڕوان ببمەوە شێخی سەنعان بۆ کچی گاور لە ئیسلام وەرگەڕا من خەریکم بۆ کچە شێخێ پەژیوان ببمەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاویلکە سەبارەت: ١٩٧٧ لەو دەمەی ڕا دڵم لێی داوە بۆ ژوان من دێوانەی چاوی جوانم، چاوی جوان گەرچی خەڵکی وڵاتی چاو جوانانم چاوی جوانم نەدی تێر بەچاوانم هەتا لاو بووم چاوی جوانم لێ ون بوو پەچە و ڕووبەند و چارشێوم دوژمن بوو ئێستا پیرم و کەوتوومەتە ئاویلکە چاوی جوانم لێ ون دەکا چاویلکە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ماچی خودایی سەبارەت: ١٩٧٦ وەرە یارم، وەرە ئەی تازە یارم! وەرە ئەستێرەکەی شەوگاری تارم! وەرە ئەی شاپەڕی باڵی خەیاڵم! وەرە ئەی شەوچرای ڕووناکی ماڵم! وەرە خاسەکەوی ڕام و کەویی من! وەرە ئیلهامەکەی نیوە شەوی من! وەرە ئۆخژنی سینەی پڕ گڕی من! وەرە پیرۆزەکەی بەرزە فڕی من! وەرە ئاونگی سەر پەلکی گوڵی سوور! وەرە ئاورینگی گەرم و مەشخەڵی نوور! وەرە ئەی ڕێژنە بارانی بەهاری! وەرە شێعری تەڕی پڕ وردەکاری! وەرە ئەی نەونەمامی باخی ژینم! وەرە ئەی شاگوڵی مێرگی ئەوینم! وەرە کاروانکوژەی کاتی بەیانیم! وەرە بیرەوەری و ئاواتی جوانیم! وەرە ئەی بوت هەتاکوو بتپەرستم! وەرە مەمکۆڵەکەت بگرم لە مستم! وەرە ئەی «خەج»، وەرە ئەی «خاتووزین»م! وەرە با بەژن و باڵاکەت ببینم! وەرە با دامرێ ئاوات و تاسەم! وەرە با بسکەکەت لادا هەناسەم! وەرە با هەڵمژم ئەم لێوە گەرمە! وەرە با هەڵگوشم ئەم ڕانە نەرمە! وەرە جوانێ، وەرە نازت بکێشم! وەرە وەک دەستەگوڵ داتنێم لە پێشم! وەرە با بەس بکەم ئەو باوە باوە! وەرە با بێن بکەم ئەو بسکە خاوە! وەرە با دەس لە باڵاکەت وەرێنم! وەرە کوڵمەم لە کوڵمەی تۆ خشێنم! وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی! وەرە کورد بە و مەکە پەیمان شکێنی! وەرە گیانم فیدای چاوی ڕەشی تۆ! وەرە با هەست بکەم گەرمی لەشی تۆ! وەرە ماچم دەیە ماچی خودایی! کە بێزارم لە ماچی سینەمایی! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: عیشق و ئازادی سەبارەت: ١٩٧٧ ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر کەوا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر لەبادە ئەم ژەمە تێرکە منی تینووی جگەرسووتاو بەچی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر! ئەوەندە دەردەدار و بێ پەرستارم کە پێم وایە: لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر! گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ، کەچی ڕوانیم: لە پێشمدایە زەرد و ماه و سەخت و ئەستەمێکی تر هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی، گوتم: یاخوا لەسەر سوور گوڵ نەبینم شەونمێکی تر شەوێکی چاوەنواڕت بووم، نەهاتی گیانەکەم، ویستت منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بەکانیی ژینێ دانووسێم ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر بەتۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر بەهار و گوڵ، کچ و مانگەشەو، شێعری تەڕ و بادە لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شەرابی خەست سەبارەت: ١٩٧٨ جێژنی نەورۆزە، شەرابم خەستترە تا نەڵێن بولبول لە شاعیر مەستترە جوانی گوت شۆخی لەباری بادەگێڕ: «ئەو کەسەی سەرمەستترە، سەربەستترە» «ئانچنان را ئانچنانتر می‌کند» شاعیری دەروەست بەمەی دەروەستترە چیمەنی شێلا بەشایی کیژی کورد وەی دڵم لەو چیمەنە پێ پەستترە من بڕستم لێ بڕا یا کیژی شار زۆر لە کیژی دەشتەکی بەیدەستترە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سازی ناساز بلبلی باڵشکاوی وەختی گوڵم هەر شەپۆڵان دەدا دڵی لە کوڵم کوردی بەندیی بەیانی نەورۆزم گڕی گرتووە دەروونی پڕ سۆزم موغی بێ ئاگری شەوی یەلدام چاوەڕێی چارەنووسی ناپەیدام کەوی بێ دەنگی نەوبەهارانم گوڵی بێ ڕەنگی چاو لە بارانم کونجی جێژوانی چۆڵ و خامۆشم سێبەری نازەنینی ڕەشپۆشم دەستی بەربووی کچی گەڕی شاییم هەستی خنکاوی لاوی سەوداییم کێلی گۆڕی شەهیدی گومناوم تاکە داری کڕووزی بێ ئاوم دەفتەری شێعری شاعیری ڕووتم شەمی سەرگۆڕ و داری تابووتم کونی گیراوی کۆنە شمشاڵم خەونی ئاڵۆز و خاتیرەی تاڵم ژیلەمۆی ئاگری بەیانانم باوکی فرمێسکم و کوڕی ژانم باڵە سووتاوەکانی پەروانەم شووشە بادەی بەتاڵی مەیخانەم چڵە ڕێحانی دوورە دێراوم سازی ناسازی هەڵپەسێرراوم تکە ئاونگی سەر گەڵای زەردم خەستەو و دەردەداری چی دەردم ئاخرین تیشکی خۆری پایزم شاعیری پیری تووڕەو و زیزم چۆن دەتوانم بە تۆ بڵێم من چیم؟ ! خۆم گومانم هەیە کە هەم یا نیم؟ ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئێوارەی پایز لە ئاسۆیەکی دوورە دەست ئاوابوو زەردەی پایزی دەتگوت بووکێکی بێ نازە پەردە جێ دێڵێ بە زیزی پەڵە هەورێکی چڵکنە گرتی سووچێکی ئاسمان گەڵای زەردی دارێک وەری زریان بردی بەرەو نەمان جووتێک کۆتری سەر بەکڵاوە هەڵکورماون لە سوانەیەک دیارە لەو دەوروبەرانە پێیان شک دێ هێلانەیەک پاساریی سەرداری کۆڵان فڕە و جیکەیان لێ بڕا قەل فڕی... فڕی... تا ون بوو هەر ڕووڕەشیی خۆی پێ بڕا شەپۆڵێک مۆسیقای بەسۆز هات و ڕابورد بە بن گوێمدا شوێنێکی بۆ خۆی کردەوە لە ناخی دڵی توێ توێمدا ئاخر کۆڵی بۆ بردە ژوور باربەرێکی درێژی ڕووت دەرکی دووکانی گاڵە دا مام حاجیو بەرەوماڵ بزووت نازدارێکی چارشێو بەسەر بەتەنیشتمدا تێپەڕی بەغار هات و توند قیژاندی ڕووتەڵەیەک بە بەدفەڕی کەمێک ڕاوەستا جا ڕابورد ئەو لاوەی جادەی دەپێوا دیاربوو خێسێکی دابوویە ئەو شۆخە لە بن چارشێوا کیژێک خۆی لە ژوور کوتاوە دەرکەی حەوشەکەی پێوەدا ئیتر شوێنەواری جوانی بەدی ناکەم لەم نێوەدا تا تاریکان پەیدا دەبێ چۆڵ و چۆڵتر دەبێ جادە نە دێتە دەر کیژی لەبار نە ڕادەبرێ لاوی سادە هەوا بوولێڵە، ئاو لێڵە گوڵ سیس بووە، گەڵا زەردە تەنانەت ڕەنگی گۆڕاوە ئەم دیوار و دار و بەردە تەماشای هەر شتێ دەکەم ڕەنگی پایزی گرتووە جوانی خۆی لێ شاردوومەوە دزێوی ڕیزی گرتووە چاوم لە ئاسمان بڕی دڵم هێندەی دیکە گیرا گەلێک بیرەوەریی کۆنم لەپڕ هاتنەوە بەبیرا ئارام ئارام بەلۆژە لۆژ ئەوا بەرەو ماڵ بوومەوە نە کەس لە پێشمدا دەڕوا نە کەس دیارە بەدوومەوە نا نا ناڕۆم، مەلەی دەکەم لەنێو دەریای مەندی خەیاڵ داهێزاو و ڕووگرژ، تووڕە دڵ پڕ تاسە، مێشک بەتاڵ ئاخ، دیسان ڕووپەڕێک دڕا لە ڕۆژ ئەژمێری تەمەنم! ئاخ، دیسان شەو داهاتەوە من هەروا دوورە وەتەنم! ئاخ، دیسان چوومە ژێر باڵی ڕەشی شەوگاری تەنیایی! ئاخ، دەبێ دیسان بچێژم ژەهراوی تاڵی جودایی! ئاخ، دیسان دەبێ ڕابوێرم لە ژوورێکی سارد و سڕدا! دەگەڵ ئازار دەستەملان بم تا بەیان لە نوێنی شڕدا! دەڕۆم، دەترسم، دەلەرزم لە پەلاماری مۆتەی شەو داد لە دەس ئەم دڵەی بە خەم! وای لە دەس ئەم چاوەی بێ خەو! دەڕۆم تا سەر پێکەوەنێم دەگەڵ زام و دەرد و ئێشم دەڕۆم تا شەوێکی پایز من شەونخوونی بکێشم دوور قاقایەکم گوێ لێ بوو دەتگوت گوللەم پێوە دەنێ چۆن بە ئێوارەی پایزیش ئی وا هەیە پێ بکەنێ! خەیاڵم ببوو بە وشە نەمزانی کەس بەدوامەوە دەنگێکی لەرزۆک و نەرم بەسپایی جوابی دامەوە: «بەڵێ هەن و یەکجار زۆرن بازرگانی فرمێسک و خوێن بەڵێ هەن و پێ دەکەنن بە سەر بە هەش، بە مل بە کوێن بەڵێ هەن و پێ دەکەنن بە من، بە تۆ، بە هەزاران بە داخی باوک کوژراوان بە هەنیسکی هەتیوباران بە نەزانی، بە نەخۆشی بە تاریکان، بە شەوەزەنگ بە زنجیر، بە تەناف، بە دار بە گرتووخانەی تەڕ و تەنگ بە بۆکوڕووز بە چڕە دووکەڵ بە هاڵاو، بەگڕ، بەئاگر بە تەم، بە مژ، بە هوڕە، بە دۆک بە تۆفانی وڵات داگر بە بوومەلەرزە، ڕەشەبا بە سووتمان و زیان و زەڕ بە هەرچی خراپ و شوومە بەگشت دەسکری خوای شەڕ بە ناڵە، بە کوڵ، بە گریان بە سینگ کوتان، بەڕوو ڕنین بە بەرگی ڕەش، بە چاوی سوور بە گۆڕخانە، بەکۆڕی شین بە کەلاوە، بە کوندەبوو بە دیواری هەرەس هێناو بە داوێنی تیتۆڵ تیتۆڵ بە ئانیشکی پینەکراو بە نووکە نووکی بێوەژن بە هانە هانی ماندووان بە زیڕەزیڕی منداڵان بە نووزەی نیوە زیندووان بە نەڕە نەڕی جەللادان بە قرمە قرمی شەست تیران بە ویڕە ویڕی قەمچییان بە ئەشکەنجەی ڕووناکبیران بە چڵکی یەخەی کرێکار بە کەفی سەر شانی جووتێر بە پەچە و ڕووبەند، بە خەنجەر بە یەک نەبوونی مێ و نێر بە قەڵەمی بەزیوی کول بە زمانی لەبندا بڕاو بە دەرکی داخراوی فێرگە بە کتێب و دەفتەری دڕاو لە قامووسی ئەوانەدا بەزەیی مانای نەماوە بێزیان لە بزە هەڵدەستێ وازیان لە خوێن و زووخاوە هەر دڵۆپی خوێنی لاوێ بۆ وان یاقووتێکی سوورە هەر تکەی فرمێسکی کیژێ بۆ وان مرواریی بەرموورە هەناسەی ساردی ئاواران کۆشکی ئەوان گەرم دەکا لەشی ڕەق و زگی برسی جێ پاروویان نەرم دەکا سەرمایەی وان لەگەڕدا بێ، با زۆر دەرک بەقوڕ گیرێ! دۆلار لە برەو نەکەوێ با کۆڵەوار بێ داپیرێ! دەبا خوین بێ و سەران بەرێ چەرخی کارگەیان بگەڕێ پێ دەکەنن، پێ دەکەنن بە بڵێسەی ئاگری شەڕێ» گوتم: «کەوابوو، ئاشنا! بەشی ئێمە لەنێو چوونە» گوتی: «نا، نا، دوور بنواڕە... دوور بنواڕە... ئاسۆ ڕوونە...» ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سووڕی دەوران زەمانی زوو هەبوو میرێکی زۆردار دزێو و دڵڕەق و خوێنڕێژ و لاسار دڵی خۆش بوو بە ئازاری هەژاران بە دەس ئەو چوون هەزاران و هەزاران قسەی خۆشی دەگەڵ خەڵکی جوێن بوو هەمیشە تیخی جەللادیی بە خوێن بوو سەری زۆر لاوی جوانچاکی بڕیبوو زگی زۆر پیاوی دڵپاکی دڕیبوو ڕق و قینی لە نێوچاوان دەباری دزی و سووتمان و کوشت و بڕ بوو کاری بزەی هەرگیز نەبینرابوو لەسەر لێو دەغەزری وەک یەکانە و بڕڕەکی کێو دڕندەی هار و ماری بێ ڕەزا بوو لە تاڵان و بڕۆیە شارەزا بوو لە ترسانی وڵات پڕ ترس و ڕەو بوو ڕمووزنەی تاریکان و خێوی شەو بوو گڕووگریان بە ناوی ئەو دەکرد ژیر لەوی تۆقیبوو هەم زارۆک و هەم پیر مەکۆی جەردە و چەتان بوو دیوەخانی غوڵام و نۆکەری بوون نانی نانی لەوی بێزار بوو ئینسانی بە نامووس تەشی ڕێس بوو لە دەرکی ئەو زمان لووس دەیانکرد خزمەتی وەک دیل و بەندە هەتیوچە و سەرسەری و سۆدرە و سەهەندە لە هەق بێزار و دڵ بەستەی ڕیایی یەکەم تۆچێنی کێڵگەی بێ وەفایی نەیاری چاکەو و یاری خراپە خەزێنەی کون بڕ و شاری خراپە پەڕی قامووسی ئەویان کردبوو داگیر وشەی دار و تەناف و کۆت و زنجیر بە ڕاستی ملهوڕێک بوو دوژمنی گەل لەبەر ئەو نەیدەوێرا کەس بڵێ: لەل خودا ڕازی بوو لێی، ئەمما خودای شەڕ لە خەڵکی بەر ببوو وەک گورگی نێو مەڕ *** بەڵام کیژێکی بوو ئەو گەندە پیاوە کە دەتگوت خوشکی ئاونگ و خوناوە لەبارێ، نازەنینێ، کوڵمە ئاڵێ نیگارێ، دڵڕفێنێ، چاو کەژاڵێ بەژن باریک و باڵابەرز و تەڕپۆش یەسک سووک و ڕەزا شیرین و ڕووخۆش هەنی جوانتر لە مانگی ئاسمانی پەڕی ڕەشداڵی بوو ئەبرۆی کەمانی بسک ڕەشتر لە ڕۆژی ژێر چەپۆکان پەشێواوێ کە ژیری بۆ پەشۆکان کەزی خاوتر لە خاوی لا نواڵە لە شەرمی کوڵمی سوور بۆوە گوڵاڵە ئەوی تیری ئەوین جەرگی نەکۆڵێ نەبوو ئاگای لە پێکانی مژۆڵێ بزەی دەرمانی دەردی دەردەداران وشەی وەک بەختەبارانی بەهاران سەمای پەریانە دەتگوت لار و لەنجەی پەڕی گوڵ دەییەشاندن دەست و پەنجەی کوڕەی هەردی دەهێنا گۆی مەمانی لەلای وەی تامی دەسبازیی دەزانی هەموو شێوەی لە بابی خۆی جودا بوو فریشتەی پاکیی و خێری خودا بوو تەبیعەت ئەو کرەی وا ورد تەنیبوو خودای جوانی لە خۆشیانی خەنیبوو دەگەڵ ئەو جوانییە خاوەن شەرم بوو دڵی زۆر نەرم و خوێنی زۆر گەرم بوو دەبوو جێی ئەو بەرزتر با لە هەوران کەچی دەژیا لە ژووری ماڵی گەوران دەبوو چەتری سەری باڵی هوما با نەوەک ئاوا لە ڕووپۆشێ خزابا دەبوو سواری قەڵاندۆشی هەڵۆ با لە بەرزایی چیادا سەربەخۆ با نەوەک لێی داخرابا دەرکی حەوشە ژیابایە لەنێو ئەو غەور و خەوشە دەبوو ژوانگەی لەکن ڕاوگەی کەوان با نەوەک وا چاو لە دەستی دەرکەوان با دەگەڵ پێروو بکا ڕاز و نیازێ گەلاوێژی بە هاوڕازی بنازێ بکا سەیرانی زەرد و ماه و ڕازان لە خەو ڕابێ بەسیڕەی سەقر و بازان گزینگ بنگێوێ کوڵمەی ئاگرینی شنە ببزێوێ بسکی پڕ لە چینی دەگەڵ گوڵ پێکەنێ فێنکی بەیانی سەرانسەر پڕ لە خۆشی بێ ژیانی دەگەڵ بولبول بڵێ حەیران و بەستە خەڵک شەیدا بکا بەو شۆر و هەستە دەبایە چێژی ئازادی بچێژێ نەوەک فرمێسکی نامرادی بڕێژێ بە ئاونگێ بشوا ڕوخساری پاکی لە پاکان ون نەبێ دیداری پاکی دەبوو بوکشن دەس و پەنجەی لە گۆوەند «کوڕی، دیواندڕی»، بەند هەڵبڕێ، ڕەند دەبوو جووتی ژیانی هەڵبژێرێ نەوەک بابی بە سەوقاتی بنێرێ قەفەس زیندانی تاوسی شۆخ و مەستە؟ کچی جوان و لەبار و دەرکی بەستە؟ کچی بێ بەش لەنێو بورج و قەڵادا دوڕە ئەمما لە دوڕ دورجی بەڵادا دەبا هەر ئەتڵەس و دیبای لەبەر بێ کچێک ڕوو بەستەو و چارشێو بەسەر بێ بڵا پاژنەی لە زێڕبێ کەوشی جوانێ کە دانرابێ لە دەرکی دەرکەوانێ بە کاری چی دێ خشڵ و زێڕ و زێوەر کچێکی نەشتە نێو خەڵک و جەماوەر بە کاری نایە بەرگی جوان و مومتاز کچێکی چاوی دووروابێ وەکوو باز لە ژاری تاڵترە خۆراکی چەوری کچێک وەک ڕۆژ نەیێتە دەر لە هەوری سیاچاڵی کچانە کۆشکی میران هەزار خۆزگە بە کاولاشی فەقیران بە قانوونی تەبیعەت ناژی بێ جووت ئەوی ئینسانە، جا دارایە یا ڕووت کچی میر و گەدا دڵیان هەیە دڵ دڵیش ناکا لە دڵداری و ئەوین سڵ ڕەبەن تامی ژیانێ چۆن دەزانێ ئەگەر «پێ»شی بگاتە ئاسمانێ کەسێک جووتی نەبوو خۆشیی نەبینی بەهەشت ناهێنێ ڕۆژێ دێر نشینی کەسێکی ژینی بێ ژوان ڕابوێرێ هەموو ژانی جیهانی پێ دەوێرێ ئەوین مایەی ژیان و بوون و مانە ئەوین ڕایگرتووە دەوری زەمانە ئەوین نەبوایە پێی ناوێ بخۆی سوێند جیهان چۆڵ بوو پەپووش تێیدا نەدەخوێند ژیانی بێ ئەوین دەشتی نەبوونە لە سایەی عیشقە ئەم دنیایە ڕوونە ژیانی بێ ئەوین گشتی زیانە کچیش نەیخوارد فریوی ئەم ژیانە وەدووی دڵ کەوت و پچڕی بەند و پێوەند دڵی خۆی دا بە لاوێکی هونەرمەند هونەرمەندێکی پاکی بەرزە ئاکار کە جارجار ڕێی دەکەوتە ماڵی خوونکار هونەرمەندێ کە هەر نەغمێکی تاری گڕ و ئاورینگ و پشکۆی لێ دەباری هونەرمەندێ کە دەنگی پڕ خورۆشی بە بەندێ دەیپەڕاند دەرد و نەخۆشی هونەرمەندێ کە هەستی ئاگرین بوو دەروونی پڕ لە ناسۆر و برین بوو هونەرمەندێ کە سووتاوی ئەوین بوو هەموو ئەندامی سۆز و تاو و تین بوو هونەرمەندێ کە زادەی دەرد و خەم بوو زەدەی دەستی ڕەشی دێوی ستەم بوو هونەرمەندێ بە زگ برسی و بە چاو تێر لە شەڕ بێزار و دۆستی ئاشتی و خێر هونەرمەندێکی عەسری فیئوداڵی دڵی پڕ بوو، بەڵام گیرفانی خاڵی شەوانی بەزم و شایی و شەونشینی لە درزی پەردە یەکتریان دەبینی کە تێک دەڵقا نیگای پڕ گفتوگۆیان دەیاندرکاند بەسانی ڕازی خۆیان *** کوڕیش سەوداسەری کیژی ئەمیر بوو لە داوی خۆشەویستیدا ئەسیر بوو ئەوین نابینێ بەینی قەوم و دینان ئەوین نازانێ فەرقی توێژ و چینان ئەوین دوو دڵ دەکا مەفتوونی یەکتر لەکن ئەو وەک یەکن ئیسلام و گاور ئەوین خاتوو زڵێخای نەرم و هێدی دەکاتە دیلی عەبدی زێڕ خریدی ئەوینە شێخی سەنعانی غەیب زان دەکاتە گاور و شوانی بەرازان *** ئەگەر خاتوون گرفتاری ئەوین بوو ئەوینی لاوەکە زیاتر بەتین بوو گڕی گرتبوو دەروونی پڕ لە جۆشی لە تاوانی نەمابوو هۆشی خۆشی لە سوێی ئەو شۆخە ئۆقرەی لێ بڕابوو لە ژیندا ژان و ئێشی پێ بڕابوو ئەوینی ئەو دووانە دوور بە دوور بوو کە دیواری قەڵای میری سنوور بوو سنوور و شوورەو و تامان و پەرژین لە تامەزرۆی ئەوینێ تاڵ دەکەن ژین قەڵا سەخت و حەرەمخانە پڕاوپڕ دەرک گاڵەدراو و دەرکەوان دڕ مەگەر باڵدار بەسەر کۆشکا فڕیبا مەگەر لێمشت دڵی شوورەی دڕیبا مەگەر ڕۆژێکی بەزمی بایە خوونکار کوڕیشیان بردبایە لێ بدا تار لە درزی پەردە دیبای بەژنی یاری لە سیحری تێپەڕاندبا سۆزی تاری *** زەمان ڕابرد، پتر بوو هەستی دۆستی بەڵێ هەستە کە میر نایەن دەرۆستی لە دەوری هەستی کەس ناکێشرێ شوورە خەیاڵیش شارەزای پشتی سنوورە *** هەراسان بوو کچی میری بە جارێ گوتی: «بەسیەتی با ڕاسپێرمە یارێ» ژنێکی ڕاسپاردە کن هونەرمەند «ئیتر ئەو بێ بەشی و سووتانە تا چەند؟ ! خەمی دووری نەخۆین، هەرچی دەبێ، بێ! دەبا بێ و بڕۆین، هەرچی دەبێ، بێ! وەڕز بووم لەو ژیان و پنج و مۆرە بە ئازادی بژیم تاوێکی زۆرە هەموو زێڕ و جل و نۆشین و خواردن فیدای تاوێ دەگەڵ ئەو ڕابواردن هەتا کەی مەینەتی دووری بچێژین! هەتا کەی بووکی ئاواتمان بنێژین! هەتا کەنگێ خەیاڵ بگرینە باوەش! بلەرزێنێ مچوڕکی بێ بەشی لەش! هەتا کەی ئەو نەبینم تێر بە چاوان! لەسەر من داخرابێ دەرکی باوان! هەتا کەی داخرێ سینگ و بەرووی من! هەتا کەی نەشکێ تاسە و ئارەزووی من! دەبا بێ و ڕوو بکەینە دوور وڵاتان! نەجاتم دا لە نێو شوورە و قەڵاتان! ئەگەر مەردە، بە جەرگە، پاکە، سەرباز، دەبا بێ و من بکا لەو بەندە دەرباز! نزا و پاڕانەوە و گریان و ناڵە چ سوودێکی هەیە، نووشتەی بەتاڵە نەبێ باکی لە خوێڕیی دیوەخانان بە پیاوان دێنەدەر گەوهەر لە کانان بە زۆر بشکێ دەبێ دەرکی قەڵایە دەنا ئەو دەرکە بۆ کێ ئاوەڵایە» *** ئەوەی بیست لاوۆ گەشکەی گرت لە تاوان گوتی: «ئامادە و سازم بە چاوان دڵم ناوێ نەبێ قوربانی نازی سەرم ناوێ نەبێتە بەردەبازی ئەوا بۆی ئاوەڵایە باوەشی من بەسە بۆ من کە ئەو بێتە بەشی من لە ڕێی ئەودا بەخت کەم گەر ژیانم بە سەربەرزی و بە شانازیی دەزانم لە پێناوی ئەوا گەر بچمە سەر دار لە ژێر پێمدا دەبینم مەزن و سەردار» *** شەوەزەنگێ بە زەبری زێڕ و بەرتیل کراوە دەرکی زیندان بۆ کچی دیل کچە گۆڕیەوە کۆشک و تاج و تەختی دەگەڵ ئازادی و ئازار و سەختی بە جووت ڕۆیین دەگەڵ یاری وەفادار بەرەو موڵکی ئەوین و ژینی ساکار سنووریان هەڵبوارد و چوونە شارێ لەوێش فەرمانڕەوا بوو نابەکارێ لەوێش میرێکی زاڵم کاربەدەس بوو لەوێش بێ چاووڕوویەک داربەدەس بوو لەوێش زیندان و بەندیخانە پڕ بوون گزیر و پاسەوان شوێن گێڕ و دڕ بوون لەوێش هەر سەربزێوی باسی سەر بوو لەوێش دنیا بە کەیفی بێ هونەر بوو لەوێش ناپیاوی بازاڕی گەرم بوو لەوێش باو باوی پیاوی بێ شەرم بوو لەوێش پیسکە و درۆزن کاری باش بوو لەوێش مەردایەتی و پاکی لە پاش بوو کوڕ و کیژی لەباری پاکی ساکار لە ڕێی ژینا لەوێ بوونە کرێکار لە بۆ نانێک و بۆ یەک تۆزە پێخۆر یەکێکیان بوو بە پاڵە و یەک بە جلشۆر ئەگەرچی زۆر گران بوو ئەو ژیانە بەڵام کەیفی هەبوو بەزمی شەوانە بە ڕۆژ ئاوارە بۆ پێخۆر و نانی بە شەو دەستەملان بوون تا بەیانی لەشی ناسک کە ئازاری دەبینی زمان دەیگوت ژیان چەند نازەنینی! لە دنیادا نەبینرا نۆشی بێ نێش کەسێک خۆشیی دەوێ حازر بێ بۆ ئێش *** ئەمیریان کرد کە لەو کارە خەبەردار بە خۆی دادا وەکوو ورچی بریندار بە ڕقدا چوو بە ناهەق خوێنی ڕشتن گزیر و دەرکەوانی گرت و کوشتن هەمیشە دەیگوت: «ئەی ئەو ئابڕووچوونە شتی وا نەیبووە وێنە و نموونە کچی من بێ بە جووتی بۆرە پیاوێ، دەکوژرێ، خۆی لە ماڵی کابە باوێ! دەبێ من چۆن بژیم و چۆن بمێنم! لەنێو هاوشانی خۆمدا سەر هەڵێنم! کچی من هەڵگرن، وەڵڵاهی جوانە! کچی من بۆ کچی گاوان و شوانە! ؟ لەنێو مسکێنی خۆم دەبمە پڵیتە نەکوژم ئەو هەتیوە و ئەم سەڵیتە نەیانهێڵم دەبێ لەو سەرزەمینە لە شانم دادڕم ئەو پینە شینە وەکارخەم دەستەڵات و هێزی زۆرم بە خوێنێ ئەو پەڵە و نەنگە وەشۆرم» *** بە ڕێی کردن گەلێ شەیتان و شۆفار هەتا بیکەن لە حاڵی وان خەبەردار توولەی شوێنگێڕی بەردانە مڵ و مۆ وەکار کەوتن لە ڕاوێچکە و لە بابۆ چ ناپیاون ئەوانەی سوودپەرستن دژی خاوەن دڵی شەیدا دەوەستن چ سپڵەن ئەو سەگانەی گورگەمێشن کەلاک بۆ گورگی برسی ڕادەکێشن *** گەڕان شۆفارەکان قوژبن بە قوژبن وڵاتیان دا سەراسەر سەنگ و سووژن گەڕان شار و گەڕان دێهات و هۆبە هەموویان پشکنی نۆبە بە نۆبە گەڕان کێو و چیا و ئەشکەوت و زەندۆڵ گەڕان کادێن و کەندوو و ئاخوڕ و هۆڵ سەروشوێنیان نەبوو پەیدا لە هیچ کوێ کەسێ نەیدیبوو دوو شەیدا لە هیچ کوێ بە میریان ڕاگەیاند وەک ڕۆژە ڕەوشەن: کە «لێرە نین، پەڕاندوویانە کەوشەن» گوتی: «پێتان دەدەم ئەمجارە فەرمان بچن بۆ وڵاتی دوور و دەوروبەرمان بڕۆن و ڕامەوەستن، هیچ مەترسن هەواڵی ئەو دووانەم بۆ بپرسن لە هەر کوێیە هەبن بیاندۆزنەوە بۆم وەکوو تاژیی بەکار بیانقۆزنەوە بۆم «دەدەم پارە و خەڵاتی باش بە ئێوە کە بۆم دەردەس کەن ئەو دوو سەربزێوە لە بان هەوران بژین یا تەختی بەحران لە داویان خەن بە فێڵ و فەند و مەکران گوتوویانە کە خزمەتکاری چاکی دەبێ وەک داڵ بکەی بۆنی کەلاکی لە ئێوە کار و تێکۆشان، لە من ماڵ دەتانهاڕم بەسەریانا نەبن زاڵ» *** قەڵای میران بەدەس ناکەس دەنەخشێ کە «دار هۆرەی لە خۆی بێ زوو دەقەڵشێ» ئەگەر زێڕ و دراو دەوری نەبووبا بلووری ژین دەبوو غەوری نەبووبا ئەگەر پارە نەبووبا بیروبڕوا دەبوو زاڵم لە کوێ وا دەستی بڕوا؟ ئەگەر خوێڕی نەکا میللەت فرۆشی لە خۆی نابینێ زاڵم خێر و خۆشی ئەگەر ئەسپی غەرەز ناوێ قەڵەمباز بگاتە جێی وەزیرێ ڕەنگە سەرباز کە فیل و ڕوخ نەکەونە کلکەسووتە مەلیک ماتە بە دەستی پیادە ڕووتە بە من ئەو هێرش و زەبر و زوڵم و زۆرە بەشی زۆری گوناهی مفتەخۆرە *** بڵاوبوون خێڵی شۆفارانی بێ عار لەدوای دوو ئاشقی لاوی فیداکار گەڕان شار و وڵاتی دوور و نێزیک دووان بە زمانی فورس و تورک و تاجیک یەکێک بووە مارگر و یەک بوو بە دەروێش یەکێک بووە حافز و یەک بوو بە دەسکێش یەکێک بووە لۆتی و یەک بوو بە چاوەش یەکێک بووە سواڵکەر و یەک بوو بە جاکەش خەیابان و شەقام و ڕێگەیان گرت هەموو جێیان تەنی، گشت جێگەیان گرت کچ و کوڕ بێ خەبەر لەو تۆڕە داوە خەریکی کاری خۆیان بوون لە لاوە ئەگەرچی ڕووت و پێخواس بوون و برسی بەڵام کەم کەم نەیانمابوو مەترسی بە سەربەستی ژیانی سەر حەسیری بە قوربانی بێ تەخت و بەختی میری چ خۆشە سەربڵندی و بێ نیازی بە ئازادی بخۆی نان و پیازی! دەڵێن یارێ گوتی جارێ بە یاری: «گەڕیدەی شارەزای زۆر گوند و شاری لە هەمووان خۆشتر و جوانتر چ جێیە؟» گوتی: «ئەو جێیە خۆشە یاری لێیە» کە دڵ خۆش بوو دڵۆ با دەربکا دەست شەکەت بێ با لەش و ئاسوودە بێ هەست دەسێک بکرێ بە شەو لە ملی نیگارێ بە ڕۆژ ماندوو ببێ با هەر لە کارێ دەس و پەنجێک کە بوکشێ جووتە مەمکێ جەمام نابێ بە کارێ تاکوو نەشکێ کە لێو بمژێ شەوانە لێوی دڵدار بەڕە! کێشانی ڕۆژێ ناگرێ بار کە شەو تێر ماچ و مووچ و گازە کوڵمە چبوو سووتاو و تاوانگازە کوڵمە کەسێکی چێژی ئازادی بچێژێ لەوەی باکی نییە ئارەق بڕێژێ بە بێ ڕایەخ شەوێ ئاسوودە دەنوێ کرێکارێ کە یار پشتی بهەنوێ بەبێ پێخەف شەوێ گەرموگوڕە لەش کە یاری نازەنین بگرێ لە باوەش کە شەو دایماڵی پەنجەی یاری جوانی بە ڕۆژ با هەر جدەو بێ پیل و شانی کە سۆزی عیشقی وان هەردەم پتر بوو هەموو تاوێکی عومرێکی خدر بوو *** لەنێو شۆفارەکاندا خواجەیەک بوو عەجەب زیانی خورۆ و پیرە سەیەک بوو ئەمیر بۆ پاسی نێو ماڵی کڕیبوو نموونەی پیاو خراپی و دەم شڕی بوو کە خۆی بێ بەش لە خۆشیی ژین کرابوو هەموو دەرکی هومێدی داخرابوو کە شەوقی عیشق و دڵداریی نەدیبوو کە گەرمیی باوەشی یاری نەدیبوو کە زیبک و غیرەتی مێریی نەدیبوو کە خۆشیی پیاوەتی و نێریی نەدیبوو *** دەروونی پڕ گریمانە و حەسەد بوو هەتا حەز کەی بەخیل و شووم و بەد بوو کە کوشتی پیاوەتیی ئەو دەستی تاوان هەقی خۆی بوو ڕقی زۆر بێ لە پیاوان کە وەک یەک بوون ژن و گاشە لەکن ئەو نەبوو باکی بدا ئازاری ژن ئەو چلۆن بڕوا ئەکەن ئینسانی بێ بەش نەبێ بێ ڕەحم و بێ ئینساف و دڵڕەش کە ئینسانێک وەکوو حەیوان خەسیبێ نییە سەیر گەر نموونەی ناکەسی بێ بە ئەمری میر ئەویش خۆی کردە سواڵکەر گەڕا شار و وڵاتان ئەمسەر، ئەوسەر هەتا ڕۆژێکی خواجەی دڵڕەقی پیر لە ماڵێک دوور بە دوور ناسی کچی میر تەماشای کرد جلوبەرگی دڕاوە سەر و پۆتڕاکی ئاڵۆز و بڵاوە بەرۆکی ئاوەڵایە، سینگی ڕووتە سەری ئەو کوڵمە ناسکەی تاوەسووتە هەڵی ماڵیوە تا ئانیشکی بۆ کوڵ دەڕێژێ ئارەقە زەنگوڵ بە زەنگوڵ کەچی شادیی لە نێو چاوان دەبارێ کچی میرە و شەرم ناکا لە کارێ سەری سووڕما بوو ئەو کابرا نەزانە چلۆن گۆڕاوە ئەم دەور و زەمانە «تەماشای ئەم ژیان و ڕێ و شوێنە ڕەسەن زادە و کوڵ و ئەسپۆن و سوێنە بەدووی کارا گەڕان کووچە بە کووچە لە بۆ خاتوونی وا تاوان و سووچە بە شیر و شەکری پەروەردەکراوە لە کۆشک و سەرسەرایاندا ژیاوە هەمیشە خاوەنی کۆیلە و کەنیز بوو جلوبەرگی هەتا حەز کەی تەمیز بوو ئەوی دەستووری دابا جێبەجێ بوو لە خۆی زیاتر لە ژووری کۆشکێ کێ بوو! دەیانکرد باوەشێنی ئەم بەر، ئەو بەر لەبن سێبەر کچی نەشمیلی ئەسمەر کەچی ئێستا لەبەر سوورە هەتاوێ پەڕۆ شۆری دەکا بۆ نان و ئاوێ مەگەر باوکی پەکی کەوتووە لە تاڵان کە ئەو ئێستا دەکا جل شۆریی ماڵان دەبێ خواردبێتی مێشکی گوێدرێژێ دەنا بۆ نانی چۆن ئارەق دەڕێژێ ئەوی بۆ ئەو کرا، بۆ کێ کراوە؟ بە خوای وادیارە نووشتەی لێ کراوە» *** ئەوەندە تەسکە بیری گەندە پیاوان دەکەن فەرقی کچی میران و گاوان دەڵێن: کەنگر و قوماش نابن بە وێڵداش قسەی کەونە پیاوانە و قسەی باش دەسەلمێنن بە پیاوی گەوج و سادە کە: سوار هەر سوارە، پیادەش هەر پیادە کچی میران دەبێ لیران وەخۆ خەن کچی گاوان دەبێ پووشکان وەکۆ کەن کچی میری دەبێ خۆشی ببینێ کچی شوانی بچێتە نان چنینێ *** کچی میری دەبینی باش و ئەفسووس کچی میر نەیدەبینی پیرە جاسووس دەمەو ئێوارە ڕزگار بوو لە کاری گەڕاوە جا بەرەو ئامێزی یاری بەڵام جاسووسی پەستی شوومی ناپیاو بەدوای ئەودا دەچوو هەنگاو بە هەنگاو تەماشای کرد کە لاوێکی قوڕاوی لە ڕێگایەی بڕیوە سیلە چاوی کە یاری دەرکەوت بێ ترس و پارێز بەرەو پیری فڕی گرتی لە ئامێز لە هیچ کوێ دای نەنا تا بردیە ژوور ئیتر ڕووی کردە ئەم ژوورە خودای نوور *** هەڵی نا جێی ئەوان و وەک کڕێوە لە لاقانی وەرێنا هەر لەوێوە ترەختان و ڕکێفکوت کەوتە ڕێیە لە خەڵکی وایە «کابرا ئاوری پێیە» لە سوێی ماڵ و دراوی باڵی گرتبوو خەیاڵی موڵک و ماش و ماڵی گرتبوو هەمیشە وایە کاری پیاوی نامەرد کە سوودی خۆی دەکا تەنیا بەراوەرد لە خۆی ڕازی بکا ئەو میری خوێنخۆر دەروونی ئاشقان با بێنێ ناسۆر خەڵک تووشی بەڵایە بێ جەهەننەم کە ئەو گیری کەوێ دینار و درهەم هەتیو بار سووک نەبێ با باری قورسی نەیێتە خوار جەنابی ئەو لە کورسی بە کوچکێوە بدا جەرگی ژنی پیر هەتا چەنگی لە جێگایەک ببێ گیر بەوی چی چیی بەسەر دێ پیاوی بێ کەس کە ئەو پارەی دەوێ و پارەی دەوێ و بەس بە وی چی ماڵی خەڵکی بێ خودان بێ کە ماڵە جوانەکەی ئەو ئاوەدان بێ بە کوشتن دا خەڵک ئۆردوو بە ئۆردوو پەکی پێ ناکەوێ ویجدانی مردوو *** بەتاڵووکە گەیشتە دەرکی میری بە گورجی خۆی گەیاندە کن گزیری گوتی: «زەحمەت نەبێ پێی ڕاگەیێنی هەمە عەرزێک و عەرزێکی نهێنی گرنگە عەرزەکەم، ڕازێکە ڕەنگ بێ هەتا زووتر خەبەردار بێ درەنگ بێ» *** ئەوەندەی پێ نەچوو بردیانە کن میر گوتی: «ئەی میری خاوەن ڕاو و تەگبیر لە زیادی بێ هەمیشە بەخت و هاتت پتر بێ و هەر پتر بێ دەستەڵاتت بە جێم هێناوە ئەرکی بەندەگیی خۆم تەماڵم دیتەوە، من نۆکەری تۆم لە سایەی تۆوە خاین بیندراوە چییە فەرمانی گەورەم، وەختی ڕاوە» ئیتر نامەردە پاشەوپاش کشاوە لە خۆشییان ڕەنگ و ڕووی میری گەشاوە هەرای کرد: «کێ لەوێیە بێتە ژوورێ» بە جارێ داوەرین چەند زرتەسوورێ گوتی: «ئێوە کە خزمەتکاری خاسن هەموو ئەو نۆکەرە باشەم بناسن بکەن ئێستا سەراپا زێڕ وەشانی خەڵاتی گەورەیی دادەن بەشانی» *** وەکۆی کردن لە پاشان گەورە گەورە هەموو دەستەونەزەر وەستان بە دەورە چ گەورە گەورە؟ بەندە و گوێ لە مست بوون بەرەو ڕووی ئەو تەواو بێدەنگ و هەست بوون قسەپان و ڕەزاگران و دەغەڵکار درۆزن، دووزمان، پەتیارە، بێ عار بەگژ خەڵکا دەچوون وەک نەڕڕە دێوی کە ئەو دیار با دەبوونە دێڵە ڕێوی کە ئەو دەیگوت: «ئەرێ چبکەین بەیانی؟» دەیانگوت: «گەورەمان بۆ خۆت دەزانی» گوتی: «ئەی گەورە گەورەی بارەگای من بڵێن ئێستا چییە تەگبیر و ڕای من؟ دەڵێن ئەو دوو کەسەی لێرە هەڵاتوون لە پاتەختی وڵاتێ نیشتەجێ بوون کە دۆستی خۆمە میری ئەو وڵاتە ئەمیرێکی بە زیبک و دەستەڵاتە دەڵێم چەند کەس لە ئێوە هەڵبژێرم بچن، سەوقات و دیاریی بۆ بنێرم بە نامە لێی بخوازم ڕانەوەستێ دەس و پێی ئەو دوانەم بۆ ببەستێ بە ڕێیان کاتەوە بۆ دەرکی ئێمە من ئامادەم ئەویش گەر کاری پێمە» گوتیان: «صەددەق! قسەی میری تەواوە» گوتی: «ئیتر قسەم پێتان نەماوە» *** شەوێکی ڕەش وەکوو بەختی ئەسیران وەکوو دواڕۆژی زۆردار و ئەمیران نە مانگ دیاربوو نە ئەستێرەی گەش و جوان ترووسکەی لێ بڕابوو ئاگری شوان دەروونی پیاوخراپانە شەوەزەنگ کە داخنرێ بە بوغز و کینەو و ژەنگ بە ڕواڵەت کش، بەڵام پڕ کارەساتە هەزاران ڕازی تێدا گەرچی ماتە لە کۆشک و گرتووخانەی دەرکەبەستە یەکێک مەستە، هەزاران زار و خەستە لە لایە لاو دراونە بەر شکەنجە لە لای دیکە سەمایە و لار و لەنجە لە کونجێ بێوەژن دەگری و دەناڵێ لە کۆشکێ بادەگێڕە چاو کەژاڵێ لە سووچێ باب لە سوێی ڕۆڵەی دەسووتێ لە قەسرێکی دەڕەقسێ نیوەڕووتێ کچی بێ بەش لە ژوورێ ئەشکی دەسڕێ کوڕی ئاغاش بە پارە جوانێ دەکڕێ هەتیوی برسی چڵمی هەڵدەلووشێ کوڕی شێخ ئارەقی نابڕێ لە شووشێ لەلایە چارەڕەش کەوتووە لە کۆڵان لەلایە پارە بەش دەکرێ بە کۆڵان لەلایە جامی بادە پڕ کراوە لەلایە داری ئیعدام هەڵخراوە بەڵێ ڕاستە قەڵای مێرانە شەوگار بەڵام تێیدا ونە تاوانی بەدکار *** کچ و کوڕ نووستبوون بێ خەم لە کەپرێ نەیانزانی کە دارۆغە دەیانگرێ لە کوێ دڵداری پاکی چاکی ساکار دەزانێ فێڵ و مەکری پیاوی زۆردار لە چین بێ یا لە ماچین بێ دیارە کە ئاغا دوژمنی چینی هەژارە لە لای خۆیان هەیانە غیرەت و ڕەگ لەهەر شوێنێ هەبن توخمی دەرەبەگ لە چین کیژی ئەمیرێ هەڵبگیرێ لە ماچین کەسری شانە بۆ ئەمیرێ لە میران هەر کەسێکی دڵنیا بێ لە ژینا تووشی خێر و خۆشی نابێ نەیانزانی ئەوەی ئێرەش ئەمیرە خەریکی ڕاو و ڕووت و ڕەش بگیرە هەتا لێیان وەژوور کەوتن یەساوڵ لە خەودا سواری سینگیان بوون نەخافڵ نەیانهێشت ڕاپەڕن، ببزوون، هەڵستن دەس و پێیان بە چۆڵەپێچە بەستن کە دوایی هات لەوێ خانەبگیری بە ڕێیان کردنەوە بۆ دەرکی میری *** بەیان ئەنگووت و سۆفی تاکە تاکە گوتیان هەستین بچینە نوێژێ، چاکە بڵیند بوو بانگدەری کوێری خەواڵوو گوتی: «بانگی بەیانی درەنگە یا زوو «دەبێ زوو بم هەتاکوو نەبڕێ نانم «بە بێ دەستنوێژ بدەم بانگی بەیانم» لە دارکێشی وەژان کابانی نوێژکەر گوتی: «کابرا دەهەستە جل بکە بەر کە بارت زوو نەکەی بۆت نافرۆشێ وە دەستت ناکەوێ پارە و قورۆشێ کەمی ماوە لەبۆ جێژنی بەراتێ کراسی نوێ نییە بۆ شانی فاتێ» ژنی پاڵە گوتی: «هەستە بەسە خەو خرابی بۆ نەنووستی، فیلە، ئەمشەو پەلەت بێ زوو بکە کارێ و بزانە مەلا فەرمووی کونی ڕۆژی بەیانە» بەڕەت بردن گەیشتە ژوورێ ئاغا تخێڵ بوو جا لەنێو بەندی وەتاغا گوتی: «خانم بشێلە پێ و و دەستم درەنگ هاتوومەوە، وا دیارە مەستم» جەنابی شێخ بە خێزانی دەفەرموو: «هەتیوێکی بنێرە خانەقا زوو بڵێ شێخ نوێژی کرد و نووستەوە بۆی خەلیفە نوێژی بۆ خەڵکی بکا خۆی» خەلیفە پێ کەنی و زانی چ باسە گوتی: «باوکم بە قوربانی بێ، خاسە» وڵات ڕوون بوو، کتێبی دەستی دانا خەریک بوو تازە بنوێ لاوی زانا کە دایکی کردیە هاوار و فریاد بە خۆیدا دا، گوتی: «ئەی داد و بێداد! چبوو تاوانی ئەم جووتە فەقیرە کە وایان لێ بکا ئەم گورگە پیرە ئەوە کار بوو کە کردی ئەم یەکانە پەژارەی خستە شاری بەم بەیانە بە قوربانت دەبم بینایی چاوان قوبووڵی بۆ دەکەی تۆ سووچ و تاوان خودایا بەس بدە دەستی ئەمیری خەراپە، بەدفەڕە، بۆ خۆت خەبیری هەتا کەنگێ دەدەی تۆ بەخت و هاتی دەزانی چەند دڕە، نەحلەت لە زاتی!» گوتی: «دایە! چییە ئەم بۆڵە بۆڵە»؟ گوتی: «هەستە، سەڵام لێ ڕابوو، ڕۆڵە! ئەمیر ئەمڕۆ لەداری دان بە جووتە کچۆڵەی خۆی و ئەو خۆش خوانە ڕووتە لە شاری کەوتووە هاوار و گریان دڵی گەورە و پچووکان بۆتە بریان» ئەوەی گوت کەوتەوە ئاه و نزوولە: «خودایا چەند بەدە ئەم میرە خوولە! دڵی کوو هات بکوژێ ئەم گوڵانە! لە یەکتر کا بە ناهەق ئەم دڵانە! خودای گەورە! بە دەس خۆتە هەموو کار لەسەرمان لا بەرە بێ دادیی خوونکار لەسەر دڵداری نۆلاوان دەکووژێ! کوڕ و کیژان لەپێش چاوان دەکووژێ!» گوتی: «پاڕانەوە بێ کەڵکە، دایە! نوزوولە قەت دەڕۆستی زوڵمی نایە نەزانە تاکوو خەڵکی ئەم وڵاتە بە دەس میرانەوە ئەم دەستەڵاتە دەئاژۆن، ڕادەدەن تا بلوێ بۆیان هەموو کارێ دەکەن بۆ سوودی خۆیان بپارێزن هەتا ئەم موڵک و ماڵە وەبەر پێیان دەدەن مسکێن و پاڵە ئەوان پێیان بڕێ دەسکەوت و قازا! بە قوڕ گیرێ دەبا سەد ماڵە کرما! ژن و پیاو و کوڕ و کیژان دەکووژن قسە توند و قەڵەم تیژان دەکووژن هەتا خەڵکی لە یەکتر وا نەبانن ئەوان سواریان دەبن، سواریش دەزانن «هەتا میرزا حیکایەت خوانی میرە مەپرسە دایە لەم کوشت و بگیرە هەتا کیژی هەژاران مەشکەژێنە لە ماڵی وان هەیە ئەم بێنە بێنە هەتاکوو هێزی ئەم خەڵکە نەجووڵێ هەزار پاڕانەوەت دایە بە پوولێ» کە ژن زانی ئەویش ئینسانە وەک مێر مەڕی میری ئیتر نایێتە سەر بێر کە وریابوونەوە پاڵە و کرێکار دەشێوێ ماڵی میر و مەزن و خوونکار کە میرزا بوو بە ڕۆشنبیری تازە حوکم ناکا لەسەرمان میری تازە هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی بێ کچی میر قسێکی کرد کە پەندە بۆ کوڕی ژیر «بە زۆر بشکێ دەبێ دەرکی قەڵایە دەنا ئەو دەرکە بۆ کێ ئاوەڵایە! خەبات ڕزگار دەکا کۆیلە و ئەسیران لە ناخێ ڕادەکا مەزن و ئەمیران بە ئەفسانەی دەزانن سووڕی دەوران غوڵام و ورکەخۆری دەرکی گەوران بەڵام دەوران دەبێ ڕۆژێ بدا سووڕ لەبەر گەوران نەبێ پشتی خەڵک کووڕ کە گۆپاڵی خەڵک دەرهات لە خیزی ئیتر نامێنێ میری گەورە فیزی» ++++++++++++++++++++++