شاعیر: ف-نامۆ کتێب: ئاسۆی خەیاڵ سەرناو: گەشەی پەرواز سەبارەت: سەرچاوە: t.me/namopoem - نووسین: ئەسعەد عەبدۆڵڵاهی ناشکێ باڵم، قەتیس نابێ گەشەی پەروازی من ناشکێتە ئەوکی من، ئیدی بە کەس ئاوازی من چێو لە تاریکی کوتانە، خۆ بڵێن ماندوو نەکات ئەو کەسەی، شادی ئەکا، ناڵەی خەمینی سازی من من مەلی زەریای پڕ تۆفانی عەشقم، گەردەلوول چی لە دەس نایە، لەخۆڕا، خۆ دەکا ئامبازی من دەسخەڕۆی کردم سەراب و ورشەورشی ئەو لە دوور جارێ تر نایە سەرابێ، بێ و ببێ جامبازی من ڕێگە نادەم نا، فریوێ تر بەسەرما، داسەپێ تا نەگەستێ ماری تازە، ڕۆحی مارانگازی من سەردەمانێ مەست و یاخی بووم و باهی و بێخەیاڵ ئەو کەشە ئاوەز بەزێنە، ببوە دەستەندازی من 'فاتیحا'، ئێستاکە تەبعی، سەرکەشم کەوتۆتە خۆ تاکوو نزمایی نەبێتە، جێگری هەورازی من ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شاری من سەبارەت: سەرچاوە: t.me/namopoem - نووسین: ئەسعەد عەبدۆڵڵاهی شاری من، سەت کە مەکۆی خەم بی لە تۆ ڕاناکەم ئەتکە بۆ من کەلە تۆ و بایەخی تۆ حاشا کەم بەبیانوی ئەوە دڵ تەنگە لە تۆدا ناچم ڕووکەمە شارێ ترو شادی لەوێ داوا کەم شەوی ڕەش ناکەمە ڕووبەندەیی خۆ بۆ دەرچوون کاری وا کاری نە مەردانە ئەمن وا ناکەم لانەدەم شەرتە لە رێبازی وەفا تاکوو ئەژیم چیت دەوێ پڕبەدڵم بۆ دڵی تۆ هەروا کەم تا دڕوویەک لە دڵی ناسکی تۆ دەربێنم سەت دڕوو بۆت لە دڵی پڕ لە برینم ڕاکەم لە دڵی خەڵکت ئەگەر دەستی جەفا عەشقی دزی لە بریی جارێکی تر باخی ئەوین بەرپاکەم داستانێکی تری 'زین'و'مەم'ی 'خانی'، منیش بۆ هەموو کیژ و کوڕانت دەم و دەس ئینشا کەم من لە چارەی خەمی تۆ گەر نەگەڕم کێ بگەڕێ چۆن لە خۆم ئاشق و دێوانەترێ پەیدا کەم بە گوڵێ هەرکە لەلای وایە بەهار نایە بەتوون بێ و ببینێ بە گوڵێ چۆن دەمەوێ غەوغا کەم لەو شەقامەی کە وەبەر نایە مەگەر تۆوی مەراق 'فاتێحا' بۆم هەیە تا باخ و چەمەن بەرپا کەم خەم مە خۆشاری دەلالم لەوە لێت هەڵبێ کەسێ من ئەمەکداری ئەتۆم و وەکوو ئەو تا، ناکەم پێکەنە پێکەنە تاپڕ بە جیهان پێبکەنم بکە باڵا کە بە خۆشیتەوە من باڵاکەم لە سوروشتی تۆ سپی و سوور و سەوز تێک بتەنم پەلکە زێرینەیەکی پڕ لە قسە و هێما کەم تاران ١٣٩٥/٥/١١ ++++++++++++++++++++++