شاعیر: نامۆ کتێب: شیعرەکان سەرناو: نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم سەبارەت: نووسین: سەتتار موحەممەد پوور نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم بۆ کام خەمی سەر دانەوێم بە کام ژانی لە پا کەوم لەو کڵانەی لە دەوری کفنەکان دەگیریێت سەر بە شەڕی شەڕڤانان لە کام کوڵمی داگیرسێنم ئاگری گیان سووتێن ژاکاوی کامە دەردی بم زماکە ئەو چاوەی نیشتمان دەبینێت بێچارە ئەو بایەی لە سەر کوڵمت دادەگرسێ چ لە ناکاو دەنگی بێدەنگی هەڵدەبڕی نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم بۆ ئەو کرێکارەی کە خۆی دەفرۆشێت تا کوو سبەی منداڵی نەبیت باوکی بە پیاو نەزانێت! بۆ ئەو باخەوانەی کە ئاو لە گوڵی تەمەنی نادات خەیاڵە خەیاڵی لە بیر چوونت شەمی کوێر قەد هیوای نییە بۆ کوێ دەڕۆیت نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم کە ئێوارانێ خەم لە سەر ئەژنۆت ئەلەرێتەوە ژان لە چۆکت دەدات، بەرەو شەپۆلی مەرگ گەنجان درووشمەی ئازادییان پێ تاوانە، نیشتمان، چۆن ڕزگارت کەم من نیشتمان کەوا تۆی لە کەناری چەمێکەوە بێ واز هەنگاو دەنێیت من چۆن سەیرت کەم لە کام خوا دەرفەتت بۆ بگرم لە کام هێلانەوە سەیری نێو چاوانت بکەم نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم گیانت لە پەڕاوێزی دونیا دا دۆلار دۆلار دەدۆڕێت لە تاراوگەی ئازیزاندا چەندە سووک سەیرت دەکرێ لە بانگی قەشەکاندا چ ناخۆش دەنگت نایەت لە نوێژی مەلاکانا چ کڵۆڵانە ناوت نایەت نیشتمان کەوا تۆی سەر بە ژان دەمریت نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم خۆزگە بە چەک و فیشەک ڕزگار دەبوویت ئەوسا، چەن فیشەک لە چەکی دوژمنان دەتەقرا هەموو بەری من دەکەوت چەن دەستت بە سەردا دەگیریا هەمووی لە سەری من دەکەوت چەن ناسک دەمی پێست وەک مۆمی شەوە زەنگ هەڵدەگرسا لە شەوانی من دەکەوت بەیانیانێ کە زامت چڕ بە خۆ هەڵدەدڕێت لە شەپۆلی مەرگی نەوی من هەڵدەستم قوربانت بم، شیاو ترین هەڵبەستم کوردستان، کوردستان، کوردستان چەندە ناوت بەرم هەر کەمە چەن جلی خەمت لەبەر کەم هەر کەمە چەندە شەوانێک لە دەورت گەڕێم سەر بە چیای شەوە زەنگ و قاقڕی لێوانت لە لێو داکەنێم هەر کەمە بۆت بمرم هەر کەمە بۆت بژیم هەر کەمە نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم من ئێستەش شێعرم لە بەر نایەت کە باسی خەمانی تۆ کات هیچ سەهۆڵێکم بۆ ناگیرێت ڕێک لە جەواڵی تۆ بات ئەوسا ئەوەی دەیزانم دەیکەم بە هەڵبەست ناگات چاوانم بە شەوقی مەبەست بەس ئەوندەی لێ تێدەگەم گەر ڕۆژێ لەتە چاوێ سەر بە گیانی تۆی کرد گەر هەوایەک لە خەو و خاڵی تۆی کرد گەر وەک شەوان کەسێک هات و دەست بە جێ فەرمانی تۆی کرد ئەوە منم بۆت دەمرم بۆ خۆت بۆ زامەکانت نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم نازانم بۆ کام زامی نیشتمان بگریم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت بۆ کوێ دەڕوات سەبارەت: نووسین: سەتتار موحەممەد پوور ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت بۆ کوێ دەڕوات بەرۆکی کام هەژار دەگرێت لە کام خواوە دوور ئەبێت لە ئامێزی کام هەتیودا ئارام دەگرێ ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت بە کام ڕێگەی هەوراز دا تێدەپەڕێت سواری کام شەمەندەفەڕی بێ گیان دەبێت لە کام گۆڕەپاندا چەک بە دەستییەوە دەگرێ لە کام ڕاپەڕین دا بە شوێنی ئازادی دەگەڕێت ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت دەستی لە کام گوڵەوە چەکەرە دەکات بە کام تەباشیر چارەنووسی خۆی دەنووسێت لە کام هۆڵدا گەشە دەکات چۆن خۆی دەناسێنێت ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت هەڕەشە لە کام پیاو دەکات کامە مەتەڵ بە ژنان پاشگەز دەکات کۆڵەمەرگی کێ بە ڕووی دا دەهێنێت شوێنپێی کێ دەگرێت بە کام ڕەوت ژیان دەکات کامە خوا لە لای باو دەبێت بەرهەڵستی کامە سەرکردە دەبێت ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت لە کوێ سەقامگیر دەبێت لە باوشی منداڵێکی بێ باوک یا لە کونجی مزگەوتێک و یا لە دەستی قەشەیەکدا بە کامە پۆڵا دەستی شەقام دەبڕێت بۆ کێ درووشمە دەنووسێت لە کام دوورگە بچووکەکانی کەنارا جێ هەڵدەخات ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت کام شێعری شێرکۆی بە دڵ دەبێت کامە زۆرتر باسی ئەو دەکات ماڵی هەژارییەکەی کام ئەندازیار درووستی دەکات تۆ کە هەر خەم بە شوێنی جۆگەلەیەک دەبەیت کامە ڕووبار بۆت دێنێتەوە ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت یاری کامە منداڵانی بە دڵ دەبێت پێی خۆشە کامە دڵی خۆش ناخۆش کات ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت بە کام شەقامدا تێدەپەڕێت بەڵام بە ڕای من ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت یەکەم، من لە ئامێز دەگرێت تا ئێستا لە لام نەڕۆشتووە تا بڵێم ئیتر بۆ کوێ دەڕوات ژان ئەگەر ڕۆژێک هەڵسێت ئیتر بۆ کوێ دەڕوات ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئەی شەهید سەبارەت: نووسین: سەتتار موحەممەد پوور لە دێهاتێکی ناوچەی نووسین گوڵە باخم، بە یادی تۆ دەڕوێم لە شەوقی تۆ گوڵ ئەکەم بە ناوی تۆ سەوز دەبم ئەی شاجوانی باخی ئەوینم بە ڕووی تۆ پێدەکەنم بە تاوی تۆ هەڵدێم ئەی شەهید بە ڕۆحی تۆ گیان لەبەرم بە چاوی تۆ زەردەسەرم شەهید، پاش تۆیە دەستبەسەرم هەتا من زیندووم تۆیش نامری ئەی شەهید ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاوانی کورد بوون سەبارەت: نووسین: سەتتار موحەممەد پوور بە چ تاوانێک من چوارم و تۆ یەک بە چ تاوانێک من وێڵم و تۆ تەک ئەم وڵاتەی کێ ئاوا لێ کرد تۆ پارەو پێیەو منیش پیتەک ژیان بە ژێی ژان ئەنووسرێت و منیش بە خێی خەیاڵ لە شوێنی گەماڵەکەی بابە حاجیم دەڕۆم قوڵتە لە مێشکم دێت و دەس بە گیرفانم دا دەکەم! ڕۆژێکی سەیرە! گۆڵەکان ناوەرن، دارەکان تینوو نین، بەردەکان قورسن چیاکان شەڕڤانی تێا نەماوە و ئەشکەوتەکانیش ڕووناکن!!! گیرفانی من قەرەباڵغە و دەستیشم پیسە، لەوانەیە بە گیرفانم دا نەچێت لە سەری چوار ڕێی وڵات هاتووم تەغارێک جگەرە بکڕم بە هەر جۆرێک بێت دوای تەواوبوونی دەزانم بەرەو کام لا بڕۆم ئەوەی سەرەوە کە حیچ، چاو ئەکرێن دەمرن، دەکوژرێن، ڕاو ئەکرێن لە چەپەوە بۆنی کۆچ دێت، لالۆ کەی هەڵدەستیت دەستێک بەسەریاندا بێنیت ئەوانەی ژێر زەوی دەڵێن، ئازادی لێرەوە دەنگی خۆش دێت خوارەوە باشە، هەموو شتێک ئاساییە تۆزێک وڵاتی تیا ماوە ئەویش بە ئومێدی خودا لە ڕێی پارە دەڕوات ماڵی ئاوا ئەوەی شاباشی کرد کوردستانی کرد بە سێ گەڵاو، خەڵاتی کرد جا با من نەڕۆم بەرەو ڕاست، کە هەموو شتێک لەوێ تەنیا ڕاست نییە درۆ خۆی درۆیە و بە چاویش کوێرت ئەکەن!! گشتی کاری خۆیانە!!، ئەی هەست نییە؟ ! لە سەری پێڵاوی بابە شێخ زۆر خۆشت بێت ماچیشت دەکەن دەستە پیسەکەم دەبێت گیرفانم بگرێت ئەگینا هەر لەوێ دا خاریشت دەکەن بە چ تاوانێک من چوارم و تۆ یەک بە چ تاوانێک من وێڵم و تۆ تەک ئەم وڵاتەی کێ ئاوا لێ کرد تۆ پارەو پێیەو منیش پیتەک ئاخخ دایکتان ڕەش بپۆشێ چیتان بە چی فرۆشت ئەو شەرەفەی چی بۆ کردن گەوادی چی پێ کردن کوردستان هێندە سووک بوو؟ ! جاشەکان، باوکتان کوا؟؟؟ دایکتان چی پێ کردن؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: گەڕان بە شوێنێ خۆمدا سەبارەت: نووسین: سەتتار موحەممەد پوور تەمەنێکە لە پشتی گۆچانی کوێرێکەوە لە شوێنی چاو دەگەڕێم ساڵانێکە بە دەوری شارێکی تەنگەوە بە شوێنی ماڵ دەگەڕێم هەوایەکە لەتێ لە خۆم هەڵبدڕم و لە دەستی ناپیاوێکەوە دەر بە دەر بە دوای پیاوێک دەگەڕێم دەیان ڕۆژە جانتا یەک بە کۆڵمەوەیە و لە سەر بەردێکی نوقم بووی دارستانێک، لە دوای کیژێکی کاڵ دەگەڕێم تۆ پێم بڵێ، چلۆنە کە من شەوانێکیشە لە ژێری باری خەماکانمەوە دەستێک لە ژێری جگەرەکەم و چاوێک، بە دوای بەتاڵ دەگەڕێم من، گۆڕکەنم گۆڕ دەکەنم لە سبەیەوە لە گۆڕکەنێکی تر گۆڕیک بۆ خۆم دەسەنم خۆم هەڵدەکەنم و خۆم دەدڕێنم تا بەشکەم لە باوشی مشتێک خۆڵا تۆزێک سوکنایی بۆ خۆم بکەنم من ئێستاش لە تەنگ ترین شوێن و لە تاریکترین دیو و لە وێران ترین ماڵ و لە کوێر ترین چاوا بۆ نامرم؟ ، بۆ چییە کە من ڕۆژان و شەوان و ساڵان و تەمەنێکە کە دەگەڕێم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: تاوانی کورد بوون ۲ سەبارەت: نووسین: سەتتار موحەممەد پوور بڕوانە شەوە، تاریکە، بێ دەنگە ئەم شەوە وێرانە، بێ ناوە، بێ ڕەنگە چلۆن سەربەستە شەوی هەڤاڵان و هەڵاڵان؟ کە هەرایە، بەزمە، تەقەی و جەنگە؟ دەپژێت جەرگ و دەیمژن خوێن و دەخورێ هەناسە ئەمە خوێنی پیر و منداڵ و کۆرپە و شەنگە ڕۆژان هەرا، شەوان قڕە، بەیانیان تەق و کوتە بڵێی داخۆ جێ لە کام خودا تەنگە؟ تاوانی کورد بوونە، سەردەشتە، هەڵەبجەیە ئاخ، چ دژوارە مان لەم دەشتە مەنگە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باڵندەی سەر لێ شێواو سەبارەت: نووسین: سەتتار موحەممەد پوور تۆ ئەی باڵندەی سەر لێ شێواوی بێ خانوو ژیان دۆڕاوی وێرانی مانوو ڕەنگی پەلکەزێڕینەی هەتاوەکان بە تۆ چی؟ ناوی ناودارانی بێ ناوەکان تۆ ئەی پشت کووڕی باڵ شکاوی بێ تین مردووی بە ناو زیندووی دڵ پڕ لە قین کە واتە تا کەی دەربەدەری کەوتن و کوشتن و دەستبەسەری؟ بۆچی ناگەڕێیت؟ هاتوو هەلێک بوو! بۆ ئەم وێرانەی ماندووەی کەوتوو وتی: من کێم ئێرە کوێیە ئەمە چییە؟ هەر ئەوەی کە ماوم لە سەریشم زۆرییە! من ڕێی خەباتم زووتر گرتە بەر چی بکەم؟ بۆم نابرێتە سەر هەر کات توانیم باڵەکانم بهاژێنم و کەس نەڵێت ڕووتی! ئەو کاتە نامرم مردیشم نە بە سووکی بە قاسپە قاسپە سەرتای هاو بۆی نەبوو ئاوا بمڕێت لە بەر هەتاو!! وتارێکی بوو لە پاش مەرگی بناخی کوێر ئەکرد باڵی هەردی شین کەران بێ بەش لە ماڵ و شوێنن قەد ناگەن بە ئازادی، خێڵی خوێنن ڕێگەی ڕزگاری خۆشترە لە کۆی بەهار گەر نەبن جاش و خۆفرۆش و مرۆڤی هار ++++++++++++++++++++++