شاعیر: ڕاژۆر کتێب: هۆنراوەکان سەرناو: ڕاوچیانی ئازادی سەبارەت: ٥ خاکەلێوەی ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر دەیانەوێت پەتی کپی هەڵواسێنن لە ئەستۆی دەنگ مۆسیقارەکان بکوژن ساز و ئاواز بخنکێنن شین نامەی تاڵ لە گوێ خەڵکدا بکەن بە جوانترین ئاهەنگ دەیانەوێت قاچی سپی سەمای بەفر بە گەردەلوولی نەگبەتی لە ئاسمانەوە بشکێنن دەسماڵی ئەوینی چۆپی لە هەڵپەرکێ باران و با بە ئاگری ڕقی ناخیان هەزاران جار بسووتێنن دەیانەوێت پاسارییەکان بەیانی لە خەو هەڵنەستن له مەڵۆی پەژارە و خەفەت لە سەر لقی هەر درەختێک بۆ پەپووی شوومی بیرۆکە هێلانەیەک دادەبەستن عەشق بە گوناه ناو دەبەن لم بۆ سەری ڕووبار ئەبەن هەموو ڕەنگەکانی دونیا تێکەڵی ڕەنگی ڕەش دەکن لایان فڕین پەپوولە گوڵ بنەماڵەی ئەهریمەنن ئەم ڕاوچیانەی ئازادی بە هەرچی خۆشیە دوژمنن ++++++++++++++++++++++ سەرناو: شنە بای ئەوین سەبارەت: نووسین: ڕاژۆر لە بەرانبەر هەزار تۆفانی ڕۆژگار وەکوو چیا ڕاوەستام و سەرم نەنواند لە بەرانبەر تەرزەی بێ ڕوحمی زەمانە وێنەی زەوی سینگم قەڵخان کرد و وەستام لە بەرانبەر برووسکەی دڵڕەقی ژیان وەکوو تاقە دارێکی پیر لە داوێنی خاکی پەتی دەستم ڕاکێشا، چاوم بەست بێ ترس لە جێگای خۆم وەستام بەڵام کە شنەی بای ئەوین سەری هەڵدا تەزوویەک هات بە گیانمدا هەستمی ڕووخاند وڵاتی گیانمی داگیرکرد گوتی ئازایەتی بەسە تا دوایین ڕۆژی تەمەنت ببە بە دیلی خولیایەک بیر لە سەربەستی مەکەوە چرکە بە چرکەی ژیانت برینی قووڵی دڵداری بە فرمێسک ساڕێژ بکەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: بەردێک لە سەر سینگی وڵات سەبارەت: ١٤ گوڵانی ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر بە کام باران گوڵی ئەوین پەروردە کەین؟ کاتێک هەور بە ڕەشایی تەرزەی خەفەت دەبارێنێت لە کام خاکدا نەمامی عەشق داچەقێنین؟ کە بە گەورەیی ئەم زەویە بستێک خاکی ڕووتمان نیە هەنگاو بە سەریدا بنین لە کام ماڵدا بۆ چرکەیەک ئۆقرە بگرین؟ کە ئاوارە و پەنابەری سێبەری دار بەڕووەکانین باوەشی سارد و بێ تینمان چاودێری کامین یار بکات؟ کاتێک هەموو لە باوەشی پەژارە و خەفەت نووستووین بە کام گەروو هاوار بکەین بۆ مافی ئازادی خۆمان؟ کە چەپۆکی داگیرکەران لە بەر دەممان رێگەی زارمانی بەستووە ئێمە کپ و مات و بێدەنگ ڕاوەستاو وەکوو گۆمی مەنگ بێ بیرکردنەوە لە ژیان بێ ترس لە تاوان و لە مەرگ دەیان ساڵە هەوڵ دەدەین لەم ژوورە تاریکەماندا شەباقەیەک بکەینەوە نووری ئازادی پەیا کەین ئنجا دیوار بڕووخێنین دڵۆپ دڵۆپ ئازایەتی لە داوێنی پاکی گیانمان بۆ وڵات کۆ بکەینەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: سەبارەت بە بیرەوەریت سەبارەت: ٢٠ گوڵانی ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر ڕەشەبای دووریتە یان ئازاری ژیان وا دەری هێنا لە ڕیشە ڕۆح و گیان هێرشی بیرەوەری و یادی توە یا نە سەرهەڵدانی نوێ پاسارییەکان مانگی ڕوخساری تو بوو یان بەدری مانگ وا لە ناکاو دەردەکەوت لە ئاسمان زایەڵەی دەنگی تو بوو یان بای شەماڵ وا زڕاندی خەونی شیرینی بەیان سێبەری پرچی ڕەشی لوولی توە یان خەیاڵی بەرزی ئاڵای نیشتمان یارەکەم سەیر کە لە دووریت چۆن دەژیم تاق و تەنیا من لە نێو هەجمەی خەمان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: کتێبی ژین سەبارەت: نووسین: ڕاژۆر گەر پێم بڵێن کتێبی ژینت بنووسە کەلوپەلی زۆرم نابێت تەنیا بە قەد ڕۆژانی تەمەنم بۆ تەواوی ئەو کاتانەی نوقمی خەیاڵ و خەفەت بووم لاپەڕەی ڕەش وێنەی بەختم پێنوسێک بۆ نەشتەرگەری یەک بە یەک بیرەوەرییەکان پڕ بێت لە جەوهەری گەشی خوێنی دڵم دەست پێدەکەم پڕی دەکەم لە سکاڵا لە خوا و لە خۆم و لە مرۆڤ لە جوگرافیا و لە سرووشت لە سواڵکەر و لە سەرۆک لە پاساری و لە پەپویۆک له جوانی و له خراپی بەڵام بۆ دوایین لاپەڕەی ئەم کتێبە خەماوییە لە سەر کاغەزێکی سپی سپی وێنەی باڵ فریشتە بە پێنووسی شینی ئەوین تەنیا یەک وشە دەنووسم خۆشەویستی... ! ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ڕێگای عەشق سەبارەت: نووسین: ڕاژۆر هەناسەکەم ئەی گوڵی ئەو دێو پەرژینی هیواکانم ئەی بەیانی یەکەم ڕۆژی سەرهەڵدانم بۆنی بەهار بۆ باخچەی وشک و ژاکاوم تریفەی مانگ بۆ شەوی تاریک و ماتم خۆشەویستی نێو دڵ و نێو شێعرەکانم پاش دیتنت چیتر هەوارگەی وێرانی ژینمم نەدی پاش ناسینت خەمەکانم بیر چۆتەوە پاش پێکەنینت هەموو دونیا بە پێکەنینەو دەبینم پاش گریانت هەور تا ئێستاش دەبارێت پاش ڕوویشتنت ئاخ کە هیچم بیر نەماوە تەنیا ئەوەندە دەزانم جەستەیەک بووم پڕ لە ئازاری خەیاڵم پەیکەرێک بووم نوقمی برین خۆمم بینی کە لە ئازایەتی بەتاڵم تۆ ڕەنگی دونیای ڕەشم بوویت تۆ خەونی شەوی گەشم بوویت هێز و دەماری لەشم بوویت له بێدەنگی و کپی جیهان تۆ مووسیقای دڵکەشم بوویت غەریبێک بووم ماندوو و بێ گیان ڕێگام لێ ون بووبووەوە تۆ بوویت بە شەقامی چوونم بۆ وڵاتی عەشق و ئەوین ++++++++++++++++++++++ سەرناو: قەراچۆ سەبارەت: ٤ خاکەلێوە ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر شار جێ دێڵم بەرەو چیا دەفڕم هەتا ئاسۆی نەهات وەکوو مەلێکی لانەواز بێ سەر و شوێن بێ بیرکردنەوە لە ئاوات بە سەر لووتکە بەرزەکاندا دەڕوانم بۆ بەفری سپی وا لام سەیرە سەما دەکات و دێتە خوار بە سەر جەستەی سووتاوی شار ڕوومەتی ژاکاوی زەوی دەپۆشێنێت بەفری گەش لە خوێنی مەلان لە نۆی سپی دەکاتەوە پێم وایە مردنی ژیان لە لای خودا گرنگ نییە دەيەوێ بە بەفرێکی جوان قەراچۆی تۆرەمەی مەلان لە بیری خۆی بباتەوە ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چاوەڕوانی سەبارەت: ٧ جۆزەردانی ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر ئەمشەویش هەر بە وێنەی شەوانی ترم مێشکم پڕە لە یادی تۆ شێعرم پڕە لە ناوی تۆ گیانم پڕە لە دیلێتی لە بەندیخانەی چاوی تۆ ڕووباری هەستم ئامانجی گەیشتن بە دەریای ئەوینتە شەپۆلێک بە، دڵڕەقانە لە بەحری عەشق و دڵداریت بیمرێنە بۆ ئەم دڵە خەماویمە دوو باڵی ناسک و سپی بە بیفڕێنە هەنگاوێک بە بۆ وڵاتی ئەوینداری بیڕفێنە ببە شەماڵی ئازادی دەستم بگرە و هەتا شوێنێک نادیاری بمهەژێنە هەموو چرکە و کاتەکانم چاودێری هاتنت دەکەن هەناسەکەم چاوەڕوانی ئیتر بەسە یان وەرە گیانم ببەخشە یان هەر ئیستا بە دووری خۆت گیان و ژیانم بستێنە... ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خەونی ئازادی سەبارەت: ٦ جۆزەردانی ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر ئەی خەمی نیوەی شەوانم ئەی خەیاڵی ناتەواوی بێ نیشانم پێم بڵێ کەی دێتە سەر ئەم کورته چیرۆکەی ژیانم من چلۆن غەرقی خەمی تۆم کات و چرکەم بوو بە خاک ئەم خەمە تاوانی من بوو من کە مردووی نیشتمانم بێ تۆ گیانا هەستی ژینم چاوەڕێی مردن دەکات بێ تۆ ئاواتی فڕینم داملە، وەک باڵەکانم پێم مەڵێن ئەم خەونە هەرگیز، تا هەتا نایێتە دی من ژیانم بۆچیە بێ ئارەزووی ئازادی گیانم تاکوو ترپەی دڵ هەبێ، تا هێز لە ئەژنۆمدا هەیە سەد هەزاران جار بە قوربانی هەبوونی کوردستانم ++++++++++++++++++++++ سەرناو: خولیا سەبارەت: دووشەممە ٧ ڕەزبەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر کاتێ جەستەم نوقمی هەستی گەرمی دەستانت دەبێ دڵ دەڵێ ساتێک بنوو، با لەم خەوە شیرینه هەستانت نەبێ گیان دەبەخشم بۆ ئەوەی یەکدەم لە باوەش بتگرم دیدە خوێنینە، وەرە با ئەشکی ڕوون بۆت هەڵوەرم تیشکی خۆری چاوەکانت سەد خەزان دێنێتە لەرزە کۆڵەکەی ماڵی هەژاریم بێ هەناسەت لۆخ و هەرزە شوێنی هەنگاوت بە سەر کۆڵانی دڵ ماوە، بەڵام لێم گەڕێ با هەر دەمارێکم لە بۆت کەم بە شەقام بێرەوە با ئەم پەژارە چۆڵی کات ژووری دڵم تۆ جەفا کە، من ئەسیرت بم لە پارێزگای زوڵم تۆ بە تیری تیژی برژانگت دڵم کون کون بکە تۆ بە تاڵ تاڵی قژت جەستەم لە سێدارە بدە گەر ستەم کەیت، بمڕووخێنیت، بمکوژیت، بەندم بکەیت مەرجە دەرناچێت لە دڵ عەشقت، مەگەر ڕۆحم ببەیت ++++++++++++++++++++++ سەرناو: باخی ژاکاوی ئارەزوو سەبارەت: ٢١ ڕەزبەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر سات و کات و ڕۆژ و مانگیان لێم تاڵان کرد ئەوانەی وا بە هێواشی عەشق و ئەوینیان دەخنکاند با مەرگیان ئاسایی نەبێت قەت شەرمیان لە ڕوومەتی داچەکاو خودا نەدەکرد هێرشیان دەکرد بە سەری شاری پڕ لە ئازادی و ئاشتی گوڵەبەڕۆژەکان سەیری هەتیوی و سەرکزی ڕووبارەکانیان نەدەکرد ++++++++++++++++++++++ سەرناو: چیرۆکی داری نیشتمان سەبارەت: دووشەممە ٧ ڕەزبەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر هێزم بدە تا چیرۆکی ژیانی خۆمت بۆ بڵێم من دارێکی بە تەمەن بووم سەربەرز، سەرسەوز و سەرفراز سەربەرز تر لە هەموو چیاکان سەرسەوزتر لە باخ و بۆسان سەرفرازتر لە مانگی چواردەی ئاسمان داوێنم پڕ بوو لە ئەوین لە خۆشەویستی و پێکەنین لە عەشق و دڵداری و وەفا لە میهرەبانی و لە سەفا لە سەربەخۆیی و سەربەستی لە هەڵپەرکێ و لە سەرمەستی گەردوون عەشقی کرد خەڵاتم خۆر هێزی دا بە ئاواتم کۆرکەم، ڕیشەم، لقم، گەڵام هەموو پێکەوە دڵخۆش بوون دەژیان بە بێ کێشە، بەڵام ڕۆژێک کە تار بوو وێنەی شەو خودا هەڵنەستابوو لە خەو دەستی ئیستبداد و ستەم بە تەورێکی لە خۆم بەرهەم بە یارمەتی چاوی کۆیلە بە هێزی ئەژنۆی پڕ هیلە هات و دەستی کرد بە لێدان دەیدا لە جەستەم بێ وچان لقمی جیا کردەوە لێم گەڵای لە گیانم هەڵوەران کۆرکەمی فڕێ دا لایەکەو تاڵ تاڵ دەری هێنا لە خاک ڕیشەی خەڵات بەخشی ژیان تەم و تاریک بوو لە ناکاو ڕووناکی دیدەی ئاسمان هەور بۆ ئەم جیابوونەوە فرمێسکی خوێنی دەڕژان فریشتەکان بۆ ماوەیەک باڵیان ڕاوەستا لە لێدان قەت زەوینیش بۆ چرکەیەک شکاندی نەریتی گەڕان بەڵام ئەوەی کە زوڵم و خەم تێنەگەیشتن و نەیانبینی یەکگرتن بوو کە ئەیدرکان ئازادی بوو کە قەولی دا بێتە ڕێبەری ڕێگەمان سەربەستی بوو کە ڕایشکاند ئاڵای بە هێزی بەرخۆدان *** بە جەستەیەک بریندار و دوو چاوی تەڕ تەڕ لە گریان دەڵێم کە عالەم بزانێت دووبارە یەک دەگرینەوە ئازادی نزیکە لێمان دووبارە چوار دەبێت بە یەک سوێندم بە خاکی کوردستان ++++++++++++++++++++++ سەرناو: زەلکاوی پەژارە سەبارەت: ٢١ ڕەزبەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر من ئێوارەی خەمداگرتووی ڕۆژێکی پڕ لە هیلاکیم باڵدارێکم بە بێ ئەوەی هێشتا تێبگەم لە فڕین لە هەڵدێری ڕوو بە مەرگی چارەنووسی تاڵی زەمەن داکەوتم و ڕاچەڵەکیم نە هاتنم ئەستێرەیەکی ڕۆشن کرد نە هەبوونم چرۆیەکی گەشانەوە نە ڕوویشتنم گژ و گیا دەهەژێنێت ئەی بۆچیمە ئەم ژیانە کاتێک خۆیشم نازانم چیم؟ وێنەی سواڵکەرێکی مل کز وا گریان و بێ دەسەڵات نووڵنجی داوە و نیشتووە لە پای دیواری ئارەزوو منیش هەتا چاوم هەبێت لە ئەم دێوی ئەم پەرژینەو سەیری باخی داڕزاو و ژاکاوی ئاواتم دەکەم چرکە و خولەک وەکوو بڵێی هەرای جەنگە هەر ڕوویشتن و هەر دەڕۆن و هەر ڕادەکەن تاقمی ناخۆشییەکان هاتوون بۆ پرسەی جەستەی من ئاخ کە چەند وەفادارن خەم و خەفەت هەتا دەستی برادەریت لە گەڵ بدەن پاش مەرگیشت لە دانیشتنێکی ناوخۆدا هەر بە چاکە نێوت دەبەن خۆزگە خۆشیش دەهاتە سەردانی دڵم لە مێژە یەکیان نەدیوە ناشێ یەکدی بناسنەوە بەڵام چیتر گرنگ نیە چونکوو ئەم خەونە پەشێوە لە نێوی هیچ خاونامەیەک شڕۆڤەیەکی بۆ نییە خەیاڵێک لە لام نەماوە تەنیا ئەوەی کە ڕۆژ و شەو بە خۆم دەڵێم ئاخۆ دەبێت لە جێگای ئەم هەموو چاوە کە سەیری ڕسیانم دەکەن دەستێک هەبێت دەرم بێنێت لە ئەم زەلکاوی پەژارە؟ ++++++++++++++++++++++ سەرناو: ئاوێنە سەبارەت: ٧ خەزەڵوەری ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر کە سەیری ئاوێنە دەکەم لە پێش ئەوەی خۆم ببینم لە بۆشایی نێوان خۆم و ئاوێنەکە تارماییەک ڕاوەستاوە ئەلبۆمێکی کۆن و چڕاوی لە دەستە پڕ لە وێنەی مێژووی مۆن و ڕابردووی تاڵانکراوە پاش ئەو نیگارەی گۆڕستانێکە کە هەزار کێلی تێدایە کە سەرنجی نێویان دەدەم لە ئاواتی ژمارە یەک هەتا ئاواتی هەزارەم لەو گۆڕخانەدا نێژراوە لە ناکاو ئاگرۆکی ڕیالیزم هەڵدەکات و جەستەی دارستانی خەیاڵ لە ئامێزی خۆی دەگرێت و دەیسووتێنێت لە دواییدا ئیتر منیش کە یەخسیری بیرەوەریم بە بێ ئەوەی سەیری خۆم کەم ماندوو ماندوو دەخشێمە سیلەی دیوار و تەنیایی لە باوەش دەگرم و لە سەر شانی بێ کەسی خۆم تێر تێر ئەگریم. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: دەستم بەرمەدە سەبارەت: ١٢ سەرماوەزی ٢٧٢٥ - نووسین: ڕاژۆر دەستم بەرمەدە من لە گێژاوی خەفەت هەتا سنووری ئەندیشە و تا ئەوپەڕی بیرۆکەی تاڵی یەخسیری لە باوەڕی خۆمدا نوقمم دەستم بەرمەدە لە گیانمدا هێزێک نییە بۆ سکاڵا و بۆ گازەندە لە چاومدا خەونێک نییە بۆ کۆتایی شەوگاری پڕ لە دڵگیری لە ڕۆحمدا هەستێک نییە بۆ رزگاری لە ئامێزی بی پەنایی ئەگەر کە تۆش دەستم بەردەیت خەم دەمێنێ و زیگار و ژان من دەمێنم و شێعرێک مردوو کە هەستم هەرگیز نەیدرکاند. ++++++++++++++++++++++ سەرناو: لێرە بڕۆ سەبارەت: ٢٤ سەرماوەزی ٢٧١٥ - نووسین: ڕاژۆر ئەی نێچیری بێ هێزی خاو ئەی ئاوێنەی هەموو چاوەڕوانییەکان ئەی پەپوولەی دڵسووتاوی ئەوینداری ئەی باڵندەی باڵ شکاوی بڕوا مردوو و خۆزگە کوژراو سەربەخۆی کەلەپچە کراو تینووی سەرمەست لە خەیاڵی دڵۆپێک ئاو لە قووڵایی چاوەکانت چیرۆکی شەو بێدارییەکان لە دەستی زرو و گرساوت ژیاننامەی حەک کراوی چەوساوەکان هەژارییەکان لە ئەسرینی گەشی گیانت زەریای خەم و سەحرای خەفەت لە خانووی بێ دەرگای دڵت میوانداری بنەماڵەی تەنیاییەکان هیوات بە مانەوە نەبێت دڵت لەت لەت کۆ بکەوە بیخە نێوان جانتاکەت و لێرە بڕۆ خولیات گەڕانەوە نەبێت هێندە بڕۆ و دوور بکەوە هەتا بگەیتە ئەو شوێنەی بە قەد ڕێخێک بۆنی ئێرەی پێوە نەبێت ++++++++++++++++++++++